لێکدانەوەکانی راسیزمی نەتەوەیی کورد
فوئاد قەرەداغی
ناسیۆناڵ شۆڤێنیستی کورد ، بوونی ناسیۆنالیزم لە کوردستاندا رەتدەکاتەوە و پێیوایە هێشتا ناسیۆنالیزمی کوردی دروستنەبووە . ئەوان بەپێچەوانەی زانستەوە بۆ ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەکەی دەڕوانن ، لەبری بەستنەوەی ناسیۆنالیزم بە سەرهەڵدانی ئابووریی سەرمایەدارییەوە و خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی جیهانیی ناسیۆنالیزم ، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی خێڵەکیانە دەست بۆ ئەم چەمکە دەبەن ، تەنانەت پێیانوایە ئەوەی عەرەب و تورک و فارس پێی دەڵێن ناسیۆنالیزم راسیزمە و ، ئەو راستییە فەرامۆش دەکەن کە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی راسیزم و فاشیزم ناسیۆنالیزمە ، ئیتر ئەوە ناسیۆنالیزمی ئەو نەتەوانە بێت کە کورد لەگەڵیاندا دەژی یان ناسیۆنالیزمی کوردی بێت . هەر ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەی ناسیۆنالیستەکانی کورد ، بۆ ئەو راستییەی ئاماژەمان پێدا بەڵگەن .
راستە خێڵ و سیستمی خێڵایەتی بۆ قۆناخی دەرەبەگایەتی دەگەڕێتەوە ، واتە بۆ قۆناغی بەر لە بزووتنەوە نەتەوەییەکان ، بەڵام ئەم سیستمە لەم سەردەمەدا، لە پشتگیریی سیستمی سەرمایەداریی جیهانیی بەهرەمەندەو لەوڵاتانی وابەستەی ( ئاسیاو ئەفریکاو ئەمریکای لاتین ) دا ململانێی بۆرژوا دەکات لە خاوەندارێتی بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا ، بەڕادەیەک ئەمڕۆ ، کۆنەپەرسترین سیستمی خێڵەکی جیهانیی بەسەر بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکاندا ، لەبەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستمی جیهانگیریی سەرمایەداریدا سایەی کردووە ، واتە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی ئەمڕۆی جیهان بەشێکی دانەبڕاوی سیستمی جیهانیی سەرمایەیە نەک بەشێکی بزووتنەوەی کرێکاری وسۆسیالیستیی لە جیهاندا .