Archive | حوزه‌یران, 2020

لەشکرکێشیی و بۆردومانەکانی تورکیا

24 حوزەیران

لەشکرکێشیی و بۆردومانەکانی تورکیا

فوئاد قەرەداغی

داگیرکاری تورکیا بوەستێنن

هاوڕێیانی فەیسبوک دەڵێن : ” داگیرکاریی تورکیا بوەستێنن ” !

کێ ، كام هێز ، چ دەسەڵاتێک بیوەستێنێت ؟؟؟

حکومەتی هەرێم ئیدانەی لەشکرکێشیی تورکیای نەکردووە

تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی لەشکرکێشیی تورکیای بۆ باشووری کوردستان نەکردووە ۰۰۰ بەڕاست چاوەڕوانی بین ؟؟؟

چەپکێک کۆمێنتی هەمەڕەنگ

24 حوزەیران

 چەپکێک کۆمێنتی هەمەڕەنگ

فوئاد قەرەداغی

پارادۆکس لە هەڵوێستدا

ئەمەیە پارادۆکس ( مفارقة ) لە هەڵوێستدا : خۆت بە کەسێکی لیبڕاڵ یان چەپ بزانیت کەچی هاوئاوازی کۆیلەکانی حیزبێکی دەسەڵاتدار بیت .

جیاوازیکردن لەنێوان کوڕو کچدا

جیاوازیکردن لەنێوان کوڕو کچدا رەگێکی لە عەقڵییەتی پیاوسالاری و رەگێکیدی لە ئایدیای ژەنگاویی داعشدایە .

پارێزبەندیی

دەست بۆ هەرچییەک دەبەن دەیشێوێنن وەک : ژیانی خەڵک – دیموکراسی – ئازادی – مافەکانی مرۆڤ – ئاسایشی نەتەوەیی – پارێزبەندیی !!!   

رۆژی جیهانیی منداڵان

بەبۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵانەوە ، چەپکێ گوڵی خۆشەویستیم و هیوای تەمەن درێژی و دواڕۆژێکی پڕ لە خۆشی و ئارامی‌ و خۆشگوزەرانیی بۆ نەوەکانم  ( ڤەرسین ، راڤین ، راڤیار ، ڤینا ) و گشت منداڵانی جیهان .

مارکس و سەردەمی کۆرۆنا

لەیەکی ئایار ی سەردەمی ” کۆرۆنا ” دا ، رۆژی هاوپشتیی چینایەتیی کرێکارانی جیهان ، مارکس دێتەوە …

ئاشی نەزان

لە وڵاتی ئێمەدا : ئاشی نەزان ، نەزانەکان دەیگێڕن !!!   

کۆچی دوایی ئیرەجی کەشکولی

24 حوزەیران

کۆچی دوایی ئیرەجی کەشکولی

فوئاد قەرەداغی ٦ی ئایاری ٢٠٢٠   

بەداخوپەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی ئێرانی ( ئیرەجی کەشکولی ) م پێگەیشت کە رۆژی ٤ی ئایار لە فەڕەنسا بە نەخۆشی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە ۰ کەشکولی ئەندامی سەرکردایەتی ( سازمانی ئینقلابی حزبی تودەی ئێران ) و دواتر یەکێک لە دامەزرێنەرانی ( حزبی رەنجبەرانی ئێران ) بوو ٫ لە کوردستان بە ( کاک ئیسماعیل ) دەناسرا ۰ پرسەو سەرەخۆشیم بۆ گشت هاوڕێیانی ۰ یادی هەمیشە نەمرو بە زیندوویی بمێنێتەوە .

لاپەڕەیەکیدی لە مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە

24 حوزەیران

لاپەڕەیەکیدی لە مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە

فوئاد قەرەداغی

پێشمەرگەو هاوڕێی دێرینم کاک تالیب مۆریاسی بەناونیشانی (پێنج تێبینی لەسەر چەند بیرەوەرییەکی هاوڕێی بەڕێزم کاک فوئاد قەرەداخی ) سەبارەت بەو زنجیرە وتارو دیمانانەی بڵاومکردنەوە چەند زانیاری و سەرنجی خۆی بۆ نووسیوم ، لە هەندێکیدا راستیی بەیانکردووە و ، یەکدوو خاڵیشی  تێکەڵبوونی تێدایە و ، پێویستیکرد ئەم روونکردنەوەیەی لەسەر بنووسم :

یەکەم : لەخاڵی یەکەمدا راستیپێکاوە . کۆمەڵە لەچوار ساڵی دوای بەیاننامەی یازدەی ئاداردا گەشەی کردوو ئەندامەکانی سەرگەرمی خۆپێگەیاندن بوون  لەڕووی فیکرییەوەو ، بەنهێنی گەشەکردنێکی ، تاڕادەیەک ، فراوانیان کرد لەڕووی رێکخستنەوە ، بەڵام قۆناغی کار بەشێوەی گروپ پێش دامەزراندنی بوو ، دوای دامەزراندنی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٠ دا وەک یەک رێکخستن و بەپێی پێڕەوی ناوخۆ کاردەکرا.   

دووەم : ئەو هەلومەرجەی کۆمەڵەی تێدا دامەزرا بواری ئەوە نەبوو کۆنفڕانس یان کۆنگرە ببەسترێت . مەسەلەی کاری نهێنی و خۆشاردنەوە لە دەسەڵاتەکانی ئەو سەردەمە ئەولەوییەتی هەبوو ، بۆیە دانیشتنەکان نهێنی بوون ، بەرپرسیارێتی و دابەشکردنی کار نهێنی بوو ، چالاکییەکان دیاریکراوو نهێنی بوون . ئەو کاتە لە بازنەیەکی زۆر بچووکدا نەبێت ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر نەدەناسران ، بەتایبەتی مامجەلال . ئەو کاتە مامجەلال لە چۆمان بوو ، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و بارزانیدا بوو ، لەبەر ئەوە نەدەکرا بوونی ئەو وەک سکرتێری کۆمەڵە رابگەیەندرێت و رێکخراوەکە بەر مەترسی بخرێت . دەربارەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیشی وەک سکرتێر  ، پێڕەوی ناوخۆ ئەو دەسەڵاتانەی دیاریکردبوو کە تا کۆنفڕانسێک یان کۆنگرەیەک هەیبێت .

سێیەم : لەخاڵی سێیەمی تێبینییەکاندا ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بە هەڵە تۆمارکردووە . هاوڕێیانی گیانبەختکردوو ( روشدی عەلی شەریف ، ئەنوەر زۆراب ، جەعفەر عەبدولواحید ) ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر نەبوون . کاک روشدی سێ ساڵ بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵە لە رووداوێکدا گیانی لەدەستدا ، کاک تالیب ئەو کاتە لە شوێنی رووداوەکە بووە ، کاتێک بووە کە هیچ باسێکی کۆمەڵە لە ئارادا نەبووە .

چوارەم : ئەو کاتەی ئارامی گیانبەختکردوو بەرپرسیارێتی کۆمەڵەی گرتەئەستۆو دواتر بەدەستی جاشەکان تیاچوو ،  من لە کۆمەڵەدا نەمابووم ، راستەوخۆ ئاگاداری بارودۆخی کۆمەڵە نەبووم ، رووداوەکانی دوای ئارام و پەرتەوازبوونی کۆمەڵێک خەڵکی دڵسۆز و تێکۆشەر ، تەنها وەکوو خەڵکیدی دەمبیست ، بۆیە ناتوانم لەو بارەیەوە رایەک بڵێم کە دروست بێت . نەوشیروان مستەفاش بە تەزکییەی مامجەلال کردیانە سکرتێری کۆمەڵە و دەنگدانی کۆنفرانسەکە تەنها بۆ شەرعییەتدان بوو بەو پۆستە . سەبارەت بەوەی نەوشیروان دوژمنی سەرسەختی کۆمەڵە بووبێت ، هەروەها خاڵی پێنجەمی تێبینییەکانت کە دەڵێیت : ” لە گۆنگرەی یەکێتی ناو یەکێتی لە ساڵی ۱۹۹۲ دا کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان وەک پۆڕێکی پەرووباڵ کراو خرایە چوارچێوەی هەڵوێستی بیرو بۆچوونە دیکتاتۆرەییەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ” بڕیارێکە پێویستی بە تۆژینەوەیەکی مێژوویی هەیە ، ئەگەرچی زۆربەیەک لە ئەندامان و هەڵسووڕاوانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵە دەڵێن : هیچ پاساوێک بۆ تواندنەوەی کۆمەڵە لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نەبووە .

ئەمەش دەقی تێبینییەکانی کاک تالیب مۆریاسییە :

پێنج تێبینی لەسەر چەند بیرەوەرییەکی هاوڕێ بەڕێزم کاک فوئاد قەرەداخی

یەکەم _ هاوڕێیانی کۆمەڵە لەکات و ساتیێکی زۆر هەستیار و دژواردا توانیان خۆیان پێبگەێنن و گەشە بکەن و بە شێوەی گروپ گروپ و زۆر بە نهێنی پارێزگاری لە ئۆرگانەکان بکەن بۆ ئەوەی ڕژێم نەتوانێت زەفەریان پێببات بەتایبەتی لە چوارساڵی دوای بەیانی یانزەی ئازاردا لە سەردەمی حوکمڕانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆمەڵە زیاتر پێشکەوت و گەشەی کرد

دووەم_ کۆمەڵە ٦/۱٠/۱۹۷٠ دامەزراو بێ گۆنگرەو بێ کۆنفراس دەست نیشانی هەڵسوڕاوێکیان کرد بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان و سەرپەرشتی گرووپەکان بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵە ناوی مام جەلال نەهێنراوە کە سکرتێری کۆمەڵە بێت بۆیە کۆنگرە یان کۆنفرانس ماف بە سکرتێر دەدات بۆ کۆمەڵە

سێهەم _ ئەو هاوڕێیانەی کە کۆڵەکەی دامەزراندی کۆمەڵە بوون شەهید شەهاب و شەهید ڕوشدی عەلی شریف و شەهید ئەنوەر و شەهید جەعفەر و کاک فوئاد قەرەداخی بوون بەڵام هەر زوو ڕوشدی عەلی شەریف شەهیدکرا لە سڵی ۱۹٦۷ لە گوندی . بان سندوق . لەلای کەلار

چوارەم _ بە شەهیدکردنی (ئارام) کۆمەڵە بەرەوو ئەقارێکی ترسناک بردرا کۆمەڵێکیان شەهیدکردوو کۆمەڵێکیان دەربەڕاندوو ئاوارەی ئەوروپا بوون کۆمەڵێکیش بەڕۆن و چەوری گوندی ( شێنێ ) دەستەمۆ کران و بە چەپڵە لێدان نەوشیروان مستەفا کرا بە سکرتێری کۆمەڵە کە لەهەمانکاتدا دوژمنی سەرسەختی کۆمەڵەبوو

پێنجەم _ لە گۆنگرەی یەکێتی ناو یەکێتی لە ساڵی ۱۹۹۲ دا کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان وەک پۆڕێکی پەرووباڵ کراو خرایە چوارچێوەی هەڵوێستی بیرو بۆچوونە دیکتاتۆرەییەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو