Archive | ته‌مموز, 2017

کەرتی تایبەت کۆرسی راھێنان بۆ مامۆستایان دەکاتەوە

27 تەموز

کەرتی تایبەت کۆرسی راھێنان بۆ مامۆستایان دەکاتەوە
فوئاد قەرەداغی
26 – 7 – 2017
بەپێی پێشنیازەکانی پەروەردەی سلێمانی ، کەرتی تایبەت ( کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکان ) ، ” کۆمەڵێک کادیری پێشکەوتوو دەھێنن و خول دەکەنەوە بۆ مامۆستایان “.
لەم بڕگەیەی ھاوبەشیی کۆمپانیاکان و پەروەردەدا ، دیسان ئەرکێکی گران بەشانی پەروەردەدا دراوە ، ئەویش ئامادەکردنی ( میلاک ) ە ، واتە ئەرکی ئامادەکردنی مامۆستایان و خوێندنیانە لە کۆلیج و پەیمانگەکانی پێگەیاندنی مامۆستایاندا ؛ کۆمپانیاکانیش بۆ ئەو مامۆستایانەی لە خزمەتدان کۆرس دەکاتەوە .
میکانیزمی ئەرکی یەکەمیان ، بە دابینکردنی بیناو مامۆستای پسپۆڕو پڕۆگرامەکانی خوێندن بەڕێوە دەچێت ، بە ھەموو ئەو خەرجییانەی بۆ سەرکەوتنی ئەم میکانیزمە پێویستن . ئەوەش بۆ خۆی ئەرکێکی گەورەیە ، نە باری دارایی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتیەکان پەروەردە لەبارەو ، نە حکومەتیش بە پاساوی تەنگژەی ئابووری پاڵپشتیی کارێکی وەھا دەبێت . لە کاتێکدا ئەرکی دوومیان راھێنانە ، راھێنانیش بەپێی پرنسیپە پەروەردەییەکان ، بەندە بە دەستنیشانکردنی پێداویستییە پەروەردەییەکانی مامۆستایان .
پێداویستیی بۆ راھێنانی مامۆستایان ، ساڵانە بە رەچاوکردنی ئەنجامی ئەزموونەکان و راپۆرتی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و پسپۆڕیی ، دیاریدەکرێت . مەرج نییە ھەموو مامۆستایان بخرێنە کۆرسەکانەوە ، بۆیە لەڕووی خەرجییەوە کەمتری تێدەچێت لەچاو ئەرکی ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ بوونیان بە مامۆستا . ئەمە لەکاتێکدا پەروەردە بودجەیەکی باشی ھەبێت و بتوانێت ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات ، ئەگەر نا ، دەبێت پەنا بباتە بەر ” ھاوبەش ” ەکەی و ، ئەو ئەرکەش رادەستی کۆمپانیاکان ( کەرتی تایبەتی ) بکات ، بەمەش ھەردوو ئەرکەکە بە قازانجی کەرتی تایبەت دەبێت و ، مەرجەکانی خوێندن ئەو دایاندەنێت . ھەڵبەت مەرجەکانیش مووچەی مامۆستایان و کرێی خوێندنی خوێندکاران و نرخی کڕینی کتێبەکان و ھەموو پێداویستییەکانی ھەردوو پڕۆسەکە دەگرێتەوە و ، لە گیرفانی کەس و کاری خوێندکارانی کۆلیج و پەیمەنگەکان وەردەگیرێتەوە .
سپاردنی ئامادەکردن و راھێنانی مامۆستایان بە کۆمپانیا سەرمایەدارییەکان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پڕۆسەی پەروەردەو فێربوون . کۆمپانیاکان ھەمیشە بە قازانجی خۆیان و ھەرچی زێتر کەڵەکەکردنی سەرمایە ئەم پڕۆسەیە ئەنجامدەدەن ، ئەو ماددەو بابەتانە دەکەنە بەرنامە کە سوودی ئابووری بۆ گیرفانەکانیانی تێدا بێت ، لەھەر شوێنەو بەپێی پێداویستیی پڕۆژەکانیان ، ئاڕاستەی راھێنانی مامۆستایان دەکەن ، لەمەدا ھیچ جێوڕێیەک بۆ ئیرادەو ویستی مامۆستایان نییە . پێشنیازەکانی پەروەردەی سلێمانی ، ناڕاستەوخۆ ئەمکارەی بۆ کۆمپانیاکان سەلماندووە ، رێگەیان پێدەدات کۆرس بۆ مامۆستایان بکەنەوە و بۆ ئەم مەبەستە ” کۆمەڵێک کادیری پێشکەوتوو ” بھێنن .
ئایا بەڕاستی پەروەردە پێویستیی بە ھێنانی ” کادیر ” ھەیە ؟ ئایا پەروەردە بۆخۆی ناتوانێت کادیری راھێنانی پەروەردەیی بۆ پەرەپێدانی خوێندن دابین بکات ، ئایا ئەم بوارەی پڕۆسەی خوێندن زەرورەتە یان تەنھا پاساوێکە بۆ رادەستکردنی خوێندن و چارەنووسی مامۆستایان بە کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان . لەڕاستیدا ئامادەکردن و راھێنانی مامۆستایان کارێکی پەروەردەییەو دەبێت دەزگا پەروەرد ەییەکانی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە ئەنجامی بدەن ، رێگە لەوەبگرن سەرمایەدارەکان بۆ قازانجپەرستیی خۆیان ، دەست لەکاری پەروەردەو چارەنووسی مامۆستایان و دواڕۆژی نەوەکان وەربدەن و چییانویست بیکەن ، ھەر لە بێکارکردنی مامۆستایان و سەپاندنی مەرجەکانی خۆیان بۆ مامۆستایەتی ، تا ئاڕاستەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی خوێندکاران بەپێی بەھاکانی بۆرژوازییەت و سیستمی سەرمایەداریی جیھانگیر .
لەڕابردووی سیستمی پەروەردەیی عێراقدا ئەزموونێک دەربارەی راھێنان و کردنەوەی کۆرسەکانی پەرەپێدانی ئاستی مامۆستایان و سیستمی پەروەردە ھەیە ، وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت و ، بە گونجاندنی لەگەڵ ھەلومەرجی ئەم سەردەمەی خوێندن لە کوردستاندا پڕاکتیکی بکات و چاوی لە کۆمپانیا چاوچنۆکەکانی سەرمایەداران نەبێت .
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا پەیمانگەیەکی بۆ پەرەپێدانی ئاستی مامۆستایان و خوێندن بەناوی ” پەیمانگەی پەرەپێدانی پەروەردەیی ” کردەوە . ساڵانە بەپێی بەرنامەڕێژییەک چەند کۆرسێکی شەش مانگی یان سێ مانگی یان یەک مانگی یان سێ ھەفتە بۆ بەرنامەکانی خوێندنی قۆناغەکان ( زمانی عەرەبی ، زمانی ئینگلیزی ، بایۆلۆجی ، بیرکاری .. ھتد ) و بوارە پەروەردەییە جیاجیاکان ( پێوان و ھەڵسەنگاندن ، ئامارو بەرنامەڕێژیی ، کارگێڕیی خوێندنگەکان ، کارتی قوتابخانە … ھتد ) دەکردەوە . لەم کۆرسانەدا باشترین و سەرکەوتووترین مامۆستای ماددەکان و کەسانی پەروەردەیی بەشەکانی پەروەردە لە پارێزگاکانەوە بەشدارییان دەکرد . لەم کۆرسانەدا مامۆستایانی زانکۆ وانەیان تێدا دەگوتەوە ، ئەگەر پێویستبوایە بۆ ھەندێک بواری پسپۆڕیی لە دەرەوەی عێراق مامۆستایان بۆ کۆرسەکان دەھێنا . مامۆستایانی بەشداربوو لەم کۆرسانەدا دوای دەرچونیان لە تاقیکردنەوەی کۆتایی کۆرسەکە پێیان دەگوتن ” سەرکردەی پەروەردەیی ” لەو پسپۆڕێتییەی کۆرسەکەیان ، بۆ نموونە : ( سەرکردەی پسپۆڕیی بایۆلۆجی ، سەرکردەی پسپۆڕیی بیرکاری ..ھتد ) . ئەم سەرکردە پەروەردەییانە ، بەپێی پلانی ساڵانەی بەشی ئامادەکردن و راھێنان لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە ، لە پارێزگاکانی خۆیاندا ئەرکی راھێنانی مامۆستایانیان دەخرایە ئەستۆ.
ئەم رێڕەوە پەروەردەییە ، ھەر ئێستا ، لە توانای وەزارەتی پەروەردەدایە ، بە ھاوکاریی زانکۆکانی کوردستان ، پێڕەوی بکات و ، وەک پێویست خوێندن و مامۆستایان بە ئاستێکی شیاو بگەیەنێت . بەبێ ئەوەی ناچار بێت خوێندن بداتە دەست کۆمپانیاکان و ، ئەرکی خەرجیی ئەم پڕۆسەیەی پەرەپێدان بخاتە سەر شانی کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران .

کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی لە بەتایبەتکردنی خوێندندا ئەرکەکان دابەش دەکەن

22 تەموز

کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی لە بەتایبەتکردنی خوێندندا ئەرکەکان دابەش دەکەن

” پەروەردە بیناو میلاک و پڕۆگرامەکان دادەنێت و ئەوانیش بیناکە نۆژەندەکەنەوە و کۆمەڵێک کادیری پێشکەوتوو دەھێنن و خولدەکەنەوە بۆ مامۆستایان” (پێشنیازەکان – تۆڕی ھەواڵی سلێمانی ) .
لە ھەموو ئەو وڵاتانەدا کە رێکخراوە جیھانییەکانی وەک سەندوقی دراوی نێو دەوڵەتی ، بۆ راستکردنەوەی پەیکەری ئابوورییان ھاوکارییان دەکات ، پێشمەرجی تایبەتیکردنی کەرتی پەروەردەو تەندروستییان بۆ دانراوە .
ئەگەرچی ئێستا رێکەوتنێکی وەھا لە ئارادا نییەو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە نەشارەزاییەوە ئەم پێشنیازانەیان کردووە ، بەڵام دەرگایەک دەکاتەوە بۆ ئەگەری کارێکی ژێربەژێر و ، بە زیانی پەروەردەو فێربوون و چەندین نەوە لە قوتابیان و خوێندکاران تەواو دەبێت .
سەرەتا ” ئەوان ” بە واتای کۆمپانیاکان ، سەرمایەدارەکان ، بە زمانی ئابووریناسیی ” کەرتی تایبەت ” لە پێشنیازەکاندا ھاتووە . بەم جۆرە خوێندنگەکان دوو لایەن دەستیان بەسەردا دەگرن : کەرتی گشتی ( حکومەت ) ، کەرتی تایبەت ( کۆمپانیاکان – سەرمایەدارەکان ) .
ئەم ھاوبەشییەی کۆمپانیاکان و حکومەت پەیوەندی بەسەرەتای کارەوە ھەیە ، لەسەرێکەوە بۆ خامۆشکردنی کاردانەوەی نەرێیانەی خەڵکییە بەرامبەر ئەم “سیستمە نوێیە ” ، لەسەرێکیدییەوە زەمینەخۆشکردنە بۆ ستڕاتیژی بنەرەتیی پڕۆژەکە ، کە تایبەتیکردن ( خصخصە ) ی تەواوی پەروەردەو فێربوونە . بۆیە ھاوبەشبوون و کارگێڕیی ناوکۆیی بۆ پەروەردە ، پێداویستیی یەکەم ھەنگاوی سپاردنی خوێندنە بەکەرتی تایبەت .
پێشنیازەکان ، ئەرکەکانی ھەردوو کەرتەکەی بۆ ئەم قۆناخە دیاریکردووە بەوەی : کەرتی حکومی بیناو میلاک و پڕۆگرامەکان دادەنێت و کەرتی ئەھلیش بیناکان نۆژەندەکەنەوە و کۆمەڵێک کادیری پێشکەوتوو دەھێنن و خولدەکەنەوە بۆ مامۆستایان .
ئەوەی لەم دابەشکردنەدا سەرنج رابکێشێت ئەرکەکانی حکومەتە . پڕۆژەکە ئەو ئەرکانەی بە دابینکردنی ” بیناومیلاک پڕۆگرامەکان ” دەستنیشانکردووە . باری گرانی پێداویستییەکانی خوێندنی بۆ پەروەردە ( حکومەت ) داناوەو ، بارە سووکەکەش بۆ کۆمپانیاکان ، بێ ئەوەی رەچاوی واقیعی بارودۆخە ئابوورییەکە بکات و بە کردەوە توانای جێبەجێکردنی ھەبێت .
مەبەست لە وشەی ( بینا ) دروستکردنی بینای قوتابخانەو خوێندنگەکانە بەبەڵگەی ئەوەی تەنھا ( نۆژەنکردنەوە ) خراوەتە ئەستۆی کۆمپانیاکان. جا ئەگەر حکومەت توانای بیناکردنی خوێندنگەکانی ھەیە ، بۆچی تەنھا بۆ نۆژەنکردنەوە ، خوێندن رادەستی کۆمپانیاکان دەکات . ئەگەر توانای ئەوەشی نییە ، چۆن ئەم ئەرکە لەو ھاوبەشییەدا ھەڵدەگرێت ؟ دیسان ئەگەر توانای ھەیە ، چۆن وە بە چ میکانیزمێک پێداویستیی ئەمڕۆو داھاتوو دابین دەکات و ، چۆن و بە چ میکانیزمێک لەساڵی نوێی خوێندندا ماوەی خوێندن درێژدەکاتەوە ؟ چۆن و پشت بە چ بەرنامەڕێژییەک سیستمی یەکدەوامیی پێڕەودەکات ؟ لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم بەرەوڕووی ئاستەنگێکی ئابووریی گەورە بووەتەوە ( وەک خۆیان دەڵێن ) پارەی پێویست بۆ بیناکردنی قوتابخانە لەکوێوە دەھێنن ، لەکاتێکدا دوو سەرچاوە بۆ ئەو مەبەستە ھاوکارییمان ناکات ، ئەوانەیش حکومەتی عێراق و سەندووقی دراوی نێودەوڵەتین ، یەکەمیان بەھۆی ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ، دووەمیشیان بەھۆی مامەڵەکردنی راستەوخۆی لەگەڵ حکومەتی ناوەند .
لێرەدا دەبێت لەو راستییە بگەین کە ھەمیشە ئەم ھاوبەشیکردنانە بە بەرژەوەندی لایەنە بەھێزەکان دەشکێنەوە ، کۆمپانیاکان بیناکردنی خوێندنگەکانیش بۆ خۆیان دەبەن ، ھەڵبەت لەپێناوی قازانجدا ، نەک لەبەرچاوی کاڵی منداڵان .
ئەمەی بۆ خاڵی ( بینا ) کردن بەیانمان کرد ، بۆ خاڵی میلاک و پڕۆگرامەکانیش دروستە . ئەگەر حکومەت ( سەرچاوە ) ی دارایی بودجەی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان ” نابووت ” بووبێت ، توانای ئەوەی نەبێت بە رێکوپێکی مووچەی مامۆستایان بدات ، ئەی چۆن دەتوانێت مامۆستایان دابمەزرێنێت ، بۆشایی میلاک بەردەوام پڕبکاتەوە ، ھەروەھا پڕۆگرامەکانیش ساڵانە پێویستییان بە گۆڕانکاریی یان دانان و چاپکردنیان ھەیە بۆ گشت قۆناغەکان ، ئایا چۆن لەم کارە ھاوبەشییەدا ئەم بەڵێنە بەرامبەر کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان بەجێدەگەیەنێت . دیارە ئەوەی بۆ ناکرێت و ناچار دەبێت مل بە ئەجندای کۆمپانیاکان بداو ، ئامادەکردن و دابینکردنی میلاک و پڕۆگرامەکان بەوان بسپێرێت ، ئەوانیش بەرامبەر ئەوە مەرجەکانی خۆیان سەبارەت بە چەندایەتی و چۆنایەتیی مامۆستایان و چۆنایەتی پڕۆگرامەکان و بابەتەکانیان و نرخی خوێندن بۆ ھەر قوتابی و خوێندکارێک و بۆ ھەر قۆناغێک و نرخی کتێبەکانی خوێندنیش ، بەسەر دەزگای پەروەردەدا دەسەپێنن .
ئەوە تەنھا پێشبینی نییە بەڵکو واقیعی ئەمڕؤی جیھانگیرییە و ، کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی وابەستە بە رێکخراوە جیھانییەکانی دراو ، لە وڵاتانی دواکەوتووی جیھاندا ، بە تایبەتی قەرزارەکانیان ، کاریپێدەکەن .
فوئاد قەرەداغی
21 – 7 – 2017

هێشتا سەرڕێژ نەبووم لە عیشق

22 تەموز

هێشتا سەرڕێژ نەبووم لە عیشق

فوئاد قەرەداغی

” پێشکەش بەو عاشق و مەعشوقانەی ئەم وشانە یادەوەرییەکانیان نوێدەکاتەوە ”

کاتێک دڵم ، هەستی عیشق
بۆ خۆی بردو، لە کانیاوی خۆشەویستیی تۆی
هەڵکێشا
مەستی جوانی و زەردەخەنەو ساکاریت بوو

کاتێک عیشق دڵۆپ دڵۆپ
دەڕژایە نێو خوێنمەوەو
وزەی بە ترپەی دڵ دەدا
دوور بە دوور هەناسەی سوارم
ئاوێتەی هەناسەت دەبوو

کاتێک خەیال دەیبردم بۆ
باخی رۆمانسیانەی عیشق
جگە لە تۆ
کەسێک لە بوونمدا نەبوو

کاتێک تیشکی شەیدابوونت
هێدی هێدی دەیتواندمەوە
خەونی سەرڕێژبوون لە عیشق
دەیبردمەوە ،
ئاسۆی رەنگاڵەیی ژیان
دەهاتە پێش چاوانمەوەو،
تەنها ناوی تۆی لێدیاربوو

ناوت : کۆدی ژینی من بوو
بۆهەست و نەستی زیندانیم ،
گرێی چارەنووسی عیشقم ،
رزگاریی بوو

وامدەزانی وەکو سۆفییەکی عاشق
( فەنا فی ) تۆ ، گڕیداوم
بێدارنەبووم ، نەمدەزانی
لەبەهەشتی عیشقت
بێبەش و نامۆ کراوم

چەند خۆشباوەڕو گەمژەبووم
خۆشخەیالی عیشقی پاکی
مەم و زین بووم
سەوداسەری خۆشەویستی رەهاو
زیندەخەوی گەنجێتی بووم

* * * * * * * * * * * *

بەڵام هەر زوو زیندەخەوم رەواندەوە
خۆشخەیالیم تێپەڕاندو
هۆشم بۆ خۆم گەڕاندەوە
زنجیری پۆڵای گەمژەییم پساندەوە

ئەمجارەیان رەوتێکیدی ژیانم گرت
رەوتی عیشقی بیروباوەڕ
رێبازی خاک و نەتەوەو
پەیڕەوی خواستی جەماوەر

سەوداسەریی بۆ ئازادی
بۆ یەکسانی ،
بنبڕکردنی نامۆیی ،
بووە هیواو هێماو ئاڕمی
دەیان ساڵی
عیشقی نوێم و یادەوەریی

* * * * * * * * * *
من هەڵە بووم
عیشق بێدەنگ ، بە پەنهانی
زامی گەورەی تێکردبووم
خولیای ئەوین ، خۆشەویستیی
تەواو سەرڕێژ نەکردبووم

بۆیە کاتێک ، دوای گەشتی نیو سەدەی تەمەن
سوێی ئارەزووم ژیایەوە ،
هۆشی نامۆو خەوتووم گەڕایەوە
عەشقی بێئاکامی مێژووم
هەژایەوە ،
پێی سەلماندم : زەمەنێکە
ژیان لە دەستم تەریوە
چونکە عیشقم تاراندووەو
لێوان لێوی تەمەن
هێشتاکە سەرڕێژی نەبووم

ئایا بوژاندنەوەی پەروەردە بەندە بە ئەھلیکردنیەوە ؟

19 تەموز

ئایا بوژاندنەوەی پەروەردە بەندە بە ئەھلیکردنیەوە ؟
پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی مایەپووچیی سیستمی خوێندن لە کوردستاندا ، پشتی بە چەند پاساوێک بەستووە ، یەکێک لەو پاساوانە ” بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە ” یە .
سەرەتا لەسەر بەکارھێنانی زاراوەی بوژاندنەوە رادەوەستم ، چونکە لە بواری پەروەردەو فێربووندا بۆ ئەم بارودۆخەی سیستمی پەروەردەی تێکەوتووە ، زاراوەکانی : ( گەشەپێدان ، پەرەپێدان ، گۆڕانکاریی ، نۆژەنکردنەوە ، ریفۆرمی پەروەردەیی ) و ، لەکاتی بەرپابوونی شۆڕشێکی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتیشدا ، زاراوەی شۆڕشی پەروەردەیی ، بەکاردەھێنرێن . بوژاندنەوە زاراوەی کردارێکە بەرامبەر بارودۆخی سستبوون ، خاوبوونەوە ، حاڵەتەکانی نزیک بە مەرگ ، بەکار دەھێنرێت . کەواتە ھەستێک و پێزانینێک ھەیە سەبارەت بە پەککەوتەیی سیستمی خوێندن ، لەکاتێکدا تەنھا دە ساڵە سیستمێکی نوێی پەروەردەیی بۆ خوێندن لە کوردستاندا بڕیاری لەسەردراوەو پێڕەو دەکرێت ، واتە دانپیادانانی سەرنەکەوتنی ئەو سیستمەیە کە بە سیستمی ” سویدی ” ناودەبرێت .
ئەم پێشەکییە بەو راستییەمان دەگەیەنێت کە سیستمەکە گۆڕانکاریی دەوێت . ئەم گۆڕانکارییەش لەسایەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی ھەرێمدا ، ریفۆرمی پەروەردەییە . ئەم ریفۆرمە وەک ھەر وڵاتێکیدی ئەم جیھانی بەرژەوەندپەرستییە ، چینی باڵادەستی دەوڵەت ، ئەو چینەی دەسەڵاتدارە ، بەپێی فەلسەفەی خۆی و لەخزمەت بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆیدا دەیکات بەو شێوەیەی پایەکانی دەوڵەتەکەی بپارێزێت و ، سیستمەکە بەردەوام مرۆڤی کۆیلەی بۆ بەرھەمبھێنێتەوە . لەبەرئەوە دەستێوەردانی کەرتی تایبەت لە پڕۆسەی خوێندن ، لە ئێستادا بە ھاوبەشیکردنی خوێندنی حکومی و خوێندنی ناحکومی ، ئەو بووژاندنەوە ئاڕاستەکراوە بەدیدەھێنێت ، لە بەرامبەریشدا بەرژەوەندییەکانی چینە نەدارەکان دەسڕێتەوە . ئێستا با لە خودی ریفۆرم بکۆڵینەوە :
دەبێت ریفۆرم لە چیدا بکرێت ؟ ئەو بارودۆخەی پێشتر لێی دواین ، وەھا دەخوازێت ریفۆرم لە گشت لایەنەکانی سیستمەکەدا بکرێت . دەتوانین گرنگترینی ئەوبوارانەی دەبێت ریفۆرم بیگرێتەوە ، بەمانە دیاریبکەین : (بینای خوێندنگەکان ، بەرنامەکان و کتێبەکانی خوێندن ، ھۆیەکانی فێرکردن ، رێگاکانی وانەگوتنەوە ، ئەزموونەکان و ھەڵسەنگاندنی پەروەردەیی ، چالاکییەکانی قوتابخانە ، نەھێشتنی نەخوێندەواریی ، سیستمی کارگێڕیی و سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی ، ئامادەکردن و راھێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستایان ) .
ھەڵبەت ئەم لایەنانەی سیستمەکە ، ھەروەھا باشکردنی گوزەرانی مامۆستایان و رەخساندنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ خوێنکاران لە خوێندنگاکاندا ، پێویستییان بە پارە ھەیە . دەوڵەت کە سامانی وڵاتی لەژێر دەستدایە ، بەرپرسە لە دانان و خەرجکردنی بودجەیەکی باش بۆ ئەم مەبەستە ، ئەوە مافی خەڵکە ، مافی منداڵانە ، بەڵام پەروەردەی سلێمانی دێت ، ئەم ئەرکە دەخاتە سەرشانی منداڵان یان راستتر سەرشانی کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران .
ئایا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەم خەرجییە دابین بکات ؟ ئەگەر دەتوانێت ، ئەوا پاساوی ” بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە ” ھەڵدەوەشێتەوە ؛ ئەگەر لە توانایدا نییە ! ئەوا دەبێت بە خوێندکاران و کەسوکاریان ، بە مامۆستایان بڵێت : ئەو ھەموو داھاتەی وڵات لە کوێیەو چیی بەسەردا ھاتووە ؟ دیارە خەڵکیی پاساوی نالۆجیکیی ” نەبوون ” رەتدکاتەوەو ، خەڵکانی ھوشیار ھەقیانە ئەم سیاسەتەی حکومەت بەو ئاڕاستە جیھانییەوە ببەستنەوە کە دەیەوێت : حکومەتەکان شانی خۆیان لە ئەرکی خەرجیی خزمەتگوزاییە کۆمەڵایەتییەکان خاڵیبکەنەوە و ، ئەو ئەرکە بخەنەوە سەر خەڵک و ، چینی بۆرژوای باڵادەست ھەرچی زیاتر سەرمایەگوزاریی بکەن و ،سەرباری ئەوەی ھەیانە ، کەرتە گشتییە کۆمەڵایەتییەکانیش بکەنە مەیدانێکیدیکەی کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان .
ئەم سیاسەتە بەشێکە لە سیاسەتەکانی سەرمایەداریی جیھانیی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەم جیھانە لەسەر ئەو شێوازە سەرمایەدارییەی خۆیان دەیانەوێت کە ھۆکاری سەرەکیشی لە مەودایەکی دووردا پاراستنی سیستمەکەیانە لە داڕمان و ئەو کێشە ئابوورییە بونیادییانەی ھەرچەند ساڵ جارێک پایەکانی سیستمەکەیان دەھێنێتە لەرزین . لێرە لە کوردستانیش ، بورژوازییەتی کوردو دەسەڵاتدارەکانیان بۆ مانەوەی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ، جەختکردنەو لەسەر وابەستەییان بە سیستمی سەرمایەوە ، خەڵکی ھەژارو برسی و بێ مووچەی کوردیان بۆ دەکاتە قوربانیی گەشەکردنی سەرمایەو گەشەکردنی مۆنۆپۆلەکان و بانکە جیھانگیرەکانیان .
لە ئەمڕۆی کوردستاندا ، توانای بەشەری و ماددیی پێویست بۆ گۆڕانکاریی و پەرپێدانی خوێندن ھەیە . توانای ریفۆرمێکی فراوان ھەیە کە ئەم سیستمە پەروەردەییە لە ئاستەنگەکانی رزگار بکات ، واتە ئیمکانییەتی بەشەری و ماددیی بۆ” بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە ” ھەیە بەبێ ئەوەی بەو جۆرەی پێشنیازکراوە ، لەبری فشارھێنان بۆ حکومەت ، فشار بۆ چینە زەحمەتکێش و نەدارەکان بھێنن . دیارە ئەو کاربەدەستانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بە وردی و قووڵی بیریان لەم پرسە نەکردۆتەوەو ، رەھەندەکانیان بە باشی ھەڵنەسەنگاندووە ، ئەگەرنا پڕۆژەکەیان مەبەستدارەو بەشێکە لەو یارییەی حکومەت بە خەڵکی کوردستانی دەکات .
فوئاد قەرەداغی
18 – 7 – 2017

پەروەردەی سلێمانی دەستپێشخەری بۆ بەتایبەتیکردنی خوێندن دەکات

19 تەموز

پەروەردەی سلێمانی دەستپێشخەری بۆ بەتایبەتیکردنی خوێندن دەکات
تۆڕی ھەواڵی سلێمانی نوێترین داھێنانی پەروەردەی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی سیستمی فێربوون راگەیاند . بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی پێشنیازی سیستمێکی نوێی خوێندن بۆ حکومەتی ھەرێم دەکات .پێشنیازەکەی یەکەم ھەنگاوە بۆ بەتایبەتیکردنی خوێندن لە کوردستاندا .لەم وتارە دا چەند سەرنجێک تۆمار دەکەم ، بەھیوای ئەوەی دواتر بە وردی بێمەوە سەریان .
گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەکە بریتین لە :
1 ) پێڕەوکردنی شێوازی یەک دەوامی و درێژخایەن ، واتە چارەسەرکردنی گرفتی بینای قوتابخانەو نەھێشتنی دوو دەوامی و سێ دەوامی بۆ ساڵی نوێی خوێندن ، بەڵام چۆن و بەچ بەرنامەڕێژییەک دەتوانێت گرفتێکی دەیان ساڵە چارەسەر بکات ؟ ئەوە دیار نییەو نازانرێت . بەڕاستی ئەمە لەخەیاڵپڵاوی بەولاوە ھیچیدی نییە .
خوێندنی درێژخایەن چییە؟ ئەوە تەنھا واتایەکی ھەیە ، ئەویش درێژکردنەوەی رۆژەکانی ساڵی خوێندن یان زیادکردنی ساڵەکانی قۆناغەکانی خوێندنە . یەکەمیان بارگرانی بۆ خوێندکاران و زەوتکردنی کات و پشووی مامۆستایانی لێدەکەوێتەوە و ، دووەمیشیان دواکەوتنی خوێندنە لە رەوتێکی جیھان کە ئێستا لەئارادایە بۆ چڕوپڕی بەرنامەکانی خوێندن و کەمکردنەوەی ساڵەکانی خوێندن لە ھەموو قۆناغەکاندا .
2 ) پێکھێنانی سیستمێکی ھاوبەش لە نێوان خوێندنی حکومی وناحکومی ، بە پاساوی ئەوەی ” دەبێتە ھۆی بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە ” . ئەمە ڕێک ئەقڵییەتی بازرگانانی کەرتی تایبەت وبۆرژواکانی ھاوکاریانن لە دەسەڵاتدا سەبارەت بە کرداری بەرھەمھێنان ، بوارکردنەوەیەکی نوێیە بۆ سەرمایەگوزاریی کەرتی تایبەت و ھەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ بەتایبەتیکردن ( خەصخەصە ) ی خوێندن.
3 ) رێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکدا کە رۆڵی ھەیە لە پەروەردەدا یان کەسانێکی دەوڵەمەند کە بیەوێت پشتیوانی پڕۆسەی پەروەردە بکات .ئەم خاڵە جەختکردنەوەیە لەسەر خاڵی دووەم ، سپاردنی پڕۆسەی پەروەردەیە بە کۆمپانیاکان و یاسای قازانجی سەرمایەداریی وکردنەوەی دەرگایەکی نوێیە بەڕووی سەرمایەدارەکاندا بۆ سەرمایەگوزاری لەم بوارەداو ھەرچی زێتر کەڵەکردنی سەرمایەو رامکردنی نەوەکانە بۆ خزمەتی چینی بۆرژوای دەسەڵاتدار و بەرھەمێنانەوەی ئەو چینەو ئەقڵییەتی قازانجپەرستی سەرمایەدارانەی .
4 ) پەروەردە بیناو میلاک و پڕۆگرامەکان دادەنێت و ئەوانیش بیناکە نۆژەندەکەنەوە و کۆمەڵێک کادیری پێشکەوتوو دەھێنن و خولدەکەنەوە بۆ مامۆستایان ! سەرنجڕاکێشترین خاڵی پڕۆژەکەیە ، فەرامۆشکردنی ئەو راستییەیە کەلەم جۆرە پەیوەندییە ئابووریەدا ، ئەوەی باڵادەست دەبێت لایەنی پارەدارە ، ئاخر ئێوەی پەروەردەی سەر بە حکومەتێک مووچەی مامۆستایان و پێداویستییەکانی پەروەردەو فێربوون دابین ناکات و بە خەمی دواڕۆژی نەوەکانمانەوە نییە ، لەبەرامبەر کۆمپانیاو سەرمایەدارەکاندا جێوڕێتان چیی دەبێت ؟ بێ گومان سەرەنجامی ئەو ھاوکارییەتان لەدەستدانی بیناکان و گۆڕینی پڕۆگرامەکان لەبەرژەوەندی سەرمایەو کردنەدەرەوەو بێکارکردنی مامۆستایان دەبێت ، بەتایبەتی مامۆستایانی ناڕازی لە دەسەڵات بە بیانووی ھێنانی کادیری پێشکەوتوو ( گوایا ) بۆ پەرەپێدانی پەروەردە ، وەک ئەوەی خۆمان کادیری پێشکەوتوومان نەبێت یان توانای پێگەیاندنی مامۆستایانی شارەزاو پسپۆڕمان نەمابێت !
5 ) بڕە پارەیەکی کەم لە کەسوکاری خوێندکار وەردەگیرێت کە بە بەراورد بە شوێنە ئەھلییەکان بڕێکی کەمە ….داڕێژەرانی پێشنیازەکان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان چاو لە واقیعی داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەپۆشن و ، سەرباری تەنگژەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەستکردی نێو ھەرێم ، سەرباری بێمووچەیی ، گرانی ، ئەو برسێتییەی بەسەر دانیشتوانی ھەرێمدا سەپێندراوە ، دەیانەوێت بۆ خزمەت بە دەوڵەمەندەکان و ھەرچی زێتر پڕکردنی گیرفانەکانیان بڕێک پارە وەک باجی خوێندن لە کەسوکاری خوێندکاران وەربگرن ، لەکاتێکدا پرەنسیپی عەدالەتخوازیی ھەڵوەشاندنەوەی خوێندنی ئەھلی گەرەک بوو ، پێشگرتن بە جیاوازی چینایەتی گەرەک بوو ، یەکسانی و ھەلی چوونیەکی خوێندنی لەبەردەمی ھەموو منداڵاندا پێویست بوو ، نەک جیاوازی خوێندن بەپێی پارەداری و بێپارەیی کەسوکاری خوێندکاران .
خوێندن مافی بێ ئەملاوئەولای ھەموو تاکێکی کۆمەڵە ، منەت وشاباشی ھیچ کەسێک و حزبێک و دەسەڵاتێک نییە ، پێویستە دابین بکرێت ، دەبێت حکومەت خەرجییەکەی دابین بکات ، سامانی سەرزەوی و بن زەوی وڵات موڵکی ھەموو تاکێکی وڵاتە دەبێت بۆ ھاووڵاتیانی خەرجبکرێتەوە ، بۆیە ئەرکی ھەنوکەیی و دواڕؤژی خوێندنێکی پێشکەوتوو و شایستە بە نەوەکانمان وەھا دەخوازێت ، مل بەم پێشنیازانە نەدرێت ، لەشوێنی خۆیدا پووچەل بکرێنەوە ، بەدوای چارەسەریدیکەوە بین بۆ گرفتەکانی پەروەردە نەک بە کاڵاکردنی گرنگترین پرۆسە لە ژیانی ئێستای گەلەکەمان و نەوەکانی داھاتوودا .
فوئاد قەرەداغی 16 – 7 – 2017