Archive | كانونی یه‌كه‌م, 2017

خوێندنی ئەھلی

29 کانونی یەکەم

خوێندنی ئەھلی

فوئاد قەرەداغی

خوێندنی ئەھلی لە پەرەسەندندایە ، موتمانەی ئاستی زانستی و پەروەردەیی قوتابخانە گشتییەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە ، بنچینەی فراوانکردنی جیاوازیی چینایەتی داڕشتووە .

فیکرو ئیرادەو کارکردنی حیزبەکان

25 کانونی یەکەم

فیکرو ئیرادەو کارکردنی حیزبەکان

فوئاد قەرەداغی

یەکگرتوویی فیکرو ئیرادەو کار ، سێ مەرجن بۆ حیزب . حیزبە نەتەوەییەکانی دەسەڵات و سێبەر لە باشووری کوردستاندا ئەو مەرجانەیان تێدا نییە .

حزبە ئیسلامییەکان ، ئەگەرچی لەنێو خۆیاندا ناکۆکییان ھەیە ، بەڵام لەڕووی بونیادو ستڕاتیژەوە یەکن . ھەریەکەیان یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژی و ئیرادەو کارکردنیان تێدایە ، بۆیە لە گەشەکردندان و ، حیزبەکانیدیش چارەنووسییان لاوازبوون و پووکانەوەیە .

سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان

24 کانونی یەکەم

سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان

فوئاد قەرەداغی

لەگەڵ رەتکردنەوەی کاری سووتاندن لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ، دەبێت تێھەڵدان وراوەدونان ودەستگیرکردن و رشتنی خوێنی خۆپیشاندەران لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە مەحکوم بکرێت .

تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندانەکان بەوەی دەستی دەرەکییان لەپشتە ، پاساوێکە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران و ، بەدەنگەوەنەچوون و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان .
22 – 12 – 2017

خۆپیشاندانەکان

20 کانونی یەکەم

خۆپیشاندانەکان

فوئاد قەرەداغی

1 ) خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی18 – 12 – 2017
دەنگدان و راپرسی راستینە بوون لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی گەندەڵ لە کوردستاندا .

2 ) سووتاندن کارێکی نەشیاوە ، ئەوە کەلتووری ململانێی نێوان حیزبەکانی کوردستانە ، پێویستە خۆپیشاندەران پەیڕەوی ئەو کەلتوورە نەکەن .
3 ) مەرجی سەرکەوتنی ململانێی خەڵکیی لە بەرامبەر ستەمکاراندا : رێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و دیاریکردنی ئامانج و ئاڕاستەی ژیرانەیە .
4 ) خۆپیشاندان دژی چەوساندنەوەو ناعەدالەتیی ، مافی رەوای خەڵکەو ، سەرزەنشتکردنیان ئاو بە ئاشی چەوسێنەرەکاندا دەکات .
5 ) بێ سەروبەری خۆپیشاندان و نەبوونی ئاسۆیەکی روون بۆ سەرەنجامەکانی ، شکست بەدوای خۆیدا دەھێنێت .
6 ) رەتکردنەوەی سیستمی فەرمانڕەوایی حیزب و جەماەریبوونی خۆپیشاندانەکان ، دوو تایبەتمەندیی ئەرێیانەن .
19 – 12 – 2017

پرسی کوردو پشتیوانیی گەلان

19 کانونی یەکەم

پرسی کوردو پشتیوانیی گەلان
فوئاد قەرەداغی
کورد پێویستیی بە پشتگیریی رای گشتی ئەو نەتەوانەیە کە لەسنووری دەوڵەتێکدا پێکەوە دەژین . بەبێ پشتگیرییەکی جیھانیی و ناوچەیی ، وەک فاکتەرێکی دەرەکی ، ھەرگیز ناتوانێت تەواوی مافە رەواکانی خۆی بەدەستبھێنێت .
بەدەستھێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد بەشێکی بەرنامەی شۆڕشی دیموکراتی نیشتمانیی ئەو وڵاتانەیە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە . ئەگەر قۆناخی ئەم شۆڕشە بەسەرچوو ، کورد ھەر نەیتوانی بە ئامانجە رزگاریخوازییەکەی بگات ، ئەوا پرسی کورد دەبێتە بەشێکی بەرنامەی شۆڕشی سۆسیالیستی .
ئەوە رەوتێکی مێژووییە بۆ پرسی کورد ، بەتایبەتی لەم سەدەیەی کە سەرمایەداریی جیھانگیر باڵی بەسەر جیھاندا کێشاوە .
ئەمریکا لە شکستی بەردەوامدایە و ، خەباتی گەلانی جیھان بەرەوڕووی شکستی زێترو گەورەتری دەکاتەوە . بۆیە ناشێت ئەم پرسە بھاوێژرێتە گۆڕەپانی گەمەکانییەوە .
شۆڕشکردن زانستە ، یاساو رێسای خۆی ھەیە ، ھەلومەرجی خۆیی و بابەتی ھەیە ، یەکێک لە ھەلومەرجەکانی پشتگیریی گەلانی دنیایە . ئەم پشتگیرییە بۆ کورد ، بە تایبەتی پشتگیریی گەلانی عەرەب و تورک و فارس زەرورەتە ، نەک دەوڵەتی زایۆنیستی ئیسرائیل .
17 – 12 – 2017

عەقڵی خێڵەکی

17 کانونی یەکەم

عەقڵی خێڵەکی
فوئاد قەرەداغی
گەلی کورد بە عەقڵییەتی ” بنەماڵە ، خێڵ ، گۆشەگیریی نەتەوەیی ، پاوانخوازیی حیزبی ” مافە نەتەوایەتییەکانی بەدەستناھێنێت .
چەندە لە عەقڵی خێڵەکی دووربکەوینەوە
ئەوەندە لە بازنەی فراوانی مرۆڤبوونەوە نزیکدەبینەوە .
16 – 12 – 2017

خەباتی ئاشتییانەی مەدەنی

15 کانونی یەکەم

خەباتی ئاشتییانەی مەدەنی
فوئاد قەرەداغی
– سەربەخۆیی کوردستان لە ھەلومەرجی ئەمڕۆی جیھان و ناوچەکەو ناوخۆدا ، بە خەباتی ئاشتییانەی مەدەنی نایەتەدی .
– شێوازەکانی خەباتی ئاشتییانەی مەدەنی لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی شۆڤێنیستی و شەڕەنگێزی بێ مۆڕاڵدا مەحکوم بە شکستە .
– بنەمای زاراوەی ” نەوەی نوێ ” چییە ؟ تەمەنە ؟ فیکرە ؟ بێکارییە ؟ ناڕازیبوونە ؟ گەنجی پڕۆئەمریکییە ؟ کێ پێناسەیەکم بۆ دەکات !
15 – 12 – 2017

یادەوەریی مامۆستا ئەحمەد رەشوانی

13 کانونی یەکەم

یادەوەریی مامۆستا ئەحمەد رەشوانی
فوئاد قەرەداغی
13 – 12 – 2017
کەم نین ئەو تێکۆشەرە دڵسۆزانەی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتیدا لەدەستمانداون . کەم نین ئەو مرۆڤە خاوەن تواناو بەھرە رۆشنبیریانەی لە ھەلومەرجێکی نالەباردا بوونەتە سووتەمەنی ھەڵەی حزبە نەتەوەییەکان و لەناوچوون . لە نزیکترین مێژووی ئەو بزووتنەوەیەدا ، بە ئاگری شەڕی ناوخۆ ھەزاران گەنجی ئەم گەلە ستەمدیدەیە سووتاون و ئەمڕۆ لە یادو یادەوەریی حزبەکانیان و ھاوڕێکانیشیاندا نەماون و پەردەی بیرچوونەوەیان بەسەردا دراوە ، تەنانەت ئەمڕؤش وەکو دوێنێ ، ھەمان رەوتی یەکتر رەتکردنەوە و ، ھەمان سیاسەت و ، ھەمان کێبەرکێی حزبی و پاوانخوازی و گیانی دەسەڵاتگەرایی ، ھەڕەشەی بەردەوام لە چارەنووسی بزووتنەوەکە دەکەن و ، ھەڵسووڕاوەکانیان لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردا راگرتووە .
ئەمڕۆ پەنجا ساڵ ( نیو سەدە ) بەسەر کوژاندنەوەی مۆمی ژیانی تێکۆشەرێکی ئەم بزووتنەوەیەدا تێدەپەڕێت ، ئەویش مامۆستا ( ئەحمەد رەشوانی ) یە .
رەشوانی ، کوڕی سەید عەزیزی رەشوانی ، ساڵی 1942 لە ھەولێر لەدایکبووە . لە ساڵی 1952 دا چۆتە قوتابخانەو ، بە ھۆی ئەوەی لەدەرەوەی قوتابخانە خوێندوویەتی ، لە پۆلی چوارەم وەرگیراوە . ساڵی 1957 قۆناخی ناوەندیی بڕیوەو چۆتە خانەی مامۆستایان . ساڵی 1960 تەواویکردووەو بۆتە مامۆستا .
رەشوانی ئەو کاتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە . ساڵی 1963 لەسەر چالاکیی حزبی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە ، بەڵام خۆی بەدەستەوەنەداوەو ، بە ریزەکانی پێشمەرگەوە پەیوەستبووە .
ساڵی 1964 ، دوای رێکەوتنەکەی پارتی و حکومەتی بەغدا ، دێتەوە ھەولێرو وەک مامۆستا دادەمەزرێتەوە .
یەکەمجار لە ھاوینی ساڵی 1964 دا رەشوانیم ناسی . رووداوەکانی دوای رێکەوتنەکە ریزەکانی پارتی و رێکخراوەکانی دووکەرتکرد ، شپرزەیی و کاری دووبەرەکی ، باڵی بەسەر کاری سیاسی و رێکخراوەیی ئەو سەردەمەدا کێشا . من و چەند ھەڤاڵێکی ئەو سەردەمە چووینە پاڵ مەکتەبی سیاسی ، شەھید ( عەلی ھەژار ) و مامۆستا محەمەدی مەلا ساڵح و زۆربەی مامۆستایانی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە ھەولێر ، پشتگیریی بارزانیان کردو وەک باڵی بارزانی لە پارتیدا مانەوە .
بەر لە دووبەرەکییەکە شەھید عەلی ھەژار بەرپرسی لقی ھەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بوو ، ئەو کاتە پێماندەگوت : ( لیژنەی ناوچەی ھەولێر ) ، منیش بەرپرسی ( لیژنەی شاری ھەولێر ) بووم . کە ئەم جیابوونەوەیە روویدا ، مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی مامۆستایان ئەرکی بەرپرسیارێتی ھەردوو ( لیژنەی ناوچەو شاری ھەولێر) یان پێسپاردم ، کە لە راستیدا بوون بە یەک لیژنە . حزبیش لە ھەولێر چەند مامۆستایەکی بۆ رێکخستنەوەی مامۆستایان و ھاوکاریکردنم دەستنیشانکرد ، مامۆستا ئەحمەد رەشوانی یەکێک بوو لەو مامۆستایانە .
ساڵی 1965 لەگەڵ مامۆستا رەشوانیدا بەشداریمان لە ( دووەم کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ) داکرد ، کە لە شاری سلێمانی بەسترا .
ساڵی 1966 لەگەڵ رەشوانی و چەند ئەندامێکی حزب لەوانە بەڕێزان : ( کەمال محێدین ، سەید مەجید ، خالید دلێر ، فەرەیدوون دارتاش و یەک دوو ھاوڕێیدی ناوەکانیانم بیرناکەوێتەوە ) وەک نوێنەری رێکخستنەکانی حزب لە ھەولێر ، بەشداریمان لە کۆنفڕانسی ( تیمار ) دا کرد .ھەر ئەو ساڵە کاری مامۆستاییم گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و لەوێشەوە بۆ ( قەڵادزێ ) . بۆیە بەر لەوەی ھەولێر بەجێبھێڵم بەرپرسیارێتی رێکخستنی مامۆستایانم رادەستی مامۆستا ئەحمەد رەشوانی کرد .
ساڵی 1967 جارێکیدی لەگەڵ رەشوانی یەکترمان لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) لە کەلار بینییەوە ، ئەو وەک نوێنەری رێکخستنەکانی حیزب لە ھەولێرو منیش وەک نوێنەری رێکخستن لە قەڵادزێ .
ھەر لە ھاوینی ئەو ساڵەدا سەردانێکی ھەولێرم کرد ، شەو لەماڵەکەی کە ( مشتمل) ێک بوو نزیک ( یانەی ئازادی ) بینیم ، ھەرچەندە ھەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو بەڵام ورەیەکی بەرزی ھەبوو.
رەشوانی رۆژی 13 – 12 – 1967 ئێوارەیەکی درەنگ لەبەر دەرگای مەحکەمەی ھەولێر تەقەیلێکرا ، گەیەنرابووە نەخۆشخانەی جمھوری ھەولێر ، لەوێ شەوورۆژێک ژیاو ، شەوی 14 / 15 – 12 – 1967 بەھۆی کاریگەریی زامەکانیەوە گیانی لەدەستدا .
رەشوانی مرۆڤێکی رووخۆش و گفت شیرین بوو ، زۆر حەزی بە نوکتەو گاڵتەوگەپ دەکرد ، وەکوتر لەکاردا جیددی بوو ، بە مشوور بوو ، پاکبوو ، خۆنەویست بوو .
رەشوانی مرۆڤێکی ئازادیخوازو پێشکەوتنخواز بوو ، نەمانی چەوساندنەوە بە ھەموو جۆرەکانیەوە پرسێکی سەرەکیی ژیانی بوو ، لە سیاسەتی جیھانیی ئەو سەردەمەدا لایەنگیری گیڤارا بوو ، بۆ مەرگی گیڤارا شیعرێکی بە زمانی عەرەبی داناوە ، وەھا دەستپێدەکات : ” جیڤارا کنت للحرية دوما منارا ” . ئەم شێعرە لە ژمارەی یەکەمی بڵاوکراوەی لقی ھەولێری مامۆستایاندا ( ھەڵمەت ) ، بڵاوکراوەتەوە .
مامۆستا ئەحمەد رەشوانی مەیلێکی فراوانی ئەدەبیاتی ھەبوو ، خولیای جوانیی شیعر بوو ، بۆیە شیعری زۆربەی شاعیرانی لەبەربوو ،دوای خۆی بەرھەمێکی ئەدەبی بەجێھێشت بەناوی ( فەرھەنگی ھەڵبەست ) کە بریتیبوو لە ھەڵبژاردەیەکی شیعرە جوانەکانی شاعیرانی کورد ، دوای کۆچی خۆی چاپ و پەخشکرا .
رەشوانی نازناوی ( ھەڵمەت ) ی بۆ شیعرەکانی دادەنا ، لەبەر ئەوە لقی ھەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کورد ستان لە کۆتایی ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردوودا ئەم ناوەی بۆ بڵاوکراوەکەی ھەڵبژارد .
رەشوانی ھەفتەیەک پێش تێرۆرکردنی پێشبینی مەرگی خۆیکردووە ، بۆئەوەش ئەم شیعرەی ھۆنیوەتەوە :
مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم
کە سووربووە بە خوێن جەستەم
شەھیدی دەستی زۆردارم
بەڵام ئۆخەی کە پێشمەرگەم
خەباتم کرد لە ژیانم
ھەر بۆ گەل و نیشتمانم
دەبا لاوان لە یادتان بم
کە قوربانی کوردستانم
ئەو رێگایەی من بۆی کوژرام
لەناو گۆڕیشا دڵنیام
کە ئێوەی شۆڕشگێڕی کورد
ونی ناکەن خوێن وھیوام
*******************

بیرمەندی گەورە صادق جلال العظم کۆچی دوایی کرد

13 کانونی یەکەم

بیرمەندی گەورە صادق جلال العظم کۆچی دوایی کرد

December 13, 2016

دروود بۆ گیانی ئەم نووسەرە مەزنە ، بۆ ئەم مامۆستایەی نەوەیەک لە رۆشنبیران و نووسەرانی پێشکەوتنخوازی کورد ، یادی هەمیشە زیندوو بێت .
ئەمەش کتێبە ناسراوەکانێتی و ، شایانی ئەوەن رۆشنبیران بیانخوێننەوە :
نقد الفکر الدیني
النقد الذاتي بعد الهزیمة
في الحب والحب العذري
دفاعا عن المادية والتاریخ
ذهنية التحریم – سلمان رشدي وحقیقة الأدب
مابعد ذهنية التحریم – قراءة ” الآیات الشیطانية ”
( فوئاد قەرەداغی )

Mikdad Hadi
December 13 / 2016

صادق جلال العظم بەپێی سەرچاوە کان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12.12.2016 لە وڵاتی ئەڵمانیا مرد .جیهانی عەرەبی و بەرەی عەلمانییەت و پێشکەوتنخوازی یەکێک لە گەورەترین بیرمەندەکانی خۆی لەدەستدا . ئەو ساڵی 1969 کتێبێکی بەناوبانگ و پڕفرۆشی بەناونیشانی (ڕەخنە لە بیری ئاینی ) بڵاوکردەوە . ئەم کتێبە جورئەتێکی تەواوی د. صادق ی پێوە دیاربوو سەرباری ڕەخنەو توێژینەوەی زانستی لەبەرامبەر فکری ئاینیدا .صادق ماوەیەکی زۆر سەرنوسەری گۆڤاری الدراسات العربیة بوو . ئەو گۆڤارە لە زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکان و لەوانیش عێراق بڵاودەکرایەوە و پڕ فرۆش بوو . من بۆ خۆم کەم ژمارەی هەبوو نەم خوێندبێتەوە . باسەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نوسینەکانی مارکس و نوسەرە بەناوبانگەکانی تری جیهان بوون. هەر ئەو گۆڤارە دەورێکی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە جۆشدان و فێربوونی خەبات بەڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەو سەردەمەی عێراق کە خۆی لەدەسەڵاتی بەعسدا دەبینیەوە . یادی بەخێرو نوسینەکانی بۆ تا ئەبەد سەرچاوەیەکن بەدەستی زانستەوە .
.

یەکەمیی

11 کانونی یەکەم

یەکەمیی

فوئاد قەرەداغی

لە نێو قوتابخانەکاندا نەخۆشییەک هەیە ، من پێی دەڵێم نەخۆشیی ( یەکەمیی ) ، هەر هەموو بەرپرسیارانی پەروەردەی منداڵ ، لە دایک و باوکەوە تا دەگاتە سەر پەروەردەکارانیش ، فشار بۆ منداڵەکان دەهێنن تا بە یەکەم دەربچن ، بێگوێدانە پرنسیپە زانستییەکانی سایکۆلۆژیی فێربوون ، سەرەنجامی ئەمەش زۆر کێشەی لێکەوتۆتەوە کە لە مامۆستایان و پەروەردەکاران شاراوە نین .
ئەم دیاردەیە رەگێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە کە پەروەردەی کۆمەڵایەتیی باو ئاویدەدات و وەک بەهایەکی ئاسایی و پەسەندکراو مامەڵە لە تەکیدا دەکات ، ئەوەتا لە کێبەرکێی نێوان حزبەکان و رێکخراوەکان و سیاسییەکان و سەرۆکە کاریزمییەکانیشدا هەمان ئەم نەخۆشی یەکەمییە هەیە . خۆهەڵکێشان بە یەکەمییەوە زاڵە بەسەر خودی بابەتی یەکەمییەکاندا ، کەس لە بایەخی بابەتەکان نادوێت و سوودە کۆمەڵایەتییەکانیان باسناکات ، بەڵکو تەنها بۆ مەبەست و بەرژەوەندییەکانی پەیوەست بە یەکەمییەکە وە زەقدەکرێنەوە