Archive | ته‌مموز, 2015

ئەو مێشکانەی ژەنگی ئایدیۆلۆژیی داعشیان گرتووە …

21 تەموز

ئەو مێشکانەی ژەنگی ئایدیۆلۆژیی داعشیان گرتووە …

لە شەقامێکی سەرەکیی شاری سلێمانیدا ، چەند رۆبۆتێکی داعشی ، هێرشیانکردە سەر ژنێکی عەرەبزمان ، بە هوهاکێشان سووکایەتییان پێکرد ( گوایا ) بەڕووتی سوڕاوەتەوەو پێچەوانەی ئادابی گشتی رەفتاریکردووە .
هەمو ئەوانەی لە شوێنی رووداوەکە بوون و گرتە ڤیدیۆییەکەش ئەو راستییە بەیاندەکەن کە پاساوی سووکایەتییەکە درۆیەکی پەتی بووەو ، ئەو ژنە جل و بەرگێکی ئاسایی پۆشیوە ، تەنها ئەوەبووە عەزیزییەکەی نیوقۆڵبووە .
ئەم رووداوەو ئەو پاساوەی رەوتی متبووی داعش دەیهێننەوە ، چەند ئاماژەیەکی روونمان دەداتێ و ، لە مرۆڤە هوشیارەکان شاراوە نین ، لەوانە :
١ ) سەرلەبەری رووداوەکە بە پلان و نەخشە بووەو کارێکی وەها لەنێو سلێمانیدا بە شێوەیەکی خۆڕسک روونادات ، بێ هیچ گومانێک لایەنێکی ئایدیا داعشی لە پشتییەوە بووە .
٢ ) پاساوەکە ئێجگار منداڵانەیە ، رووتبوونەوە بەهیچ جۆرێک رووینەداوە ، ئەو جۆرە بەرگە باوەو ، بۆ هەرشوێنێکی سلێمانی بچیت دەیبینیت ، بۆیە مەبەستەکە تەنها نانەوەی پشێوی و ” هێز ” نمایشکردنی ئەو رەوتە داعشییە بووە .
٣ ) پەلاماری ژنێکی عەرەب ، ئەگەر سەرچاوەکەی ئایدیای راسیستی نەبێت ، ئەوا بەدڵناییەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی ئەو راسیستە کوردانە و ، بەدەستهێنانی سۆزی نەتەوەپەرستیی بووە ، تا بە خەیاڵی خۆیان شەرعییەت بە کردەوەکەیان بدەن .
٤ ) پاساوێکیدیکەیان ئەوەیە کە ( گوایا ) ئەو ژنە لەشفرۆش بووە . ئەم بەهانەیە چەند پرسیارێک دەبزوێنێت :
أ – چۆنیانزانی لەشفرۆشە ؟ ئەو چرکەساتە زانییان ، یان لەوەپێش زانیارییان لەو بارەیەوە هەبووە ؟
ب – لە ئیسلامدا تۆمەتی لەشفرۆشی مەرجی قورسی بۆ دانراوە ، دەبێت چوار شاهید ، ژن و پیاو لە کاتی کردارە سێکسییەکەدا بەڕووتوقووتی ببینن ، ئایا ئەوان بەو جۆرە دیویانە ؟ ئەگەر دیویانە ، ئەوان لەو شوێنی لەشفرۆشییە چییانکردووە ؟
ج – گریمان ئەو ژنە لەشفرۆش بووە ، ئەوان بەچ یاساو رێسایەک ، دەست لەکاروباری شەخسییەوە وەردەدەن ؟ ئەوان چ یاسایەک مافی سووکایەتیپێکردنیان دەداتێ ؟ ئەگەر تۆمەتەکەش بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی بێت ، ئەوە کاری ئەوانە لێیبپرسنەوەو بڕیاری سزابدەن ، یان ئەوە ئیشی دادگاو بڕگەکانی یاسایە ئەو کەیسە یەکلاییبکاتەوە ؟
د – لە ساڵانی رابردوودا چەند جار لە دەزگاکانی راگەیاندندا دەستگیرکردنی باندەکانی لەشفرۆشی لێرەو لەوێ بڵاودەکرایەوە ، دوای ئەوە دەنگوباسیان نەدەماو ، کەس نەیدەزانی چ سزایەک دراون ، یان هەواڵی ئەوە بڵاودەکرایەوە ، لە شارەکانی کوردستاندا دەیان ماڵ هەیە لەشفرۆشییان تێدا دەکرێت . ئەی ئەم داعشانەی خۆیان وەک مشوورخۆری ئەخلاق دەردەخەن ، بۆ رۆژێک لە رۆژان سەبارەت بەو دیاردانە فززەیان لێوەنەهات و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو ؟
ها – کوردستان بەدەست کۆمەڵیک گیروگرفتەوە دەناڵێنێت ، بێمووچەیی ، تەنگژەی کارەبا ، تەنگژەی بێئاویی ، گرانیی بازاڕ ، سەرهەڵگرتنی گەنجەکان بەرەو هەندەران ، مەترسی تێرۆریستانی داعش لەسەر ژیان و گوزەران و ئاسایشی خەڵکی کوردستان ، نەبوونی ژێرخانی ئابووری ، تەراتێنکردنی کۆمپانیاو رێکخراوە بیانییەکان لەمسەر بۆ ئەوسەری کوردستان بەبێ چاودێری و سانسۆر . . . هتد ، بۆ ئەم ” مشوورخۆرانەی ئەخلاق ” لە ئاستیاندا بێدەنگن و نقەیان لێوە نایەت ؟
٤ ) دروستکردنی ئەم رووداوەو ، هاوکات دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز ، پەرچەکردار بوو بەرامبەر گەشەکردن و فراوانبوونەوەی داواکاریی بۆ دەستورێکی سێکولار لە کوردستاندا ، بە نیازی پەکخستنی ئەو خەباتە مەدەنییە بوو کە زێتر لە مانگێکە بەشیکی بەرچاوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانی گرتۆتەوە .
ئەم دەستپێکی تێرۆرە کۆمەڵایەتییە ، بە مەبەستی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی تێرۆر ئەنجامدراوە ، تا سنوور بۆ بزووتنەوەی چەپ و رادیکاڵی کوردستان دابنێن و ، رێ لە گەشەکردن و هەڵسانەوەی بگرن . هەڕەشەکردن بەوەی تێزاب بەچالاکوانانی ژناندا دەکەن ، بۆ خستنەوەی فەزای تێرۆرو تۆقاندن و کپکردنی دەنگە دلێرەکانی رەخنەو ئیعتیرازە بە سیستمی کۆمەڵایەتی و فەرمانڕەوایی داهاتوو لە هەرێمی کوردستاندا .
ئەمە یەکەمجار نیەو دواجاریش نابێت رەوتە چەپ و رادیکاڵەکانی کوردەواری بەر هێرشی رەوتە کۆنەپەرستەکان دەکەون ، تۆمەتی ناڕەوایان بۆ دروستدەکەن ، هەڵوێستەکانیان بە چەواشەیی بەخەڵک دەگەیەنن ، درۆ بەدەمیانەوە هەڵدەبەستن ، تۆمەتی نائەخلاقیی دەبەشنەوەو بەچالاکوانە بوێرەکانیدا دەسوون ، بەڵام بەری رۆژ بە بێژنگ ناگیرێت و دوائاکام سەرکەوتن بۆ پرسە رەواکانی خەڵک دەبێت .

فوئاد قەرەداغی
١٩ / ٧ / ٢٠١٥

پەراوێزێک بۆ بابەتی سێکولاریزم لە بەرنامەی دەسەڵاتی چواردا

21 تەموز

پەراوێزێک بۆ بابەتی سێکولاریزم لە بەرنامەی دەسەڵاتی چواردا

رۆژی هەینی ١٠ / ٧ / ٢٠١٥ کەناڵی ئاسمانیی ( کوردسات نیوز ) لەبەرنامەی ( دەسەڵاتی چواردا پۆلیمیک ( مناظرة ) ێکی سەبارەت بە ( دەستووری هەرێم لەنێوان ئیسلامی و عەلمانی ) دا سازکرد .ئەوەی لەم پۆلیمیکەدا سەرنجی راکێشام ، دوو چەمک یان دوو بیروڕای چەواشەکارانە بوو کە روونکردنەوەیانم بە پێویستزانی ، بۆ ئەوەی بە هەڵە یان بە مەبەست لەلایەن نەیارانی سێکولاریزمەوە نەشێوێندرێن ، وەک ئەوەی مامۆستای لایەنگیری ئیسلامی سیاسیی لە بەرنامەکەدا ،زوو زوو جەختی لەسەریان دەکردەوە .

یەکەم : زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئیسلامن !

ئیسلامییەکان بەپشتبەستن بە زۆرینەو کەمینە بەرپەرچی سێکولاریستەکان دەدەنەوەو ، پێیانوایە “زۆرینە” یەکی موسڵمان لە کوردستاندا ، دەستوورێکی ئیسلامیی دەخوازێت . هەڵبەت لێرەدا باس لە پرنسیپەکانی ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ سەبارەت بە کەمینە ناکەم ، بەڵکو لەڕێی ( بەناو ) بەڵگەکەی خۆیانەوە ، ناڕاستی و چەواشەکاریی ئەم پاساوەیان شیدەکەمەوە .
ئایا راستە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئیسلامن ؟ دەتوانین لە وەڵامدا بڵێین : ( بەڵێ و نەخێر ) چۆن ؟
١ ) بەڵی … ئەو ئامارانەی لەبەردەستان و ، لە تۆمارگەکانی ( فەرمانگەی رەگەزنامەو باری شارستانی ) دان ، دەیسەلمێنن کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ( لەڕووی ژمارەوە ) موسڵمانن و ، ئەم شوناسەیان لە ناسنامەکانی باری شارستانیدا تۆمارکراوە ، واتە بە ناسنامە زۆرینە موسڵمانن . ئەمە راستییەکی دۆکیۆمێنتکراوەو کەس ناتوانێت نکوولی لێبکات .
٢ ) نەخێر … واقیع ئەوە رادەگەیەنێت کە زۆرینە موسڵمان نین ، چۆن ؟
أ – لەپاڵ ئەو زۆرینە ژمارەییەدا ، ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتوانی کوردستان کە خۆی لە ملیۆنێک زێتر دەدات ، موسڵمان نین و ، ئایینیدیکەیان هەیە ، وەکو ئێزدییەکان ، مەسیحیەکان ، کاکەییەکان ، زەردەشتییەکان ( کە سەرەتایەکیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی زەردەشتی دەستپێکردووە ) ، هەروەها ژمارەیەکی نادیار ( بەهۆی تەکفیرکردن و فشارو دنەدانی ناوەندە ئاییییەکان) لە خەڵک ، یان باشتر بڵێین : هاووڵاتیی ( بێدین ) و ( ئاتەیست – مولحید ).
ب – ئایا لەڕووی عەقیدەوە ، موسڵمانان زۆرینە پێکدەهێنن ؟
لەراستیدا بەبێ ئامارێکی ورد ناتوانرێت بڕیار لەمە بدرێت و ، کەس ناتوانێت یەکلاییبکاتەوە ، بەڵام لەڕێی تێبینییەوە دەتوانرێت هەندێک ئاماژە بەدەستبهێنرێت . ئەم ئاماژانە پشت بە پرنسیپە بنەڕەتییەکانی ئیسلام دەبەستن .
پرنسیپە بنەڕەتییەکانی ئیسلام شوناسی کەسایەتیی موسڵمانی دیاریکردووە ، موسڵمان دەبێت ئەو پرنسیپانەی قبووڵ بێت و لە ژیانیدا پەیڕەویان بکات ، جگە لەوانەش کۆمەلێک رەوشت و رەفتار هەیە دەبێت وەک بەشێک لە کەسایەتییەکەی پیادەی بکات و . ئەگەر پێچەوانە کاریکرد سزای خوایی بۆ دانراوە .
پرنسیپە بنەڕەتییەکان بریتین لە : ( شەهادەت ، نوێژکردن ، رۆژووگرتن ، زەکاتدان ، حەجکردن ) ، بەشێک لە زانایانی ئیسلام ، ( قەزاو قەدەر ) یش ، وەک پرنسیپی شەشەم پاڵ ئەو پێنج پرنسیپە بنەڕەتییە دەخەن . ئەو پرنسیپانە مەرجی موسڵمانبوونن ، بەجێنەگەیاندنی هەریەکێکیان دەبێتە مایەی دەرچوون لە ئیسلام ، لێرەوە دەتوانرێت پرسیارەکان بکرێت :
– بە چ رێژەیەک ( لە ناخی دڵ و باوەڕەوە ) موسڵمانان شەهادەت دەهێنن و بەڕاستی لە کارو هەڵسوکەوتی رۆژانەیاندا پەیڕەوی دەستەواژەی ( لا ألە الا اللە ) دەکەن .
– ژمارەی ئەوانەی نوێژ دەکەن و ئەوانەی نوێژناکەن چەندە ، تێبینی ئەوە دەکرێت ( نەک بەپێی ئامار ) ، ئەگەر وەکو یەک نەبن ، ئەوا ژمارەی ئەوانەی نوێژ ناکەن ، یان نوێژ لەترس و لەبەر دەوروبەرەکەیان دەکەن زێترە لەوانەی ، لە باوەڕەوە نوێژ دەکەن ، واتە ئەو ژمارەیەش لە خەڵک ، بەپێی ئایین بە موسڵمان دانانرێن .
– بۆ رۆژووگرتنیش بە هەمان شێوە ، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان ، بەبێ پاساوێکی شەرعی وەک لە پرنسیپە ئیسلامییەکانی رۆژووگرتندا هاتووە ، بەڕۆژوو نابن ، بە تایبەتی لە نێو شارەکاندا ئەو دیاردەیە ئاشکرایەو ، نیوەڕوان لە ریستۆرانتە مۆڵەتپێدراوەکاندا دەبینرێت ، واتە ئەوانیش لە ریزی موسڵمانان ئەژمار ناکرێن .
– زەکاتیش وەک پرەنسیپێکی ئایینی کارێکی فەردییەو ، دامەزراوەی ئایینی رێکینەخستووە ، بۆیە ناتوانین ژمارەی ئەوانەی زەکاتی پارە و موڵک و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دەردەکەن بەپێی ئەو رێژەیەی ئیسلام دیاریکردووە ، نازانین چەند دەبن و بەکێی دەدەن ، بەڵام بوونی نەدارو هەژارێکی ئێجگار زۆر ، نیشانەیە بۆ ئەوەی بەشێک لە دەوڵەمەندەکان پابەندی ئەم پرنسیپە بنەڕەتییە نین ، بەو پێیەش ، هەریەکێک لەوانە زەکات نەدات لە موسڵمانبوون دەچێتە دەرەوە .
– دوا پرەنسیپی سەرەکی ئیسلامبوون حەجکردنی ئەو موسڵمانانەیە کە توانای ماددی و جەستەییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە ئایینییە . ئەگەرچی چەند ساڵێکە بەربەستی دیاریکردنی ژمارەی حاجیانی هەر وڵاتێک لە ئارادایە ، بەڵام بەر لەوە رێژەی حاجیان زۆر کەمتر بوو لە رێژەی ئەو دەوڵەمەندانەی حەجیان لەسەر بوو .
جگە لەم پرنسیپە بنەڕەتیانە کۆمەڵێک رەوشت و رەفتاری حەرامکراو هەیە لە ئیسلامدا ، ئەگەرچی نابنە هۆکاریی دەرچوون لە ئیسلامەتی ، بەڵام بەپێی قورئان گوناهن و سزای دنیایی و ئەولایی خوداییان لەسەرە ، واتە کەسایەتیی تاکەکەسی موسڵمان بەپێی رێسا ئیسلامییەکان لەکەدار دەکات ، هەندێک لەوانە بە ( الکبائر ) دادەنرێن و حوکمیان نزیکە لە حوکمی جێبەجێنەکردنی پرنسیپە بنەڕەتییەکانی ئیسلامەوە . لێرەدا ئاماژە بەهەندێک لەو رەوشت و کردارو رەفتارانە دەدەین ، کە بەپێی دەقە قورئانی و سوننەتەکانی پەیامبەر ، ئیسلامیانە نین :
– کوشتن .
– زیناکردن ( سێکس لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئیسلامیی ) .
– دزیکردن لە شێوە سادەییەکەیەوە بۆ شێوە ” مۆدێرن ” ەکەی ( قازانجی بازرگانە گەورەکان و کۆمپانیاکان ) و ( بەشێکی هێزی کاری کرێگرتەی کرێکاران و رەنجدران ) .
– خواردنەوەی مەشروب و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ، تەنانەت جگەرە بەپێی مەزهەبی وەهابی .
– قومارکردن بە هەر شێوەیەک بێت .
– سووخواردن .
– حیجابنەکردن و خۆڕازاندنەوەو خۆچواندن بە پیاوان لە رەفتارو جوبەرگدا بۆ ژنان .
ئەگەر وردتریش بەنێو ئایەتەکانی قوڕئان و حەدیسیشدا بگەڕێین ، ئەوا چەندین کردارو رەفتارو پرنسیپی رەوشتیانە هەیە ، دەرچوونە لە دەقە پیرۆزەکان . بۆیە سەرجەمی ئەو کەسانەی پڕاکتیکیان دەکەن ، لانیکەم بە موسڵمانی تەواو ناژمێردرێن . سەردانی زیندانەکان ، یانەو شوێنی سەمای هەندێک لە هۆتێلە چەند ئەستێرەییەکان و جێگاکانی لەشفرۆشی ( جگە لەشوێنە شاراوەکان ) ، دەستبڕین و ئاڵموساتمی بازاڕەکان ، دامەزراوە فەڕمی و نافەڕمییەکان بۆ تێبینی گەندەڵییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ، شوێنەکانی قومارکردنی بچووک و گەورە ، هەر لە دۆمینەو ئەزنیف و تاوڵەو کۆنکەنەوە لەسەر پارە تا بە ( رۆلێت ) دەگات ، سەردانی مەیخانەکان و ئەژماری رێژەی مەیخۆران و سەرفبوونی مەشروب ، بەتایبەتی لە سەیرانگاکاندا . . . هتد ، ئەمانە هەموویان نیشانەی ئیسلامنەبوونی کۆمەڵن ، یان لانیکەم کاڵبوونەوەی ئیلتیزامە بە یاساو رێساو رێنماییە شەرعییەکانی ئیسلام ، بۆیە سەرلەبەری ئەو ئیددیعایەی دەڵێت زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن دەکەوێتە ژێر پرسیارەوەو راست نییە ، بەپێچەوانەوە کەمایەتییەک موسڵمانی راست هەیە کە پەیڕەویی تەواو لە ئاینەکەیان دەکەن ، بەم پێیەش پاساوێک نامێنێتەوە بۆ دەستوورێکی ئیسلامی بەڵکو ئەوە دەستوورێکی سێکولارە دەتوانێت باڵانسی پێکەوەژیان و ماف و ئەرکی گشت دەنگ و رەنگێک بپارێزێت ، باڵانسی کۆمەڵ لە نێوان چەندایەتی و چۆنایەتیی ئیسلامبووندا رابگرێت .

دووەم : حیزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا سێکولارن !

یەکێک لەو چەواشەکاریانەی لە رەوتی ئیسلامی سیاسیی کوردستانی دەبیستین ، پێناسەکردنی حزبە کوردستانییەکانە ، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی و ، گۆڕان – یش دوای بەشداریکردنی لە دەسەڵاتدا ، وەک حزب و دەسەڵاتی سێکولار .
رەوتی ئیسلامی سیاسیی بەم پێناسەکردنە سێ مەبەستیان هەیە :
أ – جێگیرکردنی پێگەی عەقیدەیی خۆیان لەنێو ئەندامان و هەوادارانیاندا ، وەک بەشێک لەو ململانێیەی لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا ، لەسەر جێوڕێی سیاسییان لەنێو کۆمەڵدا هەیانە .
ب – شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی بەشدارییان لە دەسەڵات و ، ئەو موساوەمەیەی بەردەوام لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا کردوویانەو دەیکەن ، بە سەردەمی دوو ئیدارەییشەوە کە لەمبەرو لەوبەر دیانخوارد .
ج – ناشیرینکردنی سێکولاریزم بەهۆی بەرنامە سەرنەکەوتووەکانی حکومەتی هەرێم و ئەو گەندەڵییەی سەرتاپای دەزگا دەوڵەتییەکانی گرتۆتەوە و ، ئەو بارودۆخەی کوردستان ، لە چارەکە سەدەی رابردوودا ، پێیدا تێپەڕی ، بەشەڕی ناوخۆو گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە ، هەر لە ئابڵووقە ئابوورییەکەی دوای راپەڕینەوە تا سەر بێمووچەیی و بژێویی نالەباری خەڵکی لە ئەمڕۆدا .
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانج و مەبەستانە ، رەوتی ئیسلامی سیاسیی ، سێکولاریزم دەلکێنێت بە حزبەکانی دەسەڵاتەوەو ، بەمەش دەیانەوێت ، لەیەک کاتدا ، چەند چۆلەکە بەبەردێک بپێکن و شانی خۆیان لەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە ، خاڵیبکەنەوە .
سەبارەت بەم پرسە و ، لەنێوان مشتومڕو دایەلۆگدا ، چەندین جار ، راستیی سێکولارنەبوونی حزبەکانی دەسەڵات ، بە بەڵگەوە ، نیشانی ئەم رەوتە دراوە ، بەڵام لەبەر بەرژەوندییە حزبی و عەقیدەیەکانی خۆیان ، چاویان لە ئاستیدا دادەخەن و ، لەڕێی جەختکردنەوە لەسەر ئەم بیروبۆچوونەیان ، دەیانەوێت وەک راستییەکی سەلمێنراو لە نێو کۆفیکریی خەڵکیدا بیسەپێنن .
ئایا حزبە دەسەڵاتدارەکان سێکولارن ؟ ئایا سێکولاریزمی کوردی ( وەک رەوتی ئیسلامی سیاسیی پێداگریی لەسەر دەکات ) بەرپرسە لە سەرجەم گیروگرفت و تەنگوچەڵەمەکان ؟ ئایا تا ئێستا شتێک هەیە بەناوی سێکولاریزمەوە ، چ لە شوناسی حزبەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا ، یان لە شوناسی دەوڵەتدا ( حکومەتی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان ) ؟
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە ، لەچەند روویەکەوە ، پرسەکە تاووتێدەکەین :
١ ) لەڕووی سیاسییەوە :
سەرەتا دەبێت ئەو راستییە تۆماربکەین کە حزبەکانی دەسەڵات لەبەرنامەکانی خۆیاندا ، دوورونزیک ، تەنها خاڵێکیان دەربارەی سێکولارکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگای کوردستان نییە. جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت ، لە بەرنامەیاندا نییە . دەستوورێک کە پەڕلەمانی ئەم حزبانە دایانناوە ، دەستوورێکی ئیسلامییە ، کۆپیی دەستووری کۆنەپەرستانەی حکومەتی ناوەندە ، واتە ( دەستووری هەمیشەیی عێراق ) . دوو حزبە سەرەکییەکی دەسەڵات لە بیست ساڵی رابردوودا ، زێتر بە تەنگ حزبەکانی ئیسلامیی سیاسییەوە هاتوون و پەیوەندییان لەگەڵدا گەرمکردوون ، حزبی سێیەمی دەسەڵاتیش دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمان و ” حکومەتە بنکە فراوانەکە ” واتە ( گۆڕان ) حزبێکی نیمچە ئیسلامییەو ، کاندیدەکانی بۆ پۆستە باڵاکان ، ئیسلامین و مەیلیان بۆ ئیسلامیی سیاسییە ، یان پێشینەیەکی ئیسلامییان هەبووە و هەڵوێستی خۆیان لە پاراستنی رێساو یاسا نەگۆڕەکانی ئیسلام ناشارنەوە. لەسەرێکیدیکەوە ، ئەگەر دەسەڵات سێکولارە ، چۆن مۆڵەتیداوە رەوتێک لە چوارچێوەی چەند حزبێکدا لەسەر بنەمای ئایین کاربکەن ؟ چۆن رێیداوە بنکەو بارەگا لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بکەنەوەو بانگەوازی خەڵکی بکەن بۆ کارکردن لە پێناوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیدا وەک دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام ( داعش ) ؟ چۆن رێگە دەدات رێکخراوی زانایانی ئیسلامی دەستوەربدەنە کاروباری دەوڵەت ؟ هەڵوێستوەربگرن لە وەرگرتنی قەرزی دەرەکی یان فشاربخەنە سەر لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور یان بەرەنگاری یاسای باری کەسێتیی کانتۆنی جەزیرە ببنەوە لە رۆژئاوای کوردستان .
٢ ) لەڕووی ئابووریەوە :
لەم رووەشەوە کۆمەڵیک پرسیار دەبێت بکرێت . ئەگەر حزبەکانی دەسەڵات یان دەسەڵات ، وەک فەرمانڕەوایی ، سێکولارن ، چۆن لە بودجەی گشتی ، کە بە گریمان موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە ، بودجەی تایبەتی بۆ حزبە ئایینییەکان دەبڕنەوە ؟ چۆن دەبێت وەزارەتێک بۆ ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەبێت ؟ چۆن دەبێت مووچەی زانایانی ئایینی لە بودجەی گشتی بدرێت ؟ یان خەرجیی بنکەو شوێنە ئاینیەکان و بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەیان لە بودجەی حکومەت بکرێت ، بە پێچەوانەی هەموو سیستمە سێکولارەکان ، کە ئەو خەرجییانە ، دامەزراوە ئایینییەکان دەیکەن ، لەو پارەیەی شوێنکەوتووانی ئایینەکە پێشکەش بە مەرجەعە ئایینییەکانی خۆیانی دەکەن ؟
٣ ) لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە :
دەستێوەردان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان لایەنێکیدیکەی کاری رەوتی ئیسلامی سیاسییە لە کوردستاندا . ئەو ئازادییەی لەم بوارەدا بۆ ئەم رەوتە هەیە ، لە ژێر سایەی هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی سێکۆلاردا رێگەپێدراو نییە . هەڵبەت ئەمە یەک تۆژینەوەی زانستیی مەیدانیی دەوێت تا بە داتا ئەو راستییە رونبکرێتەوە ، بۆیە لێرەدا چەند دیاردەیەکی تێبینیکراو دەستنیشان دەکەین ، وەک سەلماندنێک بۆ سێکولارنەبوونی دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا . ئاخر ئەگەر دەسەڵات سێکولار بێت ، چۆن پاش چارەکە سەدەیەک لە دامەزراندنی حکومەتی خۆماڵیی ، هێشتا یاسای باری کەسێتیی ئیسلامیی لە دادگاکاندا پەیڕەودەکرێت ؟ هێشتا فرەژنیی بە یاسا رێپێدراو دەبێت و هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە پەڕلەمانێکدا زۆرینەی حزبەکانی دەسەڵات بێت ، دەنگی پێویست ناهێنێت ؟ هێشتا رێوڕەسمی هاوسەرگیریی و هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە پەیوەندیی ژن و پیاوەوە هەیە ، بە فەڕمی نەبراونەتە دادگا مەدەنییەکان ؟
ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانی کوردستان سێکۆلار بن ، چۆن بە هەزاران ژن بەپێی داب و نەریتی خێڵەکی دەکوژرێن و ، بکوژەکانیان بە ئازادیی دەسوڕێنەوە ، نە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و نە دادگایی دەکرێن ، ئەوەشی دەچێتە دادگا بە ناوی پاراستنی شەرەف و ناموسەوە ، بەپێی ئەو بڕگە یاساییانەی ئەم چەمکە باوکسالارییە بەرجەستە دەکەن ، وەک بەرزەکی بانان بۆیدەردەچن ؟
ئەگەر دسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات سێکولار بن ، چۆن ئازادییە تایبەتییەکانی تاکەکەس دەچێتە ژێر هەژمونی نەرێیانەی رەوتی ئیسلامییەوە ، بۆ نموونە : دیاردەی پۆشێنی حیجاب و گشتیبوونەوەی ، لەکاتێکدا بەر لە سێی ساڵ لەمەوبەر ، نە لە فەرمانگەکان و نە لە خوێندنگاو زانکۆکاندا ، بە دەگمەن نەبێت ، ئەو دیمەنە نەدەبینراو ، وەکو ئێستا باونەبوو ؟
ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات سێکولار بن ، چۆن بۆنە کۆمەڵایەتییەکان دەچنە ژێر کاریگەرێتیی رەوتی ئیسلامیی سیاسییەوە ؟ بۆ نموونە ( هەڵسان لە پرسەو خوازبێنی لەکاتی شەکراوخواردنەوە ) دا ، کە دەبێت بەپێی رێوڕەسمێک مەلایەک یان کەسێکی ناسراوی دیندار ، ئەویان کۆتایی پێ بهێنێ و ئەمیان دەستپێبکات .
٤ ) لەڕووی رۆشنبیرییەوە : چالاکیی رۆشنبیریی و راگەیاندن ، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی رەوتی ئیسلامی سیاسییە لە کوردستاندا .
ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانی سێکولارن چۆن ئەم بوارەیان رەخساندووە ؟ چۆن رێگەدەدەن نەریتەکانی ئاینێک بە تەنها ، دژ بە ئاینەکانیدیکە یان بێدینەکان ، بانگاشەی بۆ بکرێت ؟ چۆن رێگە دەدەن کتێبخانەکان ( فەڕمی و نافەڕمی ) یان پڕ بکرێن لەو کتێبانەی جیاوازی رەگەزی و ئایینی تەرویج دەکەن ؟ چۆن رێگە دەدات بە هەزاران ( سی . دی ) بانگخوازە بیانییەکان ، بەتایبەتی بانگخوازە سعودییەکان ، لە بازاڕەکانی کوردستاندا بفرۆشرێن ؟ چۆن رێگەدەدەن ئەم هەموو کەناڵانەی راگەیاندن ، بە بینراوو بیستراوو نووسراوەوە هەبێت و لە سەرچاوەی خەرجییەکانیشی نەکۆڵنەوە ؟ لە سایەی چ دەوڵەتێکی سێکولار لەم جیهانەدا ئەم هەڵوێستە وەرگیراوەو ، لە کایەی سیاسیدا جێبەجێکراوە ؟
٥ ) لەڕووی پەروەردەو فێربوونەوە :
بزووتنەوەی سێکولاریست لەجیهاندا ، هەر لە سەرەتاوە ، دوو مەرجی سەرەکییان بۆ سێکولاربوون داناوە : یەکەمیان ( جیاکردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت ) ئەویدیکەیان ( جیاکردنەوەی ئایینە لە پەروەردەو فێربوون ) .کورتەی ئەم دوو پرنسیپە سێکولارە ئەوەیە ، ئایین دەستوەرنەداتە کاروباری دەوڵەت و پڕۆسەی پەروەردەو فێربوونەوە . ئەم دوو بوارە گشتی بن ، بۆ هەمو هاووڵاتییان بن بە جیاوازیی ئایین ، ئایینزا ، رەگەز ، نەتەوە و ئیتنییە جیاجیاکان ، زمان ، رەنگی پێست ، ئینتیمای فیکری و حزبی ، بڕواداری و بێبڕوایی . . . هتد .
لە خاڵەکانی پێشتردا ئاماژەمان بۆ ئەو بوارانەکرد کە پەیوەندییان بە جیاکردنەوەی ئایین هەیە لە کاروبارە تایبەتییەکانی دەوڵەت ، لێرەشدا دەچینە سەر بواری پەروەردە ، بۆ ئەوەی جارێکیدی بیسەلمێنین ، حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و دەسەڵات بە گشتی سێکولار نین .
ئەگەر دەسەڵات سێکولارە ، چۆن رێگەدەدات لەسایەیدا قوتابخانەی تایبەتیی ئاینێکی دیاریکراو هەبێت ؟ ئەگەر هەلی چوونیەک بۆ شوێنکەوتوانی هەموو ئایین و ئایینزاکان هەبێت بۆ کردنەوەی قوتابخانەی تایبەت بە ئایینەکەیان ، چۆن دەبێت دەوڵەت ، لە بودجەی گشتیی پارەی هەمو هاووڵاتیان ، ئەرکی خەرجییان بکێشێت ؟ چۆن دەبێت ئاگاداری بەرنامەکانی خوێندنیان نەبێت و . چارەنووسی بەشێکی بەرچاوی منداڵانی وڵاتەکەی بداتە دەستیان ؟ چۆن دەبێت لە جیاتی خوێندنی مێژووی ئایینەکان و بنەما ناوکۆییەکانیان ، بەتایبەتی لەبواری رەوشتی شەخسی و ژیانی کۆمەڵایەتییاندا ، وەک بوارێکی مەعریفیی مێژوویی بەشەرییەت ، تەنها یەک ئایینیان پێبخوێنرێت و بەمەش فەزڵی ئایینێک بەسەر ئایینەکانیدیکەدا بدرێت ؟ چۆن دەبێت و دەکرێت . پرنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون و مرۆڤبوون ، لەگەڵ بوارێک کە ئایدیۆلۆژیایە ، وەک بوارە سیاسییەکە پێکەوە بسازێندرێن ؟ یان چۆن دەسەڵاتێکی سێکولار رێگەدەدات ، خوێندکاران لەڕێی بەرنامەکانی خوێندنەوە ، لە نێوان لێکدانەوە ئایینییەکان و زانستییەکانی سەردەمدا رابمێنن ، بەتایبەتی سەبارەت بە ئافراندنی گەردوون و مرۆڤ و زۆر لەو کایانەی ژیان کە لێکدانەوەی جیاوازیان لەڕووی زانست و ئایینەوە بۆ دەکرێت ؟
خستنەڕووی ئەم دەلیلانە بۆ سێکولارنەبوونی دەسەڵاتی کوردی و حزبە فەرمانڕەواکان ، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ، تەنها چەند نموونەیەکن لە خەروارێک ، ئەگینا لە ژیانی رۆژانەو ، هەڵسوکەوت و هەڵوێستی حزبەکانی دەسەڵاتدا ، دەیان بەڵگەیدیکە هەن سێکولارنەبوونیان دەسەلمێنن .
دیارە سێکولارنەبوونی تیۆری و پڕاکتیکیی ئەم حزبانەی دەسەڵات بەو واتایە نایەت کە خەڵکی سێکولار لە ریزەکانیاندا نەبێت . ئەم حزبانە لە نێوخۆدا خاوەنی فیکرێکی یەکگرتوو نین ، یەکگرتوویی فیکرییان نییە ، بەو پێیەش یەکێتیی ئیرادەو یەکێتیی کارکردنیان تێدا نییە ، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێشینەیەکی چەپیانەی هەیە ، بۆیە دەبینین خەڵکی سێکولار ، لە ئاستی هەندێک پرسی تایبەتیدا وەک هەموارکردنەوەی دەستوورو هەڵوێست لە سێکولاربوونی ، بە گشتیش لە رەوتی ئیسلامی سیاسی ، رای خۆیان هەیەو ، بە فەردی یان وەک هێڵێکی جیاواز لە هێڵی گشتیی حزب ، نەک رێکخراوەیی ، سەرهەڵدەدەن و بە بەرەی مەیلی سێکولاریستی کۆمەڵەوە پەیوەست دەبن .
ئیسلامی سیاسیی لەسەر ئەم دیاردەیە کاردەکات و وەک بەڵگەیەکی لاواز بۆ بەزۆر ناساندنی حزبەکانی دەسەڵات ، وەک حزبی سێکولار سوودیلێوەردەگرێت . بەڵام بە دڵناییەوە ، ئەم شێواندنە تاسەر نابێت و ، بەری رۆژیش بە بێژنگ ناگیرێت .

فوئاد قەرەداغی
١٢ و ١٣ ی تەمموزی ٢٠١٥

دەستووری سێکولار … پرسی سەرۆکایەتی … سازان

21 تەموز

دەستووی سێکولار . . . پرسی سەرۆکایەتی . . . سازان

جەند هاوڕێیەکم لە فەیسبوک گلەیی لە بێدەنگیم دەکەن سەبارەت بە پرسە هەنووکەییەکانی سیاسەتی کوردی و ، داوای بیروڕام دەکەن لەسەر ئەو سێ پرسەی سەرەوە .
سەرەتا دەمەوێت بەو بەڕێزانە رابگەیەنم کە بێدەنگ نەبووم و ، چەند جارێک راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ چ بە نوسین و چ لەڕێی کۆمێنتەکانمەوە لەسەر ئەو پرسانە بیروڕای خۆم دەربڕیوە. لێرەشدا زۆر بە کورتی و پوختی بیروبۆچوونم دەنووسم .
١ ) دەستووری ئێستای هەرێمی کوردستان بە گشتی دەستوورێکی کۆنەپەرستانەیەو ، نەک هەموارکردنەوە ، بەڵکو پێویستە سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە و گۆڕٌانکاریی ریشەیی تێدا بکرێت .
٢ ) ئەو لیژنەیەی بۆ هەموارکردنەوەی دانراوە ، تەنها دەستوورێکی ئیسلامیی بەرهەمدەهێنن .
٣ ) چاوەڕوانیی دەستوورێکی سێکولار لەم سیستم و دەسەڵاتەی ئێستا ئەگەر خۆخەڵەتاندن نەبێت ، ئەوا ساویلکەیی و تێنەگەیشتنە لە شوناسی چینایەتیی دەسەڵات .
٤ ) بەبێ دەستوورێکی سێکۆلار ، ئیددیعاکردنی دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ و مافی منداڵان و ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان ، چەواشەکاری و درۆی شاخداری بۆرژوا ناسیۆنالیست و ئایینی کورد دەبێت .
٥ ) پرسی سەرۆکایەتی خراوەتە ریزی پێشەوەی پرسەکانیدیکەو ، ئەو ژاوەژاوەی لەسەر ئەم پرسەیە ، بەمەبەستی شاردنەوەو بەژێر خۆڵەوەکردنی گەلێک پرسی دیکەیە کە پەیوەندی بە سیاسەتە فاشیلەکانی حکومەتی هەرێم و ئەو تەنگژانەوە هەیە کە بەرەوڕووی حکومەتی هەرێم و ژیان و گوزەرانی خەکی ستەمدیدەی باشووری کوردستان بوونەتەوە .
٦ ) پرسی سەرۆکایەتیی ، یەک ئەنجامی هەیە ، ئەویش مانەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستانە ، جا ئەوە بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بێت بۆ دوو ساڵیدیکە ، یان هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان و حکومەت و ، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەڕلەمان بێت .
٧ ) هەموو لایەنەکان دەبێت تەسلیم بە ئەمری واقیع بن و ، ئیرادەی سیاسیی پارتی قبووڵ بکەن ، ئیتر هەر رێککەوتنێک دەکەن و چۆن ڕتووشی دەکەن لە سەرەنجامەکە ناگۆڕێت .
٨ ) سازان یان سازانی نیشتمانی لەلای من ئەم واتایانەی هەیە :
أ – سەرکەوتنی ئیرادەی پارتی لە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم ، لانیکەم بۆ دوو ساڵی ئایندە .
ب – پووچەڵکردنەوەی چەمکی دیموکراسیی دەسەڵات لەلایەن خودی دەسەڵاتدارانەوە .
ج – سڕینەوەی رۆڵی پەڕلەمان و ، زاڵکردنی سەروەریی رۆڵی مەکتەبی سیاسیی حزبەکان لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا .
د – تێپەڕاندنی دەستوورێکی ئیسلامی لەسەرەنجامی ئەو سازانە نیشتمانییەدا .
ها – پێشێلکردنی پرنسیپەکانی سیستمی پەرڵەمانی .
و – بێ ئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان لە بەشداریکردنی بڕیاری سیاسیدا .

فوئاد قەرەداغی
٦ / ٧ / ٢٠١٥

١ ی تەمموز رۆژی لەدایکبوونی گشتیی

21 تەموز

١ ی تەمموز رۆژی لەدایکبوونی گشتیی

سەرەتا پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوون لەهەموو ئەو هاوڕێیانەم دەکەم کە لەم رۆژەدا هاتوونەتە ژیانەوە ، هیوادارم هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا بە خۆشیی مۆمی ساڵێکیدی تەمەنیان دابگیرسێنن .
رۆژی یەکەمی مانگی تەمموز ، رۆژی لەدایکبوونێکی گشتییە ، رۆژی لەدایکبوونی زۆربەی دانیشتوانی عێراقە بە کوردستانیشەوە . ئەم رۆژە بە فەرمان و بڕیارێکی فەرمی حکومەتی عێراق ، بۆ لەدایکبوونی هەرتاکەکەسێکی ئەم کۆمەڵگەیە دانراوە ، کە مافی یاسایی وەرگرتنی ناسنامەی باری شارستانی هەبێت .
ئەو سەردەمەی ئەم بڕیارە دراوە ، دوای سەرژمێرکردنی دانیشتوانی عێراق بووە لە ساڵی ١٩٥٧ دا . کاتی خۆی بڕیارەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نەزانینی رۆژی لەدایکبوون دراوەو، ئەو رۆژەیان وەک رۆژی ناوەندی ساڵ وەرگرتووە . بەو پێیە ، ئەو رۆژەیان ، بە رۆژی لەدایکبوونی سەرجەمی دانیشتوان دیاریکردووە ، بۆیە زۆربەی ناسنامەکان ئەو بەروارەیان لەسەر تۆمار کراوەو ، بەشێکیشیان هەر ساڵی لەدایکبوونەکەی لەسەرە ، بەبێ ئەوەی رۆژو مانگەکەی لەسەر بنووسن .
دوای ئەو سەرژمێرە دوو سەرژمێریدیکە لە عێراقدا کراوە لە ساڵانی ( ١٩٦٥ و ١٩٨٧ ) دا ، بەڵام هەمان ئەو رێنماییە بۆ دیاریکردنی رۆژو مانگی لەدایکبوون ، بۆ ئەوانەی بەڵگەنامەی فەڕمیی لەدایکبوونیان نییە ، هەر بەردەوامە . ئەگەر یەکێک لە کاتی دەرهێنانی ناسنامەیەکی نوێدا بەروارێکی جیاواز لەو بەروارە بڵێت ، ئەوا تووشی گێرمەوکێشە دەبێت و ناچار دەبێت بەو رۆژە دیاریکراوەی لەدایکبوون قایل بێت .
لێرەدا بەسەرهاتی نوێکردنەوەی ناسنامەکەی خۆم ، وەک نموونە ، باسدەکەم :
پار رێنماییەک دەرچوو بۆ نوێکردنەوەی ( رەگەزنامەی عێراقی ) ی ( ناسنامەی باری شارستانی ) پێشتریش ، هەر لەسەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ، رێنمایی بۆ نوێکردنەوەی ئەو دوو بەڵگەنامەیە دەرچوو بوو . ئەمجارەیان ملی رێگای فەرمانگەی رەگەزنامەو باری شارستانیم گرتەبەر ، لەریزێکی دورودرێژدا سەرەمگرت ، دوای نزیکەی سەعات و نیوێک سەرەم بەرکەوت و چوومە ژوورەوە ، فایلەکەیان لەدەستوەرگرتم و بەرواری دوو مانگی دواتریان بۆ دانام . دوو مانگە تەواو بوو ، گەیشتینە مانگی تەمموز ، لەرۆژی دیاریکراودا ، بەیانی زوو دەرچووم ، کە گەیشتمە ئەوێ سەرە لەبەر دەرگای فەرمانگەکە ، لەسەر جادەکە گیرابوو ، کات گەیشتە هەشت و نیو کردیانینە ژوورەوە ، هەر هەمووی بە پەلەو راکردن ، بەرەو سەرەگرتن لە ریزێکدا خۆیان کوتا ، منیش سەرەم لە بەشی ( باری شارستانی ) گرت ، سەرەکەم باش بوو تەنها پێنج کەس لە پێشمەوە بوون ، من هەر ناسنامەکەی خۆمم دەردەهێنا ، بەڵام ئەوانەی لە پێشمەوە بوون بۆ سەرجەمی ئەندامانی خێزانەکانیان دەردەهێنا ، یەکێک لەوانە ( ٩ ) ناسنامەو ، یەکێکیتریان ( ١١ یان ١٢ ) ناسنامەی نوێ دەکردەوە ، ئەوانیدیکەش لەنێوان ( ٣ بۆ ٥ ) ناسنامەیان پێبوو . شوێنەکەش هەتا بڵێی تەنگ بوو ، ژمارەی موڕاجیعەکان لە زیادبووندا بوو ، هەناسەت سوار دەبوو ، نەشتدەتوانی بچیتە دەرەوە هەناسەیەک بدەیت چونکە سەرەکەت دەگیرا ، بۆیە ناچار دەبوویت دانبەخۆتدابگریت تا سەرەکەت دەگاتێ . کارەکە زۆر بە هێواشی دەڕٶیشت تەنها دوو فەرمانبەریان دانابوو ، کەدەبوو تۆمارگەکان بەپێی گەرەک و ژمارە دابگرن و کاری لەسەربکەن ، یەکە یەکە ناسنامەی نوێ دروست بکەن ( زانیارییەکان لە تۆمارگەکەوە بۆ سەر ناسنامە نوێیەکە بگوێزنەوە ، وێنەکەی پێوە بنێن ، هەندێ وێنەش کە گەورە بوون یان رێک نەبوون ، دەبوایە بە مقەست رێکیبخەن ) ئینجا رەوانەی بەشی کەبسکردن دەکراو ، لەشوێنێکیتر بۆ وەرگرتنەوەی چاوەڕێت دەکرد . بەڕاستی لەلایەک بەزەییم بە دوو فەرمانبەرەکەدا دەهاتەوە ، ئەرکێکی زۆریان بەسەرەوە بوو فریای سەرخوراندنیش نەدەکەوتن ، لەلایەکیدییەوە لەو ئیدارەی کارە نیگەران بووم کە بۆ ئاسانکاریی هەوڵی دانانی چەند فەرمانبەریدیکە نادات ، لەکاتێکدا بە سەدان فەرمانبەری بێ ئیش لە فەرمانگەکاندا هەن ، یان بیر لەشێوەیەکی نوێی کارکردن ناکاتەوە ، تا ئەو خەڵکە بە شێوەیەکی باش بەڕێ بکات و ئەو ئەرکە گران و وەڕسکەرەیان لە کۆڵبکاتەوە .
ئەوانەی پێش من تەواو بوون ، کارمەندەکە پێنج دەقیقەیەک پشووی دا ، یەکدوو جار پەنجەکانی تەقاند ، دیاربوو زۆر ماندوو بووبوون ، هەڵبەت ناهەقی نەبوو ، ئاخر بۆ دەبێت ناسنامەکان بەدەست بنووسرێن ، ئەی ناکرێت چەند کۆمپیوتەرێک دابنرێت بۆ نووسینی زانیارییەکان لەسەر فۆرمی ناسنامەکان ؟!
فەرمانبەرەکە تۆمارگەی گەڕەکەکەمانی داگرت ، لاپەڕەکەی ئێمەی کردەوە ، بەدەم تۆمارکردنی زانیارییەکان و ئاماژەکردن بە گۆڕانکاریی لە تۆمارگەکەدا ، هەندێ پرسیاری لێکردم ، کەگەیشتە سەر بەرواری لەدایکبوونم هەڵوەستەیەکی کردوو پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئەو
بەروارەم لە کوێوە هێناوە ، کاتێک پێمڕاگەیاند ئەوە بەرواری راستەقینەی لەدایکبوونمە ، وتی ئەوە بە رەسمی وەرناگیرێت و ئێمە بۆ ئەو ناسنامانەی تەنها ساڵی لەدایکبوونی لەسەر نوسراوە ١ / ٧ دەنووسین . من بەوە رازی نەبووم بۆیە فایلەکەی دایەدەستم و بۆ لای بەرپرسەکەیان لە ژوورەکەی تەنیشتییەوە ناردم . دە قیقە یان چارەکێک سەرەمگرت تا گەیشتمە بەردەمی بەرپرسی بەشەکە ، بابەتەکەم تێگەیاند ، ئەوەم پێگەیاند کە ئەو بەروارە راستە ، من باوکم خوێندەوار بووە رۆژی لەدایکبوونی خۆم و خوشک و براکانمی لەکاتی خۆیدا تۆمارکردووە ، تەنانەت کاتژمێری لەدایکبوونیشمانی بیرنەچووە . بەرپرسەکە بەڕێزەوە تێگەیشتنی خۆی لە قسەکانم نیشاندا ، بەڵام وتی : ئەوە رێنماییەو ناتوانن سەرپێچی لێبکەن ، بۆیە دەبێت رۆژی ١ /٧ بنووسن ، ئەگەر هەر رازیش نیم ( بە پێکەنینەوە وتی ) دەبێت یان بەڵگەنامەی ( ویلادە ) ت بهێنی ، یان ئەوەتە بە فەڕمیی بچمە دادگاو دوو شاهید بۆ سەلماندنی رۆژی لەدایکبوونەکەم بەرم و دادگا ئەوە بکاتە بڕیار ، ئەو کاتە ئەمان دەتوانن ئەو بەروارە تۆماربکەن کە رۆژی راستەقینەی لەدایکبوونمە .
لێکمدایەوە تووشی گێرمەوکێشەیەکی زۆر دەبم ، هەروەها کێ بکەمە شاهیدی لەدایکبوونم ، ئاخر کەسێک لەوانە لە ژیاندا نەماون ، بۆیە رازی بووم بەوەی ١ / ٧ ببێتە رۆژی لەدایکبوونم،
بەرپرسەکە پەراوێزێکی لەسەر فۆڕمەکە نووسی و بردمەوە بۆ فەرمانبەرەکە ، ئەویش ناسنامەکەی تەواوکردو رەوانەی ژووری کەبسی کرد و لەوێ وەرمگرتەوە .
فوئاد قەرەداغی
١ / ٧ / ٢٠١٥