Archive | تشرینی دووه‌م, 2019

کوردو ئەمریکا – هاوپەیمانی و خیانەت… لە بەر رۆشنایی رووداوەکانی رۆژئاوادا

2 تشرینی دووهەم

کوردو ئەمریکا – هاوپەیمانی و خیانەت… لە بەر رۆشنایی رووداوەکانی رۆژئاوادا
فوئاد قەرەداغی
ئۆکتۆبەری 2019
سەرەتا پێموایە چ هاوپەیمانی و چ خیانەت بۆ پێناسەی پەیوەندی نێوان ئەمریکاو کورد بە گشتی و کوردانی رۆژئاوا بەتایبەتی هەڵەیە و ، هەر لێکدانەوەیەک یان هەر خوێندنەوەیەک لەسەر ئەو بنەمایە بکرێت ، سروشت و چۆنایەتی ئەو پەیوەندییە بە وردی دیاریناکات .
بۆ دەستنیشانکردنی جێوڕێی هەر لایەنێکیان لەو هاوکێشەیەدا دەبێت واقیعەکەیان بزانین و ، لەو رێیەوە پەی بە سنووری پەیوەندییەکانیان ببەین .
ئەمریکا یەکێکە لە دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان ، لەدوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لە نێوان بلۆکی سەرمایەداریی دەوڵەتیی و دەوڵەتانی سەرمایەداریی ” بازاڕی ئازاد ” ، رۆڵی سەرکردایەتیی جیهانی سەرمایەداریی دەبینێت . سیاسەتی ئەمریکا بەگشتی و ، شەڕەنگێزی و دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانیدی وجەنگەکانی ، مەبەستێکی : خۆناساندنەوەو جەختکردنەوەی ئەو رۆڵەیەتی .
ئەمریکا دەوڵەتێکی سەرمایەدارییە ، لەهەمان کاتدا دەوڵەتێکی ئیمپریالیستییە لەسەردەمی جیهانی سەرمایەداریی جیهانگیردا ، لەبەر ئەوە دەبێت لە شیکردنەوەی هەڵوێستەکانیدا ئەم راستییە رەچاوبکرێت و ، پێچەوانەکەی هەڵەیەو شیکردنەوەیەکی دروست بەدەستەوەنادات .
بنەمای فەلسەفەیی سیاسەتی ئەمریکا لە هەموو کایەکاندا پڕاگماتیزمە . بەرژەوەندیی تایبەتی و دەستکەوت و قازانج و ، وەرگرتنی هەڵوێست بۆ دابینکردنیان ، سیاسەتی ئەمریکا ئاڕاستەدەکات ، هەر ئەوانەیش پێوەری راستین بۆ ناسینی سیاسەتەکانی . لەبەرتیشکی ئەم واقیعەیدا ، ئەمریکا کار لەسەر ستڕاتیژیی خۆی دەکات . جەنگ دژی هەر وڵاتێک ، لەشکرکێشی بۆ هەر شوێنێک ، دابەزین و چوونەناوەوەی و دەرچوون و کشانەوەی لەهەرجێیەک بەپێی ئەو بەرژەوەندییەو ئەو ستڕاتیژە دەبێت کە پێشوەخت چەندین دەزگای پسپۆڕ دایدەڕێژن .
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی پڕاگماتیستی و بەرژەوەندخوازیی ئەمریکا ئەوەیە : دۆست راناگرێت ، واتە دۆستی هەمیشەیی نییە ، دۆستەکانی بۆ پێداویستییە تاکتیکییەکانێتی . زۆر بە ئاسانی ، کاتیک پلانە تاکتیکییەکانی دەبنە هۆکاری جێبەجێبوونی بەشێک لە ستڕاتیژە کانی ، لەهەر بوارێکدا بێت ، پشت لە دۆستەکانی دەکات و ، دۆستی نوێ ، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی نوێ ، دەگرێت .
جگە لەو راستییانەی سەرەوە ، چەند هۆکاریدی لە پشت جەنگەکانی ئەمریکاوەن ، جا جەنگی گەورە بێت وەک جەنگ دژی عێراق و ئەفغانستان یان جەنگەکانیدی بێت لە هەموو لایەکی ئەم سەرزەمینەدا ، بەجەنگی ( بەناو ) دژە تێرۆریشەوە . لەوانە:
١ ) پاراستنی کۆی سیستمی سەرمایەداریی لە ئاستەنگەکانداو هاوکاریکردنی دەوڵەتەکانی سەرمایە ، لەگەڵ هێشتنەوەی کێبەرکێی نێوانیان .
٢ ) پاراستنی دەوڵەتە خێڵەکییە ستەمکارەکان و ، پشتگیریی دەسەڵات لەو دەوڵەتانەدا دژی خەڵک و داوا رەواکانیان ، بەتایبەتی دژی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم .
٣ ) دامەزراندنی بنکەو بارەگای سەربازی لە هەموو جێگەیەکی جیهاندا بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی و زامنکردنی مانەوەی کۆی بەرژەوەندی سیستمی سەرمایە لەژێر رکێفی خۆیدا .
٤ ) کێبەرکێی هەر دەوڵەتێکی سەرمایەداریی لەسەر ناوچەکانی دەسەڵات و پەیڕەویکردنی سیاسەتی ” هاوکاری و کێبەرکێ ” لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا . ( سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر روسیا وەک نموونە ) .
٥ ) گرنگترین شتێک کە ئەمریکا نایشارێتەوە : پارێزگاریکردنە لە سامانی نەوت لە جیهاندا ( چاڵە کانی نەوت ) بە تەعبیری کاربەدەستانی ئەمریکا . سیستمی سەرمایەداریی ئەمریکا ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی نەوت و قازنجێک لە نەوت دەیکات ، ئاشتی لە جیهاندا بەر مەترسیی بخات و لەپێناویدا جەنگیش هەڵبگیرسێنێت . ( مانەوەی لە عێراقدا دوای داگیرکردنی هەتا ئێستاو ، مانەوەو خۆجێگیرکردنی ئێستای لە سوریا وەک نموونە ) .
٦ ) پەرەپێدانی چەک بۆ جەنگ و بردنەپێشەوەی سیاسەتی هەیمەنەو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان ، بەرنامەیەکی بەردەوامی ئەمریکایە . جەنگەکان بواری ئەوە دەڕەخسێنێت چەکەکانی تاقیبکاتەوە . هەر جەنگێک بەرپا دەکات ، یەکێک لە دەستکەوتەکان ، تاقیکردنەوەی چەکە نوێیەکانێتی وەک ئەو چەکانەی لە جەنگی کەنداوو داگیرکردنی عێراق و ئەفغانستان و پێشتر لە یۆگۆسلاڤیاولیبیا بەکاریهێنان و ئێستاش لە سوریا بەکاریاندەهێنێت و بەسەر دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی پیترۆلدا ساخیاندەکاتەوە .
ئەمە مشتێکە لە خەروارێکی سیاسەتی ئەمریکاو بەو شێوەیە مامەڵەی هەموو جیهان دەکات ، بۆیە دەبێت بەڵێندان و پاشگەزبوونەوەی لەو سنوورەدا ببینرێت و چاوەڕوانیی زێتری لێنەکرێت . سیاسەتی دووفاقانەی لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا ، بە فەلسەفەو سیاسەتە بەرژەوەندیخوازەکانی بپێورێت . خیانەتکردن لە کورد دەستەواژەیەکی دروست نییە لەم پەیوەندییەی نێوان رۆژئاواو ئەمریکادا ، راستتروایە لە ” هاوپەیمانی ” بدوێین . ئایا رۆژئاوا ( هێزەکانی رۆژئاوا ) توانیویانە هاوپەیمانییەکی دروستیان هەبێت ؟ ئایا دەرس و پەندیان لە مێژوو وەرگرتبوو ؟ ئایا بەشێکی ئەو بارە نالەبارەی ئەمڕۆیان بۆ هەندێک لە هەڵەکانیان ناگەڕێتەوە ؟
سەرەتا دەبێت هەر توێژەرێک لەم بابەتە دەدوێت ئەوە بسەلمێنێت کە کانتۆنەکانی رۆژئاوا و ، ئەوهێزانەی پارێزگاریی لەو ئەزموونە دەکەن ، مافی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکەی خۆیان هەیە . ئەوان لەنێو ئاگرەکەدان و ئێمە لەدوورەوە سەیردەکەین . ئەوەی ئێمە رای لەسەردەدەین ، ئەو هەڵسەنگاندنەی دەیکەین ، روانینێکە لە دیوی دەرەوەی رووداوەکانەوە ، دەشێت حەقیقەتەکانی بارودۆخەکە لە رۆژئاوادا بەشێوەیەکیدی بێت ، بۆیە لە پێگەیەکی دۆستانەوە هاوپەیمانیی شۆڕشی رۆژئاوا لەگەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکا تاووتوو دەکەین .
سەرەتا دەبێت ئەو راستییە ببینین کە ئەوەی پێیدەگوترێت هاوپەیمانی ناولێنانێکی نادروستە . زێتر پەیوەندییەکی کاتییە . دوو لایەنی نابەرابەر لەو پەیوەندییەدان ، یەکێکیان زلهێزێکە لەسەر ئاستی جیهان و ، دووەمیشیان هێزێکی بچووکی وڵاتێکی بچووکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە . لەم بارەدا ” هاوپەیمانی ” دەبێتە پاشکۆیەتیی هێزە بچووکەکە بۆ هێزە گەورەکە ؛ هێزە بچووکەکە دەچێتە خزمەتی ئەجندای هێزە گەورەکە لە ناوچەکەداو ، پشتگیریی هێزە گەورەکە بۆ هێزە بچووکەکە بە نرخی وابەستەیی دەبێت ،بۆیە لەم روانگەیەوە چوونە ژێرباری ” هاوپەیمانێتی ” یەکی لەم جۆرە هەڵەیەو دەبێت هێزە بچووکەکە لە نزیک یان دوورماوەدا باجەکەی بدات .
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند رووداوێک و هەڵوێستی ئەمریکا لێیان بکەین بۆ جەختکردنەوە لەسەر نادروستیی ” هاوپەیمانی ” لەگەڵ ئەمریکادا :
– وەک پێشتر لێیدواین پەیڕەویکردنی سیاسەتی ( هاوکاری و ململانێ ) ی سەردەمی جەنگی سارد لەنێوان ئەمریکاو روسیادا ، بۆیە چ رێککەوتنیان و چ ناکۆکییان لەسەر بەشکردنی ناوچەکانی دەستڕۆیشتنیاندا ، جێی موتمانە نین و ، وەک سیناریۆیەک بۆ هەڵخەڵەتاندنی ( بەناو دۆستەکانیان ) نمایشی دەکەن .
– دەزگا جاسوییەکانی ئەمریکا رۆڵیان هەبوو لە یارمەتیدانی ( مێت ) بۆ رفاندنی ( ئۆجەلان ) لە نەیرۆبی و بردنەوەی بۆ تورکیا، هەر ئەم کارە دزێوە دەبوو پەندێک بێت بۆ تێکۆشەرانی رۆژئاوا کە بڕوای خۆیان نەدەنە سیاسەتەکانی ئەمریکا .
– کاتێک لەشکری تورکیا هێرشی داگیرکارانەی بۆ ( عەفرین ) کرد ، ئەمریکا پشتگیریکرد ، بەرەنگاری ئەو پەلاماردانە دڕندانەیە نەبووەوە بەڵکو ئەوان لەگەڵ ” سنووردارکردنی ” پەلاماردانەکە بوون نەک ” کۆتاییپێهێنانی ” . دواتریش کە عەفرین داگیرکرا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر تورکیا نەبوو .
– ئەمریکا سەبارەت بەو ریفراندۆمەی ساڵی ٢٠١٧ لە باشووری کوردستاندا کرا هەڵوێستێکی دووڕوویانەی نیشاندا ، لەلایەک دژی ریفراندۆمەکە بوو ، لەلایەکیدی وەزیری دەرەوەی لەنامەیەکدا بەڵێنی دڵخۆشکەرانەی بە دەسەڵاتی کوردی دابوو کە لە ئایندەدا ( گوایا ) ئەمریکا بۆ کارێکی وەها پاڵپشتیان دەبێت .
جگە لەو خاڵانەی سەرەوە ، لەهەر پەیوەندییەکی هێزە کوردییەکاندا ، چ لە سوریاو چ لە باشوورو پارچەکانیدیدا لەگەڵ ئەمریکا ، دەبێت ئەم دوو خاڵەش رەچاوبکەن و وەک حەقیقەتێک بیسەلمێنن و هەرگیز لە یادی نەکەن :
١ – تورکیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە ، ئەمریکاو زۆربەی دەوڵەتەکانی ئەوروپا ئەندامین و ، هاوپەیمانی تورکیان ؛ تورکیا پردێکە بۆ پەیوەندی ناتۆو رۆژهەڵات بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ، لەبەر ئەوە ئەمریکا دەست لە تورکیا بەرنادات و کارێک ئەنجام نادات بە زیانی پەیوەندیی سەربازیی لە مێژینەی لەگەڵ تورکیادا بشکێتەوە .
٢ – تورکیا یەکێکە لە دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی جیهان . ئەم دەوڵەتە لەڕووی ئابوورییەوە ، وابەستەی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی و خودی ئەمریکایە . پەیوەندیی ئەمریکا بە تورکیاوە لەڕێی گەورە سەرمایەدرەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوەیە ؛ سیاسەتی سیستمی سەرمایەو ئیمپریالیزمیش مامەڵەکردنە لەگەڵ سەرمایەدارە گەورەکان تا لەڕێی ئەوانەوە گەورەترین پڕۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایە بەدەستبهێنن ، بۆیە لە وڵاتێکدا بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە ، جێوڕێی سەرمایەداریی پێشەسازی و بازرگانی و بانکی شپرزەیی بۆ دروستبووبێت ، ئەوا ئەمریکا و گەورە کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان هاوپەیمانیی سەرمایەدارە گەورەکان و هێزە بۆرژوازییە گەورەکانی ئەو وڵاتانە دەکەن ، پشت لە سەرمایەدارانی نەتەوە بچووکەکان دەکەن ، ئەمە یاسایەکی پەیوەندییە لە سیستمی سەرمایەداریدا : لە پێناوی قازانجی گەورەدا قوربانیی بە قازانجی کەم و بە نەتەوەی خاوەن سەرمایەی کەم و بچووک دەدەن . سیستمی سەرمایە لەگەڵ یەکگرتنی سەرمایەدارانی گەورەو بچووکی هەر وڵاتێکدایە بۆ ئەوەی بەهەردوولایان سەرمایەی ئێجگار گەورە پێکبهێنن ، لەڕووی سیاسیشەوە داوای یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتانە دەکەن …هتد . بۆیە لەم بوارەشدا ئەمریکا جێی باوەڕ نییەو هەرگیز ئەو دەستبەرداری بۆرژوازییەتی گەورەی عەرەب و تورک و فارس بۆ بۆرژوازییەتی لاوازی کورد نابێت .
ئەمە خوێندنەوەمە بۆ بارودۆخی رۆژئاوا و ، بۆ سیاسەتی ئەمریکاو ئاستەنگێک کە بەرەوڕووی شۆڕشی رۆژئاوا بۆتەوە. هەڵبەت وەک پێشتر نووسیم تێکۆشەرانی رۆژئاوا خۆیان هەلومەرجی خەبات و گرفتەکانیان لە ئێمە باشتر دەزانن .ئەزموونی پێشوومان لەگەڵ سیاسەتی کانتۆنەکانی رۆژئاواو ئاستی بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەو هەسەدە دڵنیامان دەکات کە ئەو ئەزموونە جوانە دەمێنێت و تەنگوچەڵەمەکان ناتوانن رێگری لە سەرکەوتنی بگرن . دیارە سەرکردایەتی رۆژئاوا لەبەرتیشکی رووداوەکانی ئەم مانگەدا چاو بە سەرجەمی بارودۆخەکەدا دەخشێننەوە ، ئاڵوگۆڕ لە هاوپەیمانێتییەکاندا دەکەن و سەرکەوتن ، زوو یان درەنگ ، بەدەستدەهێنن .
رۆژئاوا سەردەکەوێت …