Archive | ئاب, 2017

سەرەتاکانی دەستکردنم بە خوێندن

24 ئاب

یادەوەرییەکانی گەشتی تەمەن

سەرەتاکانی دەستکردنم بە خوێندن
فوئاد قەرەداغی
کۆمەلێک رووداوی لەسەریەک و خێرا ، لە سەروبەندی چوونم بۆ قوتابخانەدا ھەیە ، لەبەر ئەوەی زۆر منداڵ بووم ، ئێستا بە وردی ناتوانم کاتەکەیان بەرودوا دیاریبکەم، بۆیە ھەوڵدەدەم مێشکم بگوشم و وێنەیەکی زۆر نزیک لێیان بگرم و لێرەدا نمایشیان بکەم .
بە مەزەندەی خۆم کۆتایی ساڵی 1949 بوو ماڵمان لە ھەڵەبجەوە ھاتەوە بۆ سلێمانی .ماڵەکەمان لە پشتی لۆرییەکی ( ئەنتەرناش ) بارکرابوو . ئێمە لەپێشی لورییەکەدا بووین ، دایکم فەھمی برامی لە باوەشدابوو ، منیش لەباوەشی باوکمدا دانیشتبووم . زۆر لە ھەڵەبجە دوور نەکەوتبووینەوە خەوم لێکەوتبوو ، کاتێک بەئاگاھاتمەوە لە سلێمانی بووین . ئەو خانووەی لێی دابەزیبووین نزیک ماڵی باپیرم ( باوکی دایکم ) بوو ، دەستەیەکی خانووەکەی ( حاجی عومەری سەلیم ) بوو ، لە کۆڵانی سەر ئەو چوخمەی ئێستا لە چاپخانەی ( کامەرانی ) یەوە بۆیدەچیت . منداڵەکانی حاجی گەورە بوون ، تەنھا دووانیان منداڵ بوون ، ئەوانیش کچێک کوڕێک بوون بەناوەکانی ( ئامین و دلێر ) دلێر ھاوتەمەنم بوو بەڵام ئامین دوو ساڵێک یان زێتر لە ئێمە گەورەتر بوو. من زوو ھۆگریان بووم ، ھەموو رۆژێک یاریماندەکرد ، ناوە ناوەش شەڕماندەکردو ، ھەر زووش ئاشتدەبووینەوە .
دوای چەند مانگێک گواستمانەوە بۆ خانووی ( حاجی فەقێ شاڵی ) لەبەر خانەقا ، لەکۆڵانێکی نزمدا بەرامبەر (حەمامی حاجی ئەوڵا ) نزیک لە خانەقای مەولانا خالید . کۆڵانەکە سێ یان چوار خانوو بوو. دراوسێی نزیکمان کە دەرگامان بە دەرگاوەبوو ، خزمایەتیشمان ھەبوو ، ماڵی مەلا ئەوڕەحمانی حافز ( مەلا کوردە ) باوکی کاک شەوکەت و کاک رەفعەت بوو ، بەرامبەریشمان خانوویەک بوو ، ھاوسەرو منداڵەکانی تێکۆشەری ناسراو ( نوری ئەحمەد طە ) ی تێدا بوو ، کە ئەوکاتە حکومەتی پاشایەتی عێراق زیندانیی کردبوو. ( شیرین ) ی کچی ھاوتەمەنی من بوو یان بچووکتر زۆر کەم دەھاتە بەردەرگا ، ( ئاسۆ ) ی کوڕیشی لە ئێمە گەورەتر بوو، مەگەر لە ھاتنەوەی یان چوونەدەرەوەیدا بمانبینیایە .
بەم جۆرە لەو کۆڵانەدا منداڵت بۆ یاریکردن نەدەدیت ، تەنھا من و رووناکی مەلا ئەوڕەحمان دەماینەوە ھاوتەمەن بین و یاری بکەین ، لەبەر ئەوە ئەو ماوەیەی لەو خانووەدا بووین ، تەنھا دووھاوڕێی یاریکردن بووین لە کۆڵانەکەدا ، یاریشمان زێتر لە ماڵەوە دەکرد .
ئەوبەری شەقامەکە ، بەڕیزی مزگەوتی خانەقاوە ریزێک دوکانی لێبوو ھەموویان ناسیاوبوون . یەکێک لەوانە حوجرەکەی مەلا جەبار بوو . من ھەموو رۆژێک بۆ خەرجکردنی رۆژانەکەم بۆ ئەو دوکانانە دەچووم.
مەلا جەبار لەپێشی حوجرەکەیدا شتی بۆ منداڵان دانابوو ، ناو دوکانەکەش کۆمەڵێک منداڵی تێدابوو دەوری قورئانیان دەکردەوە ، بۆیە بۆ من سەرنجڕاکێشبوون و بەدیاریانەوە کەمێک رادەوەستام. دیاربوو باوکم ھەستی بەمەکردبوو ، لەبەرئەوە رۆژێک پەلیگرتم بۆ لای مەلا جەبارو وەک قوتابی لە حوجرەکەی دانام .
نازانم ئەو رۆژە مەلا جەبار دەرسی پێگوتم یان نە ، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە یەکێک لە ، قوتابییەکانی بانگکرد ناوی (خالید ) بوو ، پێیڕاگەیاند کە لە سبەینێوە لای ئەو دادەنیشم و ئاگادارم دەبێت.
رۆژانە – جگە لە ھەینی – دەوامم دەکرد ، رۆژانەکەمان لەوێ خەرجدەکرد ، چ مامۆستا مەلا جەبارو چ ( خالید ) ھەوڵیاندەدا پیتەکانم فێربکەن . پیتەکان لە یەکدوو پەڕەی پێشەوەی جوزئی ( عم )ەدا نوسرابوون ، دەورمان دەکردەوەو ، منیش وەکو قوتابییەکانیدی دەنگم لێ بەرزدەکردەوەو خۆم بەرەو پێشەوەو بەرەو دواوە دەجووڵاند .
زۆر شەو دەچووینە ئەودیو ، واتە ماڵی مامۆستا مەلا ئەوڕەحمان ، مامۆستا بانگی دەکردمە لای خۆیەوە ، داوایلێدەکردم دەور بکەمەوەو ئەوەی ئەو رۆژە فێریبووم بیخوێنمەوە ، منیش بە دەستووری بەیانیانی حوجرە دەستم پێدەکرد ، مامۆستا مەلا ئەوڕەحمان ناوە ناوە لەگەڵ ئافەرینکردنمدا پێدەکەنی و ئەوانیدیش لەگەڵ ئەودا پێمپێدەکەنین ، منیش ھەر لەسەر خوێندنەوە بەردەوام دەبووم ، دیاربوو خوێندنەوەکەم ھەڵەت و پەڵەتی زۆری تێدابوو بۆیە بەو جۆرە پێکەنین دەیگرتن .
ماوەیەکی زۆر لە حوجرە نەمامەوە . ئەو ماوەیە تەنھا وشەیەک یان دووان فێربووم ، حنجەکەیانم بەم جۆرە دەگوت و دەگوتەوە :” ئا سەر ئە ، لام زەنە ئەل ، حا سەر حا ئەلحە ، میم زەنە میم ئەلحەم ، دال بۆر دو ئەلحەمدو – الحمد ” .
ئەو ماوەیەی لە حوجرە مامەوە زۆر کەم بوو ، زۆرمنداڵیش بووم تەنانەت لەچاو ھاوەڵانی حوجرەشدا ، دوای چەند ساڵ ئینجا زانیم کە مامۆستا مەلا جەبار لەبەردڵی باوکم وەریگرتبووم . مەلا جەبار ناسیاومان بوو ، شەمەیی بوو ، خزمی ماڵی ئەوڕەحمانی شەمەیی دراوسێی ماڵی باپیرم ( باوکی دایکم ) بوو ، دەرگای ماڵی ئەوڕەحمانی شەمەیی بەرامبەر دەرگای ماڵی باپیرم بوو ، ئەو ماڵەی کە من تێیدا لەدایکبووم ، باجی لەیلێی ھاوسەری مام ئەوڕەحمانی شەمەییش تا تەمەنی چل رۆژیم شیری دابوومێ ، واتە دایکی شیریم بوو .
ئەو کاتە تەمەنی خوێندنم نەبوو ، ھیچیش لە حوجرە فێرنەبووم ، بۆیە ھێنامیانە دەرەوە تا رۆژێک مامم ( شێخ عەبدولڕەحمان ) بردمی بۆ قوتابخانەی زەھرای کچان . مامم بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەناسی ، بۆیە لەبەر خاتری مامم وەک گوێگر لە پۆلی یەکەم داینام . دوو کچی خاڵۆزای باوکم لەوێ قوتابی بوون ناویان : ( ئەختەر نیزامەدین و نەزیرە نەجمەدین ) باوکم و مامم ئەوانیان راسپارد ئاگایان لێم بێت.
لە قوتابخانەی زەھرادا تەنھا کوڕ بووم ، نە جانتاو نە کتێبم ھەبوو . دەھاتم و دەچووم ، لەگەڵ قوتابییەکاندا دەنگی پیتەکان و وشەکان و گۆرانی و سروودەکانم دەگوتەوە بێ ئەوەی بزانم چییەو تێیانبگەم ، لە پشووەکاندا یاریمدەکرد ، دادە ئەختەرو دادە نەزیرە ئاگادارمبوون ، پێداویستییەکم ھەبوایە بەوانم دەگوت .
ئەم خوێندنەشم زۆری نەخایاند . ھەندێک لە قوتابییەکان شەڕیان لەگەڵ دەکردم ، ئازاریان دەدام . ئەو کاتە نەمدەزانی بۆچی بەو شێوەیە ھەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکەن ، دوای ساڵانێکی زۆر ئینجا تێگەیشتم بوونم لە نێو قوتابخانەی کچاندا چەند کفرێکی گەورە بووە.
لە گۆڕەپانی قوتابخانەی زەھرادا حەوزێکی گەورەی تێدابوو . منداڵەکان لە دەوروبەری حەوزەکە یارییاندەکرد .منیش زۆرجار نزیک حەوزەکە دەبوومەوە . رۆژێکیان لە رۆخی حەوزەکە بە چیچکانەوە بووم ، دەستمدەشت یان یاریم بە ئاوەکە دەکرد ، لەپڕ پاڵێکم بۆناو حەوزەکە پێوەنرا ، ئاگام لە خۆم نەما ، کە چاومکردەوە بەدەست مامۆستایەک و یەکێک لە خزمەتگوزارەکانەوە بووم ، ئاوم لێدەچۆڕا ، ژمارەیەک لە قوتابییەکان لە دەورم گردبووبوونەوە ، منیش دەگریام ، دوای تۆزێک دادە ئەختەرو دادە نەزیرە ھاتن ، ھەر یەکەیان پەلێکیان گرتم و بە گری گری بردیانمەوە بۆ ماڵەوە ، ئیتر لەوەبەدوا نەیانناردمەوە بۆ قوتابخانە .
ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد ، ساڵی خوێندنی 1950 – 1951 بوو ، تەمەنەکەم ھێشتا بۆ قوتابخانە نەدەشیا ، ھێشتا ساڵێکم بۆ تەمەنی یاسایی وەرگرتن لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا مابوو ، باوکم و مامم خەمی خوێندنی منیان بوو ، باوکم بۆ یەکدوو قوتابخانەی نزیک لەماڵی خۆمانی بردم ، لەوانە قوتابخانەی خالیدییەو عەبدولئیلاە و سەرشەقام بەڵام ھیچیان وەریاننەگرتم .
مامم مامۆستای قوتابخانەی ئەییوبییەی کوڕان بوو . قوتابخانەکە لەگەڕەکی جوولەکان بوو ، لەبەرخانەقاوە دوور بوو ، بەڵام کە لەو قوتابخانانە وەرنەگیرام ، بڕیاریدا لەگەڵ خۆیدا بۆ قوتابخانەکەیانم بەرێت ، بۆیە بە مامۆستا ( عەزیز ساڵح ) بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەییوبییەی گوتبوو ، ئەویش سەرەتا داواکەی رەتکردبۆوە بە ھۆی ئەوەی تەمەنەکم شیاو نەبوو ، دواتر وەک گوێگر وەریگرتم ، واتە ناومی بە رەسمی تۆمارنەکردبوو ، بەڵکو ئەوەی بەستبووەوە بە مەرجی دەرچوونم لە تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ و سەری ساڵدا .
کاتێک دەوامی قوتابخانە دەستیپێکرد گواستبوومانەوە ماڵی حاجی عەبدوڵڵای قەرەداخی
لە کۆڵانی بەرامبەر دەرگای خانەقای مەولانا خالید . ماڵەکەمان لەماڵی ماممەوە زۆر نزیکبوو ، بەیانیان لەگەڵ ماممدا دەچووم بۆ قوتابخانە. مامم و مامۆستا عەزیز بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان عەرەبانەیەکی دوو ئەسپییان بەکرێ گرتبوو بەیانیان مامۆستا عەزیزو ( ھەڵگورد ) ی کوڕی ھەڵدەگرت ئینجا دەھات بەشوێن ئێمەداو پێی دەچووین بۆ قوتابخانە . ئەو ساڵە مامم عەرەبی و کوردی پێدەگوتینەوە ، رابەری پۆلەکەشمان بوو ، مامۆستا عوسمانیش بیرکاریی پێدەگوتین .
دوای پشووی نیوەی ساڵ بەماوەیەک ، قوتابخانەکەمان گواستییەوە بۆ بینای قوتابخانەی کانێسکان . کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ قوتابخانەکەمان لەو بینایەدا بوو .
رۆژەکانی تاقیکردنەوەی ئەلفبێی کوردی و عەرەبی و حساب ( بیرکاری ) ، مامم و مامۆستا عوسمان سەعید پێکەوە تاقییاندەکردمەوە ، مامۆستا عەزیزیش دەھات ، سەرێکی دەداو دەڕۆیشت . ئەنجامەکەم باشبوو ، بۆیە وەک قوتابی پۆلی یەکەم لەو ساڵەدا تۆماریانکردم و شەھادەی دەرچوونیان لە پۆلی یەکەم بۆ کردم .
ساڵی دوایی 1951 – 1952 قوتابخانەی ئەییوبییە گەڕایەوە بیناکەی خۆی ، لەبەرئەوە گواستمیانەوە بۆ قوتابخانەی خالیدییە کە ھاتبووە نزیک ماڵمان لە خانوویەکی گەورەدا پێیاندەگوت ماڵی ( غەنی شاڵی ) . بەم جۆرە ، لە پۆلی دووەمی سەرەتایییەوە لە قوتابخانەی خالیدییە جێگیر بووم و تا دەرچوونم بۆ قۆناغی ناوەندیی ، خوێندم لەم قوتابخانەیەدا بوو .

ئەوینی تەمەنم

10 ئاب

ئەوینی تەمەنم
فوئاد قەرەداغی
1 – 8 – 2017
ئەو کاتەی کە تۆم ناسی ،
خونچە گوڵێکی بەھار بووی
چرۆی نەمامی ژیان و ،
کۆترێکی باڵنەخشینی ،
باخچەی دڵێکی شەیدا بووی
خاوەن دڵێکی بێگەردی ،
پڕ میھرەبانی و ساکار بووی
ئەو کاتە پەپولەی عەشقم
باڵی گرت و ،
جەزبی مەستیی چاوانت بوو
*******************
خۆشەویستە دێرینەکەم ،
نا نا خۆشەویستی گشت تەمەنم
ئەی ئەوینی سەراپای ژیانی سەختم
رۆحی زیندووی نێو رۆحی تەواو شەکەتم
تۆ ھەناسەی گەرمی
سەردەمی گەشبینی من بووی
تۆ خەیاڵی ناخی
پڕ لە ھیوای بەیەکگەیشتن ،
خەونی ئاسوودەیی ژیان ،
کشان بەرەو لوتکەی ئەوین ،
توانەوەی رۆح لەنێو
رۆحی یەکتری و ،
بەختەوەریی و ،
گەشتی تەمەن ، ئەوینم بووی
***********************
ئازیزەکەم
خەونی سەرابیمان نەما
ئەوین لە شەقەی باڵی داو ،
بێ دڵ ، بێ رۆح ،
بەجێیھێشتین
دۆزەخێکی بۆ داخستین ،
دۆزەخی لەیەک جودایی
ئاگری ژیان بە تەنھایی
گڕی دوو دڵی بێ ئاکام ،
بێدەنگ ، متبوو
ونبوو لەدەریای نامۆیی ….

پەروەردەو فێربوونی بۆرژوایی

9 ئاب

پەروەردەو فێربوونی بۆرژوایی
فوئاد قەرەداغی
8 ی ئابی 2017
بۆرژوازییەت بە ناوی ریفۆرم و چاکردنی مەرجەکانی خوێندن و کوالێتییەکی باش ، گرنگیی بە تایبەتیکردنی خوێندن دەدات و ، بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو خوێندنی گشتی ( حکومی ) ناھێڵێت .
سەرمایەداریی لە بواری پەروەردەو فێربووندا ، کار بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئایدیای مرۆڤەکان دەکات بەپێی فەلسەفەو جیھانبینی خۆی ، لەم رێیەوە وەک تاکەکەسێکی بەرھەمھێن پێیدەگەیەنێت بۆ ئەوەی تەواو لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیدا بێت .
لەسایەی سیستمی سەرمایەدا مرۆڤ تەنھا بۆ ئەو کارانە پێدەگەیەنرێت کە سوودی ئابووری بۆ ھەرچی زێتری کەڵەکەکردنی سەرمایە دەبێت ، ئەم پڕۆسەیە لە ئەمڕۆی سیستمی سەرمایەداری جیھانگیردا ، بەناوی دابەشکردنی بازاڕی کار لە ئاستی جیھانیدا پەیڕەو دەکرێت .زانست و زانیارییەک کە مرۆڤ ئارەزوومەندانە لەپڕۆسەی فێربووندا بەدەستیھێناوە ، بەپێی پێداویستییەکانی بەرھەمھێنان دەیگۆڕێت و ، زانیارییەکیان دەداتێ و ، کارامەییان لە جۆرێک کاردا بەرزدەکاتەوە ، کە بەرھەمھێنان و قازانجی زێتری لێبڕسکێت . لەم پڕۆسەیەدا یاری بە ئاستی ئەم ھێزی کارە دەکرێت ، تا زێدەبایی کاریان زۆرترو فراوانتر بێت و دەسکەوتی گیرفانی سەرمایە بەردەوام بێت .
سەرمایەداریی ھاوکات جۆرێک لە پەروەردەو فێربوونی تایبەتی بەخۆی ، لە وڵاتە وابەستەکانیدا پیادە دەکات ، تا نەوەکانی ئەو وڵاتانە پەی بە واقیعی داگیرکاریی سەرمایەداریی نەبەن و لە خزمەت پڕۆژەکانی سەرمایەگوزاریدا ئاڕاستەیان بکات ؛ لەسەرێکیدییەوە ، لەڕێی کردنەوەی پەیمانگەو کۆلیژ و زانکۆو خوێندنگەی فرە پسپۆڕییەوە ، نەوەیەکی وابەستە بە ئایدیاو بەھا سەرمایەدارییەکان پێدەگەیەنێت ، وەک زەخیرەیەکی بەشەری بۆ زامنکردنی وابەستەیی وڵاتان و مانەوەی ئابووری و سیاسەتیان لە قەڵەمڕەوی سیستمە جیھانییەکەی سەرمایە دا .
زۆربەیەک لە خەڵکی وڵاتە دواکەوتووەکان خۆشباوەڕییان بەتێزە بۆرژواییەکانی سەرمایەداریی لە بواری پەروەردەو فێربووندا ھەیە . جۆرنالیزمی جیھانیش رۆڵێکی کارا لە جێگیرکردنی ئەو تێزانەدا دەبینێت ، بۆیە پەروەردەو فێربوون بە بوارە جیاجیاکانیەوە سەرخانێکی گونجاوی سیستمە جیھانێکە پێكدەھێنێت .
سیستمی پەروەردەو فێربوون لە کوردستاندا لەم رووکارە جیھانییەی سەرمایەداریی بەدەرنییە ، جگە لەوەی دەرگای کوردستانیان بۆ کراوەتەوە ، تا چۆنیان بوێت ئاڕاستەی نەوەکانی ئەمڕۆو ئایندە بکەن ، راستەوخۆو ناڕاستەوخۆش دەستیان لە دارشتنەوەی سیستمی پەروەردەدا ھەیەو ، سیستمەکە لەو پەروەردەو فێربوونەی سیستمی جیھانگیرییەوە دوور نییە .
ئەم واقیعە وەھا دەخوازێت مامۆستایان و پەروەردەکاران و کەسوکاری خوێندکاران ھوشیارییان سەبارەت بە پەروەردە جیھانگیرەکە ھەبێت ، ھەتا بتوانن بە ھوشیارییەوە بەرەنگاری ببنەوەو نەھێڵن بەسەر سیستمی پەروەردەی کوردستاندا سایە بکات .
لەبەرئەوە ، لێرەدا ئاماژە بە ھەندێک لە سیماکانی پەروەردەی بۆرژوایی ئاوێتە بە پەروەردەی خێڵەکی دەکەین :
1 ) بۆرژواکان رەگی ئەم پەروەردەیەیان بۆ پرنسیپەکانی شۆڕشی فەڕەنسای ساڵی 1789 دەگەڕێننەوە ، واتە بۆ پرنسیپەکانی ( ئازادی ، برایەتی ، یەکسانی ) کە ناوەرۆکەکەی ئازادی بۆرژوایی و برایەتیی و یەکبوونی سەرمایەداران و پاراستنی مافی بۆرژوازیانە ، بەناوی یەکسانی حقوقی نێوان چەوسێنەران و چەوساوەکان .
2 ) لە پەروەردەی بۆرژوازیدا جێوڕێیەک بۆ رۆڵی کرێکاران نییە ، کار بەھایەکی بەرزی نییە ، کاری دەستیی بەسووک دەزانرێت ، ئاڕاستەی خوێندکاران بەرەو ئەو پیشانەی داھاتی زۆرە دەکرێت . ئەم پەروەردەیە ھەڵاواردنی چینایەتی برەوپێدەدات . پەروەردەیەکە بەھاو نەرێتی چینی بۆرژوا بە ھەند وەردەگرێت و کارو رەنجی جەستەیی کرێکاران دەسڕێتەوە ، یان فەرامۆشی دەکات . بەکورتی پەروەردەیەکە بۆ بەرجەستەبوونی جیاوازی چینایەتی و باڵادەستیی ھەمیشەیی چینی بۆرژوا بەسەر تەواوی بوارەکانی ژیاندا .
3 ) ئەم پەروەردە چینایەتییە ، بۆ ململانێ نەتەوەیی و ئاینییەکانیش پەلدەھاوێت ، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە سیستمی خێل کاریگەریی کۆمەڵایەتیی ھەیە .
ململانێی نەتەوایەتی و ئایینی دوو کۆڵەکەی خۆڕاگرتن و مانەوەی سیستمی خێڵن . ئەم سیستمە لەھەلەمەرجی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا ، لەلایەک وابەستەی سیستمە سەرمایەدارییە جیھانییەکەیەو ، لەلایەکیدییەوە بەھاو نەرێتە خێڵەکییەکان پەیڕەو دەکات و ، لە رێگای سیستمی پەروەردەوە پارێزگاریی لێدەکات . ئەمڕۆ ئەم ئاوێتەبوونەی بەرژەوەندیی سەرمایەو بەرژەوەندی خێل لە وڵاتە وابەستەکاندا بەئاشکرا دەبینرێت و دەوڵەتە سەرمایەدارییە گەورەکان بەرابەری ئەمریکا پشتگیریی لێدەکەن و دۆستایەتی کۆنەپەرسترین و دیکتاتۆرترین و خێڵەکیترین دەوڵەتانی کیشوەرە جیاجیاکانی جیھان دەکەن .
4 ) دووفاقی بەھاکانی پەروەردەی بۆرژوایی لایەنێکیدی ئاڕاستەکردنی خوێندکارانە . لەکاتێکدا سیستمی پەروەردە ، لەڕێی بەرنامەکان و کتێبەکان و وانەکان و شیعرو سروودو چالاکییەکانی نێو خوێندنگاو دەرەوەی خوێندنگا ، جەخت لەسەر رۆڵی سەرکردەو رابەرو پێشەوای کاریزمی دەکاتەوەو ، بەھاو نەرێتە خێڵەکییە دواکەوتووەکان لە نەوەکاندا دەچێنێت ، لەبەرامبەریشدا ، بایەخ بەو بەھاو نەرێتە بۆرژوازیانە دەدات کە خاوەندارێتی تایبەتی پیرۆز دەکەن و بە بەھایەکی سروشتیی ئاکاری مرۆیی دەناسێنن .
ئەم پەروەردەیە خاوەندارێتی تایبەتی بە بنەمای ئازادیی شەخسی دادەنێت . چەمکی ئازادیی بە رەھا دەبینێت و ،دان بەو واقیعەدا نانێت کە ئازادی چەمکێکی چینایەتییەو ، ئازادی ناچینایەتی و ئازادیی سەروو چینەکان و ئازادیی ھاوتەریبی چینەکان وجودیان نییەو ، ئازادیی بێناوونیشانی چینایەتی خۆڵکردنە چاوی خەڵکەو ، چەوساندنەوەی سەرمایەداریی و کاری کرێگرتەو زێدەبایی پێدادەپۆشن .
ھەر لەم روانگە بۆرژواییەوە ، بەرنامەکانی خوێندن دژ بە بەھا سۆسیالیستییەکان ئاڕاستەدەکەن و ، وەھا پێناسەی دەکەن کە ھەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی تایبەتی ، ھەڵوەشاندنەوەی ئازادییە و ، نەفیکردنەوەی ئازادیی تاکەکەس و مافە شەخسییەکان و ئیرادەی سەربەخۆی بڕیاردانی ژیانی تایبەتییەتی .
لێرە لە کوردستان نموونەیەکی بەرچاوی ئەم پەروەردە ئاوێتەیە ھەیە کە تایبەتمەندێتی خێڵەکێتی و عەشایەری و بۆرژوایی پێکەوە دەپارێزێت ، بەشێوەی جیاجیا چ لە بەرنامەکانی خوێندن و رەوتی پەروەردەو فێربووندا جێی بۆ کراوەتەوە و ، چ لە پراکتیکدا جێبەجێ دەکرێت و ، تەنانەت لە چالاکیی فیستڤاڵی ( شانازیی خێڵەکی ) تایبەت بە خێڵەکانی کوردستان و ، لە چالاکیی بەشێک لە رێکخراوەکانی ( بەناو ) کۆمەڵگەی مەدەنیدا ( کۆڕو سیمینارو سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ) دا دەربارەی ئازادیی تاکەکەس و مافی مرۆڤ … ھتد ، رەنگیانداوەتەوە .

وێستگەکانی ژیان و تێکۆشان بۆئەوەی پتر لە مرۆڤێک بین

5 ئاب

وێستگەکانی ژیان و تێکۆشان بۆئەوەی پتر لە مرۆڤێک بین
فوئاد قەرەداغی
3 ئاب – 2017

ساڵەکانی خوێندنی سەرەتایی ، دەستپێکی ھوشیاربوونەوەیە ، لەگەڵ گەشەکردنی لایەنەکانی کەسایەتیماندا و ئەزموونی رۆژانە لەنێو ماڵ و ، پەیوەندیی و یاریکردنی کۆڵان و گەڕەک و قوتابخانەو بازار و … ھتد ، ئاستی ھوشیاریش ھەڵدەکشێت . مرۆڤ بەرامبەر پرسە جیاجیاکانی ژیان ، چەمکێکی سادەو ساکار دروست دەکات و ، دەیکاتە بنەمایەک بۆ فراوانکردنەوەی تێگەیشتن لە دەوروبەرەکەی و بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵگا .
لەم دەستپێک و سەرەتایەدا یەک رەھەندی ژیانی مرۆڤەکان دەبینێت . ژنو پیاو ، گەورەو منداڵ ، کارو سەرچاوەی بژێوی ، خزمە نزیکەکان ، قوتابخانەو قوتابیانی ھاوڕێی و ، مامۆستاکان ئەو وانانەی دەیڵێنەوە ، ھەریەکە بەجیا واتایەکی دەبەخشن ، بەڵام واتاکان یەک رەھەندو دیاریکراون ، ھەر مرۆڤە تاکە کەسێکە لەنێوان کۆی مرۆڤەکانیدیکەدا .
دوای ئەم وێستگە گرنگەی ژیان و گەیشتن بە وێستگەی ھەرزەکاری و دواتر گەنجێتی ، تێدەگات مرۆڤەکان بەپێی رەھەندەکانیان جیاوازن ، بەشێکیان تەنھا یەک مرۆڤن ، بەشێک دووان و بەشێکیدیکەیان چەند مرۆڤێکن و لە یەک کەسایەتیدا بەرجەستە دەبن .
ئەوانەی زێتر لە مرۆڤێکن جیاوازن لە زۆربەیەک کە ئەرکی ژیانیان بریتییە لە رۆڵە بایۆلۆژییەکەیان ، واتە زاووزێ و بەرھەمھێنانەوەی مرۆڤ بۆ بەردەوامی ژیان . دیارە ئەم مرۆڤبوونە فرە رەھەندە ، ئەرکێکی گرانترو توانایەکی جیاوازتری دەوێت ، سەبارەت بەوەی رەوتی ژیان بە بوونی ئەوان دەچێتەپێشەوە ، جیھان بە بوونی ئەوان یەکبینە خۆی نوێدەکاتەوەو ، گشت مرۆڤەکان ، نەوە دوای نەوە ، ژیانیان بەپێی سەردەمەکەیان نۆژەندەکەنەوە .
ھوشیارترینی ئەم مرۆڤە فرەرەھەندانەش ، لە ململانێی ھەمەچەشنەی ژیانیاندا ، ئەوانەن کە ژیان بە نامۆیی بەسەردەبەن ؛ ژیانی تاکەکەسییان ، ژیانی خێزانییان ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان ، بەشدارییان لە ژیانی رۆشنبیری و زانستی و بەرھەمھێناندا ، نامۆیی بەرھەمدێنێتەوە ، چونکە دەگەنە ئاستێک ، دابەزین و گەڕانەوە بۆیان ستەمە ، بۆیە مرۆڤی نامۆ تەواوی بەرپرسیارێتییەکانی ژیان لە ئەستۆ دەگرێت و چاوەڕێی پاداشت ناکات ، چونکە :
ناتوانێت یەک مرۆڤی ئاسایی بێت و ناچارە بۆ فرەمرۆڤی تێبکۆشێت .
ناتوانێت تەنھا بۆ خۆی بژی ، بەڵکو ناچارە بۆ گشت بژی ، جا ئەوگشتە لە ھەر شوێنێک و لەھەر شانەیەکی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا بێت .
ناتوانێت لە رابردوودا بژی ، بێ ھەڵوێستی رەخنەگرانە بێت لە ژیانی ئەمڕۆ ، لەبەرئەوە ناچارە لە ئایندەدا بژی و چارەنووسی بەو دواڕۆژەوە ببەستێتەوە و لەخەمی ژیانی ئەو داھاتووەا بێت .
ناتوانێت لە بازنەی ئینتیمایەکی تەسکی خێزانی ، بنەماڵەیی ، خێڵەکی ، نەتەوەیی دا بمێنێتەوە ، بۆیە ناچارە ئینتیمایەکی جیھانیی مرۆڤدۆستانەی ھەبێت و ژیانی خۆی بەو ئینتیمایەوە گرێبدات .
ناتوانێت بەبێ خەونێک بۆ دواڕؤژی مرۆڤ بژی ، یان مامەڵەی ژیان بە ساردوسڕی بکات و ، بێ خۆشەویستییەک لەناخەوە ،ئەم گەشتە کورتخایەنەی ژیان تێپەڕێنێت .
ئەم مرۆڤە ، راستتر ئەم مرۆڤانە لەویستگەکانی ژیاندا ، ھەر دەبێت خولیای داھێنان و خۆنەویستی و پیادەکردنی مەرجەکانی جۆرێکیدی مرۆڤ بن لە خۆیاندا ، تا ئەرکەکانی مرۆڤبوونێکی چەند رەھەندی بۆ خزمەتی مرۆڤ بەدیبھێنن .

دەربارەی شێوازی یەکدەوامی و خوێندنی درێژخایەن لە قوتابخانەو خوێندنگەکاندا

3 ئاب

دەربارەی شێوازی یەکدەوامی و خوێندنی درێژخایەن لە قوتابخانەو خوێندنگەکاندا
فوئاد قەرەداغی
1 – 8 – 2017
“شێوازی خوێندنیش له‌م سیستمه‌ هاوبه‌شه‌دا درێژخایه‌ن و یه‌ك ده‌وامی په‌یڕه‌وده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ربدرێت بۆ ساڵی ئاینده‌ زۆرێك له‌خوێندگاكانی سلێمانیدا سیستمه‌كه‌ كاری پێده‌كرێت”. ( پێشنیازەکان – تۆڕی ھەواڵی سلێمانی)
پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژە بۆ پەیڕەویکردنی شێوازی درێژخایەن و یەکدەوامیی بۆ ئەمساڵی خوێندن 2017 – 2018 دەکات و ، بەنیازە ” زۆرێک لە خوێندنگاکانی سلێمانی ” کار بەم سیستمە بکەن .
ئەم بیرکردنەوەیە بۆ خۆی دروستەو شێوازێکە تا رادەیەک کوالێتییەکی باشی خوێندن دەستەبەر دەکات . بەڵام ئەو ماوەیەی بۆ کردنەوەی خوێندنگاکان ماوە ، بواری جێبەجێکردنی نادات ، تەنانەت ئەگەر ھەرچی کۆمپانیا ھەیە لەکوردستاندا بۆ ھاوکاریکردنی پەروەردە ئامادەبن.
شێوازی یەکدەوامیی کاتێک دەتوانرێت پەیڕەو بکرێت ، کە گرفتی بینای قوتابخانە چارەسەر بکرێت ، بە واتا ھەر قوتابخانەیەک لە بینایەکدا دەوام بکات و ، بۆ ئێجگارەکی دوو دەوامی و سێ دەوامی نەمێنێت ، ئەوەش لە توانای پەروەردە بەدەرە ، چونکە بیناکان بواری ئەوەی تێدانییە قوتابیان و خوێندکارانی دەوامی دووەم و سێیەم بگرنە خۆیان .
لەڕاستیدا وەک پڕۆژە دەتوانرێت پلانێکی چەند ساڵە ( 5ساڵ یان زێتر ) بۆ ئەم مەبەستە دابڕێژرێت ، لەم پلانەدا بیناکانی ئێستا فراوانتر بکرێت و بینای نوێی خوێندن بۆ تەواوی خوێندکارانی ھەموو دەوامەکان دروست بکرێت . دەشێت ئەمە بکرێتە پڕۆژەیەکی گەورە بۆ داھاتوو ، بەڵام وەک پڕۆژە بۆ ئەمساڵ و یەک دوو ساڵی داھاتووش واقیعی نییە و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت .
دەستەوسانی لە ئاستی کێشەی بینای قوتابخانەدا ، بێتوانایی لە ئاستی شێوازی خوێندنی درێژخایەن بەرەنجامی دەبێت ، چونکە میکانیزمی خوێندنێکی ” درێژخایەن ” وەک لە پێشنیازەکاندا ھاتووە ، بەندە بە دابینکردنی بیناوە .
مەبەست لە شێوازی خوێندنی درێژخایەن چییە ؟ ئەم زاراوەیە ” درێژخایەن ” : پەیوەندیی بە کاتەوە ھەیە ، واتە خوێندن ماوەکەی زێتر بکرێت ، خوێندکاران و مامۆستایان کاتێکی زۆرتر لە قوتابخانەدا بن ، بەرنامەکانی خوێندن کاتێکی زۆرتر بۆ تەواوکردنی بخایەنێت .
خوێندنی درێژخایەن لە ھەلومەرجی ئێستای پەروەردە لە کوردستاندا ، ئەم شێوانەی لەبەردەمدایە :
1 ) زیادکردنی ساڵەکانی خوێندن لە قۆناغێکدا ، یان بەشێک ، یان لە ھەموو قۆناغەکاندا .
2 ) درێژکردنەوەی رۆژەکانی ساڵی خوێندن ، واتە کەمکردنەوەی پشووی نیوەی ساڵ و پشووی ھاوین و رۆژانی پشووی بۆنەکان.
3 ) درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنی رۆژانەی ئێستا واتە چەند سەعاتێک زێتر بخایەنێت .
زیادکردنی ساڵەکانی خوێندن ، بەھەرشێوەیەک بێت ، کارێکی نەگونجاوەو دژی رەوتی نوێی جیھانیی پەروەردەو فێرکردنە . رووکاری ئەمڕۆی فێرکردن لە جیھانی ئەمڕۆدا روو لەکەمکردنەوەی ساڵەکان و چڕوپڕکردنی بەرنامەکانی خوێندنە . پێشکەوتنی بواری زانستی ئەلکترۆنی ، کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت و تۆڕە جیھانییەکان ، ئەو ئامرازانەی تەکنۆلۆژیای نوێ ھێناویەتە کایەوە ، توانای کەمکردنەوەی ساڵەکانی خوێندن و کوالێتییەکی باشی بەردەم سیستمی پەروەردە خستووە ، بۆیە ھەر کارێکی پێچەوانەی ئەم رەوتە جیھانییە ، گەڕانەوەیە بۆ دواوەو ، لە بەرژەوەندی خوێندکاران و پەرەپێدانی پەروەردەو فێربوون و ، بەرەوپێشەوەچوونی کوردستان و کۆمەڵگای کوردەوە نییە .
درێژکردنەوەی رۆژەکانی ساڵی خوێندن ، دەبێت ھەر ئێشتا بخرێتە نێو بەرنامەی چاکسازیی لە سیستمی پەروەردەدا . ماوەی دەوامکردن ، بەپێی سیستمی رەسمیی قوتابخانەو خوێندنگاکان ، نزیکەی نۆ مانگە . لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلولەوە دەستپێدکات ھەتا کۆتایی مانگی ئایارو تەوابوونی تاقیکردنەوەی پۆلە کۆتاییەکان لە نیوەی مانگی حوزەیراندا .
لە واقیعدا ئەم ماوەیە ھەمووی بۆ خوێندن تەرخان ناکرێت ، ئەگەر رۆژانی ھەینی و پشووی نیوەی ساڵ و بۆنە ھەمە جۆرەکانی لێدەربکەین ، ئەوا ساڵانە لە (200 ) رۆژ کەمتری دەمێنێتەوە ، ئەم ماوەیەش بەشی تەواوکردنی زۆربەی بەرنامەکانی خوێندن ناکات ؛ ساڵانەش ئەمە دوپاتدەبێتەوە و ، یەکبینە کاریگەرێتیی سەلبی لەسەر ئاستی زانستی خوێندکاران و کوالیتی خوێندن دەبێت .
دەکرێت رۆژەکانی پشوو بە ھەموو جۆرەکانییەوە کەمبکرێنەوە ، مانگێکی پشووی ھاوینە بخرێتە سەر رۆژەکانی خوێندن ، ئەمەش کاتێک دەکرێت : ئاستی بژێوی مامۆستایان چاک بکرێت ، ناچار بە کارکردن نەبن لە دەرەوەی قوتابخانەوکاری مامۆستایەتیدا ، مووچەکانیان زیادبکرێت و لەکاتی خۆیدا بیاندرێتێ . بۆ خوێندکارانیش ھۆیەکانی گەرمکردنەوەو ساردکردنەوە و ھاتوچۆو .. ھتد دابین بکرێت تا لەکەشێکی ئاسایی و ئارامدا دەوام بکەن و سوود لە خوێندنەکەیان وەربگرن .
خاڵی سێیەم کە بریتییە لە درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنی رۆژانەی ئێستا و دەوام چەند سەعاتێک زێتر بخایەنێت ، بەتەواوەتی بەندە بە دابینکردنی بیناوەو ، لەسایەی ئەم بارودۆخەی قوتابخانەکاندا ، لەسایەی چڕی ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکاندا ، لەسایەی دوودەوامی و سێ دەوامیدا توانای پەیڕەوکردنی نییە ؛ ھەرکاتێکیش چارەسەری مەسەلەی بینا کرا ، دیسان بۆ زامنکردنی خوێندنی درێژخایەنی رۆژانە ، دەبێت کۆمەڵێک ھەنگاوی پەروەردەیی بنرێت ، تا خوێندکاران لە خوێندن و قوتابخانە بێزار نەبن و ،درێژیی ماوەی خوێندنی رۆژانە کاریگەرێتیی سەلبی لەسەریان نەبێت و ئاستی زانستی و کوالیتی خوێندن بەبەرزی بھێڵێتەوە .
لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی و دەپرسم ئایا یەکدەوامی و خوێندنی درێژخایەن چ پەیوەندییەکی بە رادەستکردنی پەروەردە بە کەرتی تایبەت ( کۆمپانیاکان و سەرمایەدارا ) ەوە ھەیە ؟ ئایا سامانی وڵات ، بەتایبەتی ( نەوت و کانزاکان ) ، داھاتی ساڵانەی حکومەت ، بەشی ئەوە ناکات بودجەی پێویست بۆ ئاوەدانیی کوردستان و خۆشگوزەرانیی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستاندا دابین بکات؟ بەشی ئەوە ناکات گرفی بینای قوتابخانە چارەسەربکات ؟ بەشی ئەوە ناکات مامۆستایان و خوێندکاران ژیانێکی ئاسوودە لەسایەی پەروەردەو فێرکردنێکی ھاوچەرخانەدا بەسەربەرن …… ؟