Archive | تشرینی یه‌كه‌م, 2017

کەلتووری سووتاندن

30 تشرینی یەکەم

کەلتووری سووتاندن
سووتاندن کەلتورێکی سزادانە ، مرۆڤ بەرامبەر سەرپێچیی رێنماییەکانی ئایین ھەڕەشەی سووتاندنی لێکراوە . سووتاندن کەلتوری کۆمەڵگەی خێڵەکییە بۆ سزادان . کەلتوری تاکەکانی کۆمەڵگایە بۆ تۆڵەکردنەوە . کەلتوری سوتاندنی خەرمان و خانوو ، خۆسوتاندنی ژنان یان سوتاندنیان ، سوتاندنی بارەگاو دەزگاکانی راگەیاندن لەلایەن حزبە بەیەک نەیارەکانی کوردستانەوە ، سوتاندن دەکاتە کەلتورێکی “رەسەن ” و ” مۆدێرن ” ی کوردەواری لە سەدەی بیست و یەکەمدا . ( فوئاد قەرەداغی 29 – 10 – 2017 )

گوتاری شارچێتی

30 تشرینی یەکەم

گوتاری شارچێتی

گوتاری شارچێتی ، گوتارێکی دواکەوتووانەی عەشایەری و ئایدیای دەرەبەگییانەی خێڵە ، گوتارێکە دژ بە گوتاری ئینتیما بۆ نەتەوەو مرۆڤبوون . ( فوئاد قەرەداغی )*

یاوەر عەرەب : لەقەبەکەت شارچێتی نیە؟؟؟؟

راستە نازناوەکەی من ناوچەگەرێتییەو لە شارچێتیش پچوکترە . بەڵام دیدو روانگەی من بۆ ژیانی مرۆڤەکانی ئەم جیھانە ، تەنھاو تەنھا مرۆڤبوونە ، ئەم نازناوە سەردەمێک ھەڵمگرتووە کە سەردەمی عەقڵییەتی خێڵەکی بوو ، لە کەش وھەوای ئەم عەقڵییەتەی دەوروبەرمدا دەژیام ، بەم نازناوەوە سەدان وتارم نوسیوە ، کاتێک بە ھوشیارییەوە ویستم سنووری ئەو عەقڵییەتە ببەزێنم ، نەدەکرا بچمەوە سەرەتاو بەناوێکیدیکەوە خۆم بە خوێنەرانم بناسێنمەوە ، ئەگینا بە ھەموو ھۆشمەوە خوازیاری لابردنی ئەو نازناوەم ، لانیکەم بۆ ئەوەی ناوی باوکم بخەمە پاڵ ناوی خۆم ، ئەو باوکەی بە پێگەیاندمەوە زۆر ماندوو بوو بەڵام من لەم بوارەی نووسینەکانمدا فەرامۆشمکرد .
28 ی تشرینی یەکەمی 2017
*ئەم کۆمێنتەی سەرەوەم دەربارەی ( شارچێتی ) نووسی و لە فەیسبوک بڵاومکردەوە . ھاوڕێیەک بە ناوی ( یاوەر عەرەب ) کۆمێنتێکی نووسی ، تیایدا دەڵێت : ” لەقەبەکەت شارچێتی نییە ؟ ” دیارە پرسیارەکەی لە شوێنی خۆیدا بوو ، بۆیە ئەم روونکردنەوەیەم بۆ ئەوو ھەر کەسێکیدی نووسی کە ھەمان پرسیاری ھەبێت .

بەشێک لەمێژووی سیاسی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە چەند کۆمێنتێکدا

25 تشرینی یەکەم

بەشێک لەمێژووی سیاسی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە چەند کۆمێنتێکدا

دوابەدوای ئەوەی پەراوێزێکم بۆ کۆمێنتێکی خاتو پرشنگ مەمەند نووسی ، بەڕێزیان بە وتارێک وەڵامی پەراوێزەکەی دامەوە . بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆرنووسینەکەی بخوێننەوەو بەشداری تاووتوێکردنی ئەو مێژووە بکەن ، وەڵامەکەیم لە لاپەڕەکەی خۆمدا لە فەیسبوک بڵاوکردەوە .
ئەمڕۆ ( 23 -10 – 2017 ) ھاوڕێ پرشنگ بەشی دووەمی وتارەکەی بڵاوکردەوە ، منیش دەمودەست لەلای خۆم بڵاومکردەوە . لێرەدا بە پێویستمزانی ئاڵوگۆڕی چەند کۆمێنتی نێوان من و ھاوڕێم سەردار ئەمین پەخش بکەم بۆ ئەوەی ھاوڕێیانم بیبینن بەرلەوەی وەڵامێکی گشتگیری وتارەکانی پرشنگ خان بدەمەوە ، ھیوادارم ئەگەر وتارەکانی بەشی سێیەمی ھەیە ، بەر لە وتارە گشتگیرەکەم بڵاوی بکاتەوە . ( فوئاد قەرەداغی 23 – 10 – 2017 )

Sardar Amin
لەبەر ئەوەی بەندەش ئاگاداری ئەو سەردەمەیە کە هاوڕێم کاک فوئاد لە وەڵامی چەند کۆمێنتێکی خاتو پرشنگ مەمەندا هەندێک ڕونکردنەوەی سەر داوە، بۆیە هەندێک ڕاستی هەیە کە کاک فوئاد لە بیری چۆتەوە من بە یارمەتی هەموو لایەک راستی دەکەمەوە، کاک (عەبدوڵرحمان قەرەداخی) لە ١٨ مناگی ئایاری ٧٧ دا ئەمری گرتنی لە لایەن ئەمنەوە بۆ دەرچوو خۆشبەختانە نەگیرا، ئەوکاتە هاوڕێم عەبدولڕەحمان بەرپرسی یەکەمی ئەو ڕێکخراوە بوو کە ناوی (ڕێکخراوی مارکسی لینینی شیوعییەکانی کورد) بوو، هاوڕێم کاک فوئاد پەیڕەو پرۆگرامەکەی بۆ ئامادەکرد، پرشنگ خان ئەندامی ئەو ڕێکخراوە بوو، منیش و کاک زاهیریش هەر لە و ڕێکخراوەدا بووین، کە ئەو هاوڕێیە ناچار بوو خۆی بشارێتەوە لە بەر دۆخی ئەو کاتەی شار کە بە هۆی ئیعتیرافەکانی ( برایم حەسەنەوە) خراپ شێوابوو وە ئێمەش ئیمکانیاتی شاردنەوەیمان نەبوو بۆیە چووە ناو مەفرەزەکەی قیادەی مەرکەزی لە ناوچەئ قەرەداخ. ئێمەو قیادە زۆر دۆستی یەکدی بووین و نزیک بووین لە یەکەوە، هاوڕێ عەبدولڕەحمانیش زۆر هاریکاری دەکردن وە هەموو ڕیکخراوەکەی ئێمەی خستبووە خزمەتی قیادەوە، وە فیعلەن زۆر موعجیب بوو بە فازیلی مەلا مەحموودەوە، بەر لەوەی ڕێکخراوەکەی خۆمان دروەست کەین هەوڵی زۆردا کە بە کۆمەڵ بچینە ناو قیادەوە بەڵام ئێمە ڕێگری بووین، بە تایبەتی بەندە، بۆیە کاک ئەوڕەحمان ئەو کاتە لە قیادەدا نەبوو، بەڵکو بەرپرسی ڕێکخراوێکی تر بوو، نزیکەی یەک مانگیش لە ناو مەفرەزەکەی قیادەدا بوو چونکە قیادە دوای نزیکەی سێ مانگێک مەفرەزەکەیان هەڵوەشاندەوەو ئەو هاوڕێیەی ئێمەش گەڕایەوە شار، وە لە ئاخرو ئوخری مانگی ٧ی هەمانساڵدا وەک میوان لە گەڵ کەمالی حەمەڕەشدا چووە لای کۆمەڵە و لای ئارام بوو. بەڵام دواتر ]لە بەهاری ٨٨ دا بووکە بەشێک لەو برادەرانەی ئێمە کە عەبدولڕەحمان یەکێک بوو لێیان چوونە ناو قیادەوە بە بێ ئەوەی ئاگاداری بەشێکمان بکەن ..

Fuad Qeredaxi
ھاوڕێی ئازیزم کاک سەردار سوپاس بۆ زانیارییەکانت ، ھەروەھا بۆ بەبیرھێنانەوەی بەشێکی ئەو مێژووە .نووسینەکەی من بە تەحدید دەربارەی کۆمێنتەکانی پرشنگ خانە ، تەنھا یادەوەرییە نەک نووسینەوەی مێژوو ، یادوەرییەکانیش ئەوانەیە کە ئاگاداری بووم . ئەو بەسەرھاتانەی بەڕێزتان باسی دەکەن ئەو کاتە بوو کە من لە بەغدا بووم ، ئەو کاتە من پەیوەندیم بە ئێوەوە نەمابوو .دیارە ئاگاداریت لە ئایاری 1972 دا کۆبوونەوەیەکمان کرد ناوی کۆنفرانسمان لێنا ، رێکخراوێکمان دامەزراند بە ناوی ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق ) و ھاوڕێیان شەرەفی سکرتێری رێکخراوەکەیان بەمن سپارد . بەڵام ئەم رێکخراوە بەبنبەست گەیشت و ساڵی 1974 بە رەزامەندی زۆربەی ھاوڕێیان حەلمانکردو ھەر ھاوڕێیە لە ھەڵوێستی سیاسی ئایندەی سەرپشک کرا . من دوای حەلکردنی رێکخراوەکە دانیشتم و وازم لە کاری حیزبی ھێنا ، بەڵام ھاوڕێیانیدی بەبێ ئاگادارکردنم رێکخراوێکیدییان پێکھێنا ناوی عێراقەکەی رێکخراوی پێشوویان کرد بە ( کورد ) . پەیڕەووپرۆگرامی رێکخراوە عێراقییەکە من نووسیومە ئاگام لەوەیان نییە کە تۆ باسی دەکەیت ئیتر نازانم ھەمان پەیڕەوو پڕۆگرام بەکار ھاتبێت و وشەی عێراق تیادا کرابێت بە ( کورد ) وەک ناوی رێکخراوەکە .جارێکیدی سوپاستان دەکەم و ھیوادارم موتابەعەی نووسینەکانم لەسەر کۆمەڵە بکەیت چونکە وەک لەسەرەتای ئەم وتارەدا نووسیومە زۆر رووداو ھەیە دوای نیو سەدە قابیلی لەبیرچوونەوەن ھەر بژین .

دەربارەی رێکخراوی مارکسی لێنینییەکانی عێراق و کوردSardar Amin
هاوڕێم کاک فوئاد تۆ بۆخۆت باش دەزانیت کە من هەر لەسەرەتای ئەو دروستبوونی ئەو ناکۆکییەی ناو کۆمەڵە تیادابووم، وە ئاگاداری ڕوداوەکانی ئەو سەردەمە بووم بەڵام لە زۆر بە کەمی قسەم لەسەر کردووە، وە ئەگەر بە بیرت بێت کە من لە مێژە داوا لە تۆ دەکەم کە شتێک لە سەر کۆمەڵەو خۆمان بنوسیت بۆ ئەوەی وەک مێژووییەک بنوسرێتەوە، بەڵام کە ئیستاش ئەم بەشدارییەم کرد هەر بۆ ساخکردنەوەی ئەو مێژووەیەو بەس. لێرەشدا هەر لەم سونگەیەوە بەیارمەتی هەمووتان دەبێت هەندێک ڕونکردنەوەی تر بەدەم. هاوڕێ فوئاد ڕێکخراوی مارکسی لینینی شیوعییەکانی عێراق لە هاوینی ساڵی ١٩٧٣ دا هەڵوەشایەوە نەک ٧٤. دوای هەڵوەشاندنەی ڕێکخراوەکە ئەوەبوو بەشێک لەو برادەرانە پێکەوە ماینەوە وە چەند برادەرێکی تریشمان پەیدا کردوو بەردەوام کە لێردا جێگەی ئەوە نییە ناوییان بهێنم، باش لە بیرمە کە لە پایزی ساڵی ٧٦ دا تۆ لە نزیک کەرکوک توشی حادیسەیەکی ئوتومبیل بویت و ئازاری زۆر بە جەستەت گەیشتبوو وەماوەیەک لە ماڵی باوکت لە سلێمانی مایتەوە تا چاک بویتەوە، لەم حادیسەیەدا هاوڕێ عەبدولڕەعمان زۆر بەدەمتەوە بوو، هەر لەو دەمەدا بوو کە( ڕێکخراوی مارکسی لینینی شیوعییەکانی کورد) مان دامەزراند، هیچ کونفرانس و کۆبوونەوەمان بۆ نەکەرد چونکە پەیوەندی ئێمە هەر وەک سەردەمی ڕێکخراوی یەکەم بوو . ئێمە هەر وەک ئەوەی ڕێکخراوی یەکەممان مابێت بەو شێوەیە لە پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی و هاوڕێیەتیدا بوین، هەر بۆیەش هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکەم نەکرا، بیرمە کاک عەبدوڵڕەحمان رۆژێکیان ووتی ئەوە ریکخراوەکەمان دروستکردەوە، وە پەیڕەوو پرۆگرامەکەشی ئەمەیەو کاک فۆئاد نوسیوێتی، بەڵام لە بەر ئەوەی کاک فۆئاد لە چەند ڕۆژێکی تردا دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد، ئەو پێی باشە کە تەنها لە ڕێگەی ئەوەوە پەیوەندی پێمانەوە هەبێت وە وەعدی داوە هەموو هاوکارییەکمان بکات لە ڕوی نوسینەوە. جا ئەگەر ئەمە وەک تۆ دەیڵێت وا نەبێت ئەوە بۆ خۆی پرسیارە؟ و ساغیش نابێتەوە چونکە کاک عەبدولڕەحمان لە دونیادا نەماوە. بەڵام ئەبێ ئەوە بڵێم کە دەستورەکە تەنها وەک تۆ ووتووتە هەر وەک دەستوری ڕێکخراوی یەکەم بوو، بەڵام هەموو ئەو وەسیقانەی کە پەیوەندی بە ڕێکخراوی (مارکسی لینینی شیوعییەکانی عێراقەوە) هە بوو لە گەڵ ئەو نامانەی مام جەلالدا، ماوەیەک لای من بوون بەڵام دواتر کەمن لە مانگی ٩ ساڵی ٧٣ دا تەعین بووم و چوم بۆ ناوچەی پشدەر هەموو ئەو شتانەم ڕادەستی کاک عەبدولڕەحمان کردوو، ئەویش دابووی بە باوکی کە ماڵی لە شارۆچکەی قەرەداخ بوو، بەڵام هەزار خەسار کە شەڕ بوویەوە لە ٧٤ دا جاشی بادینانی شتەکان لە ماڵی حاجی مەلا سەدیقی باوکی کاک عەبدولرحمان دەدۆزنەوە، بەڵام خۆشبەختانە خوێندەوارییان نابێت و مەلا سەدیقیش لییان دەپاڕێتەوە کە ئەوشتانە سەنەدی مڵک و ماڵ و قەزوقۆڵەیە بۆیە دەیدەنەوە دەستی.، ئەویش هەر یەکسەر دوای ئەوەی جاشەکان ماڵەکە بەجێ دەهێڵن هەمووی لە تونی حەمامەکەیاندا دەسوتێنێت. هاوڕێم کاک فوئاد من هەتا ئیستا بە شاهێدی زۆر کەس زاکیرەم زۆر باشە. خۆشەویستیم قەبووڵ بکەن.

Fuad Qeredaxi
ھاوڕێ سەرداری ئازیز من زۆر سوپاست دەکەم ، بەم کۆمێنتەی دواییت چەند شتێکیت بەبیر ھێنامەوە .من دڵنیام زاکیرەت باشە ، منیش ھێشتا زاکیرەم لەدەستنەداوە .من جەختدەکەمەوە کە ئەندامی ( رێکخراوی مارکسی لێنینی کورد ) نەبووم ، کەسیش ئەو کاتە لەلای من باسی نەکرد ، نازانم بۆ؟ رەنگەھاوڕێیانیدی بتوانن یارمەتیمان بۆ ساخکردنەوەی ئەمە بدەن . من لەگەڵ تەواوی کۆمێنتەکەتدام تەنھا بەرواری حەلکردنی رێکخراوەکە نەبێت کە من پیموایە ساڵی 1974 بوو پێش دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کوردستاندا ، ئەگەر کەسی سێیەم نەبوو ئەمە راستبکاتەوە ئەوە من ئەوەی تۆ قبووڵ دەکەم کە ساڵی 1973 بووە . . ئەو کاتەشی لە جێدا کەوتبووم حادیسەی سەیارەم بەسەردا ھاتبوو ، خوێن لە ھەردوو لاقمدا خەست بوو بووەوە دکتۆر عیلاجی تەبیعی بۆ دانابووم رۆژی سێ جار کەسمان دەستنەکەوت بتوانێت رۆژی سێ جار بێت بۆیە عەبدولڕەحمان بەیانیان کە دەچوو بۆ دەوام دەھات ، نیوەڕوان کەلە دەوام دەگەڕایەوە دەھات ، شەوانیش جارێکیدی دەھات و عیلاج تەبیعی بۆ دەکردم .واتە ئەو پەیوەندی و ھاتوچۆیە ھاوسۆزیی بیروباوەڕمانی تێدابوو ،بەبێ ئەوەی پەیوەندی حیزبی لە نێوانماندا ھەبێت . بۆ دامەزراندنی رێکخراوی یەکەمیان ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق ) کۆبوونەوەیەکی فراوانمان کرد ، ناومانلێنا ( کۆنفرانس ) بەرنامەو پێڕەومان تیادا موناقەشەکرد ، کۆمیتەی سەرکردایەتیشمان بە کۆی دەنگ بڕیاردا . ئەم کۆنفرانسە تۆی تێدا نەبووی ، بانگنەکرابووی ، ئەگەرچی ھاوڕێمان بوویت و ئاگات لەکارکردنمان ھەبوو ، لەسەر بانگنەکردنت مشتومرێک دروستبوو ، سەرەنجام منیان راسپارد پێش دوا دانیشتن تۆ ببینم و ئەوەی لە کۆنفرانسدا کراوە بۆتی باسبکەم ، ئەوەبوو دووەم رۆژی کۆنفرانسەکە 2 – 5 – 1972 تۆم بینی و ھەڵوێستێکی ئیجابیت نواندو لەسەر ئەوەی کردوومانە لە کۆنفرانسدا رازی بوویت و دوای ئەو رۆژە ئیتر ھەموومان دەست بەکاربووین .ئەو ئەوراقانەی لەلای عەبدولڕەحمان بوو ھی مامجەلال نەبوو ، ھی رێکخستنەکەی خۆمان بوو لەگەڵ چەند نامیلکەیەکی دەستنووس . ئەو نامیلکانە من بۆ رێکخستنم نووسیبوو ، ئەوەی لەیادمدا مابێت ئەمانە بوون ( 1 – چۆن حزبێکمان دەوێ ؟ 2 – بۆچی لە کۆمەڵە جیابووینەوە 3 -کاری جەماوەری لە لادێکان و گەڕەکەھەژارەکانی شاردا 4 – دەربارەی خۆماڵیکردنی نەوت ، 5 – چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لەبەرتیشکی بیروباوەڕی ماوسیتۆنگ 6 – ھەوڵی کودەتاکەی لین بیاو لەچین و.. یەک دوو نووسیندیکە بوون ئێستا بیرم ناکەوێتەوە .

Sardar Amin

هاوڕێ فوئاد ١. ڕێکخراوی (م ل ش ع) ساڵێک و یەک دوو مانگ تەمەنی بوو دواتر بەهۆی چەند بیانویەکەوە کە ئێرە شوێنی باسکردنی نییە هەڵوەشایەوە، شەڕ لە مانگی سێی ٧٤هەڵگیرسایەوە. ٢. قسەی تۆیە من بەشداری کونفراسی دامەزاندنیم نەکرد بەو هۆکارەی کە من جگە لە هاوڕێ عەبدولڕەحمان کەسی ترم نەدەناسی لەو هاوڕێیانەش منیان نەدەناسی، ئەوەشم باش لە بیرە کە تۆ منت لە ماڵی هاوڕێ عەبدولڕەحمان بینی.٣. ئەو شتانەش کە زیتر لە ٦ مانگ لای من بوون بە هیچ شێوەیەک تەماشام نەکردبوون، چونکە نە ئەبوو تەماشایان کەم بەڵام کاک عەدولڕەعمان باسی لەوە کرد کە یەک دوو نامە لە نێوان ئێوەو مام جەلالدا ئاڵ و گۆڕ کرابوو کە لە ناو ئەو شتانەدابووە، ئەمە قسەی کاک عەبدولڕحمان بوو.٤. دەربارەی پەیوەندی تۆ بە ڕێکخراوی دووهەمەوە(م ل ش ك) من هەر پشت بە قسەی کاک عەبدوڵڕەحمان دەبەستم کە ئەوی ڕاستی بێت شتی زیاتریشە کە ئیرە جێگەی نییە بیڵێم، سەرچاوەی زانیارییەکانی من ئەوەو ئەویش نەماوە.

Fuad Qeredaxi
ھاوڕێ سەردار من موتمانەم بە خۆت وەک شەخس ھەیە دڵنیاشم کە زاکیرەت باشە ، بۆیە وەھا بۆی دەچم کە عەبدولڕەحمان ویستبێتی ھەمو شتێک نەڵێت وەک پاراستنی نھێنی ، رەنگە وا بیری کردبێتەوە .بەھەر حاڵ ئەو لەژیاندا نەماوە ئیتر باوەڕکردن بە قسەکانی من بۆ تۆ دەکەوێتە سەر موتمانەو ھەڵسەنگاندنی من بە درێژایی چل ساڵ زێتر .لەڕاستیدا زۆر سوودم لە کۆمێنتەکانت وەرگرت و لەداھاتووشدا بۆ خزمەت بە نووسینەوەی ئەو مێژووە ھەرچییەکمان بیرکەوتەوە یەکتری لێ بێبەش ناکەین . ھەر بژین .

Sardar Amin
هاوڕێ فوئاد منیش موتمانەم بە تۆ هەیە، بریا لە کاتیخۆیدا ئەو مێژووە بنوسرایەتەوە. شەوێكی شاد.

Sardar Amin
بە یارمەتی ئێوە تەنها بۆ مێژوو لە سەر (ئارام)! ئارام لەسەر قسەی کاک ئاوات قرەمانی دوو جار هاتووتە ناوچەی قەرداغ لە کاتی چوونەدەرەوەکەیدا تا شەهید بوونی، جاری یەکەم لە سەرتای ساڵی ١٩٧٧دا پاش ماوەیەک جەولەکردن و دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی شارباأێڕ، جاری دووهەم لە نیوەی دوومەی هەمانساڵداو ئیتر هەر لە قەرەداغ دەبێت تا شەهید دەکرێت. لە جاری یەکەمیاندا لە گەڵ مەفرەزەیەکدا هاتنە گوندی سیوسێنان، ئەو دەم منیش لەوێ مامۆستا بووم و ئەندامی (ڕێکخراوی مارکسی لینینی شویعییەکانی کورد) بووم لە هەمانکاتدا مامۆستایەکی تریش بە ناوی (عومەر مەلا عەزیز) کە ئیستا لە سوید دەژی ئەندامی هەمان ڕێکخراو بوو، ئێمە بڕوامان بە عێراقێتی خەباتی کۆمەنیستی هە بوو وە خەباتیشمان دەکرد وەک دەستەیەک یان گروثێک بۆ دروستکردنەوەی پارتی کۆمەنیستی عێراقی، مەسەلەی عێراقی بوون و کوردستانی بوون بابەتێکی گەرمی گفتوگۆی نێوان ئێمەو (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانی) بوو، بۆیە هەر کە زانیمان (ئارام) لە ناو ئەو پۆلە پێشمەرگەدایە، دراوسێیەکمان هە بوو بە ناوی ( کاک شێخ باهیر)ەوە داوام ڵیکرد کە بچێت بۆ لای پێشمەرگەکان کە لە دەوری سەرئاو مزگەوتەکە بوون و پرسیاری (ئارام) بکات و داوای لێبکات بۆ نانی ئیوارە بچێت بۆ ماڵی ئەوان بۆ نان خواردن، ئەویش قەبوڵی کردبوو، کە ئێوارە داهات ئێمەش چووین بۆ ماڵی کاک (شێخ باهیر)، ئارام تەنها نەبوو بەڵکو ( سیروان تاڵەبانیشی )لە گەڵدا بوو، قسەوباسمان دەست پێکردوو گەیشتینە سەر ناکۆکی نیوان ئەو دوو تەوژمە( کوردستانی و عێراقی) زۆرمان قسە کرد، ئەدیلەو بیانووەکانی ئێمە زۆر بە هێزتر بوو لەوەی ئەوان، لە کۆتایدا ( ئارام ) ئەمەی ووت منیش بە ئامانەتی مێژوییەوە وەک خۆی دەینوسمەوە وە هاوڕێ (عومەر)یش شاهێد حاڵە ومنیش وەک ئامانەتێکی مێژوی وەک خۆی دەینوسمەوە، ووتی هاوڕێیان” منیش وەک ئێوە بڕوام بە بەوەیە کە دەبێت عێراقی بێت، بەڵام تازە ئێمە داومانەتە شاخ و خەباتی چەکداریمان دەست داوەتێ کار لە کار ترازاوە، نکرێ بچێنەوە شارو دانیشین چاوەڕێ کەین تا ئەو حیزبە عێراقییە دروست دەبێت، بەڵام وەعدبێت کەی ڕێکخراوێکی مارکسی لە خواروی عێراق دروست بوو ئێمە هیچ کێشەیەکمان نابێت و لە گەڵیانا یەک دەگرین”. لە کاتی خۆیدا ئەم حیکایەتەم بۆ هاوڕێکانی ترم گێڕایەوە. هەر بژین.

پەراوێزێک بۆ کۆمێنتەکانی خاتو پرشنگ مەمەند

20 تشرینی یەکەم

پەراوێزێک بۆ کۆمێنتەکانی خاتو پرشنگ مەمەند
فوئاد قەرەداغی

ھاوڕێ ( ئەنوەر نوری ) وتارێکی بەناونیشانی ” ئایا کۆمەڵە یەکێتی بوو ؟ ” لە فەیسبوکدا بڵاوکردۆتەوە . ھاوڕێی دێرینی کۆمەڵە خاتو ( پرشنگ مەمەند ) چەند کۆمێنتێکی لەسەر نووسیوە ، لەنێوان نووسینەکەیدا دوو جار داوای لێکردووم ھەندێک لە زانیارییەکانی پشتڕاستبکەمەوە ، بۆیە بەم پەراوێزانە بەشداریی تاووتوێی کۆمێنتەکانی دەکەم .
سەرەتا راستییەک ھەیە دەبێت لەبەرچاوبگیرێت ، ئەوەش ئەگەری بیرچوونەوەی بەشێک لە زانیارییەکانە لای ھەموومان، وەک ھەڵسوڕاوانی سەروبەندی دامەزراندنی کۆمەڵە ، سەبارەت بەوەی نزیکەی نیوسەدە لەنێوان ئەو کاتەو ئێستادا ھەیەو ، ھیچ دۆکیۆمێنتێکی نوسراوی ئەو سەردەمەش لەبەر دەستماندا نییە . بۆیە ھاوکاریکردنمان گرنگیی خۆی ھەیە بۆ نووسینەوەیەکی راستگۆیانەی ئەو مێژووە .
بۆ ئەوەی تێبینی و سەرنجەکانیشم وردو دیاریکراوبن ، سەرەتا کۆمێنتەکانی ھاوڕی پرشنگ دەنووسم .
پرشنگ : ” کۆمەلە ھەرگیز یەکیەتی نەبوەو یەکیەتی دوای کۆمەلە دروست بوە و نە مام و نە کاک نەوشیروان ھیچیان لە دامەزراندنی کۆمەلەدا نە بوون کاک نەوشیروان زۆر دوای دروست بوونی کۆمەلە ھاتۆتەوە کوردستان لە ٦٧ ، ٦٨ دا دوا رۆژی کۆنفرانسی قوتابیان کاک نەوشیروان رۆشت بۆ خۆێندن بۆ نمساولە مانگی یانزەی ٧٦دا بوو وائەزانم ھاتەوە سالەکەی لای کاک فوئاد قەرەداخی یە ” .
فوئاد : کۆمەڵە سەرەتا یەکێتی نەبوو ، بەڵام دوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، بووە بەشێکی ئەکتیڤ و کاریگەر لەو رێکخستنە بەرەییەدا .
نەوشیروان مستەفا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵە نەبوو ، بەڵام مامجەلال ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو یەکەم سکرتێری کۆمەڵە بوو .
نەوشیروان مستەفا کاتی دامەزراندنی کۆمەڵە ( ساڵی 1970 ) لێرە بوو ، دواتر بۆ خوێندن چوو بۆ نەمساو لە کۆتایی حەفتاکاندا وەک سکرتێری کۆمەڵەو فەرماندەیەکی پێشمەرگە گەڕایەوە .
پرشنگ : ” کاک عبدالرحمان ھەرگیز وەک بیر لە گەل کۆمەڵە نەبوو ….

کاک ئاوات رۆژیک چوو بە گژ کاک عبدالرحمان داو ووتی تۆ راست ناکەیت عیراقیت بۆ دێیت بۆ کۆبونەوەی ئێمە بە جاسوس و شت لە قەلەمیان دا ، خۆشی اعترافی کرد پۆ من.ئەوو عیراقیەکان زۆر ئەیان ویست کە ببمە عیراقی و دوایی ووتی ئاوات راستی کردوە من کۆمەڵە نەبووم بەلکو ویستومە تۆ بگۆرم واز لە کۆمەلە بێنیت ” .
فوئاد : لەم کۆمێنتەدا ھیچ بەروارێک دیارینەکراوە ، دوو ماوە تێکەڵکراون . یەکەمیان کاتی ململانێی ” عێراقی و کوردستانی ” نێو کۆمەڵەیە ، دووەمیان دوای دەرچوونی ” عێراق ” ییەکانە لە کۆمەڵە .
عەبدولڕەحمان قەرەداخی ، ھەڵسوڕاوێکی چالاکی کۆمەڵە بوو ، باوەڕی بە مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوەڕی ماوسیتۆنگ ھەبوو ، واتە ئایدیای ئەو ئایدیای کۆمەڵە بوو . دواتر کە ناکۆکی لەسەر رێکخستنی نەتەوەیی یان ئینتەرناسیۆنالیستی ( کوردستانی یان عێراقی ) دروستبوو ، عەبدولڕەحمان چەند مانگێک مشتومڕی لەگەڵ ھەردوو لایەنی ناکۆکییەکە دەکرد ، تا لە کۆتاییدا بەلای ” عێراقی ” دا ھات .
ئاوات ” کوردستانی ” بوو بۆیە عەبدولڕەحمان وەک ” عێراقی ” موناقەشەی دەکرد ، لەگەڵ ھاوڕێیانی ” عێراقی “شدا وەک ” کوردستانی ” موناقەشەی دەکرد . ئەوە شێوازێکی تایبەت بەخۆی بوو تا فیکری خۆی ساخبکاتەوە .
عەبدولڕەحمان کەسێکی پاکی راستگۆ بوو ، زمان و دڵی یەکبوون ، دڵنیام ھەر بەو شێوازە مشتومڕی لەگەڵ خاتو پرشنگ کردووە . دوای ئینتیماشی بۆ ھاوڕێ ” عێراقی ” یەکان ، بۆ یەکجاریش ھەوڵینەداوە ئەندامێکی کۆمەڵە بۆ ڕێکخستنی ئەو کاتەی ” عێراقی “یەکان رابکێشێت .
پرشنگ : ” کاک عبدالرحمان زۆر گۆێ رایەڵی فازیلی ملا محمود بوو ” .
فوئاد : دیسان لێرەدا بەرواری دیارینەکردووە . بەڵام بە مەزەندەی من چەند ساڵێک دواترە . ئەوکاتەیە کە ھەردووکیان پێکەوە لە رێکخستنی ” وحدة القاعدة ” ی ” قیادەی مەرکەزی ” کاریاندەکرد و لە مەفرەزەکەی قیادەدا بوون لە ناوچەی قەرەداغ ، پێش ئەوەی عەبدولڕەحمان بە مەفرەزەکەی ئارام – ەوە پەیوەست بێت .
بوونی دوو کەس لە رێکخستنێکی سیاسی و رێکخراوێکی عەسکەریدا ، بەتایبەتی یەکێکیان بەرپرسیارێتی زێتر بێت ، گوێڕایەلیی دەبێتە یەکێک لە میکانیزمەکانی پەیوەندی رێکخراوەیی . دڵنیام رەخنەگرتنیش میکانیزمێکی دیکەی پەیوەندی نێوان فازیل و عەبدولڕەحمان بووە .
عەبدولڕەحمان تێکۆشەرێکی رووناکبیرو ھوشیاربوو ، خاوەنی پرسیاربوو ، رەخنەگرێکی وردو وریابوو ، بۆیە “گوێڕایەڵی”یەکەشی ھوشیارانە بووە .
کاک عبدالرحمان قیادە بوو ، نە کۆمەلە و نە بەدل لە مەفرەزەکەدا بوە .. پرشنگ : ”
فازیل زۆر لە ژێر کاریگەری خزمێکی قیادەیا بوو برادەری ھەیە کە وا ئەزانێت فازیل ھەر قیادە بوە لە ئەوەل تا اخر . بەلام من یەقینم کە لە لایەن ئەوەوە عیراقی دروست بوو!! ”
فوئاد : راستە عەبدولڕەحمان کاتی پێکھێنانی مەفرەزەکەی قیادە لە رێکخستنی ” وحدة القاعدة “دا بوو ، ئەو کاتە دەمێک بوو کۆمەڵەی بەجێھێشتبوو ، دوا جاریش بەر لەوەی بۆ دەرەوە بڕوات وەک کەسێکی سەربەخۆ لە مەفرەزەکەی ئارام – دا بوو .
فازیل کەسێکی رۆشنبیرو ھوشیاربوو ، دوای جیابوونەوەی لە کۆمەڵە ، ئارەزوومەندانە قیادەی مەرکەزی بۆ درێژەدان بە خەبات ھەڵبژارد . ئەو ھاوڕێیانەی لەگەڵ ئەودا لە کۆمەڵە جیابوونەوە رێکخستنێکی ماویستی نوێیان دامەزراند ، فازیل لەو رێکخستنەدا نەبوو .
دەربارەی ئەوەی فازیل “عێراقی ” دروستکردبێت ، لایەنێکی راستیی تێدایە بەوەی سەرەتا ھێشتا لە کۆمەڵەدا ململانێی کوردستانی و عێراقی یەکلایەنی نەبووبووەوە ئەو کاری بۆ فیکری خۆی دەکردو دواتریش ھەر بەو ئاڕاستەیەدا وەک ئەندامێکی قیادەی مەرکەزی کاریدەکرد ، ھاوڕێکانیشی کە رێکخستنێکی ماویستی نوێیان پێکھێنا ، ھەر بە ئاڕاستەی “عێراقیبوونی رێکخستن “ەکەیان کاریاندەکرد .
خاتو پرشنگ لە درێژەی کۆمێنتەکەیدا دەڵێت : ” ئەوە بوو دوا بەدوای ئەویش ( مەبەستی مامجەلال-ە ) کاک نەوشیروان ھاتەوە ھاتنەوەی ھەردوکیان بوە ھۆی گیران و شەھید بوونی مامۆستا عزیز و ھاورێ ڤەھمی قەرەداخی لە بەر ئەوەی چو بۆ بەخێرھاتنەوەی ، ھەرچەند رۆژێک پێش ئەوەی بچێت بۆ لای کاک نەوشیروان ھات بۆ مالەوە بۆ لام ووتی کاک نەوشیروان گەراوەتەوە لە ھەندەران بەیانی ئەچم بۆ لای !! بەراستی من زۆرم پێ ناخۆش بوو بچێت وەک خوشکێکی خۆی ھەستامو دام بە سنگما ووتم نەچیت بەعس ئەت گرێت : لە وەلاما ووتی بەعس نازانێ ووتم لە ھەموو شۆێنێک جاسوسی ھەیە ووتی من ئەچم بۆ بناوەسووتە کەس نازانێ کە لەوێ یە بە داخەوە چوو لە گەرانەوەیدا بۆ سەر ئیشەکەی لە ھەولێر یەکەم رۆژی گەرانەوەی اختیال کراو شەھید بوو ” .
فوئاد : لە راستیدا ھاتنەوەی مامجەلال و نەوشیروان ھۆکاری شەھیدبوونی مامۆستا عەزیزو فەھمی قەرەداخی نەبوو . مامۆستا عەزیز لە ناو شاری سلێمانی دەستگیرکراو لە زیندانە بەدناوەکەی موصل لە سێدارە درا .
ھۆکاری دەستگیرکردن و شەھیدکردنی فەھمی قەرەداخی تا ئێستا نازانرێت چونکە لەو کاتەوە بێسەروشوێنەو کەس نەیبینیوەتەوە . بەڵام پێش کەمتر لە ساڵێک شوێنی کارەکەی بۆ ھەولێر گواستەوە ، ئەو کاتە پەیتا پەیتا ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆمەڵە ھەبوو .
لە مانگی تەموزی 1980 دا ، لەھێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی بەعسدا بۆ سەربارەگاکانی پێشمەرگە لە ( تووژەڵە ) بورھان مستەفا (فەرھاد ) ئامۆزای فەھمی و ھاوسەرەکەی ، ھەروەھا پێشمەرگەیەکیدی بەردەکەون و شەھید دەبن .دوای تێپەڕبوونی زێتر لە مانگێک ھەلێک دەرەخسێت بۆ ھێنانەوەی تەرمەکەی . فەھمی و چەند کەسێکی نزیکی شەھید فەرھاد دەچن بۆ ” قەڵادزێ ” و لەوێوە بۆ ” تووژەڵە ” ، ئەو شەوە فەھمی لە میوانداریی نەوشیروان مستەفادا دەبێت تا تەرمەکەی ” فەرھاد ” لە گۆڕ دەردەھێننەوەو ئامادە دەکەن . دوای ئەوە نەوشیروان بەڕێیان دەکات و ، تا نزیک قەڵادزێ مەفرەزەیەکی پێشمەرگەیان لەگەڵدا دەنێرێت .
فەھمی لە 29 – 11 – 1980 دا لە فەرمانگەکەی خۆیدا ، لە ھەولێر دەستگیر دەکرێت ، واتە چەند مانگێک دوای ئەو چوونەی بۆ تووژەڵەو بینینی نەوشیروان ، ئیتر بەو ھۆیەوە دەستگیرکراوە یان نە ؟ تا ئێستا نازانرێت . کەواتە فەھمی ئیغتیال نەکراوە و نازانرێت لە زینداندا ئەشکەنجەدراوەو لەژێر ئەشکەنجەدا دەرنەچووە یان لە سێدارەدراوەو بێسەرو شوێنکراوە !
خاتو پرشنگ لە وەڵامی کۆمێنتێکی کاک جیھاد محەمەد کەریم – دا دەربارەی رێکخراوی ( وحدة القاعدة ) دەڵێت : ” زۆر سوپاس من رەنگە ئەمە دوەم جار بێت ناوی وەحدە القاعدەم بیستوە ” دواتر جەخت لەوە دەکاتەوەو دەڵێت : ” بروا بکە من ئەو ناوەم نەبیستوە تا پار لەگەل برادەریکا باسی ئەو بابەتانەمان کرد . ”
فوئاد : بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە خاتو پرشنگ ناوی (وحدة القاعدة ) ی نەبیستبێ ، یان باسێکی ئەو رێکخراوەی لە ئەدەبیاتی چەپی ئەم سیی بۆ چل ساڵەدا نەدیبێت ! بەتایبەتی ماڵەکەی ئەو بنکەیەکی سەرەکی چالاکییەکانی ( وحدة القاعدة ) بوو ، من بۆ خۆم دوو جار لەماڵی ئەواندا چاوم بە فازیلی مەڵا مەحمود کەوت ئەو کاتەی موختەفی بوو .
لە کۆتاییدا سوپاسی خاتو پرشنگ دەکەم کە ئەم دەرفەتەی رەخساند بۆ روونکردنەوەی گۆشەیەکی ئەو مێژووەی پەیوەندی بە کۆمەڵەوە ھەیە .
فوئاد قەرەداغی
تشرینی یەکەمی 2017

سەربەخۆیی ماف وگوتار و پڕۆژەی ھەنووکەیی وھەمیشەییە بۆ رزگاری کورد

18 تشرینی یەکەم

سەربەخۆیی
ماف وگوتار و پڕۆژەی ھەنووکەیی وھەمیشەییە بۆ رزگاری کورد
فوئاد قەرەداغی
حەیدەر عەبادی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق ، لە لێدوانێکدا ، ئاماژەی بە ریفراندۆمەکەی 25 ی ئەیلولی 2017 و دەرەنجامەکەی کردو ، وەک پرۆسەیەکی بەسەرچووی رابردوو ناویھێنا .
ئەم لێدوانەی عەبادی دوای ھێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و ، داگیرکردنەوەی کەرکوک و دوز و ئەو ناوچانەی کوردستان بوو کە لە چنگی داعش رزگارکرابوون .وو
ئەم لێدوانە بەرەنجامی گەشکەیەکی سیاسی کاتیی سیستمی عێراقە سەبارەت بە سەرنەکەوتنی ریفراندۆمەکەی بارزانی و پڕۆژەکەی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان .
راستە پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کاتەکەی گونجاو نەبوو ، رەھەندێکی بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی ھەبوو ، کاڵفامیی سیاسی و نەشارەزایی ھونەری دیپلۆماتی پێوەدیاربوو ، کاریگەرێتی عینادی عەشایەری لەسەربوو ، بەڵام ناوەرۆکی پڕۆسەکە (سەربەخۆیی ) نە بەسەردەچێت ، نە دەبێتە بەشێک لە رابردوو ، بەڵکو وەک گوتاری سەرەکی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەوە خەونی لە مێژینەی خەڵکی ستەملێکراوی کوردە ، بەرنامەی بزووتنەوەکەیەتی ، مافێکی بێچەندوچوونی رەواو سەلمێنراوی جیھانییە بۆ گەلان و ، ھیچ گێژەڵووکەیەکی شۆڤێنیستی ناتوانێت لە رەوتی مێژوویی خۆی لایبدات و سەرەڕێی بەدیھێنانی بگرێت .
فوئاد قەرەداغی
18 – 10 – 2017

کوردو شکستەکەی کەرکوک

18 تشرینی یەکەم

کوردو شکستەکەی کەرکوک
فوئاد قەرەداغی

16 ی تشرینی یەکەمی 2017 ، رۆژی وەرچەرخاندنێکی مێژوویی بوو . رۆژی شکستی سیاسی و عەسکەریی دەسەڵاتی کوردی بوو لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان . بەم شکستە ، قۆناغێکی مێژووی باشووری کوردستان پێچرایەوەو ، قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد . ئایدیۆلۆژی و سیاسەت و بەرنامەو گوتاری نەتەوەیی ، تەواوی حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی “ھەرێم ” ، بە سەرەکی و لاوەکی و ، رەسمی و ناڕەسمییەوە ، لەڕووی مێژووییەوە ، کەوتن وکۆتاییانھات و بوونە رابردوو ، بۆیە دەبێت ئەو رابردووە بەجێبھێڵرێت . ئیدی سەرکەوتنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد پێویستیی بە ئەلتەرناتیڤێکی نوێ ھەیە . بەبێ ئەوە بزووتنەوەکە ھەر لەم گێژاوەی ئێستایدا دەخولێتەوە .
رایەک بۆ مێژوو : فوئاد قەرەداغی 17 – 10- 2017

مامجەلال کۆچی دوایی کرد

4 تشرینی یەکەم

ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا ، مامجەلال : سەرکردەو رابەری ھەرە ناسراوی زێتر لە نیو سەدەی بزوتنەوەی نەتەوایەتیی کورد کۆچی دوایی کرد . مەرگی مامجەلال ، لە سایەی ئەو ھەلومەرجە سیاسییە ئاڵۆزەی ئێستادا ، کەلێنێکی گەورە دەخاتە نێو رەوتی ئەو بزوتنەوەیەوە . لە ئەمڕۆوە قۆناغێکی نوێی ئەم بزافە دەستپێدەکات ، ناکۆکییەکان ، دەستەگەرییەکان ، ململانێکان بەردەوام دەبن و ، دەچنە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی مەیلە کۆنەپارێزو دواکەوتووەکانی کوردستانەوە . ( فوئاد قەرەداغی 3 – 10 – 2017 )

قەدەری خۆشەویستییەک

4 تشرینی یەکەم

قەدەری خۆشەویستییەک
فوئاد قەرەداغی

من تائێستا بە یاساکانی قەدەر
ئاشنا نیم
یارییەکانی قەدەر
رۆژانە تێدەپەڕن و
ھێشتا ئەز
دەستەمۆیان نیم
ئەوی رۆژەی
چرۆی خۆشەویستیت پشکووت
ویستم ئەڤینی تۆ
قەدەرم بێت
ئەڤینەکەم
قەدەرت بێت
ھەردووک نۆشی عەشقێک بکەین
تەنھا قەدەر پێیبزانێ و
شایەتحاڵی
دوا خاڵبەندیی
وشەو رستەو
پیتە بێکۆتاییەکانی بێت
****************
دەڵێن قەدەر
لە توێی خۆیدا
پەنھانێکان ھەڵدەگرێت و
ئیرادەی عیشق زەوتدەکات
دەڵێن قەدەر
لەم دەڤەرە باڵادەستەو
خەون و ھیوای
خۆشەویستی
لەناو دەبات
بە زیندوویی
تەرمی نامۆت
بەڕێدەکات
**************
خۆشەویستم
نەمانتوانی
قەدەر رامکەین
نەمانتوانی
ئیرادەی ئەڤینمان
زاڵکەین
نەمانتوانی
لەگەمەی قەدەری خۆمان
راکەین
*****************
خۆشەویستم
تۆ ئەی ژێیە نامۆکانی
دڵم ، ھەستم
لەمێژە قەدەر شاخێکە
سەرەڕێی شەماڵی عیشقی
گرتووین
مێژوویەکە بەیەک
نامۆی کردووین
گەشتی ئاسایی ژیانی
لێتاڵکردووین
ملکەچی واقیعی کردووین
*******************
خۆشەویستم
من لەو قەدەری خۆم
یاخیم
من لە داب و نەریت
یاخیم
لەو قەدەرەی سەپێنرابوو
یاخیم
بۆیە خەونی
قەدەری خۆم
بەردەوامەو
بۆ زامی عەشقی دێرینت
پەرۆشی تۆم
ئەیلوولی 2017