Archive | ئایار, 2014

کێشەکانی فەیسبوک ١

25 مارس

کێشەکانی فەیسبوک ( ١ )

فوئاد قەرەداغی

کاتێک ئەکاونتێک لە فەیسبوکدا دەکەیتەوە ، یەکەم هەنگاو گرفتی ئادکردنی هاوڕێیانت دێتەپێش ، کێ ئاد بکەیت و کێ ئاد نەکەیت . لەبەرئەوەی سەرەتای کارتە لەم بوارە ئینتەرنێتییەداو هیچ ئەزمونێکت نییە ، کەسە نزیکەکانت ئاد دەکەیت ، لەئادکردنی کەسانی نەناس سڵدەکەیتەوە .دواتر ئادی هاوڕێیانی کەسە نزیکەکانت دەکەیت تا بەرە بەرە ژمارەی ئادکردن زیاد دەکەیت و هاوڕێیانی شەخسی و خزم و دراوسێ و ناسیاوو هاوپیشەکانت دەگرێتەوە . تائێرە ئاساییەو لەم رێیەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت نۆژەندەکەیتەوە ، ئەوانەی لێیاندابڕاوی ، ئەوانەی درەنگ دەیانبینی ئەوانەی خەریکبوون بەژیانەوە پەیوەندیتانی کاڵکردۆتەوە ، دێنەوە نێو بازنەی پەیوەندییەکی نوێوە و ، کۆمپیوتەرەکەت و تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێت ئەم پەیوەندییەت ، هەر لە شوێنی خۆتەوە ، بۆت دابیندەکات .بەڵام تۆ کێشەی ئادکردنی کەسانی نەناست دێتە رێگا کاتێک دەتەوێت پەیوەندییەکانت فراوانبکەیتەوە . کێ ئاد دەکەیت ؟ دەبێت چۆن بن ؟ چ مەرجێکت هەیە ، پێتخۆشە ئەم هاوڕێ نوێیانەت چ جۆرە کەسایەتییەکیان هەبێت ؟
دیوی دووەمی ئەم کردارە ئەوەیە : کەسانیدی ئادت دەکەن . ئەو کەسانە بەشێکیان ئەو هاوڕێ و دۆست و ناسیاوو خزمانەن ، تۆ ، بەهەرهۆیەکەوە بووبێت ، ئادت نەکردوون . بەشەکەیدیکەش زۆرینەن و کەسانێکن نایانناسیت و داوای هاوڕێیەتیت لێدەکەن .لەنێو ئەم بەشەدا هەیە ناوو وێنەو رەگەزو تەمەن و شوێن و کارو تەواوی زانیارییە پێویستەکان بۆ پێکهێنانی هاوڕێیەتییەکی راستینە دادەنێت . بەپێچەوانەشەوە زۆربەیەکیش زانیاریت ناداتێ یان زانیاریی ناتەواو یان هەڵەت دەداتێ و دەتخاتە رامانەوە کە ئادەکەی پەسەند بکەیت یان نەیکەیت .
بەشدارانی فەیسبوک ، هەریەکە ئامانجێکی هەیەو لەڕێی هاوڕێگرتنەوە دەیەوێت ئەو ئامانجە بهێنێتەدی ، ئەم ئامانجە یان ئامانجانە جیاوازن و لە ژماردن نایەن و ناشتوانیت بەهۆی زانیارییەکانەوە پەی بەهەموویان ببەیت .
من لەم چەند ساڵەدا ئەزموونێکم هەیە . لێرەدا بە کورتی باسیدەکەم . چاوەڕوانی هاوڕێیانیشم ، هەر ئەزمونێکیان لەم بوارەدا هەیە بیخەنەڕوو تا بتوانین سوود بەیەکتری بگەیەنین و لەنێو خۆماندا کۆمەڵێک رێسا بچەسپێنین و بتوانین بەپێی ئەو ئامانجانەی بۆ خۆمان داناوە پێڕەوی لێبکەین .
ئەم ئەزموونە بە سێ قۆناخدا تێپەری :
١ ) لە قۆناخی یەکەمدا ( قۆناخی نەشارەزایی ) لە فەیسبوکدا ، ئادکردن و ئادوەرگرتنم لە کەسە نزیکەکانم تێنەپەڕی . ئەوانەی هاوڕێم بوون تەنها مناڵەکانم و برازکانم و خۆشکەزاکانم و چەند ئامۆزاو پورزاو خاڵۆزایەکم بوون. لەگەڵ چوونەپێشەوەی کاتدا تێگەیشتم فەیسبوک بوارێکی زۆر فراوانترە ، هەر ئەم کەسە نزیکانەم خۆیان دەیان و ، یەک دوانێکیان لەسەد هاوڕێ زیاتریان هەبوو من زۆربەیانم نەدەناسی .
٢ ) قۆناخی دووەم شێوازی ئادکردن و ئاد وەرگرتنم گۆڕی . ئەوانەی ئادم دەکردن دەبوایە چەند هاوڕێی هەبوایە کە بیانناسم ، تەنانەت بۆ ناسینی زیاتر لاپەڕەکەیانم لە فەیسبوکی هاوڕێکانمەوە دەکردەوە . ئەوانەشی ئادیان دەکردم ، جگە لە کردنەوەی لاپەڕەکانیان ، ئەگەر پێویستیم بە زانیاری هەبوایە لەسەریان دەگەڕام بەدوای هاوڕێیەکی ناوکۆییمانداو بە مەسیج زانیاریم لەسەر وەردەگرتن ، ئەولەوییەتیشم بە نووسەران و رۆژنامەنووسان و مامۆستایان دەدا ، ئەگەر زانیارییەکانیشیان تەواو نەبوایە ، چاپۆشیمدەکردو وەک هاوڕێ ئادەکەیانم پەسەند دەکرد. لەڕاستیدا مەرجەکەم بۆ هاوڕێیەتی گران بوو بۆیە سەدان داوای هاوڕێیەتیم سڕییەوەو هاوڕێیەکی زۆرم لەدەستچوو .
٣ ) قۆناخی سێیەم شەش مانگێکە پێڕەویدەکەم . لەم قۆناخەدا جارێکیتر ، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو ، ئامانجی خۆمم لەخۆخەریککردن بە فەیسبوکەوە پێناسەکردەوە . لەسەر ئەو بنەمایەی من نووسەرێکم دەمەوێت فیکرو بیروڕاو بۆچوونە سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و پەروەردەییەکانم بەخەڵک بگەیەنم ، ناشێت ئادکردن و ئادوەرگرتن بە مەرجی تایبەتییەوە ببەستمەوە . سەرەڕای ئەوە نەنهێنی و نە بەرژەوەندییەکی شەخسیم هەیە تا ئاشکرابوونیان لە فەیسبوکدا بمترسێنێ ، بۆیە دەرگام بۆ ئادوەرگرتن کردەوەو رێژەی ئادکردنیشم زیادکرد . ئەوانەی ئادمدەکەن ئەگەر هیچ هاوڕێیەکی ناوکۆییشمان نەبێت ، داواکەیان پەسەند دەکەم ، ئەوانەی خۆم ئادیان دەکەم و داوای هاوڕێیەتییان لێدەکەم بەپێی ئەم خاڵانە بڕیاریان لەسەر دەدەم :
نووسەران و هونەرمەندانێک دەیانناسم یان نایانناسم بەڵام چەند هاوڕێی نووسەرو هونەرمەندیان دەناسم .
رۆژنامەنووسان ، دوای ئەوەی دەزانم لە چ گۆڤارێک یان رۆژنامەیەک یان کەناڵێکی راگەیاندن کاردەکەن .
مامۆستایانی هەموو قۆناخەکانی خوێندن .
ئەو کەسانەی نایانناسم بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو هاوڕێی ناوکۆیی ( مشترك ) مان هەیە ، سەرەتا ( ٥٠ ) هاوڕێی ناوکۆییم دیاریکردبوو ، دواتر سەد هاوڕێی ناوکۆیی و ئێستاش لەنێوان ( ١٥٠ -٢٠٠ ) و زێترم دیاریکردووە ، دیارە ئەوان ئازادن داواکەم پەسەندبکەن یان پەسەندی نەکەن ، هەرگیز بە سڕینەوەی یان پەسەندنەکردنی نیگەران نابم .
ئەو کەسانەی لەسەردانی لاپەڕەکەیاندا بۆم دەردەکەوێت مەیلی چەپیان هەیە بێ دیاریکردنی هیچ ژمارەیەک هاوڕێی ناوکۆیی ئادیان دەکەم و ، دیسان داواکەم وەربگرن یان پشتگوێی بخەن پێی نیگەران نابم .
ئەو خاڵانە هەردوو رەگەز دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی .
لەهەلێکیدیکەدا دێمەوە سەر باسکردنی گرفتێکیدیکەی فەیسبوک ، هەر بژین هاوڕێیان و دۆستانی ئازیز .