مرۆڤدۆستی و بازنەکانی ئینتیما
فوئاد قەرەداغی
٢٨ – ١٠ – ٢٠١٨
گیانی مرۆڤدۆستی و چالاکیی خێرخوازی و مرۆیی
بەشداریکردن لە چالاکیی هەموو رێکخراوە خێرخوازی و مرۆییەکاندا پێویستیی بە گیانی مرۆڤدۆستی هەیە ، ئەگەرنا ، بۆ ناوو بەرژەوەندی ودەسکەوتی تایبەتییە .
مرۆڤدۆستی : نەفرەت لە هەموو کارێکی نامرۆڤانە دەکات
ئینتیمای مرۆڤدۆستی ، هەموو کارێکی نامرۆڤانە رەتدەکاتەوەو نەفرەتی لێدەکات ، جا ئەو کارە ئەندامێکی خێزانەکەت بیکات یان بنەماڵەکەت یان هاوڵاتییەکی شارەکەت یان هاوزمان و نەتەوەکەت یان هەرکەسێکیدی لەم جیهانەدا .
مرۆڤبوون و ئینتیماکانیدی لە ئەمڕۆدا
ئینتیمای مرۆڤبوون لە واقیعی ئەمڕۆدا ناتوانێت ئینتیماکانیدی بسڕێتەوە بەڵام پێودانگی مرۆڤدۆستی بو هەڵوێست بەرامبەریان پەیڕەو دەکات .
ئەندامی بنەماڵە و ئینتیما بۆ بنەماڵە جیاوازییان هەیە
لەنێوان بوونت وەک ئەندامی بنەماڵەیەک و ئینتیما بۆ بنەماڵەکەت جیاوازی هەیە ، یەکەمیان تۆ دەسەڵاتت تێیدا نییە ، ئەویدی سەرچاوەکەی عەقڵییەتی خێڵە . ئەویان تۆ بڕیارت نەداوەو ، ئەمیان بڕیارتداوە چاک و خراپی قبووڵ بکەیت .
کام بازنەی ئینتیما هەڵدەبژێریت ؟
ئەگەر سەرپشک بکرێیت کام یەک لەم بازنانەی ئینتیما هەڵدەبژێریت ؟ بنەماڵە ، خێڵ ، شارەکەت ، ناوچەکەت ، نەتەوە ، ئایین ، جیهان ومرۆڤ .
خزمەتکردنی ئەجندای نەیارانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد
پیاهەڵدانی شارێک و شکاندنی شارێکیدی کوردستان خزمەتی ئەجندای کام یەک لە نەیارانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد دەکات ؟
شارچێتی خزمەت بەکێ دەکات ؟
سلێمانیچێتی ، هەولێرچێتی ، هەموو شارەکانی کوردستان + چێتی ، خزمەت بە کێ دەکات و سیاسەتی چ چینێکی کۆمەڵگا دەردەبڕێت ؟