Archive | كانونی دووه‌م, 2014

گۆڤاری ( مامۆستا ) لە دیداری مامۆستا فوئاد قەرەداغی – دا

23 کانونی دووهەم

گۆڤاری ( مامۆستا ) لە دیداری مامۆستا فوئاد قەرەداغی – دا

ئامادەکردنی : بەختیار تیلەکۆیی

گۆڤاری ( مامۆستا ) ژمارە ٢ کانونی یەکەم ساڵی ٢٠١٣

– فوئاد ئه‌نوه‌ر عومه‌ر ، ناسراو به‌ فوئاد قه‌ره‌داغی ، ساڵی 1945 له‌ شاری سلێمانی له‌دایکبووه ‌ .
– خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و خانه‌ی مامۆستایانی له‌ سلێمانی ته‌واوکردووه‌ . – ساڵی 1963 خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی به‌ پله‌ی یه‌که‌م بڕیوه‌ .
– ساڵی 1977 به‌شی ( په‌روه‌رده‌و سایکۆلۆژیی ) له‌ کۆلیجی ئادابی ( الجامعة المستنصرية ) ته‌واوکردووه‌و به‌ پله‌ی دووه‌م به‌کالۆریۆسی له‌ ( کارگێڕی و سه‌رپه‌رشتیاریی په‌روه‌رده‌یی ) دا هێناوه‌ .
– له‌نێوان 1963 و 1978 دا مامۆستای سه‌ره‌تایی بووه‌ له‌ قوتابخانه‌کانی ( خالیدییه‌ له‌ هه‌ولێر ، قه‌ندیل له‌ قه‌ڵادزێ ، زێوه‌رو سه‌رشه‌قام و بادینان و تانجه‌رۆ له‌ سلێمانی ، قه‌ره‌داغ ، ئه‌نده‌لوس له‌ دیوانییه‌ ، ئه‌ربدو ئیبن زوبه‌یرو ئیبن روشد له‌ به‌غدا ) .
– له‌ نێوان 1978 و 1998 دا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئاماده‌کردن و راهێنانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و دواتر هه‌ولێر ، سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌ری بووه‌ .
له‌م ساڵانه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌یان ده‌وره‌ی راهێنانی ماموستایان بووه‌ ، له‌ سه‌د ده‌وره‌ زیاتردا وانه‌کانی ئیداره‌و په‌روه‌رده‌و سایکۆلۆژیی گوتۆته‌وه .
– لە نێوان ئەیلولی 2000 و شوباتی 2002 دا سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا .
– دوای وازهێنانی له‌ سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان تا خانه‌نشینکردنی له‌ ئه‌یلولی 2004 دا ، له‌ دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئیداره‌ی سلێمانی راوێژکاری په‌روه‌رده‌یی بووه‌.
– له‌ شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا ، وه‌ک نووسه‌ر و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌ران ، به‌شداریی نووسین و ده‌رکردنی ئه‌م بڵاوکراوانه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ) و یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستانی کردووه :‌ ( پاشکۆی کوردیی رۆژنامەی ( النور ) ، گۆڤاری ( رزگاری ) ، چه‌کی خه‌بات ، ره‌نج ، رابه‌ر ، بروسکه‌ ، ئامانج ، هه‌ڵمه‌ت .
– دوای راپه‌ڕین له‌ گۆڤاری ( دواڕۆژ ) دا سکرتێری نووسین بووه‌ .
– له‌ نێوان تشرینی یه‌که‌می 1995 و ئابی 1996 دا له‌ رۆژنامه‌ی ( کوردستانی نوێ ) دا، سه‌رپه‌رشتیی لاپه‌ڕه‌ی ( په‌روه‌رده‌ی نوێ ) ی کردووه‌‌ .
– له‌ حوزه‌یرانی 1999 وه‌ هه‌تا ئه‌یلولی 2000 ، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ( هه‌رێمی کوردستان ) بووە .

گۆڤاری مامۆستا : لەدیدی تۆوە کاری رێکخراوەیی دەبێت چۆن بێت ؟

قەرەداغی : چۆنیەتی کاری رێکخراوەیی دوو سەرچاوەی سەرەکی هەیە ، یەکێکیان باری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی ئەو جەماوەرەیە کە خۆیان رێکخستووە ، ئەویدیش ئەو ئامانجانەیە کە رێکخراوەکە لە پێناویاندا کاروچالاکیی دەکات . پاڵنەرە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان لەپشت سەرچاوەی یەکەمەوەن ، بەپێی پێداویستی ئەو جەماوەرە یان ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە بۆ بوونی رێکخراوی تایبەت بەخۆیان ، هەر ئەو پێداویستیانە شێوازی رێکخراوبوون دیاریدەکەن بەپێی بوارەکە ( سیاسی ، ئابووریی ، کۆمەڵایەتیی ، پیشەیی ) ، کەهەریەکەیان لەڕووی چۆنایەتییەوە لەوانیدیکە جیاوازە . ئامانجەکانیش شێوازی تایبەتی کارکردن و چۆنایەتی چالاکییەکان بڕیاردەدەن ، بۆ هەر کات و هەر گۆڕانکارییەک لەهەلومەرج و بارودۆخی خەباتدا بێتە پێشەوە .

گۆڤاری مامۆستا : تا چەند ئەو هەلومەرجەی یەکێتیی مامۆستایانی پێدا تێپەڕیوە ، رێگربووە لەوەی نەتوانێت رۆڵی سەرەکی خۆی ببینێ ؟

قەرەداغی : ئەو هەلومەرجانەی بەسەر یەکێتیی مامۆستایاندا تێپەڕیون بەپێی کات و سەردەمە جیاوازەکان بوون و ناتوانرێت یەک هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت .هەر هەلو مەرجە پێداویستیی خۆی هەبووەو ، شێوازی تایبەتی و گونجاوی بۆ سەردەمەکەی خۆی ویستووە ، بۆیە ئەگەر لە سەردەمێک یان قۆناغێکی دیاریکراودا پاساوێک هەبێت بۆ نەبوونی رۆڵی بەرچاوی یەکێتیی مامۆستایان لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا ؛ ئەوا لەهەلومەرج و قۆناغێکیدیکەدا ، هچ پاساوێک ، سستی و کەمتەرخەمیی پێ پەردەپۆش ناکرێت .ئەگەر روونتر ئەمە دەستنیشان بکەین ، دەڵێم : ئەگەر ساڵانی تێکۆشانی بەر لە راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و سەردەمی گەمارۆدانی ئابووری سەر کوردستان دوای داگیرکردنی عێراق و ململانێی دەسەڵاتی کوردی و حکومەتی ناوەندیی ژێر سایەی بەعس ، رێگری یان پاساوێک هەبووبێت ؛ ئەوا دوای رووخانی بەعس و یەکگرتنەوەی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایان ، هیچ بڕوبیانوویەک بۆ ئەو بێ رۆڵییەی یەکێتی و ، ئەو خەمساردییەی لەئاستی فەرامۆشکردنی بەرنامەی بڕیاردراوی کۆنگرەکانی و ، داواکارییە رەواکانی مامۆستایاندا ، نییە .

گۆڤاری مامۆستا : لەماوەی دەستبەکاربوونتان لە خولێک لە خولەکانی یەکێتی مامۆستایاندا ، ئەو ئامانجانە چیبوون کە لەو ساتەوەختەدا کارتان بۆ دەکرد ؟

قەرەداغی : من لە ١ ی ئەیلولی ٢٠٠٠ وە تا ٢ ی شوباتی ٢٠٠٢ سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووم لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ( ئیدارەی سلێمانی ) . بەرنامەی خولی یەکەمی ئەو کۆنگرەیەی ناونرا ( دەیەمین کۆنگرە ) ، سەرلەبەریم دوای کۆنگرە داڕشتەوە ، بەرنامەو پێڕەوی خولی دووەمیش هەر هەمووی من نووسیومەو ، یەک دوو بڕگەی لاوەکی نەبێت کەزیادو کەمی بەسەرداهات ، ئەویدیکەی وەکوخۆی مایەوەو لە کۆنگرەدا هیچ دەستکارییەک نەکرا . دیارە یەکەم ئامانجم پابەندبوون بوو بەو بەرنامەو پێڕەوەوە ، دانانی رێوشوێنی پێویست و دەرکردنی تەعلیمات و نووسینی چەند نامیلکە بوو ، تا مەکتەبی سکرتارییەت و لقەکانی یەکێتی ، بە باشترین شێوە هەوڵ بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانی بدەن .
ئامانجێکیدیکەم کارکردن بوو بۆ خۆشگوزەرانی مامۆستایان لە هەلومەرجێکدا مامۆستایان بارێکی ئابووریی نالەباریان هەبوو ، رەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە لەسەر لایەنی دەروونی و ئاستی قوتابخانەو خوێندنگەکانیشدا کاریگەرێتی خۆی دانابوو ، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر پشتم بەوەبەست کە لێپرسراوە حزبییەکانی ئیدارەی سلێمانیم دەناسی و وەهام پێشبینی دەکرد کە ئەو پەیوەندییە شەخسییەو رێزێک کە لێیاندەنام ، کاریگەرێتی هەبێت و بە ئاڕاستەی باشبوونی باری ژیانی مامۆستایان وەرچەرخێت .
ئامانجێکیدیکەی گرنگ کە هەر لەسەرەتاوە بۆ کاری خۆمم دانابوو یەکگرتنەوەی هەردوو باڵەکەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بوو . ئەم یەکێتییە بەرەنجامی شەڕی ناوخۆ دووکەرت بوو بوو ، بۆیە بەپیر یەکەم دەستپێشخەرییەوە چووم و ئامادەییم نیشاندا کە بۆ وتووێژ ، بێ هیچ مەرجێک ، سەردانی برایانی هەولێر بکەم . ئەم هەوڵە بۆ یەکگرتنەوە ماوەیەک کپبوو ، دواتر ، دوای خولی دووەمی دەیەمین کۆنگرە ، دەستیپێکردەوەو بەیەکگرتنەوە کۆتاییهات .
گرنگترین ئامانج بەبڕوای من رێکخستنی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆو زیندووی مامۆستایان بوو . بۆ من لەمێژ بوو تەواوی لۆژیک و فیکرو میکانیزمی کاری رێکخراوێکی لەو شێوەیە بەرجەستەبوو بوو . بە قەناعەتی من سەرنەکەوتنی یەکێتیی مامۆستایان لە بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی مامۆستایانی کوردستاندا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئەو کاتەو ئێستاش ، ملکەچیی رێکخراوەکە بووە بۆ حزب ، پابەندبوونی خەباتی رێکخراوەیی بووە بە سیاسەت و ئەجندەی حزبەکانی کوردستانەوە ، بۆیە پێموابوو لەجێبەجێکردنی دوو کاردا رێگە بۆ ئەو بزووتنەوەیەی مەبەستم بوو خۆشدەکرێت :
أ – ئازادیی رێکخراوەکانی مامۆستایانی سەر بە گشت حزبەکان لەکاری رێکخراوەیی خۆیانداو ، هەڵوەشاندنەوەی یاسای ( یەکیتیی مامۆستایانی کوردستان ) کەلەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووبوو ، ئەو یاسایەی تەنها شەرعییەتی بە کاری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دابوو .
ب – کۆکردنەوەی هەموو ئەو رێکخراوانەو ، رێکخراوەکانی مامۆستایانی کوردستان لە بەشەکانیدیکەی کوردستان لە یەک کۆنفدراسیۆنی مامۆستایاندا ، یان یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ببێتە ئەو چوارچێوەیەی هەموو ئەو رێکخراوانە لەخۆیبگرێت .

گۆڤاری مامۆستا : بەڕای بەڕێزتان دەبێت لە ئێستادا کاری یەکێتی مامۆستایان چۆن بێت ، کە جیهان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ، بەتایبەت مافەکانی مامۆستا ؟

قەرەداغی :لە کۆتایی سەدەی رابردووەوە ، جیهان گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە ، زانست و تەکنۆلۆژیا هەنگاوی گەورە گەورەی بەرەوپێشەوە ناوە ، بلۆکێکی جیهانیی هەرەسی هێنا ، بەو هۆیەوە سیستمی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد باڵادەستە . ئەم سیستمە جیهانی کردە گوندێکی بچووک و جیهانگیریی کردە سیمای سەردەم . ئیمپریالیزمی جیهانگیر کاریگەرێتیی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دانا کە یەکێک لەو بوارانە پەروەردەو فێرکردن بوو . پەروەردە لەسایەی ئەم سیستمەدا بووە ئامرازی رێکخستنەوەی بازاڕی سەرمایەداری و چۆنیەتی دابەشکردنی سەرمایەگوزاری و هێزی کاری جیهانیی ، بۆیە حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لەو سنوورو بازنەیەی ئەم گۆڕانە جیهانییەدا رۆڵی خۆیان دەبینن و لەبەرەیەکی ئەو ململانێ جیهانییەدا رادەوەستن . مامۆستایان لە کایە پەروەردەییەکەدا ئامرازی بەدیهێنانی ئەو گۆانکارییەن ، بۆیە لەکارکردنی خۆیاندا چ لەسەر ئاستی ناوخۆو چ لەسەر ئاستی جیهانیی بەشداریی لەو ململانێیەدا دەکەن ، جا یان دەبنە بڕغویەکی ماشێنی سەرمایەداریی جیهانگیر ، یان بە لەشکرێکی فراوانی دژە جیهانگیرییەوە پەیوەست دەبن. بەبیروبۆچوونی من سیستمی پەروەردەی ئێمە لە کوردستاندا ( بەو ریفۆرمەشەوە کە لەم ساڵانەی دواییدا کراوە ، ٢٠٠٧ هەتا ئیستا ) سایەو هەیمەنەی سیستمە جیهانییەکەی بەسەرەوەیە. کردنەوەی چەندین زانکۆو کۆلیج و دەیان قوتابخانەو خوێندنگە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی کوردستان و وڵاتانی بیانی بەناوی ناوەندی رۆشنبیریی یان رێکخراوی مرۆڤدۆست یان رێکخراوەکانیNGO یان پڕۆژەی ئەهلی ، گۆشەیەکیدیکەی هەیمەنەو، شێوە داگیرکردنێکی رۆشنبیریی ئەم بەشەی کوردستانە لەلایەن هێزە بڕیاربەدەستە ناوچەیی ونێودەوڵەتییەکانەوە ، کە گشتیان – بەبێ ئیستیسنا – لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی جیهانگیردان .
بۆیە پشتگیریی یان رەتکردنەوەی و هەوڵدان بۆ سیستمێکی ، پێشکەوتوو ، کە پەروەردەیەکی دیموکراسیی و سێکولاری رەخنەگرانەو زانستی بنەمای بێت ، شوناس و جێوڕێی هەر رێکخراوێک ، بەتایبەتی رێکخراوەکانی خوێندکاران و مامۆستایان دیاریدەکات . دیارە بەرگری و خەبات لە پێناوی مافەکانی مامۆستایانیشداو ، ( لە نێوانیاندا خۆشگوزەرانیی وەک ئەولەوییەت ) ئەرکی یەکەمی هەر رێکخراوێکی مامۆستایانە بۆ رێگرتن لەوەی مامۆستایانیش وەک کۆیلەکانی کاری کرێگرتە بچەوسێنرێنەوەو توانا زانستی و پسپۆڕی و پیشەییەکانیان ، بەرامبەر ژیانێکی کولەمەرگی ، لێ زەوتبکەن .

گۆڤاری مامۆستا : تا چەند راگەیاندن رۆڵ دەبینێت ، بەڕای بەڕێزتان دەبێت راگەیاندن چۆن ئەدای کاری خۆی بکات ؟

قەرەداغی : راگەیاندن ئامرازێکی دووسەرەیە ، دەتوانێت خزمەت بە ئامانج و ئەجندە جیاوازەکان بکات . دەشێت لەخزمەتی پێشکەوتنی مرۆڤدابێت ، بەبارێکیدیکەشدا دەشێت بەدژی مرۆڤ بەگەڕبخرێت . هەموو شێوازەکانی کاری رێکخراوەیی ، ئەم دوو تایبەتمەندییە دەیانگرێتەوە ، بۆیە لەبەر تیشکی ئەم راستییەدا ، یەکێتیی مامۆستایان دەتوانێت ، چ لەشێوازەکانی خەباتیداو ، چ لە هۆیەکانی راگەیاندنی خۆیدا یەکەمیان هەڵبژێرێت ؛ هەڵبەت ئەم هەڵبژاردنە کۆمەڵێک ئەرک و هەڵوێستی بەردەم دەخات وەک : دابڕان لە ( وصایە ) ی حزب و ، سەربەخۆیی کارکردن و ، رەخنەو رەخنەلەخۆگرتن و ، بەشداربوونی جەماوەری مامۆستایان لەبڕیارەکانیدا . ئەم ئەرک و هەڵوێستانە دەبێت لە بوارە جیاجیاکانی راگەیاندنی یەکێتیدا رەنگبدەنەوەو ، هۆکارێکی پەروەردەیی نوێ بن بۆ هوشیارکردنەوەی ئەم نەوە گەنجەی مامۆستایان و نەوەکانی دواڕۆژیش .

گۆڤاری مامۆستا : هەماهەنگی یەکێتی مامۆستایان و بواری پەروەردە لە چ ئاستێکدایە ؟

قەرەداغی : لە نزیکەوە ئاگاداری هەمئاهەنگی نێوان یەکێتیی مامۆستایان و پەروەردە نیم ، یان من هیچ هەمئاهەنگییەکی بەرچاو نابینم ، ئەوەی ساڵانێک بەرپرسەکانی یەکێتیی مامۆستایان ، لەهەمان کاتدا بەرپرسی حکومەتیش بوون لە وەزارەت و بەڕێوەبەرێتییە گشتییەکانی پەروەردەدا ، هەمئاهەنگی نەبوو ، بەڵکو ئەزموونێکی هەڵە بوو بۆ کاری رێکخراوەیی ، کە نموونەی لە جیهاندا نەبوو ( مەگەر لەسایەی بەعس و سیستمە ئیستیبدادییەکاندا نەبێت ) بەڵام وەک پرنسیپ ( هەمئاهەنگی و ململانێ ) بە دروست دەزانم بۆ ئەو پەیوەندییەی نێوان یەکێتی و پەروەردەو ، لە حاڵەتی لادانی پەروەردەش لە ئامانجەکانی ، یان سەرنەکەوتنی پڕۆژە ریفۆرمییەکانی ، یان تەشەنەکردنی گەندەڵیی تیایدا ، ئەوا دەبێت یەکێتی مامۆستایان تەنها رێگەی ململانێ بگرێتەبەر بۆ راستکردنەوەی کەچڕەوییەکان و زەمینەخۆشکردن بۆ پەیوەندییەکی نوێ کە دیسان ( هەمئاهەنگی و ململانێ ) رایەڵی بێت .

گۆڤاری مامۆستا : چ پێشنیارێکتان هەیە بۆ گۆڤاری مامۆستا ؟

قەرەداغی : هەر پێشنیازێک بۆ گۆڤارێک یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەریبکات ، دەبێت لە ئاستی خواست و چاوەڕوانی مامۆستایانەوە سەرچاوە بگرێت کە پێشتر کەمێکیانم خستەڕوو .
– سەرەتا دەبێت ئەوە یەکلاییبکرێتەوە کە گۆڤارەکە موڵکی جەماوەری مامۆستایانی کوردستانە و نابێت جێگەیەکی بۆ هیچ کەس و حزب و رێکخراوێکی سیاسی تێدابێت.
– گۆڤارێکی رێکخراوەیی تایبەت بە کارو چالاکییەکانی یەکێتیی مامۆستایان بێت ، تەوەرەی کاری ، تەنها مامۆستایان بێت ، وەکو گۆڤارو رۆژنامەکانی پێشووتری یەکێتیی نەکرێتە بڵاوکراوەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی سایکۆلۆژی و بابەتە زانستییەکانی پەروەردە . ئەو بوارانە ، دەتوانرێت لەڕێگەی گۆڤاری ئەکادیمی و تایبەتەوە بایەخی پێبدرێ ، وەک ئامرازێک بۆ خستنەوەی رۆشنبیرییەکی پەروەردەیی و پێگەیاندنی قەڵەمی بەتوانا لە کایەکانی پەروەردەو فێرکردندا .
– خۆی بەدووربگرێت لە چاوپێکەوتنی بەرپرسانی پەروەردە و پیاهەڵگوتنیان و شاردنەوەی کەموکورتییەکانیان ؛ بەپێچەوانەوە ، بوێرانە رەخنەیان ئاڕاستەبکات ، لەبەردەم جەماوەری مامۆستایان و کۆمەڵدا لەسەر هەڵەو ناتەواوییەکانیان بەرپرسیاریان بکات .
– لەڕێی پەیامنێرو نوێنەرانی قوتابخانەو خوێندنگەکانەوە واقیعی ئەو مەڵبەندانەی خوێندن بۆ خوێنەران بگوێزێتەوە . چاوپێکەوتنەکان بۆ مامۆستایان ، لە شوێن و ناوچە جیاجیاکانی خوێندندا ، تەرخان بکات .
– لەڕووی هونەرییەوە ( قەبارە ، فۆنت ، وێنە ، رەنگ ، بەرگ ، جۆری کاغەزو کارتۆن … هتد ) گرنگیی پێبدرێ . رێکخستنی بابەتەکانی سادەبێت ، چڕو جەنجاڵ نەبێت ، نەکرێت بە ئەلبوومی وێنەی لێپرسراوانی یەکێتیی مامۆستایان ، یان لێپرسراوە حزبی و حکومیەکان .
– هەندێک بابەت هەیە نەک هەر ناشێت لە گۆڤارێکی تایبەت بە مامۆستایاندا هەبێت ، بەڵکو مایەی نەنگیشەو لە ئاستی شکۆی مامۆستایەتیدا نییە وەک : ( بورجەکان ، مەتاهات ، پڕکردنەوەی بۆشاییەکان ، نوکتەی پڕوپووچ و گاڵتەجاڕی و … هتد ) .