Archive | ته‌مموز, 2016

کودەتاکەی تورکیاو خۆشخەیاڵیی ناسیۆنالیستەکانی کورد

20 تەموز

کودەتاکەی تورکیاو خۆشخەیاڵیی ناسیۆنالیستەکانی کورد

فوئاد قەرەداغی
١٦ تەمموز ٢٠١٦

لەدوێنێ شەوەو ، لەگەڵ یەکەم هەواڵی کودەتای سەربازیی لەتورکیا ، سۆراخی کەناڵە کوردییەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەکەم ، ئەوەی سەرنجڕادەکێشێت ، هەڵوێست و کاردانەوەکانی رۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی کوردە . زۆربەیان گەشبینییەکی ساویلکانەو خۆشباوەڕییەکی منداڵانەیان نمایش دەکرد ، پێیانوابوو بەڕۆیشتنی ئۆردوگان و هاتنەسەرکاری چەند ئەفسەرێک دەرگای سەرفرازی و ئازادیی کورد لەباکووری کوردستان ئاوەڵا دەبێت ، تەنانەت چەند کورتە نووسین و کۆمێنتێکیش مژدەی ئازادکردنی ئۆجەلان و دەستبەسەرداگرتنی شارەکانی باکووریان لە نزیک ماوەدا لەلایەن پەکەکەوە رادەگەیاند .
ئەمە یەکەمین جار نییە ئەم هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە ساکارانە جێی بیرکردنەوەو پێشبینی زانستیانەی رووداوەکان بگرنەوە ، بەڵکو ئەم خۆشخەیاڵییە لەمێژووی سەدساڵی رابردوودا چەندپات بۆتەوەو ، سیاسەتمەداران و سەرکردایەتی حزبەکانی کوردایەتیش پشکی شێریان بەرکەوتووەو ، بیرکردنەوەو رای گشتییان چەواشەکردووە .
ئەم کودەتایە سەربکەوتایە یان سەرنەکەوێت ، ئۆردوگان بمێنێتەوە یان نەمێنێتەوە ، کاریگەرییەکی ریشەیی لەسەر باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی تورکیا دروست نەدەکرد ، چونکە گەلانی تورکیا باری شانیان هەر بە شانی خۆیانەوە دەبێت و ، لەسایەی سیستمی سەرمایەدارییدا دەمێنننەوە ، جا بەشێوە ئیسلامییەکەی یان بەشێوە ناسیۆنالیستییەکەی بێت . خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشانی بیرو بازووی تورکیا بە خەڵکی چەوساوەی کوردیشەوە ، هێشتا هەر لەبەردەم ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی و شۆڕشی سۆسیالیستیدان و ، تەنیا ئەو شۆڕشەیە کۆتایی بەهەموو کوێرەوەرییەکانیان دەهێنێت .
ئەوەی لە دوێنێ شەوەوە لە تورکیا روودەدات ، ململانێی ئەو دوو باڵە بۆرژوازییەیە ، ناکۆکی نێوان خانەوادەی بۆرژوازییەتە لە تورکیا ، هیچ پەیوەندییەکی بە مافی مرۆڤ و دەستوورو بەرژەوەندی خەڵکییەوە نییە ، بۆ ئێمەی کورد _ وەک ناسیۆنالیستیی کوردی وێنای دەکات – سوودناگەیەنێت و مایەی خۆشحاڵی نییە . بەپێچەوانەوە دسەڵات لە تورکیادا ، بۆ هەر لایەنێکیان ساخبێتەوە ، سەرەتای بارێکی ناهەمواری پڕ لەتوندوتیژیی و ئیرهابی دەوڵەت دەبێت ، سەردەمێکی فاشستیانەی ئیسلامیی ئیخوانی یان میلیتاریستیی نەتەوەیی دێتە ئاراوە .
گەلی کورد لە باکووری کوردستان ، چارەیەکی نییە جگە لە بەردەوامیی تێکۆشان بەهەردوو شێوەکەیەوە : شێوەی مەدەنی ، بەو شێوەیەی بزووتنەوەی سیاسیی مەدەنیانە بۆ خۆیی دیاریدەکات ؛ شێوەی چەکداری و وەرچەرخانی بە جەنگی گەل بە هاوکاری و پاڵپشتیی هێزە کۆمۆنیست و چەپ و دیموکراتەکانی تورکیاو جیهان ، کە لە چەند دەیەی رابردوودا هەر ئەوان دۆستی راستەقینەی پەکەکەو ئاپۆو بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتی کورد بوون . ئەمە رێگایەکی مێژووییە دەکەوێتە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان و ، مێژووش راستی و دروستیی دەسەلمێنێت .

Poke دەربارەی

20 تەموز

Poke دەربارەی
فوئاد قەرەداغی
٢٦ – ٤ – ٢٠١٥
پۆک یەکێکە لە هۆیەکانی گەرمکردنی پەیوەندی لەنێوان بەشداربووانی فەیسبوک . ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە ، ئەم رێگەیەشی بۆ رەخساندووین تا یەکتری بەسەر بکەینەوە ، بەتایبەتی ئەگەر ماوەیەکی زۆر بێت ئاگات لە هاوڕێیەکت نەمابێت .
پۆک جۆرێک بەئاگاهێنانەوەیە بۆ هاوڕێیان ، یان باشتر بڵێین سەلامێکی سەرەڕێیە کاتێک لەسەر فەیسبوک دەبیت ، واتا ئەم بوارە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیەو نابێت هەموو کاتێک بەکاریبهێنیت . ئەوەی تا ئێستا تێبینی دەکەم ” تێنەگەیشتنێک ” لە مەبەستەکەی هەیە ، لێرەدا بە نموونەیەک لەسەر خۆم ، بۆ هاوڕێیانی رووندەکەمەوە .
سەرەتا کە لاپەڕەی پۆک دەکەیتەوە دوو وشەی تێدا دەبینی ( پۆک ) و ( پۆکباک ) ، یەکەمیان بۆ کەسی یەکەمە کەبیەوێت سڵاو بە هاوڕێکەی بگەیەنێت . کاتێک هاوڕێکەی سڵاوەکەی پێدەگات لەبەرامبەر ناوەکەیدا نوسراوە ( پۆکباک ) بە کلیککردنی سڵاو بۆ کەسی یەکەم دەنێردرێت و ئیتر بازنەی ئەم چۆنی و چاکییە دادەخرێت ، پێویست بەوە ناکات دیسان کەسی یەکەم پۆک بکاتەوە . من لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا بەم شێوەیە بەردەوامین و بەردەوام پۆکی یەکتری دەکەین و کۆتایی نایەت . خوازیارم نووسینەکەم لەم بارەیەوە روون بێت ، بە ناچاریش ئێستا پۆکی ٩ هاوڕێم لەبەردەمدایە پۆکباکیان دەکەم بەڵام با ئەوانیش پۆکباکم نەکەنەوە هەتا ماوەیەکیدیکە ، ئەو کاتە کە بیری یەکتریمان کرد ، پۆک و پۆکباک دەکەینەوە ، رێزم بۆتان و شەوتان شاد .

– سەرەتا ، چەند ساڵێک لەمەوبەر نەمدەزانی پۆک مانای چییە ، لە هاوڕێیەکم پرسی وتی مانای ( نەقیزەیە ) ، وشەکەم زۆر لەلا ناشیرین بوو ماوەیەکی زۆر پۆکی کەسم نەدەکرد ، دوایی لە فەرهەنگێکدا دۆزیمەوە بە مانای ( تێوەژەنین ، سیخورمە ، ئاگادارییەکی بەپەلە ) دێت ، من بۆ خۆم بەمەبەستی ( سڵاو ) لەو کاتەوە بەکاریدەهێنم .