گوتاری رزگاریی نەتەوایەتیی کورد و شێوازەکانی خەبات بۆ بەدیھێنانی
ئەڵقەی پێنجەم
فوئاد قەرەداغی
” ئەقڵییەتی شاخ ” زاراوەیەکە دوای راپەڕینی بەھاری 1991 لە ئەدەبییاتی سیاسی خەڵکی باشووری کوردستاندا بەکاردەھێنرێت . ھەر حزبێک ، رێکخراوێک ، تاکەکەسێک ، رەفتارێکی ناشایستە یان توندوتیژیی ، یان ھەڵوێستێکی خێڵەکیانە ، یان بیروبۆچوونێکی دواکەوتووانە ببینێت ، بە ” ئەقڵییەتی شاخ ” وەسفی دەکات . تەنانەت ئەو سەرکردەو کادیرە حزبییانەی ساڵانێک بە شاخەوە بوون ، ھەر زوو شاخیان بەر نەفرەت خست و بانگەشەیان بۆ خەباتی شارستانیانە کرد . لەگەڵ ئەم وەرچەرخانە لە ژیان وخەباتی شاخەوە بۆ ژیان و ھەڵسووڕانی مەدەنیانەی شار ، کۆی فەلسەفەو فیکرو بیروبۆچوون و شیوازی کاری سەردەمی شاخ ، کەوتە بەر تانەوگاڵتەو ، دەربڕینی پەشیمانی و سڕینەوەی لە بیرەوەرییەکان و ھەستی شانازیی بەو رابردووەوە .
ناوەرۆکی ئەم تانەیە لە ” ئەقڵییەتی شاخ ” ، لە لایەک خەباتی چەکداریی لادێکان و بەشداریی بەرچاوی جووتیاران بوو لەو خەباتەدا ، لەلایەکیدی ئاماژە بوو بۆ سیستمی خێڵەکی باو لە لادێکانی کوردستاندا ، خاڵی یەکانگیریی ھەردوو لایەنەکەش شێوازی توندوتیژیی سەردەمی بەرەنگاری و ، درێژەکێشانی بەکارھێنانی بوو بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی دوای دابەزینی ھێزە چەکدارەکان بۆ شارەکان و وەرگرتنی دەسەڵات ، سەرەتا وەک واقیعێکی ناچاری و سەپێندراو و دواتریش لەڕێی ھەڵبژاردنی پەڕلەمان و پاساوی شەرعییەتی ئەو دەسگا ” شارستانی ” ییەی فەرمانڕەوایەتی .
گەلانی ستەمدیدەی جیھان ، ھەلومەرجێکی بابەتیی ( موضوعي ) دەیانخاتە سەرڕێی توندوتیژی لەڕێی خەباتی چەکدارییەوە . ئەو ھەلومەرجە جێی خەباتی مەدەنی ، وەک شێوەی سەرەکی خەباتی ، تێدا نابێتەوە . خەباتی مەدەنی لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری دڕندەی خوێناوی شکستدەھێنێت و ، دەبێت بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان ، رێگەی شێوازێکی گونجاوو کاریگەر خۆشبکات ، ئەو رێگەیەش لە مێژووی رابردوودا ، لەسەرجەمی کیشوەرەکانی جیھاندا توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە بووە بەرامبەر توندوتیژیی کۆنەپەرستانەی دەسەڵات . واتە شێوازی چەکداریی بووە بۆ لەناوبردنی چەوساندنەوەی چەکدارییانەی دەسەڵات، بەتایبەتی لە بزووتنەوە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا .
ئەم ململانێیە خوێناوییە پێویستی بە پانتاییەکی جوگرافیی لەبار دەبێت ، زەوییەکی گونجاوی بۆ مانۆڕی سەربازی و بەڕێوەچوونی پلانە سەربازییەکان دەوێت ، بەتایبەتی کە تەرازووی ھێز لاسەنگ بێت لەنێوان ھەردوو ھێزە دەرگیرەکەدا.
ئەو ناوچانەی دەبنە گۆڕەپانی بەیەکادان و جەنگ لە ھەموو قۆناخەکان تێیاندا بەردەوام دەبێت ، بەپێی جۆری جوگرافیای زەوییەکان ، لە ناوچەیەک بؤ ناوچەیەکیدی و ، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیدی دەگۆڕێت . ھێزە چەکدارە بچووک و لاوازەکان ئەم تایبەتمەندییە بۆ تێکشکاندنی ھێزەکانی دەسەڵات و سەرکەوتنی خۆیان بەکاردەھێنن . ھێزە چەکدارەکانی کورد ( ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ) سەبارەت بەوەی زۆربەی خاکی کوردستان شاخە ، شەڕەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکاندا کردووە ، زۆربەی سەرکەوتنەکانیان لە شاخەکاندا بووە . بۆیە بۆ ئەوان خەباتی شاخ مایەی شانازییە نەک تانەلێدان و گاڵتەپێکردنیان و ، ئەقڵێیەتیان وەک سووکایەتی بلکێنرێت بە شاخەوە . بۆیە دەبێت ئەو زاراوەیە رەتبکرێتەوەو ” شاخ ” وەک ھێمای تێکۆشانی لادێکان و ، بەرەنگاری و ، بەرگری لە ئامانجەکان وەرگیرێت ، چونکە ھەمیشە مرۆڤەکانن ھەڵەدەکەن و کاری نەشیاو بە ھۆکاری جیاجیا ئەنجامدەدەن و ، بوون و خەباتیان لە شاخ پەیوەندی بەو کارانەوە نییەو ، بەکارھێنانی وەک توانج و سووکایەتیپێکردن کارێکی دزێوو نەشیاوە .
لە راستیدا ئەو ھێزانەی لە شاخەوە ھاتنە شارو دەسەڵاتیان وەرگرت ، لە چۆنیەتی بەکارھێنانی دەسەڵاتەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون ، نموونەی گەندەڵی و پێشێلکردنی یاساکان و پشتگوێخستنی جەماوەر بوون . ھەرچی داب و نەرێتی خێلەکی ھەیە لە سایەیاندا بووژایەوە . مامەڵەکردنی خەڵکیی بەم ئەقڵییەتەی خێڵ ، سەرچاوەی ئەو جۆرە تێگەیشتنە ناڕاستەیە کە ئەوە بە رسکاوی سەردەمی شاخ دەزانێت ، بۆیە بە ھەڵە وەک ” ئەقڵییەتی شاخ ” جێی خۆی لە نێو زاراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی کوردیدا کردۆتەوە .
کاتێک حزبەکان و چەکدارەکانیان روویانکردە شاخ، ئامانجیان بەرەنگاری و پێشگیریی بە سیاسەتی پێشێلکردنی مافە نەتەوایەتییەکان و سڕینەوەی بوونی کورد بوو . ھەڵبژاردنی شاخ بۆ ئەم مەبەستە واقیعی خەباتی سەردەمەکە بوو . کورد بەبێ جەنگی پارتیزانی لە لادێکاندا توانای بەرگری نەبوو . دەکرا ئەم ھەڵبژاردنە لە داڕشتنی سیاسەتی جەنگدا گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەر ژیانی خەڵکیدا بھانیایە . دەکرا بەرنامەیەکی چارەسەرکردن بۆ پرسی زەوی لە لادێکاندا پەیڕەوبکرایەو گۆڕانکاریی لە پەیوەندییە دەرەبەگی و خێڵەکییەکەدا بکردایە . دەکرا ھێزە چەکدارییەکە پەروەردەیەکی نوێ بکرایەو وەک لەشکری گەل بەرامبەر دوژمن بجەنگن و ، پرنسیپەکانی جەنگی گەل لەپەیوەندی نێو خۆیان و پەیوەندی بە جەماوەرەوە بکەنە کەلتوورێک و ، تایبەتمەندی بە سیمای بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد بدایە . دەکرا بنکەو بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگە و ئەو ناوچانەی رزگاریان دەکردن ببوونایەتە بنکەی شؤڕشگێڕانەی دەسەڵاتی گەل و بست بە بست دەسەڵاتی خەڵکیی لێدامەزرێنرایەو بەکردەوە ھەر رۆژەی بەشێکی ئەم وڵاتە سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تێدا رابگەیەنرایە . دەکرا بە توندوتیژیی شؤڕشگێڕانە ، توندوتیژیی شۆڤێنیستانەو فاشستیانەی دەوڵەتی ناوەندیی لە ناوچە ئازادەکاندا کۆتایی پێبھێنرایە …. ھتد .
ئەمڕۆ کە دەبینین ئەمانە نەکراون و ئەزموونەکەش نموونەیەکی جوانی بەدەستەوە نەداوەو دوای زێتر لە چارەکە سەدەیەک شکستیھێناوە ، ئۆباڵەکەی نەخەینە سەر خەباتی چەکدارانەی شاخ ، بەڵکو سەرکردایەتی حزبەکان بەرپرسیار بکەین ، سەبارەت بە ژیانی رابواردن و خۆشگوزەرانیان لە شارداو ، ساردکردنەوەی خەڵک لە خەباتی شۆڕشگێڕانەو تەرویجکردنی گشتیی ھەڵوێستی ئاشتیانە ( پاسیڤیتی ) و لەبیربردنەوەی سروشتی شۆڕشگێڕانەی پرسی کورد و فەرامۆشکردنی ئامادەباشی ھەمیشەیی بۆ بەرگری لە بوونی نەتەوەیی و ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی رۆڵەکانی جەماوەری گەلەکەمان بەدەستھاتوون .
28 – 11 – 2017