Archive | شوبات, 2018

دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم

27 شوبات

دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم
فوئاد قەرەداغی
پیلانی دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم
بە پیلانی میت و سی ئای ئەی و مۆساد ، ئۆجەلان فڕێندرا . پێدەچێت دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم – یش ، پیلانێکی بەرنامەڕێژکراو بێت .

درۆی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
دیموکراسی و مافی مرۆڤ دوو درۆی شاخداری سیستمی سەرمایەدارین وھەمیشە پێشێلیان دەکات . دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم بەڵگەی ئەو راستییەیە .

ھاشتاگ کاریگەرێتی نییە
دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم بە پیلان و بەرنامە کراوە ، بەرێخستنی هاشتاگ کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی پیلانەکە نابێت .

ئازادکردنی ساڵح موسلیم
خۆشحاڵین بە ئازادکردنی ساڵح موسلیم . هیوادارین هۆکار بێت بۆ ریسوابوونی تورکیا نەک چوونە ژێر چەتری روسیا یان ئەمریکا .

پەروەردەو شەڕە بۆکسەکەی نێو پەڕلەمانی کوردستان

26 شوبات

ئەرشیڤی نووسینە پەروەردەییەکانم

پەروەردەو شەڕە بۆکسەکەی نێو پەڕلەمانی کوردستان
فوئاد قەرەداغی
لەم کورتە وتارەدا باس لە فلیمی شەڕەبۆکسەکەی نێو پەڕلەمان ناکەین ، بەڵکو کەمێک لە دیمەنە ڤیدیۆییەکە دووردەکەوینەوەو ، ئەم پرسیارە دەکەین : ” ئەم شەڕە چ پەیوەندییەکی بە کرداری پەروەردەوە هەیە ؟ دیسان دەپرسین : ئەم شەڕە چ پەیوەندییەکی بە واقیعی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستانەوە هەیە ؟ ئەم کلتووری شەق و شەپازلەو مشتەکۆڵە وەشاندنە پەیوەندیی بەو دوو فاکتەرەی نێو دوو پرسیاری پێشووەوە هەیە ؟ ئایا ئاستی نزمی سیاسەتکردن لەم وڵاتەدا ئەم کلتوورە دەژێنێتەوە ، یاخود سیاسەتی باڵادەستی ئەمڕۆش رسکاوی هەمان ئەو فاکتەرو کلتوورەیە ؟
سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ واقیعە کۆمەڵایەتییەکە ، ئەو واقیعەی سەروسیمایەکی سەرمایەداریی و ناوەرۆکێکی تا سەر مۆخ دەرەبەگیی هەیە . ناوەرۆکی دەرەبەگیی داب و نەریت و رێسا کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سیستمە ، لە کلتووری خێڵ و عەشرەتدا بەرجەستەدەبێت. یەکێک لە رێساکانی خێڵ پلەبەندیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای باوکسالاریی ، بەوپێیەش ملکەچبوون بۆ( باوک ، براگەورە ، سەرکردەی کاریزما ) ئینجا بۆ نێو کۆمەڵ لەسەر بنەمای ( گەورەو بچووک ، پیاوو ژن ، منداڵان بەپێی تەمەن ) تا دەگات بە حزبی گەورەو حزبی گچکە ) . رایەڵی ئەم پەیوەندییە گوێڕایەلیی و ملکەچبوونی ( خوارەوەیە بۆ سەرەوە ، گچکە بۆ گەورە ، خێل بۆ سەرۆکی خێڵ ، عەشرەت بۆ باوکی گەورە و دوای ئەو بۆ وەچەکانی بەپێی تەمەن ، هەموو خێڵەکان و چینەکانی کۆمەڵیش بۆ سەرکردەی کاریزما ) سەبارەت بە قاڵبە سیاسییەکانی پەیوەندییەکانی ئەم سەردەمە .
ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییە لەڕێی کرداری پەروەردەوە بەردەوام خۆی نوێدەکاتەوە . کرداری پەروەردە لە سێ ژینگەدا ئەم نوێ بوونەوەیە زامن دەکات : ( ماڵ ، قوتابخانە ، کۆمەڵگە ) .
ماڵ و کۆمەڵگە دوو ژینگەن پێبەپێی سیستمەکە هاتوون و لەڕووی کاتەوە پێش قوتابخانە دەکەون . پەروەردەی مرۆڤ لە منداڵییەوە تا گەورەبوون لەسایەی کۆمەڵگەی خێل بەڕێوە دەچێت ، بەواتا سایکۆلۆژییەکەی کرداری پێگەیاندن و رامبوونی کۆمەڵایەتی لەسایەی رێسا نەنووسراوەکان و داب و نەرێتەوە ، دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی مرۆڤەکان و هەر نەوەیە بۆ نەوەی دوای خۆی دەگوێزێتەوە و ، ئاکام دەبێتە کلتوور . ئەم کلتوورە گوێڕایەلی و ملکەچی و بێدەنگی و تەنها ( بەڵێ قوربان و بەسەرچاو ) دەخوازێت و گفتوگۆو رەخنەو رەتکردنەوەو ناڕەزایی و یاخیبوون و بڕیاردانی سەربەخۆ لە فەرهەنگیدا نییە . لەبەرامبەر لادانیش لەم کلتوورەدا سیستمی سزادان هەیە ، هەر لە هەڕەشەو چاوسورکردنەوەو گوێڕاکێشان و سەرزەنشتکردن و سووکایەتییەوە تا لێدان و پڕشەقکردن و کوشتنیش .
پەروەردەی فەرمی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان ( خێڵەکییەکان ) پشتگیریی ئەم کلتوورە دەکات . ئەم پەروەردەیە کاریگەریی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی لەسەردەبێت و بۆ نوێبوونەوەو خۆرسکاندنەوەی کلتوورەکە ئاڕاستەدەکرێت . پڕۆگرامەکانی خوێندن ، رێگاکانی وانەگوتنەوە ، ئەزموونەکان ، شێوازی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان و پۆلەکانی خوێندن، پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستاو قوتابی ، بەڕێوەبەرو مامۆستا ، سەرپەرشتیارو هەریەک لە بەڕێوەبەرو مامۆستا … هتد ، ئامرازەکانی جێگیرکردنی کلتوورەکەیە بە کلتووری سزادانیشەوە .
کاتێک رووداوێکی لەم چەشنەی نێو پەڕلەمان دەبینین ، یان هەر رووداوێکی لەو شێوەیە لەنێو خێزان و نێو کۆمەڵدا دەبینین ، لەڕووی پەروەردەییەوە ئاماژەیە بۆ ئاستەنگی و هەرەسێکی ئەخلاقیی گەورە ، ئاماژەیە بۆ کەلێنێکی گەورە لە سیستمی پەروەردەییدا ، تەنانەت ئاماژەیە بۆ نزمیی ئاستی سیاسەت و مایەپووچی حزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ، لە خستنەوەی پەروەردەیەکی مۆدێرن و تێپەڕاندنی کلتووری خێڵەکی لە ژیانی حزبایەتی و بەرنامەکانیاندا بۆ گۆڕانکاریی لە کۆمەڵداو گەیاندنی بە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ .
ئەم رووداوە بە پلان بووبێت ، یان کارێکی شەخسی ئەو دوو پەڕلەمانتارە ، لەواقیعی ئاستەنگیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و پەروەردەیی و ئەخلاقیی کوردەواریی ئەم هەرێمە ناگۆڕێت و ، دەشێت لە کات و شوێنیدیکەدا چەند بارە ببێتەوە ، بۆیە بەرنامە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بەبێ گۆڕانکارییەکی ریشەیی پرنسیپە مرۆییەکان و گێڕانەوەی تایبەتمەندێتی مرۆییانە بۆ مرۆڤەکان سەرکەوتن بەدەستناهێنن . پەروەردە یەکێکە لە فاکتەڕە گرنگ و سەرەکییەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییە ریشەییە .

٢٥ – ٣ – ٢٠١٥

تابلۆیەکی ھونەریی شێوەکاریی

25 شوبات

فوئاد قەرەداغی
تابلۆیەکی ھونەریی شێوەکاریی

زانکۆی گەرمیان وتابلۆیەکی شێوەکاریی
لابردنی چەند تابلۆی شێوەکاریی لە پێشانگای زانکۆی گەرمیاندا ، نیشانەی باڵادەستیی کۆنەپەرستی و بێدەربەستییە لەئاستی زانست و ھونەردا .

زانکۆ و زانست و ھونەر
ئایا زانکۆکانی کوردستان بۆ دواڕۆژ سەرچاوەی زانست و زانیاری و ھونەر دەبن ، یان مەڵبەندی کۆنەپارێزی و دواکەوتن ؟

کاردانەوە بەرامبەر تابلۆیەکی ھونەریی
کاردانەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرامبەر رێگرتن لە نمایشی تابلۆیەکی ھونەریی لە پێشانگای زانکۆی گەرمیاندا چیی دەبێت ؟

تابلۆکانی زانکۆی گەرمیان
ئەو تابلۆیانەی نەیانھێشت خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان بیانبینن ، ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ھەزاران کەس دەیانبینن .

خۆشباوەڕیی بە سیستمی پەڕلەمانی

23 شوبات

فوئاد قەرەداغی

خۆشباوەڕیی بە سیستمی پەڕلەمانی
خۆشباوەڕن بە سیستمی پەڕلەمانی،خەمی ئەوەیانە کێ خۆی بۆ کاندید دەکات،نازانن پەڕلەمان ئامرازی دەسەڵاتە بۆسەرکوتی خودی دەنگدەرەکانیان .

سووکایەتی و تەخوین
سووکایەتی و جنێودان و تەخوین کارێکی نەشیاوە . دیالۆگی ھێمنانەی فیکری و سیاسی کارێکی دروست و شارستانییە .

ھەڵبژاردن و دەنگدان گاڵتەجاڕییە
نوێنەرایەتی و ھەڵبژاردن و دەنگدان لە ھەلومەرجی ئەمڕۆی عێراق و کوردستاندا ، گاڵتەجاڕێیەکی سیستمی دیموکراسیی پەڕلەمانییە .

گۆڕانکاریی ریشەیی ھەمەلایەنە
بە ھەموو قەوارەو حیزب و ھاوپەیمانێتییە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان ناتوانن گۆڕانکارییەکی ریشەیی ھەمەلایەنە بەرەو پێشکەوتن بکەن .

خۆکاندیدکردن مافێکی دەستوورییە
خۆ کاندیدکردنی ھەر ھاوڵاتییەکی عێراقی بە کوردیشەوە لە ھەر لیستێکدا،مافێکی سەلمێندراوە بەپێی ئەو دەستوورەی لە 2005 دا دەنگتان پێدا .

خورپەی مەرگی خۆشەویستێک

23 شوبات

چل رۆژە ( رێژنە ) ماڵئاوایی لێکردووین

ئەمڕۆ چلەی مەرگی خۆشەویستێکی نازداری نێو دڵی ھەموو ئەندامانی خانەوادەکەمانە . چلەی کۆچی پڕ داخ و پەژارەی ( رێژنە ) ی خوشکەزامە .
رێژنە لە 23 ی حوزەیرانی ساڵی 1991 لەدایکبوو ، لەدوای 31 ی ئابی 1996 خێزانیی باریانکرد ، سەرەتا بۆ دورگەی ( گوامی ) و ، دواتر لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیرسانەوە .لەوێش ماوەیەک لە ویلایەتی ( نیویۆرک ) بوون و ، پاشان لە ویلایەتی ( ڤیرجینیا ) لە شاری ( فەیرفاکس ) جێگیربوون . لە ھاوینی 2013 دا ، تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو ، ئیتر لەو کاتەوە تا کۆچی دوایی لە 12 ی کانوونی دووەمی 2018 دا ، بەدەست ئەم نەخۆشییەوە گرفتاربوو .
رێژنە کچێکی نەرم و نیان و ژیرو وریابوو ، رووخۆش و ھەمیشە دەم بە خەندەبوو ، تەنانەت لەکاتی نەخۆشییەکەشیدا ھەر بەو جۆرە بوو . ئەو کچێکی ئازاو بە ورە بوو ، ململانێیەکی سەختی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا دەکردو ، لەو چوار ساڵ و نیوەدا چەندین نەشتەرگەرییان بۆ ئەندامە جیاجیاکانی جەستەی کرد و دەیان جەلسەی چارەسەری کیمیاوییان بۆ ئەنجامدا ، بەڵام ئەو بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەوڕووی ئازارەکانی دەبووەوە. ھەر بەم ورەیەوە ، لەکاتی ئەم نەخۆشییەیدا ، لە خوێندن بەردەوام بوو تا پارساڵ توانی بە سەرکەوتوویی خوێندنەکەی تەواو بکات . بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو لە نێوماندا نییەو ، بە کۆچکردنی داخێکی لەسارێژنەھاتووی بەجێھێشت .
لەم چل رۆژەدا ، چەند جار ویستم بە پەخشانێک یان شیعرێک دڵی خۆم بدەمەوە ، بەڵام نەمدەتوانی ، ھەستمدەکرد وشەکان خۆیان دەشارنەوەو بەدەستمەوە نایەن ، لەئاکامدا ئەم چەند دێرەم نووسی . ئەمە ھەستێکی تایبەتی خۆمە ، ھەرچەندە نەمتوانیوە بیگەیەنمە ئاستی ئەو کۆستە گەورەیەمان ، بەڵام خوێندنەوەی ئارامیم پێدەبەخشێت ، ھیوادارم خۆڕاگری و ئارامیش بە دایک و باوکی و خوشک و براکانی و تەواوی کەسوکارمان و کەسوکاری باوکیشی ببەخشێت . ( فوئاد 22 – 2 – 2018 )

خورپەی مەرگی خۆشەویستێک
فوئاد قەرەداغی

دەنگێکی دوور رایچڵەکاندم
ھەواڵێکی جەرگبڕی پێگەیاندم
گەرووم ، گریانی تاساندم
دەنگێک ئارامیی ھەژاندم
پرزەی لەھەناسەم بڕی و
بێئاگاو بێھۆشی کردم .
دەنگێک بوو
وەک گڤەی ئازار
ھەوالێکی ناسازگار .
مەرگەساتێکی بەسوێ بوو
ھەواڵی
ژاکان و ، ھەڵوەرینی
گوڵێکی گەشاوەی پێبوو .
***********
یەکەم ھەواڵی ئەو رۆژە
خورپەی مەرگی
نازدارێک بوو
ھەواڵی کەژاوەی
کۆچی شاجوانێک بوو
ھەواڵی زامێکی قووڵی
چوار ساڵ ژانی بێ پەی
نەمامێک بوو .
************
خورپەیەک بوو
لە ناخەوە سەریھەڵداو
ئاوێزانی رۆحی
شەکەت و خەماوی
ژیانم بوو
ھەواڵێک بوو
خورپەیەک بوو
رامانی بیرمی شێواند
دڵەڕاوکێی چارەنووسی
گوڵەکەمی بزواند
گەشبینی چەندساڵی منی تاراند .
ھەواڵێکی دڵتەزێن و
ناختەزێن و ھۆشتەزێن بوو
خورپەی مەرگی جوانی و
مەرگی ورەو
مەرگی خەندەی ھەمیشەیی و
رووناکیی چلچرایەک بوو.
**************
تۆ ئەی گوڵە شیرینەکەم
ھەواڵەکەت
بۆ دڵەی زامداری من
بروسکە بوو
بیرکردنەوەو ، ئاواتی چاکبوونەوەتی
پێکام
شۆکیکردم ،
تەرازووی ھوشیاریی
تێکدام
لەناخەوە ھەژاندمی
ھێزی ئەژنۆی شکاندم و
ھەرەسێکی رۆحیی پێدام .
خورپەی ھەواڵ
خورپەی مەرگی
خونچەگوڵەکەی خاڵە بوو
ئەوە خورپەی بڕیارێکی
نەخوازراوی
چارەنووس بوو
دەستەوسانیی شارستانی و
داماویی زانستی سەردەم
لەئاست نامۆیی ژیان و
نامۆیی خودی ئینسان بوو .
***************
خۆشەویستان
پەرۆشانی مەرگی ( رێژنە )
تەماشاکەن :
ئەمڕۆ ، رێژنەبارانێکی خەمە
بەسەر دڵی ھەڵقرچاوماندا
دەبارێ
ئەمڕۆ رێژنەی سۆزی منە
توێ توێی رۆحم دەگرێتەوەو
بەبێ ئاکام
بەبێ گەڕانەوەی (رێژنە )
بەدڵێکی شکستەوە
بەنامۆیی بەجێیدێڵێ .
***************
ئەمڕۆ لە دوور
لەئارامگای ھەمیشەییت
زەنگێک ھات و
رایتڵەکاندم
حەقیقەتی کوژانەوەی
مۆمی تەمەنی تۆی
پێگەیاندم
بۆیە روو لە سەیوان دەکەم
ھاواردەکەم :
دایە لە کوێی ؟
گوڵەکەی تۆ
بۆ دیدارت بەڕێوەیە
تۆش باوەشی میھرەبانیی
بۆ بگرەوەو
وەکو جاران ، بینووسێنە
بەسنگتەوە .
ھاواردەکەم :
یاشێخ لە کوێی ؟
رۆحە شیرینەکەی ( رێژنە )
بۆت دەگەڕێت
تامەزرۆی باوەشی تۆیەو
وەک منداڵیی
بەبێ سۆزی تۆ
ناسرەوێت
بەنیازە میوانت بێت و
لە ئامێزتا ئارام بگرێت .
**************
ئەی گوڵە جوانەکەی خاڵە :
بنوو بنوو
ئارامیی جەستەی شەکەتت
لەخەوتنێکی ئەبەدیی ،
ئەبەدییەتدایە
دڵنیابە ھەمیشە
ھەر یادت دەکەین
ژینی کەمی پڕسوێت
لەبیرناکەین
21 – 2 – 2018

دیسان راسیزم … ڤالانتاین … کاندید بۆ پەڕلەمانی عێراق

18 شوبات

فوئاد قەرەداغی
دیسان راسیزم … ڤالانتاین … کاندید بۆ پەڕلەمانی عێراق

دیسان راسیزمی کوردی
پاساوی لێدانی چەند گەنجێکی عەرەب لە هەولێر بە سیناریۆ دەچێت و ، بۆنی عەقڵی ناسیونالیستی و راسیزمی کوردی لێدێت .

ڤالانتاین 2018
دیاریی رۆژی خۆشەویستیی پێشکەش بەو مرۆڤانەی ھەمیشە عەشق بەرامبەر سەرجەم کایە جیاجیاکانی ژیان ئاڕاستەیان دەکات . فوئاد 14 – 2 – 2018

کاندیدە نوێیەکان بۆ پەڕلەمانی عێراق
نوێنەرانی کورد” لە بەغدا : سەرکۆمار ، پەڕلەمانتاران ، وەزیرەکان چەند ساڵە هیچیان بۆ کورد نەکردووە ، تۆ بڵێیت کاندیدە نوێیەکان هیچیان پێ بکرێت ؟

سیستمی پەروەردە لەنێوان پیاهەڵدان و رەخنەلێگرتندا

14 شوبات

سیستمی پەروەردە لەنێوان پیاهەڵدان و رەخنەلێگرتندا

فوئاد قەرەداغی

هەڵسەنگاندنی کارەکانمان ، بەرنامەکانمان ، ئامانجی پڕۆژەکانمان ، هەنگاوێکی زانستییە ، رادەی کارایی جێبەجێکردن و چوونەپێشەوە دیاریدەکەن . چاوگێڕانەوە بە کەمووکوڕییەکاندا ، راستکردنەوەی لادانەکان ، ناسینی ئاستی تیۆری و پراکتیکی هەڵسووڕاوانی ئەو بوارانە ، بە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنەکانەوە بەندن .
ئەم راستییە زانستییە هەموو کایەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە . یەکبینەیی خەباتی مرۆڤ لە بواری ئەزموونی زانستی و بەرهەمهێناندا ، بەڵگەن بۆ چوونە پێشەوەی پڕۆسەی کار ، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی پەیتاپەیتای کارەکان و ، هەنگاونان بەرەو ئامانجەکان ، لەبەر رۆشنایی بەرەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنانەدا .
هەڵسەنگاندن وەک قۆناغێک لەو پڕۆسانەدا ، کارێکی گرنگ و چارەنووسسازەو ، شێواندن و چەواشەکاریی هەڵناگرێت . کارێکە شارەزایی و راستگۆیی دەوێت .
لەپڕۆسەی هەڵسەنگاندندا تێگەیشتن یان هەڵوێستی ( ئەرێیانەو نەرێیانە ) لە ململانێدا دەبن ، سەرکەوتنی هەڵسەنگاندن یان سەرنەکەوتنی لەو ململانێیەدا بڕیار دەدرێت .ئەم ململانێیە دوو جۆر هەڵوێست و بیروڕا یان بیروبۆچوون کاریگەرییان بەسەریەوە هەیە ، ئەوانیش : پیاهەڵدان و رەخنەلێگرتنە . ئەوانەی هەڵسەنگاندن دەکەن کاریگەرێتی لەسەر پڕۆسەکە دادەنێن ، یەکەمیان بەشێوەیەکی نەرێیانە ، دووەمیان بە شێوەیەکی ئەرێیانە .
کاریگەرێتی نەرێیانە ، لەپێگەی خۆپەرستی و بەرژەوەندیی تایبەتییەوە دەردەچێت ، تەنها هەندێک بەش یان دەستکەوت دەبینێت و پڕۆسەکە لەگشتێتی خۆیدا نابینێت یان بەمەبەست و رووپامایی بۆ بەرپرسان دەیشارێتەوە ، بەپێچەوانەشەوە رەخنەگرتن لەگشتێتی خۆیدا راشکاوانە پەنجە دەخاتە سەر کەموکووڕییەکان و ، بەرژەوەندی گشتی و سەرخستنی پڕۆسەکە رەچاودەکات و ئایندەیەکی دوور دەبینێت . ئەم هەڵوێستەش لە مەترسی تێڕوانینی خودیانە بەدەر نیە ، دەشێت هەڵسەنگاندن لەم لایەنەشەوە بابەتیانە نەبێت و پتر تیشکی سەر کەموکورتییەکان خستبێت .
ئەوەی پەیوەندی بە پێشکەوتن و سەرکەوتنی پڕۆژەو بەرنامەکانەوە هەبێت لەنێوان ئەم هەڵوێستانەدا لایەنی سەرەکییانە ، واتە رەخنەگرتنە نەک پیاهەڵدان و ستایشکردن ، چونکە بەرەخنەگرتن کەموکورتییەکان دەخرێنەڕوو ، پلانی چارەسەرکردنیان بۆ دادەنرێت و پڕۆسەی هەڵسەنگاندنیش چالاک دەبێت و ، پڕۆسەکە بە گشتی و لە وردەکارییەکانیشیدا ، هەنگاو هەنگاو ، بەڕاستەرێگا زانستییەکەدا بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەچێتە پێشەوە .
ساڵانی پێشوو لە کوردستاندا ، هەر لەدوای راپەڕینەوە ، دەیان پڕۆژەو بەرنامەو پلانی ریفۆرم و گۆڕانکاریی دانراون ، پارەوپوولێکی زۆریان بۆ خەرجکراوە، سەدان کادیری پەروەردەیی چەند ساڵ رەنجیان بۆ جێبەجێگەیاندنیان داوەو پێوەی ماندوو بوون ، بەڵام هێشتا پرۆسەی خوێندن لە کوردستاندا خاڵی سفری زۆر تێنەپەڕاندووە . ئەمە راستینەیەکە نکوولی لێناکرێت ، بەڵام دەسگا باڵاکانی سەرەوە ، بەرپرسەکانی پڕۆسەکە ، ئەوانەی خاوەنی بەرنامەو پڕۆژەکانی ریفۆرم و گۆڕانکاریی پەروەردەیین ، بەم رەخنەیە گرژدەبن، بەبیانووی ئەوەی : دەبێت رەخنەگرتن بابەتی بێت و دەستکەوتەکانیش بگرێتەوە ، رەخنەکان رەتدەکەنەوە . ئەوان ئەو راستییە ناسەلمێنن کە هەرچیەک لەم بوارەدا بکرێت ، دەستکەوتی شەخسی نییەو ، دەبێت بە تەواوی لەخزمەتی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا بێت . بەدیهێنانی دەستکەوت بۆ بواری پەروەردەو فێربوون یان هەر بوارێكیدیکەی ژیانی خەڵک ، ئەرکی سەرشانی دەسگا پەیوەندیدارەکان و بەرپرسەکانیانەو ، منەتێکی تێدا نییەو دانەوەی بە چاوی خەڵکیدا هەلوێستێکی نادروستە ، بۆیە پیاهەڵدان و زەقکردنەوەی دەستکەوتەکان دەچێتە خانەی ماستاوکردنەوەو هیچ خزمەتێک بە دواڕۆژ ناکات . تەنها رەخنەو ( تەنانەت رەخنەی توندیش ) هوشیاری دەخاتەوەو رایەکی گشتیی هوشیار بۆ ریفۆرم و گۆڕانکارییەکان زامن دەکات .

١٣ – ٥ – ٢٠١٥

دیماگوگی ئەمریکاو داگیرکاریی تورکیا

14 شوبات

فوئاد قەرەداغی
دیماگوگی ئەمریکاو داگیرکاریی تورکیا

لێکچواندن
پەیوەندی نێوان لەشکری داگیرکەری تورکیاو ھێزەکانی بەرگری لە عەفرین ، دەچوێنم بە پەیوەندیی نێوان گورگ و مەڕو دزو خاوەنماڵ ئێوە چیی دەڵێن ؟

سیاسەتی دیماگوگی ئەمریکا
ئەمریکا سیاسەتێکی دیماگوگی پەیڕەودەکات . دووڕووانە ھەڵسوکەوت دەکات . خۆشباوەڕ مەبن ، ئەو بەدوای بەرژەوەندیی ستراتیژیی خۆیەوەیەتی .

جەنگ ناکۆکییەکان دەخاتەڕوو
جەنگ تەواوی ناکۆکییەکان دەخاتەڕوو ‌‌: ( رەوایی و ناڕەوایی جەنگ ، توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەو توندوتیژیی کۆنەپەرستانە ، چەوساندنەوەو بەرگری ، سوپای خەڵک و لەشکری داگیرکەران ،رەهەندی ئومەمی و رەھەندی نەتەوەیی ).

نیشتمان موڵکی چەوساوەکان نییە

14 شوبات

فوئاد قەرەداغی
نیشتمان بۆ خەڵکی چەوساوە نییە
ھەرگیز نیشتمان بە واقیعی بۆ خەڵکی چەوساوەو نەدارا نییە . نیشتمان موڵکی دەسەڵاتداران و دەوڵەتەکەیانە . ئەرکمانە لێیانبستێنینەوە .

خۆت بە خاوەنی نیشتمان دەزانی ؟
سامانی سەر زەوی و بن زەویت دەفرۆشن ، مووچەت زەوتدەکەن ، ئازادییەکانت بەرەو ژێر سفر دەبەن ، کەسایەتیی سەربەخۆت دەسڕنەوە ، هێشتا خۆت بە خاوەنی نیشتمان دەزانی؟

جەنگی تورکیا دژی شۆڕشگێڕانی عەفرین

9 شوبات

فوئاد قەرەداغی
شوبات 2018
جەنگی تورکیا دژی شۆڕشگێڕانی عەفرین

سیاسەتی شۆڤێنیستی و فاشستی یەکتری تەواو دەکەن
سیاسەتی ستەمکاریی – شۆڤێنیستی داگیرکەران بەرامبەر نەتەوەکانی بندەستیان ، سیاسەتی سەرکوتکردنی فاشیستانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نەتەوەکەی خۆیان تەواو دەکات .

رەوایەتیی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە
بەرەنگاریی نیشتمانی بە شێوازی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە ، رەوایەتیی لە توندوتیژیی دژە شۆڕش و کۆنەپەرستانەی داگیرکەران وەردەگرێت .

جەنگی چەپەڵ و جەنگی دادپەروەرانە
چەپەڵی و دادپەروەریی دوو لایەنی جیاوازی جەنگن .
ئێستا : جەنگی تورکیا دژی کورد لایەنی چەپەڵ و، جەنگی بەرەنگاریی شۆڕشگێڕانی کوردیش لە عەفەرین ، لایەنی دادپەروەرانەی ئەم جەنگەن .

مرۆڤەکان مێژوو دروستدەکەن
ئەزموونی رۆژئاوا : مرۆڤەکان ، جەماوەری شۆڕشگێڕ مێژوو دروستدەکەن ، چارەنووسی جەنگ و داگیرکاریی بڕیاردەدەن ، نەک چەک .

ئابڕووی تکاوی تورکیا
پەلاماردانی عەفرین شکستیھێنا ، بەناوی لێپرسینەوەوە ، ئەمریکاو ناتۆ دەیانەوێت بە فریای ئابڕووی تکاوی تورکیا بکەون .