وتاری ” کاروباری ره‌خنه‌و ره‌خنه‌کاری ” و
چه‌ند ورده سه‌رنجێک له واقیعی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی*
پێشه‌کییه‌کی پێویست
بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه لێره‌دا ، ته‌نها به مه‌به‌ستی دۆکیۆمێنتکردنێتی . بۆ ئه‌وه‌یه که نه‌وه‌کانی ئیمڕۆو دواڕۆژیش لایه‌نێکی ئه‌و ململانێ ئه‌ده‌بی و سیاسییه ئاگاداربن که چه‌ند ده ساڵێک به‌ر له ئێستا له‌نێو ئه‌دیبان و نووسه‌راندا هه‌بوون ؛ ئه‌و ململانێیه‌ی که ره‌نگدانه‌وه‌ی ململانێکانی نێو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری بوو له کایه‌ی رۆشنبیری‌دا ، هه‌روه‌ک نیشانه‌یه‌کیشه بۆ ئاستی تێگه‌یشتنی ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌سه‌رده‌مێکدا که ده‌سه‌ڵاتێکی فاشستی – شۆڤێنیستی چۆکی به‌سه‌ر کۆڵه‌ی سنگی گه‌له‌که‌ماندا دادابوو . دیاره هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م نووسینانه‌و ، ئه‌و ململانێیانه‌ش ، کارێکه له ئه‌ستۆی نه‌وه‌کان و مێژووی ئه‌ده‌بی و سیاسیی ئاینده‌دا ده‌بێت . له‌گه‌ڵ دروود بۆ گیانی زیندووی شاعیری جگه‌رگۆشه‌کانمان مامۆستای کۆچکردوو کاکه‌ی فه‌لاح . ( فوئاد – تشرینی یه‌که‌می 2009 )
——————————————————————————————————-
مامۆستا کاکه‌ی فه‌للاح ، به‌ناونیشانی ” کاروباری ره‌خنه‌و ره‌خنه‌کاری ” ، له ژماره ( 451 ) ی ( هاوکاری ) دا ، وتارێکی بڵاوکرده‌وه تیایدا ” بیروڕاو بۆچوون و تاقیکردنه‌وه‌و باری سه‌رنجی ” خۆی ده‌رباره‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئیمڕۆ ده‌ربڕیبوو .
نووسه‌ر ، له‌سه‌ره‌تادا ، به‌شیوه‌یه‌کی گشتی باسی باری ئێستای ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌کات و رستێک بڕیاری گشتی به‌سه‌ر ئه‌م باره‌دا ده‌دات ، بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت شتێکی نوێ به‌ده‌سته‌وه‌بدات که جیاوازبێت له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی زۆر جار پاڵ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئێستامان ده‌درێن ، پاشان به ” چه‌ند نووکه قه‌ڵه‌مێکی درشت ” له چه‌ند خاڵێکدا ، هه‌ندێک شتی له‌و باره‌یه‌وه ” روونکردۆته‌وه ” و ، زۆر به‌په‌له به‌لای گه‌لێک مه‌سه‌له‌دا گوزه‌ریکردووه ؛ له‌کاتێکدا هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک له‌وانه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی ده‌وێت و ، نه‌ده‌بوایه مامۆستای نووسه‌ر هه‌روا ، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریان بدوێت ، به‌جێیبهێشتنایه. هه‌روه‌ها نه‌ده‌بوو شه‌پۆلی سه‌رکوتاندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی راپێچیبکردایه‌و بڕیاری پێشه‌کی به‌سه‌ر باری ره‌خنه‌ی ئیمڕۆماندا بدایه . به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، ئه‌وه ” باری سه‌رنجی خۆیه‌تی ” و هه‌ڵبه‌ت هه‌موو که‌سێک ، هه‌ر ده‌بێت له‌باری سه‌رنجی خۆیه‌وه بنووسێت .
هه‌ر له‌م بڕوایه‌شه‌وه ، به‌پێویستمزانی ” له‌باری سه‌رنجی خۆمه‌وه ” که‌مێک به‌سه‌ر بیروڕاکانی مامۆستادا بچمه‌وه‌و ، به نووکه قه‌ڵه‌مێکی ” ورد ” له نووسینه‌که‌ی و پاشان یه‌که یه‌که‌ی خاڵه‌کان ، هه‌ر به‌پێی ئه‌و ریزکردنه‌ی مامۆستا خۆی دایناوه ، بکۆڵمه‌وه .
له‌سه‌ره‌تادا نووسه‌ر ده‌ڵێت : ” . . . زۆر نووسین ده‌بینین که وه‌ک تووتڕک خۆی له کاروباری شه‌خسی و لاوه‌کییه‌وه ئاڵاندووه‌و نه‌ک هه‌ر لێینابێته‌وه به‌ڵکو له‌وه‌ده‌چێت هه‌ر ته‌واو پێکه‌وه‌نووسابن و نیازی جیابوونه‌وه‌یان نه‌بێت ، به‌چه‌شنێک ئه‌گه‌ر بێت‌و زۆر به دڵسۆزی و هێمنییه‌وه دانیشین ئه‌و نووسینانه ته‌ته‌ڵه‌بکه‌ین و له سه‌نگی محه‌کی به‌راوردو وردبوونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بده‌ین ، به‌ئاسانی ده‌گه‌ینه ئه‌و پێسه‌لماندن و ئه‌نجامه‌ی که به‌شی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و نووسینانه بریتین له پووش و کاو چیلکه‌و چه‌وێڵی سه‌رکۆزه‌رو ته‌نها بۆ وه‌زنی شیعر‌و بۆ ئاهی سوێند دانیان تیایه که ئه‌ویش به‌شێکی هه‌ر پووچه‌ڵه . . . ” .
لێره‌دا چه‌ند پرسیارێک خۆیان قوتده‌که‌نه‌وه :
أ — کاروباری شه‌خسی و لاوه‌کی چییه ؟
ب– ئه‌و نووسینانه‌ی وه‌ک تووتڕکن کامانه‌ن و خاوه‌نه‌کانیان کێن ؟
ج– ئه‌و سه‌نگی محه‌کی به‌راوردو وردبوونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه کامه‌یه‌و به‌ده‌ست کێوه‌یه؟
کاروباری شه‌خسی به‌و کارانه ده‌وترێت که راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌واویان به مرۆڤه‌وه هه‌بێت . ئه‌م په‌یوه‌ندییه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیدا ، که بنه‌ماکه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ماددییه ، ده‌رده‌که‌وێت و زۆرجار به‌شێوه‌یه‌کی ( معنوي ) له په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌که‌وێته‌ڕوو . ناکۆکیی شه‌خسی ، ناکۆکیی نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه ماددییه هه‌ره تایبه‌تییه‌کانی نێوان مرۆڤ و مرۆڤه . جۆری ره‌فتارو هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌ر لایه‌نێک له لایه‌نه‌کانی ئه‌و ناکۆکییه شه‌خسییه ، ره‌نگدانه‌وه‌ی ناکۆکییه ماددییه‌که ده‌بێت . خۆپه‌رستیی ، که خه‌ستترین شێوه‌ی گیانی تاکایه‌تییه له په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، نیشانه‌یه‌کی ئاشکرایه بۆ راده‌ی ویستنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و ، ماکی دروستبوونی ناکۆکیی شه‌خسییه .
ئه‌م شێوه ناکۆکییه شه‌خسییه ، شێوه‌ی باوی ناکۆکی نێوان ئه‌م و ئه‌وه له کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا . هه‌موو رۆژێک به هه‌زاران چه‌شن ناکۆکی جیاجیا له‌نێوان ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا دروستده‌بێت . ئه‌مه یه‌کێکه له خاسییه‌ته‌کانی باری دواکه‌وتووی کۆمه‌ڵایه‌تیمان و ، یه‌کێکه له‌و ئه‌رکه گرنگانه‌ی که چاره‌کردنیان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی شۆڕشی سۆسیالیستی .
ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندیی نێوان دوو که‌س ، ئه‌گه‌ر به‌م پێیه ته‌ماشابکرێت و له‌م سنووره‌دا بێت ، ده‌توانرێت به ناکۆکیی شه‌خسی ناوببرێت . به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌م سنووره تێپه‌ڕیکردو بووه ناکۆکییه‌کی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ، ئه‌وه له سنووری ناکۆکییه‌کی شه‌خسی ده‌چێته‌ده‌ره‌وه‌و ، ده‌بێته ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ناکۆکیی چینایه‌تی . واته جیاوازیی بیرکردنه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی ، سنووری ئه‌م ناکۆکییه دیاریده‌کات . بۆیه ناکۆکیی شه‌خسیی نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک ، به‌هۆی جیاوازیی بیرکردنه‌وه‌و هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه ، ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌خسی خۆی ده‌نوێنێت ، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا ناکۆکییه‌کی ئایدیۆلۆژی ، ناکۆکییه‌کی چینایه‌تییه . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه هه‌ڵگرتنی رق و کینه‌ی ” شه‌خسی ” له‌یه‌کتر ، له‌بری رق و کینه‌ی چینایه‌تی ، دروست نییه‌و ، هه‌ر لایه‌نێک له‌و دوو لایه‌نه‌ی خاوه‌نی ناکۆکییه‌که‌ن له‌سه‌ریبڕوات ، خزمه‌تی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی زۆرانبازییه‌که ناکات و ، ناتوانێت له سنووری بیرکردنه‌وه‌ی عه‌شایه‌ری و خۆپه‌رستیی بۆرژوازی ده‌ربچێت ؛ به‌و جۆره‌ش ناتوانێت ناکۆکیی سه‌ره‌کی و لاوه‌کی دیاریبکات و له‌یه‌کیان جیابکاته‌وه‌و ده‌وری خۆی به‌وپه‌ڕی باشییه‌وه ببینێت .
ئیمڕۆ ناکۆکی له‌نێوان ئه‌دیبه‌کاندا به‌گشتی و ، له‌نێوان ئه‌و ئه‌دیبانه‌ی نووسینه‌کانیان دژ به یه‌کترییه به‌تایبه‌تی ، به‌کاروباری شه‌خسی لێکده‌درێته‌وه ، له‌کاتێکدا هیچ ناکۆکییه‌کیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ماددی نه‌هاتۆته‌کایه‌وه‌و ، په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌دیبان ، په‌یوه‌ندیی بازرگانی و که‌سابه‌ت و مامه‌ڵه‌ی شه‌خسی و پاره په‌یداکردن نییه . بوونی هیچ یه‌کێکیان مه‌ترسیی له‌ده‌ستدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ماددیی ئه‌ویتریانی تێدانییه . یه‌کتر ناسینی زۆربه‌یان ، له‌ڕێی بازاڕ‌و به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ندارێتییه‌وه نه‌بووه ، به‌ڵکو به‌هۆی قه‌ڵه‌مه‌وه یه‌کترییان ناسییوه . بۆیه رێگای راست بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆی ئه‌و ناکۆکییانه ئه‌وه‌یه : به‌شوێن نووکه قه‌ڵه‌مه‌کان بکه‌وین تا ده‌گه‌ینه چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌رو ، سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردن و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ناکۆکییانه‌مان به‌باشی له‌لا روونده‌بێته‌وه . له‌به‌رئه‌وه بڕیاردان به‌سه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ، به‌تایبه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌وه‌ی : ” وه‌ک تووتڕک خۆی له کاروباری شه‌خسی و لاوه‌کییه‌وه ئاڵاندووه ” بڕیارێکی یه‌کلایه‌نی و ، لێکدانه‌وه‌یه‌کی نامه‌وزوعییه ، چونکه یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌وزوعییانه بۆ نووسینێکی ئه‌ده‌بی یان بارێکی رۆشنبیریی ئه‌وه‌یه ، به‌ڵگه‌ی واقیعیی بۆ پێسه‌لماندن و بۆچوون و لێکدانه‌وه‌کان به‌ده‌سته‌وه‌بێت . به‌ڵام کاکه‌ی فه‌للاح هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕیاریداوه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کمان بۆ سه‌لماندنی رایه‌که‌ی نه‌داته‌ده‌ست ، پێمان ناڵێت ئه‌و نووسینانه‌ی وه‌ک تووتڕکن کامانه‌ن و خاوه‌نه‌کانیان کێن ؟
راستتروابوو کاکه‌ی فه‌للاح ، وه‌کو نووسه‌ره‌کانی له‌مه‌وبه‌ر ، به‌گشتی ئه‌م پلاره‌ی نه‌هاویشتایه‌و ، هه‌روا له‌و ته‌مومژه‌دا نه‌یهێشتایه‌ته‌وه ، به‌ڵکو له‌ڕووبوایه‌و ، ئه‌و نووسینانه‌ی که له‌لای ئه‌و بوونه‌ته تووتڕک ده‌ستنیشانبکردایه ، یان به ناو ئه‌و ئه‌دیبانه‌ی ناونووس بکردایه که تووتڕک ده‌نووسن و ئاڵاندوویانه‌ته کاروباری شه‌خسی و لاوه‌کییه‌وه . ئه‌مه یه‌کێکه له‌و کارانه‌ی که تا ئێستا نووسه‌ره‌کانمان به ته‌قه‌ی تفه‌نگیش توخنی ناکه‌ون ، تا هه‌موو ئه‌و نووسینانه بکه‌ونه به‌رده‌می خه‌ڵکی و بتوانن حوکمی خۆیانی به‌سه‌ردابده‌ن .
مامۆستای نووسه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان نه‌کردووه : به مه‌فهومی ئه‌و سه‌نگی محه‌کی به‌راوردو وردبوونه‌وه‌و هه‌ڵسانگاندن چییه ؟ له‌و راستییه‌ش لایداوه ، که سه‌نگی محه‌ک پێوانه‌یه‌کی گشتی نییه ، به‌ڵکو به‌ده‌ست هه‌ریه‌کێکه‌وه جۆرێکه‌و ، هه‌موو که‌سێک وه‌کویه‌ک ناتوانێت به‌کاریبهێنێت . واته چی به سه‌نگی محه‌ک ده‌زانرێت مه‌سه‌له‌یه‌کی نیسبییه‌و ، مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌چاکتری ده‌زانێت ، له‌لای خه‌ڵکیتر چاک بێت ، دیاره به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ، هی خه‌ڵکیش له‌لای ئه‌و جۆرێکی‌تر ده‌بێت .
هه‌ر له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م راستییه‌شدا ، پووش و په‌ڵاش له‌کایه‌ی ئه‌ده‌بدا ، یان له هه‌ر کایه‌یه‌کی فیکریی تردا بێت ، نیسبییه‌و ، مه‌فهومی پووش و په‌ڵاش له یه‌کێکه‌وه تا یه‌کێکیتر جیاوازه‌و ، هه‌ریه‌که له شوێنی چینایه‌تی و بڕوای فیکریی خۆیه‌وه چیلکه‌وچه‌وێڵی ئه‌ده‌بی دیاریده‌کات . ره‌خنه‌گره‌کان له گۆشه‌ی بیروباوه‌ڕی خۆیانه‌وه — که که‌موزۆر جیاوازی له‌نێوانیاندا هه‌یه — ده‌ستده‌خه‌نه سه‌ر پووش و په‌ڵاشی ئه‌ده‌بیمان و ، ناحه‌زه فیکرییه‌کانیشیان له سووچی بیروباوه‌ڕی خۆیانه‌وه ره‌خنه‌کان به پووش و په‌ڵاش داده‌نێن . که‌واته ئه‌و سه‌نگی محه‌که‌ی له‌لای هه‌ریه‌کێک له ره‌خنه‌گره‌کانه ، ئه‌و سه‌نگی محه‌که نییه که به‌ده‌ست ناحه‌زه فیکرییه‌کانیانه‌وه هه‌یه ، بۆیه بڕیاردان به‌سه‌ر دیارده‌یه‌کی ئه‌ده‌بیدا به سه‌نگی لایه‌نێکیان راستی ناپێکێت ، به‌تایبه‌تی له بارودۆخێکدا که یه‌کلاییبوونه‌وه‌ی مه‌سه‌له فیکرییه‌کان ، به گورجی ، ماوه‌یه‌کی زۆری بوێت و ئێستا له‌ئارادانه‌بێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ، ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به زمانی کوردی و عه‌ره‌بی هاتنه‌ده‌نگ و ، داوای به‌ربه‌ستبوونی ” ئه‌م لافاوی به‌ناو ره‌خنه‌یه‌یان ” کرد ، به‌گشتی به‌ره‌یه‌ک پێکده‌هێنن و ، به نیازی سه‌رکوتاندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زه‌مینه‌خۆشکردن بۆ مه‌دحی ئه‌ده‌بی ، ته‌نها سه‌نگی محه‌کی لایه‌نێکیان ره‌چاوکردووه .
مامۆستا کاکه‌ی فه‌للاح وه‌ک رۆشنبیرێک که رابردوویه‌کی رۆشنبیریی زانستییانه‌ی هه‌یه ، ده‌بوایه که‌مێک زانستییانه مه‌سه‌له‌که‌ی شیبکردایه‌ته‌وه‌و ، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌و راستییه‌ی فه‌رامۆشنه‌کردایه ، که ناکۆکییه‌کان له زۆرانبازییه‌کی درێژخایاندا به‌لایه‌کداده‌که‌ون ، سه‌نگی راست بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسینه ئه‌ده‌بییه‌کان ، له‌نێوان ئه‌و زۆرانبازییه‌دا ره‌سه‌نێتی ده‌رده‌که‌وێت . ده‌بوایه دانیبه‌خۆیدابگرتایه‌و ، پێش سه‌ره‌نجامی زۆرانبازییه ئه‌ده‌بییه‌که ، نه‌که‌وتایه‌ته داپڵۆسینی نووسینه ره‌خنه‌ییه‌کان و ، ده‌ستی ره‌زامه‌ندیی به‌پشتی ئه‌وانه‌دا نه‌دایه ، که سه‌رکوتاندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌مه‌رجی ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌به‌که‌یان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیدا ده‌زانن .
مامۆستای نووسه‌ر ، هه‌روه‌ک چۆن له‌سه‌ره‌تای نووسینه‌که‌یدا به هێرشێکی توند بۆ سه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئێستامان ده‌ستپێده‌کات ، هه‌ر به‌و جۆره‌ش درێژه‌ی به نووسینه‌که‌ی داوه‌و، له‌چه‌ند خاڵێکدا ، که‌مێک راست و زۆرێک هه‌ڵه‌ی ریزکردووه که شایانی لێدوانن :
( 1 ) نووسه‌ر ده‌ڵێت : ” . . . پێموایه هه‌موو لایه‌کان نکووڵی له‌وه ناکه‌ین که به ناوی ره‌خنه‌وه دیارده‌یه‌کی نه‌خۆشی ناهه‌موار ، وه‌ک ره‌شه‌بایه‌کی سه‌ختی ته‌پ و تۆزاوی لافاوێکی په‌تای شه‌خسی ، سه‌رودڵی ئه‌ده‌به‌که‌مانی داگرتووه‌و به‌ڕاست و چه‌پدا خستوویه‌ته گیروگازو ناره‌حه‌تی و سه‌رلێشێوانه‌وه . مه‌ترسیی ئه‌م دیارده‌یه‌ش له‌وه‌دایه ، ئه‌گه‌ر زوو به‌ربه‌ست نه‌کرێت ، کاری راسته‌وخۆ بکاته سه‌ر جیهانی ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌مان ، هه‌ر هیچ نه‌بێت له کاروانی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌و خه‌مڵاندنی دوابخات . “
ئایا راسته هه‌موو لایه‌ک بیروڕایان ده‌رباره‌ی باری ئێستای ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌کویه‌که ؟
ئایا راسته مه‌ترسیی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌مان ، ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه ؟
ئایا راسته ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئیمڕۆ ، ئه‌ده‌ب
و زمانه‌که‌مان له کاروانی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌و خه‌مڵاندن دواده‌خات ؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا ، به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێین : نه‌خێر ، ئه‌مه نه‌ک هه‌ر راست نییه ، به‌ڵکو ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی راستی و ، بۆ سه‌رجه‌می باره ئه‌ده‌بییه‌که ، بۆچوونێکی هه‌ڵه‌شه‌یه .
هه‌موو لایه‌ک کێن ؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست هه‌موو ئه‌دیبانی کورد بێت — که له‌وه زیاتر لێکدانه‌وه‌یه‌کیتری بۆ نادۆزینه‌وه — ئه‌وا واقیع وه‌ها ناڵێت و ، هه‌ر چاوخشاندنێک به رۆژنامه‌و گۆڤاره کوردییه‌کاندا ، ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌خات ، که هه‌موو ئه‌دیبانی کورد رایان ده‌رباره‌ی ئه‌م باره ئه‌ده‌بییه به‌و به‌و شێوه‌یه نییه که کاکه‌ی فه‌لاح ده‌ریبڕیوه . ئه‌و رایه‌ی نووسه‌ر که ده‌قه‌که‌یمان نووسی ، ته‌نها رای یه‌ک لایه‌نه له جیهانی ئه‌ده‌بیماندا ، ئه‌ویش لایه‌نی ئه‌ده‌بیی باوه که راسته وه‌ک نووسه‌ر ده‌ڵێت ” سه‌رودڵی … داگرتووه‌و به‌ڕاست و چه‌پدا خستوویه‌ته گیروگازو ناره‌حه‌تی ” یه‌وه ؛ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م لایه‌نه باوه‌شدا ، لایه‌نێکی ساوای تازه پشکوتووش هه‌یه که به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رایه‌ی پێشه‌وه‌یه . لایه‌نی یه‌که‌م له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه زۆربه‌یه‌و ، لایه‌نی دووه‌میش که‌مایه‌تییه . زاڵیی ئیمڕۆی بیروڕاکه‌ی کاکه‌ی فه‌لاح له‌ناو ئه‌دیباندا زاڵبوونێکی چه‌ندایه‌تییه‌و ، مه‌رج نییه زاڵبوونی چه‌ندایه‌تیش هه‌میشه له‌به‌ره‌ی راستیدا بێت .
راستیی هه‌میشه مه‌وزوعییه‌و . رای تایبه‌تی و ئیراده‌ی شه‌خسیی ئه‌م و ئه‌و — با له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه زۆربه‌یش بێت — ناتوانێت له‌وه‌یبخات که راستییه . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه ، ئه‌و بزووتنه‌وه ساوایه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نه‌ک هه‌ر مه‌ترسیی نییه له‌سه‌ر” جیهانی ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌مان ” ، به‌ڵکو هۆیه‌کی کاریگه‌رو بزێوی وروژاندنی بیری دنیای ئه‌ده‌به‌که‌مانه‌و ، هه‌وێنی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردن و گه‌شه‌پێکردنێتی ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی دینه‌مۆی بزواندنی ناکۆکییه‌کانه‌و ، گه‌شه‌کردن و خه‌مڵاندنی ئه‌ده‌به‌که‌مان له‌و بزووتنه‌وه بێکۆتاییه‌ی ناکۆکییه‌کاندا دێته‌دی .
وروژاندنی ناکۆکییه‌کان و پاشان چاره‌سه‌رکردنیان ، جارێکی‌تر وروژاندنیان و دیسان چاره‌کردنیان ، ئه‌و کرداره بێکۆتاییه‌یه که ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌یبزوێنێت . بۆیه ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئیمڕۆمان شایانی ده‌ستگرتن و هاندانه ، نه‌ک به‌ربه‌ستکردن و سه‌رکوتاندنه‌وه‌ی ، وه‌ک مامۆستای نووسه‌ر داوای ده‌کات .
( 2 ) نووسه‌ر ده‌ڵێت : ” بێگومان ئه‌م دیارده‌یه‌ش وه‌ک قارچکه‌مارانه له‌خۆیه‌وه هه‌ڵنه‌تۆقیوه‌و هیچ دیارده‌یه‌کیش ، ته‌نانه‌ت قارچکیش ، به‌بێ هۆ ، ره‌گ و ریشه‌و پێویستییه‌کانی ژیان دروست نابێت و سه‌رهه‌ڵنادات و ، ئه‌م دووکه‌ڵی ره‌شی گوایا ره‌خنه‌یه‌ش ، به‌بێ ئاگری هۆ نییه‌و ، ئه‌م دره‌خته گه‌نده‌ڵه‌ش به‌بێ ره‌گ و ریشه‌ی مه‌به‌ست و ئاره‌زوو ناله‌رێته‌وه.”
له‌م خاڵه‌یاندا ، نووسه‌ر له‌پاڵ رایه‌کی راستدا که ، هیچ دیارده‌یه‌ک به‌بێ هۆ دروست نابێت و سه‌رهه‌ڵنادات ، چه‌ند تۆمه‌تێک ده‌داته پاڵ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ، وه‌ک له ده‌قه‌که‌دا ده‌بینین . ئه‌وه‌ی له‌م ده‌قه‌دا سه‌رنج راده‌کێشێت دوو هه‌ڵه‌ی قه‌به‌یه :
1 — هۆی ( دیارده ) که‌ی به ئاگر ناوبردووه .
2 — بنه‌مای جووڵانه‌وه ره‌خنه‌ییه‌که‌ی داناوه به مه‌به‌ست و ئاره‌زوو .
مه‌به‌ستی کاکه‌ی فه‌لاح له‌وه‌ی هۆیه‌که به ئاگر ناوببات ئه‌وه‌یه ، تۆمه‌تی ” دووکه‌ڵی ره‌شی گوایا ره‌خنه ” بداته پاڵ نووسینه ره‌خنه‌ییه‌کان ، به‌بێ ئه‌وه‌ی دوو لایه‌نیتری ئه‌م پێکچواندنه لێکبداته‌وه .
هه‌موو ده‌زانین ئاگر ته‌نها یه‌ک خاسییه‌تی بریتییه له دووکه‌ڵکردن ، رووناکی و گه‌رمیش دوو خاسییه‌تیتری ئاگرن ، بۆیه بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت ، مه‌به‌سته‌که‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی خۆیه‌وه پێلێکده‌درێته‌وه .
ئیمڕۆ ئاگری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی رێی راسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی نه‌ته‌وایه‌تیمان رووناکده‌کاته‌وه‌و دڕ به شه‌وه‌زه‌نگی ده‌به‌نگیی ئه‌ده‌بی ده‌دات ؛ له‌لایه‌کیتریشه‌وه ، به تینی خۆی ئه‌ده‌بی باوی ناڕه‌حه‌تکردووه . ئه‌مه لایه‌نی ئیجابییه‌تی و ، دیاره لایه‌نه سه‌لبییه‌که ، وه‌ک دووکه‌ڵ به‌رزده‌بێته‌وه . ئه‌وه‌ی له زه‌وی واقیعدا به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌مێنێته‌وه ، لایه‌نه ئیجابییه‌کانی ئاگره‌که‌ن . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئاگری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌نجامه نه‌ک هۆ . ئاگریش هۆی کڵپه‌سه‌ندنی هه‌یه‌و هیچ ئاگرێک به‌بێ هۆ گڕناسێنێت و ، ته‌نها به‌و پێیه‌ش ده‌توانین بنه‌مای جووڵانه‌وه ره‌خنه‌ییه‌که لێکبده‌ینه‌وه .
هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه که به‌شێکی که‌می بزووتنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان ، مه‌به‌ست و ئاره‌زوو هه‌ڵیده‌سووڕێنێت .
بنچینه‌ی مه‌به‌ست و ئاره‌زووش کۆمه‌ڵێک هۆی سیاسی و ئابوورییه که له‌چه‌ند وتارێکیتردا روونمانکردۆته‌وه ، به‌ڵام تێکڕا هه‌موو بزووتنه‌وه‌که ملکه‌چی مه‌به‌ست و ئاره‌زوو نییه . ئه‌م راستییه پتر ده‌چه‌سپێت ، ئه‌گه‌ر له مانا زانستییه‌که‌ی مه‌به‌ست و ئاره‌زوو تێبگه‌ین .
مه‌به‌ست چییه ؟ مه‌به‌ست وه‌ک زاراوه‌یه‌کی زانستی ، ئه‌و ویستانه‌یه که مرۆڤ له دڵی خۆیدا بۆ خۆی داده‌نێت و ده‌یه‌وێت ، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆی ، هه‌ندێکی جێبه‌جێبکات و خۆی له هه‌ندێکیتری لابدات . واته مه‌به‌ست ویستێکی خۆییه له مرۆڤدا دروست ده‌بێت و ، له‌پێناوی به‌دیهێنانیدا ، هه‌ڵوێست و ره‌فتاری دیاریده‌کات .
ئه‌م ویسته خۆییانه‌ی مرۆڤ ، یه‌کلایه‌نین و په‌یوه‌ندییان به لایه‌نی مه‌وزوعیی ویسته‌که‌وه ، که ئایا به‌جێیه یان نه ، نییه ؛ به‌پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌وه ، که یه‌کێتییه‌کی توندوتۆڵی ( ذات و موضوع ) ه‌و ، مرۆڤ هۆشمه‌ندانه له‌پێناویدا هه‌وڵده‌دات .
ئاره‌زووش هه‌ستکردنی مرۆڤه به‌و ویسته‌ی که یه‌کێک له پێویستییه خۆییه‌کانی بۆ دابینده‌کات ، وه‌ک ئاره‌زووکردنی خوێندنه‌وه‌ی گۆڤارێک ، یان بینینی هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویست ، یان نۆبه‌ره‌کردنی میوه‌یه‌ک . . . هتد . واته ئه‌میش رسکاوی هۆیه‌کی خۆییه‌و په‌یوه‌ندی به ناخی مرۆڤ خۆیه‌وه هه‌یه‌و ، پاڵیشیپێوه‌ده‌نێت بۆ ره‌فتارکردن به شێوه‌یه‌ک که ئاره‌زووه‌که‌ی بۆ بهێنێته‌دی .
له‌م رووه‌وه ، خه‌ڵکی له ژیانی تایبه‌تی خۆیاندا ، به‌گشتی ، ده‌کرێن به دوو به‌شه‌وه : به‌شێکیان له پێناوی مه‌به‌ست و ئاره‌زووه‌کاندا ، یه‌کلایه‌ن ، واته هه‌ر لایه‌نه خۆییه‌که ده‌گرن و هه‌موو شتێک به‌و پێودانگه ده‌پێون و ، ئه‌وانیکه‌ش یه‌کێتییه نه‌پساوه‌که‌ی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه تێده‌گه‌ن و ، مه‌به‌ست و ئاره‌زووه‌کانیان ره‌نگدانه‌وه‌ی ئامانجه‌کانیان ده‌بێت و ، لایه‌نی مه‌وزوعی ناکه‌نه قوربانیی ویسته ناوخۆییه‌که .
له بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ، مه‌به‌ست و ئاره‌زوو له‌م دوو شێوه جیاجیایه‌دا ده‌بینین : هه‌ن هه‌موو شتێک ده‌که‌نه قوربانیی مه‌به‌ست و ئاره‌زووه دروستکراوه‌کانی مێشکیان و ، هه‌یشن مه‌به‌ست و ئاره‌زووه خۆییه‌کانیان ، ره‌نگدانه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێکی قووڵ ده‌بێت له بزووتنه‌وه مێژووییه‌که‌و ئه‌و واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تێیدا ده‌ژین . به‌م جۆره مه‌به‌ست و ئاره‌زوو له هه‌ردوو باره‌که‌دا هه‌یه ، به‌ڵام له دوو شێوه روانین و دوو جۆر ره‌فتارو دوو جۆر تێگه‌یشتنی جیاجیاوه . هیچ ره‌خنه‌یه‌کیش له‌م مه‌به‌ست و ئاره‌زووه به‌ده‌رنییه‌و ، ئه‌مه بنه‌مای ئه‌و راستییه‌یه که ده‌ڵێن : هه‌میشه نووسه‌ر له باری سه‌رنجی خۆیه‌وه ده‌نووسێت و ، نووسینه‌که‌ی تیشکدانه‌وه‌ی باری سه‌رنجێکی تایبه‌تییه بۆ جیهان و ژیان و دواڕۆژی مرۆڤایه‌تی له چوارچێوه‌ی شوێنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی و ده‌وری له به‌رهه‌مهێناندا .
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌راوردێک بکه‌ین و نموونه بهێنینه‌وه ، باسه‌که درێژه‌ده‌کێشێت ، بۆیه له مه‌یدانی نووسینی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ته‌نها نموونه‌یه‌ک له‌سه‌ر خۆم ده‌هێنمه‌وه .
سه‌ره‌تا پێویسته دانبه‌وه‌دابنێم که ره‌خنه‌گرێکی پسپۆڕ نیم و مه‌رجه‌کانی ره‌خنه‌گرێکی پسپۆڕم تێدانییه‌و ، هێشتا له ئه‌لفوبێی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدام و ، له‌پێناوی پێشکه‌وتن له‌م بواره‌دا کۆشش ده‌که‌م . ژماره‌ی ئه‌و نووسینه ره‌خنه‌ییانه‌ی وه‌ک نووسه‌رێک نووسیومن و بڵاوکراونه‌ته‌وه له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێپه‌ڕناکه‌ن . هیچ کام له‌و نووسینانه ، مه‌به‌ست و ئاره‌زوویه‌کی تایبه‌تی له جۆری یه‌که‌میان ، بنه‌مایان نییه ، به‌ڵکو هه‌ریه‌که‌یان بارێکی واقیعی و پێویستییه‌کی رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی خولقاندوویه‌تی و ، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئامانجێک بووه . ئامانجه‌کانیشم له سنووری بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ته‌سکی خۆپه‌رستانه‌دا به‌ند نه‌کردووه‌و ، هه‌رگیزاو هه‌رگیز مه‌به‌ستیشم شکاندنی خه‌ڵکی و ناوبانگ په‌یداکردن نه‌بووه‌و نییه — هه‌رچه‌نده بڕواموایه خاوه‌نی هه‌ندێک به‌رهه‌می لاواز‌و ژه‌هراوی ، ده‌بێت بشکێندرێن و خۆیان و ئه‌ده‌به‌که‌یان ریسوا بکرێن — بۆیه ئه‌گه‌ر مێژووی ده‌قه ره‌خنه‌لێگیراوه‌کان سه‌یربکه‌ن ، راستی ئه‌م قسه‌یه‌متان بۆ ده‌رده‌که‌وێت .
ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی تا ئێستا په‌یڕه‌ویمکردووه په‌یوه‌ندی به واقیعه‌وه هه‌بووه ، بۆیه که له ماوه‌یه‌کدا مه‌ترسیی ونبوون له گێژاوی جه‌نجاڵیی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌بووه‌و ، پێشبینیم کردووه ئه‌و مه‌ترسییه تا پله‌یه‌کی مێژوویی دیاریکراو بمێنێت ، ده‌قێکم به‌ر تیشکی ره‌خنه خستووه که یارمه‌تی خه‌ڵکیی بدات و ، به چاوی روونه‌وه جه‌نجاڵییه‌کان ببینن .* له‌سه‌رده‌مێکیشدا ، که پێویست وابوو رۆشنبیره‌کانمان به خۆیاندابچنه‌وه‌و ، تاقیکردنه‌وه دۆست و دوژمن و کۆن و نوێی پێبناساندنایه ، شیکردنه‌وه‌ی ده‌قێک خۆی سه‌پاند ، که ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدانه‌بێت ، تا رێگای نوێی ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌مان رووناکبکرێته‌وه‌و چیتر به‌ڕێی نه‌هامه‌تی و شه‌وه‌زه‌نگدا نه‌ڕۆین** . کاتێکیش نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌قده‌بێت و هه‌لبازیی له خۆشه‌ویستیدا ده‌بێته نه‌ریتێکی باوی کۆمه‌ڵ و خۆشه‌ویستیی پاک ده‌شێوێندرێت ، ده‌قێکم هه‌ڵبژاردووه که ماوه‌ی لێدوانی خۆشه‌ویستیی راسته‌قینه‌ی تێدابێت و ، هێڵێکی ئه‌ستوور له نێوانی خۆشه‌ویستی و حه‌زلێکردندا بکێشێت*** ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بوون و ژیانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ، هه‌ر چینێک ، له خۆشه‌ویستیدایه‌و ، هه‌ر خۆشه‌ویستییه ده‌بێته مایه‌ی کامه‌رانی له ژیاندا‌و ، پێویستییه‌کی هه‌میشه‌یی ژیانه‌و ، ئاده‌میزاد به‌بێ ئه‌وه تامی خۆشی و به‌ختیاری ناکات .
کاتێکیش ئایدیا‌و رێبازه‌کانی وجوودی و عه‌به‌سی و فڕۆیدی بیانه‌وێت باڵیان به‌سه‌ر ئه‌ده‌به‌که‌ماندا بکێشن ، به‌ربه‌ستکردنی ئه‌و شه‌پۆله ، ده‌بێته ئه‌رکێکی‌تایبه‌تیی هه‌ره گرنگی سه‌رشانی رۆشنبیران و نووسه‌ران ، بۆیه له‌نێوان شیکردنه‌وه‌ی یه‌ک دوو ده‌قه‌وه به‌شێکی که‌می ئه‌و ئه‌رکه‌م هه‌ڵگرتووه**** . له‌پاشه‌ڕۆژیشدا ، ده‌بێت هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ک هه‌ر له چوارچێوه‌ی واقیع و مێژووی کاتی خۆی و ئه‌رکه‌کانی ئه‌و کاته تایبه‌تییه‌دا بنووسم ، تا بتوانم مه‌به‌ست و ئاره‌زووه مه‌وزوعییه‌کان له خزمه‌تی ئامانجه‌کاندا دابنێم .
( 3 ) کاکه‌ی فه‌لاح ده‌ڵێت : ” . . . له بیسته‌کان و له سییه‌کان و چله‌کان و په‌نجاکاندا ، ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و کتێب و گۆڤار‌و رۆژنامه‌گه‌ری و به‌هره‌و قه‌ڵه‌م تا راده‌ی په‌رستن به‌ڕێزو خۆشه‌ویست و پیرۆزبوو … ئه‌وسا شاعیر‌و نووسه‌رو رۆشنبیری کورد که‌م و پته‌وبوون ، خاوه‌نی زه‌خیره‌ی زۆر‌و تابڵێی ره‌سه‌ن و لێهاتوو و خاوه‌ن به‌هره‌و به‌رهه‌م بوون ، خۆپێگه‌یاندنی رۆشنبیرانه‌یان زۆرتر به خوێندنه‌وه‌و ماندووبوون و خۆبه‌که‌مزانین و بێهه‌وایی و که‌م به‌رهه‌م بڵاوکردنه‌وه‌و داهێنانه‌وه گرێ و جۆش دابوو ” .
ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌ند دێڕه به ته‌نها ته‌ماشابکه‌ین و نه‌یانبه‌ستینه‌وه به بیری گشتیی وتاره‌که‌یه‌وه ، به تایبه‌تی به سه‌ره‌تاو خاڵی یه‌که‌م و دووه‌مه‌وه ، ئه‌وا بۆچوونێکی راسته‌و ، که‌س نییه نکوولی له‌وه بکات که وشه‌ی کوردی له‌و ساڵانه‌دا چه‌نده له‌لای خه‌ڵکی پیرۆزبووه . به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م راستییه به مه‌به‌ستی گشتیی نووسینه‌که‌وه ببه‌ستینه‌وه ، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که کاکه‌ی فه‌لاح ده‌یه‌وێت تێمانبگه‌یه‌نێت ( گوایا ) یه‌کێک له هۆیه‌کانی که‌میی یان نه‌بوونی خۆشه‌ویستیی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و قه‌ڵه‌م و به‌هره‌و داهێنان ، ئه‌م باره‌ی ئیمڕۆی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ، نه‌مانی ئه‌و پیرۆزییه‌ی جارانیانه . به پوختی مانای ئه‌وه‌یه : ره‌خنه‌گره‌کان نرخی وشه‌ی کوردی نازانن و له ” دووکه‌ڵی ره‌شی ” ره‌خنه‌دا خنکاندوویانه‌و ” ساڵ به ساڵ خۆزگه‌م به پار ” ه . له‌لایه‌کیتریشه‌وه ، ده‌یه‌وێت پێمانبڵێت که ناکۆکیی ئه‌ده‌بی له نێوان ئه‌دیب و نووسه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌بووه‌و ، سه‌باره‌ت به به‌ڕێزی و خۆشه‌ویستیی و پیرۆزیی وشه‌ی کوردی ، هیچ جۆره دیارده‌یه‌کی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی که له‌مه‌ی ئیمڕۆ بچێت له‌کایه‌دا نه‌بووه ؛ نه‌ک هه‌ر ئه‌مه ، به‌ڵکو له لێکدانه‌وه‌ی به‌شی دووه‌می ئه‌م خاڵه‌دا که ده‌قه‌که‌یمان نووسی ، رای کاکه‌ی فه‌لاح وه‌ها ده‌رده‌که‌وێت که ( گوایا ) شاعیر‌و نووسه‌رو رۆشنبیری ئیمڕۆی کورد ” خاوه‌ن زه‌خیره‌ی زۆر‌و تا بڵێی ره‌سه‌ن و لێهاتوو و خاوه‌ن به‌هره‌و به‌رهه‌م نه‌بن و ” ، به خوێندنه‌وه‌و خۆپێگه‌یاندنی رۆشنبیرانه‌وه ماندوو نابن و ره‌وشتی ئه‌ده‌بییان له‌ڕووی ” خۆبه‌که‌مزانین و بێهه‌وایی و که‌م به‌رهه‌م بڵاوکردنه‌وه ” وه باش نییه !!
مامۆستا کاکه‌ی فه‌لاح لێره‌شدا و له خاڵه‌کانی دواییشدا ، په‌نجه ناخاته سه‌ر هیچ شتێک و بیروڕای خۆی به‌ته‌واوی ساخناکاته‌وه ، هه‌رچه‌نده هیوای ده‌ربڕیوه که له ده‌رفه‌تێکی نزیکدا بتوانێت ” په‌نجه‌ی قه‌ناعه‌ت بۆ چه‌ند چاره‌یه‌کی ئه‌م په‌تا دیارده ناهه‌مواره‌ی ره‌خنه‌و ره‌خنه‌کارییه درێژ ” بکات و درێژه به نووسینه‌که‌ی بدات . بۆیه شێوه‌یه‌کی گشتیش به وه‌ڵامه‌کانی ئێمه‌شه‌وه ده‌بێت و ، هه‌ڵسه‌نگاندن و توێژینه‌وه‌که‌مان هه‌ر له‌و سنووره گشتییه‌دا دێت و ده‌چێت .
وه‌کو وتمان ، راسته وشه‌ی کوردی له بیسته‌کان و سییه‌کان و چله‌کان و په‌نجاکاندا پیرۆزبووه‌و ، خه‌ڵکیی به چاوی رێزه‌وه سه‌یری ئه‌دیب و نووسه‌ره‌کانیان کردووه ، ئیمڕۆش له‌لای خه‌ڵکیی ، وشه‌ی کوردی ئه‌گه‌ر پیرۆزتر نه‌بێت ، له‌وسا که‌متر نییه . ئه‌و واقیعه‌ی مامۆستا کاکه‌ی فه‌لاح ئه‌و کاته تێیدا ژیاوه ، ئێمه‌ی نه‌وه‌ی دوای نووسه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ، ئێستا تێیدا ده‌ژین و واقیعه‌که راسته‌وخۆ له‌به‌رچاومانه . ئیمڕۆ رۆشنبیرانی کورد له هه‌موو کاتێک زیاتر روویانکردۆته مه‌یدانی رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی کوردی و ، هاوبه‌شییه‌کی چالاکانه له ژیانه ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییه‌که‌دا ده‌که‌ن . هه‌روه‌ها رێز‌و پایه‌ی هه‌موو شاعیر‌و نووسه‌رێکی ره‌سه‌ن و ، له‌گه‌ڵ ئاوات و ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیدا گونجاو ، پارێزراوه‌و خه‌ڵکیی به‌ڕێزه‌وه سه‌یریان ده‌که‌ن . به‌ڵام سه‌یرکردنی ئیمڕۆ ره‌خنه‌گرانه‌یه ، واته رۆشنبیران و خه‌ڵکی گرێی حه‌وته‌می ئه‌م سه‌ده‌یه جیاو‌ازییان له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆشنبیر‌و خه‌ڵکه زۆره هه‌یه که له بیسته‌کان و سییه‌کان و چله‌کان و په‌نجاکاندا به‌ته‌نگ ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی کورده‌وه بوون ، سه‌باره‌ت به گه‌لێک هۆ که کاکه‌ی فه‌لاح خۆی هه‌ندێکیانی له خاڵی پێنجه‌می وتاره‌که‌یدا باسکردووه . جگه له‌وه ، باری سیاسیی کوردستان له‌و بیست ساڵه‌ی دواییدا ، خۆی هۆیه‌کی سه‌ره‌کیی ئه‌و هوشیارییه‌ی ئیمڕۆو جیاوازییه‌تی له رابردوو .
جه‌ماوه‌ری کورد به گشتی و جه‌ماوه‌ره ئه‌ده‌بییه‌که به تایبه‌تی ، هوشیارانه‌تر له نه‌وه‌کانی پێش خۆیان ، سه‌یری هه‌موو دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌کان ده‌که‌ن ، له‌به‌رئه‌وه شتێکی زۆر ئاساییه که چۆنایه‌تی ئه‌و رێز‌و پیرۆزییه‌ی به نووسه‌رانی ئه‌وسای کورد ده‌درا ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به نووسه‌رانی ئیمڕۆ ده‌درێت ، جیاوازبێت . لایه‌نی ره‌خنه‌گرانه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵکیی له‌مه‌دایه . سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ، جیاوازیی چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک له به‌رامبه‌ر ژیان و مه‌فهوومیان بۆ گه‌لێک لایه‌نی رۆشنبیریی ، زیاتر روون و ئاشکرایه‌و ، ئه‌م ئاشکراییه‌ش له‌سه‌ر لایه‌نه ئه‌ده‌بییه‌که ره‌نگده‌داته‌وه ، بۆیه ئه‌و گشتێتییه‌ی جاران له رێزلێنانی نووسه‌راندا ئیمڕۆ نییه‌و ، له‌بری ئه‌وه پێودانگی تایبه‌تی هه‌یه ، که به‌رهه‌می نیو‌سه‌ده‌ی ژیانی گه‌لی کورد‌و گه‌شه‌کردنی رۆشنبیریی خه‌ڵکی کوردستانه .
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نها لایه‌نێکی مه‌سه‌له‌که‌یه ، ئه‌گینا وه‌کوتر ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی ژیانی ئه‌ده‌بیی پێشوومان هه‌ڵده‌ینه‌وه ، ده‌بینین نووسه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ، هه‌روه‌کو نووسه‌ره‌کانی ئیمڕۆ ، ناکۆکیی له نێوانیاندا هه‌بووه‌و گه‌لێک جاریش به ناکۆکیی ” شه‌خسی ” گۆڕاوه .
بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستییه‌و ده‌رخستنی ئه‌و واقیعه‌ی که ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌ک مه‌یدانێکی زۆرانبازیی ئه‌ده‌بی هه‌بووه‌و ناکۆکیی نێوان ئه‌دیبه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش زۆر جار شێوه‌یه‌کی توندوتیژی گرتووه ، چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌هێنینه‌وه :
أ — فایه‌ق بێکه‌س ، شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ری کورد ، له ژماره‌یه‌کی گۆڤاری گه‌لاوێژدا(1) ، ره‌خنه له شیعرێکی ( م . کاردۆخی ) ده‌گرێت ؛ به‌هۆی ئه‌ویشه‌وه رووی ره‌خنه ده‌کاته شیعری ئه‌و شاعیر‌و نووسه‌ره تازه‌پێگه‌یشتووانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه که شیعر‌و نووسینه‌کانیان ” کاڵ و کرچه ، ره‌ونه‌ق و جوانییه‌کی وه‌ها نابه‌خشێ به ئه‌ده‌بیاتی زمانی کوردی وه کارناکاته سه‌ر مێشکی خوێنده‌واران ” .
شیعره‌که‌ی ( کاردۆخی ) ده‌رباره‌ی عه‌باو په‌چه‌یه . بێکه‌س دێڕ دێڕ ده‌یگرێت و له‌باری سه‌رنجی خۆیه‌وه هه‌رچی که‌موکورتیی تێدا هه‌یه ده‌ریده‌خات .
کاردۆخی ده‌ڵێت :
په‌نا به خوا له کاتێکا له‌پڕ رووبه‌ندی هه‌ڵتێنێ
ده‌مارو گۆشت و ئێسقان دڵی بینه‌ر ئه‌سووتێنێ
بێکه‌س به‌م شێوه‌یه ره‌خنه له‌م دوو دێڕه ده‌گرێت :
” ئێمه تێناگه‌ین ( کاردۆخی ) مه‌به‌ستی ته‌نقیدی ( عه‌باو په‌چه ) یه یاخو ته‌عریفی عیلمی فه‌سله‌جه ئه‌کات که ئه‌م چوار وشه‌یه‌ی له ته‌ک یه‌که‌وه ریزکردووه ( ده‌مار ، گۆشت ، ئێسقان ، دڵ ) ” .
پاشان بێکه‌س له ته‌نها نیوه دێڕێک ده‌کۆڵێته‌وه‌و له‌ڕووی پێچواندنه‌وه ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت . ( م . کاردۆخی ) له نیوه دێڕه‌که‌دا ده‌ڵێت : ” عه‌با ده‌سماڵی جۆڵایه ” ، بێکه‌سیش ده‌ڵێت : ” ئێمه به‌ش به حاڵی خۆمان تا ئێستا ئه‌م ده‌سماڵی جۆڵایه‌مان نه‌بیستووه ، وه له گه‌لێ پیره‌ژنیشمان پرسیوه له پێکه‌نین به‌ولاوه وه‌ڵامێکی تریان نه‌داوه‌ته‌وه ” ، پاشان ده‌ڵێت : ” ئه‌مانه هه‌مووی له‌لایه‌ک بوه‌ستێ ، له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌م شیعره‌یه ( واته شیعری کاردۆخی ) :
( چوار لا ) شیعری ( کاردۆخی ) دواخست و له ناوی برد
نه‌فامی فیکری هه‌ڵکێشا له خاک و رۆژی ئاوا کرد
بێکه‌س سه‌باره‌ت به‌م دوو دێڕه‌ش ده‌ڵێت : ” ئه‌مه‌یه سه‌ری له ئێمه تێکداوه ، ئه‌مه‌یه به داخه‌وه پێوه‌ی ئه‌تلێینه‌وه‌و تێی ناگه‌ین ، ئه‌مه‌یه ( المعنی في بطن الشاعر ) . هاوار خوێنده‌وارینه ، هاوار شاعیرانی کورد ، له‌م ته‌لیسمه رزگارمان بکه‌ن ، با به داخه‌وه سه‌رنه‌نێینه‌وه مه‌به‌سی چییه له‌م شیعره تێمان بگه‌یه‌نن ” .
ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ی بێکه‌سی شاعیر کاردانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن کاردۆخییه‌وه زۆر ئیجابی ده‌بێت ، بۆیه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت(2) : ” له پێشه‌وه سوپاسی بێ پایانی مامۆستای ئه‌دیب فائیق بێکه‌س ئه‌که‌م … به‌ڕاستی وتاره‌که‌ی زۆر په‌سه‌ندو رێک بوو ، زۆر ته‌ئسیری کرده سه‌ر مێشکی خوێنده‌واران ، چاوی زۆر که‌سی پێ کرایه‌وه ، زانرا که ره‌خنه‌گرتن زۆر باش و نایابه ، سه‌باره‌ته بۆ پێشکه‌وتنی ئه‌ده‌بیات ، زانرا که شاعیر‌و لاوه‌کانی کورد نه‌نووستوون ” .
کاردۆخی پاش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ره‌خنه‌کانی بێکه‌س ده‌ڵێت : ” ئیتر ئومێدم وایه له‌مه‌ولا نووسینه‌که‌م کاڵ و کرچ نه‌بێت ، تاڵ و سوێر نه‌بێت ، به کوڵاوی و پوخته‌کراوی به گه‌یشتویی و شیرینی بێته به‌رده‌می خوێنده‌واران ” .
ب — هه‌ر له هه‌مان ژماره‌ی گه‌لاوێژدا (3) ، ( أ .ح. هه‌ردی ) ره‌خنه له شیعری ( حه‌زم لێ کردووی ) ی ( مه‌دهۆش ) ده‌گرێت و ، له‌ناو شیعره‌که‌دا ئه‌م چه‌ند به‌یته هه‌ڵده‌بژێرێت ؛ له‌یه‌که‌میاندا ، ناکۆکیی نێوان مه‌به‌ست و ماناکه‌ی ده‌رده‌خات و ، له دووه‌میشدا ، هه‌مان ناکۆکیی له نێوان دوو دێڕی یه‌که‌م و دوو دێڕی دواییدا ده‌رده‌خات . به‌یته‌کانیش ئه‌مانه‌ن :
( 1 ) تیری جوانیت جه‌رگی بڕیوه
مه‌ینه‌تی باخی ژینمی چنیوه
خۆشیم نه‌دیوه حه‌زم لێ کردووی
( 2 ) هه‌رچه‌ند ئه‌زانم که بێزاری لێم
دڵت له‌سه‌ر من نییه‌و ناته‌وێم
بیانووم پێ مه‌گره به‌سه دیده‌که‌م
چی له دڵتایه ده‌ریخه که‌م که‌م
پاشان مه‌دهۆش له ژماره‌یه‌کیتری هه‌مان گۆڤاردا وه‌ڵامی هه‌ردی ده‌داته‌وه(4) .
ج — هه‌ر له گۆڤاری گه‌لاوێژدا (5) ، ( بێکه‌س ) شیعرێکی ( أ. ب. هه‌وری ) ده‌کاته بابه‌تی ره‌خنه‌که‌ی ، که له ژماره‌یه‌کی پێشووتری ئه‌و گۆڤاره‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه . بێکه‌س سه‌ره‌تا به‌مه ده‌ستپێده‌کات : ” ئه‌م گۆڤاری گه‌لاوێژه که ئه‌ستێره‌یه‌کی به‌شه‌وق و پرشنگداره له ئاسمانی ئه‌ده‌بیاتی کوردا ، داخه‌که‌م جار جار هه‌ندێ شتی ناشیرینی تیا ئه‌بینرێ که ئه‌بێته په‌ڵه هه‌ورێک به‌ری روناکی و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه ئه‌گرێ ، وه ئه‌و دیمه‌نه جوانه دڵداره له‌چاو ئه‌شارێته‌وه که به‌مه‌ش له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆشی ببه‌خشێ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه دڵی خوێنده‌واران ته‌نگ ئه‌کا ” .
پاشان بێکه‌س دێته سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی ( هه‌وری ) له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌و ، ده‌ستده‌خاته سه‌ر له‌نگیی چه‌ند به‌یتێکی و ، سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆکه‌که‌شی بێزاری ده‌رده‌بڕێت چونکه له‌گه‌ڵ ناونیشانی شیعره‌که‌دا ناگونجێت و ده‌ڵێت : ” ئه‌مجاره له ژماره ( 1 ) ی ساڵی ( 5 ) له دیوانی گه‌لاوێژدا له‌ژێر عنوانی ( په‌یڕه‌وی خه‌یام ) دا چاومان به چه‌ندروباعییه‌ک که‌وت له‌لایه‌ن أ . ب . هه‌وری یه‌وه رێك خرابوو . نه‌ک من به ته‌نیا ، هه‌رچی خوێنده‌واران هه‌یه هه‌موو له‌م شیعرانه بێزار‌و وه‌ڕس بوون وه زوبانی حاڵی هه‌موومان به‌جارێ ئه‌ڵێت ( خه‌یام گۆڕ هه‌ڵته‌کێنه أ . ب . هه‌وری وه‌ها په‌یڕه‌ویت ئه‌کا ” .
مامۆستا ( هه‌وری ) وه‌ڵامی ( بێکه‌س ) ده‌داته‌وه‌و ئه‌م چه‌ند قسه‌یه‌ی له ناواخنی وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌دا پێده‌ڵێت(6) : ” ره‌خنه‌ت له شیعره‌کانه که نه‌زاکه‌تیان که‌م تیایه که‌چی ره‌خنه‌که‌ت درۆزنیش نه‌زاکه‌تی تیا نادۆزێته‌وه … ” .
بێکه‌س له وه‌ڵامه‌که‌ی ( هه‌وری ) دڵگیرده‌بێت و به وتارێکی توند وه‌ڵامیده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت(7) : ” جه‌نابی مامۆستا أ . ب . هه‌وری ، ره‌خنه‌که‌ی من وه‌کو فه‌رمووتانه بۆ زوبانی کوردی نییه ته‌نها بۆ شیعره‌کانی تۆیه که ره‌ونه‌ق و نرخی زبانی کوردیی شکاندووه ، وه هه‌ر که‌س بیخوێنێته‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌وه ( نه‌فرین ) له هه‌موو شیعرێکی کوردی ئه‌کا ، ره‌نگه ئێوه وابزانن که شیعره‌کانتان نموونه‌ی به‌لاغه‌ت و فه‌ساحه‌تی زوبانی کوردییه وه هه‌ر که‌س ره‌خنه‌ی لێ بگرێ وه‌کو ره‌خنه‌ی له زوبانی کوردی گرتبێ وایه ، ئه‌گینا که‌ی من ره‌خنه‌م له زوبانی کوردی گرتووه ” . له کۆتاییشدا ده‌ڵێت : ” ئێمه که مناڵ بووین له مه‌کته‌با خوێندوومانه ئه‌رز دوو به‌شه ( 1 ) ئاو ( 2 ) گڵ ( وشکایی ) ، نه‌مان بیستووه که سێ به‌شه ، ئاو ، گڵ ، کا ، ئافه‌رین مامۆستا أ . ب . هه‌وری بۆ خۆت و نه‌زه‌ری یه‌ی تازه‌ت که‌وا ئینقلابت دا به عیلمی جوغرافیا … ” .
د — له ژماره‌یه‌کیتری گه‌لاوێژدا(8) ، ( جیم ) ناوێک به‌رپه‌رچی نووسینێکی ( ره‌مزی قه‌زاز ) ده‌داته‌وه که له‌سه‌ری نووسیوه ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌م له ژماره‌یه‌کی پێشووتری گه‌لاوێژدا(9) ره‌خنه‌ی له مامۆستا ره‌فیق حیلمی گرتووه . ( جیم ) ده‌ڵێت : ” که‌ممان هه‌یه دان به که‌م و کووڕیی ئه‌ده‌بمانا نه‌نێ . که‌چی له‌وه ناگه‌م بۆچی خراپه ئه‌ده‌ینه پاڵ ( ره‌خنه — تنقید ) ؟ گوایه ئه‌گه‌ر ئاوێنه نه‌بێ ئینسان جوانی و ناشیرینیی شێوه‌ی خۆی بۆ لێک ئه‌کرێته‌وه ؟ ئاوێنه‌ی ئه‌ده‌بیش ره‌خنه‌یه . یا بۆچی ره‌خنه بۆ ئێمه‌ی ساوا له ئه‌ده‌با نه‌شێ ؟ گوایا شاعیر یا کاتب ره‌خنه ئه‌یڕووخێنێ ؟ به‌هێزتری نه‌کا له‌وه مه‌ترسن بینه‌وێنێ . ئه‌مه‌ش هه‌روا . ئه‌ی ئه‌بێ تووڕه‌بوون له ره‌خنه‌گر مه‌عنای چی بێ ؟ “
ها — فایه‌ق بێکه‌س به ناونیشانی ” سه‌رنجدانێ له ئه‌ده‌بیاتی مه‌نگوڕی ” له گه‌لاوێژدا نووسیویه‌تی(10) : ” ئه‌وه‌ته‌ی له گه‌لاوێژدا به‌شی لێکۆڵینه‌وه ته‌رخان کراوه من زۆر تووشی ده‌ردی سه‌ری و ناخۆشی بووم ، باوه‌ڕم پێ بکه‌ن له ژینی خۆم بێزارم … ” پاشان ده‌ڵێت : ” نازانم چی بکه‌م ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌م له شیعری که‌سێ گرت ئه‌و که‌سه له خۆڕایی لێم ئه‌بێته دوشمنی به خوێنی سه‌رم تین‌و ، چونکه داخه‌که‌م ئێمه هێشتا له مه‌عنای ( ره‌خنه‌گرتن ) نه‌گه‌یشتووین ، به جنێوی ئه‌زانین … له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من گوێ ناده‌مه هیچ که‌س وه له ره‌خنه‌گرتن هه‌تا پێم بکرێ ده‌س هه‌ڵناگرم ، چونکه به پێویستی ئه‌زانم له‌سه‌ر شانی خۆم بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی کوردی هه‌تا له ته‌واناما بێ هه‌وڵ بده‌م و درێغی نه‌که‌م ” .
له وه‌ڵامی ئه‌م وتاره‌ی ( بێکه‌س ) دا ، ( مه‌نگوڕی ) هه‌ر له گه‌لاوێژدا به ناونیشانی ( وه‌رامی ره‌خنه ) نووسیویه‌تی و ده‌ڵێت(11) : ” یه‌کجار دڵم به ره‌خنه‌کانی کراوه . تاس و په‌ستی ناوبراوم فه‌رامۆش کرد . زۆر زۆر مه‌منونی بیری تیژی مه‌عنه‌ویاتی هاوڕێ به‌خێوکه‌ری بووم که ئاوا منی له‌ژێر سێبه‌ری بێ غه‌می شاعیریدا وریاکرده‌وه . ئه‌مجا هیوام به شاعیریی خۆم به‌ست که له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ی مامۆستا بێکه‌س ئه‌فه‌رموێ هه‌ر 12 هه‌زار شیعره‌که‌م ده‌ست لێ بده‌م و به‌راوردێکی هه‌ره باشیان بکه‌م . له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شا ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌م مامۆستا به‌رزه رائه‌کێشم که له‌مه‌ولا هه‌ر وێنه نوسراوێکی منی به‌رچاوکه‌وت سه‌رنجێکی باشم بۆ لێ بگرێ ” .
مه‌نگوڕی دوای ئه‌م پیاهه‌ڵدان و موجامه‌له گه‌رمه ده‌ڵێت : ” له‌پێش وه‌رامی مامۆستا بێکه‌س منیش دوو ره‌خنه‌ی هه‌ره گه‌وره له رێزه گه‌وهه‌ره‌کانی ئه‌و ئه‌گرم و تکای ئه‌وه‌شی لێ ئه‌که‌م که نابێ لێم بتۆرێ .
اولا — ئه‌دیب نابێ بێ ئه‌ده‌ب بێ .
دووهه‌م — ئه‌دیب نابێ راستی ون بکات ” .
ئینجا دێته سه‌ر ره‌خنه‌که‌ی بێکه‌س و به چه‌ند خاڵێک وه‌ڵامیده‌داته‌وه .
و — هه‌ر له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی( گه‌لاوێژ ) ده‌یان نووسینی وه‌ک ئه‌مانه‌ی پێشه‌وه به‌رچاوده‌که‌وێت . لێره‌دا چه‌ند ساڵێک دێین به‌ملاوه‌و نموونه‌یه‌کیتری ئه‌و زۆرانبازییه ئه‌ده‌بییه ده‌قاوده‌ق ده‌نووسینه‌وه :
له ژماره ( 2 ) ی ساڵی ( 9 ) ، شوباتی 1948 دا ، ( ساڕ‌ێژ ) ناوێک ژماره‌ی پێشووی گه‌لاوێژی هه‌ڵسه‌نگاندووه‌و ، ده‌رباره‌ی باری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌دوێت و ، پاشان ره‌خنه ئاڕاسته‌ی ( پیره‌مێرد ) ی شاعیر ده‌کات و به‌م جۆره ده‌ڵێت : ” گه‌لاوێژ سه‌رده‌مێک له‌مه‌وبه‌ر که‌له‌به‌رێکی بۆ ره‌غنه‌بازی ته‌رخانکردبوو ، به‌ڵام زۆری به‌سه‌را نه‌چوو ده‌ستی پیاگرت به بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه که ره‌خنه‌گره‌کان له‌وه‌دا بوون ده‌ست بده‌نه یه‌کتری ” . . . ” گه‌لاوێژ ساڵی نوێیه : زۆرم لا په‌شمه پیره‌مێرد ئه‌م شیعره مناڵانه له‌سه‌ری هه‌موو ساڵێکی گه‌لاوێژدا بنووسێ هیچ یه‌کێکیش له شاعیره‌کانمان سه‌رهه‌ڵنه‌بڕێت ، خوا هه‌ر بیهێڵێت ئه‌مجاره به حیسابه‌که‌ی کردوویه‌تی هانمان ئه‌دات به‌ربینه جوه‌کانی دراوسێمان سه‌ریان هه‌ڵکه‌نین له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت ( وه‌نه‌بێ هه‌موو جووله‌که‌یه‌ک سه‌هیۆنی بێت . سه‌هیۆنییه‌کان ئه‌و جووله‌کانه‌ن که به زۆر ئه‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێک له فه‌له‌ستیندا دابنێن … ” .
پیره‌مێرد به‌مه په‌ست ده‌بێت و نامه‌یه‌ک بۆ گه‌لاوێژ ده‌نێرێت ، تیادا ره‌خنه له نووسینه‌که‌ی ( ساڕ‌ێژ ) و به‌ڕێوه‌به‌رانی گۆڤاری گه‌لاوێژ ده‌گرێت و ده‌ڵێت : ” به ناوی ( ره‌غنه‌بازی ) وه‌و به ناوێکی راسته‌وه له گه‌لاوێژدا چ‌شتێک نوسراوه ( چاوپیاخشاندنێک ) گوایا له‌شێوه‌ی ته‌نقیدی ئه‌ده‌بیدا گه‌لاوێژی پێ رازاوه‌ته‌وه !
جارێ گومان نابه‌م خوێنده‌وارێکی باش ته‌نقیدی پێ گران بێ ، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی ته‌نقید ئه‌کا له‌پێشه‌وه ئه‌بێ له هه‌ر جۆره ئه‌ده‌بیاتێکدا ئوستاد بێ و ئوستادیش به ئه‌سه‌رێک ئه‌بێ که له مه‌یدانا بێ نه‌ک هه‌ر له خۆیه‌وه هه‌ڵسێ ره‌خنه‌بگرێ ” . . . ” ته‌نقید ئه‌وه‌ته له شیعرێکا له وه‌زن و قافیه‌و مه‌عنادا ناڕێکی یه‌کی ببێ ئه‌و ئوستاده له‌وه جوانتر پیشانی بدا به‌ڵێ وابوایه باش بوو ! نه‌ک هه‌روا بڵێ شیعری مناڵانه‌ی پیره‌مێرد په‌شمه !! ئه‌گه‌ر راست ئه‌کا شیعرێکی له‌وه جوانتر بنوێنێ ئینجا بڵێ په‌شمه . خوشکه باڵابه‌رزه‌که‌ی ( ژین ) ئه‌مه به ته‌نقید وه‌رئه‌گرێ ، ئه‌م لوغه‌ته جوانانه ده‌رباره‌ی خاوه‌نی فه‌رهه‌نگی کوردیی شێخ محمدی خاڵ به‌کاردێنێ و ئه‌چێته جه‌نگی ( ره‌شید نه‌جیب ) ه‌وه . . . “
به‌م شێوه‌یه ، گه‌ر له مێژووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کورد بکۆڵینه‌وه‌و ، به‌راوردی به باری ئیمڕۆی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بکه‌ین و ، لایه‌نی له‌یه‌کچوون و جیاو‌ازییان ده‌ستنیشان بکه‌ین ، ده‌بینین که جیهانی ئه‌ده‌بیی رابردوومان نه ئه‌و جیهانه ” بێگه‌رده ” بووه که کاکه‌ی فه‌لاح باسیده‌کات و ، نه ئه‌و جیهانه ئه‌ده‌بییه‌ی ئیمڕۆش به‌و شێوه‌یه‌یه که له سه‌ره‌تای نووسینه‌که‌یدا باسیده‌کات ، به‌ڵکو هه‌ر یه‌کێک له‌و دوو جیهانه له‌سه‌رده‌م و باری تایبه‌تیی خۆیدا ناکۆکییه‌کانی خۆی تێدا ژیاوه‌و ده‌ژی ، لایه‌نی باش و خراپی تایبه‌تیی خۆی هه‌بووه‌و هه‌یه‌و ، زنجیره‌یه‌کی زۆرانبازیی مێژوویی ئه‌ده‌بیمان پێکده‌هێنن ، که بووه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت و رووکاری رۆیشتنیشی هه‌ر بۆ پێشه‌وه‌یه .
( 4 ) کاکه‌ی فه‌لاح ، له خاڵی چواره‌می وتاره‌که‌یه‌وه به‌ولاوه ، کۆمه‌ڵێک راستیی تێکه‌ڵ به کۆمه‌ڵێک سه‌ره‌نجامی هه‌ڵه کردووه که لێکدانه‌وه‌ی لۆجیکی به‌یه‌کیانه‌وه گرێنادات . ئه‌مه سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ حوکمدانی خۆیی که له شیکردنه‌وه‌ی مه‌وزوعییه‌وه دوورن . له‌و ( بدیهیات ) انه‌ی نووسیویه‌تی ده‌ڵێت :
” له رۆژگاره‌کانی پێشوودا ، نووسه‌رو ئه‌دیبی کارامه‌و به‌هره‌دار که‌متر ده‌ره‌تانی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌بوو ” . . .
” به‌رهه‌مه‌کان زۆرتر له ته‌نووری هه‌ڵگیرساوی ژان و په‌ژاره‌و داخی ده‌روون و ناخدا ده‌برژان و سوورتر ده‌بوونه‌وه‌و ده‌کران به خۆراکی مێشک و گیانی خوێنه‌رو زۆرتر پاراوی بیر بوون ” . . .
” ئه‌مڕۆ خوێنده‌واری و ژماره‌ی خوێنه‌ران له‌گه‌ڵ دوێنێدا به‌راورد ناکرێت ” . . .
” ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و رووسی و فه‌ره‌نسی و … هتد ده‌زانن په‌ره‌یان سه‌ندووه‌و زۆر بوون ” . . .
” له کوردستانی عێراقدا چه‌ند گۆڤار‌و رۆژنامه‌یه‌کی کوردیی ئه‌وتۆ هه‌ن که بێ پسانه‌وه ، به رێک‌وپێکی ده‌رده‌چن و شه‌ووڕۆژ له‌کاردان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌م و ئه‌و ” . . .
” چه‌ند ده‌سگایه‌کی رۆشنبیری هه‌ن که ئه‌رکی یاریده‌دان و له چاپدان و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی کوردی‌یان گرتۆته ئه‌ستۆی خۆیان ” . . .
” نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی وتار‌و لێکۆڵینه‌وه‌و شیعر‌و به‌رهه‌می نووسه‌ران پاداشتی هه‌یه‌و به‌خۆرایی نییه ” . . .
” چه‌ند رۆڵه‌یه‌کی نووسه‌رو خاوه‌ن به‌هره‌و خولیای ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌که‌مان . . . توانی یان له به‌شه‌کانی ئه‌ده‌ب و زمان و لێکۆڵینه‌وه‌و فۆلکلۆرو مێژوودا ، بڕوانامه‌ی دکتۆرا وه‌ربگرن و به‌پێی توانا‌و ده‌سته‌ڵاتی خۆیان خزمه‌تی ژیانی رۆشنبیریی گه‌له‌که‌مان بکه‌ن “
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی ورد له‌م ( بدیهیات ) انه بده‌ین – که هه‌ندێکیشی نیوه‌نا‌چڵه — و له‌گه‌ڵ مه‌به‌ستی وتاره‌که‌دا ، که لێدوانی پاشاگه‌ردانیی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه ، به‌راوردیبکه‌ین ، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆ له نێوانیاندا نابینین و ، ئه‌گه‌ر خۆمان لێکیبده‌ینه‌وه ته‌نها به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه تێیده‌گه‌ین :
( 1 ) پاشاگه‌ردانیی ره‌خنه به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه که نووسه‌رو ئه‌دیبه کارامه‌و به‌هره‌داره‌کانی ئیمڕۆی کورد زۆرتر ده‌ره‌تانی بڵاوکردنه‌وه‌یان هه‌یه ، واته پاشاگه‌ردانیی ره‌خنه له‌وه‌به‌ر نه‌بووه ، که ئه‌مه واقیعی رابردووی ئه‌ده‌بیمان به درۆیده‌خاته‌وه وه‌ک له‌مه‌وپێش هه‌ندێک نموونه‌مان له گۆڤاری گه‌لاوێژ هێنایه‌وه . له‌سه‌رێکیتریشه‌وه شێواوییه‌که له ( منطق ) دا به‌وه‌ی : ئه‌گه‌ر ئه‌دیبه به‌هره‌داره‌کان زیاتر ماوه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌یان هه‌بێت پشێوی ده‌خه‌نه ژیانی ئه‌ده‌بیمانه‌وه !
( 2 ) جاران به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان له ناو ژان‌و په‌ژاره‌و داخی ده‌روون و ناخدا ده‌برژان … هتد ، به‌ڵام ئێستا به‌و جۆره نییه ، بۆیه پاشاگه‌ردانیی دروستکردووه‌و نابێته خۆراکی مێشک و بیر پاراو ناکات ، واته به‌رهه‌مه‌کانی ئیمڕۆ له ژان و په‌ژاره‌و داخی ده‌روون و ناخدا نابرژێن و سوورنابنه‌وه . ئه‌م حوکمدانه نه‌ک بۆ نووسه‌رانی ئیمڕۆ به‌ڵکو بۆ ئه‌وانه‌ی پێشووش ده‌ستنادات چونکه گشتیکردن ( تعمیم ) به‌بێ شیکردنه‌وه‌ی واقیعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌فتاری رۆژانه‌ی نووسه‌ران ، له‌هه‌ر سه‌رده‌مێکدا ، نه‌شیاوه‌و به هه‌ڵه‌ماندا ده‌بات ، چونکه له رۆژگاره‌کانی پێشووداو ئیمڕۆش به‌رهه‌مه‌کان شوناسنامه‌ی جیاجیایان هه‌یه . هه‌ندێکیان رسکاوی ژان و په‌ژاره‌یه‌کی راسته‌قینه‌ن و ، هه‌ندێکیتریان دیاریی بێگانه‌ن و ، به‌شێکیتریشیان ژانی ساخته‌و ده‌ستلێدانێکی ساکارانه‌ی توێژی رواڵه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانن و هیچیتر . له‌به‌رئه‌وه حوکمی راست لێره‌دا ئه‌وه ده‌بوو که نووسه‌ر بێ لایه‌نداریی په‌نجه‌ی له‌سه‌ر هه‌ریه‌کێک له‌و به‌رهه‌مانه دابنایه که پاشاگه‌ردانییه‌که‌یان دروستکردووه ، نه‌ک به‌م شێوه‌یه به‌چه‌ند دێڕێک ( بدیهیات ) بازی به‌سه‌ریاندا بدایه‌و ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ناڕاسته‌وخۆ حوکمێکی ناعادلانه به‌سه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا بدات .
( 3 ) ئایا زۆربوونی ژماره‌ی خوێنده‌واران هۆیه‌کی چاکه بۆ پێشخستن و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هونه‌ریی ئه‌ده‌ب یان نه ؟ کاکه‌ی فه‌لاح ئه‌م زۆربوونه‌ش ده‌کاته هۆیه‌کیتری پاشاگه‌ردانیی و به هۆیه‌کی سه‌لبی داده‌نێت له ژیانی ئه‌ده‌بیماندا ، له‌کاتێکدا هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کی ساده به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و راستییه بسه‌لمێنین که بڵاوبوونه‌وه‌ی خوێنده‌واریی مایه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هونه‌ریی ئه‌ده‌ب و بڵاوبوونه‌وه‌و رێکوپێکبوونیه‌تی ، هه‌ر ئه‌وه‌ش بگره هۆیه‌کی کاریگه‌ری نه‌هێشتنی پشێوییه له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی پته‌وو به‌هێز . جگه له‌مه‌ش ، نه‌ک هه‌ر زۆربوونی خوێنده‌واران ، به‌ڵکو په‌ره‌سه‌ندنی ژماره‌ی ئه‌و نووسه‌رو خوێنه‌رانه‌ی که زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و رووسی و … هتد ده‌زانن ، یان زۆربوونی ئه‌کادیمییه‌کان له مه‌یدانی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری‌دا ، له‌نێوانی ئه‌و هۆیه ئیجابییانه‌دان بۆ گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی ئه‌ده‌بی کوردی نه‌ک نانه‌وه‌ی پشێوی و دروستبوونی پاشاگه‌ردانیی .
زانینی زمانی بێگانه ، ئه‌ڵقه‌ی پێناسینی ئه‌ده‌بی گه‌لانیتری دنیایه ، مایه‌ی فراوانبوونی زانیاریی ئه‌ده‌بیمانه‌و هۆی ره‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر ته‌رزه ئه‌ده‌بێکی دزراوه که به ناوی داهێنانه‌وه پێمانیبفرۆشنه‌وه .
بوونی چه‌ند مامۆستایه‌کی ئه‌کادیمیش ، ده‌بێت هۆیه‌کی ئیجابی بێت بۆ گه‌شه‌پێکردنی لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ، گوڕ‌و ته‌وژمێک بن و دینه‌مۆی ژیانی ئه‌ده‌بیمان هه‌ڵبسووڕێنن و ، به‌رهه‌مه‌کانیان هه‌وێنی ئه‌ده‌بێکی ره‌سه‌ن و پێشکه‌وتوو بێت ، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی کاکه‌ی فه‌لاح ده‌یه‌وێت له‌لاوه بیڵێت و ئه‌کادیمییه‌کانی کورد به لێپرسراوی ئه‌و ” پاشاگه‌ردانی” یه بزانێت .
( 4 ) بوونی چه‌ند گۆڤار‌و رۆژنامه‌یه‌کی کوردی ، پێویستوایه ببنه هۆی گه‌شه‌کردنی ئه‌ده‌ب و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ناکۆکییه ئه‌ده‌بییه‌کان ، له‌ڕێی دابینکردنی سه‌ربه‌ستیی بڵاوکردنه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ی دیموکراتیانه له‌گه‌ڵ نووسه‌راندا ، هه‌روه‌ها بوونی چه‌ند ده‌سگایه‌کی رۆشنبیریی تایبه‌تی که ئه‌رکی یاریده‌دان و له‌چاپدان و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی کوردی‌یان گرتبێته ئه‌ستۆ ، دیسان پێویسته یارمه‌تیده‌رو هانده‌ری به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی کوردی بن نه‌ک پاشاگه‌ردانی و پشێوی ؛ ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێکی دیموکراتی ئه‌رکی ئه‌م ده‌سگایانه دیاریبکات و ، بێرۆکراسی و ده‌ره‌به‌گایه‌تیی ئه‌ده‌بی و که‌سانێکی ( نه‌زان ) تیایاندا زاڵنه‌بن . به‌ڵام کاکه‌ی فه‌لاح ده‌یه‌وێت پێمانبڵێت که پاشاگه‌ردانیی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌تایبه‌تی و ژیانی ئه‌ده‌بیمان به‌گشتی بۆ ئه‌و دوو هۆیه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه . لێره‌دا ناکۆکییه‌کی ئێجگار زه‌ق به‌دیده‌که‌ین ، ئه‌ویش ناکۆکیی نێوان پاشاگه‌ردانییه‌که‌و بوونی ئه‌و گۆڤار‌و رۆژنامانه‌یه که وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت : ” بێ پسانه‌وه به رێک و پێکی ده‌رده‌چن و شه‌وو رۆژ له کاردان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌م و ئه‌و ” هه‌روه‌ها ناکۆکیی نێوان ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌و بوونی ئه‌و ده‌زگا رۆشنبیرییانه‌یه که دیسان وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت : ” جێ ده‌ستی دیار‌و په‌سه‌ندیان هه‌یه ” .
( 5 ) چه‌ند ساڵێکه نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی وتار‌و لێکۆڵینه‌وه‌و هه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی له گۆڤار‌و رۆژنامه‌کانی ده‌وڵه‌تدا پاداشتی هه‌یه . هۆی دانانی ئه‌م پاداشته هاندانێکی ماددیی نووسین و مسۆگه‌رکردنی ده‌رچوونی ئه‌و گۆڤار‌و رۆژنامانه بوو به رێک‌وپێکی . ئه‌م پاداشته به‌گشتی کارێکی سه‌لبی کردۆته سه‌ر باری ئه‌ده‌بی نه‌ک ته‌نها ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌کو کاکه‌ی فه‌لاح بۆیچووه ، چونکه کردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رگایه پتر گیانی خاوه‌نداریی و پاره خۆشویستن له ده‌روونی نووسه‌راندا دروستده‌کات و به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌تاکانی په‌روه‌رده‌کردنێکی سۆسیالیستانه‌ی مرۆڤه‌وه‌یه . ئه‌م پاداشتی پاره‌یه کارێکی وه‌های کردووه ، زۆر که‌سی بێئامانجی کۆمه‌ڵایه‌تیی بێنه مه‌یدانی نووسینه‌وه‌و دڵیان به رۆشنبیری و ئه‌ده‌به‌که‌مان نه‌سووتێت و له پێناوی چه‌ند پوولێکدا رۆشنبیرییه‌کی نزم له ریزه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیدا بڵاوبکه‌نه‌وه . نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو کارێکی وه‌های کردووه هه‌ندێ ئه‌دیبیش جار جار شتێکی بێمسته‌وا بڵاوبکه‌نه‌وه ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانیش بێت له زمانێکی بێگانه‌وه ، هه‌ر بۆ شادبوون به‌و چه‌ند پووله ؛ یان هه‌واڵێک ، گیروگرفتێک ، ئاهه‌نگێک ، فیستڤاڵێکی ئه‌ده‌بی ده‌که‌نه راپۆرتێک و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ینێرن بۆ ئه‌و رۆژنامه‌و گۆڤارانه‌ی پاره ده‌ده‌ن . ئه‌مه جگه له کۆمه‌ڵێک ره‌فتاری سه‌یر که له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا هاتۆته‌کایه‌وه .
من له‌گه‌ڵ ( کاکه‌ی فه‌لاح ) دام ئه‌گه‌ر ئه‌مه به هۆیه‌کی گرنگی پاشاگه‌ردانیی ژیانی ئه‌ده‌بیمان بزانێت ، به‌ڵام ده‌بوایه مه‌وزوعییانه ئه‌مه‌شی روونبکردایه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی ده‌ربخستایه که کێ و کام لایه‌ن وێڵی دوای پاداشته ، ره‌خنه‌گره‌کانن یان هه‌ندێ له ئه‌دیبه‌کانمانن .
به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم ، ئه‌گه‌ر یه‌کێک ئامارێکی ئه‌و وتارانه بکات که له ساڵی 1975 به‌دواوه له رۆژنامه‌و گۆڤاره کوردییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا بڵاوکراونه‌ته‌وه ، ئه‌و راستییه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که زۆربه‌ی ئه‌و نووسینانه‌ی پاداشتیان هه‌بووه ، به‌گشتی ، هی ئه‌دیبه‌کان( به‌تایبه‌تی شاعیر‌و چیرۆک‌نووس ) بوون نه‌ک ره‌خنه‌گره‌کان .
لێره‌دا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت دڵسۆزانه یه‌کێک له هۆ سه‌لبییه‌کانی ” پاشاگه‌ردانی ” ی باری ئه‌ده‌بیی ئیمڕۆمان نه‌هێڵین پێویسته لایه‌نگیریی هه‌ر هه‌وڵێک بین بۆ لابردنی پاداشت چ له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانداو چ له رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆندا . به نه‌مانی پاداشت له‌م بوارانه‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌ی به دوای پاره‌دا ماندوون ده‌ته‌کێنه‌وه‌و ، ئه‌وی ده‌مێنێته‌وه دوو جۆر نووسه‌ر ده‌بن : هه‌ندێک که له پێناوی ناوبانگده‌رکردن و ناوڕۆیشتندا ده‌نووسن و ، هه‌ندێکیتریش که به‌بێ چاوه‌رێکردنی هیچ پاداشتێک بۆ جه‌ماهیر ده‌نووسن .
ئه‌م هه‌نده‌ی دوایی زۆر له‌لایان ئاسایی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێکی وه‌ها بێته‌پێشه‌وه که ناوی نووسه‌ران له‌گه‌ڵ نووسینه‌کانیاندا بڵاونه‌کرێته‌وه‌و ، ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و وننه‌بوونی به‌رهه‌مه‌کانیان ناویان له ئه‌رشیفی ده‌زگاکانی بڵاوکردنه‌وه‌دا بمێنێته‌وه .
کاکه‌ی فه‌لاح ، دوای پیشاندانی ئه‌و ( بدیهیات ) انه‌ی لێیاندواین ، هه‌ندێ لایه‌نی واقیعی ئه‌ده‌بی و گیروگرفت و رواڵه‌ته‌کانی ئیمڕۆی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی کورد ده‌خاته‌ڕوو . ئه‌و رایوایه که ئه‌و رواڵه‌تانه ، به هۆی ئه‌و ” وروژاندنه گشتییه‌ی سه‌ربه‌ستیی مافی نه‌ته‌وایه‌تی ” هاتۆته‌کایه‌وه ، به‌بێ ئه‌وه‌ی قووڵتر له کێشه‌کان بکۆڵێته‌وه‌و شیکردنه‌وه‌یه‌کی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی فراوانی بۆ بکات ، بۆیه هه‌روا به ته‌نکی دیارده‌کان باسده‌کات ؛ شانبه‌شانی خستنه‌ڕووی واقیعه‌که به راستگۆیی ، گه‌لێک هه‌ڵه‌شی کردووه ، بۆ نموونه :
( أ ) راسته که ” به‌ناوی نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و بزواندنی جووڵانه‌وه‌ی رۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه ، ئاووهه‌وایه‌کی وه‌ها دروستبووه که ئه‌ده‌بی کورد له سییه‌کانه‌وه تا پێش حه‌فتاکان هه‌مووی کۆنه‌و بابه‌تی که‌له‌پووره ” ، به‌ڵام راستتر له‌وه ئه‌وه‌یه که ( روانگه ) ئه‌و ئاووهه‌وایه‌ی دروستکردو له‌لایه‌ن نووسه‌رو ئه‌دیبه پێشکه‌وتنخوازه‌کانه‌وه ره‌تکرایه‌وه . واته ئه‌گه‌ر یه‌کێک له نیشانه‌کانی ساڵه‌کانی حه‌فتا هاتنه‌کایه‌ی ئه‌م شه‌پۆله بێت ، ئه‌وا له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ساڵه‌کانی حه‌فتا سیمایه‌کیتریشی به‌خۆیه‌وه گرتووه ئه‌ویش بێده‌نگنه‌بوونی ئه‌دیبه پێشکه‌وتنخوازه‌کان و خه‌باتیانه دژی هه‌موو شێوه شێواندنێکی ئه‌ده‌بی کوردی .
( ب ) راسته ” ده‌ره‌تان و ماوه‌ی بڵاوکردنه‌وه ، به هۆی گۆڤار‌و رۆژنامه‌و نامیلکه‌و کتێبه‌وه ” زۆر بووه ، به‌ڵام راستترو واقیعییانه‌تر ئه‌وه‌بوو که هه‌میشه مافی بڵاوکردنه‌وه بۆ کۆمه‌ڵێک ئه‌دیب و شاعیر‌و نووسه‌ر زیاتر بووه وه‌ک له هه‌ندێکیتر . ئه‌و مافه زیاتر بۆ ئه‌ده‌به باوه‌که بووه که ئه‌ده‌بێکی تێکه‌ڵه له مه‌فاهیمی ده‌ره‌به‌گی و بۆرژوازی .
( ج ) کاکه‌ی فه‌لاح مافی خۆیه‌تی که بڵێت : ” به‌ڕێوه‌به‌رو کاربه‌ده‌ستان و لێپرسراوانی گۆڤار‌و رۆژنامه‌و ده‌زگا رۆشنبیرییه‌کان ، به‌رامبه‌ر به‌م پاشاگه‌ردانیی ره‌خنه‌و نووسینی کاڵ و کرچ و بێ پێزانه هه‌ر ته‌واو رووی ده‌م تێکراوو به‌رپرسیارن ” ، به‌ڵام راستتروابوو که به‌رپرسیاریان بکات له‌و لێشاوی شیعر‌و چیرۆک و لێکۆڵینه‌وانه‌ی به ته‌قه‌ی تفه‌نگیش توخنی گرنگترین مه‌سه‌له‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ناکه‌ون . ده‌بوایه به‌رپرسیاریان بکات له‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی گۆڤار‌و رۆژنامه‌کان چوونیه‌ک بۆ هه‌موو ئه‌دیبان و نووسه‌رانی کورد واڵا نییه . ده‌بوایه به‌رپرسیاریان بکات له‌و چاودێرییه سه‌خته‌ی ده‌یخه‌نه سه‌ر هه‌ندێک نووسه‌رو ، له‌و ( حصانه ) یه‌ی به هه‌ندێکیتریان داوه ، چونکه هه‌ڵوێستی راست له‌مه‌یاندایه نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی کاکه‌ی فه‌لاح گله‌یی لێیه‌تی به ناوی ئه‌وه‌وه که کۆلکه نووسه‌رو خوێنده‌وار رێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌درێت ” به ناوی نوێکردنه‌وه‌وه بێ گوێدانه به‌هره‌و توانای نووسین و باری هونه‌ری و ده‌سته‌ڵاتی زمان و راده‌ی رۆشنبیری و داهێنان”.
هه‌ڵوێستی راست ئه‌وه‌یه که مرۆڤ خۆی به رۆشنبیر نه‌زانێت و خه‌ڵکیش به کۆلکه خوێنده‌وار ، خۆی به خاوه‌ن به‌هره‌و توانا‌و داهێنان نه‌زانێت و هێڵێکی راست و چه‌پیش به‌سه‌ر خه‌ڵکیتردا بهێنێت .
هه‌ڵوێستی راست له‌وه‌دایه پێمانخۆشبێت هه‌زاران نووسه‌رو شاعیر‌و چیرۆک‌نووس و ره‌خنه‌گرمان هه‌بێت ، پێمانخۆشبێت لاپه‌ڕه‌ی گۆڤار‌و رۆژنامه‌کانیان بۆ بکرێته‌وه ، با به‌رهه‌مه‌کانیشیان کاڵوکرچ و بێپێزیش بن . ئه‌ی چۆن و له کوێ نووسه‌ره لاوه‌کان ئه‌سپی نووسینی خۆیان تاوبده‌ن و خۆیان تاقیبکه‌نه‌وه‌و به‌ره به‌ره فێرببن .
مامۆستای نووسه‌ر له دوو ستوونی کۆتاییدا هه‌ندێک مه‌سه‌له‌یتری باسکردووه وه‌ک ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و ” وروژاندنه گشتییه‌ی سه‌ربه‌ستیی مافی نه‌ته‌وایه‌تی ” به‌بێ ئه‌وه‌ی مۆرکه چینایه‌تییه‌که‌ی له‌یادبێت و بتوانێت بۆ دیمه‌نی هه‌ر دیارده‌یه‌ک ره‌نگێکی گونجاو ده‌ستنیشان بکات ، که دوو تێڕوانینی سه‌رنجڕاکێشی تێدا هه‌یه :
1 — قسه‌کردن له‌باره‌ی جیهانی پاک و بێگه‌ردی ئه‌ده‌به‌وه .
2 — بڕوابوون به بوونی ” تیۆره بنه‌ڕه‌تی و بنچینه پته‌وه‌کانی جیهانی ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و بایه‌خدان و نرخاندن ” .
ئه‌م تێڕوانینه نیشانه‌یه‌کیتری به‌لاوه‌نانی مۆرکی چینایه‌تی ئه‌ده‌به‌و ، چاونووقاندنه له‌و راستییه‌ی که له‌م جیهانه‌دا ، نه جیهانی پاک و بێگه‌ردی ئه‌ده‌ب هه‌یه‌و ، نه چه‌ند قاڵبێکی داڕێژراوی گشتیی تیۆریی بنه‌ڕه‌تیی جیهانی ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخاندن ، چونکه راستییه‌کانی ئه‌م مه‌یدانه هه‌موویان نیسبین .
نیشانه‌کان
* ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه ، له کاتی خۆیدا به‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه بڵاو کرایه‌وه ، به‌ڵام لێره‌دا ده‌ستکاریم کردووه : ( لێکدانه‌وه‌یه‌کی درشت له‌به‌ر تیشکی ” چه‌ند ورده سه‌رنجێک له واقیعی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ” دا ) .
** بڕوانه ” لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه له بابه‌ت ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤێکی سه‌وداسه‌ری دواهه‌واڵی ئه‌م سه‌رده‌مه جه‌نجاڵه ” گۆڤاری ( نووسه‌ری کورد ) ژماره9 ، خولی یه‌که‌م ، ئابی 1973 . چیرۆکه‌که له نووسینی مامۆستا ( حسین عارف ) ه .
*** ” سه‌رنجێکی ره‌خنه‌گرانه له‌سه‌ر چیرۆکی ( ره‌نجی شانی جووتیارێک ) ” له هه‌فته‌نامه‌ی ( هاوکاری ) دا ساڵی 1975 یان 1976 بڵاوکراوه‌ته‌وه ، ئێستا ژماره‌و رۆژه‌که‌یم له‌به‌رده‌ستدا نییه ، چیرۆکه‌که له نووسینی مامۆستا ( سه‌لام مه‌نمی ) یه .
**** خۆشه‌ویستی له ” سێ وێنه‌و رێبوارێکی ماندوو ) دا ، بڕوانه گۆڤاری ( رۆشنبیری نوێ ) ، ژماره 68 حوزه‌یران و ته‌موزی 1978 . چیرۆکه‌که له نووسینی مامۆستا ( مسته‌فا ساڵح که‌ریم ) ه .
***** ” موچڕکه چیمان فێر ئه‌کات ؟! ” بڕوانه گۆڤاری ( به‌یان ) ، ژماره 52 تشرینی دووه‌می 1978 . چیرۆکه‌که له نووسینی کاک ( محه‌مه‌د موکری ) یه .
په‌راوێزه‌کان
1 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 9 ) ساڵی 4 ئه‌یلوولی 1943
2 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 11 ) ساڵی 4 تشرینی دووه‌می 1943
3 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 9 ) ساڵی 4 ئه‌یلوولی 1943
4 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 10 ) ساڵی 4 تشرینی یه‌که‌می 1943
5 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 2 ) ساڵی 4 شوباتی 1943
6 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 4 ) ساڵی 5 نیسانی 1944
7 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 5 ) ساڵی 5 مایسی 1944
8 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 6 ) ساڵی 5 حوزه‌یرانی 1944
9 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 1 ) ساڵی 5 کانوونی دوومی 1944
10 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 7 ) ساڵی 5 ته‌موزی 1944
11 — گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 9 ) ساڵی 5 ئه‌یلوولی 1944
تێبینییه‌کان
له خواره‌وه دوو تێبینی گۆڤاری ( نووسه‌ری کورد ) ده‌نووسمه‌وه که سه‌باره‌ت به دوو پێشنیاز ده‌رباره‌ی نه‌مانی پاداشت و بڵاوکردنه‌وه‌ی نووسین به‌بێ ناوی نووسه‌ره‌که‌ی ، له په‌راوێزی ئه‌م نووسینه‌دا ده‌ریانبڕیبوو . هه‌ردوو تێبینییه‌که پێچه‌وانه‌ی رایه‌کانی منن و هه‌تا ئێستاش له نێو نووسه‌ران و ئه‌دیباندا باو‌و په‌سه‌ندن . .ئه‌و کاته پێشنیازه‌کانی من بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی راده‌ی راستگۆیی ئه‌دیبان بوو ، سه‌نگی مه‌حه‌ک بوو خرایه به‌رده‌میان بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست له‌و پاره‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ک پاداشت بۆ نووسین ته‌رخانیکردبوو . ئه‌وساو ئێستاش پاداشت بۆ نووسین رۆڵێکی نه‌رێیانه‌ی له په‌روه‌رده‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی نووسه‌راندا هه‌یه و زۆر جار ده‌بێته هۆیه‌ک بۆ کڕینی نووسه‌ران ، یان ده‌بێته هۆیه‌ک بۆ مسۆگه‌رکردنی نووسین بۆ پڕکردنه‌وه‌ی گۆڤار‌و رۆژنامه لاوازه‌کان ، به‌تایبه‌تی گۆڤار‌و رۆژنامه حیزبی و حکومه‌تییه‌کان . ( فوئاد )
تێبینی یه‌که‌م :
” ئێمه لامان وایه تاوانی ئه‌م کاره‌ساته له ئه‌ستۆی پاره به نووسه‌راندانا نییه ، له ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌دایه که نووسه‌رو نووسینه‌کان هه‌ڵئه‌بژێرن و ئه‌و رێبازه‌ی له‌سه‌ری ئه‌ڕۆن که زیاتر بۆ پووچاندنه‌وه‌ی نووسینی باش و بڵاوکردنه‌وه‌ی نووسینی له هه‌موو روویه‌که‌وه کاڵ و کرچ دانراوه . ئه‌گینا نووسینیش ره‌نجه‌و هه‌موو خاوه‌ن ره‌نجێکیش ئه‌بێ پاداشی ره‌نجی خۆی وه‌رگرێ ” . ( نووسه‌ری کورد )
تێبینی دووه‌م :
” به‌رابه‌ر به‌م رایه‌ش ئێمه لامان وایه چاری گیروگرفته‌که له هه‌موو روویه‌که‌وه ، هه‌ر به‌وه‌یه ده‌زگا کولتوورییه‌کان به‌ده‌ست که‌سانی دڵسۆز‌و کارامه‌و لێهاتووه‌وه بن که سیاسه‌تێکی رۆشنی پێشکه‌وتنخوازیان هه‌بێ له‌سه‌ری بڕۆن که هاتنه‌دیی ئه‌مه‌ش مه‌رجی مه‌وزووعیی خۆی هه‌یه ، ئه‌گینا ئه‌م جۆره پێشنیاره میسالییانه له‌وه که‌م ده‌رفه‌تترن بتوانن باری ژیانی کولتووریمان راست بکه‌نه‌وه “ . ( نووسه‌ری کورد )
فوئاد قه‌ره‌داغی ، ( نووسه‌ری کورد ) گۆڤاری یه‌کێتیی نووسه‌رانی کورد ، ژماره 6 ، خولی دووه‌م ، شوباتی 1981 ، ل 28 — 61