Archive | حوزه‌یران, 2018

دیمانەیەکی تەواونەکراو دەربارەی کۆمەڵە

7 حوزەیران

دیمانەیەکی تەواونەکراو دەربارەی کۆمەڵە
فوئاد قەرەداغی

چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕێیەکی رۆژنامەنووسم لە فەیسبوک پەیوەندیپێوەکردم تا دیمانەیەکم بۆ سازبکات سەبارەت بە کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان .داواکەیم پەسەندکردوو رێکەوتین لەسەرئەوەی بە مەسیج پرسیارەکانیم بۆ بنێرێت و منیش بە مەسیج وەڵامی بدەمەوە . ئەو هاوڕێیە دوای دوو یان سێ جار پرسیارکردن و وەڵامدانەوەی پەیوەندیمان پچڕاو دیمانەکەمان تەواونەکرد . ئەو هاوڕێیە ناوی ( پێشەوا ) بوو ، پێش من دیمانەی لەگەڵ چەندکەسی ناسراوو کادیری سەروەختی کارکردنی کۆمەڵە ئەنجامدابوو . لێرەدا ئەو دیمانە کورت و تەواونەکراوەی ، وەک بابەتێکی دۆکیۆمێنتی ، بڵاودەکەمەوەو ، هیوای سەلامەتیش بۆ ئەو دەخوازم .
ئەم دیمانەیە پێشتر ( 3 ی ئەیلولی 2016 ) لە وێبلاگی ( نانوئازادی ) دا ، بڵاومکردۆتەوە .

دەقی پرسیارەکان و وەڵامەکان
پێشەوا : له‌ قۆناغێكدا، كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی_ لینینی نامێنێت و ده‌بێت به‌ كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان. ئایا ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ته‌نها به‌سه‌ر ناوی ڕێكخراوه‌كه‌دا هات، یاخود ناوه‌ڕۆك و فیكره‌ی كۆمه‌ڵه‌ش ده‌ستكاری كرا؟
فوئاد قەرەداغی : بەرلەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەتان بدەمەوە ، پێویستە ئاگاداری ئەوە بن ، تەنها دەربارەی قۆناخی پێش دامەزراندن و ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆمەڵە ، دەتوانم زانیاری تەواوتان بدەمێ و بەرپرسیارێتی وشە بەوشەی لە ئەستۆ بگرم ؛ سەبارەت بەوەی هەر ئەو ساڵە ئەندامی کۆمەڵەبووم و ، وەک یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ، بەشێکی بەرچاوی بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەو ماوەیەم لەسەرشان بووە . هەر پرسیارێک سەبارەت بە ساڵانی دواتر بکرێت تەنها وەک هەر هاوڵاتییەکی کورد رایەکی شەخسیی لەسەردەدەم یان – ئەگەر هیچ زانیارییەکم نەبوو – خۆم لە وەڵامدانەوەیان هەڵدەبوێرم . ئەم پرسیارانە ئەوانەن کە زانیاری تەواوم لەسەریان نییە ، بۆیە وەڵامەکانم ئەگەری دروستی و نادروستییان تێدەکەوێت .
دەربارەی گۆڕینی ناوی کۆمەڵە لە ( کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق ) ەوە بۆ ( کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ) ، دەشێت چەند لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت . دەشێت وەک پاشەکشەو ژێوانبوونەوە لە ناوەکە یان بەرنامەکەی یان ئامانجەکانی لێکبدرێتەوە ، بەتایبەتی دوای گیانبەختکردنی ئارام و وەرچەرخاندنێکی سیاسی و پراکتیکیی لەژێر سایەی ئەو سەرکردایەتییەی کۆمەڵەی کەوتەدەست . دەشێت وەک کارێکی ئاسایی لێکبدرێتەوە چونکە لەو سەردەمەدا هەندێک لە حزبە کۆمۆنیستەکان لەبری ناوی کۆمۆنیست ، ناوی ( رەنجدەران یان کار ) یان لەخۆیان دەنا . دەشێت بۆ ” چوونەپێشەوەی ” خەباتی چەکداریی لە دێهاتەکانی کوردستاندا ناچار بەوەبووبن ناوی مارکس و لێنین لەخۆیان بکەنەوە . من پاساوێکی مارکسیانە بۆ گۆڕینی ناوەکە نادۆزمەوە ، بۆیە بۆ ئەگەری یەکەمیان دەچم . دیارە هەموو ئەوانەی ئەدەبیاتی مارکسییان خوێندبێتەوە لەوە ئاگادارن ، هەر لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمەوە ، هەمیشە لە ئەدەبیاتی مارکسی – لێنینیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە ، لەهەر قۆناخێکدا ، دەبێت ناوی حزب ، بەرنامەی حزب و ئامانجەکانی دەرببڕێت . دەبێت دەستە پێشڕەوەکەی رێکخستنی کۆمۆنیستیی خاوەن ئامانجی سۆسیالیستی و خەبات بۆ کۆمۆنیزم ، ناوی کۆمۆنیست یان هەر ناوێک نیشانە بێت بۆ کۆمۆنیست هەڵبگرێت ، ئەگەرچی پراکتیک پێوەرە بۆ دروستی و نادروستیی ناوەکەو رادەی گونجانی لەگەڵ بەرنامەو ئامانجەکانیدا .
پێشەوا :هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی کۆمه‌ڵه‌ ده‌ستگیرده‌کرێن و سێ که‌سیشیان له‌سێداره‌ ده‌درێن، به‌ڵام دواتر هه‌ندێکیان ئازاد ده‌کرێن، هه‌لومه‌رج و ڕێککه‌وتن بۆ ئازادکردنی ئه‌و سه‌رکردانه‌، له‌کاتێکدا ئه‌وان سه‌رکرده‌ی دیاری کۆمه‌ڵه‌ بوون، به‌بڕوای تۆ چۆن بووه‌؟
فوئاد قەرەداغی : لۆژیکی لێکدانەوە وەها دەخوازێت بەڵگەو دۆکیۆمێنتت پێبێ بۆ ئەو رووداوو بەسەرهاتانەی رابردوو . بەبێ ئەوە ناتوانرێت ئەمڕۆ سەرپشک بکەین بۆ بڕیار لەسەر ئەو رابردووە ، گومانخستنە سەر رابردووی هەرکەسێک بەبێ بەڵگە کارێکی نەشیاوە. من ئاگاداری ئەوە نیم ئەو هاوڕێیانەی دوای لەسێدارەدانی هاوڕێیانی نەمر ( شەهاب و جەعفەرو ئەنوەر ) ئازادکران سەرەنجامی رێکەوتنێک بووبێت ، هۆکاری ئازادکردنیان لێبوردنێکی گشتی بوو . هەڵبەت لێبوردنی گشتیش لەخەڵکی سیاسی ، هۆکاری خۆی هەیەو پەیوەستە بە دەسەڵات و کۆی ئەو ململانێیانەی لەو ئانوساتەدا دەرگیریی دەبێت .
پێشەوا : هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن مام جه‌لال یه‌که‌م سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ بووه‌، به‌ڵام وه‌ک ئیبراهیم جه‌لال باسی ده‌کات، شه‌هید ئارام هه‌رگیز وه‌ک سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ نه‌ناسێنراوه‌، به‌ڵکو وه‌ک برا گه‌وره‌ دانراوه‌، بۆچوونی تۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟
فوئاد قەرەداغی : لە مێژووی کۆمەڵەدا ، لە دامەزراندنیەوە تا هەڵوەشاندنەوەی ، دووکەس بە فەرمی سکرتێری کۆمەڵە بوون ، ئەوانیش : مامجەلال و نەوشیروان مستەفا بوون . بەڵام لەو نێوەدا دوو ماوەی تێدەکەوێت تیادا هەر یەکە لە گیانبەختکردووان : شەهاب شێخ نوری و شاسوار شێخ جەلال ( ئارام ) بە عەمەلی سکرتێری کۆمەڵە بوون ، ئەویان هەتا گرتن و لەسێدارەدانی ، ئەمیشیان لە چوونی هاوڕێیانی سەرکردایەتییەوە بۆ ئێران تا تێرۆرکردنی لە سەرەتای ساڵی 1978 دا لە گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی قەرەداغ .
پێشەوا : یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دوای كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران دروست ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستبوونییه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌دا ده‌كه‌وێته‌ كێشه‌، بۆچی یه‌كێتی كۆمه‌ڵه‌ی قبوڵ نه‌بووه‌، ئایا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌ بوونی كۆمه‌ڵه‌دا ئه‌وان ناتوانن كاری سیاسیی بكه‌ن و ببنه‌ حیزب و ڕێكخراوێكی دیار؟
فوئاد قەرەداغی : بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی هەموواندایە ، رێژەیەکی بەرچاوی دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەندامی کۆمەڵە بوون . کۆمەڵە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی راگرتنی یەکێتیی نیشتمانی بووە ، هێزی گەورەی بەرەنگاربوونەوەی بەعس ، چەکداران و رێکخستنەکانی کۆمەڵە بوون . یەکێتیی نیشتمانی وەک بەرەیەک پێکهات بەو نیازەی کۆمەڵە سەرکردایەتیی بکات . من هیچ زانیارییەکی پشتبەستوو بە بەڵگەو دۆکیۆمێنتم لەلانییە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ” هەر لەگەڵ دروستبوونییەوە راستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵەدا ” کێشەی هەبووبێت ، یان” کۆمەڵەی قبوڵ نەبوو ” بێت .
پێشەوا : له‌ناو یه‌کێتیدا، مام جه‌لال و خه‌تی گشتی بوون که‌ دژایه‌تی کۆمه‌ڵه‌یان ده‌کرد، یاخود باڵه‌کانی تر بوون؟
فوئاد قەرەداغی : ململانێی نێوخۆی هەر حزبێک یان بەرەیەک رەنگدانەوەی ململانێکانی نێو کۆمەڵگایەو دیاردەیەکی ئاساییە . مامجەلال سیاسییەکی خاوەن ئەزموونە ، شارەزایەکی کەموێنەیە لە ئیدارەی سیاسەت و ململانێ سیاسییەکاندا ، بۆیە پێموانییە دژایەتی کۆمەڵەی کردبێت ، یان بە شەخسی رێیدابێت چ خەتی گشتی و چ هیچ ” باڵێک ” دژی کۆمەڵە کاربکەن ، بەڵکو بەپێچەوانەوە ، ئەوە لۆژیکیترە هەوڵی دابێت هەموویان لەژێر سایەی خۆیدا یەکبخات یان کۆیانبکاتەوە .
پێشەوا : کاتێک که‌ یه‌کێتی درووستده‌بێت، کێشه‌یه‌ک دێته‌ ئاراوه‌، ئایا یه‌کێتی ببێته‌ حیزبی پێشڕه‌و و کۆمه‌ڵه‌و ئه‌وانی تر ببنه‌ به‌ره‌، یان کۆمه‌ڵه‌ ببێته‌ حیزبی پێشڕه‌و و یه‌کێتی و ئه‌وانی تر ببنه‌ به‌ره‌، وه‌ک پشکۆ نه‌جمه‌دین ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ بووه‌ ماکی زۆرێک له‌و کێشه‌و گیروگرفته‌ی دواتر هه‌ناوی کۆمه‌ڵه‌ی گرت، خوێندنه‌وه‌ی تۆ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ چۆنه‌؟
فوئاد قەرەداغی : یەکێتیی نیشتمانی وەک رێکخستنێکی شێوە بەرەیی دروستبوو ، نیازوابوو کۆمەڵە ناوکی سیاسی و پێشڕەو بێت .ئەزموونەکە نیمچە کۆپییەکی ئەزموونی چین بوو کە سێ ئامرازیان بە مەرجی رزگاری دەزانی : حزبی پێشڕەو ، لەشکرو جەنگی گەل و بەرەی نیشتمانیی یەکگرتوو لەژێر سەرکردایەتی حزبدا . من بەشداریی خەباتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵەو یەکێتیم نەکردووە تا بیروبۆچوونی کەس پشتڕاستبکەمەوە ، بەڵام واقیعەکە وەهابوو : نە کۆمەڵە حزبی کۆمۆنیستی چین بوو ، نە هێزی پێشمەرگە لەشکری گەل بوو ، نە خەباتە چەکدارییەکە جەنگی گەل بوو ، نە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و دواتریش بەرەی کوردستانی ، بەرەی نیشتمانیی یەکگرتووی شێوە چینی بوون بەپێی پرنسیپەکانی ماوتسیتۆنگ ، بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانم رایەکەی پشکۆ نەجمەدین بسەلمێنم .
پێشەوا : مامۆستا موحسین، له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا که‌ من له‌گه‌ڵم کردووه‌، ئاشکرای ده‌کات، به‌شێکی زۆری ناکۆکییه‌کانی نێوان سه‌رکرده‌کانی کۆمه‌ڵه‌، دواتر یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌، کۆمه‌ڵه‌ و ئاڵای شۆڕش له‌سه‌ر پۆست و پله‌ بووه‌و که‌متر ناکۆکی فیکریی بوون، تۆ چۆنی ده‌بینیت؟
فوئاد قەرەداغی : مامۆستا موحسین کەسێکە خاوەن بیروڕای خۆیەتی ، نووسەرێکی سەنگین و ، بابەتی ( موضوعی ) یە لە نوسینەکانیدا ، بەشداریی ململانێکانی نێو کۆمەڵەو یەکێتیی نیشتمانی و ئاڵای شۆڕش – ی کردووە و بە وردی لێیان ئاگادارە ، بۆیە پێموایە رێژەیەکی بەرزی راستگۆیی تێدایە . رەنگە یەکەم ناکۆکیش لەنێو کۆمەڵەدا کە بە دەرچوونی من و چەند هاوڕێیەکم لە کۆمەڵە کۆتایی هات ، ئەو ئەنجامگیرییەی مامۆستا موحسین بیگرێتەوە ، ئەگەرچی لەو سەرەتایەدا ئێمە تەنها ناکۆکییەکی فیکریی سەرەکیی گێژیدەداین و ، لەجێی پۆست و پلە ، گرتن و راوەدوونان و کوشتن و سێدارە لە چاوەڕوانیماندا بوو .
پێشەوا : ئه‌گه‌رچی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ت داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام من هه‌م له‌به‌ر گرنگییه‌که‌ی، هه‌م هاوکاتی وه‌ڵامه‌کانی پێشوت هه‌ندێ ورده‌کاری ترم ده‌وێت. کێ بوون دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌، له‌ کوێ کۆبوونه‌وه‌، ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه‌، ته‌واوی ورده‌کاری گفتوگۆکانی نێوانتانه‌ له‌ بڕیاردانتان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه‌ مارکسی-لینینییه‌؟
فوئاد قەرەداغی : بیرۆکەی پێویستیی سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد بە سەرکردایەتییەکی شۆڕشگێڕی مولتەزیم بە مارکسیزم – لێنینیزم ، بۆ چەند ساڵێکی بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵە دەگەڕێتەوە ، بیروبۆچوونی جیاجیا هەبوو بەڵام بەیاننامەی ١١ ی ئازارو شکستی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بیرۆکەکەی روونتر خەمڵاندو ، دەستبەکاربوونی کردە زەرورەتێکی کاری رێکخراوەیی ئەو سەردەمە ، دەڵێم ئەو سەردەمە ، واتە پەیوەند بە بارودۆخە جیهانییەکەی کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو. لەبەرئەوە تەوەرەی باس ، دامەزراندنی ئەو رێکخراوە بووە بەبێ ئەوەی وردەکاریی ، بەپێی چەمکە سیاسییەکەی ئەمڕۆ رەچاوکرابێت . ئەمڕۆو ئەو کاتەی دامەزراندنی کۆمەڵە دوو جیهانی جیاوازن ، بۆیە نابێت وێنای دامەزراندنی رێکخراوێک لە کەشوهەوای ئەمرۆدا بدرێت بەسەر ئەو کەشوهەوایەی کۆمەڵەی تێدا دروستبوو . دامەزرێنەرانی کۆمەڵەش هەموو ئەو هاوڕێیانە بوون لە شانە رۆشنبیرییەکاندا بۆ ئەو مەبەستە سەریان بەیەکەوە نابوو ، بەبێ ئەوەی رێکخستنێکی فەرمی پێکەوە کۆیانبکاتەوە . زێتر هاوڕێیەتی ، یەکترناسین ، ئینتیمای حزبییانەی رابردوو ، موتمانەبەیەکتری ، بڕوابوونی تەواو بە رەوایی بیرۆکەکەو کارکردن بۆ بەدیهێنانی رایەڵی یەکگرتن و بردنەپێشەوەی پرۆژەکەبوون .ئەو هاوڕێیانەش کە لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیارەکەیاندا و بە دەستەی دامەزرێنەر ناسران و یەکەم کۆمیتەی سەرکردایەتی کۆمەڵەش بوون ، جێ موتمانەی گشت هاوڕێیانیدیکە بوون و کارەکەیان بە ئاسایی وەرگرت و بە ریزەکانی رێکخستنەوە پەیوەستبوون .
پێشەوا : ئایا، له‌و ئانو ساته‌دا، ڕێکخراوێکی مارکسی-لینینی پێویست بوو، ئه‌مه‌ بێ هیوابوون بوو له‌ ڕێکخراوه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و جۆرانه‌ی تر که‌ تا ئه‌وکاته‌ هه‌بوون؟
فوئاد قەرەداغی : دامەزراندنی هەر رێکخراوێکی سیاسی بەندە بەو هەلومەرجە سیاسییەی رێکخراوەکە بۆ وەڵامپێدانەوەی دروست دەبێت . دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی لەو ” ئانو ساتەدا ” بۆ وەڵامدانەوەی بارودۆخە سیاسییەکەی کوردستان بوو بە کاریگەرێتی بارودۆخە سیاسییە جیهانییەکە . بێ هیوابوون لە هەردوو باڵەکەی پارتی ( باڵی بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی ) یەکێک لە هۆکارەکان و ، لەڕاستیدا هۆکارێکی بەرچاوو کاریگەر بوو . لەبەر ئەوە زۆر پێویست بوو . بۆ دوارٶژیش ، هەرکاتێک ، ئەرکەکانی شۆڕش ، جا شۆڕشی دیموکراتی یان سۆسیالیستی بێت لە مەترسیدابوون ، دەسەڵاتی بۆرژوا نەیتوانی بەدییانبهێنێت ، ئەوا رێکخستنێکی کۆمۆنیستی دەبێتە پێویستییەکی ناچاریی بۆ پێشڕەویکردنی بزووتنەوەی سیاسیی بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی ریشەیی سیاسەت و ئابووری و سیستمی کۆمەڵایەتی .
پێشەوا : ئاشکرایه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌باره‌ت به‌ شووناسی ئه‌و ڕێکخراوه‌ کێشه‌ درووستده‌بێت، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ڕێکخراوێکی سه‌رانسه‌ری گشتگیر بێت بۆ عێراق یان تایبه‌ت بێت به‌ کوردستان، ئه‌مه‌ کێشه‌ی شوناسی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌، به‌ڕێزت که‌ یه‌که‌م په‌یڕه‌وی ئه‌و ڕێکخراوه‌ت نووسیوه‌و دوای ساڵێک ئه‌و کێشه‌یه‌ دێته‌ ئاراوه‌، له‌ په‌یڕه‌وه‌که‌ چۆن ناوی ڕێکخراوه‌که‌ هاتووه‌ که‌ خۆت نووسیوته‌، كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی-لینینی كوردستانی عێراق/ بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ، یان كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی-لینین/ بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ؟
فوئاد قەرەداغی : ئێمە کێشەیەکمان لەسەر شوناسی رێکخراوەکە نەبوو ، هەمومان کۆکبووین لەسەر شوناسی مارکسی لێنینی ( ماویست ) انەی رێکخراوەکە . کێشەی ئێمە دوای ماوەیەک لەسەر جێوڕێی کۆمەڵە لەنێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئەو کاتەی عێراقدا بوو .
ئێمە کێشەمان لەسەر کارکردن لە سنووری کوردستاندا نەبوو ، بەو مانایە رێکخراوەکەمان ” کوردستانی ” بوو ، کەسێکمان ئەو کاتە بیری لەوە نەدەکردەوە بچێت لە بەسرە یان ناسرییە یان کوت و عیمارە یان لە هەر شارێکی عەرەبنشیندا کار بۆ ئەم رێکخراوە بکات ، واتە کۆمەڵە بکاتە رێکخراوێکی ” سەرانسەری و گشتگیر بۆ عێراق ” . کێشەی ئێمە لەسەر ئەوەبوو : ئایا ئێمە دەستەیەک دەبین لەنێو ئەو دەستە مارکسییە لێنینییانەدا کە حزبێکی کۆمۆنیستیی عێراقی لە دوارۆژدا پێکدەهێنن یان حزبێکی کۆمۆنیستیی کوردستانی دروست دەکەین کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتیی کورد بکات .
دەربارەی ناوی کۆمەڵەش وەک لە یەکەم بەرنامەو پێڕەودا هاتووە ، بەم جۆرەیە ” کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق ” . بەڵام لە بڕگەیەکی بەرنامەو پێڕەویشدا سەبارەت بە سەرچاوەی ئایدیۆلۆژیی کۆمەڵە : ” مارکسیزم – لێنینزم – بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ ” دیاریکراوە . ئەو کاتە حزب و رێکخراوە ماویستەکان وەها شوناسی خۆیان بەیاندەکرد . ئێستا ئەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە ، حزب و رێکخراوە ماویستەکانی ئەمڕۆی جیهان : ” مارکسیزم – لێنینزم – ماویزم ” وەک شوناسی خۆیان بەکاردەهێنن .
پێشەوا : بۆچی کێشه‌ی شووناسی ئه‌و ڕێکخراوه‌ دوای ساڵێک دروست ده‌بێت، ئایا له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌لاتانه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌و ته‌نها بیرتان له‌ دروستکردنی ڕێکخراوێکی چه‌پی شۆڕشگێڕ کردۆته‌وه‌، یان هۆکاری تری هه‌بوو؟
فوئاد قەرەداغی : کێشەی ستراتیژی کاری رێکخراوەکەو دوارۆژی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی لە عێراقدا ( نەک شوناس ) دوای چەند مانگێک سەریهەڵدا ، بەڵام یەکلاییکردنەوەی ساڵێکی خایاندو بە دووکەرتبوونی کۆمەڵە کۆتاییهات .
ئێمە هەر لە سەرەتاوە بەلامانەوە گرنگ بووە رێکخراوەکە شوناسێکی ئاشکرای هەبێت و لەبەرتیشکی ئەو شوناسە دیاریکراوەدا کاری سیاسی و رێکخراوەیی بکات ، بۆیە هەر کەسێک شوناسی رێکخراوەکەی پەسەند نەکردایە ، واتە مارکسیزم – لێنینزم – بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ ، لە کۆمەڵەدا وەرنەدەگیرا . ئێمە بە وردی و دیاریکراوی مەبەستمان پێکهێنانی رێکخستنێکی کۆمۆنیستیی شۆڕشگێڕ بوو نەک رێکخراوێکی رادیکاڵ و چەپی رەهاو بێ سنوور .
هاوڕێیانی کۆمەڵە ، چ ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و چ ئەندامانی شانەکان ئاستی بیرکردنەوەیان لە یەکترییەوە نزیکبوو ، میتۆدی بیرکردنەوەشیان لەیەک بازنەدا بوو ، هەموویان لە حزبێکی بۆرژوازیی نەتەوەیی کوردییەوە هاتبوون ، بەڵام دوای دەستبەکاربوون بەکاری نوێیان ، بەرە بەرە پرنسیپە مارکسییەکان کاریگەرێتییان لەسەر ئایدیاو بۆچوونی سیاسییان دادەنا ، پڕۆسەی گەشەکردن هاوتەریبی کارکردنیان دەڕٶیشت ، یاسای یەکبوون و ململانێی دژەکان لەو پڕۆسەیەدا کاری خۆی دەکرد ، لەبەر ئەوە ئاسایی بوو ململانێکە ، وەک یاسای رەهای چوونەپێشەوەی رێکخستن پەرەبسێنێ و لەدوائاکامدا پلە پلە سەرکەوێت تا لە ناکۆکیی ( رێکخراوێکی عێراقی یان رێکخراوێکی کوردستانی ) دا بەرجەستە ببێت . کەواتە بیرکردنەوەی سەرەتاو بیرکردنەوەی دواتر لەڕەوتی کاری رێکخراوەییدا بە راوەستاویی نەماوەتەوە ، بەڵکو لە جووڵاندا بووەو ، بیرکردنەوەی نوێ و بۆچوونی سیاسیی نوێی لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی مارکسیزم – لێنینزم – بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ هەڵێنجاوەو هەر یەکێک بەپێی ئاست و لێکدانەوەی خۆی هەڵوێستی چینایەتی خۆی یەکلاییکردۆتەوە .
پێشەوا : ئێوه‌ که‌ دواتر به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ ده‌کشێنه‌وه‌، به‌هانه‌و مه‌به‌ستتان له‌ دروستکردنی ڕێکخراوێکی چه‌پی شۆڕشگێڕی عێراقی چی بوو، بۆچی ده‌تانویست ڕێکخراوه‌که‌ به‌وجۆره‌ گشتگیر بێت و بۆ هه‌موو عێراق بێت؟
فوئاد قەرەداغی : گەشەکردنی ناکۆکییەکان یەکبوونی سەرەتای تێکشکان و زەمینەی دووکەرتبوونی خۆشکرد ، پەیوەندی نێوانی هەردوو لایەنی ناکۆکییەکەی بەبنبەست گەیاند . ململانێکە بووە ناکۆکیی شێوە بیرکردنەوەی نەتەوەیی و شێوە بیرکردنەوەی ئینتەرناسیۆنالیستی . لەسایەی ئەم دوو شێوە بیرکردنەوەیەدا و لێکدانەوەیان ، وەڵامی ئەوەمان دەستدەکەوێت کە بۆچی دواتر لایەنێکیان رێکخراوێکی نوێی ” عێراقی ” دادەمەزرێنێت . لەم روانگەیەشەوە دەتوانین لەوە بگەین بەهانە لە ئارادا نەبووە ، هەروەها لەوەش دەگەین بۆچی ئەو لایەنەیان ویستویەتی رێکخراوەکە گشتگیرو بۆ هەموو عێراق بێت .
پێشەوا
ده‌وترێت، کۆنفرانسی مالیمۆس، سه‌ره‌تای هه‌وڵی توانه‌وه‌ی فکره‌ی کۆمه‌ڵه‌ بوو، ئه‌وه‌ی من به‌دوایدا چووم، له‌و کۆنفرانسه‌وه‌ کێشه‌کان په‌ره‌ ده‌سه‌نن و تا دواتر له‌ ئاڵای شؤڕشدا ده‌گاته‌ ترۆپک. تۆ “وه‌ک به‌شداربوو نا، وه‌ک که‌سێکی ئاگادار”، پێتوایه‌ له‌و کۆنفرانسه‌وه‌ هه‌وڵی توانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ درا؟
فوئاد قەرەداغی
من بڕوام بە تیۆری ” پیلانگێڕان ” نییە ، بوونی ئیرادەیەکی بڕیاردراو نابینم بۆ توانەوەی کۆمەڵە ، بەتایبەتی لەو سەرەتایەو هەلومەرجی خەباتی چەکداریدا . گرفتە سیاسییەکان لە پەرەسەندنیاندا کێشەی نوێ ، بیروبۆچوونی نوێ ، ئەلتەرناتیڤی نوێ بەدوای خۆیاندا دەهێنن ، بەوپێیەش رێگاچارەی جیاجیاش سەرهەڵدەدات بەگوێرەی هاوکێشەسیاسییەکان چ لەسەر ئاستی نێوخۆ یان لەسەر ئاستێکی فراوانتردا .
هیچ رێکخستنێک نییە بێ کێشە بێت ، بەتایبەتی ئەگەر سەرەتای دامەزراندن و کارکردنی بێت ، هەڵبەت کاریگەرێتی کۆمەڵگەش بەسەر کێشەکانەوە هەیە ، سەبارەت بەوەی ئەندامانی رێکخستن ( حزب یان رێکخراو ) لە نێو چینەکانی کۆمەڵگەوە دێن و ، بەگشتی چاک و خراپی کۆمەڵ و رەفتارو رەوشتێ کە رەنگدانەوەی شوناسی چینایەتییانە ، بۆ نێو رێکخستن دەهێنن . لەبەر ئەوە سەرهەڵدانی کێشەو گرفت ئاساییەو پەیوەندی بە ” هەوڵ ” ی نەخشەبۆدانراوەوە نییە. کۆمەڵە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە مەحکومبوو بە چەند ناکۆکییەکەوە ، بۆیە توانەوەی لە رێکخستنێکی نەتەوەیی فراواندا لەگەڵ واقیعی ئەو کاتەدا گونجاوبوو .
پێشەوا
مامۆستا پشکۆ نه‌جمه‌دین “ببووره‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ ناو دێنم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت زانیارییه‌کانم پشتبه‌ست بکه‌م به‌ دیکۆمێنتی بۆ به‌ڕێزت”، ده‌ڵێت ئارام، پێش ئه‌وه‌ی شه‌هید بێت، وتوویه‌تی که‌ هه‌رگیز مه‌هێڵن نه‌وشیروان مسته‌فا بێته‌ ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه‌، به‌ڕێزت ئاگاداری وه‌ها قسه‌یه‌ک بوویت له‌گه‌ڵ شه‌هید ئارامدا؟
فوئاد قەرەداغی
بەر لە شەهیدبوونی ئارام ، دەنگۆی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ کوردستان ، وەک سکرتێری کۆمەڵە ، هەبوو . ئەو زانیارییەی کاک پشکۆ بەو تەعبیرە و بە داڕشتنی جیا یان نزیک لێیەوە لە نێو ئەندامانی کۆمەڵەدا هەبوو . من لە هاوڕێ ئەوڕەحمانی حاجی مەلا صدیقی قەرەداغی ، کەماوەیەک لە مەفرەزەکەی ئارامدابوو ، ئەوەم بیستوە کە ئارام پێی وابووە : ” نەوشیروان ” ئیشەکەیان ” لێتێکدەدات ” .
پێشەوا
نه‌وشیروان مسته‌فا، وه‌ک دواتر خۆی له‌ چاوپێکه‌وتنێکی گۆڤاری گوڵاندا باسی ده‌کات، هیچ بڕوای به‌ فکری کۆمه‌ڵه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر ده‌کرێت به‌ سکرتێری کۆمه‌ڵه‌، زانیارییه‌کانت له‌وباره‌وه‌ چۆنن و خوێندنه‌وه‌ت چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌و باوه‌ڕی به‌و فکره‌یه‌ نه‌بووه‌و که‌چی ده‌شکرێت به‌ سکرتێر؟
فوئاد قەرەداغی
ئەگەر ئەوە راست بێت نەوشیروان ، کاتی وەرگرتنی پۆستی سکرتێری کۆمەڵە ، بڕوای بە فیکری کۆمەڵە نەبووبێت ، ئەوا دەبێتە خاڵێکی نەرێیانە لە ژیانی سیاسی ئەودا ، چونکە دەبێتە جۆرێک لە فێڵی سیاسی و هەمیشە کاری سیاسی ئەو دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، بەتایبەتی دەیان کادیرو پێشمەرگەی کۆمەڵە لەژێر ئاڵای بیروباوەڕی کۆمەڵەدا گیانیان بەختکردووە ، کۆمەڵەیەک بەو باوەڕەوە کە ئەو رابەری بووە و دەیان وتاری لەبەر تیشکی ئەو بیروباوەڕەدا بۆ نووسیون و گیانی فیداکارییانی تێدا جۆشداون .
پێشەوا
ئێستا ده‌مه‌وێت پرسیارێکی تر بکه‌م و تۆزێک بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌، ئه‌وکاته‌ی ئێوه‌ وازتان له‌ کۆمه‌ڵه‌ هێنا، وه‌ک باسیشی ده‌که‌یت، له‌به‌رده‌م گرتن و له‌سێداره‌داندا بوون، ئایا هیچ هه‌وڵێکی له‌م چه‌شنه‌ به‌رانبه‌رتان کراو سه‌ر نه‌گرێت، ئایا ئه‌وه‌ی دواتر به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئاڵای شۆڕشدا دێت، پێشبینیتان ده‌کرد به‌سه‌ر ئێوه‌ش بهێندرێت، چی رێگر بوو له‌به‌رده‌م ڕوودانی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌دا؟
فوئاد قەرەداغی
بۆ ئەوەی وردتربم لە داڕشتنەکەمدا ، ئێمە لەبەردەم گرتن و لەسێدارەداندا بووین ، بەو واتا گشتییەی هەر کەسێکی سیاسی نەیاری بەعس دەبووە چارەنووسی . ئێمەی هەڵسوڕاوانی ئەو کاتە سەرەتاییەی دامەزراندنی کۆمەڵە گرنگییەکی زۆرمان بە نهێنی کارەکانمان دەدا تا لەسێ لایەنی بشارینەوە : ( بەعس ، پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەردوو باڵەکەیەوە ) ، لەوەشدا سەرکەوتووبووین . ئەوەی بەسەر ئاڵای شۆڕش هات لە دۆخێکیدی و هەلومەرجێکیدیکەدا بوو ، ئەوان تا رادەیەک کارکردنیان ئاشکرابوو ، ئەو لایەنەش کە بەرەوڕووی گرتن و راوەدوونانی کردنەوە خودی سەرکردایەتی کۆمەڵەو بزووتنەوە چەکدارییەکە بوو .
پێشەوا
بەڕێز کاک فوئاد، دەمەوێت ئێستا هەندێ پرسیارت دەربارەی ئاڵای شۆڕش لێ بکەم. ئەوانەی کە ئاڵای شۆڕشیان جیا کردەوە، باس لەوە دەکەن کە ئەوان لەبەر هێشتنەوەی بنەما سەرەکییەکانی فیکری کۆمەڵە ئەو کارەیان کردووە تا چەند ئەمە بە هۆکار دەزایت؟
فوئاد قەرەداغی
وەک پێشتر وتم ، لە نزیکەوە ئاگاداری کاری ئاڵای شۆڕش و ململانێکانی نێوخۆی نەبووم ، هەر زانیارییەکیشم لەسەری هەبێت ، لەو نووسینانەوە وەرمگرتوە کە هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش نووسیویانە . من بنەما سەرەکییەکانی فیکری کۆمەڵە لە مارکسیزم – لێنینیزم – فیکری ماوتسیتۆنگ – دا دەبینم ، لە بەرنامەی لانیکەمی شۆڕشی دیموکراسیی نوێ و ستراتیژی خەبات بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمدا دەبینم ، لە لەشکری گەل و جەنگی گەل و بەرەی نیشتمانی یەکگرتوودا دەبینم . ئایا جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش و تەوەرەی ململانێی لەگەڵ کۆمەڵەی رەنجدەراندا لەسەر ئەو پرنسیپانە بوو ؟ ئایا ئەم بنەما فیکری و سیاسییانەیان هێشتەوەو بەرگرییان لێکرد ؟ پێموایە لە وەڵامی ئەم دوو پرسیارەمدا وەڵامی پرسیارەکەت دەستدەکەوێت .
پێشەوا
مامۆستا پشکۆ دەڵێت، ئێمە نە ناومان ئاڵای شۆڕش بوو، نە جیاشدەبووینەوە، بەڵکو ناوەکەو جیابوونەوەکەیان بەسەردا بڕین، ڕاوبۆچوونت لەوبارەیەوە چییە؟
فوئاد قەرەداغی
دیارە مامۆستا پشکۆ لەهەموو کەس ئاگادارترە ، بۆیە دەبێت رایەکەی ئەو بەهەند وەربگیرێت . من نازانم کێ ئەو ناوەی بەسەردا دابڕیون ، ئەو ناوە ( ئاڵای شۆڕش ) ، ناوی ئەو بڵاوکراوەیە بوو کە یەکەمجار ئارام – ی گیانبەختکردوو دەریکرد ، بۆیە دەشێت بۆ رێزگرتن لە ئارام ، ئەو ناوە لەلایەن خودی هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕشەوە لەخۆیانیان نابێت ، وەک ئاماژەیەک بۆ لایەنگیریی و ئیلتیزامی ئەو هاوڕێیانە بە رێبازەکەی ئارامەوە ؛ هەڵبەت جیابوونەوەش بەرەنجامی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان دەبێت ، کاتێک چارەسەری ناکۆکییەکان دەگاتە بنبەست و خاڵی تێگەیشتن و پێکگەیشتن لەنێواندا نامێنێت ، ئیتر جیابوونەوە بەرەنجامێکی لۆژیکیی دەبێت ، لەبەرئەوە لایەنێک خۆی بچێتەدەرەوە یان بە ئیجرائێکی رێکخراوەیی بیکەنە دەرەوە ، یان بەشێوازی فشار چوونەدەرەوەیان بەسەردا بسەپێنرێت ، سەرەتا هەروەکو یەک دەکەونەوە ، دواتر ئەگەرە جیاجیاکانی ململانێکەو ئاکامەکانی ، جۆری پەیوەندییەکانی هەردوو لایەنەکە دیاریدەکەن و ، دۆستایەتی یان دابڕانی نێوانیان دەبنە بەشێکی واقیعەکە .
پێشەوا
وەک دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، ڕووداوی دەستگیرکردنی دامەزرێنەرانی ئاڵای شۆڕش کارێکی ئازارهێنە. تۆ پێتوایە سەرکردایەتی کۆمەڵە نەیدەتوانی ڕیگایەکی تر بۆ سزادانیان بگرێتەبەر نەک ئازار و ئەشکەنجە؟
فوئاد قەرەداغی
دەبێت ئەم پرسیارە ئاڕاستەی سەرکردایەتی ئەو کاتەی کۆمەڵە بکرێت ، رەنگە ئەوان بۆ ئەم کارەیان پاساوی خۆیان هەبێت ، بەڵام وەک پرنسیپی رێکخراوەیی ، سزادان : ( ئەگەر هەڵەیەک لە ئارادا بێت یان لادانێک هەبێت ) ، دەبێت بەپێی پێڕەوی ناوخۆی رێکخراوەکە بێت ، دیارە ئەو سزادانە رێکخراوەییە جەستەیی نابێت ، دەبێت چارەسەری ” نەخۆشەکە ” بێت نەک کوشتنی ، راستکردنەوەیەکی هاوڕێیانە بێت نەک تێکشکاندن و ناوزڕاندن ، ململانێی فیکری و سیاسی بێت نەک شەڕو بەیەکداهەڵپژانی شەخسی .
پێشەوا
بۆچوونێک هەیە دەوترێت، ناکۆکییە شەخسییەکانی نێوان نەوشیروان مستەفا و مەلا بەختیار، بەتایبەت لە دوای شەهید بوونی ئارامەوە، هۆکاری سەرەکی بوو لەو ئازاردان و دەستگیرکردنەدا خوێندنەوەی تۆ چۆنە؟
فوئاد قەرەداغی
هەر هۆکارێک لە پشت ئەو گرتن و ئازاردانە جەستەیی و دەروونییەوە بووبێت ، کارێکی نەشیاوو ، بەدەر بووە لەپرنسیپە شۆڕشگێڕییەکانی کاری ” رێکخراوی شٶڕشگێڕانە ” و بنەماکانی پەیوەندیی گیانی بەگیانی نێو ریزەکانی ” لەشکری شۆڕشگێرانە ” ی گەل لەهەلومەرجی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی دڕندەی وەک بەعسدا .

فوئاد قەرەداغی : دەربارەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی / بۆ ( گۆڤاری سڤیل ) دەدوێت …

5 حوزەیران

فوئاد قەرەداغی : دەربارەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی
بۆ ( گۆڤاری سڤیل ) دەدوێت …

تێبینی
1 ) هەموو ئەو هاوڕێ و کەسایەتییانەی لەم دیمانەیەدا ناویان هاتووە ئەوپەڕی رێزیان لەلامان هەیە ، داوای لێبوردنیان لێدەکەم کە هیچ پێشگرو پاشگرێکی وەک ( کاک و براو مامۆستاو شەهیدو … هتد ) م بە ناوەکانیانەوە نەلکاندووە ، وەک پێڕەوکردنی شێوازی سەردەمیانەی نووسین .

2 ) هاوڕێیان و دۆستان و سۆراخکارانی ئەم دیمانەیە ئاگادار دەکەم کە :
١ ) گۆڤاری سڤیل لەهەر سێ بەشی دیمانەکەدا چەند پرسیاریان ، بەخۆیان و وەڵامەکانەوە هەڵگرتووەو ، بەهەر هۆیەکەوە بێت بڵاویاننەکردۆتەوە .
٢ ) تایتڵ و چەند دێڕی پێناسەی سەرەتاو ئەو نووسینانەی وەک بۆکس دەرخراون لەلایەن ئامادەکار یان رێکخەرانی دەقی دیمانەکە لە ( سڤیل ) دانراون .
٣ ) لەبەر ئەوە بە پێویستمزانی تەواوی دیمانەکە ( هەرسێ بەشەکە ) پێکەوە دابگرم و بەرپرسیارێتیم لە وشە بە وشەی رابگەیەنم . (فوئاد قەرەداغی)
سڤیل: مامۆستا فوئاد قەرەداغی، کەی دەستی بەکاری سیاسی کرد؟ چۆن و لەرێی کام رێکخستنەوە ؟ دەستان بەکاری حزبی کرد ؟
قەرەداغی : دوای شۆڕشی ١٤ ی تەموزی ، ١٩٥٨ لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکاندا ، چوومە ریزی ( یەکێتیی قوتابیانی کوردستان )ەوە . ئەو کاتە قوتابی پۆلی دووەمی ناوەندی بووم لە ناوەندیی سلێمانیی کوڕان . ساڵی خوێندنی ١٩٥٩ / ١٩٦٠ لە ناوەندیی شۆڕشی کوڕان ، کەیەکەم ساڵی کردنەوەی بوو، پارتی یەکەم شانەی لەو ناوەندییەدا رێکخست ، من ئەندامێکی ئەو شانەیە بووم
سڤیل: لەناو پارتیدا تا چ ئاستێک لەپلەی حزبیدا رۆشتن ؟
قەرەداغی : دوا ئاستی پلەی حزبیم لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ، دوای یەکگرتنەوەو تێکەڵبوونەوەی هەردوو باڵەکەش ، ئەندامی لقی چوار بووم .
سڤیل: بەڕێزت لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی جیا نەبونەوە؟
قەرەداغی : من هەر لەسەرەتاوە تا تێکەڵبوونەوەی هەردوو باڵەکە لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسیدا بووم .
سڤیل: تا ساڵی چەند لەگەڵ پارتی مایتەوە؟
قەرەداغی : هەتا سەرەتای مانگی ئابی ١٩٧١ . ئەو کاتە یەک حزب هەبوو بەناوی پارتییەوە بەسەرۆکایەتی بارزانی مستەفا .
سڤیل: دوای ئەوە ئێوە دەستتان کرد بە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵە، یان چی ئەی ساڵی ٧١ کام حزبی تر هەبوو ئاشکراو راگەیەنراو بێ ؟
قەرەداغی : من لە ئابی ١٩٧١ دا وازم لە پارتی هێنا ، پێشتریش لە کۆتایی تەموزی هەمان ساڵدا ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە کۆمەڵە جیابووینەوەو وازمان لێهێنا ، دوای ئەوەی ساڵێک و دوو مانگ کارمان تێداکرد . دوای ساڵی ١٩٧١ تا هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٤ دا، تەنها پارتی و حزبی شیوعی ( هەرێمی کوردستان ) ئاشکراو راگەیەنراو بوون .
سڤیل : ئێوە لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەن، یان لە کادرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەن. بەشێك لە رۆشنبیرانی سیاسی پێیان وایە كە كۆمەڵەی ماركسی لینینی یان كۆمەڵەی رەنجدەران دروستكراوی باڵە رۆشنبیرەكەی نێو باڵی مەكتەبی سیاسی پارتییە، بەشێكی تریش پێیان وایە كۆمەڵە زیاتر بە كاریگەری كۆرشی لاشائی و ئەو رۆشنبیرە چەپانەیتری سازمانی حیزبی كۆمۆنیستی ئیرانی ئەوسا دروست بوون كە هاتوونەتە سلێمانی، ئایا جەنابت چۆن لەو بابەتە دەڕوانیت؟
قەرەداغی : پێمخۆشە لە توێی وەڵامەکاندا چەند شتێکی نێو پرسیارەکەش راستبکەمەوە:
– دامەزرێنەرانی کۆمەڵە تەنها چەند کەسێک نەبوون ، بەڵکو هەموو ئەو هاوڕێیانە بوون کە کاریان بۆ دامەزراندنی کردووە ، ئەوانەی دڵسۆزانە وەک کادیر هەڵدەسووڕان و بەخەمی پێکهێنانی ئەم رێکخستنەوە بوون ، بۆیە پێمباشە بەو تێکۆشەرانە بوترێت ( هەڵسووڕاوان ) ی سەرەتا ، ئیتر ئەوەی یەکێک لە یەکێکیتر زێتر رۆڵی هەبووە ، لە بایەخی کاری هەموو ئەوانیدیکە کەمناکاتەوە . من یەکێکم لە هەڵسووڕاوانی سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەو شەرەفی ئەندامەتی دەستەی دامەزرێنەرو یەکەم کۆمیتەی سەرکردایەتیی و جێگری یەکەم سکرتێری کۆمەڵەم هەیە .
– کۆمەڵە دروستکراوی” باڵە رۆشنبیرەکەی نێو باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی ” بەگشتی نەبوو ، بەڵکو تەنها بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوون و تێکۆشانی رٶشنبیرانی چەپی ماویستی نێو ئەو باڵەی پارتی بوو .
– ئەو رێکخراوە چەپە ئێرانییەی لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا هاتنە سلێمانی ناوی ( سازمانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی ) نەبوو ، بەڵکو بە ( سازمانی ئینقیلابی حزبی تودەی ئێران ) دەناسرا . ئەم رێکخراوە لە حزبی تودە جیابووبۆوە ، لە ئەوروپا دروست بوو بوو و بەناوی ( سازمان انقلاب حزب تودە ایران در خارج از کشور ) کاریان دەکرد ، کە بڕیاریان دا بۆ خۆرێکخستن لەنێو ئێران و زەمینەخۆشکردن بۆ شۆڕش بگەڕێنەوە ، سەرکردایەتییەکیان بۆ ناوەوەی ئێران پێکهێنا ، کۆرشی لاشایی کەسی یەکەمی ئەو سەرکردایەتییە بوو .
سەبارەت بە کاریگەریی سازمانی ئینقیلابی لەسەر ئاڕاستەکردنی ئێمە بەرەو رێبازی ماویستی راستییەکە نکوولی لێناکرێت ، بەڵام ئەوە تەنها هۆکار نەبوو ، چونکە رستێک هۆکاریدیکە هەبوو کە ئێمەی بەرەو ئەو رێبازە دەبرد ( ئەو هۆکارانەم لە دیمانەیەکی رۆژنامەی هاوڵاتیدا لەسەر مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە دەستنیشانکردووە و دەتوانن لە هاوڵاتی ژمارە ٤١١ و ٤١٢ ی رێکەوتی ٦ و ٩ ی نیسانی ٢٠٠٨ دا بیخوێننەوە ) ، لەڕاستیدا ئێمە خۆمان ئامادەییمان تێدابوو ، بۆیە هاتنی ئەوان بووە هۆکاری دەرەکی تا مەیلی چەپی ماویستی نێو ئێمە بخەمڵێ و دواتر ببێتە پڕۆژەی بنیاتنانی رێکخراوێکی مارکسی لێنینی . لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە کۆرشی لاشایی تەنها ئەو ماوەیەی لەسلێمانی بوو کاریگەرییەکی رۆشنبیریی لەسەرمان هەبوو ، چونکە کاتی دامەزراندنی کۆمەڵە ئەو گەڕابووەوە بۆ ئێران و لەوێ گیرا ، بەرگەی ئەشکەنجەی نەگرت ، رووخاو دواتر بووە باوەرپێکراوێکی دیوانی شاهەنشاهی ئێران . لێرە ، لەسەروبەندی دامەزراندنی کۆمەڵەدا ، دوو هاوڕێیدیکەی سازمانی ئینقیلابی کاریگەرییان هەبوو ، ئەوانیش ( خوسرەوی سەفایی و ئیرەجی کەشکولی ) بوون کە بەناوی ( قوباد و ئیسماعیل ) دەناسران ، تەنانەت مامجەلال کوڕی دووەمی بەناوی هاوڕی قوباد ( خوسرەوی سەفایی ) یەوە ناونا ، کە ئەوکاتە لە ئێران گیرابوو و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیبەختکردبوو .
سڤیل : لەدروستبوونی كۆمەڵەدا باسی چەند ئەڵقەیەكی رۆشنبیری یان چەند گروپێك دەكرێت كە كۆمەڵە لە یەكگرتنی ئەو گروپانە درووست بووبێت، ئایا لە راستیدا درووستبوونی كۆمەڵە وەكو جەنابتان یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی ئەو رێكخراوەیت چۆن بووە؟
قەرەداغی : ئەگەرچی ژمارەی گروپەکان و کێو کێن ، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە بۆ نووسینەوەی ئەو مێژووەو ، تا ئێستا چەند جارێک لەو بارەیەوە ، ئەوەندەی ئەو کاتە ئاگاداربووبم ، نووسیومە ، لێرەدا جارێکیدی ، وەک خۆی بەیانی دەکەمەوە :
– سەرەتا جموجۆڵێکی گشتی لەنێو رۆشنبیرە ماویستەکانی نێو باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی هەبوو بۆ پێکهێنانی رێکخستنێکی نوێ ، دوای ئەوەی بەیاننامەی ١١ی ئادار دەرچووبوو ، حزبەکەی ئێمە شکستی هێنابوو .
هەر لەو سەرەتایەدا کۆبوونەوەی هاوڕێیان لە دەوری یەکتری شێوەیەکی رێکخراوەیی وەرنەگرتبوو ، زێتر ئاڵوگۆڕی بیروڕاو گەڕان بوو بە دوای چارەسەرکردندا .
دواتر ، دوو گروپ پێکهات ، یەکێکیان بریتی بوو لە شەهابی شێخ نوری و فەرەیدوون عەبدولقادرو فازیلی مەلامەحمود ، من و دلێر صدیق- یش بەم گروپەوە پەیوەست بووین . ئەم گروپە پەیوەندی بە کۆمەڵێک هاوڕێی سلێمانییەوە هەبوو ، گروپەکەیدی نەوشیروان مستەفاو مەحمودی مەلا عیززەت و چەند کادیرێکی لق و لیژنەی ناوچەی سلێمانی پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) بوون کە دوای بەیاننامەی ئاداری ١٩٧٠ هاتبوونە بەغدا . هاوڕێیان داوایان لێکردم چاوم بە مامجەلال بکەوێت و بوونی گروپەکەمانی لەلا بدرکێنم . کاتێک قسەم لەگەڵ مامجەلال کرد ، ئەو یەکسەر خۆشحالی خۆی نیشانداو پێی وتم کە گروپێکیدیکەش هەن ( ناوی مەحمودی مەلا عیززەت و نەوشیروان مستەفای برد ) ، هەستیشم کرد هەموو شتێک ئاگادارە . مامجەلال پێشنیازی ئەوەیکرد کە ئێمە ( ماویستەکانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ) گروپێک بین و هەوڵبدەین ئەو دووگروپە یەکبخەین. بۆ ئەم مەبەستە قسەی لەگەڵ رەفعەتی مەلاو بەکر حسێن کردو ، لەسەر رای من قسەکردنی لەگەڵ نورەدین عەبدولرەحمان دواخست . ئەم هەوڵەی بۆ یەکخستنی ئەو دووگروپە ، لەلایەن مامجەلالەوە درا ، سەرکەوتوو نەبوو ، بۆیە بڕیاری دامەزراندنی رێکخراوەکەمان دا ، بەکر حسێن کشایەوەو ئامادەی کارکردن نەبوو ، رەفعەتی مەلاش دوای دوو کۆبوونەوە نەهات ، ئەوەی مابووینەوە ئەرکەکەمان لە ئەستۆگرت . ئەمە واقیعەکەبوو کە تەنها دوو گروپ بوو ، گروپی سێیەم پێشنیازی مامجەلال بوو بۆ یەکخستنی هەوڵی هەردوو گروپەکە .
سڤیل : فەریدوون عەبدولقادر باسی ئەوە دەكات كە تۆو ئەو پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵەتان نووسیوەتەوە. ئایا ئێوە بە بۆچوونی خۆتان پەیڕەوی كۆمەڵەتان نووسیوە یان راوبۆچوونی هاوڕێكانیشتان وەرگرتووە؟
قەرەداغی : ئەرکی نووسینی بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵە لە کۆبوونەوەیەکدا بەمن سپێردرا و لەکۆبوونەوەی دواتردا لەلایەن دەستەی دامەزرێنەر ، کە فەرەیدوون عەبدولقادر یەکێکیان بوو ، پەسەندکرا و ، فەرەیدون چاپیکردو بەرگێکی جوانیشی بۆ دروستکرد . چاپی یەکەمی ئەو بەرنامەو پێڕەوە تا ئێستا دیارنییە ، هەرکاتێک دەرکەوت دەتوانن بەراوردی بکەن لەگەڵ نووسینەکانی ئەو کاتەمدا بۆ راستاندنی ئەوەی کێ نووسیویەتی .
لەڕاستیدا ئێمە هەموومان کۆک بووین لەسەر بەرنامەی رێکخراوێکی ماویستی و پرنسیپەکانی ، بۆیە گرفتێکمان نەبوو لە داڕشتنی بەرنامەکەدا ، هەرچەندە بەلێکدانەوەی ئەمڕۆم کارێکی بێرۆکراتیانەی تاکڕەومان کردووە ، بەبێ ئەوەی پێشەکی وەک پڕۆژەیەک بیخەینە بەردەم هاوڕێیانمان لە شانە سەرەتاییەکاندا ، خۆمان نووسیمان و خۆمان پەسەندمانکردو وەک دەستووری کاری کۆمەڵە دامانبەزاندە خوارەوە .
سڤیل : ئایا كاری نووسینەوەی پەیڕەوی رێكخراوێك بۆ ئەو كاتەی كوردستان زەحمەت نەبوو؟
قەرەداغی : نووسینەوەی بەرنامەو پێڕەو بۆ رێکخراوێک ، نە ئەوساو نە ئێستاو نە لەدواڕۆژیشدا کارێکی گران نییە . کۆمەڵگای کوردستان ، کۆمەڵگایەکی چینایەتییە ، هەرچینە لە پێگەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆیەوە بەرنامەی خۆی دیاریدەکات و ، بەو ئاڕاستەیە کاردەکات کە جیهان بە مەیلی چینایەتی خۆی بنیاتبنێتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دان بەوەدابنێم کە بەرنامەکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دانەڕێژرابوو ، زیاتر ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی نوێ و ستڕاتیژی کۆمۆنیزمی لەخۆگرتبوو . بۆ نووسینیشی سوودم لەچەند سەرچاوەیەک وەرگرت ، بە پلەی یەکەم بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی نۆیەم کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی چین لەساڵی ١٩٦٩ دا .
سڤیل: وەكو خۆت باست كردووە تۆ پاش ماوەیەكی كورت لە دامەزراندنی كۆمەڵە كە وابزنم سال ونیوێكە وازت لە كۆمەڵە هێناوە. ئایا هۆكاری دیارو بابەتیت هەبوو بۆ وازهێنانت لەو رێكخراوە لەو قۆناغە زووەی رێكخراوەكەدا ؟
قەرەداغی : کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی مارکسی – لێنینی، واتە کۆمۆنیستی خۆی پێناسەکرد . دیارە یەکێک لەو بابەتانەی هەر رێکخراوێکی کۆمۆنیستی بەرەوڕووی دەبێتەوە سنووری کارکردن و ناسنامەی ئەو حزبەیە کە دەیەوێت بونیادی بنێت . ئەم خاڵە سەرەتا لەنێو کۆمیتەی سەرکردایەتیداو دواتر لەنێو ئەندامانی ئەو کاتەی کۆمەڵەدا ناکۆکیی لێکەوتەوە . تەوەرەی ناکۆکییەکە بریتی بوو لەوەی: کۆمەڵە دەستەیەکی بزوتنەوەی نوێی کۆمۆنیستی دەبێت لە عێراقداو بۆ پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستیی لە سەرانسەری عێراقدا خەبات دەکات ، یان رێکخراوێک دەبێت بۆ پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستیی کوردستانی کە سەرکردایەتی شۆڕشی رزگاریی نەتەوایەتی کورد ( شۆڕشی دیموکراتیی نوێ ) بکات . من و چەند هاوڕێیەک ئەوەی یەکەمیانمان پێ راست و گونجاو بوو لەگەڵ پرنسیپەکانی رێکخستنێکی لێنینیدا ، لەبەر ئەوە لە ململانێکەدا بە ( عێراقچی ) ناوزەدیان کردین و ، دوای ساڵێک ململانێ پێکەوە هەڵماننەکردو دوای راپرسییەک لەریزەکانی رێکخستندا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییە ، بڕیاری چوونە دەرەوەمان دا.
سڤیل: بەڵام باسی ئەوە هەیە کە ئێوە ویستوتانە کۆمەڵە بەرەو بەشێک لە حزبی شیوعی عێراقی ببەن، ؟ ئەوە تاچەند راستە، هەر تەنها بروای مارکسی ئێوەی لە شیوعی نزیک دەکردەوە یان ئەو قسانە بنەمادارن کە موعجیبی حزبی شیوعی وایکردووە کۆمەڵە بەو ئاراستەیە ببەن؟
قەرەداغی : ئێمە حزبی شیوعیمان بە حزبێکی ریڤیژنیست دەزانی ، واتە بە حزبێکی هەلپەرستی راستڕەوی خرۆچێڤی ، بۆیە ئەو تۆمەتە هیچ بنەمایەکی راستگۆیی تێدا نییە ، برایانی ” کوردستانی” بۆ کەسبی سیاسی و رێکخراوەیی ئەم تۆمەتەیان دایە پاڵمان ، بەڵام نەک بەوەی بمانەوێ بچینە حزبی شیوعییەوە ، بەڵکو بەوەی دەمانەوێت رێکخستن بەرەو قیادەی مەرکەزی ببەین .
سڤیل : بەڵام دوای جیابونەوەی ئێوە لەکۆمەڵە، وەک باس دەکەن ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ قیادەی مەركەزی حیزبی شیوعیدا دروستکردووە، چۆن دروست بوو لەسەر چ ئەساسێک؟
قەرەداغی : چەند جارێک لە نووسینەکانمدا ئەم ” تۆمەت ” ەم رەتکردۆتەوە ، بەڵام دیارە هێشتا روونکردنەوەی زیاتری دەوێت ، بۆیە لێرەدا تیشک دەخەمە سەر هەندێ لەو ناڕۆشنییەی پەیوەندی بەساڵەکانی ئەو مێژووەوە هەیە :
• دوای جیابوونەوەمان لە کۆمەڵە ، پەیوەندی و کۆبوونەوەو گفتوگۆکانمان لەنێوان خۆماندا چڕترکردەوە ، جارێکیدی پرسیاری ” دەبێ چیی بکەین ؟ ” پێویستی بە وەڵامدانەوە هەبوو . ئەم ماوەیە نزیکەی دە مانگی خایاند ، هەموومان کۆک بووین لەسەر دامەزراندنی رێکخراوێکیدیکە تەنها ( فاضل مەلا مەحمود ) نەبێت کە رای وابوو بچینە ریزەکانی حزبی شیوعی ( قیادەی مەرکەزی ) یەوە ، دوای چەند مانگێک ئاگاداری کردین کە ئیلتیزامی بە ئێمەوە نامێنێ و چووەتە ناو قیادەی مەرکەزی . ئێمەش ئەو هاوڕێیانەی پێکەوە مابووینەوە لە ئایاری ساڵی ١٩٧٢ دا رێکخراوێکی نوێمان دامەزراند بە ناوی ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق ) . ئەم رێکخراوە تا ساڵی ١٩٧٤ کاریکرد و بەهۆی بنبەستبوونیەوە خۆی هەڵوەشاندەوەو ، ئەندامەکانی سەرپشک کرد کە خۆیان بڕیاری چارەنووسی سیاسیی خۆیان بدەن . من و چەند هاوڕێیەک دانیشتین و وازمان لە کاری سیاسی هێنا ، بەڵام هاوڕێکانیتر ، دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و جیابوونەوەی باڵێک لە قیادەی مەرکەزی بەناوی ( وحدة القاعدة ) وە ، کە فاضلی مەلا مەحمودو عادل عبدالمهدي ( أبو أمل ) لە کەسە دیارەکانیان بوون ، بەو رێکخراوەوە پەیوەست بوون . من پەیوەندی دۆستانەم لەگەڵ ( وحدة القاعدة ) هەبوو تا ئەوکاتەی زۆربەی ئەندامەکانی روویان لەهەندران کردو ئیتر هیچ چالاکییەکی نەما . کەواتە راستە بەشێک لەو هاوڕێیانەی ئێمە کە لە کۆمەڵە جیابووینەوە کاریان لە قیادە مەرکەزیدا کرد ، بەڵام دوای چەند ساڵێک نەک وەک ئەوەی دەیدەنە پاڵمان ( گوایا ) بە پلانی قیادەی مەرکەزی ئێمە جیابووبێتینەوەو پەیوەندی ژێر بەژێرمان هەبووبێت ، لەکاتێکدا هەرگیز ئەوەشمان نەشاردۆتەوە کە دۆستی قیادەی مەرکەزی بووین و ، ئەوان ، زیاتر لەهەر رێکخراوێکیدیکە لەعێراقدا ، لەڕووی بیروباوەڕەوە لێمان نزیک بوون .
سڤیل:ئەوانەی کە بانگەشەی کوردستانی بونیان دەکرد کێ بوون ؟ کام سەرکردانە بوون؟
قەرەداغی : هەموو ئەو هاوڕێیانە بوون کە دوای چوونە دەرەوەی ئێمە لە کۆمەڵە کاریان دەکرد هەتا ئەو کاتەی کۆمەڵە هەڵوەشێندرا .
سڤیل: ئەو فشارانەی دەخرانە سەر ئێوە چۆن بوون، ئێوە بێزارکران لە کۆمەڵە، یان بروای ئەو هاوڕێیانەتان لە کۆمەڵە قبوڵ نەبوو؟
قەرەداغی : ئێمە بەشێوەیەکی دیموکراتی کۆمەڵەمان بەجێهێشت و هیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەکردن ، ئەوانیش جگە لەو تۆمەتەو تەرویجدانی ناساندنمان وەک ” عێراقچی ” لەنێو ریزەکانیاندا ، فشارێکی ئەوتۆیان لەسەرمان نەبوو .چوونە دەرەوەمان لەبێزارییەوە نەبوو ، بەڵکو فیکرو هەڵوێستی ئەوانمان بە فیکرو هەڵوێستێکی ناسیۆنالیستی دەزانی و پێمان قبووڵ نەبوو .
سڤیل:شوێنی مام جەلال لە دامەزراندی كۆمەڵەدا لە كوێدا بووە؟
قەرەداغی : مامجەلال ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەو یەکەم سکرتێری بوو .
سڤیل : رۆڵ و كاریگەری مام لە ئاراستەكردنی كۆمەڵەدا چی بووە؟ ئەگەر بەڕیزی سكرتێری كۆمەڵە بووە بۆچی یەكێتی نیشتیمانی درووستكردووە؟
قەرەداغی : رۆڵ و کاریگەریی مامجەلال وەک رۆڵی کەسی یەکەمی هەر رێکخراوێک بوو کە لەسەرەتای کارکردنیدا بێت ، واتە رۆڵی سەرکردایەتی و رێکخەر. تەواوی ئەو ماوەیەی لە کۆمەڵەدا کارمکردو ئاگادارم ، مامجەلال سەرەتا بەهۆی وتووێژی هەردوو باڵەکەی پارتی بۆ یەکگرتنەوەو ، دواییش بەهۆی نیشتەجێبوونی لە ( چۆمان ) کەمتر دەیتوانی راستەوخۆ بەشداری چالاکییەکانمان بکات ، بەڵام پەیوەندیمان لەڕێی نامەوە هەبوو ، ئەو کاتانەشی بەسەردان بۆ بەغدا بهاتایە کۆبوونەوەمان دەکردو ، راستەوخۆ ئاگاداری کارەکانمان دەبوو . سەبارەت بەپێکهێنانی یەکێتیی نیشتمانیش ، ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە دامەزراندنی کۆمەڵەوە نییە ، چونکە لەدوو بارودۆخی جیاوازدا پێکهاتوون و هەریەکەیان زەروورەتی خۆی لەو کاتەی دامەزراندنیدا هەبووە ، من ناتوانم زانیاری تەواوت لەسەر هەلومەرجی پێکهاتنی یەکێتیی نیشتمانی بدەمێ ، چونکە ئەو کاتە لێیانەوە دووربووم و ئەندامی یەکێتیی نیشتمانی نەبووم ، بەڵام پێموابێت ، یەکێتیی نیشتمانی ، جۆرە پڕاکتیکێکی ناکامڵی پرەنسیپی ( بەرەی نیشتمانیی یەکگرتوو ) بوو ، کە ماوتسیتۆنگ بەیەکێک لە مەرجەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی دیموکراتیی نوێی دادەنێت .
سڤیل: کام سەرکردەی کۆمەڵە زیاتر خاوەنی فکرێک بوو خەڵک لەدەوری راکانی کۆببنەوە ؟
قەرەداغی : هیچ ” سەرکردە “یەکی کۆمەڵە فیکرێکی سەربەخۆو جیاوازی نەبوو لە فیکری ماوتسیتۆنگ . ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر هەموویان بڕوایان بە مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ هەبوو ، هەموو ئەندامانیش هەمان فیکریان هەبوو . هەر کەسێک ئەوەی ‌قبووڵ نەبوایە لە ریزەکانی کۆمەڵەدا وەرنەدەگیرا .
پرسیار: سەرەتا کۆمەڵە بەو شێوەیە دامەزرا، دواتریش وازی لەو بڕوایە هێنا ؟
قەرەداغی : کۆمەڵە لە رەوتی خۆیدا گۆڕانکاریی بەسەرداهات و بەرە بەرە لە رێکخراوێکی مارکسی لێنینییەوە بوو بە رێکخراوێکی چەپی ناسیۆنالیستی و هیچ پەیوەندییەکی فیکریی بە کۆمەڵەی سەرەتای دامەزراندنەوە نەما .
پرسیار: ئەو گۆڕانیارییە بەکاریگەری مام جەلال بوو؟، یان کاریگەری سەرکردەکانی تری کۆمەڵە ؟هۆکار چییە کۆمەڵێ سەرکردەی بڕوا چەپ لەناکاو سەدو هەشتا پلە با بدەنەوە بەلای بڕوای ناسیۆنالیستی دا؟
قەرەداغی : هەموو سەرکردەکانی دوای یەکەم کۆمیتەی سەرکردایەتی کاریگەرییان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە هەبووە ، دیارە هەریەکەیان بەپێی ئاستی فیکری و جێوڕێی لە رێکخستندا، سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی هەر ئەندامێک یان کۆمەڵێک سەرکردە لە رێکخراوێکی کۆمۆنیستیدا سەنگەر دەگوێزنەوەو لە باوەشی فیکری ناسیۆنالیستیدا خۆیان دەبیننەوە ، ناتوانرێت هەروا سەرپێیی دەستنیشان بکرێت، ئەوە پێویستی بە توێژینەوە هەیە، دەبێت لەم توێژینەوەیەدا : رەچەڵەکی چینایەتی و ، پاشخانی فیکری و سیاسی و رێکخراوەیی و ، جێوڕێی کۆمەڵایەتی و ، رۆڵی سیاسی و ، هەلومەرجە خۆیی و بابەتییەکانی بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی سەردەمی وەرچەرخانەکە ، رەچاوبکرێت . ئەم گواستنەوەیەی سەنگەری فیکریی ، گشتییەو ، لە هەموو حزبەکاندا روودەدەن جا کۆمۆنیست بن ، نەتەوەیی بن ، ئیسلامی بن ، سۆشیاڵ دیموکرات بن ، یان دیموکرات و لیبراڵ بن …هتد .
پرسیار : با بچینەوە سەرەتای کۆمەڵە، چۆن کۆمەڵە دامەزرا ، کێ بوون ئەوانەی سەرەتا کاریان بۆ دەکرد؟ چی وایکردبوو کۆمەڵە بکاتە زەرورەت لەکاتێکدا حزبی بروا چەپ هەبوو وەکو حزبی شیوعی؟ کەوایە زەرورەتی کۆمەڵە چی بوو ؟ چۆن کار بۆ دروسکردنی دەکرا لەناو خەڵک و تەنزیمدا؟باسی چەند ئەڵقەیەكی رۆشنبیری یان چەند گروپێك دەكرێت كە كۆمەڵە لە یەكگرتنی ئەو گروپانە درووست بووبێت، ئایا لە راستیدا درووستبوونی كۆمەڵە وەكو جەنابتان یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی ئەو رێكخراوەیت چۆن بووە؟
قەرەداغی : ئەمە یەک پرسیار نییە بەڵکو چەند پرسیارێکەو هەندێکی دووبارەیە . وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ، لە چەند دیمانەو نووسینێکدا چۆنیەتی و هەلومەرجی دامەزراندنی کۆمەڵەم نووسیوە ، بۆیە لێرەدا ، تەنها ئەو پرسیارانە وەردەگرم کە لەو نووسینانەی رابردوودا نەچوومەتە وردەکارییەکانیەوە .
1) ئەوانەی کاریان بۆ پێکهێنانی رێکخراوێکی مارکسی – لێنینی دەکرد ، کۆمەڵێک گەنج بوون لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) . ئەم گەنجانە وەک فراکسیۆنێکی چەپ پەیوەندییان پێکەوە هەبوو ، زێتر لە رێکخستنەکانی سلێمانی و زانکۆی بەغدادا بوون .
2) وەک لە وەڵامی پرسیارێکیدیکەدا گوتم : حزبی شیوعیمان بە کۆمۆنیست نەدەزانی ، سۆڤیەتیشمان بە دەوڵەتێکی ( سۆسیال ئیمپریالیزم ) دەناسی ، حزبی شیوعی چینمان بە رابەری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهان پێناسەدەکرد، رەخنەو ئیعتیرازمان لەسەر حزبەکەی خۆمان ( پارتی – باڵی مەکتەبی سیاسی ) هەبوو ، نە حزبەکەی خۆمان و نە پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی بارزانی ) مان بە شایستەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد نەدەزانی و نائومێدبووین لەوەی لەسایەی ئەو دوو حزبەدا کورد بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بگات ، بۆیە هەموومان گەیشتبووینە ئەو قەناعەتەی کە دەبێت حزبێکی نوێ بێتە کایەوەو بەپێی فیکری باوی ئەو سەردەمەش، دەبێت حزبەکە کۆمۆنیست بێت و پابەندی مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ بێت.
3) سەرەتا و بەر لە رێککەوتننامەی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ لە سلێمانی و نێو خوێندکارەکانی زانکۆی بەغدا ، کۆمەڵیک ئەڵقەی دیراسی لەو گەنجانەی ( پارتی – باڵی مەکتەبی سیاسی ) پێکهاتبوو ، لەدوای بەیاننامەی ئادارو دەنگۆی یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی ، چالاکیی ئەڵقەکان پەرەیسەندو هەریەکە لەلای خۆیەوە هەوڵی پەیوەندی بە کەسانی دۆست و جێی موتمانەو ناڕازی لە بارودۆخە سیاسییەکەی دا، بۆیە کە کۆمەڵە دامەزرا بنکەیەکی فیکری و سیاسیی ئامادەبووی هەبوو .
پرسیار : پێت وایە كۆمەڵە لە راستیدا لە دایكبووی سرووشتی واقیعی كۆمەڵگەی كوردی بووبێت، یان كاریگەری دەرەوە دروستی كرد؟
قەرەداغی : نازانم ئێوە چ لێکدانەوەیەکتان بۆ ” سروشتی واقیعی کۆمەڵگەی کوردی ” هەیە ، بەلێکدانەوەی من ، ” واقیعی کۆمەڵگەی کوردی ” ی ئەو سەردەمە ، سروشتێکی دەرەبەگیی هەبوو کە سیستمی عەشرەت و خێڵ و ئیمتیازاتی دەرەبەگی تیایدا باوبوو، تا رادەیەک گەشەکردنی سەرمایەداری هەبوو ، بەڵام پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هی سەردەمی پێش سەرمایەداریی بوون . ئەم بەشەی کوردستان بە بڕیاری نێودەوڵەتی ، لەبیستەکانی سەدەی رابردووەوە ، بە عێراقەوە لکێنرابوو ، سیستمێکی سیاسی و ئابووریی ناوەندیی ، وەک هەر بەشێکیتری عێراق بەسەر باشووری کوردستانیشدا سەپێنرابوو ، گەورەترین دەستکەوتی کورد تا ئەو کاتە بەیاننامەی ١١ی ئاداربوو ، پراکتیکی سیاسی و کاریگەرێتیی حزب ( پارتی ) لەو پراکتیکە سیاسییەدا دڵخۆشکەر نەبوون ، کوردستان شەش سالێکی شەری ناوخۆیی گوزەراندبوو ، بۆیە ” سروشتی واقیعیی کۆمەڵگەی کوردی ” ئاوەڵابوو بۆ بەرنامەڕێژییەکی نوێ ، کە پێکهێنانی حزب و پێڕەوکردنی شێوازی نوێی تێکۆشانی دەخواست ، هەڵبەتە دامەزراندنی کۆمەڵە لەم لێکدانەوەیە بەدەرنەبوو ، بەواقیعیش دەرکەوت زەمینەی لەباری خۆی هەبوو کە توانی لە چەند ساڵێکدا ببێتە گەورەترین رێکخراوی سیاسیی لە کوردستانداو رابەریی بزووتنەوەی بەرهەڵستی حوکمێکی فاشستی و شۆڤێنیستی وەک بەعس بکات . لەبەرئەوە کاریگەریی دەرەوە ، وەک کاریگەریی سازمانی ئینقیلابی یان کاریگەریی چین و ماوتسیتۆنگ تەنها لەڕێی واقیعە ناوخۆییەکەوە دەرفەتی بەرجەستەبوونی لە دامەزراندنی رێکخراوێکی وەک کۆمەڵەی مارکسی لێنینیدا هەبووە .
پرسیار: ئێوە کۆمەڵێک گەنج بوون، وەکو فراکسیۆنێک پەیوەندیتان بەیەکەوە هەبوو، کەوایە ئەکرێ بڵێین ئێوە ئەو گەنجانە، دامەزرێنەرو دروستکەری کۆمەڵە بوون. چەند کەس لەو گەنجانەی کە بەو شیوەیە بیرتان دەکردەوە، دواتر لەسەر بروای خۆی مایەوە چەندیان چونە ئەو بەرەیەی بەڕێزت بەبەرەی ناسیۆنالست ناوت بردن؟
قەرەداغی : بۆ ئەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی کۆمەڵە وردتر بخەمەڕوو ، پێویستە ئاماژە بە ” قۆناغ ” ەکانی تەواوبوونی بیرۆکەی رێکخراوەکە بکەم ، چونکە جیاوازییەک لەنێوان ئامانجی ئەڵقە دیراسییەکانی پێش بەیاننامەی ئادارو دوای بەیاننامەکە هەبوو . بیرۆکەی حزبێکی شێوە نوێی کۆمۆنیستی ، وەک تیۆری ، لەلایەن ئێمەی چەپەکانی نێو پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی)سەلمێنرابوو ، هەموو باوەڕمان بە پێداویستیی ئەو حزبە هەبوو ، بۆیە خۆشخەیاڵ بووین بەوەی دەتوانین گۆڕانکارییەک بەو ئیتیجاهە لە حزبەکەماندا بکەین . لە ئاستی پڕاکتیکدا سەرکەوتوو نەبووین؛ ئەگەرچی بەرپرسیارێتیمان لە بەشێکی بەرچاوی رێکخستنەکاندا هەبوو، بە تایبەتی لە سلێمانی ، بەڵام پشتگیریینەکردنمان لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە ، گرفتی چوونەپێشەوەی ئەو پڕۆژەیە بوو . کاتێک بەیاننامەی ١١ ی ئادار دەرچوو، کادیرە پێشکەوتووەکانی حزب لە سلێمانییەوە چوونە بەغدا، لەوێ بواری سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ئەڵقەکان رەخساو ، هاوڕێیانیدیکەش لە کوردستان ئەڵقە ئەڵقە پێکهاتنەوەو درێژەیان بە خۆڕۆشنبیرکردنی فیکری و سیاسیی دا . لەهەلومەرجی ئەو کاتەی کاری حزبی و ئەگەری یەکگرتنەوە لەگەڵ پارتی ( باڵی بارزانی ) ، بیرۆکەی حزبی پێشڕەوی مارکسی لێنینی پەرەیسەند و هەمووان بەجیاوازی هەندێک بیروبۆچوونەوە ، لەسەر ئەمە کۆکبوون . سەبارەت بەوەی دامەزرێنەرو پێکهێنەری کۆمەڵە کێ و کێ بوون ، من هەموو ئەو گەنجانەی بەر لەبەیاننامەی ئادار کاریان بۆ کردووەو، هەموو ئەوانەی لە ئەڵقەو گرووپی جیاجیادا خەباتیان بۆ بەدیهێنانی ئەو رێکخراوە کردووە ، بە دامەزرێنەرانی رێکخراوەکە دەزانم ، نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەو هاوڕێیانەی سەرەتا نەهاتنە پێشەوەو دواتر ( دوای دەرچوونی ئێمە ) چوونە ریزەکانی کۆمەڵەوە لە قۆناغی دووەمدا ، بە بەشداربووانی پڕۆسەی پێکهێنان و دامەزراندنی کۆمەڵە دەزانم . لێرەدا پێویستە دەربارەی ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە لە ساڵی یەکەمی کارکردنیدا ، راستییەک هەیە بیخەمەڕوو : ئەوەی راستی بێت ناتوانرێت بە وردی ژمارەکە دەستنیشان بکرێت ، چونکە لەسایەی ئەو بارودۆخە سیاسییەدا رێکخستنەکانمان بە شێوەی ( ئاسۆیی ) بوو ، هیچ هێڵیک بە وردی و تەواوی ئەندامانی هێڵەکانیدیکەیان نەدەناسی ، بەڵام بە مەزەندە ژمارەی ئەندامان لەنێوان ٣٠ تا ٣٥ دا بوو . کە جیابووینەوە ئێمە تەنها ١٤ کەس بووین و زۆربە ” کوردستانی ” بوون .
پرسیار: گوتت بیرۆکەی حزبێکی شێوە نوێی کۆمۆنیستی ، وەک تیۆری ، لەلایەن ئێمەی چەپەکانی نێو پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی )سەلمێنرابوو، بەڵام مەکتەبی سیاسی پشتگیری ئیوەی نەکرد؟ هۆکاری ئەم پشتگیری نەکردنە چی بوو ؟ دوای ئەو هەموو ساڵەو خوێندنەوەت بۆ رووداوەکان، پێت وایە هۆکارەکان چی بوون ؟
قەرەداغی : پارتی دیموکراتی کوردستان پێشینەیەکی لەگەڵ مارکسیزم لێنینیزم هەبوو، بۆیە بوونی فیکری چەپ بۆ حزب نامۆ نەبوو . ئەو سەردەمە ناکۆکی و ململانێی فیکریی و سیاسی لە نێوان سۆڤیەت و چین کاریگەریی لەسەر هەمو حزب و بزووتنەوە رزگاریخوازییەکانی جیهان هەبوو ، ئەو ناکۆکییە رەنگدانەوەی لە حزبەکەی ئێمەشدا هەبوو ، خوێندنەوەی جیاجیا هەبوو ، بۆیە بوونی دووجۆر بیرکردنەوەی جیاواز لەریزەکانی حزبدا ئاسایی بوو ، لەڕاستیشدا ئەو ناکۆکییە بڕیاردەری سیاسەتەکان نەبوو ، پەیوەندی هەمووان دۆستانە بوو ، هەمووان لەسەر یەکێتیی حزب و سەرکەوتنی کۆکبوون ، دەستەویەخەی یەکتری رانەوەستابووین ، بەڵام ئەم هاوکێشەیە دوای ماوەیەک لە دەرچوونی بەیاننامەی ئادار وەک خۆی نەمایەوەو ، ئەو ئیتیجاهە چەپە کاری جیددی بۆ پێکهێنانی رێکخستنێکی نوێ کردو ، بە مەبەستی رێخۆشکردن لەبەردەم ئەو رێکخستنە نوێیەدا ( کۆمەڵە ) ، لە کۆنگرەی یەکخستنەوەی هەردوو باڵی پارتیدا دەنگمان بە هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەمان و پەیوەستبوونەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دا .
پرسیار: بەهۆی ئەوەی دواتر کۆمەڵە لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو باڵەکەشدا هەر بەردەوامی بە رێکخستنەکانی دا ، کەوایە دەکرێ بڵێین قاعیدەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ سەرکردایەتیەکەیان نەبوون؟ چونکە بەردەوام بوون لەکاری خۆیان؟
قەرەداغی : پێشتر ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵەم بەیانکرد . ئەوانەی دوای یەکگرتنەوەش درێژەیان بە کاری کۆمەڵە دا نوخبەیەکی چەپی ماویست بوون، بەڵام قاعیدەی حزب لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزب مانەوەو لە ریزەکانی پارتیدا ” ئیستیعاب ” کران و وەک ئەندامانیدیکەی پارتی رێکخران و کاریاندەکرد .
پرسیار:بەڕێزت دەڵێی قاعیدەی حزب لەگەڵ مەکتەبی سیاسی مانەوە، بەڵام ئەوانەش کۆن کۆمەڵە بوون دەڵێن زۆرینەی هێز و خەڵکی یەکێتی ئەو خەڵکەبوون کە کۆمەڵەبوون،ئەو قسەی بەڕێزت و ئەو قسەی ئەوان جیاواز نییە؟
قەرەداغی : ئێمەی کۆمەڵە تەنها نوخبەیەک رۆشنبیریی چەپ بووین، ناکرێت نوخبەیەک قاعیدەی حزبێک بێت، لەڕاستیشدا قاعیدە و زۆربەی سەرکردایەتی حزب ، بە ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵەو مامجەلال – یشەوە چووینەوە ناو رێکخستنەکانی پارتییەوەو کارمان تێدا کرد، هیچ جیاوازییەکیش لەنێوان قسەکەی من و ئەو هاوڕێیانەی کۆمەڵەدا نییە کە گوتویانە زۆرینەی هێزو خەڵکی یەکێتیی کۆمەڵەبوون، چونکە هەریەکەیان سەر بە کاتێکن، من باسی سەرەتای کارکردن لە ریزەکانی پارتیدا دەکەم لە ساڵی ١٩٧١ دا، کاتێک ( پارتی شۆڕشگێڕ ) بە سەرکردایەتی و قاعیدەوە ” ئیستیعاب ” کران، ئەو هاوڕێیانەش باسی سەردەمی دوای هەرەسی ساڵی ١٩٧٥ و دواتر دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و ئینجا هەڵگیرسانەوەی شۆڕش دەکەن لە ساڵی ١٩٧٦ دا ، کە زۆربەی خەڵک و جەماوەرە کۆنەکەی سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسی لەلایەن کۆمەڵەوە وەک باڵی بەهێزو چالاک و بەرچاوی نێو یەکێتیی نیشتمانی رابەرایەتیی دەکران .
پرسیار:لەکاتێکدا کە وڵاتێک هەبوو بەناوی عێراق، ئەوەی گرنگی پێ نەدەدرا مافی کورد بوو، بۆچی ئێوە ئەوەندە سور بوون لەسەر ئەو بروای کە کۆمەڵە پان عێراقی بێت، ئامادەبوون لەپێناویدا واز لەو رێکخراوە بهێنن کە خۆتان دروستتانکرد ؟
قەرەداغی : راستە عێراق وڵاتێک بوو تا سەر مۆخ فاشستی و شۆڤێنی بوو، بەرنامەی توانەوەو جینۆسایدی بۆ گەلی ستەمدیدەی کورد هەبوو. بەڵام کارکردن بۆ رووخاندنی ئەم سیستمەو بەدیهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس، هەر دەبوایە لەنێو ئەم عێراقەو بە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان گەلی سەردەستەو بندەستە بکرێت، تەنانەت ئەگەر پڕۆژەی سەربەخۆییشت پێبوایە، نەتدەتوانی لە هەلومەرجێکی وەک ساڵەکانی حەفتای سەدەی پێشوودا، عێراق نادیدە بگریت و بیخەیتە ئەودیو بازنەکەوە. ئێستاش دوای زێتر لە چل ساڵ لەو مێژووەی لێی دەدوێین هێشتا بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد بەرەوڕووی هەمان ئەو گرفتانە دەبێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەشدا کە بەسەر جیهان و بەسەر پرسی نەتەوەییماندا هاتووە. دەربارەی سووربوون لەسەر ئەوەی کۆمەڵە ” پان ” عێراقی بێت ، وەک بەڕێزتان ناویلێدەنێن ، دەمەوێت ئەو راستییەی ساڵانێک لە ئەندامانی کۆمەڵەو جەماوەریش دەشاردرانەوە بخەمەڕوو کە کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی کۆمۆنیستی نەک نەتەوەیی پێکهات، ئێمەی هەڵسووڕاوانی ئەو کاتەی کۆمەڵە کە بە ” عێراقچی ” ناسێنراین، خۆمان بە کۆمۆنیست دەزانی، لەبەر ئەوە مولتەزیم بووین بە پرنسیپەکانی رێکخستنی کۆمۆنیستی نەک نەتەوەیی،یەکێک لە پرنسیپەکانی رێکخستنێکی کۆمۆنیستی خۆبەستنەوەیە بە ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلیتاریاوە، لایەنی پڕاکتیکی بۆ ئەم پرنسیپە کارکردنە لە حزبێکی کۆمۆنیستیدا کە ئەم پرنسیپە لەبەرچاوبگرێت، جا ئەگەر ئەو حزبە لەوڵاتێکدابوو کە فرەنەتەوە بێت، واتە لەسایەی دەوڵەتێکدا دەژیان، کە یەک سیستمی سیاسی و ئابووریی ناوەندیی ( مەرکەزی ) بیانچەوسێنێتەوە ، ئەوا دەبێت یەک رێکخستنی کۆمۆنیستی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا هەبێت و ئەم پرنسیپە لەبەرچاوبگرێت. مەسەلەی ئینتەرناسیۆنالیزم لە بیرکردنەوەدا، لە هەڵوێستدا، لە هەڵسوکەوتدا، لە شێوازی رێکخستندا ، یەکێکە لە پرنسیپە بنەڕەتییەکانی مارکسیزم ، خەڵکی کۆمۆنیست بە هیچ پاساوێک بۆیان نییە دەستبەرداری ببن، بۆیە ئێمە لەسەر ئەوە سووربووین کە حزبی ئایندە دەبێت حزبێکی ئینتەرناسیۆنالیستیی عێراقی بێت، کە ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی و شۆڕشی سۆسیالیستی جێبەجێبکات، یەکیکیش لەو ئەرکانە دابینکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسە بۆ گەلی کورد بەو شێوەیەی خۆی بڕیاری لەسەردەدات، لەبەر ئەوە هەڵوێستەکەمان لەو کاتەدا، لەگەڵ پرنسیپە مارکسییەکاندا دەهاتەوەو ئامادەنەبووین مساوەمەی لەسەر بکەین ، ئێمە “عێراق” ی بووین بەو مانایە، نەک وەک ئەوەی نەیارەکانمان وەک کەسانێک وێنایانکردین کە دژی خواستی رزگاری کوردستان و بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بین ! ! .
پرسیار: ئەگەر بەس ئێوە بوون برواتان بە عێراقی بوون هەبوو وەک دەڵێی بەشێوەی دیموکراسی جیابونەوە، بۆچی دوای ئێوەش خەڵکانێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراو وەدەرنران لەسەر بروای عێراقیبوون؟
قەرەداغی : لەڕاستیدا من دەتوانم سەبارەت بە ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆمەڵە وەڵام بە هەموو پرسیارەکان بدەمەوە ، بەڵام ململانێ سیاسی و رێکخراوەییەکانی دوای دەرچوونی ئێمە لە کۆمەڵەدا، مەگەر وەک هەر هاوڵاتییەک یان وەک کەسێک کە خولیای بەدواداچوونی کەیسە سیاسییەکانە رایەکی لەسەربدەم ، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا وەڵام بەو پرسیارانە دەدەمەوە کە تەرخانی ماوەیەکە ئێمە لە کۆمەڵەدا نەمابووین . یەکێک لەو ناکۆکی و ململانێیانەی لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتای سەدەی رابردوودا لەنێو کۆمەڵەدا روویدا و بووە هۆی جیابوونەوەی سەدان کادیرو پێشمەرگەو دواتر رێکخراوی ( ئاڵای شٶڕش ) ی لێڕسکا، دیسان مەسەلەی چۆنایەتی حزبی پێشڕەو بوو، ئایا دەبێت حزبی پێشڕەو لە کوردستاندا عێراقی بێت یان کوردستانی . ئەوانەی وەدەرنران ، دیسان وەک ” عێراقچی ” ناوزەدکران . ” عێراقچی ” یەکانی ئەم دەورەیە جیاوازبوون لە ” عێراقچییەکانی ” ساڵی یەکەمی کۆمەڵە، ئەگەرچی بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە هەست و مەیلە نەتەوەییەکەی ئەندامانی کۆمەڵەو جەماوەریش ، راگەیاندنی کۆمەڵە وەک تەواوکەرو درێژبووەوەی ئیتیجاهە ” عێراقی ” یەکەی سەرەتای پێکهاتنی کۆمەڵەی ناساند . ناکۆکی و ململانێی ئەم دەورەیە لەسەر ئەوەبوو کە رێکخستن ( پارتی پێشڕەو ) دەبێت لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق بێت، یان لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، بەوانەی یەکەمیان دەگوت “عێراقچی ” و ئەوانیدیکەش ” کوردستانی ” . من بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم، کە هیچ پەیوەندییەکی فیکری و سیاسی لەنێوان ئەم مەیلەو رێبازی ” عێراق ” یانە بۆ پێکهێنانی حزب لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەدا نەبوو، تەنانەت جیاوازیش لە شێوازی مامەڵەکردنی کۆمەڵەدا لەو دوو دەورەیەداهەبوو، ئێمە خۆمان وازمانهێناو، بە شێوەیەکی دیموکراتی کێشەی نێوانمان لەگەڵ هاوڕێ ” کوردستانی “یەکان یەکلاییبووەوە، بەڵام لەم دەورەیەدا راوەدوونان و گرتن و پەرەوازەکردن، سیاسەتی کۆمەڵەبوو بەرامبەر سەرکردایەتی و ئەندامان و پێشمەرگە ” عێراقچی “یەکانی ( ئاڵای شۆڕش ) !!
پرسیار : ئێوەش چاوەڕێی وەها رۆژێک بوون، کە توش بەو راوەدونان و گرتنە ببنەوە بۆیە بە ئاسانی وازتان هێنا ؟
قەرەاغی : ئەو کاتەی ئێمە جیابووینەوە جۆرێکیتر لە مەترسی هەبوو ، مەترسییەکان لەدەرەوەی کۆمەڵەدا بوون ، بە تەحدید مەترسی حکومەتی بەعس و پارتی بوو لەسەرمان ، ئەو راوەدوونان و گرتنەی باسیدەکەم لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودابوو ، سەردەمی خەباتی چەکداریی شاخ بوو کە دە ساڵ زێتر دوای دامەزراندنی کۆمەڵە بوو .

پرسیار : تاكو ئێستا زۆر بە گرنگی باسی شێخ شەهابی شێخ نوری دەكرێت لە مێژووی كۆمەڵەدا، ئایا شێخ شەهاب چۆن كەسایەتیەك بوو؟ تواناو شارەزایی لە بواری رۆشنبیری و سیاسی و مێژووی كورددا بەو جۆرە بوو كە بتوانێت سكرتێری رێكخراوێكی وەكو كۆمەڵە بكات؟ * هەندێ پێیان وایە فەرەیدوون عەبدولقادر هەر لەسەرەتای درووستبوونی كۆمەڵەوە چالاك بووە، ئایا بۆچی نەیتوانیووە ئەو پێگەیە لەنێو كۆمەڵەدا بگرێت؟
قەرەداغی : شەهابی شێخ نوری تێکۆشەرێکی دێرینی بزووتنەوەی سیاسی بوو لە کوردستاندا ، کەسێکی ناسراو بوو ،لەسەر دەمەکانی خەباتی سیاسیی پێش کۆمەڵەدا هەمیشە چەپێکی مارکسی بووە ، رۆڵیکی سەرەکی و بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا . ئەو لەڕووی فیکری و سیاسییەوە ئاستێکی موتەوازیعی هەبوو ، بەڵام پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی فراوانی هەبوو ، هەڵسووڕاوێکی چستوچالاکی مەیدانیی بوو . ئەو بە تەمەن لە ئێمە گەورەتر بوو ، بەڵام حەماسەتی شۆڕشگێڕانەی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵە لە حەماسەتی ئێمەی هاوڕێیانی باڵاتر بوو .
شەهابی شێخ نوری ، ئەوەندەی بزانم ، بەفەرمی سکرتێری کۆمەڵە نەبووە بەڵام بە عەمەلی چەند ساڵێک ئەرکی سکرتێری بەجێهێناوە . لەکاتی زیندانیبوون و دادگاییکردن و لەسێدارەدانیشدا داستانێکی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوو . لە مێژووی کۆمەڵەدا تەنها دوو سکرتێر بەفەرمی هەبووە ، ئەوانیش مامجەلال و نەوشیروان مستەفا بوون .
پرسیار: رای جیاواز هەیە لەبارەی بەشداری کاک نەوشیروان لەدروستکردنی کۆمەڵەدا، رایەک وایە کە بەشداری دروستبونی کۆمەڵەیە، رایەک وایە نەخێر ئەو لەو کەسانە نەبووە کۆمەڵەیان دروستکرد، نەخشی کاک نەوشیروان لەو تەنزیمەدا چی بووە؟ ئەگەر نەبووە بۆ دواتر بووە بریاردەری کۆمەڵە بەشێوەیەک توانای حەلکردنی هەبێ؟
قەرەداغی : نەوشیروان مستەفا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان نەبوو . ساڵەکانی سەرەتای کارکردنی کۆمەڵە، ئەندامی کۆمەڵە نەبوو، هەتا شەهیدبوونی ئارامیش هیچ بەرپرسیارێتییەکیشی لەنێو کۆمەڵەدا نەبووە ، بەڵام نابێت رۆڵی ئەو لەزەمینەخۆشکردن بۆ پێکهێنانی رێکخستنێکی وەک کۆمەڵە فەرامۆش بکەین، نەوشیروان مستەفا وەک فیکری ئەوکاتەی و وەک هەڵوێستی لە سیاسەتەکانی پارتی(باڵی مەکتەبی سیاسی ) ، وەک خاوەنی گۆڤاری ( رزگاری ) و دۆست و رابەرێکی چەپەکانی نێو ئەو باڵەی پارتی ، بەتایبەتی لە سلێمانی ، رۆڵێکی کاریگەرو بەرچاوی هەبووە ، ئەمە جگە لەوەی دوای دامەزراندنی کۆمەڵە و ، چوونی بۆ دەرەوەی عێراق هاوڕێیانی گرووپەکەی راسپارد کە کار لە کۆمەڵەدا بکەن ، بۆیە ئەگەر باس لە دەستپێشخەرانی بیرۆکەی دامەزراندنی رێکخستنێکی شێوە نوێی لێنینی بکرێت، دەبێت خەتی راست و چەپ بەسەر ئەم رۆڵەی ئەودا نەهێنرێت ، سەبارەت بەوەش چۆن بووە سکرتێری کۆمەڵەو هیچ بەربەستێکی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی نەکرد، لە نزیکەوە ئاگادارنیم ، بەڵام ئەندامانی دێرینی کۆمەڵەو ئاڵای شۆڕشیش دەڵێن : مامجەلال ئەوی بەسەر کۆمەڵەدا سەپاندووەو دواتر لە کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەدا شەرعییەتی رێکخراوەیی وەرگرتووە . هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەش سەبارەت بە بارودۆخی نوێی جیهان و کوردستان بووە، سەبارەت بەوەی ئەو هەلومەرجە ( گوایا ) خۆرزگارکردن لە رێکخراوێک کە مۆرکی چەپ و مارکسیبوونی پێوەبووەو ، فراوانکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بوونی بە حزبێکی جەماوەریی فراوانی بێ رکابەرییەکی ناوخۆیی، بۆ ئەو قۆناخە زەروورەت بووە .
پرسیار: رۆڵی شەهید ئارام چی بوو، ئایا ئەو دروستکەرو دامەزرێنەر بوو؟
قەرەداغی : ئارام بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵە هەڵسووڕاوێکی چالاکی ریزەکانی پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) بوو. ئەو ئەندامی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بوو، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەوە کاری لە ریزەکانیدا کرد و کەسێکی دیاری رێکخستنی کۆمەڵە بوو لە بەغدا، ئەو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر نەبوو، بەڵام هەروەکو هاوڕێکانی لەنێو یەکێتیی قوتابیان و خوێندکارانی کورد لە زانکۆی بەغدا، بەشداریی هەڵمەتی خۆڕۆشنبیرکردن و پەیوەندی و بانگاشەکردنی بۆ رێکخستنێکی مارکسی لێنینی کرد. ئارام ماوەیەک لەگەڵ مامۆستا حیلمی عەلی شەریف نامیلکەو کتێبەکانی سەرۆکی ئەو کاتەی باکووری کۆریا ( کیم ئیل سۆنگ ) یان وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی و سەفارەتی کۆماری باکووری کۆریا خەرجی لەچاپدانیانی گرتبووە ئەستۆی خۆی. لە ( هەفتەنامەی هاوکاری ) یشدا بەرپرسی لاپەڕەی دوو بوو . ئەم لاپەڕەیە تایبەت بوو بەکاروباری سیاسەت لەو رۆژەی عێراق و ناوچەکەو جیهاندا. ئارام بێ ئەوەی فەرمانێکی لە کۆمەڵەوە پێبکرێت، بە دەستپێشخەریی خۆی لاپەڕەکەی بە ئیتیجاهی فیکرو سیاسەتی کۆمەڵەدا ئاڕاستەدەکرد. ئەو نووسینانەی لەو لاپەڕەیەدا بڵاو دەبوونەوە، جگە لە گۆشەکانی خۆی، زۆربەی نووسینی ئەندامانی کۆمەڵە بوون. لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٩٧١ دا (بەروارەکەیم لەبیرنەماوە ) لەکاتی سەردانێکی مامجەلال بۆ بەغدا ( ئەو کاتە مامجەلال لە چۆمان دادەنیشت ) بیرۆکەی سەرخستنی ئەندامێکی خاوەن ئاستێکی باشی فیکری و سیاسی و چالاک بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی لەلایەن مامجەلالەوە پێشنیازکرا، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر دوو ناو گفتوگۆمانکرد، ئەوانیش ئارام و فەهمی قەرەداخی بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵە پەرەیسەندبوو، بڕیاری راپرسی دراو، یەکلاییکردنەوەی سەرخستنی یەکێک لەو دوانە خرایە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی سەرکردایەتییەوە. من نازانم دوای دەرچوونی ئێمە لە کۆمەڵە، ئارام چی بەسەرهات و لە چ پۆستێکی حزبیدا کاریکردووە، تا ئەو کاتەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی پێشمەرگە لە شارباژێڕو قەرەداغ دروستبوون. ئەو کاتە من بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە کەوتبووم، بوارێکم نەبوو بۆ بینینی ئارام، بەڵام دواتر بەهۆی ئەورەحمانی حاجی مەلا صدیقی قەرەداخی، ناسراو بە (گۆران قەرەداخی ) هەواڵیم دەزانی . ئەو هاوڕێیە فەرمانی گرتنی دەرچوو، بۆیە دوای ماوەیەک خۆشاردنەوە لە شاردا، بەمەفرەزەکەی شەهید ئارامەوە پەیوەست بوو بەبێ ئەوەی کۆمەڵە بێت. ئارام چەند جار داوای لە گۆران کردبوو، بگەڕێینەوە نێو ریزەکانی کۆمەڵە بە بیروباوەڕی خۆمانەوە، واتە بە فیکری ” عێراقچێتی “یەوە . ئارام مرۆڤێکی سیاسی هوشیاربوو ، بۆیە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە جیاوازیی فیکریی لەگەڵیاندا هەبوو زۆر کراوە بوو ، لەسەردەمێکدا بە دەگمەن ئەندامێکی کۆمەڵەت دەدیت رای جیاوازو بەرامبەر قبووڵ بکات . هەر لەو کاتە یان پێشتر دوای هەڵمەتی راوەدوونان و گرتنی ئەندامانی کۆمەڵەو چوونی ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە بۆ ئێران، دەمانبیست کە ئارام جڵەوی سەرکردایەتی کۆمەڵەی گرتۆتەدەست و خەریکی رێکخستنەوەی ریزەکانی کۆمەڵەیە و ئەو مەسئولییەتە گرنگ و مەترسیدارەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە، بەڵام چۆن و وردەکاریی چالاکییەکانی بۆ ئەو مەبەستە چیی بووە، ئاگادار نەبووم . ئارام تا ئەوکاتەی گیانیبەختکرد وەک تێکۆشەرێکی مارکسی لێنینی مایەوەو مولتەزیم بوو بەو رێبازەوە، بەڵام دەربارەی بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ هەندێک گۆڕان بەسەر فیکریدا هاتبوو، ئیتر نازانم گۆڕانی جیددی بوو یان پاشەکشەیەک بوو بۆ پێداویستی بەرەوپێشەوەبردنی بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکەی ئەو سەردەمە ئاڵۆزو جەنجاڵەی جیهان و ناوچەکە .
پرسیار: مەلا بەختیار لەکوێی چالاکییەکانی کۆمەڵەدا بوو، ئەو تاچەند بروای بە عێراقی بوون هەبوو، کە دواتر لەسەر هەمان بروا خۆی و هاوڕێکانی توشی گرفت بوون؟
قەرەداغی : دەربارەی ساڵی یەکەمی کۆمەڵەو ، ئایا لە خانەقین رێکخستنمان هەبووە یان نە، هیچ زانیارییەکم نییە ،هاوڕی ( نەریمان ) ، کە تا ئێستاش بە شەخسی نایناسم ، تەنها ناوێک بوو کە چەند جارێک، لە زاری هاوڕێیانەوە، وەک هاوڕێیەکی خانەقینی ئەندامی کۆمەڵە ناویدەهێنرا، بۆیە چ ئەو کاتەو چ چەند ساڵێکیش دوای وازهێنانم لەکۆمەڵە، نە مەلا بەختیارو نە هاوڕێیانی کۆمەڵەم، بە ناویش، لەو شارەدا نەدەناسی . بۆ یەکەم جار لەسەروبەندی ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵەو دەنگوباسی سەرهەڵدانی هێڵێکی “عێراقچی ” ناوی مەلا بەختیارم بیست، دواتریش کە ململانێکان توندبوونەوەو بە گرتنی ( مەلا بەختیار و پشکۆ نەجمەدین و شێخ عەلی ) و راوەدوونانی هاوڕێکانیان گەیشت، جۆرێک هاوسۆزی فیکریم بەرامبەر ئەو هاوڕێیانە لەلا دروست بوو . من تەنها ( مەحمود کەشکۆڵ ) ناسراو بە شێخ عەلی – م دەناسی، ناسینەکەشم دەگەڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٦٩ و سەرەتای ١٩٧٠ کە لێپرسراوی لیژنەی ناوچەی قەرەداغی سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسی بووم و شێخ عەلی – ش ئەندامی ئەو لیژنەیەو لێپرسراوی رێکخراوی تانجەرۆ بوو لە عەربەت . لەڕاستیدا بەوردی ناکۆکییەکانی نێوان کۆمەڵەو ( ئاڵای شۆڕش )م نەدەزانی ، بەڵام بەهۆی هێرشی ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەوە بۆ سەر شەخسی مەلا بەختیارو تۆمەتبارکردنی بەوەی ” عێراقچی ” یەو دەستی لەگەڵ رژێم تێکەڵکردووە ، دەمزانی بەو شێوەیە نییە، چونکە ئێمەی ” عێراقچی” یەکانی ساڵی یەکەمی کۆمەڵە ئەزموونێکمان لە شێوازی ئاڕاستەکردنی ململانێی دژ بەو ئیتیجاهە لە کۆمەڵەدا هەبوو، ئەم هاوسۆزی و لایەندارییەم بۆ ئاڵای شۆڕش بەردەوام بوو بەبێ ئەوەی پەیوەندیم بە ئاڵای شۆڕشەوە هەبێت، بۆیە لەگەڵ راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا ، یەکەم رێکخراوی چەپ کە ویستم بیانناسم و پەیوەندییان پێوەبکەم ( ئاڵای شۆڕش ) بوو، بەتایبەتیش شەخسی مەلا بەختیارم مەبەست بوو. لەکاتی بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە شەقڵاوە ( ساڵی ١٩٩١ ) کە ناوی ( کۆنگرەی راپەڕین ) یان لێنا ، لەگەڵ مامۆستا بەهادین نوری سەردانی بارەگای ئاڵای شۆڕشمان لە شەقڵاوە کرد بۆ بینینی، بەڵام لەوێ نەبوو، دواتر لە سلێمانی کۆڕێکی گرت، لە کۆڕەکەیدا ئامادەبووم بەڵام نەمتوانی بیگەمێ . هەر لەو سەردانەیدا بۆ سلێمانی، بەهۆی چیرۆکنووس ( حەمە فەریق حەسەن ) مەوعیدی بینینیم لێوەرگرت، ئێوارەی رۆژی دوای کۆڕەکە لەماڵی ئاوەڵزاوایەکی لە سەرچنار بۆ یەکەم جار چاومان بەیەکتری کەوت، گفتوگۆمان لەسەر زۆر مەسەلەی ئەو رۆژانەکرد، نزیکییەک لە بیروبۆچوونەکانماندا هەبوو، بۆیە دوای ئەو دانیشتنە پەیوەندیمان بەردەوام بوو، ئێستاش ئەگەرچی جیاوازی فیکریمان هەیەو خاڵی یەکگرتوومان ئێجگار کەمە، بەڵام هەردووکمان یەکتری بە دۆست و هاوڕێی شەخسی دەزانین. کەواتە ناسینی مەلا بەختیار بەشەخسی بۆ دوای راپەڕین دەگەڕێتەوەو لە نزیکەوە ئاگاداری ململانێکانی نیم، ئەوەی دەیزانم هەروەکو خەڵکیتر، سەرچاوەکەی خوێندنەوەی نووسینەکانی و بیرەوەری هاوڕێیانی کۆمەڵەو ئاڵای شۆڕشن، کەلەم ساڵانەی دواییدا چاپ و پەخشکراون .
پرسیار: لەگەڵ مەلا بەختیار باسی ئەو رۆژانەت کردووە، بەدڵنیایی دەبێت باسی بیروڕاجیاوازەکانی ئەوان هاوڕێیانی تری کۆمەڵەتان کردووە، کە ئەنجام دەستگیرکردنی مەلابەختیارو هاوڕێیانی بەدواداهات. چۆن باسی سەرهەڵدانی ئەو کێشەی بۆکردی، چی زۆر بەلای ئەوەوە سەخت بوبو لەوەی رویدا، روانینی خۆی بۆ ئەو کێشەیەی کە رویدا چی بوو؟
قەرەداغی : لەڕاستیدا بە وردی تەواوی قسەوباسەکانی ئەو دانیشتنەو یەکتربینینمان بۆ چەند جارێکیدیکە لەیاد نییە ، بۆیە پێمباشە دیمانەیەک لەگەڵ مەلا بەختیار خۆیدا بکەیت بۆ ئەوەی زانیارییەکان لە زاری خۆیەوە وەربگریت .
پرسیار: لە بابەتێكدا عەتا قەرەداخی پێی وایە دروستبوونی كۆمەڵە وەكو رێكخراوێك جیاوازییەكی ئاشكرای هەیە لەگەڵ حیزب و رێكخراوەكانی پێش خۆیدا كە ئەوان كەسێتی دیارو كاریزمی دایانمەزراندون و رابەرایەتیان كردوون بەڵام كۆمەڵە وەكو رێكخراوی نوخبەی رۆشنبیری سیاسی دامەزرێنراوەو ئەو بەسەرەتای قۆناغێكی نوێی لە ژیانی حیزبایەتی كوردیدا دادەنێت، ئایا بەڕێزتان لەوبارەوە چی دەڵێن؟
قەرەداغی : ئەو بابەتەی عەتا قەرەداخیم نەدیوە ، پێمخۆش بوو بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بیبینم بۆ ئەوەی رایەکەم دروست بێت . من پێموایە ئەو بۆچوونە پەیوەندی بە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەوە هەیە ، کە هەلومەرج و شێوازی پێکهاتن و چۆنایەتی هەڵسوڕاوەکان( نوخبەی رۆشنبیر ) و فیکری کۆمەڵە جیاوازبوو لەو حزب و رێکخراوانەی پێش کۆمەڵە هەبوون ، بەڵام ئەم جیاوازییە تەنها ماوەیەکی کورتی خایاند ، کۆمەڵە نەیتوانی ئەم تایبەتمەندییە بهێڵێتەوە ، چونکە بوونی دەسەڵاتی کاریزمی مامجەلال لە کۆمەڵەدا پێش دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەساڵی ١٩٧٥ داو ، وەرچەرخانی کۆمەڵە لە رێکخستنێکی مارکسی لێنینییەوە بۆ رێکخستنێکی نەتەوەیی ، ئەو جیاوازییانەی نەهێشت ، بەتایبەتی دوای خۆهەڵوەشاندنەوەو توانەوەی لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا .
پرسیار: باس لەوە دەكرێت كە بەڕێزتان لە سەرەتای هەشتاكاندا یەكێك بوون لە دامەزرێنەری رێكخراوی (كار) كە رێكخراوێكی ترۆتسكیزم بووە. ئایا لەو رێكخراوەدا چ رۆڵ و كاریگەرییەكتان هەبووە؟ ئایا ئەو رێكخراوە بۆچی نەیتوانی برەو بەخۆی بدات؟
قەرەداغی : من نە یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی ( کار ) و ، نە ئەندامی ئەو رێکخراوە بووم ، بەڵام پەیوەندی دۆستانەم پێیانەوە هەبوو ، دەمبینین و بڵاوکراوەکەیان ، کە ناوی ( کار ) بوو ، بەڕێکوپێکی بەدەستم دەگەیشت. ساڵی ١٩٨٤ کادیرە سەرەکییەکانی روویان لە هەندەران کرد ، ئیتر ئاگام لێیان نەماو وەک شەخس نەک رێکخستن دوور بەدوور هەواڵیانم دەزانی . بۆ ئاگاداریشتان ، ئەو رێکخراوە ترۆتسکیست نەبوو بەڵکو رێکخراوێکی مارکسی بوو دەیەویست لەسەر بنەما ئەسڵییەکانی مارکسیزم خۆی بینا بکات .
پرسیار: باس لەوە دەكرێت كە لە دوای راپەڕین مام جەلال هەوڵیداوە جارێكی تر بەڕێزتان كاری سیاسی لە ئاستی بەرزی یەكێتیدا بكەن، ئایا ئەوە راستە؟ ئەگەر راستە بۆچی ئەو داوایەتان قبوڵ نەكرد؟
قەرەداغی : دوای راپەڕین دوو جار ، جارێکیان ساڵی ١٩٩٢ و ئەویدییان ساڵی ١٩٩٣ بوومە میوانی مامجەلال لە قەڵاچوالان . ئەو کاتە زێتر لەبیست ساڵ بوو یەکتریمان نەدیبوو، ئەو منی بە ” تۆراو ” دەزانی بۆیە کەشوهەوایەکی دۆستانەی خۆشکرد و زۆر رێزی لێگرتم ، باسی ناکۆکییە کۆنەکانمان نەکرد ، لە چاوپێکەوتنی یەکەمدا لێکدانەوەو باری سەرنجی خۆی لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئەوکاتەی کوردستان و رژێمی عێراق و گۆڕانکارییەکانی جیهان بەیانکرد . جاری دووەم مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەوێ بوو ، دوای ماوەیەکیش یەکێکی موعارەزەی عێراقی کەناوی ( هاني الفکیکی ) بوو هات . دانیشتنەکە مان دوو کاتژمێرێکی خایاند ، بەڵام بە موجامەلەو باسی چەند بەسەرهاتێکی سیاسی کۆن بەسەرمانبرد . مەبەستی مامجەلال لە بینینم تەنها ئاشتکردنەوە و نزیکبوونەوەم بوو لە یەکێتیی نیشتمانییەوە نەک بانگهێشتکردنم بۆ چوونە ریزی یەکێتی یان کاری سیاسی لە ئۆرگانەکانی سەرەوەیدا .
پرسیار: لە بواری نووسیندا بەڕێزت لە دوو ئاستی دیاردا شوێن دەستتان دیارە یەكەمیان رەخنەی ئەدەبی و دووەمیان بواری پەروەردە. ئایا ئێستا لەو دوو بوارەدا تا چەندی بەردەوامن و چی نوێتان بە دەستەوەیە؟
قەرەداغی : دەمێ ساڵە وازم لە سۆراخکردنی ئەدەب و نووسینی رەخنەی ئەدەبی هێناوە ، ئەو سەردەمە ئەدەب بوارێکی گونجاوو رەخساوبوو بۆ بەیانکردنی ئەو بیروباوەڕەی کە کۆمەڵە وەک چرای رێگای خەباتی خۆی هەڵیگرتبوو ، بوارێک بوو بۆ ململانێی فیکری و سیاسی ، چونکە لەو هەلومەرجەدا نەدەکرا راستەوخۆ بە مارکسیزم لێنینیزم بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگەوە بچیتە نێو ئەو ململانێیەوە . دەربارەی پەروەردەش ، ئەگەرچی بەهۆی خانەنشین بوونمەوە ، ئێستا لێی دوورم ، بەڵام لەڕووی خوێندنەوەو سۆراخکردنییەوە بەردەوامم .
پرسیار: بەڕێزتان لە بنەماڵەیەكی بەرزی ئایینین و كوڕەزای شیخ عومەری ئیبن و قەرەداخین، هەر لە لاوێتیشەوە ئێوە بە ماركسیزمەوە خەریك بوون, چۆن ئەو بیروباوەرەت لەم ژینگە ئاینییە هەڵگرت؟
قەرەداغی : راستە من لەنێو بنەماڵەیەکی ئاینیدا گەورەبووم ، هێشتا منداڵ بووم باوکم فێری خوێندنەوەی قورئان و ( دلائل الخیرات ) و نوێژکردنی کردم . ئەو زۆر توندبوو لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکە ئاینییەکانم ، هەر کەمتەرخەمییەکم بە سزای دەگەیاندم . کاتێک چوومە ناوەندی و قۆناخی هەرزەکارییەوە ، ئیتر باس و خواسەکانی ئایین بۆ من جێگای پرسیاربوون ، پرسیارەکانیشم بێ وەڵام بوون ، ئا لێرەدا نائومێدبووم لە دەستکەوتنی زانیاری دروست ، بۆیە بەرە بەرە خۆم لە ئەرکە ئاینییەکان دزییەوە .
دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ و تێکەڵ بوونم بە کاری رێکخراوەیی و حزبی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، ئیتر خولیابوونی سیاسەت تەواوی هۆش و هەستمی داگیرکردبوو .
لەڕاستیدا من لەسەرەتای گەنجێتیدا مارکسی نەبووم بەڵکو کەسێکی ناسیۆنالیست بووم ، دەوروبەرەکەم ناسیۆنالیست بوون ، بۆیە منیش بەدەم ئەو شەپۆلەوە رۆیشتم ، بەڵام هەر زوو بەهۆی خوێندنەوەوە ، دواتر لەڕێی بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەی چوارەمی پارتی کە یەکێک لەبڕگەکانی ئەوەبوو : پارتی بۆ لێکدانەوەو سیاسەتەکانی سوود لە فیکری مارکسیزم لێنینیزم وەردەگرێت ، فیکری مارکسی سەرنجی راکێشام بەتایبەتی مەسەلەی یەکسانی و نەمانی هەژاری . ئێمە بۆ خۆمان خێزانێکی هەژاربووین ، باوکم دەستی کورت بوو ، بۆیە بەبێ ئەوەی سەرەتا باوکم پێیخۆش بێت ، هاوینان کرێکاریم دەکرد ، دوای دوو هاوین کرێکاری ، ئیتر هاوینەکانیدی باوکم لەڕێی خزم و دۆستانیەوە لە ئیدارەی محەلی و ئیسڵاحی زراعی بە چاودێر یان کرێکاری ( کرێی رۆژانە ) دایدەمەزراندم . رەنگە ئەم بارودۆخە خێزانییە هۆکارێک بووبێت ، رەنگە کاریگەریی خوێندنەوەشی تێدا بێت ، بێ هیچ گومانێک کارکردنی سیاسیشم لەگەڵ کەسانێکی حزبی کە چەپ بوون ، رۆڵی هەبووە لە قبووڵکردنی مارکسیزم وەک بیروباوەڕ ، بۆیە مارکسیزمم لە ژینگە ئاینییەکە وەرنەگرتووەو ، مەرج نییە کەسایەتی مرۆڤیش کۆپیی کەسایەتیی باوکی یان باپیری یان هەر ئەندامێکیدیکەی بنەماڵەکەی بێت .
لەگەڵ ئەوەشدا کە رێبازی فیکری و ئاڕاستەی ژیانی من و باپیرم زۆر جیاوازە ، بەڵام خۆشەویستی و پەیوەندییەکی رۆحی بەوەوەم گرێدەدات ، هەر لە منداڵییەوە موعجیبی کەسایەتی ئەوم ، هەمیشە ویستومە رەفتارو رەوشتی کۆمەڵایەتیم بچێتەوە سەر ئەو ، هەر بۆیە نامیلکەیەکم لەسەر ژیاننامەی باپیرم نووسیوە ، هەوڵدەدەم دوای چاوپێداخشاندنەوەو پڕکردنەوەی بە هەندێ زانیاری پێویست چاپی بکەم .
پرسیار: چۆنە هیچ نووسینێكی ئێوە بەرامبەر بەئایین یان دژی ئایین نەبینراوە. ئەمە لەژێر كاریگەری بنەماڵەكەتە, یان چی؟
قەرەداغی : من تەمەنێکە هیچ کاریگەرێتییەکی بنەماڵەکەمان لەسەر بیروباوەڕو لێکدانەوەی فیکریم نییەو ، سەربەخۆم لە بیرکردنەوەدا . فیکری من بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەمناسن رۆشنە و دەزانن سەر بە قوتابخانەی مارکسیزمم .من رێز لە فیکرو جیهانبینی و ئیختیاری سیاسی و ئاینی کەسوکارو ئەندامانی بنەماڵەکەمان دەگرم ، ئەوانیش بەهەمان شێوە ، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان بیروباوەڕو جیهانبینی منیشی پێخۆش نەبێت و بەو هۆیەوە چارەی نەوێم ، بەڵام بەرەوڕوو هەر رێزم لێدەنێن .
ئەوەی کە وتارو لێکۆڵینەوەی تایبەتیم نییە ، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لەم بوارەدا پسپۆڕ نیم و رەنگە نەتوانم وەک کەسێکی پسپۆڕ قەڵەمەکەمی پێوە خەریک بکەم . لەسەرێکیدیکەوە سەنگەرگرتنی ئاتەیستانە ( ئیلحادیانە ) لە ئاین و خەڵکی ئاینپەروەر بە ئەرکی سەرەکی خۆم نازانم ، مارکس ئەگەرچی رەخنەگرتن لە ئاین بە بنەمای هەمو جۆرە رەخنەیەکیتر دەزانێت ، بەڵام روانگەی ئاتەیستی و بەربەرەکانی راستەوخۆی ئاینی نەکردۆتە بەرنامەی حزب و رێکخراوە کرێکاری و کۆمۆنیستییەکان . مارکس بەپشبەستن بە ماتەریالیزمی دیالێکتیکی و مێژوویی ، بوونی کۆمەڵایەتی بە بنەمای هوشیاری کۆمەڵایەتی دەزانێت ، بۆیە بەرنامەی ئەو بەرنامەیەکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە . ئامانجی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتی و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتەیە ، نەهێشتنی چەوساندنەوەی مرۆڤە لەلایەن مرۆڤەوە. خەباتکردن بۆ ئەو ئامانجانە ، کە بە پلەی یەکەم ئامانجی چینی کرێکارە بۆ ئازادکردنی بەشەرییەت لە چەوساندنەوەو نامۆبوون لە خودی مرۆڤانەی ، پێویستی بەخەباتی تێکڕای ئەم چینەو چینە نەدارو چەوساوەکانی کۆمەڵگا هەیە ، جا ئایندار بن یان بێ ئاین و ئاتەیست بن . دیارە ئەمە بەو واتایە نییە کە کەسێکی مارکسی موساوەمە لەسەر بیروباوەڕی خۆی بکات و ململانێی فیکریی فەرامۆش بکات ، یان حزبی کۆمۆنیست رۆشنبیرکردنی ئەندامەکانی بە تێگەیشتن لە بنەماکانی ئاین نەخاتە نێو بەرنامە رۆشنبیرییەکانییەوە. من لەو روانگەیەوە دوو هەڵوێست بەڕاست نازانم :
١ ) ئەوەی بۆ رازیکردنی دیندارەکان رووپامایی رەوتە ئایینییەکان بکەیت ، بۆ نموونە : لەشوێنێکدا کۆمەڵیکی بەرچاو خەڵکی ئاینداری لێبوو وەک ئەوان نوێژ بکەیت ، یان ژنێکی کۆمۆنیست بیت و پێڕەوی حیجاب بکەیت یان بەشداری هەندێ طقوس بکەیت وەک ئەوەی حزبی شیوعی عێراقی لە رۆژانی عاشوورادا مەوکیبی حسێنییان رێکدەخست …هتد .
٢ ) دووەمیشیان وەرگرتنی هەڵوێستێکی ئێجگار توندو رەقە بەرامبەر جەماوەرێکی ئایندار کە رزگاری خۆیان لە نەهامەتییەکانی ژیانیان ، لەبەهەشتێکدا دەبینن کە دوای مردن پێی شاد بن ، بەکارهێنانی جنێودان بە هێما ئاینییەکان ، گاڵتەکردن بەخەڵکی ئایندار ، سووکایەتیکردن بە خەونەکانیان ، جگە لە کاریگەرێتییەکی سەلبی و ئاوکردن بە ئاشی رەوتە ئاینییەکاندا هیچیدیکەی لێ بەرهەمنایەت . ئاین عەقیدەیە ، عەقیدەش بەو شێوازانە و شێوازی فشارو سەرکوتکردن بەهێزتر دەبێت ، بۆیە هەڵوێستی خەڵکی مارکسی و حزب و رێکخراوە کۆمۆنیستییەکان دەبێت ملکەچی بارودۆخ و هاوکێشە چینایەتییەکان و پێداویستییەکانی بردنەپێشەوەی ململانێ چینایەتییەکان بێت و ، لەسەر بنەمای شرۆڤەکردنێکی وردی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ، بەرنامەی هوشیاریی دابڕێژن شانبەشانی بەرنامە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانیان .
پرسیار: ئەو سەردەمە زۆربەی حزبەکان لەسەر بنەمای مارکسیزم دا دەمەزران، بروای چەپ، ئەمە مۆدیل و چاولێکەری بوو ؟ یان هەر بەراستی تێگەشتن بۆ بڕوای چەپ هەبوو ؟. ئەگەر ئەو تێگەشتنە هەبوو، بۆچی هەتا ئەمرۆش بروای چەپ جەماوەردار نییە ؟
قەرەداغی : رەنگە باسکردنی مێژووی بزاڤی چەپ لەسەر ئاستی جیهان و عێراق و کوردستان پانتاییەکی زێتری لەم دیمانەیە بوێت و ، نەکرێت بە تێروتەسەلی دەربارەی بدوێین، بۆیە نمایشێکی چری پێویست لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەخەینەڕوو . بزاڤێک کە بە چەپ لەجیهاندا ناودەبرێت، بۆ دوو سەدە لەمەوپێش دەگەڕێتەوە ، بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە گەشەکردنی کۆمەڵگای سەرمایەداریی دوای شۆڕشی بۆرژوازی فەرەنسا لەساڵی ١٧٨٩ دا ، جەمسەربەندییەکی چینایەتی هێنایە کایەوە ، کە دوو لایەنی سەرەکی ( سەرمایەداران و کرێکاران ) یان ( سەرمایەو کار ) ی لەبەرامبەر یەکتریدا راگرت . ململانێی ئەم دوو جەمسەرە بووە تەوەرەی ململانێی چینایەتی وڵاتانی پیشەسازیبووی پێشکەوتووی ئەو مێژووە . مارکس و ئەنگڵز لە ( مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست ) دا ئاماژەیان بەو تایبەتمەندییە جیهانییەی ململانێی کارو سەرمایە کردووە . واتە لەبنەڕەتدا بزاڤی چەپ بەگشتی و بزاڤێک کە مارکسیزم تیۆری و ئاڵای بوو ، بابەتیانە ( موضوعی ) بووەو دوورونزیک پەیوەندی بە کارێکی باوو چاولێکەرییەوە نەبووە . لەو وڵاتانەدا پرسی شۆڕشی سۆسیالیستی ، پرسی هەنووکەیی و زەروورەتی گۆڕانکاریی بووە لەو مێژووەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایانەدا . لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری و ، بەرە بەرە وەرچەرخانی بۆ سیستمێکی ئیمپریالیستیی جیهانیی و ، فراوانبوونەوەی داگیرکاری و هەیمەنەی سیاسی و ئابووری و سەربازیی دەوڵەتانی سەرمایە بەسەر ئەو جیهانەی لەقۆناخی بەر لە سەرمایەداری و تەنانەت پێش دەرەبەگیدا دەژیان ، بزاڤێکیتر دژ بەو داگیرکارییەو لەپێناوی رزگاریی سیاسی و ئابووریدا سەریهەڵدا، کە لەڕووی بابەتییەوە بووە بەشێک لە بزووتنەوەی پرۆلیتاریای جیهانیی لە دژی سیستمی سەرمایەداریی، واتە لە بەرەی چەپی جیهانیدا جێوڕێی خۆی گرت. کەواتە ئەم بزاڤەش بە شێوەیەکی بابەتی ( موضوعی ) سەریهەڵدا ، نە سیمای مۆدێل و نە مۆرکی چاولێکەریی پێوە دیاربوو . ئەم دوو بزووتنەوەیە لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەمدا پتر گەشەیانکردوو بە بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر زەمینەیەکی لەبارتریان بۆ جۆشسەندن و دەستەویەخەبوونی سیستمی ئیمپریالیستیی جیهانیی رەخساند . دەسەڵاتی رسکاو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرو ، تەنانەت دەسەڵاتی سەردەمی ستالینیش ، رۆڵی گرنگیان لە توندوتیژکردنەوەی ئەو دوو ململانێیەو پشتگیریی بزاڤە چەپەکەدا هەبوو، لەبەر ئەوە دەتوانین تەواوی جیهان، تا سەرهەڵدانی ریڤیژنیزمی خرۆچۆڤی، بە واتایەک ، بە جیهانی ململانێی بەرەی چەپی پرۆلیتاریاو گەلانی ستەمدیدە و ژێردەست و بەرەی راستڕەوی سەرمایەداریی و ئیمپریالیستی ناوببەین . بزاڤی چەپ واقعێک بوو، ململانێ جیهانییەکەی نێوان کارو سەرمایە لەلایەک و ، ململانێی وڵاتانی کۆلۆنی و نیمچەکۆلۆنی لەگەڵ وڵاتە ئیمپریالیستییەکان لەلایەکیدیکەوە، لەخۆیدەگرت . ئەم واقیعەی ململانێ تاسەردەمی هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت و دەوڵەتەکانی بلۆکی رۆژهەڵات درێژەی کێشا ، ئەگەرچی بەهۆی کەرتبوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانیی و ئەو ململانێیانەی بەو هۆیەوە دروستبوون چەمکی چەپ گۆڕانی بەسەرداهات و لێکدانەوەی جیاجیا بۆ ئەو چەمکە هاتەئاراوە . لەبەر تیشکی ئەو واقیعەدا، حزبەکانی ئەو سەردەمە ، ئەو حزبانەی بەڕاستی بۆ بەدیهێنانی ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی و شۆڕشی سۆسیالیستی خەباتیان دەکرد، پەیڕەوی مارکسیزم و بنەماکانی رێکخستنێکی لێنینیان دەکرد، هەڵبەت دەبێت ئەو راستییەش بڵێین کە بەشێکی ئێجگار بەرچاوی حزبە شیوعییە تەقلیدییەکان و ، ئەو حزب و رێکخراوە نەتەوەییانەی لەگەڵ شەپۆلی فیکری مارکسیدا مەلەیاندەکردو بەم رادە یان ئەو رادە ئیلتیزامی خۆیان بە مارکسیزم یان مارکسیزم لێنییزم یان ماویزم و ترۆتسکیزمەوە رادەگەیاند، لەگەڵ هەرەسدا گەڕانەوە بۆ شوێنە چینایەتییەکەی خۆیان و لە فیکرو هەڵوێستی پێشوویان پاشگەزبوونەوە، پشتیانکردە کۆمۆنیزم و بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە رەوتی ئیمپریالیزمی سەردەمی سەرمایەداریی جیهانگیرەوە پەیوەست بوون . پشتیانکردنە مارکسیزم لێنینیزم و خۆیان ، لەگەڵ ستراتیژی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان بەسەرکردایەتی ئەمریکا ڕێکخستەوە . رێکخراوو حزبە چەپەکانی کوردستان و عێراقیش لە کاریگەریی ئەو بارودۆخە جیهانییە بەدەرنەبوون و دەبێت وازهێنان و پاشگەزبوونەوەیان لە فیکرو هەڵوێستەکانی رابردوویان، لە چوارچێوەی ئەو واقیعەدا هەڵبسەنگێنین .
” بۆچی هەتا ئەمڕۆش بڕوای چەپ جەماوەردار نییە ؟ ” من نازانم ئەم ئەنجامگیرییە پشت بە چ ئامارێک یان لێکۆڵینەوەیەکی باوەڕپێکراو دەبەستێت !! ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تەنها دیوی دەرەوەی واقیعەکەیە . واقیعی ئەمڕۆی جیهان جەوهەرێکیدیکەی هەیە کە رێک بە پێچەوانەی ئەم ئەنجامگیرییەوەیە. واقیعێک کەپێمان دەڵێت : ئەو بزووتنەوە فراوانەی لەسایەی چەمکی چەپدا ریزبەندیی دەکرێت ، دوای نووچدانێکی کاتی، لە هەڵسانەوەو خۆرێکخستن و گوڕبەستنەوەیەکی نوێدایە و، بەرە بەرە لە رەوتی خۆیدا جەماوەری دەبێتەوە . ئەمڕۆ ئەم بزووتنەوە چەپە جیهانییە لەژێر فشارێکی لەڕادەبەدەری سیستمی ئیمپریالیستیی سەرمایەی جیهانگیردایە . ماشێنی جۆرنالیزمی جیهانی سەرمایە، واقیعی بزووتنەوەی چەپ و گەشەکردنی خەباتی ئەم چەپەی تاریکاندووەو رێگری لە ئاشکرابوون و پەخشبوونی چالاکییەکانی دەکات، دەزگا وابەستەکانیشی لەمپەڕەوە بۆ ئەوپەڕی جیهان ، بەپێی ئەم سیاسەتە ، راستییەکان لەگەلانی جیهان دەشارنەوە . هەر لە کوردستانی خۆماندا ( بۆ نموونە ) راگەیاندنی کوردی ( بەگشتی ) لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا ، وەک پاشکۆی جۆرنالیزمی جیهانی سەرمایەداریی ، واقیعی بزووتنەوەی چەپی جیهانیی لە جەماوەری خەڵکی کوردستان شاردۆتەوەو، ئەنجامگیریی لەو چەشنەی پرسیارەکەی ، بۆ ئاڕاستەکردنی رای گشتی بەگەڕخستووە . سەرەتای سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی چەپ ، دوای هەرەسی سۆڤیەت و دەوڵەتەکانی بلۆکی رۆژهەڵات دەستیپێکردو خۆی لە بزووتنەوەیەکی جیهانیی دژ بە جیهانگیریی ( گلۆبالیزەیشن ) رێکخست ، دوابەدوای ئەویش حزب و رێکخراوە چەپەکان ، بە جیاوازی قوتابخانەکانیانەوە ، خۆیان رێکخستەوەو ، قۆناخی هێرشی سەرمایەو بەیت و بالۆرەی مەرگی کۆمۆنیزمیان تێپەڕاند، هەر چاوگێڕانێک بەنێو لیستی ئەو حزب و رێکخراوانە لە عێراق و ناوچەکەو جیهاندا، بەڵگەی گەشەکردنی ئەو بزووتنەوەیە بەدەستەوەدەدات . لە ئاستی عێراقدا جگە لە حزبە شیوعییە کلاسیکییەکە ، چەندین حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی و خۆبەچەپزان خۆیان ئاشکرا کردووەو کاری سیاسی و رێکخراوەیی خۆیان دەکەن وەک ( حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، حزبی کۆمۆنیستی چەپی کرێکاریی عێراق، یەکێتیی کۆمۆنیستەکان ، رێکخراوی مارکسییە لێنینییە شۆڕشگێڕە عێراقییەکان، بزووتنەوەی ماویستەکانی عێراق ) ، پێشتریش لەچەند ساڵی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا بەدەیان رێکخراوی کۆمۆنیستی لە کوردستاندا کاریان دەکرد . لە وڵاتانی ناوچەکەشدا ، دیسان چەندین حزب و رێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست سەریانهەڵداو بەشێکیان هەتا ئێستاش کاردەکەن :لە سوریا چەند حزبی شیوعی هەیە ، بزووتنەوەی چەپی مارکسی هەیە، حزبی کاری کۆمۆنیستیی هەیە ، لوبنان و ئوردن و فەلەستینش دەیان رێکخراوو حزبی کۆمۆنیست و سۆسیالیست و چەپیان تێدایە، میسرو تونس و مەغریبیش بەهەمان شێوەو بەشێکیشیان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە راپەڕینەکانی ئەو وڵاتانەدا وەک سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان و حزبی شیوعی و حزبی شیوعی شۆڕشگێڕ و حزبی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستە ئازادیخوازەکان و …هتد لە میسرو ، حزبی کرێکارانی کۆمۆنیست و حزبی نیشتمانی دیموکراتی و حزبی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی ماویستەکان و رێکخراوی کۆمۆنیستی مارکسییە لێنینییەکان و رێکخراوە ترۆتسکییەکان لە تونس و شێوەکانی ئەم حزبانەش لە مەغریب،هەر لە ئێرانی دراوسێشماندا بە دەیان حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی چەپ هەیەو لە چەپەکانی باشووری کوردستان شاراوە نین. لە تورکیاش جگە لەوەی پەکەکە بە رێبازێکی چەپی سۆسیالیستی دەستیپێکرد، چەندین حزب و رێکخراوی چەپی شۆڕشگێرو کۆمۆنیستی هەیە وەک حزبی کۆمۆنیستی تورکیا، بەرەی رزگاریی میللی شۆڕشگێڕ، حزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی تورکیا ، حزبی کۆمۆنیستی تورکیا ( مارکسیست لێنینیست ) ، حزبی کۆمۆنیستی ماویست ( تورکیاو باکووری کوردستان ) کە ئەمەیان رۆڵێکی بەرچاوی لە خۆنیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەستامبولدا بینی و وێنەی رابەری گیانبەختکردووی حزبەکەیان ( ئیبراهیم کایباکایا ) بە گەورەکراوی لە مەیدانە گەورەکاندا هەڵواسی . دیارە هەر یەک لەم حزبانە کادیرو ئەندامان و جەماوەری خۆیان هەیە، بۆیە ناکرێت پەردەیەکی رەشی راگەیاندن بەسەریاندا بدەین و لەخۆڕا بڵێین چەپ وجودی نییە یان جەماوەردار نییە !! لە ئاستی جیهانیشدا واقیعی بزووتنەوەی چەپ بەو جۆرە نییە کە جیهانیی سەرمایەاری خواستێتی و خەونی پێوە دەبینێت . هەر ئێستا ئەم بزووتنەوەیە ، سەرباری شکستەکانی ساڵەکانی نەوەدی سەدەی رابردوو ، لە پەرەسەندن و گەشەکردندایەو بەسەر چەندین قوتابخانەی فیکری وسیاسیدا دابەشبوون ، لەوانە :
– بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی کە دەیان حزب و رێکخراوی سەر بە حزبە ریڤیژنیستەکەی پێشووی سۆڤیەتن .ئەم حزبانە لەچالاکیدان و هەر چەند ساڵ جارێک کۆنگرە دەگرن و سیاسەتەکانیان دادەڕێژنەوە و ریزەکانیان رێکدەخەنەوە . – کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی سەر بە رێبازی ستالینی . ئەم حزب و رێکخراوانەش کۆنفرانسی نێونەتەوەیی خۆیان هەیەو پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرچاویان هەیە لە ( روسیا ، بەڕازیل ، ئەکوادۆڕ ، فەڕەنسا ، ئیسپانیا ، کۆلۆمبیا ، تونس ، یۆنان ، دانیمارک ، ئیتالیا ، نەڕویژ ، مەکسیک ، دۆمینیکان ، ئێران ) .
– کۆمەڵێک حزب و رێکخراویدیکەی کۆمۆنیستی ( ماویست ) کە رێکخراوێکی ئیتەرناسیۆنالیستییان پێکهێناوە بەناوی ( بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئینتەرناسیۆنالیستی RIM ( .لەوڵاتانی : ( بەنگلادیش ، ئەفغانستان ، ئێران ، سیلان ، هیند ، تونس ، ئەمریکا ، کەنەدا ، تورکیا ، نیپال ، کۆلۆمبیا ، فلیپین ، مەغریب ، چین ، چیلی ) کاردەکەن و ململانێی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتانە دەکەن و ، لە قۆناخی خۆرێکخستنەوەدان ، دوای گەڕانەوەی چین بەرەو سەرمایەداریی .
– کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستیی ( ترۆتسکیست ) کە خۆیان لە بزووتنەوەیەکی ئینتەرناسیۆنالیستیدا رێکخستووە بە ناوی ( رەوتی مارکسیزمی ئینتەرناسیۆنالیست ) . ئەم رەوتە لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپاو ، وڵاتانی کیشوەری باشووری ئەمریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردەکەن و ، لەچەند ساڵی رابردوودا ، کاریگەرێتییان لەسەر راپەڕینەکانی ئەمریکای لاتین ووڵاتە عەرەبییەکان هەبووەو ، تا ئێستاش هەیە .
– کۆمەڵیک رێکخراوو گرووپ و بزووتنەوەی ئانارکیستی لە ئەوروپاو چەندین وڵاتیدیکەی جیهاندا چالاکانە کاردەکەن و رۆڵیان لە بزووتنەوە ئیعتیرازییەکاندا بەرامبەر سیستمی سەرمایەداریی هەیە ، بەتایبەتی ئەو ئانارکیستانەی بەرنامەی کۆمۆنستییان هەیە . لە ئاستی پڕاکتیک و چالاکی و هەڵسووڕانی رۆژانەشدا ، ئەوا سۆراخکردنی بزووتنەوەکە لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەدا ، بەڵگەی بەردەوامی و زیندوویەتی بزاڤی چەپمان بەدەستەوەدەدات ، لەوانە :
– بوونی چەندین جەنگی شۆڕشگێڕانەو پارتیزانی ، لە بیست تا سیی ساڵی رابردوودا ، لە ( پیرو ، هیند ، فلیپین ، مەکسیک ، کۆلۆمبیا ، نیپال ) کە کۆمۆنیستەکان رابەرایەتییان کردووە .
– بەرپاکردنی هەزاران خۆنیشاندان و مانگرتن و پەناگیریی لەلایەن حزب و سەندیکا کرێکارییەکانەوە ، بە پلەی یەکەم ، لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکاندا ، لەپێناوی چاککردنی هەلومەرجەکانی کارو ، دژ بە خودی سیاسەتەکانی سەرمایەداریی جیهانگیرلەمسەر بۆ ئەوسەری جیهان ، کە کۆمۆنیستەکان رۆڵی دیارو بەرچاویان لە رێکخستن و سازدان و ئاڕاستەکردنیدا هەبووە .
– سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوەی وەک : داگیرکردنی گۆڕەپان و شەقامەکان ، دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانەوە ،دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆمەڵە گەلییەکانەوە ، وەک ئەوەی لە پۆلیڤیا روویدا ، بەئاڕاستەی رێکخراوو هەڵسووڕاوە کرێکاری و ئانارکیستی و کۆمۆنیستییەکان .
– بەرپابوونی شۆڕشی ڤەنزوێلا و ئەو ئاگرەی لەژێر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کردوویەتییەوە ، رەنگە دیارترین شێوەی تەحەدداو ململانێ بێت لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریی بەگشتی و ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەتایبەتی لە بیست و چەند ساڵی دوای هەرەسی شۆرەوییەوە ، ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییانەی ، چەپەکان بە جیاوازی قوتابخانەکانیانەوە رۆڵی رابەری و بەرچاویان تێیاندا گێڕاوەو دەیگێڕن . لە کۆتایی وەڵام بەم پرسیارە سەبارەت بە چارەنووسی چەپ ، ئاماژە بە دوو راستیی دەکەم
: یەکەم – ئاساییە بزووتنەوەی چەپ و ، کۆمۆنیزم وەک لوتکەی ئەم چەپە ، لە ئەنجامی بێئەزموونی ، یان بەهۆی هەڵەی ستراتیژیی یان تاکتیکی ، یان ئاڵوگۆڕێک لە هاوکێشە سیاسییەکانی جیهاندا ، تووشی نووچدان و ئاستەنگ و سڕبوون ببێت ، وەک چۆن بۆ بزووتنەوەکانیدیکە ئاساییەو چەند جار لەمێژووی خۆیاندا تێشکان و پاشەکشەو هەرەسیان بەسەرداهاتووە ، مێژووی هەزاران ساڵی مرۆڤ لە کۆمەڵگاکانی سەرانسەری جیهاندا ئەو راستییە دەسەلمێنێت، هیچ بزووتنەوەیەکی ئاینی یان نەتەوەیی یان لیبراڵیی دیموکراتی نییە بۆ چەند دەورەو چەندین جار ئەو کەوتن و دابڕانەیان لە رەوتی مێژوو بەسەردانەهاتبێت
. دووەم – ئاسۆی بزووتنەوە سیاسییەکانیش ، دیسان لەڕێی چەندین هۆکاری جیاجیاوە ، مانەوەو سەرهەڵدانەوەو ژیانی بەبەرداهاتۆتەوە ، یان هەڵوەشاونەتەوەو مەرجەکانی مانەوەیان نەماوەو لە مۆزەخانەی مێژوودا جێیانگرتووە . دیسان بۆ سەلماندنی ئەم راستییە دەتوانین ناوی سەدان بزووتنەوەی خاوەن ناسنامەی جیاجیا ببەین کە یەکێک لەو دوو چارەنووسەیان هەبووە . ئەوەی لەم جووڵانەوەیەی مێژوودا ئاسۆی بەردەوامبوونی رووناکەو ئاوابوون بەخۆیەوە نابینێت بزاڤی چەپە ، چونکە زێتر لە بزاڤەکانیدیکە ئەگەری مانەوەو ململانێ و سەرکەوتنی هەیە . ئەمە حوکمێکی بابەتی( موضوعی ) یەو پەیوەندی بە ئارەزوو و خواستی ئەم و ئەوەوە نییە ، رەوتی بەرەوپێشەوەچوونی مێژوو بڕیار لەم چارەنووسە دەدات ، سەبارەت بە دوو بنەمای تایبەت بە رەوتی مێژووی چەپ :
– بنەمای یەکەم پەیوەندی بە جەماوەری بزووتنەوەی چەپەوە هەیە ، هەمیشەو لەهەموو قۆناخەکانی مێژووی کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا ، خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت و نەدارای کۆمەڵ بنکەی فراوانی بزووتنەوە چەپییەکانیان پێکهێناوە ، بەو هۆیەوە ، بوونی چەوساندنەوەی چینە باڵادەست و داراکانی کۆمەڵگا بەسەر ئەو چینانەوە سەرچاوەی مانەوەیان بووەو ، پەیتا پەیتا وزەیان بە بزووتنەوە چەپییەکان داوەو لە بنبڕبوون پاراستوویانن . بۆیە هەتا کرێکارێک مابێت ، هەتا خەڵکێکی ستەمکێش مابێت ، هەتا نەتەوەیەک نەتەوەیەکیتر بچەوسێنێتەوە ، هەتا ژنان بوونی مرۆڤانەیان بۆ نەگەڕێتەوە ، هەتا سەرجەمی مرۆڤ بەجیاوازی رەگەزو رەنگی پێست ونەتەوەو ئاین و زمان و … هتد مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان نەبێت ، ئەوا بزاڤی چەپ ، بەتایبەتی چەپی کۆمۆنیستی دەمێنێت و لەکاردا دەبێت . – بنەمای دووەم پەیوەندی بە ئامانجی بزووتنەوەکانی چەپەوە هەبووەو ، هەتا ئێستاش ، هەر ئەو ئامانجانەیە جەماوەری بەرفراوانی خەڵکی هەژارو ستەمدیدە بە بزووتنەوەکانی چەپەوە پەیوەست دەکات . ئەمڕۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و گشت ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانەی هێزی کاریان دەفرۆشن بەچینە پارەدارەکان ، یەکەم ئامانجیان خۆشگوزەرانییە ، واتە مەسەلە سەرەکییەکانی ژیان تەوەرەی بیرو هەڵسوکەوت و ئامانجی کاریانە ، بۆیە بنکەی بزووتنەوە چەپەکانن ، بەتایبەتی بزووتنەوەی چەپی کۆمۆنیستی کە نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتی و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و بنبڕکردنی هەموو چەشنە ستەمکاری و چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ، بەرنامەیەتی بۆ دنیایەک کە هەموو کەس بەپێی توانای ببەخشێت و بە پێی پێداویستییەکانی لە کۆمەڵگا بەهرەمەند بێت . ئەو جیهانەی خۆشگوزەرانیش بە نەمانی چینەکان و حزبەکان و دەوڵەتەکان دێتەدی ، جیهانێک کە بەڕاستی ئازادی و یەکسانی بۆ مرۆڤەکان دابین دەکات . لەبەرئەوە هەتا ئەم ئامانجانە لەکایەدابێت ، هەتا ئەم خەونەی بەشەرییەت بەدینەیەت چەپ و بزاڤی چەپ هەردەمێنێت و لەشکرێکی بەرفراوانی بەشەریش لەرێزەکانیدا دەمێنێتەوەو پشتیگیریی لێدەکات . بە شێکردنەوەو خوێندنەوەیەکی دروستی ئەو ( دوو راستی ) و ئەو ( دوو بنەما ) یەی سەرەوە دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی : ئاسۆی گوڕو جۆشسەندنەوەی چەپ تاریک نییەو ، شکست و نسکۆکان لە جەماوەری دانابڕن ، ئەگەر واقیعێکی کاتیش هەبێت بۆ دابڕانێکی کاتی ، ئەوا بە حوکمی پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان واقیع و ئیمکان ، واقیعی ئێستا بە واقیعێکی نوێ وەردەچەرخێت ، دابڕان کۆتایی پێدێت و سەرەنجام فیکرو سیاسەتی چەپ هەر بە جەماوەرداری درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.

گۆڤاری ( سڤیل ) ژمارەکانی ( 208 ) و ( 209 ) و ( 210 ) لە رۆژەکانی 30 – 11 و 7 – 12 و 14 – 12 – 2013

ناکۆکی و یەکەم پرۆسەی جیابوونەوە لە کۆمەڵە

5 حوزەیران

ناکۆکی و یەکەم پرۆسەی جیابوونەوە لە کۆمەڵە

فوئاد قەرەداغی

بەشی یەکەم

ئەو هاوڕێیانەی لە ئەڵقە رۆشنبیرییەکانی بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا بوون ، لەبەرامبەر حزبەکەیاندا هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبوو . هەمووان ، سەرەتا بەرپاکردنی ریفۆرم و ، دوای نائومێدبوونیش لە سەرکردایەتیی حزب ، هەڵوەشاندنەوەی حزب و دامەزراندنی رێکخراوێکی نوێیان کردبووە نیازی خۆیان ، بۆیە لەو هەلومەرجەدا کەمتر ناکۆکییەکان دەردەکەوتن ، زیاتر یەکگرتن لەسەر پرسە سەرەکییەکە لەنێوەندیاندا هەبوو .
ئەگەرچی یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی یەکبوونی ئەم ئەلقانە داشکاندن بوو بەلای چین و حزبی کۆمۆنیستی چیندا و ، بەپێی بۆچوونە ماویستییەکانی ئەو حزبە ، پرەنسیپی ململانێی دوو هێڵ لە نێوخۆی هەر رێکخراوێکی کۆمۆنیستیدا شارەزابوون ، بەڵام لەڕووی پڕاکتیکەوە نەیانتوانی ئەو پرەنسیپە لە چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوخۆدا بەکاربهێنن و یەکگرتوویی رێکخراوەکە بهێڵنەوە .
لەڕاستیدا ، چ ئەڵقە رۆشنبیرییەکانی بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵە و ، چ شانە سەرەتاییەکانی دوای دامەزراندن و ، چ ئەندامان وەک تاک لە خوێندنەوەکانیاندا ئەو پرەنسیپانەیان لەڕووی تیۆرییەوە لەبەر بوو ، بەڵام کە ناکۆکییەکان پەرەیسەندو ململانێ سەریهەڵدا ، هیچ لایەنێکیان بۆیان پڕاکتیک نەکراو دووکەرتبوونی کۆمەڵەی لێکەوتەوە کە هێشتا سەردەمی ساوایەتیی بوو .
هەمووان باوەڕیان بەوە هەبوو کە یاسای ( یەکێتیی دژەکان ) یاسایەکی بنەڕەتیی دیالێکتیکە ، دەیانزانی کە لایەنەکانی ناکۆکی لە یەکگرتن و ململانێدان و ئەوە سەرچاوەی جوڵان و گۆڕانکارییە ، کۆکبوون لەسەر ئەوەی واقیعی بابەتی ( موضوعی ) ، ئایدیای یەکگرتنی رەهاو نەبوونی ململانێ رەتدەکاتەوە ، پرەنسیپەکانی : ( رەخنەو رەخنەلەخۆگرتن و ، یەکگرتن – رەخنە – یەکگرتن و ، ناوەندێتی دیموکراتی و ، بەکارهێنانی شێوازی دیموکراتی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان لەڕێی گفتوگۆو رەخنەو ئیقناع و هوشیارکردنەوە ) یان دەسەلماند ، بەڵام لەو کاتەدا کە پێویستبوو پڕاکتیکی بکەن ، هەموویان خستەلاوەو بە راپرسی و چەمکی زۆربەو کەمایەتی کێشەکەیان بڕاندەوە ، لەورێکخستنەدا کە بە هەردوولایەن ( زۆربەو کەمایەتی ) نەدەگەیشتنە ٣٠ بۆ ٣٥ کەس .
بڕیاردانی راپرسی بەڕای هەمووان بوو ، واتە هەردوولایەنی ناکۆک لەسەری کۆکبوون و ، بۆ ئەو کاتە زامنی چارەسەرکردنێکی هێمنانەو پاراستنی بزوتنەوەکەبوو لە پەرشوبڵاوی و ئەگەری دەرکەوتن و سەرکوتکردنی لەلایەن رژێمەوە ، بەڵام کۆتایی بە پڕوپاگەندەو هێرشی زۆربە نەهێنا ، لەکاتێکدا کەمینە چوونەدەرەوەو رێکخستنێکیدیکەیان پێکهێناو دوورونزیک هێرشی نەیارانەیان بەرامبەر کۆمەڵە نەکرد .
پتر لە ناکۆکییەک هەبوو
ئەوە ماوەی زێتر لە چل ساڵە ئەم ناکۆکییە تاووتوێدەکرێت ، خەرمانێک نووسین دەربارەی نووسراوە ، وەک ئامرازێکی سازدان لەسەردەمی رێکخستنداو ، دوای ئەوەش تا دەگاتە ئەو مشتومڕەی ئەمڕۆ لە ئارادایە ، باسیلێوەکراوەو هەرکەس بە خواست و ئارەزووی خۆی ئەو مێژووە دەنووسێتەوە ، پێشبڕکێی کوردستانیبوونی لەسەردەکرێ و بەرامبەرەکەش بە تۆمەتی عێراقیبوون( تەکفیری نەتەوەیی ) دەکرێت ، بەم هۆیەشەوە راستیی ململانێکەی ئەوکاتە ناناسرێتەوە ، یان لانیکەم کەسێک تا ئێستا وەکخۆی لێینەدواوەو ناڕۆشنییەکی لەرادەبەدەر سەبارەت بەو بابەتە هەیە کە زۆرجار بۆ سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی دەگێرنەوە لە ساڵی ١٩٢١ دا و … هتد . بەم پێیە ئەم ناکۆکییە لە قەوارەکەی خۆی چەندان جار زێتر گەورەکراوەو ، هەندێ جاریش لە ململانێ ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەدا گەیشتۆتە لوتکەو ، ئەو هەستەی لێدەڕسکێ ، کە ململانێی سەدەیەکی کۆمەڵگای کوردستان ، یان لانیکەم پەنجا ساڵی رابردوو ، مەسەلەی کوردستانیبوون و ” عێراقچێتی ” بووبێت لە بزوتنەوە رزگاریخوازییەکەیدا .
وەک ئاماژەمان پێدا ، لەگەرمەی کارکردن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵە ئەم جیاوازییانەی بیروڕا نەدەبینرا ، یان بابەتی ئەو رۆژە نەبوون ، بەڵام دوای دەستبەکاربوون ، بارودۆخی کارکردن و ئاڵۆزییەکانی ، وردە وردە ناکۆکی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا ، تەنانەت ناکۆکییەکان پەلی بۆ ژیانی شەخسیی هاوڕێیان لەهەموو ئاستەکاندا دەهاویشت بەپاساوی خۆ پەروەردەکردن لەسەر بنەمایەکی نوێ و ، ئەوەی ئەم کارە نوێیەو ، دەبێت جیاوازی لەگەڵ کاری حزبییانەی پێشووتردا هەبێت . لەبەرئەوە بۆ هەریەکێک هەبوو جگە لەرەخنەی گشتی ، رەخنەی زۆر شەخسی لە هاوڕێکانی شانەکەیەوە تا سەرکردایەتی بگرێت . بەم جۆرە ناکۆکییەکان تەنها یەک خاڵ و یەک پرس نەبوو ، بەڵکو مەسەلەی ناسنامەی رێکخراوەکە یەکێک بو لەچەندێک .
سەرەتا ناکۆکییەک هەبوو لەسەرئەوەی مامجەلال لەم کارەدا هەبێت یان نە . هەندێ لە هاوڕێیانی سلێمانی دژی ئەوەبوون مامجەلالی تێدابێت ، رایەکی وەهاش هەبوو ، کە ئەگەر مام لەم رێکخراوەدا کاربکات ، نابێت لە سەرکردایەتی رێکخراوەکەدا بێت ، ئێمەش ، وەک دەستەی دامەزرێنەرو چەند هاوڕێیدیکەش بوونی مامجەلال- مان بە زەرورەت دەزانی ، هاوڕێیانی ( سازمانی ئینقیلابی حزبی تودەی ئێران ) یش ناڕاستەوخۆ رایەکی وەهایان بۆمان دەربڕی بەوەی کە کەسایەتیی مامجەلال بۆ خۆی ” ناوەندێکە ” نابێت دەستبەرداری ببین . لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە هیچ یەکێک لە ئەندامانی ئەڵقەی ناوەندی ، کە بەپێێ پێڕەوی ناوخۆ تا یەکەم کۆنگرە یان کۆنفرانس ، ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی کۆمەڵە بوون ، ئیعتیرازیان لەسەر مامجەلال نەبوو کە سکرتێری کۆمەڵە بێت .
لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتیدا ، سەبارەت بە هەڵسەنگاندن و هەڵوێست بەرامبەر سەرکردایەتی پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) ، بەتایبەتی مەکتەبی سیاسی و چەند کەسایەتییەکی دیاری ئەو حزبە ، ناکۆکی سەریهەڵدا ؛ کۆمیتەی سەرکردایەتی دوو رای تێدابوو : رایەکیان راستوچەپی بەسەر حزبەکەو سەرکردایەتییەکەشیدا دەهێناو ، رایەکەیدی شانازی بە حزبەکە دەکردو سەرکردایەتییەکەی بە کەسانی تێکۆشەرو نیشتمانپەروەر لەقەڵەم دەدا .
ناکۆکییەکیدیکەی ناوەند لەسەر هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتی بەعس بوو ، هەڵسەنگاندنێک بە دەوڵەتێکی فاشستی پێناسەدەکردو ئەویدیکەیان بە دەوڵەتێکی پێشکەوتنخواز ، بەڵام رەفتارفاشی . ئەم ناکۆکییە دەوڵەتی سوریای ژێر سایەی بەعسیشی گرتەوە ، بە هەمان ئەو دوو هەڵسەنگاندنە جیاوازەوە .
ناکۆکییەکیتر سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی حزبی شیوعی عێراقی ( قیادەی مەرکەزی ) بوو. رایەک وەک رێکخستنێکی کۆمۆنیستی دەیناساندو بە دەستەیەکی کارای بزوتنەوەی نوێی کۆمۆنیستی لەعێراقدا دادەناو خوازیاری دۆستایەتییان بوو ، رایەکی بەرامبەریش هەبوو کە بە رێکخستنێکی وردەبۆرژوازی دەزانی ، تەنانەت لەنێو ئەم رایەی دواییاندا جۆرێک هەڵسەنگاندنی رەها هەبوو جەختی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەم رێکخراوە هەرگیز نابێتە رێکخراوێکی کۆمۆنیستی . لایەنی یەکەم ئەم رایەی بە هەڵسەنگاندنێکی نالۆژیکیی دەزانی و لە بەرامبەریدا ئەو پرسیارەی دەکرد : بۆ دەشێت ئێمەی پەروەردەکراوی ناو حزبێکی بۆرژوازی و نەتەوەیی ببینە کۆمۆنیست ، بەڵام ئەوانی لەبنەڕەتدا کۆمۆنیست نەتوانن پەرە بە رێکخراوەکەیان بدەن و بەشداریی بنیاتنانەوەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراقدا بکەن ؟ ئەم پرسیارو بیروبۆچوونەی بەشێک لە هاوڕێیان ، کە دواتر لە کۆمەڵە دەرچوون بە ناکۆکییەکیترەوە گرێدرا ، ئەویش پرسی کوردستانیبوون و ” عێراقچێتی ” بوو ، ئەو پرسەی کە بۆ زێتر لە چل ساڵ دەچێت ئەندامان و دۆستانی کۆمەڵەو پاشان یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش دەیڵێنەوەو ، لەوە زێتریان لەسەر کۆی ناکۆکییەکان پێنەگوتراوە . نەک هەر ئەوە ، بەڵکو رێکخستنەکان ئاگاداری خاڵی جەوهەریی ململانێکەش نەبوون کە دواتر روونیدەکەمەوە .
جەوهەری ململانێ لەسەر ناسنامەی کۆمەڵە
لەنێو ئەدەبی عەرەبیدا ( کراسەکەی عوسمان ) بۆ بڕوبیانووهێنانەوەو تێپەڕاندنی هەندێک کەیس بەکاردەهێنرێت ، پرسی ململانێش لەسەر ناسنامەی کۆمەڵە ( کوردستانی ) بێت ، یان ( عێراقی ) ، کە داڕشتنەکەی بەم واتاو شێوەیە شێواندنێکی تێدایە ، کرایە کراسەکەی عوسمان و ، ئێستاش کە کۆمەڵە ، وەک فیکر و رێبازو سیاسەت و رێکخستن نەماوە ، کەچی هەندێک لە هاوڕێ دێرینەکان دەستبەرداری نمایشکردنی بەو شێوەیەنابن و هەمان کراس رادەوەشێننەوە .
ئێمەی کۆمەڵەی ئەو سەردەمە خۆمان بە کۆمۆنیست دەزانی و ، دامەزراندنی ئەم رێکخراوە بۆ خەباتێکی کۆمۆنیستی بوو . لە ململانێی نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانیشدا ، لایەنگیری هێڵی حزبی کۆمۆنیستی چین و ، دژ بە هێڵی ریڤیژنیزم و سۆسیاڵ – ئیمپریالیزمی سۆڤیەتی بووین . ئامانج لە رێکخستنەکەش لە دوو تەوەرەدا چڕدەبووەوە :
– یەکەم ، پیادەکردنی مەرجەکانی حزبێکی کۆمۆنیستی بوو ، کە بتوانێت سەرکردایەتییەکی کۆمۆنیستی بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتیی کورد بهێنێتەکایەوەو ، بەسازدانی بەرەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی و لەشکرێکی میللی ، جەنگی گەل و رێگای ئابڵووقەدانی شار لە لادێوە بگرێتەبەرو ، قۆناغی شۆڕشی دیموکراتی نوی ببڕێت و کۆمەڵگا بەرەو سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم ببات .
– دووەم کارکردن وەک دەستەیەک ( فصیل ) ی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی نوێ لە عێراقدا شان بەشانی هەموو ئەو رێکخراوانەی هەبوون یان پێشبینی دامەزراندنیان دەکرا لە عێراقی ئەو سەردەمەدا .
ئەو کاتە مەسەلەی حزبە کۆمۆنیستەکەی دوارۆژ ، کە لەسەر ئاستی عێراقدا دەبێت یان لەسەرئاستی کوردستاندا ، دەستنیشان نەکرا ، چونکە لۆژیک ئەوەی دەخستە ئەستۆی کات و رادەو شوێنی گەشەکردنی بزوتنەوەکە لە داهاتوودا ، بەرنامەی کۆمەڵەش هیچ خاڵێک یان ئاماژەیەکی بۆ ئەو ناسنامەیە تێدانەبوو . کەواتە ململانێکە لەسەر ئەوەنەبوو کۆمەڵە کوردستانی بێت یان عێراقی و ، هیچ کەسێک نەیدەویست ناوی کۆمەڵە ( کوردستان ) ی لێبکرێتەوەو لەشوێنیدا عێراق دابنرێت ، بەڵام دوای پەرەسەندنی ناکۆکی ، لەسەر ناسنامەی حزب بۆ ئایندە ، کە زێتر ناکۆکییەکی تیۆری بوو سەبارەت بە رێکخستنی کۆمۆنیستی لە سنووری یەک وڵاتی فرە نەتەوەی خاوەن یەک دەوڵەتدا ، ئەم پرسە هاتەپێشەوەو دوو رای جیاواز سەریهەڵدا : رایەک لەسەر بنەمای پرەنسیپە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی پێی لەسەر عێراقیبوونی حزب ( لەجەوهەردا رێکخستنێکی ئینتەرناسیۆنالیستی ) داگرت و رایەکی بەرامبەریش کە ئەوەی رەتدەکردەوەو سووربوو لەسەر کوردستانیبوونی حزب ( لە جەوهەردا ناسیۆنالیستی ) ، دیارە هەر لایەنەش وەک کلتووری ئەوسای گفتوگۆکردن و پۆلیمیک لەسەر خاڵەکانی ناکۆکی ، پەنای بۆ تێکستەکانی( مارکس ، ئەنگڵز ، لێنین ، ستالین و ماوتسیتۆنگ ) سەبارەت بە رێکخستنی کۆمۆنیستی دەبرد ، کە سەرجەمی تێزە تیۆرییەکان بەلای باڵی عێراقی ، واتە باڵی ئینتەرناسیۆنالیستیدا دەشکایەوە .
بۆچی ململانێکە لەم ناکۆکییەدا بەرجەستەبوو
بوونی ئەو ناکۆکییانە لەو سەرەتایەدا ، بەربەستێکی گەورەی بۆ پێشخستنی رێکخراوەکە دروستکرد ، لەڕاستیدا ئێمەش ، هەموومان ، لە ئاستی ئەو گیانی بەرپرسیارێتییەدا – بەپلەو رادەی جیاواز – نەبوین . لانیکەم نەمانکرد ، پرەنسیپی ( یەکگرتن و ململانێ ) ناوبژیوانمان بێت . جگە لەم ناکۆکییە ، خاڵەکانیدیکەی ناکۆکی ، کە پێشتر باسمکردن ، هیچیان بۆ کەرتبوونی رێکخراوەکە نەدەشیان ، واتە نەدەکرا لەسەر ئەو ناکۆکییانە لایەنێک ئەویدیکە بکاتە دەرەوە یان ناچاری بە چوونە دەرەوە بکات ؛ بەڵام ناکۆکی لەسەر ناسنامەی رێکخراوێکی کۆمۆنیستی هەمیشە لەبارە بۆ ئەم مەبەستە ، هەر لەبەر ئەوەبوو لایەنی کوردستانیی لە ململانێکەدا پێیان لەسەر ئەم خاڵە گرنگە داگرت و دوای ئەوەی ماوەیەک گفتوگۆی لەسەرکرا ، وەک مەرجی پێکەوەبوون و پێکەوەکارکردنی لێهات . ئەوەی کە ئەم لایەنەی بەهێزتردەکرد ، بوونی چەند هۆکارێکی بابەتی و خودی بوو کە لایەنی بەرامبەر ( عێراقی ) نە بۆی رەخسابوو و ، نە لەو ئاستەشدابوو وزەی بەردەوامبوونی بە سەرکەوتوویی بۆ دابینبکات :
– لەڕووی بابەتییەوە دوو پێشینەی بزوتنەوەی سیاسی لە کوردستاندا ، زەمینەی رووکارە کوردستانییەکەی خۆشکردبوو : یەکێکیان بنەما ناسیۆنالیستییەکەی ئەندامانی کۆمەڵە بوو کە هێشتا زۆربە ئەندامی پارتێکی بۆرژوازی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بوون ، یان ماوەیەکی ئێجگار کەمبوو لەڕیزەکانی هاتبوونەدەرەوە ، ئەویدیشیان ئاسەواری ئەو ململانێیەی دوای شۆڕشی چواردەی تەموز بوو لە نێوان حزبی شیوعی و پارتیدا لەسەر پرسی ( پارتی پێشڕەو ) کە شەخسی مام جەلال کاتی خۆی لەڕێی زنجیرەیەک وتارەوە بە ناوی خوازراوی ( پیرۆت ) ەوە بڵاوی کردەوەو بەرگری لە پێداویستیی پارتی پێشڕەو کرد بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کورد لە باشووری کوردستاندا .
– هۆکاری خودیش ئەوەبوو کە هەر شەخسی مامجەلال رابەری ئەم رووکارە کوردستانییەی ئەمجارەش بوو . مامجەلال لەڕووی تیۆری و سیاسییەوە بەتواناترین کەسێکی نێو کۆمەڵەبوو ، ئەو خاوەنی ئەزموونی ئیدارەی ململانێی حزبی بوو ، بەتایبەتی هەر لەبیرەوەری ئێمەدا کەسێکی کاراو رابەر بوو لە دوو ململانێی گەورەی حزبیدا ، یەکێکیان دوای شۆڕشی چواردەی تەموزو هاتنەوەی بارزانی مستەفا بۆ عێراق ، لەدژی هەمزە عەبدوڵڵای سکرتێری پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان ، کە بە دەرکردنی کۆتاییهات ، دووەمیشیان دژی مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی ١٩٦٤ دا ، کە ئەو کاتە شەش ساڵی خایاندوو ، دواتریش سەریهەڵدایەوەو هەتا ئەمڕۆش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە . بۆیە خاڵی ناوەندی ململانێکە لەم ناکۆکییەدا ( کوردستانیبوون یان عێراقیبوون ) چەقیبەست و ئاڕاستەی ئیدارەکردنی ململانێکە رووی لەم خاڵەکرد .
لەڕاستیدا ویستمان کەس لەم ململانێیەدا نەچێتە دەرەوەو هەر بەیەکەوە بمێنینەوەو لەڕیزەکانی کۆمەڵەدا درێژە بە خەباتی خۆمان بدەین ، بۆ ئەم مەبەستە ، لەسەردانێکی مامجەلال دا بۆ بەغدا جگە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی کۆمەڵە ، بەجیاش یەکتریمان بینی و ئەو پێشنیازەم بۆکرد ، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر رایەکەی خۆی و لەسەر راپرسی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشەیە و ، بە راشکاوی ئەوەی پێگوتم کە : ” ئێمە لە نەقلیات ( تێرمیناڵ ) ێکدا راوەستاوین ، ئەوەی دەچێت بۆ دهۆک بە سەیارەی دهۆک دەڕوات و ئەوەی دەچێت بۆ سلێمانی ، سواری سەیارەی سلێمانی دەبێت ” ، ئیتر ئێمەی ” عێراقچی ” ملمان بە راپرسییەکە داو ، بە کردەوە کارەکانمان هەڵپەسارد و چاوەڕێی ئەنجامەکەیمان کرد .
لە کاتی راپرسییەکەدا ، هەوڵێکیترماندایەوە بۆ مانەوە بەیەکەوە ، بۆ ئەوەش چەند پەڕەم لە نووسینەکانی رابەرانی کۆمۆنیست دەربارەی رێکخستنی کۆمۆنیستی کۆکردەوەو لەگەڵ نامەیەکدا ناردم بۆ مامجەلال ، کە ئەو کاتە لە چۆمان بوو . لەنامەکەدا ئەوەم بەبیرهێنایەوە کە چۆن خۆی لە کتێبەکەیدا لەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتیی کورد ( کوردایەتی ) ، گلەیی لە هەمزە عەبدوڵڵا دەکات سەبارەت بە هەڵوێستی توندی لە ( ساڵح حەیدەری ) و بەوە کەسێکی تێکۆشەری دەرپەڕاندووەو لە بزووتنەوەکەی دوورخستۆتەوە ، بۆیە دەبێت هەمان هەڵوێست دووبارە نەبێتەوەو لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵە ، کە رووکاری عێراقییان بەلاوە پەسەندە ، توند نەبێت و بە هێمنی و شێوازی ئیقناع ململانێیان بکرێت ، بەڵام دوای ماوەیەک وەڵامی نامەکەی دامەوەو ناردبووی بۆ فەرەیدون عەبدولقادر لە کەرکوک ( ئەو کاتە فەرەیدون لێپرسراوی کۆمەڵە بوو لەوێ ) . بۆ وەرگرتنی نامەکە سەردانی کەرکوکم کرد ، لەماڵی فەرەیدون دابەزیم ، رێکەوت ئەو رۆژە شەهید جەعفەر عەبدولواحیدیش لەهەولێرەوە هاتبوو و لەوێ بوو ، بەڵام لەماڵی کاک خالید دلێری برای دابەزیبوو . نامەکەم وەرگرت ، وەڵامێکی زۆر توندی دابوومەوە ، دیارە ئەویش بەهەمان شێواز ، بۆ بەرپەرچدانەوەم ، چەندین پەڕەگراف وتەی رابەرانی کۆمۆنیزمی لە چەندین پەڕەدا بۆ نووسیبووم ، تیادا بە وردەبۆرژوازی وەسفکردبووم هەروەها نوسراوەکەمی بە دۆگم پێناسەکردبوو ، تۆمەتی ئەوەی دابووە پاڵم کە ” حەرفی مارکسییەتم خستۆتە جێگەی جەوهەری مارکسییەت ” . بەم نامەیە و دەنگوباسی ئەوەش کەزۆربە دەنگی بۆ ” کوردستانیبون ” داوە ، بە کردوە جیابوونەوە بووە چارەنووسمان ، بۆیە نامەکەم پێچایەوەو خستمە شوێنێکی شاراوەی جانتاکەمەوە ، بەڵام کە رۆژی دوایی هاتمەوە سلێمانی نامەکەی تێدا نەمابوو ، دوای سەرەخولەیەکی زۆریش هەر نەمدۆزییەوە .
یەکلاییبوونەوەی ناکۆکییەکەو کەرتبوونی کۆمەڵە
ئەو کاتەی راپرسییەکە کرا ئامارێکی وردمان لەسەر ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە نەبوو . جگە لە ئەندامان ، بەشداربووانی ئەڵقەی رۆشنبیری و دۆستانیش هەبوون ، بەهۆی بارودۆخی کاری نهێنییەوە تێکەڵییەک لەو سێ جۆرە ئینتیمایەدا بۆ کۆمەڵە هەبوو ، لێپرسراوی هەر هێڵێکی رێکخستن خۆی ئەوەی دەزانی و هێڵەکانیتریش هەر بەو جۆرە ، بەڵام ئەوەی ئێمە لە کۆمیتەی سەرکردایەتیدا مەزەندەمانکردبوو ، ژمارەی ئەندامەکان لە ٣٠ بۆ ٣٥ دەبوون ،ئێمە وەک لایەنی ” عێراقی ” ژمارەی هاوڕێیانی خۆمانمان بە ئەندام و دۆستەوە دەزانی کە لە ١٤ کەس تێپەڕیان نەدەکرد ، بۆیە بێسێودوو ئەنجامەکەیمان قبووڵکردو پەیوەندیی رێکخراوەییمان لەگەڵیاندا پچڕاند ، لەنێو خۆماندا پەیوەندییەکی فەردیمان هێشتەوە ، بەنیازی ئەوەی ماوەیەک بۆ بیرکردنەوە تەرخانبکەین و دواتر پێکەوە بڕیارێک سەبارەت بە چارەنووسمان بدەین. چەند مانگێک بەم شێوەیە ماینەوە ، هاوڕێ فازیلی مەلا مەحموود پێشنیازی چوونە ناو قیادەی مەرکەزی بۆ کردین ، تێکڕای هاوڕێیان دوای تاووتوێکردنی پێشنیازەکە ، رەتیانکردەوە ، ئیتر ئەو ئاگاداریکردین کە رێگەی خۆی هەڵبژاردووەو دەچێت لەگەڵ قیادەی مەرکەزیدا کاردەکات .
هاوڕێکانمان پەیوەندییەکانی خۆیان چڕکردەوە ، یەکتربینین و کۆبوونەوەکان رێکوپێکییەکیان بە خۆیانەوە دی ، چەند مانگێک گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی رێکخراوێکی ماویستی نوێ کراو لە رۆژانی ١ و ٢ ی ئایاری ساڵی ١٩٧٢ دا کۆبوونەوەیەکمان لە ماڵی ھاوڕێمان ھوشیار شێخ محەمەد بەرزنجی لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی سازکردو ناوی کۆنفرانسمان لێنا ، کۆنفرانس بڕیاری پێکهێنانی رێکخراوێکی داو ، بەرنامەو پێڕەوێکی ناوخۆی پەسەندکردو دەستەیەکی سێ کەسیی بۆ سەرپەرشتی کاری رێکخراوەکە هەڵبژارد ، (فوئاد قەرەداغی و ئەشرەف تاڵەبانی و سلێمان عومەر ) ئەندامی ئەو دەستەیەبوون و ، لەنێویشیاندا فوئاد قەرەداغی ئەرکی سکرتێریی رێکخراوەکەی پێسپێردرا .
لێرەدا پێویستە دان بەو راستییەشدا بنێین کە هەڵوێستی ئێمەش کاریگەرێتی لەسەر توندبوونەوەی ناکۆکییەکە هەبوو . هەلوێستی ئێمە کە دەتوانم بە ” چەپڕەویی منداڵانە”وەسفی بکەم گەیشتە ئاستی رەتکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی وەک واقیعێکی بابەتی ، کە لە ناونان و ناسنامەی رێکخراوەکەماندا ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق ) رەنگیدایەوەو ، رەنگە ئێستا خاڵیکیتر بۆ پارسەنگی رووکارە کوردستانییەکە زیادبکات . دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێکخراوەش ، چەند هەڵسووڕاوی سەرەکیی ئەم رێکخراوە بە باڵی ” وحدة القاعدة ” ی قیادەی مەرکەزیەوە پەیوەستبوون .

بەشی دووەم

راستکردنەوەی چەند بیروبۆچوونێک سەبارەت بە کوردستانیبوون و ” عێراقچێتی ”

شاڵاوی تۆمەتبارکردن و کفراندن و شێواندنیش دەربارەی ئەو ململانێیەی ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆمەڵە ، هێشتا خاونەبۆتەوە ، تەنانەت ئەمڕۆش وەک دوێنێ لە ململانێ حزبی و شەخسیەکانیشدا بەکاردەهێنرێت ، بۆیە کەم بابەت هەیە ئەوەندەی ئەمە لەسەری نوسرابێت . بەشێکی ئەو نوسینانە پشت بە بیستن دەبەستن ، بەشێکیان تێکەڵیی تێدایە لەگەڵ کاتێکی زووتر لە دامەزراندنی کۆمەڵە یان لەگەڵ کاتێکی درەنگتر کە چەند ساڵ دوای یەکلاییکردنەوەی ململانێکەی یەکەم ساڵە . یەکێک لە دیاردەکانی ئەم نووسینانە جگە لەبێئاگایی ، لەبیرچوونەوەشە ، سەبارەت بە مێژوویەک زێتر لە چل ساڵە تێپەڕبووە ، بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەم ئەوەندەی بیرم بێت ، هەندێک زانیاری و بیروبۆچوون دەربارەی ئەو ململانێیە ، کە لە نووسینی هاوڕێ دێرینەکانمدا هاتوون و ئێستا لەبەردەستمدان ، وەکو خۆی بگێڕمەوە .
یەکەم : کتێبی ” چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە – نوسینی برایم جەلال جگە لەوەی قەوارەیەکی ئێجگار گەورەی بەم ناکۆکییە داوەو ، ململانێی نێو کۆمەڵگای کوردستانی وەها وێناکردووە کە سەرانسەری ئەو مێژووەی گرتبێتەوە ، چەند زانیاری هەڵەی تێدایە کە بیستوویەتی و بەهەڵە پێیانگەیاندووە یان بەهەڵە ئەم وەریگرتووە . بۆ نموونە نوسیویەتی : ” ئەوەندەی من لە دەمی هەندێ لەو هاوڕێیانەی بەشداری کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵە بوون و بۆیان باس کردووم ( فەرەیدون قادر لە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری بەغدا ، شەهید شەهاب لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری کەرکوک ، نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٧٨ لە ناوزەنگ ) خاڵەکانی جیاواز لە نێوان ئەو سێ دەستەیەدا ، ئەم خاڵانەی خوارەوە بوون : ١ – کەسانێک لە دەستەکەی مامجەلال وەک ( فٶاد شێخ ئەنوەر ، ئەشرەف شێخ شەرەف ، خوالێخۆشبوو فازیلی مەلا مەحمود ) خاوەنی ئەو بیرە بوون کە هەوڵ بدرێ کۆمەڵە بکرێ بە عێراقی و ببێتە ئەلتەرناتیڤی حزبی شیوعی عێراق ، لە کاتێکدا کە هەردوو دەستەکەی تر دژی ئەو بیروڕایە بوون ، بەڵام دژی ئەوە نەبوون کە لەناو کۆمەڵەدا ئەو بۆچوونە تاوتوێ بکرێ و مشتومڕی لەسەر بکرێ . ل ٢٣ ” .
لێرەدا بە کورتی تێبینیەکانم لەسەر ئەم پەرەگرافە دەنووسم :
– کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵە نەوشیروان مستەفای تێدا نەبوو ، بۆیە لەو باوەڕەدا نیم نەوشیروان خۆی بە خاوەنی کارێک بکات کە نەیکردبێت.
– لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵەدا بەشداربووان یەک ” دەستە ” بوون و ئەوکاتە یەک فیکرو یەک ھەڵوێست بوون و ھیچ ناکۆکییەکیان لەسەر بەرنامەی کۆبوونەوەکە نەبووە ، نە باسی عێراقیبوون و کوردستانیبوون کراوەو نەباسی حزبی شیوعی عێراق .
– ساڵی ١٩٧٠ ، کاک برایم جەلال وەک ئەندام پەیوەندی بە کۆمەڵەوە نەبوو ، یەکەمجار لە دواڕۆژی کۆنگرەی پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان لە ساڵی ١٩٧١ دا ، دوای پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەی حزب و چوونەوە بۆ ناو پارتی بەسەرۆکایەتی بارزانی ، لە پشوویەکی نێوان دوو دانیشتنی کۆنگرەکەدا ، سەبارەت بە بوونی رێکخراوێکی نوێ ئاگادارمکرد ، ئەویش پێیخۆشبوو و ئامادەیی بۆ کارکردن دەربڕی .
– لە قۆناغی خۆئامادەکردندا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵە دەستەیەک نەبوو بەناوی دەستەی مامجەلال – ەوە ، ئێمە هەموومان پەیوەندیمان بە مامجەلال – ەوە هەبوو ، ئەو پشتگیریی کارێکی وەھایدەکرد وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ حزب کە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی ھەبوو ، بە مەبەستی نزیکبوونەوەو یەکخستنمان ئاڕاستەی دەکردین ، بەڵام کە یەکێک لە دەستەکان ساردییان نیشاندا ، بەشداری ئێمەی لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا کرد .
– مامجەلال مێژوویەکی لە ململانێی عێراقی و کوردستانیدا هەبوو ، لەو مێژووەدا ئەو هەمیشە کوردستانی بووە ، کەواتە بە لۆژیک نابێت کەسانێکی ” عێراقی ” دەستەی ئەوبن ، ئەمە جگە لەوەی لەو سەرەتایەدا کەسێک نەبوو لە هیچ دەستەیەکدا باسی عێراقی و کوردستانی بکات ، ئەوە کێشەیەک بوو کە دوای دامەزراندن بە ماوەیەک هاتەپێشەوە.
– لە هیچ قۆناغێکدا هەوڵنەدراوە کۆمەڵە ئەلتەرناتیڤی حزبی شیوعی عێراق بێت و جێی ئەو بگرێتەوە . ئێمە ، سەرجەم هاوڕێیان بڕوامان بە حزبێکی شێوە نوێ بوو کە لە ئایدیاو سیاسەت و کارکردن و ستڕاتیژیدا تەواو جیاوازبێت لە حزبی شیوعی عێراق ، خۆ ئەگەر ئەم بۆچوونەی کاک برایم وەهابوایە ئەوا دەچووینە ریزەکانی حزبی شیوعی – قیادەی مەرکەزییەوە کە ئەو حزبە بوو بتوانێت ئەلتەرناتیڤی حزبی شیوعی – کۆمیتەی ناوەندی بێت .
– هەر بەپێی لۆژیکی تاووتوێکردنی ئەو مێژووە ، کە هێشتا خۆئامادەکردن هەبێت و ، دەستە دەستەی بۆ دروستبووبێت ، ئەوا قسەکردن لەسەر ئەوەی دوو دەستە دژی ئەوە نەبوون مشتومڕ لەسەر ناسنامەی کۆمەڵە بکرێت جێیەکی نابێتەوە ، دواتریش ئیتیجاهی کوردستانی بە راپرسی مەسەلەکەیان یەکلاییکردەوەو ئامادەنەبوون لە ناوەوە ململانێ بکەین . تەنها کەسێک کە ئەو ئامادەییەی نیشاندا ، شەهید ئارام بوو ، ئەویش ئەو کاتەی لە قەرەداغ بوو ، داوای لە هاوڕێیەکمان کردبوو بگەڕێینەوە ناو کۆمەڵەو ” بە فیکری خۆمانەوە کار بکەین “.
هەر لە هەمان کتێبدا ، نووسەر باسی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی دەکات و دەڵێت : ” لە ١٧ / ٩ / ١٩٧١ دەستم بە کاری فەرمانبەری وەک ( أمین صندوق ) لە دائرەی تەقاعودی سلێمانی کرد . لەناو کۆمەڵەدا پاش گەڕانەوەم لە بەسرا ، هەر لە سلێمانی لە شانەیەکدا بووم کە پێکهاتبوو لە ( فوئاد شێخ ئەنوەر قەرەداغی ، ئەشرەف شێخ شەرەف تاڵەبانی ، ئاوات عبدالغفور ، بەندە ) . هەر لە یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵیاندا هەستم بە بوونی ناکۆکییەکی بیروڕا لە نێوانیاندا کرد ، بە ئاشکرا فٶادو ئەشرەف داوای گرتنەبەرو چەسپاندنی رێبازی عێراقیان لەناو کۆمەڵەدا دەکرد ، ئاوات و بەندەش لایەنگری رەوتی کوردستانی کۆمەڵە بووین ” ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ل ٣٢ ) .
لەڕاستیدا ، لەنێو کۆمەڵەدا ، لەو ماوەیەی ئەندامی بووین ، من لە سلێمانی ، لەھیچ شانەیەکی کۆمەڵەدا نەبووم وەک نووسەر باسیدەکات . ئەو مێژووەش کە دیاریکردووە ( ١٧ / ٩ / ١٩٧١ ) دەکەوێتە دوای دەرچوونی هێڵی ” عێراقی ” لە کۆمەڵە . لەو بەروارەدا ئێمە ( ئەشرەف تاڵەبانی و فوئاد قەرەداغی ) زێتر لە مانگێک بوو لە کۆمەڵەدا نەمابووین ، نەوەک ئەندامی ئەڵقەی ناوەندی و نە وەک ئەندامێکی ئاسایی ، ئیتر چۆن لە شانەدا رێکخراوین ؟ سەبارەت بەوەش کە هەستیکردبێت ناکۆکی بیروڕامان هەبێت ، راستدەکات چونکە چەند جارێک لەو ماوەیەدا چاومان بەیەک کەوتووەو ، دەشێت یەکێک لە باسەکانی نێوانمان ئەو ناکۆکییە بووبێت .
نووسەر لەچەند شوێنێکیتردا دێتەوە سەر ئەو ناکۆکییەو بیری ” عێراقچێتی ” وەک لەم پەڕەگرافانەدا هاتووە :
– ” سەرهەڵدانی بیری عێراقچێتی لەناو کۆمەڵەدا ، هەر لەناو دەستەی دامەزرێنەرەوە تا ئەڵقەکانی رۆشنبیری تەنییەوە ، ئەوەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی مشتومڕێکی تێرو پڕو چڕ لەناو ریزەکانی کۆمەڵەدا ” ( کتێبی چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ل ٣٣ ).
– ” سەرانی بیری عێراقچێتی لە ئاستی سەرەوەی ریزەکانی سەرەوەی کۆمەڵەدا بریتی بوون لە ( فازیلی مەلا مەحمود ) ….. شاسوار جەلال ناسراو بە ( شەهید ئارام ) کەدوای ئاشبەتاڵ و گرتنی زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە لە ١٩٧٥ دا ……. گرتنی بە کۆمەڵی ئەندامانی سەرکردایەتی و سکرتێری کۆمەڵەی بەهەل زانی بۆ دروستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان و کۆکردنەوەی زۆربەی ئەندامە کۆنەکان خاوەن رەوتی عێراقچێتی لەناویاندا …… فوئاد شێخ ئەنوەر قەرەداغی ، ئەویش وازی لەکار هێنا لەریزەکانی کۆمەڵەداو خۆی بەکاری نووسینەوە خەریک کردو رۆژێ لە رۆژان دژایەتی کۆمەڵەی نەکرد …… ئەشرەف شێخ شەرەف ، ئەمیش خۆی لەکار لەناو کۆمەڵەدا کشاندەوە .
ئەو بەڕێزانەو هەندێ ئەندامی خوارەوەی ریزەکانی کۆمەڵە هەوڵی زۆریاندا بۆ سەپاندنی رێبازو رەوت و بیرو ئایدیۆلۆژی عێراقچێتی لەناو کۆمەڵەداو پاشان داڕشتنی پەیڕەوێکی ناوخۆی حزبێکی عێراقی سەرتاسەری بۆ کۆمەڵەو گۆڕینی ناوەکەشی بە کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی عراقی – بیری ماو. ” ( هەمان سەرچاوەی پێشوو ل ٣٣ ) .
نووسەری ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) بۆ زێتر گەورەکردنی ئەو ناکۆکییەو زەقکردنەوەی وەک فاکتەرێکی بنەڕەتیی خەباتی سەرەکیی ئەو سەردەمە ، لەچەند شوێنیدیکەدا نمایش و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات ، وەک لەم چەند پەڕەگرافەدا وەکو خۆیان دەیاننوسمەوە :
– ” سەرهەڵدانی بیری عێراقچێتی و ناکۆکی لەگەڵ لایەنی بیری کوردستانی لەناو کۆمەڵەدا ، بووە هۆی پەیدابوونی مشتومڕێکی زۆرو گرتنەبەری رێبازی دیالۆگ بۆ لابەلاکردنەوەی ئەو کێشەیەو ، بوو بە فاکتەرێکی زۆر کاریگەر لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی کۆمەڵەدا لەڕووی چۆنایەتییەوە ، هەردوولا واتە ( عێراقی و کوردستانی ) تەقەلای ئەوەیان دەدا ، کە راستی و رەوایی بۆچوونەکانی خۆیان بسەلمێنن ، بۆ ئەمەش پەنایان دەبردە بەر دەیان سەرچاوەی کوردی خۆماڵی و عێراقی و ناوچەیی و دەرەوە ، لە هەموو بوارەکانی ( مێژوویی ، فەلسەفی ، ئابووری ، جیۆپۆلیتیکی ، ئەزموونی گەلان و وڵاتانی شۆڕشگێڕی سەرکەوتوو و ژێرکەوتوو ، گەلان و وڵاتانی داگیرکراو ، نیمچەکۆلۆنی ، نوسینەکانی مارکس ، ئەنگڵز ، لێنین ، ستالین ، هۆشی منە ، ژەنەڕاڵ جیاب ، ماو تسی تۆنگ ، لین بیاو ، ئەنوەر خۆجا ، منیر شفیق … هتد ) . ” ( هەمان سەرچاوە ل٣٤ ) .
نووسەر لە هەمان لاپەڕەی کتێبەکەیدا درێژە بە نووسین لەسەر ناکۆکییەکە دەدات و دەڵێت : ” ئەو ململانێ ناوخۆییە ماوەی نزیکە ساڵێکی خایاند ، تا دواجار بڕیاردرا کە بۆ ماوەی ( ٢ ) مانگ هەردوو بۆچوونەکە بە بەڵگەکانیانەوە بخەنە بەردەم رێکخستنەکانی کۆمەڵە تا لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا بە شێوەیەکی دیموکراتیانە رای خۆیانی لەسەربدەن و لە ئەنجامدا زۆرینە بەلای کام لایەندا بوو ، ئەوەیان بمێنێتەوەو ئەوی تریان بێ ( تکتل و انشقاق ) وەک تاک لە کۆمەڵە بچنە دەرەوە. لە ئەنجامدا لە مایسی١٩٧٢ لایەنی کوردستانی زۆربەی هەرە زۆر دەرچوو ، ئەوانەش کە لایەنی بیری عێراقی بوون لە کۆمەڵە چوونە دەرەوە.
بەو هەڵبژاردن و دەنگدانە زۆر نهێنییەی کۆمەڵە ، رێگای برایانەو دیموکراتیانەو لۆجیکی بۆ لابەلاکردنەوەی ناکۆکی ناوخۆ گرتەبەرو سەرکەوتوانە بێ زیان گەیاندن بە کۆمەڵەو رێکخستنەکانی کێشەکە چارەسەرو لابەلاکرا . ” ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ل٣٤ ) . ئینجا دەربارەی هەمان پرس ، کە چەند ساڵێک دواتر لە کۆمەڵەدا سەریهەڵداوەتەوە دەنووسێت :
– ” بیروڕای عێراقچێتی لە ناو کۆمەڵەدا تا دروستبوونی ئاشبەتاڵ سەری هەڵنەدایەوە ، بەڵام پاش تێکشکان و پەرش و بڵاوبوونی شۆڕشی ئەیلول و ئاشبەتاڵکردنی بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، کۆمەڵەش کەوتە بەر زەبری شکستی ئاشبەتاڵ و ئەویش ناکۆکی و دوو و سێ بەرەکی کەوتە ناو ریزەکانیەوەو جارێکی تر بیروڕای عێراقچێتی لە ناویا سەری هەڵدایەوە . ” ( هەمان سەرچاوەی پێشوو ل ٣٥ ) .
لە شوێنێکیدیکەی کتێبی ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) دەربارەی هەڵوێستی شەهید شەهاب لە مەسەلەی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکە ، نووسەر وەها دەنووسێت :
– ” … رێزی زۆر لە بیروڕای جیاواز لە هی خۆی دەگرت ، پێی وابوو ، بیروڕای راست ئەوەیە ، کە زۆربە پەسندی بکات ، گەرچی هەڵەش بێت ، هەر بۆیەش لە ساڵی١٩٧١ دا لە سەرهەڵدانی بیری عێراچێتی لەناو کۆمەڵەدا ، هەرگیز بڕوای بەوە نەبوو ، کە بە بڕیاری سەرپێی سەرکردایەتی ململانێی نێوان کوردستانی و عێراقی ناو کۆمەڵە چارەسەر بکرێ ( ل٥٤ ) ، پێی وابوو ، بڕیاری سەرەوە ( قرار فوقی ) پەیڕەوکردنی دیکتاتۆرییەتی حزبییەو دوورە لە راستی ، بۆیەو لەسەر داواو سووربوونی شەهید شەهاب بڕیاردرا کە هەردوو بیروڕاکە لە کوردستانی و عێراقی کۆمەڵە ، بخرێتە بەردەم رێکخستنەکانی کۆمەڵە بۆ مشتومڕ لەسەرکردن و سەلماندن بە یەکتری و بڕوابوون بە بیروڕاکەو پاشان گێڕانەوەی ئەنجام بۆ بڕیاری زۆرینە . ئەو هەڵوێستە دیموکراتیانەیەی شەهاب وای لەو هەڤاڵانەی ، کە بڕوایان بە عێراقی کردنی کۆمەڵە هەبوو ، کرد ، کە خۆیان لە کۆمەڵە دووربخەنەوەو بچنە دەرەوە . ” ( ل ٥٥ ) .
لێرەدا ، ئەوەندەی پەیوەندی بە ناوەرۆکی نووسینەکەمانەوە هەبێت و ، بۆ ئەوەی تووشی دووبارەبوونەوەیەکی زۆر نەبین ، بە چەند خاڵێک روونکردنەوە لەسەر ئەو پەرەگرافانە دەدەم :
١ ) نووسەر ئاگای لە جیاوازی نێوان ئەڵقەی رۆشنبیریی بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵەو دوای دامەزراندن نییە . بەر لە دامەزراندن هەر هەموو هاوڕێیان جۆرێک پەیوەندیی چەند کەسییان بۆ گفتوگۆو خوێندنەوە لەگەڵ یەکدا هەبوو کە لەنێو خۆماندا ئەڵقەی رۆشنبیریمان پێدەگوت ، ئەم ئەڵقانە دوای دامەزراندنی کۆمەڵەو دەستبەکاربوون ، بووە شانەی رێکخراو و هاوڕێیان تیایاندا سیفەتی ئەندامیان هەبوو ، جگە لەوەش ئەڵقەی رۆشنبیریشمان هەبوو بۆ دۆست و لایەنگیرانی فیکرو رێبازەکە بەر لەوەی ببنە ئەندام و لە شانەدا رێکبخرێن . لەبەر ئەوە مشتومڕ لە نێو ئەندامانی رێکخستندا بوو ، دواتریش هەر ئەندامەکان بەشداریی راپرسیەکەیان کرد .
٢ ) کاک برایم بە هەناسەیەک دەنووسێت ، کە نامۆیە بەجۆری پەیوەندیی هاوڕێیانەی نێوان هەردوولایەنی ململانێکە لەسەردەمی سەرهەڵدانیدا . ئەو وەک باند ( عصابة ) لە هاوڕێیانی ، ئەو گوتەنی ” عێراقچی ” دەنواڕێت و بە ” سەرانی بیری عێراقچێتی ” ناویان دەبات . لەکاتێکدا ئەو هاوڕێیانە دوای یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکەش ، هەر هاوڕێی یەکتریبوون و هەمیشە رێزی یەکترییان گرتووە . پاشان کە دێتە سەر دیاریکردنی ناوی ئەو ” سەران ” ە لە ئاستی سەرەوەی ریزەکانی کۆمەڵەدا تەنها ناوی ( فوئاد قەرەداغی و فازیلی مەلا مەحمود ) ی بەڕاستی نووسیوە ، لە خۆیەوە دوو ناویدیکەی خستۆتەسەر کە( شاسوار جەلال ناسراو بە ئارام و ئەشرەف شێخ شەرەف تاڵەبانی ) ن کە ئەوکاتە شەهید ئارام لە رێکخستنی بەغداو کاک ئەشرەف – یش لە رێکخستنی سلێمانیدا کاریان دەکرد . ئەوەشی کە زێتر سەرنجڕادەکێشێت باسکردنی ئارامە وەک “سەر ” ێکی ” عێراقچی ” لەکاتێکدا دەزانێت کە شەهید ئارام لەو ململانێیەدا پشتگیریی لایەنی کوردستانیی کردو لەناو رێکخستنی کۆمەڵەدا مایەوە .
دیارە ئەم هەڵوێستە توندەی دوو هەڵەشی پێکردووە : یەکەم بەوەی کە ” عێراقچێتی ” بە رێبازو رەوت و بیرو ئایدیۆلۆژی ناوزەد دەکات ، کە زاراوەی ” عێراقچێتی ” سەرجەمی ئەو زاراوانەی ریزیکردوون ناگرێتەخۆی و ، مەگەر تەنها یەک ئاماژە بەدەستەوە بدات ، ئەویش تەنھا شوناس سنووری کارکردنە ؛ دووەمیش بەوەی ( گوایا ) ویستویانە ناوی کۆمەڵە بگۆڕن بە ( کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی عراقی – بیری ماو ) کە ناوێکی وەها لە ئەدەبیاتی حزب و رێکخراوەکانی ئەو سەردەمەدا بوونێکی نەبووەو ئەوەی باوبوو ، حزب ورێکخراوەکان ، یان دوای وشەی کۆمۆنیست ( مارکسی – لێنینی ) یان پێوە دەلکێندرا ، یان هەر بێ ناوی کۆمۆنیست ( مارکسی لێنینی ) وەک ناوی حزب یان رێکخراوەکە بەکاردەهێنرا ، ئەوەشی کە ( گوایا ) ئێمە ویستوومانە پەیڕەوێکی ناوخۆی حزبێکی عێراقیی سەرتاسەری بۆ کۆمەڵە داڕێژین ، دوورە لەڕاستییەوە و لەسەر بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانماندا نەبوو ، وەکو لە شوێنێکیدیکەدا ئاماژەم بۆ کرد ، ئەرکی نووسینی بەرنامەو پەیڕەوەکە بە من سپێردراو ، بە دەنگی هەموو ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر پەسەندکرا و ، چەند دانەیەکی لێ چاپکراو بۆ ریزەکانی رێکخستن نێردران .
٣ ) راستە ، وەک نووسەری ( چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) دەڵێت ، ئەو ناکۆکییەی ساڵی یەکەمی کۆمەڵە بووە هۆی مشتومڕو خوێندنەوەو دایەلۆگ ، بەڵام لەگەڵ نووسەردا هاوڕانیم کە بووبێتە مایەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی “چۆنایەتی” کۆمەڵە ، بەڵام دواتر بەرەنجامی یەکلاییبوونەوە شوناسی کوردستانی بۆ کۆمەڵە ، بووە ھۆی گەشەپێدانی “چەندایەتی” ی کۆمەڵە ، نەک هەر ئەوە ، بەڵکو بۆ ساڵانێکی دوای دامەزراندنیشی ، کاریگەریی نەرێیانەی لەسەر دانابوو ، بۆیە هەمان گرفت ناوە ناوە لە ریزەکانی کۆمەڵەدا سەریهەڵدەدایەوەو دیسان هەژان و شپرزەییەکی بۆ دروستدەکرد .
نووسەر بۆ سەلماندنی ئەو رایەی کۆمەڵێکی زۆر بابەت و سەرچاوەی ” کوردی خۆماڵی و عێراقی و ناوچەیی و دەرەوە ” ناودەبات کە ( گوایا ) ئەندامانی کۆمەڵە بەهۆی ئەو ململانێیەوە پەنایان بۆ بردووە . لەڕاستیدا نازانرێت نووسەر باسی چ کاتێک دەکات ، ئەگەر مەبەست ساڵی یەکەم بێت و وەک کارێکی نێو رێکخستن بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکە پەیڕەوکرابێت ، ئەوە بەو جۆرە نەبووە ، ئەگەر دواتربێت ئەوا من ئاگادارنیم . ئەو کاتە سەرچاوەی کوردی ” خۆماڵی ” لە هەموو ئەو بوارانەی نووسەر باسیاندەکات دەگمەن بوو ، لەوەش ناگەم مەبەست لەسەرچاوەی عێراقی و ناوچەیی و دەرەوە چییە هەتا رایەکی لەسەر بدەم ؛ ئەوەندەی ئاگارداربم و سەرجەم هاوڕێیانی ئەو سەردەمەش ئاگادارن کە لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدی رابردوودا هەموو ئەو سەرچاوانە لە کتێبخانەکانی عێراقدا ھەبوون و بە ئاشکرا دەفرۆشران ، بەتایبەتی لە شارەکانداو بەئاسانی دەستدەکەوتن ، جگە لەوەی کتێب گۆڕینەوە بۆ خوێندنەوەو گفتوگۆکردن لەسەری ، لە نێوان هاوڕێیان هەبوو چ پێش دامەزراندنی کۆمەڵەو چ دوای دامەزراندنیشی ، لەبەر ئەوە تەنها بۆ گەورەکردنی قەوارەی ململانێکە ، نووسەرئەم پەڕەگرافەی داڕشتووەو ئەو ھەموو ناوەی ریزکردووە .
٤ ) راستە ، ململانێکە ، ئەو کاتە ، نزیکەی ساڵێکی خایاندو بە چوونەدەرەوەی لایەنی ( عێراقی ) کۆتاییهات ، بەڵام وەک ناکۆکییەکی بونیادیی بنبڕ نەبوو ، بەڵکو بۆ ماوەیەک خامۆش بوو . واتە ئەو سەرکەوتنەی لە راپرسییەکەدا لایەنی کوردستانی بەدەستیهێنا کاتیی بوو ، نووسەر لە پەڕەگرافێکیتردا دان بەوەدا دەنێت کە دوای هەرەسی ساڵی ١٩٧٥ جارێکیتر بیروڕای ” عێراقچێتی ” لەناو ریزەکانی کۆمەڵەدا سەریهەڵداوەتەوە .
٥ ) من وەک هەڵسووڕاوێکی لایەنێکی ململانێکە بەبیرمنایەت ماوەی دوومانگ دانرابێت تا هەردوو بۆچوونەکە بەڵگەکانیان بخەنە بەردەم رێکخستنەکان . یان بڕیار لەوەدرابێت کە لە ئەنجامدا کێ زۆرینەبوو بمێنێتەوەو ئەویتریان بێ ( تکتل و انشقاق ) وەک تاک لە کۆمەڵە بچنە دەرەوە .
لەڕاستیدا نازانم راپرسییەکە چەندی خایاند ، بەڵام دڵنیام خستنەڕووی بەڵگە لە ئارادا نەبووە ، ئاخر بەڵگەی چی و لەسەرچی ؟ لەرێکخراوێکدا هێشتا تەمەنی نەگەیشتبێتە ساڵێک و ، تەنها خۆی دوو بەڵگەنامەی هەبێت کە ئەوانیش ( بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆو ، هەڵسەنگاندنی حزب و رێکخراوەکانی کوردستان و عێراق ) بوون .
نووسەر لەساڵی دەرکەوتنی ئەنجامی راپرسییەکەدا ، بەهەڵە ساڵی ١٩٧٢ ی نووسیوە ، بەڵام راستییەکەی ، لە کۆتایی مانگی تەموزی ساڵی ١٩٧١ دا بوو .
٦ ) دوا پەڕەگراف کە لە کتێبەکەی کاک برایم وەرمگرتووە ، دەربارەی هەڵوێستی شەهید شەهابی شێخ نوری – یە . لێرەدا ئەگەرچی نووسەر ویستوویەتی وەسفێکی باشی ئەو بکات بەڵام بەپێچەوانەوە کەوتۆتەوە . شەهید شەهاب وەک کەسێکی مارکسی بیریدەکردەوە ، بۆیە لەو بڕوایەدانیم کە باوەڕی وەهابووبێت : ” بیروڕای راست ئەوەیە ، کە زۆربە پەسندی بکات گەرچی هەڵەش بێت ” بە تایبەتی ھەمووان ئاگاداری ھەڵوێستی لێنین بووین لە بەرپاکردنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کاتێک کۆمیتەی ناوەندیی حزب بڕیاری نەدا و لێنین و کەمایەتییەک بڕیاری شۆڕشیاندا. پاشان کاک برایم ئەمە دەکاتە بنچینە بۆ ئەوەی کە ئەو بڕیاری سەرەوە( قرار فوقی ) رەتکردۆتەوەو سوور بووە لەسەر وەرگرتنی رای رێکخستنەکانی کۆمەڵە ، کەڕاستییەکەی ئەوەیە کەسێک لەو رۆژانەدا باسی ئەوەی نەکردووە کە دەبێت بڕیار لەسەرەوە بۆ بەرژەوەندی لایەنێک بدرێت تا کەسێکیتر سووربێت لەسەر بڕیاری زۆربەی رێکخستن ، مەسەلەی راپرسییەکەو ئەنجامەکەشی ،وەک پڕۆسەیەکی دیموکراسی ، هەمووان پەسەندییانکرد. نووسەر ئەم رەوشت و پرنسیپە دیموکراتییە تەنها بە هەڵوێستی شەهید شەهاب دەزانێت و ، بەرەنجامێکی هەڵەشی لەسەر بنیاتناوە بەوەی کە وای لەو ” هەڤاڵانە ” کردووە ، ( گوایا ) کە ” بڕوایان بە عێراقی کردنی کۆمەڵە هەبوو ” ….. ” خۆیان لە کۆمەڵە دووربخەنەوەو بچنە دەرەوە ” . ( بڕواننە پەرەگرافەکە نووسەر لە بری هاوڕێ وشەی هەڤاڵ بەکاردەهێنێت ل ٥٥ چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە ) .
دووەم : بڵاوکراوەی کۆمەڵە ، کە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەریدەکرد ، زنجیرەیەک وتاری دەربارەی پرسی ( کوردستانی و عێراقی ) بڵاوکردۆتەوە ، لەم وتارانەدا هەمان تۆمەتەکانی سەرەتای ناکۆکی گوتراونەتەوەو ، تێیاندا هەوڵی تیۆریزەکردنی پرسەکە بەلای رووکارە کوردستانییەکەیدا دراوە . ئەو وتارانە لەبڵاوکردنەوەیەکی کۆمەڵەدا بەناوی ” ئەرکەکانی رێکخستن و هەندێ بابەتی رێکخراوەیی ” دا هاتووە کەساڵی ١٩٨٩ لە چاپخانەی ئیبراهیم عەزۆ چاپکراوە . لێرەدا چەند پەرەگرافێک لە دوو ژمارەی ئەو بڵاوکراوەیە دەگوێزمەوە:
– . . . ” لە کوردستانیشدا ، هەر لە یەکەمین ساڵی تەمەنی کۆمەڵەدا ، دەستەیەکی بان چەپ ( مەبەستی نووسەری وتارەکە ئەو ھاوڕێیانەیە کە پێکەوە لە کۆمەڵە چووینە دەرەوە – فوئاد ) سەری هەڵداو ، پشێوی خستە ریزەکانی کۆمەڵەوە ، لەو سەردەمەدا کۆمەڵە لە خەباتی ژێرزەمینیدا بو ، ئەرکی راستەوخۆی لە دوو مەسەلەی سەرەکیدا خۆی ئەنواند:
١ – هەڵوێست لە جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان .
٢ – رێکخراوی شۆڕشگێڕی کرێکاری گونجاو لەگەڵ ناوەرۆکی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و یەکێتی رێکخستن لەگەڵ کرێکارانی عێراق یاخود یەکێتی تێکۆشان لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕی عێراق .
بان چەپەکانی ئەو سەردەمە ، وەکو بان چەپەکانی ئەمڕۆ ، بەسەر واقیعی خەبات و تێکۆشان دا بازیان ئەدا ، گرنگی و بایەخیان بەو جوڵانەوە مەزنە نەئەدا کە لە هەناوی کۆمەڵی کوردستان دا لە هەڵچون و بۆپێشەوەچون دا بوو . قسەیان لە ناڕەوایی پارتی پێشڕەوی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان ئەکرد ، لە بریتی یەکێتی تێکۆشان و خەباتی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکارانی عێراق ، بیریان لە یەکێتی رێکخستن و بەرنامە ئەکردەوە .بەرنامەیان بۆ یەکخستنی رێکخراوەیی ئەخستە کایە ، کە لەو سەردەمەدا مەبەستیان تواندنەوەی کۆمەڵە بوو لە ناو قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق دا .
ئەو دەستەیە تەمەنی درێژ نەبوو ، سەرهەڵدانێکی کاتی بوو ، پوکایەوەو لەناوچوو . ” ( وتاری : بان چەپەکان چین و ؟ چی ئەڵێن ؟ – کۆمەڵە ژمارە ( ٥ ) خولی ٣ ئایاری ١٩٨٥ ل ٣٩ ) .
– ” …. هەر لەسەر ئەو بنچینەی بۆچوونە ، ئامانجی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە رزگاری کوردستان و یەکگرتنەوەی نەتەوایەتیدا ئەبینی و ( مەبەستی کۆمەڵەیە ) ، بەو پێیە ستراتیجی خۆی داڕشتبوو ، کەچی هێندەی نەبرد شوێنەواری بیروبۆچوونی کۆنی حیزبی شیوعی عێراق و حیزبە بۆرجوازییەکانی تر لە ریزەکانیدا سەریان هەڵداو ، کەوتنە باسی پێویستی بە عێراقی بوونی کۆمەڵە . وە لەسەر ئەو ئەساسە ستراتیجێکی تریان بۆ کۆمەڵە دائەنا ، کە ئەبو بە گوێرەی ئەو ستراتیجە ، ئامانجی جوڵانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی ئامانجی نیشتمانی و دیموکراتی عێراقدا ببینێ وە کۆمەڵەش لە بری ئەوەی بیەوێ حزبێکی کوردستانی بۆ کرێکاران و رەنجبەرانی تری کوردستان بهێنێتەدی ، هەوڵ بدات حزبێکی عێراقی بۆ کرێکارانی سەرانسەری عێراق بهێنێتەدی کە لە راستیدا ئەو بۆچوونە ئەیویست کۆمەڵە بکاتە بەشێکی قیادە مەرکەزی حشع .” ( وتاری : چۆن ململانێ ی ناوخۆی کۆمەڵە ئاڕاستە ئەکەین . – کۆمەڵە ژمارە ( ٦ ) خولی ٣ حوزەیرانی ١٩٨٥ ، ل ٥١ ) .
– ” …. ساڵی ١٩٧١ ئەم لایەنەی عێراقی بوونی کۆمەڵەی ئەویست ، کزولاواز بوو ، لە ریزەکانی کۆمەڵەدا لە چەند کەسێک تێپەڕیان نەکرد . ” ( هەمان وتاری پێشوو لە هەمان بڵاوکراوەدا ، ل ٥٢ ) .
لەبەر ئەوەی لە شوێنێکیدیکەدا زۆربەی تۆمەتەکانم تاووتوێکردووە ، لێرەدا ، تەنها چەند کۆمێنتێک لەسەر ناوەرۆکی ئەم پەرەگرافانە دەنووسم :
١ ) ململانێ لەسەر ئەو خاڵەی ناکۆکی ، هەرگیز لە نێوان ( چەپ و بانچەپ ) دا نەبوو ، بەڵکو بەپێی پرنسیپە مارکسییە لێنیییەکان ، ململانێی نێوان دوو مەیلی ناسیۆنالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستی بوو لەسەر دواڕۆژی رێکخستنی کۆمۆنیستی لەعێراق و کوردستاندا . زاراوەی بانچەپیش ، ئەو کاتە ، زاراوەیەکی خۆماڵیی داتاشراو بوو ، چونکە ئەو زاراوەیەی ئەو سەردەمە کۆمۆنیستەکان پێی ئاشنابوون : ” ئۆپۆرتۆنیستی چەپ و نەخۆشی چەپڕەویی منداڵانە ” بوو بۆ ھەلومەرجی لادانی چەپڕەوانە یان ھەڵوێستی سەرەڕۆیانە .
٢ ) بە پێچەوانەی ئەوەی لە پەڕەگرافی یەکەمدا نوسراوە ، هیچ پشێوییەک لە ریزەکانی رێکخستندا دروست نەبوو ، بەڵکو گفتوگۆکان ، بەگشتی ، بە گیانێکی هاوڕێیانەوە کراو ، دەرچوونی هاوڕێیانی ” عێراقی ” لە پڕۆسەیەکی دیموکراتی و هێمنانەدا بوو ، دواتریش ئەو هاوڕێیانە هیچ گرفتێکیان بۆ کۆمەڵە دروستنەکرد و ، بە شێوەیەکیتر درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا .
٣ ) چ لەم پەرەگرافانەداو ، چ لەو وتارو لێکۆڵینەوانەی لە دوای ساڵی یەکەمی دامەزرامدنی کۆمەڵەوە تا ئێستا لەلایەن پەیڕەوانی هێڵی کوردستانییەوە دەنووسرێن ، باسێک لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی نییە ، باسێک لەوە نییە کە کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی کۆمۆنیست دروستبوو کە شۆڕشی دیموکراسی نوێ و پاشان سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بەدیبهێنێت ، بەڵکو بازنەی ئامانجی کۆمەڵەیان بە دەوری بزوتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی گەلی کورد- دا کێشاوەو ، ئەرکی راستەوخۆو سەرەکیی کۆمەڵە یان تێدا گیرکردووە .
٤ ) بۆ جارێکیتر جەخت لەسەر ئەو راستییە دەکەمەوە کە ململانێکە ، هەرگیز بۆ توانەوەی کۆمەڵە نەبووە لە رێکخستنی قیادەی مەرکەزیدا ، یان ( گوایا ) بۆ ئەوە بووبێت کە کۆمەڵە ببێتە بەشێک لە قیادەی مەرکەزی ، ئەمە تەبلیغاتێک بوو بۆ فراوانکردنەوەی ریزەکانی رێکخستنی کۆمەڵە و گۆشەگیرکردن و لاوازکردنی لایەنی بەرامبەر ، بەڵگەش ئەوەیە کە لەو ساڵەو چەند ساڵێکی دواتردا ، جگە لە شەهید فازیلی مەلا مەحمود کەسێکیتر نەچووە ریزەکانی قیادەی مەرکەزییەوە ، بەڵکو رێكخستنێکی ماویستیی نوێیان دامەزراند و دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخستنە ، ئینجا چەند هاوڕێیەک لەوانە چوونە نێو رێکخستنی ( وحدة القاعدة ) کە رێکخستنێک بوو دوای هەرەسی ساڵی ١٩٧٥ لە قیادەی مەرکەزی جیابووەوە .

٥ ) لە ئەدەبیاتی کۆمەڵەدا سەبارەت بەم پرسە ، هەمیشە هەوڵدراوە لایەنی ( عێراقی ) ی ململانێکە بە ( چەند کەسێک ، یان رووکارێکی تەمەن کورت ، یان پووکاوە ، یان کزولاواز ، یان سەرهەڵدانی کاتی ، یان لەناوچوو … هتد ) نیشان بدەن . دیارە ئەمە بۆ خۆی گرنگییەکی تەبلیغاتیی هەیە ، بەڵام دوور بوو لە واقیع ، بەوەی لەسەرێکەوە ، ژمارەی ئەوانەی لە راپرسییەکەدا کەمینەبوون و لە رێکخستن چوونەدەرەوە ، نزیکەی نیوەی ئەندامانی ئەو کاتەی کۆمەڵە بوون ، لەسەرێکیترەوە ، بەردەوام مەیلی لەوجۆرە سەریهەڵداوەتەوەو هەمیشە بارگرانییەکی فیکری و رێکخراوەیی بۆ رووکار( اتجاە ) ی باوی نێو کۆمەڵە دروستکردووە ، کە تەنانەت لە پەڕەگرافێکیتری وتاری یەکەمدا ئەمەیان نەشاردۆتەوەو دەنووسن : ” … جارێکی تر پاش چەند ساڵێ لە خەباتی چەکدارانەو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تاک و تەراو ناو بەناو ئەو جۆرە بۆچوونە سەری هەڵدایەوە ، بێ ئەوەی زەمینەی پەرەسەندنی لەباربێ .
لە سێبەری جەنگی عێراق – ئێران دا ، پاش ئەوەی شۆڕش باسکی ئەستور بوو ، توانی لە ڕووی ئیتجاهە راستڕەوەکانی جوڵانەوەی کوردا ، خۆبگرێ و گەشەبکاو ناوچە ئازادکراوەکانی فراوان ببێ . هەلومەرجێکی نوێ هاتە پێشەوە کە زەمینەیەکی لەباری سازکرد بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەو جۆرە بیروڕا ” چەپڕەوانە ” و پەیدابوونی چەندین دەستەو تاقمی بان چەپ . ” ( بان چەپەکان چین و ؟ چی ئەڵێن … کۆمەڵە ژمارە ٥ خولی ٣ ئایاری ١٩٨٥ ، ل ٣٩ ) .

زەمینەی پڕۆسەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی / خۆسازدانی چەپەکانی نێو پارتی ( م . س )

5 حوزەیران

زەمینەی پڕۆسەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی
خۆسازدانی چەپەکانی نێو پارتی ( م . س )

فوئاد قەرەداغی

لەسەروبەندی شۆڕشی گەنجان لە فەڕەنساو زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپاداو ، توندبوونەوەی ململانێی نێوان باڵەکانی حزبی کۆمۆنیستی چین لە شۆڕشی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریی مەزندا ، باڵی چەپی رێکخستنی پارتی ( م . س ) لە سلێمانی بەرامبەر باڵی راستی لیژنەی ناوچەو لق راوەستان و ململانێیەکی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ هاتەئاراوە . ئەم ململانێیە ، لە کۆنفرانسی هاوینی ١٩٦٨ دا ، لەبەرژەوەندی باڵی چەپ یەکلاییبووەوەو لیستەکەیان سەرکەوتنی بەدەستهێنا . ئەم چەپە سەرەڕای ئەوەی کارە حزبییەکانیان بەباشی ئەنجامدەدا ، دوو فاکتەریش تینوگوڕی پێدەبەخشین و بۆ گۆڕانکارییەکی فیکری و سیاسی و حزبی سازیدەکردن ؛ فاکتەرەکان بریتیبوون لە : کۆبوونەوە لە دەوری ( گۆڤاری رزگاری ) و بەشداربوونی زۆربەی کەسە دیارەکانیان لەو شەوکۆڕە رۆشنبیرییانەی هەفتانە لەژوورەکەی مامجەلال لە بەکرەجۆ بەڕێوەدەچوو و تا بەرەبەیانی دەخایاند . لەم شەوکۆڕانەدا هاوڕێیانی سازمانی ئینقیلابی حزبی تودە بەشدارییەکی بەرچاویان دەکردو چەندین پرسی فەلسەفی و سیاسییان بۆ شیدەکردنەوە ، بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر هەموو ئەو گەنجانە دانابوو ، بەتایبەتی لەڕووی لایەنگیریی چین لە ململانێی ئەو کاتەی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانی و سەلماندنی بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ وەک قۆناغێکی نوێی دوای لێنینیزم . لێرەدا و پەیوەند بەم شەوکۆڕانەوە ، دوو بۆچوون تاووتوێ دەکەم کە دکتۆر محەمەد صابیر لە وتارێکدا بە ناونیشانی ” چەند یادەوەرییەکم لەگەڵ هەڤاڵ و برای ئازیزی کۆچکردووم مامۆستا مەحمود مەلا عزەت ” لە ١٠ / ٦ / ٢٠٠٨ دا دەریبڕیبوون .
لە بۆچوونی یەکەمدا دەڵێت : ” … لامان وابوو ئەو کاتە کە دەبێت پارتی پێشڕەو لەدایک بێت و دابمەزرێت ، جیاواز بێت لە پارتی لەڕووی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژییەت و رێکخراوەییەوە بە هەردوو باڵەکەیەوە ” ، لە بۆچوونی دووەمیشدا دەڵێت : ” لەوێوە بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان سەری هەڵدا ” .
لەڕاستیدا ، ئەو کاتە ، هیچ یەکێک لە بەشداربووانی کۆڕەکان – بە ئەندامانی لق و ناوچەی سلێمانیشەوە – بیریان لە دامەزراندنی حزبێکی نوێ نەدەکردەوە ، بەڵکو بیریان وەها ئاڕاستەبوو کە بتوانن سوود لە بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ و ئەزموونی حزبی کۆمۆنیستی چین وەربگرن بۆ چاککردنی رێکخستنەکانی پارتی و هێنانەدی ئەو مەرجانەی پێویستە لە حزبێکدا هەبێت کە هێزی چەکداری هەیەو رابەریی شۆڕشێک دەکات . یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم دانیشتنانەش پێگەیاندنی کۆمەڵێک کادیر بوو تا لە کۆنگرەی داهاتووی حزبدا بێنەپێشەوەو ، بتوانن رۆڵێکیان لەو ریفۆرمەدا هەبێت کە حزب پێویستی بوو .
لەبەر تیشکی ئەو واقیعە ، نە بیرۆکەو نە پلان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵە لەئارادا نەبوو ، ئەم بیرۆکەیە بەرئەنجامی شکستی پارتی ( م . س ) بوو بەهۆی رێککەوتننامەی ١١ ی مارتی ١٩٧٠وە لەنێوان حکومەتی بەعس و پارتی ( باڵی بارزانی ) دا . واتە رسکاوی هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراو بوو ، کە پێکهێنانی رێکخراوێکی لەو جۆرە میکانیزمێکی بوو بۆ خۆگرتنەوە .
یەکگرتنەوەی پارتی و کارکردن لە لق و ناوچەدا

دوای تێکەڵبوونەوەی رێکخستنەکانی هەردوو باڵی پارتی کە بە ( ئیستیعاب ) ناوزەدکرا ، رێژەیەک لە ئەندامانی باڵی ( م . س ) لە لق و ناوچەکاندا وەرگیران . ئەندامەکان لەلایەن کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ( م . س ) یەوە دانران. حزب ویستی لە سلێمانی ستافێکی فیکری و کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی دیار لە لق و ناوچەدا هەبن ، بۆیە دکتۆر کەمال خۆشناو ، مامۆستای زانکۆو پێشتریش عەمیدی کاروباری خوێندکاران و سێ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی خۆی ( سمکۆ فەتحوڵڵا ، رەفعەت عەبدولڕەحمان ناسراو بە رەفعەتی مەلاو فوئاد قەرەداغی ) وەک ئەندامانی لقی چوار دانا و ، بۆ ئەندامەتی لیژنەی ناوچەش چەند ئەندامێکی چستوچالاکی خۆی دەستنیشانکرد . ئەوەندەی بیرممابێت دوو یان سێ لەوان ئەندامی رێکخستنی کۆمەڵە بوون لە سلێمانی ، ئەو ھاوڕێیانە کێ و کێ بوون ؟ بە تەحدید نازانم ، بەڵام دکتۆر محەمەد صابیر لەو وتارەی ئاماژەم بۆ کرد دەڵێت : ” هه‌ڤاڵ‌ جه‌مال تایه‌ر و كاك عه‌بدوڵڵای‌ حاجی‌ سه‌عید و به‌نده‌شتان بووینه‌ ئه‌ندامانی‌ ناوچه‌ی‌ سلێمانی‌. ” ، لەنێو ئەندامەکانی لقیشدا ( فوئاد قەرەداغی ) ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی کۆمەڵەبوو ، ( رەفعەت عەبدولڕەحمان ) یش لە نزیکەوە ئاگاداری دامەزراندنی کۆمەڵەو دۆستێکی ئەو رێبازە بوو . بەڵام دواتر ، دوای چەند مانگێک لە تێکەڵبوونەوەو کارکردن لە ناوچەو لقدا ، فوئاد قەرەداغی دەستی لەکار کێشایەوەو ، بەماوەیەک دوای ئەوە ( مەحمودی مەلا عیززەت ) وەک ئەندامی لق دەستبەکاربوو .
لێرەدا هەڵەیەک لە تێگەیشتنی دەستلەکارکێشانەوەکەم هەیە پێویستی بەڕاستکردنەوەیە ، ئەم هەڵەیە لەهەمان وتاری دکتۆر محەمەد صابیردایە کە دەڵێت : ” پاش ئەوەی کە فوئاد قەرەداغی ئامادەی کارکردن نەبوو لەگەڵ پارتیداو خۆی کێشایەوە لە ئەندامی لقی ( ٤ ) ، بۆیە کاک مەحمود بوو بە ئەندامی لقی چواری ئەوسا ” .
لەڕاستیدا هەر لەسەرەتاوە من دژی کارکردنی ئەندامانی کۆمەڵە بووم لە ریزەکانی پارتیدا کەدواتر هۆکارەکەی رووندەکەمەوە ، بەڵام ئامادەی کارکردن بووم ، لەکاتی خۆیدا دەستبەکاربووم و ، چەند مانگێکیش کارم لە لقدا کردو ، ئەوەندەی بواریان دەدام کارەکانی خۆمم رادەپەڕاند .
د . محەمەد صابیر ( لەهەمان وتاردا ) ئەو کاتە ، واتە کاتی پەیوەستبوون بەکاری لیژنەی ناوچەو لقی چواری پارتی لەسلێمانی ، بە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵە دادەنێت . ئەو دەڵێت : ” ئەو کاتە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵە بوو ” کە راستییەکەی ئەوەیە زێتر لەساڵێک دەبوو کۆمەڵە کاری رێکخراوەیی دەستپێکردبوو بە تایبەتی لە سلێمانی و بەغدادا .
د . محەمەد صابیر لە پەرەگرافێکیتری وتارەکەیدا یەکدوو زانیاری لەسەر کۆمەڵە پاش و پێش دەخات ، بۆیە هەروەکو بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو مێژووە ، هەوڵدەدەم هەریەکەیان لەجێی خۆیان دابنێمەوە .
د . محەمەد دەڵێت : ” ئەوەی شایانی وتنە کاک مەحمود ( مەبەستی مامۆستا مەحمودی مەلا عیززەتە – نووسەر ) تەحەفوزی هەبوو لەوەی ئیش بکات لەگەڵ کۆمەڵەدا ، کە تازە بە نهێنی دامەزراندنی لەناو ئەو کۆمەڵە کادرانەی باڵی چەپی پارتیدا باڵی م . س راگەیەندرابوو .دەستەیەکی سەرکردایەتی بۆ دانرابوو . کاک مەحمود وەکو خۆی ئەیوت : ئیش نەکردنی لە کۆمەڵەدا ئەو کاتە نە لەبەر جیاوازی بیروباوەڕ بوو ، بەڵکو شێوەی کارکردن و تەحەفوز لەسەر هەندێ لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵە بوو کە بە دڵی نەبوون ، بۆیە بەشداری و هاوکاری کۆمەڵەی نەکرد لەو کاتەداو هەر بە ئەندامی لقی چواری پارتی مایەوە ” .
لە راستیدا کاتێک مامۆستا مەحمود بووە ئەندامی لقی چواری پارتی ، نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەدا تێپەڕبوو بوو . ئەو نەک ئەو کاتە بەڵکو لە سەرەتاوە ئامادەی بەشداری و هاوکاریکردنی کۆمەڵە نەبوو ، بە مانا کۆمەڵە ” تازە بە نهێنی ” دانەمەزرابوو . هۆی کارنەکردنیشی هەر بە تەنها تەحەفوز نەبوو لەسەر یەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر ، نەک ” هەندێ لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵە” ، بەڵکو جگە لەم خاڵە بیروبۆچوونیدیکەی هەبوو کە جیاواز بوو لە بیروڕای دەستەی دامەزرێنەر ، لێرەدا سێ خاڵ بەیان دەکەم کە لەدانیشتنێکی نێوان نوێنەری گروپەکان لە ماڵی خۆیاندا ( ماڵی مامۆستا مەحموود ) پێش دامەزراندنی کۆمەڵە رایگەیاندو چەند جارێکیش ، لە یەکتربینینماندا ، بۆ خۆمی دووپاتکردۆتەوە . مامۆستا مەحمود :
– تەنها تەحەفوزی لەسەر فازیلی مەلا مەحمود هەبوو ، هاوڕێکانیشی لە گرووپەکەیاندا هەر هەمان تەحەفوزیان هەبوو .
– مامۆستا مەحمود لەسەر بەکارهێنان و بەردەوام جەختکردنەوەی ( بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ ) رای تایبەتی هەبوو، ئەوەی بە پێویست نەدەزانی .
– هەروەها پێیوابوو کە ئەو کارە پەلەپەلی تێدایەو بارودۆخ بۆ کارێکی لەو جۆرە لەبار نییە ، واتە جۆرێکە لە موغامەرە .
ئەو کاتە ، ئێمە وەک گرووپی بەرامبەر هیچ یەکێک لەو بیروبۆچوونانەمان قبووڵ نەبوو ، بۆیە لەسەر کارکردن پێکەوە رێکنەکەوتین و بەنهێنی کۆمەڵە دامەزراو کاری رێکخراوەیی دەستپێکرد .
دەستلەکارکێشانەوە یان وازهێنان

تا ئێستا زۆر جار پرسیاری هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم لە لقی چوار لێکراوە ؛ ئەگەر ئەو کاتانە بە پێویستم نەزانیبێت لەو بارەیەوە شتێک بڵێم ، ئێستا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پەنجا ساڵ بەسەریدا ، بۆ مێژوو تۆماری دەکەم .
راستیی هەر لەسەرەتاوە کارکردنی دووسەرەم بە کارێکی بەدەر لە پرنسیپی شۆڕشگێڕانە دەزانی ، لەم باری سەرنجەوە ، ئەم شێوازەی کارکردنی کادیرەکانی کۆمەڵەم بە کارێکی نەشیاو نرخاند ، بۆیە سەرەتا دژی ئەوە بیروڕای خۆم دەربڕی ، بەڵام بارودۆخی ئەو کاتەی یەکگرتنەکەو رایەک کە ئەو کارەی بەپێویست دەزانی بۆ ئازادیی کارکردنی هەموو هاوڕێیانمان لەو قۆناغە سەرەتاییەی خۆسازدانی رێکخراوەیی کۆمەڵەدا ، ناچاری پەسەندکردنی رای رەسمیی کۆمەڵەی کردم و لە لقی چوار دەستبەکاربووم . هەفتەی یەکەمم زۆر بەگرانی لێڕۆیشت ، شێوازی کارو چۆنایەتی پەیوەندییەکان زۆر جیاواز بوون لەوەی ئێمە لەنێو پارتی ( م . س ) لەسەری راهاتبووین ، ئەگەرچی رێزیان لێگرتین ، بەڵام هەستم بە ناخۆشی و ناجێگیرییەک دەکرد. ئەم دڵەڕاوکێیە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ناوکۆیی و یەکگرتووی لق و دابەشکردنی کار کەمبۆوە ، بەڵام ئەوەی بۆ من شاراوەبوو ، سپاردنی بەرپرسیارێتی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران و یەکێتیی کۆمەڵەکانی هاریکاریی جووتیاران بوو پێم و ، بۆخۆم بە داونانەوەم دەزانی ، چونکە ناسنامەی چەپێتیم دەزانراو بەرپرسیارانی لق و ناوچەش بێئاگا نەبوون لە نووسینەکانم ، دواییش تێگەیشتم کە ئەو ئەرکە بۆ من بەرپرسیارێتییەکی تەشریفاتییەو ، تەنها وەک ئەندامی لق ئەڵقەی پەیوەندی نێوان یەکێتیی نەقابەکان و یەکێتیی کۆمەڵە هاریکارییەکان و لق دەبم .
هەر ئەو کاتەی لە لقدا دەستبەکاربووم ، لەنێو کۆمەڵەدا ململانێیەکی ناوخۆ سەریهەڵدابوو . ململانێکە هەتا مانگی ئابی ١٩٧١ درێژەی کێشاو ، لە ناوەڕاستی ئەو مانگەدا یەکلاییبووەوە ، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا ریزەکانی کۆمەڵەمان بەجێهێشت ، بەمەش هیچ پاساوێک نەما بۆ مانەوە وەک ئەندامی پارتی و ئیلتیزام بە میکانیزمی تێکەڵبوونەوەی رێکخستنەکانی هەردوو باڵەکەوەو ، هەر لە هەمان مانگدا بە نوسراوێک دەستملەکارکێشایەوەو سەرم بە بارەگای لقی چواردا نەکردەوە .
رەنگە لێرەدا پێچەوانەی ئەم هەڵوێستەش دروستبوایە ، بەو پێیەی بەوازهێنان لە کۆمەڵە کاری دووسەرەیی کۆتایی پێدەهات و لەڕووی لۆژیکییەوە دەبوایە لەکارکردن بەردەوام بم ، بەڵام راستییەکەی ئەوەبوو : باوەڕم بە پارتی نەبوو چ وەک فیکرو چ وەک رێبازی سیاسی ، لەو ماوەیەی کارکردنیشمدا چەند گرفت و کاری نەشیاوم بینی کە هاندەرنەبوون بۆ مانەوەم و ، لە راستیدا ئەو کارانە لەلای خۆم پاساوی موقنیع بوون بۆ وازهێنانەکەم . هەڵبەت نەمدەتوانی راستەوخۆ بڵێم بۆچی لە پارتی دەچمەدەرەوەو وازهێنان لە پارتی رابگەیەنم ، بۆیە سەرەتا بە وازهێنان لە لق و دواتر پاش دوومانگ بۆ ئێجگارەکی لە پارتی دابڕام . لێرەدا ، ئەوەندەی لەبیرم مابێت ، ئاماژە بە هەندێک لەو گرفت و کارە نەشیاوانە دەکەم :
١ ) بەپێی خشتەیەک دەبوایە هەر شەوە ، یەکێک لە ئەندامانی لق لە بارەگاکەیدا ئێشکی بگرتایە ، دوو یان سێ جار ئێشکگرتنم بەرکەوت. ئێشکگرتن هەتا کاتژمێر ١٢ ی شەوبوو ، هەندێ لە ئەندامانی لق ئەم ئەرکەیان بەجێنەدەگەیاند ، ئەوەی تەلەفۆنی هەبوایە بۆ کاری پێویست پێشمەرگەکانی پاسەوانی بارەگای لق تەلەفۆنیان بۆ دەکرد ، ئەوانیدیکەش ئەگەر کاری زۆر پێویست هەبوایە بە ئوتومبیل بەشوێنیاندا دەچوون . ئەم زانیارییە پێشمەرگەیەک بە نهێنی بۆی درکاندم و داوای لێکردم منیش وەکو ئەوانیتر بکەم . لە دووەم جاری ئێشکگرتنمدا نزیک کاتی رۆیشتنەوەم هاتوهاوار لە ژووری تایبەتی پێشمەرگەکانەوە هەڵسا کە بەسۆراخیەوە چووم بینیم بەرپرسی پێشمەرگەکان زۆر خراپ لە پێشمەرگەیەکی دابوو ، هۆکارەکەم پرسی بەرپرسەکەیان وەڵامی نەدامەوەو چووە ژوورەوەو پێشمەرگەکەش نەیوێرا هیچ بڵی . بۆ سبەینێ ئەم رووداوەم بۆ یەکێک لەهاوڕێیانی خۆمان گێڕایەوە ، کە لەبیرمنەماوە کاک رەفعەت بوو یان کاک سمکۆ ، ئەویش وەها وەڵامیدامەوە کە خۆمی پێوە خەریک نەکەم چونکە کەس ناتوانێ ئەو بەرپرسە لەوێ بگوێزێتەوەو ئەم جۆرە کێشانەش بە ئێمە چارەسەر ناکرێت . ئەم رووداوە بۆ من زۆر ناخۆش بوو چونکە هەستی دەستەوسانی دامێ و لە ناخەوە زۆر ئازارم پێی چەشت .
2 ) وەک پێشتر باسمکرد ، لەدابەشکردنی کاردا ، بەرپرسیارێتی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران و کۆمەڵەکانی هاریکاریی جووتیارانیان لە ئەستۆم دانا . ئەو کاتە رەشید عارف سەرۆکی یەکێتیی نەقابەکان و شێخ رەوفی شێخ عارفی قەرەداغیش سەرۆکی کۆمەلەکانی جووتیاران بوو . زۆر رۆژ هەردووکیانم دەبینی بۆ کێشەکانیان سەردانی ئیدارەی لق و مامۆستا عەلی عەبدوڵلا ( بەرپرسی لقی چوارو ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پارێزگاری سلێمانی ) یان دەکرد ، ئیتر تەنها یان سەلامێک یان چاک و چۆنییەکیان لەگەڵ من دەکرد . لەم هەڵوێستەیان زۆر پەست بووم ، نامەیەکم بۆ مامۆستا عەلی نووسی ، چاوەڕێی ئەوەمدەکرد بانگم بکات بەڵام وەڵامی نەبوو . دوای چەند رۆژێک سەرۆکی یەکێتیی نەقابەکان هاتە سەردانم و داوای لێکردم بۆ یەکترناسین سەردانی نەقابەکان بکەین ، بێ ئەوەی لێی بپرسم زانیم بە ئاڕاستەی بەرپرسی لق ئەمداوایەی بەردەمم خستووە ، ئیتر پێکەوە سەردانی نەقابەکانمانکردو چەند رۆژێکی خایاند ، بەڵام دیسان هیچ گرفتێکیان بەرەوڕووی من نەکرایەوە ، تەنها کارێکیان کە هاتە بەردەستم ، دوو چیرۆکی نواندن بوو لە نووسینی هونەرمەند ( مەکی عەبدوڵڵا ) بۆ ئەوەی هەڵیان بسەنگێنم ، منیش دوای چەند رۆژێک گەڕاندمەوەو ئاگادارمکردن کە چیرۆکەکان زۆر لاوازن ، بەڵام ئەوان گوێیان بە هەڵسەنگاندنەکەم نەداو پاش ماوەیەک هەردووکیان وەک بەرهەمی نەقابەکانی کرێکاران نمایشکران ، کە بەداخەوە ناوی چیرۆکەکانم لەبیر نەماوە ، ئەوەندە دەزانم لە کۆتایی ساڵی ١٩٧١ دا بوو یان ساڵی ١٩٧٢ پێشکەشکران .
هەر لەهەمان ماوەدا کاک شێخ رەوفی شێخ عارف سەرۆکی کۆمەڵە هاریکارییەکانی جووتیاران سەردانی کردم و راسپاردیەکی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵای پێگەیاندم کە سەردانی ناوچەی رانیە بکەین ، بەتایبەتی گوندی ( بۆسکێن ) بۆ چارەسەرکردنی هەندێ گیروگرفتی پەیوەند بە کێشەی زەوی لەو ناوەدا. ئەو عەسرەی کە نیازبوو بۆ بەیانی بڕۆین بۆ رانیە ، مامۆستا عەلی بانگیکردین بۆ ژوورەکەی خۆی ، دوای کەمێک دانیشتن و هەندێ پرسیار لە شێخ رەوف ، بەتایبەتی روویتێکردم و سیاسەتی پارتی سەبارەت بەکێشەی زەوی و پەیوەندی نێوان خاوەن موڵک و جووتیاری بۆ باسکردم و ، داوای لێکردم ئاگام لەوە بێت لەچارەسەرکردنی ئەم کێشانەدا ” نە شیش بسووتێ و نە کەباب ” . دواتریش لە رانیە شێخ رەوف پێی وتم کە کێشەکە پەیوەندی بە ناکۆکییەوە هەیە لەسەر زەوی دێم و بەراو لەدەوروبەری ” بەحرەکە ” ( مەبەستی ئاوی دوکان ) بوو . بەیانی زوو چووینە رانیە لە بارەگای لیژنەی ناوچە لاماندا ، چاومان بە ئازاد قەرەداخی بەرپرسی لیژنەی ناوچە کەوت و چێشتەنگاو چووین بۆ( بۆسکێن ) و لەوێ شێخ حسەینی بۆسکێن لە پێشوازیماندا بوو . هیچ جووتیارێکم نەبینی ، گفتوگۆ هەر لەنێوان شێخ رەوف و شێخ حسەیندا بوو ، منیش لەبەر ئەوەی یەکەم کارم بوو تەنها گوێم بۆ گفتوگۆکەی نێوانیان هەڵخستبوو ، ئەوەی سەرەنجام تێیگەیشتم ناکۆکی نێوان جووتیارو خاوەن موڵک نەبوو کە پێشتر لە سلێمانی ئەو وێنایەیان دابوومێ بەڵکو ناکۆکی نێوان شێخ حسەین و ماڵە خەزوورانی مامۆستا عەلی بوو لەسەر ئەو زەوییە بەراوانەی دەکەوتنە رۆخی ئاوەکەی دوکانەوە نزیک بە رانیەو گوندی بۆسکێن . کارەکەمان هیچ ئەنجامێکی نەبوو ، بۆیە کاتێکی زۆری نەویست و دوای نیوەڕۆ چووین بۆ قەڵادزێ و بۆ ئێوارە هاتینەوە رانیە و شەوێش میوانی کاک جەزای عەلی کاتب بووین کە ئەوکاتە سەرۆکی شارەوانی رانیە بوو.
٣ ) هاوینی ساڵی ١٩٧١ دەنگۆی ئەوە هەبوو کە هەوڵی کودەتایەکی سەربازی دراوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووەو کودەتاچییەکان گیراون و لەناوبراون . بەیانییەک زوو کاک کەریم محەمەد ساڵح ناسراو بە ( کەریمی حەمەی حەلێ ) هاتە ماڵەوە ، سڵاوی مامجەلالی پێگەیاندم و هەواڵی ئەوەی پێدام کە یەکێک لەو ئەفسەرانەی تۆمەتبارە ، دۆستمانەو ، هێناویەتی بۆ سلێمانی و دەبێت هەوڵبدەم لەڕێی حزبەوە بە زوویی رەوانەی دەرەوەی سلێمانی بکرێت ، وتیشی کە ئێستا لە ماڵی کاک عومەری برامە ، بەڵام ماڵەکەیان بۆ مانەوەی گونجاو نییەو مەترسی لەسەردەبێت . هەر ئەو رۆژە ، پێش نیوەڕۆ چووم بۆ ماڵی کاک عومەر لەو شوێنەی ئێستا بە دارەسووتاوەکە دەناسرێت ، بەناوی خوازراوی مەحمودەوە ، چاوم بە ئەفسەرەکە کەوت و بەڵێنمدایە کە بەزوویی حزب ئاگاداربکەم و لەڕێی کاک کەریمەوە ئەنجامەکەی پێبگەیەنمەوە .
دوای نیوەڕۆ ، هەروەک رۆژانیتر ، چووم بۆ لق ، چاوەڕێمکرد تا مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا هات ، نامەیەکم بۆ ناردە ژوورەوە کە بۆ کارێکی تایبەتی و گرنگ دەمەوێت بمبینێت . نزیک رۆژئاوابوون بانگی کردم ، کەسی لەلانەبوو ، منیش مەسەلەکەم بۆ گێڕایەوە ، روخساری تێکچوو و زۆر خراپ لێمتووڕەبوو ، ئەم کارەی وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پەیوەندی پارتی و حکومەتی بەعس وەسفکرد ، بە ئیشێکی نامەسئولانەی دانا و بە توندیش لۆمەی ئاڕاستەی مامجەلال کرد کە کێشەیان بۆ دەنێتەوە . پاشان دوای چەند دەقیقەیەک ماتی و بێدەنگی پێی وتم ئێمە ناچینە ژێر باری ئەو مەسئولییەتەوەو چۆنتان هێناوە بۆ سلێمانی ئاواش بیبەنە دەرەوەو نابێت بە هیچ شێوەیەک باسی بکەیت . لەو کاتەدا نەمدەزانی چیبکەم ، تەواو نائومێد بووم ، بردنە دەرەوەشی لە توانادا نەبوو چونکە هیچ فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دەوروبەری سلێمانی کەسێکی وەهای وەرنەدەگرت ئەگەر فەرمانی دەزگایەکی باڵای حزب یان لەشکری لەسەر نەبوایە . ئەو شەوە هیچمان بە ئەفسەرەکە رانەگەیاند ، بۆ بەیانی زوو چووم بۆ ماڵی کاک ئەمین شەوکەت و رووی ئەوەم لێنا کە بۆ چەند رۆژێک لە ماڵی خۆیان جێگەی بکاتەوە تا مشوورێکی دەخۆین ؛ ئەو کاتە ماڵی ئەوان بێگومانترین شوێن بوو ، ( دار الضباط ) کەوتبووە پشتەوەیان . کاک ئەمین بەدەنگمەوەهات دڵنیایکردم کە چەند دەمێنێتەوە میوانداری دەکات ، منیش کاک کەریمم ئاگادارکردەوەو لە گەرمای نیوەڕۆدا بردمان بۆ ماڵی کاک ئەمین ، داواشم لە کاک کەریم کرد بگەڕێتەوە بو بەغدا بەڵکو مامجەلال لەڕێی پەیوەندی خۆی بە بارەگای بارزانییەوە گرفتەکە چارەسەربکات . دوای دوو یان سێ رۆژ کاک کەریم لە بەغدا هاتەوە ، سەردانیکردم و پێی راگەیاندم کە لەسەرەوە فەرمان بە رەئیس عەبدوڵڵا ، فەرماندەی ئەو هێزەی لە دامێنی سورداشە کراوە ، کە ئەفسەرەکە وەربگرێت و بۆ سەرەوەی رەوانە بکات ، بۆ ئێوارە کاک کەریم ئەفسەرەکەی گەیاندە سورداش و تەسلیم بە رەئیس عەبدوڵڵای کرد . ئیتر لەو ماوەیەدا نە مامۆستا عەلی پرسییەوەو نە منیش باسمکردەوەو نە هیچ یەکێک لە ئەندامانی لق بەوەیان زانی .
ئەم رووداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم هەبوو کە هەرکاتێک هەلێکی لەبار بڕەخسێ واز لە پارتی بهێنم چونکە لەلایەک ، وەک ئەندامێکی لق رێزم لێنەگیراو لە مەسەلەیەکی وەها مەترسیداردا بەدەنگمەوە نەهاتن ، لەلایەکیتریشەوە ئێمە وەک کادیرانی پارتی باڵی ( م . س ) رانەهاتبووین لەسەر ئەوەی سەرکردەکانمان بەو شێوەیە لێمان تووڕەبن ، وەک ئەوەی من لە لێپرسراوی لقم دیت .
٤ ) دوای ماوەیەک لە دەستبەکاربوونم وەک ئەندامی لق و نوێنەری لق لە یەکێتیی نەقابەکان و کۆمەڵە هاریکارییەکانی جووتیاران ، بەرپرسی لق فەرمانیپێدام هاوکاری مامۆستا رەمزی قەزاز بکەم لە دەرکردنی گۆڤاری ( برایەتی ) دا ، کە ئەو کاتە لە سلێمانی دەردەچوو یان لە سلێمانی بابەتەکانی بۆ کۆدەکرایەوە . ئەم کارەیانم پێخۆش بوو ، بۆیە ئامادەییم دەربڕی و دوو جار لەگەڵ مامۆستا رەمزیدا بۆ تەماشاکردنی بابەتەکان دانیشتین کەلەنێویاندا بابەتێکی مامجەلالی تێدابوو لەسەر چەمکی ” بە ئاشتی پێکەوە ژیان ” بەناوی خوازراوی ( پیرۆت ) ەوە ، وتارێکی مامۆستا رەمزیشی تێدا بوو لەسەر کێشەی نەتەوەیی کورد . ئەو ژمارەیە چاپکراو بڵاوکرایەوە . من بۆ ژمارەی داهاتوو وتارێکم لەسەر چەمکی ” سیاسەت ” نووسی ، کە لە وتارەکەی مامۆستا رەمزیدا شیکرابۆوە ، تیادا ناڕاستەوخۆ بیروبۆچوونی مامۆستام دەربارەی سیاسەت رەتکردەوە و رەخنەم لەوەگرت سیاسەت تەنھا بریتی بێت لە درۆودەلەسە ، وەک ئەو وەهای نووسیبوو ، بەبێ ئەوەی ناوی مامۆستا رەمزی لە وتارەکەمدا بهێنم . وتارەکەم دایە دەست مامۆستا رەمزی ، ئیتر نە دانیشتینەوە بۆ تاووتوێکردنی بابەتەکانی ژمارەی داهاتووی ” برایەتی ” نە بانگی کردم و نە منیش لێمپرسییەوە ، چونکە دەمزانی کارکردنم لە گۆڤارەکەداو بڵاوبوونەوەی وتارێکی مامجەلال و ( هەرچەندە من ئەو وتارەم نەگەیاندبوو ) ، رەخنەگرتن لە وتاری کەسێکی ناسراوی نێو پارتی ، ئەو رۆژانە چ جۆرە حەساسییەتێکی دروستدەکرد . من ئەم پشتگوێخستنەم وەک پەیامی رەفز وەرگرت و بیروبۆچوونەکانی پێشوومی لەسەر پارتی بۆ سەلماندمەوە .
٥ ) هێشتا مانگێک بەسەر کارکردنماندا لە لقی چوار تێنەپەڕیبوو لە کۆبوونەوەیەکی لقدا گفتوگۆ لەسەر هەڵمەتێکی گشتی بۆ پیتاک و کۆکردنەوەی پارە کرا ، پڕۆژەی کارەکە وەهابوو کە هەندێک ئەندامانی لق و ناوچە سەرپەرشتی هەڵمەتەکە بکەن و بە شێوەیەکی مەیدانی بەشداریی تێدا بکەن . بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی بەرپرسیان لە هەڵمەتەکە داناو منیشیان تێدا ناونووسکرد ، ئیتر بە ناچاری هاتمەگۆو بوونە ئەندامی لیژنەکەم رەتکردەوەو ، بیروای خۆم دەربارەی نەبوونی پاساوێک بۆ کۆکردنەوەی پارە لە خەڵکی – با دەوڵەمەندیش بن و کاسپی ناوبازاڕبن – لەو هەلو مەرجەدا کە پارتی خۆی حکومەت بوو ، دەربڕی ، لەبەر ئەوەی بەرپرسی لق ( مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا ) نەهاتبوو دوابڕیاریان بەستەوە بە ئامادەبوونی ئەوەوە . دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ، دکتۆر کەمال خۆشناو رەخنەی لە هەڵوێستەکەم گرت ، وەهای نیشاندا کە هەڤاڵانی لق دەزانن من کەسێکی چالاکم و لێمڕادەبینن بەباشی ئەو کارە ئەنجام بدەم ، هەروەک رایوابوو کە ئەمە هەلێکە بۆ چوونەوە نێو خەڵک و بەشدارینەکردنم ئەوانیش ( مەبەستی ئەندامانی لق لە باڵی م . س بوو … هتد ) ئیحراج دەکات . من هەر لەسەر هەڵوێستەکەی خۆم سووربووم بۆیە دوابڕیارم بە رەتکردنەوەی ئەو کارە پێگەیاند . بۆ سبەینێ دکتۆر کەمال زوو سەردانی لقی کرد و ، پێش ئەوەی مامۆستا عەلی بێت ناوی خۆی لە شوێنی ناوی من داناو لەم کێشەیە رزگاریکردم ، بەڵام بۆ خۆم دڵنیابووم ئەم هەڵوێستەیان وەک خاڵێکی نەرێیانە لەسەرم تۆمارکردووەو بە بەرپرسی لق و سەروتریشیان گەیاندووە ، چونکە کارێکی وەها بۆ ئەو سەردەمە لەنێو پارتیدا نەک هەر نەشیاو بوو بەڵکو سزادانی حزبیش دەیگرتەوە.
٦ ) لەسەرەتای پەیوەندی و دەستبەکاربوونم لە لقدا ، رۆژێک یەکێک لەهەڤاڵە دێرینەکانم لە نێو رێکخستنی سلێمانیی پارتی ( م . س ) دا ، سەردانیکردم ، پێی راگەیاندم کە بەرپرسێک بابەتێکی نهێنی پێڕاسپاردووەو ، دەیەوێت پێمبگەیەنێت . بابەتەکەی وەها کردەوە کە بارەگای بارزانی موتمانەی خۆیم دەداتێ و دەتوانم جگە لەکارکردنم وەک ئەندامێکی لق ، پەیوەندییەکی راستەوخۆشم لەگەڵ بارەگای بارزانیدا هەبێت لەڕێی ( حەسۆ میرخان ) ەوە ، بۆ قایلکردنیشم باسی گرنگیی ئەم پەیوەندییەی بۆ شەخسییەت و جێوڕێی سیاسیم ، لە کارکردنی نێو پارتیدا ، کرد . من یەکسەر زانیم بابەتەکە پەیوەندیی بە دەزگای پاراستنەوە هەیە ، بۆیە رەتمکردەوە ، بێ ئەوەی ناوی پاراستن بێنم ، بەڵام ئەو وتی : رەنگە کارەکە لەوە تێپەڕ نەکات کە سەرەوە لەڕێگەی چەند ” ئەندامێکی دڵسۆزی وەک تۆوە ” زێتر ئاگایان لە کاروباری حزب بێت و چاودێریی بکەن . ئەو داوای لێکردم بیرێکی لێبکەمەوەو دواتر وەڵامی بدەمەوە ، بەڵام هەر لەو یەکتربینینەدا بە نەرێ وەڵامم دایەوە . پاشان دوای چەند مانگێک زانیم کە هەوڵێکی لەو بابەتەش لەگەڵ مامۆستا جەمال عەبدول دراوەو رەتیکردۆتەوە .
٧ ) بۆ یادی تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە رێکەوتی ١٦ ی ئابی دەکرد ، بەر لە دوو یان سێ هەفتە کۆبوونەوەیەکی لق کرا . لەم کۆبوونەوەیەدا لیژنەیەکی ئامادەکارییان بۆ ئەم یادە پێکهێنا ، منیشیان وەک ئەندامێکی لیژنەکە ناونووسکرد . من هیچ کاردانەوەیەکی نەرێیانەم بەرامبەر ئەوە نیشاننەدا ، چونکە پاساوێکی لۆژیکی بۆ رەتکردنەوەی لەئارادانەبوو ، لەسەرێکیترەوە ، ناکۆکی نێو ریزەکانی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی لەسەروبەندی یەکلاییبوونەوەدا بوو . مانەوەم و نەمانەوەم لە کۆمەڵەدا ، بە ئەنجامی ئەو راپرسییەوە بەندبوو کە ئەو کاتە لەسەر شوناسی کۆمەڵە بەڕێوە دەچوو . ئەوەبوو لەسەرەتای مانگی ئابدا زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵە دەنگیان بۆ شوناسی نەتەوەیی ( کوردستانی ) کۆمەڵەداو ، ئێمەش لایەنگرانی شوناسی ئینتەرناسیۆنالیستیی کە بە ( عێراقچی ) ناویان دەبردین لە کۆمەڵە هاتینەدەرەوە . بەهاتنە دەرەوەمان لە کۆمەڵە ، ئیتر پەیڕەوکردنی سیاسەتی کۆمەڵە بۆ ئێمە جێوڕێیەکی نەبوو ، لەبەر ئەوە و ، لەو باری سەرنجەوە ، “مەشروعییەتی ” بوونی خۆمان لە نێو پارتیدا بە هەڵوەشاوە دەزانی . لەم گۆشە نیگایەوە چاوەڕوانی یەکەم هەل بووم کە دەست لەکاروباری لق بکێشمەوەو دواتریش بۆ ئێجگارەکی واز لە پارتی بهێنم .
٨ ) لەو ماوەیەی لە لقدا کارمکرد ، چەندجار دەمبیستەوە کە هەڤاڵە کانمان ، واتە هەڤاڵانی پارتی ( م . س ) کە تێکەڵ بە رێکخستنەکان بوونەتەوە ، بەچاوێکی یەکسان لەگەڵ ئەندامانیدیکەی پارتیدا سەیرناکرێن ، جیاوازییان لەگەڵدا دەکەن و جۆرێک پلەدوویی بەسەریاندا سەپێنراوەو کەسیش گوێ بە گلەیی و گازەندەو بیروڕایان نادات . تاک تاکێکیش لەوانە هانایان بۆ ئێمە دەهێنا ، لەڕاستیدا ئێمەش دەستمان نەدەرۆیشت و نەماندەتوانی بەدەنگ هاناکانیانەوە بچین ، نەشدەکرا لەخۆوەڕا ئەم بابەتە بوروژێنرێت ، چونکە وەک یەک رێکخستنی یەکگرتوو دەبوایە کارمان بکردایەوەو مەسەلەیەکی وەها حەساسییەتێکی لەڕادەبەدەری هەبوو .
٨ ) چەند رۆژێک بەر لە یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆبوونەوەیەکی لق بە سەرپەرشتی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا کرا . یەکێک لەو خاڵانەی لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا بوو ، هەندێ ئاڵوگۆڕبوو لە پێکهاتەی ( لیژنەی ناوچەی قەرەداخ ) دا ، دەستکاری مانەوەی یەک دوو ئەندامیانکرد کە لە هەڤاڵانی پێشووم بوون و بەپێی رێژەی پڕۆسەی ئیستیعابەکەی تێکەڵکردنی هەردوو باڵی پارتییەوە لەو لیژنەیەدا کاریاندەکرد. من پەنجەی ئیعتیرازم بەرزکردەوە ، ویستیان وەک کارێکی ئاسایی رێکخستن بیسەلمێنم ، بەڵام هەر سوور بووم لەسەر بەرگری لەو هەڤاڵانەو لە بڕیاری بەشداریی لەو لیژنەیەدا بەپێ ئەو رێژەیەی رێککەوتنی لەسەرکراوە ، ئیتر لەگەڵ مامۆستا عەلی مشتومڕیکمان لەنێوان دروست بوو ، تۆمەتباری کردم کە من بە گیان ( رۆحییەت ) ی رابردووەوە کار دەکەم و مەسەلەی ئیستیعابم هەزمنەکردووە ، بۆیە بڕیاری ئاڵوگۆڕەکەیان دا . کۆبوونەوەکە تەواو بوو . هاتینە دەرەوە . نامەی وازهێنانم لە ئەندامەتی لق نووسی و لە ئیدارە بەجێمهێشت و چاوەڕێی کاتی هەڵسانم نەکردوو هاتمەدەرەوە .
٩ ) یەک دوو مانگ کەس لێینەپرسیمەوە ، کە دەوامی قوتابخانەکان دەستیپێکردەوە مامۆستای قوتابخانەی ( بادینانی سەرەتایی کوڕان ) بووم ، رۆژێک لە پۆلدابووم ، مامۆستایەک هات بۆلام و نامەیەکی مۆرکراوی پێدام ، ناوەرۆکی نامەکە ئەوەبوو کە ئەم مامۆستایە بەرپرسم دەبێت ، دوایی زانیم ناوی مامۆستا ( عومەر عەبدولکەریم ) ە . من هەر لەوێدا ، بەڕێزەوە ، پێموت جارێکیتر نەیەتەوە ، بە بیانووی ئەوەی دەمەوێت ماوەیەک دانیشم و تاقەتی هاتوچۆو کۆبوونەوەم نییە . مامۆستا عومەر هیچی نەوت و خواحافیزیکردو ئیتر نەهاتەوە .
دیسان بۆ ماوەیەکی زیاتر لێیان نەپرسیمەوە ، سەرەتای هاوینی ١٩٧٢ بوو ، رۆژێک مامۆستا ئیسماعیلی حاجی غەریب هاتە ماڵەوەو پی راگەیاندم کە لە حزبەوە ئەویان وەک رێکخەرم داناوە . مامۆستا ئیسماعیل لە ئەندامە دێرینەکانی پارتی ( م . س ) بوو ، لەگەڕەکێکدا بووین ، رێزو خۆشەویستی لەلای من هەبوو ، بۆمن زۆر گرانبوو یەکسەر داوای ئەوەی لێبکەم نەیەتەوە ، هیچم نەوت و ئەو کاتی کۆبوونەوەی بۆ دانام ، بەڵام بۆ کۆبوونەوەکە نەچووم ، سەریلێدامەوە ، نازانم چ پاساوێکم بۆ نەچونەکەم هێنایەوە ، کاتی کۆبوونەوەی داهاتووی بۆ دانام ، ئەمجارەش نەچووم ، کە لێیپرسیمەوە بەڕاشکاوی رەتکردنەوەی خۆمم بۆ رێکخستن پێگەیاند .
دوای ماوەیەکیتر ، هەر لە هاویندا ، نزیک کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان ، مامۆستا مەحمودی مەلا عیززەت پەیوەندی پێوەکردم ، بۆ بینینی چووم بۆ ماڵی خۆیان ، یەک دوو کاتژمێر ماینەوە ، هەر لە کارکردنی پێشوومان و هەڵەکانمانەوە لێیدواین هەتا باسی دامەزراندنی کۆمەڵەو مەسەلەی کارکردن یان کارنەکردن لە پارتیدا . ئەو کارکردنی بۆ ئێمەومانان بە زەرورەت دەزانی لەو قۆناغەدا ، پێیڕاگەیاندم کە لەوەبەدوا پەیوەندیم بەوەوە دەبێت ، من ئەوەم رەتکردەوە بچمەوە نێو رێکخستنی پارتی ، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر رایەکانی و دواجار وتی پەیوەندییەکەت بە منەوە فەردی دەبێت و حزب رەچاوی بارودۆخی وازهێنانت لە لق و ئاستی رۆشنبیری و حزبیشت دەکات .
لەبەر دڵی مامۆستا مەحمود چەند جارێک چووم بۆ لای و ماوەی چەند سەعاتێک باسی دنیای سیاسەتمان دەکرد ، ئیتر هەر ئەوەندە پەیوەندیم هەبوو بە پارتییەوە ، تا لەسەرەتای ساڵی خوێندنی ١٩٧٢ – ١٩٧٣ دا بە گۆڕینەوە لەگەڵ مامۆستایەکدا شوێنی کارکردنی مامۆستایەتیم بۆ بەغدا گواستەوەو ، بۆ ئێجگارەکی پەیوەندیم بە پارتییەوە نەما .

دیسان ده‌رباره‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه

5 حوزەیران

دیسان ده‌رباره‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه

فوئاد قەرەداغی

له‌ ژماره‌کانی ( 427 ، 428 ، 429 ، 430 ، 431 ) ی رۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) دا که‌ رێکه‌وتی رۆژه‌کانی ( 1 ، 4 ، 8 ، 11 و 15 ) ی حوزه‌یرانی 2008 ی کرد ، هاوڕێی دێرینم کاک عارف که‌ریم زنجیره‌یه‌ک وتاری ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆکی دوو دیمانه‌ی من و کاک فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر نووسیوه‌ که‌ به‌دوای یه‌کدا له‌ ( هاوڵاتی ) ژماره‌ 411 و 412 ی رێکه‌وتی 6 و 9 ی نیسانی 2008 و ( میدیا ) ی ژماره‌ ( 334 ) ی رۆژی 15 ی نیسانی 2008 بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ ، تێیاندا هه‌وڵیداوه‌ به‌شداریی له‌ نووسینی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان بکات تا ” هه‌ندێک له‌ دیوه‌ شاراوه‌کانی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ و فاکته‌ره‌ جیاجیاکانی رێگه‌خۆشکردن بۆ دامه‌زراندنی ئاشکرا ” بکات به‌تایبه‌تی ساڵه‌کانی 970 – 975 . [ به‌شی یه‌که‌م ، هاوڵاتی ، ژماره‌ 427 ی رۆژی 1ی حوزه‌یرانی 2008 ] به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ ، به‌ڵکو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵه‌کانی 1967 – 1970 و ، دوای ئه‌وه‌ش وه‌ک ده‌ڵێت : باسی ئه‌و 13 مانگه‌ بکات که‌ له‌ سوریا ( شام ) دا به‌سه‌ریبردووه‌ و هۆکاری دوورکه‌وتنه‌وه‌و وازهێنانی له‌ یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌ روونبکاته‌وه‌ . [ به‌شی یه‌که‌م ]
کاک عارف به‌ پاساوی وه‌ڵامی هه‌ردوو وتاره‌که‌ی من و فه‌ره‌یدون ، به‌ڕێگایه‌ک که‌ دووره‌ له‌ میتۆدی زانستی و بێ په‌یڕه‌ویکردنی رێساکانی نووسینه‌وه‌ی مێژوو ، کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی ورووژاندووه ، ‌ که‌مێکی نه‌بێ ، زۆربه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و دوو وتاره‌وه‌ نییه‌ . ئه‌وه‌ی که‌مترین پشکی له‌م پێنج ئه‌ڵقه‌یه‌دا به‌رده‌که‌وێ مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌یه‌ ، ئه‌و مێژووه‌ی له‌ ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11 ی مارسی 1970 وه‌ ده‌ستپێده‌کات و له‌ مانگی ئابی 1971 دا کۆتایی دێت . ئاماژه‌کردن به‌و زه‌مینه‌یه‌ی له‌پێش به‌یاننامه‌ی مارسدا بۆ پێکهێنانی ئه‌م رێکخراوه‌ سازو ئاماده‌ کراوه‌و ، ئه‌وه‌شی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ساڵه‌کانی دوای 1971 وه‌ هه‌یه‌ ، ده‌شێت ته‌نها بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و روونکردنه‌وه‌ی زێتری مێژووی دامه‌زراندنه‌که‌ به‌کاربهێنرێت که‌ ئێستا بۆته‌ موڵکی مێژووی حزبایه‌تی و‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ سیاسی له‌ کوردستانداو که‌سێک نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ مابێت و په‌یڕه‌وی ئایدیاو شێوازو پرنسیپه‌کانی بکات و له‌ڕووی بابه‌تییه‌وه‌ خاوه‌نی بێت .
له‌هه‌ردوو چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باس له‌ مێژووی ( دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ ) کراوه‌ نه‌ک مێژووی کۆمه‌ڵه‌ که‌ له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌گرێته‌وه‌‌ . بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌یت و بپرسیت : ئه‌م به‌زاندنه‌ی مێژووی دامه‌زراندن بۆچی و ، بۆ چ ئامانجێک و ، ئایا له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ چ سوودێک ده‌گه‌یه‌نێت ؟ یان چ بۆ نووسه‌ر( کاک عارف ) و چ بۆ هاوڕێ دێرینه‌کانی ئاکامێکی ئه‌رێیانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت؟
من له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا که‌مێکم ده‌رباره‌ی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو نووسی که‌ لێره‌دا به‌پێویستی نازانم دووباره‌ی بکه‌مه‌وه‌ . هه‌ر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌شدا ئاماژه‌م به‌وه‌ کرد که‌ ته‌نها ئاگاداری به‌شێکم له‌مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و ، له‌وه‌ بترازێ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ی نییه‌و ناشێت خۆم بکه‌م به‌ خاوه‌نی و له‌سه‌ری بدوێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌م نووسینه‌شمدا به‌ هه‌مان رێچکه‌دا ده‌ڕۆمه‌وه‌و وه‌ڵامی ئه‌و خاڵانه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ که‌ کاک عارف ره‌خنه‌و لێدوانی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ریان هه‌بووه‌ . هه‌روه‌ها له‌ نێوانی وه‌ڵامه‌کانیشمدا ده‌ستنیشانی ئه‌و میتۆدو شێوازه‌ نادروستانه‌ ده‌که‌م که‌ به‌گشتی سیمای نووسینی ئه‌و هاوڕێیه‌می شێواندووه‌ .
ناونیشان و ناوه‌رۆک
ئه‌وه‌ی له‌ خوێندنه‌وه‌ی تێکڕای نووسینه‌که‌دا سه‌رنجڕاده‌کێشێ ، ئه‌و که‌له‌به‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ی نێوان ناونیشان و ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌یه‌ . له‌ کاتێکدا ناونیشانه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی نووسه‌ر ” ئاشکراکردنی دیوه‌ شاراوه‌کانی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ ” یه ،‌‌ هه‌ر زوو له‌ نووسینه‌که‌یدا په‌لی بۆ زۆر مه‌سه‌له‌ی دیکه‌ بردووه‌و ، ئه‌م ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌ی نووسینه‌که‌ی له‌بیرچۆته‌وه‌و ، جگه‌ له‌ چه‌ند خاڵێک که‌ ئاڕاسته‌ی کردووین ، سه‌رتاسه‌ری نووسینه‌که‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی نه‌ به‌ ناونیشانه‌که‌وه‌ هه‌یه‌و نه‌ به‌ مێژووی ئه‌و ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لێنینی خایاندی و دوای ئه‌وه‌ قۆناخێکی دیکه‌ی خه‌باتی ده‌ستیپێکرد .
کاک عارف له‌به‌شی یه‌که‌مدا باسێکی خه‌باتی گه‌لی کوردی کردووه‌ هه‌ر له‌ رووخاندنی کۆماری کوردستانه‌وه‌ له‌ مه‌هاباد تا ساڵی 1970 که‌ کۆمه‌له‌ دامه‌زراوه‌ . ئه‌و مه‌به‌ستی بووه‌ ئه‌و مێژووه‌ به‌ مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوونه‌بووه‌ چونکه‌ رایه‌ڵێکی تێدانییه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ پێکه‌وه‌ گرێبدات . له‌و نمایشه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا که‌ نووسه‌ر نیشانیداوه ، ته‌نها ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه که‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان ساڵانی ( 1967 – 1970 ) وه که‌ هه‌لومه‌رجێک ، یان ئاووهه‌وایه‌کی چه‌پانه‌ لق و ناوچه‌ی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان ( م . س ) و خوێندکارانی کوردی زانکۆی به‌غدای گرتبۆوه .
نووسه‌ر که‌ی به‌ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ په‌یوه‌ستبووه‌؟
کاک عارف ده‌ڵێت :” فوئاد قه‌ره‌داغی و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر دوو براده‌ری نزیکن به‌ من و له‌ نزیکه‌وه‌ یه‌ک ده‌ناسین و پێکه‌وه‌ کارمانکردووه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خودی فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ کرد بۆ چوونه‌ ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ ” . لێره‌دا نووسه‌ر کاتی چوونی بۆ نێو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی به‌ ته‌واوی دیارینه‌کردووه‌‌ ، ئایا له‌ساڵی یه‌که‌می دامه‌زراندنیدا بووه‌ یان له‌ ساڵه‌کانی دواتردا . هه‌ر لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ روویتێده‌کات : ‌ بۆچی فوئاد قه‌ره‌داغی که‌ ئه‌و کاته ( ساڵی 1970 )‌ نزیکترین هاوڕێی بوو ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌کردووه‌ ، وه‌کو زۆر هاوڕێی دیکه‌ی که‌ ئه‌و ساڵه‌ چه‌ند جار له‌به‌غداوه‌ بۆ په‌یوه‌ندیکردن پێیانه‌وه‌ ده‌هاته‌ سلێمانی و سه‌ردانی ده‌کردن ؟ ‌‌‌
له‌ڕاستیدا دوو یان سێ جار له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ کاک عارفدا بیروڕامان ده‌گۆڕییه‌وه‌ ، باسی ئاسته‌نگیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و رۆڵی بۆرژوازی کوردو فه‌شه‌لی هه‌ردوو باڵی پارتیمان ده‌کرد ، به‌ڵام ئه‌و هێشتا به‌دیلی حزبێک یان رێکخراوێکی نوێی له‌لا گه‌ڵاڵه‌ نه‌بوو بوو . بۆیه‌ رێیتێده‌چێت دوای ده‌رچوونمان له‌ کۆمه‌ڵه‌ ( ئابی 1971 ) هه‌ڵمه‌تێکی په‌یوه‌ندیکردن کرابێت و ئه‌ویش یه‌کێک بووبێت له‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه‌کردووه‌و به‌ رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ په‌یوه‌ست بووبێت .
کاک عارف ، وه‌ک له‌ هه‌ر پێنج به‌شی وتاره‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێت ، زانیارییه‌کی وردی له‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ نییه‌و ، پتر له‌باره‌ی ساڵانی دواتر تا راوه‌دوونانی و هه‌ڵاتنی بۆ سوریا نووسیویه‌تی و ، ئه‌و ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی به‌ژێر ته‌مومژی زانیاری ساڵانی دواتردا کردووه‌ .
شۆڕشی لاوان 1968
کاک عارف ده‌رباره‌ی چه‌مکی ” شۆڕشی لاوان ” ده‌ڵێت :” به‌بڕوای من ئه‌مه‌ شؤڕشی لاوان نه‌بوو . . . چونکه‌ نه‌یتوانی گۆڕانکاریی له‌ سیستمی سه‌رمایه‌داریدا بکات . ئه‌مه‌ ته‌نیا چالاکی و هه‌ڵچوونێکی چه‌پ بوو بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ، وا بزانم شۆڕش مانایه‌کی فراوانتری هه‌یه‌ . ” [به‌شی یه‌که‌م ]
سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ ناوێک نییه‌ من له‌و بزووتنه‌وانه‌ی ساڵی 1968 م نابێت ، ئه‌وه‌ ناوێکه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا له‌و کاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا به‌کارده‌هێنرێت و بووه‌ته‌ ناسنامه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وانه . به‌ڵگه‌ی نووسه‌ریش بۆ ئه‌وه‌ی به‌شۆڕشی له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ین هه‌ڵه‌یه‌ ، چونکه‌ به‌پێی ئه‌و بڕوایه‌ی نووسه‌ر بێت ، سه‌رکه‌وتن و سه‌رنه‌که‌وتن ناسنامه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ک دیاریده‌کات که‌ ئایا شۆڕشه‌ یان شۆڕش نییه‌ . واته‌ ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وت شۆڕشه‌و ئه‌گه‌ر ژێرکه‌وت شۆڕش نییه‌ ، به‌م پێیه‌ کۆمۆنه‌ی پاریس و شۆڕشی کرێکارانی فه‌ڕه‌نسا له‌ ساڵی 1848 داو شۆڕشی کرێکارانی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌رکردایه‌تی سپارتاکۆسییه‌کان دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و ده‌یان شۆڕشی نیشتمانی و کرێکاری ناچنه‌ خانه‌ی شۆڕشه‌وه‌ .
له‌ڕاستیدا شۆڕش گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌ییه‌ له‌ سیستمی سیاسی – ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی – رۆشنبیریی . . . هتد دا . به‌ مانایه‌کی فراوانتریش شۆڕش گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ پێکهاته‌یه‌کی مێژوویی ئابووریی – سیاسییه‌وه‌ بۆ پێکهاته‌یه‌کی دیکه‌ ، وه‌کو گواستنه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و حوکمی خانه‌دانه‌کان و ئیکلیڕوسه‌وه‌ بۆ فه‌ڕه‌نسای دیموکراتیی بۆرژوازیی ، ئه‌و وه‌رچه‌رخاندنه‌ی له‌ مێژوودا به‌شؤڕشی بۆرژوازی ده‌ناسرێت ؛ یان گواستنه‌وه‌ی روسیا له‌ حوکمی ئیستیبدادیی تزارییه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی سۆڤیه‌تی که‌ به‌ شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبه‌ر ناسرا ، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی چین له‌ سیستمی نیمچه‌ کۆلۆنی – نیمچه‌ ده‌ره‌به‌گییه‌وه‌ بۆ سیستمێکی دیموکراتیی میللی که‌ خۆیان ناوی شۆڕشی دیموکراتیی نوێیان لێناوه‌ . ئه‌م پێناسه‌یه‌ بۆ شۆڕش ، هه‌وڵه‌کانی شۆڕش بۆ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ جا هه‌وڵه‌که‌ سه‌رکه‌وتوو بێت یان سه‌رکه‌وتوو نبێت .
ئه‌و شۆڕشه‌ی ئه‌و کاته‌و هه‌تا ئێستاش له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا ناوی ” شۆڕشی لاوان ” ی لێنراوه‌ ، ئامانجی گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی بوو له‌ جیهاندا . سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا بووه‌ مه‌یدانی جه‌نگێکی ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌ نێوان خوێندکاران و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا ، دواتریش کرێکاران به‌ بزووتنه‌وه‌که‌ی خوێندکارانه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوون ، ئامانجی هه‌مووانیش یاخیبوون له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و سه‌رکه‌وتنی سۆسیالیزم بوو . ده‌زگاکانی سیستمی سه‌رمایه‌ به‌ڕاستی که‌وتنه‌ به‌ر مه‌ترسی رووخاندنه‌وه‌‌ ، له‌وانه‌ سیستمی خێزان پێینایه قۆناغی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و لاوان خێزانه‌کانیان به‌جێده‌هێشت ؛ هه‌روه‌ها یاخیبوونێکی بێوێنەی‌ ‌مێژوویی له‌ زانکۆکان و به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌کانی خوێندنیان روویدا . زانکۆکان به‌ بونیادو به‌رنامه‌کانیانه‌وه‌ به‌ر هێرشی خوێندکاران که‌وتن‌ ، خوێندن له‌ زانکۆکاندا راگیرا . خوێندکاران ده‌ستیان به‌سه‌ر زانکۆکاندا گرت و مامۆستایانی سه‌ر به‌ حزب و رێکخراوه‌ چه‌په‌کانیش پشتگیرییانکردن . کرێکاران و خوێندکارانی راپه‌ڕیو سه‌ر به‌ حزب و رێکخراوه‌ ( ماوییه‌کان ، گیڤاریسته‌کان ، ترۆتسکییه‌کان ، ستالینییه‌کان ، چه‌پی نوێ و مارکۆزییه‌کان ، گرووپ و ده‌سته‌ی سه‌ر به‌ ولهلم رایخ و شۆڕشی سێکسی و .. هتد ) بوون . ئه‌م شۆڕشه‌ی لاوان په‌ره‌یسه‌ندوو سیستمی سه‌رمایه‌ی هێنایه‌ له‌رزین به‌ تایبه‌تی له‌ فه‌ڕه‌نسا که ده‌وڵه‌ت‌ بۆ به‌رگرتن له‌ رووخاندنی په‌نای برده‌ به‌ر سوپاو تانکه‌کانی دابه‌زانده‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و شۆڕشه‌که‌ی سه‌رکوتکرد ؛ له‌ولاشه‌وه‌و پێشتریش له‌ شۆڕشه‌که‌ی ئه‌وروپا ، ( شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریا) له‌ چین به‌رپابووبوو ، ملیۆنه‌ها لاوی کرێکارو جووتیارو خوێندکار رۆژانه‌ ده‌ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و له‌ بست به‌ بستی چیندا لێپرسراوه‌ حکومی و حزبییه‌ گه‌نده‌ڵه‌کانیان داده‌گرته‌ خواره‌وه‌و جه‌ماوه‌ر و پاسه‌وانه‌ سووره‌کان و کۆمیته‌ شۆڕشگێڕییه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گرت . ئه‌و شۆڕشه‌ له‌ژێر سایه‌ی دیکتاتۆرییه‌تی پڕۆلیتاریادا کراو نموونه‌یه‌کی په‌سه‌ندکراوی لاوانی جیهان بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا . له‌ کوردستانیشدا ، ئه‌و شۆڕشه‌ی ساڵی 1968 ی لاوانی ئه‌وروپاو پێشتریش چین ، یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی وه‌رچه‌رخاندنی گه‌نجانی کورد بوو به‌ره‌و رێبازی چه‌پ به‌ گشتی و ، مارکسیزم – لینینیزم به‌ تایبه‌تی ؛ ئه‌و رێبازه‌ی چاویکردنه‌وه‌و به‌ره‌ به‌ره‌و رۆژ له‌ دوای رۆژ گۆڕانکاریی به‌سه‌ر فیکریاندا ده‌هێنا . ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌و‌ کاته‌ی نێو ریزه‌کانی پارتی به‌ڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ریی ئه‌و شۆڕشه‌ جیهانییه‌مان له‌سه‌ربوو که‌ خۆمان له‌نێو حزبدا به‌ نامۆ ده‌زانی ، تا ئاکام توانیمان بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌ونه‌کانمان له‌ کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لێنینیدا بهێنینه‌دی .
فاکته‌ره‌کانی بڵاوبوونه‌وه‌ی فیکرو رێبازی نوێ
کاک عارف له‌ زۆر شوێنی نووسینه‌که‌یدا ” به‌بڕوای من ” یان ” پێموایه‌ ” به‌کارده‌هێنێت که‌ده‌شیت بۆ ده‌ربڕینی رای شه‌خسی له‌ هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تی و دیاریکراودا به‌کاربهێنرێن ، به‌ڵام میتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ زۆر بواری زانسته‌کاندا به‌ زانسته‌ مرۆییه‌کانیشه‌وه‌ ، مه‌رجی ( بۆ ) یان هه‌یه‌و به‌بێ مه‌رج سه‌ره‌نجامه‌کان هه‌ڵه‌ ده‌رده‌چن و وه‌رناگیرێن . ده‌بێت تۆژیار له‌به‌ر تیشکی واقیع و زانیاری و لێکدانه‌وه‌ی لۆژیکی و راستییه‌ زانستییه‌کاندا سه‌باره‌ت به‌هه‌ر بابه‌تێک بڕیاری خۆی بدات و قه‌ناعه‌ته‌کانی بونیادبنێت . ئه‌و ده‌ڵێت :” به‌ بڕوای من فاکته‌ری سه‌ره‌کیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ماویزم له‌ کوردستانداده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاتنی گرووپه‌که‌ی سازمانی ئیقیلابی ” [به‌شی یه‌که‌م ]
شێوه‌ی ئه‌م بڕوایه‌ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، جگه‌ له‌وه‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ی پرنسیپه‌کانی تۆژینه‌وه‌ی ئه‌و زانستانه‌یه‌ ، چونکه‌ هۆکارێک وه‌رده‌گرێت به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌موو فاکته‌ره‌ جیاجیاکان ؛ حوکمێکی خودیانه‌ به‌ره‌نجامی ده‌بێت و ، له‌ڕووی میتۆدیشه‌وه‌ په‌یڕه‌وی میتافیزیک ده‌کات و لێکدانه‌وه‌ی دیالێکتیکی ده‌سڕێته‌وه‌ .
کاک عارف چه‌ند جارو له‌ سیی ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ بابه‌تی ( فاکته‌ری ناوه‌وه‌و فاکته‌ری ده‌ره‌وه‌ ) و ( ناکۆکی سه‌ره‌کی و ناکۆکی لاوه‌کی ) له‌ دیالێکتیکدا خوێندووه‌و ده‌بوایه‌ نه‌که‌وێته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌ که‌ فاکته‌رێکی ده‌ره‌کی بۆ گۆڕانکارییه‌کی فیکریی ریشه‌یی له‌ کوردستاندا به‌ بنچینه‌یی دابنێت ؛ هه‌روه‌ها نه‌ده‌بوو رۆڵی ناکۆکیی سه‌ره‌کیی ( سیاسی – رێکخراوه‌یی ) ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گه‌نجه‌کانی کوردستانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حزبیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورددا فه‌رامۆش بکردایه‌ .
له‌ کوردستاندا زه‌مینه‌ی سیاسی ته‌واو له‌باربوو تا کارلێکی کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر گۆڕانکاریی فیکریی لێبڕسکێ ، هه‌روه‌ک ئه‌م زه‌مینه‌ ناوخۆییه‌ فاکته‌ری کاریگه‌رێتی هۆکاره‌ ده‌ره‌کییه‌که‌ بوو که‌ بریتیبوو له‌ هاتنی هاوڕێیانی ( سازمان انقلابی حزب توده‌ ) بۆ کوردستان و مانه‌وه‌یان له‌نێوماندا بۆ ماوه‌ی یه‌ک دوو ساڵ ؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌و به‌و لۆژیکه‌ ، گۆڕانه‌ چه‌ندایه‌تییه‌کان که‌ڵه‌که‌ده‌بوون و چۆنایه‌تییه‌کی نوێی له‌نێو نه‌وه‌ گه‌نجه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌هێنایه‌کایه‌وه‌ که‌ بۆ ئێمه‌ی ” ده‌روێشانی ” سیاسه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ له‌و ساڵانه‌دا هه‌وێنی فیکرێکی نوێ بوون .
لێره‌دا نازانم کاک عارف به‌ڵگه‌ی چییه‌ که‌ فاکته‌ره‌کانی ( شه‌هیدبوونی گیڤارا ، شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریا له‌چین ، ناکۆکی سیاسیی سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ چین و ئه‌لبانیا وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی و به‌رچاوی ته‌ییاری دژه‌ ریڤیژنیزمی خرۆچۆڤی ، ناکۆکی مه‌کته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو باڵه‌که‌ی حزبی شیوعی عێراقدا . . . هتد ) ، ” هه‌مووی لاوه‌کین و به‌بڕوای ( ئه‌و ) هۆی سه‌ره‌کی نه‌بوون ” [ هاوڵاتی ، ژماره‌ ( 428 ، رۆژی 4 ی حوزه‌یرانی 2008 ، به‌شی دووه‌م ]
دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ دیالێکتیک و به‌بیری کاک عارفی ده‌هێنمه‌وه‌ که‌ فاکته‌ره‌کان ، ناکۆکییه‌کان هه‌میشه‌ له‌ جووڵاندان و به‌بارودۆخی ئابووری ، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌وه‌ گرێیانخواردووه‌ . هه‌میشه‌ له‌نێوانیانداو له‌ کات و شوێنێکی دیاریکراودا فاکته‌رێک سه‌ره‌کییه‌و ئه‌وانیدیکه‌ لاوه‌کین ، ناکۆکییه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ش دوو لایه‌ن له‌ خۆیدا کۆده‌کاته‌وه‌و له‌نێویاندا لایه‌نێکیان بنچینه‌یی و بڕیارده‌ره‌ .ئه‌م فاکته‌رانه‌ جێگۆڕکێ ده‌که‌ن و هه‌ر یه‌که‌یان رۆڵی خۆی له‌ کاتی خۆیدا ده‌بینێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌لیکدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌دا ریزمکردبوون و‌ زه‌مینه‌ی بۆ دامه‌زراندنی رێکخراوێکی مارکسی لێنینی خۆشکرد ، هه‌ر یه‌که‌یان که‌م و زۆر کاریگه‌رێتییان له‌سه‌رمان به‌مشێوه‌یه‌ هه‌بووه :
– رێبازی گیڤاریستی ، تیۆریی ناوه‌کیی شۆڕشگێڕانه‌ ( البؤرة الثورية ) ئه‌لف و بێی رووکردنه‌ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی چریکی‌ لێوه‌فێربووین . سه‌رکه‌وتنی گه‌لێکی بچووکی وه‌ک گه‌لی کوبا و چه‌ند چه‌کدارێک به‌سه‌ر دیکتاتۆرێکی وه‌ک پاتێستادا له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌وڵه‌تێکی ئیمپریالیستی وه‌ک ئه‌مریکادا ، ئیلهامی شۆڕشگێڕیی پێده‌به‌خشین . بانگه‌وازی گیڤارا بۆ پیاده‌کردنی چه‌ند ڤێتنامێک دژی ئه‌مریکا مانیفێستێک بوو بۆ هه‌موو گه‌نجه‌کانی جیهان به‌ ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌م گۆشه‌ له‌بیرکراوه‌ی ئه‌وسای جیهانه‌وه‌ که‌ ناوی کوردستانه‌ .
– کاریگه‌ریی شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریای ‌چین له‌سه‌ر جیهان ، به‌ تایبه‌تی جیهانی سۆسیالیستی و هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ جیهاندا ، ناتوانرێت نکوولی لێبکرێت . به‌شیک له‌ ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ ساڵی ( 1965 و 1966 ) وه‌ سۆراخی ئه‌و شۆڕشه‌و ره‌وتی چینییه‌کانمان ده‌کرد ، هه‌ر له‌ گوێگرتن له‌ به‌شی عه‌ره‌بی رادیۆی ( په‌کین ) ه‌وه‌ تا کڕین و موتابه‌عه‌ی گۆڤاری ( بناء الصین ) و ( الصین المصورة ) و بڵاوکراوه‌کانی ( ناوه‌ندی رۆشنبیریی چین ) له‌ به‌غدا به‌ر له‌وه‌ی هاوڕێیانی ( سازمان انقلابی ) له‌ناوماندا بن.
– خه‌باتی حزب و رێکخراوه‌ گیڤاریستی و ماوییه‌کان دژی ئیتیجاهی ریڤیژنیستی ( ئۆرۆشیوعی ) که‌ له‌ سێ کوچکه‌ی حزبه‌ شیوعییه‌کانی ( فه‌ڕه‌نسا ، ئیتالیا ، ئیسپانیا ) پێکهاتبوو ، دیسان کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر چه‌سپاندنی فیکری دژه‌ ریڤیژنیستی خرۆچۆڤی هه‌بوو . به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌لبانیاو حزبی کاری ئه‌لبانی فاکته‌رێکی دیکه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی مه‌یلی دژه‌ ریڤیژنیستی سۆڤیه‌ت و لادان به‌لای هێڵی چینییه‌کاندا بوو له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی جیهانیدا .
– ناکۆکی نێوان پارتی ( باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ) و حزبی شیوعی به‌ هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه‌ ، فاکته‌رێکی دیکه‌ بوو بۆ زێتر ره‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ره‌سمیی ئه‌و دوو حزبه‌ که‌ ئه‌و کاته‌ هه‌ردوولایان پابه‌ندی سیاسه‌ته‌کانی سۆڤیه‌ت بوون . ئه‌م فاکته‌ره ورده‌ ورده‌‌ بیرۆکه‌ی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆ له‌و دوو حزبه‌ی ده‌هێنایه‌ گۆڕێ به‌تایبه‌تی دوای توندبوونه‌وه‌ی ناکۆکییه‌ شاراوه‌کانی نێوان مه‌کته‌بی سیاسی و ئیتیجاهه‌ ماویستییه‌که‌ی نێو لق و ناوچه‌ی سلێمانی له‌ ساڵه‌کانی 1968 – 1970 دا .
ئه‌م فاکته‌رانه‌ ، هیچیان لاوه‌کی نه‌بوون . هه‌ر یه‌که‌یان له‌ ماوه‌یه‌کدا فاکته‌ری سه‌ره‌کی بووه‌ و ، له‌ ئه‌نجامی ئاوێته‌بوونی کاریگه‌رێتی و به‌ره‌نجامه‌کانی هه‌موویان ده‌سته‌یه‌ک له‌ نێو ریزه‌کانی پارتی ( م . س ) پێگه‌یشت که‌ رێکخستنێکی نوێ دابمه‌زرێنێ و هه‌نگاو هه‌نگاو خۆی له‌ حزبه‌ ته‌قلیدییه‌که‌ بپچڕێنێت .
ناکرێت بێ دۆکیۆمێنت مێژوو بنووسیته‌وه‌
کاک عارف ده‌رباره‌ی پشتبه‌ستن به‌ دۆکیۆمێنت بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان ده‌ڵێت : ” به‌ڵام ده‌رباره‌ی نووسین و دۆکیۆمێنت ، فوئاد ده‌زانێ کۆمه‌ڵه‌ له‌و کاته‌دا رێکخستنێکی زۆر نهێنی بوو ، خاوه‌نی ده‌ستوورێکی به‌رگ سوور بوو که‌ من دانه‌یه‌کیم لابوو له‌ سلێمانی ، دواتریش بڵاوکراوه‌یه‌کی هه‌بوو به‌ناوی ئاڵای شۆڕش . . . ململانێکانیش له‌سه‌ر ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ به‌شێک بوو له‌ چالاکییه‌کان . . .ئیتر نازانم فوئاد قه‌ره‌داخی مه‌به‌ستی چییه‌ له‌ دۆکیۆمێنت و نوسراو ” [ به‌شی دووه‌م ]
ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا له‌ نێوه‌نده‌ ئه‌کادیمییه‌کانی مێژوودا باوه‌و ، به‌گشتی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو جه‌ختی له‌سه‌رده‌کات ، ده‌ربازکردنی مێژووه‌ له‌ حیکایه‌تخوانی و گێڕانه‌وه‌ی شه‌فه‌وی و به‌بیرهاتنه‌وه‌ی شه‌خسی . ئه‌وه‌نده‌ی بلوێت و بکرێت مێژوونووسه‌کان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر شێوازی پشتبه‌ستن به‌ دۆکیۆمێنت وه‌ک شێوازێکی سه‌ره‌کی ؛ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ستنه‌که‌وت ، ئینجا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر دۆکیۆمێنتی شه‌فه‌وی و یاده‌وه‌ریی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌شداریی رووداوه‌ مێژووییه‌کانیان کردووه ،‌ دوای ئه‌وانیش ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌رده‌مه‌که‌دا ژیاون ، شاهیدی رووداوه‌کان بوون یان له‌هه‌مان سه‌رده‌مدا بیستوویانه‌ . واته‌ زنجیره‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ پاش و پێشی تێدایه‌ له‌ڕووی موتمانه‌و پله‌ی ئیعتیبارکردنی راستگۆیی له‌ گێڕانه‌وه‌دا . له‌م دۆکیۆمێنتانه‌دا که‌ پشت به‌یاده‌وه‌ریی که‌سه‌کان ده‌به‌سترێت توانای بیرهاتنه‌وه‌و کات و رۆژ و ساڵ و دوورونزیکی له‌ رووداوی سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی و شوێن و راده‌ی په‌یوه‌ندی که‌سه‌کان به‌ رووداوه‌کانه‌وه‌ حسابی بۆ ده‌کرێت ، هه‌روه‌ک رابردووی شه‌خسی و پرنسیپه‌ ئه‌خلاقییه‌کانی وه‌ک راستگۆیی ره‌چاوده‌کرێت .
دۆکیۆمێنته‌کان به‌هه‌ردوو شیوه‌که‌یه‌وه‌ چ نووسراوو چ ئه‌وانه‌ی ده‌ماوده‌م ، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ، وه‌رده‌گیرێن ، به‌ر ئه‌زموونی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو ده‌درێن ، هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ناوه‌کی و ده‌ره‌کییان بۆ ده‌کرێت تا ساخبکرێنه‌وه‌و راستییه‌کان تۆماربکرێن .
پاساودانی نه‌بوونی دۆکیۆمێنت خه‌وشێکی کاری رێکخراوه‌یی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌و هه‌موومان لێی به‌رپرسیارین . راسته‌ بارودۆخی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی به‌عس ، هۆیه‌کی راسته‌و بگره‌ هۆی سه‌ره‌کییه‌ ، به‌ڵام له‌ تۆژینه‌وه‌ ئه‌کادیمییه‌کاندا به‌ هۆکارێکی لاواز داده‌نرێت ، چونکه‌ تۆژیاران چه‌ند ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌میدا داده‌نێن ، گریمانه‌کانی بۆ ریزده‌که‌ن به‌وه‌ی که‌ بۆچی بیر له‌ پاراستنی دۆکیۆمێنته‌کان ، وه‌ک یه‌کێک له‌ کاره‌ نهێنییه‌کان ، نه‌کراوه‌ته‌وه‌ ، یان بیریان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت که‌ بۆ مه‌به‌ستێکی سیاسی شاردرابێتنه‌‌وه‌ یان له‌ناوبرابن ، یان سیاسه‌ت و ململانێیه‌کی نوێ هاتبێته‌کایه‌وه‌ پێویستی به‌وه‌ کردبێت دۆکیۆمێنتی دروستکراو بخرێته‌ جێگه‌ی دۆکیۆمێنته‌ ئه‌سڵییه‌کان و ئیستیغلالی بێئاگایی زۆربه‌ی خه‌ڵکیی له‌و باره‌یه‌وه‌ بکرێت و … هتد .
ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ی باسمانکرد ده‌بێته‌ مایه‌ی جیاوازی له‌ گێرانه‌وه‌داو ، هه‌ڵبه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی یان رێکخراوه‌یی ( ماددی و مه‌عنه‌وی ) ده‌خاله‌ت ده‌کات و رۆڵی خۆی له‌م بواره‌دا ده‌گێڕێت . به‌ڵام به‌هۆی پێشکه‌وتنی شیوازه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی ده‌قه‌کان و رووداوه‌کان ، ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ ده‌ستی تۆژیارانی مێژوو ده‌رناچێت . شێوازی ساخکردنه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌ی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی دۆکیۆمێنته‌کان و په‌نابردنه‌ به‌ر شێوازی به‌راوردکاری ، راستییه‌کان یه‌کلاییده‌کاته‌وه‌ . بۆ نموونه‌ کاک عارف دێت و ده‌ڵێت کۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ هه‌ر ناوی ( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان ) بوو ، داش عێراقی له‌سه‌ر نه‌بوو وه‌ک فوئاد له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا ” ئیددیعاده‌کات ” . دیاره‌ ده‌توانرێت بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئیددیعایه‌ میتۆدی مێژوویی په‌یڕه‌وبکرێت ، به‌پێی ئه‌م میتۆده‌ چه‌ند گریمانێک ( فرضیات ) دابنرێت وه‌ک :
أ – فوئاد هه‌ر له‌سه‌ر باوه‌ڕی ” عێراقچێتی ” ماوه‌و ، له‌وه‌دا راست ناکات که‌ ( داش عێراق ) به‌ پاشکۆی ناوی کۆمه‌ڵه‌وه‌ بووبێت .
ب – فوئاد به‌ حوکمی ته‌مه‌ن و به‌سه‌رچوونی ئه‌و مێژووه‌ که‌ بۆ نزیکه‌ی چل ساڵ ده‌چێت مێشکی لاوازبووه‌و کۆنترۆڵی یاده‌کانی له‌ده‌ستداوه‌ .
ج – دوای ناکۆکی نێو کۆمه‌ڵه‌و ده‌رچوونی ” عێراقچی ” یه‌کان و مانه‌وه‌ی ” کوردستانی ” یه‌کان ، ده‌ستکاریکراوه‌و ( داش عێراق ) ه‌که‌ی لێکراوه‌ته‌وه‌و جارێکی دیکه‌ چاپکراوه‌ته‌وه‌ .
د – فوئاد سه‌باره‌ت به‌وه‌ راستده‌کات که‌ په‌یڕه‌وه‌که‌ خۆی نووسیویه‌تی و به‌و هۆیه‌وه‌ که‌سێک له‌و له‌پێشتر نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌م باره‌یه‌وه‌ وه‌ک دۆکیۆمێنت لێوه‌ربگیرێت .

له‌ نێو ئه‌م خاڵانه‌دا ( ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ بهێنێ و کارگه‌رێتییه‌کی چاره‌نووسسازی هه‌بێت ) ، ده‌کرێت خاڵی ( ب ) له‌ڕێی ئه‌زموونی تایبه‌تی نێو تاقیگاکانی سایکۆلۆژیی فیسیۆلۆژییه‌وه‌ ، یان له‌ڕێی کلینیکه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی ده‌روونییه‌وه‌ ساخبکرێته‌وه ،‌ ئه‌وسا ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌رێیانه‌ بوو ، ئه‌وا ئه‌م خاڵه‌ وه‌رناگیرێت و ده‌بێت خاڵێکی دیکه‌ بهێنرێته‌ پێشه‌وه‌ ، بۆ نموونه‌ : شێوازی داڕشتنی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وه‌که‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری ساخکردنه‌وه‌ی ده‌ق و دۆکیۆمێنته‌کان به‌ نووسینه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فوئاد به‌راورد ده‌کرێت و ، به‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌که‌ ده‌که‌وێته‌ڕوو و ئه‌وه‌ یه‌کلاییده‌بێته‌وه‌ که‌ ( داش عێراق ) به‌ناوه‌که‌وه‌ بووه‌ له‌یه‌که‌م چاپدا ، وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت ، یان پێوه‌ینه‌بووه‌ ، وه‌ک ئه‌وه‌ی دواتر خراوه‌ته‌ به‌ر ده‌می ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ .‌
هه‌ر ئه‌م شیکاره‌ بۆ دۆکیۆمێنته‌که ( به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆ )‌ یان ئه‌نجامه‌که‌ی ( ئه‌رێیانه‌ بێت یان نه‌رێیانه‌ ) ده‌شێت به‌کاربهێنرێت بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی فه‌ره‌یدون له‌ رۆژنامه‌ی ( میدیا ) دا کە‌ ده‌ڵێت : ” من و خاڵه‌ شه‌هاب و فازیلی مه‌لا مه‌حمود کۆمه‌ڵه‌مان دروستکرد ” ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌توانرێت له‌ لۆژیکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی رێکخراوه‌یی پێکهێنانی کۆمه‌ڵێک رێکخراوی جیاجیا بکۆڵرێته‌وه‌ تا بزانرێت : ئایا راسته‌ به‌ سێ که‌س ئه‌م رێکخراوه‌ دروستکراوه‌ ؟! هه‌روه‌ها ده‌توانرێت زانیاری له‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وه‌ربگیرێت ، هه‌رکه‌سه‌ په‌یوه‌ندی به‌کێوه‌ کردووه‌ ؟ کێی رێکخستووه‌ ؟ له رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دا به‌رپرسی کێ و کێ بووه‌و کێش به‌رپرسی ئه‌و بووه‌؟ خۆ ئه‌گه‌ر تۆژیارێک بیه‌وێت تۆژینه‌وه‌که‌ی تۆکمه‌تر بێت ، ئه‌وا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ هه‌ر دۆکیۆمێنتێکی نووسراو یان کۆڕێک که‌ فه‌ره‌یدون‌ له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ تێیاندا ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه‌ دوابێت وه‌ک ئه‌و کۆڕه‌ی ده‌ بۆ دوازده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنی سلێمانیی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان به‌ستی و به‌ ده‌یان کادیرو ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئاماده‌یبوون و تیادا ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی فوئاد قه‌ره‌داغی کرد له‌ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا و دو‌اتریش هه‌ر له‌وسه‌روبه‌نده‌دا له‌ رۆژنامه‌ی ( کوردستانی نوێ ) دا بڵاوکرایه‌وه‌ ؛ یان تۆژیار ده‌توانێت زێتر به‌ دوایدا بچێت و له‌و ئیددیعایه‌ی قه‌ره‌داغی بکۆڵێته‌وه‌ که‌ ( گوایا ) چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر فه‌ره‌یدون ویستوویه‌تی شتێک ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه‌ بنووسێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش میواندارییه‌کی فوئادی کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک زانیاری ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ لێوه‌رگرێت یان به‌بیریبهێنێته‌وه‌ . . . هتد . ‌
ئه‌وه‌ی له‌ جیهانی سیاسه‌ت و حزبایه‌تیدا باوه‌ ، دامه‌زراندنی ره‌سمیی رێکخستنێک له‌و‌ دانیشتنه‌ ره‌سمییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ بڕیاری ده‌ستبه‌کاربوون ده‌درێت و به‌رنامه‌و پێره‌وی رێکخستنه‌که‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و کۆمیته‌یه‌کی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێردرێت و کار له‌نێوانیاندا دابه‌شده‌کرێ ، جا ئه‌و دانیشتنه‌ کۆنفرانسێک یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی بێت ، یان له‌به‌ر بارودۆخێکی تایبه‌تی ، دانیشتنی ده‌سته‌یه‌ک بێت له‌وانه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری بۆ دامه‌زراندنی رێکخراوه‌که‌ ده‌که‌ن . دیاره‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش ره‌تناکرێته‌وه‌ ، به‌ڵکو پڕۆسه‌که‌ هه‌رده‌بێت وه‌ها بچێته‌ پێشه‌وه ،‌ که به‌ر له‌ بڕیاری رێکخستن ، گرووپ گرووپ ، دوو دوو ، سێ سێ ، ئه‌م کوتله‌و ئه‌و‌ کوتله سه‌ریان به‌یه‌که‌وه‌ نابێت و یه‌کێکیان پێشترو ئه‌ویدییان دواتر جووڵابێت ؛ به‌ڵام کاتێک ئاماده‌کارییه‌کان به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌ن و کاری تیۆری ده‌چێته‌ قۆناغی پراکتیکه‌وه‌ ، ئه‌و کاته‌ رۆژی دامه‌زراندن و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو به‌رپرسیارێتی ره‌سمی ده‌چه‌سپێ و شێوه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت .
پرنسیپی شیکردنه‌وه‌ی دیاریکراو بۆ بارودۆخی دیاریکراو
له‌ ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌دا عارف کەریم ده‌ڵێت : ” فوئاد قه‌ره‌داخی حه‌زی به‌ دامه‌زراندنی به‌دیلێک کردووه‌ وه‌کو کۆمه‌ڵه‌ به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ باڵی ( م . س ) بپچڕێنێ … له‌گه‌ڵ رێزمدا چۆنچۆنی فوئاد قه‌ره‌داخی که‌ خۆی به‌ چه‌پ و مارکسی ده‌زانێ ، خۆی له‌ دوو حزبدا ، یه‌کێکیان بۆرژوازی و ئه‌وی تریان مارکسی کۆده‌کاته‌وه‌ . ” [به‌شی دووه‌م ]
سه‌رده‌مێک من و عارف که‌ خۆمان به‌ مارکسی ده‌زانی بڕوامان به‌وه‌ هه‌بوو که‌ سیاسه‌ت هونه‌ری مومکیناته‌و ، پرنسیپێکی لێنینی بۆ کاری سیاسی هه‌بوو ده‌قه‌که‌یمان له‌به‌ربوو‌ که‌ ده‌ڵێت : ” شیکردنه‌وه‌ی دیاریکراو بۆ بارودۆخی دیاریکراو ” ‌ . دیاره‌ کارکردن بۆ پێکهێنانی رێکخراوێک یان حزبێکی نوێ بۆ که‌سێک که‌ په‌یوه‌ندیی رێکخراوه‌یی نه‌بێت ئاسانتره‌و زۆر جیاواز ده‌بێت له‌گه‌ڵ کارکردنی که‌سێک که‌ به‌رپرسیارێتی له‌ حزبێکدا هه‌بێت ، به‌ڵام باوه‌ڕی پێنه‌مابێت و هه‌وڵبدات به‌شێوه‌یه‌ک لێی داببڕی که‌ زیان به‌ هاوبیرو هاوڕێکانی له‌و حزبه‌دا نه‌گه‌یه‌نێت ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ ئه‌وپه‌ڕی نهێنی بخوازێت . ئه‌مه‌ ئه‌و واقیعه‌یه‌ که‌ به‌ره‌وڕووی هه‌موو ئه‌ندامه‌ چه‌پ و ماوییه‌کانی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بووبووه‌وه‌ و ناچار بوون بۆ ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵیدا بڕۆن . خۆ ئه‌گه‌ر عارف میتافیزیکیانه‌ بۆ مه‌سه‌له‌که‌ی نه‌ڕوانیایه‌و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی له‌ جووڵاندندا ببینیایه‌ ئه‌و گله‌ییه‌ی نه‌ده‌کرد چونکه‌ سه‌ره‌نجام هه‌موو هاوڕێیانمان له‌ کۆمه‌ڵه‌دا ، به‌ عارف خۆشیه‌وه‌ ، له‌ پارتی پچڕان و به‌ خه‌باتی کۆمه‌ڵه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوون ؛ دواتریش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ کاتییه‌ به‌په‌سه‌ند زانرا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ کوردستان و کارکردن له‌ ریزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، ئه‌گه‌رچی به‌ش به‌ حاڵی خۆم ئه‌و کاره‌ دووسه‌ره‌ییه‌ ئازاری ویژدانی ده‌دام و وه‌ک بڕیارێکی رێکخستن و به‌مه‌به‌ستی ئاوه‌ڵابوونی ئاووهه‌وای کار له‌به‌رده‌می هاوڕێیانماندا قبووڵمکردو پاشان هه‌ر ئه‌و مانگه‌ی ئیلتیزامم به‌ کۆمه‌ڵه‌وه‌ نه‌ما له‌ پارتیش وازمهێنا . کاک عارف له‌وه‌ش ئاگاداره‌ که‌ ئه‌م شێوازه‌ دووسه‌ره‌ییه‌ پێشینه‌ی له‌ چین و له‌ کوردستانیشدا هه‌بوو . له‌ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حزبی کۆمۆنیستی چین له‌ بیسته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا به‌پێی رێنماییه‌کانی ستالین و کۆمێنترن حزبی کۆمۆنیستی چین چووه‌ نێو حزبی کۆمینتانگه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌توانین پرسیاره‌که‌ی عارف له‌ ستالین و کۆمێنترن و ماوتسیتۆنگ و سه‌رکرده‌کانی ئه‌و کاته‌ی حزبی کۆمۆنیستی چین بکه‌ین و بلێێن : ئایا ده‌شێت حزبێکی شیوعی بچێته‌ نێو حزبێکی بۆرژوازییه‌وه‌ ؟ دیاره‌ هه‌رگیز نابێت به‌ڵام بارودۆخی دیاریکراوو تایبه‌ت له‌ سیاسه‌تدا به‌پێی سه‌رده‌م و کات و شوێنی خۆی حوکمێکی دیکه‌ ده‌دات . له‌ کوردستانیشدا ساڵی 1965 و تا دوای ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌ هه‌ڵاتنی چه‌ند ئه‌ندامێکی پارتی ( م . س ) له‌ ( دۆڵه‌ڕه‌قه‌ ) وه‌ بۆ به‌غدا ، له‌ زۆر ناوچه‌ی کوردستاندا که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی ( باڵی بارزانی ) دا بوو ، لیژنه‌کانی ناوچه‌و رێکخستنه‌کانی پارتی دووسه‌ره‌ بوون ، واته‌ بۆ هه‌ردوو باڵی پارتی کاریان ده‌کرد . ( ئایا ده‌بێت و ده‌شێت یه‌ک لیژنه‌ له‌ هه‌مان کاتدا یه‌ک کاری رێکخستن و سیاسی بۆ دوو حزبی نه‌یار به‌یه‌کتری بکات ؟! ) وه‌ڵامی لۆژیکی ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌خێر ناشێت و ئه‌مه‌ ناشیرینترین شێوه‌ی کاری سیاسی و حیزبییه‌ ، به‌ڵام له‌ ململانێی حزبیی ئه‌و کاته‌دا کراوه .
هه‌ڵبه‌ت به‌ هێنانه‌وه‌و بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو نموونه‌یه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ پاساو‌بهێنمه‌وه‌ ، چونکه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ به‌ کارێکی ناڕه‌واو نامه‌بده‌ئی ده‌زانم ؛ بۆ ئاگاداری عارف و ئه‌و به‌ڕیزانه‌ش که‌ وتاره‌که‌ی ئه‌ویان خوێندۆته‌وه‌ ، ساڵی 1966 به‌ مامۆستایی چووم بۆ قه‌ڵادزێ . ئه‌ندامێکی ئه‌و کاته‌ی لقی سلێمانی پارتی ( م . س ) داوایلێکردم له‌وێ په‌یوه‌ندیم به‌ لیژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌ڵادزێوه‌ هه‌بێت ، که‌ زانیم لیژنه‌یه‌کی دووسه‌ره‌یه‌ داواکه‌یمره‌تکرده‌وه‌و ، دوایی له‌ قه‌ڵادزێ لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی نهێنیم پێکهێنا بۆ کاری حزبی و کاری یه‌کێتیی مامۆستایانیش . ئه‌وه‌ی له‌بیرم مابێ شه‌هید جه‌زا عه‌بدولقادر ره‌شید و مامۆستا محه‌مه‌د سابیر ناسراو به‌ حه‌مه‌ی عه‌تێ و مامۆستا ره‌سول ده‌روێش ئه‌ندامی لیژنه‌که‌ بوون ، دواتر که‌ هێزه‌کانی حزب به‌ فه‌رمانده‌یی ره‌ئیس حه‌مه‌ ئه‌مین مه‌لا فه‌ره‌ج گه‌یشتنه‌ قه‌ڵادزێ و ، لیژنه‌ی ناوچه‌ که‌ ئه‌و کاته‌ میرزا باپیری میرزا سه‌عید لێپرسراوی بوو ، خۆیان ئاشکراکرد ، پێیانه‌وه‌ په‌یوه‌ستبووین .
عارف دواتر دێت لایه‌نه‌ ئیجابییه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ریزده‌کات و ده‌ڵێت : ” من به‌ش به‌ حاڵی خۆم هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی ناوبراوم به‌ چاکده‌زانی … ” [ به‌شی دووه‌م ]
من نازانم کاتی تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی ئه‌و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ بووه‌ یان نه‌ ؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ره‌سمی کۆمه‌ڵه‌ بوو که‌ کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان ( پارتی – م . س ) بکه‌ین . ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تیدا جه‌ختمان له‌سه‌رکرده‌وه‌ ، ته‌بلیغاتمان بۆ کردو چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ که‌ له‌ کۆنگره‌دا بوون و به‌نده‌ یه‌کێکیان بوو ، قسه‌یان له‌سه‌رکردو ده‌ستیان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رزکرده‌وه . ئیتر نازانم عارف له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌مه‌ی هه‌ڵهێنجاوه‌ که‌ رووی ده‌میم تێده‌کات و ده‌ڵێت : ” ئایا ئه‌مه‌ پابه‌ندبوون ناگه‌یه‌نێت به‌ پارتی شۆڕشگێڕی کوردستانه‌وه‌؟!! ” [ به‌شی دووه‌م ]
عارف ئه‌م پرسیاره‌ی له‌ په‌ره‌گرافێکی دواتردا نووسیوه‌ ، ره‌نگه‌ له‌ چاپکردندا تێکه‌ڵ بووبێت له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌یدا که‌لێیگرتووم و ‌له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی په‌ره‌گرافه‌که‌دا ده‌گونجێ ، به‌ڵام ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی په‌ره‌گرافی پێشوودا گونجاوه‌ .[به‌شی دووه‌م ]
رێکخستنی نوێ و پێویستیی ره‌خنه‌گرتن له‌ رابردوو
عارف کەریم له‌ ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌دا که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ کرد ده‌ڵێت : ” جگه‌ له‌وه‌ کاتی خۆی له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا یه‌کێک له‌ ره‌خنه‌کانی لای من ئه‌وه‌بوو که‌ گوایا مام جه‌لال ئاماده‌ نییه‌ ره‌خنه‌ له‌ رابردووی خۆی بگرێت ! ئایا ئه‌مه‌ی فوئاد ده‌یڵێت لێدان نییه‌ له‌ ته‌لی عاتیفه‌ ؟ ” [ به‌شی دووه‌م ]
له‌ڕاستیدا نازانم ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م لای عارف گرتووه‌ یان نه‌ ؟ که‌ی گرتوومه‌و ساڵی چه‌ند ؟ به‌ڵام دڵنیام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی وه‌ها هاتبێته‌ پێشه‌وه‌ دوای ده‌ستکێشانه‌وه‌م له‌کۆمه‌ڵه‌ بووه‌ ، چونکه‌ ئه‌وه‌ نه‌گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌مبوو ، له‌سه‌رێکی دیکه‌وه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی پرنسیپێکی رێکخستنه‌ که‌ ره‌خنه‌ له‌ نێو رێکخستندا ده‌گیرێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێکخستندا باس ناکرێت ، ئه‌وه‌ پرنسیپێکه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی کاریان له‌گه‌ڵ کردووم چ له‌ کۆمه‌ڵه‌دا و چ له‌ پارتیدا ده‌زانن چۆن مه‌بده‌ئیانه‌ پابه‌ندی بووم ، پاشان من له‌ سه‌ره‌تای پێکهێنانی کۆمه‌ڵه‌دا تا دوای ده‌رچوونم و له‌و چه‌ند جاره‌ی چاوم به‌ عارف که‌وتووه‌ هیچ باسێکی کۆمه‌ڵه‌ له‌ نێوانماندا نه‌بووه‌ چونکه‌ عارف ئه‌و کاته‌ هێشتا ” به‌دیل ” ێکی نوێی پێنه‌بوو . دواییش که‌ ململانێی ” عێراقی ” و ” کوردستانی ” هاته‌ کایه‌وه‌ ره‌خنه‌گرتنمان له‌ یه‌کتری زۆر ئاسایی بوو . ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌موومان یه‌کتری و خه‌ڵکیمان زۆر ده‌بینی . مشتومڕی سیاسی چ به‌ توندی یان به‌ میانڕه‌وی له‌ نێوانماندا روویده‌دا ، ده‌شێت قسه‌ی رێک و هێمن و ژیرانه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کتر کردبێت و ده‌شێت قسه‌ی ره‌ق و نه‌کڵۆک و به‌رزو نزم و هه‌ڵه‌شمان کردبێت ، ره‌نگه‌ پاشمله‌ش له‌یه‌کتریمان خوێندبێ و په‌ندی کوردی له‌ مێژه‌ ده‌ڵێت کورد له‌ پاشمله‌ سه‌ری شا ده‌بڕێت ! به‌ڵام بیروڕاو ناکۆکی و بۆچوون و تێکڕای قسه‌ ئیجابی و سه‌لبییه‌کانمان له‌سه‌ر یه‌کتری نه‌ده‌کرد به‌ ماڵ وه‌ک ئه‌وه‌ی عارف دوای نزیکه‌ی چل ساڵ له‌بیری ماوه‌و به‌ڕوومیدا ده‌داته‌وه‌ . ئه‌و سه‌رده‌مه‌و تائێستاش له‌نێوان خه‌ڵکی به‌ پرنسیپدا ، پرنسیپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه‌و هه‌یه‌‌ که‌ عه‌ره‌به‌کان پێی ده‌ڵێن : ” المجالس أمانات ” . ئه‌گه‌ر تێکۆشه‌رانی سیاسی به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ی یه‌کتری هه‌ڵبگرن و ئه‌مه‌ بکه‌نه‌ شێوازی کارکردن و په‌یوه‌ندییان ، ئه‌وا هه‌ر یه‌که‌ ده‌توانێت له‌ توێی یاده‌کانیدا سه‌دان قسه‌ له‌وانه‌ تۆمار بکات که‌ به‌ درێژایی ژیانیان خاڵی گرژی و ناکۆکی بن و نه‌توانن له‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌گه‌ڵ هاوڕێ کۆن و نوێیه‌کانیاندا یه‌کبگرن .
به‌هه‌ر حاڵ من گریمان ( فرضية ) ی ئه‌وه‌ داده‌نێم که‌ ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م گرتووه ، ره‌خنه‌ش هێڵی سووری بۆ نییه‌و له‌ هه‌موو که‌س ده‌گیرێت .
سه‌باره‌ت به‌ ره‌خنه‌له‌خۆگرتن ، لای ئێمه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ ، بایه‌خێکی گرنگی هه‌بوو ، بۆیه‌ چه‌ند جار دانیشتنی ره‌خنه‌و ره‌خنه‌له‌خۆگرتن له‌نێوان هه‌ندێ له‌ هاوڕێیاندا ده‌کرا تیادا هه‌ر یه‌که‌ ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاره‌ بۆرژوازییه‌کانی خۆی ده‌گرت یان هاوڕێکه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرت . من بۆخۆم چه‌ند جار وه‌ک شێوازێک بۆ خۆپاککردنه‌وه‌ له‌ ئه‌خلاقی بۆرژوازییانه‌ ، ره‌خنه‌کانم له‌سه‌ر خۆم ده‌نووسییه‌وه‌و ناو به‌ ناو پێداده‌چوومه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ره‌فتاری رۆژانه‌مدا به‌راوردم ده‌کرد . ئه‌م شێوازه‌ له‌ خۆبیناکردنه‌وه ، ئه‌گه‌رچی کارێکی زۆر رۆمانسییانه‌ بوو به‌ڵام به‌ڵگه‌ی گیانێکی نوێی کاری سیاسی بوو . ئێمه‌ به‌ گیانێکی شۆڕشگێڕانه‌و به‌ هیوایه‌کی گه‌شه‌وه‌ ده‌مانویست گه‌شه‌بکه‌ین و که‌موکووڕییه‌کانمان نه‌هێڵین ، به‌ڵام به‌ره‌وڕووی واقیع بووینه‌وه‌و ، پێداگرتنمان له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن گه‌یشته‌ راده‌ی ره‌خنه‌گرتن له‌ کاری زۆرشه‌خسی که‌ ساردی و زویربوونی تێده‌که‌وت و ده‌رکه‌وت زێده‌ڕۆییمان تێدا کردووه‌و ئه‌وه‌مان ره‌چاونه‌کردووه‌ که‌ هێشتا زووه‌ بۆ په‌یڕه‌ویکردنی ئه‌م شیوازه‌و‌ هێشتا ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ پێمان له‌ شوێنی راوه‌ستانی حزبێکی بۆرژوازی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ترازاوه‌ .
کاتێک حزبێک یان رێکخراوێکی نوێ داده‌مه‌زرێ ، به‌رنامه‌ی نوێ و ئامانجی نوێ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی و ، ده‌بێت ئه‌ندامه‌کانی بۆ خه‌باتکردن له‌پێناوی به‌دیهێنانی به‌رنامه‌و ئامانجه‌ نوێیه‌کاندا په‌روه‌رده‌ بکات . مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌کردنێکی نوێی ئه‌ندامان گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه‌ . ئه‌م گرنگییه‌ بۆ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌و کاته‌ چه‌ند جاره‌ گرنگ بوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ خۆی به‌ رێکخراوێکی کۆمۆنیستی پێناسه‌کردبوو ، به‌ڵام ئه‌ندامه‌کانی له‌ حزبێکی بۆرژوازی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هاتبوون که‌ له‌سه‌رێکه‌وه‌ هه‌موو داب و نه‌رێت و خوو و ره‌فتاره‌کانی بۆرژوازییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو ، له‌سه‌رێکی تره‌وه‌ ئه‌و حزبه‌ی لێوه‌یهاتبوون رابردووی شه‌ڕێکی ناوخۆی شه‌ش ساڵه‌ی هه‌بوو ، تانه‌ی هاوکاریی ده‌سه‌ڵاتێکی شۆڤێنیستی و فاشستیی به‌عسیشی به‌دواوه‌بوو ، بۆیه‌ له‌م باری سه‌رنجه‌وه‌ ره‌خنه‌له‌خۆگرتن بۆ هه‌موومان ، له‌سه‌ره‌وه‌ تا خواره‌وه‌ زه‌رووره‌ت بوو ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ هه‌ڵمه‌تێکی له‌و جۆره‌ بکرایه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ی مارکسییانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رابردووه‌ بنووسرایه‌و جله‌ چڵکنه‌کانی رابردوومان له‌به‌رده‌می خۆمان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان و مێژوودا هه‌ڵبخستایه‌ ، ململانێکان خاوده‌بوونه‌وه‌ ، یان لانی که‌م به‌ ئاڕاسته‌یه‌کدا ده‌ڕۆیشتن که‌ یه‌کگرتوویی رێکخستن بهێڵنه‌وه‌و ، جیاوازی لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و رێکخراوه‌ییش راست و چه‌پی به‌سه‌ردا نه‌ده‌هات و نه‌ده‌کرایه‌ ده‌ره‌وه‌و ، ئێستا ” ره‌نگه‌ ” ئه‌زموونی وه‌رچه‌رخانی حزبێکی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی به‌ حزبێکی مارکسی لێنینی له‌به‌رده‌ستماندا بووایه‌ !!
عێراقچی و کوردستانی … کێشه‌یه‌کی کۆنی هه‌میشه‌ نوێ
عارف کەریم خاڵێکی دیکه‌ی هه‌ستیار ده‌وروژێنێ ئه‌ویش ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینییه‌و ده‌ڵێت : ” خاڵێکی تر که‌ قه‌ره‌داخی ده‌یوروژێنێ ، ناسنامه‌ی رێکخراوه‌که‌و سنووری کارکردنی بوو . ئایا رێکخستنه‌که‌ ناسنامه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی ده‌بێت یان ناسنامه‌ی ئینته‌رناسیۆنالیستی ؟ ئایا ستراتیژی رێکخراوه‌که‌ کارکردن ده‌بێت بۆ دروستکردنی حزبێکی عێراقی یاخود کوردستانی ، رزگاری هه‌موو کوردستانه‌ یان کوردستان له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا ؟ “[ به‌شی دووه‌م]
کێشه‌ی رێکخستنی حزبێکی شیوعی ( کۆمۆنیستی ) له‌ وڵاته‌ فره‌نه‌ته‌وه‌کاندا زۆر کۆنه‌ . ململانێ له‌سه‌ر شێوه‌ی رێکخستنی کۆمۆنیسته‌کان به‌هۆی جیاوازی زمان و نه‌ته‌وه‌وه‌ ، مێژوویه‌کی له‌ بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی جیهانیدا هه‌یه‌و ، ئه‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵه‌شدا روویدا دیارده‌یه‌کی نوێ نه‌بوو به‌ڵکو جۆرێک له‌ تێگه‌یشتنی جیاوازو بیروڕای جیاواز بوو که‌ ئاساییه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی هه‌ر حزب یان رێکخراوێکی کۆمۆنیستی له‌ وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا رووبدات . جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌ده‌بیاتێکی سیاسی زۆری له‌سه‌ر نووسراوه‌و ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌دوایدا بگه‌ڕێت په‌کی ناکه‌وێت ، من زۆر به‌ کورتی به‌سه‌ریدا راده‌بوورم .
عارف به‌ حه‌ماسه‌تێکی کوردستانیانه‌ی نزیک به‌ چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ ، شه‌هید ئارام گوته‌نی وه‌ک ” کۆمه‌ڵه‌ی عه‌هدی بائید ” له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌دوێت، له‌ کاتێکدا من له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا ، وه‌کو خۆی سروشتی ململانێکه‌م به‌یانکردووه‌ ، به‌ڵام ئه‌و به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی بۆ سه‌نگه‌ری فیکرو خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گواستویه‌ته‌وه‌ ، له‌ کێشه‌ کۆنه‌که‌دا بێلایه‌ن نییه‌ . فیکری ئینته‌رناسیۆنالیستی له‌ بواری رێکخستنی حزبێکی شیوعیدا له‌ وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌ به‌ ” عێراقچی ” ناوده‌بات ، لانی که‌م ته‌نها یای نه‌سه‌ب به‌کارناهێنێ و بڵێ ” عێراقی ” وه‌کو چۆن ده‌ڵێت ” کوردستانی ” که‌ لۆژیکی نووسین وا ده‌خوازێت بڵێت ” عێراقچی ، کوردستانچی ” یان بڵێت ” عێراقی ، کوردستانی ” .
عارف کەریم رۆشنبیرێکه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌و نووسین دانه‌بڕاوه‌ ، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌ستلێنه‌دایه‌ چونکه‌ له‌لایه‌ک ئێمه‌ که‌سمان سه‌رقاڵی ئه‌و بابه‌ته‌ نین و له‌ مێژه‌ کۆمه‌ڵه‌ییه‌کانی سه‌ره‌تا ( ئه‌وانه‌ی له‌ ژیاندا ماون ) به‌لای راستدا وه‌رچه‌رخاون و پشتیان له‌ مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوه‌ڕی ماوتسیتۆنگ کردووه‌و ئیتر بۆ ئه‌مڕۆ هیچ کێشه‌یه‌کی نه‌خولقاندووه‌ ؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ چه‌مکه‌کانی ” عێراقچی ” و ” کوردستانی ” جێگۆڕکێیانکردووه‌ ، یان باشتر بڵێین جێی خۆیان گۆڕیوه‌و ده‌گۆڕن به‌وه‌ی جاران نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ کۆمۆنیسته‌ کورده‌کانیان ده‌گوت ” عێراقچی ” که‌چی ئیمڕۆ خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی به‌ که‌سانێک ده‌ڵێن ” عێراقچی ” که‌ به‌شداریبکه‌ن له‌ بیناکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌ره‌سهاتووی عێراق و سه‌ری سه‌لماندن بۆ ده‌ستووره‌ هه‌میشه‌ییه‌که‌ی عێراق بله‌قێنن و کاتی خۆی ده‌نگیان بۆ دابێ . هه‌روه‌ها ” کۆمۆنیسته‌ ” کوردستانییه‌کانی جاران بۆ پێکهێنانی حزبێکی شیوعی مارکسی لێنینی خه‌باتیان ده‌کرد ، که‌چی کوردستانییه‌کانی سه‌رده‌م له‌ پێناوی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی باشووری کوردستاندا خه‌بات ده‌که‌ن و داواکاری به‌رپاکردنی ریفراندۆمێکی ئازادن که‌ تیادا گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد له‌ باشووری کوردستاندا ، ئازادانه‌ ، خۆی بڕیاری چاره‌نووسی سیاسی خۆی بدات .
زمانی زبر بۆ نووسینی فیکری و سیاسی ناشێت
له‌ سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌می وتاره‌که‌یدا ، عارف ده‌ڵێت : ” مێژوو نووسینه‌وه . . .‌ ده‌بێت راستگۆیی له‌گه‌ڵدا بێت . . . به‌ ئه‌مانه‌ت و ویژدانه‌وه‌ باسیان لێوه‌ بکه‌یت . . . ته‌واو بێلایه‌ن بیت . . . خۆت دوور راگریت له‌ ئیجتیهاداتی شه‌خسی . . . ” پاشان ده‌ڵێت : ” پێموایه‌ نووسه‌رو ره‌و‌شه‌نبیرو ، توێژه‌رو لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان ده‌توانن ژیرانه‌ خه‌تی سوور تێپه‌ڕێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی زوبانی زبر به‌کاربهێنن و که‌رامه‌تی ئه‌وانیتر بڕووشێنن ” . یان ده‌ڵێت : ” دیسان نایشمه‌وێ له‌ نووسین و لێکدانه‌وه‌کانمدا که‌سێک بریندار بکه‌م ” [ به‌شی یه‌که‌م ]
عارف راسته‌و‌ڕاست به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پرنسیپه‌ چاکانه‌ی ئاماژه‌ی پێداون ، سه‌رانسه‌ری نووسینه‌که‌ی به‌ زمانێکی زۆر زبر نووسیوه‌ . نه‌یتوانیوه‌ ته‌واو بێلایه‌ن بێت . له‌ هه‌ندێ زانیاریدا که‌ له‌ دوو شوێندا دووباره‌ بوونه‌ته‌وه‌ ناکۆکی هه‌یه‌ ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ به‌شی یه‌که‌مدا ده‌ڵێت :” فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ کرد بۆ چوونه‌ ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ ” و دواتر له‌ به‌شی سێیه‌مدا ده‌ڵێت : ” یه‌که‌م دوو که‌س که‌ ناسیمن و چاوم پێیانکه‌وت ، کاک ئاوات زه‌کی عه‌بدولغه‌فورو شه‌هاب شێخ نوری بوو له‌ شاری سلێمانی . له‌گه‌ڵ شه‌هید شه‌هاب باسی پێداویستییه‌کانی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی وه‌هاو سروشتی قۆناخه‌که‌و بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی سیاسی ئه‌وساو داهاتوومان کرد ” . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئیجتیهادی شه‌خسی زۆری تێدایه‌ ، ته‌نانه‌ت هه‌ستده‌که‌م سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ( به‌تایبه‌تی له‌ شام ) له‌ژێر کاریگه‌رێتی جۆرێک له موعانات و‌ وه‌همدابووبێت. هه‌ڵبه‌ت شه‌رم و موجامه‌له‌شی نه‌کردووه‌و هه‌رکه‌سێکی به‌دڵ نه‌بووه‌ دایپڵۆسیوه‌ تا راده‌ی به‌کارهێنانی وشه‌ی ساردوسڕو ، نه‌ک رووشاندن به‌ڵکو بریندارکردن .
عارف کەریم له‌سه‌ر ئه‌م رێڕه‌وه‌ که‌ گرژی باڵی به‌سه‌رداکێشاوه‌و که‌ڵه‌که‌بوونی موعاناتێکی زۆرو کۆن و نوێی پێوه‌دیاره‌ . هێرشێکی بێپاساو ده‌کاته‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێک له‌ هاوڕێ دێرینه‌کانی و هه‌ڵوێستێکی ره‌قیان لێوه‌رده‌گرێت و ، به‌رامبه‌ریان به‌ زوبانێکی بان زبره‌وه‌ ده‌دوێت .
له‌ڕاستیدا ئه‌م ره‌قی و توندییه‌ یه‌کێکه‌ له‌ خه‌وشه‌کانی نووسینه‌که‌ی عارف و به‌وه‌ له‌ نرخی نووسینه‌که‌ی خۆی که‌مکردۆته‌وه‌ .
دیاره‌ بۆ هه‌موو که‌س هه‌یه‌ ، به‌تایبه‌تی نووسه‌رانی سیاسی له‌ ئه‌لفه‌وه‌ هه‌تا (ی ) ێ فیکرو بوچوونی سیاسی ئه‌م سیاسه‌تمه‌دارو ئه‌و سه‌رکرده‌ ، ئه‌م حزب و ئه‌و رێکخراو ، ئه‌م سیاسه‌‌ت و ئه‌و سیاسه‌ت ، ئه‌م تاکتیک و ئه‌و ستراتیژی ره‌فزبکه‌ن ، ئازادن له‌سه‌ریان بنووسن و ململانێی فیکری و سیاسییان له‌گه‌ڵ بکه‌ن ، به‌ڵام ناشێت ” زوبانی زبر ” وه‌ک عارف خۆی ده‌ڵێت به‌کاربهێنن . ده‌بێت هه‌میشه‌ نووسه‌رانی مولته‌زیم به‌ رێساکان و پرنسیپه‌کانی ئه‌ده‌بی نووسینی سیاسییه‌وه‌ بابه‌تییانه‌ بنووسن و خود تێکه‌ڵ به‌ وشه‌کانیان نه‌که‌ن . ده‌بێت بابه‌تیانه‌ش خه‌ڵکی هه‌ڵسه‌نگێنن . ناکرێ تۆ ( نووسه‌ر ) قسه‌ له‌سه‌ر لایه‌نی سه‌لبی بکه‌یت به‌ڵام لایه‌نه‌ چاکه‌کان فه‌رامۆش بکه‌یت . ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆڤ له‌سه‌ر لایه‌نی چاک‌و لایه‌نی خراپ بکرێت ، نه‌ک بته‌وێت له‌ڕێی زه‌قکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سه‌لبییه‌کانه‌وه‌ بیانسڕیته‌وه‌ . پاشان ئه‌و هه‌موو هێرشه‌ بۆ سه‌ر هاوڕێ دێرینه‌کانی چ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ئه‌سڵی نووسینه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئاڕاسته‌ی من و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر کراوه‌و وه‌ڵامه‌ به‌ چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئه‌م دووانه‌ !!
دیسان هێرش بۆ سه‌ر ” عێراقچی ” یه‌کان
هه‌رچه‌نده‌ عارف له‌ یه‌ک دوو شوێنی وتاره‌که‌یدا به‌باشی ناوی بردووم و هه‌ڵیسه‌نگاندووم ، به‌ڵام به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر ئه‌و‌ هاوڕێیانه‌ی پێکه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ جیابووینه‌وه‌ ، پرژێکی هێرشه‌که‌یم به‌رکه‌وتووه‌ ، بۆیه‌ به‌گشتی وه‌ڵامێکی ده‌ده‌مه‌وه‌و ، ئه‌و هاوڕێیانه‌ش ئازادن له‌وه‌ی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌ یان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن .
عارف ده‌ڵێت : ” ناکۆکی و ململانێکانی ترمان له‌گه‌ڵ عێراقچییه‌کان بوو که‌ پێکهاتبوون له‌ : فوئاد قه‌ره‌داغی ، فازیل مه‌لا مه‌حمود ، ئه‌شره‌ف شه‌ره‌ف تاڵه‌بانی ، ئه‌وره‌حمانی حاجی مه‌لا صدیق ، حه‌سه‌ن حه‌مه‌ خان ، ئه‌کبه‌ر عه‌لی ( زاوای ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی ) له‌ناو ئه‌وانه‌دا ته‌نها فوئاد قه‌ره‌داغی که‌سێکی له‌سه‌رخۆو رۆشنبیر بوو خۆی دوورده‌گرت له‌ موهاته‌رات و قسه‌ی بێتام . . . هتد ” پاشان دێته‌ سه‌ر باسی دکتۆر عه‌بدوڵلا ده‌باغ و ده‌ڵێت : ” ئه‌میش که‌سێکی رۆشنبیر بوو عێراقچێتی ده‌کرد ، به‌ڵام براده‌ره‌کانی تر قسه‌ی بێتامیان ده‌کردو هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی مام جه‌لالیان کردبوو به‌چه‌ک و له‌ئێمه‌یان پێده‌دا ، هه‌ندێکیان ده‌یانووت مام جه‌لال ئاماده‌ نییه‌ ره‌خنه‌ له‌خۆی بگرێت ، بۆرژوازییه‌و بڕوای به‌ مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوه‌ڕی ماو نییه‌ ، له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌گ راده‌گرێ و به‌خێوی ده‌کات ، ئاماده‌ نییه‌ لاڕوومه‌تی منداڵێکی باوک هه‌ژار ماچ بکات ” هه‌روه‌ها به‌ده‌م فازیلی مه‌لا مه‌حموده‌وه‌ ده‌ڵێت : ” من به‌زۆر مام جه‌لال سواری تروحه‌کان ده‌که‌م له‌ به‌غدا ، تاکسی نه‌بێ ئه‌و سواری نابێت ، چێشتخانه‌ی ناودار نه‌بێت نانی لێناخوات ، مام جه‌لال قه‌ت نابێته‌ چه‌پ . . و زۆریتر ” [ هاوڵاتی ، ژماره‌ 429 ، 8 ی حوزه‌یرانی 2008 ، به‌شی سێیه‌م]
به‌ سه‌رنجدانێکی وردی ئه‌م دوو په‌ره‌گرافه‌ ، ئه‌م بۆچوونانه‌م له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو :
1 ) عارف له‌ ئیمڕۆدا ( ساڵی 2008 ) باس له‌ کێشه‌یه‌کی کۆن ده‌کات به‌ هه‌ناسه‌ی ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه‌و به‌هه‌مان لۆژیک و هه‌مان زاراوه‌و هه‌مان هه‌ڵوێسته‌وه‌ .
2 ) ئه‌گه‌رچی ویستوویه‌تی وه‌ها خۆی نیشانبدات که‌ زانیارییه‌کی زۆری سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌و چه‌ند ناوێکی گرووپی ” عێراقچی ” یه‌کانی نووسیوه‌ ، به‌ڵام له‌ واقیعدا هه‌ر ئه‌وانه‌ی نووسیوه‌ که‌ ناسیونی و له‌ زانکۆ پێکه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ر بوون وه‌ک ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی و حه‌سه‌ن حه‌مه‌خان . به‌نیسبه‌ت ناوی من و فازیلیشه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ک دوو ئه‌ندامی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ که‌ جیابووینه‌وه‌ ، بۆ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ ناسراوبووین و ئاساییه‌ که‌ ئه‌ویش بزانێت ئیتیجاهی ئێمه‌ چی بووه‌ ؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ناوهێنانی ئه‌کبه‌ری زاوای ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانیدا ، له‌لایه‌ک به‌ هه‌ڵه‌ ناوی باوکی نووسیوه‌ که‌ ( عه‌لی ) نییه‌ ( مه‌حمود ) ه‌و ، له‌لایه‌کیتره‌وه‌ ئه‌کبه‌ر نه‌ کۆمه‌ڵه‌ بوو نه‌ سه‌ر به‌ هیچ گرووپ و حزبێکی سیاسی بوو ، ئه‌و که‌سێکی سیاسی نه‌بوو .
3 ) ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێته‌ ئه‌و قسانه‌ی خۆی وته‌نی ” موهاته‌رات و بێتام ” ه‌ راست ده‌کات و ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکو ده‌بینین له‌ قسه‌ی منداڵ ده‌چێت و فڕیان به‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕاو شێوازی گفتوگۆو مشتومڕی سیاسییانه‌وه‌ نییه‌ . من عارف به‌ که‌سێکی راستگۆ ده‌زانم ، بۆیه‌ ناتوانم سه‌داسه‌د بڵێم هه‌ندێ له‌و قسانه‌ نه‌کراوه‌ ، چونکه‌ ده‌شێت تاک و ته‌رایه‌ک له‌ ناو ئه‌م گرووپه‌دا هه‌بووبن به‌و شێوازه‌ دوابن ، به‌ڵام به‌گشتی و به‌پێچه‌وانه‌ی رای عارفه‌وه‌ که‌ گوایا جگه‌ له‌من که‌سیان رۆشنبیر نه‌بوون ، هه‌ر هه‌موویان که‌سانێکی سیاسی و رۆشنبیرو تێکۆشه‌رو خاوه‌ن فیکرو هه‌ڵوێست بوون که‌ له‌ نێویاندا ، بۆ نموونه‌ ، که‌سێکی وه‌ک فازیلی مه‌لا مه‌حمودی تێدا بوو که‌ تێکۆشه‌رێکی جه‌ربه‌زه‌و شاعیرو رۆشنبیرێکی به‌ تواناو که‌سێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر چالاک بوو ؛ بۆخۆشی ئاگاداره‌ که‌ چه‌ند ساڵێک و تا یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سکرتارییه‌ت و پاشان سکرتێری یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستان بوو .
4 ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی عارف به‌پاڵ هاوڕێکانمی داوه‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ر منداڵانه‌ن و له‌ که‌سانێکی سیاسی ناوه‌شنه‌وه‌ ، زێتر بۆ ئه‌وه‌ ده‌چم تاکه‌ که‌سێک یان دووان که‌ سوعبه‌تیان له‌گه‌ڵ عارفدا هه‌بووبێت ، له‌و میانه‌یه‌ی براده‌رایه‌تیدا ، وه‌ک سوعبه‌ت هه‌ندێ له‌و قسانه‌یان کردبێت .
5 ) سه‌باره‌ت به‌و قسانه‌شی داویه‌ته‌ پاڵ فازیلی مه‌لا مه‌حمود ، ئه‌وا خۆی نه‌ماوه‌ تا راستییه‌کان ساخببێته‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من فازیلم ناسیبێ له‌و قسه‌وقسه‌ڵۆکانه‌ دوور بووه‌و ، ئه‌و کاته‌ له‌ قیاده‌ی مه‌رکه‌زیدا کاریده‌کرد و هیچ پێویستییه‌کی به‌وه‌ نه‌بووه‌ ئه‌و قسه‌ بێتام و منداڵانانه‌ بکات ، بۆیه‌ به‌دووری نازانم نه‌یارانی فازیل ئه‌وه‌یان هه‌ڵبه‌ستبێ و ناڕاسته‌وخۆ و به‌شێوه‌ی ته‌بلیغاتی دژه‌ فازیل‌ به‌ عارفیان گه‌یاندبێ .
فۆبیای قیاده‌ی مه‌رکه‌زی
عارف له‌ په‌ره‌گرافێکی دواتردا ده‌ڵێت : ” هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وان ئه‌وه‌بوو ئێمه‌ که‌سپ بکه‌ن و به‌ره‌و قیاده‌ی مه‌رکه‌زی حزبی شیوعی عێراقمان به‌رن که‌ بڕوامان پێیان نه‌بوو چونکه‌ له‌و کاته‌دا حزب و رێکخراویتر ناوی نه‌بوو ، ئه‌گه‌ر وانییه‌ ناوه‌که‌ی چیبوو ؟ کوانێ به‌یانی دامه‌زراندنه‌که‌ی ؟ کوانێ به‌یانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ؟ کوانێ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و حزب و رێکخراوه‌ ؟ ” .
لێره‌شدا زۆر به‌ڕوونی دیاره‌ که‌ عارف ئاگاداری هیچ نه‌بووه‌و ، ته‌نها پشتی به‌و قسانه‌ به‌ستووه‌ که‌ به‌ شێواوی بۆیگوێزراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌گینا وه‌ک له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باسمکردووه‌ ، له‌نێو ئێمه‌دا ته‌نها فازیل به‌ قیاده‌ی مه‌رکه‌زی حزبی شیوعی عێراقه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوو ، ئه‌وانی دیکه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی نزیکه‌ی نؤ مانگ به‌سه‌ر وازهێنانیاندا له‌ کۆمه‌ڵه‌ و خۆئاماده‌کردن بۆ کارێکی نوێ له‌ رۆژانی یه‌ک و دووی ئایاری ساڵی 1972 داکۆبوونه‌وه‌یه‌کیان سازدا که‌ ناوی ( کۆنفرانس ) یان لێناو تیادا رێکخراوێکی مارکسی لێنینی ماویستییان پێکهێنا .
ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی عارفه‌وه‌ بۆ یه‌کجاریش هه‌وڵمان نه‌دا ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی بۆ ریزه‌کانی خۆمان که‌سپ بکه‌ین ، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌ندامانی رێکخراو پابه‌ندی رێنماییه‌کی ده‌سته‌ی سه‌رکردایه‌تی رێکخراوه‌که‌ بوون که‌ به‌دوور بن له‌و کاره‌وه‌ . ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانیشه‌وه‌ هاوڕێیانی ئه‌وسای کۆمه‌ڵه‌ بدوێن شایه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ده‌ن که‌ دۆستیان بووین و هه‌رگیز هه‌وڵمان نه‌داوه‌ په‌یوه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌کانی نێوانمان به‌هۆی ناکۆکییه‌ فیکری و سیاسییه‌کانه‌وه‌ ئاڵۆزبکه‌ین .
لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بکه‌م که‌ هاوڕێیانی ئێمه‌ هه‌رگیز سه‌رچاوه‌ی موهاته‌رات نه‌بوون به‌ڵکو هه‌ندێ جار دووچاری فشارو چاودێری و . . . هتد ده‌بوون که‌ به‌سه‌رچوون و پێویست به‌ زیندووکردنه‌وه‌یان ناکات .
کۆمه‌ڵه‌ وایانده‌زانی له‌گه‌ڵ قیاده‌ی مه‌رکه‌زیدا کار ده‌که‌ین ، بۆیه‌ ئه‌وه‌ بوو بووه‌ تۆمه‌تێکی گه‌وره‌و ته‌بلیغاتیان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌کرد ، ته‌نانه‌ت به‌ نووسینیش که‌ باسی یه‌که‌م ناکۆکی نێو کۆمه‌ڵه‌یان ده‌کرد جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و ناکۆکییه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بووبێت . به‌م جۆره‌ قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بوو بووه بابه‌تی‌ فۆبیایه‌ک له‌ نێو ئاووهه‌وای سیاسی ئه‌و کاته‌دا .
له‌ ڕاستیدا یه‌کێک له‌ ناکۆکییه‌کانی ئێمه‌و هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بوو ، دواتریش که‌ ده‌ستمان له‌کارکێشایه‌وه‌ دۆستی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بووین . قیاده‌ نزیکترین رێکخستن بوو له‌ فیکری ئێمه‌وه‌ ، دواییش که‌ رێکخراوه‌که‌ی ئێمه‌ تووشی بنبه‌ستبوو و هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ ، زۆربه‌ی دانیشت و چه‌ند هاوڕییه‌کیش به‌و رێکخستنه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوون که‌ به‌ ناوی ( وحدة القاعدة ) وه‌ کاریانده‌کرد .
پڕکردنه‌وه‌ی که‌موکورتی هه‌ندێک زانیاری
عارف کەریم له‌ وتاره‌که‌یدا هه‌ندێ زانیاری به‌ هه‌ڵه‌ گه‌یاندووه‌ یان که‌موکورتییان تێدایه‌ ، لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریم له‌سه‌ریان هه‌بێت ڕاستیانده‌که‌مه‌وه :
1 ) ناوی ته‌واوی ( سازمان انقلابی ایران ) به‌م جۆره‌ بوو : ” سازمان انقلابی حزب توده‌ ایران در خارج از کشور ” .
2 ) ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ( سازمان انقلابی ) که‌ ساڵی 1968 هاتن بۆ کوردستان و له‌ به‌کره‌جۆ بوون ، جگه‌ له‌وانه‌ی عارف ناویهێناون ، دکتۆر جه‌واد ( سیاوش پارسانژاد ) و دکتۆر ئیبراهیم ( عه‌لی صادقی ) یشی تێدابوو . ( لاشایی ) ش له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت : ئه‌وانه‌ی هاتینه‌ به‌کره‌جۆ” من و علی صادقی ، سیامک مؤیدزاده‌ ، عطا کشکولی ، ایرج کشکولی ، سیاوش پارسانژاد ، خسرو صفایی ، محسن خاتمی ” بووین . [ حمید شوکت ، نگاهی از درون به‌ جنبش چپ ایران – گفتوگو با کورش لاشایی ، ل 145 ]
3 ) ره‌هبه‌ری گه‌وره‌ی ( سازمان انقلابی ) محسن رضوانی بوو . مهدی خان بابا‌ تهرانی ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تییان بوو که‌ بۆ ماوه‌یه‌ک به‌رپرسی به‌شی فارسی رادیۆی په‌کین بوو .
4 ) لاشایی به‌ نهێنی له‌ڕێی خه‌لیجه‌وه بۆ ئێران گه‌ڕایه‌وه‌ . ئه‌و کاته‌ سکرتێری ( سازمان انقلابی ) بوو . دوای ماوه‌یه‌ک له‌لایه‌ن (ساواک ) ه‌وه‌ ده‌ستگیرکراو ، هێنده‌ی نه‌برد رووخاو هێنایانه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی تاران . ( سازمان انقلابی ) به‌یاننامه‌یان له‌سه‌ر ده‌رکرد و به‌ خائین له‌قه‌ڵه‌میان دا . دواتر لاشایی بووه‌ یه‌کێک له‌ کاربه‌ده‌سته‌ نزیکه‌کانی ده‌ربارو ده‌سه‌ڵاتی شاهه‌نشاهی له‌ ئێراندا. دوای شۆڕشی ساڵی 1979 و رووخاندنی حوکمی حه‌مه‌ ره‌زا شا ، خۆی شارده‌وه‌و له‌ ئێران هه‌ڵات و گه‌یشته‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، له‌وێ به‌ کاری پزیشکییه‌وه‌ خه‌ریک بوو تا له‌ ئۆکتۆبه‌ری 2002 دا به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ مرد.
5) نامیلکه‌که‌ی ( لین بیاو ) له‌سه‌ر شه‌ڕی پارتیزانی و ستراتیژی شۆڕشی جیهانی دژی ئیمپریالیزمی جیهانی به‌سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا بوو . ناوی نامیلکه‌که‌ ” بژی سه‌رکه‌وتنی جه‌نگی گه‌ل ” بوو . نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ریگێڕایه‌ سه‌ر زمانی کوردی و دوای به‌یاننامه‌ی 11 ی مارسی 1970 له‌ به‌غدا چاپکرا ، فازیلی مه‌لامه‌حمود سه‌رپه‌رشتی چاپکردنی ده‌کرد و منیش بۆ هه‌ڵه‌بڕی یارمه‌تیم ده‌دا .
6 ) شازاد صائب خاوه‌نی ئیمتیازی ( رزگاری ) نه‌بوو به‌ڵکو سه‌رنووسه‌ر بوو ، هه‌روه‌ها نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رنووسه‌ر نه‌بوو به‌ڵکو خاوه‌ن ئیمتیاز بوو .
7) ئه‌و کوتله‌یه‌ی لقی سلێمانی که‌ له‌ به‌شی دووه‌مدا باسکراوه‌ ، کاک ره‌فعه‌تی مه‌لای تێدا نه‌بوو . له‌م باره‌یه‌وه‌ کاک ره‌فعه‌ت ده‌ڵێت : ” زۆربه‌ی هاوڕێیانی حه‌له‌قه‌ی رۆشنبیری له‌ به‌غدا بووین به‌به‌رده‌وامی قسه‌مان ده‌رباره‌ی دروستکردنی پارتییه‌کی مارکسی لێنینی کوردستانی ئه‌کرد و دابه‌ش بووین به‌ دوو گروپه‌وه‌ ، گروپی یه‌که‌م : نه‌وشیروان مسته‌فا ، مه‌حموی مه‌لا عیززه‌ت ، شازاد صائب . من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیان زۆر چاک بوو به‌ڵام هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ نه‌کردن ” [ ره‌فعه‌تی مه‌لا ، رۆژه‌ ته‌ماوییه‌کان ، ل 26 ]
8 ) نووسینگه‌که‌ی ( شارع فه‌له‌ستین – به‌غدا ) باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو که‌ دوایی بوو به‌ پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان .
9 ) هه‌ر له‌ به‌شی دووه‌مدا باسی کتێبخانه‌ی ( الفکر الجدید ) ده‌کات که‌ گوایا هی ( سازمان انقلابی ) بووه‌ ، به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ شه‌هید شه‌هاب خاوه‌نی بوو .
10 ) عارف له‌ په‌ره‌گرافێکی به‌شی دووه‌مدا ده‌ڵێت : ” . . . که‌ کۆمه‌ڵه‌ چووه‌ته‌ شاخ و داش عێراقیان خستۆته‌ سه‌ر ناوه‌که‌ی و په‌یڕه‌وی مارکسیزم – لێنینزم و بیروباوه‌ڕی ماوتسیتۆنگ نه‌کراوه‌ ، ئه‌مه‌یان راسته‌و من و کاک فوئاد لێره‌دا یه‌کده‌گرینه‌وه‌ ” نازانم کاک عارف ئه‌مه‌ی له‌ کوێوه‌ هێناوه ؟ من به‌و شێوه‌یه‌ باسی شاخم نه‌کردووه‌ . کوا له‌شاخ داش عێراق خراوه‌ته‌ سه‌ر ناوی کۆمه‌ڵه‌ ! ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم سه‌ره‌تا رادیۆکه‌یان له‌ شاخ ناوی ” ده‌نگی شۆڕشی عێراق ” بوو ، ناوی کۆمه‌ڵه‌شیان گۆڕی به‌ ” کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان ” .
له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم : ئه‌وانه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌ عارف کەریم ده‌ناسن ، ده‌زانن له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاری و لاویدا تێکۆشه‌رێکی راست و پاک و خۆنه‌ویست و دڵسۆز بوو ، قسه‌له‌ڕوو و بێ غه‌ل و غه‌ش بوو ، هه‌تا راده‌یه‌کی زۆر دڵساف و خۆشباوه‌ڕ بوو . زۆربه‌ی ئه‌م سیفه‌تانه‌ که‌ پێچه‌وانه‌ی سیفاتی باوی که‌سایه‌تیی تاکه‌که‌سه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ده‌ره‌به‌گیی خێڵه‌کی موتوربه‌ به‌ ئه‌خلاقی بۆرژوازییدا‌ ، بۆ مرۆڤه‌ سه‌رڕاست و دڵپاکه‌کان گرفت دروست ده‌که‌ن . سه‌رباری ئه‌وه‌ موعاناتی خۆی و خێزانه‌که‌یان که‌ چه‌ند جارێک ئاماژه‌ی پێداوه‌و‌ من له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداریانم، کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر بێزاری و تووڕه‌بوونی هه‌بووه‌ ، بۆیه‌ هۆکارێکی سه‌ره‌کی گرفتی عارف له‌گه‌ڵ هاوڕیکان و رێکخستندا چ له‌ ناوه‌وه‌و چ له‌ سوریا بۆ ئه‌م هۆکارو کاریگه‌رێتییه ده‌گێڕمه‌وه‌ که‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌و په‌یوه‌ندییانه‌یدا به‌ وریایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ کاتی خۆی ناچار به‌ سه‌فه‌رو به‌جێهێشتنی کۆمه‌ڵه‌و شۆڕش بووه‌و ، ئه‌مڕۆش دوای چه‌ند ده‌ساڵێک ئه‌و موعاناته‌ی رابردوو کاریگه‌رێتییان له‌ شێوازی نووسینه‌که‌ی کردووه‌و ، نه‌یتوانیوه‌ به‌ تیری ره‌خنه‌کانی ئه‌و نیشانه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ بپێکێت . ‌

– رۆژنامەی ( ھاوڵاتی ) ژمارەکانی ( 436 ) ، ( 437 ) ، ( 439 ) لە رۆژەکانی 2 – 7 و 6 – 7 و 13 – 7 – 2008 دا .
– کتێبی ” کۆمەڵە لە سێدارەوە بەرەو راپەڕین ” لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی مێژوو ( ی . ن . ک ) سلێمانی 2012 ، لاپەڕە ( 537 ) بۆ لاپەڕە ( 562 ) . ‌

مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه

5 حوزەیران

مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه

( چاوپێکەوتن )

فوئاد قەرەداغی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی دەگێڕێتەوە

ھاوڵاتی : وه‌ک ده‌زانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان که‌ باڵێکی چه‌پ و گرنگ و ئه‌ساسی ناو یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان بوو ، ئێستا سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی فه‌نا بووه‌ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشه‌ویستی و گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه‌ به‌لای خه‌ڵکه‌وه‌ ، سه‌ره‌تا خۆشحاڵ ده‌بین که‌ به‌ڕێزت وه‌ک یه‌کێک له‌ کادیره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی دامه‌زراندنی ئه‌و رێکخراوه‌ تیشک بخه‌یته‌ سه‌ر چۆنیه‌تی دامه‌زراندنه‌که‌ی و پاشان حه‌ز ده‌که‌ین بپرسین : ئایا پێت وایه‌ که‌ رۆژێک له‌ رۆژان هیوای ئه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌و رێکخراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان دروست ببێته‌وه‌ ؟

فوئاد قه‌ره‌داغی : سه‌ره‌تاو به‌ر له‌ باسکردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی لێکه‌وته‌وه‌ ، ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێکی نه‌رێیانه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری یان ئه‌و مێژووه‌ ده‌که‌م . ئه‌و خاڵانه‌ تا ئێستا رێگری نووسینه‌وه‌یه‌کی بێلایه‌نی راست و بابه‌تییانه‌ی چۆنیه‌تی و مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ بووه‌ . گرنگترینی ئه‌و خاڵه‌ نه‌رێیانه‌ بریتین له‌وه‌ی :-
1 – هیچ یه‌کێک له‌و یاده‌وه‌رییانه‌ پشت به‌ دۆکیۆمێنتی نووسراو نابه‌ستێت ، چونکه‌ نووسین و بڵاوکراوه‌کانی سه‌ره‌تا نه‌ماون و له‌به‌رده‌ستدا نین . بیره‌وه‌رییه‌کان زێتر پشت به‌ یادمانه‌وه‌ ده‌به‌ستن . که‌سێکیش رۆژانه‌ رووداوه‌کانی تۆمار نه‌کردووه‌و ، بارودۆخی سیاسی و دڕنده‌یی دوژمنه‌کانمان بواری ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ ، بۆیه‌ لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی خه‌بات و هه‌ڵسووڕانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ دۆکیۆمێنت نه‌کراون ؛ ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی جیاوازی گێڕانه‌وه‌یان و بواریشی بۆ شێواندنی ئه‌و مێژووه‌ ره‌خساندووه‌و ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار که‌سانێک خۆیان به‌ خاوه‌نی ده‌که‌ن ، که‌ لانیکه‌م له‌و رۆژانه‌ی سه‌ره‌تادا ئاگایان له‌ هیچ نه‌بووه‌ . که‌واته‌ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌م مێژووه‌ باس ده‌کرێت ته‌نها پشت به‌ ” بیرمانه‌وه‌ ” ده‌به‌ستێت ؛ هه‌ڵبه‌ت تێپه‌ڕبوونی ماوه‌ی زێتر له‌ سیی ساڵ ( 1970 – 2008 ) کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ” بیرمانه‌وه ” ی یاده‌وه‌رییه‌کانی هه‌مووان داده‌نێت و ، ناتوانرێت سه‌داسه‌د راستییه‌که ته‌نها لای که‌سێک ده‌ستبکه‌وێت .
2 – کاتێک ئه‌وه‌ بسه‌لمێنین که‌ که‌سێک به‌ته‌نها خاوه‌نی ته‌واوی زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و مێژووه‌وه‌ نییه‌ ، پێویستیی کارێکی هه‌ره‌وه‌زی دێته‌کایه‌وه‌ . واته ‌بۆ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ ، ده‌بێت هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ قۆناغی یه‌که‌م و دووه‌مدا رۆڵێکیان هه‌بووه‌ به‌شداریی بکه‌ن و ، هه‌ر یه‌که‌یان له‌و خاڵه‌وه‌ یان له‌و رۆژه‌وه‌ که‌ ده‌ستی به‌کارکردووه‌ ، یاده‌وه‌رییه‌کانی ( ئه‌وه‌نده‌ی بیری ماوه‌ وه‌ک خۆی ) تۆمار بکات . به‌م کاره‌ زه‌مینه‌ بۆ تۆژیاران ده‌ڕه‌خسێ ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی شاره‌زاییان له‌ میتۆدی تۆژینه‌وه‌ی مێژووییدا هه‌یه‌ ، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌راوردکاریانه‌ بکه‌ن و ، له‌ نێوانی نووسینه‌کانه‌وه‌ راستییه‌کان هه‌ڵبهێنجن .
3 – نووسینه‌وه‌ی مێژوو یان تۆژینه‌وه‌ی مێژوو ، وه‌ک هه‌ر بابه‌تێکی دیکه‌ی زانست ، پێویستیی به‌ میتۆدێک هه‌یه‌ . به‌بێ میتۆدێکی دیاریکراو که‌ پشت به‌ سه‌رچاوه‌ راسته‌وخۆکان به‌ پله‌ی یه‌که‌م و ، ناڕاسته‌وخۆکانیش به‌ پله‌ی دووه‌م ببه‌ستێت ، باسه‌کان له‌ بازنه‌ی یاده‌وه‌ری شه‌خسیدا ده‌مێننه‌وه‌و ، یاده‌وه‌ری شه‌خسیش ئیعتیباراتی تایبه‌تی و مه‌یلی شه‌خسی کاریان تێده‌کات و ، به‌شێکی راستیی تێدا بزر ده‌بێت . ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌رچاو ده‌که‌وێت گێڕانه‌وه‌ی شه‌خسییه‌ بۆ ئه‌و مێژووه‌ . له‌ بری لێکدانه‌وه‌یه‌کی مێژوویی و شیکردنه‌وه‌ی دیارده‌و ململانێ سیاسییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ، زۆربه‌ی ریوایه‌ته‌کان ده‌رباره‌ی که‌سه‌کان ده‌گێڕدرێنه‌وه‌ . کێ له‌ سه‌ره‌تادا کاریکردووه‌ ؟ کێ دامه‌زرێنه‌ر بووه‌ ؟ کێ هه‌ڵسووڕاوه‌ ؟ کێ لێپرسراوی ئه‌م شار یان ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌ ؟ . . . هتد ، ئاڕاسته‌ی لێدوانه‌کانی تا ئێستا بووه‌ . واته‌ ئامانج له‌م ریوایه‌تانه‌ جۆرێک له‌ مه‌جدو شانازیی شه‌خسی بووه‌ نه‌ک تۆمارکردنی وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی له‌ بزافی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی کوردو کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر خه‌باتی سیاسی و چه‌کداریی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا .‌
دیاره‌ ناوبردنی که‌سه‌کان و ئه‌وانه‌ی رۆڵیان هه‌بووه‌ ، بۆ ناسینی ناسنامه‌ی چینایه‌تی رێکخراوه‌که‌و به‌سه‌رهاته‌کانی دوای دامه‌زراندنی ، پێویسته‌ ؛ به‌ڵام شیکردنه‌وه‌ی خودی مێژووه‌که‌و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ململانێی سیاسی تێداکراوه‌ ، وه‌ک ئه‌زموون ، بۆ دواڕۆژی بزووتنه‌وه‌که‌و ململانێیه‌ک که‌ به‌رده‌وامه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت ، گرنگتره‌ له‌ ناوی ئه‌م و ئه‌و .
له‌به‌ر تیشکی ئه‌م خاڵه‌ نه‌رێییانه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م راستگۆیانه‌ ، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی له‌و مێژووه‌ ئاگادارم ، یاده‌وه‌رییه‌کانم به‌یان بکه‌م . ئه‌وه‌ی لێی ئاگادارنیم ، که‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێکیان بکه‌وێته‌ ئه‌و ماوه‌یه‌شه‌وه‌ که‌ کارم له‌ کۆمه‌ڵه‌دا کردووه‌ ، بۆ ئه‌و هاوڕی دێرینانه‌م به‌جێده‌هێڵم که‌پێکه‌وه‌ کارمان ده‌کرد . ئه‌وه‌شی بۆیان گێڕابێتمه‌وه‌ یان بیستبێتم ، ئاماژه‌ به‌ بیستنه‌که‌ی ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری هێژا له‌وانه‌ی جیابکاته‌وه‌ که‌ خۆم شاهیدێکی راسته‌وخۆم به‌سه‌ریه‌وه‌ . بۆیه‌ ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی ده‌که‌م ( کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان ) نییه‌ ، چونکه‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌یه‌ک نه‌بووم به‌و ناوه‌وه‌ ، به‌ڵکو ( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق ) ه‌ . ‌ ئه‌و رێکخراوه‌ تا ئه‌و به‌رواره‌ی کارم تێدا کردو ، بۆ چه‌ند ساڵێکیش دوای ئه‌وه‌ ، هه‌ر به‌م ناوه‌وه‌ بوو . دواتر ناوه‌که‌یان گۆڕی و کردیان به‌ ( کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان ) ، به‌ڵام که‌ی ناوه‌که‌یان گۆڕیوه‌ ، ئه‌وه‌ سه‌داسه‌د نازانم که‌ ئایا پێش شه‌هیدکردنی ( ئارام ) بوو یان دوای ئه‌وه‌بوو که‌ کاک نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌ سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ . ده‌رباره‌ی ناوی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینیش که‌ ئایا ( داش عێراق ) ی له‌سه‌ربووه‌ یان نه‌ ؟ ئه‌وه‌ دلنیام له‌وه‌ی که‌ دوای وشه‌ی کوردستان ( داش عێراق ) هه‌بوو ، به‌ڵام دوای ده‌رچوونی من و چه‌ند هاوڕێیه‌ک له‌ کۆمه‌ڵه‌ ، که‌ به‌ ( عێراقچی ) ناوزه‌دکراین ، ئه‌و ( داش عێراق ) ه‌ی به‌ده‌نگی هه‌موومان په‌سه‌ندکرابوو ، له‌ ناوی کۆمه‌ڵه‌ کرایه‌وه‌ ؛ کاتێکیش که‌ خه‌باتی چه‌کداری ده‌ستیپێکردو مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان جه‌وله‌یان به‌ گونده‌کاندا ده‌کرد ، ده‌مانبیسته‌وه که‌ به‌ ناوی ( کۆمه‌ڵه‌ی کوردستان ) خۆیان به‌ خه‌ڵکی دێهاته‌کان ده‌ناساند .

ھاوڵاتی : واتە پاش دروستبوونی مەفرەزە سەرەتاییەکان کۆمەڵە گۆڕانی فیکریی بەسەردا ھات ؟

فوئاد قەرەداغی : بۆ ئه‌وه‌ی پێکهاته‌ی فیکری و سیاسی کۆمه‌ڵه‌ بناسرێت ، پێویسته‌ مێژووی چه‌ند ساڵی به‌ر له‌ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ بناسین له‌ڕێی ناسینی فیکرو رێبازی سیاسی ئه‌و که‌سانه‌وه‌ که‌ سه‌ره‌تاو دواتر بوونه‌ هه‌ڵسووڕاوی ئه‌م رێکخراوه‌ .
ساڵانی 1966 و 1967 چه‌ند ئه‌ندامێکی لق و ناوچه‌و هه‌ندێ رێکخراوی خواره‌وه‌ی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی مه‌کته‌بی سیاسی – م . س ) له‌ سلێمانی و کۆمه‌ڵێک له‌ خوێندکارانی کورد له‌ به‌غدا ، که‌ ئه‌وانیش هه‌ر ئه‌ندامی ئه‌و پارتییه‌ بوون ، کاریگه‌رێتی شۆڕشگێڕی ناوداری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ( ئارنستۆ گیڤارا ) و ( شۆڕشی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریای چین ) یان به‌ سه‌رۆکایه‌تی ماوتسی تۆنگ له‌سه‌ر بوو. ئه‌گه‌رچی رێبازی گیڤاراو ماوتسی تۆنگ ، دوو رێبازی جیاواز بوون ، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه‌ بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی نێو پارتی ( م . س ) زۆر رۆشن نه‌بوو . هێڵی جیاوازی نێوان جه‌نگی پارتیزانیی گیڤاریستی و جه‌نگی گه‌لیی ماوتسی تۆنگ له‌لایان روون نه‌بوو . هه‌ر به‌ کاریگه‌رێتی ئه‌و هێڵه‌ی جه‌نگی پارتیزانی و له‌ ئه‌نجامی نائومێدی به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سه‌رکردایه‌تی حزب‌ ، کاک نه‌وشیروان مسته‌فاو چه‌ند ئه‌ندامێکی دیکه‌ی پارتی که‌ منیش یه‌کێکیان بووم له‌ بیری ئه‌وه‌دا بوون پراکتیکی ئه‌و جه‌نگه‌ پارتیزانییه‌ بکه‌ن و ، بۆ پشتگیریی ئه‌و خه‌باته‌ چه‌کدارییه‌ی ساڵی 1967 له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ده‌ستیپێکردبوو ، روو له‌وێ بکه‌ن و به‌کرده‌وه‌ به‌شداریی له‌و خه‌باته‌ چه‌کدارییه‌دا بکه‌ن . به‌ڵام کۆتایی هاتنی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌و شه‌هید بوونی ئیسماعیلی شه‌ریف زاده‌و مه‌لا ئاواره‌و چه‌ند هاوڕێی دیکه‌یان ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان پووکانه‌وه‌ . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، مه‌سه‌له‌ی جه‌نگی پارتیزانی و پێویستیی بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی پێشکه‌وتنخوازانه‌ که‌ فیکری مارکسی لێنینی و به‌تایبه‌تی ( فیکری ماوتسی تۆنگ ) سه‌رچاوه‌ی بێت مایه‌وه‌و روو له‌گه‌شه‌کردن بوو . ئه‌م گه‌شه‌کردنه‌ چه‌ند هۆکارێک له‌پشتییه‌وه‌ بوو :
1 ) شه‌هیدبوونی گیڤارا له‌ ساڵی 1967 دا . ئه‌و کاته‌ گیڤارا سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی پارتیزانی له‌ پۆلیڤیا ده‌کرد .
2 ) شۆڕشی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریا له‌ چین به‌ سه‌رکردایه‌تی ماوتسی تۆنگ .
3 ) ناکۆکی فیکری و سیاسی نێوان حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت و حزبه‌ ریڤیژنیسته‌کانی ژێر سایه‌ی له‌لایه‌ک و ، حزبی کۆمۆنیستی چین و حزبی کاری ئه‌لبانیاو حزب و رێکخراوه‌ ماوییه‌کان له‌لایه‌که‌یتر .
4 ) شۆڕشی لاوانی جیهان له‌ ساڵی 1968 دا ، که‌گشت وڵاته‌کانی ئه‌وروپای گرته‌وه‌و مه‌ترسی جیددی له‌سه‌ر سیستمی سه‌رمایه‌داریی ئه‌و وڵاتانه‌ ، به‌تایبه‌تی فه‌ڕه‌نسا ، دروستکرد .
5 ) توندبوونه‌وه‌ی ململانێی نێوان حزبی ئێمه‌و هه‌ردوو باڵه‌که‌ی حزبی شیوعی عێراق ( کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و قیاده‌ی مه‌رکه‌زی ) که‌ پشتگیریی بارزانییان ده‌کرد .
6 ) ده‌رچوونی چه‌ند ئه‌ندامی سه‌ر به‌ رێبازی سۆسیالیستی ( ماویستی ) بۆ ئه‌ندامه‌تی لق و ناوچه‌ی سلێمانی له‌و کۆنفرانسه‌دا که‌ هاوینی ساڵی 1968 به‌سترا .
7 ) ده‌رچوونی گۆڤاری ( رزگاری ) له‌ سلێمانی که‌ نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌ن ئیمتیازو شازاد صائیب سه‌رنووسه‌ری بوو . ئه‌م گۆڤاره ‌هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی پارتی له‌ ده‌وری خۆی کۆکرده‌وه‌ که‌ خۆیان به‌ سۆسیالیست یان ( ماویست ) ده‌زانی .
8 ) هاتنی کۆمه‌ڵێک له‌ کادیره‌کانی ( سازمانی ئینقیلابی حزبی تووده‌ی ئێران ) که‌ رێکخراوێکی ماویستی بوو بۆ کوردستان و مانه‌وه‌یان لێره‌ هه‌تا ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11 ی مارتی 1970 .
9 )دروستبوونی ئه‌ڵقه‌یه‌کی رۆشنبیری بۆ خوێندنی کتێب و بڵاوکراوه‌ مارکسییه‌کان ، به‌تایبه‌تی نووسینه‌کانی ماوتسی تۆنگ . ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌ ئه‌ندامه‌ ماوییه‌کانی لق و ناوچه‌ی سلێمانی دروست بوو که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌وری داده‌نیشتن و هه‌ر جاره‌ یه‌کێکیان خۆی ئاماده‌ ده‌کردو یه‌کێک له‌ نامیلکه‌کانی ماوتسی تۆنگی شیده‌کرده‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌کرد . ئه‌و کاتانه‌شی مامجه‌لال له‌ سلێمانی بوایه‌ ، ئه‌ڵقه‌که‌ فراوانتر ده‌بوو ، هه‌فتانه‌ له‌ به‌کره‌جۆ میوانداری ده‌کردین و هاوڕێیانی سازمانی ئینقیلابیش به‌شدارییه‌کی ئه‌کتیڤی ئه‌م ئه‌ڵقه‌ رۆشنبیرییه‌یان ده‌کرد .
به‌ر له‌ ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11 ی مارتی ساڵی 1970 ، به‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ رێبازی سۆسیالیستی یان چه‌پی نێو رێکخستنی حزب له‌ سلێمانی ، جۆرێک له‌ موعاره‌زه‌ی سیاسه‌ته‌کانی حزب له‌ نێو هاوڕێکانماندا دروست بوو بوو . کۆمیته‌ی ناوه‌نی پارتیش ( م . س ) خۆشیی له‌ ناوچه‌و لقی سلێمانی نه‌ده‌هات . به‌بێ ده‌نگی و هێمنی ململانێیه‌ک له‌ نێوان کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و رێکخستنی سلێمانیدا هه‌بوو . کۆمیته‌ی ناوه‌ندی رێبازی ماویستانه‌ی رێکخستنی حزبی له‌ سلێمانی قبووڵ نه‌بوو . ئه‌م ململانێ رووپۆشراوه‌ تا ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11ی مارتی ساڵی 1970 درێژه‌ی کێشاو ، دوای ده‌رچوونی به‌یاننامه‌که‌ بارودۆخێکی نوێی ململانێ هاته‌کایه‌وه‌ ، قۆناغێکی نوێ هاته‌پێشه‌وه‌و ، ئه‌و گرووپه‌ یان فراکسیۆنه‌ ( ماویستی) یه‌ی له‌ سلێمانی چالاک بوو ، به‌چوونیان بۆ به‌غدا ، یه‌کگرتوویی خۆیان له‌ده‌ستداو ، سه‌ره‌تای هه‌ندێ ناکۆکی له‌ نێوانیاندا سه‌ریهه‌ڵدا .
به‌جێهێشتنی شاره‌کانی کوردستان و رووکردنه‌ به‌غدا ، بووه‌ مایه‌ی په‌رته‌وازه‌یی و لێکدابڕان و بارێکی ده‌روونیی ئالۆز که‌ جێ په‌نجه‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌مووانه‌وه‌ دیاربوو . هه‌ندێک له‌و هاوڕێیانه‌ که‌ کارمه‌ندی ده‌وڵه‌ت بوون بۆ پارێزگاکانی نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لاو دیوانییه‌ گوێزرانه‌وه‌ ، کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ له‌ به‌غدا بوون . به‌ره‌ به‌ره‌ بیروبۆچوونی جیاجیا سه‌ریهه‌ڵدا . له‌ هه‌ر به‌یه‌کگه‌یشتنێکی هاوڕێیاندا مشتومڕی سیاسی گه‌رم ده‌بوو ، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر بارودۆخه‌که‌ ، له‌سه‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی ئێمه‌ی گه‌یانده‌ به‌غدا ، له‌سه‌ر هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی حزب له‌ رابردوودا ، له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌عس ، له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رکردایه‌تی سیاسی ( کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌کته‌بی سیاسی حزب ) ، له‌سه‌ر کاری داهاتوومان و هه‌ڵوێست له‌ بارزانی مسته‌فاو ئه‌و لێبوردنه‌ی ده‌ریکرد …هتد .

ھاوڵاتی : دوای ئەو قۆناغە بڕیاری چیتان دابوو ؟ ئایا بیرتان لە بەدیلکردەوە بۆ پارتی بەھەردوو باڵەکەیەوە ؟

فوئاد قەرەداغی : له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌دا دیسان پرسیاری ( ده‌بێ چی بکه‌ین ؟ )هاته‌پێشه‌وه‌ . سه‌ره‌تا شۆک لێیدابووین و پاشان جۆرێک له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندیی له‌ ده‌وری دوو یان سێ بیروبۆچوونی جیاواز کۆیکردینه‌وه‌ ، له‌وانه‌ :
1 – بیروبۆچوونێک که‌ پێکهێنانی حزبێکی نوێی به‌ به‌دیلی ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌زانی و هه‌ردوو حزبه‌که‌ی ره‌تده‌کرده‌وه‌و ، خوازیاری دابڕانی به‌په‌له‌ بوو له‌ رێکخستنه‌کانی حزب و رابردوویه‌ک که‌ به‌ شایانی شانازی خۆی نه‌ده‌زانی .
2 ) بیروبۆچوونێک که‌ پێکهێنانی حزبێکی نوێی به‌ دروست ده‌زانی ، به‌ڵام پشتکردنه‌ حزب ( م . س ) ی به‌ڕاست نه‌ده‌زانی ، به‌تایبه‌تی ئه‌و حزبه‌ رۆژانێکی سه‌خت و دژواری به‌سه‌رده‌بردو شکستێکی سیاسیی گه‌وره‌ی به‌سه‌رداهاتبوو و فشارێکی زۆری له‌سه‌ربوو . له‌ دیدگای ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که‌ خاوه‌نی ئه‌م بیروبۆچوونه‌ بوون : ئه‌ندامانی لق و ناوچه‌ی سلێمانی و گشت ئه‌و کادیرانه‌ی کوردستانیان به‌جێهێشتبوو ، تا دوا چرکه‌ی ده‌رچوونیان له‌ کوردستان به‌شێک بوون له‌ حزب و سیاسه‌ته‌کانی و ، زۆربه‌یان چالاک بوون و به‌رپرسیارێتییان هه‌بوو‌ ؛ ناکرێت له‌ نووچداندا ، به‌زوویی پشت له‌ حزبه‌که‌ت و هاوڕێکانت و جه‌ماوه‌ره‌که‌ت بکه‌یت و . شانی خۆت له‌و مه‌سئولییه‌تانه‌ی له‌ ئه‌ستۆت بووه‌ خاڵی بکه‌یته‌وه . لایه‌نی که‌می ئیلتیزام ئه‌وه‌یه‌ ، له‌ هه‌لومه‌رجێکی وه‌هادا وره‌ی ئه‌ندامانی خواره‌وه‌و جه‌ماوه‌ر به‌رزبکرێته‌وه‌و به‌بێ به‌دیل ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی پێشوو چۆڵ نه‌کرێت .‌
3 ) بیروبۆچوونێک که‌ ئه‌ویش بڕوای به‌ پێکهێنانی حزبێکی نوێ هه‌بوو به‌ڵام ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی به‌له‌بار نه‌ده‌زانی و پێی وابوو که‌ ئه‌م کاره‌ په‌له‌په‌لی تێدایه‌و بۆ بزووتنه‌وه‌که‌ به‌ زیان ده‌گه‌ڕێته‌وه . ئه‌و هاوڕێیانه‌ رایان وابوو سوود له‌ لێبوردنه‌که‌ی بارزانی وه‌ربگیرێت و بچینه‌وه‌ کوردستان و له‌وێ ئاسایی بژین و ورده‌ ورده‌ له‌ نێو خه‌ڵکیدا بۆ بیناکردنی حزبێک کار بکه‌ین ؛ ته‌نانه‌ت هه‌ندێ رای تریش تاووتوێ ده‌کران وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ک بۆ ئیدانه‌ی سیاسه‌ته‌کانی پێشووی حزب ( م . س ) ده‌ربکرێت و زه‌مینه‌ی چوونه‌وه‌ بۆ کوردستانی پێ خۆش بکرێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ حزبه‌وه‌ نه‌مێنێت یان لانیکه‌م لێی دابڕێین .
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین ، دامه‌زراندن و پێکهێنانی حزبێکی نوێ خاڵی ناوکۆیی نێوان هه‌رسێ بۆچوونه‌که‌ بوو ، به‌ڵام ناکۆکی له‌سه‌ر ده‌ستنیشانکردنی کاتی شیاوی کارکردن و شێوازی به‌دیهێنانی بوو . ئه‌گه‌رچی هه‌مووان ئیلتیزامیان به‌ ئامانجی هێنانه‌کایه‌ی حزبێکی شێوه‌ نوێ هه‌بوو ، به‌ڵام له‌ نێو گرووپی سێیه‌مدا هه‌ندێک سه‌رنج و دوودڵیی له‌سه‌ر دووپاتکردنه‌وه‌ی ( مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ ) هه‌بوو ، که دوو ‌ گرووپه‌که‌ی دیکه ئه‌و سه‌رنج و دوودڵییه‌یان قبووڵ نه‌بوو .
دامه‌زراندنی حزب بۆ هیچ یه‌کێک له‌و گرووپانه‌ی خاوه‌نی ئه‌و بیروبۆچوونه‌ جیاوازانه‌ بوون ئاسان نه‌بوو ، چونکه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و حزبه‌ زۆر نهێنی بێت . نه‌ده‌کرا حزب به‌ ئاشکرا دروست بکه‌یت ، یان حزبه‌که‌ رابگه‌یه‌نیت و به‌یاننامه‌یه‌ک بۆ ئاشکراکردنی دامه‌زراندنی ده‌ربکه‌یت . ئیمکاناتی کاری حزبی سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ ئاشکرا ، نه‌ له‌ عێراق و نه‌ له‌ کوردستاندا نه‌بوو . هه‌ر حزبێک یان رێکخستنێک دروستبکرایه‌ ، ده‌بوایه‌ له‌ سێ لایه‌ن شاردراوه‌بێت : حکومه‌تی به‌عس ، پارتی دیموکراتی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان له‌ کوردستانی دوای به‌یاننامه‌ی 11 ی مارتدا ، پارتی ( م . س ) ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ی دواییان له‌و جموجۆڵ و چالاکییانه‌ بێئاگانه‌بوو . لێره‌دا پێویسته‌ دان به‌و راستییه‌شدا بنێین که‌ جیاوازی بیروبۆچوون به‌ ئاسایی ناکۆکی دروست ده‌کات ، جیاوازی واتای ناکۆکی ده‌گه‌یه‌نێ ، ناکۆکی ئه‌گه‌ر دۆستانه‌ش بێت ساردی دروست ده‌کات و ، به‌رده‌وامیی ساردیش ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌یه‌کتری دابڕان و دوورکه‌وتنه‌وه‌و جه‌مسه‌ربه‌ندیی بیروڕا جیاوازه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌شی که‌ هه‌ڵگری بیروڕاکانن ، له‌به‌ر ئه‌وه سه‌رجه‌می‌ ئه‌و هاوڕێیانه له‌ بازنه‌ی دۆستایه‌تی و ململانێدا ( پێکه‌وه‌ ) ده‌سووڕانه‌وه‌و ، هه‌ریه‌که‌ بۆ خۆی به‌جیا هه‌ڵوێستی وه‌رده‌گرت .

ھاوڵاتی : تۆ لەگەڵ کام گروپەدا بوویت ، ئایا دواتر چۆن کۆمەڵە دامەزرا ؟

فوئاد قەرەداغی : من لێره‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵوێستی خۆمه‌وه‌‌ هه‌یه‌ باسه‌که‌م درێژه‌ پێده‌ده‌م و ، له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌چمه‌ سه‌ر کرۆکی پرسیاره‌که‌ ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ .
له‌ڕاستیدا من له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی دووه‌مدا بووم . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئاماده‌بووم خۆم بۆ پێکهێنانی حزبێکی شێوه‌ نوێ له‌ کوردستاندا ته‌رخان بکه‌م ، ئه‌وه‌نده‌ش خۆشخه‌یاڵی ئه‌وه‌بووم که‌ ده‌کرێت سوودێکی باش له‌ جه‌ماوه‌رو کادیرانی پارتی ( م . س ) وه‌ربگیرێت ( به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌کان ) و که‌ره‌سه‌یه‌کی بینای ئه‌و حزبه‌ بن . له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ زۆر له‌لام سته‌م بوو حزبێک له‌ سه‌ره‌تاکانی هه‌رزه‌کارییه‌وه‌ کارم تێداکردبوو ، له‌ رۆژگاری نه‌هات و نووچداندا پشتی تێبکه‌م . پێموابوو ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌م حزبه‌ ئه‌مه‌کدار نه‌بم ، سبه‌ینێ به‌رامبه‌ر حزبه‌ نوێیه‌که‌ش ئه‌مه‌کدار نابم . له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاماده‌ییم بۆ ئیشکردن و هه‌ڵگرتنی مه‌سئولییه‌ت و ئاکامه‌کانیشی هه‌بوو . به‌و گیانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ حزب کردو هه‌ڵوێسته‌کانم له‌و ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ داڕشت و و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵسوکه‌وتم کرد :
1 – وه‌ک بۆیان باسکردم به‌یاننامه‌یه‌ک به‌ناوی ( لفیف من کوادر الحزب الثوري الکردستاني ) دژی مه‌کته‌بی سیاسی حزب ده‌رچووبوو ، چه‌ند جارێک به‌ناوی مشتومڕکردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ رایه‌کی وه‌ها ده‌هاته‌گۆڕێ که‌ ئێمه‌ش به‌یاننامه‌یه‌کی وه‌ها ده‌ربکه‌ین ، به‌ڵام زۆربه‌ی هاوڕێیانمان ئه‌وه‌یان ره‌تکرده‌وه‌و به‌یاننامه‌ی پێشنیازکراو ده‌رنه‌چوو .
2 – ئه‌گه‌رچی بارزانی له‌ هه‌نگاوێکی زیره‌ک و مه‌سئولانه‌دا لێبوردنی گشتی ده‌رکردبوو ، بواری ئه‌وه‌ هه‌بوو بتوانین له‌ سلێمانی دابنیشین به‌مه‌رجێ چالاکیی حزبی خۆمان رابگرین ، به‌ڵام مانه‌وه‌مان له‌ به‌غدا هه‌ڵبژاردو پێمان وابوو که‌ بۆ ئێمه‌ی کادیرانی ناسراوی حزب شیاو نییه ، ‌ بێ رێککه‌وتنێکی حزبی و به‌شێوه‌یه‌کی ره‌سمی ، بڕۆینه‌وه‌و له‌سایه‌ی حزبی به‌رامبه‌ردا دابنیشین .
3 – دوای لێبوردنه‌که‌ی بارزانی و هه‌واڵی نزیکبوونه‌وه‌و گفتوگۆ بۆ ساڕیژکردنه‌وه‌ی زامه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌نێوانی هه‌ردوو حزبدا ، ئومێدێکی خۆشخه‌یاڵانه‌ هاته‌ ئاراوه‌ که‌ بتوانین وه‌ک دوو حزب پێکه‌وه‌ بژین و هه‌ر حزبه‌ هه‌وڵی به‌دیهێنانی به‌رنامه‌ی خۆی بدا . ئه‌و کاته‌ رایه‌کی وه‌هام له‌لا دروستبوو که‌ بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی نیشتمانیی یه‌کگرتوو خه‌بات بکه‌ین له‌شێوه‌ی به‌ره‌ی یه‌کگرتووی نیشتمانی نێوان چین و کۆمینتانگ دژی داگیرکه‌رانی ژاپۆن له‌ ساڵانی دووه‌م جه‌نگی جیهانیدا . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نامیلکه‌یه‌کم به‌ ناونیشانی ” به‌ره‌و یه‌کێتیی ریزه‌کانی گه‌لی کورد ” نووسی . له‌م نامیلکه‌ ده‌ستنووسه‌دا پێشنیازی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌ییم له‌نێوان هه‌ردوو باڵه‌که‌ی پارتیدا کرد . ده‌ستنووسه‌که‌شم دایه‌ ده‌ست مامجه‌لال به‌هیوای ئه‌وه‌ی وه‌ک پڕۆژه‌یه‌ک پشتگیریی بکات و له‌ کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا بیخاته‌ڕوو ، یان دوای پێداچوونه‌وه‌ی دابڕێژرێته‌وه‌و حزب به‌رده‌می رای گشتی بخات . به‌ڵام ده‌ستپێکردنی وتووێژی نێوان هه‌ردوو باڵی پارتی له‌و کاته‌داو ، پێداگرتنی بارزانی له‌سه‌ر یه‌کخستنه‌وه‌ی پارتی به‌ هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه‌ له‌ یه‌ک حزبدا ، یان راستتر بڵێین چوونه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ ژێر سایه‌و سه‌رکردایه‌تی خۆی ، خه‌ونی به‌ره‌ی یه‌گرتووی نه‌هێنایه‌دی و ده‌ستنووسه‌که‌ش له‌لای مامجه‌لال مایه‌وه‌ .
4 – هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ی دوای به‌یاننامه‌ی مارتی 1970 ، پێش وتووێژی یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارتی ، حکومه‌تی به‌عس ، به‌نیازی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی له‌و هه‌لومه‌رجه‌ سیاسییه‌ی ئه‌و کاته‌دا ، بیری له‌ناردنیان ده‌کرده‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق و له‌سه‌فاره‌ته‌کاندا ئه‌رکێکیان پێبسپێرێت . له‌به‌رئه‌وه‌ مه‌کته‌بی سیاسی کۆمیته‌یه‌کی ناوه‌ندیی کاتیی پێکهێنا . به‌نده‌ یه‌کێک بوو له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمیته‌ ناوه‌ندییه‌ . ئه‌م کۆمیته‌یه‌ یه‌ک دوو مانگ کاری کرد ، به‌رنامه‌ی په‌یوه‌ندیکردنه‌وه‌ی به‌رێکخستنه‌کانی حزبه‌وه‌ له‌ کوردستان دانا ، به‌ڵام که‌ حکومه‌ت له‌ نیازه‌که‌ی په‌شیمانبووه‌وه‌ ، ئه‌م کۆمیته‌ کاتییه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ .
5 – له‌ هاوینی هه‌مان ساڵدا ( 1970 ) پارتی ( م . س ) کۆنفرانسێکی به‌ست . رۆژی یه‌که‌می کۆنفرانسه‌که‌ له‌ بێستانێکی شارۆچکه‌ی ( فلوجة ) بوو . حکومه‌ت به‌وه‌ی زانی ، بۆیه‌ دووه‌م رۆژ کۆنفرانسه‌که‌ هێنرایه‌ ماڵی کاک عومه‌ر ده‌بابه‌ له‌ به‌غدا . دوای بڕیاردانی راسپارده‌ی پیویست ده‌رباره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌و ، به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی گفتوگو له‌نێوان هه‌ردوو باڵه‌که‌ی پارتی ، کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ چه‌ند ئه‌ندامێکی نوێ پڕکرایه‌وه‌ که‌ له‌نێوانیاندا به‌نده‌و چه‌ند هاوڕێیه‌کی تێدا بوو که‌ سه‌ر به‌ ئیتیجاهی ماویستی بوون .
6 – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شداو ، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ، یه‌کتر بینین و گفتوگۆی گه‌رم له‌ نێوان ئه‌ندامان و کادیرانی پارتی ( م . س ) دا ، ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی حزب و چاره‌نووسی مه‌سه‌له‌ی کوردو ئاسۆی دواڕۆژ ، هه‌بوو . ئه‌گه‌رچی ، به‌گشتی ، هه‌مووان له‌گێژاوێکی سیاسیدا ده‌خولانه‌وه‌و به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤدا ده‌گه‌ڕان ، به‌ڵام بۆ ئیتیجاهی ماویستی نێو حزب ، مه‌سه‌له‌ی حزبێکی شێوه‌ نوێ ، خاڵی ناوکۆیی ئه‌لته‌رناتیڤێک بوو که‌ قسه‌ی جیددی له‌سه‌رده‌کرا .
7 – له‌ڕاستیدا گروپه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ له‌ یه‌کتری ئاشکرابوون ، چونکه‌ تاپێش به‌یاننامه‌ی 11 ی مارتی 1970 هه‌موویان یه‌کبوون و فراکسیۆنێکی فراوانیان له‌ نێو حزبدا پێکده‌هێنا . ئه‌و کاته‌ دوو گرووپ یان دوو ( فراکسیۆن ) ی سه‌ره‌کی به‌جیا خه‌ریکی خۆئاماده‌کردن بوون ؛ پاشان ئه‌ندامه‌ ماویستییه‌کانی نێو کۆمیته‌ی ناوه‌ندیش ، که‌ یه‌ک یان دوانیان له‌ گرووپه‌که‌ی شه‌هید شه‌هابه‌وه‌ نزیکبوون ، له‌ شێوه‌ی گرووپێک یان فراکسیۆنێک په‌یوه‌ندییه‌کی زیاتریان پێکه‌وه‌ گرێدا ، تا سه‌ره‌نجام به‌ هه‌وڵی مامجه‌لال نوێنه‌رانی هه‌رسێ گرووپه‌که‌ بۆ پێکهاتن و نه‌هێشتنی ساردیی نێوانیان پێکه‌وه‌ دانیشتن . له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ، که‌ له‌ماڵی مامۆستا مه‌حمودی مه‌لا عیززه‌ت کرا ، دوای گفتوگۆو رازوگله‌یی له‌یه‌کتری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێککه‌وتن که‌ په‌یوه‌ندییان گه‌رمبکه‌نه‌وه‌و زیاتر چاویان به‌یه‌کتری بکه‌وێت و کارێکی هاوبه‌ش بۆ پێکهێنانی رێکخستنێکی مارکسی لێنینی بکه‌ن . به‌ڵام هه‌رزوو گرووپی کاک نه‌وشیروان و مامۆستا مه‌حمود په‌شیمان بوونه‌وه‌ ، چونکه‌ له‌لایه‌ک ناوهێنانی ئاشکرای ( مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ ) یان قبووڵ نه‌بوو ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ تێبینییان له‌سه‌ر هه‌ڵسووڕاوێکی چالاکی گرووپه‌که‌ی شه‌هید شه‌هاب هه‌بوو ، جگه‌ له‌وانه‌ش پێیان وابوو که‌ دوو گرووپه‌که‌ی تر هه‌ر یه‌ک گرووپه‌و به‌بێ ئه‌مان کاری رێکخراوه‌ییان کردووه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ مێژوو پێویسته‌ بگوترێت و شاهیدی له‌سه‌رده‌ده‌م ئه‌وه‌یه‌ : تا ئه‌و به‌رواره‌ ، رێکخستن و کاری رێکخراوه‌یی وه‌ک حزب یان رێکخراو نه‌کرابوو . جۆری په‌یوه‌ندییه‌کان شێوه‌ی ئیلتیزامی حزبییان نه‌بوو ، نه‌ به‌رنامه‌ی نووسراو هه‌بوو و نه‌ پێڕه‌وی ناوخۆی کارکردن . به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ هه‌ر ساردبوون و ده‌ستپێشخه‌رییه‌کیان به‌رده‌ممان نه‌خست ، هه‌ردوو گرووپه‌که‌ی تر یه‌کیانگرت و بڕیاریان دا چه‌ند دانیشتنێک به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی رێکخراوێکی مارکسی لێنینی بکه‌ن .
یه‌که‌م دانیشتنی هاوبه‌ش وه‌ک یه‌ک گرووپ ، له‌ ماڵی کاک فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر له‌ گه‌ڕه‌کی ( راغبة خاتون ) له‌ به‌غدا کرا . له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا رێکخراوه‌که‌ ناوی ( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی ) لێبنرێت . هه‌ڵبژارنی ناوی ( کۆمه‌ڵه‌ ) مان له‌ دوو ناوی مێژووی خه‌باتی چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ وه‌رگرت ، یه‌که‌میان : کۆمه‌ڵه‌ی کۆمۆنیسته‌کان که‌ مارکس و ئه‌نگڵز ، وه‌ک به‌رنامه‌ ( مانیفێست ) یان بۆ نووسی ، دووه‌میان : کۆمه‌ڵه‌ی ( ژ . ک ) که‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردو سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له‌ مهاباددا نه‌خشی خۆی هه‌بووه‌و دواتریش بنه‌مای دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بووه‌ . هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاری نووسینی به‌رنامه‌و پێڕه‌وێکی ناوخۆ دراو ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌رکه‌که‌ی به‌ من سپێردرا . له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکدا به‌رنامه‌و پێڕه‌وه‌که‌م گه‌ڵاڵه‌کرد ، سوودم له‌ به‌رنامه‌و پێڕه‌وی ناوخۆی چه‌ند حزبێک وه‌رگرت له‌وانه‌ : پارتی ( م . س ) به‌رنامه‌ی په‌سه‌ندکراوی شه‌شه‌م کۆنگره‌ له‌ که‌لار ، حزبی شیوعی عێراق ، به‌ره‌ی میللی رزگارکردنی فه‌له‌ستین ، به‌رنامه‌و پێڕه‌وی ناوخۆی حزبی کۆمۆنیستی چین که‌ کۆنگره‌ی نۆیه‌میان له‌ساڵی 1969 دا بڕیاری دابوو . ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ش بڵێم که‌ به‌رنامه‌که‌ ، به‌تایبه‌تی به‌شی پێڕه‌وی ناوخۆ ، فۆتۆکۆپییه‌کی به‌رنامه‌که‌ی حزبی کۆمۆنیستی چین بوو .
دوای هه‌فته‌یه‌ک له‌ دانیشتنی یه‌که‌م ، بۆ تاووتوێکردنی به‌رنامه‌که‌ ، هه‌ر له‌ ماڵی کاک فه‌ره‌یدوون کۆبووینه‌وه‌ . له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که‌ دوو هاوڕێمان نه‌هاتبوون و به‌ ده‌میی خۆکێشانه‌وه‌ی خۆیان پێڕاگه‌یاندین ، به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆکاری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یانمان پێ بڵێن ، گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌که‌ کراو ، به‌کۆی ده‌نگ بڕیاری له‌سه‌ردرا . هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سکرتێرو جێگری سکرتێر ( که‌ له‌ پێڕه‌وه‌که‌دا ناوی سکرتێری دوومی لێنرابوو ) و لێپرسراو بۆ شاره‌کانی به‌غداو سلێمانی و که‌رکوک و هه‌ولێر دیاریکرا . ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ ( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق ) ده‌ستبه‌کاربوو .
سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی که‌ ” ئایا رۆژێک له‌ رۆژان هیوای ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌و رێکخراوه‌ ( واته‌ کۆمه‌ڵه‌ ) به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان دروستببێته‌وه‌ ؟ ” ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و خه‌باتی چینایه‌تی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ . هیچ رێکخراوێک به‌بێ کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی ناتوانێت بژی و له‌ خه‌باتکردندا به‌رده‌وام بێت . کۆمه‌ڵه‌ وه‌ک کارێکی سکتاریستی له‌سه‌ره‌وه‌ دروستبوو ، ده‌سته‌یه‌ک ئیراده‌گه‌رییانه‌و ، به‌پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌کی رۆشنبیریی رۆشنبیران دایانمه‌زراند ، ئه‌وه‌ خه‌وشی قۆناغی بنیاتنانی بوو که‌ بارودۆخه‌که‌ به‌سه‌ریدا سه‌پاندین ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی له‌باربوو ، به‌تایبه‌تی هه‌لومه‌رجی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ، دوای هه‌ره‌سه‌که‌ی ساڵی 1975 گه‌شه‌یکردوو له‌یه‌ک دوو ساڵدا بووه‌ گه‌وره‌ترین رێکخستنێکی حزبی له‌ کوردستانداو سه‌رکردایه‌تی شۆڕشێکی نوێی کرد . ئیمڕۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ بۆ دروستکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ له‌ ئارادا نییه‌ ، به‌ڵام توندبوونه‌وه‌ی ناکۆکی دوژمنانه‌ی نێوان گه‌لی کوردو شۆڤێنیزمی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی سه‌رده‌ستن و له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژین ، هه‌روه‌ها هه‌لوێستی نه‌رێیانه‌ی ئه‌مریکا له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کوردو پشتگیرییان بۆ داگیرکه‌رانی شۆڤێنیزمی کوردستان و مانه‌وه‌ی عێراق ( به‌کوردستانیشه‌وه‌ ) وه‌ک وڵاتێکی داگیرکراو ، رۆژ له‌دوای رۆژ په‌ره‌ به‌ ناکۆکییه‌کان ده‌سێنێ و ، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ ده‌هێڵنه‌وه‌ که‌ چه‌ندین رێکخراوی دیکه‌ دابمه‌زرێت ، یان رێکخراوێکی سیاسی دیکه‌ی رادیکاڵتر له‌ کۆمه‌ڵه‌ سه‌رهه‌ڵبدات و ، ته‌نانه‌ت به‌هه‌مان فیکره‌وه‌ ( مارکسیزم – لێنینیزم – ماویزم ) کار بکات ؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بارودۆخی واقیعیی نێوخۆی کوردستان کاریگه‌رێتی خۆی هه‌یه‌ بۆ بیرکردنه‌وه‌ له‌ حزب و رێکخراوی نوێ وه‌ک به‌دیلێک بۆ ئه‌و حزبانه‌ی که‌ ئێستا هه‌ن به‌ ده‌سه‌ڵاتدارو بێده‌سه‌ڵات و پاشکۆکانیشه‌وه‌ . به‌ کورتی : فراوانبوونه‌وه‌ی ناکۆکی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌لایه‌که‌وه‌و جه‌ماوه‌ری گه‌لی کوردستان له‌لایه‌کیدیکه‌وه‌ ، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی باری گرانی و ، نه‌بوونیی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان و ، به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان و ، په‌ره‌سه‌ندنی جه‌مسه‌ربه‌ندیی نێو کۆمه‌ڵ بۆ چینێکی باڵاده‌ست له‌ مه‌سئوله‌کانی ده‌وڵه‌ت وحزب و سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆو جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی که‌مده‌ست و په‌راوێزخراوو سه‌رکوتکراو ؛ ئه‌م هۆکارانه‌ش نه‌خشیان ده‌بێت و‌ ، ئه‌گه‌ری پێکهێنانی چه‌ندین حزب و رێکخراو ، له‌وانه‌ش حزب و رێکخراو له‌ شێوه‌ی کۆمه‌ڵه‌ ، به‌کراوه‌یی ده‌هێڵنه‌وه‌.
هه‌ر رێکخراوێک زه‌رووره‌تی مێژوویی بنه‌مای بێت سه‌رهه‌ڵده‌دات و دێته‌ ژیانه‌وه‌و ، بۆ ئه‌و مه‌ودا مێژووییه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌که‌ پێویستێتی . هه‌ر ئیمڕۆ له‌و شێوه‌ رێکخراوه‌ی وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی له‌ عێراقدا هه‌ن . چه‌ند گرووپێک که‌ گه‌وره‌یی و بچووکییان نازانم ، به‌ناوی رێکخستنی مارکسی لێنینی ماوییه‌وه‌ کار ده‌که‌ن ، له‌وانه‌ : ( المنظمة الماویة الثوریة العراقیة ) و ( تجمع المارکسیین اللینینیین الثوریین العراقیین ) . یه‌که‌میان باڵێکی سه‌ربازیشی هه‌یه به‌ناوی ( جبهة النجوم الحمراء الثوریة ) . له‌سه‌ر ئاستی جیهانیشدا‌ ، بزووتنه‌وه‌یه‌کی جیهانیی کۆمه‌ڵێک رێکخراوو حزبی ماویستی له‌ چه‌شنی کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وسا هه‌یه‌ به‌ناوی ( بزووتنه‌وه‌ی ئینته‌رناسیۆنالیستیی شۆڕشگێڕ ) ه‌وه‌ .

ھاوڵاتی : زۆرێک گوێبیستی گێڕانه‌وه‌و به‌سه‌رهاتی مێژووی ئه‌و رێکخراوه‌ ده‌بین ، به‌ڵام ناجۆرییه‌ک یاخود کۆک نه‌بوونێک له‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و رێکخراوه‌یه‌دا به‌دیده‌کرێت . ئایا پێتوانییه‌ که‌ ئەوە بەھۆی ئەوەوە بێت کە خودی رێکخراوه‌که‌ ئاسۆو ئامانجه‌کانی ناڕۆشن بووبێت ؟

فوئاد قه‌ره‌داغی : وه‌ک له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م بۆ کرد ، چه‌ندین هۆکار کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی مێژوو هه‌یه‌ . نابێت ئه‌و راستییه‌شمان له‌بیربچێته‌وه‌ که‌ مێژوو ( به‌زۆری ) له‌لایه‌ن چینی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵ و نوێنه‌ره‌کانیه‌وه‌ ده‌نووسرێته‌وه‌ . یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی کۆکنه‌بوونی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ ، نه‌مانی دۆکیۆمێنته‌کانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌یه‌ ، له‌وانه‌ دوو به‌ڵگه‌نامه‌یان سه‌ره‌کین ، یه‌که‌میان : به‌رنامه‌و پێڕه‌وی ناوخۆیه‌ ، دوومیشیان : هه‌ڵسه‌نگاندنی حزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌ چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ که‌ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر مشتومڕمان له‌سه‌رکردو ، هه‌ندێ له‌ ناکۆکییه‌کانی نێوان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداو پاشان گه‌شه‌یکردوو بوووه‌ هۆیه‌ک له‌ هۆیه‌کانی جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌کتری .
لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بکه‌ین که‌ له‌ نێوان دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌و ئێستادا نزیکه‌ی چل ساڵێک ده‌بێت ، بۆیه‌ له‌بیرمانه‌وه‌ به‌بێ یادداشتکردن له‌ کاتی خۆیدا ، کارێکی سته‌مه‌و ناکرێت سه‌داسه‌د گێڕانه‌وه‌کان وه‌کویه‌ک ده‌رچن ؛ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێکی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ ئێستا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتن و باشترین هه‌لیان له‌به‌رده‌مدایه‌ که‌ خۆیان چۆنیان بوێت ، ئاوه‌ها ئه‌و مێژووه‌ بنووسنه‌وه‌ .
له‌ڕاستیدا نووسینه‌وه‌ی مێژوو له‌ لایه‌نداریی ( إنحیاز ) بێبه‌ری نییه‌ . لانیکه‌می مه‌رجێک بۆ نووسینه‌وه‌یه‌کی راستگۆیانه‌ی مێژوو ، بێلایه‌نیی زانستییه‌ ، ئه‌ویش به‌ ده‌گمه‌ن له‌ که‌سانی ئاسایی ( کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتوو له‌ بواری زانستدا ) هه‌یه‌و ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار که‌سه‌ ئه‌کادیمییه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ ” ناجۆرییه‌ک یاخود کۆکنه‌بوونێک له‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و رێکخراوه‌یه‌دا ” که‌ به‌دیده‌کرێت ، ئاساییه‌و ده‌بێت تۆژیاران له‌ نێو دێڕو وشه‌کانه‌وه‌ به‌دوای راستیدا بگه‌ڕێن تا مێژووه‌که‌ وه‌کو خۆی بنووسنه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی که‌ ئێستا ( دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ) شێوه‌یه‌ک یان دیارده‌یه‌کی نه‌شیاو له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژوودا هاتۆته‌کایه‌وه‌و ، زۆربه‌یه‌ک ته‌نها بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی خۆیان ده‌ستیان پێنووس ده‌گرێت . که‌سانێک هه‌ن خۆیان ده‌که‌نه‌ ده‌مڕاستی مێژوویه‌ک که‌ ئاگایان لێی نییه‌و نه‌خشێکی به‌رچاویان تێدانه‌بووه‌ . ئه‌مه‌ بۆ خۆی هۆکارێکی دیکه‌یه‌ که‌ ناجۆری و ناکۆکی و کۆکنه‌بوون له‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا بخاته‌وه‌ .
کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق ، به‌ئاسۆو ئامانجێکی روونه‌وه‌ دامه‌زرا . له‌یه‌که‌م به‌رنامه‌یدا ئه‌و ئامانجانه‌ی به‌ڕوونی تێدا بوو . به‌رنامه‌ی لانیکه‌می کۆمه‌ڵه‌ شۆڕشی دیموکراتی نوێ بوو که‌ ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی نیشتمانی – دیموکراتیی بۆرژوازی به‌دیبهێنێت و زه‌مینه‌ی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی خۆش بکات . واته‌ وه‌ک هه‌ر رێکخراوێکی کۆمۆنیستی ( ماویستی ) ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی کردبوو به‌ دوو قۆناغه‌وه که‌ دوا ئامانجی کۆمۆنیزم بوو .‌ هه‌ر له‌ نێو به‌رنامه‌که‌دا ئاماژه‌ش به‌وه کرابوو که‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کوردیش ده‌که‌وێته‌ نێو ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی دیموکراتی نوێوه‌ . کۆمه‌ڵه‌ له‌ڕووی ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ خۆی وه‌ک رێکخراوێکی کۆمۆنیستی ناساندو ، چراوگی خه‌باتیشی به‌ مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ دیاریکردبوو . هیچ که‌سێک به‌بێ بڕوابوون به‌م پرنسیپه‌ ئایدیۆلۆژییه‌ له‌ڕیزه‌کانیدا وه‌رنه‌ده‌گیرا . خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌و پرنسیپه‌ یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی ناکۆکیمان بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌دا که‌ هاوبه‌شییان له‌ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا نه‌کرد . مه‌سه‌له‌ی پێکهێنانی حزبی پێشڕه‌وی پڕۆلیتاریا بۆ سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کوردو ، به‌ره‌ی نیشتمانیی یه‌کگرتوو و ، له‌شکری گه‌ل و‌ شۆڕشی درێژخایان ، هیچ دوودڵییه‌ک و ناڕۆشنییه‌ک له‌ باره‌یانه‌وه‌ نه‌بوو . له‌نێو خۆماندا هیچ ناکۆکییه‌کمان له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپانه‌ نه‌بوو ؛ پێڕه‌وی ناوخۆش پرنسیپه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی رێکخستنی وه‌ها دیاریکردبوو : ناوه‌ندێتی دیموکراتی ، ئازادی و دیسپلین ، گوێڕایه‌ڵی که‌مایه‌تی بۆ زۆربه‌ ، گوێڕایه‌ڵی هه‌موو رێکخستن بۆ کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی ، په‌یڕه‌وکردنی هێڵی جه‌ماوه‌ری و پرنسیپی ” له‌جه‌ماوه‌ره‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر ” ، شێوازی هه‌ڵبژاردن بۆ دانانی کۆمیته‌کان ، پاراستنی مافی بیروبۆچوونی تایبه‌تی که‌مایه‌تی ، شێوازی خه‌باتی نهێنی و ئاشکرا به‌پێێ هه‌لومه‌رجی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌وله‌و‌ییه‌تی کاری نهێنی له‌و کاته‌دا . له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپانه‌ی رێکخستنێکی کۆمۆنیستی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ ناکۆکییه‌ک و ناڕۆشنییه‌ک له‌ ئارادا نه‌بوو . تاکه‌ خاڵێک که‌ ناڕۆشنی له‌سه‌ر هه‌بوو ، مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌ی رێکخراوه‌که‌و سنووری کارکردنی بوو . ئایا رێکخستنه‌که‌ ناسنامه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی ده‌بێت یان ناسنامه‌یه‌کی ئینته‌رناسیۆنالیستی ؟ ئایا ستراتیژی کاری رێکخراوه‌که‌ له‌ بواری رێکخستندا کارکردن ده‌بێت بۆ بنیاتنانی حزبێکی کۆمۆنیستیی عێراقی یان حزبێکی کۆمۆنیستیی کوردستانی ؟ ستراتیژی کۆمه‌ڵه‌ رزگاری کوردستانه‌ له‌چوارچێوه‌ی شۆڕشی دیموکراتی نوێی عێراقدا یان ته‌نها رزگارییه‌ له‌سه‌ر ئاستی کوردستان ؟ ورده‌کاریی ئه‌م ناڕۆشنییه له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا به‌ته‌واوی و به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بوو ، که‌سێک به‌ وردی له‌م رووه‌وه‌ باری سه‌رنجێکی تایبه‌تی نه‌بوو و مشتومڕیشی له‌سه‌ر نه‌ده‌کرا ، به‌ڵام دواترو دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ک کارکردن ، ناکۆکی له‌م رووه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداو سه‌ره‌نجامیش جیابوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک له‌ هه‌ڵسووڕاوانی کۆمه‌ڵه‌ بوو له‌ ئابی 1971 دا .

ھاوڵاتی : به‌ڕێزت له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ هاوڕێکانتا هه‌ر زوو ده‌ستان له‌ رێکخراوه‌که‌ کێشاوه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌کی تر په‌یوه‌ندیتان به‌ شه‌هید ئارامه‌وه‌ کردووه‌ ، ئایا ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ شه‌هید ئارامیش له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ باڵ و بۆچوونه‌کانی ناو رێکخراوه‌که‌ کۆک و ته‌با نه‌بووبێت ؟

فوئاد قه‌ره‌داغی : دوای ساڵ و نیوێک کارکردن ، ناکۆکیی فیکری له‌ نێوان ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی و پاشان ئه‌ندامانی شانه‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا دروستبوو . سه‌ره‌تای ناکۆکی ، له‌ لێکۆڵینه‌وه‌و مشتومڕکردن له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌ نووسینه‌ ده‌ستیپێکرد که‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی حزب و رێکخراوه‌ چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، بۆ ساخکرنه‌وه‌و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی فیکرو سیاسه‌ت و رێبازی کارکردنمان ، نووسیبوومان . ئه‌م ناکۆکییه‌ بۆ جارێکی دیکه‌ ناسنامه‌و ئاسۆی کاری کۆمه‌ڵه‌ی هێنایه‌وه‌ گۆڕێ ، تا کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئابی 1971 دا به‌ شێوه‌یه‌کی هێمن و ئازادانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی و چه‌ند هاوڕێیه‌کی دیکه‌ له‌ سلێمانی و به‌غدا ده‌ستمان له‌ رێکخراوه‌که‌ کێشایه‌وه‌ . تا ئه‌و کاته‌ی ئێمه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ جیابووینه‌وه‌ شه‌هید ئارام ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی نه‌بوو . ئه‌و ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ بوو . له‌ڕێی شه‌هید شه‌هابی شێخ نورییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌بوو . ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم ، تا یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی ، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سکرتارییه‌تی یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستان بوو . نووسه‌رێکی به‌توانا بوو . له‌ رۆژنامه‌ی هاوکاریدا ده‌ینووسی و دواتریش سه‌رپه‌رشتیی لاپه‌ڕه‌ دووی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی ده‌کرد ؛ له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حلمی علی شریف و به‌ یارمه‌تی سه‌فاره‌تی کۆریای باکوور له‌ به‌غدا خه‌ریکی وه‌رگێڕانی کتێبه‌کانی ( کیم ئیل سۆنگ ) بوو . هه‌ر بۆ مێژوو ئه‌وه‌ش ده‌درکێنم که‌ له‌ دانیشتنێکدا ، به‌ر له‌ ده‌ستکێشانه‌وه‌مان به‌چه‌ند مانگێ ، پێشنیازی ئه‌وه‌ هاته‌پێشه‌وه‌ که‌ هاوڕێیه‌ک بۆ کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی سه‌رخرێت . له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ناوی ئارام و فه‌همی قه‌ره‌داغی هاته‌ پێشه‌وه‌ ، قسه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان له‌سه‌رکرا ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ک یان دوو ئه‌ندامی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نه‌بوون ، بڕیاردان له‌م باره‌یه‌وه‌ دواخرا ، کاتێکیش کۆبوونه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی هه‌مووان کرا ، مشتومڕو ناکۆکی نێوانمان ئه‌وه‌ی له‌بیربردینه‌وه‌و جارێکی دیکه‌ باسنه‌کرایه‌وه‌. دوای ده‌رچوونی ئێمه‌ش له‌ کۆمه‌ڵه‌ ، ئاگادار نیم که‌ی ئارام هێنراوه‌ته‌ کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌وه‌ ، کاتێک ئێمه‌ زانیمان ئارام به‌رپرسیارێتی کۆمه‌ڵه‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌ ، ئه‌و له‌ سلێمانی خۆی شاردبووه‌وه‌و ، شه‌هید شه‌هاب و کاک فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر که‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌بوون له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کیاندا ، که‌ تا ده‌ستکێشانه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ نه‌بوون ، له‌ ئێران گیرابوون . ببوورن که‌ چه‌ند جارێک وشه‌ی ( ئێمه‌ ) م به‌کارهێنا ، مه‌به‌ستم له‌وه‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌یه‌ که‌ پێکه‌وه‌ ده‌ستمان له‌ کارکردن کێشایه‌وه‌و ، دوای که‌متر له‌ ساڵێک دانیشتن و راگۆڕینه‌وه‌و خۆساخکردنه‌وه‌‌ ، رێکخراوێکمان دامه‌زراند به‌ ناوی ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییه‌کانی عێراق ) که‌ ته‌نها یه‌ک هاوڕێمان له‌م رێکخراوه‌دا کاری له‌گه‌ڵ نه‌کردین و چووه‌ ریزه‌کانی حزبی شیوعی عێراق – قیاده‌ی مه‌رکه‌زییه‌وه‌ ، ئه‌ویش فاضلی مه‌لا مه‌حموود بوو .
ئه‌م رێکخراوه‌ نوێیه‌ زۆر نهێنی و داخراوبوو ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌لای هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ش ئاشکرانه‌بوو ، هه‌رچه‌نده‌ یه‌ک دوو هاوڕێیان که‌ دراوسێی ماڵی هاورێیه‌کمان بوون له‌ سلێمانی ، به‌ مه‌زه‌نده‌و هه‌ندێک موتابه‌عه‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌مان ، هه‌ستی ئه‌وه‌یان کردبوو که‌ رێکخستنێکی نوێ له‌ ئارادا هه‌یه . ئه‌م هاوڕێیه‌مان ( ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مه‌لا صدیقی قه‌ره‌داغی ) که‌ دواتر له‌ هه‌نده‌ران به‌( گۆران قه‌ره‌داغی ) ناسرا ، دوای چه‌ند ساڵێک له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌کی دیکه‌مانه‌وه‌ که‌ گیرابوو ئیعتیرافی له‌سه‌رکراو له‌ سلێمانی خۆی شارده‌وه‌‌ . ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خۆشاردنه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌نێو شاردا زۆر ئاسان نه‌بوو ، بۆیه‌ گۆران ناچاربوو بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی شار . ئه‌و پێشتر ئارامی ده‌ناسی و دوو یان سێ جار چاوی پێکه‌وتبوو ، بۆیه‌ له‌ چوونیدا بۆ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ په‌یوه‌ندی پێوه‌کردبوو ، ئه‌ویش به‌سنگێکی فراوانه‌وه ‌ئاماده‌یی ده‌ربڕیبوو که‌ له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌که‌ی ئه‌ودا بێت و ، فیکری جیاوازو سه‌ربه‌خۆی بپارێزێت و رێزی لێبگرن .
هاوڕێ ئه‌وڕه‌حمان( گۆران ) که‌ له‌ناو مه‌فره‌زه‌که‌ی شه‌هید ئارامدا به‌ هاوڕێ ( کامیل ) ده‌ناسرا په‌یوه‌ندییه‌کی توندی هاوڕێیانه‌ی له‌گه‌ڵ ئارامدا گرێدا ، ئارام گوێی لێده‌گرت و پرس وڕای پێده‌کرد ، هیچ یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کان نه‌یانده‌زانی که‌ ( گۆران ) کۆمه‌ڵه‌ نییه‌ ، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێک پێیان گوتبوو : هاوڕی کامیل ، به‌ڕاستی پێمان بڵێ تۆ مه‌سئولی یه‌که‌می ئه‌م مه‌فره‌زه‌یه‌ی یان کاک ئارام !
ئارام ، له‌ڕێی ( گۆران ) ه‌وه‌ چه‌ند جارێک پێشنیازی کردبوو بچینه‌وه‌ نێو کۆمه‌ڵه‌ . ئێمه‌ له‌ ده‌می ئه‌وه‌وه‌ ده‌مانبیست که‌ فیکری ئارام زۆر له‌ فیکری ئێمه‌وه‌ نزیکه‌ ؛ به‌گوته‌ی ئه‌و ، ئارام له‌سه‌ر پێویستیی یه‌ک حزبی مارکسی لێنینی له‌ سنووری هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا فیکری رۆشن بوو ، هه‌ندێ جاریش به‌ گاڵته‌و پێکه‌نینه‌وه‌ ، سه‌رده‌می دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌و ئه‌و ناکۆکییانه‌ی بوونه‌ هۆی که‌رتکردنی ، به‌سه‌رده‌می ” کۆمه‌ڵه‌ی عه‌هدی بائید ” ناوده‌برد . به‌کورتی ئه‌مه‌ سنووری په‌یوه‌ندی ئێمه‌و ئارام بوو ؛ سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که‌ ئارام ” له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ باڵ و بۆچوونه‌کانی ناو رێکخراوه‌که‌ کۆک و ته‌با نه‌بووبێت ” وه‌ک له‌ پرسیاره‌که‌تاندا هاتووه‌ ، ئاگادار نیم ، چونکه‌ هاوڕێیانمان دوورو نزیک سۆراخی باری ناوخۆی کۆمه‌ڵه‌یان نه‌ده‌کرد و ، له‌ڕێگای رێکخستی خۆمانه‌وه‌ راسپێردرابوون که‌ ئه‌و کاره‌ بۆ سه‌لامه‌تیی ئه‌وانیش و خۆشمان نه‌که‌ن ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمانزانییایه‌ که‌سێک په‌یوه‌ندی به‌ کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌ لێی نزیک نه‌ده‌که‌وتینه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ مشتومڕمان له‌گه‌ڵ هاوڕی دێرینه‌کانمان له‌ نێو کۆمه‌ڵه‌دا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ فیکری و سیاسییه‌کان به‌رده‌وام بوو ، به‌ڵام بۆ ته‌نها جارێکیش هه‌وڵمان نه‌دا ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ یان دۆستێکیان بۆ خۆمان که‌سب بکه‌ین . ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای کارکردنمانه‌وه‌ وه‌ک رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ ئه‌و پرنسیپه‌مان په‌یڕه‌وکرد که‌ کێبه‌رکێی نامه‌بده‌ئی هیچ رێکخستنێک نه‌که‌ین که‌ خۆی به‌ مارکسی لێنینی بزانێت و ، پێمانوابوو گۆڕه‌پانی کوردستان فراوانه‌و جێگه‌ی هه‌موومانی تێداده‌بێته‌وه‌ و ، سه‌ره‌نجامیش ئه‌گه‌ر هه‌موومان به‌ڕاستی مارکسی لێنینی بین یه‌کده‌گرینه‌وه‌ .
ئارام به‌ده‌ستی جاشه‌کان شه‌هیدکراو ، هاوڕی ( گۆران ) یش به‌ چه‌ند مانگێک پێش شه‌هیدکردنی ئارام رێگای هه‌نده‌رانی گرته‌به‌رو ، تا یه‌ک دوو ساڵی دوای ئه‌وه‌ ، ته‌نها وه‌ک خه‌ڵکی تر ده‌نگوباسی کۆمه‌ڵه‌و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی نوێمان ده‌زانی .

ھەفتەنامەی (ھاوڵاتی ) ژمارەکانی 411 و 412 لە 6 – 4 و 9 – 4 – 2008

‌ ‌

کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق

5 حوزەیران

کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق
فوئاد قەرەداغی
دەستپێک
کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق ، یەکێکە لەو رێکخراوانەی لەدوای راپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 وە گرنگیی بە مێژووی دامەزراندنی دراوە ، چ لە قۆناغی سەرەتای دروستبوونیداو ، چ لە قۆناغی گۆڕینی ناوەکەی و خەباتیدا وەک ( کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ) .
لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین نامیلکەو کتێب لەسەر ئەم رێکخراوە نوسراون ، بەدەیان نووسەر لە گۆڤارو رۆژنامەو سایتەکانی ئینتەرنێتدا ، بە گشتی یان بەشێکی ئەو مێژووەیان بەسەرکردۆتەوە . ئەو بەشانەی لە کتێبەکاندا بۆ دامەزراندنی ئەم رێکخراوە تەرخانکراون ، ھەروەھا ئەو نووسەرانەشی لەسەر مێژووی دامەزراندنی نووسیویانە ، بەپێی دوورو نزیکییان لەو مێژووە و ، کارکردنیان لە سەرەتای کارەکەدا ، یان دواتر پەیوەستبوونیان بەکارە رێکخراوەییەکەوە ، نووسینەکانیان ھەڵگری راستییەکان یان بەشێک لە راستییەکانن . ئەمڕۆ چەندایەتییەک نوسین دەربارەی ئەم رێکخراوە ھەیە ، بەشێوەیەک راستی و ناڕاستی تێکەڵ بەیەکدی بوون ، بۆیە ئەم مێژووە پێویستی بە ساخکردنەوەیە و، ئەرکی ھەموو ئەو ھاوڕێیانەیە کە لەسەرەتای کارەکەدا بوون ، بەشداریی نووسینەوەی ئەو مێژووە بکەن ، تا مێژوونوسەکان لە ئێستادا یان لە ئایندەی نزیک و دووردا بتوانن بە پێی میتۆدی توێژینەوەی زانستیانەی مێژوو شەنوکەوی بکەن و ، راستییەکانی ئەو مێژووە لە نێو مێژووی گشتیدا بچەسپێنن .
ھاوڕێ نزیکەکانم ، بەتایبەت ئەوانەی لەسەرەتای کارەکەدا بوون ، ھەروەھا ھاوڕێیانیدیکە لە فەیسبوک و دەرەوەی فەیسبوکیشدا داواملێدەکەن ، وەک ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵە ، دەربارەی ئەو مێژووە نامیلکەیەک یان کتێبێک بنووسم و بۆ مێژووی بەجێبھێڵم .
راستە تا ئێستا کتێبێک یان نامیلکەیەک بەناومەوە دەربارەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە نییە ، بەڵام لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا ، لە چەندین دیمانەدا ، لە وەڵام بە پرسیارەکاندا ، بەشێکی زۆری ئەو مێژووەم وەک یادەوەریی – نەک نووسینەوەی مێژوو – بەیانکردووە .
لێرەدا وەک بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر ئەو مێژووەو بەرامبەر ھاوڕێکانیشم ، بەرودوا وتارو چاوپێکەوتنەکان بڵاو دەکەمەوە . وتارەکان و دیمانەکان لە گۆڤارو رۆژنامەی جیاجیادا بڵاوکراونەتەوە ، بەڵام دەشێت ئێستا لەبەردەستی ھاوڕێیانمدا نەبن و دەستیان پێیان نەگات .
ھەر لێرەدا دەمەوێت سەرنجی خوێنەری ھێژا بۆ ئەوە رابکێشم کە ئەو مێژووەی لێی دەدوێین بۆ نزیکەی پەنجا ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە ، بۆیە ئاساییە بەشێکمان لە یادچووبێت یان بەھەڵە رووداوێک لە جێی رووداوێک دانرابێت یان ناوی ھاوڕێیەک نەھاتبێت … ھتد . لەبەر ئەوە ھەرکەموکووڕییەکتان ھەستپێکرد ، تکایە ئاگادارم بکەن بۆ راستکردنەوەی ، تا زانیارییەکان بە ھەڵە نەڕوات .
ھەروەھا داوا لە ھاوڕێیانم دەکەم بە وردی وتارو دیمانەکان بخوێندنەوە ، ھەر سەرنج و تێبینی و پرسیارێکیان ھەبوو بە کۆمێنت یان مەسیج ئاگادارم بکەن ، تا لە وتارەکانی ئایندەدا روونکردنەوەی پێویستیان لەسەربدەم . ھەروەھا ھەوڵبدەم لەو نووسینانەمدا ، چارەسەری ئەو وتارانە بکەم کە کەم و زۆر دەربارەی ئەو مێژووە کەموکورتییان تێدایە یان بێئاگاییان پێوە دیارە ، یان بەمەبەست ، بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی بەشێک لە ھاوڕێیانی ھەڵسووڕاوو چالاکی سەرەتاکان نوسراون .

دامەزراندنی کۆمەڵە

گفتوگۆیەک لەگەڵ مامۆستا
فوئاد قەرەداغی
تێبینی دەربارەی ” دامەزراندنی کۆمەڵە ”
ئەمە کۆمەڵێک وەڵامە بە رستێک پرسیاری مەکتەبی ( بیرو ھوشیاریی ) یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەربارەی ھەلومەرجی دامەزراندنی ” کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق ” لە چاوپێکەوتنێکدا رۆژی 2 – 1 – 2008 ئاڕاستەیان کردم و وەڵامم دانەوەو تۆماریانکرد . بەڵام لەبەر ئەوەی تۆمارکردنەکە لەسەر ریکۆردەر بوو ، جارێکیدی چاومپێدانەگێڕایەوە ، کە ساڵی 2012 یش لە کتێبێکدا چاپیانکرد ، پرسیان پێنەکردم ھەتا رێکیبخەم و لە دەقێکی ئاخاوتنەوە بیکەم بە دەقێکی نووسین ، بۆیە لێرەدا پرسیارەکانم وەکو خۆی دانایەوەو ، وەڵامەکان و داڕشتنەکەیم کەمێک دەستکاریکرد ، تا زانیاری زێتر لەخۆیبگرێت و بۆ خوێندنەوە گونجاوتر بێت ، بەبێ ئەوەی لە ناوەرۆکی بابەتەکە لابدەم . ( فوئاد قەرەداغی ) .

س : چۆن ھەلومەرجی دامەزراندنی کۆمەڵەو ئەو ھۆکارانە باس دەکەیت کە بەشدارییان لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا کرد ؟
قەرەداغی : لە راستیدا سەرەتای بیرکردنەوە لە رێکخراوێک یان حزبێک کە تایبەتمەندییەکی شۆڕشگێڕانەی ھەبێت و ، ھاوکاریی ململانێی ئایدیۆلۆژی – سیاسیمان لەگەڵ پارتیدا بکات ، بۆ سەردەمی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک گەنجی پارتی ( مەکتەبی سیاسی ) لە گۆڤاری ( رزگاری ) دەگەڕێتەوە . ئەو ئاڕاستەیەی گۆڤاری ( رزگاری ) یەکەم ھەنگاوەکانی یاخیبوون ، یان رەتکردنەوەی دەروێشیی بوو لە پەیڕەویکردنی فیکرو پڕاکتیکی حیزب ( پارتی دیموکراتی کوردستان – باڵی مەکتەبی سیاسی ) .
ساڵێک بەر لە رێککەوتنی 11 ی ئازاری 1970 ، گۆڤاری ( رزگاری ) دەردەچوو ، ( یەکەم ژمارەی رۆژی 20ی نیسانی ساڵی 1969 و ، دوا ژمارەشی 14 و 15 رۆژی 27 ی ئازاری 1970 ) دەرچوو .
نەوشیروان مستەفا خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە بوو ، شازاد صائیب سەرنووسەر بوو ، فوئاد قەرەداغی – ش وەک سکرتێری نووسین کاری تێدا دەکرد .
گۆڤاری ( رزگاری ) ھەوێنی بیرکردنەوەو ، ئاڕاستەی چەپییانەی ئەو سەردەمەی نێو پارتی بوو . ئەو گەنجانەی لە دەوری کۆبووبوونەوە ، چەپێکی ماویستی بوون . خوێندنەوەی ئاڕاستەکراوی دژ بە ریڤیژنیزم ، کاریگەرێتیی وتارەکانی (رزگاری ) و کۆبوونەوە ھەفتانەییەکانی ( بەکرەجۆ ) یان بەسەرەوە بوو . دواتریش کە رێککەوتنەکەی بەعس و بارزانی شکستیپێھێناین و چووینە بەغدا ، خودی ھەرەسەکە پرسیاری جیاوازی لەلامان وروژاند و ، بەدوای وەڵامی ھۆکاری شکستەکەدا دەگەڕاین .
ئەو کاتە ، پشێوی ریزەکانمان و ، جیاوازی بیرکردنەوەو ھەڵسەنگاندن و گفتوگۆکانمان حاڵەتی پەرتەوازەیی خستەوە ، بۆیە ھەر چەند کەسێکی نزیک لەیەکەوە دەبوونە گروپێک و ، بەجیاو ، سەرەتا بەبێ ئاگاداریی گروپەکانیدی کاریاندەکرد؛ بەڵام بە گشتی یەک بازنە سنووری کارکردنیان بوو ، بۆیە زوو لەیەکدی ئاشکرابوون .
من بۆ یەکەم جار ئەم پرسەم لەگەڵ فازیل مەلا مەحمود تاووتوێکرد ، چەند ئێوارەیەکیدی لە چایخانەی ( المربعة ) لەگەڵ چەند خوێندکاری زانکۆی بەغدا گفتوگۆمان لەو بارەیەوە کرد ، ھەر ھەموو بە دوای بەدیلێکدا دەگەڕان.
ھەر لەو دەوروبەرەدا بوو ، شەوێک فەرەیدون عەبدولقادر بووە میوانم ، نازانم فازیل ئاگاداری ئەو ھاتنەی بوو یان نە ، گفتوگۆمان لەسەر زۆر پرسی ھەنووکەیی ئەو کاتە کرد ، بەتایبەتی لەسەرپێویستیی رێکخراوێکی سیاسی نوێ ھاوڕابووین ، بۆیە بەڕاشکاوی باسی ھەوڵەکانیانی بۆ کردم و ، داوایکرد بەو ھەوڵانەوە پەیوەستبم وکاریان لەگەڵدا بکەم .
ئەو کاتە لە نزیکەوە ئاگاداری گروپێکیدیکە بووم ، لەچەند ئەندامێکی پێشووی ناوچەو لقی سلێمانی پارتی ( مەکتەبی سیاسی ) پێکھاتبوو ، من شێوەی کارکردنیانم بە مەبدەئی نەدەزانی ، تا رادەیەک لێیان دووربووم و بەشداریی دانیشتنەکانیانم نەدەکرد ؛ بۆیە داواکەی فەرەیدونم پەسەندکردو بە گروپەکەیانەوە پەیوەستبووم ، ئیتر جگە لە یەکتربینینی رۆژانە ، لە کۆبوونەوە دەورییەکانیاندا بەشداریم دەکرد .
کەسانی دیاری گروپی دووەم ( نەوشیروان مستەفاو مەحمودی مەلا عیززەت و حەمە چاوشین ) بوو . ئەگەرچی سارد بوون و سارد بووین ، بەڵام بە حوکمی رابردوومان و ھاوڕێیەتی دێرین و نزیکیی ئایدیۆلۆژیی بەر لە 11ی ئازار ، پێشبینی ئەوەمان دەکرد بسازێین و پێکەوە رێکخراوە نوێیەکە دابمەزرێنین .
دوای ماوەیەکی کەم لە کارکردنم ، ھاوڕێیانی گروپەکەمان داوایان لێکردم : سەبارەت بە ھەردوو گروپەکەو ململانێی نێوانمان ھەندێک زانیاری بۆ مامجەلال بدرکێنم . بۆ ئەم مەبەستە سەردانی مامجەلالم کردو واقیعەکەم بۆ باسکرد ، ئەویش خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەوجوڵانەوە نوێیە دەربڕی و پێشنیازی پێکھێنانی گروپی سێیەمی کرد کە لە ئەندامە ماویستەکانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ( مەکتەبی سیاسی ) پێکبێت ، کە بریتی بوون لە ( مامجەلال ، فوئاد قەرەداغی ، بەکر حسەین ، رەفعەتی مەلا و نورەددین عەبدولرەحمان ) بۆ ئەوەی ئەرکی ھەوڵدان بۆ یەکخستنی ھەردوو گروپە بگرنە ئەستۆیان .
س : بۆچی ئەو گروپ و دەستانەی کە باست کردن ، بە شێوەی جیاواز دەرکەوتن ؟یان بابڵێم بۆچی یەک گروپ دەرنەکەوتن و وەک یەک بیرتان نەکردەوە ؟ بە مانایەکیتر ، ناوەرۆکی جیاوازییەکانتان بریتی بوو لە چی ؟
قەرەداغی : بەپێی بەیاننامەی ئازار حکومەتی بەعس و بارزانی رێککەوتن . باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کارکەنارخرا. ئێمەی کادیران و ئەندامانی ، تووشی شۆک بووین . ھەموو بە دوای وەڵامی شکستەکەدا دەگەڕاین و ، ھەر یەکەمان لێکدانەوەیەکی بۆ دەکرد ، بەڵام بە گشتی بەو راستییە گەیشتبووین کە بارودۆخی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد پێویستیی بە رێکخستنێکی نوێ ھەیە ، نوێ لە شێوەو بیردا ، دوای ماوەیەکیش ھەوڵەکانی یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵەکە لەسەر ھەمان بەرنامەی پارتی ( باڵی بارزانی ) دەستیپێکرد .
ئێمە لایەنگری یەکگرتنەوە بووین ، بەڵام نەماندەویست چەپەکانی ناو پارتی بگەڕێنەوە بۆ ژێر سایەی بارزانی. دەمانەویست ئامادەیان بکەین بۆ رێکخراوێک یان حیزبێکی نوێ .لەبەرئەوە ، بە گەرمی کەوتینە خۆمان بە نیازی راکێشانیان بۆ ریزەکانمان ، سەرەنجامیش ئەو چەند گروپە بە مەبەستی رێکخراوبوون پێکھات .

س : رۆژی دامەزراندنی کۆمەڵە کەیە ؟ ( مەبەستم لە رۆژی راگەیاندنی کۆمەڵەیە وەک دەرکردنی بەیاننامەی دامەزراندن ) ئەگەر ئەم بەیاننامەیە ھەبووە ؟
قەرەداغی : بەڕاستی ناتوانم رۆژێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەم . رۆژەکە لە بەڵگەنامەیەکدا دۆکیۆمێنت نەکراوە ،بەڵام کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی زانکۆی بەغدا بوو . ئەوەی بە باشی لە یادم مابێت ، پێشتر چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد ، لەسەر ھەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کارەکەمانەوە ھەبوو گفتوگۆمان کرد ، ئامادەکارییەکانمان بردە پێشەوە ، ئینجا رۆژێک لە ماڵی فەرەیدون عەبدولقادر لە بەغدا – گەڕەکی راغیبە خاتون کۆبووینەوەو بڕیاری دامەزراندن و دەستبەکاربوونی رێکخراوەییمان دا . بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆمان پەسەند کرد . ناوی کۆمەڵەمان دیاریکرد . سکرتێری کۆمەڵەو جێگرەکەی و لێپرسراوی ناوچەکانیش دانران ، بەڵام نە کۆنووسمان ھەبوو ، نە بەیاننامەی راگەیاندن. ھاوڕێیانمان موتمانەیان پێمانبوو ، بۆیە کە ئاگادارمانکردن ، بەوپەڕی خۆشییەوە پێشوازییان لە بڕیارەکە کردو ھەریەکە لە شوێنی خۆیەوە دەستبەکاربوو .

س : ھەست ناکەیت جۆرێک لە پەرتەوازەیی بە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەوە دیاربووە ؟
قەرەداغی : پێشتر ئاماژەم بۆ ئەمە کرد . ئەو بارودۆخەی دوای رێککەوتنەکەی 11 ی ئازار ھاتە ئاراوە ، شڵەژانێکی گشتی لە نێوماندا دروستکرد ، پەیوەندییەکان لە شوێنی خۆیاندا نەمان ، بیروڕای جیاوازو ، ھەڵسەنگاندنی جیاوازو ، ھەڵوێستی جیاواز سەریانھەڵدا . ئەگەرچی بەگشتی چەپەکان ئاڕاستەی مارکسیزم – لێنینزم – بیروباوەڕی ماوسیتۆنگ – یان ھەبوو ، بەڵام کۆکردنەوەیان و رێکخستنیان بەپێی پرنسیپە نوێیەکان و لەیەک رەوتدا کاتی دەویست . رووداوەکان بە خێرایی تێدەپەڕین و گۆڕانیان بەسەردا دەھات ، بۆیە کاریگەریی دەروونیشیی لەسەرمان دانابوو.
ئەم بارودۆخە تا یەکتر ناسینی تەواوو ، دانیشتنی نوێنەری گروپەکان بەسەرپەرشتیی مامجەلال درێژەیکێشاو ، بەرەنجامیش ئەوەبوو ئێمە یەکلایەنە بڕیاری پێکھێنانی رێکخراوەکەمان دا .

س : مامجەلال بە چ سیفەتێک لەگەڵتاندا دانیشت ؟
قەرەداغی : سەرەتا وەک ھاوڕێیەکی بە ئەزموون بۆ یەکخستنی گروپەکان و ، دوای ئامادەنەبوونی گروپەکەی نەوشیروان – مەحمود و ، کشانەوەی رەفعەتی مەلاو بەکر حسەین لە گروپی ماویستەکانی کۆمیتەی ناوەندیی سەر بە مەکتەبی سیاسی و ھەڵپەساردنی کاتیی ئاشکراکردنی کارەکان لای نورەددین عەبدولرەحمان ، وەک ئەندامێکی کاراو ، دەستپێشخەری یەکلاییکردنەوەی پرسی دامەزراندنی رێکخراوەکە ، بەشداریی لە دانیشتنەکانماندا دەکرد.

س : خۆتان دەتانزانی کە ئێوە سێ گروپ کۆبوونەتەوە ؟
قەرەداغی : بەڵی .. ئەو کۆبوونەوەیەی کرا ، بەشێوەیەکی شکڵی نوێنەری سێ گروپی تێدا بوو ، بەڵام لە واقیعدا نوێنەرانی دوو گروپ بوون. دانیشتنەکە بێ ئەنجام بوو ، دوای ئەوە دانیشتنیدیکەی بەسەردا نەھات . ئەوان ئامادەنەبوون لەگەڵماندا دانیشنەوە . بۆیە ھەر لەکاتی ئەو سەفەرەی مامجەلال – دا ، لەمسەرو ئەوسەری ھەفتەدا دوو کۆبوونەوەمان کرد ، لە یەکەمیاندا تاووتوێی بیروڕای ئەو ھاوڕێیانەمان کردو ، منیان راسپارد بۆ نوسینی بەرنامەو پێڕەوێکی ناوخۆو ، لە کۆبوونەوەی دووەمدا بەرنامەو پێڕەومان پەسەندکردو بەرپرسیارێتییەکان دابەشکران .

س : لەو کۆبوونەوەیەدا ( کۆبوونەوەی دامەزراندن ) کێ و کێ بەشدارییان کرد ؟
قەرەداغی : بڕیار وابوو ھەشت ھاوڕێ لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربن بەڵام دووانیان نەھاتن. پێشتر بەکر حسەین کشایەوەو ، بەر لە رۆژێک یان دوو رۆژیش رەفعەتی مەلا ئاگاداری کردین کە بۆ کۆبوونەوەکە نایەت و جارێکانە کارمان لەگەڵدا ناکات . ئەو شەش کەسەی ماینەوە بریتیبووین لە ( مامجەلال ، شەھاب شێخ نوری ، فازیلی مەلا مەحمود ، فەرەیدون عەبدولقادر ، دلێر صدیق و فوئاد قەرەداغی ) .
ئەم ھاوڕێیانە وەک یەکەم کۆمیتەی سەرکردایەتیی کۆمەڵە دەستبەکاربوون .

س : چالاکیی گروپەکەیتر چی لێھات ؟
قەرەداغی : نەوشیروان مستەفا سەفەری بۆ ھەندەران کردو ، ئەوانیدیکەش ھیچیان نەکرد .

س : چۆن پەیڕەوو پڕۆگرامەکەتان داڕشت ؟ ناوتان نابوو چی ؟ سەرخەتەکانی بریتی بوون لە چی ؟
قەرەداغی : لەبەر ئەوەی فەرەیدون عەبدولقادر بە چاپکردنیەوە خەریک بوو رەنگە وردەکاری بەرنامەکەی باشتر لە بیر مابێت . بەڵام ئەوەندەی لە یادی مندا مابێت وەک نووسەرو داڕێژەری بەرنامەکە ، ناومان نا ( بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆ ) ، لەسەر کوردستانیبوون وعێراقیبوونیشی ، ئەگەرچی یادەکانمان جیاوازیی ھەیە ، بەڵام من بە تەواوی دڵنیام کە رێکخراوەکەمان ناونابوو : ” کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان – عێراق “.

س : چەند وێنەتان لێگرتەوە ؟ چۆن چاپتانکرد ؟
قەرەداغی : چاپخانەیەکی سادەی پیتچنینمان لە ماڵی باوکی فەرەیدون ھەبوو . فەرەیدون بەرنامە دەستنووسەکەی بۆ ئەوێ برد . عەلی ئامەخانی ژنبرای چاپیکردو ، لە رۆژژمێرێکی جوانی چینیش بەرگێکی سوریان بۆ کردبوو . تیراژی بەرنامەکەش تەنھا دوو یان سێ دانە بوو .

س : چۆن کارەکانتان دابەشکردو دەستتان بەکارکردن کرد ؟
قەرەداغی : لەو کۆبوونەوەیەدا کە پێشتر باسمانکرد ، مامجەلال وەک سکرتێرو ، فوئاد قەرەداغی وەک جێگری سکرتێر بە گشتی دەنگ دیاریکران و ، ھاوڕێیانیدیکەی کۆمیتەی سەرکردایەتیش ، ھەریەکەیان بەرپرسیارێتییەکی پێدرا .

س : ھەڵبژاردنەکە بە چ میکانیزمێک بوو ؟
قەرەداغی : ناتوانین ناوی ھەڵبژاردنی لێبنێین ، سپاردنی ئەرکەکان بەشێوەی کۆی دەنگ بوو . جگە لە سکرتێرو جیگرەکەی ، شەھاب شێخ نوری ئەرکی لێپرسراوێتی کۆمەڵەی لە بەغدا پێسپێردرا ، فەرەیدون عەبدولقادر کرایە لێپرسراوی کەرکوک و ، بەشێوەیەکی فەرمی داوای لێکرا ماڵەکەی بەرێتە ئەوێ و ، لەوێ نیشتەجێ ببێت ، فازیلی مەلا مەحمود بۆ پەیوەندی بە رێکخستنی کۆمەڵە لە سلێمانی دانرا .

س : بۆ لێپرسراویی شوێنەکانیتر ، وەکو ھەولێرو دھۆک چیتان کرد ؟
قەرەداغی : بە تەواوی بیرم نەماوە فەرەیدون یان دلێر صدیق کامیان راسپێردران بۆ پەیوەندی بە ھاوڕێیانی ھەولێرەوە . ئەو کاتە لە زۆر ناوچە ھاوڕێ و ھەوادارمان ھەبوو ، بەڵام لەبەرئەوەی رێکخستن بە شێوەیەکی نھێنی بوو ، ھێشتا رێکخراوەکە لەسەرەتای کارکردندا بوو ، شێوازی رێکخستنیش ئاسۆیی بوو ، ئێمە لە سەرکردایەتی ھەموویانمان نەدەناسی ، بۆیە ناتوانم زانیاری زۆر وردو راستتان لەو بارەیەوە بدەمێ ، تەنھا ئەوە نەبێ کە رێکخستنی بەغدامان لە ھەموو شوێنەکانیتر بەھێزتر بوو .

س : بۆچی ؟
قەرەداغی : چونکە : یەکەم خۆمان لە بەغدا بووین ، دووەم زۆربەی ئەو ھاوڕێیانەی سەر بە رێبازی ماویستی بوون ، چ ئەوانەی دوای بەیاننامەی ئازار لە شارەکانی کوردستانەوە دوورخرابوونەوە بۆ بەغدا و شارەکانی ناوەڕاستی عێراق ، یان خوێندکار بوون لە زانکۆی بەغدا ، سەر بەو ئاڕاستەیەی ئێمە بوون ، واتە ماویست بوون .

س : چالاکییە سەرەتاییەکانتان چی بوو ؟
قەرەداغی : لەگەڵ دەستبەکاربوونماندا ، ھەر ھاوڕێیەک کێی دەناسی و دەیزانی مەیلی ماویستی ھەیە پەیوەندی پێوە دەکرد ، ئەوەی ئامادەی رێکخستن بوایە پەیوەندی رێکخراوەییمان لەگەڵ دەبەست ، ئەوانەشی ھێشتا ئامادەییان نەبوایە ، وەک ھەواداری رێبازەکە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا دەھێشتەوە بە نیازی رێکخستنیان لە داھاتوودا .
ئێمە جگە لە بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆ ، لەو سەرەتایەی کارکردنماندا ، بۆ ھەڵسەنگاندنی حیزب و رێکخراوەکانی ئەو سەردەمەو ، دیاریکردنی جێوڕێی کۆمەڵە لە ناویاندا ، چەند لاپەڕەیەکمان نووسی . من لەسەر داوای کۆمیتەی سەرکردایەتی جگە لە مامجەلال ئەو ھەڵسەنگاندنەم نووسی و چەند دانەیەکمان لەسەر کاغەزی تەنک بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی و کۆمیتەی شارەکان چاپکرد ( لەوکاتەدا مامجەلال گەڕابووەوە بۆ چۆمان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بارزانی دا ) .
لەم نووسینەدا دەربارەی حیزبی بەعسی فەرمانڕەوا ، ھەردوو حیزبە شیوعییەکە ( لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزی ) ، حیزبی عەمەلی عەرەبی ، حیزبی عوممالی سەوری عەرەبی ، ھەڵسەنگاندنمان کردو ، جیاوازییەکانی خۆمانمان لەگەڵیاندا بەیانکرد . بەڵام دواتر ئەم ھەڵسەنگاندنە بووە ھۆی ناکۆکی لە کۆمیتەی سەرکردایەتی وکۆمیتەی سلێمانیدا ، بە تایبەتی سەبارەت بە ھەڵسەنگاندنی حیزبی بەعس و قیادەی مەرکەزیی حیزبی شیوعی عێراق .
س : زۆرترین ئەندامەکانتان لە کام توێژی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی بوو ؟
قەرەداغی : زۆربەی خوێندکارانی زانکۆو گەنجە رۆشنبیرەکانی ئەو کاتە بوون . گەنجەکان ھەواداری مەیلێکی چەپ و سۆسیالیستی بوون و ، لە ئاستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیھانیدا لایەنگری ھێڵی ماویستی حیزبی شیوعی چین بوون .

س : بۆ بەھێزکردنی رۆشنبیریی سیاسیتان ، لە ماوەی ئەو ساڵ و نیوەی سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەدا کە بەڕێزتان لێی بەئاگان و کارتان تیایدا کردووە ، پشتتان بە چ بڵاوکراوەیەک دەبەست ؟
قەرەاغی : بە گشتی پشتمان بە کتێبە مارکسییە کلاسیکییەکان دەبەست ، بە تایبەتیش تەرکیزمان لەسەر خوێندنەوەی کتێبەکانی ماوسیتۆنگ و بڵا وکراوە چینییەکانی سەردەمی شۆڕشی فەرھەنگی بوو .

س : لە چ رێگەیەکەوە ئەو کتێبانەتان دەست دەکەوت ؟
قەرەداغی : کتێبە کلاسییکییەکان لە کتێبخانەکانی بەغدادا دەفرۆشران و دەستدەکەوتن . کتێبەکانی ماوسیتۆنگ و بڵاوکراوە چینییەکانیش لە ناوەندێکی رۆشنبیریی چینی دەستمان دەکەوت .
لە بەغدا ناوەندێکی رۆشنبیریی چینی سەر بە سەفارەتی چین ھەبوو . ئەو ناوەندە ھۆڵێکی گەورەی لەسەر شەقامی سەعدون ھەبوو ، کتێب و بڵاوکراوە چینییەکانی تێدا نمایشدەکراو بەبێ پارە بە خەڵکی دەدرا . دواتر شەھابی شێخ نوری کتێبخانەیەکی بە ناوی ” بیری نوێ ” کردەوە . لەم کتێبخانەیەدا جگە لە کتێبە مارکسییە کلاسیکییەکان ، لە چینەوە کتێب و بڵاوکراوە چینیەکانی بۆ ھاوردەکرا .

س : لە چ شوێنێک بوو ؟
قەرەداغی : لە شەقامی سەعدون ، نێوان ھۆتێل ئاشوربانیپاڵ و سینەما بابل بوو .

س : ئەی رۆژنامەو بڵاوکراوەیتر ؟ ھۆکاری ئەوە چی بوو کە خۆتان بڵاوکراوەتان نەبوو ؟
قەرەداغی : وەک پێشتر روونمکردەوە ، ئێمە ھێشتا لە سەرەتای کاردا بووین . ھەر لەو سەرەتایەدا بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆو ھەڵسەنگاندنی حیزبەکانی گۆڕەپانەکەمان دەرکردبوو . ھەفتەنامەی ( ھاوکاری ) یش لەبەردەستماندا بوو . ھەوڵە فیکری و سیاسییەکانمان لە نێو وتاری ھاوڕێیانەوە ، لەو ھەفتەنامەیەدا بڵاودەکردەوە . ئەو کاتە ھەم بە ژمارە کەم بووین و ھەم توانای ماددیشمان نەبوو .

س : ئەو نووسینانە ھی کێ بوون کە بڵاوکرانەوە ؟ بەناوی کێوە بڵاودەکرانەوە ؟ لە کوێدا بڵاودەکرانەوە ؟
قەرەداغی : کاتی دامەزراندنی کۆمەڵە ، سەربەست بامەڕنی کە ھەوادارێکی کۆمەڵەبوو ، سەرپەرشتیی دەرچوونی ھەفتەنامەی ( ھاوکاری ) دەکرد . سەربەست ھەم کاریگەریی کۆمەڵەی لەسەر بوو ، ھەم رووکارێکی لیبرالیستانەی ھەبوو ، دۆستی رێبازی پێشکەوتووانە بوو ، بەئاگاداریی ئەو ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵە لە ھاوکاریدا کاریان دەکرد ، چ وەک نووسەرو چ وەک پەیامنێر . بۆ نموونە ( ئارام ) بەرپرسی لاپەڕە دوو بوو ، ئەو نووسەرێکی بە توانا بوو ، لاپەڕەکەی وەک زمانحاڵی کۆمەڵەی لێھاتبوو ، بە ناوەکانی ( شاسوار ) و ( جوامێر )وتارەکانی خۆی بڵاودەکردەوە . ھەروەھا فوئاد قەرەداغی بەناوی خۆی و ناوی خوازراوی ( شوان ) و ( ف . أ . ق ) بەشداریی لە نووسینەکانی لاپەڕەکەدا دەکرد . فازیلی مەلا مەحمودیش بە ناوی خۆی و ناوی خوازراوی ( نەبەز ) ەوە نوسینەکانی پەخشدەکرد . فەھمی قەرەداخیش بەناوی راستینەی خۆی و ناوی خوازراوی ( شەفەق ) و پەیامنێری (ھاوکاری ) لە سلێمانی نووسینەکانی بەردەم دیدی خوێنەرانی ھەفتەنامەکە دەخست . مامۆستا عەزیز مەحمودو چەندین ھاوڕێیدیکەشمان بەشدارییان لەم چالاکییەدا دەکرد . ھاوڕێیانی ( سازمان انقلابی حیزبی تودە ) ش ، بۆ پشتگیریی فیکریمان وتاریان دەنووسی و دوای وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی لە ( ھاوکاری ) دا بڵاودەکرانەوە .

س : جێگەی شەھید ئارام چی بوو لە کۆمەڵەدا ؟
قەرەداغی : ئارام ئەندامێکی ھوشیارو نووسەرێکی بە تواناو کوردیزانێکی باش بوو . ئەندامی کۆمیتەی رێکخستنی کۆمەڵەبوو لە بەغدا .
ئارام ماوەیەک کاری وەرگێڕانی لەگەڵ حیلمی عەلی شەریف دا کرد . چەند کتێب و نامیلکەی ( کیم ئیل سۆنگ ) سەرۆکی کۆریای باکووریان پێکەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و ، سەفارەتی کۆریای باکوور لە عێراقدا بۆی چاپکردن . سەرپەرشتی لاپەڕەی دووەمی ھەفتەنامەی ( ھاوکاری ) دەکردو ، جگە لە ناوی خۆی و ناوی خوازراو ، گۆشەیەکی جێگیریشی لەلاپەڕەکەدا بەناوی ( خەباتی گەلان ) ھەبوو .

س : ھۆی ئەوە چی بوو لەو کاتەدا بە ناوی خوازراوەوە شت بڵاودەکرایەوە ؟
قەرەداغی : بۆ رەچاوکردنی بارودۆخەکەی ئەو کاتە بوو ، جۆرێک بوو لە نھێنیکاری و خۆپاراستن لە چاوەکانی رژێمی بەعس . ئەوسا ناوە خوازراوەکان نەدەناسران کێن ، بەڵام بە خوێندنەوەی رۆژنامەکە ، ئەندامانی کۆمەڵە لەوە دەگەیشتن کە ئەو نووسینانە لەبەر تیشکی بیروباوەڕی کۆمەڵەدا نوسراون و تا رادەیەک ھەڵوێست و فیکرو بیروبۆچوونی کۆمەڵە یان نزیک لە کۆمەڵە دەردەبڕن .

س : جگە لە ئێوە کە لە ئاستی سەرەوەدا بوون ، دوای خۆتان کێیتر لە کەسە نزیکەکانی کۆمەڵە بوون ؟
قەرەداغی : لەڕاستیدا نازانم ھەموو کەسەکان کێ بوون .بەڵام بەشێکی ئەوانەی سلێمانیم دەناسی سەبارەت بەوەی خۆم خەڵکی سلێمانی بووم . لەوەپێش لەو شارەدا رۆڵم لە کاری حیزبایەتیداھەبوو ، تەنانەت ھەتا کاتی یەکخستنەوەی ھەردوو باڵی پارتیش ، کە بە بڕیاری کۆمەڵە وەک ئەندامی لقی چوار گەڕامەوە .
ئەندامە دیارو نزیکەکانی کۆمەڵە لە سلێمانی ( ئەوەندی لە بیرم مابێت ) بریتیبوون لە : ” ئاوات عەبدولغەفور ، کەمال عەلی ، ئەوڕەحمانی حاجی مەلا صدیق قەرەداخی ، فەوزی مەلا مەحمود ، ئەشرەف تاڵەبانی ، ھوشیاری شێخ محەمەدی بەرزنجی ، سلێمان عومەر ، خەسرەو بابان ، حەسەنی حەمەخان ) ، دواتریش ( جەمال تاھیر ، عەبدوڵلای حاجی سەعید ، عومەر فەتاح و محەمەد سابیر ) .

س : ئەندامانی کۆمەڵە زۆربوون ؟ وەک بزانی لە ھەموو شوێن و شارەکان ئەندامی کۆمەڵە ھەبوو ؟
قەرەداغی : نەخێر … سەرەتا بیست و پێنج بۆ سیی ئەندام دەبووین ، کۆمەڵێکیش دۆستمان ھەبوو کە ھێشتا باسی رێکخستنمان لەگەڵدا نەکردبوون . دوای جیابوونەوەی ئێمە لە ئابی 1971 دا ، کۆمەڵە بەرەو گەشەکردن و فراوانبوونەوە چوو .
لە شوێن و شارەکاندا ئەندامان و دۆستانمان ھەبوون ، پەیوەندییەکی ئاسۆییان پێمانەوە ھەبوو ، بەڵام زۆر نەبوون ، چونکە کۆمەڵە لە رۆژەکانی سەرەتای کارکردنیدا بوو ، وەک رێکخستنیش خۆمان بێ گیروگرفت نەبووین .

چاوپێکەوتن – مەکتەبی ( بیرو ھوشیاریی ) یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
2 – 1 – 2008
کتێبی ” کۆمەڵە لە سێدارەوە بەرەو راپەڕین ” لە بڵاوکراوەکانی ( ناوەندی مێژووی ی.ن.ک ) ، دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی ، ساڵی 2012 ، ل 150 بۆ ل 158