یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتیی مامجەلال
نەخۆشیی ئەمجارەی مامجەلال و درێژەکێشانی بێهۆشیی ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانییەکی گشتی خستۆتەوە و ، کاریگەرێتییەکی تەواوی لەسەر بارۆدۆخە سیاسییەکەی عێراق و کوردستان داناوە ، ئەمریکاو دەوڵەتانی دراوسێی عێراق ، بەتایبەتی ئێران و تورکیا ش چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن و ، بە دڵنیاییەوە ئێستا خەریکی رێکخستنەوەی ئەجندەکانی خۆیانن بۆ قۆناغی دوای مامجەلال .
دیارە ئەم نیگەرانی و چاوەڕوانییە بێ بنەما نییە ، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ رۆڵی بێ ئەلتەرناتیڤی مامجەلال لە راگرتنی هاوکێشەی هێزە سیاسییەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی عێراق و کوردستان و ، ئیدارەکردنی ململانێ سیاسییەکان و کۆکردنەوەی لە دەوری سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) ، هەر لەڕووخانی بەعسەوە تا ئەمڕۆ .
لەنێو فەزا سیاسییەکەدا حزبەکانی کوردستان بەدەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە زێتر کاریگەرێتی ئەو واقیعەیان بەسەرەوەیە ؛ تایبەتیتر لەوەش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەمووان زێتر ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ دەیگرێتەوەو لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردا رایگرتووە .
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال ، بۆ جارێکیتر دوای نزیک بە چل ساڵ ، چ لەئاستی سیاسیداو چ لە ئاستی رێکخستندا ، دەکەوێتەوە بەردەم خۆناساندنەوە ، چونکە ئەوە یەکەم جارە بەم شێوەیە یەکێتیی بەبێ مامجەلال لەبەرامبەر چارەنووسی خۆیدا رابوەستێت و بەرەوڕووی وەرچەرخانێکی سیاسی و رێکخراوەیی ببێتەوە . هۆکاری ئەوەش بۆ گرنگیی کەسایەتی مامجەلال دەگەڕێتەوە لە ژیانی یەکێتیی نیشتمانیدا ، سەبارەت بەوەی مامجەلال ، بۆ یەکێتیی ، سەرکردەیەکی ئاسایی نییە کەلە کۆنگرەیەکدا هەڵبژێردرابێت و ئەمڕۆ بێ گرێوگۆڵ بتوانرێت سەرکردەیەکیتر لەجێگاکەی دابنرێت ، مامجەلال جگە لەوە سەرکردەیەکی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردە لەم بەشەی کوردستاندا و ، مێژووی بزووتنەوەکە لە پەنجا ساڵی رابردوودا بەبێ ژیانی سیاسی ئەو نانوسرێتەوە . ئەو سەرکردەیەکی کاریزمییە ، لەسەرێکەوە بۆ بزووتنەوە نەتەوایەتییەکەو ، لەسەرێکیترەوە بۆ خودی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، وەک دامەزرێنەرو رابەری فیکری و سیاسی رەوتەکەی ، هەر لەسەردەمی خەباتی چەکداریی شاخەوە تا بەئیمڕۆ دەگات کە لایەنێکی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا . بۆیە سەبارەت بەم رۆڵە کاریزمییەو ئەو جێوڕێیەی وەک باوک بۆ رەوتی یەکێتی هەیبووە ، لەهەموو لایەکەوە پرسیارەکان ئاڕاستەی چارەنووسی ئەو رێکخستنەو رۆڵە سیاسییەکەی ئایندەی دەکرێت .
لەڕاستیدا ناتوانرێت وەڵامی دروست بۆ ئەو پرسیارانە بەدەر لە شیکردنەوەی واقیعی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان بدرێتەوە ، هەروەک ناکرێت بەبێ ناسینی کەسایەتی مامجەلال و رۆلی لەو واقیعەدا پێشبینی ئایندەی پڕۆسەی سیاسیی پەیوەند بەو واقیعەوە بە وردی بکرێت .
ناکۆکی سەرەکی لە ناوچەکەدا ، ئەوەندەی پەیوەندی بە عێراق و کوردستانەوە هەبێت ، لە نێوان سێکوچکەی ئەمریکا – ئێران – تورکیادایە ، ململانێکان رۆژ بەڕۆژ لە توندبوونەوەدان ، مامجەلال لە ماوەی سەرۆکایەتیدا هاوسەنگیی ئەو ململانێیەی راگرتبوو ، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و تورکیاو ، لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا و بەرژەوەندی هەرسێ لایەن هەتا ئەمڕۆش هاوشانی یەکتری دەڕوات ، ئەگەرچی توندبوونەوەی ململانێکان بۆ هەرچی دەستبەسەرداگرتنی ئابووری و سیاسیی عێراق و کوردستان بەردەوامەو ، لەپشت زۆربەی بارگرژییەکانەوە یە . بۆیە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆک کۆمار ، جگە لەوەی ئەو ناکۆکییانە دەمەزەرد دەکاتەوە ، سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) یش کاڵدەکاتەوەو ، دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەنەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تا رادەی مەترسی دەورەیەکیتر لە شەڕی تایەفی و ، ئەگەری توندبوونەوەی گرژیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند و زیادبونی خاڵێکیدیکە بۆ ناکۆکییەکان کە ئەویش پۆستی سەرۆک کۆمارە ، چونکە پێشبینی ئەوە دەکرێت لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق جارێکیتر ئامادەنەبن دەنگ بۆ کوردێک بدەن پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت .
لەبەر تیشکی ئەو واقیعەی ئاماژەمان پێدا ، دیارە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گەورەترین باری گرانی دەکەوێتەسەرو بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە . رەگی ئەم ئاستەنگە بۆ رستێک ناکۆکی دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی دەبێت کاردانەوەی هەبێت لە بەرامبەریاندا و بەشێکیان پەیوەندی بە کوردستان و فەرمانڕەوایەتی ناوکۆیی پارتی و یەکێتییەوە هەیەو بەشێکیتری بە باری ناوخۆی یەکێتیی خۆیەوە بەندە .
لەسەر ئاستی کوردستان دوو ناکۆکی : ناکۆکی یەکێتیی لەگەڵ پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە ریزی پێشەوەن . هەرچەندە رێککەوتنی ستراتیژیی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە ، بەڵام رێککەوتنێکی جێگیر نییە ، تەنانەت هێشتا بەتەواوەتی حکومەتی هەرێم یەکگرتو نییەو زۆرجار جیاوازییەکانی بیروبۆچوون لەسەر کێشە سیاسی و ئیداری و داراییەکان ، رێکەوتنە ستراتیژییەکە دەخەنە بەر ئەگەری هەڵوەشاندنەوە . جۆری پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا ، هەرچەندە خاوبوونەوەی گرژییەکانی بەخۆیەوە دیوە ، بەڵام رکابەری ویەکتری رەتکردنەوە بەردەوامەو ، پڕبوونەوەی ئەو کەلێنە گەورەیەی لە نێوانیاندا هەیە دەمودەست و بەئاسانی روونادات . بۆیە ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا مامجەلال کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووبێت لە یەکبینەیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و خاوکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان ، ئەوا بەبێ سەرکردایەتی ئەو ئەگەری تێکچوونی ئەو پەیوەندییانە لەئارادایە ، چونکە ئەوە شاردراوە نییە کە لە ریزەکانی رێکخستنی هەرسێ لایەنەکەدا نەیارانی سیاسی ئەو پەیوەندییانەی ئێستا هەن ؛ خۆ ئەگەر پارتی بتوانێت دیسپلینی نێوخۆی کۆنترۆڵ بکات ، بەڵام چۆنایەتی پێکهاتەی رێکخستنەکانی یەکێتی و گۆڕان زامن نین بۆ کۆنتڕۆلی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئەو یەکڕیزییە رووکەشەی ئێستا هەیە .
ئێستا لە هەموو لایەکەوە پرسیارگەلێک دەربارەی چارەنووسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەکایەدایە ،پرسیارەکان سەبارەت بە پەیوەندی یەکێتیی و پارتی و یەکێتیی و گۆڕانن ، باری ناوخۆی یەکێتیش تەوەرەیەکی گرنگە کە پرسیارەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوەو چەندین پێشبینی بۆ دەکرێت ، لەڕاستیشدا ئەم تەوەرەیە بڕیاردەری هەڵوێستەکانەو لەوێوە پرسیارەکان وەڵامی خۆیان وەردەگرن .
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە وەک رێکخستنێکی فرە سەکۆ دامەزراو ، زێتر لە بەرەیەک دەچوو کە چەندین بیروڕاو رووکاری فیکری و سیاسیی جۆراوجۆری لە خۆی گرتبێت ؛ دواتر ئەم پێکهاتەیە نەماو ، دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان وەک حزبێک شێوەی خۆی گرت و ، بووە خاوەنی یەک بەرنامەو پێڕەوو ، یەک سەرکردایەتی و ئۆرگانی یەکگرتوو لە هەموو ئاستەکاندا ، بەڵام ئەو پێکهاتە حزبییە هەر بە رووکەش بوو ، چونکە بەپێی جیاوازییەکانی پێشوو و دواتریش ئەو بەرژەوەندییانەی بە هۆی جێوڕێی لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا هاتبووە پێشەوە ، چەند دەستەگەریی تێدا دروستبوو کە تا ئیمڕٶش بەردەوامە ، ئەگەرچی هەوڵێکی زۆریش لەئارادابووە بۆ بنبکردنی دەستەگەرێتی و پاراستنی یەکێتیی نێو یەکێتیی .
ئەو دەستەگەرێتییەی ئاماژەمان بۆ کرد کاریگەرییەکی نەرێیانەی لەسەر یەکێتیی نیشتمانی داناوە ، بەڵام هێڵەکانی ئەو دەستەگەرییە هاوتەریبی یەکتر رۆیشتوون و توانیویانە پێکەوە هەڵبکەن لەلایەک بەهۆی مەترسییەکانی دەرەوەی یەکێتیی و ململانێکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیتردا ، بەتایبەتی پارتی و گۆڕان ، لەلایەکیتر بەهۆی رۆڵی کەسایەتیی کاریزمی مامجەلال کە هەموویانی لەژێر چەتری خۆیدا کۆکردبۆوە ، بۆیە ناکۆکییەکان و ناوەندەکانی هێزو کەسایەتیی یەکەمی ئەو ناوەندانە ، بەناچاری ، پێکەوە ژیاون و ، ئاگاداری ئەوەبوون ناکۆکییەکان نەتەقێتەوەو زیان بە هەموویان بگەیەنێت .
ئەمڕۆ بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال ئەم گرفتە وەک ئەگەرێک بواری دەرکەوتن و هەڵچوونی هەیە و ، هیچ بەربەستێکی فیکری و سیاسی و رێکخراوەییش نییە پێشی پێبگرێت ، چونکە لەژێر سەرکردایەتی مامجەلالدا سەرچاوەی بڕیارو فیکرو سیاسەتەکان هەر ئەو بووەو ، یەکێتیی وەک حزب نەیتوانیوە ژیانی نێوخۆی لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی دابڕێژێت تا بتوانێت بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال کێشەکان و ئاستەنگەکان و ناکۆکییەکانی نێوخۆ چارەسەربکات .
بۆ هەر حزبێک سێ مەرجی سەرەکی هەیە کە ناسنامەی حزبی دەداتێ و چوونەپێشەوەی سیاسەتەکانی زامن دەکات ، ئەوانیش : یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژی و یەکگرتوویی ئیرادەو یەکگرتوویی کارە ، بەڵام لە یەکێتیی نیشتمانیدا هەرسێ مەرجەکە بزرە ، چونکە نە لە ئاستی سەرکردایەتی و نە لە ئاستی خوارەوەدا ( جەماوەری رێکخستن ) یەکگرتوویی فیکری نییەو هیچ سەرچاوەیەکیشیان بۆ یەکخستنی فیکریی نییە ؛ بەهۆی بوونی دەستەگەرێتیشەوە ، ناوەندی جیاجیای بڕیار هەیە ، بۆیە نە یەکگرتوویی ئیرادە هەیەو نە یەکگرتوویی کار . لەبەر رۆشنایی ئەم واقیعەی نێوخۆی یەکێتی ، بەتایبەتی لەکاتێکدا مامجەلال جێی لە سەرکردایەتیدا چۆڵدەبێت ، بواری لێکترازان و پەرتەوازەیی دەڕەخسێت کە هەر دەستەیە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵات لەناو یەکێتیدا بۆ بەرژەوەندی دەستەکەی خۆی بدات و ، ئەوەش دەبێتە خاڵی لاوازیی یەکێتیی بەرامبەر نەیارەکانی و ، سووربوونیش لەسەری یەکێتیی بە هەڵدێردا دەبات ، یان لانیکەم کەرت کەرت بوون چارەنووسی دەبێت و ئەو یەکێتییە نامێنێتەوە کە مامجەلال سەرکردایەتی دەکرد .
بە خوێندنەوەی سەرجەمی ئەو واقیعە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە :
– یەکێتیی نیشتمانی وەک ئێستای نامێنێتەوەو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت ، گۆڕانکارییەکانیش بەند دەبێت بەو واقیعە سیاسییەی بێ سەرکردایەتی مامجەلال دێتەکایەوە . یەکتیی سەرکردە کاریزمییەکەی ، واتە ( باوک ) ی نامێنێت و تووشی پاشاگەردانی دەبێت ، چارەسەرکردنی پاشاگەردانییەکە یان فراوانبوونەوەی دەکەوێتە سەر چۆنیەتی تاووتوێکردنی ئاستەنگەکان لەلایەن ئەو سەرکردایەتیە نوێیەی دوای سەرکردایەتی مامجەلال دێتە سەرکار .
– ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر یەکێتیدا دێت ، کتوپڕ نابێت بەڵکو ماوەیەک دەخایەنێت ، ئەویش دەکەوێتە سەر هێزی ئەو دەستە سەرکردایەتییەی کار دەگرێتەدەست لەلایەکەوەو ، سەر چۆنیەتی مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بارودۆخ و سەرکردایەتییە نوێیەکەی یەکێتیی ، هەڵبەت نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە لەم شێوە گۆڕانکارییانەدا ، سەرەتا سۆزێکی جەماوەریی حزبی کاریگەریی خۆی دەبێت و بۆ ماوەیەک ، کەم یان زۆر بخایەنێت ، ململانێ و ناکۆکییەکان دوادەخات .
– یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، وەک رێکخراوێکی سیاسی کە بۆ دەیان ساڵ لە کوردستاندا خەباتی سیاسی و چەکداری کردووە هەروا بە ئاسانی پرش و بڵاو نابێتەوە ، چونکە ئەم رابردووە سەنگی خۆی هەیە ، بەتایبەتی لەکۆمەڵگایەکی خێڵەکی وەک کوردستاندا کە نەرێتە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک لە هاوکاری و دەستگرتن بە سەروەرییەکانەوە دەسەپێنێ و تاکەکەسەکانی کۆمەڵ بەزوویی دەستبەرداری نابن .
– ئەگەر لە ریزەکانی یەکێتیدا دەستەگەریی بەردەوام بێت و ، دەستەیەکی دەسەڵاتدار بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا نەکات و هەوڵی دەرپەڕاندن یان ملکەچکردنی دەستەکانیدیکە بدات ئەوا چەند ئاڕاستەیەک چاوەڕوانی چارەنووسی یەکێتیی دەکات لەوانە :
١ ) ئەو دەستەیەی سەرکردایەتی دەگرێتەدەست بەشێکی رێکخستن لەخۆی کۆدەکاتەوە ، بەڵام ناتوانێت هەموو رێکخستن کۆبکاتەوە ، چونکە ئەوەی لەو دەستە بەهێزەی نێو یەکێتی رەچاودەکرێت ئەوەیە مۆرو سیمای ناوچەگەرێتی لە رێکخستنەکە بدات یان بە تەواوی بوار بڕەخسێنێت باڵی عەسکەری ، نەک مەدەنی ، لە سەرکردایەتی و ئۆرگانە بەرپرسەکانی خوارەوەدا باڵادەست بێت . هەر ئەم هۆکارە رەنگە ببێتە مایەی وازهێنانی هەندێک لە ئەندامەکانی سەرکردایەتی ئێستاو ، بڕیاری دانیشتن بدەن .
٢ ) لەبەر ئەوەی پێکهاتەی جەماوەریی یەکێتی تێکەڵەیەکە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری و، هێڵێکی روون و ئاشکرا لە جەماوەری پارتی جیایان ناکاتەوە ، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بەشێکی کەم رووبکەنە پارتی و بەڕیزەکانی ئەوەوە پەیوەست بن ، بەتایبەتی ئەو توێژەی کاریگەرێتی خێڵایەتییان بەسەرەوەیە .
٣ ) بنکەی جەماوەریی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان تا رادەی ” چوونیەک ” بوون لەیەکەوە نزیکن ، هەر هەمان جەماوەرن کە تەنها ناکۆکییەکیان لەسەر دینامیزمی ئیدارەی حکومەت و کەیسی گەندەڵییە ، کەسایەتی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ چەند دە ساڵێک کەسایەتی دووەمی یەکێتیی بووەو ئەویش وەک سەرکردەیەکی کاریزمی جێوڕێی تایبەتی هەبوو لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا ، لەبەرئەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت بەشێکی بەرچاوی جەماوەری یەکێتی بە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەیوەست بن .
٤ ) بە پێچەوانەی هەندێک لەو بۆچوونانەی پێشبینی ئەوە دەکات یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تێکەڵ ببنەوە ، جا هەر بە ناوی یەکێتییەوە بێت یان ناوێکیدیکە لەخۆیان بنێن ، ئاماژەکانی ململانێی چەند ساڵی رابردوو ئەو راستییەمان پێدەڵێت کە هەڵنانی ئەم هەنگاوە کارێکی ئاسان نییە ، تا رادەیەکی زۆر ئەستەمە هەریەکە لە سەرکردایەتی ئایندەی یەکێتی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بتوانن بگەنە رێککەوتنێک لەسەر پۆستی کەسایەتی یەکەمی ئەو رێکخستنەی لە ئەنجامی یەکگرتن دروست دەبێت ، چونکە ئەو جەمسەرانەی بەرپرسیارێتی لە هەردوولا یەکترییان پێ قبووڵناکرێت و ئەگەری پێکەوەکاردنیان بۆ جارێکیتر ، ئەگەرێکی زۆر لاوازە .
دیارە شیکردنەوەی سیاسیی بۆ بارودۆخێکی وەها ئاڵۆزو پێشبینی بۆ ئایندە ، هەر لە سنووری بیروبۆچووندا دەمێنێتەوەو ناتوانین رەهایی پێببەخشین ، بۆیە ئایندەی کوردستان و ، بەتایبەتی دواڕۆژی یەکێتیی نیشتمانی ، دەشێت بە ئاڕاستەیەکیدیکەدا بڕوات بەپێی ئەو پێشهاتانەی ئایندە لەخۆیدا حەشارداوە ، بۆیە دەروازەی پێشبینییەکان ، بۆ توێژەرانی سیاسی لە داهاتوودا بە کراوەیی دەهێڵینەوە .
فوئاد قەرەداغی
٣٠ / ١٢ / ٢٠١٢