Archive | ئایار, 2015

مافی پەروەردەو فێربوون بۆ منداڵان لە بەیاننامەو بەڵێنە نێودەوڵەتییەکاندا

31 مارس

مافی پەروەردەو فێربوون بۆ منداڵان
لە بەیاننامەو بەڵێنە نێودەوڵەتییەکاندا

لیژنەیەکی حزبی لە بەشداربووانی حکومەتە ” بنکە فراوان ” ەکەی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە ، بۆ هەموارکردنەوەی ( پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان – عێراق ) ، ئەو دەستوورەی لە پەڕلەمانی کوردستاندا ، رۆژی ٢٤ / ٦ / ٢٠٠٩ بە پەسەندکردنی حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئیعتیرازی ئۆپۆزسیۆن تێپەڕێندرا . ئەم پڕۆژەی دەستوورە ، بەڕای گشتیی پڕە لە کەموکووڕی ، بۆیە هەر لەو کاتەوە داوای هەموارکردنەوەو پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی دەکرێت .
پەروەردەو فێربوون یەکێکە لەو بوارانەی لەدەستوورەکەدا جێوڕێیەکی بەرچاوی نییە ، فەلسەفەیەکی بۆ دیارینەکراوە ، چەند پرنسیپی وەکو ( دیموکراسی و سیکولاریزم و ئازادی و یەکسانی و زانستیبوون ) تیادا بوونی نییەو ، بە دەستوور نەکراونەتە بنەمای پەروەردەو فێربوون لە کوردستاندا ، ئاماژەیەک بۆ پەسەندکردنی بەیاننامەو بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی تێدا نییە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵ .
لێرەدا بە بۆنەی رۆژی یەکی حوزەیران ( رۆژی جیهانیی منداڵان ) ەوە ، بڕگەو بەندەکانی ئەو بەڵگەنامە جیهانییانە بڵاودەکەمەوە کە پەیوەندییان بە مافی پەروەردەو فێربوونی مرۆڤ بە گشتی و منداڵان بەتایبەتی هەیە و ، دەیخەمە بەردەمی لیژنەی هەموارکردنەوەی پڕۆژەی دەستوور بە نیازی جێکردنەوەیان و سەلماندنی دەستوورییانەیان ، تا رێگەی خۆیان بگرن و لە یاساکانی ئایندەی پەیوەند بە پەروەردەو فێرکردنەوە رەنگبدەنەوەو ، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی پەروەردەوفێربوونێکی هاوچەرخ و ، ئامرازێک بن بۆ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لەم بوارە کۆمەڵایەتییە هەرە گرنگەدا . ( فوئاد ٣١ ی ئایاری ٢٠١٥ )

جاڕی گەردوونیی مافی مرۆڤ

بەندی ( ٢٦ ) :

١ ) هەموو کەس مافی فێربوونی هەیەو دەبێ بەلای کەمەوە پلە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی خوێندن بەخۆڕایی بن و دەبێ خوێندنی سەرەتایی بە زۆر بێت و خوێندنی هونەری و پیشەییش بڵاوبکرێتەوەو وەرگرتن لە خوێندنی بەرز ، بە یەکسانی تەواو بۆ هەمووان و بەپێی توانست ، هاسان بکرێت .
٢ ) دەبێ ئامانجی پەروەردە ، پێگەیاندنێکی تەواوی کەسایەتی مرۆڤ و پتەوکردنی رێزی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و گەشەپێدانی لەیەک تێگەیشتن و چاوپۆشیکردن و دۆستایەتی لە نێوان هەموو گەلان و کۆمەڵە رەگەزیی یان ئایینییەکانداو زێدەکردنی کۆششی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ئاشتی ، بێت .
٣ ) باوکان و دایکان خاوەنی مافی یەکەمن لە هەڵبژاردنی شێوەی پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا .

بەڵێنی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان
ماددە ١٣

١ ) دەوڵەتە لایەنەکانی ئەم بەڵێنەی ئێستا ، دان بە مافی فێربوونی هەمو کەسێکدا دەنێن و کۆکیشن لەسەر ئەوەی کە فێرکردن بەرەو گەشەکردنی گشتیی کەسێتی مرۆڤایەتی و هەستکردن بە شکۆو زۆرتر رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان ئاڕاستە بکرێت ، هەروەک کۆکن لەسەر ئەوەی کە فێربوون وا لە هەموو کەسێک دەکات کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکەن لە کۆمەڵێکی ئازادداو لێک تێگەیشتن و لێبوردن و هاوڕێیەتی نێوان هەموو نەتەوەو رەگەزو کۆمەڵە توخمی و ئایینیەکان بەتینتر بکات و کۆمەکی چالاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات لە پاراستنی ئاشتیدا .
٢ ) بۆ ئەوەی دەوڵەتە لایەنەکانی ئەم بەڵێنەی ئێستا ، بتوانن ئەم مافە بەتەواوی بهێننەدی :
أ – پێویستە خوێندنی سەرەتایی تەوزیمی بێت و بۆ هەمووان بە خۆڕایی بێت .
ب – پێویستە خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی بە هەموو جۆرەکانیەوە تەنانەت خوێندنی سانەویی هونەری و پیشەیی رێپێدراوو ئاسانکراو بێت بۆ هەمووان ، بە هەموو شێوەیەکی گونجاوو بەتایبەتی لەڕێی بەخۆڕایی کردنی خوێندنەوە .
ج – هەروەها پێویستە خوێندنی باڵایش بۆ هەمووان ئاسانکراوبێت لەسەر بنچینەی لێهاتن بە هەموو شێوازێکی گونجاو بە تایبەتی لەڕێی وردە وردە تەوزیمی کردنی فێرکردنەوە .
د – پێویستە هانی فێرکردنی بنچینەیی بدرێت یان بەپێی توانا ، چڕو پڕو خەست بکرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی تەواوی خوێندنی سەرەتاییان نەخوێندووە یان تەواویان نەکردووە .
ها – پێویستە بە دوای گەشەپێکردنی سیستمی فێرگەییدا بچین لە هەمو ئاستێکدا و سیستمێکی گونجاو بۆ بەخشینی خوێندن و یەکبینە چاککردنی باری دەرامەتی دەستەی فێرکاری دابمەزرێنین .
٣ ) دەوڵەتە لایەنەکانی ئەم بەڵێنەی ئێستا ، بەڵێن بدەن کە رێزی ئازادیی باوکان و چاودێریکارە یاساییەکان بگرن ، ئەگەر بتوانرێت کاری پێ بکرێت ، لە هەڵبژاردنی ئەو فێرگانەدا کە بۆ منداڵەکانیانی دەدۆزنەوە بێجگە لەوانەی دەسەڵاتە گشتییەکان دایانمەزراندوون و لەگەڵ لایەنی کەمی ئەو ئاستانەی فێرکردندا دەگونجێن کە دەوڵەت دایان دەنێ یان پەسەندیان دەکات و فێرکردنی ئایینی و رەوشتییان بۆ دەستەبەر دەکات بەپێی باوەڕی تایبەتیان .
٤ ) لەم ماددەیەدا هیچی وا نییە کە بتوانرێت بەوە لێکبدرێتەوە کە دەستێوەردانی ئازادی تاکەکەس و دەزگاکانە لە دامەزراندنی ئامۆژگا فێرکارییەکان و ئاڕاستەکردنیان لە سنووری چاودێری ئەو بنەمایانەی کە لە بڕگە ١ ی ئەم ماددەیەو داخوازییەکانی پێویستی گونجانی ماددەی فێرکردن لەگەڵ لایەنی کەمی ئەو ئاستانەدا کە دەوڵەت بڕیاری دەدات لەو ئامۆژگایانەدا رێک دەکەوێت .
ماددە ١٤
هەموو دەوڵەتێکی لایەنی ئەم بەڵێنەی ئێستاو ئەوەی کە لەو کاتەی لایەن نەبووە تێیدا ، نەیتوانیوە فێرکردنی سەرەتایی تەوزیمی لە هەرێمەکەی خۆی یان ئەو هەرێمانەی ژێر دەسەڵاتیدا دەستەبەر بکات ، بەڵێن بدات کە لە ماوەی دوو ساڵدا کارنامەیەکی دورودرێژ ئامادە بکات لە پێناوی وردە وردە کارپێکردنی بنەمای فێرکردنی تەوزیمیی خۆڕایی بۆ هەمووان و لە ماوەی چەند ساڵێکی گونجاودا کە لەو کارنامەیەدا دیاری کراوە .

رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ
( کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠ ی تشرینی دووەمی١٩٨٩ دانپێداناوەو لە ٢ ی مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٠ دا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە )

بەندی ٢٨

١ ) دەوڵەتانی لایەن دان بە مافی فێربوونی منداڵدا دەنێن ، بۆ کارپێکردنی تەواوی ئەم مافانەیش بە شێوەیەکی پلەبەندی و لەسەر بنەڕەتی هەل رەخساندن ، بە شێوەیەکی تایبەتی بەم کارانە هەڵدەستێت :
أ – خوێندنی سەرەتایی تەوزیمی ( ئیلزامی ) و خۆڕایی بێت بۆ هەمووان .
ب – هانی پەرەپێدانی هەموو شێوەکانی خوێندنی دواناوەندی بدرێت ، چ گشتی بێت یان پیشەیی ، وە دابین و فەراهەم بکرێت بۆ هەموو منداڵان ، هەروەها رێ و شوێنی شیاو وەربگیرێت وەکو بەخۆڕایی کردنی خوێندن و پێشکەش کردنی یارمەتی ماددی لە کاتی بوونی پێویستیدا .
ج – خوێندنی باڵا وای لێبکرێت ، بە هەموو ئامرازێکی لەباروو گونجاوەوە لەسەر بنەڕەتی تواناکان بۆ هەمووان بڕەخسێندرێت .
د – زانیاری و بنەما رێنمایی و پەروەردەیی و پیشەییەکان بۆ هەموو منداڵان فەراهەم بکرێت و بخرێتە بەردەستیانەوە .
ها – گرتنەبەری شێوازی جۆراوجۆر بۆ هاندانی ئامادەبوونی رێک و پێک لە قوتابخانەکانداو کەمکردنەوەی رێژەی وازهێنان لە خوێندن .
٢ ) دەوڵەتان لایەن هەموو شێوازو رێ و شوێنێکی گونجاو دەگرنەبەر بۆ مسۆگەرکردنی بەڕێوەبردنی سیستم لە قوتابخانەکاندا بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ رێزی مرۆییانەی منداڵداو هاوتابێت لەگەڵ ئەم رێکەوتننامەیەدا .
٣ ) دەوڵەتانی لایەن لەم رێکەوتننامەیەدا هەڵدەستن بە بەهێزکردن و هاندانی هاوکاری نێودەوڵەتی لەو کاروبارانەدا پەیوەستن بە فێرکردنەوە ، بەتایبەتی بە ئامانجی بەشداربوون لە لەناوبردنی نەزانی و نەخوێندەواری لە هەموو ناوچەکانی جیهانداو رێ ئاسانکردن بۆ گەیشتن بە مەعریفەی زانستی و تەکنیکی و ئامرازەکانی فێرکردنی نوێ بەشێوەیەکی تایبەتیش پێداویستییەکانی دەوڵەتانی تازە گەشەسەندوو لەم رووەوە لەبەرچاو دەگیرێت .
بەندی ٢٩
١ ) دەوڵەتانی لایەن لەسەر ئەوە پێکهاتوون کە دەبێت فێرکردنی منداڵ ئاڕاستە بێت بەرەو :
أ – گەشەپێدانی کەسێتی منداڵ و بەهرەو توانا عەقڵی و جەستەییەکانیان تا ئەوپەڕی بوونی توانایان .
ب – پەرەپێدانی رێزی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و ئەو بنەمایانەی کە لە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوون .
ج – پەرەپێدانی رێزگرتنی کەسوکاری منداڵ و ناسنامەی رۆشنبیری و زمانی و بەها تایبەتییەکانی ، هەروەها بەها نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتەی منداڵەکە تێیدا دەژی و ئەو وڵاتەیش لە ئەسڵدا تێیدا پێگەیشتووە ، هەروەها ئەو شارستانییەتانەیش کە جیاوازن لەگەڵ شارستانییەتی ئەودا .
د – ئامادەکردنی منداڵ بۆ ژیانێک تێیدا هەست بە لێپرسراویەتی بکات لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا ، بە گیانی لێکگەیشتن و ئاشتی و لێبوردەیی و یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەزداو هاوڕێیەتی لە نێوان هەموو گەلان و کۆمەڵە رەگەزی و نیشتمانی و ئایینی و هەروەها ئەو کەسانەیشدا کە نیشتەجێی ئەسڵی ئەو وڵاتانەن .
ها – پەرەپێدانی رێزگرتنی ژینگەی سروشتی .
٢ ) لە دەقی ئەم بەندەدا یان بەندی ( ٢٨ ) دا شتێک نییە وەها لێکبدرێتەوە کە بە مانای دەستێوەردان بێت لە ئازادی تاکەکان و دەزگاکاندا لە بونیادنانی دامەزراوە فێرکارییەکان و بەڕێوەبردنیاندا ، دەبێت هەمیشە ئەو دامودەزگایانەیش پەیوەست بن بە رەچاوکردنی ئەو بنەمایانەی لە بڕگە (١ ) ی ئەم بەندەا هاتوون بەو مەرجەیشەوە ئەو فێرکردنەی کە ئەو دەزگایانە فەراهەمی دەکەن لەگەڵ لایەنی کەمی ئەو پێوەرانەی کە دەوڵەت دایناون رێک بوەستێتەوە .

راگەیاندنی جیهانی بۆ مانەوەی منداڵ و پاراستنی و گەشەپێدانی
( هەروەک ئەوانەی لە کۆنگرەی باڵای جیهانی بۆ مافەکانی منداڵ ، کۆبوونەوەکە لە ٣٠ ی ئەیلولی ١٩٩٠ لە نیویورک گیرا ، دانیان پێدا ناوە )

بەشی ئەرک

١٣ – لە کاتی ئێستادا زیاد لە ١٠٠ ملیۆن منداڵ هەیە ، دووسێ یەکیان مێینەیە ، کە بێ بەشن لە خوێندنی بنەڕەتی . لەبەر ئەوە فەراهەم کردنی خوێندنی بنەڕەتی و نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ هەمووان لەو بەشدارییە بنەڕەتیانە دادەنرێت کە دەکرێت پێشکەش بکرێت لە پێناو گەشەپێدانی منداڵانی جیهاندا .

بەشی پابەندی

٢٠ – ( و ) :
هەروەها کاردەکەین لەسەر دانانی بەرنامەیەک کەوا سنوور بۆ نەخوێندەواری دادەنێت و هەلی خوێندن بۆ هەموو منداڵان دەڕەخسێنێت ، بە چاوپۆشین لە پێشینەو رەگەزیان ، وە منداڵان ئامادە دەکات بۆ کارە بەرهەمهێنەرەکان و هەروەها هەلی فێربوونی بەردەوامیان بۆ دەڕەخسێنێت ، لە رێگەی مەشقی پیشەییەوە ، هەروەها دەیانباتە ئاستێک کە گەشەی راست و دروست بکەن و بگەنە تەمەنی پێگەیشتن لە کەشێکدا کەوا پشتگیری و پەروەردەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەباری تێدا فەراهەم کرابێت .

ئامادەکردنی : فوئاد قەرەداغی
٣١ ی ئایاری ٢٠١٥

پەروەردەو داڕشتنەوەی بەهاکان

30 مارس

پەروەردەو داڕشتنەوەی بەهاکان
یەکێک لە ئامانجە پەروەردەییەکانی هەر سیستمێکی پەروەردەو فێربوون ، بەهاکانە . ئەو بەهایانەی دەبێت ببێتە بەشێک لە رەفتارو رەوشتی نەوەکانی داهاتوو ، واتە داڕشتنی کەسایەتیی نەوەی دواڕۆژ ، بەپێی وێناکانی سیستمی پەروەردە بۆ ئەرکەکانی ئایندە ، لە جیهانێکدا کە جیاواز دەبێت لەو جیهانەی ئەمڕۆ .
هەمیشەو لە هەموو کۆمەڵگاکاندا ، بەهاکان پابەندی ئاستی هوشیاریی کۆمەڵ و پێداویستییەکانی دیسپلینی کۆمەڵایەتیی دەبن لە قۆناغێکدا ، بۆیە لە قۆناغێکی دواتردا ، پێداویستیی کۆمەڵایەتیی نوێ سەرهەڵدەدات و ، دەبێت بەهاکان بەو پێیە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. ئەم گۆڕانکارییە لە پرنسیپی دیسپلینی کۆمەڵایەتییەوە دەستپێدەکات و ، بە قۆناغی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت و ، بە دیسپلینێکی کۆمەڵایەتیی نوێترو باڵاتر دەگات . ئەو دەزگا کۆمەڵایەتییەی ئەم ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆ ، دەزگای پەروەردەوفێربوونە . ئەم دەزگایەش ، وەک هەر دەزگایەکیدیکە سیستمێک ئاڕاستەی دەکات ، سیستمەکەش لەبەر تیشکی کۆمەڵێک بەهادا بەرنامەکانی خۆی بە ئەنجام دەگەیەنێت .
بەهاکان لە هەلومەرجی نوێی گۆڕانکاریدا بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش دەبن :
أ – ئەو بەهایانەی بەسەرچوون و لەگەڵ پێداویستییەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیدا ناگونجێن .
ب – ئەو بەهایانەی لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵدا کاریگەرێتییان هەیەو سیمای کۆمەڵایەتیی گۆڕانکارییەکان دیاریدەکەن .
سیستمی پەروەردەو فێربوون ، هەروەک چۆن لە هاوکێشەی دیسپلینی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا رۆڵی سەرەکی دەبینێت ، هەر بەو جۆرەش رۆڵی کاریگەر لە بەجێهێشتنی کۆمەڵەی یەکەمی بەهاکان و داڕشتن و چەسپاندنی کۆمەڵەی نوێی بەهاکاندا دەبینێت . بەمەش سیستمی پەروەردە دەبێتە ئامرازی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ، بەپێچەوانەشەوە ، شکستخواردن لەم ئەرکەدا دەبێتە هۆکاری مایەپووچی سیستمەکەو بەدواداهاتنی .
کۆمەڵەی بەهاکانی هەر کۆمەڵگایەک مەودایەکی مێژوویی هەیە ، لەو مێژووەدا ئەکتیڤ دەبێت ، ئاڕاستەی گشتیی رەفتاری کۆمەڵایەتیی دەکات ، نەریتی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیریی ئەو کاتە لەخۆیدەگرێت ، تاکەکەس و کۆمەڵ پێکەوە گرێدەدات و کارلێکی نێوانیان لەو سەردەمەدا دەردەبڕێت ، لە گشتێتی خۆیدا ناوەرۆکێکی ئەخلاقیی بەرجەستەدەکات و بەرەو کۆمەڵێک ئامانج دەڕوات ، لەو رۆیشتن و رەوتەیدا گشتیدەبێتەوەو ، ئایدیاو پڕاکتیکی کۆمەڵایەتی سەردەمێک تۆماردەکات .
ئەمڕۆ کۆمەڵگاکان لە سەرانسەری جیهاندا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە ، نەریت و بەهاکانی چارەکە سەدەیەک بۆ نیوسەدە ، توانای وەڵامدانەوەیان بە پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە نییە ، بۆیە پەروەردەو فێربوون لەم جیهانە نوێیەدا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی هەیە تا بتوانێت وەلام بەکێشە ژیارییەکانی ئەمڕۆ بداتەوەو ، بەهای نوێی سەردەمیانە بێنێتە نێو سیستمی پەروەردەو فێربوون و ، لەوێشەوە بە کۆمەڵگای بگەیەنێت . هەڵبەت کوردەواریش لەمە بەدەرنییە ، بۆیە ئەرکی سیستمی پەروەردەو فێرکردنە لە کوردستان ، هەموو بەهاکانی رابردوو بەر رەخنەی سەردەمیانە بدات ، ئەوەی پێزی مانەوەی تێدابوو لە بەرنامەکانی خوێندندا جێگیریان بکات و ، بە بەها نوێیەکانی جیهانی هاوچەرخ پەرەیان پێبدات ، بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆیان رابوەستن و لە رەوت و کاروانی بەرەوپێشەوکشاوی مێژوودا جێی خۆیان بگرن .
فوئاد قەرەداغی
٣٠ – ٥ – ٢٠١٥

نزاو لۆژیکی رۆشنبیر بۆ لێکدانەوە

27 مارس

نزاو لۆژیکی رۆشنبیر بۆ لێکدانەوە

چەند ساڵێک لەمەوبەر ژنێکی هاوڕێم لە فەیسبوک بابەتێکی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردەوە . بابەتەکەی دەربارەی ” قەیرەکچێک ” بوو . گوایا ئەم کچە تەمەنێکی بەسەربردووەو هاوسەرگیریی نەکردووە . ئەم کچە باوەڕی وابووە جادوویلێکراوە بۆیە ماوەتەوەو لە کچانی هاوڕێی دواکەوتووە ، هەر لەبەر ئەم بڕوایەی پەنایبردۆتە بەر شێخێک تا رێگای پووچەڵکردنەوەی جادووەکەی بۆ دابنێت . شێخەکە ئامۆژگاری دەکات ، چەند هەزارجارێک ئەم ویردە بخوێنێت : ” حسبي اللە ونعم الوکیل ” .
هاوڕێکەم دەڵێت : دوای هەفتەیەک لە بەجێگەیاندنی راسپاردەکەی شێخ ، داواکاری دێت و هاوسەرگیریی دەکات .
هاوڕێکەم لە نووسینەکەیدا دیاربوو باوەڕی تەواوی بە چیرۆکەکە کردبوو . لەبەر ئەوەی ژنێکی خوێندەوار بوو ، کۆمێنتێکم لەو بارەیەوە بۆ نووسی و ، ویستم بە لۆژیکی ئەقڵیی ، باوەڕکردنی بە هۆکارو ئەنجامی ئەو راسپاردەیەی شێخ هەڵبوەشێنمەوە . بەڵام ئەو لە وەڵامی کۆمێنتەکەمدا نووسی :” هیچ شتێک لە توانای خوا بەدەر نییە ” . هاوڕێیەکی ئیسلامیشم پشتگیریی کۆمێنتەکەی ئەوی کردو ، منی وەک بێباوەڕێک بە خوا وەسفکرد ، ئیتر ئەو ژنەهاوڕێیەم لەو کاتەوە تا ئێستا نە لایکی بابەتەکانم دەکات و نە کۆمێنتیان لەسەر دەنووسێت ، بەکورتی نیمچە بایکۆتێکی کردووم .
ئەو کاتە کورتەیەکی ئەم بابەتەم لە دەفتەرێکدا یاداشت کرد ، بەنیازی ئەوەی دواتر کەمێک وردتر لەسەری بدوێم .
بۆ هاوڕێیانم شاراوە نیە ، من لە پێگەو میتۆدی شرۆڤەکردنی ئیسلامییەوە ، لە دیاردەو رووداوەکان ناکۆڵمەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرامبەرەکانم لەم گفتوگۆیەدا پشت بەو میتۆدە دەبەستن ، هەوڵدەدەم بەهەمان میتۆد بیروبۆچوونەکانیان تاووتوێ بکەم .
سەرەتا ، خوێندنی ” حسبي اللە ونعم الوکیل ” کەسێک دەیڵێت کە ستەمێکی لێکرابێت و دەسەڵاتی بەسەر ستەمکارەکەدا نەشکێت . ئەمە جۆرێکە لە نزاکردن و لەم رێیەوە ستەملێکراو پەنا دەباتە بەر خوداو ، داوای بەهاناچوون یان تۆڵەکردنەوەی لە خودا دەکات. بەم پێیە هیچ پەیوەندییەکی بە هاوسەرگیرییەوە نییە ، مەگەر هۆکارەکەی بە ستەم لێکبدرێتەوە ، ئەویش پێچەوانەی کۆبۆچوونی خەڵکییە لەسەر پرسی هاوسەرگیریی ، بە کچان و ژنان خۆشیانەوە .
ئەگەرچی بابەتی جادووکردن لە قورئاندا هاتووەو وەک شێوازێکی پەیوەندییەکانی نێو خەڵک باسیکراوە ، بەڵام لە کاتە مێژووییەکەی خۆیدا ماوەتەوەو ، لەسەردەمانی دوای خۆیدا بۆ باوەڕهێنان بەکارنەهێنراوە . باشترین بەڵگە ئەوەیە پێغەمبەری ئیسلام پەنای نەبردۆتە بەر ئەم شێوازە تا باوەڕیپێبهێنن. جا ئەگەر ئەوە کاری پیرۆزترین کەسی ئیسلام نەبووبێت ، ئەی کەسانیدیکە چۆن دەتوانن پڕاکتیکی بکەن ، بە تایبەتی بۆکچێک کە تەنها هیواو خواستی هاوسەرگیرییە وەک مافێکی سروشتیی خۆی .
ئەگەر لە ناوەرۆکی جادوو و ناوەرۆکی نزاکەش بکۆڵینەوە ، ئەوا هیچ پەیوەندییەکی لۆژیکیی پێکیانەوە گرێنادات . ئەوەی پێی دەڵێن جادوو ، بەشێکی کرداری بینراوە ، کۆمەڵیک کارامەییە لە جووڵان و دەستسووکی کەسانێکی بەتواناو راهێنراو لەسەرچەندبارەکردنەوەی هەمان ئەو جووڵانەوانە ، بەشێکیدیکەیان کۆمەڵێک کردار یان کارو هەڵوێستی شاراوەو نادیارە بەشێوەیەکی نەرێیانە ( بە رێیەکی غەیبی ) بۆ کارتێکردنێکی خراپ لە کەسی مەبەست ئاڕاستەدەکرێت . بەڵام چۆن ؟ چۆن دەگات و چۆن کاریگەریی دەبێت ؟ کەسێک نیە روونکردنەوەی لەسەری هەبێت ، هەروەها چۆن نزاکە دەکەوێتە بەربەستکردنی جادووەکەو چۆن هەڵیدەوەشێنێتەوە ؟ دیسان کەس هیچ لێکدانەوەیەکی لۆژیکی پێ نییە ، هەر هەموو پشت بە باوەر ( عەقیدە ) دەبەستن ، بەڵگەی سەلمێنەریش بۆ باوەڕ نابێت ، چونکە باوەڕ لەسەر بنەمای غەیبیات راوەستاوەو ، غەیبیاتیش بە ئامرازی زانستی شیناکرێتەوەو ناسەلمێندرێت .
هاوسەرگیریی کردارێکی سروشتی و کۆمەڵایەتییە . سروشتییە چونکە ناوەرۆکەکەی ئەو پەیوەندییە سروشتییە بەرەنجامێتی کە خۆبەرهەمهێنانەوەی بەشەر ئەنجامێتی ، کۆمەڵایەتیشە چونکە هەر سەردەمێک و هەر سیستمێکی کۆمەڵایەتی و هەر کۆمەڵگایەک بە جۆرێک ئەو پەیوەندییە رێکدەخات . لە کۆمەڵگا چینایەتییەکانیشدا چینە باڵادەستەکان لەڕێی یاساکانیانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان چۆنایەتیی پەیوەندییەکە دیاریدەکەن ، سیستمی خێزان یەکێکە لەو چۆنایەتییانەی بەرگی پیرۆزاندنیشی بەبەرداکراوە .
پەیوەندی ژن و پیاو ، چ لە نێو دامەزراوەی خێزاندا بێت ، یان لە دەرەوەی ئەم دامەزراوەیەدا ، کۆمەلێک هۆکار دروستی دەکەن. بەشێکیان پەیوەندی بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە ، پەیوەندی بە کەلتووری هاوسەرگیرییەوە هەیە ، پەیوەندی بە بەرژەوەندییە ئابووری و داراییەکانەوە هەیە ، بەشێکیشیان پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی هەستە رەگەزییە بەرامبەرەکان هەیە کە ژن و پیاوێک لەو پرۆسەیەدا ، کەپێی دەڵین خۆشەویستی ، لە یەکتری نزیکدەخاتەوە . ئەم هۆکارانە زەمینەی هاتنەئاراو پێگەیشتن و تێکەڵبوونی شەخسی و کۆمەڵایەتیی هەیە کە ژنان و پیاوان دەباتە ئەو قۆناغەی پێکەوە بژین و ، هیچ یەکێکیان پێویستیی بە نوشتەکردن نییەو ، نوشتە و نزاو پەنابردنە بەر ئەوکەسانەی بەشێخ ناسراون بۆ ئەم جۆرە کارانە ناتوانن کاریگەریی بەسەر ئەو هۆکارانەوە دابنێن . ئەو پەیوەندییەی نێوان پیاوان و ژنان پرۆسەیەکی ئەوەندە ئاسان نییە بە دێڕیکی نزای نوسراو یان گوتراو بێتەدی ؛ خۆ ئەگەر بەو ساناییە بوایە ،ئەوا بەبەکارهێنانی گشتیی ئەم شێوازە ، لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک کوردەواریدا دەتوانرا لێکدابڕانی کۆمەڵایەتیی ژنان و پیاوان ببەزێنرایەو کەسێک ( ژن یان پیاو ) بەبێ هاوسەرگیریی و پەیوەندیی سروشتیی رەگەزیی نەمایەتەوە .
لەم باری سەرنجەوە بڕوابوون بەو چیرۆکەو سەرەنجامەکەیم خستە خانەی خورافیاتەوە ، بانگهێشتی هاوڕێکەشم کرد رۆشنبیرانە بیربکاتەوەو پشت بە لۆژیک ببەستێت و سەربەخۆ بیربکاتەوەو کلیلی ئەقڵی خۆی بەدەست هیچ کەسێکەوە نەدات ، چونکە تەنانەت لەڕووی ئایینی ئیسلامەوە سەردەمی موعجیزە لەگەڵ کۆچکردنی پێغەمبەری ئیسلامدا بەسەرچووە ، موعجیزە تایبەت بووە بە پێغەمبەران .
دێمەوە سەر بیروبۆچوونی هاوڕێکەم دەربارەی ئەوەی ” هیچ شتێک لە توانای خوا بەدەر نییە ” ، هەروەها هاندانی لەلایەن هاوڕێیەکی ئیسلامییەوە سەبارەت بەوەی رایەکانی من بەڵگەی بێباوەڕییە .
پێشەکی من باوەڕم بە پرنسیپی ئازادی هەیە . پێویستە هەموو مرۆڤێک ئازاد بێت لە دیاریکردنی ژیانی شەخسی خۆیدا . هەر دەستێوەردانێک لە ژیانی شەخسی ، هەر فشارێک ، هەر یاساو رێسایەکی بسەپێندرێت و لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤدابێت ، مرۆڤ تووشی نامۆیی دەکات . ئێمە هەموومان ، هەر یەکەمان بەشێوەیەک ، نامۆین .رزگاری مرۆڤ لە کۆتاییهێنان بە نامۆییدایە ، لەبەر ئەوە ئەوەندەی چوونەپێشەوە لە بواری دابینبوونی ئازادیدا بۆ مرۆڤەکان ، لە کۆتاییهاتنی نامۆیی نزیکدەبینەوە . بۆیە مرۆڤ ئازادە چ بیروباوەڕێک ، چ ئاینێک ، چ بڕوایەک بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت ، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا بە جێگەیەک گەیشتووین ، کە دەیان رێکخراوو پەیمان و بەڵێننامەو و بەڵگەی مرۆییانەی نێودەوڵەتی پشتگیریی لە ئازادییەکانی مرۆڤ دەکەن . پشکنینی بیروبڕوای خەڵکی و ، بەو هۆیەشەوە بڕیاردان لەسەر ژیانی ، کارێکی نەشیاوەو ، خەریکە لە ئاستێکی جیهانیدا ، بەرە بەرە ، دەبێتە کارێکی نائاکاریی بێزراو .
لەلای ئەو کەسانەی کەمێک شارەزاییان لە ئاییندا هەبێت ، ئەوە شاراوە نییە کە هەموو پرسەکانی باوەڕ ( عەقیدە ) دوو بەڵگە بۆ سەلماندنیان بەکار دەهێنرێت ، ئەو دوو بەڵگەیە پێیان دەگوترێت : بەڵگەی ئەقڵی و بەڵگەی نەقڵی . مەبەست لە یەکەمیان گەڕانەوەیە بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤ ( ئەوەی ناویان لێناوە ئەقڵ ) دوومیشیان پشتبەستنە بە دەقی کتێبی پیرۆز ، واتە بە دەقی قورئان .بەڵام لێرەشدا گرفتێک سەرهەڵدەدا کاتێک ناکۆکییەک بکەوێتە نێوان ئەو دووبەڵگەیەوە لەسەر هەر پرسێک ، ئایا کامە بەڵگەیان بەسەرەکیی وەردەگیرێت ؟ زاناکانی ئیسلام لەم رووەوە بیروڕای جیاوازیان هەیە ، سەلەفییەکان دەق لەلایان سەرەکییەو ، زانا ئەقڵانییەکانیش پێیانوایە ئەقڵ سەرەکییەو خودا لە قورئاندا جەختی لەسەردەکاتەوەو ، ئەگەر ناکۆکییەک لەنێوان بەڵگەی ئەقڵی و نەقڵی هەبوو، دەبێت بەڵگەی ئەقڵی وەربگیرێت و دەق بەپێی واقیعی سەردەمەکە لەلایەن ( موجتەهیدین ) ەوە ( تەئویل ) بکرێت .
پرسی هاوسەرگیریی لەڕێی نزاوە کە لە چیرۆکەکەدا باسمانکرد ، واتە بەو شێوەیەی کچەکەی بۆ ئاڕاستەکراوە ، لە دەقە پیرۆزەکەدا نییە ، کەواتە دەبێت لە بەڵگە ئەقڵییەکەدا بۆی بگەڕێین . دەبا بزانین بەڵگە ئەقڵییەکە چیمان پێ دەڵێت .

لێرەدا پێویستە بەپێی چەمکە ئیسلامییەکان ، ئەم کارەو هەرکارێکیدیکەی مرۆڤ بە توانایی خوداوە ببەستینەوە ، ئەوە روونبکەینەوە کە ئەم تواناییە رۆژانە لەڕێی ئەو کارانەی مرۆڤەوە دەسەلمێنرێنەوە ؟ یان تواناییەکە بۆ یەکجار لە ( ئەزەل ) دا بەدیهاتووەو ، بەردەوامییەکەی ( ئەبەد ) ییە ؟
بۆ وەڵامدانەوەیەکی دروستی ئەم پرسیارە دەبێت پەنا بەرینە بەر ( علم الکلام ) ی ئیسلامی سەبارەت بە ( سیفات ) ەکانی خوداو کرداری دروستکردن – ئافراندن ) .
کاتێک باس دێتە سەر سیفاتی خودا پرسی ( خودی خودا ) دێتەپێشەوە . زاناکانی ( علم الکلام ) لەبەر دەم ئەم پرسیارەدا رای جیاوازیان هەیە : ئایا سیفات ئاوێتەی خودی خودایەو لێیجیانابێتەوە ، یان لە خود جیاوازە ؟ زانا ئەقڵانییەکان ، لەسەر بنەمای یەکتاپەرستی ( التوحید ) ، تەنزیهی خودی خودا دەکەن بەوەی سیفاتێک لە دەرەوەیدا بێت و ، ئەوە بە لادان دەزانن لەو تەنزیهە . ئەوان باوەڕیان وایە کە خودو سیفات پێکەوە ماهییەتی بوونی خوا پێکدەهێنن و ناکرێت و ناشێت جیابکرێنەوەو دوانەبن ، چونکە ئەگەر جیابکرێنەوە ، خودا دەخەنە ریزی بەشەر و ، ئەوەش بۆ ناسینی خودا شیاونییە و لەگەڵ توانایی ئافراندن نایەتەوە .
مرۆڤ خاوەنی خودی تایبەتی خۆیەتی ، کردەوەکانی ، کارەکانی ، هەڵسوکەوتی رۆژانەی و پڕاکتیکی سیفاتەکانی بەرەو دەرەوەی خۆیەتی و لە سنوری ( کات ) و ( شوێن ) دا دروستدەبن یان روودەدەن و پێکدێن . ئەوە جیاوازە لە یەکبوونی خودو سیفاتی خودا کە ( کات ) و ( شوێن ) دیاریناکەن و خودی ئەو دەکەوێتە دەرەوەی ( کات ) و ( شوێن ) ەوە . بە مانایەکیدیکە : کرداری ئافراندن ( دروستکردن ) ی گەردوون ، کرداری ئافراندنی مرۆڤ ، هەر لە ( ئەزەل ) ەوە تا ( ئەبەد ) ، یەک ئافراندنە، لەم ئافراندنەدا هەموو یاساکانی سروشت و پێکهاتەی مرۆڤەکان و ، ژیانیان بە وردی لەپێش ئەو کاتەی دەبنە شانەیەکی زیندوو هەتا دەمرن ، ئیرادەی خودی خودا بڕیاریداوەو بڕاوەتەوە ، واتە کارێک نییە رۆژانەبێت و بۆ هەر یەکێک لەو کارانە ئیرادەیەکی نوێ لە لایەن خوداوە هەبێت ، ئەمە جگە لەوەی کارەکانی مرۆڤ هەمیشە لە ( کات ) و ( شوێن ) دا دەبن و روودەدەن ، بۆیە باوەڕبوون بەوەی لەگەڵ هەر کارێکدا ، لەگەڵ هەر داوایەکی بەشەردا ، لەگەڵ هەر نزایەکدا ، ئیرادەی خودا بە رەتکردنەوە یا پەسەندکردن دەبێت ، بەپێی زانا ئەقڵانییەکان و ( علم الکلام ) هەڵەیەکی تێنەگەیشتنە لە یەکتاپەرستی و پرنسیپی تەنزیهی خوداو زانیاری گشتگیرو تەواوو ئەزەلیی خودا سەبارەت بە دروستکراوەکانی ، بۆیە ، ئا لەم بڕوایەی زانا ئەقڵانییەکان و ( علم الکلام ) ی ئیسلامییەوە ، هەموو کردارەکانی مرۆڤ لەنێویاندا هاوسەگیریی وەک بابەتێک کە ئەم وتارەی لێڕسکا ، پەیوەندی بەو نزا خوێندراوەوە نییەو ، بۆ پەسەندکردن پێویستیی بە ئیرادەی نوێی خودا ، بە جیاواز لە ئیرادە ئەزەلییەکە نییەو ، تواناییەکەش دیسان ، بەپێی ئەم چەمکە فەلسەفییە ، ئەزەلییەو ، هەر بەو چەمکەش وێناکردنی بڕیارە ئەزەلییەکەی خوا وەک کاری هەموو رۆژەو لێکچواندنی بە کاری بەشەر ، هەر لە روانگەی بەشێک لە زانایانی ئیسلامەوە دەچێتە خانەی تێنەگەیشتن لە گرنگترین و یەکەمترین پرنسیپێکی یەکتاپەرستیی ، ئەگەر بە کوفریش پێناسەنەکرێت !
فوئاد قەرەداغی
ئایاری ٢٠١٥

پرنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسایەک بۆ پەروەردەو فێربوون

24 مارس

پرنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسایەک بۆ پەروەردەو فێربوون

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ، یاسایەکی تایبەتی بۆ ئاڕاستەو رێکخستنی سیستمی پەروەردەو فێربوون نییە . ئەگەرچی چەند پڕۆژە یاسا نووسراون و تاووتوێشکراون ، بەڵام لەلایەن پەڕلەمانەوە خوێندنەوەی بۆ نەکراوە .
دواکەوتنی گفتوگۆی پەڕلەمان لەسەر رەشنووسی یاساکە ، بۆ ئەمڕۆ لایەنێکی ئەرێیانەی هەیە . دەسەڵاتی پەروەردەیی هەرێم ، بە نیازی جێکردنەوەی هەندێک پرنسیپی پەروەردەیی لە دەستووردا ، دەتوانێت بەشداریی گفتوگۆ لەسەر رەشنووسەکە بۆ دوای هەموارکردنەوەی دەستوور هەڵگرێت ، هەتا دواتر گۆڕانکارییە دەستوورییەکان لە ماددەکانی یاسای پەروەردەو خوێندندا رەنگبدەنەوە . بە چەسپاندنی ئەو پرەنسیپانە لە دەستوورو دواتر بە وردیی لە یاساکەدا ، دەتوانرێت پینەی ئەو پەلەکردنەی وەزارەتی پەروەردەی ، لە بەستنی کۆنگرەی پەروەردەیی ، پێبکرێت و ، ئەو کەلێنە فەلسەفی و بەرنامەییەش پڕبکرێتەوە ، کە دوا کۆنگرە ( ئایاری ٢٠١٥ ) بە هۆی سنوورداریی بابەتەکانی خۆیلێلادابوون .
دەبێت هەموارکردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم گشتیی بێت ، تەنها بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و یەکلاییکردنەوەی سیستمی فەرمانڕەوایی لەنێوان سیستمی سەرۆکایەتی و سیستمی پەڕلەمانیدا نەبێت.
هەموارکردنەوەی دەستوور هەلێکی لەبارە بۆ داڕشتنەوەی سیستمەکان و لەنێویاندا سیستمی پەروەردەو فێربوون .
پەروەردەکارانی پێشکەوتنخوازی کوردستان چاوەڕوانی دە ستکاریی دەستوورن لە بەرژەوەندی پەروەردەو خوێندنێکی هاوچەرخ لە کوردستاندا ، خواستیانە دەستوور جێگیربوون بە سیستمی پەروەردە ببەخشێت و لەو پاشاگەردانییە فەلسەفی و بەرنامەییە دەربازی بکات ، تا جێوڕێی خۆی بکاتەوەو ،بەشێوەیەکی سیستەماتیک گەشە بە پڕۆسەکەی بدات و ، هەنگاوی گەورە بۆ نزیکبوونەوە لە جیهانی هاوچەرخ بهاوێت.
کۆمەڵێک پرنسیپ هەن بنەمای پەروەردەیەکی مۆدێرنن و لەگەڵ قۆناغی ئەمڕۆی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستاندا دەگونجێن .بەبێ ئەو پرنسیپانەو دانانی رێوشوێنی بەدیهێنانیان ، هیچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە چۆنایەتی پەروەردەو فێربووندا ناکرێت ، تەنانەت ئەگەر چەندین کۆنگرەو کۆنفڕانسیدیکەشی بۆ ببەسترێت . لەنێو ئەو پرەنسیپانەشدا سێ بنەمای بنەڕەتی هەن کە سەرجەمی پرنسیپەکانیدیکەیان پێوە بەستراوەتەوە . ئەو پرنسیپانە بریتین لە بنەماکانی : ” دیموکراتیبوون ، سێکولاریزم ( جیاکردنەوەی ئایین لە پەروەردەو فێربوون ) و مافەکانی مرۆڤ و مافی منداڵان بەپێی جاردان وبەڵێننامەو رێککەوتنە جیهانییەکان ” .
کۆمەڵە پرنسیپەکانیدیکە ، بەو سێ پرەنسیپە سەرەکییەوە بەندن و لایەنی بەرجەستەبوونیان دەستنیشاندەکەن . پرنسیپەکانی : ” ئازادی ، یەکسانی ، بیرکردنەوەو میتۆدی زانستی ( گرێدانی تیۆری و پڕاکتیک پێکەوە ) ، هەڵوەشاندنەوەی سیستمی باوکسالاریی و گەورەسالاریی و سیستمی خێڵ ، بنیاتنانەوەی کەسایەتیی مرۆڤی کورد لەسەر بنەمای سەربەخۆیی و گیانی رەخنەگرتن و رەتکردنەوەی پیرۆزاندن ، دژایەتی تێرۆرو دەمارگیریی نەتەوەیی و راسیزم و . . . هتد ) ، پرنسیپە سەرەکییەکان تەواودەکەن و ، وەک گشتێک سیمای سیستمی پەروەردەو خوێندن دەردەخەن .
لەبەر تیشکی ئەم راستییانەدا ، دەبێت ئەو دەرفەتە لەدەستنەدرێت ، لە هەموارکردنەوەی دەستووردا ئەو سێ بنەمایە ( دیموکراتیبوون ، سێکولاریزم ، مافەکانی مرۆڤ و مافی منداڵ ) جێی خۆیان بگرن . لەکاتی دانانی یاسایەکیش بۆ پڕۆسەی پەروەردەو فێربوون ، پشت بە بەندە دەستوورییەکان ، پرنسیپەکانیدیکە بچەسپێنرێن و ، تەواوی سیستمەکە لەسەر پێگەیەکی پۆڵایین خۆی رابگرێت و بتوانێت بە جیهانی هاوچەرخی پەروەردەو فێربوونەوە پەیوەست بێت .

فوئاد قەرەداغی
٢٣ – ٥ – ٢٠١٥

کۆنفرانس و کۆنگرەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

21 مارس

کۆنفرانس و کۆنگرەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە دامەزراندنی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ساڵ١٩٩٢ هەتا پێش ئایاری ساڵی ٢٠١٥ ، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ، چەند کۆنفڕانس و کۆنگرەی پەروەردەیی گرتووە ، هەر هەموو شیان بە کۆمەڵێک بڕیارو راسپاردە کۆتاییانهاتووە . ئەمڕۆش ( ئایاری ٢٠١٥ ) بۆ جارێکیدیکە کۆنگرەیەک دەگیرێت و هەڵبەت ئەمیش بە کۆمەڵێک بڕیارو راسپاردە لەسەر تەوەرەکانی کۆنگرە ، کۆتایی دێت .
کۆنفڕانس و کۆنگرەکان لەم ساڵانەو ، بەو دروشمانەو ، لەسایەی ئەو وەزیرانەی ئاماژە بە ناویان دەکەین ، بەستراون :
یەکەم : کۆنفڕانسەکان :

١ /١ یەکەم کۆنفڕانس … نیسانی ١٩٩٧ لەهەولێر ، بەبێ دیاریکردنی دروشمێک ، لەسایەی کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێمدا بەستراوە .
٢ / ١ دووەم کۆنفڕانس … لە رۆژانی ١٢ – ١٤ ی ئەیلولی ٢٠٠٠ لە هەولێر ، بە دروشمی ” لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەو زانست لە کوردستانێکی خاڵی لە نەخوێندەواری ” بەستراوە لەژێر سایەی وەزیری پەروەردە ( عبدالعزیز طیب أحمد ) .
٣ / ١ سێیەم کۆنفڕانس … لە رۆژانی ١٠ – ١٢ ی ئەیلولی ٢٠٠١ لەهەولێر ، بەسەرپەرشتیی وەزیری پەروەردە ( عبدالعزیز طیب أحمد ) بەستراوە ، بەڵام هەمان دروشمی کۆنفڕانسی دووەمی هەڵگرتووە . پێدەچێت گرفتێک لە دۆکیۆمێتکردنی ئەم دوو کۆنفڕانسەدا هەبێت ، بەتایبەتی لە دۆکیۆمێنتکردنی کۆنگرەکانیشدا ، کۆنگرەی دووەم بزرە ، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە مەبەست لە کۆنفڕانسی دووەم کۆنگرەی دووەم بێت و تەنها دوو کۆنفڕانس گیرابێت . ( بڕوانە ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە لەسەر ئینتەرنێت بە کلیککردنی ئەم لینکە :
http://moe.krg.org/ku/conference
دووەم : کۆنگرەکان :
١ / ٢ یەکەم کۆنگرە … رۆژانی ٢٦ و ٢٧ / ٩ / ١٩٩٣ لە هەولێر ، بە دروشمی ” لەپێناو پەروەردەکردنی نەوەکانی کوردستان . . بە رەوشتی بەرز . . کوردایەتی رەسەن . . زانست و زانینی هاوچەرخ . . بنەماکانی دیموکراسی ” ، لەژێر سایەی وەزیری پەروەردە ( دکتۆر ناسیح غەفور رەمەزان ) .
٢ / ٢ دووەم کۆنگرە دۆکیۆمێنتێکی لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتدا نییە ، بۆیە دەشێت بۆچوونەکەمان ، بەوەی کۆنفڕانسی دووەم هەمان کۆنگرەی دووەم بێت ، راست بێت ( هەمان ئەو لینکەی سەرەوە بکەرەوە ) .
٣ / ٢ سێیەم کۆنگرە … رۆژانی ٢٣ – ٢٥ / ١٠ / ٢٠٠١ لە سلێمانی ، بە دروشمی ” گەشەپێدانی پەروەردە “، بە سەرپەرشتی وەزیری پەروەردە ( نەرمین عوسمان ) .
٤ / ٢ چوارەم کۆنگرە … رۆژانی ٢٢ – ٢٤ / ٥ / ٢٠٠٧ لە هەولێر ، بە دروشمی ” گۆڕینی دیدی فەلسەفیمان بۆ مرۆڤ بنەمای گۆڕانکارییەکانە لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردندا ” ، لەژێر سایەی وەزیری پەروەردە ( دکتۆر دڵشاد عەبدولرەحمان ) دا .
٥ / ٢ کۆنگرەی رۆژانی ٩ – ١١ / ٥ / ٢٠١٥ لە هەولێر ، بە دروشمی ” گەشەپێدان . . . بەها مرۆییەکان ” ، لەژێر سایەی وەزیری پەروەردە ( دکتۆر پشتیوان صادق ) دا .

لیژنەو تەوەرەکانی کۆنفڕانس و کۆنگرەکان :

یەکەم کۆنگرە :
یەکەم کۆنگرەی پەروەردەیی بە دوو ساڵ و نیو دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا گیراوە . کۆنگرە لە رۆژانی ٢٦ و ٢٧ ی ئەیلولی ١٩٩٣ بەستراوە . دانیشتنەکانی بریتیبووە لە گفتوگۆکردن لەسەر پێنج راپۆرتی ئامادەکراو لەلایەن پێنج لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتەوە :
– راپۆرتی لیژنەی نەخشاکێشانی پەروەردەیی و پڕۆگرام و پەڕتووک .
– راپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی و پسپۆڕیی .
– راپۆرتی لیژنەی ئەزموونەکان .
– راپۆرتی لیژنەی بنەماکانی رێکخستنەوەی کار .
– راپۆرتی لیژنەی باری فێرکردن لە قۆناغەکانی خوێندن .
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا لیژنەی داڕشتن ، بڕیارو راسپاردەکان لە راپۆرتێکی کۆتاییدا رادەگەیەنێت . بەپێی راپۆرتەکە ( ٣٥ ) بڕیارو ( ١٥ ) راسپاردەبووە .
لەم کۆنگرەیەدا دەستەی سەرۆکایەتی بریتی بووە لە :
دکتۆر ناسیح غەفور سلێمان سەرۆک
ناظم عومەر حەمەد جێگری سەرۆک
جەوهەر تاهیر بەکر بڕیاردەر
لەسەر پێشنیازی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆنگرەش ، لیژنەی داڕشتن بەم شێوەیە پێکهاتووە :
ناظم دەهام جەمیل سەرپرشتیاری پشپۆڕیی سەرۆک هەولێر
محەمەد ئەمین حەسەن جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک ئەندام دهۆک
حسەین عوسمان مەعروف بەڕێوەبەری نەخشەکێشان لە بەڕێوەبەرایەتی
گشتیی ەروەردەی سلێمانی ئەندام سلێمانی

یەکەم کۆنفڕانس :
یەکەم کۆنفڕانس لە نیسانی ١٩٩٧ دا لە هەولێر بەستراوە ، هیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ هیچ بابەتێکی پەروەردەیی بۆ کۆنگرە نەکراوە . بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەت ، دەربارەی کارو چالاکییەکانیان و گرفتەکان و پێشنیازەکانیان راپۆرتیان بۆ کۆنفڕانس ئامادەکردووە ، راپۆرتەکان وەک تەوەرە بوون بۆ کۆنفڕانسەکە بەم شێوەیەی خوارەوە :
١ ) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارگێڕیی و دارایی :
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە ، ئەو کاتە لەم بەڕیوەبەرایەتیانە پێکهاتووە و ، کۆی راپۆرتەکەی لەسەر بوارەکانی کاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەیە :
– بەڕیوەبەرایەتیی کارگێڕیی
– بەڕیوەبەرایەتیی ژمێریاریی
– بەڕیوەبەرایەتی تەجهیزات
– بەڕێوەبەرایەتیی کاری یاسایی
– بەڕێوەبەرایەتیی خۆیەتی و کەسایەتی
– بەڕیوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی
– بەڕێوەبەرایەتی چاپخانەی پەروەردە
راپۆرتەکان بە نمایشکردنی کارەکانی وەزارەت و دەستکەوتەکانی دەستپێدەکات ، ئینجا واقیعی ئەو کاتە دەخاتەڕوو ، گرفتەکان لە چەند خاڵێکدا دەستنیشان دەکات و بۆ چارەسەرکردنیان چەند ” پێشنیاز ” ێک ، دەکات و باسێک لە وەرگرتنی ” بڕیار و راسپاردە ” نییە .
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ( ١٣ ) گیروگرفت و ( ٢٠ ) پێشنیازی دیاریکردوو.
٢ ) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام و نەخشە پەروەردەییەکان .
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە هەمان شێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی پێشتر راپۆرتەکەی خۆی پێشکەشکردووەو ، ئەم گرفت و پێشنیازانەی بە کۆنفڕانس داوە :
– پڕۆگرامەکان ( المناهچ ) … ( ٧ ) گرفت و ( ٧ ) پێشنیاز .
– ئامادەکردن و مەشق کردن …. ( ٢ ) کۆسپ و ( ٥ ) پێشنیاز .
– سەرپەرشتیی پەروەردەیی و پسپۆڕیی …. ( ٥ ) کۆسپ و ئاستەنگ و ( ٩ ) پێشنیاز .
– ئامار ، ئامارەکان لەسەر هەموو قۆناغەکان ( باخچە ، سەرەتایی ، ناوەندیی ، دواناوەندیی ، پیشەیی ، پەیمانگاکان ) نمایش دەکات ، پێداویستیی بۆ کەل وپەل و کتێب و قیرتاسییەو بیناسازی و پەڕتووکخانەکان دەخاتەڕوو . سەرەنجام ( ٣ ) گرفتی گشتیی و ( ١٠ ) پێشنیاز بەردەمی کۆنفڕانس دەخات .
٣ ) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی گشتی :
راپۆرتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەش بە شێوەی ئەوانیدیکە رێکخراوەو ، گرفت و پێشنیازەکانی لەخۆگرتووە :
– بەڕیوەبەرایەتی فێرکردنی سەرەتایی و باخچەی ساوایان … کۆی ( ٢٠ ) گرفت و ( ٢٠ ) پێشنیازی بەردەم کۆنفڕانس خستووە .
– پەیمانگاکان … ( ٦ ) گرفت و ( ٩ ) پێشنیاز .
– خوێندنی سریانی … تەنها ( ٧ ) پێشنیاز کراوەو ، هیچ گرفتێک دیارینەکراوە .
– بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی وەرزشی … ( ٤ ) پێشنیاز هەیە بەبێ ئاماژەکردن هیچ گرفتێک .
– ئینسیابییەت … راپۆرتەکە دوو جۆر پێشنیازی تۆمارکردووە : ( ٧ ) پێشنیاز ، ئەگەر ئینسیابییەت بمێنێت .
( ٤ ) پێشنیازیش ئەگەر نەمێنێت .
راپۆرتەکە باسێکی زۆر کورتی خوێندنی پیشەیی دەکات بەبێ ئەوەی هیچ گرفتێک و پێشنیازێک پێشکەش بکات.
٤ ) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان :
راپۆرتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە ، دوو ئەرک لەخۆی دەگرێت :
– ئەزموونەکان … ( ٥ ) کۆسپ و ( ١٩ ) پێشنیاز .
– بڕوانامەکان … تەنها ( ٣ ) پێشنیازی کردووە .

دووەم کۆنگرە ( کۆنفڕانس ):
دووەم کۆنگرە ، بەناوی دووەم کۆنفڕانسەوە ، لە ١٢ – ١٤ ی ئەیلولی ٢٠٠٠ بەستراوە، لەڕووی رێکخستنیەوە ، جیاوازبووە لە یەکەم کۆنگرەو یەکەم کۆنفڕانس . بەر لە کۆنگرە چەندین لیژنە دیاریکراوە بۆ پێشکەشکردنی راپۆرتەکانیان لەسەر چەندین تەوەرەی پەروەردەیی . ئەندامانی کۆنگرە بەسەر ٢٢ لیژنەی سەرەکیدا دابەش بوون ، چەند لێژنەیەک لەمانە ، لیژنەیدیکەیان پێکهێناوە وەک لیژنەکانی ؛ ( چاپخانە ، بڕیاری ٩٨٦ ، نەخشەکێشان ، بڕوانامەکان ) ، ئەمەش ناوی لیژنەکان و ژمارەی ئەو راسپاردەو پێشنیازانەی کۆنگرە پەسەندیکردوون :
١ ) لیژنەی فرۆشگای قوتابخانەکان … ( ١ ) راسپاردە بە دوو لق ، لقی ( ب ) سێ خاڵە .
٢ ) لیژنەی کارگێریی … ( ٥ ) راسپاردە .
٣ ) لیژنەی کۆگاکان … ( ١ ) راسپاردە .
٤ ) لیژنەی دواناوەندیی … ( ٦ ) راسپاردە .
٥ ) لیژنەی سەرەتایی و باخچەی ساوایان … ( ٧ ) راسپاردەیە ، شەشەم راسپاردەیان ( ٥ ) خاراسپاردەڵە .
٦ ) لیژنەی پەیمانگاکان … ( ٤ ) راسپاردە .
٧ ) لیژنەی چالاکی قوتابخانەکان … ( ٥ ) راسپاردە .
٨ ) لیژنەی پەروەردەی وەرزشی … ( ٦ ) راسپاردە .
٩ ) لیژنەی خوێندنی پیشەیی … ( ٥ ) راسپاردە .
١٠ ) لیژنەی خو ێندنی تورکمانی … ( ٧ ) راسپاردە .
١١ ) لیژنەی خوێندنی سریانی … ( ٥ ) راسپاردە .
١٢ ) لیژنەی خوێندنی تەوزیمی … ( ٥ ) راسپاردە .
١٣ ) لیژنەی نەهێشتنی نەخوێندەواری … ( ١٠ ) راسپاردە .
١٤ ) لیژنەی ئێزدایەتی … ( ٤ ) راسپاردە .
١٥ ) لیژنەی پڕۆگرامەکان … ( ٦ ) راسپاردە .
١٦ ) لیژنەی سەرپەرشتیاریی … ( ٨ ) راسپاردە .
١٧ ) لیژنەی ئامادەو مەشق کردن … ( ٦ ) راسپاردە .
١٨ ) لیژنەی راگەیاندن … ( ١٠ ) راسپاردەو ( ٣٤ ) پێشنیاز .
١٩ ) لیژنەی ئەزموونەکان و هەڵسەنگاندن و بڕوانامەکان … ( ١٣ ) راسپاردە .
٢٠ ) لیژنەی دارایی و دوو لیژنەی فەرعی ( لیژنەی چاپخانەکان و لیژنەی بڕیاری ٩٨٦ ) … ( ١٥ ) راسپاردە .

سێیەم کۆنفڕانس :
سێیەم کۆنفڕانس ، کە لە واقیعدا دووەم کۆنفڕانسە ، ئەگەر دووەم کۆنفڕانس ناوی دووەم کۆنگرە بێت ، لە رۆژانی ١٠ ، ١١ ، ١٢ ی ئەیلولی ٢٠٠١ لە هەولێر بەسترا .تەوەرەکانی ئەم کۆنفڕانسەش پشت بە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و پەروەردەیی نابەستێت ، بەڵکو بریتین لە راپۆرتی بەڕێوەبەرێتییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان . لێرەدا ئاماژە بۆ هەموو راپۆرتەکان دەکەین لەگەڵ ژمارەی گرفت و راسپاردەو پێشنیازەکانیان :
١ ) راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان کە بریتییە لە کۆی راپۆرتی ئەم لیژنانە :
– راپۆرتی لیژنەی کارگێڕیی … ( ٦ ) پێشنیاز .
– راپۆرتی لیژنەی میلاکات .. ( ٦ ) پێشنیاز .
– راپۆرتی لیژنەی ژمێریاریی … ( ١٠ ) پێشنیاز .
– راپۆرتی لیژنەی فرۆشگای قوتابخانەکان … ( ٥ ) پێشنیاز .
– راپۆرتی لیژنەی کۆگاکان … ( ٨ ) گرفت و ( ٩ ) پێشنیاز .
– راپۆرتی لیژنەی چاپخانە … (٢٠ ) گرفت و ( ٢٦ ) پێشنیاز .
٢ ) راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێرکردنی دواناوەندی و پیشەیی و پەیمانگەکان .
ئەم بەڕیوەبەرایەتییە گشتییە لەم بەڕیوەبەرایەتییانە پێکدەهات ، کە هەریەکەیان راپۆرت و گرفت و پێشنیازو راسپاردەیان هەبووە بەم شیوەیەی خوارەوە :
أ – بەڕێوەبەرایەتیی فێرکردنی دواناوەندیی … ( ١٦ ) پێشنیاز .
ب – بەڕێوەبەرایەتیی فێکردنی پیشەیی … ( ٥ ) گرفت و ( ٧ ) پێشنیاز .
ج – بەڕێوەبەرایەتیی پەیمانگەکان … ( ١٨ ) پێشنیازە دەربارەی ( وەرگرتن لە پەیمانگەکاندا ) .
د – سەرپرشتیاریی پسپۆڕی … ( ١٠ ) پێشنیازو راسپاردە .
٣ ) راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان ، پشتەستوو بە راپۆرتی :
– ئەزموونەکان … ( ١٧ ) پێشنیاز .
– هەڵسەنگاندن … ( ٤ ) راسپاردە .
– بڕوانامەکان … ( ٦ ) پێشناز .
٤ ) بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی سەرەتایی پشتبەستوو بە راپۆرتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە :
أ – بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی سەرەتایی … ( ١٣ ) پێشنیاز .
ب – بەڕێوەبەرایەتیی باخچەی ساوایان … ( ٢٣ ) پێشنیازو راسپاردە .
ج – بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی تەوزیمی ونەهێشتنی نەخوێندەواریی … ( ١٠ ) پێشنیازو راسپاردە دەربارەی نەهێشتنی نەخوێندەواریی .
د – بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی … ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە راپۆرتەکەیدا ، ( ٦ ) مەرجی بۆ کاری خۆی داناوە … ( ٦ ) مەرجی بۆ بوونە سەرپەرشتیار داناوە … بۆ رێکخستنی میلاکی سەرپەرشتیاریش ( ٤ ) خاڵی دیاریکردووە .
٥ ) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هونەری و وەرزش کە دوو بواری جیاواز لەسایەیدایە :
أ – هونەریی … ( ٢٨ ) پێشنیازیان بۆ کۆنفڕانس کردووە .
ب – وەرزش و دیدەوانی … ( ٢٠ ) پێشنیازیان پێشکەشکردووە .
٦ ) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی تورکمانی … ( ٩ ) پێشنیاز .
٧ ) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام و هۆیەکانی فێرکردن و تاقیگەکان و نەخشە پەروەردەییەکان … پێشنیازو راسپاردەکانیان بەم شێوەیە بوو :
أ – بەڕێوەبەرایەتیی هۆیەکانی فێرکردن … ( ١٠ ) پێشنیاز .
ب – بەڕێوەبەرایەتیی تاقیگەکان … ( ٦ ) گرفت و ( ٥ ) پێشنیاز .
ج – پڕۆگرامەکان :
– دەستەی شارەزایان … ( ٤ ) پێشنیاز .
– پەروەردەو فێرکردن … ( ١٥ ) پێشنیاز .
د – راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئامار … ( ٤ ) کۆسپ و ( ٤ ) پێشنیاز .
و – بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانەکان … ( ١١ ) پێشنیاز .
ز – راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی بڕیاری ٩٨٦ . راپۆرتەکە کارو چالاکی بەڕێوەبەرایەتییەکە نمایش دەکات سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێکخراوەکانی ( یۆنسکۆ ، یونسیف و هابیتات ) ، لە کۆتاییدا تەنها ( ٣ ) پێشنیاز بەردەم کۆنفڕانس دەخات .
ح – راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئامادەو مەشق کردن لە دیوانی وەزارەت . ئەم راپۆرتە چالاکیی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەخاتەڕوو ، بەڵگەی پشتبەستوی بە ئامارێکی زۆر هێناوەتەوەو ، لە کۆتاییدا ئاماژە بە ( ٧ ) گیروگرفت دەکات و لەگەڵ ( ٧ ) پێشنیازدا پێشکەش بە کۆنفڕانسی دەکات .
٨ ) راپۆرتی نەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی سریانی .. ئەم راپۆرتە لە سێ تەوەرەدایە :
أ – کادیری فێرکردنی سەرەتایی ( الکادر التعلیمي ) … ( ٣ ) پێشنیاز .
ب – کادیری فێرکردنی دواناوەندیی ( الکادر التدریسي ) … ( ٣ ) پێشنیاز .
ج – بەرنامەکانی خوێندن و ئەزموونەکان … ( ٤ ) پێشنیاز .

سێیەم کۆنگرە :
سێیەم کۆنگرەی پەروەردەیی لە سلێمانی ، دوای مانگ ونیوێک لە سێیەم کۆنفڕانسی پەروەردەیی لە هەولێر بەستراوە . ئەو کاتە سەردەمی دوو ئیدارەیی بووە . کۆنگرەکە لە ٢٣ – ٢٥ / ١٠ / ٢٠٠١ خایاند. ئەم کۆنگرەیە بە شێوەیەکی رێکوپێک کاری بۆ کرا ، لیژنەی ئامادەکردنی بۆ دانرا ، ئەویش ( ١٢ ) لیژنەی بۆ ئامادەکردنی ١٢ لێکۆڵینەوە بۆ کۆنگرە پێکهێنا ، بەڵام کاتی کۆنگرە ژمارەی لێکۆڵینەوەو راپۆرتەکان گەیشتنە ( ٢٤ ) و ( ٣٢ ) بابەتیان لەخۆدەگرت . لەم لێکۆڵینەوانەدا کۆسپ و کێشەو گرفتەکانی دامودەزگاکانی وەزارەت و سەرجەم پڕۆسەی پەروەردەو فێربوون دەستنیشانکراون و بۆ هەریەکەشیان پێشنیازی چارەسەرکردن و راسپاردە بەردەم کۆنگرە خراوە وەک لێرەدا دەیانخەینەڕوو :
١ ) لیژنەی فەلسەفەی پەروەردەیی – لێکۆڵینەوەکەی بەم ناونیشانە بوو : ” پڕۆژەیەک بۆ فەلسەفەی پەروەردەیی ” ، هیچ گرفت و پێشنیازێکی تیادا دیارینەکراوە ، بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ( ٢٣ ) خاڵی وەک بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی پەروەردەیی دەستنیشانکردووە .
٢ ) لیژنەی مەسیرەی پەروەردەیی … لێکۆڵینەوە : ” مەسیرەی پەروەردەیی ” … ( ٢٠ ) راسپاردەی
تێدایە . ( لێرە بەدواوە تەنها ناوی لیژنەکە دەنووسیین ، چونکە لێکۆڵینەوەکان بەناوی لیژنەکانەوەیە ).
٣ ) لیژنەی پڕۆگرام و کتێب و هۆیەکانی فێرکردن … ( ٥٥ ) پێشنیاز .
٤ ) لیژنەی تاقیکردنەوەکان … ( ٦ ) گرفت و ( ٦ ) پێشنیاز .
٥ ) لیژنەی سەرپەرشتیاریی پسپۆڕی و پەروەردەیی … لێکۆڵینەوەکەیان هەندێک تێکەڵی و دووبارەبوونەوەی کێشەو پێشنیازەکانی تێدایە ، بۆیە تەنها ئەم کۆسپ و پێشنیازانەمان بۆ دەستنیشانکرا :
أ – سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی … کۆسپەکان کراون بە دوو بەشەوە :
– پێداویستی … ( ٤ ) کۆسپ ( ٤ ) پێشنیاز ، چوارەمیان ( ٥ ) خاڵە .
– لایەنی هونەریی … ( ٨ ) کۆسپ ( ١٠ ) پێشنیاز .
ب – سەرپەرشتیاریی پسپۆڕیی … ( ٢ ) کۆسپ و گرفت ، یەکەمیان ( ١١ ) خاڵ و، دووەمیان ( ٤ ) خاڵە . لەشوێنێکیدیکەی لێکۆڵینەوەکەدا ( ٩ ) چارەسەری پێشنیازکردوەو ، لە کۆتاییشدا بەگشتیی ( ٢٢ ) پێشنیازی ریزکردووە .
٦ ) لیژنەی پەیمانگەکان و راهێنان :
أ – راهێنان … ( ٢٠ ) پێشنیاز .
ب – پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی … ( ١٢ ) پێشنیاز .
ج – پەیمانگە مەڵبەندییەکان … ( ٦ ) گرفت و ( ١٠ ) پێشنیاز .
٧ ) لیژنەی خوێندنی پیشەیی … ( ٣ ) گرفت ، سێیەمیان ( ١٠ ) خاڵە … ( ١٥ ) چارەسەر و ( ٧ ) پێشنیازو راسپاردە .
٨ ) لیژنەی باخچەکان … ( ٥ ) گرفتی سەرەکیی و ( ١٨ ) پێشنیاز .
٩ ) لیژنەی میلاکی دواناوەندی و سەرەتایی …
أ – میلاکی دواناوەندیی … ( ٨ ) گرفت ، چوارەم گرفت ) ٤ ) خاڵە ، پێنجەم گرفت ( ٣ ) خاڵە …( ١١) پێشنیاز .
ب – میلاکی سەرەتایی … ( ٩ ) گرفت و ( ١٢ ) پێشنیاز .
١٠ ) تەنسیق لەگەڵ رێکخراوەکان و بڕیاری ٩٨٦ خانووبەرەو گەنجینەکان : ( مەبەست لە رێکخراوەکان ، هابیتات ، یۆنسکۆ ، یونسیف و رێکخراوەکانی ئێن . جی . ئۆ – یە . ) … ( ١٣ ) کێشەو ( ٨ ) پێشنیاز.
١١ ) لیژنەی وەرزش و هونەر :
أ – چالاکیی وەرزشی … ( ١٠ ) کۆسپ و تەگەرە و ( ١٨ ) پێشنیاز .
ب _ چالاکیی هونەریی … ( ٤ ) گرفت ، دووەم گرفتیان ( ٤ ) خاڵە .
١٢ ) لیژنەی ( چەند بابەتێکی پەروەردەیی ) : ئەم لیژنەیە پێکهاتبوو لە نوێنەری ( ١٣ ) بواری پەروەردەیی . نمایشکردنی گرفت و پێشنیازەکان زێتر لە شێوەی راپۆرتدایە . ئەمەش بوارەکان و کێشەو پێشنیازەکانیانە :
١ /١٢ نەهێشتنی نەخوێندەواری … ( ٩ ) کۆسپ و ( ٤ ) پێشنیاز .
٢ / ١٢ خوێندنی تەوزیمی … ( ٩ ) گرفت و ( ١٧ ) پێشنیاز .
٣ / ١٢ قوتابخانەی نەوجەوانان … ( ٢٩ ) گرفت و ( ٢٩ ) پێشنیاز .
٤ / ١٢ پەروەردەی تایبەت … پێشنیازەکان کراون بە دوو بەشەوە :
یەکەم … ( ٣ ) پێشنیازە ، یەکەمیان ( ٧ ) خاڵە ، دووەم ( ٨ ) خاڵە ، سێیەم ( ٤ ) خاڵە .
دووەم … ( ٨ ) پێشنیازە .
٥ / ١٢ کتێبخانەی قوتابخانە … ( ٦ ) گرفت و ( ١٢ پێشنیاز .
٦ / ١٢ چاپخانە … ( ١٢ ) کێشە و ( ٥ ) پێشنیاز .
٧ / ١٢ باخچەی قوتابخانەکان … ( ١١ ) کێشەو ( ١١ ) پێشنیاز .
٨ / ١٢ تاقیگەکان .. ( ٤ ) گرفتی بەشەکان ، ( ٦ ) گرفتی تاقیگەکان و ( ١٠) پێشنیاز .
٩ / ١٢ کارگەی دارتاشیی … ( ٦ ) گرفت و ( ١١ ) پێشنیاز .
١٠ / ١٢ فرۆشگای خوێندنگاکان و خولەکانی بەهێزکردن : بەم شێوەیە گرفت و پێشنیازەکانان خستۆتەڕوو
لایەنە باشەکانی فرۆشگا ( ٤ ) خاڵ ، لایەنە خراپەکانی فرۆشگا ( ٧ ) خاڵ ، ( ١٠ ) پێشنیاز .
١١ / ١٢ رابەرایەتی پەروەردەیی … ( ٥ ) پێشنیاز .
١٢ / ١٢ کارگێڕیی و دارایی … ( ١٢ ) پێشنیاز .
١٣ / ١٢ ژمێرەو تەکنەلۆجیا پەروەردەییەکان … ( ١٠ ) گرفت و ( ٩ ) پێشنیاز .
ئەنجامەکانی سێیەم کۆنگرە :
دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرە ، بەم شێوەیە ئەنجامەکانی راگەیەندرا :
یەکەم … بڕیارەکان : ( ١٥ ) بڕیار .
دووەم … راسپاردەکان : ( ١٠ ) راسپاردە .
سێیەم … ” لە پێشنیارەکانی تریش دەکۆڵرێتەوە :
– پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ( پێشنیارەکانی تر ) کە دەبێت لە هەموو لایەنێکیان بکۆڵرێتەوە ، بەو نیازەی بگەینە چەند بڕیاروراسپاردەیەکی وا کە بەدیهێنانیان گونجاوو ” ممکن ” بێت ، وە کاردانەوەیەکی باشیان ببێت بۆ گەشەکردنی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن ” .

چوارەم کۆنگرە :
جوارەم کۆنگرە ( ٢٢ – ٢٤ ی ئایاری ٢٠٠٧ ) لە قۆناغێکی نوێی سیاسیدا بەسترا . کاتی گرتنەکەی دەکەوێتە دوای یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێرو سلێمانی ، واتە لەسایەی یەکەم کابینەی دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە .
ئەم کۆنگرەیە ، لەڕووی چۆنایەتی و رێکخستنەوە ، لە کۆنگرەو کۆنفڕانسەکانی پێشووتر جیاواز بوو ، بەتایبەتی لە سێیەم کۆنگرەو سێیەم کۆنفڕانس کە یەکەمیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەستراو ، دووەمیش تایبەت بوو بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان .
ئەم کۆنگرەیە ، نزیکەی ساڵیک بەر لە بەستنی ، ئامادەکاریی بۆ کرا . لیژنەی باڵای کۆنگرەو ( ١٦ ) لیژنەی تایبەت بە تەوەرەکانی بۆ پێکهات . چەندین کۆڕو کۆبوونەوەو کۆنفرانسی لە نێو وەزارەت و لەسەر ئاستی پەروەردەی پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی دهۆک بۆ کرا ، بەمەبەستی نمایشی ئاستێکی بەرز لە کۆنگرەکەدا راوێژ بە دەیان کەسی پسپۆڕی پەروەردەیی کراو دواتریش بۆ کۆنگرەکە بانگهێشتکران .
لیژنەی باڵای کۆنگرە شێوازێکی نوێی لە ئامادەکردنی تەوەرەکانی کۆنگرەدا پەیڕەوکرد ، ئەویش بەیەکخستنی هەموو راپۆرت و لێکۆڵینەوەکان لە یەک راپۆرتی گشتیدا . بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ( ٦٠٤ ) ئەندامی لیژنەی تەوەرەکانی کۆنگرە دەستنیشانکران ، کە زۆربەیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی : ( هەولێر ، سلێمانی ، کەرکوک ، دهۆک ، گەرمیان ، رانیە ، کۆیەو چەمچەماڵ ) بوون . لەم ژمارە ( ٤١٢ ) ئەندامیان بەشدارییانکردوو لە کاتێکی کەمدا کارەکەیان تەواوکردو ، راپۆرتە یەکگرتووەکە لە کۆتایی مانگی ئابی ٢٠٠٦ وە ئامادەبوو .
وەزارەتی پەروەردە پێشنیازو راسپاردەکانی لیژنەی تەوەرەکانی کۆنگرەی لە کتێبێکدا بە ناوی ” پێشنیازو راسپاردەکان بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠٠٧ ” چاپکرد کە نزیکەی ( ٦٥٠ ) پێشنازو راسپاردەی لەخۆگرتبوو ، جگە لە دەیان لقی هەندێک لە پێشنیازو راسپاردەکان .
ئەم پێشنیازو راسپاردانە ، بەهۆی سەرهەڵدان و پێشکەشکردنی ” پڕۆژەی گۆڕینی سیستمی پەروەردەو فێرکردن ” بە کۆنگرە ، چەند گۆڕانکارییەکی بەسەرداهات ، بەڵام زۆربەی پێشنیازو راسپاردەکان بۆ تاووتوێکردنی لە کۆنگرەدا وەکوو خۆیان مانەوە .

لیژنەی تەوەرەکانی کۆنگرە :
ئەگەرچی وەزارەت ( ١٠ ) لیژنەی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر ( ١٦ ) کایەی پەروەردەیی پێکهێنا ، بەڵام دوایی بە واقیعی ( ١٦ ) لیژنە راپۆرتەکانیان ئامادەکردو ، پێشنیازو راسپاردەو رێنماییان بەردەمی کۆنگرە خست . ئەمەش ناوی لیژنەکانە :
١ – لیژنەی گەشەپێدان وپێداچوونەوەی ڕۆگرامەکانی خوێندن .
٢ – لیژنەی دەستەی مامۆستایان ( ئاستی زانستییان ، بژێوی ژیانیان ، راهێنانیان ) .
٣ – لیژنەی گەشەپێدانی دەزگای سەرپەرشتیاریی پسپۆڕی و پەروەردەیی .
٤ – لیژنەی ئەزموونەکان .
٥ – لیژنەی میلاکات .
٦ – لیژنەی پێداچوونەوەی سیستمی قوتابخانە – خوێندنگا .
٧ – لیژنەی پەرەپێدانی راگەیاندنی پەروەردەیی .
٨ – لیژنەی چالاکیی وەرزش و دیدەوانی و چالاکیی قوتابخانەو خوێندنگاکان .
٩ – لیژنەی خوێندنی عەرەبی – سریانی – تورکمانی .
١٠ – لیژنەی باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتایی و نەهێشتنی نەخوێندەواریی .
١١ – لیژنەی خوێندنی دواناوەندی و پێشەییەکان .
١٢ – لیژنەی پەیمانگەکان .
١٣ – لیژنەی بیناسازی و نەخشەکێشان .
١٤ – لیژنەی تۆژینەوەو لێکۆڵینەوە .
١٥ – لیژنەی گەشەپێدانی کارگێڕی قوتابخانەکان و خوێندنگەکان .
١٦ – لیژنەی پێداویستییەکان و کارگێڕی دارایی لە دیوانی وەزارەت و پەروەردە گشتییەکان .
پێشنیازو راسپاردەکانی کۆنگرە :
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ، ئەو ” پێشنیازو راسپاردانەی بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠٠٧ ” لە نامیلکەیەکدا بۆ کۆنگرە ئامادەکرابوو ، لە ئەنجامی گفتوگۆکانی لیژنەکانی کۆنگرەو ” پڕۆژەی گۆڕینی سیستمی پەروەردەو فێرکردن ” گۆڕانکاریی بەسەرداهات و ، ئەم پێشنیارو راسپاردانە بڕیاریان لەسەردرا:
أ – بڕیارەکانی گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی :
یەکەم / قۆناغی بنەڕەتی :
١ . نۆ ساڵی خوێندنی تەوزیمی ( ئیلزامی ) ، واتە قۆناغی ناوەندیی نامێنێت وققۆناغی سەرەتایی دەگۆڕێت بۆ قۆناغی ( ٩ ) نۆ ساڵی بنەڕەتی . . . بەپێی یاسا بڕیار دەدرێت کە هەموو منداڵێکی کوردستان نۆ ساڵ بخوێنێت …. مەرج نییە پۆلی یەکەم تا پۆلی نۆ لە هەر هەمان قوتابخانە – خوێندنگەدابن ، دەکرێت هەندێ قوتابخانە – خوێندنگەلە پۆلی ١ – ٩ ی هەبێت ، یان هەندێک قوتابخانە – خوێندنگە پۆلی ١ – ٣ لە قوتابخانەیەک – خوێندنگەیەک و ٤ – ٦ لە قوتابخانەیەک – خوێندنگەیەک و ٧ – ٩ لە قوتابخانە – خوێندنگەیەکیتر . بینا گرنگ نییەو بڕیاردەر نییە بەڵکو سیستمەکە بڕیاردەرە کە لە ١ تا ٩ یەو ئیلزمییە .
٢ . دیاردەی مانەوە لە پۆلەکانی یەک تا سێی بنەڕەتی نامێمێ .
لە کوردستان منداڵان لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەست بە قوتابخانە – خوێندنگە دەکەن ، لە پۆلی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتیدا دەرنەچوون نامێنێت . . . هاوکات لە بری نمرەدانان ، لە ساڵی خوێندنەکەدا دوو جار ، بە تەنیا مامۆستای بەرپرسی پۆل ( مێنتور ) لەگەڵ منداڵەکەو دایک وباوکی منداڵەکەدا ، لەژێر ناوی ( دیداری گەشە ) دا کۆدەبێتەوە .
پێش ئەم دیدارانە دەبێت مامۆستای بەرپرس زانیاری تەواوی دەربارەی ئاستی زانستی قوتابییەکە لەو مامۆستایانەی تر کە قوتابییەکە هەیەتی لە وانەکانی تردا کۆکردبێتەوە .
قوتابخانە – خوێندنگە ساڵی دوو جار دیداری گەشە ، بە ئامادەبوونی مامۆستای بەرپرسی پۆل لەگەڵ قوتابی خوێندکارو دایک و باوکیدا ، جارێک لە نیوەی یەکەمی ساڵی خوێندن و جاری دووەمیش لە نیوەی دووەمی ساڵی خوێندن رێکدەخات .
ئەرکی مامۆستای بەرپرسی پۆل :
– پشتگیرییکردن و یارمەتیدانی قوتابی – خوێندکار لە خوێندندا .
– پەیوەندیکردن بە دایک و باوکی قوتابی – خوێندکارەوە هەفتەی جارێک لە رێگای نامەی هەفتانەوە .
– پەیوەندیکردن بە دایک و باوکی قوتابی – خوێندکارەوە ، ئەگەر گرفتێک یا کێشەیەک هەبوو .
– ئاگادارکردنی دایک و باوک لە ئەنجامەکانی خوێندنی قوتابی – خوێندکار .
– بینینی دایک و باوکی قوتابی – خوێندکار لە دیداری گەشەکردندا .
ئەگەر لە پۆلێکدا زانرا کە چەند منداڵێک پێویستییان بە یارمەتی زیاتر هەیە ، دەبێت یارمەتییان بۆ تەرخان بکرێت لە کاتی دەوامی ساڵدا .
هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون لەلایەن مامۆستایان جێگەی نمرەدانان دەگرێتەوە .
٣ . تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ لە قۆناغی بنەڕەتیدا نامێنێت .یەک تاقیکردنەوەی میلی هەبێت ،
٤ . تاقیکردنەوەی بەکالۆری پۆلی شەشەمی بنەڕەتی نامێنێت .
٥ . لەبری تاقیکردنەوەی بەکالۆری لە پۆلی شەشدا : تاقیکردنەوەی میللی لە پۆلی پێنجەمی بنڕەتی ، لە زمانی کوردی و ، ماتماتیک و زمانی ئینگلیزی و بابەتەکانی تر کە پێویستن جێگەی تاقیکردنەوەی بەکالۆری پۆلی شەش دەگرێتەوە .
قوتابی – خوێندکار بە کۆی ئەنجامی گشتی هەموو تاقیکردنەوەکان ، بە تاقیکردنەوەی میللیشەوە ئەنجامی کۆتایی وەردەگرێت ، دەبێت لە هەموو کوردستاندا یەک تاقیکردنەوەی میللی هەبێت . . . واباشترە :
أ – تاقیکردنەوەکە بکەوێتە سێ رۆژی هەفتەی یەکەمی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکی خوێندن .
ب – پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی میللی لەسەر ئاستی پەروەردەی قەزاکان بە لیژنە بێت .
ج – پشکنینی تێنووسە ئەزموونییەکان لەلایەن هەمان مامۆستای بابەتی قوتابخانە – خوێندنگە دەبێت وەکو یەکێک لە ئەرکە پەروەردەییەکانی سەرشانی مامۆستا وە بە لیژنە دەبێت .
بە نەمانی تاقیکردنەوەی بەکالۆری پۆلی شەش ، بڕوانامەی قۆناغی سەرەتایی نامێنێت .
٦ . ئەزموونەکانی پۆلەکانی حەوتەم و هەشتەم و نۆیەم بەم شێوەیە دەبێت :
– رێژەی نمرەی پۆلی حەوت ١٥% وەردەگیرێت .
– رێژەی نمرەی پۆلی هەشتەم ١٥% وەردەگیرێت .
– رێژەی نمرەی پۆلی نۆیەم ٧٠% وەردەگیرێت .
ساڵی خوێندنی ٢٠٠٧ / ٢٠٠٨ تەنها پۆلی حەوت دەگرێتەوە .
هەژمارکردنی ئەم رێژانە بۆ دەرچوون لە قۆناغی بنەڕەتیدا :
أ – کێبەرکێیە بۆ وەرگرتنی لە قۆناغی ئامادەییدا .
ب – هەر قوتابییەک – خوێندکارێک رێژەی ٦٠% بەدەست نەهێنێت مافی وەرگرتنی نابێت لە قۆناغی ئامادەیی ( ئەکادیمی ) زانستی و وێژەییدا ، بەڵام دەتوانێت درێژە بە خوێندن بدات لە ئامادەییە پیشەییەکاندا یان پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە .
ج – لە کاتی بەدەستنەهێنانی رێژەی وەرگرتنی لە ئامادەییە ئەکادیمییەکاندا ، مافی هەیە ساڵی دواتر بۆ بەرزکردنەوەی رێژەکەی بەشداریی ئەزموونی دەرەکی بکات .
د – لە پۆلەکانی ( چوار ، پێنج ، شەش ، حەوت ، هەشت ، نۆ ) دەرنەچوون لە خولی یەکەمدا نامێنێ .
دووەم / قوناغی ئامادەیی :
١ – تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ لە قۆناغی ئامادەیی نامێنێت .
٢ – لە قۆناغی ئامادەییدا دەرنەچوون لە خولی یەکەمدا نامێنێت .
٣ – پۆلی دە بەسەر ئەم لقانەی خوارەوەدا دابەش دەبێت :
أ – زانستی گشتی
ب – وێژەیی گشتی
ج – پیشەیی
١ . زانستی گشتی :
پۆلی دەی زانستی گشتی دەستنیشانکەری ئارەزووەکانی قوتابییە لە بوارە زانستییەکاندا
٢ . بەشی وێژەیی :
پۆلی دەی وێژەیی گشتی دەستنیشانکەری ئارەزووەکانی قوتابییە لە بواری زانستە وێژەییەکاندا .
زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر لە هەموو بەشەکانی ئامادەییدا بەشێوەیەکی فراوان دەخوێندرێت .
ئەزموونەکانی پۆلەکانی ئامادەیی ، دە ، یازدە و دوازدە بەم شێوەیە دبێت :
– رێژەی نمرەی پۆلی دە لە ١٠% وەردەگیرێت .
– رێژەی نمرەی پۆلی یازدە لە ١٥ % وەردەگیرێت .
– رێژەی نمرەی ئەزموونەکانی وەزاری پۆلی دوازدە لە ٧٥ % وەردەگیرێت .
قوتابی – خوێندکار مافی هەیە بۆ زیادکردنی رێژەکەو وەرگرتنی لە زانکۆدا ، ساڵانی دواتر بەشداریی ئەزموونی دەرەکی بکات .
٣ . پیشەیی :
أ – تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ نامێنێت .
ب – خوێندنی بەشی پیشەییش سێ ساڵە ، پۆلی دە ، یازدەو دوازدە .
ج – لە قۆناغی ئامادەیی بەشی پیشەیی دەرنەچوون لە خولی یەکەمدا نامێنێت .
د – نموونەی لقەکانی بەشی پیشەیی :
– پیشەسازی
– کشتوکاڵ
– بازرگانی
بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن :
پاش ساڵێک لە پڕاکتیککردنی پڕۆژەی گۆڕانی سیستمی پەروەردەو فێرکاری بەدواداچوونێکی هەمەلایەنەو هەڵسەنگاندنێکی قووڵی هەموو پڕۆژەکە ، لەلایەن پسپۆڕانی پەروەردەییەوە دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی :
١ – دەرئەنجامە ئەرێنی ( پۆزەتیڤ ) و بەهێزەکانی پڕۆژەکە .
٢ – دەرئەنجامە لاوازەکانی پڕۆژەکە بۆ چارەسەرکردنیان .
٣ – بەردەوامی و موتوربەکردنی پڕۆژەکە بە گۆڕانکاریی نوێی پێویست ، بۆ بەرەو پێشخستنی پڕۆسەی فێرکاری کوردستان .
ب – پێشنیازو راسپاردە گشتییەکان :
یەکەم / قۆناغی باخچەی ساوایان:
١ . سیستم … ( ٣ ) راسپاردە .
٢ . دەستەی مامۆستایانی باخچەی ساوایان … ( ٦ ) راسپاردە .
٣ . پڕۆگرامەکان باخچەی ساوایان … ( ١ ) راسپاردەی گشتی .
دووەم / قۆناغی فێرکردنی تەوزیمی … ( ٥ ) راسپاردە .
سێیەم / قۆناغی ئامادەیی :
– دابەشبوونی پۆلی دەیەم : زانستی گشتی – وێژەیی گشتی – پیشەیی . . . ( ٨ ) راسپاردە بۆ بەشی زانستی گشتی و بەشی وێژەیی گشتی .
چوارەم / پیشەییەکان … ( ١٦ ) پێشنیازو راسپاردە .
پێنجەم / پڕۆگرام … ( ٥ ) راسپاردە .
شەشەم / ئەزموونەکان / … ( ٥ ) پێشنیازو راسپاردە .
هەڵسەنگاندن … ( ٥ ) پێشنیازو راسپاردە .
لەکاتی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەری قوتابخانەو مامۆستایانی دواناوەندی و ئامادەییەکان ئەم رێنماییە پەیڕەودەکرێت : رێنماییەکە ( ٣ ) خاڵە .
بڕوانامەکان … ( ٤ ) راسپاردە .
حەوتەم / ئامادەکردن و راهێنانی مامۆستایان … ( ٩ ) پێشنیازو راسپاردە .
دانانی سەنتەرێکی پێداگوگی :
پێشنیاز بۆ دامەزراندنی سەنتەرەکە … ( ٥ ) پێشنیاز .
سێیەم پێشنیاز ( ٧ ) خاڵە .
چوارەم پێشنیاز ( ٦ ) خاڵە .
هەشتەم / سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی :
پەیکەر : پەیکەرێکی رێکخستن پێشنیازکراوە .
سەربەخۆیی دەزگەی سەرپەرشتیکردن
هەڵسەنگاندن : هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیاران … ( ١١ ) خاڵ دەستنیشانکراوە .
هەڵسەنگاندنی مامۆستایان :
فۆڕمێک پێشنیازکراوە بوارەکانی هەڵسەنگاندنی مامۆستای تێدایە .
هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرەکان :
فۆڕمێک بۆ هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەر پێشنیازکراوە .
مەرج و پێوەرەکانی بوون بە سەرپەرشتیار … ( ٨ ) مەرجە .
نۆیەم / چالاکیی وەرزشی و هونەری:
– چالاکیی وەرزشی … ( ١٥ ) راسپاردە .
– چالاکیی هونەریی … ( ١٣ ) راسپاردە .
دەیەم / پلانی پەروەردەیی
بەگشتی دواوەو تەنها ( ٤ ) خاڵی دەربارەی رۆڵی پلانی پەروەردەیی لە چاکسازیکردنی پەروەردەو فێرکردندا دیاریکردووە .
یازدەیەم / کارگێڕی قوتابخانەکان :
راسپاردەکان ( ١١ ) خاڵی بۆ بەڕێوەبەر دیاریکردووە کە دەبێت رەچاویان بکات .
خاڵی ١١ یەمین : پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانە و ، ئەرکەکانی لیژنەکەش ( ١٢ ) خاڵە .
دوازدەیەم / میلاکات : . . . ( ٥ ) راسپاردە .
سێزدەیەم / بیناسازی : . . . ( ١٥ ) راسپاردە .
جواردەیەم / تۆژینەوەو لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی : . . . ( ١٤ ) راسپاردەیە ، تەنها نووسینەو بە خاڵ دەستنیشاننەکراوە .
پازدەیەم / راگەیاندنی پەروەردە : . . . ( ١٤ ) راسپاردە .
شازدەیەم / نەهێشتنی نەخوێندەواری : . . . ( ٢٠ ) راسپاردە .
حەڤدەیەم / پێشنیازە گشتییەکان : . . . ( ٢٢ ) پێشنیازو راسپاردە .

خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ کۆنفڕانس و کۆنگرەکانی وەزارەتی پەروەردە
دوای تێپەڕبوونی ( ٢٢ ) بیست و دوو ساڵ بەسەر بەستنی یەکەم کۆنگرەی وەزارەتی پەروەردەدا ، هێشتا بەستنی کۆنگرەی گشتی سەبارەت بە هەمان کێشە پەروەردەییەکانی ئەو کاتە لە ئارادایە ، هێشتا بەستنی کۆنگرە وەک کارێکی زۆر بایەخداری وەزارەت پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت و هەموو جۆرە راگەیەندنە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ بەگەڕدەخرێت. ئەم واقیعە دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت ، یەکەمیان بنبەستبوونی سیاسەتی پەروەردەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ، بەشێوەیەک هەر چەند ساڵ جارێک پێویستی بە خۆسازدانەوە هەبێت و کۆمەڵێک رێوشوێنیدیکە لە بواری پەروەردەدا تاقیبکاتەوە ؛ دوومیشیان کاریگەرێتی ئەجنداو کێبەرکێی حزبیی ناوخۆ و ، کۆی بارودۆخە سیاسییەکەی ناوچەکە و ، فشارێکی نێودەوڵەتی شاراوە بێت کە ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی بۆ پەروەردەو فێربوون لە کوردستاندا هەبێت ، بەشیوەیەک لەگەڵ سیاسەتی جیهانگیریی دەوڵەتە سەرمایەدارییە گەورەکانی جیهاندا بێتەوە .
دروشمی کۆنگرەکان :
هەموو کۆنفڕانس و کۆنگرەکان – یەکەم کۆنفڕانسی لێدەرچێت – هەڵگری دروشمی خۆیان بوون ، هەریەکەیان بە دروشمێکەوە بەرنامەی پەروەردەیی خۆی نمایشکردووە . بەڵام ئایا بڕیارو راسپاردەکان نەخشەرێگایەک بوون بۆ بەدیهێنانی ئەو دروشمانە ؟ ئایا بە واقیعی دروشمەکان بەدیهاتوون ؟ ئایا دروشمەکان روون وهەڵێنجراوی واقیعەکە بوون ؟ بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە دەگەڕیینەوە بۆ دروشمەکان :
– یەکەم کۆنفڕانس ( هەولێر ١٩٩٧ ) دروشمی بۆ دانەنراوە ، هۆکاری ئەوە کەمئەزموونی نییە ، چونکە پێشتر لە یەکەم کۆنگرەدا دروشم هەبووە .
– دووەم کۆنفڕانس ( هەولێر ٢٠٠٠ ) دروشمی ” لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەو زانست لە کوردستانێکی خاڵی لە نەخوێندەواری ” هەڵگرتووە . ئەم دروشمە لە سێیەم کۆنفڕانسدا ( هەولێر ٢٠٠١ ) وەک خۆیەتی و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە . ئەمە تێکەڵییەکی تێدایە کە دەبێت بەرپرسانی راگەیاندنی وەزارەت روون و راستی بکەنەوە ، تا تۆژیارانی ئەو مێژووەی پەروەردە بەهەڵەدا نەچن و زانیاریی نادروست نەکەوێتە نێو توێژینەوەکانیانەوە .
ئەم دروشمە ، نەک تا کۆنفڕانس یان کۆنگرەی بەدوادواهاتوویدا بەدینەهاتووە ، بەڵکو تا ئەمڕۆش هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ پێشەوە نەناوە ، نە کوردستان خاڵییە لە نەخوێندەواران و ، نە ئاستی پەروەردەو زانستیش بەرزبۆتەوە ، بەپێچەوانەوە دابەزینی ئاستی زانست و پەروەردە بۆتە دیاردەیەکی نەشاردراوە لەخەڵکی و ، بەفراوانی رای گشتی لەسەری دەدوێت .
یەکەم کۆنگرە ( هەولێر ١٩٩٣ ) لەژێر سایەی ئەم دروشمەدا بەسترا ” لە پێناو پەروەردەکردنی نەوەکانی کوردستان .. بە رەوشتی بەرز .. کوردایەتی رەسەن .. زانست و زانینی هاوچەرخ .. بنەماکانی دیموکراسی ” .
ئەم دروشمە ، لەچەند وردە دروشمێک پێکهاتووە ، کە لێڵ و نادیارەو ، زێتر سۆزو سەرگەرمیی کەشی دوای هەڵبزاردنی پەڕلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە ، چەند دروشمێکن لە لێکدانەوەیەکی روونان نییە .ئایا مەبەست لە رەوشتی بەرز چییە ؟ چ رەوشتێک بەرزە ؟ کوردایەتی رەسەن کامەیە ؟ ئایا لە بەرامبەریدا کوردایەتیی نارەسەن هەیە ؟ مەبەست لە زانست و زانینی هاوچەرخ چییە ؟ لە کوردستاندا چیی بە هاوچەرخ دەزانرێت ؟ ئەی بنەماکانی دیموکراسیی کامانەن ؟ ئایا نموونەیەکی خۆماڵیی لەکوردستاندا بۆ ئەو دیموکراسییە هەیە ؟
لەڕاستیدا ئەوەی بە بینینیش هەستی پێدەکەین ، بەر لەوەی تۆژینەوەی لەسەر بکرێت وەک شێوازێکی زانستی بۆ هەڵسەنگاندن ، داڕمانی بەها ئەرێیەکانە لە ئاستی کۆمەڵگەدا . ئەگەر مەبەست لە هاوچەرخێتی زانست و زانیاری ، شۆڕشی تەکنەلۆژیی سەردەم بێت ، کاریگەرێتییەک هەستی پێبکرێت ، رێژەییەو، بەهۆکاریی دەرەکییە ، جیهانییە . واتە قوتابخانە ( تا ئێستا ) رۆڵی بنەڕەتیی لە بەدیهێنانی رێژەیی و سەرەتایی ئەم دروشمەدا نییە .
بنەماکانی دیموکراسیش ، تەنانەت بە چەمکە بۆرژواییەکانیش ، بوونیان نییە ، بۆ نموونە ( هەڵبژاردنی ئازاد لە ئاستێکی گشتیدا ، خۆکاندیدکردنی ئازاد بۆ دەزگاکانی نوێنەرایەتی ، دەنگدانی ئازاد ، ئازادییە سیاسییەکان ، ئازادییە فەردییەکان ، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە مافەکانی ژنان و منداڵانیشەوە ، یەکسانی نێوان مرۆڤەکان ، سێکولاریزم وەک کۆڵەکەیەکی سیستمی دیموکراسیی ، هیچ جێوڕێیەکی عەمەلییان لەسایەی ئەم سیستمەدا نییە کە بە دیموکراسی ناویدەهێنن .
– سێیەم کۆنگرە ( سلێمانی ٢٠٠١ ) دوای سێیەم کۆنفڕانس لە هەولێر بە مانگ و نیوێک بەستراوە .هەریەکەیان لە سایەی ئیدارەیەکدا بووەو کەشی کێبەرکێ دروستیکردوون . دروشمی ئەم کۆنگرەیە ” گەشەپێدانی پەروەردە ” یە . دروشمێکی گشتی بێ رۆخ و سنوورێکی دیاریکراوە ، فێربوون و بەرنامە فراوانەکەی خوێندن ناگرێتەوە ، بڕیارو راسپاردەکانیشی ، رێگایەکی کراوەی تێدانەبوو بۆ گەشەکردن . ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی چوارردە ساڵ لە بەستنی ئەو کۆنگرەیە ، هێستا چاوی چاوەڕوانیمان لە گەشەکردنی پەروەردەیە ، هەم بەمانای راستیی ( گەشەکردن ) و هەم بەمانای فراوانی ( پەروەردە ) .
– چوارەم کۆنگرە ( هەولێر ٢٠٠٧ ) لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێرو حکومەتی یەکگرتووی پارتی و یەکێتیی ، لەژێر دروشمی ” گۆڕینی دیدی فەلسەفیمان بۆ مرۆڤ بنەمای گۆڕانکارییەکانە لە سیستمی پەروەردەو فێرکردندا ” بەسترا .
هەروەک چۆن ئەم کۆنگرەیە لەڕووی رێکخستن و بایەخدانی راگەیاندن پێی ، جیاواز بوو لە هەموو کۆنفڕانس و کۆنگرەکانیدیکە ، هەروەها لەڕووی داڕشتنی دروشمیشەوە بەو شێوەیە بوو . یەکەمجاربوو باسی فەلسەفە بکرێت لە دروشمدا ، یەکەمجاربوو باس لە مرۆڤ بکرێت و دیدی فەلسەفی پێوە گرێبدرێت .
ئەوەندەی لەم دروشمە بگەین ، باری سەرنجمانە بۆ فراوانی دیدە فەلسەفییەکە ، چاوەڕواندەکرا ئەم دروشمە هەموو بوارەکانی پەروەردەو فێربوون بگرێتەوە ، هەر لە پەیوەندییە مرۆییەکانی نێو قوتابخانەوە ، تا پڕۆگرامەکانی خوێندن ، تا رێگاکانی وانەگوتنەوە ، تا چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان ، تا ئەزموونەکان ، تا چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی پۆل و نێو ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی دەوروبەری قوتابخانە . . . هتد .
کاتێک دەگەڕێین بۆ دیدی فەلسەفی پێش ئەم کۆنگرەیە ، تا بگۆڕدرێت ، هیچ دیدێکی فەلسەفی دیاریکراو نابینرێت ، هەتا ئێستاش دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم ، بەوپێێەش دەسەڵاتی پەروەردەیی لەڕووی دیدی فەلسەفی . واتە جیهانبینییەوە خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە . بە دیاریکراوی نازانرێت فەلسەفەی دەوڵەت و پەروەردەش چییەو بنەماکانی چین ، لەچ بەڵگەنامەیەکدایەو بە چ دستوورێک پابەندی دەبن . ئایا مرۆڤ جێوڕێیەکی لە دیدی فەلسەفی پێشوودا هەبووە ؟ ئەی ئێستا هەمان ئەو مرۆڤە لەچ جێوڕێیەکی نوێدا راوەستاوە ، یان لە کوێوە بۆ کوێ گواستراوەتەوە ؟
هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی یان تۆژینەوەیەکی زانستی لەم بارەیەوە نەکراوە ، تابزانرێت چەند لەم دروشمە جوانە جێبەجێبووە ، بەڵام ئەوەی بە سەرنج لە واقیعە کۆمەڵایەتییەکە پێیدەگەین ، نەرێیانەیەو ئاماژە بۆ سەرنەکەوتنی ئەو پڕۆژەو نیازە دروستە دەکات . هەروەها لەگشتێتی خۆیدا سەرنجمان بۆ ئەوە رادەکێشێت کە بەرئەنجامەکانی کۆنگرەی چوارەمیش گۆڕانکارییەکی ریشەیی لێنەکەوتەوەو ، ئەو هەوڵەی درا لە سنووری ریفۆرمێکی سنووردار واوەتر نەچوو .
کۆنفڕانس و کۆنگرەکان فرە بابەت بوون :
لە یەکەم کۆنگرەو یەکەم کۆنفڕانسەوە تا دەگاتە دواکۆنگرە لە ٩ – ١١ ی ئایاری ٢٠١٥ ، هەڵەیەک هەیە خۆی دەجوێتەوە . کابینەکان ، وەزیرەکان ، پسپۆڕە پەروەردەیەکان ، نە بیری لێدەکەنەوە و نە بە تەنگ راستکردنەوەین . ئەو هەڵەیە بریتییە لە دانانی ژمارەیەکی زۆر بابەت یان تەوەرە بۆ لێدوانیان لە کۆنگرەو کۆنفڕانسەکاندا . ئەو راستییە دانپێدانانێن کە لە چەند رۆژێکی کۆنگرەدا توانای لێکۆڵینەوە لەو هەموو تەوەرانە نییەو نووسینی راپۆرت یان لێکۆڵینەوەکان ئامانجەکانی خۆی ناپێکێت . ئەم شیوازە لە بەستنی کۆنگرە ، بەو هەموو تەوەرەو بابەتانەوە ، بۆ وڵاتێکی وەک باشووری کوردستان نەشیاوە ، سەبارەت بەوەی ئەم کارانە نوێن و ئەزموونێکمان لە بارەیانەوە نییە ، لەسەرێکیدییەوە ، بواری پەروەردەشمان ، هەروەکو واقیعی وڵاتەکەمان بە درێژایی هەشت نۆ دەساڵی وێرانکاریی تێداکراوەو دەبێت خشت خشت و بەرد بەرد بینێنەوە سەریەک و بینای نوێی کوردستان بۆ ئەمڕۆو ئایندە بنیاتبنێینەوە .
پەروەردەی سەربەخۆ لە کوردستانی پێش راپەڕیندا نەبووە ، دەزگا پەروەردەییەکانی پارێزگاکانی کوردستان لەژێر سایەی پەروەردەی بەعسدا بوون و لەخزمەتی سیاسەتە شۆڤێنیستی و فاشستی و عەرەبسالاریی و باوک و پیاوسالاریی دڕندەترین دەستەی شۆڤێنیستیی عەرەبیدا بوون . بۆیە دوای هەرەسهێنانی ئەم دەسەڵاتەو سەرهەڵدانی دەسەڵاتی کوردیی ، دەبوایە بەڕێگەیەکی جیاواز لەوەی پەیرەوکرا ، پاکتاوی کەلتووری بەعسیزم بکرایەو ، بە فەلسەفەیەکی نوێی پەروەردەیی ، پڕۆسەی پەروەردەو خوێندن لە کوردستاندا بنیاتبنرایەتەوە .
ئەو هەلومەرجەی دوای راپەڕین هاتەئاراوە ، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و دەستبەکاربوونی پەڕلەمان ، ئەوەی دەخواست کۆنگرەیەکی پەروەردەیی بۆ داڕشتنەوەی فەلسەفەی پەروەردەیی لە کوردستاندا ببەسترێت . دەتوانرا لەڕێی ئەم کۆنگرەیەوە هەنگاوی دروست و جێگیرو بەرچاوڕوون بەرەو ئایندە بهاوێژرایە و کەلتووری بەعس لە قوتابخانەو لە نێو مامۆستایان و خوێندکارانی کوردستاندا ریشەکێشبکرایە . دوا بەدوای ئەوەش دەتوانرا بۆ هەر پرسێکی پەروەردەو فێربوون ، کۆنگرەی تایبەت لەبەر رۆشنایی فەلسەفە پەروەردەییە بڕیارلێدراوەکەدا بگیرێت و ، لەسەر بنەمایەکی نوێ سیاسەتی پەروەردەیی لەهەموو کایەکاندا پەیڕەوبکرایە . هەروەها بۆ بەردەوامیی پێشکەوتن و چارەسەرکردنی بەردەوامی کێشە پەروەردەییەکان ، دەتوانرا ساڵانە لە هەر پارێزگایەکدا لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا ، تەنانەت لەسەر ئاستی بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکاندا ، کۆنفڕانسی خۆجێیی بگیرایەو ، ئەمە ببوایەتە کەلتوورێکی کاری پەروەردەیی .
دەکرێت ئەم شێوازە بۆ زامنکردن و کاریگەرێتی کۆنفڕانس و کۆنگرە پەروەردەییەکان لە داهاتوودا بگیرێتەبەر و هێشتا پڕۆسەی پەروەردە لە کوردستاندا هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەنێت و ، لە توانادایە هەڵەکانی رابردوو چارەسەر بکرێت و ئاسۆیەکی رووناک بەردەم رەوتی پڕۆسەی پەروەردەو فێربوون بخرێت .

کۆنفڕانس و کۆنگرەکان و ئاسەواری دوو ئیدارەیی :
دوو ئیدارەیی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ بوو ، چەند ساڵ دوو ئیدارەیی ، لەیەکترازانێکی واقیعی و دەروونیشی لێکەوتۆتەوە . دوای چەند ساڵێکیش لە یەکگرتنەوەی ئیدارەکان ، هێشتا هەڵسوکەوتی سەردەمی دوو ئیدارەیی لەناواندایەو ، کاریگەرێتی لەسەر رەوتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیداری و رۆشنبیریی و پەروەردەیی هەیە . کۆنفڕانس و کۆنگرە پەروەردەییەکانیش پشکێکی ئەم کاریگەرێتییەی دوو دەسەڵاتی و دوو ئیدارەییەی بەرکەوتووەو هەستیپێدەکرێت . لێرەدا چەند خاڵیک وەک نموونە دەهێنینەوە :
– هەموو کۆنفڕانس و کۆنگرەکان ، جگە لە سێیەم کۆنگرە ، لە شاری هەولێر بەستراون . هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەستنی ئەو کۆنفڕانس وکۆنگرانەدا لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووە ، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە رێککەوتننامەی ستڕاتیژیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا هەبووە ، یان وەک دوا کۆنگرە ٩ – ١١ / ٥ / ٢٠١٥ کەحکومەتێک بەناوی ( حکومەتی بنکە فراوان ) لەژێر سایەی پارتیدا هەیە ، کاتی بەستنی کۆنفڕانس و کۆنگرەکانیش ، ئەوەندەی پارتی دەسەڵاتی یەکەم و سەرەکیی بووبێت لە مانگی ئەیلوولدا بووە وەک کۆنگرەی یەکەم و کۆنگرە ( کۆنفڕانس ) ی دووەم و کۆنفڕانسی سێیەم ، ئەیلولیش لە مێژووی پارتیدا مانگێکی تایبەتە ، ئەو مانگەیە کە شۆڕشی ئەیلوولی تیادا هەڵگیرساوە ، شۆڕشێک پارتی لە کۆبیری ناخیدا خۆی بە خاوەنی دەزانێت .
– کۆنفڕانس و کۆنگرەکان لەژێر سایەی حزبە دەسەڵاتدارەکاندا بەستراون .یەکێک لە دیاردە دیارەکانی کۆنفڕانس و کۆنگرەکا ن گرێدانیانە لە سایەی وەزیرەکانی پەروەردەدا کە هەموویان حزبی بون و سەر بە یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان بوون و بەتایبەتی پارتی .ئەمەش خشتەی کۆنفڕانس و کۆنگرەکان ناوی وەزیرەکان و ئینتیمای حزبییان :
١ – یەکەم کۆنگرە دکتۆر ناسیح غەفور سلێمان پارتی دیموکراتی کوردستان
٢ – یەکەم کۆنفڕانس .. لە بەڵگەنامەکاندا ناوی وەزیر پارتی دیموکراتی کوردستان
نەنوسراوە .
٣ – دووەم کۆنگرە
( دووەم کۆنفڕانس ) عەبدولعەزیز تەییب ئەحمەد پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ – سێیەم کۆنفڕانس عەبدولعەزیز تەییب ئەحمەد پارتی دیموکراتی کوردستان
٥ – سێیەم کۆنگرە نەرمین عوسمان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٦ – چوارەم کۆنگرە دڵشاد عەبدولڕەحمان محەمەد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٧ – ” هەشتەم کۆنگرە ” دکتۆر پشتیوان صادق پارتی دیموکراتی کوردستان
دەربارەی ناونانی دوا کۆنگرە بە ” کۆنگرەی هەشتەم ” هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمیم لەبەردستدا نییە ، بۆیە دواتر کۆمێنتی لەسەر دەنووسم .
– پێکهاتەو بەشداریی لە کۆنگرەکاندا ، بە هاوکێشەی هێزی سیاسیی باڵادەستەوە بەستراوەتەوە . لە یەکەم کۆنگرەدا دەستەی سەرۆکایەتی ، وەک پێشتر ناوەکانیانمان نووسی : وەزیر کە پارتی بووە سەرۆک و ، جێگری وەزیر کە یەکێتی بوو ، جێگری سەرۆک بووە .
هەر لەم کۆنگرەیەشدا هەمان پێکهاتەی دەستەی سەرکایەتی کۆنگرە لە دەستنیشانکردنی لیژنەی داڕشتنی بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەدا پەیڕەو کراوە ، سەرۆکی لیژنەکە لە هەولێرو دوو ئەندامیش دانراون یەکێکیان لە پەروەردەی سلێمانی و ئەویدییان لە پەروەردەی دهۆک . ئەو کۆنفڕانس و کۆنگرانەشی کەوتنە ماوەی شەڕی ناوخۆ تا یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر ، ئەگەر لە سلێمانی بووبێت ، رێگەنەدراوە پەروەردەکانی سەر بە پارتی بەشداریی تێدا بکەن ، ئەگەر لە هەولێریش بووبێت ، رێگەنەدراوە پەروەردەکانی سەر بە یەکێتیی بەشداریی تێدا بکەن .
– بەڵگەیەکیدیکەی کاریگەرێتیی ئەم دوو ئیدارەییە ، بەستنی کۆنفڕانسێک ( سێیەم کۆنفڕانس ١٠ – ١٢ ی ئەیلولی ٢٠٠١ لە هەولێر ) و کۆنگرەیەکە ( سێیەم کۆنگرە ٢٣ – ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١ لە سلێمانی ) لە ماوەی مانگ و نیوێکدا ، لەکاتێدا شەڕی ناوخۆیی ، بە رێککەوتنی واشنتۆن لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆتاییهاتبوو ، هیچ پاساوێکی لۆژیکیی بۆ بەستنیان لەو بارودۆخەدا نەبوو .
– دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێرو سلێمانی ، هەندێ دیاردەیدیکە سەرنجمان بۆ ئاسەواری سەردەمی دوو ئیدارەیی رادەکێشێت ، وەک وتاردانی سەرۆکی حکومەت ( پارتی ) و جێگری سەرۆکی حکومەت ( یەکێتی ) لە رۆژی دەستپێکردنی چوارەم کۆنگرەدا ( ٢٣ ی تشرینی یەکەم ٢٠٠٧ ) . ئەوە بۆ خۆی مایەی پرسیارە : ئەگەر بەڕاستی دوو ئیدارەیی نەماوە ، چ پێویست دەکات حکومەت دوو وتاری بۆ کۆنگرەیەکی یەکگرتوو هەبێت !
هەر پەیوەند بەو دیاردانەی کاریگەرێتیی دوو ئیدارەیی و دو ئاڕاستەیی پێیانەوە دیارە ، ئاماژە بە شێوازی داڕشتنی ( پڕۆژەی گۆڕینی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن ) دەکەین ، ئەو پڕۆژەیەی لە کۆنگرەی چوارەمدا بڕیاری لەسەردرا . لە داڕشتنی ئەم پڕۆژەیەدا لە یەکەم لاپەڕەوە تا دەگاتە دوا لاپەڕە ، لەهەر شوێنێک وشەی ( قوتابی ) هاتبێت ، وشەی ( خوێندکار ) بە تەنیشتییەوە هاتووەو داشێک خراوەتە نێوانانەوە ، هەروەها لە هەر شوێنێک وشەی ( قوتابخانە ) هاتبێت ، وشەی ( خوێندنگە ) بە تەنیشتییەوە هاتووەو ، دیسان داشێک خراوەتە نێوانیان . ئەم دیاردەیە بۆ خۆی سەرنجڕاکێشەو ، سادەیی ئەقڵی سیاسی و پەروەردەییمان لە هەرێمدا دەداتێ کە لەلایەک زاراوەکانی پێس یەکگرتنەوەیان بەکارهێناوە بەڵام پێکەوە ، وەک نیشانەیەک بۆ ” کەشی یەکگرتنەوە ” کە بەپێی ئەو ئەقڵییەتە ” یەکگرتنەوەی زاراوەکان ” یش دەگرێتەوە !! لە بری ئەوەی هەردوو زاراوەکەو زاراوەیدیکەش وەک ( فێرخواز ) بەکاربهێنن بەبێ ئەوەی لەتەک یەکدا بە تەقەڵ پێکیانەوە بدروون .
چەند تێبینیی گشتی لەسەر کۆنفڕانس و کۆنگرەکان :
بەم چەند تێبینییە ئەم بابەتە کۆتاییپێدەهێنین و ، دوای دەرچوونی فەڕمیی بڕیارو راسپاردەکانی دواکۆنگرە ” کۆنگرەی هەشتەم ” ٩ – ١١ / ٥ / ٢٠١٥ ، بۆ تەواوکردنی ئەم بابەتە ، تێبینی و بۆچوونەکانمان دەربارەیان دەنووسین :
١ ) وەزارەتی پەروەردە لە یەکەم کابینەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات جێگیریی تێدا نەبووە ، تائێستا ( ١١ ) وەزیری پەروەردە کاریان لەم وەزارەتەدا کردووە ، هەر کابینەو وەزیرێکی پەروەردەی هەبووە ، لەسەردەمی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەییشدا دوو وەزیری پەروەردە لەیەک کاتدا لە هەولێرو سلێمانی هەبوون . دانانی وەزیرەکان لەسەر بنەمای سیاسیی بووە ، بۆیە هەندێک لەو وەزیرانە پسپۆڕی بواری پەروەردە نەبوون ، ئەوەشی پسپۆڕ بووە سیاسەتی حزبە دسەڵاتدارەکان دەستی کۆتکردوون و نەیانتوانیوە پەروەردەییانە کاروباری وەزارەتەکە ، دوور لە ململانێی حزبی ، بەڕێوەببەن .
٢ ) بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانس و کۆنگرەکاندا ، پێوەرێکی پەروەردەیی دیاریکراو بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی کۆنگرە نەبووە ، لایەنی پسپۆڕیی بۆ بەشداریی لە تاوتوێکردنی راپۆرت و لێکۆڵینەوە پەروەردەییەکاندا نەبووە ، زێتر کاربەدەستانی دامودەزگاکانی پەروەردە رۆڵیان بینیوە ، ئەگەر کەسانێکیش لە دەرەوەی ئەو دامودەزگایانە بانگهێشتی کۆنفڕانس و کۆنگرەکان کرابن ، لەسەر بنەمای ناسین و نزیکبوونیان لە وەزیرو کاربەدەستە باڵاکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بووە ، لەبەر ئەوە هەمیشە چالاکیی نێو کۆنگرەو گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکان ، لەلایەن چەند ئەندامێکەوە کراون کە لە پەنجەی هەردوودەست تێنەپەڕیون .
٣ ) سەرەتا کۆنگرەکان بە ناوی ( کۆنگرەی وەزارەتی پەروەردە ) وە دەبەستران ، دواتر ناوی کۆنگرەی پەروەردەییان لێنرا . لەواقیعیشدا وەزارەتی پەروەردە لەڕێی دامودەزگاکانیەوە بە کۆنگرەکانەوە خەریک دەبوو . جەماوەری مامۆستایان و دەزگا پەروەردەییەکانی خوارەوە کەمتر لێی ئاگادار بوون ، یان هەتا پێش بەستنی بە ماوەیەکی کەم ئاگادار نەبوون ، نەیانزانیوە تەوەرەکان چین ، یان پاساوو ئامانجی کۆنگرەکان چییە و چ گرفتێکی گەورەی پێ چارەسەردەکەن . مامۆستایان بەشدارییەکی بەرچاویان لە کۆنگرەکاندا نەبووە . کۆنفڕانس و کۆنگرەکان – جگە لە کۆنگرەی چوارەم – خۆبەخۆی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکانی کوردستان بەستراون ، رای گشتی تیادا بەشدارنەبووە ، دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵێکی بنەڕەتییان تێدا نەبینیوە ، تەنانەت راگەیاندنی وەزارەتیش – دیسان کۆنگرەی چوارەمی لێدەرچێت – رۆڵێکی ئەکتیڤی تێدا نەگێڕاوە .
٤ ) تەوەرەکانی هەر کۆنفڕانس و کۆنگرەیەک راپۆرتیان لە بارەوە دەنووسرا ، یان لە شێوەی لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکدا ئامادە دەکران . شێوازی تۆژینەوەو لێکۆڵینەوەی مەیدانی بۆ تەوەرەکان لە ئارادا نەبووە ، سەرباری ئەوە چەندبارەبوونەتەوە . هەموو جارێک تەوەرەکان خراونەتەوە بەر باس و لێکۆڵینەوە ، لەنێوان کۆنگرەیەک و کۆنگرەیەکدا کەم و زۆرک لە تەوەرەکاندا هەیە ، بەڵام بەتەواوەتی جیاوازنین .نەبوونی ئەم جیاوازییە نیشانەو بەڵگەی چارەسەرنەکردنی گیروگرفتەکان ، یان مانەوەیان وەک خۆی بەدەستەوەدەدات .
٤ ) هەموو کۆنگرەیەک ، دوای تەواوبوونی کارەکانی ، راگەیاندنێکی کورت دەربارەی کارەکانی کۆنگرە بڵاودەکاتەوە ، دواتر ئەنجامەکانی رادەگەیەنێت . زۆربەی کۆنگرەکان ئەنجامەکانیان بە شێوەی بڕیارو راسپاردە بەیاندەکەن ، بەدیاریکراوی ، لەرێی بڕگەو خاڵەوە سەرجەم بڕیارو راسپاردەکان ، یەکە یەکە ، یان لەژێر ناونیشان و تەوەرەی جیاوازدا دەخەنەڕوو .
لە کۆنفڕانس و کۆنگرەکان وەزارەتی پەروەردەدا ، چەند شێوازی جیا جیا بۆ ئەم دواکارەیان پەیرەوکراوە : کەمێکیان لەشێوەی ( بڕیار ) دایە ، زۆربەیەکی لەژێر ناونیشانی ( راسپاردە ) دایە ، بەشێکی بەرچاویش ناونیشانی ( پێشنیار ) یان بۆ دانراوە ، بەشێکیدیکەی ئەم ئەنجامانە بە نووسینەو خاڵبەندیی نەکراون ، زێتر خستنەڕووی باری سەرنجە بۆ ئەرکی ئەو بوارە پەروەردەییەی لێی دەدوێن ، یان رێنماییکردنە بۆ کاری داهاتوو ، تەنانەت بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەی چوارەم سەبارەت بە ” پڕۆژەی گۆڕینی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن ” وەک ( رێککەوتنی کۆنگرە ) لەسەریان باسدەکرێت نەک بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە . ئەمە جگە لە تێکەڵ و پێکەڵییەک لە نێوان ئەم شێوانەی خستنەڕووی ئەنجامەکاندا ، کۆنگرەی سێیەمیش چەند بڕیارو راسپاردەیەکی کەمی داوەو ، بۆ بڕیارو راسپاردە لەسەر تەوەرەکان ، بڕیاری پێكهێنانی لیژەی بۆ دوای کۆنگرە داوە ، واتە لە رۆژانی کۆنگرەو دانیشتنەکاندا نەیانتوانیوە بڕیارو راسپاردە لەسەر گشت تەوەرەکان و سەرجەم گرفتەکان وەربگرن .

فوئاد قەرەداغی
ئایاری ٢٠١٥

سەرچاوەکان
١ – یەکەم کۆنفڕانسی وەزارەتی پەروەردە ، هەولێر ، نیسانی ١٩٩٧ ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە .
٢ – دووەم کۆنفڕانسی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە ١٢ – ١٤ ی ئەیلولی ٢٠٠٠ ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە ، ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە
http://moe.krg.org/ku
٣ ) گۆڤاری ( ئاسۆی پەروەردەیی ) تشرینی دووەمی ٢٠٠٠ .
٤ ) کۆنفڕانسی سێیەمی پەروەردەیی ١٠ – ١١ – ١٢ ئەیلول ٢٠٠١ ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە ، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – هەولێر .
٥ ) بڕیارو راسپاردەکانی یەکەم کۆنگرەی پەروەردەیی ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان .
٦ ) پێشنارو راسپاردەکان بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠٠٧ ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە ، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە .
٧ ) پڕۆژەی گۆڕینی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە ، چاپی دووەم ، ساڵی ٢٠٠٨ ، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە هەولێر .
٨ ) کۆنگرەی پەروەردەی سێهەم ٢٠٠١ ، بەزمانەکانی کوردی ، عەرەبی ، ئینگلیزی ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئیدارەی سلێمانی .
٩ ) بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠٠٧ ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلان دانان / بەڕیوەبەرایەتیی تۆژینەوەو لێکۆڵینەوە / ئامادەکردنی عمر طاهر معروف ، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – هەولێر ٢٠٠٨ .
١٠ ) راپۆرتی کۆتایی کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠٠٧ ، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە / لیژنەی باڵای کۆنگرەی پەروەردەیی ، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – هەولێر ٢٠٠٧ ز .

کتێبەکان قەدەغە مەکەن سێکولاریزم پەیڕەو بکەن . . .

11 مارس

کتێبەکان قەدەغە مەکەن سێکولاریزم پەیڕەو بکەن . . .

ئەم رۆژانە دەنگوباسی قەدەغەکردنی هەندێک لە کتێبە ئیسلامییەکان لە ناواندایە . بۆ ئەم مەبەستە ، وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم ، کتێبی چەند نووسەرێکی ئیسلامیی دەستنیشانکردووە ، ( گوایا ) بەمە منداڵان و هەرزەکارانی کورد لە کاریگەرێتیی ئایدیای توندوتیژیی دەپارێزێت و بەم کارەی دەتوانێت رێگری لە ” داعشیزم ” بکات ، لەکاتێکدا خودی وەزارەتی رۆشنبیریی بەرپرسیارە لە رێپێدانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە ، بەو فراوانییەی کە کتێبخانەکان و ، تەنانەت سەر شۆستەی شەقامی شارەکانیشی گرتۆتەوە .
ئەم دوو هەڵوێستە ناکۆکەی وەزارەت نیشانەی نەبوونی سیاسەتێکی روونە لەسەر ئاڕاستەی راگەیاندن و رۆشنبیریی لە هەرێمی کوردستاندا .
ئەم هەڵوێستەی وەزارەت کارێکی نەرێیانەیەو لەگەڵ پرنسیپەکانی ئازادیی بڵاوکردنەوەو دەربڕین ناکۆکە . رێگەگرتنە لەوەی خەڵکیی چۆن بیردەکاتەوە و چ بیروباوەڕێک بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت ، لەهەمان کاتدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە ، جا ئەو مرۆڤە جیهانبینی و پڕۆژەی بۆ دواڕۆژ هەرچییەک بێت ، لەهەر گرووپ و رێکخراوو حزبێک بێت . هەروەها پێچەوانەی پرنسیپەکانی سێکولاریزمە کە ئازادیی ئاینداری و بێئاینی بۆ هەموو هاووڵاتییەک دەسەلمێنێ و رێگە بە فشارخستنە سەر هیچ عەقیدەیەک نادات .
وەزارەتی رۆشنبیریی بەدوای راستکردنەوەی بارودۆخێکەوەیە ( بەڵام بە شێوازێکی هەڵە ) کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکانی لێی بەرپرسیارن و لە راپەڕینەوە هەتا ئەمڕۆ پەیڕەویدەکەن .
منداڵان و هەرزەکارانی کورد بەم هەڵوێستە لە ئایدیای داعشیزم دوور ناکەونەوە بەڵکو شێلگیرتر دەبن لەسەر پەیڕەوکردنی و گەیشتن بە سەرچاوەکانی ، هۆکارەکانیش روون و ئاشکران ، لەلایەک بەوەی ئاین عەقیدەیەو ، هیچ عەقیدەیەکیش بە زەبروزەنگ و قەدەغەکردن و فشار لەناوناچێت ، لەلایەکیدیکەوە زەمینەی پێگەیاندنی هەوادارانی داعش لە کوردستاندا هەیەو ، بەم هەڵوێستە یەکلایەنییە ، ئامانجی هەڵمەتەکە بەدینایەت .
رێگای دروست بۆ پاراستنی منداڵان و هەرزەکاران لە کاریگەرێتیی ئایدیا توندڕەوەکان ، شێوازی راست بۆ ئەوەی کتێبی بانگخوازانی توندوتیژیی کاریگەرێتییان لەسەر نەوەکانمان نەبێت و بێترس بین لە خوێندنەوەیان ، پەروەردەکردنیانە لەسەر بیرکردنەوەی زانستیی دژ بە خەرافییات و لێکدانەوەی نالۆژیکیی بۆ ژیان و گەردوون و کۆمەڵ ، پەروەردەکردنیانە لەسەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانەو بوێریی پرسیارکردن بەبێ دانانی هیچ سنوورێک بۆیان بەناوی پیرۆزاندنەوە ، پەروەردەکردنیانە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی کەسایەتییان و ، مەرجی لێکچوونیان لە نەوەی پێش خۆیان بۆ دانەنرێت .
ئەم ئاڕاستە پەروەردەییە لەسایەی سیستمی سیاسی و پەروەردەیی ئێستای کوردستاندا بەرهەمێکی ئەرێیانەی نابێت . بەبێ سێکولارکردنی دەوڵەت و پەروەردەو فێرکردن ، بەبێ بەرنامەیەکی سێکولاری هەمەلایەنەی پشتبەستوو بە دەستوورێکی سێکولار ، بەبێ راگەیاندن و رۆشنبیرییەکی سێکولار ، بەبێ قوتابخانەو بەرنامەیەکی سێکولارانەی خوێندن لە کوردستاندا ، بەردی بناغەی دواڕۆژێکی رووناک و گەشەسەندوو دانانرێت . سێکولاربوون واتای یەکسانی و دیموکراتی و ئازادییە بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵ . بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەڕاستی مۆدێرنیش بە پەیڕەوکردنی ئەو پرەنسیپانەوە بەندە ، بەدیهاتنی ئەو پرنسیپانەش بە جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و پەروەردەوفێربوونەوە گرێدراوە .

فوئاد قەرەداغی
١٠ – ٥ – ٢٠١٥

بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پەروەردەیی بەر لە هەموارکردنەوەی دەستوور

11 مارس

بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پەروەردەیی بەر لە هەموارکردنەوەی دەستوور

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ، رۆژانی ٩ بۆ ١١ ی ئایاری بۆ بەستنی پێنجەم کۆنگرەی پەروەردەیی دەستنیشانکرد . ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەکە ، خۆبەخۆی وەزارەتی پەروەردەو دامودەزگاکانی ، کراوە . لەسەر ئاستی جەماوەریی و تەنانەت رۆژنامەگەریی بێئاگایی لە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی ئەم کۆنگرەیە هەیە ، زێتر وەک کارێکی سەرەوە بڕیاری لەسەردراوەو بابەتەکانی بۆ دیاریکراوە . ئەگەرچی رایەک دەربارەی دواخستن و پەلەنەکردن لەلایەن کەسانێکی پەروەردەییەوە هەبوو ، بەڵام پێدەچیت ئیرادەی دەسەڵاتی پەروەردەیی مەبەستی بێت بەزوویی کۆتایی بەم پرسە گرنگە بهێنێت .
هەر لەسەروبەندی ئەم بڕیارەدا ، نوێنەرانی لایەنە بەشداربووەکانی پەڕلەمانی کوردستان ، دوای چەند دانیشتن ، رێکەوتن بەپێی دابەشکردنێکی حزبییانە ، لیژنەیەک بۆ هەموارکردنەوەی پڕۆژەکە دەستنیشان بکەن ، وەهاش مەزەندە دەکرێت : دەستبەکاربوونی لیژنەکە هاوکات بێت لەگەڵ رۆژانی بەستنی کۆنگرەکەدا یان چەند رۆژێک دوای ئەوە بێت . واتە بەستنی کۆنگرە پێش بڕیاردانی دەستوور دەبێت لەلایەن پەڕلەمان و راپرسییەک کە دەبێت دوای ئەو بڕیارە لەبارەیەوە بکرێت ، بەواتایەکیدیکە کۆنگرە لەسەر بنەمای ئەو واقیعە بێ دەستوورییەی ئەمڕۆ دەکرێت .
دەستوور بۆ هەموو یاساکان سەرچاوەیە . دەستوور بنەمای هەموو سیستمەکانی سەر بە دەوڵەتە ، بە سیستمی پەروەردەو فێربوونەوە . چ یاسای پەروەردەو خوێندن و ، چ سیستمەکانی جێبەجێکردنی بەندەکانی یاساکە ، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور دابڕێژرێن ، ئەم پرنسیپە یاساییە شوناسی سیستمی پەروەردە دیاریدەکات و ، بۆ قۆناغێک جێگیریی پێدەبەخشێت ، بوارەکانی : فەلسەفەی پەروەردەیی ، سێکولاربوونی پەروەردە ، دیموکراتیبوونی سیستمەکە ، خۆڕاییبوونی خوێندن ، رەخساندنی هەلی چوونیەکی خوێندن بۆ گشت هاووڵاتیان بەبێ جیاوازیی ، سەربەخۆیی پەروەردەو خوێندن و رێگرتن لە دەستتێوەردانی دەرەکی ، یەکلاییدەکاتەوەو ، بۆ مەودایەکی مێژوویی ئاڕاستەکانی خوێندن دەستنیشاندەکات .
بەستنی کۆنگرە لەسایەی ئەو واقیعە بێ دەستوورییەی پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد ، پەلەکردن و بەستنی کۆنگرە بەر لە هەموارکردنەوەی دەستوور ، لەدەستدانی ئەگەرێکە – هەرچەندە ئەگەرێکی زۆر لاوازە – بۆ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە پەروەردەداو ، بەدیهێنانی پەروەردەیەکی ئازادو سێکولارو دیموکراتیی لە هەرێمی کوردستاندا .
ئەگەرچی پێکهاتەی لیژنەی پێداچوونەوەی دەستور بەپێی دابەشکردنە حزبییەکە ، بۆ خۆی چارەنووسی دەستوورەکەمان پێدەڵێت بە کوێ دەگات و ، لە خواستی گۆڕانکاریی هاوچەرخانەی پەروەردەو فێربوون رەشبینمان دەکات ؛ هۆکاری پێشخستنی بەستنی کۆنگرەو ، نەبوونی ئیرادەی گۆڕانکاریی پەروەردەشمان بۆ رۆشندەکاتەوە ، پەروەردە بۆ خاڵی سەرەتا دەگێڕێتەوەو ، لەو ریفۆرمە زێتری لێچاوەڕوان ناکرێت کە لە کۆنگرەی چوارەمدا بڕیاریلێدرا .
بەخوێندنەوەی ئەو واقیعە پێشبینیمان بۆ ئەنجامەکانی کۆنگرە ئەوەیە :
– فەلسەفەی پەروەردەیی هەرێم یەکلاییناکاتەوە .
– دیموکراتیبوونی پەروەردە و پرنسیپەکانی هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ کۆی سیستمەکە بە لێڵی دەهێڵێتەوە .
– شوناسی نیشتمانیی سیستمەکە فەرامۆش دەکات و دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی بیانی لە خوێندن داناخات ، بەبیانووی جیهانگیریی و بەشداریی کەرتی تایبەت و خوێندنی ئەهلی . . . هتد .
– پەروەردەو فێربوون لە پەروەردەو فێربوونی عێراق جیاناکاتەوەو پرسی سێکولاربوونی پەروەردە فەرامۆش دەکات .
بە کورتی تێکڕای ئەو پرسە بنەڕەتیانەی گەشەکردنی پەروەردە بۆ دواڕۆژ بڕیاردەدەن ، دەکرێن بە ژێر کۆمەڵێک بڕیارو راسپاردەوە و ، بۆ دەورەیەکیدیکە ، پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن لەچاوەڕوانیی گۆڕانکاریی پەروەردەییدا ، بە ئایندەیەکی نادیار دەسپێرن .

فوئاد قەرەداغی
٨ ی ئایاری ٢٠١٥

کەسایەتیی هاکەرەکان

8 مارس

کەسایەتیی هاکەرەکان

لە ( رۆژی ئازادیی رۆژنامەنووسی ) دا ٣ – ٥ ٢٠١٥ هاکیان کردم .ڤیدیۆیەکی کرداری سێکسییان لەسەر تایملاینەکەم دانابوو ، سەری هەموو کاتژمێرێک ڤیدیۆیەکیدیکەی سێکسیان دادەبەزاند . لەڕێی مەسیجی فەیسبوکەوە هەمان ئەو ڤیدیۆیانەیان بۆ بەشێک لە هاوڕێیانم دەنارد . پەیوەندیم بەچەند هاوڕێیەکمەوە کرد ، داوای یارمەتیم لێکردن بۆ چارەسەری ئەم گرفتەی بۆمنراوەتەوە ، ئەوان بە دەنگمەوە هاتن و بەدرێژایی ئەو رۆژە خەریکبووین ڤیدیۆکانمان بۆ نەسڕایەوە ، بۆیە ناچاربووم ئەکاونتەکەم دابخەم ، پەیجە تایبەتەکەم و پەیجی گروپی ( دیالۆگی پەروەردەیی ) ش بەو هۆیەوە داخران .
ئەم کردارە ناشارستانییەو بکەرەکانی مایەی تێڕامانن . کەسایەتیی بکەرەکان ( هاکەران ) سەرنجمان بۆ واقیعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی رادەکێشێت ، ئاماژەی کەلێنێکی ئاکاریی گەورەی نێۆ کۆمەڵە ، بەڵگەیەکە بۆ ئەو داڕمانە ئاکارییەی بۆتە دیاردەیەکی بەرچاوو گشتی لە ئاستێکی فراوانی ژیانی کۆمەڵایەتیماندا .
بۆچی هاکەرەکان بەم کارە هەڵدەستن ؟ چ مەبەستێک لە پەنا ئەم کارەدا خۆی شاردۆتەوە ؟ بەم کارەیان چییان دەستدەکەوێت ؟
بۆ وەڵامێکی دروستی ئەم پرسیارانە ، دەبێت بزانین هاکەرەکان کێن ؟ لۆژیکی لێکدانەوە چیمان پێدەڵێت ؟
ئەگەرەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە چەند جۆر هاکەر هەیە :هاکەرێک گەنجێکە شارەزاییەکی باشی لە کۆمپیوتەرو پراکتیکەکانی لەبواری ئینتەرنێتدا هەیە ، وەک خولیایەکی شەخسی یان گاڵتەجاری و بەسەربردنی کات ، بێ ئەوەی مەبەستێکی ئاڕاستەکراوی هەبێت ، ئەم کارە دەکات و ، لەڕووی دەروونییەوە خۆشییەکی لێوەردەگرێت .
جۆری دووەمی هاکەران ئاڕاستەیەکی شەخسیی دەیانجووڵینێ ، زێتر رکوکینەی شەخسی لەم کارەیاندا بەدیدەکرێت و ، بەمەبەستی ئازاردان و تۆڵەکردنەوەو هۆکاری ئیرەیی شەخسی و کۆمەڵێک لەم گرێکوێرە دەروونیانە ، پەنا بۆ ئەم شێوازە ، لە بەرامبەر کەسێکی نەیاریاندا ، دەبەن .
جۆری سێیەمی ئەم دیاردەیە مەترسیدارترینیانە . تێکڕای ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای لە پشتەوەیەو ، ئاماژە بە دژوارترین بارودۆخی پەیوەندیی نێو کۆمەڵ دەکات . ئاڕاستە بێپرنسیپەکانی دوژمنایەتیی ، نەیاریی فیکری و سیاسی ، ململانێی حزبایەتی و سڕینەوەی بەرامبەر سەرچاوەیەتی . هاکەرانێک کاریگەرێتیی ئەم زەمینە فیکری و سیاسی و حزبییەیان لەسەربێت ، کەسایەتییەکی نەرێیین لە کۆمەڵداو ، پێی بزانن یان نەیزانن ، تێکچوونێکی دەروونیی ناچار بەم رەفتارەیان دەکات و ، لەبەرامبەر ژیانی ئاسایی و پرنسیپی گونجاوبوونی کۆمەڵایەتیدا رایاندەگرێت ، سەرەنجامیش ئازار بە کۆمەڵ و تاکەکان و خۆشیان دەگەیەنن ، بەوەی هەر جارە چەند هانگاوێک لە کۆی ژیانی ئاسایی کۆمەڵ دووریاندەخاتەوە .
خوێندنەوەیەکی هێمنانە بۆ کەسایەتیی ئەو هاکەرانە ، چەند راستییەکمان دەربارەیان دەداتی :
– هاکەرەکان لەڕووی ویژدانییەوە تێکچوونێکی دەروونییان هەیەو ناتوانن لەبەرامبەر کەسان و بیروباوەڕی جیاوازیاندا دانبەخۆیاندابگرن و ، لەسەرخۆو هێمنانە هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن ، بەبێ ئەوەی لەکاردانەوە ویژدان ( ئینفیعال )ییەکەیاندا پەناببەنە بەر ئازاردانی دەروونیی بەرامبەرەکانیان .
– هاکەرەکان لە ئەزموونی ژیانیاندا ، بەتایبەتی ئەزموونی خوێندندا فێری شێوازی دروستی گوێگرتن و ئاخاوتن نەبوون ، بۆیە پڕاکتیکی ئەوە لەبواری نووسیندا ناکەن و رێگای هێرشکردن دەگرنەبەر وەک رێیەک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ، ئەوەی لەلایان مەبەست نەبێت شێوازی دیالۆگ و قەناعەتپێکردنە .
– هاکەرەکان بڕوایان بە مافەکانی مرۆڤ نییە ، بۆیە کاردانەوەکانیان وەک دانانی ڤیدیۆ یان وێنەی نەشیاو بۆ زیانگەیاندن بە بەرامبەرەکانیان لەڕووی مەعنەوییەوە ، بۆیان ئاساییەو ، چاو لە ئاستی ئەو پێشێلکارییەی مافی مرۆڤ دادەخەن .
– هاکەرەکان ،تەنها ئازادیی بە خۆیان رەوادەبینن ، لەبەرئەوە ئازادی بیروباوەڕو کاری فیکریی و سیاسی و دەربڕین و بڕیاردانی چارەنووسی تاکەکانی کۆمەڵ لەلایەن خۆیانەوە رەتدەکەنەوەو ، ئەگەر دەستیان بڕوات بەپێی ئایدیای خۆیان لە قاڵبیاندەدەن ، نەک هەر ئەوە ، هاکەران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن یان وەکوو یەک بیردەکەنەوە ، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرت ، شەرعییەت بە سەرکوت و راوەدوونان و گرتن و تەنانەت کوشتنی نەیارەکانیان دەدەن . ئەو کردارە ئەنجامێکی لۆژیکییە بۆ کرداری یەکێک یان گروپێک یان حزبێک دوو وشەی پێقووتنەچێت و بە هاک کردن وەلامی وشەی بەرامبەرەکانی بداتەوە .
– هاکەران بە زۆریی ڤیدیۆی سێکسی دادەنێن .. بۆچی ؟ ئەوە چێی دەگەیەنێت ؟
بە بۆچوونی من پێگەی ئەم رەفتارە بۆ کۆمەڵگەی باوکسالاریی و پیاوسالاریی دەگەڕێتەوە ، نیشانەیە بۆ ئەقڵییەتی پیاوسالارانەی هاکەرەکان .
دیسان ئەم شێوازە بەڵگەی برسێتیی یان تینوێتیی سێکسیی هاکەرەکانە ، بەم شێوازە نمایشیدەکەن ، ئەم رەفتارە بەپێی تیۆریی ( الإسقاط ) لە زانستی دەروونناسیا ، لەو گریمانەوە سەرچاوە دەگرێت کە نەیارەکانیشیان برسی و تینووی سێکس بن . هەروەها ئاماژەشە بۆ روانگەو بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی دواکەوتوو سەبارەت بە کرداری سێکسی و ، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ناوی نەیارەکانیان بزڕێنن !!
سەرەڕای ئەوانەش ، سووکایەتییە بە ژنان و پێشێلکردنی بوونی مرۆڤانەیانەو ، چاولێکردنیانە وەک ئامرازی سێکس و بەتاڵکردنەوەی هەوەس و ئارەزووی پیاوان .
لەڕووی سیاسییشەوە ، ئەقڵییەتی سەرکوتگەرانەی هاکەران و هاندەرانیان دەردەبڕێت سەبارەت بە سڕینەوەی نەیاران و ژێرپێنانی پرنسیپی ( راو رای بەرامبەر ) بۆ تێگەیشتن لە یەکتری و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هەڵکردن و تەبایی خەڵکیی لەژێر سایەی یەک بارودۆخی کۆمەڵایەتیی هاوبەشدا .
من دڵنیام رەوتی بەرەوپێشەوەچوونی زانست و تەکنۆلۆژیا لەسەرەتای داهێنانەکانیدایە ، پەیوەندیی مرۆییانە لەدواڕۆژدا گەشەدارتردەبێت و داهێنانەکان پەرەیان پێدەدەن ، بۆیە ئەو هەوڵانەی بۆ راوەستانەوە بەرامبەر پێشکەوتنی بەشەرییەت دەدرێت مایەپووچەو ، سەردەمێک دێت ، کولتوورێکی شارستانیی مرۆڤەکان لەسەرانسەری جیهاندا یەکدەخات ، کلتووری هاک کردن ریسوادەبێت و بۆ هاکەران دەبێتە مایەی شەرمەزاریی .

فوئاد قەرەداغی
٥ – ٥ – ٢٠١٥

نۆژەنبوونەوەی بزاڤی چەپ و کۆمۆنیستیی

5 مارس

نۆژەنبوونەوەی بزاڤی چەپ و کۆمۆنیستیی

دوای هەرەسی سۆڤیەت و خۆشخەیالیی هەوادارانی سیستمی سەرمایەداریی سەبارەت بە دوارۆژی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ، هەروەها پاگەندەی مەرگی کۆمۆنیزم و هەڵوەشاندنەوەی مارکسیزم ، چ وەک فیکرو چ وەک ئاڵای بزووتنەوەی کرێکاریی لە جیهاندا، رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و نوسەرانی کوردی پڕۆ رۆژئاوایی و ئەمریکایی شەپۆلی ئەو رووداوە رایماڵین و دەورێکی نێگەتیڤیان لە ئاڕاستەکردنی نەوەکانی ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردوو و ئەم پازدە ساڵەی سەدەی بیست و یەکەمدا بینی و دەبینن . بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند ، هەرزوو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کەوتنە خۆیان و دوای نزیکەی دە ساڵێک لە هەژموونێکی جیهانی نەیار بە چەپایەتی بەرە بەرە بزووتنەوەکانیان نۆژەنکردەوەو ، ئێستا رۆژ بەڕۆژ لە گەشەکردندان و ، هەموو پێشبینییە دوژمنکارانەکەی دەزگا سەرکوتگەرو سیخوڕییەکانی ژێر سایەی سەرمایەدارییان پووچەڵکردەوە ، کاریگەرێتییان لەسەر جۆشسەندنەوەی بزووتنەوەکە هەیەو ، ئەمساڵ لە یادی یەکی ئایاردا گەورەترین نمایشی هێزی خۆیان لە سەرانسەری جیهاندا کرد .
لێرەدا دەقی وەڵامێکم بۆ گومانێک لەسەر ئەو بزووتنەوەیە بڵاودەکەمەوە . گومانەکە لە شێوازی داڕشتنی پرسیارێکدا بوو لەلایەن پەیامنێری گۆڤارێکی باشووری کوردستان . پرسیارەکە دەربارەی کاتی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستانە لە سەرەتای حەفتاکاندا و دەشیبەستێتەوە بە ئێستاوە . ئەمە دەقی پرسیارەکەیەو بەدوایدا وەڵامەکانمە :
پرسیار: ئەو سەردەمە زۆربەی حزبەکان لەسەر بنەمای مارکسیزم دا دەمەزران، بروای چەپ، ئەمە مۆدیل و چاولێکەری بوو ؟ یان هەر بەراستی تێگەشتن بۆ بڕوای چەپ هەبوو ؟. ئەگەر ئەو تێگەشتنە هەبوو، بۆچی هەتا ئەمرۆش بروای چەپ جەماوەردار نییە ؟ ( هێڵەکە من رامکێشاوە – فوئاد )
قەرەداغی : رەنگە باسکردنی مێژووی بزاڤی چەپ لەسەر ئاستی جیهان و عێراق و کوردستان پانتاییەکی زێتری لەم دیمانەیە بوێت و ، نەکرێت بە تێروتەسەلی دەربارەی بدوێین، بۆیە نمایشێکی چری پێویست لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەخەینەڕوو . بزاڤێک کە بە چەپ لەجیهاندا ناودەبرێت، بۆ دوو سەدە لەمەوپێش دەگەڕێتەوە ، بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە گەشەکردنی کۆمەڵگای سەرمایەداریی دوای شۆڕشی بۆرژوازی فەرەنسا لەساڵی ١٧٨٩ دا ، جەمسەربەندییەکی چینایەتی هێنایە کایەوە ، کە دوو لایەنی سەرەکی ( سەرمایەداران و کرێکاران ) یان ( سەرمایەو کار ) ی لەبەرامبەر یەکتریدا راگرت . ململانێی ئەم دوو جەمسەرە بووە تەوەرەی ململانێی چینایەتی وڵاتانی پیشەسازیبووی پێشکەوتووی ئەو مێژووە . مارکس و ئەنگڵز لە ( مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست ) دا ئاماژەیان بەو تایبەتمەندییە جیهانییەی ململانێی کارو سەرمایە کردووە . واتە لەبنەڕەتدا بزاڤی چەپ بەگشتی و بزاڤێک کە مارکسیزم تیۆری و ئاڵای بوو ، بابەتیانە ( موضوعی ) بووەو دوورونزیک پەیوەندی بە کارێکی باوو چاولێکەرییەوە نەبووە . لەو وڵاتانەدا پرسی شۆڕشی سۆسیالیستی ، پرسی هەنووکەیی و زەروورەتی گۆڕانکاریی بووە لەو مێژووەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایانەدا . لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری و ، بەرە بەرە وەرچەرخانی بۆ سیستمێکی ئیمپریالیستیی جیهانیی و ، فراوانبوونەوەی داگیرکاری و هەیمەنەی سیاسی و ئابووری و سەربازیی دەوڵەتانی سەرمایە بەسەر ئەو جیهانەی لەقۆناخی بەر لە سەرمایەداری و تەنانەت پێش دەرەبەگیدا دەژیان ، بزاڤێکیتر دژ بەو داگیرکارییەو لەپێناوی رزگاریی سیاسی و ئابووریدا سەریهەڵدا، کە لەڕووی بابەتییەوە بووە بەشێک لە بزووتنەوەی پرۆلیتاریای جیهانیی لە دژی سیستمی سەرمایەداریی، واتە لە بەرەی چەپی جیهانیدا جێوڕێی خۆی گرت. کەواتە ئەم بزاڤەش بە شێوەیەکی بابەتی ( موضوعی ) سەریهەڵدا ، نە سیمای مۆدێل و نە مۆرکی چاولێکەریی پێوە دیاربوو . ئەم دوو بزووتنەوەیە لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەمدا پتر گەشەیانکردوو بە بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر زەمینەیەکی لەبارتریان بۆ جۆشسەندن و دەستەویەخەبوونی سیستمی ئیمپریالیستیی جیهانیی رەخساند . دەسەڵاتی رسکاو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرو ، تەنانەت دەسەڵاتی سەردەمی ستالینیش ، رۆڵی گرنگیان لە توندوتیژکردنەوەی ئەو دوو ململانێیەو پشتگیریی بزاڤە چەپەکەدا هەبوو، لەبەر ئەوە دەتوانین تەواوی جیهان، تا سەرهەڵدانی ریڤیژنیزمی خرۆچۆڤی، بە واتایەک ، بە جیهانی ململانێی بەرەی چەپی پرۆلیتاریاو گەلانی ستەمدیدە و ژێردەست و بەرەی راستڕەوی سەرمایەداریی و ئیمپریالیستی ناوببەین . بزاڤی چەپ واقعێک بوو، ململانێ جیهانییەکەی نێوان کارو سەرمایە لەلایەک و ، ململانێی وڵاتانی کۆلۆنی و نیمچەکۆلۆنی لەگەڵ وڵاتە ئیمپریالیستییەکان لەلایەکیدیکەوە، لەخۆیدەگرت . ئەم واقیعەی ململانێ تاسەردەمی هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت و دەوڵەتەکانی بلۆکی رۆژهەڵات درێژەی کێشا ، ئەگەرچی بەهۆی کەرتبوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانیی و ئەو ململانێیانەی بەو هۆیەوە دروستبوون چەمکی چەپ گۆڕانی بەسەرداهات و لێکدانەوەی جیاجیا بۆ ئەو چەمکە هاتەئاراوە . لەبەر تیشکی ئەو واقیعەدا، حزبەکانی ئەو سەردەمە ، ئەو حزبانەی بەڕاستی بۆ بەدیهێنانی ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی و شۆڕشی سۆسیالیستی خەباتیان دەکرد، پەیڕەوی مارکسیزم و بنەماکانی رێکخستنێکی لێنینیان دەکرد، هەڵبەت دەبێت ئەو راستییەش بڵێین کە بەشێکی ئێجگار بەرچاوی حزبە شیوعییە تەقلیدییەکان و ، ئەو حزب و رێکخراوە نەتەوەییانەی لەگەڵ شەپۆلی فیکری مارکسیدا مەلەیاندەکردو بەم رادە یان ئەو رادە ئیلتیزامی خۆیان بە مارکسیزم یان مارکسیزم لێنییزم یان ماویزم و ترۆتسکیزمەوە رادەگەیاند، لەگەڵ هەرەسدا گەڕانەوە بۆ شوێنە چینایەتییەکەی خۆیان و لە فیکرو هەڵوێستی پێشوویان پاشگەزبوونەوە، پشتیانکردە کۆمۆنیزم و بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە رەوتی ئیمپریالیزمی سەردەمی سەرمایەداریی جیهانگیرەوە پەیوەست بوون . پشتیانکردنە مارکسیزم لێنینیزم و خۆیان ، لەگەڵ ستراتیژی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان بەسەرکردایەتی ئەمریکا ڕێکخستنەوە . رێکخراوو حزبە چەپەکانی کوردستان و عێراقیش لە کاریگەریی ئەو بارودۆخە جیهانییە بەدەرنەبوون و دەبێت وازهێنان و پاشگەزبوونەوەیان لە فیکرو هەڵوێستەکانی رابردوویان، لە چوارچێوەی ئەو واقیعەدا هەڵبسەنگێنین .
” بۆچی هەتا ئەمڕۆش بڕوای چەپ جەماوەردار نییە ؟ ” من نازانم ئەم ئەنجامگیرییە پشت بە چ ئامارێک یان لێکۆڵینەوەیەکی باوەڕپێکراو دەبەستێت !! ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تەنها دیوی دەرەوەی واقیعەکەیە . واقیعی ئەمڕۆی جیهان جەوهەرێکیدیکەی هەیە کە رێک بە پێچەوانەی ئەم ئەنجامگیرییەوەیە. واقیعێک کەپێمان دەڵێت : ئەو بزووتنەوە فراوانەی لەسایەی چەمکی چەپدا ریزبەندیی دەکرێت ، دوای نووچدانێکی کاتی، لە هەڵسانەوەو خۆرێکخستن و گوڕبەستنەوەیەکی نوێدایە و، بەرە بەرە لە رەوتی خۆیدا جەماوەری دەبێتەوە . ئەمڕۆ ئەم بزووتنەوە چەپە جیهانییە لەژێر فشارێکی لەڕادەبەدەری سیستمی ئیمپریالیستیی سەرمایەی جیهانگیردایە . ماشێنی جۆرنالیزمی جیهانی سەرمایە، واقیعی بزووتنەوەی چەپ و گەشەکردنی خەباتی ئەم چەپەی تاریکاندووەو رێگری لە ئاشکرابوون و پەخشبوونی چالاکییەکانی دەکات، دەزگا وابەستەکانیشی لەمپەڕەوە بۆ ئەوپەڕی جیهان ، بەپێی ئەم سیاسەتە ، راستییەکان لەگەلانی جیهان دەشارنەوە . هەر لە کوردستانی خۆماندا ( بۆ نموونە ) راگەیاندنی کوردی ( بەگشتی ) لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا ، وەک پاشکۆی جۆرنالیزمی جیهانی سەرمایەداریی ، واقیعی بزووتنەوەی چەپی جیهانیی لە جەماوەری خەڵکی کوردستان شاردۆتەوەو، ئەنجامگیریی لەو چەشنەی پرسیارەکەی ، بۆ ئاڕاستەکردنی رای گشتی بەگەڕخستووە . سەرەتای سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی چەپ ، دوای هەرەسی سۆڤیەت و دەوڵەتەکانی بلۆکی رۆژهەڵات دەستیپێکردو خۆی لە بزووتنەوەیەکی جیهانیی دژ بە جیهانگیریی ( گلۆبالیزەیشن ) رێکخست ، دوابەدوای ئەویش حزب و رێکخراوە چەپەکان ، بە جیاوازی قوتابخانەکانیانەوە ، خۆیان رێکخستەوەو ، قۆناخی هێرشی سەرمایەو بەیت و بالۆرەی مەرگی کۆمۆنیزمیان تێپەڕاند، هەر چاوگێڕانێک بەنێو لیستی ئەو حزب و رێکخراوانە لە عێراق و ناوچەکەو جیهاندا، بەڵگەی گەشەکردنی ئەو بزووتنەوەیە بەدەستەوەدەدات . لە ئاستی عێراقدا جگە لە حزبە شیوعییە کلاسیکییەکە ، چەندین حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی و خۆبەچەپزان خۆیان ئاشکرا کردووەو کاری سیاسی و رێکخراوەیی خۆیان دەکەن وەک ( حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، حزبی کۆمۆنیستی چەپی کرێکاریی عێراق، یەکێتیی کۆمۆنیستەکان ، رێکخراوی مارکسییە لێنینییە شۆڕشگێڕە عێراقییەکان، بزووتنەوەی ماویستەکانی عێراق ) ، پێشتریش لەچەند ساڵی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا بەدەیان رێکخراوی کۆمۆنیستی لە کوردستاندا کاریان دەکرد . لە وڵاتانی ناوچەکەشدا ، دیسان چەندین حزب و رێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست سەریانهەڵداو بەشێکیان هەتا ئێستاش کاردەکەن :لە سوریا چەند حزبی شیوعی هەیە ، بزووتنەوەی چەپی مارکسی هەیە، حزبی کاری کۆمۆنیستیی هەیە ، لوبنان و ئوردن و فەلەستینش دەیان رێکخراوو حزبی کۆمۆنیست و سۆسیالیست و چەپیان تێدایە، میسرو تونس و مەغریبیش بەهەمان شێوەو بەشێکیشیان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە راپەڕینەکانی ئەو وڵاتانەدا وەک سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان و حزبی شیوعی و حزبی شیوعی شۆڕشگێڕ و حزبی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستە ئازادیخوازەکان و …هتد لە میسرو ، حزبی کرێکارانی کۆمۆنیست و حزبی نیشتمانی دیموکراتی و حزبی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی ماویستەکان و رێکخراوی کۆمۆنیستی مارکسییە لێنینییەکان و رێکخراوە ترۆتسکییەکان لە تونس و شێوەکانی ئەم حزبانەش لە مەغریب،هەر لە ئێرانی دراوسێشماندا بە دەیان حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی چەپ هەیەو لە چەپەکانی باشووری کوردستان شاراوە نین. لە تورکیاش جگە لەوەی پەکەکە بە رێبازێکی چەپی سۆسیالیستی دەستیپێکرد، چەندین حزب و رێکخراوی چەپی شۆڕشگێرو کۆمۆنیستی هەیە وەک حزبی کۆمۆنیستی تورکیا، بەرەی رزگاریی میللی شۆڕشگێڕ، حزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی تورکیا ، حزبی کۆمۆنیستی تورکیا ( مارکسیست لێنینیست ) ، حزبی کۆمۆنیستی ماویست ( تورکیاو باکووری کوردستان ) کە ئەمەیان رۆڵێکی بەرچاوی لە خۆنیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەستامبولدا بینی و وێنەی رابەری گیانبەختکردووی حزبەکەیان ( ئیبراهیم کایباکایا ) بە گەورەکراوی لە مەیدانە گەورەکاندا هەڵواسی . دیارە هەر یەک لەم حزبانە کادیرو ئەندامان و جەماوەری خۆیان هەیە، بۆیە ناکرێت پەردەیەکی رەشی راگەیاندن بەسەریاندا بدەین و لەخۆڕا بڵێین چەپ وجودی نییە یان جەماوەردار نییە !! لە ئاستی جیهانیشدا واقیعی بزووتنەوەی چەپ بەو جۆرە نییە کە جیهانیی سەرمایەاری خواستێتی و خەونی پێوە دەبینێت . هەر ئێستا ئەم بزووتنەوەیە ، سەرباری شکستەکانی ساڵەکانی نەوەدی سەدەی رابردوو ، لە پەرەسەندن و گەشەکردندایەو بەسەر چەندین قوتابخانەی فیکری وسیاسیدا دابەشبوون ، لەوانە :
– بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی کە دەیان حزب و رێکخراوی سەر بە حزبە ریڤیژنیستەکەی پێشووی سۆڤیەتن .ئەم حزبانە لەچالاکیدان و هەر چەند ساڵ جارێک کۆنگرە دەگرن و سیاسەتەکانیان دادەڕێژنەوە و ریزەکانیان رێکدەخەنەوە . – کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی سەر بە رێبازی ستالینی . ئەم حزب و رێکخراوانەش کۆنفرانسی نێونەتەوەیی خۆیان هەیەو پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرچاویان هەیە لە ( روسیا ، بەڕازیل ، ئەکوادۆڕ ، فەڕەنسا ، ئیسپانیا ، کۆلۆمبیا ، تونس ، یۆنان ، دانیمارک ، ئیتالیا ، نەڕویژ ، مەکسیک ، دۆمینیکان ، ئێران ) .
– کۆمەڵێک حزب و رێکخراویدیکەی کۆمۆنیستی ( ماویست ) کە رێکخراوێکی ئیتەرناسیۆنالیستییان پێکهێناوە بەناوی ( بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئینتەرناسیۆنالیستی RIM ( .لەوڵاتانی : ( بەنگلادیش ، ئەفغانستان ، ئێران ، سیلان ، هیند ، تونس ، ئەمریکا ، کەنەدا ، تورکیا ، نیپال ، کۆلۆمبیا ، فلیپین ، مەغریب ، چین ، چیلی ) کاردەکەن و ململانێی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتانە دەکەن و ، لە قۆناخی خۆرێکخستنەوەدان ، دوای گەڕانەوەی چین بەرەو سەرمایەداریی .
– کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستیی ( ترۆتسکیست ) کە خۆیان لە بزووتنەوەیەکی ئینتەرناسیۆنالیستیدا رێکخستووە بە ناوی ( رەوتی مارکسیزمی ئینتەرناسیۆنالیست ) . ئەم رەوتە لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپاو ، وڵاتانی کیشوەری باشووری ئەمریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردەکەن و ، لەچەند ساڵی رابردوودا ، کاریگەرێتییان لەسەر راپەڕینەکانی ئەمریکای لاتین ووڵاتە عەرەبییەکان هەبووەو ، تا ئێستاش هەیە .
– کۆمەڵیک رێکخراوو گرووپ و بزووتنەوەی ئانارکیستی لە ئەوروپاو چەندین وڵاتیدیکەی جیهاندا چالاکانە کاردەکەن و رۆڵیان لە بزووتنەوە ئیعتیرازییەکاندا بەرامبەر سیستمی سەرمایەداریی هەیە ، بەتایبەتی ئەو ئانارکیستانەی بەرنامەی کۆمۆنستییان هەیە . لە ئاستی پڕاکتیک و چالاکی و هەڵسووڕانی رۆژانەشدا ، ئەوا سۆراخکردنی بزووتنەوەکە لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەدا ، بەڵگەی بەردەوامی و زیندوویەتی بزاڤی چەپمان بەدەستەوەدەدات ، لەوانە :
– بوونی چەندین جەنگی شۆڕشگێڕانەو پارتیزانی ، لە بیست تا سیی ساڵی رابردوودا ، لە ( پیرو ، هیند ، فلیپین ، مەکسیک ، کۆلۆمبیا ، نیپال ) کە کۆمۆنیستەکان رابەرایەتییان کردووە .
– بەرپاکردنی هەزاران خۆنیشاندان و مانگرتن و پەناگیریی لەلایەن حزب و سەندیکا کرێکارییەکانەوە ، بە پلەی یەکەم ، لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکاندا ، لەپێناوی چاککردنی هەلومەرجەکانی کارو ، دژ بە خودی سیاسەتەکانی سەرمایەداریی جیهانگیرلەمسەر بۆ ئەوسەری جیهان ، کە کۆمۆنیستەکان رۆڵی دیارو بەرچاویان لە رێکخستن و سازدان و ئاڕاستەکردنیدا هەبووە .
– سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوەی وەک : داگیرکردنی گۆڕەپان و شەقامەکان ، دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانەوە ،دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆمەڵە گەلییەکانەوە ، وەک ئەوەی لە پۆلیڤیا روویدا ، بەئاڕاستەی رێکخراوو هەڵسووڕاوە کرێکاری و ئانارکیستی و کۆمۆنیستییەکان .
– بەرپابوونی شۆڕشی ڤەنزوێلا و ئەو ئاگرەی لەژێر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کردوویەتییەوە ، رەنگە دیارترین شێوەی تەحەدداو ململانێ بێت لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریی بەگشتی و ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەتایبەتی لە بیست و چەند ساڵی دوای هەرەسی شۆرەوییەوە ، ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییانەی ، چەپەکان بە جیاوازی قوتابخانەکانیانەوە رۆڵی رابەری و بەرچاویان تێیاندا گێڕاوەو دەیگێڕن . لە کۆتایی وەڵام بەم پرسیارە سەبارەت بە چارەنووسی چەپ ، ئاماژە بە دوو راستیی دەکەم
: یەکەم – ئاساییە بزووتنەوەی چەپ و ، کۆمۆنیزم وەک لوتکەی ئەم چەپە ، لە ئەنجامی بێئەزموونی ، یان بەهۆی هەڵەی ستراتیژیی یان تاکتیکی ، یان ئاڵوگۆڕێک لە هاوکێشە سیاسییەکانی جیهاندا ، تووشی نووچدان و ئاستەنگ و سڕبوون ببێت ، وەک چۆن بۆ بزووتنەوەکانیدیکە ئاساییەو چەند جار لەمێژووی خۆیاندا تێشکان و پاشەکشەو هەرەسیان بەسەرداهاتووە ، مێژووی هەزاران ساڵی مرۆڤ لە کۆمەڵگاکانی سەرانسەری جیهاندا ئەو راستییە دەسەلمێنێت، هیچ بزووتنەوەیەکی ئاینی یان نەتەوەیی یان لیبراڵیی دیموکراتی نییە بۆ چەند دەورەو چەندین جار ئەو کەوتن و دابڕانەیان لە رەوتی مێژوو بەسەردانەهاتبێت
. دووەم – ئاسۆی بزووتنەوە سیاسییەکانیش ، دیسان لەڕێی چەندین هۆکاری جیاجیاوە ، مانەوەو سەرهەڵدانەوەو ژیانی بەبەرداهاتۆتەوە ، یان هەڵوەشاونەتەوەو مەرجەکانی مانەوەیان نەماوەو لە مۆزەخانەی مێژوودا جێیانگرتووە . دیسان بۆ سەلماندنی ئەم راستییە دەتوانین ناوی سەدان بزووتنەوەی خاوەن ناسنامەی جیاجیا ببەین کە یەکێک لەو دوو چارەنووسەیان هەبووە . ئەوەی لەم جووڵانەوەیەی مێژوودا ئاسۆی بەردەوامبوونی رووناکەو ئاوابوون بەخۆیەوە نابینێت بزاڤی چەپە ، چونکە زێتر لە بزاڤەکانیدیکە ئەگەری مانەوەو ململانێ و سەرکەوتنی هەیە . ئەمە حوکمێکی بابەتی( موضوعی ) یەو پەیوەندی بە ئارەزوو و خواستی ئەم و ئەوەوە نییە ، رەوتی بەرەوپێشەوەچوونی مێژوو بڕیار لەم چارەنووسە دەدات ، سەبارەت بە دوو بنەمای تایبەت بە رەوتی مێژووی چەپ :
– بنەمای یەکەم پەیوەندی بە جەماوەری بزووتنەوەی چەپەوە هەیە ، هەمیشەو لەهەموو قۆناخەکانی مێژووی کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا ، خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت و نەدارای کۆمەڵ بنکەی فراوانی بزووتنەوە چەپییەکانیان پێکهێناوە ، بەو هۆیەوە ، بوونی چەوساندنەوەی چینە باڵادەست و داراکانی کۆمەڵگا بەسەر ئەو چینانەوە سەرچاوەی مانەوەیان بووەو ، پەیتا پەیتا وزەیان بە بزووتنەوە چەپییەکان داوەو لە بنبڕبوون پاراستوویانن . بۆیە هەتا کرێکارێک مابێت ، هەتا خەڵکێکی ستەمکێش مابێت ، هەتا نەتەوەیەک نەتەوەیەکیتر بچەوسێنێتەوە ، هەتا ژنان بوونی مرۆڤانەیان بۆ نەگەڕێتەوە ، هەتا سەرجەمی مرۆڤ بەجیاوازی رەگەزو رەنگی پێست ونەتەوەو ئاین و زمان و … هتد مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان نەبێت ، ئەوا بزاڤی چەپ ، بەتایبەتی چەپی کۆمۆنیستی دەمێنێت و لەکاردا دەبێت . – بنەمای دووەم پەیوەندی بە ئامانجی بزووتنەوەکانی چەپەوە هەبووەو ، هەتا ئێستاش ، هەر ئەو ئامانجانەیە جەماوەری بەرفراوانی خەڵکی هەژارو ستەمدیدە بە بزووتنەوەکانی چەپەوە پەیوەست دەکات . ئەمڕۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و گشت ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانەی هێزی کاریان دەفرۆشن بەچینە پارەدارەکان ، یەکەم ئامانجیان خۆشگوزەرانییە ، واتە مەسەلە سەرەکییەکانی ژیان تەوەرەی بیرو هەڵسوکەوت و ئامانجی کاریانە ، بۆیە بنکەی بزووتنەوە چەپەکانن ، بەتایبەتی بزووتنەوەی چەپی کۆمۆنیستی کە نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتی و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و بنبڕکردنی هەموو چەشنە ستەمکاری و چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ، بەرنامەیەتی بۆ دنیایەک کە هەموو کەس بەپێی توانای ببەخشێت و بە پێی پێداویستییەکانی لە کۆمەڵگا بەهرەمەند بێت . ئەو جیهانەی خۆشگوزەرانیش بە نەمانی چینەکان و حزبەکان و دەوڵەتەکان دێتەدی ، جیهانێک کە بەڕاستی ئازادی و یەکسانی بۆ مرۆڤەکان دابین دەکات . لەبەرئەوە هەتا ئەم ئامانجانە لەکایەدابێت ، هەتا ئەم خەونەی بەشەرییەت بەدینەیەت چەپ و بزاڤی چەپ هەردەمێنێت و لەشکرێکی بەرفراوانی بەشەریش لەرێزەکانیدا دەمێنێتەوەو پشتیگیریی لێدەکات . بە شێکردنەوەو خوێندنەوەیەکی دروستی ئەو ( دوو راستی ) و ئەو ( دوو بنەما ) یەی سەرەوە دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی : ئاسۆی گوڕو جۆشسەندنەوەی چەپ تاریک نییەو ، شکست و نسکۆکان لە جەماوەری دانابڕن ، ئەگەر واقیعێکی کاتیش هەبێت بۆ دابڕانێکی کاتی ، ئەوا بە حوکمی پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان واقیع و ئیمکان ، واقیعی ئێستا بە واقیعێکی نوێ وەردەچەرخێت ، دابڕان کۆتایی پێدێت و سەرەنجام فیکرو سیاسەتی چەپ هەر بە جەماوەرداری درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.
فوئاد قەرەداغی
ئۆکتۆبەری ٢٠١٣
پەخشی دووەمجار : نیسانی ٢٠١٥

یەکی ئایاری ٢٠١٥ سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێی بزووتنەوەی چەپی کۆمۆنیستیی

3 مارس

یەکی ئایاری ٢٠١٥ سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێی بزووتنەوەی چەپی کۆمۆنیستیی
یادکردنەوەو رێوڕەسمی بەڕێوەچوونی یەکی ئایاری ئەمساڵ لە سەرانسەری جیهاندا ، لە زۆربەی پایتەخت و شارە گەورەکاندا ، بێوێنەبوو . ئەمساڵ رۆژی یەکی ئایار بە واقیعی بووە رۆژی دەربڕینی هاوپشتیی چینی کرێکارانی جیهانی دژ بە سیستمی سەرمایە . فراوانیی مەڕاسیمەکان جیهانی بەلەرزەهێناو ، لە چەندین شوێن ، مەیدانەکانی خۆنیشاندان بوونە مەیدانی شەڕێکی دەستەویەخەی نێوان خۆنیشاندەران و پۆلیس و دەزگا سەرکوتگەرەکانی سەرمایە . خوێندنەوەیەکی دروستی ئەم نمایشە جیهانییەی کرێکاران و چەپگەرایان بەو فراوانییە ، بەشداریکردنی بەرچاوی چەپی کۆمۆنیستیی بەجیاوازی رەوتەکانییەوە ، ئاماژە بۆ سەردەمێکی نوێی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیی دەکەن ، خاڵێکی وەرچەرخانی بزووتنەوەکە دیاریدەکەن ، خاڵی گواستنەوە لە هەڵوێستی خاوو نەرێیانەوە بۆ هەڵوێستێکی ئەرێیانەی بەرگری و بەگژداچوونەوە ، وەک زەمینەیەک بۆ دواڕۆژو سەردەمێکی نوێ لە خۆسازدان و هێرشێکی سەرتاسەریی شۆڕشی کۆمەڵایەتی .
ئەمڕۆ بزووتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی ئەو قۆناغەی هەرەسی شۆرەوی و وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵاتی بەجێهێشت کە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بە کودەتاکەی گۆرباچۆڤ دەستیپێکرد . ئەو کودەتایەی ، گەڕاندنەوەی سیستمی سەرمایەداریی بۆ ئەو بلۆکە ، بەفەڕمی راگەیاند .
هەر ئەو کاتە کۆمۆنیستەکان لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەدا شرۆڤەی بارودۆخە جیهانییەکەیان کردو ، پێشبینی ئەوەیانکرد ، کاریگەرێتیی هەرەسەکە لە دەساڵێک بۆ دوو دەساڵیی تێپەڕنەکات ، پێشبینی ئەوەیانکرد دروشمە بریسکەدارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی و بازاڕی ئازادو پێچانەوەی دەستکەوتەکانی سەدەیەکی بزووتنەوەی چەپی کۆمۆنیستیی لە جیهاندا مایەپووچ بن و ، بزووتنەوەکە بە هوشیاریی و بەرچاوڕوونییەکی نوێوە لەو شکستە دەربچێت .
لەسەرەتای هەرەس و باڵادەستی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد لەسەرەتای نەوەدەکاندا ، گەورەترین هەڵمەتی چەواشەکاریی راگەیاندن بەڕێوەچوو . جۆرنالیزمیی ژێر سایەی دەوڵەتە سەرمایەدارییە گەورەکان و تەواوی دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییەکانیان ، ئاوازی مەرگی کۆمۆنیزم و مارکسیزمیان بە گوێی جیهاندا دەدا ، خەونی ژێرەوژوورکردنی ئەو بەها مرۆییانەیان دەبینی کە کۆمۆنیزم بۆ بەشەرییەتی هێنابوو . بەڵام هەر زوو ریتمی ئاوازە ناسازەکەیان لەگرێژەنەچوو ، خەونەکانیان زڕا ، بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە ، ئەو ساڵەی سەرمایەداریی جیهانی تووشی گەورەترین قەیرانی ئابووری بووەوەو بە سەدان کۆمپانیاو بانکی جیهانیی سەرمایەداران نابووتیی خۆیان راگەیاند .
ئەوەی مایەی سەرنجە هێشتا کەسانێک هەن لە چەواشەکاریی بەردەوامن و هەر بە گیانی ئەنتی کۆمۆنیستیی سەرەتای نەوەدەکانەوە بەرەوڕووی راستییەکان دەبنەوەو ، بێ بەڵگەو پشبەستن بەو واقیعەی ئەمڕۆ جیهانی تێدایە ، چاوو گوێیان لە ئاستیاندا دادەخەن ، هێشتا لە خۆشخەیاڵیی مەرگی کۆمۆنیزم و مارکس و مارکسیزمدان و ، راستییەکان راینەچڵەکاندوون ، پاساوی ئەوەش بە ” لاوازی ” بزووتنەوەکە دەهێننەوە ، بێ ئاگا لەوەی ئەم بزووتنەوەیە لە قۆناغی خۆکۆکردنەوەو سازدانەوەدایەو ، هەنگاوی سەرەتای بۆ دەورەیەکی نوێی تێکۆشان و ململانێی سیستمی سەرمایەداریی هەڵهێناوە و بە دڵنیاییەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا بە گوژمێکی بەهێزو ئەزموونێکی گەورەوە سەرهەڵدەداتەوە .
فوئاد قەرەداغی
٣ ی ئایاری ٢٠١٥