Archive | كانونی دووه‌م, 2019

راپەڕینی شێلادزێ و سووتاندنی بارەگای سوپای تورکیا

29 کانونی دووهەم

راپەڕینی شێلادزێ و سووتاندنی بارەگای سوپای تورکیا
فوئاد قەرەداغی
26 – 27 / 1 / 2019
هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لە سووتاندنی بارەگای سوپای تورکیا چیی دەبێت ؟

هەڵوێستی خەڵکی شێلادزێ دژ بە بۆردومانی ناوچەکەیان ، سووتاندنی بارەگای سوپای تورکیا بوو ، ئەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم چیی دەبێت ؟

خەڵکی شێلادزێ رۆڵی پێشەنگ دەبینن
ئەمڕۆ خەڵکی شێلادزێ رۆڵی پێشەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبینن لە هەڵوێستیاندا بەرامبەر میت و لەشکری داگیرکەری تورکیا .

رووداوەکەی شێلادزێ بەکاری گێرەشێوێنی لە قەڵەم درا
پێش تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لە خۆپیشاندانەکەی شێلادزێ ، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا رووداوەکە بەکاری گێرەشێوێنی لە قەڵەم بدات .

بڕیارێکی پێشوەختی دەسەڵات بۆ سزادانی خەڵکی شێلادزێ
بڕیارێکی پێشوەختی دەسەڵات بەر لە بڕیاری یاساو دادگا ، سزادانی خەڵکی راپەڕیوی شێلادزێ – یە .

هێرش بۆ سەر دراوسێکان کارێکی نەشیاوە!!
هێرش بۆ ناو هەرێم لە وڵاتانی دراوسێوە دروستە ، بەڵام هێرش لە خاکی هەرێمەوە بۆ سەر دراوسێکان کارێکی نەشیاوە!!

هاوڵاتیانی کوردستان گێرەشێوێن نین
هاوڵاتیانی کوردستان گێرەشێوێن نین ، بەڵام مافی خۆیانە دژی تورکیای داگیرکەرو ستەمکاران ” گێرەشێوێن ” بن … !

باکوورو رۆژهەڵاتی کوردستان بنکەی هێرش بوون
لەسەردەمی بزووتنەوە چەکدارییەکاندا هەمیشە باکوورو رۆژهەڵاتی کوردستان بنکەی هێرش بوون بۆسەر سەربازگەکانی حکومەتی عێراق لە باشووردا.

دەربارەی هەڵوێست لە پێشمەرگە دێرینەکان

29 کانونی دووهەم

دەربارەی هەڵوێست لە پێشمەرگە دێرینەکان
فوئاد قەرەداغی
26 – 1 – 2019

پێشمەرگە مەپیرۆزێنن
پێشمەرگە مەپیرۆزێنن ، ئەوان خاوەنی رۆژە گەشەکانی بەرهەڵستی بەعس و ، رۆژە تاریکەکانی شەڕی ناوخۆن .
شانازییەکانتان لەکەدار مەکەن
ئەگەر رابردووی پێشمەرگایەتیتان شانازیتانە ، بە سەرکوتی هاوڵاتییان و رێگرتن لە ئازادیی راگەیاندن لەکەداری مەکەن .

دەربارەی سیکۆلاریزم

23 کانونی دووهەم

دەربارەی سیکۆلاریزم
فوئاد قەرەداغی
21 – 1 – 2019

واتای سیکۆلاریزم
سیکۆلاریزم بەدیاریکراوی ، واتای جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و پەروەردەو فێربوون دەگەیەنێت .
سیکۆلاریزم و یەکسانیی ئایینەکان
لە سیستمی سیکۆلاریستدا ، دەوڵەت بەیەکسانی دەڕوانێتە هەمووئاینەکان و شوێنکەوتووەکانیان .
سیکۆلاریزم و ئازادیی باوەڕداری و بێباوەڕیی
لەسایەی سیستمی سیکۆلاریستدا ئازادیی باوەڕداری و بێباوەڕیی بۆ هەموو کەسێک هەیە.

ئازادیی ئایین بەشێک لە ئازادیی گشتی
سیکۆلاریزم ئازادیی ئایینەکان بۆ خەڵکیی ، وەک بەشێک لە پرەنسیپی ئازادیی گشتی ، دابین دەکات .

سیکۆلاریزم و ئیلحاد دوو چەمکی جیاوازن
سیکۆلاریزم و ئیلحاد دوو چەمکی جیاوازن ، وەک سیستمی فەرمانڕەوایی ، پەیوەندییان بەیەکەوە نییەو دوو واتای جیایان هەیە .
سیکۆلاریزم و هێڵی سوور
بەپێی پرەنسیپەکانی سیکۆلاریزم هێڵی سوور بۆ بیروباوەڕی خەڵک و دەربڕینی بیروڕاکانیان نییە .

سیکۆلاریزم و خوێندن
لە قوتابخانەی سیکۆلاردا فەزڵی خوێندنی ئایینێک بەسەر ئایینێکیدیدا نادرێت .

خوێندنی مێژووی ئاینەکان
لە قوتابخانەی سیکۆلاردا مێژووی ئایینەکان و زانیاری گشتی لەسەر ئایینەکان دەخوێندرێن بەبێ جیاوازی .

بۆرژواکان : سیکۆلاریزم پڕاکتیکی دیموکراسی و مافی مرۆڤە
سیکۆلاریستە بۆرژواکان لەو باوەڕەدان سیکۆلاریزم پڕاکتیکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیی رەهایەو بێ ئەوانە بوونی نییە .

حزبەکانی دەسەڵات و سێبەر سیکۆلاریست نین
حزبەکانی دەسەڵات و سێبەر سیکۆلاریست نین بۆیە بەرنامەو سیاسەت و پەروەردەی سیکۆلاریان لێ چاوەڕوان ناکرێت .

کاپیتالیزم و سۆسیالیزم دەتوانن سیکۆلاریزم پێڕەو بکەن
هەردوو سیستمی سەرمایەداری و سۆسیالیستی دەتوانن بەپێی بنەما تایبەتییەکانی سیستمەکەیان پێڕەوی سیکۆلاریزم بکەن .
حزبێک ئیسلامیی نەبوو مەرج نییە سیکۆلار بێت
چەواشەترین بیروبۆچوون و هەڵوێست ئەوەیە : هەر حزب و رێکخراوێک سەر بە ئیسلامی سیاسی نەبوو بە سیکۆلاری لە قەڵەم بدەیت .

هەڵوێستی ئەمریکا لە تورکیاو چارەنووسی کورد و رۆژئاوا

17 کانونی دووهەم

هەڵوێستی ئەمریکا لە تورکیاو چارەنووسی کورد و رۆژئاوا
فوئاد قەرەداغی
16 – 1 2019

بیانییەکان و سیاسەتی موجامەلە
بیانییەکان لە سەردانی هەرێمدا ، سیاسییانە موجامەلەی کاربەدەستان دەکەن ، راگەیاندنی دەسەڵاتیش فوودەکەنە لێدوانەکانیانەوە .

ئەجندای تایبەتیی وڵاتان بۆ هەرێم
لە توێی سەردانی چڕو بەرودوای نوێنەری وڵاتان بۆ هەرێم ئەجندای تایبەتی هەیەو مژدەی خۆشیی لێ چاوەڕوان ناکرێت !!!

پلانی ئایندەی ئەمریکا بۆ مامەڵەی کورد چییە؟
شەڕی داعشیان بە کورد کرد . دەبێت لەهەگبەی بەرژەوەندیی ستڕاتیژیی ئەمریکادا بۆ ئایندە ، پلانی چ کوێرەوەرییەک مابێت کوردی تێوەبگلێنن .

ئەمریکاو پڕاکتیکی کۆلۆنیکردنی باشووری کوردستان و عێرا‌ق
دەڵێن ئەمریکا لەناوچەکانی ئەنبارو کەرکوک و هەولێر هێزەکانی بڵاودەکاتەوە . ئەمە پڕاکتیکی کۆلونیکردنی عێراق و باشووری کوردستانە .

کێشەی نێوان دەسەڵات و پەکەکەو تەڤگەری ئازادی

17 کانونی دووهەم

کێشەی نێوان دەسەڵات و پەکەکەو تەڤگەری ئازادی

فوئاد قەرەداغی

16 – 1 – 2019
زەوتکردنی ئازادیی پاساوێکی لۆژیکی نییە
هیچ پاساوێکی لۆژیکی بۆ راوەدوونان و دەستگیرکردن و زەوتکردنی ئازادیی چالاکوانانی پەکەکەو تەڤگەری ئازادی نییە .

ئازادی بۆ تارا حسێن و هاوڕێکانی
ئازادی بۆ تارا حسێن و هاوڕێکانی لە تەڤگەری ئازادی … دەست لە دەستگیرکردن و راوەدوونانی چالاکوانانی تەڤگەری ئازادی هەڵگرن .

کۆمێنتەکانی سەر تەڤگەر خەڵکیی چەواشە دەکەن
بەشێک لە کۆمێنتەکانی سەر تەڤگەر خەڵکیی چەواشە دەکەن ، ناڵێن سنووری کاریان باشوورەو مۆڵەتی کاریان لە حکومەتی ناوەندی وەرگرتووە .

دەمیان لە ئاستی دراما تورکییەکاندا درووە !
دەڵێن بۆ فلیمێکی دە دەقیقەیی بارودۆخەکە تێکمەدەن ، کەچی چەند ساڵە دراما تورکییەکان ژەهر پەخشدەکەن دەمیان لە ئاستیاندا درووە !!!

بۆ کەس نییە داوای بارکردن لە هاوڵاتییان بکات
هاوڵاتییان خاوەنی مافن لە خاک و زێدی خۆیاندا ، ئەگەر بە ستەمکاریی نەبێت ، بەرپرس بۆی نییە داوای بارکردن و بەجێهێشتنیان لێبکات .

ئازادی چەمکێکی رێژەییەو شارەو شاری ناوێت
ئازادی : چەمکێکی رێژەییە و رەها نییە ، تێکڕا کوردستان ئازادیی تێدا نییە ، بۆیە پێویست ناکات ئەم شارەو شاری بۆ بکەن .

لۆژیکی بیانووگرتن
لۆژیک – خۆنیشاندانی مامۆستایان : بۆ خۆتان هەر هەڵپەڕن …
” ئازادی ” ی دەستگیرکردن و راوەدوونان : ئەگەر پێی ناڕازین بۆ شارەکانیدی بچن

ئازادیی ئاپۆو کاری سیاسی و سەربازیی پەکەکە رەوان

11 کانونی دووهەم

ئازادیی ئاپۆو کاری سیاسی و سەربازیی پەکەکە رەوان
فوئاد قەرەداغی
9 – 1 – 2019

رێگرتن لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی ئاپۆ
رێگرتن لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی ئاپۆ لە سلێمانی ، پێشێلکردنی ئازادی و دڵنەوایی دەوڵەتی تورکیایە ، بۆیە دەبێت شەرمەزار بکرێت .

داکۆکی لە ئازادیی کاری سیاسیی ئاپۆو پەکەکە
هاوڕێ : نە پەکەکەم و نە ئاپۆیی بەڵام داکۆکیکاری ئازادکردنی ئاپۆو ئازادیی کاری سیاسیی پەکەکەو مافی پەنابەری و مانەوەیانم لە باشوور .

داوای بارکردنی پەکەکە دەکەن !
هەندێک لە ئاستی لەشکری تورکیاو بنکە سەربازییەکانی نێو هەرێم بێدەنگن ، کەچی داوا لە پەکەکە دەکەن باشووری کوردستان بەجێبهێڵن !!!

بە چ پێوەرێک پشتگیریی بۆردومان دەکەن ؟!
بە چ پێوەرێکی : نیشتمانی ، نەتەوەیی ، مرۆیی ، ئەخلاقیی ، کەسانێک پشتگیریی بۆردومانی بنکەو بارەگاکانی پەکەکە دەکەن !

شەڕی پەکەکە لە باکوور
دەڵێن پەکەکە بۆ ناچێت لە تورکیا شەڕبکات . ئەوە قسەی گوێ ئاگردان و نەشارەزاییە لە جەنگی پارتیزانی و مەسەلەی هاوکێشەی هێزەکان .

ئاسایش گاڵە بە ئازادیی دەکات !
ئەم رۆژانە هەواڵەکان باسی هەڵمەتێکی فراوانی ئاسایش دەکەن بۆ سەر چالاکیی هەوادارانی پەکەکە ، دەڵێن :
– رێگرییان لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی ئۆجەلان کردووە ، کتێبەکانیان کۆکردۆتەوەو سێ گەنجیان لەسەر ئەوە دەستگیرکردووە .
– سینەما سالم – یان داخستووە تا دەربارەی ( ساکینە جانسز ) کورتە فلیمیکی تێدا نمایش نەکرێت .
– بۆ ماوەیەک کتێبخانەی غەزەلنووسیان داخستووە .
– لە قەڵادزێ رێگرییان لە کۆڕێک کردووە کە بۆ یادی ژنە شەهیدەکانی پاریس ( ساکینەو هەڤاڵەکانی ) سازکرابوو . ئەم کارانە بێ پاساوێکی ئاشکران و زێترلە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیان … بەڕاستی ئەم رۆژانە لەم دەڤەرەدا گاڵە بە ئازادی دەکرێت !!

پەکەکەو پەیوەندیی بە باشووری کوردستانەوە
جاران ‌، لەو سەردەمەدا کەبە شۆڕش ناودەبرێت ، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ، رۆژهەڵات و باکووری کوردستانیان بۆ چالاکییە سەربازییەکان بەکاردەهێنا ، ئێستا بەکارهێنانی باشووری کوردستان بۆ چالاکیی سەربازی و مەشقکردن و خۆسازدانی گەڕیلاکانی پەکەکە بە ڕەوا نازانن !! بۆۆۆ ؟

سوتاندنی سێوان قادرو سێ منداڵی لە چەمچەماڵ

3 کانونی دووهەم

سوتاندنی سێوان قادرو سێ منداڵی لە چەمچەماڵ
فوئاد قەرەداغی
26 – 12 – 2018

سزای گونجاو بۆ بکوژی سێوان
سزای گونجاو بۆ بکوژی سێوان لەسێدارەدان نییە ، هەرگیز سزای کوشتن چارەسەر نەبووەو نییە .

رەهەندەکانی سووتاندنی سێوان
سوتاندنی سێوان رەهەندێکی خێڵەکی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و کەلتووری و ئەخلاقیی باوی هەیەو دەبێت لەو روانگەیەوە ببینرێت .

بوونی چەک هۆکاریی کوشتن نییە
هۆکاری کوشتن لەکوردستاندا بوونی چەک و کەرەستەکانی کوشتن لە ماڵەکاندا نییە ، بەڵکو ئەقڵییەتی دواکەوتووانەی باوی خێڵە .

سزای گونجاو هەتاهەتاییە بێ هیچ لێبوردنێک
سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی کەهیچ لێبوردنێک نەیگرێتەوە ، سزای گونجاوە بۆ تاوانە گەورەکانی وەک تاوانی سوتاندنی سێوان و منداڵەکانی .

ئەو تاوانبارەی نەخۆشیی دەروونیی هەیە تا چاکنەبێتەوە ئازاد نەکرێت
هەر تاوانبارێک نەخۆشیی دەروونی و عەقڵی درایەپاڵ دەبێت لە نەخۆشخانە بمێنێتەوەو چارەسەربکرێت و هەتا چاکدەبێتەوە ئازاد نەکرێت .

دەبێت لیژنەیەکی پزیشکیی پسپۆڕ چاکبوونەوەی تاوانبار رابگەیەنێت
ئەو تاوانبارەی بەپاساوی نەخۆشیی دەروونی دادگا سزای نادات ، بۆ ئازادکردنی دەبێت لیژنەیەکی پزیشکیی پسپۆڕ چاکبوونەوەی رابگەیەنێت .