Archive | ئازار, 2015

پەروەردەو شەڕە بۆکسەکەی نێو پەڕلەمانی کوردستان

26 ئازار

پەروەردەو شەڕە بۆکسەکەی نێو پەڕلەمانی کوردستان

لەم کورتە وتارەدا باس لە فلیمی شەڕەبۆکسەکەی نێو پەڕلەمان ناکەین ، بەڵکو کەمێک لە دیمەنە ڤیدیۆییەکە دووردەکەوینەوەو ، ئەم پرسیارە دەکەین : ” ئەم شەڕە چ پەیوەندییەکی بە کرداری پەروەردەوە هەیە ؟ دیسان دەپرسین : ئەم شەڕە چ پەیوەندییەکی بە واقیعی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستانەوە هەیە ؟ ئەم کلتووری شەق و شەپازلەو مشتەکۆڵە وەشاندنە پەیوەندیی بەو دوو فاکتەرەی نێو دوو پرسیاری پێشووەوە هەیە ؟ ئایا ئاستی نزمی سیاسەتکردن لەم وڵاتەدا ئەم کلتوورە دەژێنێتەوە ، یاخود سیاسەتی باڵادەستی ئەمڕۆش رسکاوی هەمان ئەو فاکتەرو کلتوورەیە ؟
سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ واقیعە کۆمەڵایەتییەکە ، ئەو واقیعەی سەروسیمایەکی سەرمایەداریی و ناوەرۆکێکی تا سەر مۆخ دەرەبەگیی هەیە . ناوەرۆکی دەرەبەگیی داب و نەریت و رێسا کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سیستمە ، لە کلتووری خێڵ و عەشرەتدا بەرجەستەدەبێت. یەکێک لە رێساکانی خێڵ پلەبەندیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای باوکسالاریی ، بەوپێیەش ملکەچبوون بۆ( باوک ، براگەورە ، سەرکردەی کاریزما ) ئینجا بۆ نێو کۆمەڵ لەسەر بنەمای ( گەورەو بچووک ، پیاوو ژن ، منداڵان بەپێی تەمەن ) تا دەگات بە حزبی گەورەو حزبی گچکە ) . رایەڵی ئەم پەیوەندییە گوێڕایەلیی و ملکەچبوونی ( خوارەوەیە بۆ سەرەوە ، گچکە بۆ گەورە ، خێل بۆ سەرۆکی خێڵ ، عەشرەت بۆ باوکی گەورە و دوای ئەو بۆ وەچەکانی بەپێی تەمەن ، هەموو خێڵەکان و چینەکانی کۆمەڵیش بۆ سەرکردەی کاریزما ) سەبارەت بە قاڵبە سیاسییەکانی پەیوەندییەکانی ئەم سەردەمە .
ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییە لەڕێی کرداری پەروەردەوە بەردەوام خۆی نوێدەکاتەوە . کرداری پەروەردە لە سێ ژینگەدا ئەم نوێ بوونەوەیە زامن دەکات : ( ماڵ ، قوتابخانە ، کۆمەڵگە ) .
ماڵ و کۆمەڵگە دوو ژینگەن پێبەپێی سیستمەکە هاتوون و لەڕووی کاتەوە پێش قوتابخانە دەکەون . پەروەردەی مرۆڤ لە منداڵییەوە تا گەورەبوون لەسایەی کۆمەڵگەی خێل بەڕێوە دەچێت ، بەواتا سایکۆلۆژییەکەی کرداری پێگەیاندن و رامبوونی کۆمەڵایەتی لەسایەی رێسا نەنووسراوەکان و داب و نەرێتەوە ، دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی مرۆڤەکان و هەر نەوەیە بۆ نەوەی دوای خۆی دەگوێزێتەوە و ، ئاکام دەبێتە کلتوور . ئەم کلتوورە گوێڕایەلی و ملکەچی و بێدەنگی و تەنها ( بەڵێ قوربان و بەسەرچاو ) دەخوازێت و گفتوگۆو رەخنەو رەتکردنەوەو ناڕەزایی و یاخیبوون و بڕیاردانی سەربەخۆ لە فەرهەنگیدا نییە . لەبەرامبەر لادانیش لەم کلتوورەدا سیستمی سزادان هەیە ، هەر لە هەڕەشەو چاوسورکردنەوەو گوێڕاکێشان و سەرزەنشتکردن و سووکایەتییەوە تا لێدان و پڕشەقکردن و کوشتنیش .
پەروەردەی فەرمی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان ( خێڵەکییەکان ) پشتگیریی ئەم کلتوورە دەکات . ئەم پەروەردەیە کاریگەریی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی لەسەردەبێت و بۆ نوێبوونەوەو خۆرسکاندنەوەی کلتوورەکە ئاڕاستەدەکرێت . پڕۆگرامەکانی خوێندن ، رێگاکانی وانەگوتنەوە ، ئەزموونەکان ، شێوازی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان و پۆلەکانی خوێندن، پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستاو قوتابی ، بەڕێوەبەرو مامۆستا ، سەرپەرشتیارو هەریەک لە بەڕێوەبەرو مامۆستا … هتد ، ئامرازەکانی جێگیرکردنی کلتوورەکەیە بە کلتووری سزادانیشەوە .
کاتێک رووداوێکی لەم چەشنەی نێو پەڕلەمان دەبینین ، یان هەر رووداوێکی لەو شێوەیە لەنێو خێزان و نێو کۆمەڵدا دەبینین ، لەڕووی پەروەردەییەوە ئاماژەیە بۆ ئاستەنگی و هەرەسێکی ئەخلاقیی گەورە ، ئاماژەیە بۆ کەلێنێکی گەورە لە سیستمی پەروەردەییدا ، تەنانەت ئاماژەیە بۆ نزمیی ئاستی سیاسەت و مایەپووچی حزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ، لە خستنەوەی پەروەردەیەکی مۆدێرن و تێپەڕاندنی کلتووری خێڵەکی لە ژیانی حزبایەتی و بەرنامەکانیاندا بۆ گۆڕانکاریی لە کۆمەڵداو گەیاندنی بە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ .
ئەم رووداوە بە پلان بووبێت ، یان کارێکی شەخسی ئەو دوو پەڕلەمانتارە ، لەواقیعی ئاستەنگیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و پەروەردەیی و ئەخلاقیی کوردەواریی ئەم هەرێمە ناگۆڕێت و ، دەشێت لە کات و شوێنیدیکەدا چەند بارە ببێتەوە ، بۆیە بەرنامە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بەبێ گۆڕانکارییەکی ریشەیی پرنسیپە مرۆییەکان و گێڕانەوەی تایبەتمەندێتی مرۆییانە بۆ مرۆڤەکان سەرکەوتن بەدەستناهێنن . پەروەردە یەکێکە لە فاکتەڕە گرنگ و سەرەکییەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییە ریشەییە .

فوئاد قەرەداغی
٢٥ – ٣ – ٢٠١٥

خاڵێکی یەکانگیربوونی فاشیزم و شۆڤێنیزم

24 ئازار

خاڵێکی یەکانگیربوونی فاشیزم و شۆڤێنیزم

مامۆستایەکی هاوڕێم لە فەیسبوک و گروپی دیالۆگی پەروەردەییدا ، بە ناونیشانی ( منداڵ و خوێندنگەو ئەعوذو … ) کورتە وتارێکی لە پەیجی گروپی ( دیالۆگی پەروەردەیی ) بڵاوکردۆتەوە . ئامانج و مەبەستی وتارەکە دەستنیشانکردنی چەند گرفتێکی پەروەردەییە ، بەنیازی لێکۆڵینەوەو ، گفتوگۆیەکی زانستی و پەروەردەیی و ، دۆزینەوەی رێگای چارەسەرکردنیان .
نووسەر بە ئاماژەکردن بۆ واقیعی قوتابخانەکانمان کەرەسەی چەند تەوەرەیەکی بەردەستخستووین و دەکرێت یەک بە یەک دیالۆگیان لە بارەوە بکرێت ، لەوانە :
– ترساندنی منداڵان بە هەندێ چەمکی خورافی .
– نەبوونی بەرنامەڕێژیی پەروەردەیی و پێویستیی خوێندن بە بەرنامەی دیاریکراو .
– پێویستیی ریفۆرمی پەروەردەیی و حکومەت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و بەشێک بێت لە ئەنجامدانی چاکسازیی لە سیستمی پەروەردەدا .
– هاوکاریی نێوان خێزان + قوتابخانە + مامۆستا ، بۆ سەرخستنی پەروەردەی قوتابیان و خوێندکاران .
نووسەر لەبەر تیشکی واقیعی کاڵبوونەوەی هەستی نیشتمانی ، خاڵێکی سەبارەت بەو واقیعە تۆمارکردووە ، وەک دەڵێت بۆ ” پەروەردەکردنی هاووڵاتییەک شانازی بەخۆی و نیشتمانەکەی بکات ” . بەڵام بۆ ئەم ئامانجە دروست و رەوایە نموونەیەکی خراپی لە شێوازی پەروەردەی تورکیا بۆ منداڵان هێناوەتەوە و دەڵێت : لە تورکیا وانەی یەکەم لە خوێندنگاکاندا مامۆستا ئەم دروشمە بە خوێندکاران دەڵێتەوە : ” خۆشبەختترین کەس ئەو کەسەیە کە تورکە ”
مامۆستا نازەنین ئەو راستییەش دەڵێت : ” هەرچەندە ئەمە بیرێکی ناسیۆنالیستییە( نەتەوەگەرایی ) ، بەڵام ستایشی دەکات و دەڵێت : ” زۆر زیرەکانەو بوێرانە رۆڵەکانیان گۆش دەکەن ” .
بۆچی دەبێت خۆشبەختترین کەس ئەو کەسەبێت کە تورکە ؟ یان بۆ دەبێت لە عێراقدا خۆشبەختترین کەس عەرەب بێت ؟ یان بۆ دەبێت خۆشبەختترین کەس لە کوردستاندا کورد بێت ؟ بەختەوەریی چ پەیوەندییەکی بە زمان و نەتەوەوە هەیە ؟ ئەم دیاریکردنەی نەتەوە بەگشتی ، بەبێ رەچاوکردنی واقیعی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو نەتەوەیە لەو جوگرافیا سنووردارەدا ، نەک هەر ناسیۆنالیستییە ، بەڵکو بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیستی و رەگەزپەرستییەکی ئاشکرایە کە گیانی خۆبەزلزانینی نەتەوەیی لەمنداڵاندا دەچێنێت ، ئاڕاستەیان بەرەو فەزڵدانی نەتەوەکەیان بەسەر نەتەوەکانیدیکەدا دەکات ، سەرەنجامیش کەسایەتییەکی فاشستییان لێپێکدەهێنێت کە ئامادەبن تاوانی گەورە وەک جینۆسایدو کۆمەڵکوژیی بەرامبەر گەلانیدیکە ئەنجام بدەن .
ئەم ئاڕاستە شۆڤێنییە بنەماو ریشەی فاشیزمەو یەکتری تەواو دەکەن و کارەسات و کوێرەوەریی بەسەر بەشەرییەتدا دەهێنن .
ئاڕاستەی دروست جەختکردنەوەیە لەسەر بەرژەوەندییە ناوکۆییەکانی مرۆڤ لەمسەر بۆ ئەوسەری جیهان . چاندنی ئەو بیرکردنەوە مرۆڤدۆستانەیەیە کە جیاوازیکردن لەنێوان مرۆڤەکاندا لەسەر بنچینەی : ( نەتەوە ، زمان ، رەگەز ، ئاین ، رەنگی پێست ) پەیوەندییەکی بە خودی پێکهاتەی مرۆییانەی مرۆڤەوە نییە ، ئەوەی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و شەڕی نەتەوەیی دروستدەکات بەرژەوەندییەکانی چینەباڵادەستەکانی کۆمەڵگایە ، کە بە درێژایی مێژوو سوودیان لەو چەمکانەی جیاکاریی وەرگرتووە بۆ هەرچی کەڵەکەکردنی زێتری سەرمایەکانیان .
ئێمە وەک نەتەوەیەک مارانگازی ئەو سیاسەتە شۆڤێنیستیی – فاشستییەین ، بۆیە دەبێت بە توندی دژی ئەم رەوتە بین و مرۆڤبوونمان ئەولەوییەت بێت . ئەمە بۆچوونی سەردەمیانەی گونجاوە لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنخازانەی مێژوودا ، پەروەردەی نوێ لە کوردستاندا دەبێت نموونەی ئەم مرۆڤدۆستییە بێت .

فوئاد قەرەداغی
٢٤ ی مارتی ٢٠١٥

قەڵەم فەرهەنگێك لە وشە دێنێتەگۆ

20 ئازار

قەڵەم

فەرهەنگێک لە وشە دێنێتەگۆ

نووسینی

فوئاد قەرەداغی

بەرایی

سێ به‌ش … سێ چه‌پکه‌ تیشک
دەڵێن : نووسین ناسنامەى نووسەرەو ، بەرهەمى هەر نووسەرێک کاکڵەى جیهانبینى و هزرو هەڵوێست و رەوتى ژیانێتى.
دەڵێن : بۆ ناسینى کەسایەتیى هەر نووسەرێک ، بۆ شارەزابوون لە خەون و هیواکانى ،دەبێت سەرجەمى نووسینەکانى بخوێنیتەوە.
من خەسڵەتى (راستگۆیى) دەدەمە پاڵ وشەى نووسەرو ئەو راستییانەى سەرەوە بۆ نووسەرى راستگۆ دەسەلمێنم ، چونکە دەشێت نووسەر هەبێت ، لە کایەى وشە فرۆشیدا ، بە زەبرى وشەى رەنگاو ڕەنگ خەڵک چەواشە بکات و نووسینەکانى حەقیقەتى کەسایەتى و ژیانى تایبەتیى دەرنەبڕن.
دیارە ئەوە خەڵکە سەرپشکى ئەوە دەبن بژارى راستى و ناڕاستى و ، هەق و ناهەق و ، راستگۆیى و چەواشەکاریى بکەن و ، دوا بڕیار بەسەر قەڵەمى نووسەرەکاندا بدەن.
لەو بارى سەرنجەوە ئەم کۆمەڵە وتارەم کۆکردەوە کە تێکڕا هەموویان لە چرکە ساتەکانى هەژانى ناخمدا گەڵاڵە بوون و قەڵەمیش راشکاوانە ، لە سنوورى هەلومەرجى خۆیاندا ، بەگۆى هێناون.
ئەم رەوتەى نووسین ، بەدەر لەو هەلومەرجانەش هێشتا بەردەوامە ، ئێستاش ناخى نووسەر قوڵپدەداو پەیتا پەیتا ژانەکانى دەخواتەوەو ، ئەوەندەى دەرفەتى بۆ بڕەخسێ ، هەڵدەچێت و چیرۆکى نامۆ بوونى ئەم قەڵەمە بۆ دەوروبەرەکەى دەگێڕێتەوە.
ئەم وتارانە لە سێ بەشدا ریزبەندیکراون . بابەتەکان ، زادەى بیرو هەڵوێست و کارلێکى گیانى نووسەرو رووداو و دیاردە جۆراوجۆرەکانى نێو کۆمەڵە.
نووسەر بۆ چڕکردنەوەى بیرو بۆچوونەکانى ، بۆ ئەوەى تابلۆیەکى روون و ئاشکراى نامۆبوونى و ، ئەو ژانە بە سوێیانەى کە بەرئەنجامین، نمایش بکات ، بۆ ئەوەى لەنێوان دێڕەکانەوە راستگۆیانە ، بروسکە ئاسا ، ئەزموونى خەم و خەونەکانى ئەم چەند ساڵەى دوایى ژیانى لە چەند سەرخەتێکدا بەیان بکات ، بۆ هەر بەشێک چەپکێ تیشکى کۆکردۆتەوەو ئاڕاستەى زامەکانى کردووە ، بەمەش زەمینەى بۆ قەڵەم خۆشکردووە تا بە رووناکى ئەسپى خۆى تاو بدات و بابەتەکانى نامۆیى خاوەنەکەى لە ناخەوە بۆ سەر کاغەز دەربهاوێژێت.
یەکەم چەپک لە سۆزى وشە خەماوییەکاندا ، لە بەڕێکردنى مامۆستاو براو هاوڕێ ئازیزەکانیدا ، نامۆیى ئەو خۆشەویستانەى بەرجەستە کردووە کە بۆ ژیان مەرگیان هەڵبژارد ، یان مەرگ یەخەى گرتن و ژیانى پڕ بەهاى گوڵتەمەنیان نەمریى بۆ تۆمارکردن.
کاتێک نووسەر ژان و سوێى مەرگى ئازیزانى رادەژەنێ ، ژیانى راستەقینە ، ژیاندۆستى ، بە نەوەکان دەگەیەنێت و تۆمەتى (مەرگدۆستى) ى لە ئاستى یادو بیرەوەریى ئەو گیانبەختکردووانەدا پووچەڵدەکاتەوە ، یەکبینەیى ژیان و خەبات جەختدەکاتەوەو ، لەم جیهانە جەنجاڵ وئاڵۆزو پڕ لە ململانێیەدا ، تێزى (مرۆڤـــ هەڵوێستە) دەکاتە دروشمى مرۆکان و ، لەو روانگەیەوە بۆ مەزنى ئەو خۆشەویستانەى دەڕوانێت و لە توێى وشەکانیدا بەرزترین جێگەیان بۆ دەکاتەوە.
دووەم چەپک رووى لە تەلارى خاوەنشکۆیە تا لەبەر رۆشناییەکەیدا گوڵبارانى خەونەکانى بکات و دواڕۆژى ئەو تەلارە بڕازێنێتەوە.
ئەگەرچى سیى ساڵ زێترە نووسەر لە خزمەتى پایەداریى ئەو تەلارەو نیازە بێگەردەکانى خاوەنشکۆدایە ، بەڵام هەرگیز لافى ئەوەى لێنەداوە هەڵسووڕاوێکى کارامەى نێو ئەو تەلارە بوو بێت بەڵکو بێفیزانە ، ئەوەندەى تواناکانى خۆى ، ئەوەندەى پانتایى بوارو قەبارەى ئەو هەلە دیاریکراوانەى بەردەمى ، بۆ بەرزو بەرزترکردنەوەى کەمتەرخەمیى نەکردووەو ، ئەگەر چەند گوڵێکى لەبەردەستدا بووبێت ، بێ سێ و دووکردن ، رێژنەگوڵى کەژاوەکەى پێکردووە و هەوڵیداوە نوێترو رازاوەترو جوانتر بنوێنێت.
ئەمێستا نووسەر لە پەراوێزى ئەو تەلارەدا ، بە چاوى هیواوە ، بۆ ئەو خونچە گوڵانە دەڕوانێت کە لە باخچەى زانکۆو پەیمانگاکانى کوردستاندا دەگەشێنەوەو گوڵاوپرژێنى دڵمان دەکەن و ئارامى بە گیانى خاوەنشکۆ دەبەخشن . ئێمە چاوى چاوەڕوانیمان لەو رێڕەوە بە گوڵ چنراوانەیە کە بەبۆنى خۆشیان مەستمان دەکەن و ، بە ڕەنگى ئاڵ و واڵاى بریسکەداریان قەڵەمە تەڵخەکان و ژەهرنامەکانیان لە نێو رەشنامەکانى سەردەمی قادسیەو ئەنفال و کیمیاباران و شۆڤێنیزمی ئێستادا رادەماڵن و باخچەکانى خاوەنشکۆیان لێپاکدەکەنەوە .
سێیەم چەپک ئاوازێکى رەنگاڵەیى ژێیەکانى ناخە ، رەنگدانەوەى خواست و ئاوات و ئامانجەکانى قەڵەمێکى نامۆیە ، ژانى بێکۆتایى کۆمەڵــگایەکى نامۆیە لە هزرى جگەرگۆشەیەکیدا ، زنجیرەیەکى بێپەیە لە خەم و پەژارە کە دڵى دەگوشن و شەوو رۆژ هەراسانى دەکەن ، بەڵام بەرەو ئەستێرەکان بەکێشیدەکەن تا خەونە دێرینەکانى نوێبکەنەوەو ، بە ئاوازەکانى بەهەشتى ئایندە لایلایەى بۆ بکەن .
ئاوازەکان هەمەڕەنگن ، بەرزو نزمن ، خاوو خێران . . .
ئاوازەکان ئاوێتەى ترپەى دڵێکى زامدارن و بە دیار چڵێ نەمامى هیواوە شەپۆل دەدەن و نۆتەى سروودێکى جیهانیى نوێ دەنەخشێنن و ، پڕ بە پڕى گیانى سەرڕێژ لە بەهاى مرۆ شەیداکانى ژیان ، لەسەر ژێیە لەریوەکانى ناخ بانگەوازێک : لە عیشقى گوڵ وپەپوولە ، لە ئاوێزانى هاژەو جریوە ، لە تریفەى مانگ و ئارامیى ، لە چرپەى ئەڤینى مرۆڤــــــ و سروشت ، بەرەو دواڕۆژى ئازادى و خەونى یەکسانیى مرۆڤــــ ، دەچڕن و دیسان بە دەنگە گەشبینەکەى (یۆژین پۆتیە) (1) و(گۆران) پەیامى دێرینى سروودى :(( هەستن ئەى هۆزى بەشمەینەتان ، دیلانى برسێتى دنیا . . . . . )) و ((دەمى راپەڕینە)) بە دوا خاڵى گۆى زەوى دەگەیەنن . .
فوئاد قەرەداغی
شوباتی ٢٠١٣

بەشی یەکەم

سۆزی په‌یڤه‌ خه‌ماوییه‌کان

بۆ یادی هاوڕێی کۆچکردووم مامۆستا محه‌مه‌د نوری توفیق

سه‌ره‌تا به‌ر له‌وه‌ی بیبینم ، مامۆستا حه‌مه‌ نوریم ناسی . کاتێک ناسیم که‌ ئه‌وو کاک ته‌های برای له‌ ( نوگره‌تولسه‌لمان ) زیندانی بوون . ئه‌و ناسینه‌ بۆ هاوینی ساڵی 1962 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، ئه‌و کاته‌ من ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاری سلێمانیی یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستان بووم ، کاک عومه‌ری برای مامۆستا حه‌مه‌ نوری ( یادی هه‌میشه‌ زیندوو بێت ) لێپرسراومان بوو ، بۆیه‌ که‌ دواتر ئازادکران و هاتنه‌ سلێمانی ، من یه‌کێک بووم له‌و که‌سانه‌ی لێیان نزیک بم و ناسینه دووره‌‌که‌مان به‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ وه‌رچه‌رخێت . ئه‌م یه‌کترناسینه‌مان ، به‌هۆی کاری سیاسی له‌گه‌ڵ کاک ته‌هاو کاری رێکخراوه‌یی له‌نێو یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستاندا له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌مه‌ نوری پته‌وتر بوو ، به‌تایبه‌تی دوای سێیه‌م کۆنگره‌ی یه‌کێتیی له‌ ساڵی 1968 دا ؛ کارکردنی هه‌ردووکیشمان پێکه‌وه‌ وه‌ک ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بڵاوکراوه‌ی ( ئامانج ) ئۆرگانی یه‌کێتیی مامۆستایان زێتر په‌یوه‌ندی نێوانمانی خۆشتر کرد ، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا کارکردنمان له‌ گۆڤاری ( رزگاری ) دا ئه‌وه‌نده‌یتر له‌ یه‌کتری نزیک خستینه‌وه‌ . ئه‌م نزیکییه‌ بووه‌ براده‌رایه‌تی و هاوڕێیه‌تییه‌کی به‌رده‌وام .
له‌ڕاستیدا په‌یوه‌ندیمان هه‌ندێک جار دابڕانی تێده‌که‌وت ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی رووداوه‌کانی ئه‌و کاته‌ی کوردستانه‌وه‌ ، جارێ به‌ هۆی دوورخستنه‌وه‌م بۆ باشووری عێراق ، جارێک به‌ هۆی په‌یوه‌ستبوونی ئه‌و به‌ شۆڕشه‌وه‌ له‌ ساڵی 1974 دا ، جارێکیدیکه‌ به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌ بۆ شاری ( دیوانییه‌ ) له‌ناوه‌ڕاستی عێراقدا ، جارێکیشیان به‌هۆی چوونی من ‌به‌ماڵه‌وه‌ بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی ته‌واوکردنی خوێندن ؛ به‌ڵام ئه‌م دابڕانانه‌ کاریان له‌ هاوڕێیه‌تیمان نه‌کرد ، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ توندتریکردو له‌هه‌ر یه‌کتر بینینه‌وه‌یه‌کدا نوێده‌بۆوه‌و ، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی سه‌ره‌تا به‌ ناسینی دوور به‌ دوورو دواتر به‌ کاری رێکخراوه‌یی ده‌ستیپێکرد بوو به‌ هاوڕێیه‌تی شه‌خسی و ئیتر ئێمه‌ به‌ده‌ر له‌ سیاسه‌ت هه‌میشه‌ هاوڕێ و براو خۆشه‌ویستی یه‌کتر بووین .
مرۆڤێکی دڵسۆز
هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ مامۆستا حه‌مه‌ نوریم ناسی تا ئه‌و کاته‌ی مه‌رگ لێی سه‌ندینه‌وه‌ ، یه‌کێک له‌ و سیفه‌تانه‌ی تیادا به‌دیتده‌کرد دڵسۆزی بوو . دڵسۆزی به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی هه‌بوو ، یه‌کێک له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌کانی بوو . مامۆستا نموونه‌ی مرۆڤێکی دڵسۆزو پاک و جیددی بوو له‌و کارانه‌شدا که‌ ده‌یکرد یان پێیده‌سپێردرا ، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ سنووری توانایدا بووبێ و له‌کاره‌کانیدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووبێت ، بێ ماندووبوون ، بێ چاوه‌ڕێکردنی ئافه‌رین و پاداشت ، خۆنه‌ویستانه‌ کاریده‌کرد ، ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی سه‌رکه‌وتنی بوو له‌ هه‌موو ئه‌و کارانه‌دا که‌ له‌ ئه‌ستۆی ده‌گرت . من وه‌ک خۆم شاهیدی دڵسۆزی ئه‌وم له‌ خه‌باتی رێکخراوه‌یی یه‌کێتیی مامۆستایاندا ، چ وه‌ک ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی ته‌نفیزی و سکرتارییه‌ت و ، چ وه‌ک ئه‌ندامێکی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ( ئامانج ) ؛ ئه‌و مامۆستایانه‌ش که‌ له‌ قوتابخانه‌کاندا هاوپیشه‌ی بوون ، به‌تایبه‌تی ئه‌و مامۆستایانه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی چوارباخی سه‌ره‌تایی له‌ سلێمانی که‌ مامۆستا حه‌مه‌ نوری به‌ڕێوه‌به‌ریان بوو ، شاهیدی سه‌رکه‌وتوویی و ژیری و کارامه‌یی ئیداریی ئه‌ون . له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌ریشدا ، ئه‌وه‌ با هاوکاره‌کانی له‌ رۆژنامه‌ی ( کوردستانی نوێ ) شاهید بن که‌ چۆن سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌ته‌مه‌ن له‌ ستافی رۆژنامه‌که‌ گه‌وره‌تر بوو ، به‌ڵام وه‌ک گه‌نجێک رۆژانه‌ به‌ حه‌ماسه‌ته‌وه‌ کاریده‌کردو ، به‌رده‌وام له‌ ژووره‌که‌ی خۆیدا ده‌بینراو کاته‌که‌شی به‌ خوێندنه‌وه‌و نووسین به‌سه‌ر ده‌برد . ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ دڵسۆزانه‌یه‌ی مامۆستا حه‌مه‌ نوری له‌ ده‌رکردنی گۆڤاری ( سلێمانی ) شدا ره‌نگیدایه‌وه‌و که‌سێک نییه‌ راده‌ی ماندووبوونی له‌و گۆڤاره‌دا ، له‌دووتوێی په‌ڕه‌کانیدا ، به‌دینه‌کات . هه‌ر له‌ڕێی ئه‌م گۆڤاره‌شه‌وه‌ که‌سانێکی زۆر له‌ نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیران و که‌سایه‌تییه‌ ناسراوو کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی شاری سلێمانی ئه‌م سه‌ربازه‌ گومناوه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییان ناسی و ، خه‌می به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رکه‌وتووانه‌ی گۆڤاره‌که‌یان له‌ کاری بێ پسانه‌وه‌ی ئه‌ودا به‌دیده‌کرد .
که‌سایه‌تییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی
مامۆستا حه‌مه‌ نوری په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی فراوانی هه‌بوو . له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خۆشی و ناخۆشیی که‌سوکارو دراوسێ و هاوڕێکانیدا بوو . له‌ناو خێزان و بنه‌ماڵه‌که‌یاندا رێزێکی له‌ راده‌به‌ده‌ری هه‌بوو ، سه‌رچاوه‌ی پرس وڕاو رێزی براو ئامۆزا و خزمه‌کانی بوو ، بۆ هاورێکانیشی هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بوو . بۆ خۆم چه‌ند نموونه‌یه‌کی ئه‌و مشوورخواردن و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنه‌ی مامۆستام له‌لایه‌ که‌ له‌ گشت خۆشی و به‌تایبه‌تی ناخۆشییه‌کانمدا ئاماده ده‌‌بوو ‌و فه‌رامۆشی نه‌ده‌‌کردم . یه‌کێک له‌و هه‌ڵوێسته‌ شه‌خسییانه‌ی وه‌ک نموونه‌ بیهێنمه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو که‌ له‌ ساڵه‌کانی 1980 و 1981 دا ، کاتێک فه‌همی برام له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی به‌عسه‌وه‌ بێ سه‌روشوێنکرا ، چه‌ند جار کاره‌کانی خۆی به‌جێده‌هێشت و به‌ ئوتومبیلی خۆی ده‌یبردمه‌ که‌رکوک و له‌ڕێی هه‌ندێک له‌ ناسیاوه‌کانییه‌وه‌ سۆراخی فه‌همی بۆ ده‌کردم تا هه‌واڵ و چاره‌نووسی بزانین ، به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێبداته‌ مه‌ترسی ئه‌و کاره‌و سیاسه‌ته‌ شۆڤێنیستی و فاشستییه‌که‌ی به‌عس ،‌ له‌سه‌رده‌مێکدا که‌ ئاشکرابوونی هه‌وڵێکی وه‌ها به‌ر گومانی په‌یوه‌ندیبوون به‌ شۆڕشه‌وه‌ ده‌که‌وت ، ئه‌و گومانه‌ش به‌س بوو بۆ تیاچوونی هه‌رکه‌سێک .
مامۆستاو سیاسه‌ت
ره‌نگه‌ زۆر جار که‌سانێک دوور به‌ دوور مامۆستا حه‌مه‌ نورییان به‌ سیاسی یان حزبی و ته‌نانه‌ت حزبییه‌کی گه‌وره زانیبێت ، به‌ڵام له‌ڕاستیدا نه‌ سیاسی بوو وه‌ک مانای کاری سیاسی و خولیای سیاسه‌تکردن و نه‌ حزبیش بوو . من له‌وه‌ته‌ی مامۆستا ده‌ناسم که‌سێکی حزبی نه‌بووه‌و هیچ ئیلتیزامێک به‌ حزبه‌وه‌ گرێینه‌داوه‌‌ . په‌یوه‌ندی ئه‌و له‌سه‌ر بنچینه‌ی دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان و ئیلتیزامێکی ئه‌خلاقی بووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوڕێ و که‌سایه‌تییانه‌ی ‌ بۆ مه‌ودایه‌کی مێژوویی ناسیونی و سه‌رده‌مانێک پێکه‌وه‌ هاوخه‌بات و هاوخه‌می پرسی کورد بوون . ‌ ئه‌و که‌سێک بوو به‌ بیروباوه‌ڕ نه‌ته‌وه‌یی و دیموکرات . له‌سه‌روبه‌ندی که‌رتبوونی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد ، که‌ ئه‌و کاته‌ پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرد ، بۆ هه‌ردوو باڵی بارزانی و مه‌کته‌بی سیاسی ، ئه‌گه‌رچی به‌لای باڵی مه‌کته‌بی سیاسیدا و پاشان یه‌کێتیی نیشتمانیدا شکایه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ سه‌رانسه‌ری مێژووی ئه‌و ململانێیه‌دا ، که‌سێکی میانه‌ڕه‌و بوو ، دژی کاری توندوتیژی و توندڕه‌ویی بوو . من بۆ خۆم لایه‌نگیرێکی توندڕه‌وی لایه‌نێکیان بووم ، بۆیه‌ چه‌ند جار له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌مه‌ نوریدا مشتومڕمان بووه‌ ، هه‌موو جارێک و هه‌میشه‌ ئامۆژگاری ده‌کردم که‌ هه‌ڵوێستی توندڕه‌وی وه‌رنه‌گرم و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و دواڕۆژی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریی نه‌ته‌وایه‌تیمان له‌به‌رچاو بگرم ، له‌ کۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستانیشدا ساڵی 1968 به‌گه‌رمی پشتیوانی له‌و بڕیاره‌ی کۆنگره‌ کرد که‌ بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی هه‌وڵێک له‌لایه‌ن یه‌کێتیی مامۆستایانه‌وه‌ بدرێت و وه‌فدێک سه‌ردانی هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ردوو باڵه‌که‌ی پارتی‌ بکات ، هه‌مان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی له‌ دوا شه‌ڕی نێوان پارتی و یه‌کێتی هه‌بوو ، ئه‌گه‌رچی له‌ ده‌زگای راگه‌یاندنی یه‌کێتیدا کاریده‌کرد .
به‌ مه‌رگی مامۆستا حه‌مه‌ نوری نووسه‌رێک ، رۆشنبیرێک ، رۆژنامه‌نووسێک ، که‌سایه‌تییه‌کی پاک و دڵسۆزو سه‌وداسه‌رێکی ئازادی کوردو رزگاریی کوردستانمان له‌ده‌ستچوو . سڵاو له‌ گیانی پاکی مامۆستاو یادی هه‌میشه‌ زیندوو بێت .

تێبینی
مامۆستا حه‌مه‌ نوری له‌ 8 ی حوزه‌یرانی 2011 دا ، دوای ململانێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌کی کوشنده‌دا گه‌یشته‌ کاروانی نووسه‌ران و ئه‌دیبانی کۆچکردووی گه‌له‌که‌مان . رۆژی 14 ی ته‌مموزی 2011 له‌ هۆڵی رۆشنبیریی ‌ سلێمانی یادی چله‌ی کۆچکردنی بۆ کرا ، من وه‌ک یه‌کێک له‌ هاوڕێ نزیکه‌کانی ئه‌م وتاره‌م بۆ ئه‌و بۆنه‌یه‌ ئاماده‌کردبوو ، به‌ڵام راگه‌یاندنی یه‌کێتیی نیشتمانی په‌یوه‌ندییان پێوه‌نه‌کردم و بۆنه‌که‌یان بۆ خۆیان قۆرخکرد ، بۆیه وتارەکەم شه‌وی ١٥ ی تەموز لە فه‌یسبوک بڵاو کرده‌وه‌ .

ئه‌ستێره‌یه‌کی ئاوابوو

ئەستێرەیەک ، ناوى ئەستێرەى (گۆران) بوو . . . لە پڕ کشاو ، لەبەردیدەمان ئاوابوو . . .

دیسان ئەمساڵ ، تشرینى خەم ، چەخماخەبارانى کردم . . .
دیسان ، گەواڵەى هەورىتار ، رووناکیی لێشاردمەوەو ، بینایى لێ سپى کردم . . .
دیسان ، رەشە بروسکەى هەواڵێک ، سەرتاپاى هۆش و گیانمى سمى و ، مەرگى خۆشەویستێکى دى پێگەیاندم . . .
دیسان ئەمساڵ ، تشرینەکەى ژان و فرمێسک ، کسپەى لەناخم هەڵگیرساند . . .
کسپە ، چزچز ،تەنییەوە ، بەناخمدا شۆڕبووەوەو ، هەتا سەرمۆخ ، هەتا دوا خانەى هەست و هۆش ، زامێکى دیکەى
تێکردم . . .
چ زامێک بوو ، زامێکى تیژو بەپەلە . . .
چ زامێک بوو ، زامێکى لێوان لێو ئاخن ، لە پشکۆو ژیلەمۆو کرپە . . .
زامى مەرگى (گۆران)ى هاوڕێم و برا . . .
(گۆران)ى مرۆڤـــــــ و بڕوا . . .
(گۆران)ى شەیداى ئازادى و ، ژیانى سەرڕێژ بە هیوا . . .
هاوڕێم . . . برام
ئەم مەرگەى تۆ ، چ مەرگێکى بە خورپە بوو . . .
ئەم کۆچەى تۆ ، چ کۆچێکى ناوادە بوو . . .
ئەمە ، چ ((چارەنووسێکى)) نەنگ بوو ، تۆى بۆ سەیوان بەکێشکردو ، بۆ ئێمەش ئەوە چل رۆژە ،
ئەو هەواڵە شۆکهاوەرە ، بە ئیفلیجى بە جێیهێشتووین : دەست و پەنجەمان ئیفلیج و ، زمان لاڵ ومێشک بەستوو و ، قەڵەم وشک و بێبەرهەمى کردووین . . .
ئەى هاوڕێى گیانى بە گیانیم
لێمببوورە ، لێمیمەگرە ، ئابەم دەست و پەنجانەوە رابمێنم . . . ئاخر قەڵەم دەستەوسانەو ، هەرچەند دەکات ، بۆ ئەم ((رێکەوت)) ەى مەرگى تۆ ، بەپەنجەمەوە بەنگنابێ . . . ئەوە
سەریهەڵگرتووەو بۆ چەند وشەیەک دەگەرێ ، دەگەڕێت و هەڵدەنووتێ و بۆم رامنابێ . . .
ئەوەتا ورد ورد دەڕوانێ ، پەیتا پەیتا ، بەنگکێشانە ، وڕدەبێت و بە چۆکدادێ ، بۆ چەند دێڕێک
لەوشەى سوورى زام و گڕ ، بە دیار ناخى سەرخوێن کەوتووم ، وادۆشداماوەو نابزوێ . . .
ئایا ئێوە : ئەى ئازیزەکانى گۆران ، دەزانن قەڵەم بۆ نووسەر ، جەوهەرى پڕۆژەى بوونە؟ دەزانن
قەڵەمى نووسەر ، رۆحى گەرمى دەهەژێنێ ، راستگۆیانە ، شارا بە شارى وشەکان شەندەکات و ،
بەگۆدێًنێ . . .
بەڵام . . . کوا نووسەرو ، کوا قەڵەم و ، کامەتا رۆح ؟
ئەوەتانێ ، رۆحێک تاساو ، رۆحێک راماو ، رۆحێکى تەواو لە هۆشچوو ، رۆحێکى تەواو نامۆبوو
بەدەوروبەر ، وەکو رۆحى نامۆى (گۆران) ، لەو جەستەیەى خامۆشکرا ، (گوایا) بەدەستى نهێنیى
قەدەر . . .
ئەى ئازیزان . . . ماتەمگێڕان
ئایا ئێوە ، رۆحى (گۆران)تان دەناسى ؟
ئایا ئێوە ، دەتانزانى : (گۆران) چ کانزایەک لە مرۆڤــــ بوو ؟
ئایا ئێوە ، شۆڕشى بەردەوامتان بیستووە ؟
ئایا ئێوە ، یەکبینەیى ورەى شۆڕشگێڕانەتان دیوە ؟
ئەوە (گۆران) نموونەى بەردەوامیى بوو :
بڕواى بەردەوام بە ژیان . . .
پاکى و بێگەردیى بەردەوام . . .
خۆشەویستیى خاک و خەڵک و ، دڵسۆزییەکى بەردەوام . . .
خەونى ئازادیى بەردەوام . . .
گەشبینییەکى بەردەوام . . .
خەمخۆرییەکى بەردەوام . . .
خۆشگوفتارى و بزەى هەمیشە بەردەوام . . .
بەردەوامیى . . . بەردەوامیى
بەردەوامیى رەوتە نەپساوەکەى مرۆڤـــــ بەرەو ژیان ، ئەوە بڕواو فەلسەفەى بوو . . .
بەردەوامیى ، ئۆرگانیکى گیان و هەستى ئەو بوو ، خەسڵەتى رەسەنى ئەو بوو ، بۆیە وا لە چلەى
مەرگى ئەودا ، بۆ جەوهەرى بەردەوامیى ئەو دەگەڕێم . . .
کامە جەوهەر ؟ جەوهەرى رۆح :
ئەو جەوهەرەى ، بێناز پرزەى لێبڕابوو . . .
ئەو جەوهەرەى ، کاتیک هاتمەسەرى ، لێینەمابوو ، لێیزەوتکرابوو تەنهاو تەنها جەستەى
مابوو . . .
ئەو (گۆران)ە ئاوەدانە ، گفت و لفت و گۆشیرینە . . .
ئەو (گۆران)ە سەرشار لە چالاکیى و ورەى ژینە . . .
ئەو (گۆران)ە هەمیشە گەشبینە . . .
لە سپێدەى ئەو رۆژە پاییزییەدا ، جەستەیەک بوو ، بێ هەناسە ، بێ گیان ، داماڵراو لە بەرگى
ژیان ، مات مات ، کپ کپ ، راکشابوو . . .
گیانێکى سارد ، جەستە هەرسارد :
سارد سارد ، وەکو رۆحى ساردەوەبووى نێو ئارامگەى دڵ و هۆشم . . .
سارد سارد ، وەکو داخ و پەژارەو حەسرەتى هاوڕێکانى . . .
سارد سارد ، وەکو نا ئومێدیى کیژەکانى : بێرى ، پەیام ، ئاڤان ، بۆ بینینەوەى باوکیان ، تاجى
سەریان . . .
سارد سارد ، وەکو تامى تفتى ژیان ، لە دواى مەرگى ، مامە (گۆران)ەکەى : ژیار ، ژوان . .
سارد سارد ، وەکو دەنگى دوورو ، چرپەى بابەبابەى ئەڤین . .
سارد سارد ، وەک هەناسەى شوکرى ، هاوسەرى رۆژانى سەختى دێرین . . .
سارد سارد وەک ئاوات و خەونى بێنازکەوتووى پەروین . . .
گۆران ، ئەى (گۆران)ە تێکۆشەرە دێرینەکەى کوردەوارى ، هاوڕێ (کامل)ەکەى (ئارام ) ،
پارتیزانى سەرەتایى . . .
ئەى خەمخۆرى بە ئەمەکى پرنسیپى : مافى مرۆڤــــــ و چارەنووس ،
دڵنیابە :
لەو تەنهایى و دنیا خامۆشەتدا . . .
لەو بێدەنگى و ماتى و گیانى بێ سروەتدا . .
لەو خەوتنە بێکۆتایى و رەهایەتدا . .
لە توێى دڵ و یادگارى هەمیشەیى و ، بیرەوەریى خزم و کەس و هاوڕێکانتدا . . .
لە نێو دێڕەکانى
مێژووى بەرەنگارى و تێکۆشانتدا .
دەژیت . . . دەژیت
. ئێمەش ، لەگەڵ ئاوات و ئامانج و خولیاکانتدا ، دەژین ، دەژین و هەرگیز لە یادمان ناچیت . . .

کێ له‌ مه‌رگی گۆران به‌رپرسیاره‌ ؟!

ماتەمگێڕان . . ئازیزانى گۆران
ئالەم یادە خەمناکەدا . . ئالەم رۆژە نەخواستەدا ، کە بەسوێى زامەکانمان و زووخاوى ناخماندا
دەچینەوە . . نابێت ئەو مەرگە تراژیدییە ، بەژێر خەرمانى وشەى پڕ سۆزو رۆمانتیکیانەوە ببێت . .
دەبێت هەڵوێستەیەک بکەین ، ئەو پرسیارە بۆ ئاڕاستەکردن داڕێژین و بپرسین :
کێ لە مەرگى گۆران بەرپرسیارە ؟
ئایا ئەمە ، مەرگێکى نوسراوەو لە ئەزەلەوە بڕیارى دراوە؟ ئایا ئەمە ، چارەنووسێکى ئاسایى مرۆڤەو ، دەبێت بەم شێوەیە کۆتایى بێت ؟
ئایا ئەمە ، رێکەوت و ناوچەوانێکە ، چارناچار دەبێت رووبدات و کەسێک تواناى بەربەستکردنى نییە ؟
ئێوە وەرن ، با پێکەوە بیربکەینەوەو بپرسین :
هەر مرۆڤێک (من ، تۆ ، ئەم ، ئەو) گۆران ، هاووڵاتییەک ، کرێکارێکى کارەبا ، کەبەم مەرگەساتە ژیانى
دەپێچرێتەوە ، کێ لەو مەرگەى بەرپرسیارە ؟
وەرن بێسڵەمینەوە بپرسین : بۆچى لەسەدەى بیست و یەکەمدا ، لەسەرەتاى هەزارەى سێیەمدا ،
هێشتا لەلاى ئێمە ، شەقام شەقام ، کۆڵان کۆڵان ، ماڵ بەماڵ ، عەموودەکان دادەچێنرێن و ، کێبڵەکان بە هەوادا رادەکێشرێن و ، لەگەڵ خۆیاندا مەرگ ، مەرگى چاوەڕوانکراو ، بۆ مرۆڤەکان دەبەن و ، لەهەموو شەقام و کۆڵان و ماڵێکدا پەخشى دەکەن ؟
ئەرێ ئەو مەرگە ، کارى هێزى نادیارەو دەستێکى نهێنى لەپشتە ، یان دەستى مرۆ باڵا دەستەکان و سیستمە گەندەڵەکان و دواکەوتنى شارستانیى تێدایە ؟
ئەرێ ئەو مەرگە ، بەرەنجامى فاڵ و قاوەو بەخت و خەوو چاوى پیسە ، یان بێدەربەستى و کەمتەرخەمى و عەقڵى پووچى سیستمێکە لە کاروانى پێشکەوتنى هاوچەرخ بەجێماوە ؟
ئاخر مەرگێک کە ئاسایى ، دواچارەنووسى هەموومانەو ، بە ناچاڕیى لەڕێى مرۆڤدایە ، کەى بۆتە مەرج ئابەم شێوە بێهودەیە ، کۆتایى بە ژیان بێنێت ؟!
ئەمە پرسیارێکە ، دەکرێت سەرى گڵۆڵەى ورووژاندنى چەندین رست پرسیار بێت و بۆ تێڕامان رامانکێشێ و لە بێدەنگى رزگارمانکات .
ئێوە وەرن باپرسیارەکان گشتیبکەینەوەو بڵێین :
ئەرێ کێ لە هەموو رووداوە تراژیدییەکانى مەرگ بەرپرسیارە ؟
– کێ لە خۆسووتاندن و زیندەبە چاڵکردن و گوللە بارانکردن و هەموو چەشنەکانى توندوتیژیى دژى ژنان بەرپرسیارە ؟
– کێ لە دووپاتبوونەوەى خۆکوشتنى قوتابیانى منداڵ و هەرزەکاران بەرپرسیارە ؟
– کە منداڵێکى پێنج شەش ساڵان کارى بە سەردا دەسەپێنرێ و ، لەبەرسەرماو کڕێوەى زستاندا هەڵدەلەرزێ و ، لە هاوینیشدا ئارەقەو شۆى نێوچەوانى بەلاجانگیدا چۆڕاوگە دەبەستێ ، کێیە ئەوەى ئالەم ناهەقى و تاوانە بەرپرسیارە ؟
– کە کۆمەڵێک مرۆڤــــــ ، لە رووداوى وەرگەڕان و بەیەکادانى ئوتومبیلدا ، گیانیان لەدەست دەدەن ، کێیە ئەوەى بەرپرسیارە ؟
– کاتێک مەرگ دەبێتە میوانى گیانی مرۆیەکى نەخۆش و ، لە نەشتەرگەرییەکدا هەڵناسێتەوە ، کێیە ئەوەى لەم کوشتنەى بەرپرسیارە ؟
دەڵێن پرسیار ، پرسیاریدى دەورووژێنێ . . . دەڵێن پرسیارى بەردەوام هێماى هۆشى بە ئاگایە ، هێماى خۆبەدەستەوەنەدانە ؛ بۆیە دەبێت ، وەک ئەو خواستەى (گۆران) هەیبوو ، بەبەردەوامیى بپرسین ، تادەگەینە پرسیار لە مەرگە شێنەییە گەورەکان و بڵێین :
– کێ لە مەرگە سیاسییەکان بەرپرسیارە ؟
– کێ لە ئەنفال بەرپرسیارە ؟
– کێ لەمەرگى نێو رەشەباى ژەهر بەرپرسیارە ؟
– کێ لەمەرگى مرۆى ژێر ئەشکەنجەى زیندانەکان بەرپرسیارە ؟
– کێ لەمەرگى نائاسایى ولەناکاوى تاکەکەس و ، مەرگى بەکۆمەڵى خەڵک بەرپرسیارە ؟
– کێ لەمەرگ بە ئەتۆم و سیانیدو خەردەل ، بە شێرپەنجەو ئەنتراکس و ئایدزو سارس بەرپرسیارە ؟
– کێ لەمەرگى بەرەنجامى جەنگ و مەرگى دەستى رەشى تێرۆریستان بەرپرسیارە ؟
– کێیە ئەوەى لەمەرگى ئابوورى ، مەرگى ژێرخانى کۆمەڵگا ، بەرپرسیارە ؟
– کێیە ئەوەى لە هەژارى ، لە بێکارى ، لە گرانى ، لە بێ خانەو لانەیى ، لەکەمیى ئاو ، لە نەبوونى خزمەتگوزاریى کارەباو ، کوێرەوەری بەردەوامى ڕۆژانەى خەڵک ،بەرپرسیارە؟
– کێیە ئەوەى،لە یاساى جەنگەڵى بازاڕ،لە هەڵًًچوونى رۆژانەى نرخ،لە دەستى ئاوەڵاى پارەداران،لە بڕینى ((ئازاد))انەو داتەکاندنى گیرفانى هاووڵاتیان ، بەرپرسیارە ؟
خۆشەویستان . . . ماتەمگێڕان
کێ لەوانە بەرپرسیارە ؟ پرسیارێک بوو ، لەلاى (گۆران) بەردەوام بوو ؛ بەو مەبەستەش ئەرکى دوو گۆشەى نێو دوو رۆژنامەى هەڵگرتبوو . . . *
کێ لەوانە بەرپرسیارە ؟
پرسیارەکان ، هەموو دەمێک ، (گۆران) بەزار دەیگوتنەوەو ، لە دڵ و بیروقەڵەمى هەڵدەقوڵان . . . بۆ وەڵامیش دەچووە نێو ململانێ و مشتومڕێکى جیددییەوە ، کەوەڵامیشى
چنگنەدەکەوتەوە ، بە نوکتەیەک ، بەتەنزێک ، پرسیارەکەى دادەڕشتەوەو ،بۆ ماوەیەک لێیدەگەڕا ؛ بۆیە منیش لەیادەوەرى ئەودا ، جارێکیدى ، بەم شێوەیە دامڕشتنەوە ، هەتا هەموومان پێکەوە ، لەبەردەم گشت رووداوێکى مەرگ هێنەردا ، بەتایبەتى لەبەردەم مەرگە نائاسایى و شێنەییەکاندا ، ئەم پرسیارە رابگرین و نەهێڵین هەروا تێپەڕبن ؛ چونکە ناشێت مەرگ ئاوا تەراتێن بکات و ، کەس لە هۆکارى نەپرسێ ، کەس لە بەرپرسەکانى مەرگ نەپرسێ و ، بێباکانە گوزەربکات و ، هەر رۆژە پڕ بەگیانى خۆشەویستێکماندا بکات ، یان دۆزێکمان بخاتە سەر رێگاى مەرگ .
دەبێت بانگەوازێک بکەین ، بۆ ئەوەى مەرگ بخرێتە ژێر پرسیارەوە ، بۆ ئەوەى (گۆران)ەکان ، خانمەکان ، قوتابیان ، منداڵەکان ، هەرزەکاران ، هاووڵاتیان بە گشتى ، بپارێزرێن و ، مەرگى نائاسایى ،ئاوا بە ئاسانى ، نەیانفڕێنێ . . .
دروود ئەى ژیانى پڕ بەخشینى گۆران . . .
دروود ئەى مرۆڤە هوشیارەکەى کوردەوارى . . .
دروود ئەى قەڵەمە بێدارەکە . . .
دروود ئەى فەرهەنگى ژیانێکى سەرانسەر خەم . . .
دروود ئەى خاوەنى پرسیار ، بێکۆتایى . . .
دروود ئەى گیانى بێگەردو زیندووى گۆران . . .
دروود . . ، ئەى هاوڕێم . . . ئەى برام . .

تێبینییه‌کان
1 – ئه‌م په‌خشانه‌ له‌ کۆڕی چله‌ی مه‌رگی جه‌رگبڕی هاوڕێی گیانی به‌ گیانیم ( گۆران قه‌ره‌داغی ) دا رۆژی 30/12/2004 خوێندمه‌وه‌ .
2 – گۆران ئێواره‌ی رۆژی 24 ی تشرینی دووه‌می 2004 به‌ کاره‌ساتی لێدانی کاره‌با گیانی سپاردو به‌جێیهێشتین .
3 – گۆران پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئه‌و مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌ بوو که‌ شه‌هید ئارام له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ پێکیهێناو ، له‌ناو پێشمه‌رگه‌کاندا به‌ هاوڕێ ( کامیل ) ده‌ناسرا .
4 – گۆران به‌ر له‌مه‌رگی ناواده‌ی دوو گۆشه‌ی له‌ هه‌ردوو رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) و ( چاودێر ) دا هه‌بوو .
5 – بێریڤان ، ئاڤان ، په‌یام و ئه‌ڤین کچی گۆران قه‌ره‌داغین ، له‌ سوید ده‌ژین .
6 – ژوان و ژیار کچی‌ نووسه‌ری ئه‌م په‌خشانه‌ن .
7 – شوکری ژنی یه‌که‌م و دایکی منداڵه‌کانی گۆرانه‌ ، (په‌روین ) یش ژنی دوومێتی و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان هێنای و که‌متر له‌ ساڵێک پێکه‌وه‌ ژیان .

تاجه‌گوڵینه‌یه‌ک له‌ وشه‌ی فرمێسکاوی بۆ بیره‌وه‌ری شازاد صائب

کاتێک گورزى هەواڵێکى شەوەڕەنگى نەگریس داى بەسەرماو ، مەرگى لە ناکاوى کاکە شاى پێڕاگەیاندم ، چەخماخەیەک جەستەمى سەرانسەربڕى و ، هۆش و هەستى هەڵقرچاندم .
ویستم پڕ بە دەم هاوارکــەم ، ویــستم ئازارو سوێـى ئەو هەواڵــــە نـــەسەلمێنم ، ویـــستم
بەرپەرچیدەمەوەو بیتارێنم .
ویستم بگریم ، تا رستێک فرمێسکى گەرم بۆ کاکە شا بهۆنمەوە ، بەڵام فرمێسک لە چاوانمدا یاخى بوو و دانەبارى.
ویستم قەڵەم بۆ خەم و پەژارەى ناخم شایەتم بێ ، بەڵام بیرو پەنجەو قەڵەم سڕ بوو بوون و کارى خۆیان لە دەستدابوو .
ویستم هەتا ماڵى حاجى و یارە سەرکەوم و هاوشانى گشت هاوڕێکانى یاوەرى بم ، بەڵام دڵەى کۆست کەوتووم و جەستەى ماندووم ، لە دامێندا رایانگرتم و ئەو شەرەفەیان پێ نەبەخشیم .
بۆ ساڵیادى کۆچى ناوادەى کاکە شا ، لەگەڵ خۆیدا کەوتمە دوان . وێنەکەیم تێرتێر نووساند بە سنگمەوە ، هەتا تاسەى دووریى ئەوو ، کاسیى ساڵێکى تەمەنمى پێڕەوییەوەو ، تاجەگولینەیەک وشەى فرمێسکاوى هۆن هۆن باراند .
وشەکان لێم راستبوونەوە ، وتیان نەکەى بگرى ، چۆن رێبازى دێرینى ئەو بە گۆمى لێڵى چاوەوە چاک دەناسرێ؟ ئەى نابینى چاوەکانى ئەو هەرگەشە . ئەوە نییە تیشکى سەرکەوتن تێیاندا چریسکەى دێ ، ئەى هەست ناکەى چاوو بزەى لێوەکانى ، جوانیى بە وێنەکەى داوە و ، لەگەڵ روخسارى بێگەردیا پاکى و سافى و دڵە بلوور ئاساکەى ئەو نیشان دەدا ؟ ئەوە نییە (کاکە شا) مان بۆتە ئەستێرەیەکى پرشنگدار ، لە ئاسمانى ساماڵى کوردەواریدا جریوەى دێ ؟ ئەوە نییە وشەو گیانى تامەزرۆى ئەو بۆ ئازادى نەمرییان دەستکەوتووەو ، بوونەتە خەرمانەى مانگ و هاوڕازى یەک (تریفە تریف) تیشکى زیوین پەخش دەکەن .
لەگەڵ وێنەکەى کاکە شا من لە دوان ماندوو نابم ، ئەویش بە ڕووى گەش و خەندە دەمدوێنێ و دەڵێ :
هاوڕێ . . . لەبیرتە هێشتا منداڵبووین ، لە گەڕەکى شێخان ، لە بارەگاى قوتابیان ،سیاسەت و کوردایەتى بە یەکترییان ناساندین ، لەبیرتە خەمى رزگاریى خاک و وشە نەوەى ئێمەى هەموو جۆشدا ، بیرت نایە لە دواى هەرەس بیرى بەرەنگارى و خۆڕاگریى یەکیخستین.
بەڵێ هاوڕێ . . . ئێمە زادەى تێکۆشانى ئەو سەردەمەین ، ئێمە هەڵگرى پەیامى (رزگارى)ىتۆین.
بەڵێ هاوڕێ . . . هاوڕێیەتى ئێمەومانان دەستکرد نەبوو ، هاورێیەتیمان لە مێژووى چەوساندنەوەى مرۆڤەوە دەستیپێکرد ، لە ئامێزى ئاوات و هیواى گەشماندا ، بەردەوام چرۆى دەکردو پڕ بە پڕى ئەم جیهانە پەلى هاویشت . ئێمە خەم و ژانى خوێن و خاک و نانمان لە کۆڵ نابوو . خەونى ئازادیمان ، بۆ کورد ، بۆ مرۆڤایەتى دەدى . خەمخۆرى نانى ئازاد بووین بۆ برسییەکان ، زۆر دەربەستى هەواى پاک بووین بۆ ئازادیى بیرو هۆش و ، بۆ زمانى بەستراوو ، بۆ کۆیلەى ناو کارخانەکان ، بــۆبەندەکانى نێو مەزراو نێو کێڵگەکان .
بەڵێ هاوڕێ . . . بە دڵێکى تەواو شکستەوە ، بەبارێ خەم و پەژارەى کۆست کەوتنەکەى پارەوە ، دەڵێم : مەخابن من بۆ بینینى مەرگى ئازیزان مامەوە . . . . من مامەوەو ئەو واشەى مەرگ پڕى پیاکرد ، من مامەوەو ئەو دەستى رێکەوتێکى کوێر پرزەى لە هەناسەى بڕى . بەڵام هاوڕێم دڵنیا بە ، خۆشەویستى بێ نیازى تۆ ئاوى زیندەگى دراوەو ، مەرگ وشکى ناکاتەوە . دڵنیابە بیرەوەریت لە دڵماندا دەژى و پێ بە پێى رەوتى ژیانمان ڕێدەکات و نەمریى کەمەر بەندیانە .
کاکە شازاد . . . ئێستاش هەروەکو دوێنێ ، گوێم لە دەنگى بەرزو شیرینتە ، چاوم تابلۆنیگارێکە روخسارى گەش و کراوەو زار بە خەندەى تۆى تێدایە . گەشبینى تۆ بۆ ژیان و بۆ بەهارى نوێى ئازادى لە نێو گفت و لفت و نوکتەى هەنگوین ئاساتەوە ، هەتا ئێستاش خەممان دەڕەوێنێتەوەو ، کانى بزەو خەندە لە قووڵایى دڵى شەیداى ئێمەدا دەتەقێنێتەوە .
ئەى ئازیزانى کاکە شا . . . ئێوە وەرن لە هەردوو چاوى منەوە بۆ وێنەکەى ئەو بڕوانن . . . وەرن رۆحى پەپوولەیى ئەو سەیرکەن . . . ئەوەتانێ من دەیبینم . . گیانى بۆتە هاوڕێى خۆرەتاوو هەموو رۆژێک لە گردى مامە یارەوە پرشنگى زێڕینى بڕواى بە نێو شاردا پەخش دەکات . . ئەوەتانێ من دەیبینم . . گیانى بۆتە هەڤرێستەیەک ، لە ناخماندا بنج دادەکوتێ . . ئەوەتانێ من دەیبینم مەرگ یاساى خۆى گۆڕیوەو بۆ کاکە شا بۆتە ژیان .

رۆژنامەى (کوردستانى نوێ) ژمارە (2761) سێشەممە 21/5/2002

تیشکی وشه‌ به‌سوێیه‌کان
له‌ چله‌ی مه‌رگی مامۆستا ( حه‌مه‌ ئه‌مین حه‌سه‌ن ) دا

ئەمجارەیان خەزان کەوتە وەرزى سەیرانەوە. کۆچ و ڕەوى ئەمجارەمان روو لە هەوارگەى سەیوان بوو . سەیرانى ئەم بەهارەمان لەنێو گیانى بەرزەفڕى خۆشەویستە ئارامبووەکانى شاربوو . مامۆستامان میوانێکى نوێى دەڤەرى حەسانەوەى تا هەتایى شاعیران و زانایان بوو . میوانى ئەمجارەى سەیوان تێکۆشەرو زانایەکى ماندوو نەناسى رێى پڕ هەورازى پێچاوپێچى پێشکەوتن و خەونى دواڕۆژێکى بەختیار بوو؛ بۆ ئێمەش ، شاگردانى ئەو ، تێشووى سەیرانى ئەم ساڵى خەمە ، نیگەرانىو پەژارەو فرمێسک و یادو دەرس و پەندى سەرانسەرى ژیانى پڕپیتى مامۆستا بوو .
کامە ژیان . . ئەو ژیانەى واشەى مەرگ پێچایەوە ، یان ئەو ژیانەى ، ئەوەندەى بەرینى دڵى مامۆستامان ، بووە فەرهەنگێکى گەورەو بەڕووى ئێمەو نەوەکانى دواى خۆى کرایەوە .
کامە ژیان . . ئەو ژیانەى رەوکردنى دوا هەناسە چاوەکانى پێ لەیەکنا ، یان ئەو ژیانەى رۆژ بە ڕۆژو سات بە سات و چرکە چرکەو هەڵوێست هەڵوێستى لە بیرو ویژدانى هاوڕێیان و یارانیدا ، دڵێکى ئێجگار مەزنى ئەبەدییەو پەیتا پەیتا لێدەدات و مێژووى یەکبینەیى ژیانى نەمرى و سەروەریى رۆڵە بەخشندەکانى خۆى تۆمار دەکات . تۆمارى نێو تۆمارگەیەک ، سەرانسەرى بەهاکانى دوو توێى ، مێژووى رەنجى زەمەنێکن ،چ پرەنسیپ وچ رەوشت سەرى بەرزیان لە ئاسمان بوو ، پوختەى بەندەکانیشى ، نوسراوى سەر ریزێک ئاڵاى شەکاوەن و ،ئازایەتى ، نەفس بەرزى ، مەبدەئییەت ، دڵسۆزى و خۆشەویستى ، پەروەردە و زانست پەروەرى ، گەشبینیى دواڕۆژى مرۆڤــــــ دەگێڕنەوە .
تۆمارگەکە پێمان دەڵێت: من شاهیدى ئەو رۆژەمە کە مامۆستا دەستەو یەخەى کەللە پووتە شۆڤێنییەکان بۆ بەرگرى لە بوون و ناسنامەى ئێمە جەنگا .
تۆمارگەکە پێمان دەڵێت : من شاهیدى ئەو رۆژەمە جەندرمەکان مامۆستایان قۆڵبەست کردوو بەرەو زیندانى تارى پڕ ئەشکەنجەو ئازاریان برد .
تۆمارگەکە پێمان دەڵێت : من شاهیدى ئەو رۆژەمە مامۆستامان عیشقى خەباتى گەرمتر لە جاران بوو ، دەرس و پەندى نێو زیندانى ، بە ڕووى ئاڵ و بە دەم زەردەخەنەى بێ کوژانەوە ، بۆ قاڵبوونەوەو راهێنان ، بە قوتابى و هاوڕێکانى دەگوتەوە .
تۆمارگەکە پێمان دەڵێت : ئەو کاتەى کەچڕەوى و لادان کەوتە وێزەى تەلارى باوەڕو رێبازى شکۆدارى ئەو ، پەنجەى ناڕەزایى بڵند راگرت دەنگى تووڕەیى هەڵبڕى ، پڕ بە گەرووى ، بە وشەى ئاگرینى ((نا)) بڕوا پۆڵاینییەکانى بە ڕووى لادانەکاندا چڕاند .
دیسان تۆمارگەکە پێمان دەڵێت : وەرن ئێوە باش بگەڕێن ، لاپەڕەکانى ژیانى هەڵدەنەوە ، تاببینن دڵسۆزى ئەو ، تا دیمەنى خۆشەویستى سروشت و کۆمەڵ و مرۆڤــــــ لە هزریدا ببیننەوە ، تا لە مەوداى عیشقى رەهاى ، بۆ ئازادى و ، بۆ یەکسانى و ، بۆ دواڕۆژى سۆسیالیزم تێبگەن .
تۆمارگەکە پێمان دەڵێت : ئەوە مێژووى نیو سەدە پەروەردەو زانست لەم دەڤەرە ژێردەستەدا ، داستانى خەم و پەرۆشیى تێکۆشەرێکى نەقابى ، مامۆستایەکى خەمخۆرى جیددى ، سەرپەرشتیارێکى رەسەن ، سەرکردەیەکى بە تواناى مامۆستایان لە زانستى بیرکاریدا ، بەیان دەکات .
تۆمارگەکە پێمان دەڵێت : ئەوە ژیانى مامۆستا دواى راپەڕین ، ئەوە قات و قڕى ئەو رۆژە سەختانە ، ئەوە گەدەى خاڵیى ئەو رۆژانە ، ئەوە ئابڵووقەى چەند سەرەو ، ئەوە گیرفانى چۆڵى بێ مووچە ، ببینن چۆن مامۆستامان خۆى راگرت و سەربەرزانە بۆ جارێکیش لەم دەرگاو ئەو دەرگاى نەداو دەستى ورەى پۆڵایینى و مشتى ئیرادەى کێو ئاساى ،بۆ کەس ، ئاوەڵابوونى بۆ نەبوو .
تۆمارگەکە پێمان دەڵێت : ئەوە گۆڤارى ( دواڕۆژ ) شاهیدە بیروباوەڕى مامۆستا تاوێرێک بوو سەخت سەخت ، نە بۆردومانەکەى (دۆما)و نەشایى و رەشبەڵەکى سەر لاشەى قیمە کراوى (ســـۆڤیەت ) نەیانتوانى بۆ چرکەیەک بیجوڵێنن یان پریشکێکى لێ بکەنەوە .
ماتەمگێڕان . . لێم ببوورن . . من نەهاتووم یاداشتى یادەوەرێکانم بۆ کۆڕى ماتەمى ئێوە بخوێنمەوە . . من نەهاتووم ماتەم بۆ مەزنە پیاوى وەک مامۆستا ( حەمە ئەمین ) سازکەم ، بگریم یان بلاوێنمەوە ، بەڵکو هاتووم لە بەردەمى ئێوەى ئازیزى مامۆستا چیرۆکێکى کورتى کەسایەتى و ژیانى ئەو بگێڕمەوەو ، لە نێو بیرى رووناکى ئەوەوە دواڕۆژتان بۆ بخوێنمەوەو ، مژدەى نەمریى مامۆستام بە پەڕەى گوێتانا بدەم .
ئەى مامۆستا . . . ئەى ئەو مرۆڤە دڵپاکەى بە رەوشتى بەرز ، دەنگى هێمن ، رووى گەشاوەو گوتەى شیرین ، لەگەڵ گرانترین وانەکانى بیرکاریدا ، وانەکانى پەروەردەو ژیانت فێردەکردین .
ئەى هاوڕێى گیانى بە گیانى سەفەرى هەزاران دێڕى نێو ( دواڕۆژ )ى گۆڤارو ئامانج و هیواو ، خەونە دێرینەکەى بەشەر بۆ بنبڕکردنى نامۆیى ، دڵنیابە یادت زیندوو رادەگرین و ، رۆژانە بیرەوەرى تۆى ، میوان و کۆرپەى باوەشە پڕ سۆزەکەى دایکە سەیوان ، لەگەڵ بیرەوەرى پیاو چاکان و هۆشمەندان و شاعیراندا دەکەینەوە .
دڵنیابە . . تۆ تەنها نیت ، لە بەهەشتى ئەو سەیوانە خامۆشەدا هاوڕێى هێما نەمرەکانى شارى . . . ئەوە لوتکەى چیاى شیعر ، ئەوە ( گۆران )ى هاوبیرت ، ئەوە شێخى شاعیرانى راپەڕین و فەرهەنگى خەمى هاوبەشتان ، ئەوە ( میدیا)ى دلێرو هەڵوێستى جوامێرانەیان . . ئەوە ئەمین زەکى بەگ و هەزاران لاپەڕەى مێژوو . . ئەوە روشدى زاناى ئابوورى سیاسى و پەیامى ماتەریالیزمى مێژوویى . . ئەوە سەدان تێکۆشەرو شەهیدانى کاروانى نان و ئازادى و مافەکانى مرۆڤى کورد .
خۆشەویستانى مامۆستا . . .
ئێوە ، ئەى میوانەکانى گیانى ئامادەو بەئاگاى مامۆستا . . .
ئێوارەیەو ،بوار تەنگەو ، هەناسە سوار . . .
زەردەپەڕەو خۆر بەرەو ئاوابوون دەکشێ . . .
منیش ئەسرینم خەریکە لە دیدەمەوە سەردەکات . . .
پەیڤەکانم بەرودوا ریزیان گرتووەو ئاوانابن . . . بۆیە لێیان دەگەڕێم و ، ئالێرەدا ، بە ئارامى ، لە خزمەتى مامۆستامدا ، دەبمەوە بە قوتابییەکەى جاران و ، بە هەموو هەست و نەستمەوە ، گوێ بۆ وانەیەکى نوێى رادەدێرم .
29 / ٥ / ٢٠٠١
لە بڵاوکراوه‌ی ( په‌روه‌رده‌و مامۆستا ) ژماره‌ ( 5 ) ی حوزه‌یرانی 2001 پەخشکرا .

چه‌پکێ وشه‌ی یاده‌وه‌ریی بۆ شه‌هید جه‌عفه‌ر
ئەمجارەیان ، گەواڵەى خەمى ئەم پاییزە بە چەپکێ وشەى ئەمەکداریى دەڕەوێنمەوە . . ئەمجارەیان ، پەیڤە قەتیسماوەکانم باڵە فڕە دەبن و دەستەو نەزەرى گیانى هاوڕێیەکم رادەوەستن و ریزدەگرن . . ئەمجارەیان ، وشەکانم دەیانەوێت بە دیدارى گیانى شەهید جەعفەر شادبن . . دەیانەوێت رستێ یادى رەنگ مروارى بهۆننەوە . . چونکە بۆ من ، یادەوەرى مەرگى جەعفەر ، هاوتاى هیچ یادێکم نییە .. ئەو هەر تەنها هاوڕێ نەبوو ، ئەو خۆى لوتکەى یادەکانە ، ئەو بۆ خۆى داستانى باوەڕ ، دەروێشێکى سەوداسەرى ئازادى بوو ، دڵى بزێوى نەوەیەک ، نمایندەى ئاواتێکى مێژوویى بوو .
لێم ببورن ، من نامەوێ لەم رۆژەدا یادەوەرى ماتەمینى بکەمەوە . . من نامەوێ وشەى ڕەش و ، بەرگى خەم و ،بۆسۆى هەناسەى سووتاوو ، تاسەو هەنسکى فرمێسکڕێژ دیاریم بێت و زامەکانتان بکولێنمەوە ، چونکە جەعفەر هەر زیندووە . . ئەى ئەوە نییە گیانى ئەو پەروانەیەکى نەخشینە و بەبان سەرماندا گڕ دەخوات . . ئەوە نییە چاوەکانى ، شین شین ، وەک ئاسمانى کوردەوارى ، گەش گەش ، وەک باوەڕى شۆڕش ، لە روخسارمان دەڕوانن ومژدەى ئاسۆى ئەرخەوانیمان دەدەنێ .
لەو کاتەوەى جەستەى جەعفەر لە باوەشى خاکى دایک ئارامى گرت ، هەتا ئێستا ، وشەکانم تامەزرۆى دیدەنى شارى حاجى و مەزارى پیرۆزى ئەون . . دەیانەوێت چەپکێ پەخشانى تێکۆشان ، چەپکێ شیعرى خۆشەویستیى ، چەپکێ گوڵى ورەى خاڵە شەهاب ، زامە سەختەکانى ئارام ، بەئیکلیلێک بهۆننەوەو لە یەخەى کێلەکەى بدەن .
وتم پەخشان ، وتم گوڵ و ، وتم شیعر . . ئاخر جەعفەر خاوەن شیعرى ( ئاگر )ین بوو .. ئەو ئەدەب دۆستێکى ناسک بوو ، عەشقى جوانى و ئامانجى بەرز خولیاى شیعرو ئەدەبى تێدا چاندبوو . . شیعرى پاراووناسکى جوانپەرستیى ، گەلپەرستیى ، گوڵى ئاخاوتنى کۆڕو دانیشتنى ئەو بوو . . ئەو لە ئاستى هەر هەڵوێستێک ، هەر جوانییەک ، هەر رووداوێک ، رادەوەستاو کۆپڵەیەکى لە گوڵزارى شیعر دەچنى و تاموچێژى کۆڕەکەى پێ زاخاو دەدا .
جەعفەر زۆربەى شیعرەکانى ( جەواهیرى )لە بەر بوو ، بەردەوام دەیگوتنەوەو تاموچێژێکى ئەفسووناوى لێوەردەگرتن . کە پێشکەشێکەى ( کوردستان و بزووتنەوەى رزگاریى نەتەوایەتى کورد )ى خوێندەوە کە دەڵێت :

تــزهو الحیاة بالمعی ثائر تهب الحیاة کانـــــه لایفهم
انی لاحسد من یموت مکرما شهما وارثی من یهان ویسلم
زۆر بە لایەوە بەرزو جوان بوو . بەڵام دەیگوت : ئەو ( بلیمەتە شۆڕشگێڕە ) دەبێت گیانى بۆ ئازادى و تێرکردنى برسییەکانى گەلەکەى تەرخان بکات ، ئەو برسییانەى ( جەواهیری ) جوانترین وێنەى ئازارەکانیانى گرتووە ، زۆر جاریش ئەم شیعرەى ( جەواهیرى ) بۆ دەگوتمەوە :

نامی جیاع الشعب نامی حرستک آلهة الطعام
نامی فان لم تشبعی من یقظة فمن المنام
نامی على زبد الوعود یداف فی عسل الکلام . . . هتد
جەعفەر بە کردەوە ، بەڕاستى ، بووە ئەو ( بلیمەتە شۆڕشگێڕە ) و گیانى خۆى لەپێناوى گەلە هەژارو ستەمدیدەکەیدا بەخشى .

ئه‌ستێره‌یه‌کی زیندانی
پێشکەش بە گیانی هەمیشە زیندووی فەهمی قەرەداخی *
کۆنگره‌ی نووسه‌ران . . .تشرینی یه‌که‌می 1991

برا . . برا . .
چاوم گێڕا . . بە هەر چوار لاى خۆمدا روانیم . . .
یەکە یەکەى روخسارەکانم سەیرکرد . . . سەرنجى قەڵەمەکانم دا . . .
نە روخسارت . . . نە قەڵەمت . . . لەوێ نەبوون
* * *
چاوم نووقاند . . زیندە خەونێک فڕاندمى و ، دیمەنى تارى ئەو رۆژەى پێنیشاندام . . .
ئەو رۆژە بوو . . وەک هەر رۆژێـکى پاییزان ، گەڵاڕێزان ، ئاسمانى مۆن ،روو تۆزاوى . . . .
لە پڕ جیڕەى جەرگبڕى ماشێنێکى جەندرمەکان ، رایانگرتى . . .
چەند چنگێکى چڕنووک درێژ ، قەترانى وەک شەوەى خەیاڵ ، چڵکن ، دزێو ، وەک ناخى فاشستەکان ، لە جەستەى ناسکت گیر بوو . . .
.هەر ئەوەندەى یەکودوویەک ، بە پەڕۆیەک ، دیمەنى رەشى تاوانیان لە چاو بەستى و ، بەرەو چارەنووسێکى نادیار کێشیانکردى.
* * *
هەردوو چاوانم کردەوە . . . چاوم گێڕا . . .
بە دووى خەم و پەژارەى یازدە ساڵمدا ملمدەنا ، دەمویست تەنها چرپەیەکت بە گوێى خەمەکانمدا گوزەربکات . . .
دەمویست ژان و ئازارو سوێى یازدە ساڵم لە تەزووى هەواڵێ ، تەلێ ، دەنگێکى تۆ ئارام بگرێت . . .
دەمویست بارانى ئەشک ، ئەشکى دیدار ،ئەشکى وشکى چاوى بێدارو گلکردووى چاوەڕوانیم ، رێژنە بارانى بەهاربێت ،تێر ببارێت ، تێر ببارێ و تەنیا بە بینینت شاد بێت.
* * *
چاوم گێڕا . . . ئەستێرەى سوورم بەدیکرد . . . .
ئەستێرەکانم خوێندەوە ، دروشمەکانم خوێندەوە ، ناوت نەبوو ، دەنگت نەبوو ، رەنگت نەبوو ، بۆ پرسیارى هەزار جارەم ، کەسێ نەبوو ، وەڵام نەبوو . . .
گوێم بۆ دوانەکان شلکرد . . . رستە رستە ،وشە وشەى بروسکەکان ، گوتارەکانم خوێندەوە . . .
پیتێک نەما ، خالێک نەما ، چاوى هیوام لەئاستیاندا هەڵنەڕوانێ ، خەونەکانم لە گەڵیاندا رانەمێنێ ، بۆ وەڵامێ ، بۆ هەواڵێ ، بۆ نرکەو ناڵەى گومناوێ . . .
* * *
لە ناو ئەو کۆڕو بەزمەدا . . . لە ئاهەنگ و زەماوەندى پێنووسەکان . . لە جەژنى نوێى هاوڕێیانى پێنووسە زیندووەکەى تۆدا . . . لەم شاییەى لە مەزنە شاییەکەى بەهار ڕسکا ، من کەلا بووم
تاسە دڵى دەپەستمەوەو توند دەیگوشى . . . خەیاڵى سەوز لە بۆشایى ئاسمانى شین ، لە گەردوونى بێکۆتایى زەردو سوورو ئەرخەوانى ، کەوتە مەلە . . .
خەیاڵ و تاسەو نامۆییت بە ژێى دڵى بەزام و سوێى مندا رادەبوورن . . . ئاوازى مەنگ سۆزو هەستم دەخرۆشێنێ . . . شەپۆلى گریانێکىئەفسوناوى تەنگ بە سینەم هەڵدەچنێ . . . شەپۆل سەرکەوت ، لە گەروومدا هەڵوێستەى کرد . . شەپۆل سەرکەوت ، خۆى گەیاندە کاسەى سەرم ، رێى کرد ، رێى کرد ، تا دوو گلێنەى سەرڕێژکرد . . . هۆن هۆن فرمێسک هاتە خوارێ ، رستێک مروارى هەڵوەرى و ، بوونە وشەى دڵ و دەروون هەڵقرچاوێ . . .
* * * * *
کاکە . . . کاکە . . .
ئاگام لێیە . . . گیانم بۆتە چەپکێ تیشک و دیوارە کەڕەکان دەبڕێ .
ئاگام لێیە . . . ئەسرین رووناکى بیناییت دەگرێ .
ئاگام لێیە . . . بزڕکاوى ، پەشۆکاوى ، دەستەو یەخەى بتەکانى ئەم زەمانە راوەستاوى.
ئاگام لێیە . . . زامى دڵت ، تک تک ،زووخاو بەڕێ دەکات . زووخاو ورد ورد ، بە هەناوتا ، بەناخى ژانلێهاتووى چەند ساڵەتدا ، دادەچۆڕى ،رێچکە دەگرێ .
ئاگام لێیە . . . دڵم لە دڵت دەڕوانێ . . گیانم خەرمانەى گیانتەو ، بۆ دیدەنى گیانى تۆیە وا ناسرەوێ .
ئاگام لێیە . . . بەرى چاوت ، پشتى چاوت ، پرسیارەکانى نێوچاوت ، مێژووى یازدە ساڵى پێیە .
ئاگام لێیە . . . سیخى دوژمن هەموو رۆژێک ، نەجارێک ، نەدوان ،نە هەزار ، چاوو دڵ و جەرگى شەقار شەقارتى پیادەکرێ .
* * *
کاکە . . . کاکە . . .
لانک مێژووى تۆ ناسینمە . . . لەبیرمدێ ، سەرنجى دیدەى بێ واتام بۆلاى تۆ بوو ، وێردى پژانى زمانم ناوى تۆ بوو ،یاریم ، پێکەنین ، گۆرانیم ، لەگەڵ بانگى کاکە کاکە ، هاوڕێى یەکبوون .
لەبیرمە تۆ ، دڵسۆزو هاوگەمەى منداڵیم بووى ، هاوڕێى رازو نهێنى هەرزەکاریم بووى .
تۆ . . تۆ . . تۆ . . . تۆ کاکم بووى . . . تۆ باوکم بووى . . . مۆمى شەوى تارى ژیانم بووى . . . .
* * *
رۆژهات . . . رۆیى
شەوهات . . . رۆیى
هەفتە ، هەفتەى سڕییەوە . . .
مانگ بوو بەساڵ ، ساڵ هەنگاوى یازدەیەمینى تەواوکرد ، بەڵام باستیل توندتر دەرگاى خۆى کڵۆم کرد.
بە فەرمانێ ، کات لێرەدا راگیراوە . . . شەوو رۆژو هەفتەو ساڵ ، بە زنجیرو کۆتى دەست و پێمدا هەڵواسراوە . . .گیانم مێخڕێژ بە دیواردا داکوتراوە . . .
چاوم بە زووخاڵى شەوانێکى بێکۆتایى داخراوە.
بە فەرمانێ : هەنگاو نانێم ، لە بەر دۆزەخ رادەگیرێم .
بە فەرمانێ : هەنگاو دەنێم ، بەرەو لاى قەنارە دەبرێم .
* * *
ئەرێ کاکە . . .
تۆ کەى دێیت و ، مژدەى راپەڕینم بۆ بهێنیت .
تۆ کەى دێیت و ، دڵم بگریتە ئامێزى هیواکانت .
تۆ کەى دێیت و ، چەپکێ هەتاو ، چەپکێ نێرگز ، بکەیتە سەرتۆپى گوڵى دیارییەکانت .
تۆ کەى دێیت و ، بەسەرهاتى یازدە ساڵى تەمەن و گیان و جەستەى من :
کەرەسەى نووسینەکانت بێت . . .
مێژووى ڕەشى وڵاتێک بێت . . .
مژدەى ریسوایى تا هەتای هیتلەرێک بێت . . .
گڕى سوورى خەباتێک بێت . . .
دره‌نگ تۆیان بیرکه‌وته‌وه‌ . . . تشرینی دوومی 1995
ئەمجارەیان ، یادى تۆیان ، لەگەڵ خەزاندا بەیانکرد . . .
ئەمجارەیان ، لە پشت کێوێکى بێدەنگى ، ناوى تۆ بووە چەخماخەى هەورى بێبارانى پەڵە . . .
ئەمجارەیان ناوە گومناوەکەى تۆ بوو ، پاش پازدە ساڵ ، بەرەو ئاسمان ، بەرەو کاروانى ئەستێرە ، داى لە شەقەى باڵ . . .
* * *
برا . . . برا . . .
پازدە ساڵە ، موورەگەى پشتى من ، قرچە دەکات . . . .
پازدە ساڵە ، رۆحى نائارامى منە گینگڵ دەدات . . .
پازدە ساڵە ، لە تشرینى خەمدا ، رۆحم گەڵاڕێزان دەکات . . .
پازدە ساڵە ، هەموو رۆژێک ، هەموو ساتێک ، گیانم توێ توێ لوول دەخوات و ، ورد ورد دەبێ و ، هەڵدەوەرێ و ، رەشەباى خەم ، لوورە لوورى فاشستەکان ، چوار وەرزى ساڵ گێژى دەداو دەیتاسێنێ . . .
* * *

تۆ ئەى هاوڕێ دزراوەکەم . . .
تۆ ، ئەى برا بە ناهەق براوەکەم . . .
پازدە ساڵە تۆ خەیاڵى ماندوو نەناسى بیرمى . . . تۆ بوونێکى هەمیشە زیندووى یادمى . . تۆ زامێکى پڕ سوێى دەروون ، خەمێکى قووڵى ناخمى . . .
تۆ ئەى هاوڕێ گەشبینەکەم
پازدە ساڵە ، دوورى و سەختى رێگا دەبڕى . . دەشت و هەرد ، هەوراز ، نشێو ، تەیدەکەیت و ، رێگا هەر کۆتایى نایە . . . .
پازدە ساڵە ، چاوم بە دووى هەنگاوى بێکۆتاییتدا وێڵەو ، خەریکە سۆمایى دایێ . . .
تۆ ئەى هاوڕێ دڵسۆزەکەم
پازدە ساڵێک بەر لە ئێستا ، تۆ فەرهادى جوانەمەرگت لەکۆڵتناو ، هێناتەوە گردە مێژووییەکەى سەیوان . . . ئەى کێ تۆ لە ئامێز بکات ، ئەى کێ بێتە بندەستى تۆو ، شەکەتیى دووریى رێگاکەت لە گیان دەرکات . . . .
* * *
پازدە ساڵە من راماوو سەرگەردان و دەستەو سانم . . .گێژو وڕى تراژیدیاى ونبوونتم . . .
پازدە ساڵە ئیفلیج بووم و ، نازانم روو لە کوێ بکەم . . .لە چ هەردێ . . لە چ دەشتێ ، لە چ سارایەکى وشک و بێدەنگ بارم بخەم . . . .
من راماوم ونازانم چۆن ،تاڵێ لەتیشکى زێڕینى خۆرت پێبگەیەنم . . . چ کاروانێکت بۆ رێخەم . . . چ زەماوەندێک بگێڕم تا بێیتەوە . . . تا دوورى ئەم پازدە ساڵە ببڕێتەوەو ،یۆتۆپیاى هاتنەوەى تۆ ، بەرگى راستیى بپۆشێت و ، ئاهەنگێک بۆ بوونت لە نوێ ساز دەینەوە . . . .
من راماوم و نازانم چۆن ئەم خەونەم بەدیدێت و ، بکشێم و بێم بە پیرتەوە . . . چۆن باوەشم ئاوەڵاکەم . . . چۆن سنگم توند توند بنووسێت بە سنگتەوە . . . چۆن بازنەى دەستم گیربکەم لە گەردنت . . . چۆن تێر تێر ئەسرین بڕێژم و ، بە لاملتا چۆڕاوگەیەک هەڵسێ و ، شادیى سەرڕێژى دیدارو پێشوازیت بێ . . . .
سه‌ره‌مه‌رگی دایکم . . . حوزه‌یرانی 2000
دایە . . . دایە . . .
دایە مەڕۆ . . . بۆ کوێ دەڕۆى ؟
دایە مەڕۆ . . . جێم مەهێڵە . . . رەگى بوونمان لە ناخى خاک هەڵمەکێشە . . .
دایە مەڕۆ . . . چاوەڕێ بە ، هاکا (فەهمى) گەیشتەجێ . . .
توخوا مەڕۆ . . . جێیمەهێڵە ، ئەو بۆ لاى تۆ بەڕێوەیە . . .
دایە مەڕۆ . . . جێیمەهێڵە و ،ئەم کۆچە ناوەختە مەکە . . .
دایە گیان بۆ بەجێیدێڵى . . . ئەوە تۆ نیت دوو دە ساڵە ،شەو تا بەیان ، چاوەکانت رێژنەى فرمێسک ، گەرم گەرم ، دەوەرێنن . . . ئەوە تۆ نیت دوو گرێیە چاوى چاوەڕوانیت سپى بووەو ، ئەو هەر نایە . . .
بۆ جێیدێڵى . . . ئەوە تۆ نیت ، دوو دە ساڵە ، خۆت بە دەورى سەرى ئەودا دەگێڕیت و ، قەزا و بەڵاى ئەم دنیایە دەخوازیت و ،بە پارسەنگى گەڕانەوەى (فەهمى) دەکەى ؟
* * *
برا . . . برا . . .
ئەوا دایکت لەسەر ڕێیەو سەفەر دەکات . . .
ئەوا دایکت بە پەلەیەو ، تەواو پشووى لێبڕاوە . . .
زووکە وەرەو ، مەهێڵە ئەو ،بێ بینینت سەفەربکات . . .
زووکە وەرەو ، با تاسەى بیست ساڵ دووریتى بە ماچى تۆ بشکێ . . .
زووکە وەرەو ، بالێوو گەڕووى پڕ قوڵپ و وشکى بەر لە کۆچى تەڕ بێ . . .
زووکە وەرەو ، با گیانی باڵگرتووى ئەو بەرەو دنیای ئەبەدییەت بە نامۆیى تۆوە نەفڕێت . . .
زووکە وەرەو، با باوەشى نیانى ئەو، دوا هەوارى گیانت بێت و،تێیدا ، هەروەکو سەرەتا بتوێیتەوە . . .
فریایکەوە، بالەم رێیە، بەرەو ئەودیو ،بەرەو نەبوون ،گیانى ماندووى هەڵکشێت و، دوور لە مێژووى لێوان لێوى فرمێسک و خوێن ، دوور لە فریشتە کوژەکان ، ئیتر بێ خەم سەرى ئارام بنێتەوە . . . .

* فەهمی قەرەداخی : نووسەرو رۆژنامەنووس و تێکۆشەری سیاسی
– رۆژی 8 ی کانوونی دووەمی ساڵی 1948 لە شاری هەڵەبجە لەدایک بووە .
-خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی و ، خوێندنی ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە .
– دەرچووی زانکۆی بەغدا / کۆلیجی ( یاساو سیاسەت ) بەشی سیاسەت بوو .
– هەتا ساڵی 1971 ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بوو .
– لە ساڵی 1971 هەتا ساڵی 1975 پەیامنێری هەفتەنامەی ( هاوکاری ) بوو لە سلێمانی .
– ئەندامی شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان ( کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ) بوو .
رۆژی 29/11 1980 لەلایەن دەزگا جاسووسییەکانی رژێمی بەعسەوە لە هەولێر دەستگیرکراو ، ئیتر نەبینرایەوەو بێ سەرو شوێنیان کرد .

بەشی دووەم

گوڵبارانی خەونەکانی خاوەن شکۆ

زه‌نگ
ئه‌و زەنگەى ( ئامانج ) هەڵیگرتووەو لەگەڵ دەرچوونى هەر ژمارەیەکیدا گوێبیستى زرنگەکەى دەبین ، هێشتا لە سەرەتادایەو قۆناغى ئەزموونى تێنەپەڕاندووە ، بۆیە چاوى چاوەڕوانیمان ئاڕاستەى کردووەو ، دەخوازین بە ڕاستى ببێتە هێماى هزرو ناخى هەمیشە هەڵچووى مامۆستایـــان و ، خەمــە پەروەردەییەکانیان و کێــشە تایبەتییەکانى ژیـــانیان بڕەوێنێتەوە . . .
مامۆستایان ، هاوڕێیانى دێرینى زەنگ ، دەیانەوێت خۆیان ئاوازی زەنگ دانێن . . .
دەیانەوێت خۆیان پەیامى زەنگ هەڵبـگرن و هەرگیز دەستبەردارى نەبن . . .
زەنگ بە واتا گەورەکەى خۆى چەکى بەرەنگاریى جیهانێکى ئاوەژووەو ، خەونى ستەمکاران بۆ چەواشەکردنى مرۆڤــــــ دەزڕێنێ ، بۆیە بۆتە سیماى رەخنەو ناڕەزایى ، بۆتە ئامڕازى ئاگایى و ، مایەى راپەڕینى هۆش و ، راچەنینى گیانى سڕو ، هەژاندنى جەستەى داهێزراوى دواکەوتن و نەزانى . . .
* ئەوە زەنگە هاوڕێى گیانى بە گیانى مامۆستایە . . .
* ئەوە زەنگە چەکى هەژانى دنیایە . . .
* ئەوە زەنگە زمانى ژان و بێزاریى ناخى مرۆى بەئاگایە . . .
مامۆستایان ، لەسەنگەرى کاریگەریى ئەو زەنگەدان ، دەیانەوێت لەم گۆشەیەى (ئامانج)ى مامۆستایاندا ، نووکى تیژو پڕو بەبڕشتى قەڵەم بەڕێکەوێت ، تا هەڵمەتى مێژوویى خۆى بەرێت ، دەنگى ئەوان بگەیەنێت ، بە پەیڤە زێڕینەکانى ، هەوارگەیەکى نوێ بڕازێنێتەوەو بارو بنەى ئاواتەکانى ئەوانى لێبخات . . . .

رۆژنامەی ئامانج ژمارە ( 5 )

ئامانج
(ئامانج) ئەو بڵاوکراوە تێکۆشەرە بوو ، کەلەدواى دامەزراندنى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ، بەتایبەتى لە نیوەى دووەمى شەستەکانى سەدەى پێشوودا ، ئۆرگانى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانەى مامۆستایان بوو ، ئەو بزووتنەوەیەى لەئاکامى شۆڕشى مەزنى ئەیلوولدا ، وەک پێداویستییەکى مێژوویى سەردەمى خۆى ، هاوشانى بزووتنەوەى چین و توێژەکانى دیکەى کۆمەڵى کوردەوارى ، هاتە نێو کاروانى بزووتنەوەى رزگاریخوازانەى نەتەوایەتیى گەلى کوردستانەوە .
(ئامانج) لە رۆژە سەخت و دژوارەکانى روو بەڕوو بوونەوەى دەسەڵاتى شۆڤێنیستى بەغداو سیاسەتى تواندنەوەى نەتەوایەتىو پیشێلکردنى مافە ڕەواکانى گەلى کوردستاندا ، ئەو ئۆرگانە رێکخراوەیىو پەروەردەییەى مامۆستایان بوو کە ئەرکى پیرۆزى بەگژداچوونەوەى سیاسەتەکانى رژێمى ، بەتایبەتى لە بوارى پەروەردەوفێرکردندا ، لەئەستۆ گرتبوو .
(ئامانج) دەنگى زوڵاڵ و رەوابێژى دەستەى پێشڕەوى مامۆستایانى رێبازى کوردایەتى بوو . چریکەى هەقخوازانەى ئەو تێکۆشەرانە بوو ، کە لە گەرمەى گڕى کڵپەسەندووى شۆڕشى ئەیلوول و بزووتنەوەى بەرەنگاریى داگیرکەرانى کوردستاندا گیانیان (نەزرى) بەدیهێنانى مافەڕەواکانى گەلە ستەمدیدەکەیان کردبوو .
(ئامانج) چەکوشى بێبەزەییانەى راستىو عەدالەتخوازیى مامۆستایانى کوردستان بوو ، بۆ راستکردنەوەى رێڕەوە چەوتەکانى بیروڕەفتارى ((سیاسىوپەروەردەیى)) نێو دامەزراوەى پەروەردەیى حکومەت لەو سەردەمەدا ، بۆ هەنگاو هەڵگرتن بوو بەراستە رێگاى گەیشتن بە ئامانجە رزگاریخوازانەکانى مامۆستایاندا .لەبەر ئەوە ،لەگەڵ دەرچوونى هەر ژمارەیەکیدا ، تەنگى بەدارو دەستە هەڵمەتەکاسەو چڵکاوخۆرەکانى نێو دەزگاى پەروەردە هەڵدەچنىو چۆکیانى بەلەرزە دەهێنا .
(ئامانج) بەسیاسەتى دروست وراستگۆیانەى ، جێیەکى بڵندو شیاوى لە نێو جەماوەرى گەلەکەمان و ، لە نێو مامۆستایانى سەربەرزى کوردستاندا بۆ خۆى کردەوە ، لەبەرئەوە بە پەرۆشەوە پێشوازییان لێدەکردو ، دەستاو دەست دەڕۆیشت و ، لەنێو قوتابخانەو خوێندنگاکاندا وەک چەکى بەربەرەکانیى ((پەروەردە))ى رژێم و ، ئامرازى تێکۆشانى مامۆستایان و دەنگى پەروەردەى بزاڤى کوردایەتى ڕێزیلێدەگیرا .
ئەمڕۆ بەناوى ئەو (ئامانج)ەى خاوەنشکۆى مامۆستایان بوو ، بەناوى ئەو (ئامانج)ەى جێگەى خۆى لەسەر تەختى دەسەڵاتى چوارەمدا کردبۆوە ، لەسایەى هەلومەرجێکى نوێدا کە راپەڕینە مەزنەکەى بەهارى 1991 خولقاندوویەتىو ، لە کەشوهەوایەکى ئازادو ئاشکراداو ، دوور لە سانسۆرى دەزگا سەرکوتکەرەکانى ئازادى ، دواى دابڕانێکى درێژخایان ، بۆ جارێکى دیکە (ئامانجى) ئۆرگان ، وەک رۆژنامە ،بەشێوازێکى گونجاوتر لەوەى پێشوو ، دێتەوە کۆڕى تێکۆشان هەتا ئەرکى نامە دێرینەکەى لەجیهان و کوردستانێکى نوێدا تەواو بکات .
لەڕاستیدا (ئامانج)ى خاوەن پێشینەى پڕ سەروەریى وەهاى لێچاوەڕوان دەکرێت کە لە ئاستى ئەرک و نامە مێژووییەکەیدا بێت و هاوئاهەنگى ئۆرگانى هەموو توێژەکانى دیکەى کوردەوارى ، رەنگى تەلارى کوردستانێکى ئازادو سیستمێکى دیموکراتى و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتووى مەدەنىو عەلمانى بڕێژێت .
ئێمەى مامۆستایانى کوردستان ، دەمانەوێت (ئامانج)ى زمانحاڵمان ، هەروەک رێبازە دێرینەکەى خۆى ، چەکى بەرەنگارىو بەرپەرچدانەوەى ((پەروەردە))ى شۆڤێنیستى نەتەوەى سەردەست بێت .
دەمانەوێت ئاڵاى راستەقینەى بزووتنەوەیەکى رێکخراوەیى زیندووى مامۆستایان بێت .
دەمانەوێت هاندەرو وروژێنەرو پێشەنگى بزاڤى بەگژداچوونەوەو سووربوون بێت لەسەر بەزاندنى کۆنەپەرستیى لەبوارى پەروەردەو فێرکردنداو ، بەو ئاڵا شەکاوەیەوە ، بێپسانەوەو ماندووبوون هەتا سەر بجەنگێ .
دەمانەوێت (ئامانج) هەمیشە نەڕەى دەنگە شێرانەکەى مامۆستایانى کوردستان بێت دژى یاسا شکێنىو هەموو جۆرەکانى گەندەڵیى کە لەنێو دامودەزگاکانى پەروەردەدا بەدیبکات .
دەمانەوێت (ئامانج) لێپرسراوانە ، بۆ چاکسازیى و گۆڕانکاریى پەروەردەیى و پەرەپێدانى پڕۆسەى خوێندن و گەشەکردنى پەروەردەو فێرکردن لە کوردستانــدا تێبکۆشێت ؛ رەخنەگرى هەڵەو کەموکووڕىو ، لە هەمان کاتدا ، پاڵپشتێکى ئیجابیانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەى هەرێم بێت .
دەمانەوێت (ئامانج) ئامرازێکى شارستانییانەى مامۆستایانى کوردستان بێت بۆ گەیاندنى خواست و داواکارییە رەواکانیان و ، شێوازێکى خەباتیان بێت بۆ بەدیهێنانى ئامانجە نەتەوەیى و نیشتمانىوپەروەردەیىو پیشەییەکانیان .
دەمانەوێت (ئامانج) لەبوارى خەباتى رێکخراوەییدا هەڵگرى پەیامى (بەرنامە)ی پەسەندکراوى دوا کۆنگرەى بێت و ، لەنێوانى ستوون و دێڕەکانیدا ئامانجەکانى بدرەوشێنەوەو ، لە گشتێتى نووسینەکانیدا رەنگبدەنەوە .
دەمانەوێت (ئامانج) پرەنسیپەکان (پێڕەوى ناوخۆ)ى لە نووسینەکانیدا بەرجەستەبکات و، بەراستى و بوێرانە داکۆکى لە سروشتى رێکخراوى تێکۆشەرى مامۆستایانى کوردستان ، وەک رێکخراوێکى دیموکراتى – پیشەیى – سەربەخۆ ، بکات .
دەمانەوێت . . . . . دەمانەوێت . . . . . . . دەمانەوێت . . .

ئێمەى مامۆستایانى کوردستان هەمیشە ئەوەمان سەلماندووە کە هیواکانمان گەش و . . . خواستەکانمان واقیعى و . . . داواکانمان ڕەواو . . . ئیرادەمان پۆڵایین و . . . وزەمان بێپەى بووە . . . .
دەکرێت (ئامانج) لە پەیامەکەیدا چڕیان بکاتەوەو بەڕاستى ببێتە خاوەنشکۆو بەڕیزەکانى دەسەڵاتى چوارەم پەیوەستبێتەوە

رۆژنامەى (ئامانج) ژمارە (2)
29/5/2002

( هه‌رێمی کوردستان ) ئه‌زموونێکی رۆژنامه‌گه‌ریی هاوشانی ئه‌زموونی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

(هەرێمى کوردستان) وەک رۆژنامەیەک کەزمانحاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستانە ، پتر لەم چەند دێڕەى بۆ هەڵسەنگاندنى دەوێت ، چونکە بۆ خۆى ئەزموونێکى رۆژنامەگەریی بوو لە خزمەتى ئەزموونی حکومەتێکدا کە گەلى کورد دواى راپەڕینە مەزنەکەى بەهارى 1991 پیادەیکرد .
بۆ سەرنووسەرێکى ئەم رۆژنامەیەش ، رەنگە زۆر ئاسان نەبێت بەچەند وشەیەک ئەزموونى خۆىو موعاناتەکانى لەگەڵ دەرچوونى ژمارە بە ژمارەیدا بخاتە ڕوو . من وەک سەرنووسەرى (106) ژمارەى ئەم رۆژنامەیە بەئەرکى خۆمى دەزانم لەیەکەم بواردا بۆم بڕەخسێ واقیعى ئەو ماوەیە تۆماربکەم و بەردەمى رۆژنامەوانان و مێژووى رۆژنامەگەریى کوردى بخەم شان بە شانى ئەو برایانەى دیکەش کەبەر لەمن و دواى منیش سەرنووسەرى رۆژنامەکە بوون .
رۆژنامەى (هەرێمى کوردستان) لەماوەى تەمەنى خۆیدا توانى ناسنامەى حکومەتێکى ساواى کەم ئەزموون بێت و، بە واقیعى کارو چالاکییەکانى ئەم حکومەتە تۆماربکات ، لەبەرئەوە سیماى هەرە دیارى ئەم رۆژنامەیە ئەو رۆڵە (دۆکیۆمێنت)ییەى بوو کەبۆ مێژووى ئەزموونى حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر لە رۆژنامەکانى دیکە دەتوانرێت سوودى لێوەربگیرێت .
ئەم رۆڵە (دۆکیۆمێنت)ییەى تەنها لایەنى کارى سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم و وەزارەتەکان و دامودەزگا حکومەتییەکان و دامەزراوەکانى سەربەحکومەت و هاوکارى حکومەت لە پڕۆژەکاندا دەگرێتەوە ، دەنا بوارەکانى دیکە (بەڕاى من) زۆرى بابەتى مردوو بوون و رۆژنامەکەیان پێ پڕدەکرایەوەو ، بەوە دەرچوونى بەردەوامى رۆژنامەکە زامن دەکرا ؛ هەربۆیە رۆژنامەکە لەڕووى ستاف و لەڕووى داراییەوە بارێکى زۆر گرانى نرابووە سەر کە رۆژانە هەستت پێدەکردو بەرە بەرە جووڵەى لێدەبڕى .
رۆژنامەى (هەرێمى کوردستان) هەر لەدەرچوونیەوە تائیمرۆ ناکۆکییەکى سەرەکى تێدابوو ، کە هەمیشە وەک کۆسپێک ڕێگرى پێشکەوتنى بوو ، هەرپێشکەوتنێکیش کە ناوەناوە لەڕووى (فۆرم – شکل)ەوە (نەک ناوەرۆک) تێدا کرابێت بە ئەرک و ماندووبوونى سەرنووسەرەکان و چەند ئەندامێکى هەڵسووڕاوى نێو رۆژنامەکە بووە کەلەپەنجەى هەردوو دەست تێپەڕى نەکردووە .
ئەو ناکۆکییە سەرەکییە ، لایەنێکى ئەوەبوو کە رۆژنامەکە رۆژنامەى حکومەت بوو ، واتە سیاسەتى دەسەڵاتى کوردى دەردەبڕى ، لایەنەکەى تر ئەوە بوو کە رۆژنامە دەبێت دەسەڵاتى خەڵک بێت ، ئەو دەسەڵاتەى کە ناوى دەسەڵاتى چوارەمى لێنراوە . ئەم ناکۆکییە رایەڵێک بوو لە تەواوى تەمەنى ئەم رۆژنامەیەدا ، چارەسەرى نەدەکراو ، ناکۆکییەکە بۆ هەمیشە هەردەمێنێت ، چونکە ناتوانرێت رۆژنامەیەک لەهەمان کاتدا دوو ڕۆڵى پێببینرێت و ، دەسەڵاتى حکومەت و دەسەڵاتى خەڵک لە توێى لاپەڕەکانى خۆیدا کۆبکاتەوە ، هەرچەندە لەڕێى ریپۆرتاژەکان و لەڕێى گۆشەى جیاجیاو بڵاوکردنەوەى داواو سکاڵاى خەڵکى لە گۆشەى (جەماوەرو حکومەت)دا بۆ ماوەیەک ، هەوڵێکى زۆرى بۆ درا .
سەرەڕاى ئەم ناکۆکییە ، یان باشتر بڵێین ، لەگەڵ ئەم ناکۆکییەدا واقیعێک لەئیدارەى رۆژنامەى حکومەتیدا دێتە پێشێ – کە رەنگە کەمیى ئەزموون و بوارى تەسکى ئەزموونى رۆژنامەگەریى لە کوردستاندا هۆکارەکانى بن – کە کاربەدەستانى هەر لە سەرنووسەرەوە تا دوا هەڵسووڕاوى کارمەندى حکومەت بن و وەک کارمەندو بەگیانى خۆژیاندنەوە کاربکەن ، لەم حاڵەتەدا ،دەگمەن کەسانێک ، لەم شێوە رۆژنامانەدا ، هەڵدەکەون کە شەونخونى بەدیارەوە بکەن و بەدەرلەوەى مووچەى لەسەر وەردەگرن ، عەشقى رۆژنامەگەریى ئاوێتەى رەنج و ماندووبونى خۆیان بۆ دەرچوونى رۆژنامەکە بکەن .
من پێموایە بڕیارى راگرتنى دەرچوونى ئەم رۆژنامەیە ، بڕیارێکى راست و دروست و بوێرانەیەو ، بەرئەنجامى ئەقڵێکى شارستانییە . ئەم بڕیارە بایەخ و سەرچاوەکەى لەوەدا دەبینم :
1- کۆتاییهێنانە بەو ناکۆکییەى لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کرد ، چونکە هەردەبێت رۆژنامە لەبەرەى دەسەڵاتى چوارەم بێت .
2- رەتکردنەوەى ئەوەیە کە حکومەت رۆژنامەى زمانحاڵى هەبێت ، سەبارەت بەوەى دەبێت حکومەت نوێنەرى بەرژەوەندىو راگرى هاوکێشەى بەرژەوەندیى نێو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بێت لەهەر کۆمەڵگایەکدا بەپێى ئەو چەمکەى دەوڵەت کەلە جیهانى ئەمڕۆدا باوە .
3- حکومەت بۆ بڵاوکردنەوە یان راگەیاندنى پڕۆژەکان و پەخشکردنى بەرنامەکان و بەئاگاهێنانەوەى خەڵک دەربارەى چالاکییەکانى ، دەتوانێت هۆیەکانى دیکەى بڵاوکردنەوەو چاپ بەکاربهێنێت و تەواوى زانیارییەکان لە خزمەتى رۆژنامەگەریى مەوجوددا دابنێت و ، هەموو رۆژنامەکان بە رۆژنامەى حزبی و ئەهلییەوە بتوانن هاتوچۆى دامودەزگاکانى بکەن و ئازادانە واقیعى کارە خزمەتگوزارییەکان و ، هەروەها کەموکووڕىو ئاستەنگەکانیش بەجەماوەر بگەیەنن و هەمیشە چاودێرو رەخنەگرى لایەنە سەلبییەکان بن و لایەنە ئیجابییەکانیش تێیاندا رەنگبدەنەوەو ، لەهاندان و پشتگیریى درێغى نەکەن .
4- چارەسەرکردنى قەیرانێکى ئیدارىو داراییە کەلە مێژە ئەم رۆژنامەیە هەیەتى و ، بە گۆڕینى سەرنووسەرەکان و هەرئاڵوگۆڕێک کەناوە ناوە کراوە ، نەتوانراوە چارەسەربکرێت ، چونکە ئەم قەیرانە بونیادییەو لەگەڵ دروستبوونەوەى ستافى نوێ بۆ دەرکردنى رۆژنامەکە ، بۆ دەورەیەکى نوێ ، لەشارى سلێمانى ، هاتۆتە ئاراوەو سروشتى بارودۆخە سیاسییەکەو راگرتنى لەنگەرى هاوکێشەکان درێژەى پێداو تواناى بنبڕکردنى نەبوو ، ئەگەرچى ئیرادەو پڕۆژەى چاکسازیش هەبوو .
بەکورتى ، ئەزموونى رۆژنامەى (هەرێمى کوردستان) هاوتەریبى قۆناغێکى دەسەڵاتى کوردە کە خۆى لەدامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دەنوێنێت ، ئاوێنەى شێوەى ئەزموونەکەیە لەساڵەکانى سەرەتاى تەمەنیداو ، بۆ ئێمە ، ئەزموونێکى تایبەتیى رۆژنامەگەرییە ، کە بۆ مێژوو ، بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستى رۆژنامەگەریمان و چۆنیەتى بیرکردنەوەمان و ئەقڵى سیاسی و ئیداریى حکومەتەکەمان لەو ماوە سەرەتاییەى تەمەنیدا بایەخى خۆى هەیە .
ئیمڕۆ کە هەنگاوى سیاسی و ئیداریى نوێ لەکایە دایە ، بۆ تێپەڕاندنى قۆناغى ئەزموون بۆ قۆناغى دامەزراوە (مۆسسات)ى دەوڵەتى ، راگرتنى رۆژنامەیەکى حکومەتی و گێڕانەوەى ئەو وزەیە بۆ نێو رۆژنامەگەریى دەرەوەى حکومەت و بنیاتنانى کۆمەڵــگایەکى مەدەنى کە دەسەڵاتى چوارەم کۆڵەکەیەکى بێت ، ئەرکێکە دەبێت دەستخۆشیى لێبکەین و ، بەگیان و ورەیەکى بەرزو هزرێکى رووناکەوە لەپێشوازیدا بین و تەواوى تواناى خۆمانى بۆ بەگەڕبخەین .

رۆژنامەى (هەرێمى کوردستان) ژمارە (408)
دواژمارە / چوارشەممە / 23/5/2001

رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی
لە 22 ى نیسانى ئەمساڵدا (103) ساڵ بەسەر تەمەنى سەرهەڵدانى رۆژنامەگەریى کوردى تێدەپەڕێ . دیارە لەم چەند دێرەدا ناتوانرێت پانۆراماى رۆژنامەگەریى پتر لەسەدەیەک بەوردىو بەپێى قۆناغە جیاجیاکانى مێژووى کوردو بزووتنەوە رزگاریخوازییەکەى شیبکەینەوەو رۆڵى توێژو چینە کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەرە سیاسییەکانیان لەم بزاڤە سیاسىو رۆشنبیرییەدا دیاریبکەین ، بۆیە تەنها واقیعى دواى راپەڕین بەچەند خاڵێک هەڵدەسەنگێنین .
بۆئەوەى ئەم هەڵسەنگاندنە (بابەتى) بێت ، پێویستە هەردوو لایەنى چەندایەتىو چۆنایەتى بگرێتەوە ، لەبەرئەوە بەکورتى بەسەر هەردوولایەنەکەدا گوزەر دەکەم :
1- لە ڕووى چەندایەتییەوە (زۆرىوبۆرى) بەسیماى رۆژنامەگەریى کوردییەوە دیارە . رۆژنامەى حزبى باڵى بەسەر گۆڕەپانى رۆژنامەگەریدا کێشاوە .رۆژنامەکان زۆرن ، هەمەڕەنگن ، هەمە بیرن ، هەمە ڕێبازى سیاسین . رۆژنامەى ئەهلىو سەربەخۆ دەنگى کزە یان هەرنییە .
من بەگەشبینییەوە سەیرى ئەم دیاردە چەندایەتییە دەکەم و ، دواى ساڵانێکى زۆرى سەرکوت و پێشێلکردنى ئازادیى دەربڕین و بڵاوکردنەوەو دانانى سانسۆر لە سەر قەڵەمە مولتەزیمەکان ، زۆر ئاساییە بەم شێوە بەربڵاوە رۆژنامەو گۆڤارمان هەبێت و ، دڵنیام کە سەرەنجامەکەى بە پێشکەوتنێکى بەرچاو دەشکێتەوە .
2- لە ڕووى چۆنایەتییەوە ، ئەگەرچى شێوەى دەرهێنانى رۆژنامەکان (نەخشەسازیى) بۆ پێشەوە چوونێکى دیارى هەیەو ، بەسوودوەرگرتن لە جۆرنالیزمى پێشکەوتەى جیهانى ، رۆژنامەى کوردى لەشێوەیدا چەند هەنگاوێکى ناوە ، بەڵام لەڕووى ناوەرۆکەوە گەشەکردنێکى بەرچاو هاوتەریبى لایەنى چەندایەتىو شێوەکەشى نەبووە ، بەڵکو پاشەکشەیەک بەدیدەکرێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو رۆژنامە مولتەزیمانەى بەر لەراپەڕین هەبوون ؛ سەربارى ئەوەى کە زۆربەیەک لەو رۆژنامانە وەک بەشێکى جۆرنالیزمى ژێر سایەى سیستمى سەرمایەداریى جیهانىو دەنگدانەوەى بابەتەکانى ئیمڕۆى ئەو جۆرنالیزمە کاردەکەن ، بەو پێودانگەش هوشیاریى خوێنەرى کورد دەشێوێنن و رۆشنبیریى چەواشەى رۆژئاوایان پێدەگەیەنن ، ئەمەجگە لەوەى زۆربەى ئەو بابەتانەى بڵاودەکرێنەوە بابەتى رۆژنامەنین ، بێ پێزو لاوازن ، یان مەبەستێکى راگەیاندنى سیاسییان پێبەدیدەهێنرێت و تەنها بۆشاییان پێپڕدەکرێتەوە ، بارى ناهەموارى بژێویى نووسەرانیش کارێکى وەهاى کردووە ئاستى نووسینەکان لەدابەزیندا بێت و تەنها بەمەبەستى پاداشت وەرگرتن بنووسرێن ، واتە جۆرێک لەبازرگانیکردن بەوشەوە پەیدابووەو توێژێک میرزا ، نەک نووسەرو رۆژنامەنووس ، لەرۆژنامەکاندا کاربکەن و ناوى (ئاشکراو خوازراو) یان ، لەنێو لاپەڕەکانى ئەم رۆژنامەو ئەو رۆژنامەدا ببینین ، بەرادەیەک دەتوانین تەنها کەمینەیەک رۆژنامەنووس دەستنیشان بکەین کە بە خەمى پێشکەوتنى رۆژنامەگەریى کوردییەوە بن و بەعەشقەوە شانیان بەبەر ئەم کارە پڕ ئەرک و ماندوو بوونە دابێت .
لەبەر ئەو هۆکارانە ، رۆژنامەگەریى کوردى نەیتوانیوە فاکتەرێکى کاریگەرى پێکهێنانى راى گشتى بێت لەبوارە جیاجیاکانى سیاسەت و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیریدا ، هەرچەندە زۆر بە فراوانى و گەرماو گەرم کێشەکانى بزووتنەوەى رزگاریخوازیى نەتەوایەتى و گرنگترین رووداوەکانى جیهان و ناوچەکەو کوردستان باس دەکرێن و دەستەیەک رۆژنامەنووسى لاوى خاوەن قەڵەمى بەبڕشت تاووتوێیان دەکەن ، نەک هەر ئەوە ، بەڵکو رۆژنامەگەریمان هەتا ئێستا رۆڵێکى ئەوتۆى نەبووە لە پاراستنى تەلارى بەهاو نەریتە شۆڕشگێڕییەکانى کۆمەڵى کوردەوارىو، بزووتنەوە سیاسییەکان لەداڕووخان و ، بنیاتنانەوەى کەسایەتیى تێشکاوى تاکەکەسى کورد کەدوژمنەکانى بەدەیان ساڵ پاچ و پێمەڕەى وێرانکارییان بۆ بەگەڕخستبوو ؛ ئەمە جگە لەوەى رۆژنامەگەریى کوردى نەبۆتە دەسەڵاتى چوارەم و ، نەک هەرئامرازى کۆمەڵ نییە بۆ چاودێریى دامودەزگاکانى حکومەت ، بەڵکو بە شێوەیەکى وەها لە پەراوێزدایە ، کەتەنانەت بەڕێوەبەرى هەرفەرمانگەیەک ، بۆ ئەوەى بۆنى گەندەڵیى نێو فەرمانگەکەى نەچێتە دەرەوە ، جورئەتى ئەوە دەکات رێگەى رۆژنامەنووسان نەدات بەئازادى ریپۆرتاژ لەسەر فەرمانگەکانیان ئەنجام بدەن .
لەراستیدا هێشتا زۆرمان دەوێت بۆ ئەوەى بتوانین رۆژنامەگەریى کوردى بکەینە ئامرازێکى کاراى بنیاتنانى دواڕۆژێکى پرشنگدار کە هەندێک بە کۆمەڵگەى مەدەنى و هەندێکى تر بەسۆسیالیزم ناوزەدى دەکەن .
22 ی نیسانی2000

پێویسته‌ ده‌رگای فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌ت بۆ رۆژنامه‌نووسان ئاوه‌ڵا بێت

ئەم ناونیشانە سەلمێنراوێک بەیان دەکات و داواکارییەکى ئاسایى ئەوتۆیە پێویست بە دووپاتکردنەوەى ناکات . بەڵام لەبارودۆخێکدا کە رەفتارو هەڵسوکەوت و سایکۆلۆژیى گشتیى بەرپرسانى فەرمانگەکانى حکومەت لەسەر رێزلێگرتنى ئازادیى رەئى و دەربڕین و رۆژنامەگەریى رانەهاتبێت و ، هێشتا ئەقڵییەتى دەرەبەگایەتی و خێڵەکى کاریگەرێتى لەسەرپێکهاتەى دەروونیى کەسایەتییان هەبێت ، ئەوا داوایەکى لەو چەشنەى سەرەوە دەبێتە ئەرکى بزاڤى رۆژنامەگەریى ئیمڕۆ ، ئەو بزاڤەى لەدواى راپەڕینە مەزنەکەى بەهارى 1991 و لەژێر سایەى هه‌لومه‌رجێکی نوێدا پێشکەوتنێکى چەندایەتیی بەرچاوى بەخۆیەوە دیوە . بۆیە بەشێکى ململانێى رۆژنامەنووسان لەگەڵ هەموو شێوەو شێوازە جیاجیاکانى گەندەڵیدا ، چ لەسەر ئاستى کۆمەڵ بەگشتی و چ لەسەر ئاستى فەرمانگەکانى حکومەتدا بەتایبەتى ، لەم داواکارییەدا بەرجەستە دەبێت و ، بەبێ ئەوە ، لایەنى هەرە بنچینەیى ئەرکەکانیان ، کەریسواکردنى ئەو گەندەڵییانەیە لەپشتى دەرگا داخراوەکانەوە روودەدەن ، راستگۆییان نامێنێت و نازناوى دەسەڵاتى چوارەمیان لێدادەشۆرێت ؛ حکومەتَێکیش کە خۆی به‌ بەرى رەنج و خوێنبه‌خشینی دەیان ساڵى گەلێکى ستەمدیدەى وەک کورد بزانێت ، بەبێ پێشوازیلێکردنى پەیامنێرانى دەسەڵاتى چوارەم و رێخۆشکردن بۆ کارى رۆژنامەنووسییان ، راستگۆیى لەدەست دەدات و فەرمانگەکانى دەبنە مەڵبەندى کەسانێکى ناشایستەو نەگونجاو – ئەگەر نەڵێین هەڵمەتەکاسەو دەست و داوێن گوماناوى – کە ئاکامى کارو رەفتارە ناجۆرەکانیان بەسەر کۆمه‌ڵ و‌ حکومەتیشەوە باردەبێت و رەوتى بەرەو پێشەوە چوون خاو دەکه‌نەوەو لەوبەرى به‌رژه‌وه‌ندی جەماوەردا رایدەگرن .
ئەو راستییەى سەرەوە ، خوێندنەوەیەکى بە بەڵگەى ئەو بارە نالەبارە بوو کە دەستەى نووسەرانى رۆژنامەکەمان (هەرێمى کوردستان) وەک ئەرکى سەرشانى خۆیان ، لەکۆبوونەوەیەکدا رۆژى (28/9) کە بە چاودێرى و سەرپەرشتى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرا ، خستیانەڕوو ، بەتایبەتى دیاردەى نەشیاوى دەرگا داخستن بەڕوویاندا لە لایەن هەندێ لە فەرمانگەکانى حکومەتەوە ، یان قەدەغەکردنى چاوپێکەوتن له‌گه‌ڵ فەرمانبەراندا لەلایەن هەندێک لەبەڕێوەبەرانى فەرمانگەکانەوە ، یان ئەو هەڕەشەى گواستنەوەو دەرکردن و بە (فائض) نووسین و سزادان و . . . هتد کە هەندێکى تر لە بەڕێوەبەرانى فەرمانگەکان ئەو فەرمانبەرانەى پێدەترسێنن کە راستیى لە چەوت و چەوێڵى و سەلبییاتەکانى نێو فەرمانگەکانیان دەڵێن و گەندەڵییە شاردراوەکانیان دەدرکێنن .
سەرۆکى حکومەت ئەو دیاردەیەى مەحکووم کردو لەبەر تیشکى سەرەتاو سیاسەته‌کانی حکومەتدا رێنمایى کردین و پێیڕاگەیاندین کە هیچ فەرمانگەیەک (یەک دوویەک نەبێت) لەسەردانى رۆژنامەنووسان قەدەغە نییەو ، تەنانەت لەسازدانى چاوپێکەوتن و ئەنجامدانى ریپۆرتاژ لەسەر (دەزگاى ئاسایش) یش ئازادن .
ئەم بایەخپێدانەى سەرۆکى حکومەت و ، پێشتریش رێنمایی و ئامۆژگارییەکانى بەڕێز مام جەلال سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە خولى (2000) ى رۆژنامەگەریدا ، دەروازەیەکى بەڕووى بزاڤى رۆژنامەگەریدا کردۆتەوەو ، پشت بەپشتگیرییان ، رۆژنامەنووسان دەتوانن دەرگا کڵۆمکراوەکان بشکێنن و ، لەلایەک دەسکەوت و کارە خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکى ئاشکرا بکەن و ، لەلایەکى دیکەوە کونجە تاریکەکان و ئەو شەمشەمەکوێرانەى خۆیان تێیاندا حەشارداوە ، بەرتیشکى راپۆرتە هەواڵ و لێکۆڵینەوەو ریپۆرتاژى رۆژنامەنووسییان بدەن .
ئێمە ئەم وتەیەى سەرۆکى حکومەت وه‌ک‌ پابەندبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەرنامەى دابینکردنى ئازادى بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان دەناسین و ، بڕانەوەى دەستى کۆتکراوى رۆژنامەنووسان و کردنەوەى قفڵەکانى دەمیانی تێدا به‌دیده‌که‌ین؛ ئه‌مه‌ وه‌ها ده‌خوازێ پێویستمان بەوە نه‌بێت بە پەنهانى کارى رۆژنامەنووسیى ئەنجام بدەین ! بە خەمى ئەوەوە نه‌بین بەرپرسى فەرمانگەکان تادوائەنجام بەکارى رۆژنامەنووسیمان نەزانن و بۆ چنینەوەى راستییەکان رێگریمان بۆ دروست بکه‌ن. نەک هەرئەوە بەڵکو بوارمان بۆ بڕه‌خسێنێ سەربەستانە ، چ بە تاک و چ بە کۆمەڵ ، روو لە هەموو شوێنێک بکەین و پەیامنێرەکانمان بنێرینە مەیدانى کارەوەو لەوانەى ((ماڵیان لە شووشەیە)) سڵنەکەینەوە ، بەمەش لاپەڕەکانى رۆژنامەکەمان ئاوێنەى رەنگدانەوەو بەرجەستە بوونى سیاسەتى ئازادى – دیموکراسى – مافىمرۆڤ بێت . لەبەرئەوە ، بەدیهێنانى ئەو نیازە مەشروعەى رۆژنامەنووسان و درێژە پێدانى ئەم رەوتەى رۆژنامەگەریى و پراکتیکى سیاسەتى چاکسازیى لە دامودەزگاکانى حکومەتدا، وادەخوازێت ، جگە لە پاکسازیى ، پشتگیریى یاسایى چ بۆ رۆژنامەنووسان و چ بۆ ئەو کەسە پاک و شەریفانە دابین بکرێت کەلەنێو دامودەزگاکانى حکومەتدا رووبەڕووى گەندەڵییەکان ململانێ دەکەن و ، لەم پێناوەشدا بەرەنگارى شێوازى ئیدارەى سەردەمى رژێم و ئەقڵییەتە ئێکسپایەرەکان دەبنەوە .
دیارە هۆکارێکى گرنگى سەرکەوتنى ئەو ململانێ و بەرەنگاربوونەوەیەش ئەوەیە دەرگاى فەرمانگەکانى حکومەت بە داخراوەیى نەمێنێتەوەو بۆ رۆژنامەنووسان ئاوەڵابێت .
رۆژنامه‌ی ( هه‌رێمی کوردستان )
تشرینی یه‌که‌می 1999

په‌یامی رۆژنامه‌و ئه‌وانه‌ی ماڵیان له‌ شووشه‌یه‌
من بە شیاوی دەزانم رۆژنامەنووس بە پێشمەرگەیەکی گومناو ناوزەد بکەم. ئەو لە هەر بواریکی رۆژنامەنووسیدا هەڵسووڕێ، رۆژانە بە دیار خەمەکانەوە دەسووتێ و گیانی خۆی بەو وشانە دەبەخشێت کە لە ستوونی گۆشەو هەواڵ و ریپۆرتاژەکاندا ریز دەبەستن و پەیامی رۆژنامەکەی بۆ دەبێتە رایەڵ و پێکەوە گرێیان دەدات.
ئەوی رۆژنامەنووس، لە پێنووسێک و پارچە کاغەزێک بەولاوە خاوەنی هیچ کەرەسەیەکی دیکە نییە. ئەو لە وشە بەولاوە چەکێکی دیکە شک نابات؛ کەچی هەندێک ( دەست و دەم و داوێن گوماناوییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ ) ئەم مرۆڤە دێوانەیەی حەقیقەتیان لێدەبێتە کێوو،لە سەرە رێگاو کووچەو کەنارە تایبەت و تاریکەکانی خۆیاندا بەدییان دەکەن و،زاڵەترەکی ئەوەن دەرگاکانیان لەسەر دابخەن و، وشەکانیان وەک چەکێکی کوشندە تاڵاو بە گەروویاندا بکەن. ئەوانە رۆژنامەکانیان لێدەبیتە کابووسێک و شەوورۆژ بە سەر کۆڵەی سنگیانەوە دەیانبینن، بۆیە چاووڕاویان لێدەکەن و کپبوونی تاهەتاییان بۆ دەخوازن.
ئەمە راستییەکی بێ چارشێوە لە نێو خودی ئێمەدا، ئا لەم دەڤەرەدا، نەدەشاردرێتەوەو، نە بواری دیزە بە دەرخۆنەکردنی هەیە… ئەی ئەوە نییە نووسەران و پەیامنێرانی رۆژنامەکان رۆژانە بەرەوڕووی هەڕەشە ئاشکراو نهێنییەکان دەبنەوە، لە دادگاکاندا شکاتیان لێدەکرێ و تەونی دەستگیرکردن و دەمبەستنیان بۆ دەچنرێ! ئەی ئەوە نییە ئەم بەڕێوەبەری فەرمانگە رێگەیان نادات لێکۆڵینەوەی رۆژنامەوانی لە فەرمانگەکانیاندا بکەن و، ئەو بەڕێوەبەریش قسەکردن بۆ رۆژنامەکان لە کارمەندەکانی قەدەغە دەکات! ئەی ئەوە نییە لەسەر چاپێکەوتنێکی رۆژنامەکان هەندێک بەرپرس فشار بۆ کارمەندەکانی بەردەستیان دەهێنن و بە بەهانەی جیاجیا فەرمانی دەرکردن و گواستنەوەو، چی و… چییان بۆ دەردەکەن! ئەی ئەوە نییە لە ستایش و بە شانوباڵ هەڵدان زیاتر ، وشەیەکی دیکە لە رۆژنامەنووسان وەرناگیرێ! ئەی ئەوە نییە بە هەڵەداوان و هەناسەبڕکێ وەڵامی بەدواداچوونە رۆژنامەییەکان دەدرێتەوەو سەنگەری بەرگریکردن لە خۆیان – بەرامبەر رۆژنامەکان – لێدەدەن و نکووڵی لەو راستیانە دەکەن کە پەیامنێرەکان دەیانخەنە روو! ئەی ئەوە نییە بۆ تەنها جارێکیش بەرپرسی فەرمانگەکان بە دۆی خۆیان ناڵێن ترشەو، لەسەر کەمتەرخەمییەکانیان پێدادەگرن و، بە هەندێ پاساوی بەناو یاسایی و پەیرەوکردنی رێنماییەوە، چەوتییەکان پەردەپۆش دەکەن!
ئەوە چ سیحرێکە رۆژنامەکان و رۆژنامەنووسانی لەو هەندە کاربەدەستە کردۆتە خێوو، ترسی بەسەردا باراندوون؟ وەڵامێک و دووان و… چەندین وەڵامی هەیە و ..با بمێنێت..! بەڵام دیارە هەر دەبێت بەر شەوارەی تیشکی هەواڵ و ریپۆرتاژە راستگۆکان کەوتبن…هەر دەبێت پەیام و زەبری وشە هەق و رەقەکان بێت، بوومەلەرزە ئاسا لە دڵیانی دابێت… یان دەبێت ماڵەکانیان لە شووشە بێت،بۆیە وا مەترسی رمان و هاڕەکردنیان لێنیشتووە!!

ئەیلولی 1999

رۆژنامه‌ی هه‌رێمی کوردستان دوای دوو ساڵ له‌ ده‌رچوونی
رۆژنامەى هەرێمى کوردستان ، رۆژنامەیەکى حکومەتییەو ئۆرگانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە . دیارە ئەمە تایبەتمەندییەکى دەداتێ و بەرنامەى کارکردنى سنووردار دەکات . ئەم سنوورە بە پڕۆژەو بەرنامەى حکومەتەوە گرێدراوە ، لەبەرئەوە ، ئەوەندەى بتوانێت لەخزمەتى سیاسەتەکانى حکومەتدا بێت و ئاڕاستەکانى ئەوى تێدا رەنگبداتەوە ، ماناى ئەوەیە ، لەبارى سەرنجێکى حکومەتییەوە ، ئەرکى بنەڕەتیى خۆى بەجێگەیاندووە .
من پێم وایە رۆژنامەکە توانیویەتى ئەم ئەرکە بەباشى لەئەستۆ بگرێت و ، وەک دەزگایەکى راگەیاندنى حکومەتیى ، رۆڵى خۆى ببینێت . بەڵام لەخستنەڕووى دەستکەوتەکانى حکومەت وچۆنایەتیى جێبەجێکردنى سیاسەتەکانیدا ، هەندێ لاسەنگى هەیەو ، بەشێوەیەکى گشتگیر ، هەموو سیاسەتەکانى حکومەتى هەرێم لە کایە جیاجیاکاندا ناخاتەڕوو ، بۆ نموونە : لایەنى پەروەردەیى و کێشەکانى پەروەردەو فێرکردن بوارى ئامادەبوونێکى بەردەوامیان ، لانى کەم ئامادەبوونێکى بەرچاویان ، لەرۆژنامەکەدا بۆ نەڕەخساوە . هەڵبەت ، هەتا ئێستا ، کەمیى پانتایى بڵاوکردنەوە بەهۆى کەمیى لاپەڕەکانەوەو ، دەرچوونى هەفتانەى رۆژنامەکە ، بۆ ئەم گشتگیرییەى ، دوو ڕێگرى سەرەکى بوون .
من پێم وایە ، ئەم رۆژنامەیە ، وەک زمانحاڵى حکومەتى هەرێم ، دەبوو زیاتر لەهەر رۆژنامەیەکى دیکە بایەخێکى زۆرى پێبدرایە ؛ کاتێک ئێمە قسە لەحکومەت و بنیاتنانى دامەزراوە حکومەتییەکان دەکەین ، وەک قۆناغى بنیاتنانى ئیدارەى خۆیى بۆ دواڕۆژى عێراقێکى فیدڕاڵى ، دەبێت مشوورى بەهێزکردن و پەرەپێدانى ئەو دامەزراوە مەدەنییانە ، بۆ ئەم دواڕۆژە ، بخۆین ، کەهۆیەکانى راگەیاندن کۆڵەکەیەکێتى ، بۆیە ئەگەر بە ئەقڵییەتى بنیاتنانى دامەزراوەى دەوڵەتییەوە کاربکەین ، دەبێت بۆ ئەم رۆژنامەیە تەواوى هەلومەرجەکانى گەشەکردنى دابین بکرێت وەک :
ا- رۆژنامەکە لەهەفتانەوە بکرێت بەرۆژانەو لانىکەم یەکەم لاپەڕەو دوالاپەڕەى رەنگاو رەنگ بێت .
ب- دامەزراوەیەکى گەورەو سەربەخۆى راگەیاندن ئەم رۆژنامەیە بگرێتە خۆى دامەزراوەکەش دەبێت حکومەتیى بێت .
ج- پێداویستییەکانى دەرچوونى رۆژانەى بۆ دابین بکرێت . کۆمپیوتەرو سەتەلایت و ئینتەرنێت و ئامێرى مۆدێرنى چاپکردنى هەبێت .
د- باشترین رۆژنامەنووسانى کورد لەم رۆژنامەیەدا کۆبکرێنەوەو هەوڵى ڕاکێشانى قەڵەمە دیارەکانى بوارى رۆشنبیرى بدرێت بۆکارکردن و هاوکاریکردنى رۆژنامەکەوحەوافیزى ماددىو مەعنەویى کاریگەر بۆ ئەم مەبەستە زامن بکرێت .
بەبیروڕاى من هیچ رۆژنامەیەکى حکومەتیى ناتوانێت لەیەک کاتدا ئۆرگانىحکومەت و ئۆرگانى میللەتیش بێت ، بەڵام دەشێت لەنێو رۆژنامەیەکى حکومەتیدا چەند لاپەڕەیەک بۆ دەنگى خەڵکى تەرخان بکرێن ، بۆ ئەوەى ببنە سەکۆى ئازاد بۆ دەربڕینى بیروبۆچوون و خواستەکانیان ، بۆ ئەوەى ئەو لاپەڕانە ببنە پردى بەیەکەوە بەستن و لەیەکترى بەئاگابوونى سیاسەتەکانى حکومەت و خواستەکانى جەماوەرو رەخنەکانیشیان لەو کەموکووڕىو کەمتەرخەمی و یاسا شکێنییەى لە فەرمانگەو بەرپرسەکان دەبینرێن .
بوونى رەخنەى ئازادو بێ سانسۆر ، نەک بەشانوباڵ هەڵدانى دەستکەوتەکان بەتەنها ، مەرجى هێنانەکایەى راگەیاندنێکى ئازادو دیموکراتییەو ، بەدابینکردنیان پردى موتمانەو باوەڕ – نەک تێکەڵبوونى دوو ئۆرگانەکە – پتەوترو جێگیرترو واقیعیتر دەبێت .

رۆژنامەى(هەرێمى کوردستان)ژمارە (123)
23/3/1999

به‌ هانای رۆژنامه‌ کۆنه‌کانه‌وه‌ بچن!

رۆژنامەکان – کۆن و نوێیان – ئاوێنەى ژیانى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیریى کۆمەڵن . زادەى بیرو ، ژانى قەڵەم و ، شەکەتیى و ، شەونخونى و ، هەنگاو هەنگاوى رەوتى گەشەکردنى کۆمەڵگایان لەئامێزگرتووەو دەگرن . ململانێى سەردەمەکان و نەوەکان بەیان دەکەن . یادو یادگارو گیانى پڕ ئاوات و هیواى ئەدیبان و نووسەران و ، ترپەى دڵ و رازو نیازى هەوادارانى وشەى تێکۆشەرو وێنەى رازاوەو هونەرى جوان و هەمەڕەنگیان پاراستووەو دەپارێزن ، بۆیە ناشێت بەبێ قەدریى بەسەریاندا راببورین و بێناز لەم گۆشەو ئەو گۆشەى کتێبخانەکاندا بەجێیانبهێڵین تاتۆزو خۆڵى چەندین ساڵە دایانبڕزێنێو رۆژ لەدواى رۆژ رەنگیان زەردتر هەڵبگەڕێت و بەرەو نەمان بچن .
ئەوە ئەرکى بەپەلەى هەموو دەزگا رۆشنبیرییەکانە کە مشوورى ئەم سامان وکەلەپوورە بەبەهایە بخۆن و هەرچى زووە لەفەوتاندن رزگارى بکەن . بۆ ئەمەش دەتوانرێ لە پێشکەوتووترین داهێنانەکانى زانست و تەکنۆلۆژیا سوود وەربگیرێت و ئەم کارە بە ئاسانى ئەنجام بدرێت .
بەڵام بۆ ئەوەى ئەم خەونە بێتە دى ، دەبێت ئەم پرسیارانە لەخۆمان بکەین : ئایا چەند هەست بەم ئەرکە دەکەین ؟ چەند خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین ؟ چەند دەتوانین لە هەندێ بوارى رواڵەتکاریى بگرینەوە ؟ تاچ رادەو ئاستێک ئامادەییمان بۆ وەرگرتنى تەکنۆلۆژیاى هاوچەرخ هەیە ؟ چەندە ورەو گیانى گەیشتنمان بەجیهانى پێشکەوتووى ئیمڕۆ تێدایە ؟
وەڵامى ئەم پرسیارانەش ، مەگەر لە پراکتیکى رۆژانى داهاتووى بەرپرسیاران و دەزگا بەرپرسەکاندا وەربگرینەوە . . . . .

تشرینی دووەمی 1998

هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ
رەنگە هەڵسەنگاندنى رۆژنامەیەکى حزبى بۆ کەسێکى سەربەخۆ لە ئیلتیزامى حزبى لە وتارێکى کورتدا کارێکى ئاسان نەبێت ، بەڵام بەدەر لە وردەکاریى لایەنە فیکرى و سیاسییەکان ، دەکرێت وەک هۆیەک لـــتە هۆیەکانى راگەیاندن ، هەنــدێک خاڵى ئەرێیانەو نەرێیانـــەى تێدا هەڵبسەنگێنم و دیدو بۆ چوونى خۆمیان لەسەر دەرببڕم . لەم گۆشە نیگایەوە ئەم هەڵسەنگاندنە رەخنەییە بەبۆنەى چوارەمین ساڵڕۆژى دەرچوونى رۆژنامەى (کوردستانى نوێ) پێشکەش بە لێپرسراوان و نووسەران و خوێنەرانى دەکەم . هیوادارم بابەتیانە هەڵسەنگاندنەکەم داڕشتبێت و هاوکارییەکم لە بۆ پێشەوە بردنى کارى رۆژنامەگەریدا کردبێت .
دیارە ئەرکى سەرەکى رۆژنامەى هەموو حزبێک راگەیاندنى فیکرو سیاسەتى حزب و سازدانى خەڵکییە بۆ وەرگرتنیان و تێکۆشانە لەپێناوى بەدیهێنانیاندا . ئەمە لایەنى هەرە دیارو ئاشکراى ئەم رۆژنامەیەیە کە رۆژانە وەک سیاسەتى سازدان ، ئامادەو جێبەجێ دەکرێت و ، لایەنى حزبییانەى رۆژنامەکە لەم بوارەدا بەرجەستە دەبێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوارى دیکەى تێدا کراوەتەوە بۆ ئەوەى شەقڵى رءژنامەیەکى گشتیش وەربگرێت . روخسارە گشتییەکە – سێ لاپەڕەى یەکەمى لێدەربچێت – بەلاپەڕەکانى ترەوە دیارە . لەم لاپەڕانەدا چەندین گۆشەى وەک (رۆنگساید ، چوارەمین دەنگ ، بچووک بەڵام ، زاخ ، دواستوون) ى تێدایە کەوەک کارى رۆژنامەگەریى روخسارە گشتییەکە دەردەخەن ؛ سەرەڕاى ئەوانە ریپۆرتاژەکان و لاپەڕەکانى (زانست و پزیشکى ، ئابوورى و پەرەپێدان ، پەروەردەى نوێ ، وەرزش)و پاشکۆى ئەدەبى و بابەتەکانى دوالاپەڕە ، بەشێکى دیکەى ئەو روخسارو سیما گشتییە دەردەبڕن ، کە بۆ هەر رۆژنامەیەک بیەوێت سەرجەمى کایە جیاجیاکانى ژیــانى کۆمەڵ فەرامۆش نەکات ، پێویستن . لەگەڵ ئەوەشدا رۆژنامەکە بەبێ کەموکووڕى نییە بەڵکو بە گشتى واقیعى دواکەوتوویى هونەرى رۆژنامەگەریى لە کوردستاندا پێوە دیارە .
لێرەدا چەند خاڵێکى سەرەکى لەم کەموکووڕییانە دەستنیشان دەکەم کە لە موتابەعەى رۆژانەى رۆژنامەکە لەشەش مانگى رابردوودا بەرچاوم کەوتوون ، دەکرێت پڕبکرێنەوەو بەچارەسەرکردنیان ، رۆژنامەکە بەرەو ئاستێکى باشتر ببرێت .
1) هەندێک لە هەواڵەکانى دەرەوە ، کە لە لاپەڕەى یەکەمدا بڵاودەکرێنەوە ، بۆ یەکجار دەیخوێنینەوە ، درێژەى هەواڵەکەو دوائاکامى رووداوەکانى بۆ رۆژانى دوایى نامێنن .
2) ئەو سەرچاوانەى وتارى سیاسییان لێوەردەگیرێت زۆر کەم دیارن ولەهەندێ ماوەدا لە (اطلاعات ، کیهان ، تورکش دەیلى نیوز ، الحیاة )تێناپەڕن ، لە کاتێکدا دەتوانرێت دەیان رۆژنامەو گۆڤارى بیانى بۆ ئەو مەبەستە پەیدابکرێت .
3) بەگشتى لێکۆڵینەوەو شیکردنەوە سیاسییەکانى لاپەڕەکانى (2 و 3)ى رۆژنامەکە سادەو رووکەشن و مەنهەجى شیکردنەوەى سیاسییان تێدا نییەو شیکردنەوەکان لەسەر بارودۆخى ناوخۆو ئیقلیمى و نێو دەوڵەتى دووبارەبوونەوەیەکى زۆرى تێدایە .
4) فیکرو بەرنامەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەو بەشە تایبەتە بەسازدانى سیاسی و فیکرى وجودى نییە . ئەو وتارانەى ناوبەناو لەم بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە بەس نەبوون ، چونکە زۆر مەسەلەى فیکرىو سیاسى وەک پرسیار بەردەوام دەکرێنەوە ؛ بۆ نموونە : چۆن بەرنامەى سۆسیاڵ دیموکراتیى یەکێتى لە کوردستاندا پیادە دەکرێت ؟ چۆن یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان وەک حزبێکى چەکدارو خاوەن دەسەڵاتى سیاسى خەسڵەتەکانى حزبە سۆسیاڵ دیموکراتەکان لە خۆیدا بەرجەستە دەکات ؟ لە روانگەى یەکێتییەوە بەچ سیاسەت و بەرنامەو کەرەسەیەک دەسەڵاتێکى مودێرن و حوکمى یاساو ئازادى دابین دەکرێت ؟ . . . هتد .
5) دەنگى جەماوەرى کرێکاران و زەحمەتکێشان لەکارگــەو شوێنەکانى کارکردنیانەوە لە رۆژنامەکەدا نییە . ئەوەندەى هەواڵ و چالاکیى رێکخراوە بیانییەکان و هەندێ لەبەرپرسانى حزبی و حکومەتى – تەنانەت لێپرسراوانى پلە دوو یان سێو بەرەو خوارتریش – بڵاودەکرێتەوە ، دەیەکى ئەوە باسى گرانی و برسێتی و دژواریى بارى گوزەرانى خەڵکی و ناڕەزایی و داواکارییەکانیان بەتێروپڕى ناکرێت . نووسینى ریپۆرتاژ لەسەر هەندێ دیاردە یان ژیانى گوندەکان یان لەسەر ئاوارەکان تەنها یەک گۆشەیە لەم مەیدانەداو ئەو کەلێنە گەورەیە پڕ ناکاتەوە .
6) ئەگەرچى ناوبەناو ناڕەزایى و رەخنەگرتن لەدەزگا حزبی و حکومەتییەکان لەرۆژنـــامەکەدا دەبینرێت ، بەڵام مەودایەکى فراوانى نییە ، تەنانەت لەنێو وشەى ئەو نووسەرانەدا کەلەو گۆشانەى ئاماژەمان بۆکرد دەنووسن ، لەرزەلەرزى قەڵەمەکان و سانسۆرى ناوەوەى نووسەرەکان هەست پێدەکەین بۆیە ئاوەڵاکردنى رۆژنامەکە لەبەر دەم قەڵەم و ناوەوەى نووسەران و رەخساندنى بوارى رەخنەى ئازادى دوور لە هەر گوشارێک ، نەک هەر لە بوارى مافى مرۆڤدا کە سەکۆیەکى لە رۆژنامەکەدا بۆ تەرخانکراوە ، بەڵکو لە بەرامبەر هەموو لایەنە سیاسی و ئابوورىو کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکاندا ، سەرەتاى تەقلیدێکى چاک بۆ رۆژنامەگەریى لە کوردستاندا دادەڕێژێت .
لە کۆتاییدا هیوادارم دەنگى زاڵى رۆژنامەکە لە پێنجەم ساڵى ژیانیدا دەنگى ئاشتی و بەرگرى لە ئازادىو بنبڕکردنى شەڕى ناوخۆیى بێت و بۆ ئەم ئەرکە مەزنە قەڵەمى تیژو بەبڕشتى نووسەرانى رۆژنامەکە لەکاردابێت .

رۆژنامەى (کوردستانى نوێ) ژمارە (1188)
12/1/1996

( سلێمانی ) گۆڤارو
( سلێمانی ) شاری زێدو بیره‌وه‌رییه‌کانم

ئه‌گه‌رچی سیستمی بیرکردنه‌وه‌ی من له‌ جیهان و مرۆڤه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات و ، دوای تێپه‌ڕبوون به‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌دا ، ده‌گاته‌ شار … ئه‌گه‌رچی ئاڕاسته‌ی نووسینه‌کانم ، خه‌می گه‌وره‌ی نان و ئازادی بۆ گشت مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ … ئه‌گه‌رچی یه‌کێک له‌ بێزراوترین ره‌فتارو هه‌ڵوێستێک له‌و سیستمه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی مندا ” شارچێتی” یه‌ که‌ له‌هه‌ر شوێنێک بین ، ره‌هه‌ندی جیهانی و نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌شێوێنێ ؛ به‌ڵام سۆزه‌ بونیادییه‌کانی که‌سایه‌تیمان ، که‌ له‌ زێدێکی دیاریکراودا ، له‌سایه‌ی هه‌زاران بیره‌وه‌ری رۆژانه‌و هه‌لومه‌رجێکی ته‌واو په‌یوه‌ست به‌ ژیانمانه‌وه‌ پێکدێن ، خۆشه‌ویستی و شانازییه‌ک ده‌خه‌نه‌وه‌ که‌ له‌ پڕۆسه‌ی ئاوێته‌بوونیدا به‌ جیهانی ئه‌ودیو بازنه‌کانی شار ، ده‌بنه‌ یه‌ک بونیادی یه‌کگرتووی ئه‌وتۆ که‌ له‌نێو شاره‌که‌تدا تیشکی سۆزت به‌ره‌و جیهانه‌ فراوانه‌که‌ بڕوات و ، له‌نێو سۆزه‌ ره‌واکانیشته‌وه‌ بۆ مرۆڤایه‌تیی ، هه‌موو نموونه‌ زیندووه‌کانی واقیعی ژیانی سه‌رده‌م له‌ واقیعی زیندووی رۆژانه‌ی شاره‌که‌تدا ببینیت . له‌م باری سه‌رنجه‌وه‌ شاری سلێمانی بۆ من ئه‌و په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستییه‌ ئۆرگانیکییه‌یه‌ که‌ ناوهێنانی سه‌رنجم ڕاده‌کێشێت و ، به‌ ته‌واوی هه‌ست و ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و سۆزه‌ ئاوێته‌بووه‌وه‌ ، هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌شاره‌وه‌ هه‌بێت و ، هه‌ر هێمایه‌ک ئاماژه‌ بێت بۆ شار ده‌مئاڵێنێته‌ ئه‌و مێژووه‌ی ژیانم تێیدا به‌سه‌ربردووه‌ ؛ هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌شه‌ ، گۆڤاری ( سلێمانی ) ، له‌ ده‌رچوونی یه‌که‌م ژماره‌یه‌وه‌ ، هه‌موو مانگێک بۆ چه‌ند رۆژێک بیره‌وه‌رییه‌کانمی ژیاندووه‌ته‌وه‌و ناچاری کردووم به‌ په‌رۆشییه‌وه چاوه‌ڕێی بکه‌م .
ئه‌گه‌ر بتوانین به‌ده‌ر له‌ سۆزه‌کانمان و بابه‌تیانه‌ ئه‌م گۆڤاره‌ هه‌ڵبسه‌نگێنین ، ئه‌وا ده‌بێت هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌رێیانه‌و نه‌رێیانه‌ی تاووتوێ بکه‌ین ، تا له‌ ئاینده‌دا گه‌شه‌دارتر بێت و له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا وه‌ک ئینسیکلۆپیدیایه‌ک لێی به‌هره‌مه‌ند بین و له‌ مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردیدا جێی شیاوی خۆی بگرێت .
( سلێمانی ) سه‌رجه‌می بواره‌کانی ژیانی سه‌ده‌یه‌کی شاری به‌سه‌رکردووه‌ته‌وه‌ . ئه‌م بوارانه‌ له‌ سه‌دان نووسینی دۆکیۆمێنتیدا هاتوون وه‌ک نووسین له‌سه‌ر : خاوه‌ن پیشه‌کان ، که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌کا ن ، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان ، ته‌لارو خانووه‌کان ، کارێزو حه‌مام و نه‌خۆشخانه‌و مزگه‌وت و ته‌کیه‌و قوتابخانه‌و کتێبخانه‌و مۆزه‌خانه‌ ، گه‌ڕه‌ک و شه‌قام و باخچه‌و گۆڕستان و … هتد .
هه‌روه‌ها به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و نووسینانه‌ رۆژنامه‌گه‌ریی و چالاکیی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سه‌یران و هه‌ندێک له‌به‌سه‌رهاته‌کان و ، ژیان و رۆڵی وه‌رزشه‌وانان و کارگێڕان و خۆشنووسان و پیاوه‌ نوکته‌بازه‌کانی شاری گرتووه‌ته‌وه‌ ‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌و نامه‌ی تایبه‌تی که‌سایه‌تییه‌کان.
ئه‌م بابه‌تانه‌ ، تێکڕا و به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئه‌وانه‌ی له‌ سلێمانیدا ژیاون و ته‌مه‌نیان له‌ نیو سه‌ده‌ تێپه‌ڕیکردووه‌ ، تام و چێژێکی تایبه‌تی هه‌یه‌و سه‌رده‌می منداڵی و هه‌رزه‌کاری و گه‌نجێتییان به‌بیرده‌هێنێته‌وه‌ .
گۆڤاری ( سلێمانی ) سه‌رباری ئه‌م گشتگیرییه‌ی بابه‌ته‌کانی ، پێویستیی به‌ گه‌شه‌کردن هه‌یه‌ ، پێویستیی به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ی ئێستای ده‌ربچێت و گۆڕانکاریی له‌ ناوه‌رۆکه‌که‌یدا بکات . لێره‌داو ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ، ‌ به‌چه‌ند پێشنیازێک چۆنایه‌تیی ئه‌و گۆڕانکارییه‌ روونده‌که‌مه‌وه‌ :
1 ) له‌ رابردووه‌وه‌ به‌ره‌و ئیمڕۆ هه‌نگاو هه‌ڵبنێت . واتا هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌مڕۆدا بخاته‌ڕوو ، دۆکیۆمێنتی ئه‌مڕۆ بکات تا نه‌وه‌کانی ئاینده‌ به‌ واقیعی و زیندوویه‌تی سه‌رده‌می خۆیه‌وه‌ بیبینن و بیخوێندنه‌وه‌ .
2 ) گۆڤارێک بێت بۆ هه‌موان . به‌شێکی به‌رچاوی بۆ خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و نه‌دارو داماوه‌کانی شار ته‌رخان بکرێت . گۆڤاره‌که‌ ببێته‌ ئاوێنه‌ی ژیانی دوێنێ و ئه‌مڕۆی هه‌موو چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی شار ؛ بۆ نموونه‌ (کرێکاران و ده‌ستفرۆشان و بێکاران ) هه‌روه‌ها هه‌ندێ کاری وه‌ک ( کۆڵهه‌ڵگری و سواڵکردن ) یان نیشاندانی واقیعی ژیانی پڕ مه‌ینه‌تیی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت و گه‌وره‌ساڵانی بێکه‌س و بێوه‌ژنانی بێده‌رامه‌ت وشێته‌کان و … هتد .
3 ) بابه‌ته‌کانی ، هه‌ر له‌ وتاری سه‌رنووسه‌ره‌وه‌ تا دوا لاپه‌ڕه‌ که‌ ته‌رخانکراوه‌ بۆ ( رۆڵه‌ به‌ئه‌مه‌که‌کانی شار ) دووربێت له‌ لایه‌نگیریی حزبی ، واته‌ بابه‌تیانه‌و دوور له‌هه‌ر جۆره‌ پڕوپاگه‌نده‌و پیاهه‌ڵوتنێک بێت ، ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێت راپۆرته‌کانی چالاکی و فیستیڤاڵ و بۆنه‌کان گشتیبکرێنه‌وه‌و ، به‌بێ جیاوازی بۆ هه‌موو حزب و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بێت .
4 ) خه‌بات و مێژووی سیاسی ئه‌م شاره‌ ، که‌ له‌ واقیعدا خه‌بات و مێژووی سیاسی باشووری کوردستان له‌ سه‌ده‌یه‌کدا به‌رجه‌سته ده‌کات ، ببێته‌ به‌شێکی گرنگی ناوه‌رۆکی گۆڤاره‌که‌ . دۆکیۆمێنتکردنی ئه‌م مێژووه‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی دوێنێ و ئه‌مڕۆ بگرێته‌وه‌و ته‌نها بۆ یه‌ک دوو لایه‌ن قۆرخ نه‌بێت .
5 ) مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دابینکردن و په‌ره‌سه‌ندنی خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ک : ئاو ، ئاوه‌ڕۆ ، کاره‌با ، ته‌له‌فۆن ، رێگاوبان ، ئامرازه‌کانی هاتوچۆ … هتد ، بنووسرێته‌وه‌و ، واقیعی ئه‌مڕۆی ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه‌ وه‌ک خۆی و بێ کاریگه‌ریی راگه‌یاندنی فه‌رمانگه‌ به‌رپرسیاره‌کان دۆکیۆمێنت بکرێت .
6 ) ده‌کرێت بابه‌ته‌کانی ئه‌م گۆڤاره‌ بۆ گه‌نجانی ئه‌م شاره‌و کوردستانیش جێی سه‌رنج و بایه‌خدان بن ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆشی تێدا ره‌نگبداته‌وه‌و ، به‌ کۆمه‌ڵێک لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌راوردکاریی پشتبه‌ستو به‌ دۆکیۆمێنته‌کان ده‌رباره‌ی ژیانی دوێنێ و ژیانی ئێستا ، بڕازێنرێته‌وه‌ .
له‌ کۆتایی ئه‌م پێداچوونه‌وه‌ راگوزه‌ره‌ به‌ گۆڤاری ( سلێمانی ) دا ده‌ڵێم : به‌ڕاستی ، وه‌ک کاری رۆژنامه‌نووسیی ، ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌که‌ مامۆستا محه‌مه‌د نوری توفیق و ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بکه‌ین که‌ به‌رده‌وامبوونی هه‌تا ئێستای گۆڤاره‌که‌و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و رێگرییانه‌ی ده‌خرێنه‌ ‌ به‌ر ده‌رچوونی ، مشووری بێ پسانه‌وه‌ی ئه‌وانی پێوه‌دیاره‌و‌ ، سه‌باره‌ت به‌مه‌ش‌ شایانی پێزانین و ده‌ستخۆشی و رێزلێنانن .

بەشی سێیەم

ئاوازی ژێیە رەنگاڵەییەکان

پرسیاره‌کانی ئه‌زموونێکی گشتی
خەونە . . . خەون نییە . . . نازانم . . . ئەزموونێکی گشتییەو چاودێرەکان دەیانەوێت شپرزەم بکەن . . . وەڵامەکان دەخایەنێت . . . ماوە چاوترووکانێکە ، بۆیە ناچار ، پەنام بۆ هێماکان بردو لەو تەنگژە دەروونییە خۆم دەربازکرد .
یەکەم پرسیار : تۆ بە رواڵەت نەدمیت ، کەچی زمانی نووسینت زۆر درێژە . ئایا ناترسیت رۆژێک لە رۆژان لە رەگەوە بۆتی ببڕن ؟
گوتم : ئەوە ئاساییە، ” قەدەرێکە ” نووسەرانی دەروێشی نان و ئازادی لە ” ناوچەوانیان ” نووسراوە !
دووەم پرسیار : بۆچی تۆ دەستەمۆ نابیت ؟ بۆچی دژە تەوژمیت و لەگەڵ رۆژگاردا ناسازێیت ؟ بۆچی بوار دەڕەخسێنیت نەیارانت زمانی بێویژدانییان لێت بەگەڕبخەن ؟
گوتم : ئەوەش دیسان “قەدەر ” و ” ناوچەوانمە ” . . . پێش راپەڕین نەیارانم دزو درۆزن و هین بوون ، دوای چەند ساڵیش لە راپەڕین ، مشەخۆرو یاساشکێن و ” مرۆ ” ی کۆیلەو بوودەڵەشیان هاتەسەر !
سێیەم پرسیار : تۆ رات چییە لەوەی پیاوی دانا دەبێت لە دیپلۆماسییەتدا شارەزا بێت و بەدەستهێنانی تاج و تەختی پاشایەتی بەرنامەی بێ ؟
گوتم : من ئەو پاشایەتییەم ناوێ کە قورئانی موسڵمانان بەم شێوەیە وەسفی دەکات : ” ان الملوک اذا دخلوا قریة افسدوها وجعلوا اعزة اهلها اذلة ”
چوارەم پرسیار : لەبەرچی بەرنامەو پێڕەوی بڕیاردراوی کۆنگرەی حزب و رێکخراوەکان پێشێل دەکرێن و کاریان پێناکرێت ؟
گوتم : چونکە ئیمڕۆ باوی پڕاگماتیزمەو یەک هەنگاوی ” عەمەلی ” لە دەرزەنێک بەرنامە باشترە !
پێنجەم پرسیار : خوشکی مامۆستایەکی شەهید گلەیی ئەوەی لێکردی کە بۆ رێزلێنانی براکەی هیچ نەکراوە ، تەنانەت قوتابخانەیەک ، شەقامێک ، گۆڕەپانێک ، باخچەیەکی گشتی بە ناوییەوە ناونەنراوە . بۆچی تۆ وەڵامت نەدایەوەو خۆت لێکرد بە کەڕەی شەربەت ؟
گوتم : ئیمڕۆ سەردەمی عەولەمەیە . . . جیهان گۆڕانی بەسەردا هاتووە . . . باوی ئەو سوننەتە کۆنانە نەماوەو ، لێمانگەڕێ با لیبرالیستەکان سەرزەنشتمان نەکەن و بیرکردنەوە لە جێبەجێکردنی داوای ئەو خوشکە بە ( مەرگدۆستی ) لە قەڵەم بدەن !
شەشەم پرسیار : ( ئازادی لە وەڵامدانەوەی یان وەڵامنەدانەوەی ) :
هۆکاری ئەوە چییە کە ئەو مامۆستایانەی مۆڵەتی دایکایەتی وەردەگرن ، دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەیان ، بۆ قوتابخانەکانی خۆیان نایانگێڕنەوە؟
گوتم : با ( یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ) و ( رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان لە کوردستاندا ) وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە . . .

کانوونی یەکەمی 2002

رستێک پرسیار
لە کچێکم پرسی : بۆچی کچان – ژنان لە فەرمانگەکاندا، تاک و تەرایەکیان نەبێت، بەدەم لێپرسراوەکانیانەوە پێدەکەنن، رێزی پیاوە چاوزەق و داوێنپیسەکان دەگرن و، لە ئاستی پیاوانی سەنگین و بە ڕەوشتدا روو گرژ دەکەن و دوورەپەرێز لێیان رادەوەستن ؟
گوتی :چونکە وا نەبێت ئیشمان ناڕوات !
لە برادەرێکی مەسئولم پرسی : بۆچی رێزی کۆنە جاش و جاسوس و پیاوانی رژێم دەگرن و، جێوڕێیان دەدەنێ و، مەدالیای نیشتمانپەروەرێتی لە یەخەیان دەدەن و، خواستەکانیان بۆ جێبەجی دەکەن ؟
گوتی : چونکە لە هەڵبژاردندا ، یاسا یەک دەنگی بۆ من و بۆ هەر یەکێک لەوانە داناوە !
لە لێپرسراوی رێکخراوێکم پرسی : بۆچی بواری کەسانی هەلپەرست و هەڵمەتەکاسە دەدەن بە ناوی رێکخراوەکەتانەوە هەڵسووڕێن و روخسارتان لەبەردەم خەڵکیدا ناشیرین بکەن ؟
گوتی : چونکە ئەوانە روویان قایمەو، بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، دەست بە سنگەوە دەگرن و ، هەر جۆرە کارێکیان پێبسپێری، بەبێ سڵەمینەوەو چەندوچوون جێبەجێی دەکەن !
لە سیاسەتمەدارێکم پرسی : بۆچی ئەو سەنگەرانەی ،لە ماوەی چارەکە سەدەیەکی شۆڕشی نوێدا، بە خوێنی شەهیدەکانتان، بەدەستتانهێناوە، بەرە بەرە بۆ حزب و رەوتە کۆنەپەرستەکانی بەجێدێڵن ؟
گوتی : چونکە بڕوامان بە دیموکراسی هەیەو،دڵی دراوسێکانمان ناشکێنین !
لە تێکۆشەرێکی دێرینم پرسی : بۆچی مێژووی سەرهەڵدانی حزب و بزووتنەوە سیاسییەکان، رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، شۆڕشەکانی کورد ، بە دەستپاکی و راستگۆیی تۆمار ناکرێت ؟
گوتی : ئەی نازانی هەمیشە مێژوو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوەو،بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەنووسرێتەوە !

ئابی 2002

به‌هاکانی سه‌رده‌می پرنسیپ و ره‌وشتی شۆڕشگێڕانه‌
کاتێک خەم و ژانەکانی نامۆیی لە ناخی رۆشنبیرێک ، هاووڵاتییەکی هوشیار، نووسەرێکدا، هەڵدەچێت و کاسەی سەریان سەرڕێژ دەکات،پێویستییان بەوە دەبێت ساتێک لە میحرابی خەڵوەتدا ئارام بگرن، تا بۆ ململانێی نامۆبوونەکەیان گوڕببەستنەوەو هەڵوێستیان یان قەڵەمەکەیان لە هەڵەنگووتن بپارێزن.
ئەمجارە منیش لە خەڵوەتێکی سۆفیانەدا کەوتمە نێو هەندێ لە نووسینەکانی سەردەمی پرنسیپ و رەوشتی شۆڕشگێڕانەوەو تێیاندا ( فەنابووم ) هەتا ئەم چەند دێڕەم لێهەڵهات و جارێکی دیکە بە نووری خۆیان دیدەکانیان رۆشنکردمەوە: ” مرۆڤی دڵپاک لە جەنگەڵی خراپەکاریدا دەتوانێت چی بکات ؟ دیارە دڵپاکییەکەی دەبێتە تراژیدیا، بەرزترین هەست لە ناخیدا دەدرەوشێتەوە، بەڵام لە جیهانی دەرەوەیدا بەرەنگاری دزێوترین کۆسپ دەبێتەوە…
بەڵێ ئا لەم بەرەنگارییەی ناوەوە و دەرەوە، ئیرادەو بەدیهاتن، هەست و کرداردا،تراژیدیای مرۆڤی دڵپاک سەرهەڵدەدات، لەبەر ئەوەی دڵپاکی تەنها بەهایەکی رەوشتیانەی نێو دەروون نییە بەڵکو کردارو رەفتارە،هەڵوێستێکی کردەوەییە لە ژیان و لە خەڵکی،ماندووبوون و بەخشینە بەبێ بەرامبەر “” ( محمود امین العالم )
ئەوە حەقیقەتی نامۆیی مرۆڤە هوشیارەکانە لە جیهانێکی نامۆ بە بەهاکانی زەمەنی پرنسیپ و رەوشتی شۆڕشگێڕانەدا.
ئەوە قەدەری ئەو مرۆڤانەیە کە دڵپاکیی پێکهاتەیەکی کەسایەتییانەو، دەبێت بەردەوام ئەو بەهایانە لە دەروونیاندا جۆش بسێنن و تەسلیم بە هەستە شێواوو ئاڵۆزەکان، کۆسپە دزێوەکان،ئیرادە نەخۆشەکان، کردارە ژەهراوییەکان، نەبن.
ئەوە چارەنووسی ئەقڵ و قەڵەمە ماندوو نەناسەکانە کە تا خوێن بە دەمارەکانیاندا بگەڕێ ، ببەخشن و ببەخشن و چاوەڕێی بەرامبەر نەکەن. سوپاسیش بۆ ( برێخت ) و بۆ شانۆگەرییەکەی: ( مرۆڤێکی دڵپاک لە ستسوان ) کە ئەم کۆمەڵە بەها ئەخلاقییە شۆڕشگێڕانەیەیان لێوە فێر بووین.

حوزەیرانی 2000

گوتیان و … گوتم
1. گوتیان : تۆ سایکۆلۆژیت خوێندووە… تۆ ئەزموونی چل ساڵ کارت هەیە ، بۆ هەڵناکەی؟ بۆ لە گۆشەیەکی پڕ مشەدا داناسەکنێی؟
گوتم : چ زانستی سایکۆلۆژی و ، چ ئەزموونی کاری چەند دە ساڵێک، هێندەی هەفتەیەک کاری نێو دەزگا گەندەڵەکانی ئەمڕۆ ، ئەزموونیان بە من نەبەخشی. وانەکانی سایکۆلۆژی و تەنها هەفتەیەکی کارکردن بەسبوو بۆ ناسینی خۆم و ئەوان؛ بەسبوو بۆ بە سوێهێنانەوەی زامەکانی نامۆییم.نامۆیی سەردەمی خوێندن، نامۆیی چل ساڵ تەمەن و هەڕەت و رۆژانی کارکردن، بە ئەزموونی ئەم چەند ساڵە زاخاو دراو، بەرگێکی دیکەی نامۆیی بە باڵامدا بڕی.
2. گوتی : کە راست و چەپ کێشام بە ناوی دەمیدا، سی ودوو دانەی دەخەمە دەمیەوە.
گوتم : بە چ هەقێک ؟
گوتی : بە هەقی هێز… من پیاوم و هێزم هەیە… من و ئەو ئێستا لە شەڕداین… شەڕ پێویستیی بە هێز هەیەو، منیش هێزی پیاوێتی خۆم بۆ ئەو شەڕە بەکار دێنم !!
گوتم : ئافەرین ئەی پیاوە چەپڕەوەکەی جاران! ئەی ئافەرین، ئەی (جێنتڵمان ) ئەی کوڕە ئازاکەی سینەما!
3. گوتیان : چاوی بە رۆژنامەیەکدا دەخشاند.. بانگەوازی رێکخراوێکی ژنانی بەرچاو کەوت..زەردەیەک پەڕییە سەر لێوی و گوتی : بۆ ژن دەنگیش بەرزدەکاتەوە ؟!
گوتم : دە وەرە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەی سۆسیاڵ دیموکرات، ئەم زاتە سەرکردایەتیت بکات!
4. گوتیان : پێیناوێ هیچ نیگەران بیت، لەوەتەی مرۆڤ هەیە دونیا هەر وابووە : کە لێپرسراو بوویت ، رووپاماییت دەکەن.ماستاوت بۆ سارد دەکەنەوە. دەست بە سنگەوە دەگرن. چاوەڕێی فەرمانی جەنابت دەکەن. لەبەر پێتدا دەتوێنەوەو شتی تریش….، بە پێچەوانەشەوە : کە دەسەڵاتت نەما، پشتت تێدەکەن. دەتخەنە پەراوێزەوە.بە نەشتەری پەیوەندییە گەندەڵە باوەکانی کۆمەڵ کەموکووڕییەکانت، تەنانەت کارە یاساییەکانیشت، ونجڕ ونجڕ دەکەن. تیروتەشەرت تێدەگرن. لە پشتەوە چەمۆڵەت لێدەنێن. بۆیان بلوێ، قەستی سەریشت دەبن. بۆچی؟
گوتم : دڵنیا بن من ئە‌‌خلاق و سیاسەتی بۆرژواکان تێدەگەم و، زۆر لە مێژە سیاسەتمەدارێکی بەناو بانگی جیهانی سەرمایەداری، ئەخلاقی سیاسی خۆیانی بەم جۆرە ناساندووە: ” لە سیاسەتدا دۆستایەتی و دوژمنایەتی هەتاسەر نین،ئەوەی هەتاسەر لە کایەدایەو مانا دەبەخشێ : هەمیشەیی بەرژەوەندییەکانە ”
گوتی : ئەی هەزارویەک ئەڵقەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان؟!
گوتم : بۆ ئەوەی لەوەشیان بگەیت،بڕۆ بۆ ژێرخانی کۆمەڵگا. بڕۆ بەناو بەرژەوەندییە چینایەتییەکاندا شۆڕبەرەوە، لە پەیوەندی بوونی کۆمەڵایەتی و هوشیاریی کۆمەڵایەتی ورد بەرەوە،باشتریشە بچیت ( سەرمایە ) ی مارکس بخوێنیتەوە،تا تێبگەیت….
5. گوتیان : بۆچی دەیان رێکخراوو سەندیکاو یەکێتی پیشەیی و جەماوەری ناتوانن ببنە بەشێکی ئۆڕگانیکی کۆمەڵگەی مەدەنی؟ بۆچی ناتوانن هێزێکی گوشاری کۆمەڵایەتیی جەماوەریی بن بۆ سەر دەسەڵات و بڕیارە چارەنووسسازەکان؟
گوتم : کەی لە شیری حکومەت و کۆشی حزبەکان بڕانەوە، کەی کلیلی هۆش و کاریان بە خۆیان بوو، وەڵامی پرسیارەکەتان وەردەگرنەوە….

خاڵبه‌ندیی هه‌ڵوێستی سیاسی
رەنگە ئاسانترین کارێک بۆ نووسەران بەرزکردنەوەى پەنجەى ئیعتیراز بێت لەبەردەم ئەو کێشانەدا کەکۆمەڵ دووچاریان بووە . . رەنگە تانووتلێدانى هەڵوێستە سیاسییەکان و گرفتە ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکان و ، رازاندنەوەو زەرکەفتکردنى وشە قەبەکان و گەمە پێکردنیان تارادەى سوان کارێکى زۆر پڕ ئەرک و مەترسى نەبێت و هەموو کەسێک پێى بوێرێ . .
بەڵێ . . ئالەم زەمەنە لنگەو قووچەدا دەشێت رووپامایى لەلایەک وهەڵوێستى بەرەنگاریى رووکەش بەوشەى پفدراو لەلایەکى دیکەوە جێى هەڵوێستى راشکاوو پەیڤى تێکۆشەرو دەستى کارامەى بنیاتنەر بگرێتەوە . . ئەمە ململانێیەکى هەمیشەیى راستى و ناڕاستى و درۆو راستگۆیى مەیلە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانى نێو کۆمەڵگایەو رەنگدانەوەى لەسەر پێنووسەکان هەیەو جێوڕێى هەڵگرانى لەرەوت و بزاڤى مێژوویى هەرقۆناغێکدا دیارى دەکات و ، نووسەرى مولتەزیم و بەپەرۆشى دواڕۆژ ، لەنووسەرەکانى پەراوێزى واقیعى ژیانى کۆمەڵانى خەڵکى ، جیادەکاتەوە .
ئەمڕۆ لەسەر ئاستى نووسین و ململانێى فیکرى و سیاسى نێو کۆمەڵگاى کوردەواریداو لە هەلومەرجێکى مێژوویى زۆر ئاڵۆزو دژواردا ، لەبرى هەڵوێستەى ئیعتیراز ، پێویستیمان بە خاڵبەندیى هەڵوێست هەیەو ئەم خاڵبەندییە دەبێت بنەماى ئیعتیراز بێت . کاتێ هەڵوێستى ئیعتیراز دەبێتە شێوازى سەرەکیى ژیانى نووسەرێک ، دەبێت پێنووسەکەى لەجێى خۆیدا بەکاربهێنێت و بوێرانە و بێ منجەمنج لەتەکیدا ڕێبکات . . . یەکبوونى ناوەوەو دەرەوە ، یەکێتیى ناخ و قەڵەم ، مەرجى رێزلێنان و ستایش کردن و متمانە پێکردنە ؛ چونکە هەرگیز ناکرێت دەسەڵاتى سیاسیت قبووڵ بێت و قبووڵ نەبێت لە هەمان کاتدا ، ناکرێت دەست لە دەسەڵات پانبکەیتەوەو خۆتى پێبژێینى ، بەڵام تەشەریشى لێبدەیت و گشت سیاسەتەکانى رەتبکەیتەوە ، ناتوانیت هەموو مێژووى گەلەکەت رەفزبکەیت و بە مێژوویەکى دزێوى بزانیت ، کەچى لەسەر هەوارى خاڵیى ئەو مێژووەش (لەبارى سەرنجى خۆتەوە) بەهیواى بنیاتنانى مێژوویەکى نوێ بیت ، ناکرێت مێژووى وشەى تێکۆشەرى خەباتى رزگاریخوازانەى نەتەوەکەت بەوشەى هەڵخەڵەتێنەرى هۆش و چەواشەکارى بزانیت و ، لەولاشەوە بتەوێت رۆڵى شۆڕەسوارى بوارەکانى بەکارهێنانى ئەو وشانە لە بزاڤى رۆشنبیرى و سیاسیدا ببینیت . بۆیە ئالێرەوە هیچ گومانێک نامێنێت کە دووفاقى لە ئاستى ئەم جمکە هەڵوێستانەدا مایە پووچ دەبێت و ئەوەى لەنێو دێڕەکانەوەو لەناواخنى وشەکاندا دەخوێندرێنەوە خاڵبەندیى هەڵوێستەکانە ، چونکە تەنها ئەوە لە بەرژەوەندیى کۆمەڵانى خەڵکى و رەوتى بەرەو پێشەوەچووى مێژووە .

رۆژنامەى (هەرێمى کوردستان) ژمارە (203)
8/5/2000

ئه‌گه‌ر کرێکار نه‌بێت … !!
چەند ساڵێک لەمەوبەر بوو … سەردەم ، سەردەمی هەرەسی شۆرەوی و دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بوو. لە گۆشەیەکی گۆڤارێکی عەرەبیداو، دواتر لە دوا لاپەڕەی رۆژنامەیەکی کوردیدا ، وێنەیەکی کاریکاتێرم بەدیکرد . . . چەند کرێکارێک و لافیتەیەک . . . وردبوومەوە ، لێی نووسرابوو ” یا عمال العالم صلوا علی النبی ” .
بە بینینی دەمارەکانم گرژ بوون . . . پەستییەک دایگرتم . . . ویستم لەبیر خۆمی بەرمەوە . . . چوومە دەرەوەو بێئاگایانە یەک دوو شەڕم بە تووشەوە بوو ، بۆیە برادەرێکم سەرزەنشتی کردم ، بەسەرمدا هات . . . پێی وتم : تۆ هێشتا هەر وشکە مارکسییەکەی جارانی . . . ماویت . . . کۆمەڵەی . . . کاکە دنیا گۆڕاوە ، خەڵکی بە ئازادی دەدوێن . . . کرێکارو مرێکار باوی نەماوە .
ئەو راستی دەکرد ، جیهان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبوو . . . لەبەر ئەوە هیچم نەوت و کەوتمە خەیاڵەوەو نازانم بۆ لەو کاتەدا یەکەم شت چیرۆکی ” وەچەی یاسای خۆڵ و دۆ ” ی ( حسین عارف ) م بیرکەوتەوەو ، دواتریش هەر بە خەیاڵ وەکو پاڵەوانی چیرۆکێکی دیکەی ، ( فەهد ) م بینی لە سلێمانی ( رۆحی یابەی ) دەفرۆشت !
دیمەنەکان یەک بە دوای یەکدا دەهاتن . . . شارێکم هاتە پێش چاو ، ئەفەندییەکانی رژابوونە سەر شەقامەکان . . . راپەڕیبوون . . . ئاگر لەچاویان دەباری و هەرچییەکیان بەردەست بکەوتایە دەیانسووتاندو، هەر جێگەیەک بچوونایە دەیانڕووخاند . . . خانوویەک ، کارگەیەک ، بازاڕێک ، باخچەیەک نەما وێرانی نەکەن ، کاڵایەک نەما گڕی تێبەرنەدەن . . . دواجار جلەکانی خۆیان سووتاندو پشوویەکیان دا .
ئەفەندییەکان ، دوای کەمێک پشوودان ، هەستیان بە برسێتی کرد . خۆرە بەهارییەکەی رۆژی یەکی ئایار تاویسەند ، گەرما تەنگی پێهەڵچنین ، بەناویەکدا هاتن و چوون ، جووڵەیەکی نائاساییان تێکەوت ، گەڕان . . . گەڕان ، هەتا شەکەتبوون . . . زمانیان بوو بە پەڵاس . . .زگیان بە پشتیانەوە نووسا . . . پەراسووەکانیان یەکە یەکە دەرکەوت . . . نەسێبەرێکیان دۆزییەوەو نە پاروویەک نانیان چنگ کەوت . . . کە لە خۆشیان وردبوونەوە ، رووت و قووت بوون . . . منداڵانیش وردە وردە خڕدەبوونەوەو هووهایان دەکێشا . . .
بەئاگاهاتمەوە . . . زەردەخەنەیەک پەڕییە سەر لێوم و هەستم کرد دەمارەکانم خاودەبنەوەو پەستییەکەم دەڕەوێتەوە . . .

1 ی ئایاری 2000

بووژانه‌وه‌ی دڵ . . . بووژانه‌وه‌ی هیواکان

دەلێن : لە دوای بوون، مەرگ هاوڕێیەکی نادیاری مرۆڤەو چرکە بە چرکەی ژیانی، لە پەنایدا خۆی حەشارداوەو، چاوەڕوانی دەرفەتێکە تا بوونی نەفیبکاتەوە.
دەڵێن : بە نزیکبوونەوەی مەرگ ، هیواکانی مرۆڤ لە سینەیدا دەتاسێن و بێهوودەیی ژیان لە چرکەساتەکانی سەرەمەرگدا بەرجەستە دەبێت.
دەڵێن و… دەڵێن … بەڵام مرۆڤ لە دێر زەمانەوە، لە سەرەتای پیادەکردنی هۆشیەوە تا ئیمڕۆ، بۆ ئەم دیاردە سروشتییە، ئەوەندەی تەمەنی بوونی خۆی تراژیدیایەکی بێکۆتایی بۆ هۆنیوەتەوە ؛ هەر لە وێنەو نیگارەکانی نێو ئەشکەوتەکانەوە، تا سەر دەقی کتێبە ئایینییەکان،تا سەر شیعرو ئەدەبیات، تا سەر هەندێ لە زانستە مرۆییەکان، گۆشەیەکی بەرچاویان مەرگ بووە، مەرگیش سەرەتای عەدەمەو، عەدەمیش پێناسە ناکرێت. بۆیە ئەم ئاکامە بە شاراوەیی ماوەتەوەو مرۆڤ سەوداسەری ئەو نهێنییە بووەو پەیی پێنەبردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە هیواکانی بەر لە مەرگ راستین و دەکرێت پێناسە بکرێن و بناسرێن و، ئەوەی بۆ دوای مەرگیشە لە عەدەمدا “سەقامگیر ” دەبێت.
بەڵام سەرباری ئەو راستییەش ، دەشێت هیواکان بەردەوام بن و گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، کاتێک چنگی مەرگ لە ناکاو یەخەگیری مرۆڤ دەبێت و دوای چەند چرکەیەک بۆ کاتێکی لەبارتر بەجێیدەهێڵێ… بەڵێ ئا لەم چرکانەدا، کە چنگی مەرگ دڵی مرۆڤ دەژاکێنێ و خاوبوونەوەی دڵ روو لە ژمارە سفر دەکات ( شریتی عومری رابردوو ) دێتە بەرچاوت ، لە گەڵ بێهوودەیی ئەو رابردووەدا هەست دەکەیت زۆریت لەدەستداوەو هیچت بۆ نیشتمانەکەت ، بۆ گەلەکەت، بۆ بیروباوەڕەکەت، بۆ مرۆڤایەتی نەکردووە… هەست دەکەیت سەرتاپای ژیانت کەمتەرخەمی بووەو تەنها خۆت پەرستووەو بۆ خۆت ژیاوی… بەڵێ لەو چرکانەدا ئەم شریتەش خۆی دەشارێتەوەو تەنها دەنگە دەنگ و وژەیەکی کپ و کاس هەست پێدەکەیت وهەست پێناکەیت…
دواتر ، لەپڕ دڵت دەبووژێتەوە، مەرگ دەرفەتەکەی لە کیس دەدات و دوور دەکەوێتەوە… ئیتر جارێکی دیکە، بەر لەوەی زمانت بەربێت و گوێیەکانت بە تەواوەتی بکرێنەوە ، کاروانێک هیوا بە بەرچاوانتدا ریز دەبن و لە نمایشێکی خەیاڵاوی سەرمەستانەدا رادەبوورن..
بەڵێ… هیواکان دەبووژێنەوە، لە گەڵ چالاکبوونەوەی دڵدا دەگەشێنەوە… لە دڵی خۆتدا نەخشە دادەڕێژیت و بەڵێن بۆ خۆت و ، بە خەیاڵ، بۆ خەڵکی نوێدەکەیتەوە کە ئەوەی لەمەوبەر بۆتنەکراوە، لە ئێستا بەدواوە بیکەیت و بۆشاییەکانی ژیانی پێشووت پڕ بکەیتەوە. بەر لەوەی بۆ ئێجگارەکی واشەی مەرگ بتفڕێنێ، پێیەکانت لە خاکەکەت توند بکەیت و، لە باوەشی پڕ سۆزی گەلەکەتدا سەری دڵنیایی بە سینەیەوە بنێیت و سوێندی پیرۆزی خۆت بخۆیت کە بۆ بەدیهێنانی هیواکانت ئەمجارەیان نەسرەویت و بە پێوە پێشوازی لە مەرگ بکەیت.

کانوونی یەکەمی 1999

پرنسیپی که‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو
ئەگەر پێناسەى زانایان بۆ بەرنامەڕێژیى ، وەک کردارێکى ئەقڵانى لە چۆنایەتى بەگەڕخستنى توانا ماتەرى و بەشەرییەکان ، بسەلمێنین و ، زانستییانە لە پڕۆسەى گۆڕانکاریى هەمە لایەنەى کۆمەڵى کوردەوارى بڕوانین ، ئەوا بێ دوودڵى رۆڵى دەزگا حکومەتییەکان لەم پڕۆسەیەدا دەبینین و لە بایەخى بەرنامەڕێژکردنى هەنگاوەکان تێدەگەین کە بێ هیچ یەکێکیان مەبەستە بنچینەییەکانى گۆڕانکاریى بەدینایەن . دیارە لەم بوارەشدا دەبێت دەزگا حکومەتییەکان مەرجەکانى سەرکەوتن لەم ئەرکە مەزنەدا دابین بکەن و لەبەر تیشکى پرنسیپە زانستییەکانى گۆڕانکاریدا هەڵسووڕێن ؛ ئەمەش پێویست بەوە دەکات توانا ماتەرى و بەشەرییەکان بەباشترین شێواز بەکاربهێنن و لەنێوانیشیاندا توانا بەشەرییەکە بەپلەى یەکەم وەرگیرێت و، ئاڕاستە زانستییەکانى گۆڕانکاریى روویان لە دەستنیشانکردن و هەڵبژاردن و بژارکردن و بەهێزکردنى دەزگاکان بێت ، چونکە توانا مادییەکان بەبێ کارى بەشەر بەفیڕۆ دەڕۆن و خشتێکمان بۆ ناخرێتە بنچینەى تەلارى کوردستانێکى مۆدێرن ، کە هیواى بەدیهێنانیمان هەیە .
هەڵبەت لە نێو توخمە بەشەرییەکانى دەزگایەکى بەتواناشدا سەرکردایەتیى مەیدانیى رۆڵێکى سەرەکى هەیەو بەبێ رابەریکردنى کەسانى شیاو لەو شوێنە مەیدانییانەدا ریسەکان بە خورى دەبنەوەو رایەڵى کارەکان پێکەوە گرێنادرێن ، بۆیە دواى بەرنامەڕێژکردن و دابینکردنى مەرجە مادییەکانى گۆڕانکاریى ، هەموو کادیرە کارگێڕىو هونەرییەکان پێکەوەو، ناوەندى کارى مەیدانى لە شەخسى بەرپرسى یەکەمى کارەکاندا، چارەنووسى کارەکان بڕیار دەدەن ، لەبەرئەوە هەڵبژاردنى بەرپرسى یەکەم و دیاریکردنى شیاوترین کەس بۆ ئەو شوێنە و دەست ئاوەڵاکردنى لەکارەکەیدا زامنى سەرکەوتنى پڕۆژە چاوەڕوانکراوەکانى گۆڕانکاریى دەبێت .
لەکوردستانى دواى راپەڕیندا و لەسایەى هەلومەرجێکى سیاسى – ئابوورى – کۆمەڵایەتى تا دەگاتە ناتەواوییە کارگێڕىو داراییەکان، بۆ دەساڵێک دەچێت سه‌رجه‌می کار له‌م وڵاته‌دا ، رووبەڕووى شپرزەیی و پاشاگەردانى بووه‌ تەوەو مۆرکى نەشیاوییان لەکارەکان داوە ، زۆر هۆکارى دەرەکى و ناوەکى پێوەندى کردوون و پرزەى جووڵاندنى لێبڕیون ، ململانێکانى نێوماڵى کورد بۆ خۆیان بواریان بۆ کەسانى نەشیاوو بێتواناو کەم ئەزموون و (زۆر جاریش بۆ کەسانى هەڵمەتەکاسەو بێهەڵوێست و ناپاکانى سەردەمى رژێم) رەخساندووە شوێنە گرنگەکان داگیر بکەن و ، بەنەخشە بێت یان بەنەزانى ، دامودەزگاکانى حکومەت تووشى ئیفلیجى بکەن . ئەمە کارێکى وەهاى کردووە دەزگا حکومییەکان لە شوێنى خۆیاندا گیربخۆن و نەتوانن هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەڵنێن . ئەم حاڵەتە سەلبییە ئەرکى پڕۆسەى گۆڕانکاریی گرانترو دژوارتر کردووە ، بۆیە تێپەڕاندنى ئه‌و بارودۆخه‌ ، ئیرادەو بڕیارى سیاسیى گونجاوى دەوێت کە واقیعە گەندەڵەکە دەستکارى بکات و بارە ڕاوەستاوەکە بشڵەقێنێت و مۆڵگەى گەندەڵییە ئیدارىو داراییەکان بەسەریەکدا بڕمێنێت و بێبەزەییانە دەستى کارامەى گۆڕانکارییان پێبگەیەنێ و ، نەک هەر لەسەر ئاستى دەزگا سەرکردایەتییەکاندا بەڵکو لە ئاستە مامناوەندییەکان و بنکە فراوانەکەى کارە خزمەتگوزارییەکانیشدا ، داروپەردووى بیناى کاریکاتێرىو ساختەى ئەو توخمە بەشەرییە بێجەوهەرانە ژێرەو زەبەر بکات کەزۆرێک لە ناوەندە کارگێڕییەکانى حکومەتیان زەوتکردووە ، تا لە شوێنەواریاندا رێڕەوە پێشکەوتنخوازو مۆدێرنەکەى گۆڕانکاریى بچەسپێت و دامودەزگاکانى خوارەوە لەچنگى کەسانێکى نەشیاو قورتار ببن کە بە ناچارىو لە غه‌فڵه‌تگیریى سەردەمێکى ئاڵۆزو تەمومژاویدا هەڵتۆقیون و جەستەى دامودەزگاکانیان تووشى چەندین تیراوێى ئیدارى و مالى کردووە .
دیارە لە خوێندنەوەى ئەم واقیعەدا بەوە دەگەین کە سەرکەوتنى ئەو گۆڕانکاریی لە دامودەزگاکانى حکومەتدا ، بەبێ چڕکردنەوەو بەرنامەڕێژکردنى گۆڕانکارییەکان و ، بەبێ بەردەوامى و لەبەرچاو دانانى ئامانجى دیارو رۆشن و نەخشەى زانستییانەو ، وەرگرتنى نوێترین پرنسیپەکانى بنیاتنانى کۆمەڵگایەکى مەدەنی و ، ئیدارەیەکى شیاو لەرێکخستن و بەرنامەو ئامانجەکاندا ،بەدەست نایەت .
کرۆکى ئەو پرنسیپانەى گۆڕانکاریش دانانى کەسانى شیاوە لە شوێنە شیاوەکانداو، پشتگیریى سیاسى و یاسایى و، خۆشکردنى زەمینەى جێبەجێکردنى پڕۆژە و بەرنامە حکومییەکانە ، ئەوەش وەها دەخوازێت بەپەلە بڕیارى دامەزراندنى (ئەنجومەنى راژە) جێبەجێ بکرێت و ، رابەرێکى وەسفیى کارە حکومەتییەکان (دلیل وصف الوظائف الحکومیة) لە کوردستاندا ، مەرجەکانى سپاردنى کار بە توخمە بەشەرییە شیاوەکان دیارى بکات و ، بەراستى کەسانى شیاو بۆ شوێنە شیاوەکان دابنرێن .
تێبینی : ئه‌م وتاره‌ که‌مێک ده‌ستکاریی پێویستم تێدا کردووه‌ .

تشرینی یه‌که‌می 1999
له‌ رۆژنامه‌ی ” هه‌رێمی کوردستان ” دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

هه‌نگاوێک بۆ ده‌ره‌وه‌ … دوو هه‌نگاو به‌ره‌و نیشتمان
ترسناکترین هەنگاو ، یەکەم هەنگاوە. ئەو هەنگاوەیە کە گیان و جەستەت بەرەو جیهانێکی نادیار بەکێشدەکات ، هەنگاوێکە دوودڵی و رامان لەرزەی دەداتێ و کوێرانە دەهاوێژرێ.
هەنگاوەکان بەرەو دەرەوە ، دوورکەوتنەوە لە زێدو بیرەوەرییە خۆش و ناخۆشەکان، دابڕان لە دایک و ئازیزانی دیکە ، تاسانێکی گیانیی دەخولقێنێ و بەربینت شەتەک دەدات ، گینگڵ و بێئۆقرەییت بۆ دروست دەکات. چۆن دروستی ناکات ؟ ئەو ( تۆ ) لە یادگارە خۆشەویستەکان و زمانە شیرین و پاراوەکەی دایک و ئەو دیمەنە سروشتییانە دەکات کە ئاوێتەی رۆح بوون و هەناسە بە هەناسەی ژیانت لەگەڵداون.
دەڕۆیت و بەرەو دەرەوە مل دەنێی ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا خۆت لێ بزر دەبێ ، کەڕوکاس دەبیت ، نامۆیی چەند جارە دەبێتەوەو سەرتاپات دادەگرێت ، بچووک بچووک دەبیتەوە هەتا دەبیتە جەستەیەکی بێگیان و ، بەرە بەرەو بە ئەندازەی هەنگاوەکانت گۆڕانکاریی بەرەو بە سفربوون پەلکێشت دەکات ، کاتێک دەبینیت بوویتەتە خاڵێک و هیچ بوعدێکت نییە ، یان دەتوێیتەوەو وەک خاڵیش نامێنیت . هەیت و نیت ، بەڵام نەبوونەکەت لەگەڵ هەنگاوەکانتدا دەبێتە وەهمی بوونێکی ناچاریی.
ئەمە راستیی هەنگاونانە بەرەو دەرەوە ، بۆیە تا زوو چارەسەری نەبوونەکەت بکەیت درەنگە . هەتا زوو لە بەخاڵبوون دەرچیت و بەرەو بوونی ئاسایی بگەڕێیتەوە ، دەروازەی بەهەشتێکی رۆحیت لەسەر ئاوەڵا دەبێت و ، وردە وردە ، خۆت دەبینیتەو ، دایکت دەبینیتەوەو بە شیری مەمکەکانی شاد دەبیتەوە ، زێدت دەبێتە باوەشێکی میهرەبانی گەورەو ، گیان و جەستەت هەتا مردن ، تەنانەت دوای مردنیش ، تێدا ئارام دەگرێت.
ئەمە عەزمی پۆڵایین و عەشقی بێپەی دەوێت . دەبێت دوو دوو هەنگا ، بەرەو خاک و خەڵک ، بەرەو دواڕۆژی مەسەلەی سەرەکیی بوونت ، لە یەک وشەدا : بەرەو لانکی هەبوونت، بەرەو نیشتمان ، هەڵبگریت و لە نێو شەپۆلی سۆزی خەڵکەکەیدا لەنگەر بگریت.

ئابی 1999

به‌های کات
” کات بەهای زێڕی هەیە ” پەندێکە هەر لە قۆناغی یەکەمی خوێندنەوە گوێمان پێی ئاشنابووە. ئەو سەردەمە تەنها وەک بابەتێکی داڕشتن سوودمان لێوەردەگرت و، لە ناوەرۆکەکەی تێنەدەگەیشتین ؛ زۆر جاریش گاڵتەمان پێدەهات ، بە تایبەتی کە ئامۆژگارییان دەکردین واز لە یاریکردن بهێنین و ، تەنها سەرمان بەسەرکتێبەکانماندا شۆڕبکەینەوە.
ئێمە ئەو سەردەمە نەماندەزانی ، پێوەرێکی بنەڕەتیی مرۆی پەیوەست بە شارستانی، زانین و پڕاکتیکی ئەم پەندە بە بەهایەیە. چونکە ئێمە لە ژینگەیەکی کشتیاریدا چاومان کردبووەوە، نەماندەزانی پیشەسازی چییەو ، سیمای کۆمەڵگەی مۆدێرن وئاکاری کۆمەڵایەتیی گونجاوی ئەم کۆمەڵگەیە چۆن دەکەوێتەوە. بۆیە لە کەسایەتیی هەر تاکێکی کۆمەڵدا چەمکی ( کات ) یان باشتر بڵێین رێزگرتنی ( کات ) وەک پرنسیپێکی ئاکاریی بوونی نەبوو.
( کات ) چییە ئەوەندە بایەخی پێبدرێ ؟ ئێمەومانانێک ، کشتیاریی بنەمای ژیانمان بێت و، تانوپۆی سەرەوەی کۆمەڵمان ئەو بنەمایەی تێدا رەنگبداتەوە،چ دەربەستی ( کات ) ین ، ئەوە بە کردەوە هەر ( کات ) ێک زەوییەکانمان و باخ و کێڵگەکانمان ئاوبدەین دەشێت و ، گەر چەند کاتژمێرێکیش دوابکەوین کاریگەرێتی لەسەر بەرهەمەکانمان دانانێت . بۆیە ئامێری کاتژمێر لەم کۆمەڵگەیەدا دەگمەن بوو، کەمالییات بوو. بە پێچەوانەی ئەمەوە کۆمەڵگەی پیشەسازی و ئامێر – ئیمڕۆش کۆمپیوتەر – کۆمەڵگەی خۆبەستنەوە بە کاتەوەیە ، کۆمەڵگەیەکە بە وردی رێکخراوەو ناتوانرێت بۆ چرکەیەک ( کات ) ی تێدا فەرامۆش بکرێت ؛ ئەوە سروشت و بنەمای کاری کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە ، ئامێری کاتژمێر لێرە کەمالییات نییەو لە پێداویستییەکانە. بەڕاستی ( کات ) لەم کۆمەڵگەیەدا ” بەهای زێڕی هەیە “.
ئایا دەتوانین لەمە بگەین ؟ یان دەتوانین شارستانیانە رەفتار بکەین ؟ ئایا لە نەرێت و رەفتارەکانی کۆمەڵگەی کشتیاری دادەبڕێین و بەرەو جیهانی زانست و تەکنەلۆژیای سەدەی بیست و یەکەم هەنگاو دەنێین ؟ ئایا دەتوانین بەهای بوونمان لە بەهای هەندێ رەفتاری ئەخلاقیانەی وەک رێزگرتنی ( کات ) دا ببینینەوە ؟ ئەوە پڕاکتیکی رۆژانەمان گەواهی دەبێت.
لە دوا وشەکانمدا سوپاس و پێزانینم بۆ دکتۆر ( زکی نجیب محمود ) کە گرێی فەرامۆشکردنی ( کات ) ی بۆ شیکردمەوەو ، یادیشت بەخێر ئەی ( خالید دلێر ) کە بەردەوام دەرسی ئەم پەندەت دادەدام و هەمیشە موتمانەت بە ( پیاوی بە مەوعید ) بوو ، وەک سیفەتێکی باڵای مرۆڤی راستگۆو تێکۆشەر.
تەموزی 1999

ئه‌رکی مرۆڤه‌ هوشیاره‌کان
له‌ به‌رامبه‌ر رسته‌ پرسیاره‌کانی بوون و هۆشدا
لەو کاتەوە هۆشی مرۆڤ چووزەرەی کرد، جمکی زمان و بیرکردنەوە پایەی تایبەتیی مرۆڤیان لەم گەردوونە بێپەیەدا دیاری کرد. مرۆڤ دووچاری ململانێی هۆش و بوونی خۆی بوو.
مرۆڤ، هەر لەو رۆژەوە، بە دوای خۆیدا دەگەڕێ، دەیەوێت لەم ژیانە کەم خایەنەدا خۆی بدۆزێتەوە، زمان و بیرکردنەوەی باڵبگرن و لە نهێنییەکانی سروشت و مەرجەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی بگات.
مرۆڤ لەم پێناوەدا ناچار بە کار بووەو چارەنووسی بە سەرەنجامی ئەو ململانێ نەپساوەی بوونییەوە بەستۆتەوە. بۆیە لە خەباتی بێوچانیدا، زمان و بیرکردنەوەی بۆ پێشخستنی کارو چاکترکردنی مەرجەکانی بوونی خۆی بەکارهێناوەو، پێبەپێی قۆناغە مێژووییەکانی ململانێ بەڕێکەوتووەو دەستکەوت دەسکەوتی کەڵەکە کردووەو، دەستاو دەست نەوەکانی لە یەکترییان وەرگرتووە، تا بەم سەردەمی زانست و تەکنۆلۆژیایە گەیشتووە.
مرۆڤ لە نێو کارو بەرهەمهێنانەوە زمان و بیرکردنەوەی ، لە پەرەسەندن و هەڵکشاندا بووە، بەهرەی خودی و توانای داهێنان و وزەی مێشکی بۆ ژیانێکی باشترو ئایندەیەکی گەشەدارتر بەگەڕخستووە؛ هەر بۆ خۆشی ئامرازەکانی فەلسەفەو زانست و ئەدەب و هونەری داهێناوەو، لەو ململانێیەدا چەکی خەباتی بوون و، بوون و هۆشی خۆی پێ جەختکردۆتەوەو، ئاوێنەی ناسینەوەی خۆی ومرۆڤەکانی دەورو بەری بوون. بەڵام ئەم رەوتەی ژیانی مرۆڤ بێ گرێ و گۆڵ نەبووە، بۆیە لاپەڕەکانی خەباتی، وشە وشەو پیت پیتی بە ئارەقەو خوێنی خۆی نەخشاندووە. لەم نێوەشدا مرۆڤە چەوساوەکان،لە نێو ئەوانیشدا مرۆڤە هوشیارەکان،سەرکاروانی ئەوانیش کە فەیلەسوف و زاناو ئەدیب و هونەرمەندانن،بەشی هەرە گەورەی ئەو ئەرکە مێژووییەیان لە ئەستۆ گرتووەو هێماو ئاڵای هەموو وەرچەرخاندنە مێژووییەکان بوون.
ئیمڕۆش وەکو دوێنێ، هەر وەکو سەرجەم رۆژەکانی ئەم مێژووە ئەرکەکان هەر لە کۆڵی ئەواندایە،مرۆڤە چەوساوەکان، مرۆڤە هوشیارەکان، مرۆڤە رۆشنبیرەکان، خاوەن قەڵەمە شەریفەکان، ئەم میراتەیان بۆ ماوەتەوەو، لە بەرامبەر سەرانسەری مێژووی کۆن و ئێستاو دواڕۆژدا بەرپرسیارن. ئەمە چارەنووسێکی مێژووییەو بە بوونیانەوە لکاوەو، ئەرکێکی مێژووییەو ناتوانن لە گەردنی خۆیانی داماڵن.
ئەم چارەنووس و ئەرکە لە بەرامبەر چەوساندنەوە بێئەندازەکانی ئەم گۆشەو ئەو کەناری جیهانی ئیمڕۆدا، هەتا دێت مەزنترو قووڵترو زەقتر دەبێتەوە. لەبەر ئەوە هەتا دێت ئەرکی قەڵەم و زادەی بیرو گیانی خۆنەویستیی دەبنە ناسنامەی یاخیبوون و بەرهەڵستی و شۆڕش لە رووی هەموو ئەو کەندوکۆسپانەی، کە سەرەڕێی رەوتی بەرەو پێشەوە چوونی مرۆڤ دەگرن.
لە جیهانی ململانێی بێئامانی هێزەکاندا، لە نێو دۆزەخی چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی و رەگەزیدا،لە جەنگی گەرم و ساردی بەرژەوەندییە ئابوورییەکاندا،مرۆڤی چەوساوە، چینە چەوساوەکان، پیاوانی بەرهەمهێن، ژنانی کۆیلەی مێژووی دڕندایەتی و نەزانی و خەرافییات، منداڵانی برسی و ئاوارەو بێلانە…هتد ، کەرەسەی زمان و بیری رۆشنبیریی خەباتگێڕن، خاڵی یەکانگیربووی هێڵە رەشەکانی مێژووی بەشەرن، قوربانییانی بەربەرییەتی سەرتاسەری مێژووی چەوساندنەوەن. بۆیە ئیمڕۆش وەک دوێنێ، هەر دەبێت بابەت و هەوێنی چالاکییە رۆشنبیرییەکان بن. ئەمە ئەرکێکی جیهانگیرەو یەخەی مرۆڤە رۆشنبیرو خامە بە دەستەکان دەگرێت و، پابەند بوون پێیەوە پێوەری راستگۆیی و هوشیاری و، نیشانەی خۆدۆزینەوەیەکی بەردەوامە،کە لە سەرەتاکانی بوونی کۆمەلایەتیی مرۆڤ و چەرخە دێرینەکانەوە درێژەی هەیەو هەتا مرۆڤیش بمێنێ درێژە دەکێشێ.
ئەم ئەرکە ، ئەم راستییە،هەموو مرۆڤە هوشیارەکانی سەردەم،بە تایبەتی توێژە قەڵەم بەدەستەکان دەگرێتەوەو، هەتا لە سەفەری ئەم ژیانەدا بن، هەمیشە رستێ پرسیار پێشیان پێدەگرێت و دەبێت وەڵامیان بدەنەوە.

گۆڤاری گەلاوێژی نوێ
ژمارە 12و13 /1999

ره‌خنه‌و دژه‌ ره‌خنه‌
بزافی رۆشنبیریی لە کوردستاندا ، بۆ زیاتر لە چارەکە سەدەیەک دەچێت ، تووشی ” تیراوێیەکی رۆشنبیریی ” بووە. ساڵ دەڕوات و ساڵ دێت ، بارودۆخێک ماڵئاوایی دەکات و هەلومەرجێکی نوێ سەرهەڵدەدات ، کەچی ئەم زامە نەفرەتییە دەتەنێتەوەو کەسیش دەستپێشخەریی بۆ چارەسەرکردنی ناکات ، کەسێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ناکۆڵێتەوە .
بۆچی ئەم برینە ساڕێژ نابێت ؟ ئەمە پرسیارێکە لە ئاستیدا دەستەوسانین و خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی ماندوو ناکەین ، چونکە ئەم وەڵامدانەوەیە خەوشەکانی واقیعی رۆشنبیریمان لەبەردەمدا زەقدەکاتەوەو ، بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ، ئەرکی گەورەو پشووی درێژمان لێداوا دەکات ؛ چونکە لە لایەک شیکردنەوەی پیسبوونی ئەم ژینگە رۆشنبیرییەی دەوێت و، لەلایەکی دیکەوە چەندین نیشانەی پرسیار لە بەرامبەر کەسایەتی و رادەی راستگۆیی و ئاستی فیکری و نیازی قەڵەم دادەکوتێت .
ئەمە راستییەکە ، بە کردەوە ، لە پەیوەندیی نێوان زۆربەی رووناکبیران و نووسەراندا رەنگیداوەتەوەو لە تاوتووکردنی بەرهەمەکانی یەکتریدا بەرجەستە بووە . بەناوی رەخنەوە ئەمیان لە پارێزی ئەویاندا خۆی مەڵاس دەدات و کەوکوژیی نیشاندەگرێتەوە تا بە ” ساچمەی رەخنە ” کانی یەکە یەکەی وشەکانی ” نەیارەکەی ” بپێکێ و بێگیانیان بکات ، ئەویشیان بێ ئەوەی پێکان و نەپێکانی بۆ ساغبێتەوە ، بێ سێ و دوو کردن ” قەڵەمی دەبان ” لە هەسان دەدات و بەپەلە وشەکانی بەرامبەرەکەی دادەپاچێت .
ئەمە ئەو دیاردەیەیە کە بە زمانی تایبەتیی ئەم رووناکبیرو ئەدیب و نووسەرانە ( رەخنە ) ی پێدەگوترێت .
ئەم دیاردەیە ، گەر ئەدەبیانە ناوی بنێین ( رەخنەو دژە رەخنە )، لە چ سەرچاوەیەکەوە سەردەردێنێ ؟ بۆچی بەم شێوە سامناکە باڵی بەسەر واقیعی بزافە رۆشنبیرییەکەدا کێشاوە ؟
لە راستیدا هۆکارەکان زۆرن. کێبەرکێکان هەمە ڕەهەندن، ریشەی قووڵیان هەیە ، بەڵام لەسەرەوەدا دەبینرێن و لە چەند رواڵەتێکدا دەردەکەون، وەک ئەوەی رەخنەگرو رەخنەلێگیراو ، هەریەکەیان ، لە شوێنی خۆیانەوە ( گەر نەڵێم لە سەنگەری خۆیانەوە ) وا هەست دەکەن کەسایەتییان شکێندراوە، فەرمانی لە سێدارەدانی رۆشنبیرییان بەسەردا دراوە، پیرۆزیی وشەکانیان لەکەدارکراوە . بۆیە بەوپەڕی گرژییەوە ، بە هەناسەی توندو سوارەوە دەستدەدەنە پێنووس و ئەوەی نەشێ و نەکرێ بەیەکتری دەکەن ! لە بازاڕی قسەی ساردو سووکدا مامەڵەی بەرهەمەکانی یەکتری و هەڵوێستە جیاجیاکان و فیکرو بۆچوونە جیاوازەکانیان دەکەن ، وەکو تریش هەریەکێکیان خۆی بە هەواداری ئازادی و دیموکراسی و رستێک چەمکی سیاسیی ( مۆدێرن ) دەزانێت . لەم نێوەشدا، لەسەر داب و نەریتی عەشایەری ، کای کۆن بەبا دەکەن و شەڕی کۆنەقین و تۆڵەسەندنەوەو گەلەکۆمەکێ ( وەک عورفی کۆنی شەڕە گەڕەک ) لە تاکتیکە ” رۆشنبیریی ” و ” ئەدەبی ” یەکاندا بەگەڕدەخەن !
– ئەرێ . . . ئێوە، خاوەنانی ( رەخنەو دژە رەخنە ) ناکرێت رەخنە بهێننەوە سەر رێچکە رەسەنەکەی ئەدەب و، وەک کارێکی هونەریی شان بە شانی شیعرو چیرۆک و رۆمان و نووسینە جۆراو جۆرەکانی دیکە خەمی لێبخۆن ؟
– ئەرێ ناکرێ ( ئێوە – ئێمەی نووسەران ) بێدەنگ بین و یەکسەر ( دژە رەخنە ) ی نەرێیانە بەرامبەر ( رەخنە ) نەنووسین ؟
– ئەرێ ناکرێ هەر نووسەرێک چی لە توانادایە، خۆنەویستانە، پێشکەشی بکات و چاوەڕێی ئافەرین و پاداشت و پیاهەڵدان و دەستخۆشانەو چەپڵەڕێزان نەکات ؟
– ئەرێ ناکرێ بڕیارێک بۆ خۆتان لەگەڵ خۆتاندا بدەن و تەنهاو تەنها بۆ خەڵکی بنووسن و، خۆسەلماندنەوەی خودتان بۆ رادەی کارتێکردنی بەرهەمەکانتان لە خەڵکی و بۆ خەڵکی بەجێبهێڵن ؟
– ئەرێ ناکرێ هزرتان ، وشەتان ، کردارتان ، پڕۆژەی بەردەوامتان سەر سامانی رۆشنبیریمان بخەن ، لە جیاتی ئەوەی هەر یەکە لەلایەکەوە مەیدانەکە زەوت بکات و ، پڕ بە میراتی رۆشنبیریدا بکات و ، چ مەیدانەکەو چ میراتەکە بە موڵکی تایبەتیی خۆی و هاوبیرانی بزانێت و ، بۆ سەروەری و شکۆداریی خودیانەی خۆی قۆرخیان بکات ؟!

کانوونی یەکەمی 1998


په‌یامی نووسین و گه‌یاندنی به‌ خوێنه‌ران
نووسەر..پەیام..خوێنەر.. سێ خاڵی پەیوەندیداری پڕۆسەی نووسینن. لەم پڕۆسەیەدا، نووسەر سەرچاوەیەو ، نەخشی قەڵەم شێوازەو ، خوێنەر هەستی وەرگرتنە .
پەیامی سەرکەوتوو ، بۆ نووسەر، رەوتێکی زەمبەلەکیانەی کارتێکردنە ، کە لە هەر ئەڵقەیەکی ئەم رەوتەدا ، نووسەرو خوێنەر کاریگەرێتی پەیامەکە ئاڵوگۆڕ دەکەن و بەرەو مەودایەکی فراوانتر هەنگاو دەنێن. پەیامی نووسین – لە هەر بوارێکدا بێت – ئەم ئامانجەیەو، پێچەوانەکەشی، دەرچوونی بێگەڕانەوە، یان پووکانەوەی پەیامەکەیە لەو سنوورەدا کە خاڵی تێگەیشتنی خوێنەر دەستپێدەکات. بۆیە تێگەیشتنی نووسەرو روونیی بابەتەکە لەلای خۆی، شێوازی نووسینەکەی و چۆنایەتی ئەو زمانەی بەکاریدەهێنێ دیاری دەکات ؛ بەمەش هاوکێشەیەک لە نێوان تێگەیشتنی نووسەرو تێگەیشتنی خوێنەر دروست دەبێت و ، هەر لاسەنگییەک لە تایەکیاندا، بۆ بزربوونی توخمێک لە توخمەکانی ئەو هاوکێشەیە بەڵگەیە.
بەم پێودانگەی سەرەوە، سەرچاوەی تێگەیشتنی خوێنەر لە نووسەرەوە دەستپێدەکات. کەواتە کرداری تێگەیاندن و تێگەیشتن کاتێک ئاوێتەی یەکتر دەبن کە پەیامنێر ( نووسەر ) رەچاوی ئەوە بکات : پەیاموەرگر ( خوێنەر ) لە ئاستی دەستپێداگەیشتنیدا بێت و پەیامەکەی بیگاتێ .
پێچەوانەی ئەمەش، ئەو حاڵەتەیە کە لە هەندێ نووسینی ئەمڕۆدا بەدیدەکەین ، بە تایبەتی ئەو نووسینانەی ، زمانی هەندێ قوتابخانە یان رێبازی فەلسەفەیی و رۆشنبیریی رۆژئاوایی تێدا بەکاردەهێنرێت ؛ ئەوانەی کە بە ریزکردنی دەیان زاراوەو چەمکی نوێ پڕدەکرێنەوەو ، بە شێوازێکی ئاڵۆزو داڕشتنێکی نامۆ خوێنەر تووشی سەرەگێژە دەکەن. ئەم جۆرە نووسینە چەند تایبەتمەندییەکی هەیە ، لەوانە :
1. درێژدادڕی و جوونەوە .
2. زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی زاراوە ” نوێ ” یەکان.
3. چاندنی فەرهەنگۆکێک ناوی زانایان و ئەدیبان …هتد – بەپێی جۆری نووسینەکە – بە نێو وشەکاندا .
دیارە نووسەرانی ئەم جۆرە نووسینە مەبەستیانە :
• لە پاڵ ناو هێنانی ئەو زانایانەدا ( فیزی ) زانایی لێبدەن و خەڵکی بەو سیفەتە بیانناسن.
• خوێنەران بترسێنن و بەر هێرشی تۆقاندنی رۆشنبیرییان بخەن.
بەم دوو مەبەستەش ، لە لایەک هەیمەنەی رۆشنبیریی لە نێو بارودۆخە شپرزەکەی ئیمڕۆی رۆشنبیریدا مسۆگەر دەکەن و رێگای رەخنەلێگرتنیان دادەخەن ؛ لە لایەکی دیکەوە، لە لێکۆڵینەوەی واقیعی ئێستای دیاردەو رووداوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگادا، کە هەڵوێستی روون و ، قسەی راستەوخۆو ، دەربڕینی بێپێچوپەناو ، کاری بەرجەستەیان گەرەکە ، خۆیان دەدزنەوەو بە ژێر کەڵەکەی نووسینە ئاڵۆزکاوە نامەفهوومەکانیانەوە دەکەن و، پاساوی هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بەرامبەر ژیانی واقیعی کۆمەڵەکەیان ، پێدەدەنەوە.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بە بەشێکە دیکە لەو نووسەرانە بکەین کە دەرئەنجامی تێگەیشتنێکی ئەکادیمی و بەدواداچوونێکی جیددی و فراوان ، بەم شێوازە خوێنەرانیان بەسەردەکەنەوەو، زیاتر کاریگەرێتیی ئاستی رۆشنبیریی و ژیاریی ئەو کۆمەڵگا رۆژئاواییانەیان لەسەرە کە لێیگیرساونەتەوە . ئەم نووسەرانە چەندین خاڵی ئومێد ، بە کراوەیی، لە پێشیان دادەنێین و ، چنینەوەی خاڵەکانی ئومێدیش بە دواڕۆژ دەسپێرین .

کانوونی یەکەمی 1998

خوێندنه‌وه‌ . . . دایه‌لۆگ . . . گۆڕانکاریی
هەر کە بارودۆخێکی سیاسی لە ئاستی جیهاندا، یان لە سیستمی وڵاتێکدا گۆڕانی بەسەردا دێت و ، هەلومەرجێکی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتیی نوێ جێیدەگرێتەوە ، تەواوی بونیادی رۆشنبیریش دەهەژێت و ، بۆ سەروسیمادانەوە بە بونیادە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە نوێیەکە بەخۆدەکەوێت . لە نێوانی ململانێ هەمە جۆرەکاندا ، کە کارلێکی گشت هۆکارەکان ئاڕاستەیان دەکات ، بارێکی دەروونیی شڵەژاوو چاوگێڕانەوەو پێداچوونەوەو ، هەندێ جاریش نائومێدی وگومان و رەفزکردن و خۆدەربازکردن لە ئەرکی گرانی میکانیزمی ناکۆکییەکان و خۆبەدەستەوەدانی واقیعە ( نوێیەکە ) دێنە کایەوەو ، هەست و هۆش و بیرو قەناعەتەکانی نووسەران و رۆشنبیران لە بێژنگ دەدەن .
ئەوەی ئیمڕۆ وەک زاراوەیەک بە ناوی ( خوێندنەوە ) وە لەسەر زارەو لە نووسینی بەشێک لە نووسەرە گەنجەکاندا بە چێژێکی ” نوێگەرییانە ” وە جەختی لەسەر دەکرێت ، دیاردەیەکە بە دیوێکدا ئەرێیانەو بە دیوەکەی تریدا نەرێیانە دەکەوێتەوە .
ئەوە مافی بێ ئەملاو ئەولای هەر رۆشنبیرو نووسەرێکە لە گۆشە نیگای خۆیەوەو ، بەپێی جیهانبینی خۆی و ، ئەزموونە خودییەکانی و ، چۆنیەتی تێگەیشتنی لە ململانییەکانی ئەم جیهانە ، چۆنی دەوێت ، بەو شێوەیە ( بخوێنێتەوە ) ، واتە لە دەوروبەرەکەی بکۆڵێتەوەو راڤەی بکات و، شوێنی خۆی لە یەکێک لە سەنگەرەکانی رۆشنبیریی سەردەمدا دیاری بکات .
ئەوە مافی بێ چەندوچوون ورۆڵێکی ئەرێیانەیە کە لە پێناوی بەرپاکردنی دایەلۆگێکی فیکری و سیاسی و رۆشنبیریدا ، نووسەر ( خوێندنەوە ) کەی بەگەڕبخات و ، ئەسپی قەڵەمی خۆی بێ ماندووبوون ، بە نیازی شۆڕشێکی رۆشنبیری و جووڵانەوەیەکی هوشیارانەی مەعریفی ، تاوبدات ؛ تا بە ئامانجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی دیارو گونجاوو لەباری پێشکەوتووانە بگات و ، سەرئەنجام بە پڕۆژەی گۆڕانکارییەکی ریشەیی ژیانی کۆمەڵگا کۆتایی بێت . بەڵام ئەوەی نەرێیانەیەو نابێت لەو پێنووسانە بوەشێتەوە ( خوێندنەوە لە پێناوی خوێندنەوە ) دایە . . ئەو خوێندنەوانەی ، لە پەنا بانگاشەی دایەلۆگدا ، تەڕو وشکی سامانی مەعریفی و دەستکەوتە رۆشنبیرییەکانی بەشەرییەت لە هەزاران ساڵەوە تا چەرخی زانست و تەکنەلۆژیای ئیمڕۆ ، هەڵدەپڕووکێنن ، ئەو خوێندنەوانەی لەبری دایەلۆگ ، سکتاریستیی رۆشنبیریی و ، بگرە خۆپەرستیی رۆشنبیرانە ، دەخەنەوەو ، گۆڕانکاریی – وەک پڕۆژەو بەرنامەی عەمەلی و کارێکی خەباتکارانەی جیددی – لە فەرهەنگیاندا نییە .

تشرینی دووەمی 1998

نامه‌یه‌ک بۆ سێ کیژی برازام له‌ سوید

ئەو ساڵە ، ساڵى هەرەس بوو . بڕواى خەڵکى تاژێر سفر دابەزیبوو . ورە داماو ، تانجییەکى رستکراوى دەستى چەپەڵى بەعس بوو . ((کوڕ)) ئەوەبوو خۆى دەربازکا ، بڕواو خەباتى رابردووى بۆ فاشستەکان هەراج کا !
ئەو کاتە بوو ، ئێوەى منداڵ . . ئێوەى فریشتەى بێگەردى دنیاى جەنجاڵ ، بێخەم گەمەى بووک بووکێنەو ماڵەباجێنەتان دەکرد . . . هەرئەو کاتە باوکى ئێوە ، خەمى هەرەسى لەکۆڵناو بەرەو دواڕۆژ هەنگاوى بوێرانەى دەنا . . . هەر ئەو کاتە باوکتان ،وەک پیرەمەگروونى دێرین ، هەرەسى رەتدەکردەوەو ،تین و گوڕى بەگیانى شلوشێواوى رووخاوەکان دەدایەوە . . .
ئێوەى کۆرپەى لە نوێ پشکووتووى ئەو کاتە بێئاگابوون . . . بەڵام باوکتان لە ترۆپکى ئاگاییەوە ، ملى بۆ چەقۆ رانەهێشت ، رێگاى سەختى پڕ پێچ و پەناو هەورازى هەڵبژاردو ، چارەنووسى خۆى و ئێوەى پێبەستەوە .
ڕۆژانێک بوو . . . سەردەمێک بوو . . . زاتى مرۆڤــــ ، گەوهەرى بیر ، ڕەگى هەڵوێست ، لە ئەزموونگاى تێرۆرى فاشستەکاندا ، رەسەنێتییان دەسەلما ؛ باوکى ئێوە ، بێباکانە ، کوورەى ئاگرى ئەزموونى بەزاند ، بەورەى پشکۆڕەنگەوە ، هەڵۆ ئاسا ، بـەرز فڕىو لە لوتکەى چیاى سەرکەشدا نیشتەوە .
بەڵێ . . . کیژەکانم . . . کاتێ باوکتان سەرگەرمى بەندهەڵبەستن بوو ، بۆ بەربەستیى لافاوى نەگریسى هەرەس بەپەرۆش بوو ، کەم کەس هەبوو لەم شارەدا ، تەنها بەوشەش بوێرێ ، باسى باڵە فڕەى هەڵۆ ، گەشیى پشکۆ ، کڵپەى ئاگر ، نەک بۆ خەڵکى ، تەنانەت بۆ خۆشى بکات .
کاتێک باوکى ئێوەى منداڵ ، تەک بەتەکى شەهید ئارام ، چیا چیاو دۆڵاو دۆڵى قەرەداغیان تەیدەکرد ، کەم کەس هەبوو لە ((سەرەڕۆیى)) ئەو گەنجە سەرکێشانە سەرسام نەبێت ، دوودڵ نەبێت ، بە گومان و بێ هەڵوێست و رووگیرو شەرمەزار نەبێت . .
چاوەکانم . . . رەنگە ئێوە ، وەکو خەون ، وەکو خەیاڵ ، بەبیرتان بێت ، کاتێک لانەتان لێشێوا ، کاتێ رەوتى هێدىو ئاسایى ژیانتان پێچرایەوە ، کاتێک بێماڵ ، بێ پوول ،بێکەس ، بێ دەرەتان ، ئاوارەى نێو شارەکەى خۆتان بوون ؛ کاتێک دایکە خۆڕاگرو بەئارامە هێمنەکەتان ، کۆڵان کۆڵان ، ئەم ماڵەو ماڵ ، دەیشاردنەوە تا کەڵبەى تیژى ئەژدەهاک نەتانگاتێ .
رەنگە تۆ ئەى کچى پرچ زەردو چاوکاڵ بیرت نەبێ ، چۆن لەسەرى کۆڵانێکى کانێسکاندا ، وەک گوڵى لە نوێ پشکووتوو ، وەک نەمامى ناسکى بەهار دەڕوایت و ، سەرەتاتکێت لەگەڵ خشپەو سروەو چپەى رێبواراندا دەکرد ، نەکا جلخوارێ ، دان ڕیچێ ، چاوزەردێ هەست بکات و بەوناوەدا گوزەر بکات . . . ئەمسەرەو سەرى گەڕەکت دەپشکنی و ، بەو وردییەت ، پاسەوانیى باوکت و گشت هاوڕێکانیت کردبووە پیشە .
ئەى کیژۆڵە نازدارەکان . . . من رووداو بە رووداو و ، سات بەساتى ئەو سەردەمە نەهاتەم بیرناچێ ، من هەرگیز ئازارو خەم و پەژارەتانم بیرناچێ ، من ئەو ئەرکە گران و سامناکەى ئێوە شانتان نابووە بەرى لەیادناچێ . . . بۆیە ئیمڕۆ بەم نامەیە دڵى شکستتان دێنمەوە ، تا لەپاداشتى ساڵانى ڕەش و تاڵ ، لەجێى قسەى بێڕەنگى تفت و بەتاڵ ، شەکرە وشەیەکى راستیى دیاریم بێت و گەردى گەشتە کورتەکەتان بسڕێتەوە . . .
گوتم گەشت . . . کوا ئێوە بە نیازى گەشت ئەرکى دوورى و سەختیى ڕێتان کێشا ! کوا ئێوە تەنها بۆ خۆشیى ، بەرەو ئەم لانە وێرانە باڵتان گرت و ملتان دەنا ! ئێوە تاساوى دیمەنى رەوەکە بوون ، ئێوە تامەزرۆى دیدارى ڕەشە خەڵکى ئاوارە بوون ، پێشتر ئێوە بۆ ئێمەى ئاوارەى شاخان هەڵگرى توورەکەى سواڵ و دیدەى پڕ لە ئەسرینى ئەڤین و سۆز بوون .
کیژەکانم . . . تۆ ئەى پەریى چاو مامزى ژیرو وریا ، تۆ ئەى تێکۆشەرە بچکۆلەکەى شارە دۆزەخەکەى جاران ، تۆ ئەى کچە سەلارە هێمنەکەى خاوەن سەرنجى قووڵ و ورد : چاوەڕێ بوون ئەمەکداران ئامێزتان بۆ ئاواڵەکەن ، چاوەڕێ بوون لە چاوانى خۆشەویستی و سۆزى ئەم شارەدا ئارام بگرن ، چاوەڕێ بوون خەوى پەمەیى ببینن ، تاسەى دەربەدەرى و دووریى چەندین ساڵەتان بشکێنن .
نەتانزانى . . . ئێوەى سەرکاروانى ئاوارەکانى هەندەران . . .
نەتانزانى . . . . ئەمەکداریى نانێکە ئەمڕۆ لە خوانە . . . !
نەتانزانى . . . سۆز گڕێکى قیناوییە . . . !
نەتانزانى . . . چـاوى مرۆ ونبووەکانى شار ، دۆزەخى ڕق ، پەلامارو لـوورەى گەلـە گورگێکى
برسییە . . . !
نەتانزانى . . . تاسەى پیرۆز تەنها بەشى نامۆییە . . . خەونى هیوا زەلکاوى نائومێدییە !
کچەکانم . . .
لێیان مەگرن . . . ئەوانە خۆیان قوربانین . . .
لێیان مەگرن . . . لەم وڵاتە وێرانەدا ، سێ دەهەیە ، گورگ شوان ، کەڵبە زێڕو ، قەپ ماچى
((خۆشەویستییە)) .
سێ دەهەیە . . . مێشک پەموو ، شمشێر یاساو ، ئەنفال سۆزو ، زیندان خەون و ، ژەهر شەرابى
تاسەیە .
لێیان مەگرن . . . لێرە لەم وڵاتە کاولەدا ، خۆشەویستیى لە چڕەدووکەڵى قیندا گۆشکراوە . . . سۆز لە کوشتارگاى گەرمیان و هەڵەبجەدا هەنجن بەهەنجن کراوە . . . خەون بەقرمەى فیشەک و ناڵەى تۆپ و گرمەى تانک و مێک و سیخۆى زڕێنراوە . . . تاسە لەنێو دەریاى خوێنى هەژارانى بێ کارو نان خنکێنراوە .
لێیان مەگرن . . . لێبوردەبن . . .
ئێوە هەلـَگرى پەیامى ژیارى ئەم سەردەمەبن . . .
ئێوە مەلى خۆشەویستی و کانگاى سۆزو کانیى زانست و هونەرو گڕى ئەفسانەڕەوێن بن . . .
ئێوە پەیامى پیرۆزى دواڕۆژێکى پرشنگدار بن . . .
ئێوە پێشەنگى کاروانى گوڵخونچەکانى وڵات و هەندەران بن . . .
لێیان مەگرن . . . لێبوردەبن . . .
منیش لێرە چاوەڕوانم . . .
گوێ بۆ نامەکەم رادێرن . . . .

سلیمانى 12/11/1992
گۆڤارى (دیمانە) ژمارە (5)
زستانى 1993

نه‌که‌ن خه‌م و ژانه‌کانی دوێنێ له‌بیربکه‌ن . .!
په‌تی خه‌یاڵی مه‌ستی ئه‌م که‌مۆکه‌ ئازادییه‌م به‌ره‌ڵڵا کرد . خه‌یاڵ به‌ په‌یژه‌ی (کات ) داهه‌ڵزنا ، تا له‌ رۆخی نێوان مرۆڤ و سروشتداهه‌ڵوێسته‌ی کرد . چه‌ند جارێک مێژووی خوێنده‌وه‌، وشه‌کانی شه‌نوکه‌و کرد ، راستییه‌کانی لێهه‌ڵهێنجاو تۆماری کرد . راستییه‌کان وه‌ها نووسرابوون : ئه‌و کاته‌ی سروشت مرۆڤی لێڕسکا ، راستگۆیانه‌ ره‌فتاری کرد . پێداویستییه‌کانی ژیانی بۆ دابین کرد .هه‌سته‌کانی رێک دابه‌ش کرد ، هه‌ر یه‌که‌یان له‌ شوێنێکی جه‌سته‌ی ئه‌ودا کاری خۆی پێ سپێردرا، سه‌ربه‌ستیی گه‌شه‌سه‌ندنی پێدان ، ئه‌ندامه‌کانی : بینین ، بیستن ، بۆنکردن ، چێژتن و هه‌ستکردن، بوونه‌ پێنج ده‌روازه‌ی زانینی مرۆڤ ، خۆی و که‌ره‌سه‌کانی ئامێزی ، خسته‌ پێناو کارو ره‌نجی مرۆڤه‌وه‌ .
کاتێ کارگه‌ی سروشت ، ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤی ده‌نه‌خشاند ، یاسای کاری خۆی پێبه‌خشین . بۆ هه‌ر یه‌که‌ فرمانێک و ، رێڕه‌وێک و ، مه‌ودایه‌کی ژیانی ته‌رخان کرد . ئه‌و کات سروشت به‌ دڵپاکی کاره‌کانی خۆی ئه‌نجامدا . ئه‌و کات هێشتا پێی نه‌ئاڵابووه‌ دیارده‌ خۆڕسکه‌کانی خۆی . هێشتا مرۆڤ ، گه‌وره‌ دیارده‌ی رسکاوی هه‌ناوی سروشت ، ململانێی بێپه‌یی خۆی هه‌ستپێنه‌کردبوو .
سه‌ره‌تای به‌رهه‌می سروشت مرۆڤێکی ساده‌و کاڵ بوو . مرۆڤ له‌ ره‌وتی زاوزێدا ، یه‌کبینه‌ ، خۆی دووپات ده‌کرده‌وه‌ . ژیانی مرۆڤ رێچکه‌ی به‌ست ، ملی رێگای هه‌ورازو نشێوه‌کانی گرت ، ئامرازه‌کانی سروشتیش رێنوێنییان کرد . کارکردن بووه‌ چاره‌نووس ، له‌ نێو شه‌پۆلی ئاره‌قه‌ی نێوچه‌وان و شان و مل و ، کووڕبوونی مووره‌گه‌ی پشتیدا ، گه‌شه‌ی کردو ، ئاکام تاجی سه‌روه‌رێتی سروشتی نایه‌ بان سه‌ری . یاسای ناچاریی به‌جێهێشت و ، هه‌نگاو هه‌نگاو ، نه‌خته‌ نه‌خته‌ ، ناچاریی کرده‌ سه‌ربه‌ستی و ئازادیی خۆی به‌ده‌ستهێناو به‌ده‌ستدێنێت .
سروشت وه‌ها بناوانی ژیانی مرۆڤی دانا . ئه‌و نه‌یزانی رۆژێک ده‌بێت کاره‌کانی به‌ر شاڵاوی قین ده‌که‌ون . هه‌ر کارێکیان بۆ ئامانجێک به‌ کێش ده‌کرێت . سروشت هه‌رگیز بیری بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو ، که‌ بته‌کانی مێژووی مرۆڤ هار ده‌بن وله‌ سروشتی دایک یاخی ده‌بن و ، کاره‌کانی هه‌ڵده‌وه‌شیننه‌وه‌ ؛ ئامرازه‌کانی مرۆڤ به‌سه‌ر یه‌کدا ده‌شێوێنن و مرۆڤایه‌تییان زه‌وت ده‌که‌ن ، ئاودامانیش نامۆیی ده‌که‌نه‌ به‌رگی گیانی هوشیاریان .
بته‌ زیندووه‌کانی مێژوو بڕیاریان دا ، سروشت شه‌رمه‌زار بکه‌ن و په‌نجه‌کانی خۆی بگه‌زێت . ویستیان سروشت ، له‌ ناخه‌وه‌ ، ره‌نگی ژێوانبوونه‌وه‌ی داڕێژێ و حاشا له‌ دایکێتی مرۆڤ بکات .
بتی زیندوو پشتئه‌ستووری سه‌مای بته‌وانه‌کان بوو . بت ، بته‌وان هه‌ر دوو پێکڕا ژینگه‌ی سروشتکردو مرۆڤکردی مرۆکانیان ژێره‌و ژوور کرد . هه‌سته‌کانیان توانده‌وه‌ ، گیانه‌کانیان له‌ کووره‌ی قه‌تران هه‌ڵکێشا . تارای ره‌شیان له‌ خومخانه‌ی قه‌تران به‌رهه‌مهێناو رووی سروشت و مرۆکانیان پێداپۆشی .
مرۆکانی ئه‌م وڵاته‌ ، ئێمه‌ ، هه‌موو مرۆکانی ئه‌م گۆشه‌یه‌ی سه‌ر ئه‌م گۆیه‌ ، له‌ په‌رستگای گه‌وره‌ بتی ” مێژووکردی ” زه‌مانه‌دا تاڵان کراین . دیارییه‌کانی سروشتی به‌خشنده‌ زه‌وت کران . له‌ سه‌مای بێئاگایی و بێکۆتایی ساتی کڕنووشی بیست ساڵه‌و نوێژی زۆر‌ملێی کۆیله‌یه‌تیدا ، له‌ ده‌رباری ئه‌ژده‌هاکدا ، پێشکه‌ش به‌ ئه‌ژدیها چاوزیته‌کان کران .
هه‌ر دوێنێ بوو . . .
لاوێکم دی ، ملی به‌ لاره‌وه‌ نابوو لۆش لۆش ده‌ڕۆی ، هه‌ردوو پێیان له‌کارخستبوو ، رێپێوانی رێگای بێهووده‌یان پێده‌کرد ، که‌چی ئاماژه‌یان بۆ ده‌کردو به‌ گه‌لحۆو گێژ ناویان ده‌برد .
هه‌ر دوێنێ بوو . . .
چاوم به‌ مرۆیه‌ک که‌وت ، قفڵێکی ئاسنی گه‌وره‌ له‌ هه‌ردوو لێوی درابوو ، ئه‌ڵقه‌و دوولاییه‌کی پۆڵایین له‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری زاری به‌سترابوو ، کۆئه‌ندامی دواندنیان سڕیبۆوه‌ . بته‌وانه‌کانی ده‌وروبه‌ریش پێیان ده‌گوت : خۆی که‌مدووه‌ ، وشکه‌ ، به‌سه‌زمانه‌و قه‌پی به‌ قفڵدا کردووه‌ .
هه‌ر دوێنێ بوو . . .
خه‌مه‌کانی مرۆیه‌کی هوشیارم دی ، گرۆ گرۆ راوه‌ستابوو ، ژانه‌کانی له‌سه‌ر دڵی په‌پکه‌ی دابوو ، خاڵ به‌ خاڵی خه‌مه‌کانی چقڵ بوون و ، چقڵه‌کانیش به‌ په‌ڕه‌ی دڵیدا ده‌چزان ، ژان له‌ که‌ڵه‌ ئه‌نگوستی ده‌جماو له‌ هه‌ردوو چاوانیدا بروسکه‌ی ده‌دا . دڵ و چاوی ئه‌م مرۆیه‌ کاری نوێیان پێدرابوو . کاری نوێیان هاوشانێتی خه‌م و ژان بوو ، بۆیه‌ له‌ فرمێسکی قه‌تیسماوی چاوی پڕ له‌ بروسکه‌دا ، خه‌م و ژان ئاوێته‌ی یه‌کدی بوو بوون .
له‌ روخساری ئه‌م مرۆیه‌ هوشیاره‌دا ، ئارایشتێکی خه‌مناک و په‌ژاره‌یه‌کی بێ وێنه‌ گرێیان له‌ یه‌کدی دابوو ، بته‌وان و که‌مژیرو هه‌رزه‌فامیش ده‌یانگوت : ” ئه‌مه‌ مرۆیه‌کی گرژو مۆنه‌ و زه‌رده‌خه‌نه‌ ماڵئاوایی لێکردووه‌ . ”
هه‌ر دوێنێ بوو . . .
مرۆیه‌کی هوشیارو چالاکم بینی ، دۆشدامابوو . ده‌یانه‌ویست له‌ ئاهه‌نگی بتی مه‌زن سه‌ما بکات ، ده‌یانه‌ویست گه‌رووی بلندگۆی ئاهه‌نگ بێت، ده‌یانه‌ویست روخساری ئه‌و رووی ورشه‌داری سۆزانی بێت ، ده‌یانه‌ویست وشه‌کانی سۆزانی بن و ده‌ست و قه‌ڵه‌میشی پێناوی بای شان و شکۆی فه‌رمانده‌ بێت . به‌بێ ئه‌وه‌ به‌ردی تانه‌ی تێده‌گیرا ، له‌ پشته‌وه‌ به‌نامه‌ردی ده‌ستی لێده‌وه‌شێندرا .
ئه‌م هوشیار بوو . خودی هوشیاریی بارێکی ئێجگار گرانبوو . مرخێش مرخێش خه‌مه‌کانی له‌کۆڵ نابوو و به‌ دوای خۆیدا رایده‌کێشان ، په‌یتا په‌یتاش چه‌قۆی تیژی بته‌وانان ده‌یانبڕی و له‌ ناخه‌وه ‌ده‌یانجنی ، ئازار ته‌نگیان پێهه‌ڵده‌چنی و گینگڵدانی پێبڕابوو ، که‌چی مرۆ نه‌فام و ده‌سته‌مۆکانی ده‌وروبه‌ری پێناسه‌یان وه‌ک مرۆیه‌کی به‌نگکێش و له‌ گوێی گادا نوستوو ده‌کرد .
هه‌ر دوێنێ بوو . . .
هاوڕێیه‌کم ، وه‌ک هه‌ر مرۆیه‌کی نامۆی ئائه‌م شاره‌ ، یه‌که‌ یه‌که‌ی ئه‌ندامه‌کانی هه‌ستی په‌کخرا ، پێستیان گوری و یاسای کاری جه‌سته‌ییشی له‌کارخرا. ویستی به‌سه‌ر بته‌کاندا زاڵ بێت ، ویستی هه‌ست و گیان و یاسای ده‌ستکرد بخاته‌گه‌ڕ ، ویستی پێچه‌وانه‌ی نامۆییه‌که‌ی خۆی ده‌ربخات ، دیپلۆمات بێ و خۆی رام بکات ،بزه‌ی لێوی نه‌کوژێته‌وه‌و ماسولکه‌ی رووی له‌کشان بێت . به‌ڵام توانای نواندنی نه‌بوو ، هه‌ر زوو ده‌سته‌که‌ی که‌وته‌ڕوو ، گرژیی ناوچه‌وانی پۆشی ، گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر سروشتی یه‌که‌م جاری ، بایدایه‌وه‌ سه‌ر دۆخی خۆی ، باڵی بێده‌نگی به‌سه‌ریدا کێشایه‌وه‌و ، به‌سه‌ر ژان و خه‌مه‌کاندا گرمۆڵه‌ بوو .
هاوڕێ . . . هاوڕێ . . . هاوڕێکه‌م ده‌نگی نه‌مابوو ، زمانی له‌ناو زاریدا هه‌ڵواسی ، وشه‌کانی رووه‌و ناخی گه‌ڕانه‌وه‌ ، له‌ ناخیدا وشه‌کان په‌نگیان خوارده‌وه‌ ، تۆپه‌ڵبوون ودایانه‌ نێو پێچه‌ گرنجاوییه‌کانی مێشکی ، له‌وێدا ده‌بوونه‌ زنجیره‌ دوانێکی بێکۆتایی ، به‌ ده‌ماره‌کاندا ده‌گه‌ڕان و به‌ خانه‌ خانه‌ی مێشکیدا راده‌بووردن . مێشکیان هه‌ژاند ، خه‌ویان له‌ چاوه‌کانی فڕاند ؛ له‌ولاشه‌وه ‌ئاگاییه‌که‌ی یاخی ده‌بوو ، ده‌تۆرا ، له‌ شه‌قه‌ی باڵی ده‌داو ، ته‌نیا به‌ جه‌سته‌یه‌کی بێگیانه‌وه‌ ده‌هات و ده‌چوو ، له‌مسه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وسه‌ری هۆشیی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڕۆیشت ، له‌وسه‌ریشه‌وه‌ بۆ ئه‌مسه‌ری لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی هوشیاریی ده‌هاته‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تر نامۆ ده‌بوو ، هه‌ستی به‌ بزربوون ده‌کرد ، هه‌ستی ده‌کرد سه‌راتاپا که‌وڵکراوه‌و له‌ پێستی خۆی هاتۆته‌ده‌ر . هه‌ستی ده‌کرد گۆڕه‌وشاری دڵی ده‌ده‌ن و چنگی ئازار دوا ریشااڵی هه‌ڵده‌کێشێت . هه‌ستی ده‌کرد به‌ره‌ به‌ره‌ هه‌ناوی شیده‌بێته‌وه‌و ناخی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر خوێن . خۆزگه‌ی به‌و ” مرۆ ” یانه‌ ده‌خواست که‌ ژیری و فرمانی ئه‌م ژیانه‌یان له‌ خواردن وخواردنه‌وه‌و زاوزێ کردن تێپه‌ڕ ناکات .
ئه‌و خۆزگه‌یه‌ چه‌ند چرکه‌یه‌کی ده‌خایاند . خۆ ناکرێ ئه‌م هۆشی خۆی بدۆڕێنێ و ئاژه‌ڵ ئاسا ژیانی خۆی به‌رێته‌سه‌ر ! بۆیه‌ وه‌ها نائاسایی ژیانی جێژت . ئه‌و به‌ خۆیدا شۆڕده‌بۆوه‌و نامۆیی خۆی له‌ هه‌موو گه‌ردیله‌کانی ژیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌بینی و ، ژیانه‌که‌ی ده‌وروبه‌ری به‌ شایانی بێزکردنه‌وه‌و هێڵنجی ره‌تکردنه‌وه‌ ده‌زانی ، تا مه‌ستیی نامۆبوون به‌ری بداو ، هوشیارانه‌ به‌ره‌نگاری ئه‌و ژیانه‌ رابوه‌ستێ .
هه‌ر دوێنێ بوو . . .
منیش ، وه‌کو هاوڕێکانم ، نامۆبوونم به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو ، له‌گه‌ڵ خۆمدا مرۆکانی ده‌وروپشتم له‌ نامۆبوونێکی قووڵدا به‌دیده‌کرد . نامۆبوونی خۆمم له‌ چله‌ پۆپه‌ی نامۆبوونێکی گشتیدا ده‌بینییه‌وه‌ ، تیشکی چاوم دیواری نامۆیی ده‌بڕی و ، ئه‌ودیوه‌که‌ی ده‌خوێنده‌وه‌و ، هۆکاری دیلێتی خۆم و هاوڕێکانمی ته‌واو رۆشن ده‌کرده‌وه‌ .
نامۆبوونم بیابانێکی به‌رین بوو . تاک و ته‌نیا به‌ که‌شکۆڵێ ژان و ئه‌ڤینه‌وه‌ ، به‌دوای چۆرێ هیوای ژینی ئازادیدا ده‌گه‌ڕام ، تا گه‌رووی وشکمی پێ ته‌ڕ بکه‌م . مرۆکانی ده‌وروپشتم له‌گه‌ڵ نامۆیی ته‌بابوون ، هۆشیان بڕی هه‌ستکردنی نامۆبوونیانی نه‌ده‌کرد . نامۆبوونیان ژیانێکی ئاسایی بوو ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆشیان مۆڵه‌تی وه‌رگرتبوو ، په‌ییان به‌ راده‌ی کوێره‌وه‌رییه‌کانیان نه‌ده‌برد .
مرۆی کوردو نامۆبوونی ، راستییه‌کی ئاشکرابوو ، دیارده‌ی دزێوو ناڕه‌واش ره‌نگدانه‌وه‌ی ریالیستیی راستییه‌کان بوو .
من باوه‌ڕم به‌ چه‌کی هوشیاریی هه‌یه‌ ، بێ ئه‌م چه‌که‌ ئاگایی و وره‌ی مرۆکان ته‌کان ناده‌ن . بێ ئه‌م چه‌که‌ به‌ردی بناغه‌ی راچه‌نین دانامه‌زرێ ، بێ ئه‌م چه‌که‌ کار ناڕه‌خسێ و جوولانه‌وه‌ هه‌نگاو نانێت ، بزووتنه‌وه‌ سه‌رجه‌می ژیان ناگۆڕێت .
من کۆتایی نامۆبوونی مرۆڤی کورد له‌ ئازادیی نه‌ته‌وه‌دا به‌دیده‌که‌م . ئازادیی نه‌ته‌وه‌که‌شم له‌ ئازادیی جیهانێکی بێ ( سه‌رمایه‌ ) دا ده‌بینم .
ئازادیی راست ( بێ سه‌رمایه‌ ) بنه‌بڕیی نامۆییه‌ ، گێڕانه‌وه‌ی سروشتێکی مرۆییه‌ ، سه‌ندنه‌وه‌ی هۆشی له‌ ( مرۆ ) ئاواره‌یه‌ . بۆیه‌ بانگی مرۆکانی ده‌وروبه‌رم ده‌که‌م و ده‌ڵێم : نه‌که‌ن ئه‌و پریشکه‌ ئازادییه‌ی له‌ به‌هاردا به‌دیتانکرد خامۆشیکه‌ن ! نه‌که‌ن ئیمڕۆ بپێچنه‌وه‌و دوێنێ له‌ گۆڕ ده‌ربهێنن ! نه‌که‌ن بیره‌وه‌ریی خه‌م و ژانی مرۆڤه‌ نامۆکان له‌ ئه‌زموونگه‌ی که‌مۆکه‌یه‌ک ئازادیدا له‌بیر بکه‌ن !!

رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) ژماره‌ ( 14 )
مارتی 1992

سیستمی نوێ . . . نامۆیی مرۆڤ
ئێمە نامۆی رەوتی مێژووین . . . هەزاران ساڵ بەر لە ئیمڕۆ ، منداڵدانی قۆناغێکی ئەم مێژووە ، نامۆبوونی لێوە رسکا . . . نامۆبوونی نەوە لەدوا نەوەی ئەم زەمینە ، بووە مۆرکی کەسایەتیی مرۆکان و ، هەتا ئێستاش ، هاودەم لەگەڵ مێژوودا رێدەکات .
یەکەم هەنگاو دابەشکردنی کار بوو . . . بەشێکی کۆمەڵ بووە خاوەنی زەوی و کەرەسەی بەرهەمهێنان ، بەشەکەیدی تەنیا هێزی کاری خۆی بۆ مایەوە . . . ئەمە بنەمای دابەشبوونی کۆمەڵگا بوو بە دوو چینی سەرەکییەوە . . . پێویستییەکانی رەوتی گەشەکردنی ژیان ، خاوەندارێتی تایبەتی دا بە کۆڵی مێژوودا ، چینەکانیش لەم رەوتەدا بەشبوون بە چەوسێنەرو چەوساوەوە . . . بەشێکیان بە ئارەقەی رەنج و دەست و بازووی کاریان ، ژیانی خۆش و مفتەیان بۆ بەشەکەیدی دابینکرد . خۆیان برسی و رووت و رەجاڵ ، خاوەن زەوی و کەرەسە بەرهەمهێنەکان تێرو پۆشتە . . .
نایەکسانیی بڕا بە باڵای ژیانی مرۆڤەوە . ئەم نایەکسانییە بزوێنەرو مایەی خەونی چەوساوەکان بوو . . .ئازادی و یەکسانی ، بەختیاری و بنبڕبوونی چەوساندنەوە ، بوونە ناوەرۆکی خەونەکانیان . . .
ئەم خەونانە بە باڵای مێژوودا ئاڵان . خەونەکان بوونە هەوێنی خەباتی نەپساوەیان ، بوونە کردارو هەوڵی رۆژانەیان و ، لە شاکارە ئەدەبی و هونەرییەکانی میژوودا رەنگیاندایەوە .
چینە چەوساوەکان ، دێڕ بە دێڕو ، وشە بە وشەو ، پیت بە پیتی ئەو نووسینانەیان ، بە بێگاری و کاری مەرگبارو ژیانی کولەمەرگی و خوێنی خۆیان ، ئاودا . . .
دەریای خوێن و فرمێسک و ئارەقەی چەوساوەکان ، هەمیشە سەریکردووەو ، ئاسۆی هیوای رووناک کردۆتەوەو ، مرۆڤایەتی ، قۆناغ بە قۆناغ ، گواستۆتەوەو بەم سەدەیەی گەیاندووە .
سەدەی بیستەم زادەی چەندین سەدەی پێش خۆیەتی و ، بەری رەنجی بەرەو پێشەوە کشاوی مێژووە . لەم سەدەیەدا دوو خەونی مێژینەی مرۆڤ بۆ سەرزەمین دابەزین و ، مرۆڤیان خستە سەر رەورەوەی بەدیهێنانیان . . .
خەونی یەکەم بە زۆرانبازیی نێوان مرۆڤ و سروشت ، لە سایەی پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژییەوە ، بە رەوتێکی نەرم و پاشان بازی گەورە گەورە ، دنیای ناچاریی بەجێدەهێڵێ و ئازادیی مرۆڤ دابیندەکات . هەموو رۆژێک بیرو دەستی بەکاری مرۆڤ ، پەی بە نهێنییەکی ئەم گەردوونە دەبات و ، وردە وردە سەربەستیی خۆی بەدەستدەهێنێت و، یاساکانی سروشت لە هەموو بوارێکدا دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە . . .
خەونی لە ڕەگوڕیشە دەرهێنانی چەوساندنەوەش بووە خەباتی بێوچان و مێژووخایانی چەوساوەکان . خەبات تا دەهاتە پێشێ گڕیدەسەند ، تەشەنەی دەکرد ، رێکوپێکتر دەبوو ، تا خۆی گەیاندە لوتکەیەک لە لوتکەکانی مێژوو و ، مژدەی جیهانێکی نوێی هێنا . . .
خەونی دێرینەی یۆتۆبییەکان بووە خەباتی رۆژانەو کردارێکی زیندوو . لە نیوەی یەکەمی سەدەکەدا بوو بە راستییەکی ژیان . زۆرانبازیی نێوان رووناکی و تاریکی ، نێوان کۆن و نوێ ، نێوان هێزی دەستی کارو دزەکانی بەرهەمی کار ، هەتا دەهات پەرەی دەسەند . . .
ململانێی نێوان چەوسێنەرو چەوساوەکان ئەوەندەی قەوارەی سەرکەوتنە مەزنەکانی مرۆڤ توندوتیژ بوو . بەڵام گورگە هارەکانی مێژوو ، بە چەک و تفاقی نوێی هاوچەرخەوە ، بەربوونە گیانی سەرکەوتن . . . تەوری رک و کینەی مشەخۆران کۆرپە نازدارەکەی مێژووی داپاچی . . . ئاگری قینیان کردەوەو بەریاندایە بێستانی رەنج و ماندوویی مرۆڤە چەوساوەکانی دنیا . . .
کۆرپە تاسا . . . جەستەی ئەنجن ئەنجن کرا . درەختەکان ، نەمامەکان ، بوونە سووتوو . رەوتی مێژوو کەوتە نووچدان . کاروانەکە بێ سەرکاروان رێگەی هەڵە کردو وێڵ بوو . . . پاشەکشەو بەدواهاتن جێی پێشکەوتنی گرتەوە ، کۆیلەیەتی بووژایەوە ، بەرگێکی زەردی چڵکنی کردە دیاری و باڵای چەوساوەکانی پێپۆشی . . .
مرۆڤە هوشیارەکانیش بێبەش نەبوون ، نامۆییان بۆ مایەوە . . . ئەوان لە سزای ئەوەدا ، نەفرەتیان لە بەرگی زەرد کرد ، بەر شاڵاوی سوژنئاژنی چەوسێنەران کەوتوون . هەلاجیی بە گیان و مێشک و دەروونیان دەکەن ، گەرەکیانە نوقمی دەریای واقوڕمان و دۆشدامانیان بکەن .
بەڵێ . . . خەون و هیواو رەنجی مێژووکردی دەست و مەچەکی هێزی کار بوو بە لاقرتێی زەمانە . . . دزە هەناسە وەبەرهاتووەکانی خوێنی مرۆڤ ، دەیانەوێت بە ژاوە ژاو ، دەنگی چەوساوەکان کپکەن . . . ئەوەتا فووی ژەهراوییان بە زوڕناکانیاندا دەکەن و ، بە هەر چوار قوڕنەی جیهاندا دەیفیشکێنن . . .
نەهەنگەکان لە بازاڕی جیهانیدا ، پڕ بە گۆی ئەم سەر زەمینە زاریان کردۆتەوە ، دەیانەوێت مرۆڤایەتی هەڵلووشن ، نانی برسییەکانی دنیا بە بەر چاوی خۆیانەوە لوولدەن . . .
ئای بۆ مرۆڤە نامۆکان . . . بە چاوی تیژی خۆیان دەبینن ، بە دڵی وریاو هوشیاری خۆیان ئاگادارن ، چۆن هیواو ئاواتەکانیان ، خەون و رەنجی مێژووسازی چەوساوەکان دەپێچرێنەوە ؛ دەبینن چۆن ، لەمپەڕ تا ئەوپەڕی جیهان ، بازرگانییەکی نوێ بە کەوڵی ئەوانەوە دەکرێت . . .
پیشەسازیی کەوڵکردنی مرۆڤ دەبینن . بە دووچاوانیان دەبینن : پێستیان ، ئێسکیان ، خوێنیان لە گیانیان نامۆ دەکرێن ، زەریاو دەریای ئەم جیهانە بوونەتە ئاوی دەباخانە و ، چەتەکانی دەریا خوازیارن مێشک و هۆشیی مرۆڤە هوشیارەکانی پێبشۆنەوە . . .
کێردوەشێنەکانی مێژوو دەیانەوێت مستیان چاڵی چاوی ئەوان بێت و ، مێشکی هوشیاریان هەڵکۆڵن . . . دەیانەوێت بەراوەژوو وێنەکانیان بۆ بخەنە روو، رەنگەکانیان لێبگۆڕن . . .
چەوسێنەرە جیهانییەکان سەرگەرمن مێژوو داخ بکەن . کوورەیەکیان داخستووە. کوورە ئەوەندەی زەمینە و، سووتەمەنی ئەم کوورەیەش مرۆڤە چەوساوەکانە . . .
ئەوەتا من بە چاوی خۆم دەیانبینم ، دەستی کارامەیان دەقرتێنن ، جەستەی پڕ توانای کاریان دەبڕنەوە ، هەناسەی بانگی ئازادی و یەکسانی لە سنگیاندا دەتاسێنن . بەسەریاندا دەقیژێنن ، دەگرمێنن ، دەڵێن : ئێمە کوێخاو میرزای شارستانیی ئەم سەردەمەین ، ئێمە ئەم جیهانەمان قۆرخکردووە ، یاسای ئێمە باڵادەستی یاساکانە ، یاسای سەردەم لەلای ئێمە هەر یەک دێڕەو بەم شێوەیە داڕێژراوە : ” سیستمی جیهانی نوێمان ، سیستمێکی جیهانگیرە : سیستمی دەستەمۆی کارو ، مەرگی هۆش و ، کەوڵی مرۆڤی نامۆیە . “کانوونی دووەمی 1992
* لە ژمارە 4 ) ی گۆڤاری (خەرمانە ) دابە ناونیشانی ( سیستمی نوێ . . . ماستی مەییو ) بڵاوکراوەتەوە
میتۆدی لێکدانه‌وه‌ی دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
راستە کە سەروسیماى هیچ یەکێک ، بۆ رادەى ئامادەبوونى یان کەم بایەخدانى بەهاوبەشیکردنى خەباتى شۆڕشگێڕانەى گەلەکەى ، بەڵـگە نییە ، بەڵام هەموو دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى – بمانەوێ یان نەمانەوێ – سەرچاوەیەکى چینایەتى هەیە کە راستەوخۆ پەیوەندى بەبارى ژیانى ماددى خەڵک و بارى سیاسى و رۆشنبیریى کۆمەڵگاوە هەیە .
بەم پێیە لە لێکۆڵینەوەى هەردیاردەیەکدا ، دەبێت سەیرى ئەو بارە کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرییە بکەین کەئەم رواڵەتە دروست دەکات ، پاشان حوکم بدەین بەوەى کە ئەم رواڵەتە نیشانەى چییەو بەڵـگەى چیمان بەدەستەوە دەدات .
لەسەرێکى ترەوە ، هەردیاردەیەک ، دەبێت بەپێى بارى تایبەتیى هەر کۆمەڵـگایەک هەڵبسەنگێندرێت ، ئەگەر دیاردەکە بۆ جووڵانەوەیەک لەدژى یاساو نەریتى دواکەوتووى کۆمەڵ نیشانە بێت و ، بۆ رزگاربوون بێـت لەو خوو و رەوشتانەى کۆمەڵگا بەزۆرى زۆردارەکى سەپاندوونى ، ئەوا جووڵانەوەیەکى پەسەندەو ، دیسان – بمانەوێ یان نەمانەوێ – دەبێتە کارێکى باوو جێگەى خۆى لە ژیانى رۆژانەى خەڵکدا دەگرێ ؛ خۆ ئەگەر تەنها بریتى بێـت لەلاساییکردنەوەو ، لەکۆمەڵگایەکى ترەوە خوازرابێت کەلە رووى بارى سیاسی و ئابوورى و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە جیاواز بێت و لەگەڵ بەرژەوەندییە راستەقینەکانى کۆمەڵانى خەڵـکدا نەگونجێت و هیچ کاریگەرێتییەکى لەسەر پێشخستنى پێویستییەکانى گەشەکردنى کۆمەڵایەتی نەبێت ، ئەوا نەک هەر وەک گێژەڵووکەیەک دێت و دەڕواو نامێنێت ، بەڵکو بۆ ئەوەى رێگاى ئاسایى گەشەکردنى کۆمەڵایەتى بەرێکوپێکى و خاوێنى بمێنێتەوە ، پێویستە کەسە هوشیارەکانى ئەو کۆمەڵگایە بەگژیدا بچن و ریسواى بکەن و هەوڵى چارەسەرکردنێکى زانستییانەى بدەن تا بتوانن ، زیانى ، تارادەیەکى زۆر ، کەمبکەنەوە .
هەر لەم بارى سەرنجەوە پێویستە لە دیاردەى ((خونفوسییەت)) بڕوانرێت . ئەو کەسەى لێیدەکۆڵێتەوە ، بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەکەى وردبێت ، پێویستە بیبەستێتەوە بەم قۆناغەوە کە ئێستا گەلى کوردى پێدا دەڕوات . هەروەها دەبێت بیبەستێتەوە بە ئەرکەکانى لاوانى کوردو هەرزەکارەکانیەوە لە ئاستى ئەو بارودۆخە مێژووییەو ئەو پێویستییانەى کەسەرکەوتنى مەسەلەى ئازادیخوازانەى کورد گەرەکیەتى ؛ تا بزانن بەچ رادەیەک ئەوە دوورکەوتنەوەیە لەو ئەرکانە ، یان نزیکبوونەوەیە لێیان .
هەروەها چاکترین شێوە بۆ لێکدانەوەى ((خونفوسییەت)) ئەوەیە لە رووى چینایەتییەوە بکرێـت ، بۆ دەستنیشانکردنى سەرچاوەى سەرهەڵدانى ئەم دیاردەیە ، بۆ ناسینى ئەو چینانەى کە رواڵەتەکە هەست و ئارەزوو و جیهانبینییان دەردەبڕێت ، بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو چینانە : جەماهیرى کرێکاران و جووتیاران و زەحمەتکێشانى گەلەکەمانن ، یان چینى بۆرژوازى و وردە بۆرژوازین ؟ بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو توێژە کۆمەڵایەتییەى ئەم رواڵەتەیان تێدا تەشەنە دەکات ، هەر مەسەلەى بایەخدانیان بە خۆیان مەبەستەو ، سەرنجدانیان بۆ کۆمەڵگاو بارى ژیانى ماددى جەماهیر لە گۆشەى بەرژەوەندیى (تایبەتى)ى خۆیانەوەیە ، یان جۆرى بیرکردنەوەیان خودیانە نییەو بابەتییانە سەرنج دەدەن و لە سووچى بەرژەوەندیى فراوان و (گشت)ەوە تێیدەڕوانن .
((خونفوسییەت)) وەک دیاردەیەک ، کە ئیمڕۆ لە زۆر شوێنى ئەم جیهانەدا سەریهەڵداوە ، دەبێت بەیەکچاو سەیرى نەکرێ . ئیدانەکردنى یان ستایشکردن و پێداهەڵوتنى ئەم رەفتارە ، دەبێت بەپێى بارى هەرکۆمەڵـگایەک بەجیا دیاریبکرێت ؛ بەو پێیەش حوکمى بەسەردا بدرێت ، کەکارێکى لاساییکردنەوەیە یان یاخیبوون ، کارێکى شۆڕشگێڕانەیە یان ونبوون ، کارێکى هوشیارانەیە یان وێڵبوون و سەرلێشێواوى .
بۆ ئەوەى پێوانەى یاخیبوون و شۆڕشگێڕىو هوشیاریش کەل نەکرێت ، پێویستە بەباڵاى یاخیبوونى شۆڕشگێڕانەو هوشیاریى راستەقینەیان بپێوین ، کەلەم سەردەمەدا تەنها یاخیبوون و هوشیاریى مارکسییانەیەو هیچى تر ، تا بزانرێت کاڵا بە پڕ باڵایە یان کەموکورت دێنێ و بەبەرى ناکات !

رۆژنامەى (هاوکارى) ژمارە (189)
19/10/1973
* ناونیشانی ئه‌م وتاره‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یدا به‌م جۆره‌ بوو :
( رایه‌ک بۆ لێکدانه‌وه‌ی خونفوسییه‌ت )

ئه‌مجاره‌ش … ئه‌گه‌ر کرێکار نه‌بێت !

به‌بۆنه‌ی رۆژی کرێکارانی جیهان له‌ ئایاری ساڵی 2000 داو ، له‌ستوونی ( ره‌نگاڵه‌ ) ی دوا لاپه‌ڕه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی ( هه‌رێمی کوردستان ) دا ، وتارێکی کورتم به‌ ناونیشانی ” ئه‌گه‌ر کرێکار نه‌بێت ! ” بڵاوکرده‌وه‌ . یه‌ک دوو هه‌فته‌ دوای ئه‌وه‌ ، له‌ گۆڤارێکی ( کۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسی – کاریکاتێری ) دا گاڵته‌یان به‌ وتاره‌که‌م کردو ، به‌ناوی ” سوعبه‌ت ” ه‌وه‌ ئه‌م ته‌شه‌ره‌یان لێدا : ” ئه‌گه‌ر کرێکار نه‌بێت! … که‌س به‌ یه‌کی ئایار ناڵێ که‌رت به‌چه‌ند ” .
ئه‌م سووکایه‌تیکردنه‌ به‌ یادکردنه‌وه‌ی رۆژی یه‌کگرتن و هاوپشتیی چینی کریکار له‌ جیهاندا ، ئه‌گه‌رچی به‌ناوی ” سوعبه‌ت ” ه‌وه‌ ئاڕاسته‌کراوه‌ ، به‌ڵام ده‌توانین له‌ نێوان پیت و وشه‌کانییه‌وه‌ فیکرو هه‌ڵوێستی نووسه‌ره‌که‌ی بخوێنینه‌وه‌ ، که‌ لانی که‌م فیکرو هه‌ڵوێستی که‌سێکه‌ هه‌ست به‌ لێپرسراویی کۆمه‌ڵایه‌تی ناکات ، ئه‌گه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا فیکرو هه‌ڵوێستێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی دژ به‌ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستیش ده‌رنه‌بڕێت !!
پێشینانی کورد ده‌سته‌واژه‌ی ” که‌س به‌ . . . ناڵێت که‌رت به‌چه‌ند ” یان ، بۆ هه‌ڵوێستی سووکایه‌تی و بێبایه‌خی و پشتگوێخستن ، یان په‌راوێزکردنی مرۆڤه‌کان ، یان ره‌فتاره‌کان ، یان رووداوێکی دیاریکراو به‌کارهێناوه‌ .
ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ، له‌زۆر رووه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت و ، به‌ڵگه‌و نیشانه‌یه‌ بۆ مه‌یلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ چاوی له‌ ئاستی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی کرێکاردا نووقاندووه‌ ، یان چاوی به‌ خه‌باته‌ جیهانییه‌که‌ی ئه‌م چینه‌دا هه‌ڵنایه‌ت .
ئه‌م ته‌شه‌ره‌ دواکه‌وتووانه‌یه‌ له‌ رۆژی یه‌کی ئایارو خه‌باتی جیهانیی چینی کرێکار ، له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ ، ئه‌قڵییه‌تی بۆرژوازییه‌تی وڵاته‌ دواکه‌وتووه‌کان ده‌رده‌بڕێت که‌ له‌ گوێی گادا نوستوون و بایه‌خی هێزی کاری کرێکاران له‌ ژیاری ئه‌م سه‌رده‌مه‌و جیهانی زانست و ته‌کنه‌لۆژیادا نازانن . ئه‌وان له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نیمچه‌ ده‌ره‌به‌گی و ، له‌نێو ژیانێکی کشتیاری و په‌یوه‌ندییه‌ خێڵایه‌تییه‌کاندا ده‌ژین ، بۆیه‌ گرنگیی کار بۆیان مه‌به‌ست نییه‌ ، یان له‌به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتدا پاڵیانلێداوه‌ته‌وه‌و ، مفته‌خۆرانه‌ ، به‌رهه‌مهێنان و ره‌نجی چینی کرێکار له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ماشێنی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌کارده‌به‌ن . به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ، ده‌ستی ماندووی کرێکاران و زگی تێری ئه‌مان ، له‌ کرۆکی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا ره‌نگده‌داته‌وه‌ . دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئابوورییه‌ک له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا باڵاده‌سته‌ که‌ خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و کاری کرێگرته‌ ده‌پیرۆزێنێت و به‌رگری له‌ ده‌سه‌ڵاتی چینی بۆرژوازی و بازاڕی ئازادیی چه‌وساندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ده‌ستکورت و هه‌ژار ده‌کات .
ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی که‌ پێشینان دایانڕشتووه‌و ، بۆرژوازییه‌تی مشه‌خۆری ئیمڕۆ به‌ دژی کرێکاران به‌کاریده‌هێنێ ، ره‌هه‌ندێکی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ییشی هه‌یه‌ . له‌ڕووی رۆشنبیرییه‌وه‌ ، له‌لایه‌ک ئاستی رۆشنبیریی رۆشنبیرانی بۆرژوازی و ورده‌بۆرژوازی ده‌رده‌خات و ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌لبازیی ئه‌م چینه‌ باڵاده‌سته‌ ده‌خاته‌ڕوو . ئه‌وان به‌ ته‌شه‌ردان له‌چینێک که‌ چه‌رخی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌چه‌رخێنێت ، به‌ڵگه‌ی که‌میی هوشیاریی یان له‌ باشترین حاڵه‌تدا” هوشیاریی چه‌واشه‌ ” یان ده‌سه‌لمێنێ . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ کارێکی ئێجگار نه‌شیاوه‌ که‌ سووکایه‌تی به‌ یه‌کێک له‌ چینه‌ فراوانه‌ ئه‌کتیڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌که‌ن و ، به‌و کاره‌یان تۆوی تێکدانی کۆمه‌ڵ و چه‌سپاندنی سیستمی چینایه‌تی ده‌وه‌شینن که‌ کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ره‌وتی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت و له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌ له‌به‌رامبه‌ر گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دروستده‌کات و ، بیروباوه‌ڕی کۆنه‌په‌رستانه‌ی دژه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی هه‌ژارو زه‌حمه‌تکێش له‌نێو نه‌وه‌ گه‌نجه‌کاندا ده‌خاته‌وه‌ .
له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه‌ ، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ئاماژه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی بۆرژوازی و قوتابخانه‌ی بۆرژوازی و به‌رنامه‌یه‌کی بۆرژوازی ده‌کات که‌ سیستمی چینایه‌تی به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌ن و که‌سانێکی بێ پرنسیپی په‌روه‌رده‌یی پێده‌گه‌یه‌نن که‌ گاڵته‌ به‌ چینێکی به‌رینی کۆمه‌ڵ بکه‌ن و ، به‌های کارو کارگه‌ران له‌ به‌رده‌وامیی کۆمه‌ڵ و نه‌خشاندنی ئاسۆی دواڕۆژی کۆمه‌ڵگادا بسڕنه‌وه‌ .

ئایاری ٢٠٠٨

سه‌قافه‌تی شۆڕشگێڕانه‌
هەموو سەقافەتێک تیشکدانەوەیەکى ئایدیۆلۆجىو سیاسەت و ئابوورى کۆمەڵێکى دیاریکراوە . سەقافەتى بێ سنوور لە دنیادا نییەو ، هەمیشە سنوورێکى دیاریکراوى هەیە . سنوورى سەقافەت ، سنوورێکى چینایەتییەو ، لە کۆمەڵێکى فرەچیندا هەر سەقافەتە مۆرى چینێکى کۆمەڵایەتى بەناوچەوانەوەیە .
سەقافەتى هەرچینە تیشکدانەوەى بوونى کۆمەڵایەتى ،واتە مەرجە ماددییەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى ، ئەو چینەیە . بەم پێیە سەقافەت بەشێکە ، بەشێکى گرنگى هۆشیاریى کۆمەڵایەتییە .
هۆشیاریى (الوعى) بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانى سروشت ، شتێک نییە بۆ مرۆڤــــ بێتە خوارەوە ، یان (تفاعلات)ى سەربەخۆى مێشکى مرۆڤـــــ دروستى بکات ، بەڵکو تیشکدانەوەى ماددەیە لە مێشکى مرۆڤدا . رەنگدانەوەى ماددە لە مێشکداو ، کارتێکردنى مێشک – کەماددەیەکى رێکوپێکى بەرزە – لەو شتانەى سروشت ، هۆشیاریى پێکدەهێنێت .
هۆشیاریى کۆمەڵایەتیش هەر بەم شێوەیەیەو ، بەرهەم و رەنگدانەوەى مەرجە ماددییەکانى ژیانى کۆمەڵایەتییە .
هۆشیاریى کۆمەڵایەتى بریتییە لەو تێگەیشتنەى لەبابەت گەلێک لە مەسەلەکانى سەرخانى کۆمەڵ دێتەکایەوە ، وەک بیروباوەڕى سیاسىو دەستوورو فەلسەفەو زانست و ئایین و ئەدەب و هونەر . ئەم شێوانەى هۆشیاریى کۆمەڵایەتى بەیەکەوە ، سەر بە یەک بوونى کۆمەڵایەتى دەبن . جۆرى تێگەیشتنى هەر چینەیش بۆ ئەو مەسەلانەى هۆشیاریى کۆمەڵایەتى پێکدەهێنن ، ئایدیۆلۆجیى ئەو چینە دیارى دەکات .
هۆى هەرە سەرەکى یەکنەبوونى ئایدیۆلۆجى و سەقافەت لە کۆمەڵێکى چینایەتیدا بۆ بنکە ئابوورییەکەى کۆمەڵ دەگەڕێتەوەو ، بەهۆى ئەوەى ناکۆکییەکانى ئەم بنکەیە جیاجیاو دوژمن بەیەک دەبن .
بەڵام سەقافەت هەر تەنها تیشکدانەوەیەکى میکانیکى بنکە ئابوورییەکە نییە ، بەڵکو سەبارەت بەرابوردوویەکى مێژوویى ، سەربەخۆییەکى نیسبى ، لەو بنکە ئابوورییەى هێناوییەتەکایەوە ، وەردەگرێت و ، بەدەورى خۆى کاریگەرى لەسەر ژیانى ماددى کۆمەڵ دەبێت ، بۆیە دەبینین کە بیروباوەڕە پێشکەوتنخوازەکان دەوریان لە گەشەکردن و پێشکەوتنى ژیانى کۆمەڵایەتیدا هەیە .
ئینجا بابزانین لە کۆمەڵێکى فرە چیندا چ سەقافەتێک شۆڕشگێڕانەیەو ؟ مەبەست لە سەقافەتى شۆڕشگێڕانە چییە ؟
سەقافەتى شۆڕشگێڕانە ، ئەو سەقافەتەیە لەگەڵ گەشەکردن و پێشکەوتنى کۆمەڵایەتیدا دەگونجێو دەورى لەو گەشەکردن و پێشکەوتنەدا هەیە . ئەو سەقافەتەیە کە هاوکارى دەکات لە یەکلایى کردنەوەى ناکۆکى نێوان هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییەکانى بەرهەمهێناندا ، واتە ئەو سەقافەتەى نوێنەرایەتى ئارەزوو و ویستى هێزە نوێیەکانى بەرهەمهێنانە ، سەقافەتى شۆڕشگێڕانەیە .
سەقافەتى شۆڕشگێڕانە ئامرازێکى خەباتى ئایدیۆلۆجییە بەدەست چینە شۆڕشگێڕەکانەوە . ئەمەیش بۆ خۆى خەباتێکى چینایەتییە سەبارەت بەوەى خەباتى ئایدیۆلۆجى شێوەیەکە لە شێوەکانى خەباتى چینایەتى لە کۆمەڵێکى چینایەتیدا .
سەقافەتى شۆڕشگێڕانە بەپێى قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانى تێدا دەبێت . ئەو چینانەى لە قۆناغێکى مێژوویى زانراودا سەقافەتەکەیان شۆڕشگێڕانەیە ، لە قۆناغێکى مێژوویى دیکەدا – بەپێى ئەرکەکانى شۆڕش – هەموویان لەبەرەیەکدا نامێننەوەو لە رووى بەرەى سەقافیشەوە لە یەکترى دەپچڕێن ؛ لە هەر قۆناغەیشدا سەقافەتى چینێک تا چینێکى تر جیاوازى هەیە ، کەلەنێوانیاندا سەقافەتى چینى کرێکار شۆڕشگێڕترین و زانستیترین سەقافەتە ، جائەو قۆناغە قۆناغى شۆڕشى سۆشیالیستى بێت یان قۆناغى شۆڕشى دیموکراتى و نیشتمانى .
دۆست و دوژمنەکانى شۆڕش ناسنامەى سەقافەتى شۆڕشگێڕانە دیارى دەکەن چونکە سەقافەتى شۆڕشگێڕانە بریتى دەبێت لە سەقافەتى هێزە بزوێنەرەکانى شۆڕش و لە سەنگەرى بەربەرەکانى و دوژمنایەتیکردنى هێزەکانى دوژمن بە شۆڕش رادەوەستێت .
دۆست و دوژمنیش بەشیکردنەوەى قۆناغى مێژوویى دەستنیشان دەکرێت . هەر قۆناغێکى مێژوویى دۆست و دوژمنى زانراوى خۆى هەیە . لەوڵاتانى دواکەوتووى ئاسیاو ئەفریقیاو ئەمریکاى لاتیندا کە قۆناغى شۆڕش ، شۆڕشى دیموکراتى نیشتمانییە ، هێزە نوێیەکانى بەرهەمهێنان بە سایەى ئەو پەیوەندییە کۆنانەى بەرهەمهێنانەوە کەباوە ، رێى گەشەکردنى لێگیراوە ، بۆیە بۆ یەکلایى کردنەوەى ئەو ناکۆکییانەى نێوان ئەم دوو تایەى شێوەى بەرهەمهێنان ، جێبەجێکردنى ئەرکەکانى شۆڕش پێویستە ، کە ئەم ئەرکانە نەک هەر ژێرخانى ئابوورى دەگرێتەوە ، بەڵکو بەتەواوەتى سەرخانیش – کە سەقافەت بەشێکى بایەخدارى ئەم سەرخانەیە – دەگرێتەوە . لەبەرئەوەیە خەباتى چینە شۆڕشگێڕەکانى گەل بۆ بڕینى قۆناغى شۆڕشى دیموکراتى نیشتمانى ، سەقافەتى ئەم چینانەى گەرەکە چونکە سەقافەتێکى شۆڕشگێڕانەى قۆناغەکەیەو لە خزمەتى ئەو ئەرکانەدا دەبێت کەلە ئەستۆیان گرتووە .
لەم قۆناغەدا هەموو سەقافەتێک کە دژى دوژمنەکانى شۆڕش بێت بە سەقافەتێکى شۆڕشگێڕانە دادەنرێت . دوژمنانى ئەم شۆڕشە ئیمپریالیزم و دەرەبەگایەتییە ، بۆیە سەقافەتى شۆڕشگێڕانە سەقافەتێکى دوژمن بە ئیمپریالیزم و دەرەبەگایەتى دەبێت .
سەقافەتى ئیمپریالیستى و دەرەبەگایەتى لەلایەک و ، سەقافەتى گەل لەلایەکى تر ، دوو سەقافەتى لە یەکترى جیاوازن کەبەدرێژایى قۆناغەکە لەبەربەرەکانیدان ؛ ئەویان سەقافەتى کۆنەپەرستان و دیلێتى و چەوساندنەوەیە ، ئەمیشیان سەقافەتى پێشکەوتن و رزگارى و بەختیارییە .
سەقافەتى شۆڕشگێڕانە دژى ئایدیۆلۆجیى کۆیلەیەتییە کە ئایدیۆلۆجییەکى ئیمپریالیستییەو ئاشکراترین شێوەى روخسارى ئیمپریالیزمە ، بۆیە دەبێت سەقافەتى شۆڕشگێڕانە لە خەباتدا بێت دژى ئیمپریالیزم ، دژى سیاسەتى داگیرکردنى وڵاتان و چەوساندنەوەى گەلانى دنیا ، دژى سەرمایەگوزاریى لە ئابوورى وڵاتە دواکەوتووەکاندا ، دژى دەست بەسەردا گرتنى شادەمارەکانى ئابوورى لەو وڵاتانەداو ، دژى چینە بۆرژوازییە ئەڵقە لە گوێکانیان .
سەقافەتى شۆڕشگێڕانە بەنیسبەت نەتەوەیەکى بچووکى وڵاتێکى فرەنەتەوەوە ، لە بەرامبەر ئایدیۆلۆجیى ئیمپریالیستى ، هەر هەمان ئەرکى لەسەرە ، ئەرکى بەربەرەکانى کردنى ئیمپریالیزم و خەبات دژى شوێنە ئابوورییەکانى لە وڵاتدا ؛ ئەمە لەلایەک ، لەلایەکى ترەوە ئەرکى خەباتکردن دژى شۆڤێنیزمى نەتەوەى گەورە ، کە بەرهەمى حوکمى ئیمپریالیزمەو شێوەیەکە لە شێوەکانى ئایدیۆلۆجیى کۆیلەیەتى کە ئیمپریالیزم بە دیارى بۆ چینە چەوسێنەرەکانى نەتەوە گەورەکانى وڵاتانى فرەنەتەوەى هێناوە . هەروەها خەباتکردن دژى تاکڕەویى نەتەوایەتى ئەرکێکى ترى ئەم سەقافەتەیە چونکە تاکڕەویى نەتەوایەتیى نەتەوەى بچووک شێوەیەکى ترە لە شێوەکانى جێبەجێکردنى ئایدیۆلۆجیى ئیمپریالیزم کەلە پێناوى هێشتنەوەى دەسەڵاتى خۆىو بەرژەوەندییە ئابوورىو سیاسییەکانیدا ، کەرتکردنى خەباتى یەکگرتووى چینە شۆڕشگێڕەکانى نەتەوەکانى وڵاتێکى فرە نەتەوەى مەبەستەو ، هەمیشە تۆوى جیاکردنەوەى ئەو خەباتە یەکگرتووە دەکات و ژەهرى توندڕەویى نەتەوایەتى دەڕێژێت و ئەم نەتەوە بەگژ ئەو نەتەوەدا دەکات .
بەم پێیە ، لایەنێکى بنچینەیى لەناسینى سەقافەتى شۆڕشگێڕانە لەم وڵاتانەدا ئەوەیە کەدژى ئایدیۆلۆجىو سەقافەتى ئیمپریالیزم بێت ، بەو شێوانەشەوە کە ناڕاستەوخۆ دەیانهێنێتە کایەوەو لەڕێى چینە چەوسێنەرەکانى ئەڵقەلەگوێیەوە پەیڕەوى دەکات .
جگە لەمە پێویستە سەقافەتى شۆڕشگێڕانە لە خەباتدا بێت دژى دوژمنێکى سەرەکى ترى شۆڕش کە ئەویش دەرەبەگایەتییە .
لەو وڵاتانەدا کە هێشتا قۆناغى شۆڕشى سۆشیالیستى لەئارادا نەبێت بەڵکو قۆناغى شۆڕشى دیموکراتى بێت ، سەقافەتى دەرەبەگایەتى ، کەبەشێکى گرنگى سەرخانى بنکەى ئابووریى نیمچە دەرەبەگییە ، سەقافەتێکى باوە . بۆیە بەئەنجام گەیاندنى ریشەیى شۆڕش ، لە بنچینەدا ، بەندە بەراماڵین و بەزاندن و نەهێشتنى سەقافەتى دەرەبەگایەتى و پەیوەندییەکانى دەرەبەگایەتییەوە .
لە راستیدا هەر تەنها گۆڕینى ژێرخانى ئابوورى بۆ نەهێشتنى دەرەبەگایەتى بەس نییە بەڵکو گۆڕینى سەرخان بەتەواوەتى مەرجى بنچینەیى گەشەکردن و بڕینى قۆناغە شانبەشانى مەرجەکەى تر کە نەهێشتن و راماڵینى دەسەڵاتى سیاسىو ئابوورىو سەقافى ئیمپریالیزمە .
سەقافەتى دەرەبەگایەتى لە سیستمى پەروەردەوفێرکردن و رێبازى ئەدەب و هونەرو رێکخستنى کاروبارى ئیدارى و عەسکەریى دەوڵەت و بیروباوەڕى سیاسىو دەستوورى ، واتە لەهەموو شێوەکانى هوشیاریى کۆمەڵایەتى باودا خۆى دەنوێنێ ، بۆیە سەقافەتى شۆڕشگێڕانە دەبێت لە سەنگەرى بەربەرەکانیکردن دژى ئەو سەقافەتە بجەنگێ .
مەسەلەى جووتیاران و شۆڕشى زەوى و بانگڕاهێشتن بۆ بڵاوکردنەوەى دیموکراسى و بەرەڵڵاکردنى سەربەستییە دیموکراتییەکان بۆ گەل و ، رزگارکردنى ئافرەت لە بەندایەتى پیاوو ، جەماوەرى گەلیش لە خەرافیات ، کەرەسەى ئەم سەقافەتەو نیشانى تیرى ئەم سەقافەتە شۆڕشگێڕانەیە دەبێت .
لێرەدا پێویستە ئەو راستییەیش بڵێین کە سەقافەتى چینە شۆڕشگێڕەکانى گەل بێ ناوکێکى سەرکردایەتى نەک هەر شۆڕشگێڕانە نابێت بەڵکو بێ ئەوەى پێبزانێت لە خزمەتى دوژمنانى گەلدا دەبێت و ، هەرچەندە بەرگى شۆڕشگێڕانەیش بپۆشێ بەڵام لە جەوهەردا خزمەتى سەقافەتى شۆڕشگێڕانەى گەل ناکات .
ئەم ناوکە سەرکردایەتییەیش پێویستە سەقافەتى سۆشیالیستى بێت سەبارەت بەوەى ئەم سەقافەتە :
1- درێژە پێدانى هەموو بەشە زیندوو و بەکارەکانى سەقافەتى نەتەوایەتىو نیشتمانیى رابردووە .
2- پوختەى تاقیکردنەوەى گەلانى دنیاو سەقافەتى ئومەمییە .
3- سەقافەتى چینى کرێکارە کە شۆڕشگێڕترین چینەو دواڕۆژى دنیا هى ئەوانە .
4- سەقافەتێکى زانستییەو تـاسەر لەبـەردەم هەموو سەقافەتێکى نازانستىو کۆنـەپەرستیدا خۆى دەگرێت .
5- سەقافەتێکى جەماهیرییەو لەگەڵ پێویستییەکانى ژیانى جەماهیرو پێشکەوتن و گەشەکردنى کۆمەڵدا دەگونجێ .
ئەمانەو گەلێ هۆى تریش سەقافەتى سۆشیالیستى لەناوەندى سەرکردایەتیدا دادەنێت ؛ کە بەبێ سەرکردایەتى ئەم سەقافەتە ، سەقافەتى چینە شۆڕشگێڕەکانى گەل رێ هەڵەدەکات و دۆست و دوژمنى لێتێکدەچێت و سیفەتى شۆڕشگێڕانە لە خۆى دەسڕێتەوە .
ئابی 1972

به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی که‌سوکاری لێقه‌وماوانی کوردستان
(( . . . هەروەها حکومەت ، سەبارەت بەچەند ئیعتیبارێکى نیشتمانی و مرۆڤایەتى بەتەنگ هەموو ئەو بێوەژن و هەتیوو سەقەتانەوە دێت کە بوونەتە قوربانیى کاری توندو تیژیی له‌ ژووروى نیشتمان .))
ئەمەى لاى سەرەوە بەشێکى ماددەى پانزەیەمى بەیاننامەکەى 29ى حوزەیرانى ساڵى (1966)ە ، کەتیایدا حکومەت خۆى بە جێبەجێکردنى ئەرکێکى نیشتمانى و مرۆڤایەتى زۆر گرنگ بەستۆتەوە ، ئەویش بەتەنگه‌وه‌ هاتن و مشوورخواردنى بارى ژیان و گوزەرانى هەموو ئەو لێقەوماوانەیە کە بوونەتە قوربانیى کارەساتە خوێناوییەکانى کوردستان .
لێرەدا ، هەر لە خودى ئەم ماددەیەدا دان بەوەدا نراوە کە ئەو بێوەژن و هەتیوو سەقەتانەى لە ئەنجامى شۆڕشى کوردستاندا هاتوونەتەکایەوە ، پێویستییان بە بەدەنگەوەچوون و گرنگیپێدان هەیە ، ئەمەشى بە کارێکى نیشتمانى و مرۆڤایەتى داناوە . ئەمە لەلایەک ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەو لێقەوماوانە وەک هەموو هاونیشتمانییەک کە لە ئەنجامى کارى توندوتیژیى چەند ساڵێـکەوە تووشى زیان بوون ، ئێستاش ئەو هاونیشتمانێتییەیان بۆ ئەژمێررێت ، بەو پێیەى کە ئەوانە دەسەڵات و کارێکیان لەو ماوەیەدا بەرامبەر کارەساتەکانى وڵات و ئەو شەڕەى تیایدا بووە ، نەبووە .
ئەوە کارێکى باشە کە کاربەدەستان بەو جۆرە بیربکەنەوە پاش کۆتاییهاتنى ئەو شەڕە بێئامانەى کە دەشت و دەرو خانوو بەرەى هەزاران جووتیارو هەژارى کوردى پێوە ئەسووتاو ، خوێنى لاوەکانى کوردو عەرەبى بەفیڕۆ ئەدا ، ئەڵێین . . . ئەم بیرکردنەوەیە شتێکى باشە ، کەپاش ئەوە ، حکومەت لا لەو داماوانە بکاتەوەو بەچاوى هاونیشتمانى سەیریان بکات . ئەوە نیشانەیەکى ئیجابییە بۆ بڕاندنەوەى ئەو کوشتارەو نەهێشتنى ماکەکانی و دەرکێشانى لە رەگوڕیشەوە ، ئەمە جگە لەوەى دانانى ئەم کارە بەکردەوەیەکى مرۆڤایەتییانە ، نیشانەیەکە هەستکردن دەرئەخات بەوەى کە لە رووى مرۆڤایەتییەوە ئەو لێقەوماوانە هەڵسەنگێنراون و حسابى کەسوکار یان ماوەى ئەو توندو تیژییەیان بۆ نەکراوە کە هەموو خەڵکى کوردستان ، یان باشتر بڵێین ، زۆربەى خەڵک بەشدارییان تێداکردووە .
رەنگە کەسێک نەبێت ، لەگەڵ ئێمەو ، لەگەڵ ئەو چەند وشەیەدا نەبێت کە لەو ماددەیەى بەیاننامەکەدا نوسراوەو بەبەرچاومانەوە ئەنجامەکەى ئەبینین بەوەى کە رۆژ نییە بەدەیان لێقەوماوو باسوخواسى لێقەوماوانى شۆڕشى کوردستان بە بەردەمماندا تێنەپەڕێت و لە پەڕەى گوێمان نەدات .
ئێمە بەبەرچاوى خۆمانەوە بەسەدان ئافرەت و پیرو جوانى کوردى دەربەدەر ئەبینین کەلە شەقامى شارەکاندا خەریکى سواڵکردنن ، دەست لەم و لەو پانئەکەنەوە ، تەنانەت برسێتی و رووت و رەجاڵیى پاڵیپێوەناون بگەنە پایتەخت و شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق ، هەروەها سەدان خێزان لە شەڕدا نانپەیداکەرانیان کوژراون و بێکەس ماونەتەوەو بە کولەمەرگى رۆژگار ئەبەنەسەرو ، لە هەموو خۆشی و مافێکى ژیان بوون و بەنانەسکى بەڕێوە ئەچن و لە هەموو کارگوزارییەکى کۆمەڵایەتى بێبەشن ، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە هەزاران کوێرو گۆج و ئیفلیج هەن کە هەریەکە ئەندامێک یان چەند ئەندامێکى لەشیان لە شۆڕشدا داناوەو بە کەساسى ماونەتەوەو تواناى خۆژیاندنیان نییە سەبارەت بەوەى لەکارکەوتوون و ئیشیان پێناکرێ ؛ بەم جۆرەو ، بەتێکڕایى بیگرى ، لە سەرانسەرى کوردستاندا ئەوەندە کەساسی و هەژارىو داماوىو لێقەوماویى هەیە کە لە باسکردن و ژماردن نایەت . جا دیارە لێکۆڵینەوەى چۆنایەتى ژیانى ئەمانە هەستى هەموو کەسێک و کۆمەڵێک ئەجووڵێنى ، جووڵاندنێکى نیشتمانیانەو مرۆڤایەتییانە . . . بەڵام هەر جووڵاندنەوەى سۆزى دڵى خەڵکى ، هەر داننان بەوەدا کەیارمەتیدانى ئەوانە شتێکى پێویستەو کارێکى نیشتمانی و مرۆڤایەتییە بەس نییە ، بەڵکو ئەم داننان و سۆزە ، وەک هەموو کارێکى ترى ئەم دنیایە ، ئەگەر ئیشى پێنەکرێ ، لە قسەى بۆش و بەتاڵ بەولاوە چیترى لێدەرناچێ و ، چەندیشى لەسەر بنووسرێ هێشتا بەس نییە ، بەواتە هەموو کارێک گەر لەمەیدانى کردەوەو کارکردنا دیار نەبوو ، ئەوە بە نەبوو ئەژمێررێ و جێى باوەڕو متمانەى خەڵکى نابێت .
لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە بەراوردێک بکرێ لە نێوان ئەم ماددەیەو رادەى جێبەجێکردنیا و بزانین تائێستا چى کراوە ؟ هەموو یەکێک لە ئێمە راستەو راست بێڕاوەستان ئەڵێت : هیچ نەکراوە ، تائێستا تەنانەت بیریشى لێنەکراوەتەوەو پڕۆژەیەکى واى بۆ دانەنراوە کە حکومەت بیکاتە پڕۆگرامى کردەوەیى خۆى . حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانیش پێش حەڤدەى تەمموزى پار لە جیاتى جێبەجێکردنى ئەم بەندەى کە خۆیان دایانناوەو بەڵێن و پەیمانى جێبەجێکردنیان دابوو ، پتر هانى شەڕو کوشتیاریان ئەداو ، بەو سیاسەتە لاوازە چەوتەیان ئێش و ئازارى گەلەکەمان و چینە رەنجدەرەکانى ، بەتایبەتى جووتیاران ، پترکردو لە جیاتى بەتەنگه‌وه‌ هاتن و مشوورخواردنى ئەو لێقەوماوانە بەسەدان لێقەوماوو کەسکوژراوو دەربەدەرى تر هاتنەکایەوە ئەمجارە نەک بەدەستى حکومەت بەشێوەیەکى راستەوخۆ بەڵکو لەژێر پەردەوە بەیارمەتى و رێخۆشکردن بۆ دەستێوەردانى ئیمپریالیزم لە کوردستاندا کەتائێستاش بە ئارەزووى خۆیان لەمسەر تا ئەوسەرى کوردستان تەراتێن ئەکەن و هەر رۆژە چەند بارێکى تر ئەخەنە سەر بارخانە گەورەکەى لێقەوماوانى کوردستان .
کاتێ کە حوکمى نوێ لە عێراقدا هاتە کایەوە ، سەبارەت بەو هەنگاوانەى لەسەرەتاى حوکمى خۆیدا هاویشتى لەمەڕ مەسەلەى کوردەوە ، بەتایبەتى کردنەوەى دانیشگاى سلێمانى ، واى ئەخستە یاد کە حکومەت لەسەرجێبەجێکردنى بەیاننامەکەى 29ى حوزەیران سوورە ، بەڵام وا زیاتر لەهەشت مانگ بەسەرهاتنى حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکى بۆ سەر حوکم تێپەڕى ، کەچى هێشتا هێندێ لە بەندەکانى بەیاننامەکەى حوزەیران هەروا دەستەوسان راوەستان و چاوەڕێ ئەکەن تۆزى سێ ساڵیان لەسەر هەڵگیرێ و بهێنرێنە ناوناوانەوە ، کەلەوانە یەکێکیان مەسەلەى بەتەنگه‌وه‌ هاتن و بایەخدانە بەژیانى ئەوانەى بوونەتە قوربانیى رۆژە توندوتیژییە خوێناوییەکانى کوردستان . . . ئینجا لەبەرئەوەى کەیەکێک لەو سەنگانەى دڵپاکی و نیازچاکیى حکومەتى بەرامبەر خەڵکى کوردستان پێئەکێشرێ ، بەشێوەیەکى هەستپێکراوو بینراو ، ئەمەیە ، کەلەبارى بەدیهێنانیدا خاڵێکى پڕوپاگەندەو درۆو دەلەسە لەدەست دوژمنانى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانەى کورد وەرئەگرێتەوەو ، رێ لەو گومان و بێبڕواییە ئەبەستێتەوە ، کە دوژمنان ئیمڕۆَ بە نیازێکى خراپ ئەیخەنەوە بۆ ئەوەى خەڵکى پێفریوبدەن و کەم و زۆر کاریان تێبکەن .
ئێمەش کە داواى جێبەجێکردنى ئەم بەندە ئەکەین نابێ کەس وا بزانێ پێشوازى لە پڕوپاگەندەى ناحەزان ئەکەین ، چونکە جیاوازییەکى زۆر لە میانەى ئێمەو ئەو دوژمنانەدا هەیە ، ئەویش ئەوەیە کە ئەوانە بە هەق و ناهەق ئەو گومانە ئەخەنەوە ، بێگوێدانە هیچ بەرژەوەندییەکى میللەت و بزووتنەوەى نیشتمانیى عیراق ، بە پێچەوانەى هەڵوێست و راى ئێمەوە کەلەرووى دڵسۆزى بۆ یەکێتیى خەبات و تێکۆشانى ناوکۆیى هەردوو گەلى کوردو عەرەب و بەتەنگه‌وه‌ هاتنى هێمنی و ئاسایش لەسەرانسەرى عێراقداو بۆ رێبڕین لە پڕوپاگەندەو پیلانەکانى ئیمپریالیزم و نۆکەرانى ، ئەکەوینە ئەو گومانەوەو بیرى کاربەدەستانى ئەخەینەوە . . .
ئەمانەى سەرەوە لەلایەک ، لەلایەکى تریشەوە هەروەک بەندەکە خۆشى ئەڵێت ، جێبەجێکردنى ئەمە کارێکى نیشتمانی و مرۆڤایەتیشە . بێگومان کارێکى ئاوا ، واتە رزگارکردنى ئەو لێقەوماوانە ، هەروا ئیشێکى سادەو ئاسان نییە بەڵکو لێکۆڵینەوەو رێدانان و پڕۆژەیەکى ئەوێت کە بتوانێت چارەسەرى بکات و ، ئەم بەجێگەیاندنەى بەندى بەیاننامەکە ، بەتەواوەتى ، دەست هەژارو رەشوڕووتەکانى کوردستان بخات .
لێرەدا ، هەروا بەسەرپێیى ، چەند شتێک بەرچاوى کاربەدەستان و بەرچاوى خەڵکیش ئەخەین ، هەرچەندە دیراسەکردنى ئەمەو دانانى پلان بۆى زۆر لەم چەند خاڵە کورتەى پتر ئەویست ، هیوادارین کە دەرگاى چوونە ناو ئەم مەسەلەیە بکاتەوەو ، مایەى رزگارکردنى ئەو بێوەژن و هەتیوو پەککەوتووانە بێت کە دواڕۆژو ژیانیان لە مەترسیدایە :
(1) شەهیدەکانى کوردستان هەروەکو ئەو کوژراوانەى لەشکرى عیراق ، لەدوا شیکردنەوەدا ئەمانگەیەننە ئەو راستییەى کە وەکوو یەک بوونەتە قوربانیى سیاسەتى چەوتى کاربەدەستانى عێراق و ، سەرنجدان و وردبوونەوە بەباشى دەریئەخات کە شەڕەکە شەڕى نێوان دوو برابووە ، بۆیە ئەبێت کاربەدەستان بەبیرێکى فراوانەوە تەماشاى ئەمەبکەن و لەتاى تەرازوودا بەڕێکى شەهیدانى کوردستان راگرن و وەک کوژراوەکانى سوپاى عیراق بارى گرانى ژیان لەسەر شانى کەسوکاریان سووکبکەن لەڕێى :
ا- بڕینەوەى مووچەیەکى تەقاعودى بۆ کەسوکارى شەهیدەکانى کوردستان بەتایبەتى بۆ ئەو بنەماڵانەى هیچ دەرامەتێک و سەرچاوەیەکى ژیانیان نییە .
ب- دۆزینەوەى کار بۆ کەسوکارو خێزان و مناڵى شەهیدەکان و دامەزراندنیان .
ج- دانى میقدارێکى ئەوتۆ لەو پارەیەى بۆ (تعویض ) دانراوە بە کەسوکارى شەهیدەکان .
د- بەزوویى (تعویض) بدرێ بەوانەى کەسەرەڕاى کەسکوژرانیشیان باخ و خانوو بەرەیان سووتاوەو دەربەدەربوون .
ه- دابەشکردنى زەوى کشتوکاڵى بەسەر ماڵى جووتیارە شەهیدەکاندا .
و- لەشارەکاندا زەوى حکومەت بەخانەوادەى شەهیدەکان بدرێ و ، بەپارە یارمەتییان بدرێت بۆ دروستکردنى خانوو تیایدا یان حکومەت خۆى بە هۆى دائیرەکانى ئاوەدانی و ئیسکانەوە خانوویان بۆ دروست بکات .
(2) بایەخێکى زۆر بدرێت بەهەتیوو پەککەوتووان ، قوتابخانەى هەتیوان و لانەى پەککەوتووان بکرێتەوە بەجۆرێکى زۆر باش و فراوان و لقى ئەم دوو دەسگا خێرخوازییە لە قەزاکاندا بکرێتەوە ، هەروەها لەرووى پەروەردەى هەتیوانەوە گرنگیى پێبدرێ و ، لەرووى کۆمەڵایەتییەوە هەموو ماوەیەکى پێشکەوتن و بەرزبوونەوەى ئاستى ژیانیان بخرێتە بەردەست .
ئەمانەو گەلێ شتى تریش ، هەروەکو وتمان ، پێویستییەکى نیشتمانی و مرۆڤایەتییەو ، دیراسەکردنێکى قووڵى ئەوێت .
دەستپێکردن بەجێبەجێکردنى ئەو خاڵانەى سەرەوە بەرە بەرە دەمى زامە قووڵەکانى ئەم هەشت ساڵەى رابردوو پڕ ئەکاتەوەو رێگاى چارەسەرێکى باشمان لەبەردەمدا بەرین ئەکات .

گۆڤارى (رزگارى) ژمارە (1) ساڵى یەکەم
یەکشەممە 20 ى نیسانى 1969

پرسیارو ره‌خنه‌
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی باوکسالاریی، پەیوەندیی ستوونی نێوان مرۆکانە. مەبەست لەو پەیوەندییە بوونی پەیوەندیی یەکڕەهەندییە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، واتە نەبوونی یەکسانییە لە نێوان هاووڵاتیاندا.
بەم پێیە هەمیشە فەرمانەکان ، ئامۆژگارییەکان، سەپاندنی ئیرادە، ستەملێکردن لە گەورەوە بۆ بچووک دێت، واتە لە پیاوەوە بۆ ژن و، لە پیاوو ژنەوە بۆ منداڵ و،لە براوە بۆ خوشک و، لەبراو خوشکی گەورەوە بۆ براو خوشکی منداڵترو…هتد دادەبەزێت .
ئەم پەیوەندییە ستوونییە لە ئاستەکانی دیکەی کۆمەڵگادا دەتەنێتەوەو، تایبەتمەندێتییەکی هەموو دامەزراوە سیاسی و ئیداری و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکان پێکدەهێنێت.
یەکێک لە دیاردەکانی ئەم سیستمەی رێکخستنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، کە رەگوڕیشەی بۆ نەریتەکانی کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی دەگەڕێتەوە، بێبەشکردنی ئاستەکانی خوارەوەی ستوونەکەیە لە مافی پرسیارکردن و رەخنەگرتن. بە پێی ریزبەندیی سەرەوە – خوارەوە، ئەم دوو مافە بۆ سەرەوە هەیەو بۆ خوارەوە نییە . ئەم مافە دوو لایەنەیە ، چونکە هەموو کەسێک لە هەڵوێستێکدا کە لە سەرەوەیە ، مافی هەیەو ، لە هەڵوێستی دووەمدا کە لە خوارەوەیە ، مافی نییە . هەموو تاکەکانیش پێکەوە لە ئاستی دامەزراوە گەورەکانی وەک حکومەت ، حزب ، سوپاو پۆلیس و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی دیکەو ، کۆمپانیا جۆراوجۆرەکاندا، هەمان بێمافیی لە چوارچێوەی ئایدیای باوو یاسادا دەیانگرێتەوە. لەبەرئەوە”راستی” لەلای سەرەوەیەو ، خوارەوە تەنها بەڵێ وملکەچبوون و سەلماندنی “راستییەکان ” ی سەرەوەی لە سەرە . بۆیە یەکەم کاری بەرەنگاربوونەوەو تێکۆشان بۆ گۆڕانکاریی لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا خستنەوەی هوشیارییەکی هەمە لایەنەی فراوانە سەبارەت بەم بارودۆخە، ئەلفوبێی ئەم هوشیارییەش بە پرسیارو رەخنە دەستپێدەکات.
دەبێت پرسیارو رەخنە ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە کەسایەتیی مرۆکاندا، بە تایبەتی منداڵان و گەنجان و ژنان و هەر کەسێکی دیکە کە نەریتە کۆمەڵایەتییەکە لە دەستەی خوارەوەدا ریزیان دەکات. هەروەها دەبێت رەخنەگرتن چەکی بەرهەڵستی بێت وسەرجەمی کۆمەڵانی خەڵکی بەو گیانە پەروەردە بکرێن کە سەرنجی رەخنەگرانەیان هەبێت، خۆشباوەڕنەبن، بەبێ ئارەزووی خۆیان ، بۆهیچ رێساو یاساو فەرمان وبانگەوازو بانگاشەیەکی راگەیاندن و…هتد سەردانەنوێنن.
ئەم ئەرکە ، ئەرکی هاندانی پرسیارو رەخنەگرتن ، بەشێکی گرنگی پەیامی پێنووسی نووسەران و ئەدیبان و رۆژنامەنووسانی هوشیارو بە هەڵوێستە .

په‌یامی نووسه‌رو پرسیاری : ده‌بێ چی بکه‌ین ؟
نووسه‌رو په‌یام هه‌میشه‌ ئاوێته‌ن و به‌ جیا جیا هیچ مانایه‌ک نابه‌خشن . نووسه‌ری بێ په‌یام و په‌یامێکیش نووسه‌ری نه‌بێت نه‌بوونه‌و ، نه‌بوونیش هیچی لێ سه‌وز نابێت . ئه‌و نووسه‌رانه‌ی جێده‌ستیان له‌سه‌ر مێژووی پێشکه‌وتنی ململانێی نێوان مرۆڤ له‌ لایه‌ک و ، سروشت و کۆمه‌ڵ و ئایدیا له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌بووه‌و هه‌یه‌ ، ئه‌وانه‌ن که‌ په‌یامێکیان بۆ خۆیان داناوه‌و ته‌مه‌نیان بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و په‌یامه‌ ته‌رخان کردووه‌ ؛ ئه‌و په‌یامانه‌شی ئاڕاسته‌ی گۆڕانکارییان کردووه‌و ، ژیاری مرۆڤیان له‌ سه‌رانسه‌ری مێژووداو ، له‌ چه‌ند ناوچه‌ی جیا جیای ئه‌م جیهانه‌دا پێکهێناوه‌ ، ئه‌و په‌یامانه‌ن که‌ نووسه‌ران و رابه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی خاوه‌ن به‌های گۆڕانکاریی و کاری نه‌پساوه‌و هوشیارییان هه‌بووه‌ .
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌که‌م مه‌رج بۆ نووسه‌ر ، په‌یامێکی دیاریکراوه‌و ، په‌یام هه‌میشه‌ ناسنامه‌ی نووسه‌ر ده‌ستنیشان ده‌کات .
په‌یامی کاریگه‌ر ، په‌یامێکه‌ له‌ هوشیارییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و کاری گۆڕانکاریی له‌ پێش خۆی داده‌نێت . واته‌ هوشیاریی و گۆڕانکاریی دوو مه‌رجی په‌یامن و ، په‌یامێک خزمه‌تی مرۆڤ بکات ده‌بێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدا بێت .
په‌یامی هوشیارو ئامانجی گۆڕانکاریی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ، وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ به‌ پێداویستییه‌کانی گۆڕانکاریی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌ ژیانی مرۆڤدا . ورده‌کارییه‌کانی په‌یامی نووسه‌ریش ، وه‌ڵامه‌ بێکۆتاییه‌کان و ئه‌و چاره‌سه‌رکردنانه‌یه‌ ، که‌ له‌ نێو وه‌ڵامه‌کاندا جێوڕێیان بۆ داده‌نێت .
بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌روه‌ڵامه‌کانی دروست بن و له‌ ره‌وتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی سروشت و مێژوو و فیکردا به‌ردی بناغه‌ی گۆڕانکارییه‌کی دروست و گونجاو دابمه‌زرێنێ ، پێویسته‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌ڵامه‌کانی روون و دیاریکراو بن و ته‌مومژیان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت . ده‌بێت نووسه‌ر له‌ هه‌ر بوارێکدا پێنووسه‌که‌ی به‌گه‌ڕخست ، له‌م پرسیاره‌ مێژووییه‌وه‌ ده‌ست پێبکات ، پرسیاری : ده‌بێ چی بکه‌ین ؟
ئه‌م پرسیاره‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له‌ خۆی ده‌گرێت ، چ له‌ پێش پرسیاره‌که‌داو چ دوای ئاڕاسته‌کردنی پرسیاره‌که‌ . به‌ر له‌ پرسیاره‌که‌ له‌ نووسه‌ر ده‌خوازێت زانیاری ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ هه‌بێت که‌ به‌ نیازه‌ پێنووسیان بۆ به‌کار بهێنێت ، سه‌رنج و لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون وتۆژینه‌وه‌ی ته‌واوی له‌به‌رده‌ستدا بێت ، تا که‌ پرسیاری ( ده‌بێ چی بکه‌ین ؟ ) ی کرد سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆرو فراوانی بۆ چاره‌سه‌رکردنه‌کان هه‌بێت .
تایبه‌تمه‌ندیی دوای پرسیاریش ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یامی گۆڕانکاریی ده‌خاته‌ روو ، گۆڕانکاریی ده‌کاته‌ مه‌به‌ست و له‌ ئاستی لێکدانه‌وه‌ ( تفسیر ) دا گیر ناخوات .
لێکدانه‌وه‌و گۆڕانکاریی دوو ئاستی جیاوازن ، لێکدانه‌وه‌ ئاستی یه‌که‌م و خواره‌وه‌و گۆڕانکاریی ئاستی دووه‌م و سه‌ره‌وه‌یه‌ . ئه‌م دوو ئاسته‌ په‌یوه‌ندیی دیالێکتیکی به‌یه‌که‌وه‌ گرێیان ده‌دات و ده‌بێت ئاستی یه‌که‌م به‌ ئاستی دووه‌م ته‌واو بکرێت ، ئه‌گینا لێکدانه‌وه‌کان سوودیان نابێت و مه‌به‌ستیی گۆڕانکاریی له‌ خۆیان ناگرن . ئاستی دووه‌میش به‌بێ لێکدانه‌وه‌ رێ هه‌ڵه‌ ده‌کات و ناتوانێت جۆری چاره‌سه‌ریی دروست بدۆزێته‌وه‌و پڕاکتیکی گۆڕانکارییه‌کان بکات .
لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌ی که‌ نووسین و لێکدانه‌وه‌و بیروبۆچوونه‌کان وتۆژینه‌وه‌و . . . هتد ، ته‌نهاو ته‌نها به‌ پڕاکتیک و گۆڕانکاریی ده‌که‌وێته‌ خزمه‌تی مرۆڤه‌وه‌و ، هه‌ر دوو قۆناغه‌که‌ش ( لێکدانه‌وه‌و گۆڕانکاریی ) وه‌ڵامن و ، سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ پرسیاری ( ده‌بێ چی بکه‌ین ؟ ) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .
له‌به‌ر تیشکی ئه‌و واقیعه‌دا ،ده‌بێت پرسیاری ( ده‌بێ چی بکه‌ین ؟ ) له‌به‌ر ده‌می گشت پرسیاره‌کانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا دابنێین و ، ئه‌وه‌ بکه‌ینه‌ بنه‌ما بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌کانمان . ده‌بێت پرسیاره‌که‌ ئاڕاسته‌ی ره‌هه‌نده‌ جوگرافی و سیاسییه‌کان و ، بواره‌ ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌ جیا جیاکان بکه‌ین . ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ش بۆ کۆمه‌ڵێک خاڵی تر وردبکرێنه‌وه‌ تا هه‌موو پرسیاره‌کان بگرێته‌وه‌ . پرسیاره‌کانیش له‌به‌ر تیشکی ناسینی واقیعی ئه‌م ره‌هه‌ندانه‌ ، یه‌ک یه‌ک و له‌ په‌یوه‌ندییاندا له‌گه‌ڵ یه‌کتری ، دابڕێژرێن :
1 -ره‌هه‌ندێکی جیهانی و ، واقیعی ئه‌و بارودۆخه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریی له‌ سایه‌ی جیهانگیریدا خولقاندوویه‌تی ، به‌ تایبه‌تی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تسالاریی یه‌ک جه‌مسه‌ریی و داگیرکاریی ئیمپریالیستی له‌م سه‌ده‌ نوێیه‌دا له‌لایه‌ک و ، سه‌رله‌نوێ بووژانه‌وه‌و په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران له‌ باکووری جیهان و چرۆکردنه‌وه‌ی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ باشوور ( ئاسیاو ئه‌فریقیاو ئه‌مریکای لاتین ) له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ .
2 – ره‌هه‌ندێکی ناوچه‌یی ، به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چۆنیه‌تی و میکانیزمی ئیداره‌ی ململانێ خوێناوییه‌کان له‌ عێراق و لوبنان و فه‌له‌ستیندا .
3 – ره‌هه‌ندی عێراقی و شه‌ڕی تایه‌فه‌گه‌ریی سوننه‌ و شیعه‌ و ئه‌گه‌ره‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی ململانێ خوێناوییه‌کان و ته‌شه‌نه‌کردنی له‌ ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ به‌ره‌و کوردستان و باشووری عێراق .

4- ره‌هه‌ندی کوردستانیی و ئاینده‌ی باشووری کوردستان و چاره‌نووسێکی نادیار له‌ نێو فه‌زایه‌ک دوژمنکارانه‌دا که‌ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ئابڵووقه‌ی کوردستانیان داوه‌ .
ره‌هه‌ندێکی سه‌ره‌کیی دیکه‌ ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌ به‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کرد . واته‌ ورده‌کارییه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی له‌ رووی گوزه‌رانیانه‌وه‌ ، له‌ رووی بژێوی و سه‌رپه‌ناو پۆشین و ، دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ک کارو ئاستی داهاتێکی گونجاو بۆ ژیان و ، خوێندن وته‌ندروستی و کاره‌باو ئاوو ئاوه‌ڕۆو سووته‌مه‌نی و رێگاوبان و . . . هتد .
ئه‌م ره‌هه‌ندانه‌ ، ئه‌م خاڵه‌ وردانه‌ی که‌ ده‌توانرێت هه‌ر یه‌که‌یان بۆ چه‌ندین خاڵی وردتر شیبکرێنه‌وه‌ ، گه‌له‌ پرسیار هه‌ڵده‌گرن و ئه‌رکی پێنووسه‌ مولته‌زیمه‌کانه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ به‌رده‌وام بووروژێنن .

بزووتنه‌وه‌ی وه‌رزش له‌ کوردستاندا

سه‌رنجدانێکی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی وه‌رزش له‌ عێراقداو به‌تایبه‌تیش له‌ کوردستانداو ، به‌راوردکردنی ئاستی بزووتنه‌وه‌که ‌له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی وه‌رزش له‌ وڵاته‌کانی تری گێتیدا ، ئه‌و راستییه‌مان ده‌خاته‌ به‌رچاو که‌ ولاته‌که‌مان پتر له‌ چه‌ند هه‌نگاوێک له‌م کایه‌یه‌دا له‌ دواوه‌یه‌ .
بێگومان دواکه‌وتنی هه‌ر وڵاتێک ، جا له‌هه‌ر کایه‌یه‌کدا بێت ، نیشانه‌ی بوونی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌و هۆی کاریگه‌ری ئه‌وتۆیه‌ له‌ناو ئه‌و وڵاته‌دا ، که‌ که‌م و زۆر کار ده‌کاته‌ سه‌ر راده‌ی پێشکه‌وتن یان دواکه‌وتنی له‌و کایه‌یانه‌دا .
ئه‌م راستییه‌ کت و مت به‌سه‌ر عێراقدا ده‌چه‌سپێ که‌ تا باری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ شڵه‌قان و ئاڵۆزاندا بوو بێت ، بزووتنه‌وه‌ی وه‌رزش وه‌ک هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک له‌ شوێنی خۆیدا ته‌په‌ی هاتووه‌و بگره‌ به‌ره‌و دواوه‌شه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ . یارییه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو و تا ئێستاش له‌ نێوانی عیراق و وڵاته‌کانی ترداو ، دۆڕاندنی عێراق له‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌و یارییانه‌دا ، باشترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ عێراقدا تیپێکی وه‌رزشی وه‌ها نییه‌ که‌ بتوانێ له‌ ئاست و ریزی تیپه‌ عاله‌مییه‌کاندا بێت . هه‌روه‌ها هیچ که‌سێکی وا له‌ عێراقدا نابینین که‌ له‌ یارییه‌ عاله‌مییه‌کاندا پاڵه‌وانێتییه‌کی نواندبێ و کاسی پاڵه‌وانێتی له‌ یارییه‌کدا وه‌رگرتبێ .
ئه‌گه‌ر سه‌رنجه‌که‌مان له‌سه‌ر کوردستان کۆبکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا جیاوازییه‌کی ته‌واو ده‌بینین له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ی وه‌رزش له‌ شاره‌کانی کوردستان و شاره‌کانی تری عێراقدا . دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌سه‌رێکه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی هێمنی و ئاسایش له‌ کوردستاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه و ، ‌ له‌سه‌رێکی تره‌وه بۆ گرنگی پێنه‌دانی باری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان – که‌ وه‌رزش به‌شێکێتی – له‌لایه‌ن ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌ی حوکمی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ ، وه‌ک به‌شێک له‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانیان به‌رامبه‌ر گه‌لی کوردو ئامانجه‌کانی .
هه‌رچه‌نده‌ گه‌لێک جار مه‌سئولییه‌تی دواکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی وه‌رزش له‌ کوردستاندا ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌م و ئه‌و ، یان ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ندێ هۆی بێجێ وه‌ک باران بارین و باشنه‌بوونی ئاوو هه‌واو گه‌لێ بیانووی له‌م بابه‌ته‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستییه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و هه‌موو گیروگرفتانه‌ی وه‌ک کۆسپ باس ده‌کرێن هیچ رێگه‌یه‌ک له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ناگرن و هه‌موویان چاره‌سه‌ریان هه‌یه‌و ، ئیمڕۆ زۆرترینی ئه‌و چاره‌سه‌رکردنانه‌ له‌و وڵاتانه‌دا ده‌بینرێن که‌ له‌م رووه‌وه‌ پێشکه‌وتوون و ، ئه‌گه‌ر به‌ لاساییکردنه‌وه‌ش بێت ده‌توانین سوودیان لێوه‌ربگرین .
ئیمڕۆ گرنگیدان به‌ لاوان له‌ هه‌موو وڵاتانی گێتیداو ، بایه‌خدان به‌په‌روه‌رده‌ی له‌ش – که‌ یه‌کێکه‌ له‌ کۆڵه‌که‌کانی په‌روه‌رده‌یه‌کی ته‌واو – له‌ ئه‌رکه‌کانی ئه‌ستۆی ئه‌و ده‌زگایانه‌دایه‌ که‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هێنراونه‌ته‌ کایه‌وه‌ ، بۆیه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی ئێمه‌و ئه‌و ده‌زگایانه‌شه‌ که‌ له‌ کوردستاندا به‌ وه‌رزشه‌وه‌ خه‌ریکن ، قۆڵی کۆشش و هه‌وڵدانی لێهه‌ڵماڵن بۆ گه‌شه‌پێکردن و ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌م گیانه‌ له‌ ریزی رۆڵه‌کانی کوردستاندا .‌
گۆڤاری ( رزگاری ) یش * که‌ ئه‌رکی خه‌باتێکی مه‌زنی له‌هه‌موو کایه‌کانی ژیانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستاندا خستۆته‌ ئه‌ستۆی خۆی ، به‌ڵێن ده‌دا وه‌ک هۆیه‌کی کاریگه‌ر له‌م مه‌یدانه‌دا ده‌وری ئیجابی خۆی ببینێ و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی ، ئه‌و گیروگرفتانه‌ی رووبه‌ڕووی وه‌رزش ده‌بنه‌وه ، بخاته‌ روو و چاره‌سه‌ره‌کانیشی ده‌ستنیشان بکات و ، له‌سه‌ر ئه‌م رێبازه‌و به‌نیازی پێشخستنی وه‌رزش ده‌رگا بۆ هه‌موو نووسه‌رێکی وه‌رزشه‌وان بخاته‌ سه‌ر پشت .
ئه‌م وتاره‌م ( وه‌ک ئه‌ندامێکی ده‌سته‌ی نووسه‌ران ) به‌ ناوی گۆڤاری ( رزگاری) یه‌وه‌ بڵاوکرده‌وه‌
گۆڤاری ( رزگاری ) ژماره‌ ( 2 ) 27 ی نیسانی 1969

‌ پاراستنی سامانی شینایی له‌ کوردستاندا

لادێکانی کوردستان سه‌رباری هه‌موو دواکه‌وتنێکیان ، سه‌رباری نه‌خوێنده‌واری و نه‌خۆشی و هه‌ژاری ، سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌وساندنه‌وه‌ی بێئه‌ندازه‌ی ئاغاو خاوه‌ن موڵکه‌ گه‌وره‌کان به‌سه‌ر جووتیارانی هه‌ژاره‌وه‌و ، جگه‌ له‌و باره‌ ئاڵۆزاوو گیروگرفته‌ زۆروزه‌به‌ندانه‌ی مه‌سه‌له‌ی زه‌وی وزار ، له‌گه‌لێک رووی تره‌وه‌ بایه‌خیان پێنه‌دراوه‌ .
له‌و چه‌ند ساڵه‌دا که‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ جووتیارییه‌کانی کوردستان مه‌یدانی کاره‌ساته‌ توندوتیژه‌ خوێناوییه‌کان بوون ، باری کۆمه‌ڵایه‌تی لادێ و گوزه‌رانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ تێکچوون و هاتنه‌خواره‌وه‌دا بوو‌ ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ساتانه‌ رێگری بیرکردنه‌وه‌ بوون له‌و لایه‌نانه‌ی ‌ که‌ ئیمڕۆ پێویستییان به‌ بیرکردنه‌وه‌و چاره‌سه‌رکردن و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن هه‌یه‌ . چاره‌سه‌رنه‌کردنی ئه‌و جۆره‌ گیروگرفت و رووانه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی و باری لادێکان له‌و کاته‌دا ، تا راده‌یه‌ک رێگای پۆزش بۆ هێنانه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هۆیه‌کانی به‌جێن ، به‌ڵام مانه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه‌ بێت راست نییه‌و شوێنی خۆی ناگرێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی زۆر له‌و ناوچانه‌ بوارێکی فراوانیان هه‌یه‌ تا ده‌ستی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزارییان بۆ رابکێشرێت و مسته‌وای ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی به‌رزبکرێته‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی جووتیاران زامن بکرێت و ئه‌و ناوچانه‌ له‌ هه‌موو کایه‌یه‌کدا پێشبخرێن .
هه‌ر که‌سێک له‌ کوردستان ژیابێت ، یان هه‌ر له‌ دووریشه‌وه‌ جوگرافیای کوردستان شاره‌زابێت ، ئه‌و راستییه ده‌زانێت که‌ سه‌رانسه‌ری کوردستان شیناییه‌ ، دارو ده‌وه‌ن و چڕه‌داری به‌ردارو بێبه‌ره‌ ، هه‌مه‌جۆر کشتوکاڵی تێدابووه‌‌و ، به‌شێکی هه‌ره‌ گه‌وره‌و بایه‌خداری ئه‌م سامانه‌ دارو دره‌خت بووه‌ .ئه‌م دره‌ختانه‌ ، ئه‌وه‌ی سوودی لێوه‌رگیرابێ ، خه‌ڵکی به‌ته‌نگییه‌وه‌ هاتووه‌ ، له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ که‌ڵکیان لێوه‌رگرتووه ، چاندنی زیادکراوه‌و خه‌ڵکی له‌به‌رهه‌مه‌کان‌ی خواردووه . داره‌کانی تریش که‌ بێبه‌ر بوون له‌گه‌ڵ ده‌وه‌ن و شتی که‌دا بۆ سووته‌مه‌نی و گه‌لێک پێویستیی که‌ڵکی لێوه‌رگیراوه‌ .‌
ئه‌و کاتانه‌ی هێشتا رێگاوبان نه‌چووبووه‌ لادێکانی کوردستانه‌وه‌ ، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێویستیی ناوماڵ ، هه‌ر له‌ داڕه‌ڕای خانووه‌وه‌ تا سه‌ر هه‌ندێ که‌ل وپه‌لی ناوماڵ و خۆگه‌رمکردنه‌وه‌ له‌کاتی سه‌رماو سۆڵه‌ی زستاندا، خه‌ڵکی له‌ دارودره‌ختی ئه‌و که‌ژو کێوه‌ی بردووه‌و ویسته‌مه‌نییه‌کانی خۆی پێ جێبه‌جێ کردووه‌ .
کاتێک که‌ رێگاوبان نه‌بووه‌و ، شارستانێتی به‌ هیچ جۆرێک ده‌ستی بۆ ناو جه‌رگه‌ی ناوچه‌ جووتیارییه‌کان نه‌کێشابوو ، خه‌ڵکی هۆیه‌کی وایان نه‌بووه‌ که‌له‌جیاتی ئه‌وه‌ به‌کاریبهێنن ، بۆیه‌ ناچاربوون له‌ سامانی شینایی چیاو که‌ژو هه‌رده‌کان که‌ڵک وه‌رگرن . به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی رێگاوبان چووه‌ لادێ و چیا چڕه‌کان و ، به‌هۆی ئۆتۆمبیله‌وه‌ ده‌توانرا به‌ ئاسانی هاتوچۆی بۆ بکرێ ، داربڕین له‌وه‌ ده‌رچوو که‌ خه‌ڵکی دێهاته‌کان وه‌ک جاران ته‌نها بۆ خۆیانی ببڕن و چه‌ند سه‌د بارێکیشی به‌ وڵاخ بۆ شاره‌کان بنێرن ، به‌ڵکو خه‌ڵکی به‌ ئۆتۆمبیل که‌وته‌ کێشکردنی بۆ شاره‌کان ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ که‌س فرۆشتنی داریان کرده‌ پیشه‌و ، به‌ چه‌ندایه‌تییه‌کی ئێجگار زۆر بۆ شاره‌کانیان ده‌برد . ئه‌مه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چوونی ئۆتۆمبیل بۆ لادێ شارستانێتی له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت و ، له‌م رووه‌وه‌ چۆنایه‌تییه‌کی تری سووته‌مه‌نی – له‌جیاتی دار – بۆ خه‌ڵکی لادێکان به‌رێت تا له‌ بری داربڕین و رووته‌نکردنی که‌ژو گردو دۆڵه‌کان سووته‌مه‌نی نوێ به‌کاربهێنن که‌ باشترو به‌که‌ڵکتر بێت چ بۆ خۆیان و چ به‌ نیسبه‌ت پاراستنی سامانی شینایی له‌ لادێدا .
دیاره‌ ئه‌مه‌ی باسمان کرد یه‌کێکه له‌ رواڵه‌ته‌کانی سیاسه‌تی چه‌وتی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێراق که‌ ده‌ربه‌ستی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵی کورده‌واری نه‌هاتوون و به‌ته‌نگ کوردستانه‌وه‌ نه‌بوون و ، له‌ هیچ کایه‌یه‌کدا به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستانیان مه‌به‌ست نه‌بووه‌ .
ئیمڕۆ له‌ زۆر ناوچه‌ی کوردستاندا که‌ژو گردو ده‌شته‌کان له‌ ئه‌نجامی داربڕین به‌ڕووته‌نی ده‌بینرێ ؛ ئه‌و شوێنانه‌ش که‌ که‌مێک دارو ده‌وه‌نی پێوه‌ ماوه‌ مه‌ترسی بڕین و نه‌مانیان له‌سه‌ره‌و ، له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکی داهاتوودا وایلێدێت ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌نه‌مێنێ که‌ به‌شی پێویستیی خه‌ڵکی دێهاته‌کان خۆشیان بکات ؛ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر باری ژیانی خه‌ڵکی له‌ لادێدا هه‌ر له‌م باره‌دا رابوه‌ستێ و هیچ پێشکه‌وتنێکی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت ، تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌کی گه‌وره‌ ده‌بن . له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاراستنی سامانی شینایی له‌ کوردستانداو چاندنی زۆرو رواندنی دارو بایه‌خدان پێی ئه‌رکێکی گرنگه‌و له‌سه‌ر شانی هه‌موو‌ یه‌کێکه‌ .‌
خه‌ڵکی دێهاته‌کان – هه‌رچه‌نده‌ هۆیه‌کی تریان نییه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ویسته‌مه‌نییه‌کانیان که‌ جێگه‌ی دار بگرێته‌وه‌ – پێویسته‌ بیر له‌ پاشه‌ڕۆژی ئه‌و دارانه‌ بکه‌نه‌وه‌ ، له‌ کاتی بڕینی داردا ده‌ستیان له‌ بڕینی داری ته‌ڕ بپارێزن ، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانن و ماوه‌ هه‌یه‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌و دێهاتانه‌ی له‌سه‌ر رێگاوبانی ئۆتۆمبێلن ، بۆ سووته‌مه‌نی نه‌وت به‌کاربهێنن ، به‌هه‌میشه‌ییش خه‌ریکی رواندنی دار بن ( به‌ردارو بێبه‌ر ) بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی نیسبیش بێت جێگه‌ی هه‌ندێک له‌ دارو دره‌خته‌ بڕدراوه‌کان بگرێته‌وه‌ .
به‌نیسبه‌ت کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تیشه‌وه‌ ، بۆ دانانی سنوورێک بۆ داربڕین و رووته‌نکردنی ده‌شت و ده‌ر ، بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی سامانی شینایی ، پێویسته‌ ئه‌مکارانه‌ بکه‌ن :
1 – ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به‌ ( دائیره‌ی غابات ) بدرێت که‌ یاساکانی پاراستنی غابات به‌ باشی جێبه‌جێ بکات و ، پشتگیری ئه‌و ئیجرائاتانه‌ی بکرێت که‌ بۆ پاراستنی دارو ده‌وه‌ن له‌ بڕین وه‌ریده‌گرێ .
2 – هێنانی دار له‌ دێکانه‌وه‌ بۆ شاره‌کان قه‌ده‌غه‌ بکرێت ، جگه‌ له‌ هه‌ندێ باری تایبه‌تی وه‌ک هێنانی داری داڕه‌ڕاو و نیسبه‌تێکی دیاریکراو بۆ کاری دارتاشه‌کان
3 – رێگه‌ به‌ خه‌ڵکی لادێ بدرێت که‌ بێ هیچ کۆت و پێوه‌ندێک نه‌وت له‌ شاره‌کانه‌وه‌ به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌و ، چه‌ند مه‌رکه‌زێکی نه‌وت فرۆشتنی حکومی یان ئه‌هلی له‌ دێهاته‌کاندا دابنرێت .
4 – چاو به‌ یاساکانی پاراستنی غاباتدا بخشێنرێته‌وه‌ و ، سوود له‌ یاسای وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کان وه‌ربگیرێت ، بۆ دانانی یاسایه‌کی نوێ که‌ گه‌شه‌کردنی غابات مسۆگه‌ر بکات .
ئا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانین سامانی شینایی بپارێزین و وڵاته‌که‌مان که‌ڵکی لێوه‌گرێت چ له‌ڕووی جوانی دیمه‌نییه‌وه‌ و چ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ .
هه‌ڵگرتنی ئه‌م ئه‌رکه‌و ، جێبه‌جێکردنی ئه‌م خاڵانه‌ ، بانگه‌وازێکه‌ ، به‌ پیره‌وه‌ چوونی به‌ قازانج و فه‌ڕ بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و ، بۆ ئابووریی نیشتمانی به‌تایبه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .

گۆڤاری ( رزگاری ) ژماره‌ ( 12 ) 7 ی شوباتی 1970
تێبینی
ئه‌م وتاره‌ تایبه‌ته‌ به‌و سه‌رده‌مه‌ی تێیدا نوسراوه‌ ، بۆیه‌ لێره‌دا ده‌ستکارییه‌کی زۆرم کردووه‌ تا له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا بگونجێ و خوێنه‌ران سوودی لێوه‌رگرن ، ئه‌وه‌نده‌ی وتاره‌که‌ سوودی هه‌ڵگرتبێ ، به‌تایبه‌تی هێشتا دوای سیی وحه‌وت ساڵ له‌ نووسینی ئه‌و گیروگرفته له‌ کوردستاندا هه‌ر ماوه‌ . ( نووسه‌ر ) ‌

( گه‌نج ) و ( پیر ) لێکدانه‌وه‌ی ئایدیالیستانه‌یان بۆ ده‌کرێت !

ئه‌گه‌رچی منیش چه‌مکی ( گه‌نج ) و ( پیر ) به‌شێوه‌ باوه‌که‌ی به‌کارده‌هێنم و ، وه‌ک دوو چه‌مکی ئه‌بستراکت ( مجرد ) له‌ نووسینه‌کانمدا دێن ، به‌ڵام دیدو بۆچوونم بۆ ئه‌و دوو چه‌مکه‌ ‌ ، له‌و ‌شێوه‌ به‌کارهێنانه‌ باوه‌ جیاوازه‌ که‌له‌ئاستی فیکرو سیاسه‌تدا ، به‌ مه‌به‌ست یان بێمه‌به‌ست ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن ، ئه‌م حزب و ئه‌و حزب ، ئه‌م نووسه‌ر و ئه‌و ئه‌دیب به‌کاریان ده‌هێنن و ده‌یانه‌وێت گه‌نجه‌کانیش ئه‌مه‌یان له‌لا بچه‌سپێت و چوارچێوه‌یه‌کی رازاوه‌ به‌ ده‌وری خۆیاندا بکێشن . ئه‌م لێکدانه‌وه‌ ئایدیالیستییه‌ که‌ ( گه‌نج ) و ( پیر ) به‌ڕاوه‌ستاوی ده‌بینێت ، پشت به‌ پێگه‌ی کات ( زمن ) ده‌به‌ستێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ده‌روونناسه‌کان پۆلینی ته‌مه‌نیان کردووه‌ به‌چه‌ند قۆناغێکه‌وه‌و ، له‌ڕێی لێکۆڵینه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌کانیانه‌وه‌ خه‌سڵه‌تی هه‌ر قۆناغه‌و پێداویستییه‌کانی مرۆڤیان له‌و قۆناغه‌دا دیاریکردووه‌ .
بێگومان سوودوه‌رگرتن له‌و ئه‌نجامانه‌ی ئه‌م زانسته‌ ( ده‌روونناسی ) پێیگه‌یشتووه‌ کارێکی زۆر پێویسته‌ بۆ مامه‌ڵه‌کردنی مرۆڤه‌کان به‌پێی ته‌مه‌ن و ئه‌و قۆناغه‌ی تێیده‌په‌ڕێنن . ده‌بێت کۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ندروست بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ر تاکه‌که‌سێکی کۆمه‌ڵ ، له‌و ده‌ستکه‌وته زانستیانه‌ به‌هره‌مه‌ند بێت ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ چه‌ند ره‌هه‌ندێکی ئه‌م دوو چه‌مکه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت و گه‌نجه‌کانیش له‌ واقیعیبوونی ئه‌م ره‌هه‌ندانه‌ تێبگه‌یه‌نرێن ، تا چه‌واشه‌ نه‌بن و وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی جیاواز له‌ کۆمه‌ڵدا و دوور له‌ واقیع بۆ خۆیان نه‌ڕوانن ، بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ر لایه‌نێک یان هه‌ر حزبێک یان نووسینی هه‌ر نووسه‌رێکی ناوبانگخواز نه‌توانێت فریویان بدات و به‌لاڕێدا مه‌ڕ ئاسا پێشخۆیانیان بده‌ن.
لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ سێ ره‌هه‌ند ده‌که‌م و سه‌رنجی گه‌نجانی بۆ راده‌کێشم :
1 ) گه‌نج چه‌مکێکی ئه‌بستراکت نییه‌ . راسته‌ قۆناغێکی ته‌مه‌نی مرۆڤه‌ ، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا ( گه‌نج ) به‌ده‌ر له‌ ئینتیمای چینایه‌تی نییه‌ . واته‌ هه‌میشه‌ ( گه‌نج ) کائینێکی چینایه‌تییه‌و ناسنامه‌یه‌کی چینایه‌تی دیاریکراوی هه‌یه‌ . هیچ گه‌نجێک له‌ده‌ره‌وه‌ی چینه‌کان یان له‌ سه‌رووی چینه‌کانه‌وه‌ نییه‌ .
مرۆڤ له‌هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بێت ، جا ئیتر چه‌مکی ( گه‌نج ) یان ( پیر ) بیگرێته‌وه‌ ، به‌پێی شوێن و جێوڕێی له‌ سیستمی به‌رهه‌مهێناندا، ‌ ئه‌ندامی یه‌کێک له‌ چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر ( گه‌نج ) ێک یان هه‌ر ( پیر ) ێک سه‌ر به‌ چینێکی دیاریکراوه‌ وه‌ک چینه‌کانی : ( کرێکاران ، جووتیاران ، ورده‌بۆرژوازی ، بۆرژوازی ، ده‌ره‌به‌گ … هتد).
له‌ڕاستیدا هه‌ندێ خولیاو کێشه‌ی تایبه‌تی هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ قۆناغی گه‌نجێتییه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌نێو گه‌نجاندا ناوکۆییه‌ ، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی و شێوازی ژیانی گه‌نجێکی کرێکار و گه‌نجێکی جووتیارو گه‌نجێکی رۆشنبیری ورده‌بۆرژوازی و گه‌نجێکی بۆرژوازیی سه‌رمایه‌دار له‌ یه‌کتری جیاوازن و ناتوانرێت یه‌ک سیفه‌ت و ره‌هه‌ندی ئه‌بستراکتیان وه‌ک چه‌مکی ( گه‌نج ) ی بێ سه‌روسیمای چینایه‌تی پێبدرێ . ئه‌م راستییه‌ بۆ چه‌مکی مرۆڤه‌ ( پیر ) ه‌کانیش هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌ .
2 ) هه‌ر له‌سه‌ره‌تای په‌یدابوونی فیکره‌وه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا و ، به‌درێژایی چه‌ند هه‌زار ساڵ ململانێی فه‌لسه‌فی له‌م مێژووه‌دا ، هه‌میشه‌ ململانێ له‌ نێوان فیکری نوێ و فیکری کۆندا هه‌بووه‌ ، به‌ڵام هه‌رگیز فیکری مرۆڤ به‌سه‌ر ئایدیای ( گه‌نج ) و ئایدیای ( پیر ) دا دابه‌ش نه‌بووه‌ . ئایدیایه‌کی تایبه‌تی نه‌بووه‌ ته‌نها بۆ ( گه‌نج ) بێت و ئایدیایه‌کی دیکه‌ش ته‌نها بۆ ( پیر ) بێت . له‌سه‌رێکی دیکه‌وه‌ گه‌نجێتی و پیرێتی فیکریش به‌ حسابی ( گه‌نج ) ی و ( پیر ) ی خاوه‌ن و پێره‌وانی نه‌بووه‌ . گه‌نجێتی فیکر له‌ زیندوومانه‌وه‌ی و کارابوونی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌ کێشه‌کانی سه‌رده‌مه‌که‌یه‌وه‌‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ ، پیرێتیشی له‌وه‌دا خۆینواندووه‌ که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی مێژووه‌وه‌ بووبێت و ته‌عبیری له‌ داواو خواسته‌کانی چینه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی کۆمه‌ڵ کردبێت . له‌مێژووی به‌شه‌رییه‌تدا زۆر فیکرو ئایدیا هه‌بوون که‌ ئیمڕۆش هێشتا هه‌ر گه‌نجن ، له‌ ئیمڕۆشدا ، له‌م سه‌رده‌مه‌ی زانست و ته‌کنۆلۆژیایه‌دا ، زۆر ئایدیاو تیۆری تازه‌کووره‌ش‌ هه‌ن بۆگه‌نیان لێدێت و ته‌عبیر له‌ چینه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن و دژ به‌ ره‌وتی ئاسایی مێژوو راده‌وه‌ستن و له‌ که‌نار سیستمی گه‌نده‌ڵی سه‌رمایه‌داریدا سه‌نگه‌ریان لێداوه‌ . ئه‌م ئایدیا گه‌نجانه‌یه‌ وه‌ک ته‌مه‌ن ، پیر وه‌ک فیکرو ئاڕاسته‌و بۆچوون ، نموونه‌یان له‌ ئاستی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه ، یان بڵێین له‌ ئاستی جیهانی و نێوخۆییدا هه‌یه‌ . ده‌بێت گه‌نجان له‌به‌ر تیشکی ئه‌م راستییه‌دا به‌باشی له‌ ئایدیاکان بکۆڵنه‌وه‌و تێیانبگه‌ن و به‌ پێی پێوه‌ره‌ پێشکه‌وتووه‌کان حوکمی گه‌نجێتی و پیرییان به‌سه‌ردا بده‌ن نه‌ک به‌پێی ته‌مه‌نی خاوه‌ن و نووسه‌ره‌کانیان.
3 ) ره‌هه‌ندی سێیه‌م په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ . ئه‌مڕۆ له‌سه‌روبه‌ندی باڵاده‌ستیی سیستمی جیهانیی سه‌رمایه‌ی جیهانگیرداو له‌ ئاکامی هه‌ره‌سی ده‌وڵه‌ته‌ سۆسیال بۆرژواکانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات و نائومێدییه‌کی جیهانی و خۆماڵیی سه‌باره‌ت به‌ کاری سیاسی و حزبی ، ماشێنه‌کانی کاولکاریی فیکری به‌ پاڵپشتی راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆی ده‌سگاکانی سه‌رمایه‌داری که‌وتوونه‌ته‌گه‌ڕ . یه‌کێک له‌و توێژه‌ فراوانه‌ی کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر دواڕۆژی جیهان هه‌یه‌ گه‌نجانن که‌ به‌چڕوپڕی ئه‌م سیاسه‌تی کاولکردنه‌ فیکرییه‌یان ئاڕاسته‌ ده‌کرێت . میرزاکانی فیکری بۆرژوازی له‌ڕێی نووسینه‌کانیانه‌وه‌ و ، به‌سوودوه‌رگرتن له‌ هۆیه‌کانی گه‌یاندنی هاوچه‌رخ و ئه‌و شۆڕشه‌ زانیارییه‌ی جیهانی گرتۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌یانه‌وێت گه‌نجان له‌ فیکرو سیاسه‌ت دووربخه‌نه‌وه‌ . ئه‌م ماشێنه‌ له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهاندا له‌کاردایه‌و له‌هه‌ر شوێنه‌ به‌ پێی بارودۆخی ئه‌و شوێنه‌ ژه‌هره‌کانی خۆیان ده‌ڕێژن و گه‌نجان ده‌که‌نه‌ ‌ قوربانیی سیاسه‌ته‌کانیان .
له‌ڕاستیدا سیاسه‌تی ئاڕاسته‌کردنی گه‌نجان بۆ هه‌ڵوێستی هیچگه‌رایی و گاڵته‌هاتن به‌ هه‌موو نه‌رێته‌ باشه‌کان و رکلێبوونه‌وه‌ی نیشتمان و گه‌ل و ژیانی نێو کۆمه‌ڵگه‌که‌یان و ، هه‌ڵوێستی سه‌لبی له‌ کاری سیاسی و حزبی و ، ده‌ربه‌ستنه‌بوونی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌و ململانێ چینایه‌تییه‌کان له‌ ئاستی نیشتمانی و جیهانیدا ، هه‌وڵێکه‌ بۆ شێواندنی که‌سایه‌تیی گه‌نجان و سه‌پاندنی پیربوونێکی ده‌موده‌سته‌ به‌سه‌ریاندا .
ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی بریکاری سه‌قافه‌تی لیبراڵی سه‌رمایه‌دارین ، به‌و ئاڕاسته‌کردنانه‌یان ، وزه‌یه‌کی گه‌رمی له‌بننه‌هاتووی کۆمه‌ڵ ساردده‌که‌نه‌وه‌و مه‌یدانی خه‌بات و کاری ئیجابی و هه‌رچی نه‌رێتی باشه‌ له‌ گه‌نجان زه‌وتده‌که‌ن و خوێنی گه‌رمی جه‌سته‌و فیکری زیندووی روو له‌ گه‌شه‌کردنیان ژه‌هراوی ده‌که‌ن و به‌مه‌ش جه‌زره‌به‌یه‌کی کاریگه‌ر له‌ ژیانیان ده‌ده‌ن و هه‌ر به‌ گه‌نجێتی ده‌یانمرێنن .

گه‌نجان و نائومێدیی

گه‌نجان ئه‌و گه‌نجینه‌ هه‌میشه‌ییه‌ن که‌ به‌رده‌وامیی به‌ ژیانی کۆمه‌ڵ ده‌به‌خشن . کۆمه‌ڵگاکان ، نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ ، ئه‌رکی گشت لایه‌نه‌کانی ژیانیان له‌ ئه‌ستۆی گه‌نجه‌کانیان داده‌نێن . ئه‌مه‌ واقیعێکی ژیانی مرۆڤه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا . زیندوویه‌تی و کارایی کۆمه‌ڵگاکان به‌ زیندوویی و کارایی گه‌نجانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ ، بۆیه‌ به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی پرسی گه‌نجان ، وه‌ک یه‌کێک له‌ پڕبایه‌خترین پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگا ، رۆڵی کاریگه‌ری له‌سه‌ر چالاکی و هه‌ڵسووڕانی ماندوونه‌ناسانه‌ی گه‌نجان هه‌یه‌ . بڕوای گه‌نجان به‌ رۆڵی ئه‌کتیڤانه‌ی خۆیان و ئاڕاسته‌کردنی دروستی تواناکانیان ، دوو لایه‌نن هاوکێشه‌یه‌ک پێکده‌هێنن که‌ هه‌ر یه‌که‌یان ئه‌ویدیکه‌یان ته‌واو ده‌کات و ، هه‌ردوو لایه‌نیش کۆمه‌ڵ لێیان به‌رپرسیاره‌ .
ئه‌و کاته‌ گه‌نجان بڕوایان به‌ خۆیان ده‌بێت و ده‌توانن ته‌واوی تواناکانیان بخه‌نه‌گه‌ڕو رۆڵی ئه‌کتیڤانه‌ی خۆیان ببینن ، که‌ گه‌وره‌ ئه‌زموونداره‌کان به‌ته‌نگیانه‌وه‌ بێن و گیروگرفته‌کانیان بۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن ، ژیانێکی ئاسووده‌و سه‌ربه‌رزو مرۆڤانه‌یان بۆ بڕه‌خسێنن ؛ له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌ ، ئاڕاسته‌یه‌کی دروستی دوور له‌ خۆشخه‌یاڵیی بکرێن و واقیعیان وه‌کو خۆی پێبناسێنن ، راستگۆیانه ئه‌رکه‌کانیان به‌رامبه‌ر واقیعه‌که‌و رۆڵیان له‌ گۆڕانکاری و یه‌کبینه‌یی ژیانی کۆمه‌ڵگا ‌ دیاریبکه‌ن . به‌هیچ کلۆجێک په‌نا بۆ فریودان و چاوبه‌ستکردنیان نه‌به‌ن و ، بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تیی ( خێڵ و عه‌شره‌ت و حزب و حکومه‌ت و …هتد ) به‌کاریاننه‌هێنن .
گه‌نجان ئه‌و خوێنه‌ گه‌شه‌ن که‌ پێویسته‌ له‌هیچ بارودۆخێکدا گه‌مه‌ به‌ هه‌ست و سۆزه‌کانیان نه‌کرێت و ئه‌و خوێنه‌ گه‌رمه‌یان له‌ پیسبوون و ساردبوونه‌وه‌ بپارێزرێت . نابێت دیماگوگیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت و به‌ خراپی سوود له‌ که‌م ئه‌زموونییان وه‌ربگیرێت .
حزبه‌کان ، رێکخراوه‌کان ، لیسته‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر په‌ڕله‌مان و ئه‌نجوومه‌نێکی دیکه‌دا ، ده‌بێت به‌رنامه‌ی واقیعی و گونجاویان بۆ ئه‌م توێژه‌ فراوانه‌ی کۆمه‌ڵ هه‌بێت ، به‌رنامه‌یه‌ک که‌ له‌ توانادابێت به‌ ئیمکانییه‌تی ئه‌و کاته‌ی کۆمه‌ڵگا به‌دیبهێنرێت .
به‌گشتی گه‌نجان به‌ قۆناغێکی ناسکی ته‌مه‌نیاندا تێده‌په‌ڕن . له‌م ته‌مه‌نه‌دا ، له‌نێوان یاخیبوون و رێزی گه‌وره‌کان و که‌س و بابه‌ته‌ کاریزمییه‌کاندا ، هه‌میشه‌ ئه‌وپه‌ڕی راست یان چه‌پ ده‌گرن و به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵوێستێکی میانه‌ڕه‌ویان ده‌بێت ، بۆیه‌ که‌شی ده‌روونییان ئاماده‌یه‌ بۆ کارتێکردن و ده‌توانرێت بۆ ئه‌جنده‌ تایبه‌تییه‌کان ئیستیغلال بکرێن و له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی حزب و حکومه‌ت و خێڵ و خزمایه‌تی و …هتددا ( توهم ) یان پێبدرێت ، یان سنووری ماف و ئه‌رکیان له‌ چه‌ند خاڵێکدا ته‌نگ بکرێته‌وه‌و ، ئه‌رکه‌ به‌رفراوانه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان لێبشاردرێته‌وه‌ ، یان لانی که‌م ئه‌و ئه‌رکانه‌یان له‌لا سووک و که‌مبایه‌خ بکرێت .
ماف و ئه‌رکی گه‌نجان له‌ کۆمه‌ڵدا مه‌ودایه‌کی فراوانی هه‌یه‌ و له‌چه‌ند داوایه‌کی کورتبینانه‌دا کۆتایینایه‌ت ، چونکه‌ به‌هره‌داربوونیان له‌ مافه‌کانیان و رێگای گونجاو بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانیان ، به‌ باری گشتی کۆمه‌ڵگاوه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوولایه‌نه‌ به‌ یه‌کگرتوویی نه‌بینن و له‌به‌ر تیشکی ئه‌و واقیعه‌دا هه‌ڵسوکه‌وت نه‌که‌ن ، ئه‌وا زوو یان دره‌نگ له‌به‌رده‌م گرفته‌ گه‌وره‌کان و ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ی دێنه‌ سه‌ره‌ڕێی به‌دیهێنانی مافه‌کانیان ، تووشی شۆک ده‌بن و سه‌ره‌نجام بێده‌ربه‌ستی و نائومێدی و هیچگه‌راییان له‌لا دروست ده‌بێت و ، ئیتر نرخ بۆ هیچ نه‌ریت و به‌هایه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دانانێن . هه‌ر کاتێکیش به‌م حاڵه‌ته‌ گه‌یشتن ، زۆر ئاساییه‌ هه‌ڵوێستی دژ به‌ کۆمه‌ڵگاو دژ به‌ نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ باشه‌کان و دژ به‌ دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگا ، هه‌ر له‌ خێزانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و حزبه‌کان و پرنسیپه‌ جیاجیاکانی فیکرو سیاسه‌ت و …هتد ، وه‌ربگرن ، ئه‌مه‌ش وه‌هایان لێبکات گیرۆده‌ی مادده‌ بێهۆشکه‌ره‌کان ببن و له‌ زه‌لکاوی بێزراوترین ره‌وشت و ره‌فتاردا نقوم بن ، یان سه‌ری خۆیان هه‌ڵبگرن و وڵات و که‌سوکارو گه‌له‌که‌یان به‌جێبهێڵن و روو له‌ دواڕۆژێکی نادیار بکه‌ن .

ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی ئایدیالیستی و ریالیستی
له‌ کاری کارگێڕیدا

شێوه‌ی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ ده‌روبه‌ره‌که‌یه‌وه‌ ، لایه‌نێکی چالاکیی ژیانه‌ . په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ له‌ناو خێزاندا ، له‌شوێنی کاردا ، له‌ په‌یوه‌ندی به‌ربڵاوی نێو کۆمه‌ڵدا ، به‌شیکی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ره‌وتی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکده‌هێنێت . له‌م په‌یوه‌ندییانه‌دا ، ته‌بایی و ناته‌بایی ، گونجان و نه‌گونجان ، رێکی و ناڕێکی ، وه‌ک دیارده‌یه‌ک ئاسایین و رۆژانه‌ رووده‌ده‌ن . ره‌وتی ئاسایی ژیانی مرۆڤه‌کان یه‌کبینه‌ به‌م پڕۆسه‌ ئاڵۆزو ناکۆکه‌دا ده‌ڕوات ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ به‌ره‌وڕووی گیروگرفته‌کان ده‌بێته‌وه‌و به‌ ناچاریی ده‌بێت بکه‌وێته‌ به‌رده‌م هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رکردنێکی دروست بۆ ئه‌و گرفتانه‌ی له‌و دیاردانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و سه‌ره‌ڕێی ره‌وته‌ ئاساییه‌که‌ی لێده‌گرن .
مرۆڤ هه‌موو کاتێک هه‌ڵه‌و که‌موکووڕییه‌کانی خۆی نابینێ ، یان هه‌ستیان پێناکات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌که‌ هۆکارێکی گرنگه‌ بۆ ناسینی خود کاتێک له‌وێوه‌ ، له‌ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌که‌وه‌ ، ده‌ستنیشانی که‌موکورتییه‌کانی ده‌کرێت و سه‌رنجی بۆ راده‌کێشرێت .
کاتێک سه‌رنجمان راده‌کێشن و پاڵه‌په‌ستۆ له‌ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و ناخی هۆشمان هوروژم دێنێت ، هه‌ڵوێستێک وه‌رده‌گرین . وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و کارلێکه‌ ده‌روونییه‌ی هوروژمه‌ ده‌ره‌کییه‌که‌ دروستیده‌کات یه‌کێک له‌م رێگایانه‌ ده‌گرێته‌به‌ر : یان به‌پیر ئه‌و ره‌خنانه‌وه‌ ده‌چین و به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌رکردنی بۆ داده‌نێین ، یان له‌سه‌ر نه‌رێتی باوی کۆمه‌ڵی خێڵه‌کی و عه‌شایه‌ری ، به‌ مێشکێکی له‌خۆڕازی و تیره‌گه‌رییانه‌وه ‌له‌سه‌ر هه‌ڵه‌کان سوورده‌بین و ته‌نهاو ته‌نهاخۆمان به‌ڕاست ده‌زانین و ، هه‌رچی سه‌رنج و راو ئامۆژگارییه‌ک له‌کایه‌دابێت ره‌تیده‌که‌ینه‌وه‌ .
له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراودا که‌ هه‌لومه‌رجی ئازادی له‌گۆڕێدا نه‌بێت و هه‌رکه‌سه‌ بۆ خۆی و به‌ته‌نها بڕیاری ره‌فتاری خۆی بدات و هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت ، ئه‌و هه‌ڵوێست و بڕیاره‌ پابه‌ندی رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی و کاریگه‌رێتی سیستمه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ ده‌بێت ، به‌پێی ئه‌و رۆڵه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش که‌ هه‌رکه‌سه‌ بۆخۆی ده‌ستنیشانیکردووه‌ ، کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر سه‌رنج و ره‌خنه‌کان ده‌رده‌بڕێت . که‌سێک نییه‌ له‌ هه‌موو ماوه‌ جیاجیاکانی ژیانیدا ئه‌م هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه ده‌سته‌ویه‌خه‌ی نه‌بووبێت و رێگایه‌کی بۆخۆی هه‌ڵنه‌بژاردبێ .
ئه‌و تاکه‌که‌سانه‌ی بڕوایان به‌وه‌ هه‌بێت که‌ کاره‌کانیان ، ره‌فتاره‌کانیان ، بیروبۆچوونیان ، ده‌بێت له‌ خزمه‌تی خه‌ڵکیدا بێت ، به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیانی ده‌زانن گوێ بۆ خه‌ڵکی شلبکه‌ن و ، رێز له‌ بیروڕای ئه‌و که‌سانه‌ بگرن که‌ پێکه‌وه‌ ، له‌ شوێنێک ، له‌ سنووری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ناوکۆییدا ده‌ژین ، تا شێوازی کارو ره‌فتاریان له‌به‌ر تیشکی ئه‌و بیروڕایه‌ی خه‌ڵکیدا دابڕێژنه‌وه‌و هه‌میشه‌ گۆڕانکاریی له‌ شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و ئاستی کاره‌کانیاندا بکه‌ن .
ره‌خنه‌ی خه‌ڵکی هه‌میشه‌ سوودبه‌خشه‌ ، جا ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ راستیی پێکابێت یان بۆچوونی هه‌ڵه‌و تێگه‌یشتنی ئاوه‌ژوو و تێڕوانینی سه‌رپێیی تێدا بێت . له‌هه‌ردوو باردا ، مرۆڤ ده‌توانێت سوود له‌ ره‌خنه‌کان وه‌ربگرێت . کاردانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیش به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی لێیده‌گرن له‌ یه‌کێکی دیکه‌ جیاوازه‌ . سه‌رکه‌وتن و به‌پیره‌وه‌چوونی ره‌خنه‌که‌ش به‌نده‌ به‌و شێوه‌ کاردانه‌وه‌یه‌وه‌ ، چاره‌سه‌رکردنه‌که‌ش هه‌ر به‌و پێیه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ چۆنیه‌تی ئه‌ورێبازه‌ی ره‌خنه‌لێگیراو له‌سه‌ریده‌ڕوات .
لێره‌دا باسه‌که‌ له‌ دینامیزمی کاری کارگێڕیی فه‌رمانگه‌یه‌کدا چڕده‌که‌مه‌وه‌ که‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌بێت ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی سیستمی سیاسی له‌ده‌ستی هه‌ر هێزو لایه‌ن و گرووپێکدا بێت ، یان فه‌رمانبه‌ر نه‌یاری سیستمه‌که‌‌ یان لایه‌نگیری بێت .
ئه‌و که‌سانه‌ی فه‌رمانگه‌یه‌ک کۆیانده‌کاته‌وه‌ ، له‌ڕووی کارگێڕییه‌وه‌ پله‌ی جیاجیایان هه‌یه‌ . زنجیره‌ی به‌رپرسیارێتیش له‌به‌رپرسی یه‌که‌مه‌وه‌ تا کارمه‌ندو کرێکاره‌کان جۆرێک له‌ په‌یوه‌ندی ستوونی پێکده‌هێنێت . ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ شێوه‌یه‌کی ره‌سمی وه‌رده‌گرێت و له‌و سنووره‌دا ، فه‌رمان و جێبه‌جێکردن و لێپرسینه‌وه‌و به‌دواداچوون له‌ نێوان ئاستی سه‌ره‌وه‌و ئاستی خواره‌وه‌دا ده‌بێت . به‌ڵام جگه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ستوونییه‌ ، شیوه‌یه‌کی دیکه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی ئاسۆیی له‌ نێوان کارمه‌نده‌کانی یه‌ک پله‌دا پێکدێت و ، کارلێکی ئه‌مان له‌گه‌ڵ کاره‌که‌و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونیدا ، رۆڵی خۆی له‌ چۆنیه‌تی راپه‌ڕاندنی کارو خزمه‌تی خه‌ڵکیدا ده‌بینێت . له‌نێوان ئه‌م توێژه‌دا که‌ په‌یوه‌ندی ئاسۆیی پێکده‌هێنن ، که‌متر شیوازی ره‌سمی کاریگه‌رێتی به‌سه‌ریانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی جیهانبینی و باری سه‌رنجی تایبه‌تی هه‌ریه‌کێکیان ، کاردانه‌وه‌یان ، هه‌ڵوێستیان له‌ کارو ، له‌ خه‌ڵکێک که‌ ئیشیان تێیانده‌که‌وێت وه‌ر‌ده‌گرن ، که‌ له‌ شێوه‌ی باوی خۆیدا به‌هه‌ڵوێستی ئایدیالیستی و هه‌ڵوێستی ریالیستی پێناسه‌ ده‌کرێن . واته‌ له‌نێو ئه‌و کارمه‌ندانه‌ی په‌یوه‌ندیی ئاسۆیی کار پێکه‌وه‌ گرێیانده‌دا ، دوو بیرکردنه‌وه‌و دوو هه‌ڵوێست سه‌رهه‌ڵده‌دات : یه‌کێکیان ئایدیالیستانه‌و‌ خودیانه‌و‌ ته‌سکبینانه‌یه‌ ، ئه‌ویدیکه‌یان ریالیستانه‌و بابه‌تیانه‌و فراوانبینانه‌یه‌ . ده‌شێت له‌م دوو لایه‌نه‌ی جیهانبینیدا ، له‌ سه‌ره‌تای کاردا ، لایه‌نێکیان زاڵبێت که‌ زێتر لایه‌نی ریالیستانه‌یه‌ ، به‌ڵام له‌ قۆناغێکی دیکه‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردادێت وئاستی راپه‌ڕاندنی کاره‌کان ده‌که‌وێته‌ نێو بازنه‌کانی چالاکی و دیده‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ . ‌
یه‌کێک له‌و دیاردانه‌ی هه‌تا راده‌یه‌ک گشتێتی هه‌یه‌ ، چالاکی و هه‌ڵسوکه‌وتی دڵسۆزانه‌و سه‌ر‌گه‌رمیی و پاکی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی کارو خزمه‌تی خه‌ڵکییه‌ که‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک یان کرێکاری فه‌رمانگه‌یه‌ک ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دیدێکی سیاسی – کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رچاوڕوونیان ده‌رباره‌ی رۆڵی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵدا هه‌یه‌ ، له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربوونیان و بۆ ماوه‌یه‌ک په‌یڕه‌ویده‌که‌ن ؛ به‌ڵام ئه‌م بیرکردنه‌وه‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌سایه‌ی کارگێڕییه‌کی گه‌نده‌ڵدا جه‌زره‌به‌ی به‌رده‌که‌وێت ، به‌ده‌گمه‌ن و تاکوته‌رایه‌ک نه‌بێت ، کارمه‌نده‌کانی دیکه‌ به‌ره‌و بیرو هه‌ڵوێستی ئایدیالیستی و خودیانه‌ هه‌ڵده‌خزێن : ئاستی کاره‌کانیان به‌ره‌ به‌ره‌ به‌دوادادێت ، سه‌رگه‌رمییان بۆ کاره‌کان به‌ره‌و ساردبوونه‌وه‌ ده‌چێت ، به‌نابه‌دڵی و به‌گیانی له‌کۆڵخۆکردنه‌وه‌وه‌ کاره‌کان ئه‌نجامده‌ده‌ن و ، رێژه‌ی گازانده‌و پرته‌وبۆڵه‌و ناڕه‌زایه‌تیان له‌ کاره‌کان به‌ره‌و هه‌ڵچوون ده‌چێت . واته‌ هه‌نگاو هه‌نگاو شوێنه‌ ریالیستییه‌که‌یان چۆڵده‌که‌ن و به‌ره‌و شوێنه‌ ئایدیالیستێکه‌ ده‌گوێزنه‌وه ، به‌وه‌ش له‌ خزمه‌تی خه‌ڵک ده‌کشێنه‌وه‌و ته‌نها رۆژ ده‌ژمێرن و کات به‌سه‌رده‌به‌ن ؛ ئه‌مه‌ش گه‌نده‌ڵیی زێتر که‌ڵه‌که‌ ده‌کات و به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌رکی چاکسازیی کارگێڕیی گرانتر ده‌بێت . ئه‌وانه‌ که‌ بارودۆخی گه‌نده‌ڵی ئه‌م گۆڕانه‌یان به‌سه‌رده‌هێنێ ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجیان بۆ گۆڕانه‌که‌یان رابکێشی و کاریگه‌ریی نه‌رێیانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان له‌ کار نیشان بده‌یت ، به‌ ئایدیالیستت له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و هه‌ڵوێسته‌که‌ی خۆیان وه‌ها شیده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ریالیستانه‌یه‌و له‌گه‌ڵ واقیعی بارودۆخه‌که‌و فه‌رمانگه‌کان و سیستمی فه‌رمانڕه‌واییدا ده‌گونجێ .‌
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆ کارمه‌ندێکی مولته‌زیم به‌ خزمه‌تی خه‌ڵکیی – به‌ده‌ر له‌ چۆنایه‌تیی سیستمی سیاسی – ده‌بێت چ هه‌ڵوێستێک وه‌ربگرێت ؟ ئایا ئه‌ویش خۆی به‌ده‌م شه‌پۆلی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ بدات ؟ له‌ ئاستی گه‌نده‌ڵییه‌ک که‌ هه‌یه‌ ده‌سته‌وسان دابنیشێ ؟ له‌ ئاستی هاوپیشه‌ یان هاوکاره‌کانی بێده‌نگ بێت و رێگه‌یان بدات به‌شداریی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ بکه‌ن ؟ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ، له‌ سنووری تواناکانیدا به‌رهه‌ڵستی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ بکات و هاوکاره‌کانی به‌ره‌و رێگا راسته‌که‌ ئاڕاسته‌بکات .
له‌ڕاستیدا هه‌ڵوێستی ریالیستانه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت که‌ گه‌نده‌ڵی به‌ حاڵه‌تێکی دژ به‌ خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌زانێت ، بۆیه‌ ده‌بێت‌ له‌ پێناوی خه‌ڵکدا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی هه‌ڵوێستێکی نوێ و بنیاتنانی له‌نێو کارمه‌نده‌کاندا بدرێت . بنیاتنانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ په‌یوه‌ستبوون ده‌خوازێت به‌ بیرکرنه‌وه‌و ره‌فتاری ریالیستانه‌وه‌ ، تا دیدو بۆچوون له‌ بواری ته‌سکی کارێکی دیاریکراوی فه‌رمانبه‌رییه‌وه‌ بۆ جیهانی فراوان و دنیای خه‌ڵکیی بگوازرێته‌وه‌ . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رێبازێکی هه‌میشه‌یی دروست هه‌یه‌ ، ئه‌ویش شیکردنه‌وه‌ی کاره‌که‌یه‌ ، ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و خاڵانه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ حکومه‌ت و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌یه ، له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌ڵک و کاری رێک و راستو پاکه‌وه‌ هه‌یه‌ . له‌م شیکردنه‌وه‌یه‌دا ، له‌نێو ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ناکۆکه‌دا ، ده‌بێت سه‌ره‌تا لایه‌نی سه‌ره‌کیی نێوان ئه‌و دوو دژه‌ دیاریبکرێت و ، هه‌وڵی راکێشانی کارمه‌نده‌کان یان که‌سی مه‌به‌ست بۆ تێگه‌یشتن و قه‌ناعه‌ت به‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ ، که‌ خه‌ڵک و راستی و پاکی و دڵسۆزی و کاری خزمه‌تگوزارییه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر ، بدرێت . هه‌ڵوێستی ریالیستی له‌ کار لێره‌وه‌ ده‌ستپیده‌کات . له‌به‌ر ئه‌وه ،‌ له‌ سنووری راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌شداریکردنی کاری گه‌نده‌ڵیی ، هه‌ندێ پێداویستیی سه‌ره‌کیی کار هه‌یه‌ ده‌بێت ره‌چاوبکرێن و کارمه‌نده‌ دڵساردبووه‌کانی لێئاگادار بکرێت و بۆ جێبه‌جێکردنیان هانبدرێن ، له‌وانه‌ :
1 ) ئاماده‌بوون بۆ شوێنی کار له‌ کاتی دیاریکراوی خۆیدا دوانه‌که‌وتن به‌بێ هۆو کۆسپێکی به‌جی .
2 ) راپه‌ڕاندنی هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ به‌پێی کاتی دانراو بۆ مانه‌وه‌و ، هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێکردنی رۆژانه‌ی کاره‌کان و دوانه‌خستنی بۆ رۆژی داهاتوو .
3 ) راپه‌ڕاندنی هه‌ندێ کاری دیکه‌ له‌ بواری یارمه‌تیدانی فه‌رمانبه‌رانی هاوکاردا بێ گوێدانه‌ پێزانین و بێده‌نگییان . دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ کاریگه‌رێتی ده‌بێت و بارودۆخێکی نوێ له‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان فه‌رمانبه‌ره‌کاندا دێنێته‌کایه‌وه‌ودڵساردی که‌م و که‌مترده‌کاته‌وه‌ .
4 ) یارمه‌تیدانی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێکی نوێ که‌ بۆ یه‌که‌م جار داده‌مه‌زرێ یان به‌ گواستنه‌وه‌ دێت ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت شاره‌زایی له‌ کاره‌کاندا په‌یدابکات و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌و کارانه‌ی بۆی دیاریکراوه‌ ئه‌نجام بدات .
5 ) به‌دواداچوونی رۆژانه‌ی سه‌رجه‌می کاره‌کان و راپه‌ڕاندنی ئه‌و کارانه‌ی دواکه‌وتوون .
ئه‌م خاڵانه‌و چه‌ندین خاڵی دیکه‌ بنه‌مای کارێکی واقیعین که‌ ده‌ڕژێنه‌ نێو به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکییه‌وه‌ ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واکان کێن .
کارمه‌ندان ( فه‌رمانبه‌ران ) . له‌هه‌ر شوێنێکدا کاربکه‌ن ، وه‌ک جه‌ڕی نێو ماشێنێکی ئێجگار گه‌وره‌ن . ئه‌مه‌ راستییه‌که‌ ناشاردرێته‌وه‌و ، کاره‌که‌یان له‌ خزمه‌تی سیاسه‌تی گشتی فه‌رمانگه‌که‌یاندا ده‌بێت . ئه‌وان بیانه‌وێت یان نه‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان له‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدان . هه‌روه‌ک چۆن کرێکارێک ناچاره‌ بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و خێزانه‌که‌ی هێزی کاری خۆی بفرۆشی به‌ سه‌رمایه‌داره‌کان یان به‌ ده‌وڵه‌ت ، فه‌رمانبه‌ریش وزه‌و تواناو شاره‌زایی خۆی به‌چه‌ند پوولێک ده‌فرۆشێت به‌ ده‌وڵه‌ت تا بژێوی خۆی و خێزانه‌که‌ی دابینبکات . ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ کارکردن ، به‌تایبه‌تی له‌ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کاندا زه‌قێتی چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکارانی پێوه‌ دیارنییه ، له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌ جه‌مسه‌رێکی په‌یوه‌ندیی به‌ خه‌ڵکییه‌وه‌ هه‌یه‌ ، واتا به‌شێکی زۆری ئه‌م کاره‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی خه‌ڵکییه‌وه‌ هه‌یه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌شێت لایه‌نێکی گرنگی توانای فه‌رمانبه‌ر بخرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵکه‌وه‌ . ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌بێته‌ محه‌کی دڵسۆزی و راستگۆیی کارمه‌نده‌که‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی و ، له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تی بینینی ده‌وری خۆی له‌ کۆمه‌ڵدا . به‌م پێیه‌ رێژه‌یه‌کی کاره‌که‌ی ناچێته‌ خزمه‌تی سیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌ته‌وه‌و ده‌توانێت ئاڕاسته‌ی خزمه‌تکردنی خه‌ڵکیی بکات . به‌م جۆره‌ فه‌رمانبه‌ر وه‌ک تاکه‌که‌سیش رۆڵی ده‌بێت و ، کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر پێداویستییه‌کانی خه‌ڵک و راپه‌ڕاندنی کاروباره‌کانیان ، سیمای ره‌فتارو هه‌ڵوێستی دیاریده‌که‌ن .
هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ به‌ربه‌ره‌کانیکردنی بنچینه‌ یاساییه‌کانی کارو دیسپلینی رێکخستنی ئه‌و ئیشه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت به‌ یاساکانی خۆی دیاریکردووه‌ ، مه‌رج نییه‌ هه‌موو کاتێک له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ره‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌ گشتییه‌کانی ده‌وڵه‌ت یه‌کانگیربێت ، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ تێکڕایی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری نه‌کرێن و بۆ هه‌ر یه‌که‌یان و بۆ هه‌ر کاتێکیش به‌جیا هه‌ڵوێستی تایبه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر وه‌ربگیرێت.
فه‌رمانبه‌رێک که‌ بارودۆخی کاره‌که‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی تایبه‌تی ئه‌ودا له‌ سیستمی فه‌رمانڕه‌واو یاساکانی نه‌گونجێت ، ده‌بێت ره‌تکردنه‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی واقیعی دابرێژێت و ، که‌م و زۆر جه‌زره‌به‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا نه‌گه‌یه‌نێت . له‌ بواری کاری سیاسیدا ده‌توانێت به‌شداریی خه‌باتی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن بکات و ، له‌ بواری ئیعتیرازیشدا به‌ چۆنایه‌تی کاره‌که‌ی ، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌و هاوکاره‌کانیدا هه‌ڵوێستی یه‌کبخات و له‌ سنووری هه‌مان فه‌رمانگه‌دا یان به‌ شێوه‌یه‌کی رێکخراو له‌ ئاستێکی فراوانتردا له‌ڕێی کۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیکاو رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه ، ئامانجه‌کانی له‌ ئاستێکی به‌رزدا رابگرێت و له‌ سنوورێکی یاساییدا ، ئه‌وه‌نده‌ی یاسای کارپێکراو رێگه‌ده‌دات‌‌ ، یان به‌ڕێگه‌کانی تێکۆشانی مه‌ده‌نی ، بۆ به‌دیهێنانی بارودۆخێکی له‌بارتر بۆ کاره‌که‌ی خه‌بات بکات و هه‌وڵی پاراستنی مافه‌کانی له‌ ده‌ستدرێژیکردنی ده‌زگا ئیدارییه‌ باڵاکانی ده‌وڵه‌ت بدات و به‌دوای راگرتنی هاوکێشه‌ی مافه‌کان و ئه‌رکه‌کانییه‌وه‌ بێت .
لێره‌دا چه‌ند خالێک له‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ ده‌ستنیشانده‌که‌ین که کارمه‌ندان لێی بێبه‌شن و ده‌بێت هوشیاریی ته‌واویان له‌ باره‌یانه‌وه‌ هه‌بێت و له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنانیاندا تێبکۆشن و هه‌رگیز‌ ده‌ستبه‌رداریان نه‌بن ؛ دیاره‌ به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی بۆیان ده‌ڕه‌خسێ ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ده‌ستهاتنی ئه‌و مافانه‌ ، له‌ دوا شیکردنه‌وه‌دا ، په‌یوه‌ندیی به‌ گۆڕانکاریی ریشه‌یی سیاسه‌ته‌ گشتییه‌که‌وه‌ هه‌یه‌و راده‌و ئاست و پانتایی و قووڵیی گه‌نده‌ڵیش رۆڵی خۆی له‌ دره‌نگ و زوویی سه‌رکه‌وتن له‌م کایه‌یه‌دا ده‌بینێت .
1 ) تێکۆشان بۆ کرێیه‌کی گونجاو که‌ ژیانێکی ئاسایی دابینبکات ، له‌لایه‌ک به‌ دانانی لانی که‌می مووچه‌ که‌ ژیانی خێزانێک ( به‌پێی تێکڕایی ژماره‌ی ئه‌ندامانی خێزان له‌ وڵاتدا ) زامن بکات و ، له‌لایه‌کی دیکه‌ به‌ زیادکردنی مووچه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر زیادبوونیک له‌ نرخی کاڵاو پێداویستییه‌کانی ژیاندا . ده‌بێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌پێی دابه‌زینی نرخی دراوو ، پێبه‌پێی گرانی و جووڵانی بازاڕ گۆڕانی به‌سه‌ردابێت .
2 ) دابینکردنی هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه‌ی که‌ بارودۆخێکی باش له‌ شوێنی کاردا پێکده‌هێنێت ، واتا دروستکردنی شوێنکارێکی رێکوپێکی بێ که‌موکووڕی بۆ ئه‌وه‌ی کارمه‌ند له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ ئاسووده‌ بێت و به‌وپه‌ڕی کراوه‌یی و خۆشییه‌وه‌ کاره‌کانی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت . له‌و پێداویستییانه‌ :
2/1 پاکوخاوێنی فه‌رمانگه‌و جوانکاریی و رێکخستنی .
2/2 نوێیی که‌لوپه‌له‌کان .
2/3 دابینکردنی هۆیه‌کانی ساردکردنه‌وه‌ له‌ هاوینداو ، هۆیه‌کانی گه‌رمکردنه‌وه‌ له‌ زستاندا .
2/4 ته‌رخانکردنی شوێنێک بۆ پشوودانی کارمه‌نده‌کان که‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ی به‌ نرخێکی هه‌رزان تێدا بێت .
3 ) ته‌رخانکردنی هۆی هاتوچۆکردن به‌ خۆڕایی بۆ فه‌رمانبه‌ران له‌ ماڵه‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌و ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکی مشوورخواردنی چۆنیه‌تی گه‌یشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌به‌رده‌میان سووکبکرێت ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌لوا ، پێویسته‌ ماوه‌ی هاتن و چوون به‌پێی پانتایی ئه‌و شوێنه‌ بکرێته‌ به‌شێکی سه‌عاته‌کانی کارکردن ، واتا مووچه‌ی له‌سه‌ر وه‌ربگیرێت یان ماوه‌که‌ی لانی که‌م به‌یه‌ک سه‌عات دیاریبکرێت و له‌سه‌ر‌ ده‌وام حساب بکرێت .
4 ) که‌مکردنه‌وه‌ی سه‌عاته‌کانی کارکردن به‌پێی قه‌واره‌ی کاره‌کان ، ئه‌وه‌ش به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانیی کاروباری هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ک ، یان به‌پێی تێکڕای سه‌عاتی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کان له‌ یه‌ک رۆژدا .
5 ) دانی کرێی زیاد به‌ فه‌رمانبه‌ران به‌پێی سه‌عاته‌ زیاده‌کانی کارکردنیان له‌ سه‌روو ئه‌و ماوه‌یه‌ی یاسا بۆ ده‌وامی ره‌سمی دیاریکردووه‌و ، ‌ زامنکردنی به‌پێی یاسایه‌کی تایبه‌تی .
6 ) دابینکردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی بۆ فه‌رمانبه‌رو خێزانه‌که‌ی و ، چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌کانیان به‌ خۆڕایی له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی حکومه‌تداو ، سنوور دانه‌نان بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی کارمه‌ندی نه‌خۆش پێویستیی به‌ مۆڵه‌تی نه‌خۆشی هه‌یه‌ .
7 ) پترکردنی رۆژه‌کانی مۆڵه‌تی ئاسایی و به‌ هیچ مه‌رجێکه‌وه‌ گرێنه‌درێت . ده‌بێت فه‌رمانبه‌ر له‌ سنووری بڕیاردراودا بتوانێت مۆڵه‌تی ئاسایی وه‌ربگرێت و ، بۆ ئیشه‌ تایبه‌تییه‌کانی رێی لێنه‌گیرێت . ده‌بێت دانانی مه‌رجی کۆبوونه‌وه‌ی شه‌ش مانگ مۆڵه‌ت بۆ کاتی خانه‌نشینی هه‌ڵبگیرێت و ، رێزلێنان به‌ مووچه‌ی شه‌ش مانگ هه‌تا ساڵێک له‌کاتی خانه‌نشینبووندا ببێته‌ بڕگه‌یه‌کی یاسای خانه‌نشینبوونی فه‌رمانبه‌ران .
8 ) ده‌بێت له‌ نێو هه‌موو خاڵه‌کاندا ، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ فه‌رمانبه‌ری ژنه‌وه‌ هه‌یه‌ ، بارودۆخ و ته‌ندروستی و ئه‌رکه‌ زۆروزه‌به‌نده‌کانی ژنان ره‌چاوبکرێت له‌ڕێێ :
8/1 یه‌کسانییان له‌گه‌ڵ پیاواندا له‌ڕووی‌ کرێ و ده‌رماڵه‌و هه‌ر ئیمتیازاتێکی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌و که‌سایه‌تیی یاساییان هاوتای که‌سایه‌تیی پیاوان بێت .
8/2 سه‌عاته‌کانی کارکردنی ژنان که‌متر بێت له‌ سه‌عاته‌کانی کارکردنی پیاوان ، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ژنانه‌ی دووگیانن یان مناڵه‌به‌رن .
8/3 به‌ یاسا رۆژه‌کانی مۆڵه‌تی ژنان له‌ مانگێکدا زێتر بێت و ره‌چاوی باری تایبه‌تی ته‌ندروستییان بکرێت . هه‌روه‌ها به‌ یاسا مافی مۆڵه‌تی منداڵبوون و دایکایه‌تییان بۆ زامن بکرێت و هیچ مه‌رجێک له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌کانیانه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دانه‌نرێت و مافه‌کانیان پێشێل نه‌کرێت .
ئه‌م خاڵانه‌ ، واقیعیبوون به‌رجه‌سته‌ده‌که‌ن ، چونکه‌ هه‌ریه‌کێکیان چاره‌سه‌رکردنی واقیعێکی وشکهه‌ڵاتووی دواکه‌وتووه‌و پڕ به‌ که‌موکووڕییه‌کانی ئێستایه‌ . واقیعیبوون دانانی چاره‌سه‌رکردنی دروسته‌ له‌ شوێنی بوویه‌کی نادروستدا ، واتا له‌ واقیعێکه‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌یت و به‌ واقیعێکی باڵاتری ده‌گۆڕیت .

دادگا تاوانبارێکی ئه‌نفالی ئازاد کرد !
‌یه‌کێک له‌ دیارده‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌کانی جیهان بانگاشه‌ی دادپه‌روه‌رییه‌ . هه‌ر چینه‌ دێت و دادپه‌روه‌ری بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی پێناسه‌ ده‌کات . هه‌ر حزبه‌ دێت و بڕیاره‌کانی خۆی به‌ ئه‌وپه‌ڕی دادپه‌روه‌ری ده‌زانێت . هه‌ر حکومه‌تێک دێته‌ سه‌رکار یاساکانی خۆی به‌ به‌رجه‌سته‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا ؛ ئه‌وانه‌ له‌ چه‌مکێک ده‌دوێن که‌ هێشتا بۆ یه‌ک رۆژیش له‌سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه‌ نه‌هاتۆته‌ دی . له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌یره‌و سه‌یریش نییه‌ ئه‌م دادپه‌روه‌رییه‌ له‌ به‌رگی جیاجیادا ببینین ، یان ملی یاساکان به‌ده‌ستی دادوه‌ره‌کانه‌وه ببینین‌ ، چۆنیان بوێت وه‌ها بایبده‌ن ، یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتداران – بیانی بن یان خۆماڵی – بێدادیی پێ بچه‌سپێنن ، یان هه‌ق و ناهه‌ق جێگۆڕکێ پێ بکه‌ن .
ئه‌وه‌تا له‌ ئه‌نجام و بڕیاره‌کانی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئه‌نفالدا ، شێوه‌یه‌ک له‌و ناهه‌قییه‌ به‌رچاومان ده‌که‌وێت ؛ ئه‌وه‌تا تاوانبارێکی وه‌ک ( طاهر العانی ) ئازاد ده‌کرێت و ، دادگا پاساوی ئازادکردنی به‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ گوایا به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویستی له‌سه‌ر نه‌بووه‌ ! یان به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ، به‌ بێ تاوان گیراوه‌ ، بێ گوناهه‌ ، ده‌ستی پاک و بێگه‌رده‌و به‌ خوێنی قوربانییانی ئه‌نفالدا نه‌چووه‌ !
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌و جۆری پێکهاته‌ی دادگاکه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، بچووککردنه‌وه‌ی تاوانه‌کان بوو بۆ تاوانی ئاسایی و ، به‌و پێیه‌ش یاسای عێراقی و بازنه‌ی ( تاوان ) ه‌ ئاساییه‌کان بۆ دادگا دیاریکرا .
له‌ راستیدا ئه‌وه‌ دادگایه‌ک نه‌بوو به‌ قه‌واره‌ی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ مێژووی ره‌شی به‌عسییه‌کاندا به‌ ئه‌نفال ناسرا ، دادگا وه‌ک تاکه‌که‌سی ( مجرد ) له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی هه‌یانبوو ، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ تاوانباره‌کاندا ده‌کردو ، ته‌نها به‌ دوای به‌ڵگه‌ی دیاریکراوی تاوانه‌وه‌ بوو . دادگا به‌ پێی یاسای عێراقی به‌ڵگه‌ی به‌رچاوی بۆ ئیدانه‌کردن و حوکمدانی تاوانباران ده‌ویست ، وه‌ک چۆن بۆ حوکمدانی هه‌ر بکوژێکی ئاسایی ده‌یه‌وێت .
بڕیاری ئازادکردنی ئه‌و تاوانباره‌ ، سه‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌کی بونیادیی بوو له‌ پێکهێنانی دادگادا . دادگا بێ ره‌چاوکردنی لایه‌نی سیاسی پێکهاتبوو ، سیاسه‌تی تێدا فه‌رامۆش کرابوو ؛ ئه‌گینا چۆن ده‌بێت تاوانبارێکی وه‌ها که‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی به‌عس بوو ، به‌م شێوه‌یه‌ ، قورتاری ببێت و لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌که‌ی به‌ بڕیاری دادگا سپی بکرێته‌وه‌ .
ره‌فتارو هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و ، وه‌کو ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی به‌عس ، دوو جۆره‌ به‌رپرسیارێتی ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی: به‌رپرسیارێتییه‌کی تاکه‌که‌سی ، واته‌ به‌رپرسیارێتی شه‌خسی له‌به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتیدا له‌ هه‌ر شوێن و جێوڕێیه‌کدا کاری کردبێت و ؛ به‌رپرسیارێتییه‌کی ناوکۆیی به‌ کۆمه‌ڵیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ حزبییه‌ باڵایه‌ی بۆ نزیکه‌ی چل ساڵ مه‌رگیان له‌ عێراقدا ده‌چاند .
ئه‌و وه‌ک هه‌ر ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی هه‌رێمایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی حزبی به‌عس به‌شێکی تاوانه‌کانی رژێمی له‌ گه‌ردندایه‌ ، نه‌ک هه‌ر به‌رامبه‌ر قوربانییانی ئه‌نفال ، به‌ڵکو به‌رامبه‌ر هه‌ر هاووڵاتییه‌ک که‌ سیاسه‌تی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی به‌عس زیانی جه‌سته‌یی و ده‌روونی یان ماددی و مه‌عنه‌وی پێگه‌یاندبێ .
ئه‌و ده‌زگایه‌ی رژێمی به‌عس که‌ به‌ هیچ لۆژیکێک ئازادکردن نایگرێته‌وه‌ سه‌رکردایه‌تیی هه‌رێمایه‌تی ( القیادةالقطریة) ی به‌عسه‌ ، جونکه ئه‌ندامانی‌ ئه‌م ده‌زگا باڵایه‌ داڕێژه‌رو جێبه‌جێکه‌ری سیاسه‌تی فاشستیانه‌و ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی رژێم بوون و ، هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان زه‌وت کرد تا رۆژی رووخاندنیان ، له‌ ته‌واوی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لانی عێراق و ناوچه‌که‌یان کردووه ‌ به‌رپرسیارن .
له‌به‌ر ئه‌وانه‌ هه‌مووی ، لانی که‌می ” داد ” ێک که‌ داگیرکه‌ران و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا خۆیانی پێوه‌ هه‌ڵده‌کێشن ئه‌وه‌ ده‌خوازێت که‌ ئه‌م تاوانباره‌و سه‌رجه‌م تاوانباره‌کانی دیکه‌ی سه‌رکردایه‌تی به‌عس که‌ پشکیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بووه‌ ، به‌رپرسیارێتی چل ساڵیان لێدانه‌ماڵرێ و تاوانه‌کانیان له‌ ته‌وێڵیان نه‌سڕدرێته‌وه‌ .
ده‌بێت ئه‌وانه‌ ، سزای راسته‌قینه‌ی خۆیان وه‌ک زیندانیی هه‌تا هه‌تایی له‌ کونجی زیندانێکدا به‌سه‌ربه‌رن تا ئه‌و رۆژه‌ی به‌ره‌و گۆڕستان مل ده‌شکێنن .

حوزەیرانی ٢٠٠٧

ده‌رباره‌ی ئینته‌رنێت و گرووپه‌کان

له‌سه‌ر تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوک له‌ ئینته‌رنێتدا ، به‌شێوه‌یه‌کی فراوان ، پێکهێنانی گرووپی جیاجیا ده‌بینین . هه‌ر گرووپه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ به‌شداربووانی ئه‌و تۆڕه‌ی کۆکردۆته‌وه‌و ، ئامانجێک ، مه‌به‌ستێک ، که‌یسێکی بۆ خۆی دیاریکردووه‌ . هه‌ندێک له‌و گرووپانه‌ ئه‌کتیڤن و ، هه‌ندێکیشیان هه‌ر به‌ناو هه‌ن و کارلێکێکی به‌رچاو له‌نێوانیاندا نییه‌ .
سه‌رچاوه‌ی پێکهێنانی ئه‌م گرووپانه‌ بۆ سروشتی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، په‌یوه‌ندیی به‌ خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌ ؛ ئه‌و سروشت و خه‌سله‌تانه‌ی له‌ سه‌ره‌تای بوونی مرۆڤه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ، دیارده‌یه‌کی بوونی مرۆڤ و چالاکییه‌کانی بووه ،‌ چ له‌ ململانێیدا له‌گه‌ڵ سروشت و ، چ له‌ ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تیدا .
مرۆڤ بێ کۆمه‌ڵ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ململانێیه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێت ، پێشکه‌وتنی ژیانیش سه‌ره‌نجامی ئه‌و کاره‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بووه‌ که‌ گرووپه‌ جیاجیاکانی مرۆڤ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ژیانێکی باشتر پێڕه‌ویانکردووه‌ . به‌م پێیه‌ پێکهێنانی گرووپ له‌ ئاسته‌ جیاجیاکانی کۆمه‌ڵداو ، دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی له‌نێو نوێترین ئامرازه‌کانی په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می پێشکه‌وتنی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا ، درێژه‌پێدانی ئه‌و ره‌وته‌ مێژووییه‌ی کاری به‌کۆمه‌ڵه‌ که‌ به‌شێوه‌ی جۆراوجۆرو بۆ مه‌به‌ستی جیاجیا پێکهاتووه‌ .
ئه‌مڕۆ به‌ هۆی ئه‌و ئیمکاناته‌ی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ره‌خساندوویانه‌ ، ده‌توانرێت له‌ زۆر بواردا به‌شێوه‌یه‌کی باش ، که‌ هه‌رگیز پێش ئه‌م بازدانه‌ گه‌وره‌یه‌ی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا نه‌بووه‌و نه‌بینراوه‌ ، خه‌ڵکی خۆی رێکبخات و بۆ به‌دیهێنانی هه‌موو پێداویستییه‌کانی ژیانیان سوودی لێوه‌ربگرن .
سوودوه‌رگرتن له‌ ئینته‌رنێت له‌ بواری په‌یوه‌ندیدا ، ده‌شێت هه‌موو کایه‌کانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی و په‌روه‌رده‌یی و سه‌ربازی و ئیداری و … هتد ، بگرێته‌وه‌و ، به‌ئاسانترین رێگه‌ مه‌به‌سته‌کان به‌ده‌سته‌وه‌ بدات . ده‌توانێت شێوه‌ ته‌قلیدییه‌کانی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامانی گرووپێک یان په‌یوه‌ندیی گرووپه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ ببه‌زێنێت و ، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی وڵاتێکدا ، یان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یه‌کدا ، یان له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا په‌یوه‌ندییه‌کان پێکبهێنێت و په‌ره‌یان پێبدات ؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بازنه‌ی فراوانیی گرووپه‌کان به‌پێی ئامانجه‌کان و سنووری هه‌ڵسووڕان و کارکردنیان ده‌شێت له‌ ئه‌لقه‌ ئه‌ڵقه‌ی جیاوازدا بن و هه‌ر له‌ ده‌وروبه‌رێکی دیاریکراوی به‌رته‌سکه‌وه‌ تا گشت جیهان بگرێته‌وه‌ .
ئێمه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ده‌و هه‌زاره‌ نوێیه‌ هه‌لێکی له‌بارمان بۆ ره‌خساوه‌و ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاروانی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ کشاوی به‌شه‌رییه‌ت دوانه‌که‌وین ، پێویسته‌ له‌ دوا ئیمکاناته‌ زانستی و ته‌کنه‌لۆژییه‌کانی سه‌رده‌م سوودوه‌ربگرین و بیخه‌ینه‌ خزمه‌تی ئامانجه‌کانمانه‌وه‌ . ‌

په‌راوێزەکان

(1) ئەم وتارە لەچلەى مەرگى مامۆستادا رۆژى 29/5/2001 لە هۆڵى رۆشنبیریى لەسلێمانى ، لەلایەن نووسەرەوە خوێندرایەوە .
(2) مەبەست شەهید (جعفر عبدالواحد)ە کەلە 21/11/1976 دا ، لەگەڵ شەهیدان (شەهاب شیخ نورى)و (ئەنوەر زۆراب) لەزیندانى (ئەبوغرێب) لەسێدارە دران . ئەم وتارە کورتکراوەى وتارێکە ساڵى 1991 بۆ ئەو ئاهەنگى یادەوەرییە نووسیم کەنیاز وابوو لە (کۆیە) بۆى بکرێت بەڵام ئەو ساڵە نەکراو کە پاش یەک دوو ساڵ یادەوەریى کرایەوە بانگیان نەکردم .
(3) (ئاگر) نازناوى شیعریى شەهید جەعفەر بوو ، ئەوەشم دواى شەهیدبوونى زانى لەرێگەى شیعرێکى کاک (خالد دلێر)ەوە کەبەو بۆنەیەوە داینابوو .
(4) ئەم کتێبە لە نووسینى (مام جلال)ەو بەزمانى عەرەبییە ، پێشکەشێکەى شیعرى شاعیرى گەورەى عەرەب (محمد مهدی الجواهری) یە .
(5) شیعرەکە بەناونیشانى (تنویمە الجیاع)ەو هەر ئەو دێڕانەم لە بیرماوە کە شەهید جەعفەر زۆرى دەگوتنەوە ، بەپێویستیشم نەزانى لەبەر دیوانەکەى جەواهیرى هەمووى بنووسمەوە چونکە مەبەست نموونەکەى شەهیدە بۆ ئەرکى کەسانى بلیمەت و شۆڕشگێڕ .
(6) کۆنگرەى یەکێتیى نووسەرانى کورد(کۆنگرەى راپەڕین)کە لە 15 – 17 ى مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى 1991دا لە شارى (شەقڵاوە) بەسترا ، دەربارەى ئەو نووسەرانەى لە زیندانەکانى رژێمى عیراقدان بڕیارێکىدا ، بەپێى ئەو بڕیارە دواى دەستبەکاربوونى دەستەى کارگێڕیى – مەڵبەندى گشتى ، دەبێت یەکێتیى نووسەران یاداشتێک دەربارەى چارەنووسى ئەو نووسەرانە ئاڕاستەى لیژنەى مافى مرۆڤى سەر بەکۆمەڵى نەتەوە یەکگرتووەکان بکات . یەکێک لەو نووسەرانە (فەهمى قەرەداغى) بوو کە لە 29/11/1980 وە لەلایەن دەزگا جاسوسییەکانى رژێمەوە بێ سەرو شوێن کرابوو .
فەهمى قەرەداغى ، یەکێکە لە نووسەرە قەڵەم بە بڕشتەکانى ساڵانى حەفتاى سەدەى رابردوو کەلەبوارى سیاسىو رۆشنبیرىو رۆژنامەگەریدا دەنگێکى دیاربوو ، ئەندامێکى چالاکیى شانە سەرەتاییەکانى کۆمەڵە بوو .
ئەم چەند دێڕەم لەسێ کاتى جیاجیادا بۆ نووسى :
یەکەم بەشیان ، دواى راپەڕین ، لە کاتى بەستنى کۆنگرەى نووسەراندا وەک هەستێکى تایبەتى لەناخمدا خرۆشاو خەم و پەژارەى زیندانیکردنى ئەوى پێبووە وشەو ئەم پەخشانەى لێڕسکاو لە ئاهەنگێکدا کە بەبۆنەى ئازادبوونى زیندانە سیاسییەکان لە (هۆڵى گەل) لە هەولێر سازدرا
خوێندمەوە .

دووەم بەشیان ، دواى وتارێکى کاک (صلاح شیخ شەرەف) و دوو وتارى بەندەو بەڕێز (مام جلال) لە ژمارەکانى (1151 ، 1164 ، 1165) ى رۆژنامەى (کوردستانى نوێ)دا ، دیسان لە ناخمدا خەمڵى و ئەو وشانەى بەرهەم هێنا .
سێیەم بەشیان لە دواى تەواو بوونى پرسەى دایکم نووسیم کەلە 2/6/2000 دا کۆچى دوایى کردو بەحەسرەتى بینینەوەى (فەهمى) سەرینایەوە .
(7) بۆ ئاگاداریى خوێنەرانى هێژا لەو ماوەیەدا ، کە نزیکەى ساڵێک و چەند مانگێکى خایاند ، سەرنووسەرى رۆژنامەى (هەرێمى کوردستان) بووم یەک سەروتارو سێوتارم بەناوى (وتارى هەرێم)ەوە نووسیوە . لەم کتێبەدا تەنها دووانیان پەخش دەکەم یەکێکیان ئەم وتارەیەو ئەویدیکەیان وتارى ((دەبێت کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو دابنرێت)) کەلەبەشى سێیەمدایە ، دوو وتارەکەى دیکە ((کۆنگرەى ئۆپۆزیسیۆنى عێراق و دەرفەتێکى دیکە بۆ ستراتیژێکى یەکگرتوو)) و ((حکومەتى هەرێمى کوردستان خەونى دێرین و دەسکەوتى مەزنى گەلەکەمانە)) کە لە ژمارەکانى 154 و219 ى رۆژنامەى (هەرێمى کوردستان)دا بڵاوکراونەتەوە ، لەبەر ئەوەى لەکاتى بڵاوکردنەوەیاندا چەند دەستەواژەو چەمکێکى تێدا دەستکاریکرا مۆرکى بیروبۆچوونى منیان بەسەرەوە نەما بۆیە هەر ئەو کاتەو هەتا ئێستاش ، تەواو خۆم بە خاوەنیان نازانم ، لەبەرئەوە لێرەدا بڵاوم نەکردنەوە .

.

پەیڤەکانم خەم و ژانی سیاسەتیان لێدەچۆڕێت

20 ئازار

پەیڤەکانم
خەم و ژانی سیاسەتیان لێدەچۆڕێت

فوئاد قەرەداغی

پەیامی پێنووسەکەم و چەپکێ وتاری سیاسی

ئەم وتارانەی لەم کتێبەدا کۆمکردوونەتەوە ، تنۆک تنۆک خەم و ژانی سیاسەتی چەندین ساڵیان لێدەچۆڕێت ، بەپێنووسی سەربازێکی کوردی نامۆی ئەم سەردەمە جەنجاڵە ، چۆڕاوگەیەک هزرو پەیڤی ، لە بژوێنی رەنجی چەوساوەکان بەگشتی و خەلکی ستەمدیدەی کوردستان بەتایبەتی ، هەڵبەستووە .
یەکەم هەنگاوی ئەم پێنووسە بەرەو دەرەوەی خۆی ، بەرەو ئەو جیهانەی تێیدا چاویهەڵهێنابوو ، رووەو سیاسەت و کاری سیاسیی رێکخراوبوو . ململانێ سیاسییەکانی دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ و کاریگەریی دەوروبەرەکەی ، رایماڵی و لە سەنگەری ئایدیای نەتەوەییدا گیرساندییەوە .
ئەم پێنووسە ، لە تەمەنی سەرەتای هەرزەکاریدا ، یەکەم وشەکانی خۆی گەیاندە رۆژنامەیەکی نەتەوەیی ، بەبێ ئەوەی هێشتا کەرەسەیەکی فەلسەفی و سیاسیی پێویستی بۆ هەڵگرتنی ئەم ئەرکە لەبەردەستدابێت ، بۆیە قۆناغی یەکەمی ، وابەستەیی و دەنگدانەوەو گرمەی ئەو شانۆیە بوو ، کە لایەنە نەتەوەییەکەی ئەو سەردەمەی بزووتنەوەی سیاسیی لە کوردستاندا ، گەمەو زۆرانبازیی خۆی لەسەردەکرد .
ئەم پێنووسە لەناوەڕاستی ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردووەوە ، بەرە بەرە هۆش و چاوی بە تیشکی فەلسەفەی ماتەریالیستی و ئایدیای سۆسیالیستی رووناکبووەوەو ، دواتر شکستێکی سیاسیی گەورە رایچڵەکاندو ، فڕێیدایە سەر ئەو راستەڕێگایەی چەند ساڵ پێشتر چەند هەنگاوێکی لەسەرنابوو .
ئەم پێنووسە ، وێڕای رەخنەی لەسەرەتاکانی دەستپێکردن و وشە کرچ و سادەکانی ، شانازیش بەسەرانسەری تەمەنی نووسینیەوە دەکات ، تەمەنێک لە نووسینی راستگۆیانەو بیروڕاو بۆچوونی سیاسیی راشکاوانەی روون و بێ پێچوپەنا ، لەخزمەتی چینە چەوساوەکانی کوردستان و بەرەی پێشکەوتنخوازی کورد ، بەرەی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم .
ئەمڕۆ ، ئەم پێنووسە ، هەمان رێچکەی دەیان ساڵەی خۆی گرتووەو ، دەستئاواڵەتر لە جاران ، سەربەخۆیانە ، تیشکی پەیڤەکانی دەکاتە کێشە سیاسییەکان و ، لەپێگەی مرۆڤدۆستییەوە شییانداکاتەوەو ، لەسنووری تێگەیشتن و توانای خۆیدا بەشداریی تێکۆشانێکی جیهانیی دەکات دژی جیهانگیریی سەرمایەو ئیمپریالیزم و راسیزم و جینۆسایدو چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە .
ئەم پێنووسەی لەگەڵ وشەدا هەڵسوکەوت دەکات و هوشیاریی کردۆتە مەبەست ، بۆ ئێستاو ئایندەیەکی نزیک یان دوور ، دوو ئەرکی چارەنووسساز لە ئەستۆ دەگرێت :
یەکەم : هوشیاریی چینایەتی و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی بێ چین و دەولەت وحزب وچەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە؛ جیهانێک کە هەرکەس بەهرەی خۆی پێببەخشێ و ،
بە ئەندازەی پێداویستییەکانیشی لێی بەهرەمەند بێت.
دووەم : هوشیاریی نەتەوەیی، سەبارەت بە ئینتیمای ئەم پێنووسە بۆ نەتەوەیەکی ستەمدیدە، لە پێناوی ئازادی و بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس ، کە لە پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆو یەکگرتووی کوردستاندا بەرجەستە دەبێت .
لە پێناوو ، لەسەرەڕێی ململانێ لەپێناوی ئەم دوو ئامانجەدا ، ئەم پێنووسە پەل بۆ سەرجەمی بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ورۆشنبیری و پەروەردەیی دەهاوێت و ، بەرگری لە مافە مرۆییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەکات و هاوپشتێکی هەتاسەری لاوان و ژنان و منداڵان دەبێت.
ئێوەو ، ئەم پێنووسەو ، ئەم چەپکە وتارەو ، بەڵێنی بەردەوامیی خەباتی وشەی مولتەزیم لە پێناوی بەدیهێنانی ( مافی بڕیاردانی چارەنووس و ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم ) دا .

فوئاد قەرەداغی
مارتی ٢٠١٥

ناردنی چەک بۆ کوردستان

ئەمە کۆمێنتێکە بۆ هاوڕێیەکم نوسیوە کە زۆر دڵخۆشە بە ناردنی چەک بۆ کوردستان و ستایشی ئەمریکاو ئەو دەوڵەتانەی کردووەو وەک دۆستی کوردان وەسفی کردوون .
ئەمریکا هێشتا هەر دوژمنی ژمارە یەکی گەلانی دنیایە بۆیە هەرگیز دۆستی کورد نەبووەو نابێت ، ئەو دۆستی بەرژەوەندی خۆی و نەوتەو هیچیتر ، ئەو بۆ بردنەپێشەوەی ستراتیجی خۆی کاردەکات ، ئەوەتا ئەو تیمە جاسوسییەی بەناوی خوبەراوە ناردوونی بۆ جیای شەنگال راپۆرتیان نوسیوە کە گوایا بارودۆخی ئێزدییەکان خراپ نیەو بەو شێوەیە نییە کە گەیەندراوە ، ئەو بۆچی چەک دەنێرێت ؟ ئەوە بۆ ئەوەیە جەنگێکی گەورە لەم ناوچەیە بەرپاببێت و ئاگرەکەی خۆش بکات ، دەیەوێت پەکەکە لەناوبەرێت ، دواتریش دەیەوێت بەو چەکانە حزبە کوردییەکانی باشوور بکەونە گیانی یەکتر ، ئەمریکاو تورکیا داعشیان هێنا ، ئەم جەنگەیان هەڵگیرساند بۆ تاقیکردنەوەی چەکە تازەکانیان دواییش بە چەند قات پارەی چەکەکانمان لێدەستێننەوە … هتد .

١٦ ی ئابی ٢٠١٤

کۆکردنەوەی ١٠٠٠٠ سەد هەزار ئیمزا بۆ سەربەخۆیی کوردستان

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمدا بۆ هەموو ئەو خەڵکە دڵسۆزەی خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیان هەیەو لە پاکی و سادەیی رۆحی کوردانەیانەوە بە هەموو ئاماژەیەک بۆ بەدیهێنانی ئەم ئاواتەیان حەماسی نەتەوەیی و شپرزەیی دایاندەگرێت ، سەرنجیان بۆ گاڵتەجاریی کۆکردنەوەی ١٠٠٠٠٠ سەد هەزار ئیمزا رادەکێسم ( گوایا ) ئەمریکا بەوە پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات . ئاخر سەد هەزار ئیمزا لەنێو گەلێکی چەند ملیۆنی چییە ؟ دیارە ئەمریکا ئەوەندە دیموکراتییە گوێ لەم ژمارە کەمەی گەلێک دەگرێت بۆ ئەوەی بۆ رزگارییان هاوپشتیان بێت !! ئەگەر ئەمریکا ئارەزومەند بێت دەوڵەتی کوردی دامەزرێت ، پەکی لەسەر سەد هەزار ئیمزا کەوتووە ؟ ئایا ناتوانێت ئیعاز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات لەڕێی پەرلەمانەوە داوای ریفراندۆم لە کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتوەکان بکات و خۆی و دەوڵەتە پابەندەکانی لەوێ بیکەنە بڕیار ؟ ئایا ناتوانێت پشتگیریی خەڵکی کوردستان بکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی و هۆشداری بداتە دەوڵەتی عێراق و دراوسێکانی کە نابێت هێلی سنووری کوردستان ببەزێنن ؟ هەروەها بڕیارێک لە کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تێپەڕێنێت کە هێزێکی نێودوڵەتی بنێرێتە سەر سنووری کوردستان ؟ دیسان لەگەڵ رێزمدا بۆ ئەو خەڵکە دڵسۆزە ، پێموایە ئەمریکا یاری بە عەقڵمان دەکات و ستڕاتیژو تاڵانکردنی نەوت و سامانی ئەم وڵاتە لە ئەولەوییاتی کاری خۆیدایەو لەو پێگەیەوە حەرەکەت دەکات و سیناریۆکانی دادەڕێژێت ، جارێک رابەرێکی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد دەخاتە زیندانەوەو ، جارێک رابەرێکیدی دەکاتە سەرۆک کۆمارو ، جارێک یەکپارچەیی بۆ خاکی عێراق دەخوازێت و جارێکیدی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک داوای تەنها ١٠٠٠٠٠ سەد هەزر ئیمزا دەکات و خۆشخەیاڵیمان پێدەبەخشێ .
هاوڕێیان ئەمە رای منە و رێزم بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی رایەکەم بەهەر شێوەیەک هەڵدەسەنگێنن چ ئەرێیانە یان نەرێیانە بێ ، من هەر ئەوەندە لە سیاسەت تێدەگەم .

١ ی ئابی ٢٠١٤

دوو کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق

ئەگەر بڕیارە سەرۆک کۆمار کورد بێت و ئەمجارەش دەسەڵاتی کوردی بەشداریی دەسەڵاتی ناوەند بکات ، پێموایە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیدا لە دکتۆر بەرهەم بە تواناتری تیانییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ، هەرچەندە ئەو پۆستە تەشریفاتییەو بەئاشکرا یان نهێنی ئەمریکا لە پشتییەوە دەبێت و کەسێک ناتوانێت ئەو جێگایە بگرێت ئەگەر ئەمریکا دەستی پێوەی نەبێت . کاندیدکردنی دوو کەسایەتی نێو یەکێتیش نیشانەی لاوازی سەرچاوەی بڕیارە لەناو یەکێتیدا ، نیشانەی دەستەگەرێتیی و خۆخۆییە ، بەڵگەی نەبوونی یەکێتیی ئیرادەیە لەو حزبەدا ، دەنا دەبێت حزبێکی خاوەن ئەزموونی سیاسی ، حزبێکی شارەزا لە گەمە سیاسییەکاندا ، وەک یەکێتی ، ئەوەندە توانای هەبێت بڕیاری یەکلاییکەرەوە بدات نەک ئەم بڕیارە لاستیکییە . ئەگەر یەکێتی ئەم بڕیارەی نەگۆڕێت بە هێشتنەوەی یەک کاندید ، ئەوا ئەو پۆستە لەدەستدەدات ، دەبێت یەکێتی و سەرجەمی ئەو لایەنانەی لە بەغدا دەورێکیان هەیە ئیش بۆ کاندیدەکەی یەکێتی بکەن تا دەنگ بهێنێت ئەگینا وەک پۆستێک لە دەستی کورد وەردەگیرێتەوە .

٢١ ی تەموزی ٢٠١٤

سۆز و بیرکردنەوەو گومان لە هەڵسەنگاندنی رووداوە سیاسییەکانی ئەمڕۆی عێراق و کوردستاندا

ئەگەرچی تاکی کورد ، بەگشتی ، لە باشووری کوردستاندا ئاستێکی بەرچاوی هوشیاریی سیاسی هەیە ، بەڵام هێشتا سۆز بەسەر بیرکردنەوەیدا زاڵەو ، بڕیارەکانی بەرەنجامی بیرکردنەوەیەکی هەمەلایەنە نییە .هێشتا توانای خوێندنەوەی لاپەڕە سپییەکانی نییە ، ناتوانێت تێکەولێکەکانی پشتی پەردە ببینێت .هوشیاریی سیاسی لەو ئاستەدا نییە سیناریۆ رەش و سپییەکان لە یەکتری جیابکاتەوە ، بۆیە بیروڕاو بۆچوونی بەرامبەرەکانی رەتدەکاتەوە ، تەنانەت تەخوینیشی دەکات و هیچ بوارێک بۆ پرەنسیپی گومان ناهێڵێتەوە ، ئەو گومانەی ( دیکارت ) ی فەیلەسوف بەسەرچاوەی یەقین و زانیاریی دروستی دەزانێت .
رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و کوردستان ، هاوکات وروژاندنی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ، کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتۆتەوە . دوو لێکدانەوەو دوو هەڵسەنگاندنی سەرەکیی لەنێو ئەو کاردانەوانەدا دیارن . بەشێکی خەڵکی کورد گەشبینن و بە سیناریۆیەکی سپی دەزانن و بەهیوان ئەمڕۆ سبەی دەوڵەتی کوردی رابگەیەنرێ ، بەشێکیدیکە گوماندەکەن تا رادەی ئەوەی بە سیناریۆیەکی رەشی بزانن لەچەشنی ئەو سیناریۆ رەشەی سوریای خەڵتانی خوێن کردووە . ئەویان خۆشباوەرە بە بوونی دەرفەتێک کە ئەمریکاو ئیسرائیل و سەلماندنێکی رۆژئاوای لە پشتەوە بێت بۆیە رای بەرامبەر بە تاوان دەزانێت و تەخوینی دەکات ، بە بۆچوونی ئەمیانیش لۆژیکی گەیشتن بەڕاستییەکان وەها دەخوازێت ئامرازی گومانت هەبێت تا راستییەکان رووندەبنەوەو تیادا یەقین دەردەکەوێت . ئەوانەی گوماندەکەن مافی خۆیانە ، مافی بۆچوونی جیاوازو دەربڕینی جیاواز مافێکی سەرەتایی ئازادییە لەهەر وڵاتێکدا ئازادی بەهای هەبێت . ئاخر هاتنی داعش و دەستبەسەرداگرتنی لایەکی عێراق لەچاوتروکاندنێکدا گومان دەخاتەوە ، هەرەسی لەشکری عێراق و بەدەستەوەانی هەمو چەک و جبەخانەکانیان گوماناوییەو پاساوێکی لۆژیکیی بۆ نییە ، بوونی ئاشکراو لەبەرچاوی بەعس و دەرکەوتنیان لەگەڵ داعشدا جێی گومانە ، کاتێک ئۆباما جەختدەکاتەوە کە هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش نانێرێت ، گومانی ئەوەت لەلا دروست دەکات ئەمریکا لەپشت رووداوەکانەوە بێت ،کاتێک هەواڵی بەیەکادان و جەنگێکی خوێناوی سەر سنوورو جەبهەیەک و ئارامی و خامۆشی سنورو جەبهەیەکیدی لەگەڵ داعشدا دەبینیت و دەبیستیت ، دادەمێنیت و ناتوانیت گومان بەلاوە بنێیت ، کاتێک دەبینیت کانتۆنەکانی کوردانی سوریا بەر پەلاماری داعش دەکەون ، گومانی ئەوە دەکەیت ئەم هێرشە پەیوەندی بەو خەندەقەوە هەبێت کە سنووری بۆ باشوورو خۆرئاوای کوردستان داناو بەنیازە ئەزموونی خۆرئاوای کوردستان زیندەبەچاڵ بکات ، کاتێک هەموو کێشەو ئاستەنگ و گرفتە زۆروزەبەندەکانی خەڵکی کوردستان دەبینیت بوون بەژێر پەردەی رووداوەکان و مزگێنیی دەوڵەتی سەربەخۆوە ، گومانی پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانانە یەخەت دەگرێت ، کاتێک عوسمانییەکان داوادەکەن کەرکوک هەرێمێکی سەربەخۆی دەرەوەی دەوڵەتی کوردی بێت ، گومانەکانت توندتر دەبنەوە ، کە مەرجی فرۆشتنی نەوتی کەرکوکی دێتەسەر گومانی زیندووکردنەوەی ویلایەتی موصل لەلات بەرجەستە دەبێت ، کە سەفەوییەکان بەغدا دەپارێزن و هەرەشەی دەستێوەردان لەکاروباری عێراق و کوردستان دەکەن ، پەیامێکی کۆنت پێدەگات و گومانی بوونی نەخشەیەک دەکەیت تیادا کوردستان بکرێتە پێخوسی عوسمانییەکان و سەفەویەکان . ئەم هەموو گومانانە سەرەڕای گومانێکی ئەزموونکراویش کە مێژوو وەک دەرس و پەند فێریکردووین و پێمان دەڵێت : جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتەو هیچ جەنگێک بەبێ بەرژەوەندی شەرکەرەکان بەرپا نابێت ، بۆیە گومان دەکەیت شەڕی بەرژەوەندی و پارەو دەسەڵات و نەوتمان لێبکەن بەشەڕی نەتەوەیی و مەسەلەی مافی بڕیاردانی چارەنوس …ئیتر هەر گومانەو لەڕیزی گومانەکاندا رێچکە دەگرێت و کەسێک نییە گومانێکت بۆ بڕەوێنێتەوەو دەبێت چاوەڕوانی کۆتایی فلیمەکە بکەیت ، بەکورتی ئەم گومانانە بە مێشکمدا گوزەردەکات و بمبورن کە هەر ئەوەندە لەسیاسەت تێدەگەم .

١١ ی تەموزی ٢٠١٤

دەربارەی شکستهێنانی حزبی شیوعی کوردستان لە هەڵبژاردندا

من ئەندامی حزبی شیوعی کوردستان نیم ، بەڵام وەک کەسێکی سەر بە قوتابخانەی فیکریی مارکس ، لە چەند دەساڵی پێشوودا رەخنەم لە سیاسەتەکانی نێوخۆو دەرەوەی ئەم حزبە هەبووەو شکستەکانیان نیگەرانی کردووم ، هەرگیز حەزیشم بەو پووکانەوەیە نەکردووە کە رۆژلەدوای رۆژ بە رۆڵ و ئاستی جەماوەرییانەوە دیارە .
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ساڵی ٢٠٠٩ ( ئەو هەڵبژاردنەی لە پارێزگاکانی کوردستاندا نەکرا ) ، حزبی شیوعی شکستی هێنا ، دواتریش بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا جارێکیدی شکستی هێنایەوە. ئەمڕۆش هەواڵەکان وەها دەگەیەنن جارێکیتر شکستیهێناوەو دەنگەکانی لە ئاستی تەمەن و خەبات و قوربانییەکانیدا نین، بۆیە ئەگەری نارەزایەتیی ئەندامانی و شڵەژان و ئاستەنگێکی سیاسی و رێکخراوەیی هەیە .
دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ سەبارەت بەو شکستەی حزبی شیوعی وتارێکم نووسی ، لێرەدا هەمان وتار پەخشدەکەم ، بەهیوای کردنەوەی دەرگایەک بۆ دیالۆگێکی جیددی لەسەر کۆمەڵێک مەسەلەی فیکری و سیاسی و تەنزیمی کە دەبێت حزب ( کادیرو جەماوەرەکەی ) بە خەمیەوە بن تا بتوانن رێوشوێنی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە دابنێن ، ئەگینا مێژوو بەجێیاندەهێڵێت و لە کاروانە بێپسانەوەکەی مێژووی تێکۆشانی بەشەرییەت بەرەو ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم دوادەکەون . ( فوئاد ) ئایاری ٢٠١٤

ئه‌مجاره‌ش حزبی شیوعی له‌ هه‌ڵبژاردندا شکستیهێنا !

دوای شکستهێنانی حزبی شیوعی عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی عێراقدا ، وا بۆ جارێکیدیکه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستاندا شکستیهێنا . شکستی ئه‌مجاره‌یان له‌ شکسته‌که‌ی پێشوویان گه‌وره‌ترو زه‌قتربوو . حزبی شیوعی ( کوردستان ) له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ، به‌خۆی و هاوپه‌یمانه‌کانییه‌وه‌ : ” حزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان – باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ، بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتی گه‌لی کوردستان ، پارتی کاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ، پارتی رزگاریی کوردستان ، بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتیخوازان ” نزیکه‌ی 1% ی ده‌نگه‌کانیان هێناوه‌ ، دیاره‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکراو حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌و شکسته‌یه‌ .
شکستهێنانی حزبێکی ته‌مه‌ن حه‌فتاوپێنج ساڵه‌ ، ئه‌و حزبه‌ی که‌ رۆژگارێک بوو ملیۆنه‌ها کرێکارو جووتیارو رۆشنبیرو خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی عێراق و کوردستانی له‌پشته‌وه‌ بوو ، کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه ‌که‌ به‌ر له‌ هه‌موو که‌س و لایه‌نێک ، ده‌بێت خودی حزبه‌که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ راتڵه‌کێنێت و له‌ خه‌وی ئه‌م کوێره‌وه‌رییه‌ سیاسییه‌ بێداریان بکاته‌وه‌ . ئه‌مه‌ شکستێکه‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌ندامانی حزب ، به‌ڵکو دۆستان و هه‌وادارانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی له‌ کوردستان و عێراقدا نیگه‌ران کرد . بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری حزب به‌ته‌واوی به‌رنامه‌و شێوازی کارو سیاسه‌ته‌کانی حزب له‌ نیو سه‌ده‌ی رابردوودا به‌ر شیکردنه‌وه‌یه‌کی مه‌وزوعی بده‌ن ، تا بتوانن هۆکاره‌ ستراتیژیی و تاکتیکییه‌کان ده‌ستنیشان بکه‌ن . دیاره‌ هه‌وڵی جیددی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی حزبی تێکه‌وتووه‌ ، یه‌که‌م هه‌نگاو ده‌بێت بۆ پراکتیکێکی نوێ و دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌ی دروست بۆ ئه‌و شکسته‌ یه‌ک له‌سه‌ر یه‌کانه‌ ؛ هه‌روه‌ک ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌خشینی گوڕوتینێکی شۆڕشگێڕانه‌ به‌ رێکخستنه‌کانی .
چاره‌سه‌رکردنی هه‌ڵه ستراتیژیی و تاکتیکییه‌کان ، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چیتر حزب له‌ په‌راوێزی کۆمه‌ڵگای عێراقدا نه‌مێنێته‌وه‌و ، وه‌ک هێزه‌ ئه‌کتیڤه‌که‌ی جاران بێته‌وه‌ نێو جه‌ماوه‌ری کرێکاران و جووتیاران و رۆشنبیرانی شۆڕشگێرو خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشه‌وه‌ .
له‌ڕاستیدا حزبی شیوعی عێراق و کوردستان له‌ مێژه‌ دووچاری لادانێکی ستراتیژیی بوون . له‌ مێژه‌ کار به‌ پرنسیپه‌کانی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی شیوعییانه‌ له‌ به‌ر تیشکی مارکسیزم – لێنینیزمدا ناکه‌ن . له‌ مێژه‌ مه‌سه‌له‌ی حزبێکی چینایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی پڕۆلیتاری و ، ئامانجی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی پڕۆلیتاریاو دامه‌زراندنی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا له‌ به‌رنامه‌یاندا نه‌ماوه‌ . ئه‌م حزبه‌ تێکۆشه‌ره‌ی گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق بۆ چه‌ند ده‌ ساڵێک ، له‌سایه‌ی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ غه‌یره‌ پڕۆلیتارییه‌کانیدا ، رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و پووکانه‌وه‌ ده‌چێت ، ئاکامی ئه‌وه‌ش ده‌بینین که‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌شداریکردنی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقی داگیرکراودا ، له‌ هه‌موو وێستگه‌کاندا ، به‌ تایبه‌تی له‌ وێستگه‌کانی هه‌ڵبژاردندا ، باجی سیاسه‌ته‌ ریفۆرمیستییه‌کانی ده‌دات .
ئه‌مڕۆ دوای ئه‌م هه‌موو شکستانه‌ ، حزبی شیوعی عێراق و کوردستان له‌به‌رده‌م دووڕیانێکدا راوه‌ستاون که‌ هه‌ڵبژاردنی رێیه‌کیان نابووتی و ، گرتنی رێگاکه‌ی تریان ‌بێ ماندووبوون و پسانه‌وه‌و به‌ هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ ، بووژانه‌وه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌و جه‌ماوه‌ریبوونه‌وه‌ ئاکامی ده‌بێت . رێگه‌ی یه‌که‌میان به‌ ئاشبه‌تاڵ و ناچاربوون به‌ داخستنی حزب کۆتایی دێت و ، رێگه‌ی دووه‌میشیان ده‌بێت به‌ هه‌نگاوی پێداچوونه‌وه‌یه‌کی مه‌وزوعی ده‌ستپێبکات له‌به‌ر تیشکی رێبازی فیکری و سیاسی و رێکخراوه‌یی مارکسیزم لێنینیزمدا ، واته‌ به‌ په‌یڕه‌ویکردنی پرنسیپه‌کانی زانستی شۆڕشی پڕۆلیتاریا . ‌ جه‌وهه‌ر‌ی ئه‌و پێداچوونه‌وه‌ مه‌وزوعییه‌ش له‌م خاڵانه‌دا چڕده‌بێته‌وه‌ :
1 – هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژووی حزب و ده‌ستنیشانکردنی هه‌موو لادانه‌کان ( چه‌پ و راست ) له‌و مێژووه‌دا .
2 – ئیدانه‌کردنی سیاسه‌تی ریڤیژنیستی حزب و خرۆچۆفیزم له‌ کایه‌کانی سیاسه‌ت و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریدا .
3 – ره‌خنه‌لێگرتن و ریسواکردنی هێڵی ریفۆرمیستی حزب و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌بده‌ئه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مارکسیزم – لێنینیزم سه‌باره‌ت به‌ پرنسیپه‌کانی حزبی چینایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی پڕۆلیتاریاو شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا .
4 – ره‌تکردنه‌وه‌ی چه‌مکی بۆرژوازییانه‌ی دیموکراتی له‌ فیکرو سیاسه‌ت و رێکخستنی حزبدا ، واته‌ ( دیموکراتی مجرد ) له‌ ناسنامه‌ی چینایه‌تی و ، بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێ ( خه‌بات ) ی چینایه‌تی .
ئه‌م لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵوێسته‌ چینایه‌تییه‌ ، حزب ده‌کاته‌وه‌ خاوه‌نی تێگه‌یشتنێکی چینایه‌تی سه‌باره‌ت به‌ چه‌مکه‌کانی ( دیموکراتی ، ئازادی ، یه‌کسانی ، عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ، شۆڕش ، ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت . . . هتد ) .
ئایا حزبی شیوعی چ له‌ کوردستان و چ له‌عێراقدا ، دوای ساڵانێکی دوورودرێژ له‌ رۆچوون و پاشکۆیه‌تی خرۆچۆفیزم و پێڕه‌ویکردنی شێوازی ریفۆرمیستی له‌ کارکردندا ، ده‌توانێت به‌ره‌و راستبوونه‌وه‌ هه‌نگاوهه‌ڵگرێت ؟
ئه‌مه‌ رێبازێکه‌ بڕیاری ئازایانه‌و یه‌کلاییبوونه‌وه‌ی خه‌باتی ئه‌م حزبه‌ی ده‌وێت به‌باری دواڕۆژێکی زیندوودا ، که‌ کایه‌کانی ‌ فیکرو سیاسه‌ت و رێکخستن بگرێته‌وه‌ . هه‌ڵبه‌ت دۆستانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیزم ئه‌وه‌ ده‌خوازن و به‌هیوان ئه‌م رێبازه‌ به‌ کرده‌وه‌ بێته‌دی .

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان ، بوارێکی نوێ بۆ به‌رده‌وامبوونی ململانێی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن

دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێک به‌ بیانووی جیاجیا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان دواخراو ، ته‌نها یه‌ک جار ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ کوردستاندا کراوه‌ ، ده‌نگۆی خۆئاماده‌کردنی هێزه‌ سیاسییه‌کان بۆ به‌شداریی له‌م پڕۆسه‌یه‌دا له‌ ئارادایه‌ . ده‌سه‌ڵات که‌ هه‌ر جاره‌ رێگرییه‌کی ده‌کرده‌ پاساوی به‌ئه‌نجامنه‌گه‌یاندنی هه‌ڵبژاردن ، ئێستا خۆی له‌ڕێوشوێنێکی له‌بارتردا ده‌بینێت بۆ چوونه‌ ناو ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه‌ ، جه‌ختکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌م باره‌یه‌وه‌ ، له‌کاتی سه‌ردانی بۆ پارێزگای سلێمانی و دواتر کۆکردنه‌وه‌ی نوێنه‌رانی حزب و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و ده‌ربڕینی ئاماده‌یی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان ، هێمایه‌که‌ بۆ دڵنیایی و ئاماده‌باشیی ده‌سه‌ڵات سه‌باره‌ت به‌م که‌یسه‌ .
ئه‌م که‌یسه‌ بۆ جارێکیتر مه‌سه‌له‌ی ململانێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنی هێناوه‌ته‌ گۆڕێ و ، پرسی ئه‌وه‌ی کێ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌یباته‌وه ، دڵه‌ڕاوکێیه‌کی گشتیی له‌نێو جه‌ماوه‌ری هه‌ردوو به‌ره‌دا خستۆته‌وه‌ ، چونکه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌ڕله‌مانی کوردستان و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراقه‌وه‌ تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ک نییه‌ بۆ هاوکێشه‌یه‌کی نوێ له‌ نێوان هه‌ردوو به‌ره‌که‌دا ، لانیکه‌م کۆمه‌ڵیک راپرسی له‌ شه‌قامی کوردیدا نه‌کراوه‌ که‌ رووکاری داهاتووی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ تا راده‌یه‌ک دیاریبکات .
مه‌سه‌له‌ی بردنه‌وه‌ی لایه‌نێک له‌ هه‌ڵبژاردن و دۆڕاندنی لایه‌نه‌که‌یتر ته‌وه‌ره‌یه‌کی سه‌ره‌کیی ململانێ ده‌بێت . به‌ڵام ئایا ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌کی بابه‌تی لایه‌نه‌کانی هێزو لاوازی خۆیان ده‌ستنیشانبکه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ پلانی هه‌ڵبژاردن دابنێن ؟ ئایا ده‌توانن خوێندنه‌وه‌یه‌کی واقیعیانه‌یان بۆ هاوکێشه‌ی نێوانیان هه‌بێت ؟ ئایا ده‌توانن بیر له‌ سه‌رکه‌وتن بکه‌نه‌وه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا نه‌ک بردنه‌وه‌و دۆڕاندن ؟
له‌ڕاستیدا ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو له‌لایه‌ک و ، کاری رۆژانه‌و‌ ئاڕاسته‌ی راگه‌یاندنه‌کانی هه‌ردوو به‌ره‌ له‌لایه‌کیتره‌وه ،‌ له‌ ئاستی ئه‌م پرسیارانه‌دا نه‌رێیانه‌یه‌و دڵخۆشکه‌رنین ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی :
– هه‌ردوولایه‌ن ته‌نها گوتاری ئه‌رێیانه‌ی به‌رنامه‌و هه‌ڵوێستیان به‌ خه‌ڵکیی ده‌گه‌یه‌نن و ، له‌ڕێی راگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه‌ لایه‌نه‌ لاوا‌زه‌کانیان په‌رده‌پۆشده‌که‌ن .
– به‌پێی ئه‌و بنه‌ما ناڕاسته‌ ، خوێندنه‌وه‌یه‌کی ناواقیعی بۆ هاوکێشه‌ی نێوانیان ده‌که‌ن و ، هه‌ر لایه‌نێک پێیوایه‌ ته‌رازووی هاوکێشه‌که‌ به‌لای خۆیدا شکاوه‌ته‌وه‌ .
– پێوه‌ری سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌رلایه‌نێک بردنه‌وه‌ی خۆی و دۆڕاندنی به‌رامبه‌ره . ئه‌م پێوه‌ره‌ ژماره‌ی ئه‌و کورسییانه‌ له‌به‌رچاوده‌گرێت که‌ له‌ ئه‌نجامدا به‌ده‌ستیده‌هێنن ، واته‌ ئامانجی هه‌ڵبژاردن و مه‌به‌سته‌ ده‌ستووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ، که‌ نیشانه‌ن بۆ سه‌رکه‌وتنی پڕۆسه‌که‌ پشتگوێده‌خات و ئه‌وله‌وییه‌تی بۆ دانانێت .
هه‌ڵسه‌نگاندنی راست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ وه‌ک خۆی ببینێت و ئه‌و راستییه‌ فه‌رامۆشنه‌کات که‌ هێزو لاوازیی ، دوولایه‌نی یه‌ک کردار پێکده‌هێنن و ، سه‌ره‌نجامی ململانێکان به‌نده‌ به‌راده‌ی تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌ی دروست‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێکیاندا . بۆیه‌ لێره‌دا به‌شیک له‌و خاڵانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێشبینی له‌سه‌ر بنیاتبنێین .
یه‌که‌م : ده‌سه‌ڵات
ده‌سه‌ڵات له‌ هێزێکی به‌رچاو به‌هره‌مه‌نده‌ . جێوڕێی ده‌سه‌ڵات له‌ لوتکه‌ی هه‌ره‌می سیاسی و ئابووری و ئیداری و سه‌ربازی و راگه‌یاندندا بۆ خۆی هێزه‌و ، ده‌توانێت له‌ پڕۆسه‌ چاره‌نووسسازه‌کاندا به‌کاری بهێنێت و ئاڕاسته‌ی ئه‌و پڕۆسانه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ به‌رێت که‌ مه‌به‌ستێتی .
ده‌سه‌ڵات له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌رێمی له‌ده‌ستدایه‌ . زۆربه‌یه‌کی په‌ڕله‌مانی و ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێکردن و وه‌لائی زۆربه‌ی دادوه‌ره‌کان بۆ ده‌سه‌ڵات هێزن و ده‌شێت له‌و پڕۆسه‌یه‌دا کاریگه‌رییه‌کی ئیجابییان بۆ سه‌ر ‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت . له‌ڕووی دیپلۆماسیشه‌وه ،‌ که‌ ئه‌رکێکی‌‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌و بڕیارده‌ری جێوڕێی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی هه‌رێمه‌ له‌ نه‌خشه‌ی سیاسیی ئه‌مڕۆی ناوچه‌که‌دا ، ده‌سه‌ڵات توانیویه‌تی دۆستایه‌تی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ رابگرێت و گرژییه‌کی کاتیی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندا په‌ره‌پێبدات و به‌و هۆیه‌وه‌ سۆزی به‌شێکی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌که‌ن به‌لای خۆیدا رابکێشێت . راگه‌یاندنه‌کانیشی بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ ته‌رخانکردووه‌و ته‌نانه‌ت توانیویه‌تی هاوکێشه‌یه‌ک له‌ نێوان ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر تۆپبارانی سنووره‌کانی هه‌رێم و بۆردومانی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان و پشتگیریی ناڕاسته‌وخۆ له‌ خۆنیشاندانه‌کانی دژ به‌و تۆپباران و بۆردومانه‌ پێکبهێنێت‌ و ، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌و جۆرێک له‌ شه‌رعییه‌تدانیش به‌و ده‌ستدرێژییانه ، له‌ بۆته‌یه‌کی سیاسیدا بگرێته‌وه‌ . ئه‌م سیاسه‌ته‌ ئیمکانی به‌رده‌وامبوونی تا کاتی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌و به‌شێکی ململانێکه‌ پێکده‌هێنێت و سه‌رنج و پشتگیریی رێژه‌یه‌کی کاریگه‌ری ده‌نگده‌ران ده‌سته‌به‌رده‌کات و ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌هێزتر ده‌کات .
هه‌ڵبژاردن پێویستیی به‌ توانایه‌کی دارایی گه‌وره‌ هه‌یه‌ . به‌کارهێنانی پاره‌ بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێک ، جا ئه‌و به‌کارهێنانه‌ شه‌رعی بێت یان ناشه‌رعی ، سیمای هه‌ره‌ دیاری سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌و سیستمی هه‌ڵبژاردنیش له‌ کوردستاندا له‌م هۆکاره‌ گرنگه‌ به‌ده‌رنییه‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و راستییه‌مان له‌به‌رچاوبێت که‌ شاده‌ماره‌کانی ژیانی ئابووری به ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ ، بۆیه‌ بوونی ئه‌و توانا ماددییه‌ به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ خاڵێکیدیکه‌ی هێزه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن .
ده‌سه‌ڵاتی ئیداری شانبه‌شانی دوو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێشتر باسمانکرد کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه‌ . سیستمی حوکمڕانی له‌ هه‌رێمدا توانیویه‌تی ده‌زگایه‌کی ئیداریی تایبه‌ت پێکبهێنێت و له‌ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ . حکومه‌تی هه‌رێم توانیویه‌تی چینێکی نوێ له‌ کاربه‌ستان به‌ده‌وری خۆیدا کۆبکاته‌وه‌ و سه‌ره‌وکاری پڕۆسه‌ گرنگه‌کانیان پێبسپێرێت . دیاره‌ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و مانه‌وه‌ی سیستمی حوکم وه‌کو خۆی به‌رده‌وامیی ئه‌م چینه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا زامنده‌کات .
هه‌ڵبه‌ت دیارده‌ی بوونی هێزی چه‌کداری حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، که‌ هێشتا به‌ واقیعی نه‌بوونه‌ته‌ هێزی چه‌کدارو پارێزه‌ری سنووره‌کانی کوردستان ، هۆکارێکی زۆر دیارو ئاشکرای لایه‌ندارییه‌ بۆ حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ده‌شێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت بۆ گۆڕینی سه‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان چ وه‌ک ده‌نگدان بۆ لیستی ده‌سه‌ڵات و چ وه‌ک ئامرازێکی نه‌شیاوی فشارخستنه‌ سه‌ر هاووڵاتییان بۆ ده‌نگدان به‌و لیسته‌ی وه‌لائیان بۆی هه‌یه‌ ؛ ئه‌وه‌ راگه‌یاندنیش رۆڵی بنه‌ڕه‌تیی له‌م کایه‌یه‌دا ده‌گێڕێت و ، له‌ کوردستاندا راگه‌یاندن به‌ هه‌موو که‌ناڵه‌کانییه‌وه‌ له‌ژێر سایه‌ی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندایه‌ . ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن راگه‌یاندنی ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ ، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ هیچ نییه‌ له‌چاو راگه‌یاندنی حزب و حکومه‌تدا ، سه‌رکوتیش ده‌کرێت و هه‌ر رۆژه‌ به‌ بیانوویه‌ک مه‌وداکانی ئازادی له‌به‌رده‌مدا ته‌سکده‌کرێته‌وه‌ ، بۆیه‌ لیستی ده‌سه‌ڵات له‌ ئیمکاناتێکی گه‌وره‌ی راگه‌یاندن سوودمه‌نده‌و ، بوارێکی فراوانی بۆ راکێشانی رای گشتیی ده‌نگده‌ران هه‌یه‌ .
له‌ڕاستیدا به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات چه‌ندین خاڵی لاوازیشی هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت له‌ لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ته‌رازووی هێزدا ره‌چاوبکرێت ، تا پێشبینی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن پشت به‌ کۆمه‌ڵیک بنه‌ما ببه‌ستێت و هه‌ڵه‌ی تێدانه‌کرێت .
خاڵه‌ لاوازه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، له‌ ده‌سه‌ڵاتی بیست ساڵه‌ی هه‌ردوو گه‌وره‌ حزبه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت . خاڵه‌کان ، کۆی ئه‌و هه‌ڵه‌و که‌موکووڕی و ناته‌واوی و سیاسه‌ته‌ نابه‌جێیانه‌یه‌ که‌ له‌ ئاستێکی فراواندا په‌یڕه‌وکراوه‌و هێشتا چاره‌سه‌ری بۆ دانه‌نراوه‌ . بۆیه ده‌توانین‌ لێره‌دا‌ به‌ کورتی ئاماژه‌ به‌ گرنگه‌کانیان بده‌ین :
1 ) گه‌نده‌ڵی نێو ده‌زگا ئیدارییه‌کانی ده‌وڵه‌ت هه‌ر له‌ دانانی که‌سانی نه‌شیاو له‌جێوڕێی مه‌سئولییه‌تدا تا ده‌گاته‌ سه‌ر ئه‌و بێکارییه‌ رووپۆشراوه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌تی گرتۆته‌وه‌ .
2 ) گه‌نده‌ڵیی دارایی و به‌فیڕۆدانی داهاته‌کان و نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت له‌ چۆنیه‌تی خه‌رجکردنی له‌ماوه‌ی ئه‌و‌ بیست ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداردا ، چ به‌ ته‌نها له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆداو ، چ پێکه‌وه‌ دوای ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌ شکڵییه‌ی له‌ ئارادایه‌ .
3 ) به‌رنامه‌ڕێژنه‌کردنی بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی کوردستان .
4 ) نه‌بوونی گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی روون و ئاشکرا که‌ هه‌وڵبدات په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و به‌غدا به‌پێی کۆمه‌ڵێک پرنسیپی نوێی سه‌رده‌میانه‌ رێکبخات و چالاکییه‌ دیپلۆماسییه‌کانیش له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌رو وڵاتانیدیکه‌ی جیهاندا ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ بێت .
5 ) بوونی هێزی چه‌کداری حزبی و به‌کارهێنانی بۆ سه‌رکوتکردنی ئازادییه‌کانی خه‌ڵک له‌جیاتی پاراستنی سنووره‌کان له‌ ده‌ستدرێژی دراوسێکان .
6 ) ناله‌باریی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان و خه‌مساردی له‌ به‌دیهێنانیاندا .
7 ) به‌فیڕۆدانی داهاته‌کان له‌ بواری راگه‌یاندندا ، به‌شێوه‌یه‌ک نه‌ له‌ خزمه‌تی پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندایه‌و ، نه‌ رۆڵێکی ئیجابی له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی ژنان و لاوان و منداڵانی کوردستاندا ده‌بینێت .
سه‌رباری ئه‌م خاڵانه‌ ، کۆمه‌ڵێک خاڵیدیکه‌ هه‌یه‌و سه‌رجه‌می لایه‌نه‌کانی ژیانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ده‌گرێته‌وه‌ ، که‌ هه‌ر هه‌موویان لایه‌نه‌ لاوازه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌ن و کێبه‌رکێی ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات جۆشده‌ده‌ن .
دووه‌م : ئۆپۆزیسیۆن
ره‌نگه‌ وه‌ک ده‌ستپێکێک بتوانین ئاڵوگۆڕی خاڵه‌کانی هێزو لاوازی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن بکه‌ین تا وێنایه‌کی سه‌ره‌تاییمان بۆ هه‌ردوو به‌ره‌ هه‌بێت ، به‌ڵام له‌ واقیعدا چه‌ندین ورده‌کاریی دیته‌پێشه‌وه‌ که‌ ده‌بێت ئاماژه‌یان پێبده‌ین و پاشان له‌به‌ر رۆشناییاندا پێشبینیمان بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و دواڕۆژی باشووری کوردستان بخه‌ینه‌ڕوو .
هێزی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ،‌ له‌سه‌ر بنه‌ماو‌ راده‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان له‌ شێوازی فه‌رماڕه‌وایه‌تیی حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات خۆی نمایشکردووه‌ ، بۆیه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌دوای رووداوه‌کانی 17 ی شوباتی 2011 له‌ سلێمانی و رۆژانی دوایی به‌ لوتکه‌ گه‌یشت‌ ، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ رووی له‌دابه‌زینکرد . ئه‌گه‌رچی نه‌ ئامارو نه‌ راپرسییه‌کی رای گشتی له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وردی راده‌ی هه‌ڵچوون یان دابه‌زین به‌ده‌سته‌وه‌بدات ، به‌ڵام دوو هۆکاری ناوه‌کی و ده‌ره‌کی ئاماژه‌ به‌ کشانه‌وه‌ی خه‌ڵکی و نائومێدییان ده‌که‌ن به‌رامبه‌ر ئۆپۆزیسیۆن به‌تایبه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که‌ شه‌قامی کوردی به‌گشتی و شه‌قامی ” هه‌رێمی سه‌وز ” چاوه‌ڕوانییه‌کانی خۆیان پێوه‌گرێدابوو .
ئه‌مڕۆ ته‌نها بوارێکی هێز بۆ ئۆپۆزیسیۆن ملنه‌دانێتی به‌ داواکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ره‌تکردنه‌وه‌ی دان و ستانی بێمه‌رجه‌ . پێداگرتن له‌سه‌ر داوا جه‌ماوه‌رییه‌کان و سووربوون له‌سه‌ر ده‌ستگیرو دادگاییکردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیاربوون له‌ کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشانده‌ران له‌ 17 شوباته‌وه‌ تا به‌زاندنی حه‌ره‌می زانکۆی سلێمانی و سوکایه‌تی به‌ خوێندکاران له‌ رۆژانی 17 بۆ 19 نیسان ، ره‌نگه‌ تا راده‌یه‌ک باڵانسی هێزی جه‌ماوه‌ریی ئۆپۆزیسیۆن به‌رزبکاته‌وه‌و بتوانێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا رێژه‌یه‌کی نزیک له‌ رێژه‌ی کورسییه‌کانی حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات بهێنن له‌ پارێزگای سلێمانی و ناوچه‌ی گه‌رمیاندا . به‌ڵام ئه‌گه‌ر نزیکبوونه‌وه‌ی پارتی و ئۆپۆزیسیۆن به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت به‌ تایبه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و گۆڕان ، ئه‌وا ئه‌نجامه‌کان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات ته‌واو ده‌بێت .
ئۆپۆزیسیۆن به‌ ته‌رکیزکردنی راگه‌یاندنه‌کانیان له‌سه‌ر که‌یسی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌کان و به‌فیڕۆدانی سامان و داهاتی کوردستان و سه‌رکوتی خۆنیشاندان و بزووتنه‌وه‌ ئیعتیرازییه‌کان و به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی و ، هه‌ڵوێستی نادیارو ته‌مومژاوی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستدرێژییه‌کانی ئێران و تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌کانی هه‌رێم ، ده‌توانن وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی هێز بۆ هه‌ڵبژاردن سوودی لێوه‌ربگرن ، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ ئاشکراکردن و ده‌ربڕینی پشتگیریی راشکاوانه‌یه‌ ، چونکه‌ بێ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ دیارو روونه‌ ده‌که‌ونه‌ هه‌مان وێستگه‌ی راوه‌ستانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ . سه‌رباری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستێکیدیکه‌ش سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئۆپۆزیسیۆن ده‌کات . ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ په‌ل ده‌هاوێت بۆ داواکردنی گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی روون سه‌باره‌ت به‌ پرسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان و پلاندانان بۆ به‌جێگه‌یاندنی ریفراندۆمێک له‌ژێر سایه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تا ئێستا نه‌بوونی گوتارێکی وه‌ها خاڵی لاوازیی بووبێت بۆ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش ئه‌وا راگه‌یاندنی ئه‌م گوتاره‌ بۆ هه‌ر لایه‌کیان ده‌بێته‌ خاڵی هێزو کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت .
ئه‌و هۆکارانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا ، ده‌توانرێت‌ له‌ژێر به‌ندی هۆکاره‌ ده‌ره‌کییه‌کاندا ریزبه‌ندی بکرێن ، به‌ڵام له‌وانه‌ گرنگتر هۆکاره‌ ناوخۆییه‌کانن که بردنه‌وه‌ “‌ سه‌رکه‌وتن ” و دۆڕاندن ” سه‌رنه‌که‌وتن ” ، پته‌وکردن و جێگیرکردنی خاڵه‌کانی هێزو لاوازیی دیاریده‌که‌ن . ئه‌م هۆکاره‌ ناوخۆییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێکخستن و کاری به‌ره‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌ ، یه‌که‌میان به‌نیسبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌و ، دووه‌میشیان به‌ نیسبه‌ت ئۆپۆزیسیۆن به‌گشتی .
رێکخراوبوون ، واته‌ بوونی رێکخستن ، جا هه‌ر ناوێکی لێبنرێت( حزب ، رێکخراو ، بزووتنه‌وه‌ ، کۆمه‌ڵه‌ ، یه‌کێتی … هتد ) رۆڵێکی کاریگه‌ر ده‌بینێت له‌ سازدانی جه‌ماوه‌رو کۆنترۆڵکردنی ئاڕاسته‌ سیاسییه‌کان به‌ رووکارێکی راستدا ، هێشتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی خه‌ڵک به‌بێ رێکخستنیان به ‌زیان بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ک هه‌ر له‌کایه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌ڵکو بۆ خودی قه‌واره‌و بوون و به‌رده‌وامبوونی پشتگیریی جه‌ماوه‌ره‌که‌ی‌ . نه‌بوونی رێکخستن ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌رلێشێوان و بڵاوه‌لێکردنی جه‌ماوه‌ره‌که‌ و هۆکارێکیش ده‌بێت بۆ ناکۆکی و خۆخواردنه‌وه‌و له‌که‌میدان . ئه‌مه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ که‌ گۆڕانی تێدایه‌و کاریگه‌رییه‌کی سه‌لبی له‌سه‌ر هێزو تواناکانی بۆ چوونه‌ نێو پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ داده‌نێت . سه‌باره‌ت به‌ کاری به‌ره‌ییش ده‌بێت به‌رنامه‌و شێوازی کاری ئاشکراو به‌رنامه‌ڕێژیی کاری سیاسی له‌هه‌ر قۆناغێکدا هه‌بێت و کاری بۆ بکرێ و دواتریش کاری له‌سه‌ر بکرێ ، به‌بێ ئه‌وه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ ته‌باکان په‌رت ده‌بن و ناتوانن رێژه‌یه‌کی باشی ئامانجه‌کانیان به‌ده‌ستبهێنن . دیاره‌ ئه‌م خاڵه‌ش له‌ واقیعی ئه‌مڕۆی ئۆپۆزیسیۆندا ده‌بینرێت و په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌کانیان سیسته‌ماتیک و نه‌خشه‌بۆدانراو نییه‌ ، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجام و ده‌ستکه‌وتێکی سه‌رکه‌وتوانه‌یان لێناکرێت .
له‌ نێوان ئێستاو کاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا ( ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش دوانه‌خرێت ) چه‌ند مانگێک هه‌یه‌ بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و ئاماده‌کاریی بۆ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ . ده‌شێت زۆر مه‌سه‌له‌و بڕیارو کاری په‌یوه‌ند به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه گۆڕانکاریی به‌سه‌ربێت ، ده‌شێت هاوپه‌یمانێتییه‌کان وه‌کو خۆیان نه‌مێننه‌وه‌ ، ده‌شێت به‌رنامه‌کانی پێشوو ده‌ستکاریبکرێن ، ده‌شێت هێزێکی به‌دیل بۆ لیسته‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن خۆی رابگه‌یه‌نێت و . . . هتد . له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ ناتوانرێت سه‌داسه‌د پێشبینی ئه‌نجامه‌کان بکرێت ، به‌ڵام به‌ وه‌رگرتنی هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی شیکرانه‌وه‌ زێتر لیستی یه‌کگرتووی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ر سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێمدا ، به‌ڕێژه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ هه‌ولێرو دهۆکداو به‌ جیاوازییه‌کی که‌م له‌ پارێزگای سلێمانیدا ، هه‌ڵبه‌ت دوا پێشبینیی دروست ده‌توانرێت دوای هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاساکه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنایه‌تی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ، به‌شێوه‌یه‌کی نزیک له‌ ئه‌نجامه‌کان ، بکرێت .

چەپی ترادیشناڵ

ترادیشناڵ زاراوەیەکی سیاسییە بۆ هەموو شێوەکانی وشکهەڵاتوویی فیکرو ئەو هەڵوێستانەی لەسەر بنەمای ئەو فیکرە وەردەگیرێن ، واتا دەربڕینێکی ئایدیا – سیاسییە بۆ زاراوەیەک کەلەنێو کۆمۆنیستەکاندا بە ( دۆگماتیزم ) ناودەبرێت .
لە پەنجا ساڵی رابردوودا ،( دۆگماتیزم ) تۆمەتێک بوو ، ریڤیژنیستەکانی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانیی دەیاندایە پاڵ مارکسیست – لێنینیستەکان . هەر هەموو ئەوانەی لە کۆمۆنیزم هەڵدەگەڕانەوە ، بەم پاساوە شانی خۆیان لە بیروباوەڕەکانیان خاڵیدەکردەوە .

هەمان ئەم زاراوەیە ( ترادیشناڵ ) ، لەچەند دەساڵی رابردووداو تا ئێستا ، بۆ ئەو بزووتنەوە ئاینییە سیاسییانە بەکاردەهێنرێت ، کە دەیانەوێت بۆ سەرچاوە سەرەتاییەکانی ئاین بگەڕێنەوەو ، واقیعی ئەمڕۆی جیهان و پێشکەوتنە زانستی و تەکنۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم لەبەرچاو نەگرن . ئەوانە لە ئەدەبی سیاسیدا بە ( توندڕەو ) ناوزەد دەکرێن ؛ هەر لەبەر ئەم خاڵە نەرێییەیە ، ” مورتەددەکانی ” بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و رادیکاڵ ، ئەوانەی هەنگاوی یەکەم لەم گەڕانەوەیەدا دەهاون ، ئەم شوناسە فیکری و سیاسییە بۆ پێناسەی فیکری تا ئەو کاتەی خۆیان و هاوڕێکانیان بەکاردەهێنن .
مەبەستی ئەم پاشگەزبووانە لە پێناسەکردنی فیکرو هەڵوێستی مارکسییەکان بە ” ترادیشناڵ ” ، رەتکردنەوەی پرنسیپە بنەڕەتییەکانی مارکسیزمە ، لەڕێی لادان یان خۆگێلکردن لە جەوهەری مارکسیزم .
لێرەدا وەک پڕاکتیک شیکردنەوەی چینایەتی بە نموونە وەردەگرم ، چونکە یەکەم هەڵوێستی هەڵگەڕاوەکان بەزاندنی ئەم شێوازەی شیکردنەوەو ، خۆدزینەوەیە لە مێتۆدی لێکدانەوەی ماتەریالیستی دیالێکتیکی و مێژوویی ، ئەو مێتۆدەی کە شیکردنەوەی چینایەتی بنەمایەتی .
“پاشگەزبووەکان” ، هەروەک بۆرژواکان ، لەبری شیکردنەوەی دیاریکراو بۆ واقیعێکی دیاریکراو ، شێوازی گشتاندن بەکاردەهێنن . بەکارهێنانی ئەم شێوازە لەهەموو لێکدانەوەکانیاندا سیمایەکی دیارو ئاشکرایانە کەپێی دەناسرێنەوە ، چۆن ؟
– لە هەڵسەنگاندنی دەوڵەت یان هەڵوێستە سیاسییەکانی پەیوەند بە پرنسیپی دیموکراسی ، وەڵامی ئەو پرسیارانە نادەنەوە کە : دیموکراسیی چ چینێک و دیکتاتۆریی چ چینێکیان مەبەستە ! ناسنامەی چینایەتی لەو چەمکانە نادەن ، ئەو پەیوەندییە دیالێکتیکییەی نێوان دیکتاتۆری و دیموکراسی نابینن ، شوناسی واقیعیی ( دووانەیی ) چەمکی دەوڵەت رەتدەکەنە ، بەلای ئەوانەوە : ” دیکتاتۆریی دیکتاتۆرییەو دیموکراسی دیموکراسییە ” .
– لە بواری ئەدەب و هونەردا ، راست و چەپێک بەسەر شوناسی چینایەتی ئەدەب و هونەردا دەهێنن . ئەدەب و هونەر لەدەرەوەی چینەکان یان لەسەرووی چینەکاندا دەبینن .بەپاساوی ئەوەی چێژوەرگرتنی ئەدەبی و هونەریی پەیوەندی بە تاکەوە هەیە ، ئەو راستییە فەرامۆش دەکەن کە پێکهاتەو ئینتیمای چینایەتیی لە سایکۆلۆژیی شەخسیدا رەنگدەداتەوەو چێژ لە بازنەی ئەو ئینتیمایەدا دەبێت و ، خودی ئارەزووە ئەدەبی و هونەرییەکانیش بەڵگەن بۆ بیرو هەڵوێست ومەیلی چینایەتی هەر کەسێک . بۆیە بواری ئەدەب و هونەر بۆ پاشگەزبووەکان لە مارکسیزم ، باشترین دەرفەتە بۆ راگەیاندنی هەڵوێستی نوێ و سەنگەری نوێیان . لەبەرئەوە لە ئاستی پرسیارێکدا کە دەبێت ئەدەب و هونەر لە خزمەتی کێدا بێت و ، بۆ ئەوانی مارکسی دەبێت لە خزمەتی چ چینێکدا بێت ، دادەمێنن و وەڵامێکیان نابێت کە لەگەڵ پرینسیپە چینایەتییەکانی هەڵوێستگرتنی مارکسییانەدا بگونجێت .
– لەکایەی کۆمەڵایەتیشدا ، کە مەسەلەی خێزان و پەیوەندی ژن و پیاو تەوەرەی سەرەکییەتی ، تیۆری مارکسی سەبارەت بە ئازادی و یەکسانی ژنان و دەستوورێک کە رابەرانی بزووتنەوەی ژنانی کۆمۆنیست ، زێتر لە سەد ساڵە پەیڕەوی دەکەن ، لەفەرهەنگی سیاسی خۆیاندا دەسڕنەوەو دەیدەن بەدەم جووڵانەوەو تێزە سەرمایەدارییەکانی ژنانی بۆرژواوە . بانگەشەکردن بۆ فیمینزمی بۆرژوازی لیبراڵ ، دابەشکردنی کۆمەڵ بە دوو رەگەزی دژ بەیەک ( ژن و پیاو ) ، سووربوون لەسەر ئەوەی پیاوان هۆکاری چەوساندنەوەی ژنانن نەک سیستمی کۆمەڵایەتی ، پێداگرتن لەسەر ئەوەی پرسی ژنان پەیوەندی بە پیاوانەوە نییەو ، دەبێت لێگەڕێن ژنان تەنها خۆیان مشووری پرسەکەیان بخۆن ، کەرتکردنی بزووتنەوەو خەباتی یەکگرتووی ژنان و پیاوان بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی باشتر و دوارۆژێکی بێ چین و حزب و دەوڵەت و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ؛ ئەو بەرنامەیەیە کە پاشگەزبووەکان لە مارکسیزم پەیڕەویدەکەن و ئاشتیی چینایەتییان لەگەڵ چینە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتدا بۆ زامن دەکات .
– پاشگەزبووەکان یان هەڵگەڕاوەکان لە مارکسیزم پرنسیپی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە رەتدەکەنەوەو بەدوای رێبازێکی سیاسیی پاسیڤیستییەوەن ، تەرویجدانی ( گاندیسم ) بەشێکی ئەم کەچڕەوییەیانە ، ئەو راستییە مارکسیستییە ناسەلمێنن کە ( توندوتیژیی مامانی مێژووە ) ، ئەو راستییەی کەسەرانسەری مێژووی ململانێی چینایەتیی کۆمەڵگاکانی بەشەرییەت سەلماندوویەتی ، راستیی رۆڵی توندوتیژیی لە گۆڕانکارییە ریشەییەکاندا ، راستی گواستنەوە لە پێکهاتە ( فۆرماسیۆن ) ێکەوە بۆ پێکهاتەیەکیدیکە لەڕێی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە . بەرنامەی ئەوان ، وەک ستراتیژیی بزووتنەوە مێژووییەکە ، ریفۆرمخوازییە نەک شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینی پێشڕەوی کۆمەڵ لەو قۆناغە میژووییە دیاریکراوەدا . ئەوان لەبەر چەند هۆکارێک و ، بۆ بەستنی پردێک لەنێوان خۆیان و بۆرژوازییەتی دەسەڵاتداردا ، تەنها چالاکی و خەبات لەریزی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی NGO دا ، ، بە کاری سەرەکیی خۆیان دەزانن ، چونکە ئەوە بەرژەوەندیی ماددیی تایبەتی و ناسراوبوون و ناوبانگ پەیداکردنیان دەکاتە ئامانج و بەشێکی بەرچاوی خواستەکانیان بەدیدەهێنێت .
– هەڵگەڕاوەکان لە مارکسیزم ئەزموونێکی مێژوویی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم دەدەنە دواوە ، ئەزموونێک کە بەخوێنی گیانبەختکردووانی کۆمۆنەی پاریس بەدەستهێنراوە ، ئەزموونێک کە پێداویستیی حزبی پێشڕەوی قۆناغە مێژووییەکە دەکاتە زەرورەت بۆ سازدان و رێکخستنی خەڵک و چینی پێشڕەو ، بەر لەشۆڕش و ، بۆ بەرپاکردنی شۆڕش بەشێوەیەکی رێکخراوی تۆکمەو زامنکردنی سەرکەوتنی بەسەر دوژمنەکانیداو ، پاشان پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و رێگرتن لە گەڕانەوەی سیستمی بەر لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکە . ئەوان ( پاشگەزبووەکان لە مارکسیزم ) ئەو راستییە پێلێدەنێن کە بەبێ رێکخستنێکی پۆلایین ، بەبێ حزبێکی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاری ، نە شۆڕش دەکرێت و نە سەردەکەوێت و ، نە بەرنامەی گۆڕانکاریی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتی پڕاکتیک دەکرێت و ، نە سیاسەتی رێگرتن لە گەڕانەوە بەرەو رابوردووە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکە جێبەجێ دەبێت و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت . ئەوە راستی و سەلمێنراوێکی فیکری مارکسییە ، کە چالاکیی سیاسیی ، بەرزترین شێوەی کارو چالاکییە . ئەو شێوە بەرزەش لە کاری هۆشیارانەی حزبیدا بەرجەستە دەبێت ، بۆیە بەرەنگاریی ئەم پرنسیپە و بەسووک سەیرکردنی و ، روانین لەباڵەخانەی خۆبەزلزانینی فیکری و وەهمی هەڵوێستی سەربەخۆوە ، بۆ خەڵکی و حزبی پێشڕەو و ، وێناکردنیان وەک مێروولە ، جگە لەخۆباییبوون و نابووتیی تیۆری و فیزلێدانێکی بێ لۆژیک و گواستنەوە بۆ سەنگەری بۆرژوازییەت و خۆسازدان بۆ دەستکەوتی تایبەتی ، هیچیتر نییە !

پاشگەزبووەکان ، ئەوانەی دەمامکی مارکسیبوونیان بەستووە ، وەک کەسانی وردەبۆرژوا ، بە پێچ و پەنا بۆ جێگیرکردنی هەڵوێستە ” نوێیەکانیان ” دەچن و ، تیۆری جۆراوجۆرو پاساوی رۆشنبیرانەش بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنن ، کە زاراوەی ( ترادیشناڵ ) تەنها یەکێکیانە ، بۆیە ئاساییە چەپی مارکسییان لێبگۆڕێت و بە چەپی ترادیشناڵ وەسفیان بکەن !!
تێبینی :
پاشگەزبووەکان یان هەڵگەڕاوەکان لە مارکسیزم ، کەسانێکن لەناوماندا ، ناون و هەن ، دەشێت لەکاتی پێویستدا لەنێو ئەم دێڕانەدا جێیان بۆ دابین بکەم ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا پرنسیپەکانی نێو ناوەرۆکی وتارەکەم مەبەستە ، بەدەر لەوەی ئاڕاستەی کێ کراون و لەسەر کێ و کێ نوسراون ، خۆم لە ناوهێنانیان دەبوێرم .

٤ ی ئابی ٢٠١٣

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتیی مامجەلال

نەخۆشیی ئەمجارەی مامجەلال و درێژەکێشانی بێهۆشیی ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانییەکی گشتی خستۆتەوە و ، کاریگەرێتییەکی تەواوی لەسەر بارۆدۆخە سیاسییەکەی عێراق و کوردستان داناوە ، ئەمریکاو دەوڵەتانی دراوسێی عێراق ، بەتایبەتی ئێران و تورکیا ش چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن و ، بە دڵنیاییەوە ئێستا خەریکی رێکخستنەوەی ئەجندەکانی خۆیانن بۆ قۆناغی دوای مامجەلال .
دیارە ئەم نیگەرانی و چاوەڕوانییە بێ بنەما نییە ، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ رۆڵی بێ ئەلتەرناتیڤی مامجەلال لە راگرتنی هاوکێشەی هێزە سیاسییەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی عێراق و کوردستان و ، ئیدارەکردنی ململانێ سیاسییەکان و کۆکردنەوەی لە دەوری سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) ، هەر لەڕووخانی بەعسەوە تا ئەمڕۆ .
لەنێو فەزا سیاسییەکەدا حزبەکانی کوردستان بەدەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە زێتر کاریگەرێتی ئەو واقیعەیان بەسەرەوەیە ؛ تایبەتیتر لەوەش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەمووان زێتر ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ دەیگرێتەوەو لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردا رایگرتووە .
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال ، بۆ جارێکیتر دوای نزیک بە چل ساڵ ، چ لەئاستی سیاسیداو چ لە ئاستی رێکخستندا ، دەکەوێتەوە بەردەم خۆناساندنەوە ، چونکە ئەوە یەکەم جارە بەم شێوەیە یەکێتیی بەبێ مامجەلال لەبەرامبەر چارەنووسی خۆیدا رابوەستێت و بەرەوڕووی وەرچەرخانێکی سیاسی و رێکخراوەیی ببێتەوە . هۆکاری ئەوەش بۆ گرنگیی کەسایەتی مامجەلال دەگەڕێتەوە لە ژیانی یەکێتیی نیشتمانیدا ، سەبارەت بەوەی مامجەلال ، بۆ یەکێتیی ، سەرکردەیەکی ئاسایی نییە کەلە کۆنگرەیەکدا هەڵبژێردرابێت و ئەمڕۆ بێ گرێوگۆڵ بتوانرێت سەرکردەیەکیتر لەجێگاکەی دابنرێت ، مامجەلال جگە لەوە سەرکردەیەکی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردە لەم بەشەی کوردستاندا و ، مێژووی بزووتنەوەکە لە پەنجا ساڵی رابردوودا بەبێ ژیانی سیاسی ئەو نانوسرێتەوە . ئەو سەرکردەیەکی کاریزمییە ، لەسەرێکەوە بۆ بزووتنەوە نەتەوایەتییەکەو ، لەسەرێکیترەوە بۆ خودی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، وەک دامەزرێنەرو رابەری فیکری و سیاسی رەوتەکەی ، هەر لەسەردەمی خەباتی چەکداریی شاخەوە تا بەئیمڕۆ دەگات کە لایەنێکی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا . بۆیە سەبارەت بەم رۆڵە کاریزمییەو ئەو جێوڕێیەی وەک باوک بۆ رەوتی یەکێتی هەیبووە ، لەهەموو لایەکەوە پرسیارەکان ئاڕاستەی چارەنووسی ئەو رێکخستنەو رۆڵە سیاسییەکەی ئایندەی دەکرێت .
لەڕاستیدا ناتوانرێت وەڵامی دروست بۆ ئەو پرسیارانە بەدەر لە شیکردنەوەی واقیعی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان بدرێتەوە ، هەروەک ناکرێت بەبێ ناسینی کەسایەتی مامجەلال و رۆلی لەو واقیعەدا پێشبینی ئایندەی پڕۆسەی سیاسیی پەیوەند بەو واقیعەوە بە وردی بکرێت .
ناکۆکی سەرەکی لە ناوچەکەدا ، ئەوەندەی پەیوەندی بە عێراق و کوردستانەوە هەبێت ، لە نێوان سێکوچکەی ئەمریکا – ئێران – تورکیادایە ، ململانێکان رۆژ بەڕۆژ لە توندبوونەوەدان ، مامجەلال لە ماوەی سەرۆکایەتیدا هاوسەنگیی ئەو ململانێیەی راگرتبوو ، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و تورکیاو ، لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا و بەرژەوەندی هەرسێ لایەن هەتا ئەمڕۆش هاوشانی یەکتری دەڕوات ، ئەگەرچی توندبوونەوەی ململانێکان بۆ هەرچی دەستبەسەرداگرتنی ئابووری و سیاسیی عێراق و کوردستان بەردەوامەو ، لەپشت زۆربەی بارگرژییەکانەوە یە . بۆیە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆک کۆمار ، جگە لەوەی ئەو ناکۆکییانە دەمەزەرد دەکاتەوە ، سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) یش کاڵدەکاتەوەو ، دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەنەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تا رادەی مەترسی دەورەیەکیتر لە شەڕی تایەفی و ، ئەگەری توندبوونەوەی گرژیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند و زیادبونی خاڵێکیدیکە بۆ ناکۆکییەکان کە ئەویش پۆستی سەرۆک کۆمارە ، چونکە پێشبینی ئەوە دەکرێت لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق جارێکیتر ئامادەنەبن دەنگ بۆ کوردێک بدەن پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت .
لەبەر تیشکی ئەو واقیعەی ئاماژەمان پێدا ، دیارە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گەورەترین باری گرانی دەکەوێتەسەرو بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە . رەگی ئەم ئاستەنگە بۆ رستێک ناکۆکی دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی دەبێت کاردانەوەی هەبێت لە بەرامبەریاندا و بەشێکیان پەیوەندی بە کوردستان و فەرمانڕەوایەتی ناوکۆیی پارتی و یەکێتییەوە هەیەو بەشێکیتری بە باری ناوخۆی یەکێتیی خۆیەوە بەندە .
لەسەر ئاستی کوردستان دوو ناکۆکی : ناکۆکی یەکێتیی لەگەڵ پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە ریزی پێشەوەن . هەرچەندە رێککەوتنی ستراتیژیی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە ، بەڵام رێککەوتنێکی جێگیر نییە ، تەنانەت هێشتا بەتەواوەتی حکومەتی هەرێم یەکگرتو نییەو زۆرجار جیاوازییەکانی بیروبۆچوون لەسەر کێشە سیاسی و ئیداری و داراییەکان ، رێکەوتنە ستراتیژییەکە دەخەنە بەر ئەگەری هەڵوەشاندنەوە . جۆری پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا ، هەرچەندە خاوبوونەوەی گرژییەکانی بەخۆیەوە دیوە ، بەڵام رکابەری ویەکتری رەتکردنەوە بەردەوامەو ، پڕبوونەوەی ئەو کەلێنە گەورەیەی لە نێوانیاندا هەیە دەمودەست و بەئاسانی روونادات . بۆیە ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا مامجەلال کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووبێت لە یەکبینەیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و خاوکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان ، ئەوا بەبێ سەرکردایەتی ئەو ئەگەری تێکچوونی ئەو پەیوەندییانە لەئارادایە ، چونکە ئەوە شاردراوە نییە کە لە ریزەکانی رێکخستنی هەرسێ لایەنەکەدا نەیارانی سیاسی ئەو پەیوەندییانەی ئێستا هەن ؛ خۆ ئەگەر پارتی بتوانێت دیسپلینی نێوخۆی کۆنترۆڵ بکات ، بەڵام چۆنایەتی پێکهاتەی رێکخستنەکانی یەکێتی و گۆڕان زامن نین بۆ کۆنتڕۆلی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئەو یەکڕیزییە رووکەشەی ئێستا هەیە .
ئێستا لە هەموو لایەکەوە پرسیارگەلێک دەربارەی چارەنووسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەکایەدایە ،پرسیارەکان سەبارەت بە پەیوەندی یەکێتیی و پارتی و یەکێتیی و گۆڕانن ، باری ناوخۆی یەکێتیش تەوەرەیەکی گرنگە کە پرسیارەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوەو چەندین پێشبینی بۆ دەکرێت ، لەڕاستیشدا ئەم تەوەرەیە بڕیاردەری هەڵوێستەکانەو لەوێوە پرسیارەکان وەڵامی خۆیان وەردەگرن .
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە وەک رێکخستنێکی فرە سەکۆ دامەزراو ، زێتر لە بەرەیەک دەچوو کە چەندین بیروڕاو رووکاری فیکری و سیاسیی جۆراوجۆری لە خۆی گرتبێت ؛ دواتر ئەم پێکهاتەیە نەماو ، دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان وەک حزبێک شێوەی خۆی گرت و ، بووە خاوەنی یەک بەرنامەو پێڕەوو ، یەک سەرکردایەتی و ئۆرگانی یەکگرتوو لە هەموو ئاستەکاندا ، بەڵام ئەو پێکهاتە حزبییە هەر بە رووکەش بوو ، چونکە بەپێی جیاوازییەکانی پێشوو و دواتریش ئەو بەرژەوەندییانەی بە هۆی جێوڕێی لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا هاتبووە پێشەوە ، چەند دەستەگەریی تێدا دروستبوو کە تا ئیمڕٶش بەردەوامە ، ئەگەرچی هەوڵێکی زۆریش لەئارادابووە بۆ بنبکردنی دەستەگەرێتی و پاراستنی یەکێتیی نێو یەکێتیی .
ئەو دەستەگەرێتییەی ئاماژەمان بۆ کرد کاریگەرییەکی نەرێیانەی لەسەر یەکێتیی نیشتمانی داناوە ، بەڵام هێڵەکانی ئەو دەستەگەرییە هاوتەریبی یەکتر رۆیشتوون و توانیویانە پێکەوە هەڵبکەن لەلایەک بەهۆی مەترسییەکانی دەرەوەی یەکێتیی و ململانێکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیتردا ، بەتایبەتی پارتی و گۆڕان ، لەلایەکیتر بەهۆی رۆڵی کەسایەتیی کاریزمی مامجەلال کە هەموویانی لەژێر چەتری خۆیدا کۆکردبۆوە ، بۆیە ناکۆکییەکان و ناوەندەکانی هێزو کەسایەتیی یەکەمی ئەو ناوەندانە ، بەناچاری ، پێکەوە ژیاون و ، ئاگاداری ئەوەبوون ناکۆکییەکان نەتەقێتەوەو زیان بە هەموویان بگەیەنێت .
ئەمڕۆ بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال ئەم گرفتە وەک ئەگەرێک بواری دەرکەوتن و هەڵچوونی هەیە و ، هیچ بەربەستێکی فیکری و سیاسی و رێکخراوەییش نییە پێشی پێبگرێت ، چونکە لەژێر سەرکردایەتی مامجەلالدا سەرچاوەی بڕیارو فیکرو سیاسەتەکان هەر ئەو بووەو ، یەکێتیی وەک حزب نەیتوانیوە ژیانی نێوخۆی لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی دابڕێژێت تا بتوانێت بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال کێشەکان و ئاستەنگەکان و ناکۆکییەکانی نێوخۆ چارەسەربکات .
بۆ هەر حزبێک سێ مەرجی سەرەکی هەیە کە ناسنامەی حزبی دەداتێ و چوونەپێشەوەی سیاسەتەکانی زامن دەکات ، ئەوانیش : یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژی و یەکگرتوویی ئیرادەو یەکگرتوویی کارە ، بەڵام لە یەکێتیی نیشتمانیدا هەرسێ مەرجەکە بزرە ، چونکە نە لە ئاستی سەرکردایەتی و نە لە ئاستی خوارەوەدا ( جەماوەری رێکخستن ) یەکگرتوویی فیکری نییەو هیچ سەرچاوەیەکیشیان بۆ یەکخستنی فیکریی نییە ؛ بەهۆی بوونی دەستەگەرێتیشەوە ، ناوەندی جیاجیای بڕیار هەیە ، بۆیە نە یەکگرتوویی ئیرادە هەیەو نە یەکگرتوویی کار . لەبەر رۆشنایی ئەم واقیعەی نێوخۆی یەکێتی ، بەتایبەتی لەکاتێکدا مامجەلال جێی لە سەرکردایەتیدا چۆڵدەبێت ، بواری لێکترازان و پەرتەوازەیی دەڕەخسێت کە هەر دەستەیە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵات لەناو یەکێتیدا بۆ بەرژەوەندی دەستەکەی خۆی بدات و ، ئەوەش دەبێتە خاڵی لاوازیی یەکێتیی بەرامبەر نەیارەکانی و ، سووربوونیش لەسەری یەکێتیی بە هەڵدێردا دەبات ، یان لانیکەم کەرت کەرت بوون چارەنووسی دەبێت و ئەو یەکێتییە نامێنێتەوە کە مامجەلال سەرکردایەتی دەکرد .
بە خوێندنەوەی سەرجەمی ئەو واقیعە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە :
– یەکێتیی نیشتمانی وەک ئێستای نامێنێتەوەو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت ، گۆڕانکارییەکانیش بەند دەبێت بەو واقیعە سیاسییەی بێ سەرکردایەتی مامجەلال دێتەکایەوە . یەکتیی سەرکردە کاریزمییەکەی ، واتە ( باوک ) ی نامێنێت و تووشی پاشاگەردانی دەبێت ، چارەسەرکردنی پاشاگەردانییەکە یان فراوانبوونەوەی دەکەوێتە سەر چۆنیەتی تاووتوێکردنی ئاستەنگەکان لەلایەن ئەو سەرکردایەتیە نوێیەی دوای سەرکردایەتی مامجەلال دێتە سەرکار .
– ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر یەکێتیدا دێت ، کتوپڕ نابێت بەڵکو ماوەیەک دەخایەنێت ، ئەویش دەکەوێتە سەر هێزی ئەو دەستە سەرکردایەتییەی کار دەگرێتەدەست لەلایەکەوەو ، سەر چۆنیەتی مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بارودۆخ و سەرکردایەتییە نوێیەکەی یەکێتیی ، هەڵبەت نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە لەم شێوە گۆڕانکارییانەدا ، سەرەتا سۆزێکی جەماوەریی حزبی کاریگەریی خۆی دەبێت و بۆ ماوەیەک ، کەم یان زۆر بخایەنێت ، ململانێ و ناکۆکییەکان دوادەخات .
– یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، وەک رێکخراوێکی سیاسی کە بۆ دەیان ساڵ لە کوردستاندا خەباتی سیاسی و چەکداری کردووە هەروا بە ئاسانی پرش و بڵاو نابێتەوە ، چونکە ئەم رابردووە سەنگی خۆی هەیە ، بەتایبەتی لەکۆمەڵگایەکی خێڵەکی وەک کوردستاندا کە نەرێتە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک لە هاوکاری و دەستگرتن بە سەروەرییەکانەوە دەسەپێنێ و تاکەکەسەکانی کۆمەڵ بەزوویی دەستبەرداری نابن .
– ئەگەر لە ریزەکانی یەکێتیدا دەستەگەریی بەردەوام بێت و ، دەستەیەکی دەسەڵاتدار بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا نەکات و هەوڵی دەرپەڕاندن یان ملکەچکردنی دەستەکانیدیکە بدات ئەوا چەند ئاڕاستەیەک چاوەڕوانی چارەنووسی یەکێتیی دەکات لەوانە :
١ ) ئەو دەستەیەی سەرکردایەتی دەگرێتەدەست بەشێکی رێکخستن لەخۆی کۆدەکاتەوە ، بەڵام ناتوانێت هەموو رێکخستن کۆبکاتەوە ، چونکە ئەوەی لەو دەستە بەهێزەی نێو یەکێتی رەچاودەکرێت ئەوەیە مۆرو سیمای ناوچەگەرێتی لە رێکخستنەکە بدات یان بە تەواوی بوار بڕەخسێنێت باڵی عەسکەری ، نەک مەدەنی ، لە سەرکردایەتی و ئۆرگانە بەرپرسەکانی خوارەوەدا باڵادەست بێت . هەر ئەم هۆکارە رەنگە ببێتە مایەی وازهێنانی هەندێک لە ئەندامەکانی سەرکردایەتی ئێستاو ، بڕیاری دانیشتن بدەن .
٢ ) لەبەر ئەوەی پێکهاتەی جەماوەریی یەکێتی تێکەڵەیەکە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری و، هێڵێکی روون و ئاشکرا لە جەماوەری پارتی جیایان ناکاتەوە ، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بەشێکی کەم رووبکەنە پارتی و بەڕیزەکانی ئەوەوە پەیوەست بن ، بەتایبەتی ئەو توێژەی کاریگەرێتی خێڵایەتییان بەسەرەوەیە .
٣ ) بنکەی جەماوەریی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان تا رادەی ” چوونیەک ” بوون لەیەکەوە نزیکن ، هەر هەمان جەماوەرن کە تەنها ناکۆکییەکیان لەسەر دینامیزمی ئیدارەی حکومەت و کەیسی گەندەڵییە ، کەسایەتی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ چەند دە ساڵێک کەسایەتی دووەمی یەکێتیی بووەو ئەویش وەک سەرکردەیەکی کاریزمی جێوڕێی تایبەتی هەبوو لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا ، لەبەرئەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت بەشێکی بەرچاوی جەماوەری یەکێتی بە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەیوەست بن .
٤ ) بە پێچەوانەی هەندێک لەو بۆچوونانەی پێشبینی ئەوە دەکات یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تێکەڵ ببنەوە ، جا هەر بە ناوی یەکێتییەوە بێت یان ناوێکیدیکە لەخۆیان بنێن ، ئاماژەکانی ململانێی چەند ساڵی رابردوو ئەو راستییەمان پێدەڵێت کە هەڵنانی ئەم هەنگاوە کارێکی ئاسان نییە ، تا رادەیەکی زۆر ئەستەمە هەریەکە لە سەرکردایەتی ئایندەی یەکێتی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بتوانن بگەنە رێککەوتنێک لەسەر پۆستی کەسایەتی یەکەمی ئەو رێکخستنەی لە ئەنجامی یەکگرتن دروست دەبێت ، چونکە ئەو جەمسەرانەی بەرپرسیارێتی لە هەردوولا یەکترییان پێ قبووڵناکرێت و ئەگەری پێکەوەکاردنیان بۆ جارێکیتر ، ئەگەرێکی زۆر لاوازە .
دیارە شیکردنەوەی سیاسیی بۆ بارودۆخێکی وەها ئاڵۆزو پێشبینی بۆ ئایندە ، هەر لە سنووری بیروبۆچووندا دەمێنێتەوەو ناتوانین رەهایی پێببەخشین ، بۆیە ئایندەی کوردستان و ، بەتایبەتی دواڕۆژی یەکێتیی نیشتمانی ، دەشێت بە ئاڕاستەیەکیدیکەدا بڕوات بەپێی ئەو پێشهاتانەی ئایندە لەخۆیدا حەشارداوە ، بۆیە دەروازەی پێشبینییەکان ، بۆ توێژەرانی سیاسی لە داهاتوودا بە کراوەیی دەهێڵینەوە .

٣٠ / ١٢ / ٢٠١٢
گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بۆ حوکمڕانیی باشووری کوردستان

ئەو ململانێیەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمیی کوردستان ، کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ وە بەگەرمی دەستیپێکردووە ، هەتا ئێستاش بەردەوامە . سەرەنجامی ئەوە چارەنووسی پرسی کورد و ئاسۆی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەڵواسراوەیی ماوەتەوەو هەتابێت ئومێدی دەربازبوون لەم قەیرانە کزترو لاوازتر دەبێت . بێزاری و ناڕەزایەتی خەڵکیش ، بەگشتی ، روو لە هەڵچوونە . ئەگەرچی سەرەتا ئەم ناڕەزایەتییە روو لە دەسەڵات بوو ، بەم هۆیەشەوە ئۆپۆزیسیۆن توانی لە هەڵبژاردنەکاندا ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پەڕلەمانی کوردستان بەدەستبهێنێت ، بەڵام دوای شکستی خۆنیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات – ١٩ ی نیسانی ٢٠١١ و ، دان و ستانی ئاشکراو نهێنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و ، بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆن و رێکنەخستنی مەراسیمگەلێک بۆ یادی خۆنیشاندان و شەهیدەکانی ١٧ ی شوبات و رۆژانی دوایی ، رستێک پرسیاری وروژاندووە ، کە پرسیاری سەرەکییان دەربارەی توانایی هەردوو لایەنە لە حوکمڕانیی کوردستان . ئەوەی تاچ رادەیەک بوونی ئەم هێزە سیاسیانە وەڵامن بە واقیعی ئیمڕۆی باشووری کوردستان ، ئەوەی کە پرسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا گەشەکردن و چوونەپێشەوەیەکی چۆنایەتی بەخۆیەوە دەبینێت ، تەنانەت تەواوی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و لایەنەکانی لێکچوونیان ، کەوتونەتە ژێر پرسیارەوە.
واقیعی ئەمڕۆی باشوری کوردستان
مەبەست لە واقیع سەرتاپای بوارەکانی ژیانی خەڵکی کوردستانە . ئەم واقیعە گشت لایەنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە ، پەیوەند بەوانیشەوە لایەنەکانی ئیداری و رۆشنبیری و تەندروستی و پەروەردەوفێرکردن و ئاستی پابەندبوون بە پرەنسیپ و بەها ئەخلاقییەکانیش لەخۆیدەگرێت .
ئەم واقیعە فرەڕەهەندە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی گەرەکەو دواڕۆژی خەڵکی لەم شوێنە جوگرافیاییەی ناوی باشووری کوردستانە بەم گۆڕانکارییەوە گرێدراوە ، بۆیە پێوەری سەرکەوتوویی دەسەڵات و راستگۆیی ئۆپۆزیسیۆنیش ، جگە لەبەرنامەیەکی هەمەلایەنەی گۆڕانکاریی ، پراکتیکی بەرنامەکەو زەمینەخۆشکردنە بۆ بەدیهێنانی . کێبەرکێی سیاسی لەم سنوورو بازنەیەدا دروستەو ، ئاساییە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەریەکەیان بەرنامەی خۆیان هەبێت . بوونی بەرنامەی جیاواز بۆ گۆڕانکاریی ، بنەمای ئەو کێبەرکێیە دەبێت ، بەپێچەوانەشەوە بوونی بەرنامەی هاوشێوەو پێڕەوکردنی شێوازی چوونیەک و نزیکیی ئەو زمان و گوتارەی ئاڕاستەی راگەیاندن و تەواوی ململانێکەی پێدەکرێت رەوایی کێبەرکێ و ململانێ توندەکان ناهێڵێت و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەکاتە دووڕووی یەک دراو .
ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستاندا لەبەرچاوە ، بوونی دەسەڵات و چەند هێڵێکی سیاسییە کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنن ، لەنێویاندا ئۆپۆزیسیۆنێکی فەڕمی هەیە کە لە دووباڵی نەتەوەیی و ئیسلامی پێکدێت ، ململانێی دەسەڵات و گۆڕانکاری و بەرنامەو بۆچوونەکان لەنێو ئەم سێگۆشە سیاسییەدایە ، کە ئەگەر هەندێک دیدو ئامانجی ستراتیژیی ئیسلامگەرایانەی لێدەربکەین ، لێکچوونێکی لەڕادەبەدەر لەنێوان ئەم لایەنانەی ململانێکەدا هەیە ، بەتایبەتی لەنێوان دەسەڵات ( پارتی و یەکێتی ) و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەیی ، واتە ( گۆڕان ) دا .
بنەماکانی لەیەکچوونی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن
حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەڕێژەیەکی بەرچاو لەڕووی بونیادەوە سەر یەکتری دەچنەوە ، واتە چەند بنەمایەک هەیە کە هەموویان لە ئاڕاستەیەکدا کۆدەکاتەوە ، بۆیە هاووڵاتی کورد لەئاستی سیاسەتەکانیاندا تووشی رامان و سەرەگێژە دەبێت و ناتوانێت هەڵسەنگاندن و بڕیارێکی دروست لەبارەیانەوە بدات ، یان دڵنیابێت لەوەی کە ئەم کەشتییە بەرەو رۆخێکی ئارام دەڕوات و لەوێدا بەهێمنی دەگیرسێتەوە . لەبەرئەوە دەتوانین لە خوێندنەوەیەکی گشتیدا بنەماکانی لەیەکچوون لەچەند خاڵێکدا دەستنیشان بکەین :
١ ) بنەمای چینایەتی : هەموو لایەنەکان ، وەک شوێنی چینایەتییان لە کۆمەڵگای کوردستاندا ، سەر بە توێژە جیاجیاکانی چینی بۆرژوازین ، وەک چینێکی زۆر فراوان و باوی کۆمەڵگا ، کە لەسەرەوەو لوتکەکەیدا بازرگانان و سەرمایەدارانی گەورەو بۆرژوازیی بێرۆکراتی دەوڵەتی و ، لەبنەوەشدا جەماوەرێکی بەرینی وردەبۆرژوازی هەیەو ، لەڕووی ئینتیمایانەوە دابەشدەبنە سەر دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن . سەرچاوەی نارەزایەتیش ، چ لە نێو جەماوەری حزبەکانی دەسەلات بەرامبەر سەرکردایەتییەکانیان و ، چ لەنێو جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر دەسەڵات و چینی باڵادەستی کوردستان ، ئەم چینەیە ، کە بەهۆی گەشەنەکردنی ئاسایی سەرمایەداریی لە کۆمەڵگای کوردستاندا ، بێزاری و نارەزایەتییەکەی ئاوێتەیە بە هەندێک لە چەمکە دەرەبەگییەکانەوە ، ئەو چەمکانەی کەم و زۆر کاریگەرێتی لەسەر شێوازی ململانێکان دادەنێت .
٢ ) بنەمای کۆمەڵایەتی : پێکهاتەی هەموو لایەنەکان وەک سیستمی حزبی و پەیوەندی بە جەماوەرو خودی جەماوەرەکانیشیان ئەوەندە لەیەکدەچن کە هێڵێکی روون و پانی جوێکردنەوەیان بەئاسانی نابینرێت . روانگەی حزبی و پیرۆزاندنی سەرۆکی کاریزمیی حزب و رەتکردنەوەی بەرامبەرو هەڵوێستی نێگەتیڤانە لەبەرامبەر گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی سیستمی دەوڵەت و سیستمی باوی کۆمەڵ ، خاڵی یەکانگیربوونیانە ، ئەگەرچی هەریەکەیان بەشێوازێک دەریاندەبڕێت . ئەم بنەما کۆمەڵایەتییەی لێکچوون ، بە واقیعی دەیانکاتە خێزانێک و ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنێ ( بەتایبەتی هەردوو حزبی دەسەڵات و گۆڕان ) کە چارەسەری ناکۆکییەکانیان وەک ئەندامانی یەک خێزان بکەن ، جا ئەوە زوو بکرێت یان بخایەنێت و درەنگ بێتەدی .
٣ ) بنەمای کەلتوریی : لایەنەکانی ململانێی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا خاوەنی کەلتوورێکی سیاسین . ئەم کەلتوورە وجودیان ، هەڵسوکەوتیان ، کاردانەوەیان بەرامبەر کێشەوگرفتەکان دەگرێتەوە .
لەڕووی بوونیانەوە رەچەڵەکی هاوبەشیان هەیە ، چ رەوتە نەتەوەییەکان و چ رەوتە ئیسلامییەکان ، هەریەکەیان زادەی یەک دایکن : گۆڕان لەیەکێتیی نیشتمانی کوردستان بووەو ، ئەمیش لەڕووی مێژووییەوە زادەی پارتی دیموکراتی کوردستانە ، رەوتە ئیسلامییەکانیش زادەی بزووتنەوەی ئیخوان موسلمینی ( حسن البناو سید قطب ) ن . ململانێی نێوخۆ و یاخیبوون لە دایک ، یان باشترە بڵێین : یاخیبوون لە باوکە کاریزمییەکە سیمای پەیوەندییە بونیادییەکەیان دیاریدەکات . هەڵسوکەوتەکانیش پابەندی ، بوون و ململانێکانە ، کاردانەوەکانیش بریتین لە : ( هێرشی راگەیاندن و هاندان و سووکایەتیکردن دژی یەکتری و ، پەنابردنە بەرچەک و کاری توندوتیژیی و ، نانبڕین و ، گرتن و ، کوشتن و ،چەند جارە بوونەوەی کاری سووتاندن و … هتد ) .
پڕاکتیکی بنەماکان
پراکتیکی بنەما لێکچووەکانی کاری سیاسی و بەڕێوەچوونی ململانێکان لەدوو بواردا خۆیان دەنوێنن ، ئەوانیش : ( بەرنامەو میتۆد ) ن .
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە بەرنامەی ئیسلامییەکان لەناوەرۆک و مەبەستی ستراتیژییاندا جیاوازەو پەیوەندییەکی بنچینەیی بە پێداویستییەکانی واقیعی ئەمڕۆی کوردستانەوە نییە ، بەرنامەی ئەوان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و پەیڕەوکردنی شەریعەتی ئیسلامە لە کۆمەڵدا ، بەرنامەی ئاشکرایان کە لە جێوڕێی ئۆپۆزیسیۆنەوە ململانێی لەسەردەکەن ، جۆرێکە لە خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجەکانی ئەمڕۆی جیهان و وێستگەیەکە بۆ گەیشتن بە ستراتیژی بزووتنەوەکەیان ، بۆیە لەم بەشەدا زێتر بەراوردەکان لەسەر گوتاری دەسەڵات ( پارتی و یەکێتی ) و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەیی ( گۆڕان ) دەکەین .

١ ) گوتاری سیاسی
مەبەست لە گوتاری سیاسی ستراتیژو جۆری ئاڕاستەکردنی سیاسیی تواناکانە بۆ گەیشتن بەو ستراتیژە . گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە باشووری کوردستاندا ، نزیک بەسەدەیەکە ، لەبازنەی عێراقیبوون و خۆبەستنەوە بە یەکێتیی خاکی عێراق و ئۆتۆنۆمی و ، دواجار لە فیدرالی تێنەپەریوە . پرسی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ باشووری کوردستان لە گوتاری ئەم بزووتنەوەیەدا نەبووە . هەتا ئێستاش ئەوەندەی نوێنەرانی رەسمیی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکە بەکاروباری عێراق و مەسەلەی سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراقی دوای داگیرکردنەوە خەریکن ، بەهیچ بوارێکی پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە خەریک نین . لەم بارەیەوە بیروبۆچوونی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمی لەیەکچوونێکی زۆری تێدایە . بۆ نموونە : ملدانی هەردوو لایەن و پشتگیرییان بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی بەناو نیشتمانیی عێراقی بۆ رێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک بنەما کە دەسەڵاتی ناوەندو نەیارەکانی ( ئۆپۆزیسیۆن ) رێکبخاتەوە ، هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی بنچینەکانی دەوڵەتێکی ” فیدراڵیی دیموکراتی ” پشتبەستوو بە دەستووری عێراقی و زامنکردی سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی تەوافوق ؛ بەڵگەیەکی ئاشکرای گوتارە ناوکۆییەکەیانە کە جێگای ستڕاتیژیی جیابوونەوە لە عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی تێدانەبۆتەوە .
مەسەلەی سیستمی فەرمانڕەوایی لە باشووری کوردستاندا ، کە ناویان لێناوە ( هەرێمی کوردستان ) هیچ جۆرە ناکۆکییەکی لەنێوان دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆندا لێنەکەوتۆتەوە ، هەموویان پابەندن بە سیستمی پەڕلەمانی و پرەنسیپی جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکە ( یاسادانان ، جێبەجێکردن ، دادوەری ) . وەک بەرنامەو گوتاری سیاسیش هەمووان بانگەشەی سەلماندنی ئازادییە سیاسییەکان دەکەن ، لەو مەودا سنووردارەی لەسەروبەندی دامەزراندنی حکومەتدا لەسەری کۆکبون و ئەمڕۆ دەسەڵات کەم و زۆر پێشێلیان دەکات ؛ ئەم پابەند نەبوونەی دەسەلاتیش بۆ خۆی ، سەرچاوەیەکی دیار پێکدەهێنێت بۆ بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکانی هەردوو لایەن .
ئەم گوتارە سیاسییە ناوکۆییە ، لە پرسی ( جیاکرنەوەی ئایین لە دەوڵەت ) دا بەهەمان شێوە خۆی نمایش دەکات . هیچ لایەنێکیان ، نەلە بەرنامەکەیاندایەو نە بە ئاشکرا گوتارەکەیان بەو رووکارەدا ئاڕاستە دەکەن ، بۆیە پڕۆژەی جێگیرکردنی ئەم پرەنسیپە سێکیولاریستەیان نییە ، تەنانەت لە بەرنامەو کۆی راگەیاندنەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیشدا بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری هەرێم ، بەشێوەی پێشنیازیش دوورو نزیک شتێک دەربارەی جیایی ئایین و دەوڵەت لە ئارادا نییە .
٢ ) گوتاری ئابووری
لەلای کەس شاراوە نییە کە دوای راپەڕینی ١٩٩١ ژێرخانی ئابووری کوردستان داڕماو هیچی بەسەر هیچیەوە نەما ، گەمارۆدانی دووسەرەی عێراقی و نێودەوڵەتیش هێندەیتر ئەم ژێرخانەی وێرانکرد ، نەبوونی و گرانی و برسێتی بووە سیمایەکی دیاری ژیانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردو بەرئەنجامی ئەو ژێرخانە داتەپیوە . کاربەدەستانی کوردستان بەپەلە ئابووریی دەوڵەتییان کۆتایی پێهێنا ، ئەگەرچی بەعس بەشێکی گەورەی ئەو شێوە ئابوورییەی داڕووخاندبوو ؛ لەجێگەی ئەوەشدا هیچ نموونەیەکی ئابووریی ئەزموونکراوو تۆکمەی نەبوو تا نەهێڵێت بارودۆخە ئابوورییەکە لە گرێژەنە بچێت ، بۆیە بەبێ لێکۆڵینەوەی هەلومەرج و واقیعی ئەو کاتەی کوردستان نموونەی ( بازاڕی ئازاد ) ی سەرمایەدارییان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند .
سەپاندنی ئەم نموونە ئابوورییە جگە لەوەی باڵادەستیی کەرتی تایبەتی هێنایەئاراوە ، دەرگای کوردستانیشی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان ئاوەڵاکرد تا بە ئارەزووی خۆیان سەرمایەگوزاریی لە کوردستاندا بکەن و لە سامان و رەنج و ئارەقەی خەڵکی کوردستان سەرمایەکانیان زێتر کەڵەکە ببێت . لەم کردارەشدا سەرمایەدارانی خۆماڵیی پشکی گەورەیان بەرکەوت و دواتر تا بە ئێستا دەگات ، سەرباری بیانییەکان ، کۆمپانیاکانی حزب و بۆرژوازییەکی بێرۆکرات کە پلەو پایە حزبییەکان خولقاندوونی دەستیان ناوەتە بینی ئابووری کوردستان و لە خنکاندن نزیکیان کردۆتەوە .
ئەمڕۆ شا دەماری ئابووریی باشووری کوردستان بەدەست کۆمپانیا بیانییەکانەوەیە ، هەر لە کۆمپانیاکانی ولاتانی دراوسێوە تا دەگاتە کۆمپانیا فرەناسنامەکان . ئەمە بۆتە سەرچاوەی وێرانی بەرهەمهێنان و ستەمکاری لە دابەشکردنی داهاتی نیشتمانیدا . نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و جەمسەربەندیی کۆمەڵگا لەنێوان جەمسەرێکی داراو جەمسەرێکی نەداردا ، لەنێوان توێژێکی ئێجگار دەوڵەمەندو زۆربەیەکی ئێجگار هەژاردا ، دیاردەیەکی هەرە زەقی بازاری ئازادە کە بۆ زێتر لە بیست ساڵە خەڵکی کوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت ؛ ئەگەر دوێنێ ئابووریی کوردستان و سەرمایەداریی لەکوردستاندا پاشکۆی سیستمی سەرمایەداریی دواکەوتووی عێراقی و بەشێک بوو لە ئابووریی عێراق ، ئەوا ئیمرۆ پاشکۆی سەرمایەداریی وڵاتانی دەوروبەرو ئابووریی ئەو وڵاتانەیە کە لەسایەی دەستئاوەڵابوونی کۆمپانییەکانیان و سەرمایەگوزاری بازرگانیدا ، بەپلەی یەکەم ، هەموو رایەڵە ئابورییەکانی کوردستانیان بەدەستەوەگرتووەو ، لەوڕێیەوە دەست لەکاروباری ناوخۆی کوردستان وەردەدەن و هیچ سەروەرییەکی سیاسییان بۆ حکومەتە خۆماڵییەکەی نەهێشتۆتەوە .
لەبەرامبەر ئەم گوتارە فەرمییەی دەسەڵاتدا ، ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی ئەلتەرناتیڤێکیان پێ نییە . ئەوانیش لەسەر ئەم نموونە ئابوورییەی دەسەڵات هاوڕان ، ناکۆکییەکانیان لەسەر جەوهەری ئەم ئابوورییە نییە ، بەڵکو لەسەر هەندێک دینامیزمی جێبەجێکردن و ئەو گەندەڵییەیە کە لەم بوارەدا زێتر لەهەر بوارێکدیکە بەبەرچاوەوەیە .
٣ ) گوتاری کۆمەڵایەتی
کۆمەڵگای کوردستان ، گەشەکردنێکی سەرمایەداریی بەخۆیەوە نەدیوە ، هێشتا گەشەی سەرمایەداریی ژێرخانێکی پتەوی پیشەسازی و سیستمێکی بانکی پەرەپێدراوی نییە ، سەرمایەدارییەکی دواکەوتووی تێدایە کەزێتر سەرمایەگوزاریی لە بوارەکانی بازرگانی و خانووبەرەدا دەکات ؛ لەبەرئەوە کۆمەڵگای کوردستان بەتەواوی لە سیستمی دەرەبەگایەتی نەپچڕاوەو دیاردەکانی کۆمەڵگای دەرەبەگی ، بەشێوەی جۆراوجۆر ، تێیدا زاڵە ، ئەقڵی خێڵ و عەشیرەتگەری و باوکسالاری و پیاوسالاری و گەورەسالاریی ، کەم و زۆر ، لە هەڵسوکەوت و فیکرو کرداری خەڵکیدا رەنگدانەوەی خۆی هەیە . ئەم رەنگدانەوەیە لە پێکهاتەو سیاسەتی حزبەکاندا ، بە دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە دیارەو هۆکارێکیشە بۆ تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان و درێژەکێشانیان و بەیەکنەگەیشتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان . کاتێک خەڵکی لەسەر بنەماڵەیی رێکخستنی حزبی دەدوێن ، واقیعەکە هەستپێدەکەن و بەشێوەیەکی راست دەیخوێننەوە. لێرەا تەنها ئاماژە بە دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی دەکەم کە نە دەسەڵات لە ماوەی بیست ساڵی دوای راپەڕیندا توانیویەتی بەرەو کزبوونی بەرێت و نە ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمیش بەرنامەیەکی روونی بۆ چارەسەرکردنیان هەیە .
١ /٣ دیاردەی یەکەم پەیوەندی بە ئەقڵییەتی خێڵەوە هەیە . لەبری ئەوەی ئاستی حزبەکان و جەماوەری خەڵکی کوردستان بەرەو تێپەڕاندنی ئەم ئەقڵییەتە ببرێت و گوتاری خێڵ و عەشرەت بە مۆزەخانەی مێژوو بسپێردرێت ، لانی کەم حزبەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لەگەڵ گوتارە نەتەوەییەکەی خۆیاندا راستگۆ بن و گوتاری نەتەوەیی لەسایەیاندا سەروەربێت و جەماوەرە حزبییەکەی خۆیان بەو ئاڕاستە نەتەوەییەدا ببەن ، کەچی دەبینین هەتادێت ئەو گوتارەی خێڵ باڵادەستی پەیدادەکات و بەدوای خۆشیدا هەموو تەنگژە ئیداری و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەکانیش رادەکێشێت . گوتاری بنەماڵەیی و بەرچاوتەنگیی حزبایەتی و شارچێتی و ناوچەگەرێتی و رەنگدانەوەکانی لەسەر کەرتکردنی کوردستان بۆ ( بادینان و سۆران ) و ( هەرێمی زەردو هەرێمی سەوز ) و ئاڵای ( زەردو سەوزو مۆرو شین و سپی .. هتد ) بەڵگەن بۆ ئەو واقیعە تاڵەی خەڵکی ستەمدیدەی کورد، لەڕاپەڕینەوە تا ئێستا ، رۆژانە دەیچێژێت .
٢/ ٣ دیاردەی ستەمی رەگەزی و ، راگرتنی ژنان لەسایەی یاساکانی هەڵاواردنی جێندەری و ، هەڵنەگرتنی هەنگاوی بنبڕ بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی ژنان و زامنکردنی ئازادی بۆیان و یەکسانکردنیان لەهەموو روویەکەوە بە پیاوان .
ئەوەی سەبارەت بەم کەیسە سەرنجڕادەکێشێت ، جیاوازی نێوان بەرنامەو پڕاکتیکی حزبەکانە . هیچ یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات و حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ، بەشێوەیەکی شەفاف لەم پرسە کۆمەڵایەتیە گرنگە نادوێن و توخنی جەوهەری پرسەکە ناکەون .
خاڵی هەرەگرنگی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان ئازادیی بڕیاردانی چارەنووسە لە هاوسەرگیریی و پێکەوەنانی خێزان و منداڵبوون و جیابوونەوەشدا . سەلماندنی چوونیەکیی ژنان و پیاوان لە پڕاکتیکی ئەو شێوازەی پەیوەندی هەردوو رەگەزدا و ، دەستەبەرکردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی مافە مرۆییەکانی ژنان و بە یاساییکردنیان ، نەبۆتە هێڵێک بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ، بەتایبەتی بۆ ئۆپۆزیسیۆنێک بەرنامەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی هەبێت .
٤ ) گوتارە پەیوەستەکان
مەبەست لە گوتارە پەیوەستەکان ، گوتارەکانی : ( ئازادی سیاسی ، کارگێڕیی ، سەربازیی ، ئاسایش وهەواڵگریی ، پەروەردەیی ، رۆشنبیریی ، تەندروستیی ، راگەیاندن و … هتد ) ن . واتە هەموو ئەو گوتارانەیە کە بەشێکن یان پەیوەستن بە گوتاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە و ، بەپلەی جیاجیا کاریگەرێتی ئەم سێ گوتارەیان لەسەرە .
دەسەڵات سەبارەت بەم گوتارە پەیوەستانەوە پڕاکتیکی بیست ساڵی هەیە ، کە بە گشتی مایەی رەخنەو رەتکردنەوەی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستانە . ئۆپۆزیسیۆنی رەسمی ، بەشێوەیەک لەشێوەکان ، تا هەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٩ بەشدارو هاوکاری دەسەڵات بووە لە بڕیارو بەجێگەیاندنی ئەو گوتارەدا ، لەساڵی ٢٠٠٩ یش بەدواوە ناکۆکییەکانی لەم مەیدانەدا سەبارەت بە چۆنیەتی و دینامیزمی جێبەجێکرنەکەیە نەک جەوهەری بەرنامەو گوتارەکە .

حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی بۆ هەر یەکێک لەو گوتارانە بەرنامەی سەربەخۆیان نییە کە بتوانێت رایەکی گشتیی جەماوەری لەبەرامبەر پڕاکتیکی دەسەڵات بۆ ئەو گوتارانە سازبدات و یەکبینە کاری لەسەر بکات ، بۆیە لەجێوڕێی ئۆپۆزیسیۆنەوە بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدا بە هەڵواسراوەیی دەمێنێتەوە ، چونکە هەلی پراکتیک بۆ ئۆپۆزیسیۆن ناڕەخسێت تائەو کاتەی نەبنە دەسەڵات و جڵەوی حوکم بەدەستەوە نەگرن .
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مەودای ئازادی سیاسی چۆن دەبینێت ؟ چ هەلومەرجێکی پراکتیکی ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان بە شیاو دەزانێت ؟ تاچ رادەیەک بڕیارو بەشداریی جەماوەر لە فەرمانڕەوایەتیدا بەڕەوا دەزانێت ؟ چۆن ئەمە لەگەڵ سیستمی پەڕلەمانیدا دێتەوە ، کە سیستمێکە هەر چوار ساڵ یەک جار ماف بە هاووڵاتی دەدات دەنگێک بدات ؟ ئایا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە توانایاندایە شێوازی کارگێڕیی ئێستا بەشێوەیەکی ئەرێیانە بگۆڕن و ، ئەو گەندەڵییانەی هەیە بنبڕ بکەن ؟ میکانیزمی کارکردنیان بۆ جیاکردنەوەی حزب لە دەوڵەت چییە و ئایا دەتوانن لەم کایەیەدا دەستبەرداری ئەجندەی حزبییانەی خۆیان ببن ؟
ئۆپۆزیسیۆن هەروەکو دەسەڵات بیردەکاتەوە لە ئاستی سەربازی و ئاسایش و هەواڵگیرییدا ، وەک زەرورەتێک بۆ بەڕێوەبردنی حوکم و ئەوەی پێی دەڵێن ” ئاسایشی نەتەوەیی ” . بەرنامەیەک کە ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەم هیزو دەزگایانە هەیەتی بەهێزکردن و چەکدارکردنی زیاترو پاراستنێتی وەک دەزگایەکی سەرکوتی سەرووخەڵکی نەک هەڵوەشاندنەوەو پەیڕەوکردنی جۆرێکیتری رێکخستنی هێزە چەکدارەکان .
ئەم لێکچوون و نەبوونەی هێڵیێکی جیاوازی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمی بوارەکانی پەروەردەو رۆشنبیریی و تەندروستییش دەگرێتەوە ، رەخنەو گلەیی و ئیعتیرازەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەوری کەم و کووڕییەکان دەخولێنەوە نەک فەلسەفەی پەروەردەوفێرکردن و ئاڕاستەیەکی مۆدێرنی رۆشنبیریی و سیستمێکی تەندروستیی فراوان و هەمەلایەنە لەخزمەتی جەماهیری خەڵکی کوردستاندا .
٥ ) میتۆدی کارو هەڵوێست
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی چۆنایەتی ئاڕاستەی گوتارەکان و بانگاشەکردنیان لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە ، میتۆدی کارکردن و وەرگرتنی هەڵوێستە کە بەم رادە یان ئەو رادە نزیکییەک لەنێوانیاندا هەیە . لەم رووەوە تەنها ئاماژە بە چەند بوارێک دەکەم :
أ – کارو هەڵوێستی حزبی
لەدوای راپەڕینەوە هەلی کاری سیاسیی حزبی ، دوای ساڵانێکی زۆر لەکفراندنی ، بۆ خەڵکی رەخسا . جگە لە حزبەکانی بەر لە راپەڕین ، بەدەیان حزب و رێکخراوی سیاسی سەریانهەڵداو سوودیان لە بارودۆخی سەردەمی دوای راپەڕین بۆ کاری حزبی وەرگرت ، بەڵام بەهۆی پراکتیکی نادروستی ئەم کارە حزبییەوە ، بەتایبەتی حزبە گەورەکان ، ئاڕاستەیەکی لیبراڵی هەڵە سەریدەرهێناو بەشێوازێکی کاریگەرتر لەساڵانی پێش راپەڕین کفراندنی کاری حزبی هاتە ئاراوە . ئەوەی ئەم ئاڕاستەیەی جێگیرکرد ململانێی حزبیی نێوان پارتی و یەکێتی و حزبەکانی سەر بەم دوو حزبە گەورەیە بوون . حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاش ، چ وەک بەشێک یان هاوپەیمانی حزبە گەورەکان ، رۆڵیان لەم ئاڕاستە هەڵەیەدا هەبوو ، ئەمێستا لەسەر یەک ریتم کاری حزبایەتی دەکرێت و سکتاریزمی حزبی باڵی بەسەر هەموویاندا کێشاوە و هەریەکە لە پێگەی بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆیەوە پراکتیکی کاری سیاسی دەکات . ئەو کێبەرکێیەی کارو هەڵوێستی حزبییانە هێناویەتە کایەوە ، لە سەرەتای ئەزموونەکەدا شەڕی ناوخۆیی لێکەوتەوەو ئەمڕۆش توندترین ململانێی لێڕسکاوەو زەمینەی هەڵگیرسانی شەڕێکیتری ناوخۆی لە هەر کات و ساتێکدا خۆشکردووە . لەڕووی رێکخستنیشەوە ، بەگشتی نەک وەکویەک ، بێسەروبەری و پەرتوبڵاوی و پێشێلکردنی پرەنسیپە حزبییەکان بۆتە سیمای ئاشکرای کاری حزبی ، تارادەی ئەوەی هەندێک لەو حزبانە مەرجی حزبیان تێدا نەماوەو زێتر وەک دەزگایەکی تایبەتی هەڵبژاردن دێنەبەرچاو ، مەرجەکانی رێکخستنی حزبی کە بریتین لە ( یەکگرتوویی فیکری و یەکگرتوویی کارکردن و یەکگرتوویی ئیرادە ) ، تەنها لە یەک دوو رێکخستنی ئیسلامیدا نەبێت ، لەوانیتردا نەماوە . هەر ئەمەشە دیسپلینی نەهێشتووەو کاریگەرێتییەکی نەرێیانەی لەسەر بارودۆخەکە داناوە .
ب – کاری جەماوەری
میتۆدی حزبیانەی کارکردن ، میتۆدێکی تایبەتی بۆ پەیوەندی حزبەکان و جەماوەر هێناوەتەکایەوە ، لەلایەک بە خۆناساندن وەک نوێنەری جەماوەر ، لەلایەکیدیکە پشتگوێخستنی جەماوەرو بەکارهێنانی وەک کارتێکی هەڵبژاردن . ئەگەرچی هەموو حزبەکان بە حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لافی خزمەتکردنی جەماوەرو پشتبەستن بەجەماوەر لێدەدەن ، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی خەڵکی کوردستان تەنها بەشدارییەکی رووکەشیان لە بڕیاردانی سیاسیدا هەبێت . ئەو خەڵکەی ئەوان بە ناویانەوە دەدوێن و خۆیان بە نوێنەریان دەزانن ، تەنها دەتوانن هەر بەچەند ساڵ جارێک دەنگێک بدەن ؛ نە دەتوانن نوێنەرەکانیان بەر لە تەواوبوونی ماوەی نوێنەرایەتییان لابدەن ، نە دەتوانن دەنگیان هەبێت لە دانان و لابردنی پۆستە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتداو ، نەدەتوانن کارمەندێکی دەوڵەت بۆ بەردەمی دادگاکان رابکێشن و ، نە بۆ پەسەندکردنی یاساو بڕیارە چارەنووسسازەکان پرسیان پێدەکرێت ، جگە لەمەش چ هەردوو حزبی دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن زامنکردنی دەنگی جەماوەر بۆ بەرنامەکانی هەڵبژاردن لە دەستبەسەرداگرتنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەبینن ، بۆیە هەریەکەیان لەلای خۆیەوە رێکخراوی تایبەتی بۆ چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵ پێکدەهێنێت ، لەبەر ئەوە چەندین رێکخراوی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و ژنان و … هتد هەن کە تەنها شوناسە حزبییەکە لەیەکترییان جیادەکاتەوە نەک ئاوات و ئامانج و خواستەکانی ژیانی ئەو کەرتە کۆمەڵایەتییانەی نوێنەرایەتی دەکەن .
ج – پەیوەندی و دیپلۆماسیی شاراوە
تێکڕای لایەنە سیاسییەکانی نێو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش ، بەشێوەیەک لەشێوەکان پەیوەندییان بە وڵاتە دراوسێکانی کوردستان و وڵاتانیدیکەی جیهانەوە ، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، هەیە . جۆری پەیوەندییەکان شاراوەیی بەسەریاندا زاڵە ، واتە شەفافییەت لە پەیوەندییەکاندا نییە ، زێتر لە ژوورە داخراوەکاندا بەڕێوەدەچێت ، نە جۆرنالیزمی کوردی و نە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زانیارییەکی راستیان دەربارەی ئەم پەیوەندییانە نییە.
ئەم پەیوەندییانە خۆشخەیاڵییان لێکەوتۆتەوەو، دۆستی وەهمیی سەروبەرژەوەندیی دەوڵەتیانەیان ، بەردەمی جەماوەری خەڵکی کوردستان خستووە ، خەڵکی کوردستانیان لە چاوەڕوانیی ئەو دۆستە فریادڕەسانەدا راگرتووە . ئەم پەیوەندییە شاراوەیەش ، زۆرجار لەنێوان حزبەکاندا هەیەو خەڵکیی لێی ئاگادار نییە ، دەگمەن تەواوی گفتوگۆی نێو ئەم حزبانە پەخشدەکرێت یان دەگاتە نێو خەڵک .
لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئۆپۆزیسیۆنێکی فەرمی بوونی خۆی سەلماندووە ، لایەنەکانی نوێنەریان لە پەڕلەمانی کوردستاندا هەیە ، بەشدارییەکی زیندوو و کاریگەریان لە ژیانی سیاسییدا هەیە ، بەڵام ململانێ وگرژبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدا بەسەر زاری خەڵکییەوەیە ، توندبوونی پەیوەندییەکانیان و خاوبوونەوەیان دیاردەیەکی بەرچاوە ، کەچی سەرەڕای ئەوە هێشتا شەفافییەت لە ئارادا نییە ، چ کۆبوونەوەکان و چ دانوستانەکان و چ پەیوەندییەکانی کاتی تۆران و دابڕانەکان بۆ خەڵکی کوردستان روون نییە و نازانرێت بارودۆخەکە بەچی دەگات و چارەنووسی ئەم بەشەی کوردستان بەچی دەشکێتەوە . ئەم هەڵوێستە لەیەکچووەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ، کە لە ناوەرۆکدا پەیوەندی بەشێوازی دیپلۆماسیی کاری سیاسییەوە هەیە ، سێ دەرهاویشتەی نەرێیانەی بە وجودهێناوە :
– پابەندبوون یان سەلماندنی ئەجندەو ستراتیژی دەوڵەتە بیانییەکان ، هەڵبەت هی هەریەکەیان بە جۆرێک و ، بەوهۆیەشەوە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی لەدەستدراوە .
– یەکلایینەکردنەوەی هەڵوێست بەرامبەر حکومەتی ناوەند سەبارەت بە پێشێلکردن و ئەجندەی دوژمنکارانەی بەرامبەر گەلی کورد ، هەروەها پەنابردنە بەر گەمەی سیاسی لەگەڵ هێزە سونییەکان و هێزە شیعییەکان و گۆڕین و جێگۆرکێکردنی هەڵوێست لێیان و نەبوونی سیاسەتێکی جێگیر یان ستراتیژێکی روون لە ململانێی نێوان دەسەلاتی ناوەندو دەسەڵاتی سیاسیی کوردستاندا ، هەڵبەت ئەم باری سەرنجە ئۆپۆزیسیۆنیش دەگرێتەوە بەو سیفەتەی بەشدارییان لە پەڕلەمانی عێراقیدا هەیە .
– بنبڕنەکردنی ناکۆکییەکان و پەردەپۆشکردن و هێشتنەوەیان و سپاردنیان بە داهاتوویەکی نادیار لەڕێی پەیڕەویکردنی سیاسەتی گونجاندن ( توافق ) و بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتی ستڕاتیژیی هەردوو حزبی دەسەڵات. چ دەسەڵات بەهاوپەیمانێتی هەردوو حزب ( پارتی و یەکێتی ) و ، چ ئۆپۆزیسیۆن بە رێککەوتنی هەرسێ لایەنەکە ( گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) لە بازنەی سیاسەتی گونجاندندا هاوکاری یەکتر دەکەن و بوارێکیان بۆ پراکتیکی دیموکراسییانەی فەرمانڕەوایی نەهێشتۆتەوە کە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنێک پێکبهێنن تەواوکەری یەکتریبن وەک هەر دەوڵەتێکی دیموکراتیی بۆرژوازیی ئەم جیهانە .
د – کاری راگەیاندن
کاری راگەیاندنی هەموو لایەنەکانی ململانێ لە کوردستاندا کاریگەرییەکی لەڕادەبەدەری هەیە بەسەر بارودۆخە ئاڵۆزکاوەکەی کوردستانەوە . راگەیاندن ئەو چەکەیە هەتا ئەمڕۆ جگە لەخۆشکردنی ئاگرێک کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ماف و داوا رەواکانیانی تێدا دەسووتێ هیچیتری ئەنجامنەداوە . لەم کارکردنە نەرێیانەیەی راگەیاندنی حزبەکاندا ، دیسان ، سێ دەرهاویشتە دەبینرێت :
– راگەیاندن خراوەتە خزمەتی یەک ئامانج و مەبەستەوە ئەویش هەڵبژارنەکانی پەڕلەمانی کوردستان و پەڕلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانە . کۆی بەرنامەی دەزگاکانی راگەیاندن بەدەوری ئەم تەوەرەیەدا دەسووڕێتەوە . ئەم ئاڕاستەیە لە راگەیاندنی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا زۆر بە زەقی دیارەو ، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵی کەرت کەرت کردووەو ناکۆکیی سیاسی – کۆمەلایەتی بۆ نێو هەموو شانەو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بردووە .
– لەسایەی ئەم راگەیاندنەدا سڕینەوەی یەکتری بۆتە بەرنامەی کارو ، پرەنسیپێکی دیموکراسی وەک رێزگرتنی راو رای جیاواز پێشێلکراوە ، لەکاتێکدا بیروبۆچوونە جیاوازەکان لەسەر شێوازە ناسەرەکییەکانی کاری سیاسی و ئیداری و ئابوورییە ، نەک ئەو مەسەلە سەرەکییانەی پەیوەندی بە پرسە نەتەوایەتییەکەی کوردەوە هەیە .
– هەردوو هەڵوێستەکە ( خزمەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سڕینەوەی یەکتری ) شێوازی هاندان ( تحریض ) ی کردۆتە شێوازێکی سەرەکیی کاری راگەیاندنی حزبە بەشدارەکان لە ململانێکەدا ، تەنانەت هەندێ جار دەگاتە ئاستی موهاتەرات و جنێودانی سیاسی و شکاندن و ناوزڕاندنی یەکتری . لەلایەکیدیکەشەوە هەر لایەنە دۆی خۆی بە ترش نازانێ ، ئەمیان رۆژانە دەسکەوتەکانی دەژمێرێت و بەچاوی خەڵکیدا دەداتەوەو ئەویشیان هەمووی رەتدەکاتەوەو ، یەکبینە تایتڵی ” هیچمان بۆنەکراوە ” لەبوارە جیاجیاکانی ڕاگەیاندنەکانیدا پەخشدەکات .
لەڕاستیدا تێکڕای بارودۆخە سیاسییەکەی باشووری کوردستان و ململانێیەک کەلە ئارادایە ، چەندین سەرنج و خوێندنەوەی لێڕسکاوە ، چەندین پرسیاری دروستکردووە . بەشێکی ئەو سەرنج و خوێندنەوەو پرسیارانە دەربارەی بەرنامە دیموکراتییە پەڕلەمانییەکەی هەموو لایەکیانە . بۆچی پرەنسیپەکانی ئەو سیستمە وەکوخۆی جێبەجێناکەن ؟ بۆچی لەم بوارەدا چاو لە نموونەی یەکێک لەو وڵاتە رۆژئاواییانە ناکەن کە پێیەوە موعجیبن ؟
بەشێکیتری سەرنج و خوێندنەوەکان دەربارەی نزیکیی فیکری و بەرنامەیی و جەماوەریی لایەنەکانە ، کە لەڕووی بونیادییەوە سەر بەیەک بنەماڵەن و ، ئەگەر تایبەتمەندێتی ئیسلامییەکانیش رەچاوبکەین لە دوو بنەماڵە یان خێزان تێناپەڕن یان دەتوانین بڵێی دوو بەرەن : بەرەی کوردایەتی و بەرەی ئیسلامی . ئایا ئەم نزیکییە بەس نیە بۆ یەکخستنی گوتاری حوکمڕانییان بۆ کوردستان ؟ یان لانیکەم پێکەوەهەڵکردنیان تا نەبنە هۆکاری نەهامەتییەک کە دەشێت لەسایەی ئەم سیاسەتەی ئێستایاندا گەلی کورد تووشی ببێت ؟ دیارە لە جیهانی ئەمڕۆدا پیادەکردنی ئەو لانیکەمە لە توانادایە ، ئەگەر چی خەڵکێک هەن لەوەزێتر دەڕۆن و هەستە نەتەوەییەکەیان خۆشخەیاڵیان دەکات و خەون بە ئایندەیەکەوە دەبینن کە ئەم حزبانە لە قەوارەیەکی سیاسی و رێکخراوەییدا یەکبگرن !!

١٦ – ٣ – ٢٠١٢

مرۆڤبوون و کوردبوون

لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتیی فەیسبوک و ، لە پەراویزی نووسینێکی چەند دێڕیدا دەربارەی ( مرۆڤبوون و کوردبوون ) ، چەند رایەکی جیاواز هاتەپێشەوە ، سەبارەت بەوەی : دەبیت پەیوەندی نێوانیان چۆن بێت و کامیان لە پێشەوە بن ؟
من وەک جمک ئەو دوولایەنە دەبینم و ، هەڵوێستی راست بەوە دەزانم خاوەنی هەردووکی بین ، بەڵام ئەگەر مرۆڤبوونمان لە پێشەوە دانەنا ، بمانەوێت و نەمانەوێت بەلای نەتەوە پەرستی و ، لێرەدا ( کوردبوون ) دایدەشکینین و دەکەوینە بەرەی شۆڤێنیستییەوە . ئێمەی دانیشتوانی ئەم گۆی زەمینە ، بە جیاوازی زمانەکانمانەوە ، مرۆڤین . مرۆڤبوون خاڵی یەکانگیربوونمانە لە سەرانسەری دنیادا ، هەموو بیروباوەڕە جیهانییەکانیش ( ئاسمانی و وەزعی ) بە واتای جیاجیا ، جەخت لەسەر ئەم لایەنە گشتگیرەی مرۆڤ واتە مرۆڤبوون دەکەنەوە ، بۆیە دەبێت لەو پێگەیەوە بەرگری لە پرسە گشتییە جیهانییەکان بکەین کە لە خزمەتی مرۆڤدان و ، بەهەمان پێودانگ بەرگری لە ناسنامەی نەتەوایەتیمان بکەین . هەڵبەت نەبوونی کیانی سەربەخۆی خۆمان و چەوساندنەوە تا رادەی جینۆساید ، دژی مرۆڤبوونە ، بۆیە ئەرکێکی مرۆڤانەیە کە دەست بە کوردبوونیشمانەوە بگرین ، لەبەرئەوە ناکۆکی لەنێوان مرۆڤبوون و کوردبووندا نابینم و ، ئەوە فیکری ناسیۆنالیستییە کوردبوونی خۆی دەخاتە سەروو مرۆڤبوونیەوە ، هەروەک چۆن فیکری کۆسمۆپۆلیتی ئینتیما بۆ نەتەوە رەتدەکاتەوەو بەناوی جیهانیبوونەوە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلانی ستەمدیدە پێشێلدەکات . کەواتە کوردبوون و مرۆڤبوون هاوکێشەیەکە ناتوانرێت هیچ لایەکیان بسڕدرێتەوەو زێتر لە هاوکێشەی ( نان و ئازادی ) دەچێت کە دوو چەمکی یەکگرتوون و لەنێوانیاندا ( نان ) چەمکی سەرەکییە .

هۆکارێکی دوژمنایەتیکردنی کورد

ئەو دەولەتانەی بەشێک لە کوردستانیان پێوەلکێندراوە ، بە ئاشکرا دوژمنایەتی کورد دەکەن و ، هەر لە زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی کوردەوە تا دەگات بە جینۆساید نەپرینگاونەتەوە . ئەوانە چاویان لەسەر شوێنی ستراتیژیی کوردستان و ئەو سامانە زۆروزەبەندانە یە کە لە کوردستاندا هەن. کوردستان سەرچاوەیەکە بۆ هێزی کاری هەرزان بۆ بۆرژوازییەتی گەلانی سەردەست لەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ، بۆ نموونە تورکیا کە ئەمڕۆ زێتر لەوانیدیکە لە باشووری کوردستاندا وجودی هەیە . هەروەها بازارێکی بەرینیشە بۆ سەرمایەگوزاری و چنینەوەی قازانج بۆ خۆیان و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان لەسەر حسابی چەوساندنەوەی کوردو چینە نەدارەکانی خۆشیان . بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی ئەم راستییە فەرامۆش دەکات و بازاڕی کوردستانی بۆ تورکیا خستۆتەسەرپشت و ئێمە لەم بەشەی کوردستاندا نیمچە کۆلۆنییەکی کۆمپانیاکانی تورکیاین و ، بەو هۆیەشەوە دەتوانن ئەجندەی سیاسی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و تەنانەت هەڵوێستی دژ بە پەکەکەمان پێوەربگرن ( دیارە مەبەستم حکومەتی هەرێمی کوردستانە ) ، واتە دەست بخەنە کاروباری نێوخۆی کوردستان ، کە دوژمنایەتی نێوان هێزە سەرەکییەکانی کوردستان و شەڕی ناوخۆش لە کاریگەرێتی ئەو سیاسەتە بەدەرنەبوو .

٢٠١٢

حکومه‌ت له‌سه‌فه‌ره‌

‌هه‌واڵ : حکومه‌ت سه‌فه‌ریکردووه !
ماڵپه‌ڕی( نوچه‌ نێت ) رۆژی 10 ی تشرینی دووه‌می 2011 وتارێکی ده‌رباره‌ی ” سه‌فه‌ری ” حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڵاوکرده‌وه . به‌سه‌رهاتی داڕشتنی ئه‌م هه‌واڵه‌ په‌یوه‌ندی به‌ لێدوانی سه‌رچاوه‌یه‌کی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ راپۆرتێکی گۆڤاری ( سڤیل ) و ماڵپه‌ڕی ( نوچه‌نێت ) سه‌باره‌ت به‌ پرسێکی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌ڕله‌مانی سوید . ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ ده‌یه‌وێت لێدوانێکی فه‌رمی له‌ وته‌بێژێکی حکومه‌ته‌وه‌ وه‌ربگرێت دوای ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌که‌ داوایلێکردووه‌ ناوی ئاشکرا نه‌کات ، بۆیه‌ بۆ ماوه‌ی دوو سێ رۆژ په‌یوه‌ندی ده‌کات به‌ڵام که‌س ناچێته‌ ژێرباری پێدانی زانیاری له‌م باره‌یه‌وه‌ . بۆ ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ریه‌ک له‌ : به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ، وته‌بێژی فه‌رمیی حکومه‌ت و ، راوێژکاری راگه‌یاندنی سه‌رۆکی حکومه‌ت ده‌کات ، به‌ڵام هه‌موویان ده‌ڵێن له‌ سه‌فه‌رداین و ئه‌وه‌تاین له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ناتوانین تا نه‌یه‌ینه‌وه‌ هیچ بڵێین ، به‌مانا ( حکومه‌ت له‌سه‌فه‌ردایه‌ ) و تا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ چاوه‌ڕوانی لێدوانی فه‌ڕمی مه‌بن .
وه‌ڵامی وته‌بێژه‌کان چی ده‌گه‌یه‌نێت ؟
له‌ رووی سیاسی و ئیدارییه‌وه‌ کارێکی باشه‌ حکومه‌ت وته‌بێژیی ره‌سمی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی لێدوان له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه‌ ده‌رنه‌چێت و ئه‌و بڕیارانه‌ی ئاشکرا ده‌کرێن شێوه‌ی فه‌رمی وه‌ربگرن و که‌س به‌ ویست و ئاره‌زووی خۆی لێکینه‌داته‌وه‌ ، به‌ڵام نه‌بوونی که‌سێکی به‌رپرس یان ده‌زگایه‌ک یان دامه‌زراوه‌یه‌کی راگه‌یاندن که‌ بتوانێت له‌کاتی سه‌فه‌ری وته‌بێژه‌کانی حکومه‌تدا وه‌ڵامبداته‌وه ،‌ کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ی که‌موکووڕی له‌خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت ، له‌وانه‌ :
1 ) بوونی ناوه‌ندێتییه‌کی بێئه‌ندازه‌ له‌ نێو حکومه‌تدا که‌ به‌رپرسیارێتیی تاکه‌که‌سیی تێیدا زاڵه‌و ، شێوازی کاری دامه‌زراوه‌یی تێدا بزره‌ . ئه‌م شێوه‌ ناوه‌ندێتییه‌ کاریگه‌ریتی له‌سه‌ر که‌سایه‌تییه‌ ئیدارییه‌کان به‌ جۆرێک داناوه‌ که‌ هه‌ر یه‌که‌یان له‌ ترسی ئه‌وه‌ی ژوور خۆی نه‌توانێت له‌ پرسه‌کان بدوێت ، یان ته‌نانه‌ت نه‌وێرێت لێدوانێک بۆ رۆژنامه‌کان بدات ، به‌ڵکو هه‌ر یه‌که‌ به‌رپرسیارێتییه‌که‌ له‌کۆڵ خۆی بکاته‌وه‌و بیدا به‌ شانی ئه‌ویدیکه‌دا .
2 ) بوونی سانسۆر له‌سه‌ر زانیاری نیشانه‌یه‌کیدیکه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌یه‌ . ئه‌گه‌رچی به‌رپرسه‌کان هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ پره‌نسیپه‌ دیموکراتییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا به‌رقه‌راره‌ ، به‌ڵام له‌ ئاستی پره‌نسیپێکی دیموکراتییانه‌ی وه‌ک مافی رۆژنامه‌و ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له‌ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ زانیاری له‌مپه‌رێک دروستده‌که‌ن و به‌ سانایی به‌ده‌ستییه‌وه‌ ناده‌ن .
3 ) له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ نیشانه‌ی نه‌شاره‌زایی کاری کارگێریی یان بوونی که‌موکورتییه‌ له‌ رێکخستنی ئیداریی کاروباره‌کانی حکومه‌تدا . شاره‌زایانی کاری ئیداریی هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر هه‌نگاوی سۆراخکردن ( متابعة ) ده‌که‌ن . ئه‌م کاره‌ که‌سێک به‌رپرسی ده‌بێت که‌ ئاگای له‌سه‌رجه‌می هه‌نگاوه‌کانی کاری ئیداری هه‌بێت و نزیک بێت له‌ ده‌زگای به‌رنامه‌ڕێژیی و جێبه‌جێکردنه‌وه‌ ؛ دیاره‌ ده‌بێت وته‌بێژ ئه‌و که‌سه‌بێت که‌ ئه‌رکی ئه‌م سۆراخکردنه‌ی له‌سه‌رشان بێت تا هه‌ر کاتێک داوای لێکرا بتوانێت دواهه‌واڵ و ئه‌نجامه‌کان وه‌کو خۆی بگه‌یه‌نێت .
4 ) بوونی ئه‌م چه‌شنه‌ حاڵه‌تانه‌ دوو که‌موکورتیدیکه‌ ده‌گه‌یه‌نیت :
أ – نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی رێکخراوه‌یی کار له‌ ده‌زگا ئیدارییه‌که‌دا . په‌یوه‌ندی ئیداریی له‌ دووشێوه‌دا ده‌رده‌که‌وێت : په‌یوه‌ندییه‌ک له‌ نێوان ئاستی سه‌ره‌وه‌ خواره‌وه‌ی ده‌زگاو کاره‌ ئیدارییه‌که‌دا و ، په‌یوه‌ندیه‌کی هاوتا یان هاوته‌ریب له‌ نێوان ده‌زگا یان کارو که‌سه‌کاندا . هونه‌ری سه‌رکه‌وتنی کاری ئیداریی له‌ چۆنایه‌تی رێکخستنی ئه‌م دووجۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌دایه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو په‌یوه‌ندییه‌ به‌باشی رێکخران ئه‌وا له‌کاتی نه‌بوونی به‌رپرسێک یان ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ره‌وه‌ یان هه‌ر که‌سێک له‌هه‌ر جێیه‌کی ئیداریدا کاربکات نابێته‌ هۆی په‌ککه‌وتنی کاره‌کان . ئه‌مه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ که له‌‌ ده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێمدا به‌باشی رێکنه‌خراوه ،‌ بۆیه‌ گرفتی وه‌های لێده‌که‌وێته‌وه‌ و‌ سه‌فه‌رکردنی چه‌ند لێپرسراوێک یان کارمه‌ندێک ب‌بێته‌ هۆی په‌ککه‌وتنی کارێک یان پرسێک یان راگه‌یاندنێکی پێویست .
ب – نه‌بوونی پره‌نسیپی سه‌رپشککردن ( تفویض ) له‌ کاری ئیداریدا . ئه‌م خاڵه‌ نه‌ک هه‌ر که‌موکورتییه‌ به‌ڵکو له‌ حاڵه‌ت ده‌رچووه‌و بووه‌ته‌ دیارده‌ . له‌ هه‌موو ئاسته‌ ئیدارییه‌کاندا میزاج و فه‌رمانی تاکه‌که‌سی باڵی به‌سه‌ر کاره‌کاندا کێشاوه‌. هه‌ر به‌رپرسه‌ به‌پێی تێگه‌یشتن و ویستی خۆی فه‌رمان ده‌داو جۆرێکی تایبه‌تیی له‌ جێبه‌جێکردندا ده‌وێت . کاره‌کان له‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌کاندا له‌ده‌ستی به‌رپرسی یه‌که‌مدا کۆبوونه‌ته‌وه‌ . به‌م پێیه‌ ده‌بینین جگه‌ له‌ سه‌رۆک یان به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌که‌ هیچ که‌سێکیتر له‌ فه‌رمانگه‌که‌دا ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ .
چه‌ند پێشنیازێک بۆ چاره‌سه‌رکردن . . .
ده‌بێت چاره‌سه‌رکردن له‌به‌ر تیشکی هۆکارو واقیعی که‌موکووڕییه‌کاندا دابنرێت ، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌م هه‌نگاوه‌ ئیدارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ هه‌یه‌ :
1 ) به‌دامه‌زراوه‌ییکردنی هه‌موو دام و ده‌زگاکانی حکومه‌ت . مه‌به‌ست له‌ دامه‌زراوه‌ییکردن دانانی یاسا و نیزام و رێساو راسپارده‌کانه‌ بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێک ، دامه‌زراوه‌یه‌ک ، فه‌رمانگه‌یه‌ک ، به‌شیوه‌یه‌ک کاروباره‌کان بڕوات به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌هاتنی هه‌ر به‌رپرسێک یان کارمه‌ندێک ببێته‌ هۆی دواخستنی کاره‌کان .
2 ) راهێنانی کارمه‌ندانی حکومه‌ت له‌هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌کدا له‌سه‌ر چه‌ند کاری جیاجیای ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ له‌ڕێی کۆرسی تایبه‌تییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌کاتی مۆڵه‌تی ئاسایی یان مۆڵه‌تی نه‌خۆشی یان سه‌فه‌رکردن یان نه‌هاتنی هه‌ر به‌رپرسێک یان کارمه‌ندێک ، به‌هه‌ر هۆیه‌کیتره‌وه‌ بێت ، کارمه‌ندێکیتر جێی بگرێته‌وه‌و هیچ کارێک رانه‌وه‌ستێت .
3 ) روونیی کاره‌کان و نه‌شاردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگا باڵاکانه‌وه‌ ، که‌ سه‌رچاوه‌ی بڕیارن ، زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ خۆشده‌کات هه‌ر وته‌بێژێک بێترسی لێپرسینه‌وه‌و سزادان زانیاری بدات به‌و لایه‌نانه‌ی یاسا رێیپێداون ده‌ستیان به‌ زانیارییه‌کان بگات له‌وانه‌ش ” ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ” . بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌مکاره‌ش ده‌بێت که‌سانێک له‌و ناوه‌ندانه‌ دابنرێت که‌ کارامه‌و لێوه‌شاوه‌و خاوه‌ن شه‌خسییه‌تێکی ئیداریی به‌رچاوبن که‌ شایانی هه‌ڵگرتنی لێپرسراوێتی بن و بتوانن له‌ شوێن و ساته‌ جیاجیاکاندا ده‌ستپێشخه‌ری بکه‌ن و چاوه‌ڕێی پسوڵه‌و مۆری ره‌زامه‌ندی سه‌روو خۆیان نه‌بن .

4 ) بۆ به‌ دامه‌زراوه‌ییکردنی ده‌زگاکانی حکومه‌ت و دانانی که‌سی شیاو له‌شوێنی شیاو ، ده‌بێت دامه‌زراندن له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ( پێناسه‌ی کاره‌کان ) بێت . ئه‌م بنه‌ما ئیدارییه‌ دامه‌زراندن به‌ شیاویی زانستی و پیشه‌یی و کارامه‌ییه‌وه‌ گرێده‌دات ، بۆیه‌ به ‌په‌یڕه‌ویکردنی ، داموده‌زگاکان له‌و ئاسته‌نگه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌رده‌چن و ، هه‌ر که‌سێک که‌ داده‌مه‌زرێت شوینی شیاوی خۆی ده‌گرێت و .‌ ده‌بێته‌ هۆی پێشکه‌وتنی خودی ئه‌و کارمه‌نده و مه‌ردودێکی ئه‌رێیانه‌شی له‌ بواری کاره‌ دیاریکراوه‌که‌دا ده‌بێت .‌
5 ) په‌یڕه‌وکردنی سیستمی ( مه‌رکه‌زییه‌ت له‌ به‌رنامه‌ڕێژی و لامه‌رکه‌زییه‌ت له‌ جێبه‌جێکردندا ) وه‌ک پره‌نسیپێکی ئیداریی پێشکه‌وتوو . کاتێک ئه‌م ئازادییه‌ بۆ بنکه‌کانی کاری ئیداریی‌ دابین ده‌کرێت ، گیانی کارکردنی ئازادو ‌ سه‌ربه‌خۆ و گیانی ده‌ستپێشخه‌ری بره‌وپێده‌دات و ده‌بێته‌ مایه‌ی داهێنان . ئه‌مه‌ پره‌نسیپێکه‌ ده‌زگاکانی حکومه‌ت ئه‌کتیڤ ده‌کات و له‌و بارودۆخه‌ راوه‌ستاوو وشکهه‌ڵاتووه‌ی ئێستای ده‌رده‌هێنێت .
6) دابه‌شکردنی کار له‌ هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌کدا و سه‌رپشککردنی ده‌زگاکانی خواره‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی سه‌ره‌وه‌ بۆ راپه‌ڕاندن و جێبه‌جێکردنی کاروباره‌کان قورسایی کاری چڕی سه‌ر به‌رپرسی یه‌که‌م یان چه‌ند که‌سێکی هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ک ناهێڵێت و هاوتاییه‌ک له‌ کارکردندا دێنێته‌ کایه‌وه‌ . ئه‌م دابه‌شکردنه‌ سه‌رپشککردن ( تفویض ) ده‌کاته‌ بنه‌ماو پره‌نسیپ ، واته‌ هه‌ر به‌رپرسێک له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌ به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی به‌ به‌رپرسێکی خوارتر ده‌دات ، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شێک له‌و ده‌سه‌لاتانه‌ به‌ ئه‌وانه‌ی خوار خۆی ده‌دات . به‌م پێیه‌ کاره‌کان دابه‌ش ده‌بن و‌ یه‌کێتییه‌ک له‌ نێوان کاری فه‌ردی و کاری هه‌ره‌وه‌زیی له‌سه‌ر ئاستی ئیداریی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ حکومه‌تییه‌کاندا دروست ده‌بێت و له‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی ئێستا رزگار ده‌بین .
له‌کۆتاییدا پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و چه‌مکه‌ ئیدارییانه‌ی باسکران به‌ هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌زگا باڵاکانی حکومه‌ته‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ ، واته‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌ڕله‌مان وه‌ک سێ سه‌رچاوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی که‌ هه‌ر یه‌که‌یان له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌و ده‌توانێت زه‌مینه‌ بۆ ئیداره‌یه‌کی به‌ دامه‌زراوه‌ییکراوی رێکخراو له‌سه‌ر بنچینه‌ی پره‌نسیپه‌ ئیدارییه‌ مۆدێرنه‌کان خۆشبکات و رێوشوێنی جیبه‌جێکردن و سۆراخکردن ( متابعة ) یشیان بۆ دابنێت .

له‌ ماڵپه‌ڕی( نوچه‌ نێت ) دا رۆژی 14 ی تشرینی دووه‌می 2011 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

ئه‌نجامه‌ کۆتاییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستان و چه‌ند سه‌رنجێک

رۆژی هه‌ینی 7 ی ئابی 2009 ، کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجامه‌ کۆتاییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستانی راگه‌یاند . له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا که‌ رۆژی 25 ی ته‌موزی 2009 به‌ڕێوه‌چوو ، زێتر له‌ دوو ملیۆن و نیو هاووڵاتی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو .ژماره‌یه‌کی زۆر قه‌واره‌ی سیاسی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنیان کرد .
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان بۆ کاندیده‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش دا که‌ 5 کاندید بۆ ئه‌م پۆسته‌ رکابه‌رایه‌تی یه‌کترییان ده‌کرد .
ژماره‌ی ئه‌و کورسییانه‌ی په‌ڕله‌مان که‌ ئه‌م کێبه‌رکێ گه‌رمه‌ی له‌سه‌رکرا ( 100 ) کورسی بۆ کوردو ( 5 ) کورسی بۆ کلدان و ئاشورییه‌کان و ( 5 ) کورسی بۆ تورکمانه‌کان و ( 1 ) کورسی بۆ ئه‌رمه‌نه‌کان بوو .
کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجامه‌ کۆتاییه‌کانی به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند :
1 ) ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌نگیانداوه‌ 1859522 یه‌ک ملیۆن و هه‌شت سه‌دو په‌نجاو نۆ هه‌زارو پێنج سه‌دو بیست و دوو که‌س بوون .
2 ) لیستی کوردستانی 1076370 ملیۆنێک و حه‌فتاو شه‌ش هه‌زارو سێ سه‌دو حه‌فتا ده‌نگیان هێناوه‌و به‌م پێیه‌ 59 کورسییان له‌ په‌ڕله‌ماندا ده‌بێت.
3 ) مه‌سعود بارزانی به‌ڕێژه‌ی 69.75% که‌ ده‌کاته‌ 1266397 یه‌ک ملیۆن و دوو سه‌دو شه‌ست و شه‌ش هه‌زارو سێ سه‌دو نه‌وه‌دو حه‌وت ده‌نگ ، پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی برده‌وه‌ .
4 ) ئه‌نجامه‌کانی دیکه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌نیسبه‌ت لیسته‌کانه‌وه‌ به‌م جۆره‌ راگه‌یه‌ندرا :
– لیستی گۆڕان 25 کورسی .
– لیستی خزمه‌تگوزاری و چاکسازی 13 کورسی .
– لیستی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان 2 کورسی .
– لیستی ئازادی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی 1 کورسی .
5 ) رێژه‌و ژماره‌ی ده‌نگی کاندیده‌کانی دیکه‌ی سه‌رۆکایه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یه‌ندرا :
که‌مال میراوده‌لی 460323 ده‌نگ و به‌ڕێژه‌ی 25.32%
هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د 63377 ده‌نگ و به‌ڕێژه‌ی 3.49%
سه‌فین شێخ محه‌مه‌د 18000 ده‌نگ و به‌ڕێژه‌ی 1.04%
حسین گه‌رمیانی 10000 ده‌نگ و به‌ڕێژه‌ی 0.95%
6 ) رێژه‌ی ده‌نگدان له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستاندا و به‌پێێ پارێزگاکان به‌م جۆره‌ بوو :
دهۆک 85%
هه‌ولێر 79%
سلێمانی 74.5%
کوردستان به‌ گشتی 78.5%
7 ) ئه‌و سکاڵایانه‌ی له‌ پڕۆسه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌لای کۆمیسیۆنی باڵا تۆمار کران ، به‌پێی جۆری سکاڵاکان به‌م شێوه‌یه‌ بوون :
أ – 371 سکاڵا له‌ کاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌کردندا . کۆمیسیۆن 273 سکاڵای ره‌تکردۆته‌وه‌و 98 ی غه‌رامه‌کردووه‌ .
ب – 40 سکاڵا له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا ، که‌ رۆژی 23 ی ته‌موز به‌ڕێوه‌چوو.
ج – 727 سکاڵا له‌ ده‌نگدانی گشتیدا رۆژی 25 ی ته‌موز .
8 ) له‌ ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ی پێشێلکارییه‌کان که‌ سکاڵایان له‌باره‌وه‌ کرابوو، کۆمیسیۆنی باڵا 40 سه‌ندوقی ره‌تکرده‌وه‌ .
9 ) هه‌روه‌ها کۆمیسیۆن ناوی ئه‌و په‌ڕله‌مانتارانه‌ی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌رچوون ، که‌ به‌سه‌ر ( 10 ) لیستی براوه‌دا دابه‌شبوون له‌گه‌ڵ یه‌ک په‌ڕله‌مانتاری نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نییه‌کان .
ئه‌م ئه‌نجامانه‌ هه‌ندێ سه‌رنج و پرسیار ده‌وروژێنن و پێویستییان به‌ شیکردنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌سایه‌ی هه‌لومه‌رجێکی ئاڵۆزو رکابه‌رییه‌ک که‌ به‌ تۆمه‌تی پێشێلکاری یاساو ساخته‌کاری و گزیکردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا شکایه‌وه‌ . لێره‌دا زۆر به‌ کورتی گرنگترینی ئه‌و خاڵه‌ سه‌رنجڕاکێشانه‌ ده‌ستنیشان ده‌که‌م :
سه‌رنجی یه‌که‌م :
هه‌رچه‌نده‌ کۆمیسیۆنی باڵا رێژه‌ی به‌شداریکردنی گشتی له‌ هه‌ڵبژاردندا راگه‌یاند ، که‌ به‌و پێیه‌ ئه‌وانه‌ی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیان کردووه‌ 21.5% ده‌کات ، به‌ڵام به‌ ژماره‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ی نه‌خسته‌ڕوو که‌ نزیکه‌ی نیو ملیۆن که‌س ده‌کات . ئایا مه‌به‌ست له‌مه‌ چیبوو ؟ راگه‌یاندنی ئه‌م ئاماره‌ به‌ پێویست نه‌زانرا یان په‌رده‌پۆشکردنی واقیعی پڕۆسه‌که‌ بوو ، له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک که‌ په‌یوه‌ندی به‌ کاری کۆمیسیۆنی باڵا یان ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه بووبێت !
سه‌رنجی دووه‌م :
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م بۆ کرد ، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا ده‌نگیانداوه‌ 1859522 بوو‌ ، به‌ڵام کۆی ده‌نگی کاندیده‌کانی سه‌رۆکایه‌تی 1818097 بووه‌ . لێره‌دا 41425 چل و یه‌ک هه‌زارو چوار سه‌دو بیست و پێنج ده‌نگ دیارنییه‌ و کۆمیسیۆنی باڵا ئاماژه‌ی پێنه‌کردووه‌ ، که‌ ده‌شێت کارتی سپی بووبن یان به‌خراپی پڕکرابێتنه‌وه‌و کۆمیسیۆن ره‌تیکردبنه‌وه‌ !
سه‌رنجی سێیه‌م :
لیستی کوردستانی به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی کۆمیسیۆن رایگه‌یاند 1076370 ده‌نگیان هێناوه‌ ، به‌ڵام کاندیدی ئه‌م لیسته‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی 1266397 ده‌نگی هێناوه‌ ، واته‌ کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی 190027 سه‌دونه‌وه‌د هه‌زارو بیست و حه‌وت ده‌نگ‌ زیاتری له‌ لیسته‌که‌ هێناوه‌ ، وه‌ک رێژه‌ش جیاوازی نێوان 59% ی کورسییه‌کان تا 69.75% ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی بارزانی هێناویه‌تی ده‌کاته‌ 10.75% .
ئه‌م دوو ژماره‌یه‌ سه‌رنج راده‌کێشن چونکه‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌نێو خه‌ڵکیدا باس ده‌کرێت – دیاره‌ له‌خۆڕا قسه‌وباس له‌نێو خه‌ڵکدا دروست نابێت – ئه‌وه‌یه‌ که‌ جه‌ماوه‌ری لیستی ( گۆڕان ) به‌تایبه‌تی و به‌شێکی زۆری جه‌ماوه‌ری لیستی ( خزمه‌تگوزاریی و چاکسازی ) ش ، ده‌نگیان به‌ بارزانی نه‌داوه‌ . له‌ پارێزگای سلێمانی دکتۆر که‌مال میراوده‌لی زۆربه‌ی ده‌نگه‌کانی هێناوه‌ ، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن : زۆربه‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆکیش ، له‌ کاتێکدا ده‌نگیان به‌ لیسته‌که‌یان ( لیستی کوردستانی ) داوه‌ ، به‌ڵام ده‌نگیان به‌ کاندیدی لیسته‌که‌یان بۆ سه‌رۆکایه‌تی ( مه‌سعود بارزانی ) نه‌داوه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌و شرۆڤه‌کردنی ئه‌وه‌ی که‌ کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی لیستی کوردستانی ده‌نگی له‌ لیسته‌که‌ی زیاتر هێنابێت ، جێی تێڕامان و سه‌رنجه‌و سه‌لماندنی ئاسان نییه‌ !
سه‌رنجی چواره‌م :
ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له‌ یاساو رێساکانی هه‌ڵبژاردن که‌ کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان پێڕه‌وی ده‌کات ، بۆ رێژه‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌ کوردستاندا ده‌نگیان بۆ کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی لیستی کوردستانی داوه‌ بڕوانین ، ده‌بینین نزیکه‌ی 50% یان که‌متریش ده‌نگیانپێداوه‌ ؛ چونکه‌ نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن ده‌نگ زێتر به‌ بارزانی نه‌دراوه‌ به‌ کۆی ئه‌و ده‌نگانه‌ی بۆ کاندیده‌کانی دیکه‌ی سه‌رۆکایه‌تی رۆیشتون و ئه‌و ده‌نگانه‌شی که‌ سپی بوون یان هه‌ر به‌شدارییان نه‌کردووه‌و بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان کردووه‌ ، واته‌ نیوه‌ی ده‌نگی ئه‌و که‌سانه‌ی هێناوه‌ که‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌ . پرسیاره‌که‌ له‌مه‌دایه‌ : ئایا ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ڕووی لۆژیکییه‌وه‌ شه‌رعییه‌ت ده‌خولقێنێ ، یان به‌ ده‌ربڕینێکی دیکه‌ ، کاندیدێک به‌ نیوه‌ی ده‌نگه‌کان شه‌رعییه‌تی سه‌رۆکایه‌تی ده‌بێت یان نه‌ ؟ ئایا چ رێژه‌یه‌ک په‌سه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆک دڵنیابێت که‌ گه‌ل موتمانه‌ی خۆی داوه‌تێ ؟
سه‌رنجی پێنجه‌م :
دوای ئاشکراکردنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردن و ، له‌ ئه‌نجامی سه‌دان سکاڵا له‌لایه‌ن قه‌واره‌ سیاسییه‌ جیاجیاکانه‌وه‌ ، گومان له‌سه‌ر 300 سه‌ندوق راگه‌یه‌ندرا . دوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سکاڵاکان کۆمیسیۆنی باڵا 40 سه‌ندوقی ره‌تکرده‌وه‌ چونکه‌ ساخته‌کاریی یان گزی یان پێشێلکاریی یاسایان تێدا کرابوو . جا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێک 40 سه‌ندوقی به‌و شێوه‌یه‌ ره‌تبکرێته‌وه‌ ، ئایا له‌ڕووی لۆژیکییه‌وه‌ نابێت ئه‌و سه‌ندوقانه‌ی دیکه‌ش که‌ له‌ هه‌مان ناوچه‌ یان پارێزگادا هه‌ن ره‌تبکرێنه‌وه‌ ؟
واقیع ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی نایاسایی ده‌نگ بۆ چل سه‌ندوق رۆیشتووه‌ ، واته‌ فیعلی پێشێلکاریی روویداوه‌و ده‌شێت هه‌موو سه‌ندوقه‌کانی دیکه‌ش به‌و جۆره‌ بن به‌ڵام رێکه‌وت به‌ڵگه‌ی ته‌واویان له‌سه‌ر نه‌بێت ، یان گزییه‌که‌ زۆر وه‌ستایانه‌ کرابێت وکه‌شف نه‌بووبێت . ئه‌م حاڵه‌ته‌ وه‌ک لۆژیکی ئه‌قڵ به‌و شێوه‌یه‌یه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی فراوان هه‌ڵده‌گرێت و ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی دیکه چاره‌سه‌رێکی ریشه‌یی بکرێت ، ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونێک که‌ له‌ جیهانی دیموکراتیدا هه‌یه‌ له‌م رووه‌وه‌ دڵخۆشکه‌ر نییه‌ .‌

تێبینی :
ئاماره‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌م وتاره‌دا ، له‌ هه‌ردوو سایتی ئینته‌رنێتی (PUK Media و ئاوێنه‌ ) وه‌رگیراون‌ .

ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ری به‌یه‌کدادان

دوای ئاشکراکردنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستان ، ترس و دڵه‌ڕاوکێی به‌یه‌کدادانی هێزه‌ رکابه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردنی لێکه‌وتۆته‌وه‌ . مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ هه‌ڵوێست و ئاخاوتنی خه‌ڵکیدا به‌دیده‌کرێت . هه‌ڕه‌شه‌کردنی هه‌ر لایه‌نێک ، ئه‌میان به‌ ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌ویان به‌ سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌ ناوی پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هه‌رێمه‌وه‌ ، بارودۆخه‌که‌ی سه‌رده‌می بانگاشه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ گرژی هێشتۆته‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت نوقڵانه‌ی ئه‌وه‌ لێده‌درێت که‌ رووداوه‌کانی ئێران دوای پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار ، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ کوردستانیشدا دووباره‌بێته‌وه‌ . به‌ڵام ئایا ئه‌م ئه‌گه‌رو پێشبینی و ترسه‌ تا چ راده‌یه‌ک زه‌مینه‌ی له‌باری هه‌یه‌و ، چه‌نده‌ له‌ واقیعی سیاسیی ئه‌مڕۆی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌دا پێگه‌ی به‌دیهاتنی هه‌یه‌ ؟
له‌ڕاستیدا هه‌ڵبژاردنی رۆژی 25/7/2009 ئاڵوگۆڕێکی له‌ بارۆدۆخی سیاسیی کوردستاندا هێنایه‌ کایه‌وه‌ ، گرنگترین دیارده‌شی سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزسیۆنێکه‌ له‌نێو خودی ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌ستی هه‌ژده‌ ساڵی رابردوودا . ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حزبی ( پارتی و یه‌کێتی ) شڵه‌ژاندووه‌و ئه‌مه‌ش ناچاریان ده‌کات مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌دا بکه‌ن و ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن که‌ ئیتر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا بۆ ئه‌وان قۆرخ نییه‌و ناتوانن کۆنترۆڵی هوشیاریی خه‌ڵک و بیروڕا جیاوازه‌کانیان بکه‌ن . ئه‌م واقیعه‌ به‌شێوه‌یه‌ک خۆی ده‌سه‌پێنێ که‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵات له‌ چوار ساڵی ئاینده‌دا حسابی بۆ بکات تا خه‌ڵکی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئێجگاره‌کی له‌ ده‌سه‌ڵاتیان نه‌خات .
له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ئاینده‌دا ناکۆکییه‌کانی پێشوو به‌رده‌وام ده‌بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێزه‌ رکابه‌ره‌کانی ئه‌مڕۆ له‌به‌رامبه‌ر ناکۆکییه‌ ده‌ره‌کییه‌کاندا ناچار ده‌بن ، که‌ سه‌رباری ناکۆکییه‌کانی نێو خۆیان ، سازش له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا بکه‌ن . ئیمکانی ئه‌م سازشه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ناوکۆییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ به‌ پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌‌ خێزانی بۆرژوای ده‌سه‌ڵاتدار ، به‌جیاوازییه‌ تاکتیکییه‌کانیانه‌وه‌ له‌ داڕمان و هه‌ڵوه‌شاندن دوورده‌خه‌نه‌وه‌ .
حزب و ده‌سته‌ بۆرژواییه‌کانی کورد له‌ناوه‌رۆکدا هیچ ناکۆکییه‌کی بنه‌ڕه‌تییان له‌ نێواندا نییه‌ . ئه‌م حزب و گروپانه‌ که‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا رکابه‌ری یه‌کتری ده‌که‌ن ، به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییان ، تاڕاده‌ی له‌یه‌کچوون ، له‌ یه‌کدییه‌وه‌ نزیکه‌ ، بۆیه‌ ئه‌جنده‌ی ستراتیژیی کارکردنیان نه‌خشه‌ی پێکه‌وه‌ هه‌ڵکردن و دانیشتن و قبووڵکردنی یه‌کترییان دیاریده‌کات و ، له‌ هه‌لومه‌رجی ئاسته‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی و مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتدا یه‌کده‌گرن و یه‌کده‌ست به‌ره‌نگاریان ده‌بنه‌وه‌ . ئه‌مه‌ خاڵێکی گرنگی روونه‌دانی به‌یه‌کدادانه‌و له‌مپه‌رێکی بونیادییه‌ له‌ به‌ربه‌ستکردنی شه‌ڕێکی دیکه‌ی ناوخۆییدا . ئه‌م هۆکاره‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتووداوله‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکادا به‌ کارایی خۆی ده‌سه‌لمێنێ و واقیعێکی به‌رچاو ده‌بێت .
بوونی ئه‌مریکا له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا هۆکارێکی گرنگ و مه‌رجێکی ده‌ره‌کی کاریگه‌ر ده‌بێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ی تارمایی جه‌نگێکی دیکه‌ی ناوخۆیی له‌ نێوان هێزه‌ رکه‌به‌ره‌کاندا . ئه‌و حزب و ده‌سته‌و هێزانه‌ی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی کوردستانیان کرد ، هه‌موویان ، که‌م و زۆر ، په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌مریکاوه‌ هه‌یه‌ . به‌رنامه‌ی هیچ لایه‌نێکیان هه‌ڵوێستێکی سه‌لبی له‌ بوونی ئه‌مریکا له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا نییه‌ . هیچ به‌رنامه‌یه‌کیان ئه‌مریکا وه‌ک داگیرکه‌ر ناناسێت . له‌به‌رنامه‌ی هه‌مواندا بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مان نه‌ باسی کۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر هه‌یه‌و ، نه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێککه‌وتننامه‌ی ئه‌منی نێوان ئه‌مریکاو عێراقیان وه‌ک ئامانجێکی خۆیان داناوه‌ . به‌کورتی هێزه‌ رکابه‌ره‌کان ئه‌رکی په‌یڕه‌وکردنی ئه‌جنده‌یه‌کیان له‌ئه‌ستۆی خۆیان دانه‌ناوه‌ که‌ دژ به‌ ئه‌جنده‌ی ئه‌مریکییه‌کان بێت ، ئه‌مریکاش وه‌ک “دۆست” ی هه‌موو لایه‌نه‌کان و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌کانی خۆی له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ره‌ی سیاسی گه‌مه‌ ده‌کات و له‌نگه‌ره‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت :
ته‌وه‌ره‌ی یه‌که‌م پاراستنی هاوکێشه‌ی سیاسی نێوان حکومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ ، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌میش پاراستنی هاوکێشه‌ی نێوان هێزه‌ ده‌رچووه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌ڕله‌مانی کوردستانه‌ .
ئه‌مریکاییه‌کان له‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆدا ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنیان پێباشه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ ئیمکانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کان یان دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ کایه‌دا نییه‌ . ئه‌مڕۆ ته‌نها دوو حزب پاوانی په‌ڕله‌مان ناکه‌ن به‌ڵکو هێزی دیکه‌ ( گۆڕان و چاکسازی ) له‌ ئارادان که‌ هاوکێشه‌کان ده‌گۆڕن ، ئه‌مریکاش ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ چونکه‌ به‌م هۆیه‌وه ده‌توانێت به‌ سانایی‌ سیاسه‌ته‌کانی خۆی له‌ کوردستان و عێراقدا بباته‌پێشه‌وه‌ .
ئه‌مریکا له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ناکۆکییانه‌ی دێنه‌پێشه‌وه‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌بێت گرێکوێره‌ی سیاسی بۆ دروست بکه‌ن ، ده‌توانێت گه‌مه‌ به‌ واقیعی هاوکێشه‌ نوێیه‌کان بکات ، به‌تایبه‌تی هاوکێشه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌که‌ی نێو په‌ڕله‌مانی کوردستان و ، له‌چه‌ند مانگی داهاتووشدا له‌ کۆپێیه‌کی هه‌مان هاوکێشه‌ له‌ په‌ڕله‌مانی عێراقدا ؛ به‌م پێیه‌ ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر سه‌ری هه‌مواندا ( به‌غداو هه‌ولێر ) رابگرێت . جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی‌ هێمنی و ئاسایش ده‌خوازێت ، بۆیه‌ ئه‌مریکا رێگریی له‌به‌یه‌کادان و شه‌ڕی ناوخۆ ده‌کات و هۆکارێک ده‌بێت بۆ پێکه‌وه‌ به‌ئاشتی ژیانی هێزه‌ رکابه‌ره‌کانی نێو په‌ڕله‌مانی کوردستان و نێو هه‌ردوو حکومه‌تی به‌غداو هه‌ولێر .

ئه‌وه‌ی له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا باسی نه‌بوو !

ئه‌مجاره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سێیه‌م په‌ڕله‌مان له‌ باشووری کوردستاندا ، گه‌رمترین هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ به‌ڕێوه‌چوو . کێبه‌رکێی لیسته‌کان ، به‌تایبه‌تی له‌ نێوان لیستی ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانیدیکه‌دا ، تا راده‌ی به‌کارهێنانی ناجۆرترین شێوه‌کانی پڕوپاگه‌نده‌و رکابه‌رایه‌تییه‌کی نامه‌بده‌ئی ، شه‌قامی کوردی بۆ ماوه‌ی زێتر له‌ مانگێک به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کرد . ئه‌گه‌رچی هه‌ر لیسته‌ به‌رنامه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنی هه‌بوو به‌ڵام ململانێی سه‌رجه‌می لیسته‌کان ، به‌کرده‌وه‌ ، له‌ بازنه‌ی ناکۆکییه تایبه‌تی و‌ جۆراوجۆره‌کانی هه‌ژده‌ ساڵی رابردوودا ده‌سووڕایه‌وه‌و که‌متر به‌رنامه‌کانی ده‌گرته‌وه‌ . له‌م که‌شه‌ بارگاوییه‌ی بانگه‌شه‌دا ، هیچ به‌رنامه‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل بۆ گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی له‌کایه‌دا نه‌بوو ، چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی لیسته‌کان کاریگه‌ریی ده‌ستووری کۆنه‌په‌رستانه‌ی عێراقی پێوه‌ دیاربوو ، ئه‌و ده‌ستووره‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ساڵی 2005 دا بۆ ئیمزاکردنی ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستانیان راکێشایه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگدان . نه‌بوونی ئه‌م به‌رنامانه‌ی گۆڕانکاریی ریشه‌یی ، له‌نێو گێژاوی ململانێکاندا له‌بیرچوونه‌وه‌ . من لێره‌دا هه‌ندێک خاڵ دیاریده‌که‌م که‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئیمکانی پراکتیزه‌کردنی له‌مڕۆدا هه‌یه‌ یان نه‌ ، ده‌شێت ناوه‌رۆکی به‌رنامه‌یه‌ک بێت که‌ ئاوات و ئامانجی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان ده‌رببڕێت و ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ بۆ به‌دیهێنانی سازبدرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ که‌سایه‌تی مرۆڤی کورد و بناغه‌ی کێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ره‌واکه‌ی دابڕێژرێته‌وه‌ .
1 ) به‌رنامه‌ی لیسته‌کان گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی روونی تێدا نه‌بوو . گوتاری نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لێکی چه‌وساوه‌و بێبه‌ش له‌ مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی ، سه‌ربه‌خۆیی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌ته‌ . ته‌نها ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه‌ زامنی ژیانی ئازادانه‌و دواڕۆژێکی بێمه‌ترسیی تواندنه‌وه‌و جینۆساید ، به‌تایبه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکدا که‌ به‌ ئاشکراو به‌ نهێنی ، دژی دۆزه‌ ره‌واکه‌ی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کورد ، لێوان لێوی ئایدیاو ره‌فتاری شۆڤێنیستانه‌یه‌. ده‌کرا له‌ به‌رنامه‌کاندا بۆچوونێکی ناوکۆیی هه‌بوایه‌ بۆ ئه‌م گوتاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌و ، لانی که‌م په‌ڕله‌مانی ئاینده‌ به‌ره‌وڕووی به‌رپرسیارێتییه‌کی مێژوویی بکرایه‌ته‌وه‌ وه‌ک ورووژاندن و به‌رپاکردنی ریفراندۆمێک له‌ کوردستاندا تا گه‌لی کورد بڕیاری چاره‌نووسی خۆی بدا به‌ سه‌ربه‌خۆیی یان یه‌کگرتنی دڵخوازانه‌ له‌گه‌ڵ به‌شی عه‌ره‌بی عێراقدا ؛ ئه‌م کاره‌ یه‌کێکه‌ له‌ زه‌روره‌ته‌کان هیچ نه‌بێ بۆ ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان که‌ ئیددیعا ده‌کات ( گوایا ) گه‌لی کورد به‌ خواستی خۆی و ئازادانه‌ یه‌کێتی و پێکه‌وه‌ژیانی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا هه‌ڵبژاردبێت !!
2 ) هه‌ر له‌ نێو ئه‌م گوتاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی خاڵی پێشوودا ، که‌ له‌ بنچینه‌دا گوتاری بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراته‌ ، ده‌بوایه به‌رنامه‌کان‌ پشتگیریی خه‌باتی گه‌لی کوردی له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا ‌بسه‌لماندایه‌و ، په‌ڕله‌مانی ئاینده مولزه‌م بوایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌لوێ و ده‌گونجێ جێبه‌جێی بکات‌ ؛ به‌ڕاستی جێی نیگه‌رانی و شه‌رمه‌زارییه بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان که‌ دۆزی کورد له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا هاوپشتی و هاریکاری و سۆزی به‌شێکی ئه‌م ‌ جیهانه‌ی له‌گه‌ڵدا بێت به‌ڵام لێره‌ له‌ کوردستانێکدا په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی خۆی هه‌بێت ، بۆ دڵنه‌وایی ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێکان و ئیمپریالیزمی ئه‌مریکا دژایه‌تی بکرێن و به‌ کرده‌وه‌ سنوور بۆ چالاکی حزبه‌کان و پێشمه‌رگه‌کانیان دابنرێت .
3 ) گه‌لی کورد ئازاده‌ چ سیستمێکی سیاسی – ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت . ئه‌مه‌ پرنسیپێکی پراکتیکیی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسه‌ بۆ هه‌موو گه‌لێک . له‌به‌رئه‌وه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و سیستمه‌ سیاسییه‌ی له‌ عێراقدا په‌یڕه‌و ده‌کرێت ، به‌هه‌مان شێوه‌ ، وه‌ک خۆی ، کۆپییه‌کی له‌ کوردستاندا هه‌بێت ، ئه‌وه‌ی مافی بڕیاردانیشی هه‌یه‌ خه‌ڵکی کوردستانه‌ که‌ ده‌توانن له‌ راپرسییه‌کدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌کلایی بکه‌نه‌وه‌ . ئه‌مڕۆ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێین : ئه‌گه‌ر حزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردو په‌ڕله‌مانی ئاینده‌ ئه‌و پرنسیپه‌ له‌به‌رنامه‌یاندا هه‌بوایه‌و به‌ جیددی کاریان بۆ بکردایه‌و واقیعیانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستانیان ره‌چاوبکردایه‌ ، ئه‌وا به‌رنامه‌یه‌کی سیکولاریان داده‌ڕشت ، که‌ جیایی ئایین له‌ ده‌وڵه‌ت و په‌روه‌رده‌وفێرکردنیان تێدا بچه‌سپاندایه‌ ، نه‌ک ئه‌وه‌ی وه‌ک ئێستا ده‌یبینین خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ بدایه‌و ملیان بۆبه‌رنامه‌و ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی درێژبکردایه‌ .
4 ) ئه‌گه‌ر حزب و رێکخراوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستان که‌ رکابه‌ریی یه‌کترییان بۆ په‌ڕله‌مانی کوردستان کرد ، بۆ شانی خۆ خاڵیکردنه‌وه‌ له‌ژێر باری ئه‌م مه‌سئولییه‌ته‌ مێژووییه‌دا ، ئه‌م خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌‌ به‌ ناواقیعی ده‌زانن ، ئه‌وا ده‌بوو به‌رنامه‌کانیان هه‌ڵوێستی نیشتمانی و دیموکراسی له‌ ئاست بارودۆخی ئێستای عێراق و کوردستان وه‌ربگرتایه ، ‌ به‌وه‌ش ده‌یانتوانی سۆزو پشتیوانی هێزه‌ پێشکه‌وتنخوازه‌کانی عێراق و ناوچه‌که‌و جیهانیان بۆ مه‌سه‌له‌ی ره‌وای گه‌لی کورد راکێشایه‌و ، له‌م گۆشه‌گیری و‌ بێزراوییه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاوه‌ ده‌ربازیان بکردایه‌ ‌ ‌ ؛ هه‌ڵبه‌ت گرنگترین کارێکیش له‌م کایه‌یه‌دا هه‌ڵوێستی روونه‌ ‌ له‌ بوونی ئه‌مریکییه‌کان له‌ عێراقدا . ئاخر که‌سێک له‌م جیهانه‌دا ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد ناسه‌لمێنێ که‌ ئیمپریالیزمی ئه‌مریکا وه‌ک فریادڕه‌س له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین و پڕۆسه‌ی داگیرکردنی عێراق به‌ پڕۆسه‌ی ئازادکردنی عێراق ناوزه‌د بکه‌ین ، له‌ کاتێکدا دۆکیۆمێنتێکی گرنگی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان وه‌ک داگیرکه‌ر باسیان ده‌کات و خۆشیان وه‌ک داگیرکه‌ر ناوی خۆیان ده‌هێنن . له‌به‌ر ئه‌وه‌ لانی که‌می هه‌ڵوێستی نیشتمانی ئه‌وه‌ بوو به‌رنامه‌کانی هه‌ڵبژاردن :
أ – گێڕانه‌وه‌ی سیاده‌ی نیشتمانی بۆ عێراق و ده‌رکردنی داگیرکه‌رانی ئه‌مریکایی له‌خۆیبگرتایه‌ .
ب – تێکۆشان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێککه‌وتننامه‌ی ئه‌منی نێوان ئه‌مریکاو عێراقی تێدابوایه‌و ، هه‌ر رێککه‌وتننامه‌یه‌کی نابه‌رابه‌ری دیکه‌ش له‌ داهاتوودا ره‌تبکرایه‌ته‌وه‌. له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌ ، ده‌بوو به‌رنامه‌کان له‌ ئاستی سنوور به‌زاندن و بۆردومان و تۆپباران و له‌شکرکێشی بۆ سه‌ر کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه‌ بێده‌نگ نه‌بوایه‌ ، لانی که‌م ئه‌رکی پاراستنی سنووری کوردستان و په‌یڕه‌وکردنی رێوشوێنی پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ،‌ وه‌ک ئه‌رکێکی په‌ڕله‌مان وحکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق دیاریبکردایه‌ .
5 ) ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌ به‌رنامه‌کاندا هاتوون زێتر سیمایه‌کی تیۆری هه‌یه‌ ، میکانیزمی جێبه‌جێکردنیانی تێدا نییه‌ به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ پرسی ژنان و کێشه‌کانی گه‌نجان . به‌رنامه‌کان ئه‌رکێکی پراکتیکییان سه‌باره‌ت به‌ ئازادی ژنان و یه‌کسانی ژنان و پیاوان له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌ . هیچ رێوشوێنێکی کرده‌وه‌ییان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای باری که‌سێتی دانه‌ناوه‌و به‌ژێر رسته‌و ده‌سته‌واژه‌ی گشتییانه‌وه‌ کردووه‌ . مه‌سه‌له‌ی ژنان وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر گرنگ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ نیوه‌ی کۆمه‌ڵ و ئاسۆی دواڕۆژی کورده‌وارییه‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌ هه‌ڵواسراوه‌یی هێشتوویانه‌ته‌وه‌‌ . سه‌باره‌ت به‌ گه‌نجانیش خۆشخه‌یاڵییه‌کی ته‌واویان پێداون که‌ نه‌ بارودۆخی کوردستان و نه‌ توانای کرده‌وه‌یی په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی ئاینده‌ له‌ ئاستی به‌دیهێنانیاندان ، سه‌ره‌نجامیش به‌ نائومێدییان و جارێکیتر به‌ سه‌رهه‌ڵگرتنیان به‌ره‌و هه‌نده‌ران کۆتایی دێت .
6 ) هه‌روه‌ها له‌ ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، به‌رنامه‌کان رێگای کرده‌وه‌یی بۆ نه‌هێشتن یان سنووردانانی بۆ هه‌ندێ دیارده‌ تێدا نییه‌ که‌ ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ . بۆ نموونه‌ : ئایا پلانی لیسته‌کان بۆ کاری په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی داهاتوو ‌ ده‌رباره‌ی دیارده‌ی ته‌شه‌نه‌کردنی له‌شفرۆشی له‌ کوردستاندا چییه‌ ؟ چۆن گه‌نجه‌کانی لێده‌پارێزێت ؟ چۆن چاره‌سه‌ری ده‌کات ؟ ئایا ده‌توانێت کۆنترۆڵی ئه‌م دیارده‌ ترسناکه‌ بکات ؟ چ رێوشوێنێکی بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی به‌نگکێشان له‌ناو گه‌نجه‌کاندا چ پلانێکیان هه‌یه‌ و چۆن به‌رهه‌ڵستیی قاچاخچێتی به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان ده‌کات ؟ چۆن له‌ بازاڕه‌کاندا نایهێڵێت ؟ چۆن گه‌نجه‌کان هوشیارده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یکڕن و به‌کارینه‌هێنن … هتد .
له‌ڕاستیدا ئه‌م کێشانه‌ گرنگترن‌ له‌ کێشه‌کانی ئاوو کاره‌باو سووته‌مه‌نی رێگاوبان و خزمه‌تگوزارییه‌کانی دیکه‌ که‌ له‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستا بۆته‌ کێشه‌ی شه‌ووڕۆژمان و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییان بۆ دانه‌نراوه‌ . ئه‌م کێشانه‌ که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ دواڕۆژی نه‌وه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گه‌نجه‌کانه‌وه‌ ئاڵاوه‌و گیرۆده‌ی کردوون‌ ، شایانی ئه‌وه‌ بوون‌ له‌ به‌رنامه‌ی هه‌موو لیسته‌کان و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ئه‌وله‌وییه‌تیان هه‌بوایه‌‌ و به‌ کرده‌وه‌ش له‌ چوار ساڵی ئاینده‌دا په‌ڕله‌مان حکومه‌ت به‌ پلان و به‌رنامه‌ڕێژیی به‌ته‌نگییانه‌‌وه‌ بێت و زۆر به‌ هه‌ند وه‌ریان بگرێت .
7 ) خاڵێکی دیکه‌ که‌ زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌ ، پشتگوێخستنی چینێکی گه‌وره‌و کارای وه‌ک کرێکارانه‌ . ئه‌م چینه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ حسابێکی بۆ نه‌کراوه‌و له‌ کاندیدکردن بۆ په‌ڕله‌مان بێبه‌شکراون ، به‌رنامه‌ی خۆشگوزه‌رانی و پاراستنی مافه‌کانیان به‌ روونی و ئاشکرا ، سه‌ربه‌خۆ له‌ داواکاریی گشتیی چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، دیارینه‌کراوه‌. کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌ درێژایی ده‌یان ساڵ چ له‌ ژێر سایه‌ی حکومه‌ته‌کانی عێراق و چ له‌ سایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا ، هه‌میشه‌ مافه‌کانیان پێشێلکراوه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان به‌ به‌رپه‌رچی توندوتیژانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌سگا پۆلیسی و سه‌رکوتگه‌ره‌کان رووبه‌ڕووبۆته‌وه‌ . به‌رنامه‌کانی هه‌ڵبژاردن خۆیان له‌م راستییه‌ لاداوه‌و هیچ ئیلتیزامێکیان به‌رامبه‌ر ئه‌م چینه‌ سه‌ره‌کییه‌ی کۆمه‌ڵ نیشان نه‌داوه‌ ، ئه‌و چینه‌ی که‌ دابینکردنی ژیانی سه‌رتاپای کۆمه‌ڵ ، له‌ هه‌موو روویه‌که‌وه‌ ، به‌سه‌ر شانی ئه‌وانه‌وه‌یه‌و ، به‌هۆی ئاره‌قه‌و ره‌نجی ئه‌وان کۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی و گه‌شه‌کردووی ئاینده‌ له‌ کوردستاندا بنیاتده‌نرێت .
له‌ کۆتایی ئه‌م وتاره‌دا ده‌بێت ئه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ری هێژا بڵێم که‌ خۆشخه‌یاڵیی ئه‌وه‌م بۆ دروستنه‌بووه‌ که‌ هێڵه‌ چینایه‌تییه‌کان تێکه‌ڵ بکه‌م و بڕوا بهێنم به‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی‌ حزب و رێکخراوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد ئه‌م خاڵانه‌شی له‌خۆبگرتایه‌و بانگه‌شه‌شیان بۆ بکردایه‌ ، ده‌یانتوانی کاری بۆ بکه‌ن و به‌دیبهێنن ؛ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نها وه‌ک چه‌ند خاڵێک که‌ که‌س باسی ناکات خستمنه‌ڕوو ، ده‌نا سروشت و پێکهاته‌ی چینایه‌تی ئه‌م هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ ، توانای خۆبه‌ستنه‌وه‌یانی به‌به‌رنامه‌یه‌کی وه‌هاوه‌ لێزه‌وتکردوون و ، له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ شیاویی ئه‌وه‌یان تێدا نییه‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ به‌دیبهێنن . ‌

” هیچمان بۆ نه‌کراوه‌ ” که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌کیی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی
په‌ڕله‌مانی کوردستان بوو !

مایه‌ی دڵخۆشییه‌ مرۆڤ په‌ی به‌ مافه‌کانی به‌رێت و له‌کاتی خۆیدا داوای بکات . به‌ڵگه‌ی هوشیارییشه‌‌ که‌سێک یان حزبێک یان حکومه‌تێک نه‌توانێ فریوی بدات و به‌ زمانی لووس و دروشمی بریقه‌دار ئه‌و مافانه‌ بکات به‌ژێر ئه‌رکه‌کانه‌وه‌و شانی خۆی له‌ جێبه‌جێکردنی خاڵیبکاته‌وه‌ .
ئه‌مه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ بوو ، که‌ به‌ گشتی ، له‌ کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا بۆ په‌ڕله‌مانی کوردستان به‌رچاو ده‌که‌وت . خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر له‌ منداڵێکه‌وه‌ تا به‌ساڵاچوویه‌ک ، هه‌ریه‌که‌ له‌ سنووری ژینگه‌ی خۆیدا ، داواکارییه‌کانیان به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌داو له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ راشکاوانه‌ بێمافی و به‌شمه‌ینه‌تی و هه‌موو ئه‌و کوێره‌وه‌رییانه‌یان باس ده‌کرد که چاوه‌ڕوان نه‌بوون‌ له‌ سێبه‌ری حکومه‌تی خۆماڵیی کورددا به‌سه‌ریاندا بێت .
هه‌ڵبه‌ته‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه به‌ حکومه‌تی خۆمالیی کورد خۆشباوه‌ڕ بوون ، ئه‌گینا حکومه‌ت هه‌ر ناسنامه‌یه‌کی هه‌بێت ، به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک بکاته‌وه‌ ، به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جنده‌ی خۆی و چین و حزبه‌ باڵاده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵ جێبه‌جێ ده‌کات . ئه‌وه‌ی که‌ داواکارییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ خزمه‌تگوزاریی حکومه‌تدا یه‌کده‌گرنه‌وه‌ ، لانی که‌می به‌رده‌وامیی ژیان و زامنکردنی بێ گرێوگۆڵی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌و کۆمه‌ڵه‌دا .
هه‌میشه‌ ماف گشتی و تایبه‌تی هه‌یه‌ ، داواکاریی بۆ مافه‌کان له‌یه‌کێک له‌م دوو شێوه‌یه‌دا ده‌خرێته‌ڕوو . داواکاریی گشتی هه‌موو ئه‌و کارو پڕۆژه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی به‌ جیاوازی چین و توێژو شوێنه‌کانی نیشته‌جێبوونیانه‌وه‌ پێویستییان پێی هه‌یه‌و ، ژیان و گوزه‌ران به‌بێ دابینکردنیان له‌ توانادا نییه‌ . خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ک ( کاره‌با ، ئاو ، ئاوه‌ڕۆ ، ته‌له‌فۆن ، رێگاوبان ، ته‌ندروستی ، فێرکردن ، بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کاروبژێوی … هتد ) ، له‌و مافانه‌ن که‌ هه‌موو حکومه‌تێک مولزه‌مه‌ به‌ دابینکردنیان و مایه‌ی هیچ منه‌ت و شاباشێک نییه‌ که‌ کاربه‌ده‌ستان به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکدا بیکه‌ن ، چونکه‌ ئه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌رکه‌کانیان و ، ته‌نانه‌ت پاساوی بوونی خۆیان له‌ زامنکردنی ئه‌و مافه‌ گشتییانه‌دایه‌‌ . هه‌ر کاتێک ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییانه‌ نه‌بوو ، ئه‌وه‌ مافی خه‌ڵکییه‌ به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ک بۆیان گونجاو بێت کار بۆ له‌سه‌ر کار لابردنی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و حکومه‌ته‌و جێگرتنه‌وه‌یان به‌ ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تێکی دیکه‌ بکه‌ن .
دیاره‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا و دواتریش له‌ ده‌نگداندا ، لایه‌نێکی هوشیاریی خه‌ڵک له‌ داواکردنی ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت ، بۆ لیسته‌ رکابه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردنیش وه‌ها شیاوه‌ پشتگیریی ئه‌م لایه‌نه‌ بکه‌ن و ئاڕاسته‌ی بانگه‌شه‌کانیان روو له‌ ده‌رخستن و زه‌قکردنه‌وه‌و فۆرمۆڵه‌کردنی ئه‌و داواکارییانه‌ بێت ، که‌ دواتر وه‌ک به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنیان له‌ په‌ڕله‌مان و حکومه‌تدا ، هه‌وڵی به‌جێگه‌یاندنیان بده‌ن .
دیاره‌ لای که‌س شاراوه‌ نییه‌ که‌ کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ، له‌ زۆر شوێن و ناوچه‌داو ، هه‌ندێک جاریش بۆ توندکردنه‌وه‌ی بێزاری ئه‌م لیست له‌و لیستی دیکه‌ ، داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی به‌ ئاڕاسته‌یه‌کیتردا ده‌براو ، شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی و تاکه‌که‌سیی له‌خۆی ده‌گرت . زۆر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌ ته‌له‌فزیۆنییانه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ شه‌خسییه‌کانه‌وه‌ خه‌رک ده‌بوون و ئه‌و مه‌سه‌لانه‌یان له‌ ناخی ده‌نگده‌راندا ده‌بزواند . قسه‌ی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ ” هیچم یان هیچمان بۆ نه‌کراوه‌ ” بوو . ئه‌وانه‌ هه‌قیان بوو که‌ گله‌یی و گازانده‌ بکه‌ن چونکه‌ هه‌ندێکیان چه‌ند جار ماڵیان وێرانکرابوو ، هه‌ندێکی دیکه‌یان چه‌ند ساڵ پێشمه‌رگه‌ بوو بوون ، به‌شێکیان ماڵه‌ شه‌هید و ئه‌نفالکراو بوون و . . . هتد ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م داواکارییانه‌ی بچووک کردبۆوه‌ ، هێنانه‌ خواره‌وه‌ی بوو بۆ ئاستی داواکاری شه‌خسی یان داواکاریی یه‌ک خێزان بۆ ( پاره‌ ) یان ( زه‌وی ) ، به‌ده‌ر له‌ بارودۆخه‌ پڕ که‌موکووڕییه‌که‌و زه‌رووره‌تی گشتگیرکردنی ئه‌و داواکارییانه‌ .
ئه‌م داواکارییه‌ سنوورداره‌ شه‌خسییانه‌ ، به‌زۆری‌ له‌ لایه‌ن که‌سانێکی گوندنشین یان ئه‌وانه‌وه‌ پێشکه‌شده‌کران که‌ له‌ گه‌ڕه‌که‌ په‌راوێزخراوه‌کانی شاره‌کاندا ده‌ژیان ؛ که‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی یه‌ک ئاماژه‌ی ئه‌قڵیی تێدایه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ کلتوورو ئایدیای جووتیارییه‌وه‌ هه‌یه‌و ، پتر خودی خۆی ده‌بینێت ، واته‌ ناتوانێت خۆی له‌نێو کۆمه‌ڵ و ، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ راسته‌قینه‌کانی خۆی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گشتدا ببینێته‌وه . لیسته‌ رکابه‌ره‌کانیش ، هه‌ریه‌که‌یان به‌ مه‌به‌ستێک ئه‌م لایه‌نه‌یان له‌ بانگه‌شه‌دا هانده‌داو ، پاساوی بوونی خۆیان وه‌ک رکابه‌ری لیستی ده‌سه‌ڵات له‌مه‌دا چڕده‌کرده‌وه‌ .
له‌ڕاستیدا هه‌لومه‌رج و بارودۆخی کوردستان و ، بێزاریی که‌ڵه‌که‌بووی هه‌ژده‌ ساڵی دوای راپه‌ڕین ، سه‌رجه‌می مه‌سه‌له‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌ ئاوه‌ڵایی له‌به‌رده‌م بانگه‌شه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی وه‌ها دانابوو ، که بتوانرێت به‌ ئاسانی‌‌ دژی لیستی ده‌سه‌ڵات رابگیرێن . بۆ نموونه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ حکومه‌تی کوردی ئه‌وه‌نده‌ درزو که‌له‌به‌ری تێدابوو که‌ لیسته‌ رکابه‌ره‌کانی بتوانن بیری جه‌ماوه‌ری بخه‌نه‌وه‌و له‌م سه‌روبه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردندا پێیان بناسێننه‌وه‌ ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لیسته‌ رکابه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش ، هه‌روه‌کو لیستی ده‌سه‌ڵات ، گوێی خۆیان له‌و لایه‌نه‌ سیاسییه خه‌فاند که‌ په‌یوه‌ندی به‌ بنه‌ڕه‌تترین خواستێکه‌وه‌ هه‌بوو که‌ ئه‌ویش خواستی جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوو ، ئه‌و خواسته‌ی که‌ له‌ راپرسییه‌که‌ی ساڵی 2005 دا خه‌ڵکی کوردستان به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا نه‌وه‌دوهه‌شت‌ ده‌نگیان بۆدا .‌ هه‌روه‌ها له‌ڕووی ئابووریشه‌وه‌ ، یه‌ک به‌رنامه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئارادا نه‌بوو که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشگوزه‌رانی بکاته‌ خه‌ونی خه‌ڵکی و سنوورێک بۆ ” بازاڕی ئازاد ” ی سه‌رمایه‌دارانی کوردستان دابنێت و به‌خه‌می ژیانی سه‌ربه‌رزانه‌ی چینه‌ هه‌ژارو نه‌داره‌کانی کوردستانه‌وه‌ بێت . له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ ، نه‌ به‌رنامه‌ی بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ، نه‌ به‌رنامه‌ی ئازادی و یه‌کسانی ژنان ، نه‌ به‌رنامه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خه‌رافییات هه‌بوو ، که بتوانن به‌و‌ هۆیانه‌وه‌ ‌ زنجیره‌کانی کۆتکردن و راپێچکردنی گه‌لی کورد به‌ره‌و دواوه‌ بپسێنن .
به‌ کورتی : که‌ره‌سه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تی به‌کارهێنان و بێبایه‌خکردنی له‌ داواکارییه‌ زۆر شه‌خسییه‌کاندا ، که‌ به‌ ” هیچ یان هیچمان بۆ نه‌کراوه‌” ده‌ریانده‌بڕی ، ده‌بێت ده‌رسێک ، په‌ندێک ، ئه‌زموونێکی به‌رده‌ست بێت و ، بۆ ململانێ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دواڕۆژ ‌ سوودی لێوه‌ربگیرێت .

خۆشخه‌یاڵیی هه‌ڵبژاردن و پێشبینی چۆنایه‌تی په‌ڕله‌مانی ئاینده‌

ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند مانگێک ده‌چێت سه‌رجه‌می خه‌ڵکی کوردستان به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستانه‌وه‌ بۆ چوار ساڵی ئاینده خه‌ریک کراوه‌ .‌ ململانێی نێوان حزبه‌کان و فراکسیۆنه‌ سیاسییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو ترسناک گه‌یشتۆته‌ نێو جه‌ماوه‌رو ، ئه‌گه‌ری توندبوونه‌وه‌ی و کاریگه‌ریی نه‌رێیانه‌ی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری له‌ زیادبووندایه‌و ، ئه‌گه‌ر هه‌ندێک فاکته‌ری عێراقی و ناوچه‌یی نه‌بوایه‌ ، بۆ جارێکی دیکه‌ مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ باڵی به‌سه‌ر باشووری کوردستاندا ده‌کێشایه‌وه‌و بگره‌ له‌گه‌ڵ ئاشکراکردنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردندا به‌ فیعلی به‌یه‌کدادان و خوێنڕشتن نه‌ک هه‌ر روویده‌دا ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر له‌ڕێی ته‌قه‌ی به‌ناو خۆشییه‌وه‌ چه‌ندین کوژراوو برینداری لێکه‌وته‌وه‌ ، به‌ڵکو درێژه‌ی ده‌کێشاو شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی ناوخۆیی بۆ زیندوو ده‌کردینه‌وه‌ ؛ به‌ڵام ئه‌و فاکته‌رانه ‌سنووریان بۆ سه‌ره‌تای ئه‌و جه‌نگه‌ ناوخۆییه‌ دانا که‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه‌کانی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ له‌سلێمانی و چه‌ند شارۆچکه‌ی ئه‌م پارێزگایه‌و ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ هۆی په‌لاماردانی باره‌گاکانی هه‌ردوو لیستی ( گۆڕان ) و ( چاکسازی و خزمه‌تگوزاری ) له‌ هه‌ولێرو دهۆک له‌ ته‌قینه‌وه‌دا بوو .
جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ، به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌کان که‌ ئه‌زموونێکی سیاسییان نییه‌و له‌ ماوه‌ی هه‌ژده‌ ساڵی رابردووی حکومه‌تی کوردیدا هیچ جۆره‌ چاره‌سه‌رێک بۆ گیروگرفت و کێشه‌کانیان نه‌کراوه‌و ، به‌ناچاری ، به‌هۆی بێکاری و ژیانی مه‌مره‌و مه‌ژییانه‌وه‌ په‌یتا په‌یتا روو له‌ هه‌نده‌ران ده‌که‌ن ؛ ئه‌م گه‌نجانه‌ به‌تایبه‌تی و جه‌ماوه‌رێکی به‌رفراوان ، به‌ به‌رنامه‌ی لیسته‌کانی هه‌ڵبژاردن خۆشخه‌یاڵبوون و هیوای ئه‌وه‌یان ده‌خرێته‌پێش که‌ په‌ڕله‌مانی ئاینده‌ به‌هه‌شتێکیان پێشکه‌ش بکات . خۆشخه‌یاڵی به‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئاکامێکی که‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تی گه‌نجانی هێناوه‌ته‌ کۆڕی ململانێکانه‌وه‌و به‌ عه‌مه‌لی بوونه‌ته‌ که‌ره‌سه‌ی ئه‌و ململانێیه‌ی‌ که‌ له‌ نێو خودی چینی باڵاده‌ستی کوردستان و ده‌سته‌ جیاجیاکانیدا له‌سه‌ر پشکی زێتری ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌وته‌ ماددییه‌کان له‌ئارادایه‌ . بۆیه‌ بۆ به‌رچاوڕوونی ئه‌وان و ده‌رخستنی واقیعێک که‌ سه‌ره‌نجامی واقیعی ئه‌و ململانێیه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بێت ، هه‌ندێک پێشبینی ده‌رده‌بڕین که‌ له‌ لایه‌ک پشت به‌ واقیعی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ دوو گرێی رابردوودا ده‌به‌ستێت و ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ‌ به‌ شیکردنه‌وه‌و ناسینی واقیعی چینایه‌تی ئه‌م هێزانه ‌پشتئه‌ستووره‌ .
ئه‌و په‌ڕله‌مانه‌ی ئه‌مجاره‌ هه‌ڵده‌بژێررێت له‌ڕووی پێکهاته‌و هاوکێشه‌وه‌ له‌ په‌ڕله‌مانه‌کانی پێشوو جیاواز ده‌بێت . یه‌کێک له‌ جیاوازییه‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی ، کۆتاییهێنان به‌ پاوانخوازی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستان ( پارتی و یه‌کێتی ) ده‌بێت ، به‌ڵام سنوورو بازنه‌ی کارکردنی ، تا راده‌یه‌کی زۆر ، به‌هه‌مان دینامیزمی پێشوودا ده‌ڕوات و ئه‌گه‌ری گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی لێڕه‌چاو ناکرێت . گرنگترین ئه‌و پێشبینییانه‌ی ده‌کرێت ، له‌م خاڵانه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن :
1 ) هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی ئه‌مڕۆ به‌لاوه‌نانێت ، ره‌نگه‌ که‌مێک گرانتر بتوانن ته‌واوی سیاسه‌ته‌کانیان جێبه‌جێبکه‌ن و بواری ئه‌وه‌یان بۆ نه‌ڕه‌خسێ وه‌کو پێشوو به‌بێ ئیعتیراز تێیانبپه‌ڕێنن ، به‌ڵام ده‌توانن ، به‌سوودوه‌رگرتن له‌ زوربه‌یه‌کی په‌ڕله‌مانی که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌ده‌ستی بهێنن ، ده‌سه‌ڵاتی خۆیان زاڵ بکه‌ن و ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌و له‌پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیاندا ، له‌به‌رامبه‌ر نه‌یارو رکه‌به‌ره‌کانیاندا پتر له‌یه‌کتر نزیک ببنه‌وه‌و ، له‌سه‌ر بردنه‌پێشه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانیان و به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیان ، ئه‌و رێککه‌وتنه‌یان که‌ ناوی رێککه‌وتنی ستڕاتیژییان لێناوه‌ به‌رده‌وام بێت . ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات له‌نێو په‌ڕله‌ماندا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان بمێنێته‌وه‌ .
2 ) ده‌سه‌ڵات بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و سه‌رکوتکردنی هه‌ر ئیعتیرازێکی جه‌ماوه‌ری ، هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ به‌هێز ده‌کات و ، وه‌ک هێزێکی حزبی نه‌ک حکومه‌تی ، له‌ خزمه‌تی سیاسه‌ته‌کانی خۆیدا دایانده‌نێت . ئه‌م هێزانه‌ وه‌ک ئامرازی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ، هه‌ر به‌ هه‌مان ریتمی ئێستا له‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان دوور ده‌بن و ، وه‌ک باڵی زه‌بروه‌شینی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌پاندنی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تیی دڵخوازی خۆیاندا ده‌ریده‌که‌ن ، به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکییه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ .
3 ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێکهاته‌ی حزبیی حکومه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌ هه‌ردوو حزبی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت ، که‌ره‌سه‌کانی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ردوو حزبی باڵاده‌ست وه‌کو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ ، بۆ نموونه‌ ناتوانرێت هیچ چاوه‌ڕوانییه‌ک بۆ پیاده‌کردنی یاسای ” ئه‌مه‌ت له‌ کوێ بوو ” له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانه‌وه‌ بکرێت ، بۆیه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا ، گه‌نده‌ڵیی سیاسی و ئیداری و دارایی هه‌ر به‌و رێچکه‌یه‌دا ده‌ڕوات که‌ هه‌ژده‌ ساڵه‌ خه‌ڵکی رۆژانه‌ ده‌یبینن .
4 ) ئاستی پراکتیکی ئازادییه‌کان وه‌کو خۆی ده‌مێنێته‌وه ، ‌ واته‌ رێژه‌یه‌کی ئازادی له‌سایه‌ی چاوسوورکردنه‌وه‌و سه‌رکوتدا دابین ده‌کرێت ، ئه‌مه‌ش بۆ سروشتی چینایه‌تی حزبه‌کانی په‌ڕله‌مان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنیانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ، ‌‌ که‌ له‌سه‌ر راسته‌هێڵێک له‌وبه‌ری ئازادی و به‌پێچه‌وانه‌یه‌وه‌ راده‌وه‌ستن و ، پڕاکتیکی به‌رنامه‌ی ئازادی بۆیان سته‌م ده‌بێت . به‌ کورتی ناتوانرێت هیچ چاوه‌ڕوانییه‌کی ئازادی ره‌های ژنان و گه‌نجان و مناڵان بکرێت ؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئازادی ده‌ربڕین و خۆڕێکخستن و رۆژنامه‌گه‌ری و کۆبوونه‌وه‌و خۆنیشاندان و مانگرتن . . . هتد ، که‌ ده‌بێت له‌ سێبه‌ری ده‌سه‌ڵات و سانسۆری ده‌زگا ئه‌منییه‌کاندا موماره‌سه‌ بکرێت .
5 ) له‌ڕووی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی و وڵاتانی دراوسێ و ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریکاو ئینگلیزو هاوپه‌یمانه‌کانیان ، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی حکومه‌ت و هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا به‌ حزب و رێکخراوه‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کان و هه‌ر سازش و سه‌وداو سه‌وداکارییه‌ک له‌م په‌یوه‌ندییانه‌وه‌ بڕسکێت ، شه‌فافییه‌ت به‌خۆوه‌ نابینێت و ، دیپلۆماسییه‌تی نهێنی و شاردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌کان له‌ خه‌ڵکی ، هه‌روه‌کو ساڵانی پێشوو درێژه‌ی ده‌بێت .
6 ) له‌ڕووی ئابووریشه‌وه‌ ، ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندترو هه‌ژاره‌کان هه‌ژارتر ده‌بن . به‌پێی به‌رنامه‌ی حزب و گروپه‌کانی نێو په‌ڕله‌مان بوار بۆ بازاڕی ئازاد ده‌ڕه‌خسێنرێت و ده‌رگا بۆ کۆمپانیا سه‌رمایه‌دارییه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌کان ده‌خرێته‌ سه‌رپشت و سیستمی ئابووری کوردستان هه‌رچی توندتر به‌ ره‌وڕه‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانگیره‌وه‌ گرێده‌درێت .
ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان ، به‌تایبه‌تی چینه‌ نه‌داره‌کان له‌ کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی بیرو بازوو چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا ، په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی کوردستان گۆڕانێک به‌سه‌ر باری ژیانیاندا به‌ره‌و باشتربوون بهێنێت ، به‌ڵام ئاماژه‌کان له‌ هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کانییه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م خواسته‌ ده‌گه‌یه‌نن . ئه‌وه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ پێشبینی بکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ یه‌ک دوو ساڵدا ئه‌م خۆشخه‌یاڵییه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌و ئه‌و واقیعه‌ زێتر روونده‌بێته‌وه‌ که‌ په‌ڕله‌مانی کوردستان به‌م ته‌رکیبه‌ی ئێستایه‌وه‌و ، حکومه‌تێکیش که‌ ئه‌و په‌ڕله‌مانه‌ په‌سه‌ندی ده‌کات ، ناتوانێت له‌ ئاستی بارودۆخی ئێستای کێشه‌ی کوردو ژیانی خه‌لکی کوردستاندا بێت و ، لێهاتووانه‌ ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌نگده‌رانی کوردستان ده‌رببڕێت و به‌ڕاستی نوێنه‌رایه‌تییان بکات .

ئۆپۆزسیۆن و هه‌ڵبژاردن

دیدارێکی رۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادی له‌گه‌ڵ فوئاد قه‌ره‌داغیدا *

ئاڵای ئازادی : له‌ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی کوردستاندا ، تا چه‌ند بوار بۆ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن ره‌خساوه‌ ، به‌ تایبه‌تی ئه‌و لایه‌ن و پارتانه‌ی ده‌یانه‌وێت وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کاربکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌هه‌ر شوێنێک ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ، ئۆپۆزسیۆنیش ده‌بێت ، به‌و واتایه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیدا ده‌یگونجێنێت . ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ ، له‌ زۆربه‌ی کاته‌کاندا ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکییه‌وه‌یه‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌کان جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌کی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتداران ، وه‌ک چینێک که‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌که‌ن ، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش له‌و وڵاته‌دا ، پێکهێنابێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن ، چ به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشکرا بێت یان به‌ شێوه‌یه‌کی نهێنی ( شاراوه‌ ) بێت ، له‌ واقیعدا هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئایا تاچه‌ند کاریگه‌رێتی هه‌یه‌و ، تاچه‌ند رێکخراوه‌ ؟ تاچه‌ند توانیویه‌تی خۆی له‌ حزب و رێکخراوی ئۆپۆزسیۆندا به‌رجه‌سته‌ بکات ، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌یه‌ .
له‌ڕاستیدا ئۆپۆزسیۆن زه‌رووره‌ته‌ و وڵاتی بێ ئۆپۆزسیۆن وڵاتێکی مردووه‌ . بوونی ئۆپۆزسیۆن یه‌کێکه‌ له‌ پێداویستییه‌کانی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن ، به‌و پێیه‌ بوونی کێبه‌رکێ و ململانێ له‌سه‌ر کاره‌ باشه‌کان ده‌بێته‌ مه‌رجی ئه‌و گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنه‌و ، ئه‌وه‌ش به‌بێ بوونی دوو یان چه‌ند لایه‌ن که‌ له ‌به‌رامبه‌ر یه‌کتردا رابوه‌ستن و ململانێ بکه‌ن ، ناکرێت . به‌ واتایه‌کیدیکه‌ ، هه‌میشه‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته‌ لایه‌نێکی گرنگی پێداویستییه‌کانی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن که‌ له‌ فه‌زای ململانێدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌کات و ، به‌شێوه‌یه‌کی ئیجابی کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ داده‌نێت که‌ پێویسته‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا بکرێت . له‌به‌ر تیشکی ئه‌م راستییه‌دا ، ئۆپۆزسیۆن بۆ هه‌ر وڵاتێک ده‌بێته‌ مه‌رجی فه‌زایه‌کی سیاسی ته‌ندروست ؛ به‌بێ ئه‌مه‌ وڵاتێکی مردوو ، کش و مات ، تۆتالیتاری دێته‌کایه‌وه‌ که‌ ره‌خنه‌ی تێدا نابێت ، وڵاتێک که‌ سه‌ره‌نجامی ژیانی سیاسی تێیدا به‌ سه‌رکوتکردن و کپکردنی ده‌نگ کۆتایی دێت ؛ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت کوردستانیش وه‌ک هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌ی ئه‌م دونیایه فه‌زایه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌ندروستی هه‌بێت ، ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنێکی کارای هه‌بێت ، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ مه‌رجی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی له‌مه‌وبه‌ر بووه‌و ئه‌مڕۆش مه‌رجێکی پڕبایه‌خی پێشکه‌وتن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی پڕۆسه‌ی سیاسییه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا .
ئاڵای ئازادی : تا چه‌ند له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و فه‌زایه‌ بۆ ئه‌و لایه‌ن و رێکخراوانه‌ دروستبووه‌ که‌ وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کاربکه‌ن و کاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا هه‌ندێک جار ئۆپۆزسیۆن کاریگه‌ریی هه‌بووه‌و ، له‌ گشتێتی خۆشیدا کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه . واته‌ به‌گشتی له‌ ماوه‌ی 18 ساڵی دوای راپه‌ڕیندا کاریگه‌رێتییه‌کی زۆر به‌هێزی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌بووه‌و ، هه‌میشه‌ ته‌رازووه‌که‌ به‌لای ده‌سه‌ڵاتدا شکاوه‌ته‌وه‌.
ده‌سه‌ڵاتداران له‌ کوردستاندا کۆمه‌ڵێک ئه‌زموونیان له‌ کاری سیاسیدا هه‌بووه ، پێشینه‌ی ده‌یان ساڵیان له‌م بواره‌دا هه‌بووه‌ . ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ده‌سه‌ڵات لایه‌نی خه‌باتی چه‌کداری و کاری سیاسی و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی گرتووه‌ته‌وه ، ‌ که‌ بوونی پێگه‌ی رێکخراوه‌یی حزبی و ژماره‌یه‌کی زۆر شه‌هید له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستاندا ، هۆکاری به‌هێزی ئه‌وان و لاوازیی ئۆپۆزسیۆن‌‌‌ بووه‌ تا راده‌ی ئه‌وه‌ی که‌ هیچ ده‌نگێکی بیستراوی ئۆپۆزسیۆن له‌ئارادا نه‌بووه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ ئیمڕۆش ئه‌و ده‌نگه‌ به‌ کزی ده‌بیستین و رۆڵێکی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نابینین ؛ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و راستییه‌ ناشارێته‌وه‌ که‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو حزبه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ کوردستاندا به‌ده‌سته‌وه‌ بووه ، ‌ بوونی هه‌بووه‌و هه‌ندێک جاریش کاریگه‌رێتی خۆی له‌سه‌ر ماجه‌رای رووداوه‌کان داناوه‌ .
ئه‌گه‌رسه‌یری پانۆرامای بارودۆخی سیاسی کوردستان بکه‌ین ، ده‌بینین ئۆپۆزسیۆن له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ شێوه‌کانی مانگرتن و خۆنیشاندان و ئیعتیرازاتی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌دا خۆیده‌رخستووه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی جۆرنالیزمی ئۆپۆزیۆن ، جۆرنالیزمێکی کاریگه‌ر بووه‌و توانیویه‌تی چاودێرییه‌کی ته‌واوی ده‌سه‌ڵات بکات و ، که‌موکووڕییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ئاشکرا بکات و ئیعتیرازاتی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکووڕییانه‌ به‌باشی نیشانبدات ؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێشتا ته‌رازووی هاوکێشه‌ی سیاسی له‌ کوردستاندا به‌لای ده‌سه‌ڵاتدا دێته‌وه‌ ، واته‌ ئۆپۆزسیۆن کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی له‌و هاوکێشه‌یه‌دا نه‌بووه‌و‌ ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی داوه‌ له‌ په‌راوێزدا رایبگرێت .
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا توانای گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ هه‌ر له‌ توانای داراییه‌وه‌ تا توانای راگه‌یاندن ، هه‌روه‌ها توانیویه‌تی هه‌ندێک پشتگیریی ده‌ره‌وه‌ش بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می رووخانی رژێمی به‌عسدا. ئه‌م تواناییانه‌ی ده‌سه‌ڵات کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر سنووردارکردنی کاری ئۆپۆزسیۆن هه‌بووه ، به‌ تایبه‌تی که‌ ئۆپۆزسیۆنیش بۆ خۆی ئۆپۆزسیۆنێکی یه‌کگرتوو نه‌بووه‌ ، ئۆپۆزسیۆنێکی په‌رته‌وازه‌ بووه‌ ، ئۆپۆزسیۆنێک که‌ له‌ ته‌یفێکی زۆر زۆر فراواندا خۆینواندووه‌ ، له‌وپه‌ڕی چه‌په‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی راستی تێدابووه‌ ، تێیدا ئۆپۆزسیۆنی چه‌پ لاوازبووه‌ بۆیه‌ زێتر وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامگه‌را خۆینیشانداوه‌ ، له‌ کاتێکدا ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ردی خه‌ڵکی کوردستان ده‌خوات ئۆپۆزسیۆنێکی سێکولارو چه‌پ و سۆسیالیستییه‌ نه‌ک زاڵبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامگه‌را یان ئۆپۆزسیۆنێکی راستڕه‌وی نه‌ته‌وه‌یی ، به‌تایبه‌تی له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ ده‌سه‌ڵات خۆی سروشتێکی نه‌ته‌وه‌یی و سازشکارانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسیدا هه‌یه‌.
ئاڵای ئازادی : له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌و به‌ تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ، باس له‌ فه‌زایه‌کی دیموکراتی ده‌کرێت له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ، ئایا ئه‌و فه‌زا دیموکراتییه‌ بواری داوه ‌به‌و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کاری خۆیان بکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : سه‌ره‌تا ره‌نگه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ئه‌و دوو چه‌مکه‌ ( دیموکراتی و ئازادی )‌ ئیعتیرازم هه‌بێت . ئایا دیموکراسی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ ؟ ئایا ئازادی به‌ واتا فراوانه‌که‌ی وجودی هه‌یه‌ ؟ پێموایه‌ ئازادی به‌شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی ( نسبي ) له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ ، بایی ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ که‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست نه‌کات ، له‌و شوێنانه‌ی بچوکترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بکات زۆر به‌ توندی به‌رپه‌رچده‌درێته‌وه‌ ، نموونه‌ش زۆره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ گولله‌بارانکردنی کرێکارانی کارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ به‌ره‌نگاریی خۆپیشاندانی شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان وه‌ک که‌لارو رانیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و …هتد ، به‌ ته‌قه‌لێکردن و ده‌ستگیرکردن و پێشێلکردنی مافه‌ مرۆییه‌کانیان . ئه‌وانه‌ هه‌مووی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن ‌ئازادی له‌لای ئێمه‌ ، له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ، ئازادییه‌کی سنوورداره‌ ، ئازادییه‌که‌ له‌ بازنه‌ی ئه‌وه‌دا که‌ تا چه‌ند ده‌توانیت له‌گه‌ڵ ویستی ده‌سه‌ڵاتدا بیگونجێنیت ، چونکه ئه‌گه‌ر ‌ ده‌سه‌ڵات بزانێت مه‌ترسی هه‌یه‌ ، به‌بێ دوودڵی کپی ده‌کات . سه‌باره‌ت به‌ دیموکراسیش ، قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن دوو حزبه‌وه‌و رێگه‌نه‌دان به‌ حزبه‌کانی دیکه‌ که‌ ده‌ورو کاریگه‌رێتییان هه‌بێت و ، سیاسه‌تی به‌ پاشکۆکردنیان ، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ دیموکراتیش له‌م وڵاته‌دا له‌نگه‌و پڕبه‌پڕی واتاکه‌ی خۆی له‌ئارادا نییه.
له‌بنه‌ڕه‌تدا ، دیموکراتی واتای هه‌ڵبژاردن ده‌گه‌یه‌نێت ، بۆیه‌ به‌ بۆچوونی من تا ئێستا له‌ کوردستانداو بۆ هیچ بوارێک هه‌ڵبژاردنێکی ته‌واو ئازاد نه‌کراوه . پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌ یه‌کێک له‌ کۆڵه‌که‌کان ( پایه‌کان ) ی دیموکراسییه‌ ، زۆرجار به‌لاڕێدا براوه‌ و ئه‌نجامه‌کانی ، ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی‌‌ ده‌نگدانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان نه‌بووه‌ ، چونکه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ جۆرنالیزمی کوردی و پایه‌و نفوزی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و ، هه‌ندێک جار په‌خشکردنی پاره‌و چاوسوورکردنه‌وه‌ به‌کارهێنراوه‌ . له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن به‌پێچه‌وانه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ بووه‌و ئه‌وه‌نده‌ی له‌ دیموکراسی ده‌گه‌ین و چاوه‌ڕوانیی لێده‌که‌ین ، نه‌چووه‌ته‌ خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ ده‌نگیانداوه‌ . نموونه‌ی به‌رچاو بۆ ئه‌مه‌ ده‌نگدان بوو بۆ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق . ئه‌و ده‌ستووره‌ هه‌ر که‌سێک بێلایه‌نداری و به‌ ویژدانه‌وه‌ بیخوێنێته‌وه‌ له‌وه‌ تێده‌گات که‌ شتێکی ئه‌وتۆی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان تێدا نییه به‌ڵام خه‌ڵکیش ده‌نگیان بۆ داوه‌ چونکه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان وه‌هایان ویست و بۆ ئه‌وه‌ش به‌ ته‌واوی‌ توانا دارایی و حزبییه‌کانیانه‌وه‌ ، به‌ مراوه‌غه‌ی سیاسی و هاوپه‌یمانێتییه‌ جۆراوجۆره‌کانیانه‌وه‌ ، توانییان خه‌ڵک بۆ ده‌نگدان راپێچ بکه‌ن و ده‌نگ بۆ په‌سه‌ندکردنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق مسۆگه‌ر بکه‌ن . لێره‌دا دیسان ده‌ڵێم : ئه‌و دیموکراسییه‌ی باسی ده‌که‌ین سنوورداره‌و زێتر به‌پێی خواستی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌ نه‌ک به‌پێی خواست و ئیراده‌ی خه‌ڵک ، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دوو وشه‌یه‌ راده‌وه‌ستم و پێموانییه‌ له‌ کوردستاندا ئازادی و دیموکراسیی به‌ واتا ئه‌سڵییه‌که‌ی خۆیان هه‌بن ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌ چه‌مکی ئازادی بکۆڵینه‌وه‌و ، ئازادی له‌ باره‌ سیاسییه‌که‌یدا ببه‌زێنین و بڕۆین به‌ره‌و چه‌مکه‌ دارایی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ، که‌ ئه‌مه‌ی دواییان به‌ ئاشکراترین شێوه‌ له‌ نموونه‌ی بڕیاردانی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ ئازادکردنی فره‌ژنیدا ده‌رده‌که‌وێت . له‌ واقیعدا ئه‌م بڕیاره‌ی په‌ڕله‌مان بۆ خۆی لێدانێکی گه‌وره‌ی ئازادی بوو ، لێدانی ئازادی نیوه‌ی کۆمه‌ڵ بوو ، بگره‌ به‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی فراوانتر ، لێدانی ئازادی هه‌مووکۆمه‌ڵ بوو به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌که‌وه . بۆیه‌ ده‌توانم پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دابگرم که‌ نموونه‌یه‌کی پڕ که‌موکووڕی ئازادی و دیموکراسی له‌م وڵاته‌دا په‌یڕه‌وده‌کرێت که‌ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌ رۆژئاواییه‌که‌شیدا ناگونجێت که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌دوای لاساییکردنه‌وه‌یه‌تی .
ئاڵای ئازادی : ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانی کوردستانه‌وه‌ یاسایه‌کی تایبه‌ت به‌رێکخستنی کاری حزبه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌رچووه‌ ، به‌ڵام دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاسایه‌ک له‌ هه‌رێمی کوردستاندا نه‌بووه ‌که‌ بودجه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌کان رێکبخات ، ئه‌وه‌ش تا راده‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن دروستکرد ، که‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ک کارتێکی فشار به‌کاریهێناوه‌ ، ئایا نه‌بوونی یاسایه‌ک بۆ دابه‌شکردنی بودجه‌ تا چه‌ند کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنبوون هه‌یه‌ ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی :‌ ناتوانین نکوولی له‌وه‌ بکه‌ین که‌ مه‌سه‌له‌ی دارایی و بودجه‌ ده‌ورو کاریگه‌ریی نییه‌ ، به‌ تایبه‌تی بۆ هه‌موو ئه‌و حزب و رێکخراوانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌تای کاردان و به‌ ئاشکرا کارده‌که‌ن . واته‌ بودجه‌و توانای دارایی زه‌رووره‌تێکی کارکردنه‌ ، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که‌ له‌وه‌دا کۆنابێته‌وه‌ که‌ گه‌شه‌نه‌کردنی ئه‌و حزبانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ به‌ هۆکاری نه‌بوونی بودجه‌و بێتوانایی دارایی بێت . پێموایه‌ ئه‌وه‌ نابێته‌ هۆکاری سه‌ره‌کی چونکه‌ ئه‌و هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌ . بزووتنه‌وه‌ فراوانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان ، ئامانجه‌کانی ، شێوازه‌کانی کارکردنی و بارودۆخی بابه‌تی کاری سیاسی و کۆمه‌ڵێک هۆکاریدیکه‌ ، هه‌م سه‌رچاوه‌و هه‌م مه‌رجی ژیان و گه‌شه‌کردن و چوونه‌ پێشه‌وه‌ی حزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانن .
له‌ گۆڕه‌پانی کوردستاندا ئه‌و حزبانه‌ی کارده‌که‌ن زۆر له‌ یه‌کتری ده‌چن ، یه‌ک جه‌ماوه‌رو تاراده‌یه‌کی زۆر نزیک یه‌ک به‌رنامه‌و په‌یامیان هه‌یه‌ . بۆ نموونه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رنامه‌کانی حزبی زه‌حمه‌تکێشان ، حزبی سۆسیال دیموکرات ، یه‌کێتیی نیشتمانی بکه‌ین ، ده‌بینین به‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو له‌یه‌ک ده‌چن و هێڵێکی جوێکه‌ره‌وه‌ی دیار له‌نێوانیاندا نییه‌ . بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین حزبه‌کان سیمای ناوکۆییان هه‌یه‌و جیاوازییه‌کانی نێوانیان ، بۆ خه‌ڵکی ، جیاوازییه‌کی روون و دیار نییه‌ ، ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌کیش هه‌بێت ، جیاوازی شکڵییه‌و په‌یوه‌ندی به‌ بونیاده‌وه‌ نییه و ده‌توانین‌ ئامانجه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان له‌ به‌رنامه‌کانی پارتی و یه‌کێتیدا ببینین ، به‌م واتایه‌ جیاوازی له‌ نێوانی ئه‌م به‌رنامانه‌و به‌رنامه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدا نییه‌ ، هێڵێکی سیاسی – ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوانیاندا نییه‌ ، ئه‌مه‌ش بواری گه‌شه‌کردن و چوونه‌پێشه‌وه‌ به‌رته‌سکده‌کاته‌وه‌ و ساڵ دێت و ساڵ ده‌ڕوات و هه‌ر له‌ شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌ ؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ چه‌ند هۆکاریدیکه‌ به‌هره‌مه‌ندن که‌ حزبه‌ بچوکه‌کان بۆیان ناڕه‌خسێ و ناتوانن له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا جێیان پێ له‌ق بکه‌ن.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام مه‌سه‌له‌ی داراییه‌کی به‌هێزو بودجه‌ له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌توانێت کاریگه‌ریی هه‌بێت که‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ته‌واو جیاوازی له‌ پێگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ،‌ ئامانج و ئاسۆیه‌کی جیاوازی بۆ دواڕۆژی کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌ڵگرتبێت و ، وه‌ڵامی گونجاوو له‌باری بۆ کێشه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێبێت ، بتوانێت ئامانج و خواسته‌کانی گه‌نجان و ژنان و منداڵان و سه‌رجه‌می توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان‌ به‌ جۆرێک دابڕێژێت و له‌خه‌باتی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی بکات که‌ له‌به‌رامبه‌ر حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌کی ئاشکراو دیاری پێکهێنابێت .
ئه‌م شێوه‌ حزب و رێکخراوانه‌ که‌ پشت به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی وه‌ها ببه‌ستن ، ره‌نگه‌ ئه‌مڕۆ به‌ هێواشی بچنه‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵام له‌ دواڕۆژدا گه‌شه‌ده‌که‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بودجه‌یه‌کی مه‌مره‌و مه‌ژیشیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت ، چونکه‌ کاتێک بزووتنه‌وه‌ی فراوانی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م پێگه‌یه‌ دروست ده‌بێت ، بۆ خۆی حزبه‌که‌ ده‌ژێنێت ، وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می خۆی و به‌ر له‌ نیوسه‌ده‌ ، هیچ یه‌کێک له‌و حزبانه‌ی کاریان ده‌کرد بودجه‌ی دیاریکراویان نه‌بوو ، به‌ پاره‌ی ئه‌ندامان و لانگیران و دۆستانیان به‌ڕێوه‌ده‌چوون . لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ش به‌وه‌ بکه‌م که‌ ئایدیای شۆڕشگێڕانه‌ رۆڵی خۆی هه‌بوو . ئه‌و ئایدیایه‌ له‌ ئایدیای ئه‌مڕۆ به‌هێزتر بوو . ئه‌و ئایدیا شۆڕشگێڕانه‌یه‌ وا له‌ مرۆڤ ده‌کات بڕوای شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌بێت ، خۆنه‌ویست بێت ، بارودۆخی حزبه‌که‌ی و وڵاته‌که‌ی ره‌چاوبکات و له‌ نه‌بوونیدا به‌ شتی که‌م رازی بێت ، که‌ ئیمڕۆ ئه‌وانه‌ له‌ کایه‌دا نییه‌ و به‌جۆرێکی دیکه‌یه‌ . ئه‌مڕۆ هه‌ر کادیرێکی ئه‌م حزبانه‌ ده‌گریت ئاماده‌ نییه‌ به‌ ده‌رامه‌تێکی که‌م رازی بێت ، دیاره‌ هۆکاره‌کانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش زۆرن و له‌ڕووی بونیادییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رابردوودا جیاوازییان هه‌یه‌ ، بۆیه‌ هه‌ر حزبێک بیه‌وێت به‌و حاڵه‌ته‌ لاوازه‌ی خۆشیه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ ناچار ده‌بێت چه‌ندین رێگا بگرێته‌به‌ر که‌ هه‌ڵوێسته‌کان و هاوپه‌یمانێتییه‌کان چ وه‌ک ئۆپۆزسیۆن و چ وه‌ک هاوپه‌یمان یان پاشکۆی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ونه‌ چه‌قی ئه‌و چه‌ندین رێگایه‌وه‌ .
ئاڵای ئازادی : ئایا ئۆپۆزسیۆن پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌سته‌وه‌ سنوورو چوارچێوه‌یه‌کی بۆ دیاریبکرێت تا کاری سیاسی خۆی له‌و سنووره‌دا بکات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : ره‌نگه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌ماندا نه‌توانێت کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی هه‌بێت . ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌ ، حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک گیروگرفتی ناوخۆییان هه‌یه‌ ، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردن به‌شێکی ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن ، یان جۆرێک له‌ نزیکبوونه‌وه‌و موساوه‌مه‌ له‌نێوان خۆیاندا دروستده‌که‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستاندا ، هه‌روه‌ک پێشوو ، به‌ده‌ست هه‌ردوو هێزه‌ گه‌وره‌که‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ ، هۆکاری ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ یان ئه‌و دوو هێزه‌ ، هیچ یه‌کێکیان ، ئاماده‌ نین ده‌سه‌ڵاتی یه‌کلایه‌نه‌ی ئه‌ویتریان قبوڵ بکه‌ن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناچارن له‌به‌رامبه‌ر بارودۆخی کوردستان و ئه‌و ململانێیه‌ی ئێستا له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا هه‌یه‌ ، به‌یه‌که‌وه‌ دابه‌زن و هه‌ڵبژاردن ببه‌نه‌وه‌ . من پێموایه‌ ئه‌وان بۆ مه‌ودایه‌کی مێژوویی دیکه‌ فه‌رمانڕه‌وای کوردستان ده‌بن و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و حزبه‌کانی دیکه‌ ناتوانن ده‌ورێکی کاریگه‌ری ئه‌وتۆیان هه‌بێت ؛به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێک ، چه‌ندیش بچووک بێت ، له‌ناو په‌ڕله‌ماندا کارێکی زه‌روورییه‌ .
له‌ڕاستیدا هه‌موو ئۆپۆزسیۆنێک به‌که‌ڵکی ئێمه‌ نایه‌ت ، وه‌زعه‌که‌ ئۆپۆزسیۆنێک ده‌خوازێت که‌ بتوانێت گۆڕانکاری بکات و ته‌کانێک به‌باری راوه‌ستاوی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی بدات ، واته‌ ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابی بێت . له‌ ده‌وره‌ی پێشووی په‌ڕله‌ماندا ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی هه‌بوو به‌ڵام هیچ کاریگه‌رییه‌کیان به‌شێوه‌ی ئیجابی نه‌بوو ، ره‌نگه‌ به‌شێوه‌ی سه‌لبی کاریگه‌رییان هه‌بووبێت ، بۆ نموونه‌ ده‌وریان هه‌بووبێت له‌ په‌سه‌ندکردنی فره‌ژنی له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانه‌وه‌ . بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆنێکی عه‌لمانی، چه‌پ و سۆسیالیستی ، ئه‌و به‌دیله‌یه‌ که‌ ده‌یخوازین ، بۆ ئه‌وه‌ی لانی که‌م ده‌نگێک هه‌بێت له‌په‌ڕله‌ماندا تا هه‌موو شتێک به‌ئاسانی تێنه‌په‌ڕێت ، ده‌نگێک که‌ له‌ مینبه‌ری په‌ڕله‌مانه‌وه‌ موخاته‌به‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی بکات و که‌موکووڕییه‌کانیان پێبڵێت .
ئاڵای ئازادی : ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت به‌شداربێت له‌ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن و سیاسی و یه‌که‌ ئیدارییه‌کانی ناوچه‌کانداو ئه‌و کاته‌ش بڵێت ئۆپۆزسیۆنم ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : بۆ ئه‌مه‌ با سه‌یری ده‌سه‌ڵاته‌کان بکه‌ین . له‌وڵاتدا ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ، ته‌نفیزی ، یاسایی هه‌یه‌ . به‌پێی عورفی دیموکراتی ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ده‌سه‌ڵاتێکی ئازاد بێت و په‌یوه‌ندی به‌وانی تره‌وه‌ نه‌بێت ، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنیش ده‌سه‌ڵاتی حزبی باڵاده‌سته‌ له‌ وڵاتدا ؛ له‌ عورفی ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتیدا ، ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ دێت کاری جێبه‌جێکردن ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی . ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت له‌ بواری ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا ده‌وری خۆی ببینێت . ئه‌و هێزانه‌ی وه‌ک ئۆپۆزسیۆن ده‌چنه‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌ ، ده‌توانن له‌کاتی دانانی یاساکاندا کاریگه‌رییان هه‌بێت ، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی که‌میی ده‌نگیانه‌وه‌ نه‌توانن سه‌رکه‌ون و زۆرینه‌یه‌ک که‌ سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتن بیبه‌نه‌وه.
ئاڵای ئازادی : له‌زۆرێک له‌ وڵاتاندا ئۆپۆزسیۆن به‌شێکی زۆر له‌ پۆسته‌ باڵاکانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و وه‌ک ئۆپۆزسیۆنیش کارده‌که‌ن ، ئه‌گه‌ر حزبێک له‌ هه‌موو پێکهاته‌کانی وڵاتدا به‌شداربێت ، ده‌توانێت وه‌ک ئۆپۆزسیۆنیش خۆی نیشان بدات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : لێره‌ له‌ کوردستاندا زۆر شتی دنیا له‌ خوێنه‌ری کوردو خه‌ڵکی کوردستان ده‌شاردرێته‌وه‌ که‌له‌ڕاستیدا ئه‌م دنیایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ که‌له‌ رۆژنامه‌کانی کوردستاندا نمایش ده‌کرێت و ، وه‌های نیشان ده‌ده‌ن که‌ دنیا بریتییه‌ له‌ ئه‌مریکاو ئینگلیزو ئه‌و رۆژئاوایه‌ی که‌ هه‌یه‌و جاران پێیده‌وترا ئیمپریالیزم . ئه‌مڕۆ له‌ دنیادا حه‌ره‌که‌یه‌کی زۆر به‌هێزی جیهانی هه‌یه‌ له‌ دژی ئیمپریالیزم و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی . له‌بنده‌ستی ئه‌مریکای گه‌وره‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌م جیهانه‌دا ، کۆمه‌ڵێک بزووتنه‌وه‌ له‌ ئه‌مریکای لاتیندا هه‌یه‌ که‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی ( جۆرنالیزمی ) کوردستاندا باسنه‌کراوه‌و باسناکرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڤه‌نزوێلاو مه‌کسیک و پۆلیڤیا ده‌گوزه‌رێ . جاران ته‌نها کوبا هه‌بوو ، ئێستا چه‌ندین کوبا دروستبووه‌ . له‌ ئه‌مڕۆدا بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌گه‌شه‌کردندایه‌ ، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جیهانیی دژ به‌جیهانیبوون هه‌یه‌ . ئه‌م بزووتنه‌وه‌ جیهانییه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌که‌ که‌سانی هه‌مه‌جۆر تێیدا به‌شدارن و هه‌موویان چه‌پ نین . له‌هه‌ر شوێنێک کۆنگره‌یه‌ک ، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سه‌ندووقی پولی نێوده‌وڵه‌تی ، بانکی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ، رێکخراوی بازرگانیی جیهانی هه‌بێت ، ده‌بینین له‌وێ مانده‌گرن و دژ به‌ سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌کانیان خۆپیشاندان ده‌که‌ن ، واته‌ ئۆپۆزسیۆنێک له‌ده‌ره‌وه‌ی بوونی جیهانگیریدا هه‌یه‌ . ئه‌و حزبانه‌ی له‌ ئه‌مریکاو به‌ریتانیا حوکم ده‌که‌ن جۆرێک له‌ ئۆپۆزسیۆنی شکڵی په‌یڕه‌و ده‌که‌ن ، چونکه‌ ئه‌و حزبانه‌ خاوه‌نی یه‌ک به‌رنامه‌ن و یه‌ک مه‌رجه‌عییه‌تیان هه‌یه‌ که‌ چینی سه‌رمایه‌داریی ئه‌و وڵاته‌یه‌ ؛ یه‌ک خێزانن و ده‌سه‌ڵات دابه‌ش ده‌که‌ن ، هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک یه‌کێکیان دێته‌ پێشه‌وه‌و کامیان له‌و قۆناغه‌دا زیاتر خزمه‌ت به‌ چینی باڵاده‌ست بکات ئه‌وه‌یان ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئه‌مریکادا بوونی هه‌یه‌و ره‌شپێسته‌کان ده‌سه‌ڵاتیان بۆ ره‌خسێنراوه‌ ، ئه‌گینا ئۆباما نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و پایه‌یه‌و ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی بۆ خه‌رج نه‌ده‌کرائه‌گه‌ر چینی باڵاده‌ست نه‌یانزانیایه‌ له‌م کاته‌دا بوونی سه‌رۆکێکی ره‌شپێست سوودی بۆ سیستمی وڵاته‌که‌یان ده‌بێت . ئۆپۆزسیۆن له‌وێ شکڵییه‌و جیددی نییه‌ بۆیه‌ ده‌کرێت که‌سانی حزبی به‌رامبه‌ر به‌شداری حوکم بکه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی حکومه‌ت له‌نگی تێبکه‌وێت و له‌ هێڵی سه‌ره‌کی لابدات ، واته‌ ده‌شێت له‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ خه‌ڵکانێک بهێنن و پۆستی زۆر گرنگیشی پێبده‌ن . ئۆپۆزسیۆنی جیددی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌به‌رنامه‌دا جیاوازی هه‌بێت ، له‌ ئاسۆی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، له‌و ئاسۆیانه‌وه ‌جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی هه‌بێت ، ئه‌و کاته‌ سیفه‌تی ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵده‌گرێت و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ئاوێته‌ی یه‌کتری نابن . له‌م باری سه‌رنجه‌وه‌ ، ته‌نها ئۆپۆزسیۆنی جیددی ده‌توانێت ده‌ور ببینێت ، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه‌ بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ده‌ست نه‌دات .
بۆ ئێمه‌ له‌ کوردستاندا که‌ بارودۆخێکی دیاریکراومان بۆ دروستبووه‌ ، بارودۆخێکی سیاسی که‌ حکومه‌ت و په‌ڕله‌مانی کوردستان به‌شێکێتی ، مه‌ترسی چاوه‌ڕوانکراومان له‌سه‌ره‌ ، ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌لایه‌ن شۆڤێنییه‌تی عه‌ره‌ب و وڵاته‌ دراوسێکانه‌وه‌یه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی مه‌ترسی ئه‌وه‌مان له‌سه‌ره‌ که‌ به‌ هۆی سیاسه‌تی غه‌ڵه‌ت و گه‌نده‌ڵیی ناوخۆوه‌ ، ئه‌زموونه‌که‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و بیانوو به‌ده‌سته‌وه‌ بدات تا له‌ناوببرێت . ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن ئاگاداری ئه‌و بارودۆخه‌ بێت و نه‌هێڵێت تێکبچێت ، چونکه‌ به‌ تێکچوونی ، ته‌نها به‌ زیانی ده‌سه‌ڵات ته‌واو نابێت به‌ڵکو به‌ زیانی خودی ئۆپۆزسیۆن و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .
ئۆپۆزسیۆنی جیددی ، ده‌بێت به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت که‌ جیای بکاته‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه‌ ته‌نفیزییه‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی حکومه‌ت ( ده‌زگای ته‌نفیزی ) به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ . بۆ نموونه‌ حکومه‌تی ئێستای هه‌رێم به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی داهاتووش به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت . هه‌میشه‌ به‌رنامه‌ی حزب به‌رنامه‌یه‌که‌ بۆ ده‌سه‌ڵات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن بێت به‌رنامه‌که‌ی جیاواز ده‌بێت ، بۆیه‌ گه‌ر گریمانی سه‌رکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆنێکی جیددی له‌ کوردستاندا دابنێین ، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی جیاوازی بین له‌ سه‌رجه‌می به‌رنامه‌کاندا ( دیسان بۆ نموونه‌ ) له‌ کایه‌ی کشتوکاڵدا یان له‌ کایه‌ی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌وفێرکردندا . له‌م بواره‌ی دواییاندا ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌ که‌ چ جۆره‌ په‌روه‌رده‌وفێرکردنێکمان ده‌وێت ؟ ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ کلاسیکییه‌ یان پێشکه‌وتوو و گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌مدا ؟ ئه‌و گۆڕانه‌ی له‌ ئارادایه‌ شکڵییه‌ یان ریشه‌یی ؟ ئۆپۆزسیۆنی جیددی له‌م باره‌یه‌وه‌ زوو ده‌گاته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ ده‌بێت به‌رنامه‌که‌ی له‌ بواری په‌روه‌ره‌وفێرکردندا ده‌بێت ریشه‌یی بێت و بڕیاری په‌روه‌رده‌یه‌کی عه‌لمانی بدات ، واته‌ خاڵێکی به‌رنامه‌که‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ئایین بێت له‌ ده‌وڵه‌ت و په‌روه‌رده‌وفێرکردن ، هه‌ر بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌رامبه‌ره‌که‌یدا پۆستی په‌روه‌رده‌وفێرکردن وه‌ربگرێت و به‌م جۆره‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیشدا .
ئاڵای ئازادی : به‌شداری خه‌ڵکی جیا له‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ ئاسته‌کانی خواره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات چ گۆڕانێک به‌رهه‌مدێنێ ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌ واقیعدا دوو شت هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ یه‌کتری جیابکرێنه‌وه‌ : ئیشی سیسته‌ماتیک له‌گه‌ڵ ئیشی فه‌ردی. تۆ وه‌ک تاکه‌که‌س که‌ له‌ شوێنێکدا هاوبه‌شیی ده‌که‌یت ، له‌ سنووری بیروبۆچوونی خۆتدا ده‌توانیت هه‌ندێک کاریگه‌ریت هه‌بێت که‌ له‌ دواییدا وه‌ها ده‌شکێته‌وه‌ که‌له‌و سنووره‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی خۆتدا کارێکی باشت کردووه‌ ؛ ئه‌وه‌یتریان کارێکی سیسته‌ماتیکه‌و پێویستیی به‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ ، واته‌ یه‌ک گۆڕانکاریی به‌رنامه‌ڕێژکراوت هه‌یه‌و ده‌بێت له‌ رێگه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆته‌وه جێبه‌جێی بکه‌یت . هه‌ر له‌ بواری په‌روه‌رده‌وفێرکردندا ( که‌ بواری پسپۆڕێتیمه‌ بۆیه‌ به‌ نموونه‌ ده‌یهێنمه‌وه‌ ) کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی سکۆلارو چه‌پ ده‌توانن کاریگه‌ریی تاکه‌که‌سییان له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌که‌یان له‌ سنوورێکی دیاریکراودا هه‌بێت ، چونکه‌ هه‌موو سیستمه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بیروبۆچوون و ره‌وته‌دا نییه‌ که‌ ئه‌وانی له‌سه‌ر ده‌ڕۆن ، ئه‌وان ره‌وتێکی جیاوازیان هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌وڵه‌کانیان ده‌بێته‌ شتێکی تاکه‌که‌سی و به‌ گۆڕانکاریی له‌ سیستمه‌که‌دا ته‌واو نابێت ، بۆیه‌ کاتێک باس له‌ گۆڕانکاریی ریشه‌یی ده‌که‌ین ، ده‌بێت به‌ شێوه‌ سیستماتییه‌که‌ سه‌یری بکه‌ین نه‌ک به‌ شێوه‌ی تاکه‌که‌سی .
ئاڵای ئازادی : ئێستا باس له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستان ده‌کرێت له‌ هه‌رێمی کوردستان ، ئایا به‌ بۆچوونی تۆ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هیچ گۆڕانێک له‌ کوردستاندا دروست ده‌کات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا ناتوانرێت بڕیاری ره‌ها له‌م باره‌یه‌وه‌ بدرێت یان به‌ ڕه‌هایی پێشبینییه‌کی دیاریکراو ده‌ربڕیت ، چونکه‌ یه‌کێک له‌ سیفه‌ته‌کانی کاری سیاسی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ری زۆری تێده‌که‌وێت ، جگه‌ له‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی ناوخۆو و ته‌نانه‌ت بارودۆخی ناوچه‌یی و جیهانیش کاردانه‌وه‌یان ده‌بێت . بۆیه‌ ناتوانم به‌ ره‌هایی بڵێم گۆڕانکاریی ده‌بێت یان نه‌ ، به‌ڵام به‌ مه‌زه‌نده‌ی سیاسه‌تێک که‌ تێیده‌گه‌م زۆرو که‌م ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ نابینم که‌ گۆڕانکاریی ریشه‌یی له‌م وڵاته‌دا ، له‌ سایه‌ی ئه‌و په‌ڕله‌مانه‌ی له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا دێته‌کایه‌وه‌ ، رووبدات ، لانی که‌م بۆ سێ تا چوار ساڵی داهاتوو .
ئاڵای ئازادی : له‌سه‌روبه‌ندی باسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستاندا باس له‌ دروستبوونی لیستی جیاواز له‌ لیستی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌کرێت ، ئایا ئه‌و لیستانه‌ له‌ چ رێگایه‌که‌وه‌ ده‌توانن زۆرترین رێژه‌ی ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن تا گۆڕان له‌ هه‌یکه‌لی په‌ڕله‌مان و حکومه‌تدا دروست بکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : پێموایه‌ دروستبوونی لیستێک یان چه‌ند لیستی جیاواز کارێکی باشه‌ ( دیاره‌ له‌ رووی مه‌فهومی سیاسی په‌رله‌مانییه‌وه‌ که‌ ئێستا له‌ کوردستاندا جێبه‌جێده‌کرێت ) ئه‌گه‌ر ئه‌و لیستانه‌ بتوانن چه‌ند ئه‌ندامێکی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ناو په‌ڕله‌مان ، به‌مه‌رجێک پابه‌ند بن به‌و هێڵانه‌وه‌ که‌ ئه‌و لیستانه‌ بۆ خۆیانی دیاریده‌که‌ن‌ و به‌ڕاستی ئۆپۆزسیۆنێک له‌ ناو په‌ڕله‌مانی داهاتوودا دروست بکه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تدا راوبۆچوونیان هه‌بێت و ئه‌کتیڤ بن .

ئاڵای ئازادی : خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان گله‌یی و ناڕه‌زایی زۆریان له‌ ئه‌دای کاری په‌رڵه‌مان و حکومه‌ت هه‌یه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پێشکه‌شکردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ، ئایا ئه‌و گله‌یی و ناڕه‌زاییه‌ی خه‌ڵک تا چه‌ند لیسته‌ جیاوازه‌کان ده‌توانن ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها حزبه‌ باڵاده‌سته‌کان چۆن ده‌توانن کاری بۆ بکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا دانانی به‌رنامه‌ کارێکی زه‌روورییه‌ بۆ خه‌باتی سیاسی و په‌ڕله‌مانی ، دانانی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنچینه‌ی گله‌ییه‌کان ، ره‌نگه‌ مه‌ودایه‌کی کورتی هه‌بێت و دوای بڕینی ئه‌و مه‌ودایه‌ کاریگه‌رێتی نه‌مێنێت . ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌مێک وریابێت و بتوانێت به‌شێک له‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای گله‌یی دروست ده‌بێت چاره‌سه‌ربکات ، گله‌ییه‌کان پووچه‌ڵده‌کاته‌وه‌و ، ده‌ورو کاریگه‌رێتی ئه‌و لیستانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای گله‌یی کارده‌که‌ن کلۆرو مایه‌پووچ ده‌کات . له‌م پڕۆسه‌یه‌دا ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی جێگیر کاربکرێت .
ئاڵای ئازادی : بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردن ، به‌ لیستی کراوه‌ بێت یان داخراو ، کامیانت پێباشتره‌ ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : ئه‌و شێوازه‌ باشتره‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تیی حه‌قیقی لێده‌که‌وێته‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکدا ، ئاسایی وه‌ها ده‌بینم که‌ به‌ لیستی کراوه‌ بێت . ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نوێنه‌رایه‌تیی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی ، نه‌ک هه‌ر بۆ لیسته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ڵکو بۆ ئه‌و حزبانه‌شی ئێستا له‌ده‌سه‌ڵاتدان . پێویسته‌ له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا به‌پێی ناو ، به‌پێی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ، کاندیده‌کان ده‌نگیان پێبدرێت ، ئه‌مه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی له‌لایه‌ن حزبه‌کانه‌وه‌ لیستی کاندیدکراوه‌کان ده‌ستنیشانبکرێت ، ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵک ده‌نگ به‌ نوێنه‌ری خۆی بدات کارێکی زۆر گرنگه‌ ، چونکه‌ ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ پرنسیپه‌کانی دیموکراسیی بۆرژوازی که‌ تۆ به‌شداریی بکه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری خۆت بۆ په‌ڕله‌مان نه‌ک حزب به‌ناو نوێنه‌رت بۆ دیاری بکات و ، ئه‌و کاته‌شی که‌ ده‌نگ ده‌ده‌یت نازانیت دوایی حزب کێ ده‌کاته‌ ” نوێنه‌رت ” له‌ په‌ڕله‌ماندا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ پێشه‌کی حزبت کردووه‌ به‌ نوێنه‌ری خۆت و ئیتر مه‌رج نییه‌ ئه‌ندامه‌کانی په‌ڕله‌مان که‌ حزب دایان ده‌نێت خه‌ڵک لێیان رازیبێت و دوور نییه‌ که‌سانی وه‌هاشی تێبکه‌وێت که‌ پێشینه‌ی نیشتمانیبوونیان نه‌بێت یان رابردوویه‌کی باشیان نه‌بێت . بۆیه‌ دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ لیستی کراوه‌ باشتره‌ و پێویسته‌ خه‌ڵک ده‌نگی راسته‌وخۆی خۆی به‌ نوێنه‌رانی ناسراو ، به‌ ناوو به‌پێی بازنه‌ بدات ، واته‌ ده‌بێت خه‌ڵک بزانێت ئه‌و که‌سانه‌ کێن که‌ ده‌نگیان پێ ده‌دات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ وه‌ک ئه‌وه‌کانی پێشووبێت و حزب لیسته‌کان دابنێت ئه‌وا به‌ هه‌مان هه‌ڵه‌کانی رابردوودا ده‌چینه‌وه‌و شتێک به‌ شتێک ناکه‌ین .
ئاڵای ئازادی : له‌ وڵاتانی ترداو له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بانگه‌شه‌یه‌کی روون بۆ پاڵێوراوه‌کان ده‌کرێت و له‌ هه‌ندێک شوێنیش پاڵێوراوه‌کان له‌ مونازه‌ره‌کردندا رووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه‌و قسه‌ له‌سه‌ر رابردوو و ئه‌و به‌رنامانه‌ ده‌که‌ن که‌ دوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێیده‌که‌ن ، ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆچی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بوونی نییه‌ ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : به‌ده‌ر له‌و به‌راوردکردنه‌ ( که‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو کاتێک به‌راوردکردن راست بێت ) ده‌ڵێم : به‌هۆی ئه‌وه‌ی بارودۆخێکی تایبه‌تی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک پاڵنه‌ر ( دوافع ) ی سیاسییه‌وه‌ که‌ کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر تێکڕای وه‌زعه‌که‌ داده‌نێن ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاسه‌واری شه‌ڕی ناوخۆ ماوه‌ که‌ دوو لایه‌نی سه‌ره‌کیی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌شدارییان تێداکردووه‌و رابردوویه‌کی له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کوردستاندا هه‌بووه‌ ، دوو لایه‌ن که‌ هه‌ردوولایان جه‌ماوه‌رو به‌رنامه‌و هێزی چه‌کداری خۆیان هه‌بووه‌و هه‌یه‌ . پێموایه‌ ئه‌وه‌ بۆ گشتمان روونه‌ که‌ کوردستان به‌و بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌دا هاتووه‌و بۆیه‌ ئه‌و شێوازانه‌ی له‌ پرسیاره‌که‌دا هاتوون بۆ ئیمڕۆی وه‌زعی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌گونجاوه‌و دوور نییه‌ شه‌ڕیتری لێبکه‌وێته‌وه‌ ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێوازی مونازه‌ره‌ – له‌ڕووی بابه‌تییه‌وه‌ – شێوازێکی راست و گونجاوه‌ که‌ حزبه‌کان ، لیسته‌کان ، کاندیده‌کانی په‌ڕله‌مان په‌یڕه‌ویی بکه‌ن و له‌و رێیه‌وه‌ کێبه‌رکێی یه‌کتری بکه‌ن . کاتێک دوو پاڵێوراو بۆ یه‌ک پۆست خۆیان کاندید ده‌که‌ن مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ قسه‌ بۆ خه‌ڵک بکه‌ن و خه‌ڵکیش ره‌خنه‌یان لێبگرێت ، هه‌ریه‌که‌یان لایه‌نی به‌هێزیی خۆی ولاوازیی به‌رامبه‌ره‌که‌ی نیشان بدات تا خه‌ڵکی بتوانێت بڕیاری هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری خۆی بدات ، چۆن خه‌ڵک ده‌توانێت نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵبژێرێت کاتێک بۆی روون نه‌بێت که‌ نوێنه‌ره‌که‌ی کێیه‌ ؟ حزبه‌کان یان لیسته‌ جیاوازه‌کانیش ده‌توانن له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا شێوازی مونازه‌ره‌ به‌کاربهێنن ، نوێنه‌ره‌کانیان باسی به‌رنامه‌ی خۆیان بۆ خه‌ڵکی بکه‌ن . له‌ڕاستیدا ئه‌م شێوازه‌ تائێستا له‌لای ئێمه‌ وجوودی نه‌بووه‌و نییه‌ ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه‌ هه‌بێت ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی واقیعی ئیمڕۆ وه‌هایه‌ که‌ خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ی سه‌یری حزبه‌کان و که‌سانی ناسراوی حزبه‌کان ده‌که‌ن ، ئه‌وه‌نده‌ گوێ به‌وه‌ ناده‌ن به‌رنامه‌کان چین و له‌ ئاینده‌دا چۆن حوکم ده‌کرێن .
ئاڵای ئازادی : ئه‌گه‌ر ئه‌و لیسته‌ نوێیانه‌ی بڕیاره‌ دروست ببن و به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردندا بکه‌ن ، له‌بارێکدا نه‌یانتوانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن و لیستی حزبی باڵاده‌ست سه‌رکه‌وت ، پێتوایه‌ هیچ گۆڕانێکی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا رووبدات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : من پێموانییه‌ ئه‌و لیسته‌ نوێیانه‌ی به‌شداریی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌که‌ن و وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کارده‌که‌ن هیچ ده‌نگێک به‌ده‌ست نه‌هێنن ، چونکه‌ ئۆپۆزسیۆن ته‌نها کۆمه‌ڵێک که‌سی رۆشنبیر نین که‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات راوه‌ستابن ، به‌ڵکو جه‌ماوه‌رێکیشه‌ که‌ ناڕازییه‌ له‌ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان . کۆمه‌ڵێک چین و توێژی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌پارێزراوه‌و ده‌یانه‌وێت که‌سانێک بهێننه‌ سه‌رکار که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بپارێزن ، بۆیه‌ ئه‌و لیستانه‌ی ده‌یانه‌وێت وه‌ک ئۆپۆزسیۆن به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن ، به‌ده‌ستی به‌تاڵ ده‌رناچن ؛ خۆ ئه‌گه‌ر گریمان که‌سیشیان ده‌رنه‌چوون ، ئه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌ڕله‌مان و حکومه‌ت کاریگه‌ریی هه‌بێت ، له‌ هۆیه‌کانی راگه‌یاندن و سه‌رشه‌قامه‌کاندا ده‌ور ببینن هه‌روه‌ک چۆن له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌وریان هه‌بووه‌و چوونه‌ته‌ به‌رده‌م بینای پارێزگاکان و په‌ڕله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و … هتد و داواکانی خۆیان پێشکه‌شکردووه‌ ؛ هه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش که‌له‌رابردوودا کراون بۆ خۆیان به‌ڵگه‌ی جووڵانه‌وه‌یه‌کن که‌ ده‌کرێت تا راده‌یه‌ک وه‌ک پشتگیریی بۆ لیسته‌کانی ئۆپۆزسیۆنی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین . له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش ( راستتر دوو حزبه‌که‌ ) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌که‌وێته‌ سه‌ر پێشبینی کردن ، ئه‌وه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ پڕاکتیکی رابردوو ، ئه‌و پڕاکتیکه‌ش مژده‌ی چوونه‌پێشه‌وه‌ نادات ، به‌ کورتی و پوختی من به‌ گۆڕانی بارودۆخه‌که‌ یان هیچ پێشکه‌وتنێک له‌ واقیعی ئیمڕۆی کوردستاندا گه‌شبین نیم .
ئاڵای ئازادی : بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان ، هه‌ڵپه‌ساردنی ده‌نگ چۆن ده‌بینیت ، کاتێک هاوڵاتییان نه‌چوونه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگدان و به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردندا نه‌کرد ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : هه‌ڵپه‌ساردن یان بایکۆتکردنی ده‌نگدان په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ناتوانین بڵێین : له‌ هه‌موو حاڵه‌تێکدا بایکۆتکردن دروسته‌ . بایکۆتکردن هه‌موو کاتێک به‌ موتڵه‌قی دروست نییه‌ ، ئه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و بارودۆخه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه‌ی بڕیار ده‌دات بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکات یان نه‌یکات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ک بۆچوون و پرنسیپ بایکۆتکردن ئه‌گه‌رێکه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌کان که‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت په‌نای به‌رێته‌به‌ر به‌ مه‌رجێک ئه‌و بایکۆتکردنه‌ خزمه‌ت به‌بارودۆخه‌که‌و گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌یه‌ک بکات که‌ ئه‌و لایه‌نه‌ تیایدا نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات ؛ ئه‌گه‌ر بایکۆتکردن خزمه‌ت به‌ گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ک نه‌کات ، ده‌بێته‌ هه‌ڵوێستێکی سه‌رپێیی و هه‌ڵه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا.
له‌ ئیمڕۆی وه‌زعی کوردستاندا بایکۆتکردن کارێکی دروست نییه‌ ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شداریی بکه‌یت باشتره‌ ، به‌مه‌رجێک بزانیت ده‌نگ به‌کێ ده‌ده‌یت و چۆن نوێنه‌رانێک ده‌گه‌یه‌نیته‌ په‌ڕله‌مان ، چه‌نده‌ ئه‌و نوێنه‌رانه‌ که‌میش بن .
بایکۆتکردن بارودۆخی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و له‌و بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌دا ده‌توانرێت بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت ، نموونه‌یه‌کت بۆ ده‌هێنمه‌وه‌ له‌سه‌ر مێژووی شۆڕش له‌ روسیا : ساڵی 1905 بۆ په‌ڕله‌مانی روسیای تزاری که‌ پێیان ده‌گوت ( دۆما ) هه‌ڵبژاردن ده‌کرا ، ئه‌و کاته‌ حزبی به‌لشه‌فی حزبێکی به‌هێز بوو پێشڕه‌ویی حه‌ره‌که‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی فراوانی ده‌کرد ، بزووتنه‌وه‌یه‌کی شؤڕشگێڕانه‌ له‌ ئارادا بوو بۆیه‌ بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌و ساڵه‌ی کرد ، ئه‌و بایکۆته‌ چووه‌ خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌وه‌و راپه‌ڕین روویدا به‌ڵام به‌ شکست کۆتاییهات ؛ دواتر هه‌ر هه‌مان حزبی به‌لشه‌فی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1912 نه‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ی ئه‌و کاته‌ له‌بار نه‌بوو و بایکۆتکردن خزمه‌تی به‌ حزبه‌که‌یان و بزووتنه‌وه‌ی شؤڕشگێڕانه‌ نه‌ده‌کرد و پێیان باشتر بوو که‌ چه‌ند ئه‌ندامێکیان بگه‌یه‌ننه‌ په‌ڕله‌مان و له‌وێ به‌رنامه‌ی خۆیان پێشکه‌ش بکه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات و قه‌یسه‌ردا رایبگه‌یه‌نن ، بۆیه‌ دیسان ئه‌وه‌ دووپاتده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئێستا بایکۆتکردن راست نییه‌و خزمه‌ت به‌خه‌ڵک و ئاینده‌ ، لانی که‌م له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا ، ناکات .
ئیمڕۆ کوردستان به‌ بارودۆخێکی تایبه‌تیدا تێده‌په‌ڕێ ، وه‌زعی عێراق ناجێگیره‌ ، ئاینده‌ی روون نییه‌ ، شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی خه‌ریکی خۆکۆکردنه‌وه‌یه‌ ، هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای کورد هه‌یه ، ‌ دراوسێکانی کوردستان هه‌ڵوێستی تاکتیکی و دووفاقانه‌مان له‌گه‌ڵدا په‌یڕه‌وده‌که‌ن ، گه‌نده‌ڵی تا سه‌ر ئێسقان کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی داڕزاندووه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ مانه‌وه‌ی حکومه‌ت و په‌ڕله‌مان – به‌ که‌موکورتییه‌کانیشیه‌وه‌ – زه‌رووره‌تی خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه‌و نابێت ده‌ستبه‌رداری ببین ، له‌هه‌مان کاتیشدا ده‌بێت بزانین چیده‌که‌ین و چی ده‌ڵێین و چۆن هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا ده‌که‌ین .

* رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) لەژمارەکانی‌ ( 798 ، ٧٩٩ ، ٨٠٠ ) به‌رواری 11 و ١٨ و ٣٠ / ٣ / ٢٠٠٩ دا ئه‌م دیداره‌ی بڵاوکرده‌وه‌ ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داڕشتنه‌که‌ی لاواز بوو و ، له‌ زۆر شوێندا مه‌به‌سته‌که‌می به‌باشی نه‌ده‌گه‌یاند ، ناچار بووم له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌ستکاریکردندا جارێکی دیکه‌ دایبڕێژمه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستکاری ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی بکه‌م .

ئاماره‌کانی هه‌ڵبژاردن و ئاماژه‌کانی . .!

یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئامار ، ئه‌و ئاماژانه‌یه‌ که‌ لێیده‌ڕسکێ . هه‌میشه‌ له‌ پشت ئه‌و ژمارانه‌ی ئامار ده‌یانخاته‌ڕوو ، واقیعێک هه‌یه‌ که‌ پێویستیی به‌ خوێندنه‌وه‌ هه‌یه‌ . ژماره‌کان به‌پێی جۆری بابه‌ت و دیارده‌کان ، ئاماژه‌کانیان چ به‌ ئاشکراو چ به‌ نهێنی ، ئه‌رێیانه‌ یان نه‌رێیانه‌ واقیع تێیاندا ره‌نگده‌داته‌وه ، جا ئه‌وه‌ واقیعی سیاسی و ئابووری بێت یان واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و . . . هتد .
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان له‌ عێراقدا ، به‌ پێچه‌وانه‌ی چه‌واشه‌کارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و توێژێک رۆشنبیرانی ئه‌مریکاییخواز ، ئاماژه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ی واقیعێکی شێواو و گه‌نده‌ڵ بوو . ژماره‌کانی هه‌ڵبژاردن ئه‌و راستییه‌یان ده‌ربڕی بۆیه‌ پتر له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گرن و نابێت هه‌روا به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕببن .
سه‌ره‌تا با ئه‌م ژمارانه‌مان له‌به‌رچاو بێت ، تا بۆ لێکدانه‌وه‌کانمان په‌نایان بۆ به‌رین :
– 14 پارێزگا له‌ کۆی 18 پارێزگا به‌شدارییان له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا کردووه‌ . پارێزگاکانی کوردستان به‌ که‌رکوکیشه‌وه‌ ، واته‌ چوار پارێزگا ( بێ پاساوێکی به‌جێ ) به‌شدارییان له‌م پڕۆسه‌یه‌دا نه‌کرد .
– ژماره‌ی ئه‌و کورسییانه‌ی کێبه‌رکێیان له‌سه‌رکرا 440 بوو که‌ 57 یان له‌ به‌غداو 37 یان له‌ موصل و 35 یان له‌ به‌صره‌ بوون و ، کورسی پارێزگاکانی دیکه‌ له‌وان که‌متر بوو .
– ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو 15 ملیۆن بوو .
– 401 حزب و قه‌واره‌ی سیاسی به‌شدارییان له‌م کێبه‌رکێیه‌ی هه‌ڵبژاردندا کرد که‌ ژماره‌ی کاندیدکراوه‌کانیان 14431 ( چوارده‌ هه‌زارو چوار سه‌دو سیی و یه‌ک ) که‌س بوو که‌ له‌ نێوانیاندا 3912 ( سێ هه‌زارو نۆ سه‌دو دوازده‌ ) یان ژن بوو .
به‌ده‌ر له‌وه‌ی خۆکاندیدکردن به‌و ژمارانه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پاریزگاکان له‌چ فه‌زایه‌کی سیاسیدا‌ کراوه‌ ، نزیک به‌ ساڵێکیشه‌‌ خه‌ڵکی به‌م پڕۆسه‌یه‌وه‌ سه‌رقاڵکراوه‌و به‌رده‌وام درۆو به‌ڵێن و خه‌ونی ره‌نگاوڕه‌نگیان به‌سه‌ردا په‌خش ده‌کرێت ، بڕێکی گه‌وره‌ش له‌ سامانی خه‌ڵکی عێراق بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ( له‌ هه‌ندێ شوێنیشدا بۆ مه‌به‌ستی ناشه‌ریفانه‌ی ده‌نگ کڕین ) به‌فیڕۆ خه‌رجکراوه .
– بۆ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ 42000 ( چل و دوو هه‌زار ) وێستگه‌ی ده‌نگدان کرابووه‌وه‌ که‌ زێتر له‌ 250000 ( دوو سه‌دو په‌نجا هه‌زار ) کارمه‌ندی حکومه‌تیان بۆ دانابوو تا به‌سه‌ر سه‌ندووقه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بن .
– له‌م پڕۆسه‌یه‌دا ( 20 ) ملیۆن کاغه‌زی ده‌نگدان له‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی چاپکراو هێنرا .
– له‌ چین و هیندو به‌ریتانیاو تورکیاش‌ ( 575 ) ته‌ن پێداویستییه‌کانی هه‌ڵبژاردن دابینکرابوو . ( ژماره‌کان له‌ ماڵپه‌ڕی وتووێژی مۆدێرن له‌نێو ئینته‌رنێت وه‌رگیراون ) .‌
ئه‌گه‌ر به‌ وردی له‌م ژمارانه‌ بڕوانین ، ده‌بینین :
1 ) زۆر نامه‌سئولانه‌ پاره‌یه‌کی زۆر به‌ خۆرایی له‌ پڕۆسه‌یه‌کدا خه‌رجکراوه‌ که‌ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌رێیانه‌ی له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی عێراق نییه‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین به‌ رێژه‌ی ئه‌و عێراقیانه‌ی ده‌نگیانداوه‌ که‌تێکڕا51% بوون( ئه‌ویش گومانی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ که‌ له‌ هه‌ندێ پارێزگادا به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته‌وه‌ خه‌ڵکی غه‌یره‌ عێراقی بۆ ده‌نگدان هێنرابن .)
له‌ هه‌ندێ پارێزگاشداکه‌متر له‌و رێژه‌یه‌ ( 45 – 50 % )، واته‌ نزیکه‌ی حه‌وت ملیۆن و نیو عێراقی که‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ ، به‌شدارییان نه‌کردووه‌و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌یان ره‌تکرووه‌ته‌وه‌ .
2 ) کێبه‌رکێی ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ حزب و قه‌واره‌ی سیاسی ، که‌ زۆربه‌یان سایه‌یه‌کی خێڵه‌کی و تایه‌فه‌گه‌رییان هه‌یه‌ ، ئاماژه‌یه‌ بۆ په‌رته‌وازه‌یی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی عێراق و گه‌مه‌کردن به‌ چه‌مکی دیمو‌کراسی و راده‌ی ئه‌و که‌له‌به‌ره‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ چاره‌نووسی سیاسی عێراق بۆ مه‌ودایه‌کی مێژوویی دیکه‌ به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵێته‌وه ؛ ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌که‌ بۆ راده‌ی گرژی و توندتربوونه‌وه‌ی ململانێ نامه‌بده‌ئییه‌کان ، ئه‌و ململانێیانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ ژێر هێڵی به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی و ئایینی و ته‌نانه‌ت تایه‌فه‌گه‌ریشه‌وه‌ .
3 ) هه‌ر ئه‌م ژمارانه ئاماژه‌‌ بۆ بێ سه‌روبه‌ری ریزبوونی چینایه‌تیی ژێر سایه‌ی ‌سیستمێکی ئابووری جێگیر ده‌که‌ن ، واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ زۆربه‌ی حزب و قه‌واره‌کان ، وه‌ک به‌رنامه‌ی ئابووری ، له‌ بازنه‌ی ئابووریی سه‌رمایه‌داری و بازاڕه‌ ئازاده‌که‌یدان ، به‌ڵام ئه‌و به‌رنامه‌ له‌یه‌کچووانه‌‌ که‌ له‌ بنه‌ما چینایه‌تییه‌ له‌یه‌کچووه‌کانه‌وه‌‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن ، کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر‌ ریزبوونه‌ چینایه‌تییه‌کان دانه‌ناوه‌و ، هێشتا که‌لتووری چینایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رخانه‌ خێڵه‌کی و ئاینییه‌که‌ی به‌سه‌ر که‌لتووره‌ خوازراوه‌که‌ی بۆرژوادا زاڵه‌ . ئه‌م واقیعه‌ش جارێکی دیکه‌ چه‌مک و ئه‌رک و زه‌روره‌تی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانکاریی ریشه‌یی کۆمه‌ڵگا ده‌خاته‌وه‌ به‌رنامه‌ی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ که‌ بۆ دواڕۆژێکی سۆسیالیستی خه‌بات بکات .
4 ) ژماره‌کان ئاماژه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانێکی دیارو ئاشکرای بونیادی کۆمه‌ڵگای عێراق ده‌که‌ن .
ئه‌گه‌رچی هێزه‌ کۆنه‌پارێزه‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌یانه‌وێت به‌ ناوی پاراستنی ( نیشتمانی عێراقی یه‌کگرتوو ) و یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق و به‌رهه‌ڵستی فیدیرالیزمه‌وه‌ رێگه‌ له‌ پڕۆسه‌یه‌کی دیموکراتی نوێ له‌ عێراقدا بگرن و چه‌مکه‌کانی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵدا بسه‌پێنن ، به‌ڵام واقیعی رووداوه‌کان له‌یه‌کترازانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌لمێنێ به‌شێوه‌یه‌ک که‌ پێشبینی ئه‌وه‌ی لێناکرێ جارێکیتر و له‌ سایه‌ی ئه‌م شێوه‌ حکومه‌تانه‌دا لایه‌نه‌ له‌یه‌کترازاوه‌کانی به‌ یه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ست ببنه‌وه‌ . ئه‌م هه‌ڵوه‌شان و دابڕانه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی رێگا چاره‌یه‌کی سیاسی دیکه‌ بۆ بڕیاردانی چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌و ، جۆرو شێوازێکی دیکه‌ بۆ‌ چۆنایه‌تی ژیانی پێکهاته‌کانی دیاریده‌کات که‌ که‌رتبوون و دابه‌شبوونی عێراق به‌ سێ ده‌وڵه‌تی جیاجیا ده‌کاته‌ لۆجیکیترین چاره‌سه‌ر و ، کۆتایی به‌م جه‌نگه‌ ناوخۆییه‌ ده‌هێنێت که‌ کێبه‌رکێی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی حزب و قه‌واره‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌و هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووشدا یه‌کێک له‌ ئاماژه‌ زه‌قه‌کانێتی .
5 ) خۆکاندیدکردنی ژنان له‌م پڕۆسه‌یه‌دا هیچ شتێک له‌ جێوڕێیان سه‌باره‌ت به‌ بڕیاردانی سیاسی نابینێت . ئه‌و رێگرییه‌ ده‌ستووری و یاساییانه‌ی له‌به‌رده‌می ژناندان ، بواری فراوانبوونه‌وه‌ی سنووری چالاکییان له‌ کۆمه‌ڵدا ناده‌ن و هه‌ڵسووڕانیان چواچێوه‌دار ده‌که‌ن .
بوونی کۆمه‌ڵێک ژن له‌ په‌ڕله‌مانداو سنوورداریی به‌کارهێنانی تواناکانیان و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مه‌ودای جموجۆڵیان له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ڵگه‌ن بۆ رووکه‌شیی ئه‌و خۆ کاندیدکردنه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ سایه‌ی میکانیزمه‌کانی هه‌ڵبژاردنداو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ژنان نیوه‌ی کۆمه‌ڵ پێکده‌هێنن ، به‌ڵام پیاوان زۆربه‌ی کورسییه‌کان داگیرده‌که‌ن و ، سه‌ره‌نجام ژنه‌کان هه‌ر به‌ پاشکۆیی پیاوه‌کان ده‌مێننه‌وه‌ .
به‌ کورتی : ئاماژه‌ ژماره‌ییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان نه‌ ئاسۆی ئازادی و دیموکراتی لێوه‌دیاره‌و نه‌ نوقڵانه‌ی ژیانی خۆشگوزه‌رانیی بۆ عێراق پێیه‌ .

6 ی شوباتی 2009

هه‌ڵبژاردن وه‌ک ئامرازی ده‌سه‌ڵات و فریودان

دوای چه‌ندین مانگ خۆئاماده‌کردن و کێبه‌رکێ و توندکردنه‌وه‌ی گرژی و ناکۆکی نێوان پێکهاته‌ جیاجیاکانی عێراق و قوتبوونه‌وه‌ی سه‌دان حزب و رێکخراو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ، له‌ دواڕۆژی کانوونی دووه‌می 2009 دا ، خه‌ڵکی سته‌مدیده‌و فریوخواردووی عێراق له‌ چوارده‌ پارێزگادا به‌ره‌و سندووقه‌کانی ده‌نگدان به‌ڕێکه‌وتن و له‌ فه‌زایه‌کی پۆلیسی بێوێنه‌داو ، به‌ رێژه‌ی که‌متر له‌ نیوه‌ی ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ ، به‌شدارییان له‌و پڕۆسه‌یه‌دا کردو ، کۆمه‌ڵێکیتریان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازان به‌ پله‌و پایه‌ی ده‌سه‌ڵات گه‌یاند . له‌م پرۆسه‌یه‌دا ، بۆ جارێکیدیکه‌ ، شه‌رعییه‌تیان به‌ چه‌وسێنه‌ره‌کانی خۆیان دایه‌وه‌ ، تا له‌م رێیه‌وه‌ بۆ چه‌ند سالێکیتر سامانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ تاڵان ببه‌ن و ئه‌وانیش هه‌روه‌ک رابردوو له‌ سایه‌یاندا زگیان هه‌ڵگوشن و به‌رده‌وام قوربانیی ژیانێکی پڕ کاره‌سات و نائه‌منی و برسێتی و گرانی و ده‌ردوبه‌ڵای جه‌سته‌یی و ده‌روونی بن .
کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مڕۆی عێراق و ، داگیرکه‌ران له‌ پشتیانه‌وه‌و ، له‌ڕێی جۆرنالیزمی جیهانییه‌وه‌ ، ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ که‌ بۆ دیاریکردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان ده‌کرێت ، وه‌ک رووداوێکی مه‌زن و وه‌رچه‌رخانێک له‌ مێژووی عێراقدا بخه‌نه‌ڕوو ، ده‌یانه‌وێت کاڵای رزیوی (( دیموکراتی )) یه‌که‌یان به‌سه‌ر گه‌لانی عێراقدا ساخبکه‌نه‌وه‌و رای گشتی جیهانی پێ چه‌واشه‌ بکه‌ن .
ئه‌مڕۆ عێراق به‌ هه‌لومه‌رجێکی زۆر دژواردا تێده‌په‌ڕێت ، هه‌ڵبژاردن له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا‌ نه‌ک هه‌ر ده‌سته‌به‌ری لانی که‌می ئازادی بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ناکات ، به‌ڵکو به‌ نانه‌وه‌ی ئه‌م کێبه‌رکێ حزبی و تایه‌فه‌ییه که‌ پێشینه‌یه‌کی خوێناوی هه‌یه‌ ، زێتر ده‌رگا له‌سه‌ر ئازادییه‌کان‌ کلۆم ده‌بێت . چونکه‌ ئه‌و راستییانه‌ سه‌لماندنیان ناوێت که‌ له‌ وڵاتێکدا داگیرکه‌ران فه‌رمانڕه‌وایی بکه‌ن و ، سیاسه‌ت و ئابووری وڵاته‌که‌یان ، له‌ڕێی رێکه‌وتننامه‌یه‌که‌وه‌ ، به‌ خۆیانه‌وه‌ گرێدابێت و ، هه‌ر کانتۆنێکی به‌ده‌ست مێلیشیای حزبێک یان تایه‌فه‌یه‌که‌وه‌ بێت و ، له‌سایه‌ی هێزه‌ کۆنه‌پارێزه‌کاندا هوشیاری تا راده‌ی ژێر سفر دابه‌زیبێت ، بێ هیچ گومانێک هه‌ڵبژاردن نابێته‌ ئامرازێک بۆ ساڕێژکردنی هه‌موو ئه‌و زامه‌ قووڵانه‌ی ده‌یان ساڵه‌ له‌جه‌سته‌یدا هه‌ڵکۆڵراوه‌و یه‌کبینه‌ هه‌ڵده‌کۆڵرێت‌ .
هه‌ڵبژاردنێک ئازادی تێدا نه‌بێت ، ئامانجی روون و دیاریکراوی نه‌بێت ، ده‌نگده‌ره‌کانی‌ ئازادییان لێ زه‌وتکرابێت و کاریگه‌رێتی سیستمی خێڵه‌کی و ئینتیمای تایه‌فییان له‌سه‌ربێت ، کاندیدکراوه‌کانیشی ، جگه‌ له‌ هه‌ڵپه‌ی پله‌و پایه‌و پاره ،‌ هیچ‌ پرنسیپێکی‌ نیشتمانی و دیموکراتی له‌ به‌رنامه‌یاندا نه‌بێت ، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌نهاو ته‌نها به‌ سوودی ده‌ڵاڵه‌کانی داگیرکه‌ران و ره‌وته‌ شۆڤێنیست و کۆنه‌په‌رسته‌کان ده‌شکێته‌وه‌ . دیاره‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییانه‌ی واقیعه‌که‌ ده‌یانسه‌لمێنێ و ، سه‌باره‌ت به‌ ئاڕاسته‌ جۆراوجۆره‌کانی ناکۆکییه‌کان ( تناقضات ) و له‌پێشی هه‌موویانه‌وه‌ ناکۆکی خه‌ڵکی سه‌رانسه‌ری عێراق له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران و داروده‌سته وابه‌سته‌کانیان ، ‌ به‌ دوو سه‌ره‌نجام ده‌گه‌ین که‌ ده‌شێت بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی له‌و جۆره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا پیاده‌ده‌کرێت ،دروست بێت ؛ ناوه‌رۆکی ئه‌و دوو سه‌ره‌نجامه‌ش له‌لایه‌ک ململانێی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات و ته‌واوی ئه‌و ئیمتیازاتانه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆ ده‌سته‌و تاقم و که‌سه‌ ناسراوه‌کانیانی دابین ده‌کات ، که‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی گرێکوێره‌یه‌کی به‌رچاوی بارودۆخه‌که‌یه‌ ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌رده‌وامبوونی نه‌رێتی فریودانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکییه‌ له‌لایه‌ن چینه‌ باڵاده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ که‌ هه‌ر ساته‌ به‌ ئامرازێک و هه‌ر رۆژه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک به‌ڵێن و په‌یمان له‌ چاوه‌ڕوانیی خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌ییدا رایان ده‌گرن . ئه‌مڕۆ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌نێو ئه‌م بازنه‌یه‌دا ببینرێت له‌لایه‌ک وه‌ک ئامرازێکی دووسه‌ره‌ بۆ گه‌یشتنی ره‌و‌ته‌ دواکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ ده‌سه‌ڵات و ،له‌لایه‌کیدیکه‌وه‌ بۆ فریودان و چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی بێبه‌ش له‌ هوشیاری و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆ .

1 ی شوباتی 2009

به‌ هانای ئێزیدییه‌کانه‌وه ‌بچن . . .
تیرۆریزمی به‌عس و ته‌کفیرییه‌کان ریسوا بکه‌ن . . . !

جارێکی تر ده‌ستی ره‌شی تاوان گه‌یشته‌وه‌ ئێزیدییه‌کان و له‌ کردارێکی دڕندانه‌ی تێرۆریستیانه‌دا شه‌نگال خه‌ڵتانی خوێنی رۆڵه‌کانی کرا .
رۆژی سێشه‌ممه‌ 14/8/2008 چوار ئۆتۆمبێلی خنراو به‌ سه‌دان کیلۆ تی ئێن تی له‌لایه‌ن بانده‌ ژیانکوژه‌کانی به‌عس و ته‌کفیرییه‌کانه‌وه‌ ، له‌ دوو ناوچه‌ی شه‌نگال : گرعوزێرو سیبا شیخ خدرێ ، ته‌قێنرایه‌وه‌و بووه‌ مایه‌ی کوشتن و بریندارکردنی زێتر له‌ پێنچ سه‌د هاووڵاتی ئێزیدی و رووخاندن و کاولکردنی ده‌یان ماڵی خه‌ڵکی ده‌ستکورت و هه‌ژاری ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ .
ئه‌م کاره‌ساته‌ ئه‌ڵقه‌یه‌کی دیکه‌ی زنجیره‌یه‌ک ده‌ستدرێژی بانده‌ به‌عسی و ته‌کفیرییه‌کانه‌ بۆ سه‌ر ئێزیدییه‌کان . هه‌ر دوێنێ بوو بیست وچوار کرێکاری ئێزیدی به‌ده‌ستی ئه‌م باندانه‌ تیرۆرکران . هه‌ر دوێنێ بوو دوو کرێکاری دیکه‌ی ئێزیدی له‌ که‌رکوک به‌رده‌باران کران و گیانیان کێشان . رۆژانه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنیان ده‌کرێت و ناچارکراون له‌ شاری موصل هه‌ڵبێن و لانه‌و شوێنی کاره‌کانیان به‌جێبهێڵن .
ئه‌م هێرشه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌کانه درێژه‌پێدانی سیاسه‌تی ره‌وتی به‌عسییه‌ فاشسته‌کان و ئیسلامی ته‌کفیریی دوژمن به‌ به‌شه‌رییه‌ته که‌ هیچ ئاین و ئاینزاو نه‌ته‌وه‌و تایه‌فه‌یه‌ک له‌ عیراقدا نه‌ماوه‌ جه‌زره‌به‌ی به‌ ده‌ستیان نه‌خواردبێ . ته‌قاندنه‌وه‌ی که‌نیسه‌و مزگه‌وت و حسه‌ینییه‌و په‌رستگاکان و کوشتن و راونانی مه‌سیحییه‌کان و صوببییه‌کان به‌رده‌وامه‌و هێشتا تاوانباران هه‌ر تینووی خوێنن .
به‌ڕاستی ئێزیدییه‌کان به‌ ئاشکراو به ‌به‌رنامه‌یه‌کی نه‌خشه‌ بۆ کێشراوی فاشستیانه‌و شۆڤێنیستانه‌، دووچاری پڕۆسه‌یه‌کی جینۆساید بوون و به‌ ته‌نها به‌ره‌و رووی گه‌له‌گورگی تیرۆر راوه‌ستاون .
چه‌ندباره‌ بوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ئێزیدییه‌کان به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات که‌ :
1 – ئه‌مریکا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و لافاوی خوێنه‌ی سه‌رانسه‌ری عێراقی گرتۆته‌وه‌ نه‌ک هه‌ر خه‌مسارده‌ به‌ڵکو ئاشی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیشی پێ ده‌چه‌رخێنێ .
2 – حکومه‌تی ناوه‌ندیی ده‌ستی له‌ ده‌ستی که‌روێشک کورتتره‌و ناتوانێت هاووڵاتییه‌کانی بپارێزێت و به‌مه‌ش مه‌رجێکی گرنگی فه‌رمانڕه‌وایی له‌ده‌ستداوه‌ . ئاخر حکومه‌تێک ته‌نها ناوچه‌ی که‌سکی له‌ به‌غداددا به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت و به‌بێ داگیرکه‌ران په‌نجه‌ به‌ ئاودا نه‌کات ، چۆن ده‌توانێت به‌هانای خه‌ڵکی سته‌مدیده‌و به‌شمه‌ینه‌ت و بێ دیفاعه‌وه‌ بچێت .
3 – بێ ده‌ربه‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و فه‌رامۆشکردنی ئێزدییه‌کان و به‌ته‌نگه‌وه‌نه‌هاتنی پاراستنیان ، به‌ر له‌ رووداوه‌که‌ ، له‌ ده‌ستدرێژی دوژمنانی کورد که‌ په‌یتا په‌یتا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنیان لێده‌کردن .
ئه‌مڕۆ شه‌ڕی تێرۆریستانی به‌عس و ته‌کفیرییه‌کان له‌لایه‌ک و تێرۆریستی ده‌وڵه‌تیی ئه‌مریکا له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ، بۆته‌ دۆزه‌خێک و بۆ سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق و بۆ هه‌موو تاکه‌که‌سێکی عێراق داخراوه‌و زوو یان دره‌نگ یه‌خه‌ی پێده‌گرێت .‌
ئه‌م شه‌ڕه‌ تایه‌فی و ئایینی و ئه‌تنییه‌ به‌شێکی ستڕاتیژیی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانێتی که‌ هه‌ر رۆژه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی لێ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ . ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ روو ده‌دات مایه‌ی رستێک پرسیاره‌و بۆ ئێمه‌ی خه‌ڵکی کوردستان زه‌نگێکی مه‌ترسیداره‌و نیشانه‌ی داهاتوویه‌کی تراژیدییه‌ که‌ چاوه‌ڕێمان ده‌کات .
دواخستنی مه‌سه‌له‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی کوردستان که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تیی ناوه‌ندیدان بۆ ژێر سایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و بێده‌نگیی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و له‌شکرکۆکردنه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێ بۆ به‌زاندنی سنووری کوردستان ، پیلان گێڕان دژی په‌که‌که‌ ، چاوپۆشیی ئه‌مریکاو نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ ده‌ستێوه‌ردانی حکومه‌تی تورکیا له‌ کاروباری ناوخۆی کوردستان و عێراق به‌تایبه‌تی که‌رکوک ، هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگانده‌و راگه‌یاندنی حزب و رێکخراوو لایه‌نه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ ته‌سکبیره‌کانی عه‌ره‌ب و تورکمان ، پتربوونی رێژه‌ی کاری تێرۆریستی دژی هاووڵاتیانی کورد له‌ موصل و به‌عقوبه‌و که‌رکوک ، هه‌ڵکشانی تێرۆر به‌ره‌ به‌ره له‌ ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ به‌ره‌و کوردستان . . . هتد ؛ ئه‌مانه‌ هه‌موویان نیشانه‌ی جه‌نگێکی چنراوو ئاماده‌کراوه‌ که‌ هه‌ر کاتێک نۆره‌ی هاته‌سه‌ر هه‌ڵیبگیرسێنن . شه‌ڕی له‌ناوبردنی ئێزیدییه‌کان ده‌ستپێکی ئه‌و دواڕۆژه‌یه‌و ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌ڵوێست وه‌ربگیرێت و رێگا چاره‌ی بۆ دابنرێت .
رۆشنبیران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان به‌ ئه‌زموونی خوێن و فرمێسکی ده‌یان ساڵه‌ی پێکه‌وه‌ژیانیان له‌گه‌ڵ گه‌لانی سه‌رده‌ستدا ( عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا ) ده‌مێکه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و راستییه‌ی که‌ ته‌نها رێگا چاره‌یه‌ک بۆ کێشه‌ی مافه‌کانی گه‌لی کوردو کۆتایی هێنان به‌ هه‌موو کوێره‌وه‌رییه‌کانی ، به‌دیهێنانی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسه ، ‌جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌ .
هه‌ر ئێستا ده‌توانرێت ئه‌م راستییه‌ بکرێته‌ به‌رنامه‌ی کاری حکومه‌ت و حزب و رێکخراوه‌کان له‌ کوردستانداو ، پشت به‌ دوو ملیۆن کورد که‌ ، له‌ راپرسییه‌که‌ی بۆ ده‌ستووری عێراق کرا ، ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دا ، بانگهێشتی رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بکه‌ن بۆ سه‌رپه‌رشتیی ریفراندۆمێک له‌ باشووری کوردستاندا تا خه‌ڵکی کوردستان رای خۆیان بده‌ن و وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌ که‌ ئایا ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ عێراقدا بژین یان ‌سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێت .
ده‌کرێت جارێکی تر له‌ شه‌نگاله‌وه‌ ، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ، له‌ گه‌رمیانی ئه‌نفالکراوه‌وه‌ ده‌نگی بانگه‌وازێک ، زه‌نگێکی به‌ئاگاهاتنه‌وه‌به‌ره‌و جیهان هه‌ڵده‌ین و گوتاری سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ینه‌وه‌ به‌ ستڕاتیژی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی کورد .

16 – 8 – 2008

شۆڕشی نیپال و به‌رنامه‌ی دواڕۆژ

له‌ نیپال پادشایه‌تی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ . پادشای نیپال که‌ له‌ روانگه‌ی باوی خه‌ڵکی نیپاله‌وه‌ ‌ نوێنه‌ری خواوه‌ندێکی هیندۆسی بوو به‌ناوی ” فیشنو ” ، داگیرایه‌ خواره‌وه‌و ده‌بێت له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا کۆشکی پادشایه‌تی ” نارایانهیتی ” به‌جێبهێڵێ و وه‌ک هه‌ر هاوڵاتییه‌کی نیپالی بژی . دراوی نیپالی و سروودی نیشتمانی سه‌رده‌می پادشایه‌تیش هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه . نیپال وه‌ک کۆمارێکی فیدراڵ راگه‌یه‌ندرا .
ئه‌م رووداوانه‌ سه‌ره‌نجامی سه‌رکه‌وتنی پارتی کۆمۆنیستی ماویستیی نیپال بوو که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجوومه‌نی دامه‌زراندندا جێوڕێیه‌کی به‌رچاوی له‌ په‌ڕله‌ماندا هێنا . به‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی پارتی کۆمۆنیست ، ئیمپریالیزمی جیهانی و ده‌وڵه‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ری نیپال تووشی شۆک بوون . بۆیه‌ چاوه‌ڕوانده‌کرێت کاردانه‌وه‌یه‌کی توندو زنجیره‌یه‌ک پیلانگێڕانیان دژی ئه‌م کۆماره‌ ساوایه‌ی بناری هیمالایا به‌ده‌سته‌وه‌ بێت .
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌دا ، ده‌بێت به‌رنامه‌ی شۆڕشی نیپال و سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ روون بێت و ، بۆ ته‌واوکردنی پڕۆسه‌ی گۆڕانکاریی به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراسیی نوێ و سۆسیالیستی ، هه‌نگاوی یه‌ک له‌سه‌ریه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ بنێت . ده‌بێت شۆڕشگێڕان پرنسیپه‌ مارکسییه‌کانیان سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌ت و شۆڕش له‌به‌رچاو بێت و هه‌وڵی پیاده‌کردنی له‌ بارودۆخی ئیمڕۆی نیپالدا بده‌ن ، چونکه‌ به‌بێ په‌یڕه‌وکردنی ئه‌و پرنسیپانه‌ ته‌نگژه‌ی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دێته‌ڕێیان و سه‌ره‌نجام شۆڕش شکستده‌خوات .
یه‌که‌م پرنسیپ دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش ، راگه‌یاندنی کۆماری دیموکراتی نوێیه ، به‌ڵام واقیع‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ شۆڕشگێڕانی نیپال له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێکی په‌ڕله‌مانیدا ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ درێژه‌ی پڕۆسه‌ی ئابڵووقه‌دانی شار له‌ لادێوه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا گرتبێت . واته‌ له‌ بری واقیعێکی شۆڕشگێڕ له‌ کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیدا واقیعێکی په‌ڕله‌مانی له‌ ئارادایه‌ ؛ هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ هۆکاری راگه‌یاندنی کۆمارێکی فیدرالی ، که‌ له‌ ناوه‌رۆکدا( ده‌سه‌ڵاتێکی بۆرژوازی ) یه‌ ، له‌ بری کۆمارێکی شوورایی یان کۆمارێکی دیموکراتیی میللی که‌ به‌رنامه‌ی شۆڕشی دیموکراتیی نوێ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت و به‌ره‌و سۆسیالیزم هه‌نگاوهه‌ڵگرێت . ئه‌م واقیعه‌ په‌ڕله‌مانییه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ هێزه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان دوا هه‌وڵ و ته‌قه‌للای خۆیان بۆ به‌کارهێنانی سیستمی په‌ڕله‌مانی به‌کاربهێنن تا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌ .
دووه‌م پرنسیپ له‌ هه‌ر شۆڕشێکدا وردوخاشکردنی له‌شکرو سیستمی ده‌واوینیی ده‌وڵه‌ته‌ تا له‌ شوێنه‌واریاندا له‌شکری گه‌ل و دامه‌زراوه‌ گه‌لییه‌کان ، پشت به‌ جه‌ماوه‌ری کرێکاران و جووتیاران و زه‌حمه‌تکێشانی دیکه ، جڵه‌وی کار به‌ده‌سته‌وه‌بگرن .
شۆڕش و ده‌وڵه‌ت هه‌میشه‌ سیمایه‌کی چینایه‌تییان هه‌یه‌و نابێت شۆڕشگێڕان له‌ ناله‌بارترین بارودۆخدا ئه‌وه‌یان له‌بیربچێت یان له‌ نێو پێداویستییه‌کانی سه‌وداو سه‌وداکاریی سیاسیدا پشتگوێیبخه‌ن . هه‌ر فه‌رامۆشکردنێکی ئه‌م پرنسیپه‌ مارکسییه‌ ، باجه‌که‌ی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ گران ده‌که‌وێت و چاره‌نووسی شۆڕش به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات .
شۆڕشگێڕانی نیپال به‌ سه‌رکردایه‌تی پارتی کۆمۆنیستی ماویستیی نیپال ئه‌رکیانه‌ ده‌موده‌ست به‌رنامه‌ی دواڕۆژ ، واته‌ به‌رنامه‌ی دیموکراتیی نوێ و سۆسیالیزم جێبه‌جێبکه‌ن و بوارێک بۆ دزه‌کردنی ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی ئیمپریالیزمی جیهانگیرو ده‌وڵه‌تی ریڤیژنیستی چین و ده‌وڵه‌تی کۆنه‌په‌رستی هیند نه‌هێڵنه‌وه‌و ، نیپال به‌ دواڕۆژێکی پرشنگدارو ئاسووده‌ بگه‌یه‌نن تا بۆ هه‌میشه‌ ئاڵای سۆسیالیزم له‌ لوتکه‌کانی هیمالایادا بشه‌کێته‌وه‌ .

4 ی حوزه‌یرانی 2008

کۆماری فیدرالیی نیپال راگه‌یه‌ندرا

ئاژانسه‌کانی ده‌نگوباسی جیهانیی هه‌واڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پادشایه‌تی و راگه‌یاندنی سیستمی کۆمارییان له‌ وڵاتی نیپال راگه‌یاند . ئه‌نجومه‌نی دامه‌زراندن له‌ نیپال له‌ دانیشتنی رۆژی 28 ی مایسی 2008 دا به‌ زۆربه‌ی ده‌نگ ئه‌م بڕیاره‌ی داو ، پادشای ئه‌و وڵاته‌ ( جیانیندرا ) ی ئاگادارکرد که‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا کۆشکی پادشایه‌تی به‌جێبهێڵێ . ئه‌م بڕیاره‌ دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دێت که‌ تیادا پارتی کۆمۆنیستی نیپال ( ماویست ) و هاوپه‌یمانه‌کانی زۆربه‌ی کورسییه‌کانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌یان به‌ده‌ستهێنا . به‌م بڕیاره‌ ، پارتی کۆمۆنیست له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی کاره‌کانیدا ، ئامانجێکی سه‌ره‌کیی خۆی که‌ رووخاندنی سیستمی پادشایه‌تی بوو ، به‌ده‌ستهێنا .
راگه‌یاندنی سیستمی کۆماری دواییهێنانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی پادشایه‌تیی ئایینیی هیندۆسی که‌ نزیکه‌ی 240 ساڵه‌ له‌ نیپالدا فه‌رمانڕه‌وایه‌ و ، تاجه‌گوڵینه‌ی خه‌باتێکی چه‌کداریی شۆڕشگێڕانه‌یه‌ که‌ ماوه‌ی دوازده‌ ساڵه‌ به‌ رابه‌ریی پارتی کۆمۆنیستیی ماویستیی نیپال دژی ده‌سه‌ڵاتی چینه‌ کۆمپرادۆرو موڵکداره‌ گه‌وره‌کانی نیپال به‌رپاکراوه‌ .
ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی پارتی کۆمۆنیست بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵیی حزب و رێکخراوو که‌سایه‌تی و سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌ پێشکه‌وتنخوازه‌کانی دژ به‌ ئیمپریالیزم و سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌ جیهاندا .
سه‌رکه‌وتنی گه‌لی شۆڕشگێڕی نیپال له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پادشایه‌تی و راگه‌یاندنی کۆماری نیپال وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌می بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراتی نوێ و خۆشکردنی زه‌مینه‌ی سۆسیالیزم ، بایه‌خێکی به‌رچاوی له‌ بارودۆخی ئیمڕۆی جیهانگیریی ئیمپریالیستیدا هه‌یه‌ . ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ به‌سه‌رکردایه‌تی پارتێکی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی به‌ده‌ستهاتووه‌ که‌ جه‌نگی گه‌لیی درێژخایانی له‌سه‌رده‌مێکدا به‌رپاکرد که‌ بلۆکی رۆژهه‌ڵاتی به‌ناو سۆسیالیزم هه‌ره‌سیهێنابوو ، هه‌روه‌ها چینی سۆسیالیستی به‌ چینی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی وه‌رچه‌رخابوو ، سیستمی سه‌رمایه‌داری و هه‌موو چینه‌ بۆرژوازییه‌ وابه‌سته‌کانی جیهان‌ ته‌پڵی ” کۆتاییهاتنی مێژوو ” یان ده‌کوتاو خۆشخه‌یاڵانه‌ بالۆره‌ی مه‌رگی کۆمۆنیزمیان لێده‌دا .
سه‌رکه‌وتنی پارتی کۆمۆنیستیی ماویستیی نیپال جارێکیتر مه‌سه‌له‌ی کۆمۆنیزمی به‌رده‌می جیهان خسته‌وه‌و ، بڕواو موتمانه‌و گیانی پشتبه‌خۆبه‌ستنی به‌ به‌ری بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی و رزگاریی نیشتمانیدا کرده‌وه‌ . گرنگیی سێ چه‌که‌ له‌شکاندننه‌هاتووه‌که‌ی ده‌ستی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی جیهانی ، واته‌ ( حزب ، له‌شکری گه‌ل ، به‌ره‌ی نیشتمانیی یه‌کگرتوو ) سه‌لمانده‌وه‌ . جارێکیدیکه‌ مه‌سه‌له‌ی رزگارکردنی وڵاتانی نیمچه‌ کۆلۆنی – نیمچه‌ ده‌ره‌به‌گی ، به‌ پیاده‌کردنی ستراتیژی ئابڵووقه‌دانی شاره‌کان له‌ڕێی دێهاته‌وه‌ ‌، زیندووکرده‌وه‌ ؛ ئه‌و ستراتیژه‌ی که‌ پارتی کۆمۆنیستی نیپال له‌ ده‌ دوازده‌ ساڵی رابردوودا په‌یڕه‌ویکرد ، هه‌ر له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی سوورو پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ ناوچه‌ رزگارکراوه‌کان و دابه‌شکردنی زه‌وی موڵکداره‌ گه‌وره‌کان به‌سه‌ر جووتیارانی هه‌ژارو دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کانی خوێندن و ته‌ندروستی ، تا ئازادیی ژنان و باشترکردنی باری بژێوی و گوزه‌رانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی نیپال .
ئه‌مڕۆ کۆماری فیدرالی نیپال له‌ سایه‌ی پارتی کۆمۆنیستی نیپال ( ماویست ) دا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سیستمی ئیمپریالیستیی جیهانگیردایه‌ . مه‌ترسیی ده‌وڵه‌تی ریڤیژنیستی چین و ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داریی کۆنه‌په‌رستی هیندیشی له‌سه‌ره‌ . مه‌ترسیی ئابڵووقه‌و فشاری سیاسی و ئابووری له‌ ئارادایه‌ . له‌نێو خۆشیدا رووبه‌ڕووی له‌شکری سه‌رده‌می پادشایه‌تی و پیلانی سیاسیی ( حزبی کۆنگره‌ ) ی پادشایه‌تیخوازو هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئایینپه‌رستانی هیندۆسیی ده‌بێته‌وه‌ . بۆیه‌ ده‌بێت حزبی کۆمۆنیست له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌دا هه‌نگاوه‌کانی گورجتربکاته‌وه‌و له‌به‌ر تیشکی پرنسیپه‌ مارکسییه‌کاندا کۆمه‌ڵێک بڕیاری شۆڕشگێڕانه‌ رابگه‌یه‌نێت تا ده‌سته‌به‌ری سه‌رکه‌وتنی ئێجگاره‌کی و پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان بکات و رێگه‌ له‌ شکست و تێشکان داخات .

3 ی حوزه‌یرانی 2008

هه‌ره‌سی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی – ئیسلامی
ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه‌ تا به‌ ئیمڕۆ ده‌گات، چه‌ند قۆناغێکی بڕیوه‌ . له‌م ره‌وته‌دا هه‌ر وڵاته‌ به‌پێی راده‌ی گه‌شه‌کردنی ، کاریگه‌رێتی ئه‌م ئایدیایه‌ی له‌سه‌ر بووه‌ .
سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌م بواره‌دا به‌ سه‌ده‌ی زێڕینی ئه‌م ئایدیایه‌ ده‌ژمێردرێت . سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر ( 1917 ) و شۆڕشی چین (1949 ) بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، به‌ ئاڕاسته‌ی به‌رهه‌ڵستیکردنی ئیمپریالیزم و چینه‌ وابه‌سته‌کانیدا برد .
بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ئایدیای رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی باڵێکی چالاکی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستییان پێکهێنا ، به‌ جۆرێک که‌ چه‌ند ده‌ ساڵێکی سه‌ده‌که‌ له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی ململانێ له‌ پێناوی جیهانێکی نوێدا ، رێنمایی بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌کانی گه‌لانی ده‌کرد .
ئه‌م رۆڵه‌ گرنگه‌ی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا هات . زۆر نووچدانی به‌خۆیه‌وه‌ دی ، به‌ تایبه‌تی پاشه‌کشه‌ی سۆڤیه‌ت له‌ سۆسیالیزم و زاڵبوونی ریڤیژنیزم له‌ ناوه‌ندی سه‌رکردایه‌تی حزب و ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌تدا و پاشان ره‌وتی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی و سیاسه‌تی سۆسیاڵ ئیمپریالیستی و؛ دواتریش سه‌رکه‌وتنی ریڤیژنیزم له‌ چین و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری ، وه‌رچه‌رخانێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی راستڕه‌وانه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌کاندا پیاده‌ کرد . ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ به‌ره‌و ئایدیا نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌رچاو ته‌نگه‌که‌ی به‌ر له‌شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ و ، ناوه‌رۆکی رزگاریخوازانه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان بزر کرد . ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا گۆڕانێکی ریشه‌یی به‌سه‌ردا هات و ، به‌ره‌و ئایدیای کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و چه‌مکه‌ فیکری و ره‌فتارییه‌کانی خێڵ گه‌ڕایه‌وه‌ . ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ به‌ راده‌یه‌که‌ که‌ ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک بازنه‌یه‌کی فراوانتری ئایدیای خێڵ ده‌خاته‌ روو .
ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی چینی بۆرژواو پیتی بۆرژوا شوناسی پێشکه‌وتنخوازانه‌ی کاتیی خۆی دۆڕاندو له‌ نێو ستڕاتیژی ئیمڕۆی ئیمپریالیزمی جیهانگیردا گیرسایه‌وه‌و ناکۆکییه‌کانی نێو‌ ریزی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌کانی قووڵتر کرده‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی بانگاشه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆوه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ ئاستی ململانێی خێڵه‌کی و ناوچه‌گه‌رێتی و حزبی و تایه‌فه‌گه‌ری و ئایینی و ئایینزایی و . . .هتد . ئیتر ئه‌مه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی سڕیوه‌ته‌وه‌ یان کردوویه‌تی به‌ به‌شێک له‌ ئایدیای خێڵ و حزب و ئایین و ئایینزاو تایه‌فه‌ . ئه‌م ئاوێته‌ بوونه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دڕندانه‌و توندو تیژی پێبه‌خشیوه‌و ، دیارده‌ی فراوانبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆو تیرۆریزمی لێکه‌وتۆته‌وه‌ .
ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌ی نێوان فه‌تح و حه‌ماس له‌ فه‌له‌ستین ، دوا نموونه‌ی ئه‌و به‌دوادا هاتنه‌وه‌یه‌یه‌ به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌کانی خێڵ له‌ ناوچه‌که‌دا .
ئه‌مڕۆ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، به‌ تایبه‌تی وڵاته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کان له‌ بارودۆخێکی ناهه‌مواری شه‌ڕی ناوخۆو ناکۆکی دوژمنکارانه‌دا ، رۆژانێکی سه‌خت و تاریک وخوێناوی به‌سه‌ر ده‌بات . ئه‌م بارودۆخه‌ له‌ سێ کوچکه‌ی ( عێراق – لوبنان – فه‌له‌ستین ) دا چڕبۆته‌وه‌ . بۆرژوا ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی له‌ جه‌نگی ده‌سه‌ڵاتخوازیدا خه‌ریکن یه‌کتری ده‌بڕێننه‌وه‌ . هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ک هه‌ر به‌ یه‌کیانه‌وه‌ گرێنادات به‌ڵکو هه‌موو پرنسیپه‌کانی له‌ نێو ئاگری ململانێ خوێناوییه‌کاندا له‌ناوچوون ، شتێک نه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و یه‌کگرتوویی نیشتمانی وه‌سفی بکه‌ین . ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی – ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌ما غه‌یره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌تا دێت دابه‌ش و دابه‌شتر ده‌بێت و زێتر چنگیان له‌ جه‌سته‌ی یه‌کتر گیرده‌بێت و خوێنی یه‌کتر ده‌خۆنه‌وه‌ .
جه‌نگی تایه‌فه‌گه‌ریی ئایینزایی سوننه‌و شیعه‌ له‌ عێراق و ، جه‌نگی حکومه‌تی لوبنان و چه‌کداره‌کانی ( فتح الاسلام )له‌ خێوه‌تگه‌ی ( نهر البارد ) و ، جه‌نگی فه‌تح و حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌و که‌ناری رۆژئاواو هه‌موو فه‌له‌ستیندا ، باشترین نموونه‌ی هه‌ره‌سی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی – ئیسلامیی عه‌ره‌به‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی سه‌ده‌ی بیست ویه‌که‌م و سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ئاگری جه‌نگه‌ ناوخۆییه‌ی ، بۆرژوا ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی عه‌ره‌بی داخستووه‌ ، بێ پێشینه‌ نییه‌ . ئه‌م بۆرژوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ،به‌و ئایدیا خێڵه‌کییه‌وه‌ ، هه‌میشه‌ ئه‌مه‌ پیشه‌ی بووه‌ و ده‌یان ساڵه‌ له‌ زنجیره‌یه‌کی بێکۆتاییدا له‌سه‌ری به‌رده‌وامه‌ .ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئارادایه‌ ، درێژه‌دانه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ی که‌ ناسنامه‌ی ئه‌م چینه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ پێکده‌هێنێت .
ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی شۆڤێنیستیی عه‌ره‌بی – ئیسلامی به‌رده‌وامه‌و هه‌ر جاره‌ له‌ قاڵبێکدا خۆی ده‌نوێنێ ، هه‌ر له‌ عروبه‌که‌ی عبدالناصره‌وه‌ تا ( امة عربیة واحدة ) که‌ی به‌عس و ، هه‌ر له‌ ئایدیای محمد بن عبدالوهاب – ی دامه‌زرێنه‌ری رێبازی وه‌هابی و تێزه‌کانی ( حسن البنا و سید قطب ) ه‌وه‌ تا په‌یامی قاعیده‌و طالیبان .
• له‌ سایه‌ی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی شۆڤێنیستیی عه‌ره‌بیدا زێتر له‌ هه‌شتا ساڵ جه‌نگی له‌ناوبردنی کورد و ، سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ، هه‌وڵدان بۆ تواندنه‌وه‌ی و ،دواجار جینۆسایدکردنی ، په‌یڕه‌و کرا.
• له‌ سایه‌ی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی – ئیسلامییه‌وه‌ ، لوبنان زێتر له‌ په‌نجا ساڵه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆیی تایه‌فه‌گه‌ری و ئایینی ده‌ژی و ئارامیی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌ .
• له‌ سایه‌ی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بدا ، هه‌شت ساڵ جه‌نگێکی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی خوێناوی دژی ئێران (فورسی مه‌جوس! ) به‌ پاڵپشتی ده‌وڵه‌ته‌ ئیمپریالیستییه‌کان وده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌رست و شۆڤێنی عه‌ره‌ب به‌ڕێوه‌ چوو .
• له‌ سایه‌ی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی – ئیسلامییه‌وه ، ‌حکومه‌تی یه‌مه‌نی باکوور بۆ سه‌ر باشوور هێرشی بردو ، ده‌وڵه‌ته‌ شه‌رعییه‌که‌ی خست و ، عه‌ده‌نی پایته‌ختی باشووری وێران کردو ، هه‌تا ئیمڕۆش داگیرکردنی – به‌ ناوی یه‌کگرتنه‌وه‌ – به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌ .
• له‌ سایه‌ی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بدا ، حکومه‌تی به‌عس ( کویت ) ی داگیرو وێران کرد ، به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ند جه‌نگی دیکه‌ی هێنایه‌ ناوچه‌که‌وه‌ و ، سه‌ره‌نجامیشی ‌ داگیرکردنی عێراق و جه‌نگی تایه‌فه‌گه‌ریی سوننه‌و شیعه‌ بوو .
ئه‌مانه‌ مشتێکن له‌ خه‌روارێک تاوانی ئایدیای شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی – ئیسلامی و ، پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌کرێ ، به‌م زووانه‌ کۆتایی نه‌یه‌ت وئاگره‌که‌ی خۆشتر بکرێت چ له‌ مه‌ڵبه‌نده‌کانی ئێستایدا یان بۆ وڵاتانی دیکه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا بگوێزرێته‌وه‌ .
خه‌باتکردن دژی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یی شۆڤێنیستی له‌ هه‌ر شێوه‌و ، به‌ هه‌ر ناوێکه‌وه‌و ، له‌ هه‌ر کوێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا بێت ، مه‌رجێکی گێڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایشه‌ بۆ جیهان و ، ده‌سته‌به‌ری په‌کخستنی پیلانه‌کانی ئیمپریالیزمی جیهانییه‌ ، پیلانی سه‌پاندنی پڕۆژه‌ی جیهانگیری و په‌ره‌پێدانی ئیمپراتۆرییه‌تی سه‌رمایه‌داریی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا . هه‌روه‌ها پێشمه‌رج وکرۆکی خه‌باتێکی نوێی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی جیهانییه‌ به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌شه‌ری که‌ تیادا چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ بنبڕ بکرێت .

هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ حزب و تێکۆشانی حزبی له‌ باشووری کوردستاندا

( چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌ی “رۆژنامه‌” له‌گه‌ڵ فوئاد قه‌ره‌داغیدا )

رۆژنامه‌ : بیرۆکه‌ی نوێکردنه‌وه‌ی پارادایسی سیاسی و پێکهاته‌ی رێکخراوه‌یی حزبی کوردی سه‌رچاوه‌ی له‌ چیدایه‌ ، زاڵبوونی گوتاری دیموکراسیی له‌ جیهان و ناوچه‌که‌داو وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ داخوازییه‌ سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی له‌ پێکهاتنی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌دا چه‌نده‌ کاریگه‌ر بوون ؟
قه‌ره‌داغی : ئه‌گه‌رچی گۆڕانکارییه‌کی به‌رچاو له‌ کایه‌ی سیاسه‌تدا ، بۆ زێتر له‌ ده‌ ساڵێک ده‌بێت سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ، ئاسته‌کانی جیهانی و ناوچه‌یی و ناوخۆی گرتووه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام پێبه‌پێی ئه‌وه‌ حزب ، وه‌ک یه‌کێک له‌ ئامرازه‌ گرنگه‌کانی ئیداره‌ی ململانێ سیاسییه‌کان گۆڕانکارییه‌کی بونیادیی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ . سه‌رباری ئه‌وه‌ی بانگاشه‌ی گۆڕانکاریی و نوێبوونه‌وه‌و ریفۆرم به‌ فراوانی ده‌کرێت و ، له‌م پێگه‌یه‌وه‌ هه‌ر رۆژه‌ حزبێک یان رێکخراوێکی سیاسیی نوێ خۆی ئاشکرا ده‌کات و به‌رنامه‌یه‌ک راده‌گه‌یه‌نێ ، که‌چی هێشتا میراتی رابردووی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کاری رێکخراوه‌یی حزبی له‌شوێنی خۆیدایه‌تی و پێشڕه‌وییه‌ک له‌و رووه‌وه‌ له‌کایه‌دا نییه‌ . له‌ کوردستاندا نموونه‌ی ئه‌م راستییه‌ به‌به‌رچاوه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستا ، له‌بری یه‌ک دوو حزبی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی که‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کارو چالاکیی سیاسییان له‌ باشووری کوردستاندا ئاڕاسته‌ ده‌کرد ، به‌ ده‌یان حزب و رێکخراوی دیکه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدانه‌وه‌ ، هه‌ر هه‌مووشیان خۆیان به‌ خاوه‌نی په‌یامی نوێ و به‌رنامه‌ی نوێ و کاری رێکخراوه‌یی نوێ ده‌زانن ؛ که‌واته‌ مه‌سه‌له‌که‌ له‌ ئاستی بیرۆکه‌دا نییه‌ ، به‌ڵکو به‌ کرده‌وه‌ رۆژانه‌ حزب و رێکخراو و روخساری ” نوێ ” سه‌رهه‌ڵده‌دات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ بینای کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا به‌ردێک سه‌ر به‌ردێک بخه‌ن . ئه‌م حاڵه‌ته‌ یه‌کبینه‌یی له‌ دامه‌زراندن و پێکهێنانی حزبدا دروستکردووه‌ . پێکهاتنی حزب و جۆری کاری رێکخراوه‌یی و شێوازی خستنه‌ڕووی ئامانج و رێگاکانی هه‌ڵسووڕانی سیاسی نه‌ک هه‌ر جوونه‌وه‌ی تێدایه‌ ، به‌ڵکو به‌زاندنی پرنسیپ و رێسا رێکخراوه‌ییه‌کانی رێکخستنی حزبی به‌ ئاڕاسته‌یه‌کی لیبرالیدا به‌به‌رچاوه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ دواشیکردنه‌وه‌و پێشبینیدا بۆ ژیانی حزبی ، نائومێدی ده‌خاته‌وه‌ ، چونکه‌ مۆرکی دواکه‌وتوویی پێوه‌یه‌و ئه‌قڵییه‌تی خێڵه‌کی ده‌ستی باڵای له‌و پێکهاته‌ رێکخراوه‌ییانه‌دا هه‌یه‌ .
کاتێک ئه‌قڵییه‌تی خێڵ و نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگای باوکسالاریی له‌ پێکهێنانی حزبدا ، وه‌ک ئامرازی سیاسی ، رۆڵێکی به‌رچاو بگێڕێت ، نه‌ ” گوتاری دیموکراسی له‌ جیهان و ناوچه‌که‌دا ” و نه‌ ” داخوازییه‌ سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی ” کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێیده‌گوترێت ” نوێبوونه‌وه‌ ” دانانێت ؛ به‌ واتایه‌کی دیکه‌ : خۆهه‌ڵواسین به‌ مۆدێلی دیموکراسیی باو له‌ جیهاندا ، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستێکی دیماگوگی و چه‌واشه‌کاریشی له‌دواوه‌ نه‌بێت ، لانی که‌م لاساییکردنه‌وه‌یه‌که‌ له‌ واقیعدا زه‌مینه‌ی سه‌رکه‌وتنی نییه‌ .
کاتێک ” گوتاری دیموکراتی ” ده‌کرێته‌ ئامانج و رێبازی رێکخستنێکی سیاسی ، ده‌بێت له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا ره‌نگبداته‌وه‌ ، هه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رکردایه‌تی رێکخراوو‌ هه‌ڵبژاردنی ئۆرگانه‌کان و زامنکردنی سه‌ربه‌خۆیی رێکخراوه‌که‌و دینامیزمی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوخۆوه‌ ، تا ده‌گاته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی دیموکراتی و پراکتیکی پرنسیپه‌ دیموکراتییه‌کان و په‌روه‌رده‌کردنی دیموکراتییانه‌ی ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری رێکخراو . ئه‌مانه‌ مه‌رج گه‌لێکن ناسنامه‌ی پێکهاته‌ حزبییه‌کان دیاریده‌که‌ن ، که‌ له‌ بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئیمڕۆی کوردستاندا وجوودی نییه‌و ، ئه‌وه‌ی به‌به‌رچاوه‌وه‌یه‌ شێواندن یان پێچه‌وانه‌کانی ئه‌و پرنسیپانه‌یه‌ ؛ زێتر پێکهاتن یان دامه‌زراندنی رێکخستنه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵات و دابه‌شکردنی داهات و خۆپاراستن و به‌رجه‌سته‌کردنی نه‌ریته‌ دواکه‌وتووه‌کانی خێڵه‌ . هه‌ر له‌م باری سه‌رنجه‌وه‌ ده‌توانین هۆکاری په‌یدابوونی دوو جه‌مسه‌ری لایه‌نداریی حزبی له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا شیبکه‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌ر کۆمه‌ڵه‌ حزبێک به‌پێی شوێنی بوونیان له‌ ده‌وری حزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و شوێنه‌ خڕده‌بوونه‌وه‌و به‌شداریی شه‌ڕی ناوخۆیان ده‌کردو ده‌بوونه‌ لایه‌نێک له‌ ململانێکانی نێوان هه‌ردوو لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان .
کۆمه‌ڵگای کورد له‌ باشووری کوردستاندا خاوه‌ن داخوازیی سیاسی – ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ . ئه‌م داخوازییانه‌ پێشینه‌یه‌کیان هه‌یه‌و ره‌گیان له‌ مێژووی سه‌د ساڵی رابردووی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورددا داکوتاوه‌ . هه‌لومه‌رجی دوای جه‌نگی یه‌که‌می که‌نداوو ، هه‌لومه‌رجی تایبه‌تیتری دوای رووخانی رژێمی به‌عس ، ئاستی داخوازییه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی به‌ پله‌یه‌کی نوێ گه‌یاندووه‌و ، روونتر له‌ جاران ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی نیشتمانی – دیموکراتی کردۆته‌ ئه‌رکی هه‌ر حزب و رێکخراوێک که‌ کوردستان به‌ مه‌یدانی کاری خۆی دیاری بکات . گرنگترینی ئه‌و ئه‌رکانه‌ به‌ده‌ستهێنانی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسه‌ که‌ گه‌لی کورد له‌ڕێی راپرسی و ده‌نگدانێکی گشتییه‌وه‌ چاره‌نووسی خۆی له‌ باشووری کوردستاندا دیاری بکات . مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان هێڵێکه‌ له‌ نێوان دوو ماوه‌ی مێژوویی جیاواز له‌ بزووتنه‌وه‌که‌دا که‌ ناکرێت هیچ حزب و رێکخراوێکی سیاسی له‌ ئاستیدا نابینابێت . ئه‌وه‌ داخوازییه‌کی سیاسیی سه‌ره‌کییه‌ که‌ نوێبوونه‌وه‌ی کاری سیاسی و شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی پێکهاته‌ی رێکخراوه‌یی و به‌رنامه‌و شێوازی خه‌باتی حزبی ده‌خوازێت . به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ناتوانرێت مۆرکی نوێبوونه‌وه‌ له‌ هیچ حزبێک بدرێت .
گه‌لی سته‌مدیده‌ی کوردو کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌ هه‌لومه‌رجی جیهانی و ناوچه‌یی و ناوخۆیی ئیمڕۆدا به‌رامبه‌ر ململانێیه‌کی سه‌خت بوونه‌‌ته‌وه‌ . ئه‌م به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یه‌ به‌رنامه‌ی نوێ و کاری نوێ و رێکخستنی نوێ و شێوازی تێکۆشانی نوێ ده‌خوازێ که‌ هیچ یه‌کێک له‌م مه‌رجانه‌ ( به‌گشتی ) له‌ حزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی ئیمڕۆی کوردستاندا نییه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ حزب و رێکخراوه‌کان له‌ باشووری کوردستاندا مه‌حکوومن به‌ دوو سه‌ره‌نجام : یه‌که‌میان پیاده‌کردنی سیاسه‌تێکی نوێیه له‌ داڕشتنی به‌رنامه‌ی به‌دیهێنانی ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی دیموکراتیی نیشتمانی و پاشان سۆسیالیزم و کۆمه‌ڵگای خۆشگوزه‌رانیی بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان و ، به‌و پێیه‌ش په‌یڕه‌وکردنی شێوازی جۆراوجۆری خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کانی هه‌ردوو قۆناغه‌که‌ . دوومیشیان ، به‌رده‌وامبوونه‌ له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌ته‌ تاکتیکی و رۆتینی و ململانێ بێ پرنسیپه‌کانی ئیمڕۆ که‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی داهاتوودا به‌ کزبوونی ده‌ورو ، دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ داخوازییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی کوردو ، بێزاریی و نه‌فره‌تی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری جه‌ماوه‌رو ، دوائاکامیش نه‌مان و ده‌رچوونیان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا ده‌شکێته‌وه‌ .‌
پرسیار : بابه‌تی نوێکردنه‌وه‌ی حزب زۆر جار له‌لایه‌ن حزبه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ به‌ ناوی ریفۆرم و خۆساغکردنه‌وه‌و ده‌ستپێکردنی قۆناغی نوێوه‌ دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام تا ئێستا هیچ نموونه‌یه‌کی ئۆبژه‌کتیڤ ( عه‌ینی ) ده‌رنه‌که‌وتووه‌و هیچ مۆدێلێکی نوێی حزبایه‌تیش که‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیاوازی له‌ مۆدێله‌کانی پێشوو هه‌بێت نه‌هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ، هۆکاری ئه‌مه‌ بۆ چی ده‌گێڕنه‌وه‌و پێتانوایه‌ له‌ ئێستادا چ مۆدێلێک له‌ حزب وه‌ڵامی داخوازییه‌ سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی ده‌داته‌وه‌ ؟
قه‌ره‌داغی : راسته‌ ، هه‌روه‌کو له‌ وه‌ڵامی یه‌که‌م پرسیاریشدا روونمکرده‌وه‌ ، ” که‌ ” هیچ مۆدێلێکی نوێی حزبایه‌تیش که‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیاوازی له‌ مۆدێله‌کانی پێشوو هه‌بێت نه‌هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ” و ژیانی حزبایه‌تی له‌ باشووری کوردستاندا له‌نێو گێژه‌نێکدا لوولده‌خوات و به‌رده‌وام خۆی دووباره‌ده‌کاته‌وه‌ . ئه‌وه‌ بازنه‌یه‌که‌ حزبی کوردی ، کۆن و نوێیان به‌ گشتی ، به‌ده‌وریدا ده‌خولێنه‌وه‌و ، له‌هه‌ر چه‌ند ده‌ ساڵێکدا بۆ جارێکی دیکه‌ دێنه‌وه‌ هه‌مان خاڵ و کێشه‌که‌ بێ چاره‌سه‌رکردن ده‌مێنێته‌وه‌ . مێژووی نزیک به‌ سه‌د ساڵی رابردوو له‌ باشووری کوردستاندا به‌ڵگه‌ی ئه‌م خاڵه‌ سه‌لبییه‌یه‌ له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی کورددا .
له‌ڕاستیدا زانینی هۆکاره‌کانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ پێویستیی به‌ توێژینه‌وه‌ی جیاجیا‌ له‌ بواره‌کانی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و حزبیدا هه‌یه‌ ، تا هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان زانستی بن و سه‌رپێیانه‌ بڕیار نه‌درێت . بۆیه‌ لێره‌دا به‌ کورتی بۆچوونێکی شه‌خسی به‌یانده‌که‌م که‌ ده‌کرێت وه‌ک خاڵێکی گریمان ( فرضیة ) له‌هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌کدا له‌م باره‌یه‌وه‌ بکرێت ، به‌کاربهێنرێت .
به‌بڕوای من یه‌که‌م هۆکارێک له‌ خودی ( ریفۆرم ) وه‌ک ئامانج و پڕۆسه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات . خاڵی قه‌تیسبوونی هه‌وڵه‌کانی ” نوێبوونه‌وه‌ ” له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ ( ریفۆرم ) واتای ( گۆڕانکاریی ) پێده‌به‌خشرێت یان ده‌خرێته‌ شوێنی ( گۆڕانکاریی ) .
ریفۆرم یان چاکسازیی هه‌میشه‌ گۆڕینێکه‌ له‌ سه‌روسیماو شێوه‌ی دیارده‌کانداو ، پتر لایه‌نی ( شێوه‌ ) ده‌گرێته‌وه‌ نه‌ک ( ناوه‌رۆک ) . ریفۆرم یه‌کێتیی لێکدانه‌بڕاوی شێوه‌و ناوه‌رۆک نابینێت یان فه‌رامۆشی ده‌کات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ست بۆ لایه‌نێک ده‌بات و سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ش لاسه‌نگیی دروست ده‌بێت . ریفۆرم کردارێکه‌ له‌نێوخۆی سیستمێکی دیاریکراودا . له‌ڕێی چه‌ند پینه‌وپه‌ڕۆیه‌که‌وه‌ سیستمه‌که‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ . بۆ نموونه‌ : کاتێک له‌سه‌ر ریفۆرمی حزبی ده‌دوێین ، پڕۆسه‌که‌ له‌ گۆڕینی هه‌ندێ رێساو چه‌ند خاڵێکی سه‌لبی له‌ملاو ئه‌ولای هه‌مان سیستم تێناپه‌ڕێت . هه‌مان سیستم و هه‌مان قوتابخانه‌و هه‌مان ئامانج ده‌مێننه‌وه‌و ، چاکسازیی هه‌ندێ لایه‌نی لاوه‌کی ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌دوائه‌نجامدا یان گۆڕینێکی شکڵییانه‌ له‌ هه‌ندێ بواردا ده‌کات یان تووشی بنبه‌ست ده‌بێت و پاشه‌وپاش بۆ خاڵی سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ که‌ له‌ باشووری کوردستاندا مایه‌ی به‌رده‌وامیی قاڵبه‌ حزبییه‌ کلاسیکییه‌کان بووه‌و له‌ مێژه‌ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له‌م کایه‌یه‌دا نوێبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ ، له‌ ئێستاشه‌وه‌ بۆ داهاتوو ،
نه‌ک هه‌ر له‌ بواری کاری حزبیدا به‌ڵکو له‌ چه‌ندین بواری دیکه‌شدا به‌ شێوازی ریفۆرم گۆڕانکاریی پێویست ، که‌ به‌ راستی بشێت ناوی نوێبوونه‌وه‌ی لێبنرێت ، ناکرێت .
دووم هۆکاری ، که‌ دیسان په‌یوه‌ندی به‌ ئامانج و پڕۆسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ ، چۆنیه‌تی تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌کردنه‌ له‌گه‌ڵ چه‌مکی تیۆری و پراکتیکیی ( قۆناغ ) دا . چۆن له‌ قۆناغ ده‌گه‌ین ؟ چ شێوازێک بۆ هه‌ر قۆناغێک هه‌ڵده‌بژێرین ؟ ئایا ئه‌مه‌ کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر چۆنایه‌تی و شێوازو ئاڕاسته‌کردنی پڕۆسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟
قۆناغ ، له‌ فیکری باوی سیاسیی ئیمڕۆدا ، وه‌رچه‌رخاندنه‌ له‌ بارێکی سیاسییه‌وه‌ بۆ بارێکیتر . کاتێک رووداوێکی به‌رچاو ( بۆ نموونه‌ رووخانی رژێمێک یان روودانی جه‌نگێک ) دێته‌ پێشه‌وه‌ ، کاردانه‌وه‌یه‌کی گونجاو ده‌خوازێت که‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی په‌یوه‌ند به‌و رووداوه‌وه‌ بێت . ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ سیاسییه‌ وه‌ک ” قۆناغ ‘ ته‌عبیری لێده‌کرێت ، که‌ له‌ راستیدا ده‌ربڕینێکی ئیجرائییه‌ بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌و ، زانستییانه‌ نییه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوه‌رۆکی نوێبوونه‌وه‌و ماهییه‌تی بارودۆخه‌که‌دا ناڕۆشنی ده‌خاته‌وه‌ . حزب و رێکخراوێک له‌به‌ر تیشکی ئه‌و دیارده‌یه‌ یان ئه‌و رووداوانه‌دا بێنه‌کایه‌وه‌ ، ره‌نگه‌ بتوانن بۆ مه‌ودایه‌کی دیاریکراو رێبکه‌ن ، به‌ڵام چونکه‌ له‌ بازنه‌ی قۆناغێکدا کارده‌که‌ن که‌ گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ ، یان لانی که‌م به‌پێی بارودۆخه‌ واقیعییه‌که‌ش ده‌ستکاریی به‌رنامه‌و ئامانجی تێدا نه‌کراوه‌ ، زوو یان دره‌نگ به‌ بنبه‌ست ده‌گه‌ن و ، ئه‌گه‌ر وه‌ک په‌یکه‌ری رێکخراوه‌ییش بمێننه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ نه‌فیده‌بنه‌وه‌ .
( قۆناغ ) په‌یوه‌ندی به‌ پێکهاته‌ی ئابووری – سیاسی – کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌ . شێوه‌ی ئاسایی گوێزانه‌وه‌ له‌ قۆناغێکه‌وه‌ بۆ قۆناغێکی دیکه‌ ، گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ، واته‌ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی چینێکه‌ له‌ چینه‌کانی کۆمه‌ڵ ‌ به‌ هۆی ئامرازه‌ چینایه‌تییه‌کانیه‌وه‌ ، که‌ یه‌کێک له‌وانه‌ حزبه‌ .
له‌به‌ر تیشکی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌دا حزب و رێکخراوه‌ی نوێ ، ئه‌وانه‌ن که‌ به‌رنامه‌ی گۆڕانکاریی یان شۆڕشیان پێیه‌ .
له‌ هه‌لومه‌رجی ئیمڕۆی جیهاندا ململانێیه‌کی ئابووری و سیاسی به‌رچاو له‌ ئارادایه‌ . کۆتاییهاتنی جه‌نگی ساردو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت و بلۆکی رۆژهه‌ڵاتی به‌ناو سۆسیالیست ، نه‌یانتوانی ئه‌و ململانێیه‌ خامۆش بکه‌ن و ” کۆتایی مێژوو ” ی پێبێت . ئیمڕۆ جه‌مسه‌ربه‌ندیی ئابووریی سیستمی سه‌رمایه‌داری و هێزه‌ رێکخراوه‌که‌ی که‌ له‌ سه‌ندووقی پوولی نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا خۆیده‌نوێنێ ، هه‌رچی زێتر که‌لێنی نێوان باکوورو باشووری جیهانی فراوانترکردۆته‌وه‌و ، له‌ به‌رامبه‌ر چه‌ند ده‌وڵه‌تێکی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی و پوولدا جیهانێکی به‌رین راستبووه‌ته‌وه‌ . واقیعی هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داریی جیهانگیر به‌سه‌ر جیهانه‌وه‌ ، بزووتنه‌وه‌یه‌کی دژه‌ جیهانگیریی جیهانی هێناوه‌ته‌کایه‌وه‌ که‌ ساڵی 1999 له‌ ( سیاتڵ ) ه‌وه‌ ده‌ستیپێکردووه‌و رۆژ له‌دوای رۆژ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ . شانبه‌شانی ئه‌وه‌ش ، پاش شۆکی هه‌ره‌سی شۆره‌وی و وڵاته‌ به‌ناو سۆسیالیسته‌کان و وه‌رچه‌رخانی ( چین ) به‌ره‌و په‌یڕه‌وکردنی رێگای سه‌رمایه‌داری ، بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ، که‌ بۆرژوازییه‌تی جیهانی خۆشی خۆشی له‌ناوچوون و چاوه‌ڕوانی مه‌رگی بوون ، جارێکی دیکه‌ ، به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی جیهانی سه‌رمایه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ .
ئیمڕۆ له‌ جیهاندا بزووتنه‌وه‌یه‌کی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی دوای ده‌ تا پازده‌ ساڵێک ته‌نگژه‌و په‌رته‌وازه‌بوون ، له‌ قۆناغی به‌خۆداچوونه‌وه‌و پێکهاتنه‌وه‌و خۆڕێکخستنه‌وه‌دایه‌ . به‌ سه‌دان حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی نوێ له‌ جیهاندا رۆژانه‌ دژی سه‌رمایه‌داری و جیهانگیریی سه‌رمایه‌ دێنه‌وه‌ مه‌یدانی تێکۆشان ؛ شانبه‌شانی ئه‌وه‌ش هه‌ستی نیشتمانی بۆ جارێکی دیکه‌ ده‌بووژێته‌وه‌و ، هه‌ر ئێستا له‌ وڵاتانی ئه‌مریکای لاتین ململانێی مه‌رگ و ژیان ده‌کات و ، راسته‌وخۆ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی مۆنۆپۆله‌ جیهانییه‌کان و ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریکا له‌ کاروباری ناوخۆیان بوونه‌ته‌وه‌ .
ئه‌م سێ ته‌وژمه‌ سه‌ره‌کییه‌ ، واته‌ ( بزووتنه‌وه‌ی دژه‌ جیهانگیریی ، بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ، بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی ) و بزووتنه‌وه‌ لاوه‌کییه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک ( بزووتنه‌وه‌ی ئایینداری ، بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری ، بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزه‌کان و پاراستنی ژینگه‌ … هتد ) به‌ره‌و نه‌خشاندنی روخسارێکی نوێی جیهان ده‌چێت که‌ نوێبوونه‌وه‌و مۆدێلی نوێی حزبیی پێیانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ . ئه‌و حزبه‌ی له‌م بزووتنه‌وه‌ جیهانیانه‌دا جێی خۆی ده‌گرێت و ئه‌ندامانی خۆی بۆ ئه‌و ململانێیه‌ له‌ ئاستی جیهانی و ناوخۆدا په‌روه‌رده‌و ئاماده‌ ده‌کات ، ده‌بێته‌ خاوه‌نی گوتاری نوێ و ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ ده‌یان حزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رێڕه‌وه‌دا سه‌رهه‌ڵبده‌ن ، دوائاکام رۆڵ و کاریگه‌رێتییان به‌سه‌ر ره‌وت و ئاینده‌ی جیهاندا نابێت .
بارودۆخی ئیمڕۆی کوردستان و ، هه‌لومه‌رجێک که‌ ده‌گوزه‌رێ و ، ئه‌و وه‌رچه‌رخاندنه‌ مه‌ترسیداره‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردو بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌و ته‌نانه‌ت رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش به‌ره‌و راست و دابڕان له‌و سێ ته‌وژمه‌ سه‌ره‌کییه‌ نوێیه‌ی جیهان که‌له‌ ده‌وری گه‌شه‌کردندایه‌ ؛ هۆکارێکی گرنگی داڕووخان و هه‌ره‌سی کاری حزبایه‌تی و نائومێدی به‌رامبه‌ر حزب و ، خۆخواردنه‌وه‌و خۆجوونه‌وه‌ی ژیانی حزبییه‌و ، مایه‌ی سه‌رنه‌که‌وتنی پڕۆژه‌کانی ریفۆرم و مایه‌پووچبوونی هه‌ر رێکخراوێکی حزبییه‌ که‌ ئیراده‌گه‌رییانه‌ لێره‌و له‌وێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن .
له‌به‌ر تیشکی ئه‌م بیرو بۆچوونانه‌داو ، تایبه‌ت به‌ باشووری کوردستان ، ده‌توانین بڵێین : ئه‌و حزب و رێکخراوانه‌ی سیفه‌تی نوێ هه‌ڵده‌گرن یان له‌ ژیانی حزبایه‌تیدا مۆدێلی نوێ ده‌بن ، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێت به‌شێک له‌ ته‌وژمه‌ جیهانییه‌ روو له‌ گه‌شه‌کردنه‌که‌ بن ، ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌کی سیاسیی نوێشیان پێبێت که‌ پشت به‌ به‌رنامه‌یه‌کی ئابووریی نوێ ببه‌ستێت و گۆڕانکاریی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رئه‌نجامی بێت . به‌ مانا ده‌توانرێت لایه‌نێکی دیکه‌ی ناسنامه‌ی حزبی نوێی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد به‌وه‌ ده‌ستنیشان بکرێت که‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ ( گوتاریی سیاسیی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ) ی پێبێت ، که‌ ئه‌مه‌ ئه‌رکی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ ، له‌ڕووی ئابوورییه‌وه ( گوتاریی خاوه‌ندارێتیی گشتی ) ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌سه‌ر هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و هه‌ردوو کرداری به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی داهاته‌وه‌ هه‌بێت. له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ به‌رنامه‌ی ( گۆڕانکاریی ریشه‌یی )‌ هه‌بێت له‌ ژیانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشاندا ، به‌ تایبه‌تی گۆڕانکارییه‌کی بنچینه‌یی له‌ ژیانی لاوان و ژنان و منداڵاندا بکات که‌ روخساری مرۆڤانه‌یان بۆ بگێڕێته‌وه‌و له‌و نامۆبوونه‌ رزگاریان بکات که‌ سه‌رتاپای ژیانیانی گرتۆته‌وه‌ .
پرسیار : به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ حزبی کوردی له‌ژێر کاریگه‌ریی رووداوه‌کانی دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانیداو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر مۆدێلی مارکسی – لینینی دامه‌زراوه‌و چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ ئه‌و مۆدێله‌ پێڕه‌و ده‌کات ، ئایا به‌ ئاسانی ده‌توانێت هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه‌و قه‌واره‌و پێکهاته‌یه‌کی دیکه‌ دابڕێژێت ، گه‌ر وایه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت به‌ چ ئاقارێکدا بڕوات و چ رێوشوێنێک بگرێته‌به‌ر ؟
قه‌ره‌داغی : به‌ بیروبۆچوونی من ، ئه‌وه‌نده‌ی کاری حزبیم کردبێت یان مێژووی حزبایه‌تیم له‌ کوردستاندا خوێندبێته‌وه‌ ، نه‌ پێش دووه‌م جه‌نگی جیهانی و نه‌ دوای ئه‌و جه‌نگه‌ش و هه‌تا ئێستاش ، حزبی کوردی له‌سه‌ر ” مۆدێل ” ی ( مارکسی – لێنینی ) دانه‌مه‌زراوه‌ . راسته‌ زۆربه‌ی ئه‌و حزبانه‌ی دامه‌زراون هه‌وڵیانداوه‌ به‌رنامه‌یه‌کی مارکسی لێنینیان هه‌بێت و پرنسیپه‌کانی رێکخستنێکی لێنینی له‌ به‌رنامه‌و پێڕه‌وه‌که‌یاندا دابڕێژن ، به‌ڵام له‌ پراکتیکدا نه‌یانتوانیوه‌ پابه‌ندی ئه‌و پرنسیپانه‌ بن . دیاره‌ له‌ نێوان ئه‌و حزبانه‌شدا ، له‌ڕووی دوورو نزیکییانه‌وه‌ له‌و پرنسیپانه‌ ، جیاوازی هه‌یه‌ ؛ ته‌نانه‌ت دامه‌زراندنی چه‌ند رێکخراوێکی ماویستیش له‌ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا ، پێودانگ و پرنسیپه‌کانی حزبی ” مۆدێل ” ی چینی تێدا به‌دینه‌هات . هۆکاره‌کانی ئه‌م بێتواناییه‌ له‌ واقیعی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا ریشه‌ی هه‌یه‌ ، که‌ ئه‌گه‌رچی نیازی زۆر چاک و پاک بۆ پێڕه‌وی ئه‌و پرنسیپانه‌ هه‌بوون ، به‌ڵام ئه‌و واقیعه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ رێگریانبووه‌و ، هه‌ر ئه‌و واقیعه‌ش هۆکاری سووڕانه‌وه‌ی هه‌مان شێوه‌ حزب و هه‌مان رێبازو مۆدێل بووه‌‌ به‌ده‌وری خۆیدا ، بۆیه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و مۆدێله‌ ، که‌ ناکرێت به‌و شێوه‌و ئاسته‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی حزبی مارکسی لێنینی یان ماوی حساب بکرێت ، به‌نده‌ به‌ گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تیی له‌ کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا .
کۆمه‌ڵگای کورد بنه‌مای شێوه‌و ناوه‌رۆکی ژیانی حزبییه‌ . حزب بۆ خۆی کاریگه‌رێتی بارودۆخه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی له‌سه‌ره‌ . حزبی کوردی هه‌تا ئێستا( به‌گشتی ) له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی باوکسالاریی و پیاوسالاریی و گه‌وره‌سالاریی دامه‌زراوه‌ . ئه‌قڵی خێڵ که‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و عه‌شایه‌رییه‌ ئاڕاسته‌ی کردووه‌و ده‌یکات . گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داریی به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ نه‌بووه‌ که‌ بنه‌مای خێڵه‌کی به‌ بنه‌مایه‌کی بۆرژوازیی بگۆڕێت ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ناکۆکی له‌ نێوان به‌رنامه‌ی بۆرژوازی و شێوازی ده‌ره‌به‌گی یان خێڵه‌کی له‌ ژیانی حزبی کوردیدا هه‌بووه‌و هه‌یه‌ .
حزب له‌ کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا به‌ دوای شه‌خسییه‌تی کاریزمییه‌وه‌ بووه‌ . حزب باوکی هه‌بووه‌ . باوک ملکه‌چی و گوێڕایه‌ڵی ویستووه‌ . باوک نه‌ ره‌خنه‌ قبووڵ ده‌کات و نه‌ سه‌رپێچی . هه‌میشه‌ سیمای حزب و سیمای شه‌خسییه‌تی کاریزمی سه‌رکرده‌ی حزب یه‌ک شت بوون . که‌سایه‌تیی حزبیی ئه‌ندامان له‌ پرۆسه‌ی پیرۆزاندنی شه‌خسییه‌تی کاریزمیدا – که‌ شه‌خسییه‌تی یه‌که‌می حزبه‌ – تواوه‌ته‌وه‌ . حزبی کوردی هه‌میشه‌ حزبی سه‌رۆک یان سکرتێره‌کان بووه‌ . ده‌نگی جیاواز یان شه‌خسییه‌تی تاکه‌که‌سی حزبی یان که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی ره‌خنه‌گر له‌م حزبانه‌دا جێگه‌یان نه‌بۆته‌وه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر حزبێک یان رێکخراوێکی نوێ دابمه‌زرێت ، ده‌بێت ئه‌م واقیعه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له‌به‌رچاو بێت و به‌رنامه‌ی تێپه‌ڕاندن و گۆڕانکاریی بۆ دابڕێژێ .
پرسیار : هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ی سه‌رقاڵی ئه‌م بابه‌ته‌ن مۆدێلی خۆرئاوایی حزب بۆ کوردستان پێشنیاز ده‌که‌ن ، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ له‌ خۆرئاوا حزبه‌کان له‌ که‌ش و هه‌وایه‌کی تا راده‌یه‌ک دیموکراسیدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و له‌ رێگای هه‌ڵبژاردن و رێنتی ئابووریی و رێگای دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن . به‌ڵام له‌ کوردستان تا ئێستا ئه‌و که‌ش و هه‌وایه‌ ده‌سته‌به‌ر نه‌بووه‌و حزبه‌کان ناچارن بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ی خۆیان که‌ڵک له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ربگرن و هه‌ندێک جار خه‌باتی چه‌کداریی بکه‌ن ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ زۆر هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی ورۆشنبیری و ئابووریی دیکه‌ هه‌ن که‌ جیاوازیی به‌رچاوی خۆرئاواو کوردستان له‌و رووه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن ، به‌ڕه‌چاوکردنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ مۆدێلی خۆرئاوایی حزب تاچ راده‌یه‌ک ده‌توانێت له‌ کوردستان جێبه‌جێ بکرێت و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بێت ؟
قه‌ره‌داغی : له‌به‌ر تیشکی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی به‌ پرسیاری پێشووم دایه‌وه‌ ، مۆدێلی رۆژئاوایی حزب بۆ کوردستان ناشێت . حزبی خۆرئاوایی زاده‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌رمایه‌داریی پێشکه‌وتووه‌ . به‌ره‌نجامی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک له‌ سه‌قامگیربوونی دیموکراتیی بۆرژوازییه‌ . حزبه‌کانی بۆرژوازیی خۆرئاوایی به‌رنامه‌ی شۆڕش و گۆڕینی پێکهاته‌یه‌کیان به‌ پێکهاته‌یه‌کی دیکه‌ نییه‌ . ئه‌و حزبانه‌ له‌ بازنه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری و گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داریدا کار ده‌که‌ن . به‌رنامه‌کانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانکردووه‌ . نه‌رێتی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات باوه‌و ململانێی خوێناوی له‌ نێوان حزبه‌کاندا دروست ناکات . ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوادا هه‌یه‌ ته‌قلیدێکی لیبرالییه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن و ئازادیی یاسایی ( نه‌ک کۆمه‌ڵایه‌تی ) خۆیگرتووه‌ . ئه‌م ته‌قلیده‌ له‌ کوردستانی ئێمه‌دا کورت ده‌هێنێ و توانای جێبه‌جێکردنی نییه‌ .
له‌ڕاستیدا نموونه‌ی ئه‌و حزبه‌ نوێیه‌ یان مۆدێلێکی حزبی که‌ بتوانێت ئه‌کتیڤ بێت وله‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا رۆڵێکی به‌رچاو ببینێت ، له‌به‌ر تیشکی ستراتیژی قۆناغه‌کاندا دیاریده‌کرێت .
حزب بۆچی داده‌مه‌زرێت ؟ ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌ به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌ پێکهێنانی بکرێته‌وه‌ ، ده‌بێت وه‌ڵامی دیاریکراوی هه‌بێت ، یان وردتر بڵێین :
– ئایا حزب بۆ به‌دیهێنانی ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی نیشتمانی – دیموکراتی دێته‌ کایه‌وه‌ ؟
– ئایا حزب بۆ به‌دیهێنانی ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی سۆسیالیستی داده‌مه‌زرێت ؟
– ئایا حزب وه‌ک ئامرازی ده‌سه‌ڵات و گه‌مه‌ی په‌ڕله‌مانی به‌کارده‌هێنرێت ؟
بۆ کامیان ؟ ئه‌وه‌ پرسیارێکه‌ لێره‌دا ، تا هه‌لێکی دیکه‌ی نووسین ، به‌ کراوه‌یی به‌جێیده‌هێڵم .

رۆژنامه‌ی ( رۆژنامه‌ ) ژماره‌کانی ( 175 ) و ( 176 ) به‌رواری 9 و 10 ی مارتی 2008

کۆنگره‌ی به‌ جیهان ناساندنی جینۆسایدی گه‌لی کورد
26 – 28 کانوونی دووه‌می 2008

جینۆسایدی گه‌لی کوردو سته‌مێکی نه‌ته‌وایه‌تی که‌ هه‌زاران ساڵه ‌له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ دێرینترین نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌م جیهانه‌ ده‌کرێت ، زۆر گه‌وره‌ترو فراوانتره‌ له‌وه‌ی به‌ وتاری نووسه‌رێک و دوو نووسه‌رو ده‌یان نووسه‌ریش هه‌قی خۆی بدرێتێ . بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان ئه‌و نه‌رێته‌ باوه‌ ( وتاری بۆنه‌ ) وازلێده‌هێنم و له‌ بری ئه‌وه‌ چه‌ند پرسیارو تێبینییه‌ک له‌سه‌ر لایه‌نی هونه‌ریی رێکخستنی کۆنگره‌که‌ ده‌نووسم به‌ هیوای ئه‌وه‌ی له‌ کۆنگره‌کانی داهاتوودا سوودیان لێوه‌ربگیرێت . دواتریش به‌ جیا ده‌قی تۆمارێکی جینۆساید بڵاوده‌که‌مه‌وه‌ که‌ لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌که‌ به‌ هه‌رسێ زمانی کوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی رێکیانخستبوو و له‌ رۆژی یه‌که‌می کۆنگره‌دا به‌ هه‌موو به‌شداربووانیان گه‌یاند .
پرسیارو تێبینییه‌کان
1 ) بۆچی به‌ر له‌ کۆنگره‌ یان له‌ یه‌که‌م دانیشتنی کۆنگره‌دا هه‌موو لێکۆڵینه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌کان دابه‌شنه‌کران؟ ئه‌وه‌ راستییه‌کی به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ که‌ به‌شداریکردنی ئه‌کتیڤانه‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ ، تاڕاده‌یه‌کی زۆر ، به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و تۆژینه‌وانه‌وه‌ به‌نده‌ .
2 ) پێوانه‌کانی بانگکردن بۆ ئه‌م جۆره‌ کۆنگرانه‌ چین ؟ کێ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌ندامی کۆنگره‌ ؟ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راده‌کێشا ئه‌وه‌ بوو : نه‌ قوربانیانی ئه‌نفال و کیمیابارانه‌کان له‌ گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌و بادینان و ناوچه‌کانی تره‌وه‌ بانگکرابوون و ، نه‌ کۆمه‌ڵێک ئه‌دیب و نووسه‌رو رۆشنبیری کوردی ناسراو .
3 ) بۆچی نوێنه‌رانی حکومه‌ت و په‌ڕله‌مانی به‌غدا ئاماده‌ نه‌بوون ؟ یان وتاریان هه‌بێت له‌ کۆنگره‌یه‌کدا که‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ ده‌رباره‌ی جینۆسایدی کورد ده‌به‌سترێ .
4 ) له‌به‌ر‌چی کۆنگره‌که‌ به‌ وتاری سه‌رکۆماری عێراق ، یان سه‌رۆکی هه‌رێم یان جێگره‌که‌ی ، یان سه‌رۆکی حکومه‌ت یان جێگره‌که‌ی ، یان سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی کوردستان نه‌کرایه‌وه‌ ؟ بۆ هیچ کامیان له‌ یه‌که‌م رۆژی به‌ستنی کۆنگره‌که‌دا ئاماده‌ نه‌بوون ؟ بۆچی سه‌رۆکی حکومه‌تی کوردستان له‌ دوارۆژی کۆنگره‌دا ئاماده‌بوو ، له‌ کاتێکدا به‌ڕه‌سمی کۆنگره‌که له‌ ژێر چاودێری ئه‌ودا بوو ؟
5 ) به‌جیهان ناساندنی جینۆسایدی گه‌لی کورد له‌ڕێی کۆنگره‌یه‌کی وه‌هاوه‌‌ ، هه‌ڵمه‌تێکی به‌ربڵاوو له‌ راده‌به‌ده‌ری راگه‌یاندنی ده‌ویست . راگه‌یاندنی که‌ناڵه‌ جیاجیاکان له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا ئه‌و رۆڵه‌یان به‌باشی نه‌بینی و نه‌یانتوانی گه‌وره‌یی کاره‌ساته‌که‌و بایه‌خی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ ده‌رببڕن و ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ بکه‌نه‌ رۆژانی نمایشێکی به‌رچاوی دۆزی گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆو چ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و جیهانیدا .
6 ) میوانێکی زۆر به‌ یه‌که‌م دانیشتن هاتبوون ، له‌نێویاندا کۆمه‌ڵێک میوانی بیانی تێدابوو . بۆیه‌ ده‌بوایه‌ بۆ یه‌که‌م دانیشتن چه‌ند که‌سێک بۆ کاری وه‌رگێڕان دابنرانایه تا وتاره‌کانیان له‌ زمانی کوردییه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی وه‌ربگێڕایه‌و ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بی و ئینگلیزییه‌وه‌ بۆ کوردی .
7 ) ده‌ستوورێکی باوی هه‌ر کۆنگره‌یه‌ک ئه‌وه‌یه‌ : دوای یه‌که‌م دانیشتن ، ئه‌ندامانی کۆنگره‌ به‌سه‌ر چه‌ند لیژنه‌یه‌کی جیاجیادا دابه‌ش ده‌بن . هه‌ر لیژنه‌یه‌ک له‌ لایه‌نێک یان بابه‌تێکی کۆنگره‌که‌ ده‌کۆڵێته‌وه‌و راسپارده‌ی پێویست بۆ بڕیاردانی له‌ دوا دانیشتندا ئاماده‌ ده‌کات .ئه‌م ده‌ستووره‌ له‌م کۆنگره‌یه‌دا په‌یڕه‌ونه‌کراو ، زێتر دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌کان بۆ خوێندنه‌وه‌و خستنه‌ڕووی ناوه‌رۆکی لێکۆڵینه‌وه‌کان ته‌رخانکران نه‌ک دیراسه‌کردن و هه‌ڵێنجانی بڕیارو راسپارده‌ . ئه‌م دانیشتن یان کۆبوونه‌وانه‌ ماوه‌یه‌کی ئێجگار که‌میان بۆ دانرابوو ، خستنه‌ڕووی هه‌ندێکیان چاره‌کێک و موداخه‌له‌ی به‌شداربووانیش له‌ دوو ده‌قیقه‌وه‌ تا پێنج ده‌قیقه‌ بوو که‌ بووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی‌ به‌ تێروته‌سه‌لی قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌کرێت .
—————————————————————————————-

راسپارده‌كانی كۆنگره‌ی به‌ جیهان ناساندنی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد

كۆنگره‌ی به‌ جیهان ناساندنی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد كه‌ به‌ چاودێری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵا له‌ هه‌ولێر سازدرا، له‌ سێیه‌م رۆژیدا به‌ر له‌ كۆتاییهێنان به‌ به‌رنامه‌كانی له‌ پێناو ئامانجه‌كانی و درێژه‌پێدان به‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی ئه‌نفال له‌ دژی گه‌لی كوردستان له‌ كۆتایی كاره‌كانیدا چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌كی خسته‌روو بۆ تاوتوێ و په‌سه‌ند كردنیان له‌سه‌ر ئاستی كۆنگره‌.

راسپارده‌كانی كۆنگره‌ له‌لایه‌ن خاتوو ڤینۆس فایه‌ق ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای كۆنگره‌ی به‌ جیهان ناساندنی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد خوێندرایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوون له‌:-

یه‌كه‌م: به‌ مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوونی له‌ خزمه‌ت و ئامانجه‌كانیدا بڕیاردرا كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات سازبدرێت، كه‌ زۆرترین لایه‌ن و ناوه‌ندی بڕیار و بڕیار به‌ده‌ستی جیهانی به‌شداری تێدا بكه‌ن، به‌ مه‌رجێك زووتر بانگه‌وازی بۆ بكرێت و رێوشوێنه‌كانی به‌شداربوون ده‌ستنیشان بكرێت.

دووه‌م: لیژنه‌ی باڵای كۆنگره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار، وه‌ك درێژه‌ پێدانی ئه‌ركی چاودێری كردن و به‌دواداچوون و جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی كۆنگره‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.

سێیه‌م : چاككردن و وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وانه‌ی پێشكه‌ش به‌ كۆنگره‌ كران.

راسپارده‌ی كۆنگره‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهان:
1 كۆنگره‌ داواكاره‌ بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان له‌ عێراق تایبه‌ت به‌ كه‌یسی ئه‌نفال وه‌كو خۆیی و له‌سه‌ر بنه‌مای دادوه‌ری جێبه‌جێ بكرێت.
2 ده‌وڵه‌تی عێراق یاساییه‌ك ده‌ربكات بۆ داوای لێبوردن له‌ قوربانییه‌كانی ئه‌نفال و كه‌سوكاریان.
3 تاوانه‌كانی ئه‌نفال بخرێته‌ پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
4 زانكۆكانی عێراق تاوانی ئه‌نفال وه‌ك نموونه‌ی تاوانی جینۆساید بخه‌نه‌پڕۆگرامی خوێندن و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئه‌نجامبده‌ن.
5 دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێك له‌ حكومه‌تی عێراق بۆ كۆكردنه‌وه‌ و وه‌رگێڕان و چاپكردن و به‌ دكیۆمێنتكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ و بابه‌ته‌كانی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نفال و بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌ جیهاندا.
6 پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی یاسایی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ سه‌ر ئه‌و كۆمپانیا و ده‌وڵه‌تانه‌ی چه‌كی كۆكوژیان به‌ رژێمی سه‌دام فرۆشتووه‌ ، به‌ مه‌به‌ستی لێ پرسینه‌وه‌ و راپێچكردنیان بۆ به‌رده‌م دادگا.
7 دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ژێرخانی ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان، كه‌ داواكارییه‌كی خێرایه‌و ئه‌ركی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
8 ده‌وڵه‌تی عێراق یاساییه‌كی تایبه‌ت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانییه‌كانی تاوانی ئه‌نفال ده‌ربكات.
9 سازكردنی كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ جینۆساید و تاوانه‌كانی رژێمی سه‌دام ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كوردستان و گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ پایته‌ختی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت.
10هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی جینۆساید له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی جیهان به‌ كوردیشه‌وه‌ ساڵانه‌ كۆنگره‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌كان سازبده‌ن.

له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
1 پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ دۆستانی گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوا بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاری جیهان، وه‌كو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، یه‌كێتی و په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و په‌رله‌مانه‌كانی وڵاتانی جیهان، دادگای تاوانه‌كانی لاهای و سه‌نته‌ر و رێكخراوه‌كانی جینۆساید به‌ مه‌به‌ستی به‌شدرایكردنیان له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی ئه‌نفال له‌ سه‌ر ئاستی جیهانی.
2 زانكۆكانی كوردستان راسپارده‌ ده‌ربكه‌ن و ساڵانه‌ توێژیینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی ئه‌نفال ئه‌نجامبدرێت.
3 دامه‌زراندنی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ دیراسه‌كردنی ئه‌زموونه‌كانی جیهان له‌ بواری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیان و سوود وه‌رگرتن لێیان و پێشكه‌ش كردنی پڕۆژه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانییه‌كانی تاوانه‌كانی ئه‌نفال.
4 دابینكردنی كورسی خوێندن له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی كوردستان و عێراقه‌وه‌ بۆ منداڵه‌كانی قوربانیانی ئه‌نفال به‌ مه‌به‌ستی درێژه‌پێدانی خوێندنیان له‌ زانكۆ و كۆلیژه‌كانی ئه‌وروپا و جیهان.
5 په‌له‌ كردن له‌ دۆخی هه‌ڵواسراوی یاسایی نا جێگیری كه‌سوكاری قوربانییه‌كان.
6 دابینكردن و چاككردنی باری ژیان و گوزه‌رانی كه‌سوكاری قوربانیانییه‌كان.
7 لێ پێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌و كه‌سانه‌ی رۆڵی خه‌راپیان بینیوه‌ له‌ كاتی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانی ئه‌نفال دا.
8 كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان و كیمیابارانكراوه‌كان وه‌كو ناوچه‌ لێقه‌وماوه‌كانی جیهان پۆلین بكرێن.
9دانانی پلانێك بۆ پاك كردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی قوربانیان و ناوچه‌ كیمیا بارانكراوه‌كان.
10دروستكردنی مۆزه‌خانه‌یه‌كی نیشتمانی كه‌ هه‌موو پاشماوه‌كانی ئه‌نفالكراوه‌كان، وه‌كو كه‌لوپه‌ل و جلوبه‌رگ و وێنه‌ و ناسنامه‌ و دۆكیۆمێنت … هتد تێیدا بپارێزرێت.
11 له‌ گشت ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان مۆنۆمێنتی یاده‌وه‌ری و ره‌مزی دروست بكرێت.

28/1/2008

تۆماری جینۆسایدی گه‌لی کورد

ئێوه‌ . . . ئێوه‌ :
ئه‌ی که‌ڕه‌واڵه‌کانی جیهانی بێڕه‌وشتی سیاسه‌تی پڕ پیلان و درۆو ساخته‌ …
ئه‌ی برا دوژمنه‌کانی ده‌وروبه‌رمان ، خاوه‌نانی عه‌قڵی شۆڤێنیستی و فاشیستی …
ئه‌ی جاشه‌ چاوشۆڕه‌کانی کوردزمان که‌ بۆ هه‌ناسه‌یه‌ک بیرتان نه‌ده‌کرده‌وه‌و ویژدانتان نه‌ده‌هه‌ژا …
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئاماده‌نین چه‌ند چرکه‌یه‌ک گوێبیستی ژیاننامه‌ی یه‌کێک له‌ قوربانییانی ئه‌نفال و کیمیابارانه‌کان ببن …
ئه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێکی خوێناوی مێژووی گه‌له‌ سته‌مدیده‌که‌تان به‌فیڕۆدانی کات ده‌زانن …
ئه‌ی ئه‌و لیبرالیستانه‌ی یادی گیانبه‌ختکردووانی مێژووی خه‌باتی گه‌لی کورد به‌ مه‌رگدۆستی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن …
ئه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ کوردانه‌ی راگه‌یاندنی چه‌واشه‌کار سه‌ریلێشێواندوون و خۆشخه‌یاڵانه‌ ئه‌مریکاو رۆژئاوای داهێنه‌رو دابه‌شکارو فرۆشیاری چه‌کی کۆکوژ به‌ دۆستی کورد ده‌زانن!!
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی خوێنی گیانبه‌ختکردووانی گه‌رمیان و بادینان و هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ره‌داغ و گشت ناوچه‌ وێرانکراوه‌کانی کوردستان ، باجی تێپه‌ڕبوونتان بوو به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات و پله‌و پایه‌و پاره‌و‌ شتی تریش !!
بۆ ئێوه‌ هه‌مووتان ئه‌م تۆماره‌ی جینۆسایدی گه‌لی کورد پێشکه‌ش ده‌که‌م که‌ لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌که‌ به‌ هه‌رسێ زمانی کوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی رێکیانخستبوو و له‌ رۆژی یه‌که‌می کۆنگره‌دا به‌ هه‌موو به‌شداربووانیان گه‌یاند .
( فوئاد قه‌ره‌داغی )

تۆماری جینۆسایدی گه‌لی کورد به‌ده‌ستی سوپای رژێمی به‌عس
بۆردومان : 1974
 ( 24/4/1974 ) بۆردومانکردنی شاری قه‌ڵادزێ له‌لایه‌ن فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی سوپای عێراقه‌وه‌ .
 ( 24/4/1974 ) خاپورکردنی زانکۆی سلێمانی له‌ قه‌ڵادزێ ، به‌ بۆردومانی فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کان .
 ( 26/4/1974 ) بۆردومانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ .

کیمیاباران : 1987
 ( 15/4/1987 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی هه‌ڵه‌دن ، به‌رگه‌ڵو ، کانی توو ، ئاوه‌ژێ ، سیروان ، نوڵچکه‌ ، چنارنه‌ .
 ( 16/4/1987 ) کیمیابارانکردنی گوندی شێخ وه‌سانان .
 ( 17/4/1987 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی قزله‌ر ، سنگر ، مێوڵاکه .
 ( 19 – 20 /4/1987 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی دۆڵی بالیسان .
 ( 21/4/1987 ) کیمیابارانکردنی ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ .
 ( 1/5/1987 )کیمیابارانکردنی گوندی زێوێ و ناوچه‌ی دهۆک .
 ( 23/5/1987 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی تۆمار قه‌مه‌ر ، گورگان .
 ( 27/5/1987 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی مه‌له‌کان ، گۆڕه‌شێر ، که‌ندۆڵ ، به‌ردۆک ، بڵی ، ناڵی ، تاهێ .
 ( 27/5/1987 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی نازه‌نین و بالیسان .
 ( 28/6/1987 ) بۆردومانی شاری سه‌رده‌شتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ بۆمبی ژه‌هراوی ، که‌ بووه‌ هۆی کوشتنی ( 132 ) و برینداربوونی ( 5000 ) که‌س .
کیمیاباران : 1988
 ( 25 – 26 – 28 /2/1988 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی ( سه‌رگه‌ڵو ، یاخسه‌مه‌ر ، هه‌ڵه‌دن ، گوێزیله‌ ، دۆڵی جافایه‌تی ) .
 ( 16/3/1988 ) کیمیابارانکردنی شاری ( هه‌ڵه‌بجه‌ ) که‌ بووه‌ هۆی کوشتنی زیاتر له‌ ( 5000 ) و برینداربوونی زیاتر له‌ ( 10000 ) که‌س .
 ( 18/3/1988 ) کیمیابارانکردنی گوندی ( عه‌نه‌ب ) و ده‌وروبه‌ری شاری ( هه‌ڵه‌بجه‌ ) .
 ( 22 – 23 /3 1988 ) کیمیابارانکردنی ناوچه‌ی ( شاناخسێ ) و گونده‌کانی ( سێوسێنان ، دوکان ، به‌له‌کجار ، جافه‌ران ، ولیان ) له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ .
 ( 3/5/1988 ) کیمیابارانکردنی گونده‌کانی ( گۆپته‌په‌ ، عه‌سکه‌ر ، مایله‌ ، سه‌رچما ، شێخان ، که‌ڵه‌شێره‌ ، چه‌می ڕێزان ، قۆجه‌بڵاخ ، زه‌رزێ ) .
 ( 25 – 29 /8/1988 ) کیمیابارانکردنی ناوچه‌ی بادینان ( گه‌لی بازێ ) له‌لایه‌ن ( 12 ) دوانزه‌ فڕۆکه‌ی رژێمی عێراقه‌وه‌و ، کوشتنی ( 2980 ) دوو هه‌زارو نۆ سه‌دو هه‌شتا که‌س ، که‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون .

پڕۆسه‌ی ئه‌نفال :
ئه‌نفال پڕۆسه‌یه‌کی به‌رنامه‌داڕێژراوی پاکتاوی ره‌گه‌زی و کوشتنی به‌کۆمه‌ڵ و سڕینه‌وه‌ی کولتوری و نه‌هێشتنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد بوو ، که‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌کۆمه‌ڵکوژیی کورده‌ فه‌یلییه‌کان ده‌ستیپێکردو دواتر له‌ 1988 دا به‌ چه‌ند قۆناغێک کۆتاییهات ، که‌له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی فه‌رمانڕه‌وای ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌گه‌لێکی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی ئه‌نجامیدا ، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و تاوانه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر هاوڵاتی بێتاوان بوونه‌ قوربانی و بێسه‌روشوێنکران، پاش دادگاییکردنی به‌شێک له‌ تاوانبارانی سه‌ره‌کی پڕۆسه‌کانی ئه‌نفال ، دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراقی له‌ رۆژی ( 24/6/ 2007 ) دا ئه‌م تاوانه‌ی به‌ جینۆساید ناساند .

مێژووی کۆمه‌ڵکوژیی گه‌لی کورد :
 ( 4/9/1980 ) کۆمه‌ڵکوژیی کورده‌ فه‌یلییه‌کان ( 10000 ) قوربانی .
 ( 31/7/1983 ) کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان ( 8000 ) قوربانی .
 ئه‌نفالی 1988 که‌ به‌ هه‌شت قۆناغ ئه‌نجامدرا ( 182000 ) قوربانی .
 ( 21/2/1988 – 18/3/1988 ) ئه‌نفالی یه‌ک ( دۆڵی جافایه‌تی و مه‌رگه‌ ) .
 ( 22/3/1988 – 1/4/1988 ) ئه‌نفالی دوو ( ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ ) .
 ( 31/3/1988 – 18/4/1988 ) ئه‌نفالی سێ ( ناوچه‌ی گه‌رمیان ) .
 ( 20/4/1988 – 5/5/1988 ) ئه‌نفالی چوار ( سنووری عه‌سکه‌ر ، گۆپته‌په‌ ، شوان ، قه‌ڵاسێوکه‌ ، ده‌شتی کۆیه‌ ) .
 (24/5/1988 – 31/8/1988 ) ئه‌نفالی پێنج ، ئه‌نفالی شه‌ش ، ئه‌نفالی حه‌وت ( ناوچه‌کانی شه‌قڵاوه‌و ره‌واندوز )
 ( 25/8/1988 – 6/9/1988 ) ئه‌نفالی هه‌شت ( ده‌ڤه‌ری بادینان )
راگواستن :
 ( 10/7/1963 ) ده‌ربه‌ده‌رکردنی ( 40000 ) چل هه‌زار کوردی ده‌وروبه‌ری شاری که‌رکوک .
 ( 11/6/1963 – 23/7 1963 ) وێرانکردنی ( 875 ) هه‌شت سه‌دو حه‌فتاو پێنج گوند .
 ساڵی 1971 – 1972 زیاتر له‌ ( 40000 ) چل هه‌زار کوردی فه‌یلی ناسنامه‌ی هاووڵاتیبوونی عێراقییان لێسه‌ندرایه‌وه‌و ره‌وانه‌ی سنووره‌کانی وڵاتی ئێران کران .
ئه‌م ژماره‌یه‌ی کورده‌ ده‌رکراوه‌کان تا کۆتایی ساڵی 1980 گه‌یشته‌ نزیکه‌ی ( 215000 ) دووسه‌دو پانزه‌ هه‌زار که‌س . به‌پێی ئاماره‌کانی خاچی سوورو مانگی سووری نێوده‌وڵه‌تی به‌ ( 400000 ) چوارسه‌د هه‌زار هاووڵاتی مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت .
 ساڵی ( 1975 ) زیاتر له‌ ( 200000 ) دووسه‌د هه‌زار کورد له‌ کوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌کانی باشووری عێراق راگوێزران . له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1975 کۆمه‌ڵه‌ی پشتگیریکردنی گه‌لانی چه‌وساوه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا – گویتنگن ، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ له‌ هۆڵه‌ندا ، رایانگه‌یاند : ژماره‌ی راگوێزراوان گه‌یشتووه‌ته‌ 200000 دووسه‌د هه‌زار که‌س و 116 سه‌دوشانزه‌ گوند وێرانکراون ، 25000 بیست و پێنج هه‌زار کوردی ئێزیدیش له‌ سنجار راگوێزراون .
 ئه‌م شاڵاوی راگواستنه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت به‌جۆرێک تا سه‌ره‌تای ساڵی 1979 ژماره‌ی کورده‌ راگوێزراوه‌کان ده‌گاته‌ ( 700000 ) حه‌وتسه‌د هه‌زار که‌س ، که‌ له‌ ( 1222 ) هه‌زارو دووسه‌دو بیست و دوو گونددا شاڵاوه‌که‌ ئه‌نجام درا .

کوشتن :
 ( 1961 – 1962 ) کوشتنی ( 3000 ) سێ هه‌زار خه‌ڵکی سیڤیل و وێرانکردنی ( 150 ) سه‌دوپه‌نجا گوند .
 ( 11/6/1963 ) له‌ ماوه‌ی مانگێکدا ، کوشتنی ( 2000 ) دوو هه‌زار که‌س و سووتاندنی ( 200 ) دووسه‌د گوند .
 ( 9/6/1963 ) قه‌ده‌غه‌کردنی هاتووچۆو گولله‌بارانکردنی ( 83 ) هه‌شتاوسێ که‌س له‌ خه‌ڵکی شاری سلێمانی .
 ( 9/6/1963 ) ده‌ستبه‌سه‌رکردنی ( 5000 ) پێنج هه‌زار که‌س له‌ شاری سلێمانی و کوشتنی ( 276 ) دووسه‌دو حه‌فتاوشه‌ش که‌س له‌ رۆژانی دواتردا .
 ( 9/6/1963 ) گولله‌بارانکردنی ( 20 ) بیست که‌س پاش به‌ستنه‌وه‌یان به‌ دارتێلی سه‌رشه‌قامه‌کانه‌وه‌ له‌ شاری کۆیه‌ .
 مانگی ئابی ( 1969 ) هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر هه‌ردوو گوندی ( ده‌کا ) و ( خورت ) له‌ ناوچه‌ی ئاکرێ و ، بووه‌ هۆی سووتاندنی هه‌ردوو گونده‌که‌و ئاگرتێبه‌ردانی ( 67 ) شه‌ست و حه‌وت ژن و منداڵ که‌ له‌ ئه‌شکه‌وتێکی نزیک گونده‌کان خۆیان حه‌شاردابوو .
 ( 16/9/1969 ) هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر گوندی ( صوریا ) له‌ سێگۆشه‌ی سنووریی ( تورکیا – عێراق – سوریا ) و گولله‌بارانکردنی (60 ) شه‌ست که‌س له‌ دانیشتوانی گونده‌که‌ .
 ( 9/6/1984 ) بۆردومانی ئۆردوگای په‌ناهه‌نده‌کانی ( زێوه‌ ) له‌ رؤژهه‌ڵاتی کوردستان ، ( 42 ) چل و دوو که‌س کوژراو ( 230 ) دووسه‌دوسیی که‌س بریندار بوو .
 ( 1/7/1984 ) بۆردومانی ئۆردوگای په‌ناهه‌نده‌کانی ( زێوه‌ ) له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، ( 2 ) دوو که‌س کوژراو ( 14 ) که‌س بریندار بوو .
 ( ئه‌یلول – تشرینی یه‌که‌می ) 1985 له‌سێداره‌دانی ( 300 ) مێردمنداڵ که‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ( 17 – 23 ) ساڵیدا بوو له‌شاری سلێمانی . له‌ ( 14/5/1990 ) ده‌زگاکانی رژێم له‌ شاری سلێمانی وه‌فاتنامه‌ی ( 150 ) سه‌دوپه‌نجا که‌سی له‌سێداره‌دراویان به‌ خاوه‌نه‌کانیان دایه‌وه‌ .

ئه‌مڕۆ مۆمێکی نوێ بۆ ساڵێکی نوێی خه‌ون و هیواکانمان داده‌گیرسێنین

ساڵی 2007 ی پڕاوپڕ ململانێ و شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ هه‌مه‌ جۆره‌کانی نێو ئه‌م جیهانه‌ جه‌نجاڵه‌ی ژێر سایه‌ی سه‌رمایه‌داریمان به‌ڕێکردوو ، ئه‌مڕۆ چین و مرۆڤه‌ چه‌وساوه‌کانی جیهان ، به‌هه‌مان ئه‌و خه‌ون وهیوایانه‌ی سه‌ری ساڵانی رابردووه‌وه‌ ، پێشوازی له‌ ساڵی 2008 ده‌که‌ن .
ساڵی 2007 ، ساڵی توندو فراوانبوونه‌وه‌ی ململانێی کرێکاران و گه‌لانی جیهان بوو دژی هه‌یمه‌نه‌ی تاکجه‌مسه‌ریی ئه‌مریکا . ساڵی به‌رهه‌ڵستکاری و ریسواکردنی سیاسه‌ته‌کانی سیستمی جیهانگیریی سه‌رمایه بوو . ساڵی چوونه‌پێشه‌وه‌ی خه‌باتی دژه‌ جیهانگیریی بوو له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، ساڵی خۆڕێکخستنه‌وه‌و گوڕسه‌ندنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لانی سته‌مدیده‌و ، بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی جیهانیی سۆسیالیزم بوو . به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مساڵیش هه‌مان ره‌وت درێژه‌ی ده‌بێت و ململانێکان تین و تاوێکی دیکه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن .
ساڵی 2007 بۆ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، دیسان ، ساڵی پێکداهه‌ڵپژان و خه‌باتی نه‌پساوه‌ی گه‌لانی ناوچه‌که‌ بوو دژی پڕۆژه‌ ئیمپریالیستییه‌که‌ی ” رۆژهه‌ڵاتی گه‌وره‌ی ناوه‌ڕاست ” ، ساڵی سه‌رکه‌وتنی دیدو بۆچوونی حزب و رێکخراوه‌ چه‌په‌کانی ناوچه‌که‌ بوو سه‌باره‌ت به‌ ڕووکارو ئاکامی کێشه‌ گڕگرتووه‌کان . ساڵی ریسوابوونی بۆرژوا شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی بوو . ئاسته‌نگه‌کانی نێوان هێزه‌ بۆرژوازییه‌کانی لوبنان و فه‌له‌ستین و عێراق له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ، تێشکانی ئیسرائیل له‌ به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی پۆڵایینی گه‌لی لوبنان له‌ باشووری ئه‌و وڵاته‌دا ، هه‌ره‌سی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی و شه‌ڕی ناوخۆی نێوان فه‌تح و حه‌ماس ، ریسوابوونی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی ئه‌مریکا له‌عێراقیشداو ناچاربوونی به‌سه‌وداو سه‌وداکاریی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی به‌عس و قاعیده ؛ ئه‌مانه‌ هه‌موویان پێکه‌وه‌ له‌ گرنگترین دیارده‌و به‌سه‌رهاته‌کان بوون و سیمای ساڵی رابردوویان له‌ ناوچه‌که‌دا نه‌خشاندو ، وه‌هاش پێشبینی ده‌کرێت که‌ سیمایه‌کی ئاشکراترو روونتریان بۆ ساڵی نوێ ( 2008 ) لێده‌رکه‌وێت .
بۆ گه‌لی کوردیش به‌ گشتی ، پارساڵ ، ساڵی کۆمه‌ڵێک رووداوو فشارو پیلانی هه‌مه‌ڕه‌نگ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ بوو بۆ پێچانه‌وه‌ی کێشه‌ ره‌واکه‌ی و ، بۆ جارێکی دیکه‌ ، سه‌پاندنه‌وه‌ی ته‌وقی دیلێتی به‌سه‌ریدا ، بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌لکی باشووری کوردستانیش ، ساڵی به‌رده‌وامبوونی گه‌نده‌ڵیی بوو له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا ، ساڵی خاوه‌خاوکردن بوو له‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی ئیداره‌ی حکومه‌تی هه‌رێمدا ، ساڵی چوونه‌ سه‌ره‌وه‌ی نرخی شتومه‌ک و هه‌ڵچوونی گرانی بوو .
ساڵی 2007 ، شاهیدی فراوانبوونه‌وه‌ی ئیعتیرازه‌ جه‌ماهیرییه‌کان بووین . له‌م ساڵه‌دا سه‌رکوتی خۆنیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان درێژه‌ی هه‌بوو ، پێشێلکردنی ئازادییه‌کان به‌ گشتی و ئازادیی رۆژنامه‌نووسی به‌تایبه‌تی به‌رده‌وام بوو . هه‌روه‌ها ساڵی هه‌ڕه‌شه‌و له‌شکرکێشیی ئیسلامییه‌ که‌مالیسته‌کانی تورکیا و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌ته‌ شۆڤێنیسته‌کانی ناوچه‌که‌ بوو دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و له‌شکری به‌رگریی میللی کوردستان ؛ هه‌ر له‌م ساڵه‌دا روخساری راسته‌قینه‌ی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی کوردو کێشه‌ ره‌واکه‌ی ( بۆ ئه‌وانه‌ی گوتیان : بژی مارینز ! ) که‌وته‌ڕوو ، چ به‌ سیاسه‌تی پشتگیریکردنی له‌شکرکێشیی تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌و باشووری کوردستان و ، چ به‌پشتگیریکردنی ئه‌و ره‌وته‌ شۆڤێنیستانه‌ی کۆسپیان خسته‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 ی ده‌ستووری عێراق سه‌باره‌ت به‌ که‌رکوک و ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی دیکه‌ی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و ، هه‌ڵواسینی چاره‌نووسی بۆ ئاینده‌یه‌کی ته‌مومژاوی نادیار .
له‌ کاتێکدا ئه‌مڕۆ پێده‌نێینه‌ ساڵێکی نوێوه‌ ، چاره‌نووسی گه‌له‌که‌مان ( به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵات بڵاویده‌کاته‌وه‌ ) به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ؛ ئه‌گه‌رچی مه‌ترسی جینۆساید ، به‌هۆی گۆڕانکارییه‌کانی جیهان و لاوازیی دوژمنه‌ شۆڤێنیسته‌کانمان له‌عێڕاقدا ، له‌م قۆناغه‌دا له‌ئارادا نییه‌ ، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ پله‌ دوویی یان که‌متریش له‌ نێواندایه‌و ، یه‌ک جه‌مسه‌رگیریی : ( ئه‌مریکایی – ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان – عه‌ره‌بی شۆڤێنیستیی سوننه‌و شیعه‌و ئیسلامییه‌ ته‌کفیرییه‌کان ) دوورو نزیک له‌ یه‌کترییه‌وه‌ به‌ عه‌مه‌لی پێکهاتووه‌و ، به‌نیازن هاوکێشه‌و ته‌رازووی به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندییه‌کانیان به‌ سه‌رکوت و زه‌وتکردنی مافی گه‌لی کورد له‌ بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیدا رابگرن . بۆیه‌ ده‌شێت له‌ ساڵی نوێدا ململانێکان به‌ توندی له‌سه‌ر هه‌رچوار ئاسته‌که‌دا ( جیهانی ، ناوچه‌یی ، عێراقی و کوردستانی ) به‌رده‌وام بێت و ، هاوشانی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوونی خه‌باتی گه‌لان و چینه‌ ره‌نجده‌ره‌کان له‌ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا ، گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد خه‌باتێکی دژوار چاوه‌ڕێی بکات و مافه‌کانی بکه‌ونه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیددییه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندنی نوێ و بیرکردنه‌وه‌ی نوێ و سیاسه‌تی نوێ و شێوازی تێکۆشانی نوێ و گیانێکی نوێی به‌ره‌نگاریی ده‌وێت .

1 ی کانوونی دووه‌می 2008

ئه‌مریکاو شه‌ڕی ناوخۆیی عێراق

هه‌واڵێکی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ ( دووشه‌ممه‌ 17/9/2007 ) شایانی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رنجمان رابکێشێت و به‌ دوایدا بچین تا به‌ شێوه‌یه‌کی لۆژیکی ده‌سته‌کانی پشته‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی عێراق بناسین و ، راستی و ناڕاستی هه‌واڵه‌که‌ بزانین .
هه‌واڵه‌که‌ له‌ زاری به‌رپرسی لیژنه‌ی داقوقی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ . هه‌واڵه‌که‌ باس له‌ چه‌کدارکردنی گوندنشینه‌ عه‌ره‌به‌کانی ئه‌و ناوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاییه‌کانه‌وه‌ ده‌کات .
به‌رپرسه‌که‌ هه‌ست به‌ مه‌ترسی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مریکا ده‌کات و ، ئه‌و راستییه‌ راده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌و چه‌کانه‌ بۆ شه‌ڕی تایه‌فی به‌کارده‌هێنرێت و بارودۆخی ناوچه‌که‌ تێکده‌ده‌ن و ئاسایشی هاووڵاتیان به‌ر مه‌ترسی ده‌خه‌ن .
ئه‌م هه‌واڵه‌ زێتر له‌ سه‌رنجێک هه‌ڵده‌گرێت و ، بۆ شیکردنه‌وه‌ی چه‌ند وتارێکی ده‌وێت .
هه‌واڵه‌که‌ ، هه‌ڵوێستی ئه‌مریکییه‌کان له‌ شه‌ڕی ناوخۆ ئاشکرا ده‌کات . هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌مریکا له‌ یه‌که‌م رۆژی داگیرکردنی عێراقه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ، به‌تایبه‌تی خۆشکردنی ئاگری شه‌ڕی تایه‌فی و ململانێکانی نێو عێراق ، نه‌ک هه‌ر گوماناوی ده‌کات ، به‌ڵکو وه‌ک راستییه‌ک ده‌سه‌لمێنێ .
یه‌کێک له‌و راستییانه‌ به‌رنامه‌ڕێژیی و پلانی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕه‌ ، که‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ک – به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه‌ بێت – ئامرازێکی به‌دیهێنانێتی . ئه‌مه‌ سه‌رنجمان بۆ سه‌ره‌تای هاتنی له‌شکری ئه‌مریکا راده‌کێشێ ، ئه‌وه‌مان به‌بیرده‌هێنێته‌وه‌ که‌ له‌شکری تێکشکاوی عێراق ئاشبه‌تاڵی لێکردو هه‌ر یه‌کێک ، له‌ ئه‌فسه‌ره‌ گه‌وره‌کانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌ر سه‌ربازه‌کان ، ملی رێگای خۆ شاردنه‌وه‌ یان ماڵه‌کانی خۆیانیان گرت ؛ نه‌که‌س لێیپرسینه‌وه‌ ، نه‌ مه‌رجی ته‌سلیمکردنی چه‌که‌کانیان بۆ دانرا . ته‌واوی چه‌که‌کانی له‌شکری دۆڕاوی عێراق بۆ شاردنه‌وه‌و ده‌ستاوده‌ستکردن و تاڵانی و فرۆشتن به‌جێهێڵران . ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ئاسایی و عه‌فه‌وی نه‌بوو ، به‌ڵکو مه‌به‌ستی تایبه‌تی له‌ دواوه‌ بوو .
دیسان ئه‌مریکا به‌ پلان و ، بۆ راکێشانی قاعیده‌ بۆ نێو عێراق و دوورخستنه‌وه‌یان له‌ ئه‌مریکاو شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهان که‌ مه‌به‌ستێتی ئاسایشیان تێدا بێت ، سنووره‌کانی عێراقی فه‌رامۆش کردو به‌ڕووی چه‌کداره‌ خۆکوژه‌کانی قاعیده‌یدا ئاوه‌ڵا کرد . ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ لۆژیکی ئه‌قڵ پرسیار هه‌ڵده‌گرێت ئه‌وه‌یه‌ : ئایا ئه‌مریکا ناتوانێت ئه‌و سنوورانه‌ بپارێزێت ؟ ئایا ئه‌مریکا ناتوانێت به‌هۆی مانگه‌ ‌ده‌ستکرده‌کانه‌وه‌ چاودێریی سنووره‌کان بکات ؟ یان به‌ هۆی سارووخه‌ دابه‌ستراوه‌کانی له‌سه‌ر ئوستۆڵه‌ جه‌نگییه‌کان ، که‌ له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و ده‌ریای سوورو که‌نداودا هه‌ن ، ناتوانێت یه‌ک به‌ یه‌کی ئه‌و شوێنه‌ سنوورییانه‌ی چه‌کدارانی قاعیده‌ و به‌عس لێی مۆڵده‌خۆن خاپوور بکات ؟ ئایا ئه‌مریکایه‌ک توانای پاراستنی سنووره‌کانی خۆی و وڵاته‌کانی په‌یمانی ناتۆو وڵاته‌ وابه‌سته‌کانی له‌ ئاسیاو ئه‌مریکای لاتین هه‌بێت ، توانای کۆنترۆڵی سنووره‌کانی عێراقی نییه‌ ؟ یان خۆی لێ گێل ده‌کات و مه‌به‌ستێتی ئاگری شه‌ڕو کوشتار به‌رده‌وام له‌ کڵپه‌سه‌ندندا بێت .
ئه‌مریکا به‌ په‌یڕه‌ویکردنی سیاسه‌تی جیاجیای دژ به‌یه‌ک و دنه‌دانی هه‌موو پێکهاته‌ ئه‌تنی و ئاینی و تایه‌فییه‌کان ، هه‌ر یه‌که‌ به‌ جۆرێک ، هه‌ر له‌ دنه‌دان به‌هۆی که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه‌ تا چه‌کدارکردنی ئه‌م یان ئه‌و به‌پێی پلان و چۆنیه‌تی بردنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ، ته‌نوورێکی داخستووه‌ که‌ به‌رودوا خه‌ڵکی گیرۆده‌ی عێراقی تێده‌که‌وێ .
ئه‌مریکا سیاسه‌تێکی چه‌ند سه‌ره‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ . خه‌ڵکی عێراق به‌گژ یه‌کتریدا ده‌کات . هه‌ر رۆژه‌ لایه‌نگیریی لایه‌نێک دژی لایه‌نێکی دیکه‌ ده‌کات ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ک و پاره‌ ده‌به‌شێته‌وه‌ ، ئاکامیش هه‌موو لایه‌نه‌کان ( عه‌ره‌ب ، کورد ، تورکمان ) یان ( سوننه‌ ، شیعه‌ ) یان ( موسڵمان ، مه‌سیحی ، ئێزدی ، صابیئه‌ ) و … هتد ، لاوازو زه‌بوون و عێراق سفر ده‌کات ، هه‌تا به‌م رێگه‌یه‌ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بێت و هه‌رچی زێتر ستڕاتیژی نه‌ته‌وه‌یی خۆی جێبه‌جێ بکات . دیاره‌ نرخی ئه‌و سیاسه‌ته‌ش ، ئه‌و لافاوی خوێنه‌یه‌ که‌ چوار ساڵه‌ له‌به‌ر گه‌لانی عێراق ده‌ڕوات و ناشزانرێت که‌ی به‌ربه‌ستێکی بۆ داده‌نرێ و راده‌گیرێت .
دابه‌شکردنی چه‌ک له‌ گونده‌کانی داقوق و ناوچه‌ی که‌رکوک ، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵێکه‌ بۆ په‌کخستنی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 ی ده‌ستووری عێراق ، سه‌ره‌تای سیاسه‌تی خۆشکردنی شه‌ڕی ناوخۆو ته‌شه‌نه‌کردن و هێنانی ئه‌و شه‌ڕه‌شه‌ به‌ره‌و کوردستان .

20 ی ئه‌یلولی 2007

سه‌ردانی وڵاتێکی بێ په‌رژین

رۆژی 3/9/2007 ، له‌ ناکاوو بێ ئاگاداریی کاربه‌ده‌ستانی عێراق ، جۆرج بوش و وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌و به‌رگری و فه‌رمانده‌ی له‌شکره‌کانی ئه‌مریکا سه‌ردانی عێراقیان کرد . له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا بنیشنه‌وه‌ ، له‌ بنکه‌یه‌کی سه‌ربازیی ئه‌مریکایی به‌ناوی ( قاعدة الاسد الجویة ) ده‌رکه‌وتن .
ئه‌مه‌ جاری یه‌که‌م نییه‌ که‌ کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیان بێ ره‌چاوکردنی ئه‌ته‌کێتی دیپلۆماسی و ، بێ دانانی نرخێک بۆ وڵاتێک که‌ گوایا سه‌روه‌رێتی هه‌یه‌ ، خۆیانی پێدا ده‌که‌ن و ئاغایانه‌ به‌دوای کاربه‌ده‌ستانی پایه‌بڵندی عێراقیدا ده‌نێرن تا له‌و شوێنه‌ی هه‌ڵیانداوه‌ بچنه‌ خزمه‌تیان .
ئه‌مریکا له‌م هه‌ڵوێسته‌دا به‌ئاشکرا عورفه‌ دیپلۆماسییه‌کان پێشێل ده‌کات و ، ده‌وڵه‌تی زه‌بوونی عێراقیش توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ ده‌می بکاته‌وه‌و هیچ نه‌بێ له‌ یادداشتێکدا ئه‌و پرنسیپانه‌یان بیربخاته‌وه‌ که‌ خۆیان وه‌ک زلهێزێکی ئه‌م جیهانه‌ له‌نێو په‌یمانی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا دایانناوه‌و مۆریان کردووه‌ .
ئه‌م شێوازه‌ ره‌فتاره‌ی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی به‌رامبه‌ر عێراق رووی راسته‌قینه‌ی داگیرکه‌ران ده‌رده‌خات و ئه‌م راستییانه‌ ده‌سه‌لمێنێ :
1 – عێراق خاوه‌نی هیچ سه‌روه‌رییه‌ک نییه‌ و ، له‌سایه‌ی داگیرکه‌راندا وه‌ک وڵاتێکی کۆلۆنی ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت .
2 – ئه‌مریکا وه‌ک داگیرکه‌رێک سه‌یری عێراق ده‌کات و ئه‌وه‌ی له‌ فه‌رهه‌نگی دیپلۆماسییاندا نه‌بێت ، رێزگرتنی ” سه‌وه‌رێتی ” ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ . عێراق له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا ( به‌ واقیعیش هه‌روایه‌ ) سه‌روه‌رێتییه‌کی کارتۆنیی هه‌یه‌ .
3 – وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا هیچ ئیعتیبارێک بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دانانێت و به‌ هاوشانی خۆی نازانێت تا له‌ڕێی ئه‌م که‌ناڵه‌ سه‌ره‌کییه‌ی دیپلۆماسییه‌وه ، به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان په‌یوه‌ندی و هاتووچۆو سه‌ردانه‌کان رێک بخرێت .
4 – عێراق سنوورێکی نییه‌ . بۆیه‌ چ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌کان و چ ده‌وڵه‌ته‌کانی دراوسێ هه‌رکاتێ ویستییان ، به‌ئاره‌زووی خۆیان ، به‌ناوی ده‌که‌ون و چییان بوێت ده‌یکه‌ن .
5 – کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیان ، ته‌نانه‌ت رێز بۆ کاربه‌ده‌ستانی باڵای عێراقی وه‌ک سه‌رکۆمارو سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیره‌کان دانانێن و ، مه‌به‌ستیان نییه‌ ئه‌وان ، وه‌ک عورفی دیپلۆماسیی ده‌خوازێ ، له‌ پێشوازییاندا بن .
داگیرکه‌رانی عێراق رۆژانه‌ له‌ هه‌ڵسوکه‌وتیاندا هه‌یمه‌نه‌ی سیاسیی خۆیان دووپاتده‌که‌نه‌وه‌و ، نه‌ “رزگاری” عێراق و نه‌ ” دیموکراسی ” و نه‌ ” خۆشگوزه‌رانی ” یه‌ک ، که‌ فشه‌یان پێوه‌ ده‌کرد ، له‌ ئه‌جنده‌یاندا نییه‌و ، ته‌نهاو ته‌نها به‌دوای ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانه‌وه‌ن و ، تا ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌یان مابێت ، به‌سه‌ر سنگی گه‌لانی عێراقه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌و ، کۆنتڕۆڵی هه‌ناسه‌دانی ئه‌م وڵاته‌ بێ په‌رژینه‌و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی گیرۆده‌خواردووی ده‌ستی تێرۆریزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی و تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی ده‌که‌ن . ‌

((دۆسته‌ ئه‌مریکاییه‌کانی کورد)) ناوه‌ندی پۆلیسی فریاکه‌وتنی گه‌رمیان بۆردومان ده‌که‌ن … !

ببورن له‌ ناونیشانی ئه‌م وتاره‌دا ئه‌مریکاییه‌کانم وه‌ک دۆستی کورد ناوبرد . ئه‌وه‌ کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کورد نین که‌ ئه‌مریکا به‌ دۆستی خۆیان بزانن . ئه‌وه‌ له‌سه‌ر زاری راگه‌یاندنی بۆرژوازیی ده‌سه‌ڵاتداری کورده‌وه‌یه‌ که‌ سیفه‌تی دۆستم دایه‌ ده‌وڵه‌ت و سیستمێک که‌ دۆستی هیچ گه‌لێک نییه‌ له‌م جیهانه‌داو ته‌نها به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی و ستڕاتیژی نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌وه‌یه‌تی .
ئه‌م دۆسته‌ی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی کورد رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی رابردوو 26/8/2007 له‌ ( ناحییه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ ) دوو جار به‌ فڕۆکه‌ی هیلیکۆپته‌ر هێرشی کردۆته‌ سه‌ر ( ناوه‌ندی پۆلیسی فریاکه‌وتنی گه‌رمیان ) و له‌ ئه‌نجامی بۆردومان کردنیدا 4 پۆلیس کوژراون و 8 ی دیکه‌ش بریندار بوون .
ئه‌مه‌ جاری یه‌که‌م نییه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ کوردستاندا په‌لاماری پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کوردو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی بده‌ن و زیانی گیانییان پێبگه‌یه‌نن . سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو جارێکیش به‌ بیانووی نه‌زانین و ” سه‌هو ” شانی خۆیان له‌م تاوانانه‌ خاڵی ده‌که‌نه‌وه‌ .
پێشتر، له‌ سه‌روبه‌ندی رووخانی رژێمی سه‌ددامدا فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی ئه‌مریکا ، له‌ نێوان هه‌ولێرو که‌رکوکدا هێرشیان کرده‌ سه‌ر کاروانێکی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی وله‌ ئه‌نجامی ئه‌و په‌لاماره‌دا برایه‌کی سه‌رۆکی پارتی به‌ خه‌ستی بریندار بوو . هه‌روه‌ها چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ش کوژران و بریندار کران .
جارێکی دیکه‌ش ، له‌ شاری موصل ، ئه‌مریکا هێرشی کرده‌ سه‌ر باره‌گایه‌کی یه‌کێتیی نیشتمانی و ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ له‌و په‌لاماره‌دا کوژران و بریندار بوون .
یه‌ک دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ریش له‌سه‌ر رێگای سلێمانی – که‌رکوک ئه‌مریکییه‌کان هێرشیان کرده‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و چوار هاووڵاتییان بریندار کرد .
چه‌ند باره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌لامارانه‌ ، که‌ هیچ پاساوێکیان نییه‌ ، مرۆڤ ده‌خاته‌ گومانی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر جاره‌ یان به‌ کۆی هه‌موو جاره‌کان په‌یامێک به‌ خه‌ڵکی کوردستان و به‌ تایبه‌تیش به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی بده‌ن . ناوه‌رۆکی ئه‌و په‌یامه‌ش جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر باڵاده‌ستیی ئه‌مریکاو ، سفربوونی کورد به‌گشتی و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ چاوی ئه‌مریکاوه‌ . ده‌یانه‌وێت بڵێن : ئێمه‌ له‌م وڵاته‌دا سه‌روه‌رین و ئێوه‌ له‌به‌رامبه‌رماندا هیچ نین و ده‌بێت گوێ له‌ مستی ئێمه‌ بن . پێمان ده‌ڵێن : پڕۆژه‌ی تایبه‌تی خۆتان بۆ خۆتان و ئێمه‌ چۆنمان ده‌وێت و چ پڕۆژه‌یه‌ک له‌م وڵاته‌دا پیاده‌ ده‌که‌ین ، ده‌بێت گوێڕایه‌ڵ بن و لێی ده‌رنه‌چن .
ئه‌مه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ دیوی ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌کان ، به‌ڵام له‌ دیوی ناوه‌وه‌و ، ئه‌وه‌ی له‌ کایه‌ی دیپلۆماسیی نهێنی نێوان ئه‌مریکاو ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا چی ده‌گوزه‌رێ ، نازانرێت و گه‌لی کورد له‌ مێژه‌ به‌ نه‌زانینی ئه‌و دیپلۆماسییه‌ته‌ راهێنراوه‌ !
ده‌بێت هێرش و په‌لاماری هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کوردو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی کوردستان شایانی ڕیسواکردن و بێزاری و تووڕه‌یی گه‌له‌که‌مان بێت و ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کورد وه‌ک زه‌نگێکی مه‌ترسیدار حسابی بۆ بکات و ، له‌ ئاستیدا به‌ ئاگابێت و ، به”‌ نیازپاکیی” ئه‌م ” دۆسته‌ ” ڕاگوزه‌ره‌ شه‌ڕه‌نگێزه‌ فریو نه‌خوات .

چوارده‌ی ته‌مموز مێژووی سه‌روه‌ریی دوێنێ و مژده‌ی رزگاری بۆ ئاینده

ئه‌مڕۆ رۆژی چوارده‌ی ته‌مموزه‌ ، چوارده‌ی ته‌مموز له‌ مێژووی جیهان و عێراق و کوردستاندا ، بۆنه‌یه‌کی ساڵانه‌یه‌ . رۆژی بیره‌وه‌ریی نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ی مرۆڤه‌ له‌ دووسه‌د ساڵی رابردوودا . ئه‌م رۆژه‌ بۆ نه‌وه‌ی ئێمه‌ش که‌ نیو سه‌ده ‌له‌مه‌وبه‌ر منداڵ بووین یاده‌وه‌رییه‌که‌ هه‌رگیز له‌بیر ناچێته‌وه‌ . بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش ده‌رس و په‌ندێکه‌ خۆیان شاهیدی گوتنه‌وه‌ی بوون و له‌ مێشکیاندا هه‌ڵکه‌ندراوه‌و ناسڕدرێته‌وه‌ .
چوارده‌ی ته‌مموزی ساڵی 1789 یاده‌وه‌ریی رووخاندنی به‌ندیخانه‌ی باستیل و به‌رپابوونی شۆڕشی مه‌زنی فه‌ڕه‌نسایه ، ‌ئه‌و شۆڕشه‌ی که‌ پێکهاته‌ی سیاسی – ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌ره‌به‌گایه‌تی پێچایه‌وه‌و له‌ شوێنه‌واریدا پێکهاته‌یه‌کی نوێی له‌ مێژوودا هێنایه‌ ئاراوه‌ که‌ پێکهاته‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌ .
شۆڕشی بۆرژوازی فه‌ڕه‌نسا وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی مێژوو بوو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ . ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ بوو که‌ بانگی مافه‌کانی مرۆڤ و دروشمه‌کانی ئازادی و یه‌کسانی و برایه‌تی دا . ئه‌و شۆڕشه‌ بوو که‌له‌ سایه‌یدا چه‌پ و راست و ، سه‌رمایه‌دارو پڕۆلیتاریا ، هاتنه‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و به‌رده‌وامییان به‌ ململانێی مێژووی خه‌باتی چینایه‌تی دا .
شۆڕشی بۆرژوازی فه‌ڕه‌نسا ، به‌ به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌م ململانێ نوێیه‌ له‌ مێژووی به‌رهه‌مهێناندا ، مژده‌ی سه‌رکه‌وتنی پڕۆلیتاریا و دواڕۆژێکی سۆسیالیستیشی بۆ به‌شه‌رییه‌ت هێنا . بۆیه‌ جیهانی پێشکه‌وتنخواز هه‌موو ساڵێک له‌م رۆژه‌دا ئه‌و یاده‌ به‌رزو به‌رزتر راده‌گرن .
لێره‌ش له‌ عێراقدا هه‌موو ساڵێک یاده‌وه‌ریی چوارده‌ی ته‌مموزی ساڵی 1958 ده‌کرێته‌وه‌ . جه‌ماوه‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی عێراق ، ئه‌مه‌کدارییان به‌رامبه‌ر ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ ده‌رده‌بڕن ، ئه‌و شۆڕشه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی هه‌ڵته‌کاندو وه‌رچه‌رخاندنێکی بۆرژوازییانه‌ی ، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ، له‌ ژیانی گه‌لانی عێراقدا کرد ، ئه‌و شۆڕشه‌ی که‌ ئه‌رکه‌کانی شۆڕشی نیشتمانی – دیموکراتی یه‌که‌ یه‌که‌ جێبه‌جێکرد تا زه‌مینه‌ی عێراقێکی سۆسیالیستی خۆش بکات . به‌ڵام هێزی نه‌گریسی جیهانی کۆن به‌ پشتگیریی ئیمپریالیزمی جیهانیی ئه‌م شۆڕشه‌یان له‌ناوبردو به‌ده‌ست به‌عسییه‌ فاشسته‌کانیانه‌وه‌ دا .
چوارده‌ی ته‌مموزی 1958 یاده‌وه‌رییه‌که‌ له‌ بیری رێبوارانی کاروانی ئازادی و یه‌کسانی و سۆسیالیزمدا ، ئه‌م شۆڕشه‌ رێزی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕێی ده‌ستی چینه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی گه‌ل ده‌کات که‌ سه‌رله‌نوێ ئه‌رکه‌کانی بکه‌نه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ی خۆیان و ، له‌ ره‌وتی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونیاندا به‌ره‌و سۆسیالیزم به‌دیبهێنن .
چوارده‌ی ته‌مموز له‌ مێژووی نه‌وه‌ی نوێی خه‌ڵکی کوردستانیشدا ئاوێته‌یه‌ به‌ یاده‌وه‌ریی بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی دوای رووخانی به‌عس ، به‌ تایبه‌تی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی له‌ مانگی ته‌مموزی 2003 دا سه‌ریهه‌ڵدا ، ئاوێته‌یه‌ به‌ کۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌که‌ی رۆشنبیران و نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و هونه‌رمه‌ندان له‌ چوارده‌ی ته‌مموزی 2003 دا تا بزووتنه‌وه‌ی ” به‌ره‌و ریفراندۆم ” به‌ڕێبخه‌ن و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان سازبده‌ن بۆ به‌رگری له‌ مافی بڕیاردانی چاره‌نووس و به‌رپاکردنی ریفراندۆمێک له‌ باشووری کوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد خۆی ، ئازادانه‌ ، بڕیاری چاره‌نووسی خۆی بدات که‌ ئایا ده‌یه‌وێت له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێنێته‌وه‌ یان جیابێته‌وه‌و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان دابمه‌زرێنێ .
ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی ( به‌ره‌و ریفراندۆم ) شکستی هێناو ئامانجه‌کانی به‌دینه‌هات و سیاسه‌تی کوردیی بووه‌ مایه‌ی پووکاندنه‌وه‌ی ، به‌ڵام له‌ کایه‌ی سیاسه‌ت و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورددا گوتارێکی سیاسیی کۆنی نوێکرده‌وه‌ که‌ ئه‌ویش گوتاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوو . ئه‌مڕۆ ئه‌م گوتاره‌ له‌ ویژدان و هه‌ست و هزری زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستاندا چه‌سپیوه‌و ، رووداوه‌کان هه‌تا دێت جێگیرتری ده‌که‌ن .
چوارده‌ی ته‌مموز له‌ مێژوودا ، هه‌میشه‌ مژده‌ی وه‌چه‌رخانێکی مێژوویی پێبووه‌ ، بۆیه‌ دڵنیاین که‌ مژده‌کانی ئاینده‌ش له‌ رۆژانێکی وه‌ک چوارده‌ی ته‌مموزدا وه‌رده‌گرین و ، ره‌وتی به‌شه‌رییه‌ت به‌ره‌و ئازادی و یه‌کسانی و ، دواتر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و بنبڕکردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ ، به‌ چه‌ند ” چوارده‌ی ته‌مموز ” ێکدا تێده‌په‌ڕێ .

14 ی ته‌مموزی 2007

جه‌وهه‌ری ئه‌نفال

ئه‌مڕۆ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه ئاکامی دادگایی تاوانبارانی ئه‌نفالمان بینی . سه‌رۆکی دادگا بڕیاری له‌ سێداره‌دانی سێ تاوانبارو ، زیندانیکردنی تاهه‌تایی دوو تاوانباری دیکه‌ی بۆ تاوانباره‌کان خوێنده‌وه‌ . له‌ولاشه‌وه‌ په‌یامنێری میدیاکان هه‌واڵی ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ندی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کانیان راده‌گه‌یاند ، چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌کردن ، ئه‌وانیش ناخی خۆیان ده‌کرده‌وه‌وساده‌و ساکار هه‌ڵیان ده‌ڕشت ، هه‌ستت ده‌کرد خۆشیی دایگرتوون ، هه‌ر یه‌که‌شیان داواکاری و پێشنیازی بۆ چۆنییه‌تی له‌ سێداره‌دانیان هه‌بوو ، به‌ڵام هه‌ر هه‌موو داواکارییه‌کان پڕبوون له‌ گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و کوشتن و کوت کوت کردن و کاردانه‌وه‌ی توندوتیژانه‌ وه‌ک ئه‌نجامێکی ئاسایی بۆ ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌عس هێنای به‌سه‌ریاندا ، راگه‌یاندنه‌کانیش په‌تی ده‌ڕبرینی ئه‌و هه‌ست و گیانه‌ی بۆیان شل کردبوو .
دیاره‌ ئه‌وه‌ مافی گه‌لی کوردو که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کانه‌ ئاهه‌نگ بگێڕن ، شایی بکه‌ن ، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی تاوانبارانی ئه‌نفال خۆشنوود بن و ، به‌ راده‌ی سافیی و بێگه‌ردیی دڵه‌ روونه‌که‌یان بدوێن و هه‌ستیان نه‌شارنه‌وه‌ .
ئه‌وانه‌ هه‌مووی بۆ قوربانییه‌کان ده‌سه‌لمێنین ، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ حه‌قیقه‌تێکی شاراوه‌ بکه‌ین ، په‌نجه‌ بۆ ئه‌و چاووڕاوه‌ راکێشین که‌ له‌م دادگایی کردنه‌و بڕیاری ئه‌مڕۆی دادگادا له‌ ناوه‌رۆکی مه‌سه‌له‌ی کورد کراوه‌ .
داماویی ئه‌قڵی دواکه‌وتووی خێڵه‌کی و راگه‌یاندنی نه‌به‌کامیی کوردیی له‌وه‌دایه‌ مه‌سه‌له‌که‌ له‌ گۆشه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و خۆشییه‌کی رووکه‌شیانه‌ی بێ جه‌وهه‌ردا ده‌خاته‌ روو ، کاره‌ساتێکی ئێجگار گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌نفال بچووک ده‌کاته‌وه‌و ، له ناوبردنی 182 هه‌زار مرۆڤی کورد به‌رامبه‌ر بڕیاری له‌ سێداره‌دانی سێ تاوانبار راده‌گرێ .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال له‌ سێداره‌دانی چه‌ند تاوانبارێک نییه‌ ، له‌ کاتێکدا هه‌زاران تاوانباری دیکه‌ی ئه‌نفالچی وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچوون و ، سه‌ری گه‌وره‌ی تاوانبارانیش ( صدام حسین ) به‌ پێی یاسا !! شانی له‌ تاوانه‌که‌ خاڵی کراوه‌ته‌وه‌ .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال ، پڕۆسه‌یه‌کی فاشستیانه‌و شۆڤێنیستانه‌ی جینۆسایدی گه‌لێکه‌ که‌ وه‌ک هه‌ر گه‌لێکی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌ مافی ژیانی هه‌یه‌ ، مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆی هه‌یه‌ ، مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ ، مافی خۆیه‌تی له‌ بنیاتنانی ژیاری به‌شه‌رییه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا هاوبه‌شیی بکات و له‌ دوا داهێنانه‌کانی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا به‌هره‌مه‌ند بێت .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال تاوانه‌و ، تاوانێکی زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ چه‌شنی هۆلۆکۆست و به‌کارهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی دژی هێرۆشیماو ناگازاکی .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال به‌کارهێنانی ئایین و شه‌رعییه‌ت پێدانی تاوانه‌ به‌هۆی ده‌قه‌ ئایینییه‌کانه‌وه‌ له‌لایه‌ن بۆرژوا ناسیۆنالیستی شۆڤێنی عه‌ره‌ب بۆ توانه‌وه‌و قڕکردنی گه‌لی کوردی ژێرده‌سته‌یان .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال ، تاوانێکی دژه‌ مرۆڤه‌ که‌ ده‌بێت له‌ ئاستی جیهانیداو به‌ ره‌سمی ئیدانه‌ بکرێت و وه‌ک مافێکی یاسایی ، کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی پاداشتی گه‌لی کوردو که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان بداته‌وه‌و ، لانی که‌م ، زیانه‌ ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کانیان بۆ قه‌ره‌بوو بکاته‌وه‌ .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال بژاردنه‌وه‌ی سته‌مێکی مێژووییه‌ که‌ گه‌لی کورد نزیک به‌ سه‌ده‌یه‌که‌ ، له‌ سایه‌ی ئهیمپریالیزم و ده‌سه‌ڵاتی شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بدا ، به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ و به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌ریایه‌ک خوێنی له‌به‌ر رۆیشتووه‌ .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال تاوانی کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی به‌ گشتی و ئیمپریالیزمی جیهانییه‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا ، که‌ کاتی خۆی بێده‌نگییان لێکردو ده‌ستی به‌عسیان ئاواڵه‌ کرد تا به‌و چه‌شنه‌ دڕندانه‌یه‌ و به‌ پێشێلکردنی هه‌موو یاساو رێککه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ، به‌ربێته‌ گیانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال ، تاوانی سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانییه‌ که‌ بۆ قازانج و پڕکردنی قاسه‌ی ده‌ریالووشئاسایان ، کۆمپانییه‌کانیان ژه‌هری کوشنده‌ی کیمیاوییان بۆ به‌عس کرده‌ دیاری و به‌عسیش – به‌ئاگاداری ئه‌وان – به‌سه‌ر خه‌ڵکی بێ گوناهی شارو شارۆچکه‌و گونده‌کانی کوردستانیاندا رژان .
جه‌وهه‌ری ئه‌نفال ، داستانێکی مێژووی ئاده‌میزاده‌ له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا . به‌یتێکه‌ هه‌رگیز ته‌واو نابێت . بیره‌وه‌رییه‌کی قه‌ترانیی ئه‌وتۆیه‌ ، نه‌ سێداره‌و نه‌ ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ندو نه‌ پڕۆجێکته‌ره‌کانی راگه‌یاندن ، ناتوانن رووناکایی به‌ ئه‌نجامه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی ئه‌مڕۆی ببه‌خشن .

24/6/2007 ‌

ده‌رس و په‌نده‌کانی رۆژی ره‌شی 9 ی حوزه‌یرانی 1963

لە مێژووی نیو سەدەی رابردووی گەلەکەماندا لە باشووری کوردستان ، رۆژگارێک هەن ئەوەندەی دەیان ساڵ وانەو پەندییان بەجێهێشتووەو، دەکرێت لە خەباتی رزگاریخوازانەی جەماوەری گەلی کوردو هێزە سیاسییەکانیدا جێورێیەکی تایبەتییان بۆ دابنرێت و ، لەبەرەو پێشەوە بردنی مەسەلەی ئازادیی نەتەوەییدا سوودییان لێوەربگیرێت .
یەکێک لەو رۆژانەی ئەو میژووە ، رۆژی رەشی 9 ی حوزەیرانی ساڵی 1963 یە .
لەم رۆژەدا ، دوای چەند مانگێک لە وتووێژی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول و کودەتاچییەکانی 8 ی شوباتی ئەو ساڵە ، کوردستان کەوتە بەر دڕەندەترین شاڵاوو پەلاماری سەربازیی. کودەتاچییەکان بە هەموو شێوە چەکێکی زەمینی و ئاسمانی، شوێنێکی ئەم کوردستانە نەما داینەبێژن. لە شارەکانیشدا هەڵمەتی رەشبگیری و کوشتنی خەڵکی بێتاوان بە شیوەیەک روویدا کە تا ئەو کاتە مێژووی گەلی کورد بە خۆیەوە نەدیبوو .
ئەم هێرش و پەلامارەی بەعسییەکان تەواوکەری سیاسەتێکی فاشستیانەی خوێناوی بوو کە هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتەوە ، لە سەرانسەری عێراقدا ، دژی هێزە چەپ و نیشتمانی و دیموکراتەکانی عێراق پیادەیانکرد .
بەعس بەم پەلاماردانەی کوردستان ، لە هەموو بەڵێنەکان و ئەو ” لامەرکەزییەت ” ە ش پەشیمان بووەوە کە بۆ فریودانی کورد لە کاتی وتەوێژەکاندا، بەیاننامەی سەلماندنی بۆ دەرکردبوو .
بەعس بە سیاسەتی فرت و فێڵی خۆی، بۆ جارێکی دیکە لە مێژووی عێراقدا، سیاسەتی کوردیی تووشی تەنگژە کردو، ساویلکەیی یان کەم ئەزموونی و ئەقڵییەتی خۆشباوەڕانەی سیاسەتمەدارانی کوردی ئاشکراکرد .
کاتێ بەعسییەکان بە پلان و بەرنامەی ئیمپریالیزم حکومەتی ( عبدالکریم قاسم ) یان رووخاند، سەرکردایەتی شۆڕشی کورد، یەکسەر شەڕی دژی سوپای عێراق راگرت و، پشتگیریی کودەتاچییەکانی کردو ، بەپیر داواکاریی وتووێژەوە چوو.
بەعسییکان کە ئەو کاتە لە هەموو لایەکی جیهانەوە نەفرەتیان لێدەکراو گۆشەگیر بوو بوون، لە ئاستی پەیوەندی دەرەوەیاندا خۆیان بە عبدالناصرەوە هەڵواسی و ، لە ئاستی سیاسەتی ناوەوەشدا پشتگیریی پارتی و شۆڕشیان مسۆگەرکرد، تا بتوانن لەسەر پێ خۆیان رابگرن و هێز بۆ لێدانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد کۆبکەنەوەو ، دواتر جەزرەبەی پێبگەیەنن وەک لە 9 ی حوزەیراندا گورزی خۆیان وەشاندو بۆ جارێکیدی ئاگری جەنگی دژە کوردیان ، گەرمتر لە جاران ، داخست .
ئەو رووداوە خوێناویانەی لە رۆژی 9 ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردەوە کۆمەڵێک وانەو پەندی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتیی کورد بەجێهێشت ، کە دەتوانین لەم چەند خاڵەدا کورت و پوختی بکەینەوە :
1. ناسینی دۆست و دوژمن مەرجێکی گرنگی کاری سیاسییە . تێکەڵکردنی دۆست و دوژمن ، ئەنجامەکەی تەنها بە شکست تەواو دەبێت . سەرکردایەتی شۆڕش گوێی بەم پێوەرە نەدا . بە کردەوە چاوی لە شێوازی فاشستیانەی بەعس و ئەو کوشتارگایانە نووقاند کە بەعس بۆ خەڵکی عێراقی دانابوو، بە تایبەتی شیوعییەکان ؛ ئەگەر چی خودی بارزانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا داڵدەیدان. بەڵام وەک شیکردنەوەو تێگەیشتنی سیاسی ئەو راستییە رەچاو نەکرا : کەحکومەتێک سیاسەتی قڕکردنی کۆمۆنیستەکان بگرێتەبەر ، بێ هیچ سێ ودوو لێکردنێکیش لە یەکەم هەلی لەباردا گەلێکی ستەمدیدەی دابەشکراوو پەراوێزخراوی وەک کوردیش دەتوێنێتەوەو بەرنامەی جینۆسایدکردنی پەیڕەو دەکات .
2. وتووێژ هونەرێکی سیاسییەو دەبێت بە کارامەیی هەڵسوکەوتی تێدا بکرێت. دانیشتنی دووقۆڵی و بەڵێن و پەیمان لە پشتی پەردەوە ؛ بە دیوەکەی تردا گوڕبەستنەوەو خۆئامادەکردنی حکومەتی داگیرکەر دەشارێتەوەو بە فریودانی ئۆپۆزیسیۆن دەشکێتەوە .
3. ئەزموونی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە چەکدارەکان تا ئەو سەردەمە،ئەوەی نیشان دەدا کە لە ماوەی وتووێژدا، کاتێ هێزی شۆڕشگێڕ بۆ ناو شارەکان دادەبەزێت ،لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانی دەوڵەتەوە ئاسانتر ( خەرق ) دەکرێت ، ئەم ( خەرق ) کردنە ، هەندێ جار ، دەبێتە مایەی تێشکانی گەورە یان هەر هیچ نەبێت دەبێتە هۆیەک بۆ لاوازکردنی شۆڕش .
4. ناسینی سروشتی چینایەتی دوژمن بەڵگەی هوشیاریی سەرکردایەتی هەر شۆڕشێکە. سەرکردایەتی کورد ئەو سەردەمە هیچ حسابێکی بۆ سروشتی چینایەتی بەعس نەکردبوو ، یان راستتر بڵێین سروشتی چینایەتیی دەسەڵاتی نەتەوەیی شۆڤێنیزمی عەرەبی هەڵنەسەنگاندبوو ، ئەو راستییەی لە بیری خۆی بردبۆوە ، کە لە بنچینەدا ، ئەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سیاسەتی داگیرکارییە، ستراتیژی کارکردنی دەسەڵات دیاری دەکات ؛ هەڵبەت داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان و بە تاڵانبردنی سامانەکانی هەمیشە لەم سیاسەتەدا خاڵێکی نەگۆڕ دەبێت .
5. دوژمن کاتێک وتووێژ دەکات کە لاوازییەک یان درزێک ، کەلەبەرێک لە بارودۆخی سیاسی یان ئابووری خۆیدا ببینێت. نەک هەر ئەوە بەڵکو دەستپێشخەری لایەنی باڵا دەست لە وتووێژی دوو لایەندا هەرگیز لە پیاوچاکییەوە نایەت . بۆیە هەمیشە هەڵوێستێکی کاتیی دەبێت و ، بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە بارودۆخەکەدا ، کە بەرژەوەندی خۆی تێداببینێتەوە ، لە وتووێژ پاشگەزدەبێتەوەو، دەست لە بەرامبەرەکەی دەوەشێنێت.
گەلی کورد ئەم راستییەی لە هەموو وتووێژەکانی نیو سەدەی پێشوودا تاقیکردۆتەوە ، کە یەکێک لەوانە وتووێژی دوای کودەتاکەی 8 ی شوبات بوو کە ئەنجامەکەی قەسابخانەکانی 9 ی حوزەیران و هەڵگیرساندنەوەی جەنگ لە دژی گەلی کورد بوو .
6. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە نیو سەدەی رابردووداو پێشتریش ، نەبوونی ستراتیژێکی روون و ئاشکرا بوو . هەمیشە سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە تاکتیکی بوون، بۆیە لەو درزەوە دوژمنان زەفەریان بە بزووتنەوەکە بردووەو لەسەر لایەنی کەمی داواکان پێیانداگرتووە . دیارە ئەو کاتەش هەر وابوو ، دروشمی بزووتنەوەکەو شۆڕش ( دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ) بوو، تەنانەت لەسەر ئەمەش مانۆڕو مامەڵە دەکراو ، بەعس پاشقولێکی گرت و تەنها ( لامەرکەزییەت ) ی سەلماند، بۆیە ئەو دروشمەی سەرەوە بە واقیعی بووە (فاشیزم بۆ عێراق و ئیدارەی لامەرکەزی بۆ کوردستان ) کە ئەوان بە ( شمالنا الحبیب ) ناویان دەهێنا .
ئایابزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد دەرسی لەو مێژووە وەرگرتووە ؟ ئەمە پرسیارێکە دەبێت لە یادەوەری رۆژێکی وەکو 9 ی حوزەیران و رووداوە خوێناوییەکانی ساڵی 1963 ئاڕاستەی نوێنەرانی سیاسی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردی بکەین .چونکە دواڕۆژی بزووتنەوەکەو چارەنووسی جەماوەری خەڵکی کوردستانی پێوە بەستراوەتەوە. هەڵە سیاسییەکان و ، کورتبینی و ، خوێندنەوەی هەڵەت و پەڵەتی بارودۆخەکان و ، تاکتیکی رۆژ بە رۆژو ، فەرامۆشکردنی ستراتیژ، کاریگەرێتی لەسەر کێشەکە دادەنێت و بۆ دەیان ساڵی تر گەلی کورد دەکاتە قوربانیی هاوکێشە نێو دەوڵەتی و هەرێمییەکان و، چەپۆکی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەبی لەسەر زیاد دەکات .
لە راستیدا ، ئەوە یەکێک لە کەموکووڕییە مێژووییەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردە کە نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە دەرس لە مێژوو وەرناگرن و بە هەمان هەڵەدا دەچنەوە، وەک ئەمجارەش لە دوای راپەڕین و، بە تایبەتی دوای هەرەسی بەعس لە 9 ینیسانی 2003 دا تێیکەوتنەوە کە لێرەدا تەنها ئاماژە بە چەند خاڵێکی دەکەین :
1- دیارینەکردنی دۆست و دوژمن و ، هاوکاریکردنی دوژمنانی دێرین و سەرسەختی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد واتە ئیمپریالیزم وشۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەب ؛ ئەو دوژمنانەی لە هەشتا تا نەوەد ساڵی رابردوودا مایەو سەرچاوەی هەموو کوێرەوەرییەکانی گەلی کورد بوون.
2- وەرچەرخان بەلای راستداو ، تووڕدانی هەموو ئەو پرنسیپە شۆڕشگێڕانەیەی مێژووی خەباتی بزووتنەوەکە لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزمدا، کە چەند نەوە شۆڕشگێڕانی کوردی پێ پەروەردە کراو، هەزاران هەزار رۆڵەی ئەم گەلە لە پێناویاندا گیانیان بەختکرد .
3- خۆشباوەڕیی بە بەڵێن و پەیمانی بۆرژوا شۆڤێنیزمی عەرەب و ئیمپریالیزمی جیهانیی کە ئەمریکا سەرکاروانیانە، بە بێ زامنکردنی مافەکانی گەلی کوردو بە نێودەوڵەتیکردن و دانپێدانانی ئەو مافانە .
4 – لە بیرکردنی سروشتی چینایەتی داگیرکەرانی کوردستان وحکومەتی نمایندەی گەلانی سەردەست لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. واتە لەبیرخۆبردنەوەی ئەو بەرژەوەندییانەی رێگەی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و توندوتیژی و توانەوەو سڕینەوەی شوناسی نەتەوایەتی خۆش دەکات و پلە دوویی بەسەر گەلەکەماندا دەسەپێنێ .
5 – کارکردن بۆ رەهەندی عێراقێتیی کێشەی کورد لە جیاتی داڕشتنی ستڕاتیژێکی نەتەوەیی روون و مەبدەئی و، پێداگرتن لەسەر مافی بڕیاردانی چارەنووس و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە باشووردا وەک مافی سروشتی و سیاسی و یاسایی .
دەبا یادی رۆژە رەشە خوێناوییەکەی 9 ی حوزەیرانی 1963 بزوێنەری خوێندنەوەیەکی نوێی مێژوومان بێت و، دەرس و پەندەکانی ئەو مێژووە ،چرای گوتاری سیاسی لەمەودوامان بێت .
دەبا دەرس و پەندەکانی ئەزموونی نیو سەدە شۆڕش و خەباتی بێوچانی گەلی کورد ، لە پێناوی گوتارێکی سیاسی نوێدا، سوودی لێوەرگیرێت .
دەبا مافی بڕیاردانی چارەنووس و پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان و ژیانی خۆشگوزەرانیی بۆ جەماوەری گەلی ستەمدیدەی کورد، ستڕاتیژو گوتارمان بێت .

9/6/2007

جه‌نگی حوزه‌یرانی 1967 و نابووتی ئایدیای شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب

چل ساڵ لەمەوبەرو، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ، ئیسڕائیل دەستپێشخەریی جەنگێکی فراوان و کورتخایەنی لە دژی دەوڵەتەکانی میسرو سوریاو ئوردن کرد .
بەر لە دەستپێکردنی جەنگ، فەرمانڕەوایانی ئەم سێ دەوڵەتە، بە تایبەتی میسر، هێزیان ئامادەکردبوو، هەڕەشەی لەناوبردنی دەوڵەتی جوولەکەیان دەکردو، نیازیان وابوو ئەم دەوڵەتە بە گەلەکەیەوە بۆ ناو دەریا فڕێبدەن. بەڵام هەر لە یەکەم رۆژی جەنگەوە هاشوهووشیان پووچبووەوەو، لە مەیدانی جەنگدا تێکشکان و، گەورەترین هەرەس بە سەر سوپای عەرەبی و، راگەیاندنی چەواشەکاری عەرەبی و، ئەقڵییەتی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەبی و، سیستمی رەسمی و دیکتاتۆریی عەرەبیدا هات .
لەم جەنگەدا، ئیسڕائیل بە شەش رۆژ توانی غەززەو سیناو کەناری رۆژئاواو جۆلان داگیر بکات و دەسەڵاتی عەرەبییان لێبکاتە دەرەوە.
جەنگی حوزەیرانی 1967 ی نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتانی عەرەب، سەرەتای وەرچەرخاندنێکی گەورە بوو لە مێژووی ناوچەکەدا، کە هەر دوو لای جەنگ – هەر یەکەیان بە جۆرێک – پێیاننایە قۆناغێکی دیکەی ململانێوە کە لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە .
ئەم جەنگە بۆ ئیسڕائیل و بەرەی ئیمپریالیزمی جیهانیی بە سەرکردایەتی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورە بوو، خاڵی دەستپێکردنی هێرشێکی پێچەوانە بوو لە رۆژئاواوە دژی روسیاو بلۆکی رۆژهەڵات و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلانی جیهان بە گشتی و، دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەب و هێزە چەپەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی. جەنگی سارد لەم خاڵەوە روو لە هەڵکشان چوو تا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، بە هەرەسی سۆڤیەت و وابەستەکانی لە ئەوروپادا کۆتایی هات. هەروەها بووە مایەی توندبوونەوەی هێرشی ئیمپریالیزمی جیهانیی، بە تایبەتی ئەمریکا، بۆ سەر بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و خەباتی رزگاریخوازانەی گەلانی ئاسیاو ئەفریقیاو ئەمریکای لاتین ؛ لە پەنا ئەمیشدا ئیسڕائیل چەند جارە سیاسەتی داگیرکاریی و رەگەزپەرستیی و زایۆنیستانەی خۆی پەرەپێداو هەتا ئیمڕۆش لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوامە.
جەنگی حوزەیرانی 1967 ، جگە لەوەی سیستمی رەسمیی عەرەبی تێکشکاند ، تەپڵی نابووتیشی بە ئایدیای نەتەوەیی شۆڤێنیزمی عەرەب لێدا ، زەمینەی پاشەکشەی سۆسیالیزمی نەتەوەیی خۆشکرد ، ئەفسانەی سەرکردەی کارێزمایی نەتەوەیی پووچکردەوە ، پەردەی لەسەر ئەقڵییەتی دواکەوتووانەی بۆرژوازییەتی عەرەب هەڵماڵی، باڵادەستیی زانست و تەکنۆلۆژیای رۆژئاوایی سەلماند .
ئەم جەنگە ، رژێمە دیکتاتۆرییەکان و سیاسەتی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و سەرکوتی جەماوەرو پێشێلکردنی ئازادی و دیموکراسی و ئەقڵییەتی بەدویانەی عەرەبیی ، ریسوا کرد .
لەگەڵ ئەوەشدا ، جەنگ هەر ئەم رووە سەلبییەی نەبوو ، بەڵکو بەرەنجامی دیکەشی لێڕسکا. جەنگ بووە هۆکاری تەقینەوەی بێزاری و تووڕەیی جەماوەری ستەمدیدەی عەرەب و فەلەستین، بووە پێگەی سەرهەڵدانی بەرهەڵستی گەلانی عەرەب و، لە سەنگەری پێشەوەیاندا گەلی فەلەستین. ئەم بەرهەڵستکردنە راستەوخۆ لوبنانیشی گرتەوەو ، لە ئاستی سیاسیشدا بۆ هەموو وڵاتانی عەرەب تەنییەوە ؛ ئەمە جگە لەوەی تایبەتمەندێتی بەرهەڵستکاری و بەرپەرچدانەوەی، بە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی فراوان،لەمسەر تا ئەوسەری وڵاتانی عەرەب ، بەخشی. بەرهەڵستی و بزووتنەوەی حزب و رێکخراوە فەلەستینییەکان بووە تەوەرەی خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی بەربڵاو لە نێو جەماوەری عەرەبداو، جەنگێکی بەرهەڵستکاریی دژی ئیسڕائیل و ئیمپریالیزمی جیهانیی لێکەوتەوە، کە سەرباری ئاڵۆزی کێشەکەو لادان و بادان و خۆبەدەستەوەدانی سەرانی عەرەب و ملکەچبوونیان بۆ پڕۆژە ئیمپریالیستی و زایۆنیستییەکان ، هێشتا بە پێوە خۆی راگرتووەو شەڕی ژیان و مردن دەکات .
لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا گەلی بەرهەڵستکارو خۆڕاگری فەلەستین بە خوێنی خۆی دژی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی زایۆنیستەکان بۆتەوە . سیاسەتی نیشتەجێکردن و بە جوولەکەکردنی قودس و برسیکردنی خەڵک و بڵاوبوونەوەی بێکاری …هتد ، نەیتوانیوە لە ئیرادەی رزگاریخوازانەی ئەم گەلە کەمبکاتەوە ؛ تەنانەت سیاسەتی خۆبەدەستەوەدان و سەوداکاریی حکومەتی فەلەستین و ، رێککەوتننامەکانی میسرو ئوردن و دەسەڵاتی فەلەستینیش لەگەڵ ئیسڕائیل، نەیتوانیوە پێش بە بەرهەڵستکارانی فەلەستینی بگرن ، یان بەرە بەرە خاویانبکەنەوە تا لە کۆتاییدا خامۆشییان بەسەردا بسەپێنن .
گەلێک کە بەو گیانەوە خەبات بکات و لەسەر مافەکانی خۆی سوور بێت و لە گیانبەختکردن سڵنەکاتەوە، دەسەڵات نەتوانێ فریوی بدات، تەنانەت پەنا بباتە بەر بەردیش بۆ بەرهەڵستیکردن ، بێ هیچ گومانێک سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی دەگات .

2007/6/5

دروشمێکی چه‌واشه‌کار

لێرە ، لە عێراق و کوردستان، بە شەقامەکانی هەر شارێکدا بسووڕێیتەوە، یان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بچیت، لە زۆر شوێن دروشمێک دەبینیت لەسەر پلێتێکی بۆیەکراو لە کەناری شەقامەکاندا دانراوەو نوسراوە :”الارهاب لا دین لە ” ، لە شێوەی دڵۆپ و رێچکەی خوێندا بۆیەیەکی سوور دەبینیت، کە بە پیتەکانی وشەی ” الارهاب ” دا هاتۆتە خوارێ. ئەم دروشمە ( گوایا ) بەشێکە لە هەڵمەتێکی راگەیاندن بۆ چارەسەرکردنی تێرۆر !
ئەم دروشمە سەرباری ئەوەی ملیۆنەها دۆلاری لە پارەی خەڵکی عێراق و کوردستان بۆ خەرج کراوەو رەنگە نیوە زێتریشی هەڵلووشرابێ؛ سەرەڕای ئەوەی گەوجێتی داگیرکەران و دارودەستەکانیان دەردەبڕێت، ئەو پەڕی چەواشەکاریشە کە راگەیاندنی رەسمیی داگیرکەران و حکومەت ئاڕاستەی بیرو هۆشی خەڵکیی دەکەن و، دەیانەوێت لەم رێیەوە سێ ئامانجی سەرەکی بپێکن :
1- تەزکییەکردنی ئەمریکاو هێزە داگیرکەرەکانی دیکە لەو تراژیدیایەی ئیمڕۆ لە عێراقدا هەیە. بەم جۆرە دروشمانە سیاسەتی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەمریکا پەردەپۆش دەکەن. ناکۆکیی سەرەکیی گەلانی چوارچێوەی عێراق لەگەڵ داگیرکەران دەشارنەوەو، ئۆباڵی هەمووی بە پاڵ تێرۆریزمی تەکفیری و بەعسی دەدەن.
2- رووپامایی هێزە چەکدارەکان ( مێلیشیا ) ی ئیسلامیی سیاسیی سوننەو شیعە دەکەن،تاوانەکانی جەنگی تایەفی و، کوشتنی خەڵکیی لەسەر شوناس و، ئاوارەکردنی چەند ملیۆن هاووڵاتی و هەڵکەندنیان لە زێدو شوێنی کارو خانەو لانەی خۆیان، پێ دادەپۆشن. تێرۆریزم ، تەنها وەک ناسنامەی کردەوەکانی قاعیدەو بەعس دەناسێنن و ئەو مێلیشیایانەی لێدەردەکەن.
3- درۆیەکی زەقی شاخدار لەگەڵ خەڵکیی دەکەن، گوایا ئەوانەی کاری تیرۆر ئەنجام دەدەن ئایینیان نییەو ( تێرۆر لە پێناوی تێرۆر ) دا دەکەن. بەمەش دەیانەوێت نکوولی لە کاریگەرێتی ئایین بکەن لەسەر بیرو هۆش و رەفتاری خەڵکی و، تەنها وەک کارێکی ململانێی سیاسی بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات، لە مێشکی خەڵکیدا جێگیر بکەن، بەبێ ئەوەی بپرسن چۆن ؟ چۆن گەنجێک دێت مردنێکی حەتمی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت ئەگەر بڕوایەکی ئایینی بەهێزی نەبێت ؟! تەنانەت ئەگەر ئەم کردارەی بە هۆی کاریگەرێتی ( شۆردنەوەی مێشک ) یشەوە بێت، دیسان هەر بەڵگەی ئەوەیە کە خۆکوژییەکە، ناوەرۆکێکی پڕاوپڕ لە بڕوای ئایینی لە دواوەیە.
مەسەلەی خۆکوژیی لە شێوە فەردییەکەیدا، کە کەسێک دەستی دەچێتە خۆی و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ، بەرئەنجامی ئەوپەڕی نائومێدییە کە یەک بڕوا دەداتە ئەو کەسە، ئەویش بێهوودەیی ئەم ژیانەو پێویستیی کۆتایی پێهێنانێتی. ئەم نائومێدییە، هەموو جیهان و پەیوەندییەکان و رابردوو و پڕۆژەکانی ژیان دەکاتە تەنها خاڵێک و، بە خۆکوشتن ئەو خاڵە دەسڕێتەوە.
خۆکوژیی، لە شێوە جیاجیاکانی سیاسی و ئایینی و تایەفییە بەربڵاوەکەشیدا بەرئەنجامی کاریگەرێتی ئایدۆلۆژیایە کە دیسان هەموو ژیان دەکاتە خاڵێک و ، بڕوای وایە بە سڕینەوەی ئەو خاڵە پێدەنێتە جیهانێکی خۆشترەوە ( بەهەشت لە لای ئایینداران ) و، جیهان وژیانێکی باشتر بۆ هاوڕێیان و نەتەوەو چینەکەی، واتە بەدیهێنانی ( پڕۆژەی فیکری و سیاسی و دەسەڵات و…هتد ) کە کەسی خۆکوژ بڕوای پێیەتی و لەو پێناوەدا ئەو رێگەیەی گرتۆتەبەر
لەبەر ئەوە، ئەو دروشمە، دروشمی ” تیرۆریزم ئایینی نییە ” راست نییە و ، لە چەواشەکاریی بەولاوە هیچ ناخاتەوەو،ئەوەندەی تۆزقاڵێک کاریگەرێتی بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵکیی نابێت و، بگرە تێرۆریستان بۆ کاری راگەیاندن و سیاسەتی خۆیان سوودی لێوەردەگرن.

2007/5/30

به‌رنامه‌ی شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب و
جینۆسایدی کورد

بارودۆخێکی سیاسی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا هه‌یه‌ ، پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێست و رووداوه‌کانی مێژووی پێکهاتنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ده‌خوازێ . ئه‌م پێداچوونه‌وه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی هاووڵاتییانی گه‌لێکی سته‌مدیده‌ی وه‌ک کورد ، نه‌ک هه‌ر پێویسته‌ ، به‌ڵکو چاره‌نووسسازیشه‌ .
له‌وه‌ته‌ی باشووری کوردستان به‌ بڕیاری کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان ( عصبة الأمم ) ساڵی 1925 به‌ عێراقه‌وه‌ لکێندراوه‌ ، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و سته‌مه‌ی له‌م گه‌له‌ کراوه‌ ، هه‌موو ئه‌و ئاکامانه‌ی له‌ به‌رهه‌ڵستکاریی خه‌ڵکی کوردستان که‌وتوونه‌ته‌وه‌ ؛ ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا دواڕۆژی مانه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقداو له‌ژێر سایه‌ی گه‌لی سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب له‌مه‌ترسیدا نه‌بووه‌ . ته‌ختبوونی عێراق له‌ ئاینده‌دا بۆ بۆرژوا ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی – ئیسلامی ، ئه‌و مه‌ترسییه‌ له‌ ئه‌گه‌رێکه‌وه‌ ده‌کاته‌ واقیع . ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رنجدانی ململانێکانی نێوخۆی عێراق به‌و سه‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌ین که‌ ئه‌گه‌ری توندکردنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پله‌ دوویی هاووڵاتی کورد هه‌تا دێت زێتر ده‌بێت و ، ئه‌مریکای پشتیوانی ناجێگیریی بۆرژوازییه‌تی کوردیش له‌ژێر زه‌بری ده‌ستوه‌شاندنه‌کانی تێرۆریزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی ئاماده‌یه‌ له‌سه‌ر مافه‌کانی کوردو جێوڕێی له‌ قه‌واره‌ی داهاتوودا سه‌وداو سه‌وداکاریی به‌ناوی ” ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی ” له‌گه‌ڵ تێرۆریستان بکات .
ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ به‌ ئاکامی ململانێی خاڵه‌ گڕگرتووه‌کانی ناوچه‌که‌وه‌ وه‌ک ئه‌فغانستان و فه‌له‌ستین و لوبنان و ئێران‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی یه‌کلاییبوونه‌وه‌ی ئێران بۆ ئه‌مریکاو هێزه‌ وابه‌سته‌کانی ، هاوکێشه‌کان ده‌گۆڕن و ، هه‌لی هاتنه‌دی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌ زێتر ده‌ڕه‌خسێنێت .
شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا ، هه‌موو مافێک بۆ خۆیان به‌ڕه‌وا ده‌بینن و له‌سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق ، که‌ ئینگلیز ده‌ستی له‌ پێکهێنانیدا هه‌بوو ، سوورن . یه‌کگرتنی نیشتمانی عه‌ره‌بیان ده‌وێت و ، کوردو گه‌لی باشووری سودان و ئه‌مازیغییه‌کان و … هتدیش ، وه‌ک گه‌لانی ژێرده‌سته‌یان ، نێو پڕۆژه‌ی ئه‌م یه‌کگرتنه‌ ده‌خه‌ن . هه‌روه‌ها ده‌ستیان به‌ ده‌زگایه‌کی ده‌سته‌پارچه‌ی وه‌ک جامیعه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ گرتووه‌و بۆ مه‌رامه‌کانیان به‌کاریده‌هێنن . شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ ره‌وت( تیار ) و ئایدیاو سیاسه‌ته‌ باوه‌کانی جیهاندا خۆی ده‌گونجێنێت . هه‌تا دوێنێ بانگاشه‌ی سۆسیالیزمیان ده‌کردو دۆستی ده‌وڵه‌ت و حزبه‌ سۆسیالیست و به‌ناو سۆسیالیسته‌کان بوون ، ئه‌مڕۆش بانگاشه‌ی دیموکراتیزم ده‌که‌ن و ، بۆ سبه‌ینێش به‌رنامه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌ هه‌گبه‌یاندایه‌ .
هه‌موو ره‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی عه‌ره‌ب ، بێ شه‌رمانه‌ ، له‌ پێڕه‌وی سیاسه‌ت و بانگاشه‌ی ئایدیایه‌که‌وه ‌بۆ پێڕه‌وی سیاسه‌ت و ئایدیایه‌کی دیکه‌ ده‌گوێزنه‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌ر هه‌وڵێکی جیاواز له‌وه‌ ، له‌و نه‌ته‌وانه‌ قبووڵ ناکه‌ن که‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ سه‌پێنراوه‌کانیاندا ده‌ژین .
یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وانه‌ کورده‌ که‌ زێتر له‌ هه‌شتا ساڵه قوربانیی پڕۆژه‌و سیاسه‌ت و پڕاکتیکه‌کانی شۆڤێنیستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌به‌ له‌ عێراقدا .
شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب ، نه‌ک هه‌ر ئاماده‌ نه‌بووه‌ ناسنامه‌ی تایبه‌تی کورد بسه‌لمێنێ به‌ڵکو له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا ناسنامه‌ی هاووڵاتیشی لێزه‌وتکردووه‌و هه‌موو رێگایه‌کی بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵکی کوردستان ، تا راده‌ی جینۆساید ، گرتۆته‌به‌ر .‌
شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا سه‌ره‌ڕای له‌شکرکێشی بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌کانی باشووری کوردستان ، په‌نای بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌ ئیمپریالیستییه‌کانیش ده‌برد وه‌ک په‌یمانی سه‌عدئاباد له‌ ساڵی 1937 دا دژی شۆڕشی بارزان و ، په‌یمانی به‌غدا که‌ دواتر به‌ سه‌نتۆ ناسرا ( 1955 ) . دوای شۆڕشی چوارده‌ی ته‌موزیش هه‌ر زوو ئه‌و که‌مه‌ ئازادییه‌و دانپێدانان به‌ کورددا وه‌ک هاوبه‌شی عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا پێچرایه‌وه‌و ساڵی 1961 ، به‌ له‌شکرکێشی بۆ سه‌ر کوردستان ، زه‌نگێکی مه‌ترسیداری تر بۆ تواندنه‌وه‌ی کورد لێدرایه‌وه . له‌شکرکێشی به‌رده‌وام بوو تا کوده‌تاکه‌ی به‌عس – عارف له‌ شوباتی 1963 دا ، که‌ دوای ماوه‌یه‌ک ئاگربه‌ست ده‌ستیپێکرده‌وه‌و تا کۆتاییهاتنی سه‌رده‌می هه‌ردوو عارف درێژه‌ی کێشا . کوده‌تای دووه‌می به‌عس درێژه‌پێدانی هه‌مان سیاسه‌ت بوو به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌تر به‌ جۆرێک ده‌توانین سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی دووه‌می به‌عس به‌ ڕه‌شترین و خوێناویترین سه‌ر‌ده‌می په‌یوه‌ندی کوردو گه‌لی سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب بژمێرین له‌ عێراقدا . چونکه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا جینۆساید به‌ واقیعی گه‌یشته‌ لوتکه‌و له‌ نێوان هێرشه‌کانی کیمیاباران و ئه‌نفاله‌کاندا به‌رنامه‌ی قڕکردنی کورد به‌ شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک په‌یڕه‌وکرا تا جه‌نگی که‌نداوو راپه‌ڕینه‌که‌ی مارتی 1991 رایگرت .
ئه‌مڕۆش به‌ لکاندنه‌وه‌ی باشووری کوردستان به‌ عێراقه‌وه‌ ، له‌ سایه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و شه‌ڕی ناوخۆییی تایه‌فی و په‌ره‌سه‌ندنی ململانێی تێرۆریزمی ئیسلامی و تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکادا ، مه‌ترسی جینۆسایدێک له‌ دواڕۆژدا به‌دیده‌کرێت .
بۆ به‌رگرتن به‌و مه‌ترسییه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌ ، پڕۆژه‌ی خه‌باتێکی به‌رنامه‌ڕێژکراوی سیاسی بۆ جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ته‌نها رێگایه‌که‌ گه‌لی کورد له‌ تراژیدیای ژێرده‌سته‌یی و مه‌ترسی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر بوونی نه‌ته‌وایه‌تی بپارێزێت و ئاسۆی دواڕۆژێکی نوێ و ژیانێکی نوێی له‌به‌رده‌مدا بکاتەوە‌ . ‌

باجی هه‌ڵه‌ی سیاسی

کاری سیاسی یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین کارەکانی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ و، کاریگەرێتیی لەسەر هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان هەیە . چارەنووسی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان و بەرئەنجامی ململانێیە سیاسییەکانەوە دیاردەکەوێت.
ئەم شێوە کارە جێوڕێیەکی تایبەتی هەیەو ، لە هەموو بوارەکانی دیکەدا بەم رادە یان ئەو رادە ، زۆرو کەم ، رەنگدەداتەوە.
چەمکی کاری سیاسی یان سیاسەت بۆ هەر چینە پێناسەو شێوازی جیاوازی هەیە. چەمکی باوی بۆرژوازیانەی سیاسەت : دیپلۆماسیی نهێنی و ، کاری چەند روویی و، چەواشەکاری و، رێککەوتنەکانی پشت پەردەو، گۆڕینی هەڵوێست بە پێی بەرژەوەندییەکانی رۆژو ، هەڵخەڵەتاندن و، پاشقولگرتن و ، تەنافبازی و، راست و چەپ کردن و ، پشتگوێخستنی کۆمەڵانی خەڵک و، نەبوونی شەفافییەت و، هاوپەیمانێتی کاتیی و پێشێلکردنی هەموو رێساکانی پەیوەندی مرۆیانەیە لە نێو هێزە بۆرژوازییە دەرگیرەکانی گۆڕەپانی سیاسیدا .
ئەم پێناسەیە بۆ چەمکی سیاسەت ، پڕبەپڕی واقیعی کاری سیاسی ئەمڕۆیە لە سەرانسەری جیهاندا . ئەو تایبەتمەندییانەی سیاسەت، بەم شێوە یان ئەو شێوە لە عێراقیشدا پیادە دەکرێت و ، دەگمەن راستگۆیی سیاسی و شەفافییەت لە کاری حزب و رێکخراوو بەرە سیاسییەکاندا بەدیدەکرێن . بنچینەی پەیوەندییەکان بەرژەوەندیی کاتییەو ، هەڵوێستەکان رۆژ بە رۆژەو ، لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت وەرناگیرێن . بۆیە هێزە دەرەکییەکان ، لەڕێی دەزگا موخابەراتی و جاسوسییەکانیان، لەشکرە داگیرکەرەکانیان ، رێکخراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانیانەوە ، دەبنە سەرچاوەی هێزو دەسەڵاتی ئەم حکومەت و ئەو بزووتنەوەو، ئەم حزب و ئەو بەرە ؛ کاتێکیش ئەم هێزە دەرەکییانە بەرژەوەندییەکانیان گۆڕانکاریی خواست ، بێ گوێدانە هیچ پرنسیپێکی ئەخلاقی هەڵوێستەکانیان دەگۆڕن ، هاوپەیمانییەکی نوێ پێکدەهێنن و ، هاوپەیمانییەکی کۆن یان پەککەوتووی پێدەخەن و هەڵیدەوەشێننەوە، یان سەرەتای ئەم پڕۆسەیە هەوڵی کەمکردنەوەی تواناییەکانی دەدەن تا دواتر بە ئێجگارەکی لە گۆڕەپانەکە دەریدەپەڕێنن .
لەبەر تیشکی ئەو بۆچوونانەی سەرەوەو، لە نێو خودی ئەو پڕۆسەیەدا دەبێت کۆنگرەی هێزە عەرەبی – ئیسلامی – و صەددامییە شۆڤێنیستەکان لە قاهیرەو مەسەلەی پێکهێنانی بەرەیەک دژی بەرەی فەرمانڕەوای ئێستای عێراق ، هەڵبسەنگێنین و ، بوونی موخابەراتی بیانی لە پشتیانەوە بە کارێکی ئاسایی بزانین .
هەڵبەت لێرەدا دوو راستیی هەیە پێویستە بەو پەڕی شەفافییەتەوە باس بکرێن :
1. پەیڕەوکردنی سیستمی شێوە رۆژئاوایی و بانگەشەکردن بۆی لە لایەن بزووتنەوەی رەسمیی نەتەوایەتی کوردەوە کە لە هەر دوو حزبی دەسەڵاتداردا خۆی دەنوێنێ ، دەخوازێت ئەو شێوازە دیموکراتییە لیبڕاڵە قبووڵ بکەن و ، پێکهێنانی حزب و رێکخراوو بەرەی نوێ و فڕاکسیۆنی جیا جیا و پلوڕالیزم لە هەموو کایەکانی ژیانی سیاسیدا ، لە لایان ئاسایی بێت و، بێ دەنگ و بێ هەراوهوریا خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن .
2. بۆ ئەوەی لەڕووی راگەیاندنەوە، ناسێۆنالیزمی شۆڤێنیستی عەرەب ، وەک کاردانەوەیەکی دوژمنکارانە بەرامبەریان ، کە بێگومان لەسەر کوردیش دەکەوێت، دەمیان لێنەکەنەوە، نابێت رەتکردنەوەکەیان سەبارەت بە بوونی کۆنە جاشی کورد بێت لەگەڵیاندا، چونکە خودی سەرکردایەتیی هەر دوو حزب لە زۆر ماوەی کاری سیاسییاندا چ پێش راپەڕین و چ دوای راپەرینی 1991 و هەتا ئێستاش مامەڵەی دۆستانەیان لەگەڵ زۆربەی سەرۆک جاشەکاندا کردووە. لە راپەڕیندا لێبوردنی گشتییان بۆ دەرکردوون، تەنانەت رێگاشیان پێدراوە حزب و رێکخراوی سیاسی دروست بکەن .
لە راستیدا هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار وەک نوێنەری شۆڕش و خەباتی چەکداری و بەرهەڵستکارانی رژێمی بەعس ، هێلێکی سووریان بۆ هەڵوێستی جاش و جاسوس و بەعسییەکان نەکێشابوو، کە دەبوایە بە یاسا رێ لە چالاکیی سیاسییان بگیرایە ، نەک ئازادییان بدرێتێ و، لە پلەو پایەی بەرزدا دایانبنێن و بکرێنە وەزیرو بریکاری وەزارەت و ئەندام پەڕلەمان و راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی و . . . هتد لە دامودەزگاکانی حکومەتدا .
تێگەیشتن یان چاونەنووقاندن لە رۆڵ و نیازو مەرامەکانی داگیرکەران لە عێراقدا ، شیکردنەوەی سیاسەتەکانیان، ناسین و ئاشکراکردنی تایبەتمەندییە ئیمپریالیستییەکانی داگیرکەران ، سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی مێژوو ، گەڕانەوە بۆ جەماوەری خەڵکی کوردو، خەباتکردن بۆ بەدیهێنانی ریفراندۆمێک ، بە مەبەستی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەڕێی کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ، تاکە چارەو بەرپەرچدانەوەی دندانشکێنە بەرامبەر شۆڤێنیزمی عەرەبی – ئیسلامیی عێراق و، ئەو پلانە صەددامییانەی دژی مافە رەواکانی گەلی کورد دایدەڕێژن ؛ ئەگینا دەبێت باجی هەڵە سیاسییەکانی چەند ساڵی رابردوو بە زیادەوە بدەینەوە، کە بێ هیچ گومانێک لەسەر جەماوەری ستەمدیدەی گەلی کورد زۆر زۆر دەکەوێت .

ئه‌و گوڵبارانه‌ سیاسه‌ت بوو یان ساویلکه‌یی ؟
چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ، له‌ دوا رۆژه‌کانی مانگی حوزه‌یراندا ، پۆل برێمه‌ری فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و کاته‌ی عێراق سه‌ردانی شاری سلێمانی کرد . کاربه‌ده‌ستان رێوڕه‌سمێکی داخراویان بۆ پێشوازیکردنی رێکخست . منداڵ و گوڵیان برده‌ خزمه‌تی و تا توانییان گوڵبارانیان کرد . رۆژی دواتر رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ به‌ مانشێتێکی گه‌وره‌ نووسی : ” له‌ رێوڕه‌سمێکی گه‌وره‌دا جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان و گوڵباران پێشوازییان له‌ پۆل برێمه‌ر کرد . ”
رۆژنامه‌که‌ له‌ دوا لاپه‌ڕه‌ی هه‌مان ژماره‌دا ، دوو وێنه‌ی برێمه‌ری بڵاوکرده‌وه‌ یه‌کێکیان له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵێکدایه‌ گوڵی ده‌ده‌نێ و ، ئه‌وی تریان وێنه‌ی گوڵبارانی برێمه‌ره‌و ، له‌ ژێره‌وه‌یاندا نووسرابوو : ” برێمه‌ر ، له‌ نێوان گوڵباران و به‌رائه‌تی منداڵانی کوردستان و عێراقدا . ” [ کوردستانی نوێ ، ژماره‌ 3104 یه‌کشه‌ممه‌ 29/6/2003 ]
هه‌ردوو لاپه‌ڕه‌که‌ ره‌نگاوڕه‌نگ بوون . دیاره‌ گله‌یی له‌ شێوه‌ی خستنه‌ڕووی هه‌واڵه‌که‌و چۆنیه‌تی رازاندنه‌وه‌ی ناکرێت ، ئه‌وه‌ کارێکی هونه‌رییه‌و ئه‌رکی رۆژنامه‌یه‌ هه‌واڵی وێنه‌دار به‌وپه‌ڕی جوانییه‌وه‌ نیشان بدات ، به‌ڵام ناوه‌رۆکی هه‌واڵه‌که‌ مایه‌ی ره‌خنه‌ بوو چونکه‌ راستی خۆی تێدا بزرکردبوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی رێوڕه‌سمه‌که‌ جه‌ماوه‌ری نه‌بوو ، به‌ڵکو دیاریکراو و داخراو بوو . جه‌ماوه‌ری سلێمانیش ئاگایان له‌و چه‌پڵه‌ڕێزان و گوڵبارانه‌ نه‌بوو تا له‌ میدیاکانه‌وه‌ بیستیان و بینییان .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌پرسین : ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی کاربه‌ده‌ستان و رێکخستنی چه‌پڵه‌لێدان و گوڵباران له‌ پێناوی چیدا بوو ؟ چ کاریگه‌رێتییه‌کی هه‌بوو له‌سه‌ر که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک برێمه‌ر که‌ بۆ جێبه‌جێکردنی سیاسه‌تی وڵاته‌که‌ی هاتبوو . ئایا ئه‌م پێشوازی و رێزه‌ له‌ سیاسه‌تمه‌دارانی بیانی ئه‌وه‌نده‌ی تۆزقاڵێک سیاسه‌ته‌کانیان ده‌گۆڕێت ؟ ئه‌وه‌ چ ناوێکی لێ بنێین ؟ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی رۆژ بوو ، واته‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سه‌پاندبووی ، یان نیشانه‌و به‌ڵگه‌ی ساویلکه‌یی و خۆشباوه‌ڕی بوو ؟ که‌ هه‌میشه‌ کورد له‌ رێگه‌ی نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌کانیه‌وه‌ ، له‌ وه‌رچه‌رخانه‌ مێژووییه‌کاندا ، دووباره‌ی ده‌کاته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک مه‌سه‌له‌ ره‌واکه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رێت .
برێمه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێکی هه‌ڵبژارده‌ بوو ، به‌پێی پلان و ستراتیژی سیاسی و عه‌سکه‌ریی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌و عێراقدا هه‌ڵده‌سووڕا . ئه‌و له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا توانی :
1. کۆمه‌ڵێک دام و ده‌زگای مه‌ده‌نی و سه‌ربازیی سه‌ر به‌ ئه‌مریکا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنی و تایه‌فه‌گه‌ریی دابمه‌زرێنێ .
2. ده‌ست له‌ پڕۆژه‌ی فیدرالیزم وه‌ربدات وکارێک بکات که‌ فیدرالیزمی نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌په‌رستانی شۆڤێنی عه‌ره‌ب به‌ ئاڕاسته‌ی فیدرالیزمی ئیداریدا به‌رێت .
3. سه‌رپه‌رشتیی دانانی ده‌ستوورێکی کرد که‌ هیچ کێشه‌یه‌کی نێو عێراق ، نه‌ ئه‌و کاته‌و نه‌ ئێستاو نه‌ له‌ داهاتووشدا ، چاره‌سه‌ر ناکات .
4. به‌ردی بناغه‌ی جه‌نگێکی نێوخۆیی فراوانی له‌ عێراقدا داڕشت که‌ به‌ شه‌ڕی تایه‌فه‌گه‌ریی شیعه‌و سوننه‌ ده‌ستی پێکردووه‌و ، کێ ناڵێت بۆ گه‌لێک ململانێی دیکه‌ی ئایینی و ئه‌تنی ناته‌نێته‌وه‌و ، هێشتا مابێتی لاپه‌ڕه‌کانی هه‌ڵبدرێنه‌وه‌ .
5. له‌ نزیکه‌وه‌ سایکۆلۆژیی که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان وململانێ حزبییه‌کانی خوێنده‌وه‌و زه‌خیره‌یه‌کی به‌رچاوی له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ دیاریی بۆ حکومه‌ته‌که‌ی برده‌وه‌ .
وردبوونه‌وه‌ له‌م کارانه‌ی برێمه‌رو سه‌رجه‌م سیاسه‌تی ئه‌مریکا حه‌قیقه‌تی خۆشباوه‌ڕی و ساده‌یی هزری سیاسیی کوردیمان بۆ ده‌رده‌خات و ، ئه‌و مه‌ترسییانه‌مان له‌به‌ر ده‌مدا قوتده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌گه‌ری پشتتێکردنی ئه‌مریکا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ، رووبه‌ڕووی گه‌لی کورد ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێت جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکیی سته‌مدیده‌ دیسان باجه‌که‌ی بده‌ن .

لیبرالیزم لە روانگەی ( ماوتسیتۆنگ ) ەوە

ماوتسیتۆنگ سەرکردەی شۆڕشی درێژخایانی دیموکراتی و سۆسیالیستی چین و یەکێک لە تیۆریسینە ناودارەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهان ، ئەم سەرکردە مەزنەی چین لە ساڵەکانی شەست و حەفتای سەدەی رابردوودا کاریگەرێتیی تیۆری و سیاسی لەسەر بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی جیهان هەبوو . لەسەروبەندی شۆڕشی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریدا کە لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ ١٩٧٦ ی خایاند ، رێژەیەکی بەرچاوی رۆشنبیرانی لە هەموو کیشوەرەکانی جیهاندا بۆ بیروبۆچوونەکانی راکێشابوو ، سەرچاوەیەکی گرنگی رۆشنبیریی بۆ گەنجەکانی ئەو سەردەمە بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ بوو .
لەڕاستیدا من یەکێک بووم لەو گەنجانەی ئەو سەردەمە کە کاتێکی زۆری چەند ساڵێکی تەمەنم بۆ خوێندن و تێگەیشتنی ئەم فیکرەو هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکرد .
یەکێک لەو نامیلکانەی ماو کە بۆ من سەرچاوەیەکی کاری حزبی بوو ، نامیلکەیەکی چەند لاپەڕەیی بوو لەسەر لیبرالیزم بەناوی ( دژی لیبرالیزم ) . کاتی خۆی ئەم نامیلکەیەم لەگەڵ چەند وتارێکیدیکەیدا ، بەسوودوەرگرتن لە کۆپییە عەرەبی و فارسییەکەی ، وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و ، وەک دۆستێک ، پێشکەش بە قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق کرد .
ئەگەرچی ئەمڕۆ ئەو هەلومەرجە سیاسییە زۆر دوورکەوتۆتەوە ، بەڵام خوێندنەوەیەکی وردی ئەو نامیلکەیە بۆ جارێکیدیکە ، بایەخێکی گرنگی هەیە ، بەتایبەتی لە جیهانێکدا کە رەفتارو رەوشتی لیبڕالیستی زەمینەو پێگەی تایبەتی بۆ گەشەکردن رەخساوەو لەلایەن هێزە دژە مرۆییەکانی ( جیهانگیریی – گڵۆبالیزەیشن ) پشتگیریی دەکرێت و ، لیبرالیزم وەک روخسارێکی ئاشکرای ئەم جیهانگیرییە گەشەی پێدەدرێت . ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە لێکدانەوەی ماوتسیتۆنگە بۆ لیبرالیزم لەگەڵ وردە لێدوان و راڤەکردنێک کە بۆ روونکردنەوەی پێویستن :
١ ) کەسی لیبرالیست بەرامبەر هەڵەی کەسانیتر ، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت . ئەو کەسێکی بە پرنسیپ نییە بۆیە نەک هەڵەی کەسانیدیکە راستناکاتەوە ، تەنانەت بۆ دوورخستنەوەی بەرامبەرەکەی لە هەڵەکانی ، گفتوگۆیەکی مەبدەئی لەگەڵ ناکات . ئەم دیاردەیە ئەمڕۆ بە ناوی رێزگرتنی رای بەرامبەرو ئازارنەدان یان نەڕووشاندنی هەستی کەسانی بەرامبەر دەردەکەوێت . لەبەرئەوە لیبرالیستەکان تەبایی دەکەنە ئامانج ، نە رای بەرامبەرەکانیان هەڵدەوەشێننەوەو نە زۆر لەسەر هەڵە مەبدەئییەکانی برادەرو هاوڕێکانیان دەڕۆن ، بەڵکو هەڵوێستی کەمدوویی و پشتگوێخستن وەردەگرن .
٢ ) کەسانیدیکەی لیبرالیست هەن کە پاشملەو ، بەشێوەیەک کە هەستنەکردن بە مەسئولییەتی تێدایە ، رەخنە دەگرن . ئەم لیبرالیستانە لەبەردەم خەڵکیدا یان لەنێو ریزی حزبەکەیاندا ، بەتایبەتی کاتی کۆبوونەوەکان ، قڕوقەپ دەکەن و بێدەنگ دەبن ، بەڵام دوایی ، پاشملە ، لەسەر هاوڕێکانیان و بیروبۆچوونەکان دەدوێن و چەنەبازییەکی زۆر لەو بارەیەوە دەکەن و ، ئامادەنین رووبەڕوو بەرپرسیارێتی ئاخاوتنە دەرەکییەکانیان هەڵبگرن . ئەمڕۆ ئەم دیاردەیە لە حزبە تۆتالیتارەکانداو ، لەسایەی ناوەندێتییەکی توندوتیژو فراکسیۆنبازیدا دەردەکەوێت ، ئەندامان لە بەرامبەر کەس و ئۆرگانە بەرپرسەکاندا لیبرالیستانە رەفتاردەکەن ، بەمەش زیان بە کەسایەتیی سیاسی و حزبیی خۆیان و حزبەکانیشیان دەگەیەنن .
٣ ) ماوتسیتۆنگ جۆرێکیدیکە لە کەسانی لیبرالیست وەها دەناسێنێت : ئەوانەی دوای میزاجی کەسێتیی خۆیان دەکەون و تەنها لەو پێگەیەوە دەڕوانن و خۆپەرستی بەسەریاندا زاڵەو ، هەر کارێک پەیوەندیی بە خۆیانەوە نەبێت فەرامۆشی دەکەن ولێیناپرسنەوە . دیاردەی خۆپەرستی و بانگەشەی ( ئازادیی تاکەکەس ) کە حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان لەنێو رێکخستنەکان و راگەیاندنەکاندا برەویان پێداوە ، زەمینەی بۆ ئەم شێوە بیرکردنەوە لیبرالیستە خۆشکردووەو ، کاریگەریی لەسەر خودی حزبەکان داناوەو ، خۆپەرستی کردۆتە خۆرە لە گیانیانداو بەرەو داڕزان دەیانبات .
٤ ) شێوەیەکیدیکەی لیبرالیزم ، چ لە ئاستی کۆمەڵ و چ لەنێو حزبدا ، کە رەنگدانەوەی ئەو خۆپەرستییەیە لەخاڵی پێشوودا دیاریمانکرد ، رەگەکەی بۆ چەمکی ( ئازادیی تاکەکەسی بۆرژوازی ) دەگەڕێتەوەو ، خۆبەزلزانین و سووربوونە لەسەر بیروباوەڕی شەخسی و ، بەڕاست و بەرزترزانینیشێتی لەچاو بیروباوەڕی کەسانیدیکەدا . ئەم کەسانە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کەسانیدیکەی کۆمەڵ یان رێکختندا پەرەپێدەدەن ، پەلاماریان دەدەن ، بەدوای رک و کینەی شەخسیدا دەچن و تۆڵەسەندنەوە دەکەنە مەبەستیان و ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هاوڕێیەتی حزبی تێکدەدەن ، ئەم رەفتارە لیبراڵییە لە نێوان فراکسیۆنە دژبەیەکەکانی هەندێ حزبی کوردستانیدا باوەو ، بەجۆرێک کاری لە رێکخستنەکان و پەیوەندییە حزبییەکان کردووە ، پێشبینی پەرت پەرتبوون و هەڵوەشاندنەوەی حزبییان ، زوو یان درەنگ ، لێدەکرێت .
لیبرالیزم بەو سیفەتانەوە کە ماوتسیتۆنگ دیاریکردووە ، رەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازییە . رەفتارە لیبرالییەکان ، جگە لەوەی ناوەرۆکی پەیوەندییەکانی نێو حزبە بۆرژوازییەکانەو ، بەشێکی پێکهاتەی لیبریالیانەی ئەو حزبانەیە ، لە حزب و رێکخراوە مارکسییەکانیشدا ، دیسان هەر رەنگدانەوەی فیکری بۆرژوازییەو ، بەبێ پاکتاوکردنیان ، ئەو حزب و رێکخراوانە بەرەو لادان و لاوازی دەبەن و ، سەرەڕێی بەدیهێنانی ئەرکەکانیان دەگرن و بەرگی بۆرژوازی بەبەریاندا دەکەن . بۆیە بەرهەڵستیکردن و نەهێشتنی ئەو رەفتارانە ، ئەرکی رۆژانەو بەردەوامی ئەو حزبانەیە .
ماوتسیتۆنگ لە شیکردنەوەی دیاردەی لیبرالیزمدا رایوایە کە سەرهەڵدانی لیبرالیزم لەکاری سیاسی و حزبیدا دەبێتە هۆی رەتکردنەوەی ململانێی ئایدیۆلۆژی و بەهەندوەرنەگرتنی لەبەرەوپێشەوەبردنی حزب و گەشەکردنی رێکخستن و ئەندامەکانیدا ، هەروەها دەبێتە مایەی ئاشتی و تەباییەکی نامەبدەئی و کاریگەرێتی نەرێیانەی دەبێت و گەندەڵی سیاسی لێدەکەوێتەوە .
نیسانی ٢٠٠٢

هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌کان

که‌ جارێکیتر وتاری ( هه‌ڵه‌ی منداڵ* ) م خوێنده‌وه‌ ، په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌واوم له‌ نێوان ورده‌کارییه‌کانی هه‌ڵه‌ی منداڵ و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌کان به‌ گشتی و هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌کان به‌ تایبه‌تی هه‌ستپێکرد . هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازیدا ئه‌ویش جیهانی پاک و ساده‌و بێ پێچ وپه‌نای منداڵان و جیهانی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌هایانه‌ له‌لای گه‌وره‌کان وسیاسییه‌کان ؛ تایبه‌تیتریش له‌وانه‌ جیهانی درۆو ده‌له‌سه‌و فرت و فێڵ و پاشقولگرتنی سیاسه‌تمه‌دارانی بۆرژوا له‌ پڕاکتیکی هونه‌ری سیاسه‌تدا که‌ ناوه‌رۆکه‌که‌ی لای ئه‌وان هونه‌ری درۆو به‌رژه‌وه‌ندپه‌رستییه‌ .
هه‌ڵه‌ له‌ چه‌مکه‌ گشتییه‌که‌یدا ، هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌ . له‌ بواری سیاسیشدا هه‌ڵه‌ رووده‌دات و له‌ سه‌ره‌تادا ئاساییه‌ . ده‌شێت راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ش بچێته‌ نێو پرۆسه‌ی چاره‌سه‌رکردنه‌کان بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنی کاری سیاسی یان پاشه‌کشه‌کردن و مانه‌وه‌ی به‌ ناکامی .
– هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌کان ، ناکۆکییه‌که‌ له‌ نێوان واقیعێک که‌ له‌ ئارادایه‌و ، خوێندنه‌وه‌یه‌کی نه‌گونجاو که‌ له‌ تێگه‌یشتنێکی خودیی سیاسییانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت .
– کاتێک سیاسه‌تمه‌داران ناتوانن بیرو بۆچوون و تیۆری و تێگه‌یشتنیان ، له‌ واقیعداو ، له‌به‌ر تیشکی واقیعه‌ بابه‌تییه‌که‌ پڕاکتیک بکه‌ن ، بزووتنه‌وه‌ یان به‌رنامه‌ سیاسییه‌کان به‌ رێگایه‌کی هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن و ئه‌نجامی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه‌ . نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکو هه‌تا پانتایی نێوان بابه‌ت و خود فراوانتر بێت ، یان به‌رزو نزمیی تاکانی ته‌رازووی ئه‌م دوولایه‌نه‌ی ناکۆکیی زێتر بێت ، ئه‌وا به‌رنامه‌ سیاسییه‌کان سه‌ره‌نجامی خراپتر چاوه‌ڕوانیان ده‌کات .
– زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌داران ، سه‌رکردایه‌تییه‌کان به‌ تایبه‌تی و کادیره‌ سیاسییه‌کانی خوارتریش ، تووشی ئه‌و ناوه‌ندێتی خود ( تمرکز الذات ) ه‌ ی منداڵ ده‌بن ، به‌ڵام بۆ ئه‌مان ، وه‌ک نه‌خۆشیی سیاسیی – کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌که‌وێته‌ روو . ئه‌م سیاسییانه‌ – به‌م حاڵه‌ته‌ سایکۆلۆژییه‌وه‌ – له‌ باڵه‌خانه‌وه‌ سه‌یری خه‌ڵکی ده‌که‌ن. له‌لایه‌ک خۆیان به‌ زانا ، لێهاتوو ، سه‌رکرده‌ ، ته‌واو و پێشه‌نگ ده‌زانن و خه‌ڵکیی به‌ گێل و نه‌فام و دواکه‌وتوو ، له‌لایه‌کی دییه‌وه‌ خواستیانه‌ هه‌ر‌ هه‌موو خه‌ڵکیی له‌ خزمه‌تی ئه‌واندا بن و ئه‌وه‌ به‌ مافێکی ئاسایی خۆیان ده‌زانن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان قۆرخ ده‌که‌ن و ، ده‌بێت خه‌ڵکیش پاشماوه‌کانی ئه‌وانیان بۆ بمێنێته‌وه‌ .
– پڕۆسه‌ی گه‌شه‌کردنی منداڵ و چوونه‌ پێشه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانیش ، لێکچوونێکی به‌رچاوی تێدایه‌ . له‌ کاتێکدا منداڵ ، له‌ سایه‌ی ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ، له‌ڕێی چاره‌سه‌رکردن یان په‌ره‌پێدان و جێگیرکردنی هه‌ڵه‌ و لادانه‌کانییه‌وه‌ که‌سایه‌تییه‌که‌ی پێکدێت و ره‌وشت و ره‌فتارێکی دیاریکراو ، وه‌ک به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ له‌ که‌سایه‌تییه‌که‌ی ، هه‌ڵده‌گرێت و پێڕه‌و ده‌کات ؛ سیاسه‌تمه‌داران ، به‌ تایبه‌تی سه‌رکرده‌کان ، هه‌مان ئه‌و هۆکارانه‌ کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر داده‌نێ . ژینگه‌ی سیاسیی – کۆمه‌ڵایه‌تی ، کاردانه‌وه‌ی سه‌لبی یان ئیجابیی کۆمه‌ڵ به‌رامبه‌ریان ، چۆنیه‌تی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ده‌یکه‌ن ، پاشان جۆری چاره‌سه‌رکردنیان بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ یان دووپاتکردنه‌وه‌و جێگیرکردن و په‌ره‌پێدانی ، ده‌بنه‌ کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر که‌ سیاسه‌تمه‌دار له‌ گه‌ڵیاندا کارلێک ( تفاعل ) ده‌کات وسه‌ره‌نجام که‌سایه‌تیی سیاسیی پێکده‌هێنێت و ، ئه‌و ره‌فتارو هه‌ڵسوکه‌وته‌ سیاسییانه‌ ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ که‌سایه‌تییه‌که‌ی ، که‌ ئه‌گه‌ر به‌ لایه‌نی سه‌لبیدا بڕوات ، که‌سایه‌تییه‌ تاکڕه‌و و دیکتاتۆره‌کانی حزب و ده‌وڵه‌تیان لێ دروست ده‌بێت .
لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌ین که‌ هه‌ڵه‌ی منداڵ و راستکردنه‌وه‌ی به‌شێکه‌ له‌ پڕۆسه‌ی پێگه‌یاندن و رامبوونی کۆمه‌ڵایه‌تیی منداڵ و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانه‌ ؛ له‌ کاتێکدا هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تمه‌داران کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌و ، به‌ گشتی له‌ کۆنتڕۆڵی ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان و خه‌ڵکیش ده‌رده‌چێت . بۆیه‌ پڕۆسه‌ی راستکردنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌کان بایه‌خێکی گرنگتری هه‌یه‌ و ، ئه‌گه‌ر ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵانه‌دا به‌ ئه‌نجامێکی راست کۆتایی نه‌یه‌ت ، چاره‌نووسه‌کان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن و ، به‌ تێشکانی خودی سیاسییه‌کانیش ته‌واو ده‌بێت .
*( هەڵەی منداڵ ) وتارێکە کاتی خۆی لە کتێبی ( بەرەو گوتارێکی پەروەردەیی نوێ ) دا بڵاومکردۆتەوە .

ئازادی بۆ ئۆجه‌لان
سه‌رکه‌وتن بۆ خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد

یه‌کێک له‌ ئاکامه‌کانی جه‌نگی ئیمپریالیستیی جیهانی و په‌یمانه‌ به‌دناوه‌که‌ی ( لۆزان ) ، دابه‌شکردنی کوردستان و پێشێلکردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس بۆ گه‌لی کورد بوو . به‌شێکی گه‌وره‌ی کوردستان به‌ر تورکیا که‌وت . سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و جینۆسایدو نکوولیکردن له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی چه‌ندین ملیۆن کورد ، له‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا ، بۆ زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵ ، توانی ده‌نگی به‌رهه‌ڵستکاریی رێکخراوه‌یی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کورد کپ بکات . به‌ڵام هه‌میشه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ کاردانه‌وه‌که‌ی به‌رهه‌ڵستییه‌ . له‌هه‌رجێیه‌ک چه‌وساندنه‌وه‌ هه‌بێت به‌رهه‌ڵستیکردنی – زوو یان دره‌نگ – وه‌ک یاسایه‌ک لێده‌ڕسکێت و به‌ڕووی چه‌وسێنه‌راندا راده‌په‌ڕێت . ئه‌مه‌ ئه‌و راستییه‌یه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد له‌ باکووری کوردستاندا جه‌ختیکرده‌وه‌و ، به‌ رابه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان ( PKK ) سه‌رده‌مێکی نوێی به‌رهه‌ڵستکردنی خولقانده‌وه‌ .
په‌که‌که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ، به‌دیدگایه‌کی تیۆریی شۆڕشگێڕانه‌و ستراتیژێکی روونه‌وه‌ بۆ کێشه‌ی کورد ، له‌ سه‌نگه‌رێکی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی دژه‌ ئیمپریالیستیدا جێی خۆی کرده‌وه‌و ئیمپریالیزم و حوکمی بۆرژوا ناسیۆنالیستی تورکیای هێنایه‌ له‌رزین .
رژێمی بۆرژوا شۆڤێنیزمی تورکیا ده‌ ساڵ زیاتره‌ هه‌رچییه‌کی له‌ده‌ستهاتووه‌ بۆ له‌ناوبردنی به‌رهه‌ڵستیکردنی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌لی کوردو له‌ناوبردنی ( په‌که‌که‌ ) کردوویه‌تی . دوای راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ی باشووری کوردستان و پێکهێنانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش ، جگه‌ له‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌کانی بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم ، له‌ کایه‌ی سیاسه‌تی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیدا ، بۆ گه‌مارۆدانی ئه‌زموونی باشووری کوردستان و له‌ناوبردنی گه‌ریلاکانی باکوورو پاکتاوکردنی ته‌واوی کێشه‌ی کورد ، درێغی نه‌کردووه‌ . پڕۆژه‌ی ( گاپ ) و کۆبوونه‌وه‌ سێ قۆڵییه‌کان و رێککه‌وتنی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلداو … هتد ، ئه‌ڵقه‌ ئه‌ڵقه‌ی پیلانێکی ئیمپریالیستی و شۆڤێنیستییه بۆ خنکاندنی کێشه‌ی کوردو ئابڵووقه‌دانی له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ . به‌ڵام جه‌نگی ناڕه‌وای تورکیا دژی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کوردو جموجۆڵه‌ دیپلۆماسییه‌کانی – وه‌ک ته‌واوکه‌ری جه‌نگ – له‌به‌رده‌می ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌رهه‌ڵستیکارانی ( PKK ) و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستاندا هه‌ره‌سی هێناو له‌ئاکامی دواپیلانیدا ته‌پڵی نابووتی و ریسوایی بۆ لێدرا .
پیلانی ئه‌مجاره‌یان له‌ فشارخستنه‌سه‌ر سوریاوه‌ ده‌ستیپێکرد . له‌ بارودۆخێکی ئاڵۆزدا ، له‌ ئاکامی فه‌شه‌لی سیاسه‌ته‌کانی نێوخۆدا ، ته‌ونی چۆکدادان به‌ سوریا له‌ به‌رامبه‌ر ئیسرائیلداو ئاشبه‌تاڵکردن به‌ ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌یان چنی . به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی و ئاماده‌کردنی زه‌مینه‌ی جه‌نگێکی دیکه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا ( دوای جه‌نگی که‌نداو ) ، یه‌که‌م هه‌نگاو عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان ناچارکرد سوریا به‌جێبهێڵێ و به‌ره‌و روسیا به‌ڕێبکه‌وێ . خه‌ڵکیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوون ئۆجه‌لان له‌ روسیای ( لێنین ) دا داڵده‌ بدرێت ، به‌ڵام ” دیموکراتییه‌ت ” ی ( یه‌ڵتسن) ی ئیراده‌ی ( دۆما ) ی پێشێلکردو ئۆجه‌لانی له‌خۆنه‌گرت . ئێستا سه‌رۆکی (PKK) له‌ ئیتالیا ده‌ستبه‌سه‌ره‌ .
هه‌واڵی بوونی ئه‌و له‌ ئیتالیاو فشاری به‌په‌له‌ی تورکیا له‌سه‌ر ئیتالیا بۆ دانه‌وه‌ی و دادگاییکردنی وه‌ک ” تیرۆریست” ێک ، له‌ ناخه‌وه‌ ویژدانی ئازادیخوازانی کوردو جیهانی هه‌ژاند ، بۆیه‌ هه‌ڵمه‌تی خه‌باتێکی سیاسی و دیپلۆماسیی ئه‌وروپایی و جیهانی ، چالاکییه‌کی که‌موێنه‌ی له‌ مێژووی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورددا ورووژاندو وه‌رچه‌رخاندنێکی گه‌وره‌ی له‌ خستنه‌ڕووی کێشه‌ی مافه‌ مرۆیی و سیاسییه‌کانی گه‌لی کورد تۆمارکرد .
ئیمڕۆ ده‌ستبه‌سه‌ریی ئۆجه‌لان بۆته‌ هێمای کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌وساوه‌ له‌م جیهانه‌دا که‌ له‌ دوا ساڵی سه‌ده‌ی بیسته‌م و پێنانه‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مدا هێشتا قه‌واره‌یه‌کی سیاسی نییه‌و له‌م جیهانه‌ لنگه‌وقووچه‌ی بازاڕی ئازادو بانگاشه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ و سیستمی نوێی جیهانیدا له‌ ناوه‌وه‌ جینۆساید ده‌کرێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیشدا قه‌ره‌جئاسا ده‌ژی .
له‌ به‌رامبه‌ر بارودۆخێکی ئاوه‌هادا ، ئه‌وه‌ به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمان و تێکۆشه‌رانی باڵه‌ جیاجیاکانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کوردو خه‌باتکارانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکاران ده‌زانین ، به‌جیا له‌وه‌ی له‌ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییه‌وه‌ دوورن یان نزیک له‌ ئایدیۆلۆژی و سیاسه‌تی ( په‌که‌که‌ ) وه‌ ، هه‌روه‌ها به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ ناکۆکی نێوان رژێمه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌کانی ئه‌وروپاو رژێمی سه‌رمایه‌داریی ئه‌مریکاو ململانێی جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی جیهاندا چ رۆڵێک ده‌بینێت و چۆن ده‌قۆزرێته‌وه‌ ، به‌ گیانی هه‌ستکردن به‌ بایه‌خی ئه‌م قۆناغه‌و بۆ هه‌رچی زیاتر چوونه‌پێشه‌وه‌ی کێشه‌ی گه‌لی کورد له‌ ئاستێکی جیهانیداو دانپێدانانی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆی ، پشتگیریی ته‌واوی سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بکه‌ن
ئێمه‌ وه‌ک ده‌سته‌ی نووسه‌رانی( دواڕۆژ ) پێمانوایه‌ که‌ مافی په‌نابه‌ریی سیاسی ، مافێکی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای هه‌ر تێکۆشه‌رێکی سیاسییه‌ که‌ یاساکانی وڵاتی خۆی ئازادی لێ زه‌وت بکات . بۆیه‌ داواکارییه‌کانی ئۆجه‌لان به‌ڕه‌وا ده‌زانین و پشتگیری لێده‌که‌ین .
ئێمه‌ ده‌نگمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی بۆ دادگاییکردنی رژێمی تورکیا له‌به‌رده‌م دادگایه‌کی نێه‌ده‌وڵه‌تیدا به‌رزده‌بنه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی جینۆسایدو تیرۆری ده‌وڵه‌تی دژی گه‌لی کوردو ، ته‌واوی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌درێنه‌ پاڵ (PKK ) و ئۆجه‌لان به‌ ناڕه‌واو نالۆژیکی و پووچه‌ڵی ده‌بینین و ئازادی بۆ ئۆجه‌لان و هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا ده‌خوازین .

گۆڤاری ( دواڕۆژ ) ژماره‌ ( 6 ) کانونی یه‌که‌م ، 1998

لێکدانەوەی رەوشتیانە بۆ رووداوە سیاسییەکان

شتێکی نوێ نادرکێنین ، ئەگەر ئەو راستییە دووپاتبکەیەوە ، کە بۆ شیکردنەوەی هەر دیاردەیەکی سیاسی دوو شێوە لێکدانەوەی سەرەکیی هەیە . ئەم دوو لێکدانەوەیە سەر بە باری سەرنج و ئایدیای دوو فەلسەفەو دوو میتۆدی جیاوازن . یەکێکیان بەرژەوەندیی چینایەتیی بۆرژواو ئەویدیکەیان بەرژەوەندیی چینایەتیی پڕۆلیتاریا دەردەبڕێت . بەرژەوەندیی چینایەتی خاڵی یەکانگیربوونی ئەم دوو لێکدانەوەیەیە ، بۆیە لە بەرامبەر هەر رووداوو دیاردەیەکی سیاسیدا ، دەبێت هەڵوێستەیەک بکەین و بپرسین : چۆن و بە چ پێودانگێک و لە گۆشەنیگای چ چینێکی کۆمەڵایەتییەوە دەبێت بۆیبڕوانین و هەڵیبسەنگێنین ، کە بە بڕیاردانی ئەمە دوو چەمکی سیاسی جیاواز لە هەڵسەنگاندنەکەدا دێنەپێشەوە ، چەمکێک پشت بە لێکدانەوەی چینایەتیی پڕۆلیتاریاو میتۆدی زانستییانەی ماتەریالیزمی دیالێکتیکی و مێژویی دەبەستێت و ، چەمکەکەیتر کە ئایدیالیستانە رووداوەکان شیدەکاتەوەو ئەخلاقیانە بۆ دیاردە سیاسییەکان دەچێت و هەڵیاندەسەنگێنێت .
دەڕبڕینی هەڵوێست و سیاسەتەکان ، وەک بەشێکی هاندانی سیاسی بەپێی ئەو سەرچاوە چینایەتییەی لەسەرەوە باسمانکرد ، دوو رێباز دەگرێت و ، راستی و ناڕاستیی هێڵی سیاسیی هێزە سیاسییەکانیش ، لەسەر بنچینەی ئەو رێبازەی لە شیکردنەوەداو پاشان بە کردەوە دەیگرنەبەر ، لە یەکتری جیادەکرێنەوە .
لێرەداو ، لەبەر رۆشنایی ئەم پێشەکییە تیۆرییەدا ، رۆژی ٣١ ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کوردستاندا هەڵدەسەنگێنین و ، هەڵوێستە جیاجیاکان لە بەرامبەریدا شیدەکەینەوە.
لە ٣١ ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ دا ، لەسەر داوای سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، گاردی کۆماریی لەشکری عێراق بە تانک و زرێپۆش و تۆپەوە ، هاوئاهەنگی هێزە چەکدارەکانی پارتی هێرشیان بردە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان . سەرەنجام داگیریانکردو هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتدارانی سیاسی و حکومەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیان لێدەرپەڕاند.
ناسنامەی ئەم رۆژە لە لاپەڕەکانی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کوردستاندا ، کێشمەکێشمێکی زۆری لێکەوتۆتەوەو ، لەسەر چۆنایەتی هەڵسەنگاندنی ، دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی ، یان ساردی و دوژمنایەتی بڕیاردەدرێت . بە لێشاو سەرزەنشت و توانج و جنێوو نەفرەت لە هەردوولاوە پەخش و دابەشدەکرێت . لایەنێکیان ( ی . ن . ک ) ناسنامەی ئەو رۆژە بە ” خیانەت ” ی نەتەوەیی و ، لایەنەکەیتریان ( پ . د . ک ) بە رزگارکردنی پایتەختی بەیاندەکەن . هەردوو لایەن ، جگە لەم دوو هەڵسەنگاندنە ، هەموو هەڵسەنگاندن و ناولێنان و هەڵوێستێکیدیکە ، بە دووفاقی و هەلپەرستی و تەوفیقییەت و … هتد ناودەبەن .
لە راستیدا ” خیانەت ” و ” رزگارکردن ” دوو چەمکی ئەخلاقین نەک زانستی ، بۆ ئەو رۆژە . هەردوو چەمکەکە لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی باڵێکی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد داڕێژراون و ، هەر یەکەیان لە گۆشەی بەرژەوەندیی حزبی و جێوڕێی سیاسی خۆیەوە لەپێش و لەدوای ئەو رۆژە ، بۆ خۆیان چەمکەکانیان بەباشی هەڵبژاردووەو ، لەو دوو چەمکە ، لەو دوو ناسنامەیە بەولاوە ناتوانن چەمکێک و ناسنامەیەکیتری بۆ هەڵبژێرن .
ئەو دوو هێزە ، بۆ بەردەوامیی شەڕی راگەیاندن و هاندانی سیاسی و سازدانی هێز ، بۆ خۆشکردن و توندوتیژکردنەوەی ململانێکان ، بەنیازی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی زێتر لە سیی ساڵیان ، هەردەبێت ئەو دوو ناوە لەو رۆژە ( ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ ) بنێن . بۆیە ئەگەر رۆژێکیدیکەی لەو جۆرە هاتەپێشەوە ، جێوڕێیەکان گۆڕاندنیان بەسەرداهات و ، شوێنەکان لەبارودۆخێکی سیاسیدا ئاڵوگۆڕیان پێکرا ، ئەوا ئەو کاتەش هەردوو چەمکە ئەخلاقییەکە ” خیانەت ” و ” رزگارکردن ” هەر دەمێنن ، بەڵام هەڵگرانی بەپێچەوانەی ئێستا بەکاریدەهێنن و ، هەریەکەیان ئەو چەمکەی ئێستا لەویدیکەیان وەردەگرێت ؛ هەر لەبەر ئەمەشە کە پێکهاتن و ئاشتبوونەوەو هاوپەیمانێتیش لە نێوانیاندا ئاساییەو هەموو کاتێک چاوەڕوانکراوە ، دەنا چۆن دەکرێت لەگەڵ ” خیانەت ” مامەڵەی دۆستانە بکرێت ، یان لەگەڵ ” خیانەتکاران ” دا بۆ رێکەوتن دابنیشیت .
لە راستیدا ئەوەی لە نێوان دوو هێزە سیاسییە گەورەکەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ٣١ ی ئابدا روویدا ، نە دیاردەیەکی نوێ بوو ، نە بە پێچەوانەی سروشتی چینایەتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد بوو ، بەڵکو لەگەڵ خواست و سیاسەت و ئاستی ئامانجەکانی ئەم چینەدا ، بەهەموو باڵەکانیەوە ، گونجاو بوو .
باڵەکانی چینی بۆرژوازیی کورد لە مێژووی خۆیاندا ، لەنێوان پاشکۆیەتی حکومەتی مەرکەزی و ئارەزووکردنی سەربەخۆیی لێی ، ئەملاوئەولایان کردووە . خوازیاری بەشداریکردنی دەسەڵاتی سیاسیی مەرکەزی بوون لە فەرمانڕەوایەتیی کوردستاندا . مەیلی پاوانخوازیش ریشەی مێژوویی خۆی لەلای چینی بۆرژوازی کورد ، بەگشتی ، هەیە . بۆیە لەپێناوی پاوانخوازی ، دەسەڵات ، فەرمانڕەوایەتی ، زۆر ئاساییە باڵەکانی ، ” خیانەت ” لە یەکتری بکەن و ، بە پاشقولی سیاسی بیانەوێت یەکتری هەڵدێرن .
بۆ چینێک کە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕانەی لەدەستدابێت ، میتۆدێکی میتافیزیکی هەبێت ، پراگماتیستانە رەفتار بکات ، ئەوا بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی لە هیچ کارێک سڵناکاتەوە ، لەبەرئەوە دەبێت رۆژی ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ لەو چواچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێت .
بۆ چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان ، کە تەنها چینی هەتاسەر شۆڕشگێڕن و ، دواڕۆژی چارەسەرکردنی کێشەی رەوای گەلی کورد بە چوونەپێشەوەی خەباتی ئەوان و سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالستییەوە بەندە ، ململانێی باڵە جیاجیاکانی بۆرژواو راپێچکردنی جەماوەری ستەمدیدەی کورد بۆ گۆڕەپانە خوێناوییەکەی ئەم ململانێیە ، بارودۆخی خەباتی سیاسی ئەم چینە دژوارتر دەکات و ، کۆسپ و تەگەرە بەردەم رەوتی تێکۆشانی چینایەتی دەخات ، بۆیە ناتوانن لە ئاستی ئاوەها رۆژێکدا لە مەحکوومکردن بەولاوە چ هەڵوێستێکیدیکەیان هەبێت . لەو روانگەیەوە ، بۆ ئەم چینەو جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش ( ٣١ ی ئاب ) رۆژێکی رەشە . ئەم رۆژڕەشییە لە دوو سەرەوەیە : یەکەمیان جێخستنەوەی لاپەڕەیەکی رەشە لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا کە نەوەکانی دواڕۆژ نەفرەتی لێدەکەن ، دووەمیشیان رۆژڕەشییە بۆ جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان ، لەلایەک بە قووڵکردنەوەی زامەکانی شەڕی ناوخۆ کە پەیتا پەیتا سەدان رۆڵەی فریودراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە نێڵەنێڵی ئاگرەکەیدا دەسووتێن و ، لەلایەکیدیکەوە ، بە درێژەکێشانی برسێتی و بێکاری و توندوتیژبوونەوەی بارودۆخە گشتییەکەو نائارامی و راگرتنی خەڵکی لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا ، سەرەڕای ئەوەی لە سایەی ئەنجامی رووداوەکانی دوای ئەم رۆژە رەشەدا ، ئازادیی هەڵسووڕان و چالاکی و دەربڕینی سیاسی بۆ بزووتنەوەی چەپی کرێکاریی ، رۆژ بەڕۆژو ، هەتا رادەیەکی زۆر ، بەرتەسکبۆتەوەو هەتادێت زێتریش تەنگدەبێتەوە .
رووداوی ( ٣١ ی ئاب ) و ئەنجامە سیاسییەکانی ، بۆ جارێکیدیکە ، رێکخراوبوون و یەکگرتووبوون و فراوانبوونەوەو خۆکۆکردنەوەی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستاندا دەکاتە پێویستییەکی هەنووکەیی . بۆ جارێکیدیکە خۆشخەیاڵیی بە چینی بۆرژوازی سەبارەت بە بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییە رەواکانی گەلی کوردی لە سەنگی مەحەک دایەوە . هەمدیسان چارەسەرکردنە ئایدیالیستییەکان و چەمکە ئەخلاقییەکانی بۆرژوازییەتی پووچەڵکردەوەو ، مەسەلەی رابەرایەتیکردنی چەپی بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد خستەوە بەرنامەی بیرو پڕاکتیکی توخمە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگاوەو ، ئاسۆی چارەسەرکردنی سۆسیالیستانەی کێشەی کوردی بەردەم جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان خستەوە .

٣ / ١ / ١٩٩٨

پێشنیازێک بۆ گۆڕینی بڕگەیەکی یاسای سزادان

من نە پارێزەرم و نە دادوەر ، بەڵام لەوەتەی هۆشمکردۆتەوە ، لەنێو کۆمەڵدا دز نەفرەتلێکراوبووە ، بیستووشمە کە لە یاسای سزاداندا بڕگەیەک بۆ تاوانبارکردن و سزادانی دز هەیەو ، هەمیشە یاسا پشتگیریی خاوەن ماڵ دەکات وهەقی بۆ دەگێڕێتەوە . بەڵام لەم جیهانە لنگەوقووچەی ئێمەدا خۆمشێواوەو ، نەریت و پرنسیپە ” کۆنەکان ” بە دەقە یاساییەکانیشەوە ، لەوەدەچێت باویان نەمابێت یان چەمکەکانیان گۆڕابێت . لەبەرئەوە دەبێت زۆر ئاسایی بێت لامان ، کە لەمەودوا ، ئەگەر چوونە سەر ماڵێک و دزییانلێکرا ، خاوەن ماڵ بدرێتە دادگاو ، دزەکە بەگرتنیبدا ، سەبارەت بەوەی کەمتەرخەمیی لە قایمڕاگرتنی ماڵەکەیدا کردووەو ، بەهەر هۆیەکەوە بووبێت دەرگاکانیان دانەخستبێت ، پەنجەرەکانیان کرابێتەوە ، کلیلیان لێکەوتێت ، یان خەویان قورس بێت … هتد .
کەواتە خاوەن ماڵ تاوانبارەو ، هەقەو دەبێت یاسا سزای شیاوی خۆی بەسەردابدات …
ئەی ئەگەر وەها نییە ، چۆن دەگوترێت لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان کارێکی ئاساییەو میلیتاریزمی تورک تاوانبار نییەو ، هەرچییەک دەکات ، ئۆباڵەکەی هەڵناگرێت و دەبێت دەستخۆشانەی لێبکرێت ، چونکە لە بنەڕەتدا لەشکری تورکیا بەهۆی ( پەکەکە ) وە هاتۆتە کوردستان و هەقی خۆیەتی هەر کارێک ئەنجامبدات ، جەندرمەی تورک کۆتری ئاشتین و ، ئەوە گەڕیلاکانن ئەهریمەنی شەڕو تێرۆریست و چی و … چی و … چین … هتد ، بۆیە دەبێت هەموو خەڵکی کوردستان بەپیر جەندرمەکانەوە بچن و لەهەر شوێنێک گەڕیلاکانیان بەدیکرد تەفروتونایان بکەن ؛ ئاخر زۆر لە مێژە ، هەر لەسەردەمی سوڵتانەکانی دەوڵەتی عوسمانلییەوە تورک خاوەنی جەندرمە بووەو تاڵانوبڕۆو جەردەییش بۆیان حەڵاڵ بووە ، خاوەنی ئەم ماڵەش کە کوردستانی پێدەگوترێت ، بە باکوورو باشوورەوە ، دەبێت لە خزمەتی جەندرمەکاندابن و حەددی خاوەنماڵییان نەبێت . لەبەرئەوە جێی خۆیەتی و ، هەتا زووەو ، لەڕەوتی بەرەو دواوە چووندا کۆسپ و تەگەرەمان نەهاتۆتەڕێ ، بە بڕیارێکی پەڕلەمانی ، بڕگە یاساییەکەی ئاماژەمان بۆ کرد ، بگۆڕدرێت ، تا دزو خاوەنماڵ ، گورگ و مەڕ ، شوێنی شیاوی خۆیان لە یاسادا بزانن و تێبگەن ، لەم سەردەمی سیستمی نوێی جیهانیدا ، چۆن یاساییانە رەفتاردەکەن !!

١ / ١ / ١٩٩٨

خاوەنی راستەقینەی داهاتی گومرگەکان تاوانبار دەکەن ..!

لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ بەدواوە ، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا ، حکومەتی ناوەندیی بڕیاری کشانەوەی دەسگا دەوڵەتییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا دا ، داهاتی گومرگی ئەو کاڵایانەی بۆ دەرەوە دەڕۆن و بۆ کوردستان دێن ، بوو بە تەنها سەرچاوەی بژێویی خەڵکی و ، دواتریش ئەم داهاتە بووە مایەی ئەو شەڕە نەگریسەی ناوخۆ کە لە کوورەکەیدا ، بەبەرچاوی خۆمانەوە ، رەنجی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخازانەی نەتەوایەتیی کورد دەسووتێت . لەبەرئەوە ، لە سایەی ئەم بارودۆخە نائاساییەی کوردستاندا ، نە ئەم داهاتە ژیانی خەڵکی کوردستانی پێبەڕێوەبراو ، نە باری شانی جەماوەری دەستەنگی کوردستانی پێسووککرا ، بەڵکو لەبری ئەوە ، گرانی و برسێتی و بێکاریی بەباڵایاندابڕا .
دەسەڵاتدارانی کوردستان خەڵکیی منەتباردەکەن بەوەی ( گوایا ) ئەم داهاتە بۆ ئاوەدانی و بیناکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و چاکترکردنی ژیانیان خەرجدەکەن . هەر لایەنەش بەو کارانەی دەیکات خۆیهەڵدەکێشێت و بەنیازە جەماوەر چەپڵەیان بۆ لێبداو لە هەڵبژاردنیشدا دەنگیان بۆ بدات .
رۆژانە ، ئەوەی دەکرێت ، ئەو پارانەی خەرج دەکرێن ، ئەو بەناو پڕۆژانەی ملیۆنەها دۆلاریان بۆ تەرخان دەکرێت ، بەچاوی خەڵکیدا دەدرێنەوە و ، ئەو راستییە بەژێر لێوەوە دەکەن کە هەر هەموو داهاتەکان موڵکی جەماوەری ستەمدیدەی کوردستانەو ، ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن ، بە پارەی خەڵکی کورد دەیکەن و ، ئەوە چەندین ساڵە لەدەمی ئەوی دەگرنەوە سەرمایەی خۆشیانی پێ کەڵەکە دەکەن.
ئەوە حەوت ساڵە خەڵکیی ئاردو رۆن و برنج و شەکرو چاو سابوون و هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان ، بەچەندی جارەی نرخە راستەقینەکانی دەکڕن .
ئەوە حەوت ساڵە ، لەم وڵاتە وێرانەدا ، هەموو خێزانێک ، رۆژانە ، بڕێک پارە لە گیرفانیانەوە رەوانەی خاڵە گومرگییەکان دەکەن تا بڕژێتە گیرفانی دەسەڵاتدارانەوە ؛ حەوت ساڵە نرخ و رادەی پارووی دەمی منداڵانی کوردستان لە خاڵە گومرگییەکان سەر سنوورەکاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت . ئێستاش کە مووچەکەی خۆمانمان دەدەنێ منەتبارمان دەکەن ، کە بڕێک پارە زیاد دەکەن منەتبارمان دەکەن ، کە بینایەکی رووخاو چاکدەکەنەوە منەتبارمان دەکەن ، کە رۆنی خۆمان لە سمێڵی خۆمان دەدەنەوە منەتبارمان دەکەن ؛ لەبەرامبەریشدا ، ملکەچی و گوێڕایەڵی و ستایشکردن و هەڵوێستی پشتگیریکردنیان دەوێت ، خۆ ئەگەر خوانەخواستە هەڵبژاردنێکیدیکە کرایەوە ، ئەوا بێ هیچ گومانێک داوای دەنگەکانمان لێدەکەن و ، دیارە بۆ زامنکردنی دەنگەکانیش هەر لە پارەی خۆمان ، لە داهاتی گومرگەکان خەرجدەکەن ..!

٣١/١٢/ ١٩٩٧

بنبڕکردنی شه‌ڕی ناوخۆیی
له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدایه

تێبینی گۆڤاری دواڕۆژ
له‌ نێوانی ئه‌و چالاکییانه‌ی ( لیژنه‌ی ئاشتی و برایه‌تی ) له‌ شاری سلێمانیدا، بۆ رێگرتن له‌ شه‌ڕی ناوخۆو گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی بۆ کوردستان نواندی ، به‌ستنی چه‌ند کۆڕو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی رۆشنبیریی بوو . ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ رۆژی 18 / 6 / 1994 دا کاک ( فوئاد قه‌ره‌داغی ) له‌ ( هۆڵی رۆشنبیریی ) پێشکه‌شیکرد ، بابه‌تی کۆڕێکی سازدراو له‌لایه‌ن ئه‌م لیژنه‌یه‌وه‌ بوو . کۆڕه‌که‌ به‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئاماده‌بووان کۆتاییهات و ، ده‌قی ته‌واویشی ئێواره‌ی رۆژی 19 / 6 / 1994 له‌ ته‌له‌فزیۆنی ( ئازادی ) یه‌وه‌ په‌خشکرا . ئێمه‌ وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی رۆشنبیریی ، بۆ یه‌کێک له‌ بواره‌کانی چالاکیی ( لیژنه‌ی ئاشتی و برایه‌تی ) ، بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌قه‌ نوسراوه‌که‌یمان به‌ په‌سه‌ندزانی . گۆڤاری (دواڕۆژ) ، ژماره‌ 3 ، مارتی 1995 .
پێشه‌کی
هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری ، له‌ ئه‌نجامی دابه‌شبوونی کاری کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، چه‌ند چینێکی جیاوازی تێدا په‌یدابووه‌ ، هه‌میشه‌ ململانێی چینایه‌تی و ناکۆکی نێوان چینه‌ سه‌رده‌سته‌کان و بنده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگا ، ته‌کانی به‌و مێژووه‌ داوه‌و مێژووی به‌شه‌رییه‌تی پێکهێناوه‌ . ململانێکان له‌ هه‌موو ئاستێکدا روویانداوه‌و ، توندوتیژیی و شه‌ڕو جه‌نگی خوێناوی ، ترۆپکی ئه‌و ململانێیه‌ بووه‌ .
کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری له‌ هه‌موو سه‌رده‌مانێکی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدا ، بێ ئه‌و ناکۆکییانه‌ نه‌چۆته‌ پێشه‌وه‌ . هه‌میشه‌ توندوتیژیی چینه‌ سه‌رده‌سته‌کان کاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه‌و ، له‌ به‌رامبه‌ریدا توندوتیژیی چینه‌ چه‌وساوه‌کانی خولقاندووه‌ . ئه‌م توندوتیژییه‌ سیمای مێژووی به‌شه‌رییه‌تی نه‌خشاندووه‌ . حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی توندوتیژیی مامانی مێژووه‌ ، حه‌قیقه‌تێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌و به‌ ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ گرێیخواردووه‌ .
شه‌ڕی خێڵه‌کی ، شه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تی ، شه‌ڕی ئایینی ، شه‌ڕی چینایه‌تی ، سه‌رتاپای ئه‌م مێژووه‌ی داگیرکردووه‌ . خوێندنه‌وه‌ی مێژووی جیهان به‌ گشتی و ، مێژووی هه‌ر وڵاتێکیش به‌ تایبه‌تی ، باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن .
شه‌ڕی ناوخۆیی رایه‌ڵێکی مێژووییه‌و سه‌رانسه‌ری مێژووی خه‌باتی کۆمه‌ڵگاکانی پێوه‌ به‌نده‌و ناتوانرێت نکوولی لێبکرێت . ئه‌م شه‌ڕه‌ ناوخۆییانه‌ ، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چینایه‌تییه‌ جیاجیاکانی تێدا ره‌نگده‌داته‌وه‌و ، لایه‌نه‌کان له‌ ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیاندا په‌نایان بۆ بردووه‌ ، به‌پێی جۆری شه‌ڕه‌که‌ش و ئه‌و چینانه‌ی به‌شدارییان تێداکردووه‌ ، هه‌میشه‌ سیفه‌تێکی ناعادیلانه‌ی له‌لایه‌ن چینه‌ چه‌وسێنه‌ره‌کان و سیفه‌تێکی عادیلانه‌ی له‌لایه‌ن چینه‌ چه‌وساوه‌کانه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌کردووه‌ ، زۆر جاریش که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ نێوان توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چینێک یان چه‌ند چینێکی خاوه‌ن یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیی چینایه‌تی به‌رپاکرابێت ، ئه‌وا بۆته‌ مایه‌ی کوێره‌وه‌رییه‌کی بێئه‌ندازه‌و ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ بوونه‌ته‌ سووته‌مه‌نییه‌که‌ی و ماڵوێرانیی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌ .
ئه‌م سیمایه‌ی ململانێ ، که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی لایه‌نێکی گرنگی پێکده‌هێنێت ، تا ئیمڕۆش به‌رده‌وامه‌و ، تا ئه‌و رۆژه‌ش که‌ که‌ره‌سه‌ی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ هه‌بێت و سیستمی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ له‌ ئارادابێت ، هه‌ر ده‌مێنێت و درێژه‌ده‌کێشێت .
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێک له‌ مێژووی سه‌د ساڵی پێشووی ئه‌م جیهانه‌ بده‌ین ، سه‌ره‌ڕای دوو جه‌نگی جیهانیی گه‌وره‌ که‌ ملیۆنه‌ها به‌شه‌ریان به‌قوربانی چڵێسی و چاوچنۆکی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانی کرد ، به‌ سه‌دان شه‌ڕی ناوخۆییش له‌ پاڵیاندا ده‌بینین که‌ سه‌رجه‌م قوربانییه‌کانیان له‌ قوربانییه‌کانی ئه‌و دوو جه‌نگه‌ جیهانییه‌ تێده‌په‌ڕن .
له‌ جیهانی ئیمڕۆی ژێر سایه‌ی سیستمی نوێی جیهانی و باڵاده‌ستیی رۆژئاواو هه‌ره‌سهێنانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات و بڕانه‌وه‌ی جه‌نگی سارددا ، تابلۆیه‌کی خوێناوی دیکه‌ی جه‌نگی ناوخۆیی له‌ چه‌ندین شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا به‌دیده‌که‌ین ؛ به‌ڕاده‌یه‌ک ده‌توانین وه‌ک سیفه‌تێکی ئاشکراو زه‌قی ئه‌م سیستمه‌ی بناسین . ئاگری ئه‌م شه‌ڕه‌ ناوخۆییانه‌ ، هه‌ر به‌رگێک بپۆشن ، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ چه‌وسێنه‌ره‌کانی ئه‌م جیهانه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌و ، به‌ زیان و کاولکاریی و به‌شمه‌ینه‌تیی گه‌لانی سته‌مدیده‌ی جیهان و چینه‌ چه‌وساوه‌کان ته‌واوده‌بێت . ئه‌وه‌ یه‌ک ئه‌زموونی مێژووییه‌ که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی ، به‌ تایبه‌تی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ئامانجی سیاسی و به‌رنامه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاشکراو دیاری له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێت ، چ چاره‌نووسێکی ره‌ش بۆ جه‌ماوه‌ر به‌گشتی و ، بۆ قوربانییه‌کانی شه‌ڕه‌که‌ به‌ تایبه‌تی ، ده‌هێنێت .
کوردستان و شه‌ڕی ناوخۆیی
کوردستان وه‌ک به‌شێکی ئه‌م جیهانه‌ جه‌نجاڵه‌ پڕ ناکۆکییه‌ له‌ ئاگری جه‌نگ و ململانێی خوێناوی به‌ده‌رنه‌بوو . هه‌ر له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا ( باشووری کوردستان ) ، مێژووی چه‌ند ده‌ساڵێکی دوایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ( سه‌ده‌ی بیسته‌م ) شاهیدی دوو شێوه‌ شه‌ڕی به‌رده‌وام بووه‌ : شه‌ڕێکی عادیلانه‌ی هه‌قخوازانه‌ که‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کورد له‌ پێناوی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیدا دژی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌رپایانکردووه‌و ، شه‌ڕێکی دیکه‌ی ماڵوێرانکه‌ر ، که‌ له‌ ناوخۆدا ، له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانی گۆڕه‌پانی کوردستاندا ، روویانداوه‌ .
له‌ کاتێکدا شه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی کورد له‌ پێناوی ئازادیدا ، هه‌میشه‌ مایه‌ی پشتگیریکردن و شانازی و خۆڕاگرتن و سه‌روه‌ری بووه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ زیاتر شه‌ڕی ناوخۆیی مایه‌ی بێزاری و تووڕه‌یی و خه‌م و په‌ژاره‌و که‌سه‌رێکی گه‌وره‌ بووه‌و ، تا سه‌ر مۆخ کاریگه‌رێتی سه‌لبی خۆی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ناوخۆی کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌جێهێشتووه‌و ، بۆ چه‌ند جار مه‌سه‌له‌ی ره‌وای گه‌لی کوردی به‌ره‌و چاره‌نووسێکی نادیار به‌کێشکردووه‌ .
شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ش ئه‌ڵقه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و زنجیره‌ شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌ بوو که‌ له‌ ده‌مێکه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری ره‌شوڕووتی کوردستان به‌ر نه‌فره‌تی مێژووی خستوون ؛ ئه‌وه‌تا له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌ ( 1994 ) ، بۆ جارێکی دیکه‌ ئاگری شه‌ڕی ناوخۆیی زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی کوردستانی گرته‌وه‌ که‌ له‌ سایه‌ی راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 دا له‌ چنگ رژێمی فاشی به‌غدا رزگارکران . بۆ جارێکی دیکه‌ زامه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆیی چه‌ند ده‌ساڵێکی به‌ر له‌ راپه‌ڕینی به‌سوێهێنایه‌وه‌و ، ده‌رفه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی هێزه‌ ئیقلیمییه‌ نه‌یاره‌کانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کوردی ره‌خساندو ، ده‌ستکه‌وته‌کانی راپه‌ڕینی به‌ر گه‌وره‌ترین مه‌ترسی خست و هیواو ئامانجه‌کانی گه‌لی کوردی سته‌مدیده‌ی دایه‌ به‌ر ره‌شه‌بای هات و نه‌هاته‌وه‌و ، ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێستای هه‌رێمی تا لێواری مه‌رگ راپێچکردوو به‌ بنبه‌ستی ئێجگاره‌کی گه‌یاند ؛ شه‌ڕێک که‌ جگه‌ له‌ ئاوکردن به‌ ئاشی رژێمه‌ کۆنه‌په‌رست و فاشییه‌کانی ده‌وروبه‌ری کوردستان به‌ولاوه‌ ، هیچ قازانج و ده‌ستکه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان تێدانه‌بوو ، هه‌ر بۆیه‌ له‌ رۆژانی یه‌که‌می شه‌ڕه‌وه‌ ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی مارانگازی کوردستان ، به‌ جیاوازی چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیه‌وه‌ ، به‌ جیوازی حزب و رێکخراوو گرووپه‌ سیاسییه‌کانیه‌وه‌ ، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییان به‌رزکرده‌وه‌و تێکڕا خودی شه‌ڕه‌که‌یان مه‌حکووم کردوو به‌شێوه‌ی جۆراوجۆری سیاسی و جه‌ماوه‌ریی که‌وتنه‌خۆو ، له‌ پێناوی کوژاندنه‌وه‌ی شه‌ڕو سه‌پاندنی ئاشتیدا بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیی دژه‌شه‌ڕیان به‌ڕێخست وچه‌ندین لیژنه‌و کۆمیته‌ی ئاشتیخوازیی دژه‌شه‌ڕیان پێکهێنا ، سه‌دان بروسکه‌و یاداشتیان به‌رزکرده‌وه‌ ، چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌و چاوپێکه‌وتنیان سازکردو خواست و ئیراده‌ی ئاشتیپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان ، به‌ سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستان گه‌یاندو ، له‌ به‌رامبه‌ر ئۆباڵی مێژوویی ئاکامه‌کانی ئه‌م شه‌ڕه‌دا به‌رپرسیانکردن ، داوای شه‌ڕ راگرتن و چاره‌سه‌رکردنی ئاشتییانه‌ی کێشه‌کانیان لێکردن ، تا سه‌رئه‌نجام ده‌نگی زوڵاڵی ئاشتی و گوشاری ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنی هه‌لومه‌رجی راگرتنی شه‌ڕ یه‌کانگیربوون و رێگه‌ی دانیشتن و وتووێژ خۆیان سه‌پاند .
مێژووی ناکۆکی و خاڵی سه‌ره‌تا
ئه‌گه‌رچی ئیمڕۆ هه‌وری ره‌شی رۆژانی شه‌ڕ تروسکه‌یه‌کی به‌ره‌و ره‌وینه‌وه‌ تێکه‌وتووه‌و ( ژووره‌کانی عه‌مه‌لیات ) له‌کاردان ، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی له‌ گۆڕێدایه‌و زامنکردنی ئاشتی و سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ گره‌وی چاره‌سه‌رکردنێکی بنه‌ڕه‌تیی کێشه‌که‌دایه‌و ، ئه‌و ته‌رحانه‌ی له‌ ئارادان ، ته‌رحێکن ، له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ کێشه‌که‌ ده‌ڕوانن و ده‌ستی چاره‌سه‌رکردن بۆ ره‌گ و ریشه‌ی کێشه‌که‌ نابه‌ن ، بۆیه‌ شۆڕبوونه‌وه‌ به‌ ناخی کێشه‌که‌داو تاووتووکردنی و خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ، ئه‌رکێکی به‌په‌له‌یه‌و هاوبه‌شیکردنی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و هێزه‌ سیاسییه‌کانی ده‌وێت .
له‌ راستیدا ، ئه‌و شه‌ڕه‌ خوێناوییه‌ی مانگی ئایاری ئه‌مساڵ ، نه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ڵگیرساو ، نه‌ ‌رێکه‌وت و هه‌ڵه‌و ره‌فتاری ئه‌م یان ئه‌و لێپرسراوی حزبی و عه‌سکه‌ری هێنایه‌کایه‌وه‌ ، به‌ڵکو پێشینه‌یه‌کی سیاسی ئاڵۆزکاوی هه‌بوو ، واته‌ شه‌ڕه‌که‌ بۆ خۆی درێژه‌کێشانی دوو سیاسه‌تی جیاوازی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستان بوو ، که‌ له‌ رووی مێژووییه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵی 1964 و ، بگره‌ له‌ روانگه‌یه‌کی فراوانتریشه‌وه‌ ، بۆ سه‌ره‌تای دروستبوونی یه‌که‌م سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ناوه‌ڕاستی چله‌کاندا ده‌گه‌رێته‌وه‌ .
ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ خزمه‌تی پڕۆسه‌ی ئاشتیدابێت و زامه‌ کۆنه‌کان نه‌کولێنێته‌وه‌و قه‌تماغه‌ی برینه‌کان هه‌ڵنه‌داته‌وه‌ ، خۆمان له‌ لێدوان و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و رابردووه‌ ده‌بوێرین و ، بۆ تۆژینه‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژووی به‌جێده‌هێڵین و ، ته‌نها له‌ نزیکترین مێژووی ئه‌م ناکۆکییه‌و ئه‌و خاڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی به‌م ئاکامه‌ گه‌یشت ، ده‌کۆڵینه‌وه‌ .
ئه‌و ناکۆکی و ململانێیه‌ی ئیمڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستاندا ئه‌م شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌ی لێکه‌وته‌وه‌ ، نزیکترین مێژووی بۆ سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان ده‌چێته‌وه‌ ، کاتێک پڕۆسه‌ی کێبه‌رکێی هه‌ڵبژاردن و مه‌سه‌له‌ی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستانی دوای راپه‌ڕیندا هاته‌ئاراوه‌ .
وه‌ک جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ئاگادارن ، به‌ره‌ی کوردستانی له‌ هه‌لومه‌رجی دوای راپه‌ڕیندا ، به‌ تایبه‌تی دوای ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی رژێم له‌ کوردستانداو پاشان بڕیاری خۆکێشانه‌وه‌ی ئیداریی رژێم ، بووه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حکومه‌تی واقیع ، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خه‌ڵکی کوردستان و به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و کێشانه‌ی هه‌بوون ، ده‌سته‌وسانی ده‌رکه‌وت و تووشی بنبه‌ست بوو . بۆیه‌ چ جه‌ماوه‌رو چ خۆدی حزبه‌کانی به‌ره‌ش گه‌یشتبوونه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ کوردستان به‌ به‌ره‌ی کوردستانی به‌ڕێوه‌ناچێت و ، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی یاسایی جێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێشوو ، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری حکومه‌ت له‌ کوردستاندا بگرێته‌وه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و حکومه‌تی هه‌رێم هاته‌کایه‌وه‌ . سه‌رکردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌مه‌ی سه‌لماندو ، بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه‌ سیاسییه‌ که‌وته‌خۆی و مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی هێنایه‌پێشه‌وه‌ . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یاسای ژماره‌ یه‌کی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه‌ خرایه‌ڕوو . پاش بێنه‌وبه‌ره‌یه‌کی زۆرو ململانێ له‌سه‌ر گه‌لێک به‌ندی یاساکه‌ ، که‌ زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌ گه‌وره‌کانی تێدابوو ، به‌ ره‌سمی ده‌رچوو . به‌م جۆره‌ ، به‌بێ ئه‌وه‌ی رای گشتی له‌ڕێی ئیستیفتایه‌که‌وه‌ بۆ وه‌ربگیرێت و شه‌رعییه‌تێکی جه‌ماوه‌ریی پێبدرێت ، خرایه‌ کاره‌وه‌و پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێکرد .
ململانێی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن
به‌ره‌ی کوردستانی به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتوو ، به‌ یه‌ک لیسته‌وه‌ ، داخڵی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو ، به‌ڵکو هه‌ر حزبه‌و بۆ خۆی لیستی تایبه‌تی هه‌بوو . له‌ ناو حزبه‌کاندا هاوپه‌یمانێتی و یه‌کگرتن بۆ هه‌ڵبژاردن روویاندا . پاسۆک و سۆسیالیست بوونه‌یه‌ک و یه‌کێتیی نیشتمانی و زه‌حمه‌تکێشان لیستی هاوبه‌شیان دابه‌زاند . پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی و پارتی گه‌ل ، هه‌ریه‌که‌یان به‌ لیستێکی جیاواز دابه‌زین . به‌م شیوه‌یه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی کۆتاییهێنان به‌ رۆڵی به‌ره‌ی کوردستانی ، له‌ واقیعدا نراو ، ئیتر له‌و کاته‌وه‌ به‌ره‌ی کوردستانی وه‌ک هێزێکی سیاسیی یه‌کگرتوو له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا نه‌ما .
ململانێی به‌هێز له‌و رۆژانه‌دا له‌ نێوان هه‌ردوو حزبی گه‌وره‌دا بوو . ته‌وه‌ره‌ی ململانێ له‌ ده‌وری پڕۆژه‌ی ئۆتۆنۆمی و مافی بڕیاردانی چاره‌نووس و مه‌سه‌له‌ی رابه‌ر ده‌خولایه‌وه‌ . بارودۆخی سیاسی ئه‌و رۆژانه‌ی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ئاستێکی خه‌ته‌رناک گه‌یشت و ، به‌ ئاشکرا پێشبینی پێکدادان و کاره‌ساتێک ده‌کرا ، به‌ تایبه‌تی دوای کێشه‌ی مه‌ره‌که‌بی په‌نجه‌ مۆرکردن و دواخستنی کاتی هه‌ڵبژاردن بۆ چه‌ند رۆژێک . بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و تیروتوانج هاویشتن بۆ یه‌کتری ، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ بارودۆخه‌که‌ی ئاڵۆزکردبوو . ئه‌گه‌رچی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌ ئاماده‌بوونێکی بێوێنه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و به‌پیره‌وه‌چوونی پڕۆسه‌که‌ به‌ڕێوه‌چوو ، به‌ڵام ناکۆکییه‌کان له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ده‌نگداندا توندوتیژبوونه‌وه‌ .
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن
هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ساته‌کانی دوای داخستنی سندووقه‌کان و ژماردنی ده‌نگه‌کان ، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌نه‌وه‌ به‌رزبووه‌وه‌ . تۆمه‌تی ته‌زویرکردنی هه‌ڵبژاردن خستنه‌ پاڵ یه‌کتری راگه‌یه‌ندراو ، گشت لایه‌نه‌کان ، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌که له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشدا راوه‌ستان و مه‌ترسی پێکدادان به‌رزبووه‌وه‌ . ئاشکراکردنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن دواخراو رێژه‌ی ده‌نگه‌کان ئاشکرانه‌کران . دواتر له‌ رێککه‌وتنێکی دووقۆڵیدا هه‌ردوو حزبه‌ گه‌وره‌که‌ سه‌رکه‌وتنی خۆیان و رێککه‌وتنیان و بڕیاری دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییان نیوه‌ به‌ نیوه‌ راگه‌یاند. حزبه‌کانی دیکه‌ به‌وه‌ رازینه‌بوون به‌شداریی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن و داوای دووپاتکردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیان کرده‌وه‌ .
ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی ده‌سه‌ڵات و رازیبوون به‌ڕێژه‌ی په‌نجا به‌په‌نجا ، وه‌ک دوایی ده‌رکه‌وت ، له‌ژێر کاریگه‌رێتی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌دا روویدا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێک قه‌ناعه‌تی ته‌واوی به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ هه‌بێت . ئه‌مه‌ بنه‌مای ناکۆکییه‌کانی دواتری پێکهێنا .
حکومه‌تی نیوه‌ به‌نیوه‌و رازیبوون به‌ ده‌سه‌ڵاتی دوو حزبیی به‌ڕێژه‌ی په‌نجا به‌په‌نجا ، نموونه‌یه‌کی سه‌یربوو له‌ شێوازی حوکمڕانیداو ، نه‌ک هه‌ر له‌ په‌ڕله‌ماندا په‌یڕه‌وکرا ، به‌ڵکو له‌ پێکهاتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پاشان دابه‌شکردنی هه‌موو لێپرسراوێتییه‌ حکومه‌تییه‌کاندا په‌یڕه‌ویکراو ، سیمای نیوه‌ به‌نیوه‌ بووه‌ سیمای باوی حکومه‌تی هه‌رێم و تا سه‌ر ئاستی دامه‌زراندنی کارمه‌نده‌ نوێیه‌کانیش بۆ داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم هاته‌خواره‌وه‌ .
ئه‌م شێوازه‌ له‌ حوکمڕانی قه‌یرانێکی سیاسیی گه‌وره‌ی نایه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی له‌ ده‌ستی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌رچووه‌که‌ی هه‌ڵبژاردندا قۆرخکردو ، به‌ کرده‌وه‌ هه‌موو حزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان و که‌سانی بێلایه‌نی کۆمه‌ڵی هاویشته‌ ده‌ره‌وه‌ . حکومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ بووه‌ حکومه‌تی دوو حزب . ئه‌م شێوازه‌ کێبه‌رکێیه‌کی توندی وروژاندو کاروباره‌کانی حکومه‌تی له‌ هه‌موو ئاستێکدا تووشی بنبه‌ستکرد . جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان به‌ چاوی خۆیان له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌م حکومه‌ته‌دا ، ئاکامه‌کانی ئه‌م سیستمه‌یان ده‌بینی و به‌ نائومێدییه‌وه‌ سه‌یریانده‌کرد .
دوو ساڵ حوکمڕانیی
له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌مجاره‌و له‌کار راوه‌ستانی په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم ، دوو ساڵی ره‌به‌قی ته‌واوکرد . باری سیاسی – ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستاندا ، له‌چاو درێژیی ئه‌و ماوه‌یه‌دا ، هیچ گۆڕانکارییه‌کی پێشکه‌وتووانه‌ی به‌سه‌ردا نه‌هات . نه‌ کێشه‌ی سیاسیی گه‌لی کورد هه‌نگاوێکی به‌رچاو چووه‌ پێشه‌وه‌و ، نه‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئابووری و گرانی و برسێتی کراو ، نه‌ باری کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگای کوردستان گۆڕانکارییه‌کی به‌سه‌رداهات . بۆیه‌ ده‌توانین گرنگترین خاسییه‌ته‌کانی حوکمڕانی له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا ، له‌چه‌ند خاڵێکدا کۆبکه‌ینه‌وه‌ :
1 ) قه‌یرانی سیاسیی حوکمڕانیی نیوه‌ به‌نیوه‌ی هه‌ردوو حزبه‌که‌ ، شێوازی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردستانی به‌ بنبه‌ست گه‌یاند. شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا ئه‌نجامی ئه‌و بنبه‌سته‌بوو . ناوه‌رۆکی شه‌ڕه‌که‌ مه‌سه‌له‌ی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بوو .
2 ) به‌ره‌ی کوردستانی به‌هۆی دامه‌زراندنی په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و باڵاده‌ستیی سیاسی و عه‌سکه‌ریی هه‌ردوو حزبه‌که‌ی په‌ڕله‌مان و حکومه‌ت ، ئه‌گه‌رچی به‌ ره‌سمی هه‌ڵنه‌وه‌شێنراوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ له‌ حوکمی هه‌ڵوه‌شاوه‌دایه‌ ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ په‌ڕله‌مان و حکومه‌تدا هیچ ده‌ورێکی نه‌بوو ، حزبه‌کانیشی ئاڵوگۆڕیان له‌پڕۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و یه‌کگرتندا به‌سه‌رداهات ؛ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ناکۆکیی نێوانیان و نێوان هه‌ردوو لایه‌نی پێکهێنه‌ری په‌له‌مان و حکومه‌ت . ئه‌م فاکته‌رانه‌ ئیزافه‌بوون بۆ له‌یه‌کترازانی کاری به‌ره‌یی که‌ له‌ سه‌رده‌می به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد .
3 ) په‌ڕله‌مانی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پێکهاته‌ لاوازه‌که‌ی‌ ، که‌ به‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی رێژه‌یی بوو ، نه‌یتوانی له‌ڕووی کاری سیاسی و یاساییه‌وه‌ گۆڕانکارییه‌کی به‌رچاو به‌دیبهێنێت . ئه‌و کاره‌ یاساییانه‌ی ئه‌نجامیداوه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی له‌چاو ئه‌رکه‌ مێژووییه‌کانیدا شتێکی ئه‌وتۆ نین ، به‌هۆی لایه‌نداریی ئه‌ندامه‌کانییه‌وه‌ بۆ یه‌کێک له‌ دوو حزبه‌ گه‌وره‌که‌و ، کاریگه‌رێتیی رێژه‌ی نیوه‌ به‌نیوه‌ له‌سه‌ریان ، په‌کی کارکردنی یه‌کگرتوو و کێبه‌رکێی په‌ڕله‌مانیی ئیجابییان که‌وتبوو .
4 ) حکومه‌تی هه‌رێم جگه‌ له‌وه‌ی پێکهاته‌یه‌کی سیاسی لاوازی هه‌بوو ، له‌ بری پێکهاته‌یه‌کی به‌هێزی سیاسی – پسپۆڕی ، توانایه‌کی ماددی فراوانی له‌به‌رده‌ستدانه‌بوو . له‌لایه‌ن هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌کانه‌وه‌ دانیپێدانه‌نرا . ده‌ردی ( فیفتی – فیفتی ) ئاودامانی داگرتبوو . کێشه‌ی وه‌زیره‌کان و جێگره‌کانیان ، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کان و جێگره‌کانیان ، لێپرسراوی یه‌که‌م و جێگره‌کانیان ، له‌ هه‌موو ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کاندا ، توانای جووڵانه‌وه‌و کارکردنی په‌کخستبوو . بۆیه‌ کێسه‌ گه‌وره‌کانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی پێ چاره‌سه‌رنه‌کرا . له‌ ئاستی چاره‌سه‌رکردنی گرانی و برسێتی و بێکاری و دابینکردنی ئاسایشدا ده‌سته‌وسانبوو ، به‌و شێوه‌یه‌ پێشبینی ئیدامه‌بوونی له‌سه‌ر کار لێنه‌ده‌کرا .
5 ) پلانی به‌رده‌وامی ده‌وڵه‌ته‌کانی دراوسێ و کۆبوونه‌وه‌و رێککه‌وتنیان له‌سه‌ر به‌ربه‌ره‌کانیکردن و له‌ناوبردنی ئه‌زموونه‌که‌ی کوردستان ، کێشه‌یه‌کی جیددی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم پێکهێنا ؛ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی نادیاری نێوده‌وڵه‌تی و مانه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد وه‌ک کێشه‌یه‌کی مرۆڤایه‌تی نه‌ک سیاسی و ، هێشتنه‌وه‌ی ئابڵووقه‌ی ئابووری له‌سه‌ر کوردستان و مامه‌ڵه‌نه‌کردنی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵیدا . ئه‌م هۆکارانه‌ له‌ هه‌ڵسووڕان و بایه‌خی سیاسی و ئیداریی حکومه‌تی هه‌رێمی که‌مکرده‌وه‌و ، له‌ هه‌موو بوارێکدا ته‌گه‌ره‌ی بۆ دروستکردبوو .
6 ) ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بارودۆخێکی شلۆق و نائارامیی و گرانی و برسێتی و نه‌بوونی ئاسایش و یاساشکێنی و بازاڕی ره‌ش و کوشتن و بڕین و دزیکردن و . . . هتد خسته‌وه‌ . ئه‌م بارو‌دۆخه‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردستانی وروژاندوو بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌ چه‌ندین خۆپیشاندان و مانگرتن و یاداشت به‌رزکردنه‌وه‌و چالاکیی جه‌ماوه‌ریی جیاجیادا خۆی نواندو ، حکومه‌تی هه‌رێمیش هیچ وه‌ڵامێکی کرده‌وه‌یی بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ر پێنه‌بوو .
7 ) کێبه‌رکێی حزبی و په‌یوه‌ندیی ناته‌بای نێوان حزبه‌کان ، خاسییه‌تێکی دیکه‌ی دوو ساڵی رابردوو بوو ، به‌تایبه‌تی کێبه‌رکێی نێوان هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستان . هه‌ر یه‌که‌یان له‌لای خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵی کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک و مشوورخواردنی ده‌نگ په‌یداکردن بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بوون . له‌م بواره‌دا په‌یوه‌ندییه‌ عه‌شایه‌رییه‌کانیان له‌ کۆمه‌ڵگادا ژیانده‌وه‌ . ئه‌م گرنگیدانه‌ به‌ هێزه‌ عه‌شایه‌رییه‌کان ده‌رفه‌تێکی باشی بۆ پیاوانی زووی رژێم ره‌خساند که‌ خۆیان له‌ناو ریزه‌کانی ئه‌م لایه‌ن یان ئه‌و لایه‌ندا ببیننه‌وه‌ . پرنسیپه‌ حزبییه‌ کۆنه‌کان بۆ وه‌رگرتنی دۆستان و لایه‌نگران به‌لاوه‌نران و سیاسه‌تی ده‌رگای کراوه‌ ( الباب المفتوح ) له‌ هه‌ردوولاوه‌ په‌یڕه‌وکرا . ئه‌م سیاسه‌ته‌ رۆڵێکی سه‌لبی هه‌بوو له‌ شه‌ڕو پێکدادانه‌کانداو ، بواری بۆ ئه‌وانه‌ خۆشکرد له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا به‌شداربن و ئاگره‌که‌ خۆشتربکه‌ن و جارێکی دیکه‌ش ده‌ستیان به‌ خوێنی جه‌ماوه‌ردا بکه‌نه‌وه‌ .
ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ی دوو ساڵی ته‌واوه‌ له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ ، پرسیارێک راستده‌کاته‌وه‌ ؛ خه‌ڵکی ئیمڕۆ ده‌پرسن : ئایا به‌دیلی ئه‌م واقیعه‌ چییه‌ ؟ چۆن له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رچین ؟ ئاکامی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌ به‌ کوێ ده‌گات ؟
دیدگای هه‌ردوو حزب بۆ به‌دیلی واقیعه‌که‌
له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا ، بۆ چه‌ندین جار گرژی و ئاڵۆزیی ، ‌په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو حزبه‌که‌ی گرته‌وه‌‌ . هه‌ر جاره‌ هۆیه‌ک بارودۆخه‌که‌ی تێکده‌داو پاش هه‌وڵێکی زۆر دووقۆڵی پێکده‌هاتنه‌وه‌و هاوپه‌یمانێتییان راده‌گه‌یانده‌وه‌ . هه‌ردوو حزب له‌ ئاستی سه‌رکردایه‌تیدا دیدگاکانیان جار جار به‌ هێمنی و جار جاریش له‌ په‌نای هێرشی راگه‌یاندندا ده‌خسته‌ڕوو ، که‌ ده‌توانین پوخته‌ی دیدگاکانیان له‌ چه‌ند خاڵێکدا ده‌ستنیشانبکه‌ین :
1 ) سه‌ره‌تا به‌دیلی هه‌ردوو لایه‌ن بۆ واقیعه‌که‌ ، به‌رده‌وامبوونی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و هێشتنه‌وه‌ی هاوتایی ده‌سه‌ڵاتی نیوه‌ به‌نیوه‌ بوو . ئاکامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ته‌بایی و نه‌ته‌قینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ له‌رزۆکه‌که‌ ده‌دران ، راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانێتی ستراتیژیی بوو. به‌ڵام ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌ زه‌مینه‌ی واقیعدا جێبه‌جێنه‌ده‌کران و تۆزقاڵێک له‌ کێبه‌رکێی حزبیی نێوانیانی که‌منه‌ده‌کرده‌وه‌ .
2 ) دانانی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ، وه‌ک به‌دیلێکی دیکه‌ی قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمدا هاته‌پێشه‌وه‌ . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌سته‌یه‌کی ناوکۆیی ، به‌به‌شداریکردنی رابه‌ری یه‌که‌می هه‌ردوو حزب دانرا ، به‌ڵام ئه‌م ده‌سته‌یه‌ش هه‌ر به‌ هه‌مان رێسای نیوه‌ به‌نیوه‌ دانراو ، له‌ کاتی پێکهاتنیه‌وه‌ تا سه‌ره‌نجامی بارودۆخه‌که‌ به‌ شه‌ڕی ناوخۆیی گه‌یشت ، هیچ رۆڵێکی کاریگه‌ری له‌ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌که‌دا نه‌بینی .
3 ) ماوه‌ی چه‌ند مانگێک به‌ر له‌ شه‌ڕه‌که‌ ، سه‌ره‌تا لایه‌نێک و پاشان لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ش قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی نوێ ده‌کرد . هه‌ردوو حزب بۆ خۆیان له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی کاروباری حکومه‌ت و سروشتی ناکۆکییه‌کاندا به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتبوون که‌ ده‌بێت مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یه‌کلاییبکرێته‌وه‌ ، ئه‌ویش له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنێکی نوێوه‌ ، تا حزبی زۆربه‌ ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست و ، که‌مایه‌تیش له‌ ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابیانه‌دا کاری سیاسی خۆی بکات .
4 ) بیرکردنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێکی نوێ ، مه‌سه‌له‌ی چۆنایه‌تیی هه‌ڵبژاردنه‌که‌و بنه‌ماکانی هه‌ڵبژاردنێکی پاکی بێته‌زویری هێنایه‌پێشه‌وه‌ . ئه‌گه‌رچی به‌ جیددی و له‌ڕێی ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه‌ مشتومڕێکی جه‌ماوه‌ری و وه‌رگرتنی رای گشتیی خه‌ڵک به‌رپانه‌کرا . به‌ڵام قسه‌کردن له‌ تۆمه‌تی ته‌زویرکردن له‌هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ بۆ ئه‌ویدیکه‌ له‌ یه‌کێک له‌و ناوچانه‌ی له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی پێشوودا ده‌سه‌ڵاتیان تێیدا هه‌بوو ، کرۆکی ململانێیه‌کی راگه‌یاندن بوو . ئه‌م ململانێیه‌ و نیازی هه‌ردوو لایه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنێکی نوێ ، رۆژبه‌ڕۆژ ناکۆکییه‌کانی توندترده‌کرده‌وه‌و کێبه‌رکێی ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌و مه‌سه‌له‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌و پشتگیریکردنیان و خۆسازدانی زیاتر هاته‌ئاراوه‌و وه‌زعه‌که‌ به‌ره‌و گرژبوون و ئاڵۆزانێکی زیاتر ده‌برد . پێکدادانه‌کانی ساڵی رابردوو ، به‌ تایبه‌تی پێکدادانی پارتی و سۆسیالیست و ، یه‌کێتی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ، به‌شێکی شاراوه‌ی ئه‌و ململانێیه‌ی زه‌قکرده‌وه‌و ، په‌یوه‌ندییه‌کانی ناسککرده‌وه‌ ، رایه‌ڵه‌کانی هاوپه‌یمانێتی ستراتیژیی باریکترکرده‌وه‌و ، به‌ پریشکی رووداوێکی خۆجێیی ( محلي ) له‌ شاری قه‌ڵادزێدا ، گڕیسه‌ندو ته‌نییه‌وه‌و ئه‌و کاره‌ساته‌ جه‌رگبڕانه‌ی به‌دواداهات و شه‌ڕی ناوخۆیی زیندووکرده‌وه‌ .
شه‌ڕ راگرتن و ئاسۆی داهاتوو
وه‌ک له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ کرد ، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ، به‌ حزب و رێکخراوو گرووپه‌ سیاسییه‌کانیه‌وه‌ ، به‌ رێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانیه‌وه‌ ، به‌ حزب و رێکخراوه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌کانی پارچه‌کانیتری کوردستان و په‌ڕاگه‌نده‌کانی هه‌نده‌رانه‌وه‌ ، گوشارێکی بێوێنه‌یان خسته‌ سه‌ر سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕو ، هاوده‌نگی یه‌کتری ، هه‌ڵوێستی ئاشتیخوازانه‌و دژه‌ شه‌ڕی ناوخۆییان راگه‌یاندو ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ندین لیژنه‌و کۆمیته‌یان پێکهێنا . INC یش وه‌ک هێزێکی پشتگیریکراوی نێوده‌وڵه‌تی که‌وته‌ به‌ینه‌وه‌و ، بۆ راگرتنی شه‌ڕو پێکدادان خه‌باتێکی سیاسی – جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان سازدرا . سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو حزبیش له‌ نێوان ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجامدرا ، هه‌ڵوێستی ئاشتیخوازانه‌یان راگه‌یاند ، به‌ڵام ته‌واوی ئه‌و رێککه‌وتننامانه‌ی له‌ ماوه‌ی شه‌ڕدا مۆرده‌کران پێشێلده‌کران . بڕیاره‌کانی ژووری عه‌مه‌لیاتی ( صلاح الدین ) پشتگوێده‌خران ، بانگه‌وازه‌کانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ 3 / 5 و 5 / 5 و 19 / 5 داو ، بانگه‌وازی سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ که‌ بۆ شه‌ڕ راگرتن و پاراستنی ئاشتی بۆ هێزه‌کانی هه‌ردوولایان ئاڕاسته‌کرد ، گوێیانلێنه‌گیرا . ( خروقات ) له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ به‌رده‌وامبوو ، موتمانه‌ تا پله‌ی سفر له‌ نێوانیاندا دابه‌زیبوو ؛ تا بڕیاره‌که‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال به‌ شه‌ڕ راگرتن و کشانه‌وه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ی هێزه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانی له‌ ناوچه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی سلێمانی ته‌کانێکی به‌ بنبه‌ستبوونی وه‌زعه‌که‌ داو ، به‌پیره‌وه‌چوون و ره‌زامه‌ندی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیش زه‌مینه‌ی ئاگربه‌ست و پێکهێنانی ژووری عه‌مه‌لیاتی له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی شه‌ڕدا خۆشکرد . قایلبوونی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیش به‌شه‌ڕ راگرتن و به‌شداریکردن له‌ ژووره‌کانی عه‌مه‌لیاتدا ، سه‌ره‌تای پڕۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی چۆنێتی چاره‌سه‌رکردنی وه‌زعه‌که‌ی دامه‌زراند . به‌ڵام هێشتا ئه‌مه‌ چاره‌سه‌رکردنی پێکدادانه‌ ، جیاکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانه‌ ، راگرتنی نه‌زیفی خوێنه‌و هیچیتر . ئه‌مه‌ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کیشه‌که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ نییه‌ . بڕاندنه‌وه‌ی شێوه‌ی حوکڕانی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌مه‌ودوا نییه‌ . بۆیه‌ مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆیی ، ئه‌و شه‌ڕه‌ نزیک بێت یان دوور هه‌ر ماوه‌و ، بێ تاووتووکردنی چاره‌سه‌رکردنێکی دروستی چاره‌نووسی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، ئه‌و مه‌ترسییه‌ بنبڕناکرێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ئاستی مه‌ترسییه‌کی وه‌هادا که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یه‌خه‌ی خه‌ڵکی بگرێته‌وه‌و جارێکیدیکه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانیان بکات ، کۆمه‌ڵیک پرسیار دێنه‌پێشه‌وه‌و ده‌بێت هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ وه‌ڵامیان بدرێته‌وه ‌، به‌ تایبه‌تی رووکاری چاره‌سه‌رکردنێک که‌ له‌ ناواندایه‌و ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌نی سیاسی ، چ له‌ نێو ته‌شکیله‌ی حکومه‌ت و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تدا ، ده‌یخه‌نه‌ڕوو .
ئایا هه‌ردوو حزبه‌که‌ جارێکیدیکه‌ بۆ سیاسه‌تی نیوه‌ به‌نیوه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ؟
ئایا په‌ڕله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم پاش ئه‌و رووداوانه‌ وه‌ک جاران ده‌ستبه‌کارده‌که‌نه‌وه‌ ؟
ئایا کێشه‌که‌ هه‌ر به‌ دووقۆڵی و به‌ ناوبژی ( INC ) ده‌بڕێننه‌وه‌ ؟
ئایا به‌ره‌ی کوردستانی وه‌ک به‌دیلێک زیندووده‌کرێته‌وه‌و دیسانه‌وه‌ کاروبار به‌و ده‌سپێرن ؟
ئایا په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی ئاوه‌ها – وه‌ک له‌ پرسیاره‌کانی پێشتردا خرایه‌ڕوو – زامنی ئه‌وه‌ ده‌بێت جارێکیدیکه‌ شه‌ڕی ناوخۆیی هه‌ڵنه‌گیرسێته‌وه‌و ، هه‌موو که‌موکووڕی و قه‌یرانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی تائیمڕۆی له‌ کوردستاندا ، پێ چاره‌سه‌رده‌کرێت ؟
ئه‌گه‌ر بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ په‌نابه‌رینه‌ به‌ر سیاسه‌ته‌کانی رابردوو ، به‌ گیانێکی مه‌وزوعی و بێلایه‌نه‌وه‌ سه‌یری ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستا بکه‌ین ، ئه‌وا بێ هیچ دوودڵییه‌ک ته‌نها وه‌ڵامێکمان ده‌ستگیرده‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ یه‌کێک له‌و شێوازانه‌ی چاره‌سه‌رکردن کێشه‌که‌ کۆتاییپێناهێنێ و له‌ ئاستی بنبڕکردنی شه‌ڕی ناوخۆییدا ده‌ستکورتن ، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ دیدگایه‌کی نوێوه‌ ، به‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی فراوانترو گیانێکی قاڵبووی ئه‌زموونی رابردووه‌وه‌ ، به‌ دوای چاره‌سه‌رکردندا بگه‌ڕێین و ته‌رحێکیدیکه‌ بێته‌پێشه‌وه‌ .
ده‌ستپێکی تیۆریی ئه‌م ته‌رحه‌ له‌و راستییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی پابه‌ندی کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌و به‌ توندی پێوه‌ی گرێدراوه‌ ، بۆیه‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێشمه‌رجی بنبڕکردنی شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌بێت . هه‌ر له‌م باری سه‌رنجه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌ک بۆ بنبڕکردنی شه‌ڕی ناوخۆیی پێویسته‌ که‌ چاره‌سه‌ری هۆکاری شه‌ڕه‌که‌ بکات ، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌ .
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و چه‌ند پرنسیپێک
گونجاوترین رێگاچاره‌یه‌ک بۆ قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا ، ده‌بێت له‌م پرنسیپانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ هه‌ڵگرێت :
1 ) سه‌لماندنی ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ر ، واته‌ دانپێدانانی ئه‌وه‌ی که‌ جه‌ماوه‌ر سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ . وه‌رگێڕانی ئه‌م پرنسیپه‌ له‌ بواری سیاسه‌تدا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان ، هه‌ریه‌که‌یان له‌لای خۆیانه‌وه‌ ، خۆی به‌ ده‌مڕاستی جه‌ماوه‌ر نه‌زانێت به‌ڵکو به‌ کرده‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ری کوردستان و ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ سه‌رپشک بکه‌ن له‌ چۆنایه‌تی ئه‌و سیستمه‌ سیاسییه‌ی بۆ حوکمڕانیکردنی خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن .‌
2 ) سه‌لماندنی ئازادییه‌ سیاسییه‌کان بۆ هه‌موو حزب و رێکخراوو گرووپه‌ سیاسییه‌کان به‌بێ جیاوازی و ، زامنکردنی ئه‌و ئازادییه‌ له‌ هه‌موو بارودۆخێکی سیاسیدا .
3 ) سه‌لماندنی حوکمڕانیی مه‌ده‌نی و دوورخستنه‌وه‌ی هێزی چه‌کداری حزبه‌کان له‌ ده‌ستێوه‌ردانی کاروباری سیاسیی هه‌رێم . به‌ واتایه‌کیدیکه‌ سیاسه‌ت و ئه‌قڵییه‌تی سیاسی ئاڕاسته‌ی حوکم بکات نه‌ک چه‌ک و ئه‌قڵییه‌تی عه‌سکه‌ری .
4 ) رێزلێگرتنی رای گشتی له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌ سیاسی و عه‌سکه‌رییانه‌ی رووده‌ده‌ن و ، کارکردن بۆ سازدانی رایه‌کی گشتیی ره‌خنه‌گرو سه‌ربه‌خۆ له‌ کێبه‌رکێی حزبایه‌تیدا .
5 ) رێگه‌گرتن له‌ ده‌ستێوه‌ردانی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌کان له‌ کاروباری ناوخۆی کوردستان و ، ره‌خساندنی هه‌موو داموده‌زگاکانی راگه‌یاندن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌و ، پابه‌ندبوون به‌م پرنسیپه‌وه‌و ئیدانه‌کردنی هه‌ر لوو‌تژه‌ندنه کاروبارێکی کوردستانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌و هێزه‌ ئیقلیمییانه‌ی هه‌ر یه‌که‌یان به‌شێکی کوردستانیان داگیرکردووه‌و هه‌موویان به‌رژه‌وه‌ندیی ناوکۆییان له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لی کوردو به‌دینه‌هاتنی مافی چاره‌نووسی خۆیدا هه‌یه‌ .
‌6 ) ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم ، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی دابینکردنی نان و ئازادی بێت بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان . نان و ئازادی پێکه‌وه‌به‌ستراون و له‌ یه‌کتری جیانابنه‌وه‌ . هه‌میشه‌ برسێتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پاراستنی ئازادی ده‌کات و ، ئازادیش به‌ برسێتییه‌وه‌ هیچ مانایه‌ک نابه‌خشێت . بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستانداو ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی حوکمڕانیی ده‌که‌ن ، ده‌بێت کێبه‌رکێ له‌سه‌ر دابینکردنی نان و ئازادی پێکه‌وه‌و وه‌کویه‌ک بکه‌ن و ، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ بسه‌لمێنن که‌ ئاکامی خه‌باتی خوێناوی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان له‌ پێناوی رزگاریی نه‌ته‌وایه‌تیدا ده‌بێت نان و ئازادی بێت نه‌ک شه‌ڕو برسێتی.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرنسیپانه‌ بناغه‌یه‌کی پته‌وی داڕشتنی بارودۆخێکی سه‌قامگیر بێت و له‌ چاره‌سه‌رکردنی وه‌زعی ئاڵۆزی ئیمڕۆی کوردستاندا جێگه‌ی خۆیان بگرن ، ده‌بێت هه‌رچی زووه‌ هه‌نگاو بۆ پیاده‌کردن و په‌یڕه‌وکردنی ئه‌م ئیجرائاتانه‌ هه‌ڵگیرێت :
أ — هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شێوازی نیوه‌ به‌نیوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌موو ئاسته‌ جیاجیاکانداو له‌پێشی هه‌موویانه‌وه‌ په‌ڕله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، که‌ له‌ڕاستیدا ئیفرازاته‌کانی شه‌ڕی ناوخۆیی ، به‌ کرده‌وه‌ کاره‌کانیانی په‌کخستووه‌و شه‌رعییه‌تیانی خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، چونکه‌ سروشتی شه‌ڕ ته‌واوی یاساکانی حوکمڕانیی مه‌ده‌نیی هه‌رێمی خسته‌ په‌راوێزه‌وه‌و ( منطق ) ی چه‌ک شوێنه‌واریانی گرته‌وه‌ . له‌سه‌رێکه‌وه‌ ، هه‌ر حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتی نیوه‌که‌یتری حکومه‌ته‌ ناوکۆییه‌که‌یانی له‌ پارێزگایه‌ک له‌ کارخستووه‌و ، له‌سه‌رێکیدیکه‌وه‌ ، چ په‌ڕله‌مان و چ حکومه‌تی هه‌رێم له‌ پێکدادانه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆییدا ، به‌پێی دابه‌شبوونی حزبییان ، بوونه‌ لایه‌نداری حزبه‌کانیان و راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌شێکی نه‌پساوه‌ی هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ی شه‌ڕ بوون . له‌ داهاتووشدا ئه‌و رێژه‌ی ده‌نگه‌ په‌ڕله‌مانییه‌ی بۆ حه‌سمکردنی کێشه‌کان پێویست بن ، له‌ سایه‌ی سیستمی نیوه‌ به‌نیوه‌دا به‌ده‌ستنایه‌ت و کێشه‌کان هه‌روا به‌ هه‌ڵواسراوه‌یی ده‌مێننه‌وه‌ . به‌رنامه‌ی حکومه‌تیش له‌ هه‌مان کاتدا ناتوانێت به‌رنامه‌ی دوو حزب بێت له‌ حوکمڕانیدا ، بۆیه‌ هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک بۆ حوکمڕانی په‌یڕه‌وبکرێت ، به‌رنامه‌یه‌کی نیوه‌یی ده‌بێت و داموده‌زگا حکومه‌تییه‌کانیش له‌ پێکهاته‌ی نیوه‌ به‌نیوه‌دا یه‌کده‌ست و یه‌کئیراده‌ ناتوانن به‌رنامه‌ی حکوموت پیاده‌بکه‌ن و وه‌ک پێشوو نیوه‌ی په‌یڕه‌ویده‌کات و نیوه‌که‌یتریش رێگری ده‌بێت .
ب — هه‌رچی زووه‌و به‌په‌له‌ کۆنگرێسێکی گشتی له‌ هه‌موو حزب و رێکخراوو گرووپه‌ سیاسییه‌کان و نوێنه‌رانی چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و شه‌خسییاتی بێلایه‌ن پێکبهێنرێت تا بڕیاری چاره‌نووسی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی کوردستان بدات و رێگای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان دابنێت و وه‌ک ده‌زگایه‌کی باڵای یاسایی کاتیی جێی په‌ڕله‌مانی ئێستا بگرێته‌وه‌ .
ئه‌رکی گرنگ و به‌په‌له‌ی ئه‌م کۆنگرێسه‌ ده‌بێت بریتی بێت له‌ :
1 ) دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی ئیئتیلافیی کاتیی تێکه‌ڵ له‌ که‌سانی سیاسی و پسپۆڕ ، حزبی و بێلایه‌ن ، تا کاروباره‌ حکومه‌تییه‌کان له‌ ماوه‌ی‌ گواستنه‌وه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رن .
2 ) به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگا حکومه‌تییه‌کان له‌ پارێزگاکانداو ، سپاردنی به‌ که‌سانێکی لێوه‌شاوه‌و شاره‌زاو لێهاتوو بێگوێدانه‌ ئینتیمای سیاسییان یا بێلایه‌نییان و ، حاڵه‌تی قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات له‌م ده‌زگایانه‌دا کۆتاییپێبهێنێت .
3 ) ماوه‌یه‌کی دیاریکراو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێکی نوێ دابنێت و جێوڕێی به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌ستنیشانبکات .
4 ) رێوشوێنی سه‌رژمێرکردنی خه‌ڵکی کوردستان دابنێت و سه‌رپه‌رشتی سه‌رژمێرکردنه‌که‌ بکات .
5 ) یاسایه‌کی هه‌ڵبژاردن بڕیاربدات و ئیستیفتای بۆ بکات ، بۆ پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نێکی دامه‌زراندن ( مجلس تأسیسي ) که‌ ئه‌رکی دانانی ده‌ستوورێکی خۆجێیی ( محلي ) و یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانێکی نوێ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت .
ده‌بێت سه‌ره‌تاو به‌ر له‌ به‌ستنی ئه‌م کۆنگرێسه‌ ، هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی به‌شداریی تێداده‌که‌ن به‌ڵێنی ئیلتیزامکردن به‌ بڕیاره‌کانی کۆنگرێسه‌وه‌ بکه‌ن و ، ده‌رچوونیان له‌و بڕیارانه‌ به‌ ده‌ر‌چوون له‌ ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان دابنرێت .
ئه‌م پڕۆژه‌ سیاسییه‌ ده‌توانێت زامه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆیی و کێبه‌رکێی حزبایه‌تی پێشوو قه‌ره‌بووبکاته‌وه‌ ، بۆیه‌ به‌پیره‌وه‌هاتن و جێبه‌جێکردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاوو به‌ رێگاچاره‌یه‌کی واقیعی و کرده‌وه‌یی ده‌زانین .
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پاش ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی له‌لایه‌ن حزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان و رای گشتیی جه‌ماوه‌ری کوردستانه‌وه‌ ، ده‌بێته‌ چاره‌سه‌رکردنێکی جه‌ماوه‌ری و زه‌مینه‌ی بنبڕکردنی شه‌ڕی ناوخۆیی بۆ قۆناغ و مه‌ودایه‌کی دوور خۆشده‌کات .
دیاره‌ ئه‌م چاره‌سه‌رکردنه‌ ، کارێکی ریفۆرمیستی گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئیمڕۆدا ، کارێکه‌ هه‌وڵ و کۆششێکی سیاسیی پڕ مه‌سئوولییه‌ت و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و سازدانی رای گشتیی جه‌ماوه‌رو به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ ئاستی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای مه‌سه‌له‌ی رزگاریی نه‌ته‌وایه‌تی کوردو زامنکردنی ئاووهه‌وایه‌کی دیموکراتی و په‌یڕه‌وکردنی پرنسیپه‌کانی ئازادیی سیاسییان ده‌وێت و ، به‌ هه‌وڵی دڵسۆزانه‌و خۆنه‌ویستیی گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌لایه‌ک و ، تێکۆشانی بێوچانی بزووتنه‌وه‌ی دژه‌ شه‌ڕی ناوخۆیی و لیژنه‌و کۆمیته‌کانی خه‌بات له‌ پێناوی ئاشتی و ئازادیدا ، له‌لایه‌کیدیکه‌وه‌ ، قابیلی به‌دیهاتنه‌و ، هیچ چاره‌سه‌رێکی سیاسی نییه‌ له‌ تواناو ئیراده‌ی گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد له‌ پێناوی ژیانی سه‌روه‌ری و ئازادیدا ، به‌ده‌ربێت .

گۆڤاری ( دواڕۆژ ) ، ژماره‌ ( 3 ) ، مارتی 1995

فوئاد قه‌ره‌داغی
بۆ رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) ده‌دوێت

ئاڵای ئازادی : سه‌باره‌ت به‌ مارکسییه‌ت ، سارته‌ر ده‌ڵێت : تا ململانێی چینایه‌تی ” الصراع الطبقي ” وه‌کو کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بمێنێ ، مارکسییه‌ت وه‌کو تیۆری سه‌رده‌م ده‌مێنێ .. عطیة مسوح – یش ده‌ڵێت : مارکسییه‌ت تیۆر نییه‌ ، به‌ڵکو رێبازه‌ ، چونکه‌ تیۆر نه‌گۆڕه‌و ، گه‌شه‌ پێی نادرێت و ، ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆکی خۆیشی له‌ده‌ست بدات و ، هاوده‌نگ نه‌بێت له‌گه‌ڵ واقیعه‌که‌دا ، ئه‌وا تیۆرێکی تر جێی ده‌گرێت و ، ره‌تیده‌کاته‌وه‌ … مارکسیش به‌ پشت به‌ستن به‌ رێبازه‌که‌ ، تیۆری ” زێده‌بایی ” و ” دیکتاتۆریای پڕۆلیتاری ” داڕشت … پێمان خۆشه‌ بزانین کاک فوئاد قه‌ره‌داغی چی ده‌ڵێت ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ؟
قه‌ره‌داغی : ئه‌گه‌ر له‌ وه‌رگێڕاندا ئه‌م قسه‌یه‌ی سارته‌ر به‌ هه‌ڵه‌ نه‌هێنرابێت ، ئه‌وا له‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌ گوته‌که‌ی هه‌ڵه‌یه‌و ده‌بێت راستبکرێته‌وه‌ . له‌لایه‌ک خه‌باتی چینایه‌تی وه‌ک کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته‌ڕوو نه‌ک وه‌ک واقیعێکی بابه‌تی کۆمه‌ڵگا فره‌چینه‌کان که‌ له‌ خودی کێشه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ره‌نگده‌داته‌وه‌ ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م ململانێیه‌ رسکاوی دابه‌شبوونی کارو سه‌رهه‌ڵدانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تییه‌ . واته‌ مه‌سه‌له‌که‌ رێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ چونکه‌ خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی ماکی پێکهاتنی چینه‌کان و ، بوونی چینایه‌تیش – سه‌باره‌ت به‌ شوێنی جیاجیان له‌ پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا – ماکی کێشه‌و ململانێیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌ ، نه‌ک وه‌ک ئه‌و بۆچوونه‌ی سارته‌ر که‌ عه‌ره‌بانه‌که‌ی له‌به‌رده‌می ئه‌سپه‌کاندا داناوه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌کان له‌به‌رده‌م عه‌ره‌بانه‌که‌دا دابنێ !
جه‌مسه‌ری دووه‌می هه‌ڵه‌ی ئه‌و داڕشتنه‌ له‌ فه‌رامۆشکردنی ئه‌و راستییه‌دایه‌ که‌ خه‌باتی چینایه‌تی به‌ هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ بوونی مارکس هه‌بووه‌و ، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م واقیعه‌ی مێژوو داهێنانی مارکس نییه‌ . ئه‌وه‌ی مارکس له‌م بواره‌دا سه‌لماندی ئه‌وه‌بوو که‌ خه‌باتی چینایه‌تی بزوێنه‌ری جووڵانه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندن و چوونه‌پێشه‌وه‌ی مێژووه‌و ، ئه‌و راستییه‌ی ده‌رخست که‌ مێژووی کۆمه‌ڵگا مێژووی ململانێی چینایه‌تییه‌ .
ئه‌و به‌شه‌ی له‌ رایه‌که‌ی سارته‌ردا راستیی پێکاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت مارکسیزم وه‌ک تیۆری سه‌رده‌م به‌ زیندوێتی ده‌مێنێته‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ زاراوه‌ی سه‌رده‌م زاراوه‌یه‌کی زانستی نییه‌و سنووره‌ چینایه‌تییه‌کانی ئه‌م جیهانه‌ تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌کات . مارکسیزم تیۆری بزووتنه‌وه‌یه‌که‌ له‌ هه‌ناوی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ، سه‌باره‌ت به‌ ناکۆکییه‌کانی خودی ئه‌م سیستمه‌ ، هه‌یه‌ . له‌ هه‌ناوی ئه‌م سیستمه‌دا ، وێڕای گه‌لێک ناکۆکی جیاجیا ، یه‌ک ناکۆکی سه‌ره‌کی هه‌یه‌ ئه‌ویش ناکۆکیی کارو سه‌رمایه‌یه‌ . ئه‌م ناکۆکییه‌ دوو چینی دژ به‌ یه‌کتری و پێکه‌وه‌ گرێخواردوو ، دوو جه‌مسه‌ری پێکده‌هێنن . ئه‌م دوو چینه‌ بۆرژوازی و پڕۆلیتاریان . مارکسیزم تیۆری و ئاڵای ئه‌و بزووتنه‌وه‌ واقیعی وبابه‌تییه‌ی پڕۆلیتاریایه‌و تا سه‌ره‌نگرێکردنی سه‌رمایه‌داری و دامه‌زراندنی ئه‌ڵته‌رناتیڤی مێژوویی خۆی ، واته‌ سۆسیالیزم له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، وه‌ک تیۆری پێشڕه‌و ده‌ژی و مه‌رگ زه‌فه‌ری پێنابات . له‌به‌ر ئه‌وه‌ چوارچێوه دانان بۆ مارکسیزم و کردنی به‌ تیۆری یه‌ک ” سه‌رده‌م ” به‌و مانایه‌ی که‌ هاتووه‌ راست نییه‌ ، چونکه‌ ئه‌م تیۆرییه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رتاپاگیری قووڵ بۆ سیستمی سه‌رمایه‌داری ئاڕاسته‌ده‌کات . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ سنووری توانای ئه‌م تیۆرییه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌م کۆتاییه‌ی چه‌رخی بیسته‌م تێده‌په‌ڕێ به‌ره‌و سه‌رده‌مێکی داهاتووش که‌ سه‌رمایه‌داری تێیدا باڵاده‌ست بێت .
ده‌شێت قسه‌که‌ی سارته‌ر ته‌نها به‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ تێبگه‌ین ئه‌ویش جه‌ختکردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه‌ که‌ مارکسیزم تیۆرییه‌کی مێژوویی وئاڵای خه‌باتی چینایه‌تی پڕۆلیتاریایه‌ له‌ پێناوی بنبڕکردن و هه‌ڵته‌کاندنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و کاری کرێگرته‌و زێده‌بایی و که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ ، واته‌ هه‌ڵته‌کاندن و سپاردنیان به‌ مۆزه‌خانه‌ی مێژوو .
یاریکردن به‌ وشه‌و زاراوه‌ فیکری و سیاسییه‌کان ، یه‌کێکه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی نووسه‌رانی بۆرژوا . ئه‌وان هه‌میشه‌ و بۆ هه‌ر سات و کاتێک ، له‌ هه‌گبه‌ی چه‌واشه‌کردندا ورده‌ جیاوازییه‌کی نێو زاراوه‌کان قه‌به‌ده‌که‌ن و ناڕۆشنیی بیروبۆچوونیان به‌سه‌ر وشه‌کاندا ساخده‌که‌نه‌وه ؛ ده‌نا تیۆرو رێباز دوو ئه‌ڵقه‌ن پێکه‌وه تێهه‌ڵکێشن . ئه‌گه‌ر تیۆری رێساو بنه‌ماو پرنسیپی لێکدانه‌وه‌و شیکردنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ک ، واقیعێک ، دیارده‌یه‌ک بێت ، ئه‌وا پڕۆسێسی کرده‌وه‌یی و کارکردی تیۆرییه‌که‌ له‌ یه‌کێک له‌ بواره‌کانی ژیاندا رێباز پێکده‌هێنێت‌‌ . له‌ دیدگای مارکسیزمه‌وه‌ هه‌موو دیارده‌ ماته‌ری و ئایدیاییه‌کان ، به‌ مارکسیزم خۆشیه‌وه ، له‌ جووڵه‌دان و راوه‌ستانیان بۆ نییه‌ ؛ بۆیه‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ په‌ره‌سه‌ندندان .‌ مارکسیزم بۆ خۆی میراتگرو په‌ره‌پێدانی فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیکی ئه‌ڵه‌مانی و ئابووریی سیاسی ئینگلیزی و سۆسیالیزمی فه‌ڕه‌نسه‌یی بوو ، له‌ زه‌مینه‌ی واقیعه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ، ئیمڕۆش ئه‌و واقیعه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی په‌ره‌سه‌ندووتر به‌رده‌وامه‌و ، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ دانه‌ماوه‌و ، تا ئێستا هیچ تیۆرییه‌کی دیکه‌ له‌م جیهانه‌دا جێێ پێلێژنه‌کردووه .
زێده‌بایی جه‌وهه‌ری تیۆری ئابووریی مارکسه‌ . له‌ دیدگای مارکسیزمه‌وه‌ زێده‌بایی به‌ره‌نجامی کاری کرێگرته‌یه‌و سه‌رچاوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌و که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه‌یه‌ . هێزی کار له‌سایه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ده‌بێته‌ کاڵاو ئاڵوگۆڕده‌کرێت . کرێکاران به‌های راسته‌قینه‌ی هێزی کاریان وه‌رناگرن و به‌شیکی لێده‌بێته‌وه‌ پوولی مفت و ده‌چێته‌ گیرفانی سه‌رمایه‌دارانه‌وه‌ . ئه‌و به‌شه‌ به‌ زێده‌بایی ناوده‌برێت . ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی به‌ر له‌ سه‌د ساڵی مارکس تا ئێستا راستیی خۆی سه‌لماندووه‌و واقیعێکه‌ به‌به‌رچاوانه‌وه‌ . ئیمڕۆ زێده‌بایی له‌ ئاستێکی جیهانیدا که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ بۆ مۆنۆپۆله‌ جیهانییه‌ فره‌ناسنامه‌کان پێکده‌هێنێت . پێشکه‌وتنی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا زێده‌بایی پترکردووه‌و چه‌ندجاره‌ که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ی به‌ره‌و سه‌رووتر بردووه‌ ؛ هه‌تا زانست و ته‌کنه‌لۆژیاش زیاتر گه‌شه‌بکه‌ن و ، سه‌رمایه‌داری جیهانیتربێته‌وه‌و باڵاده‌ست بێت ، پڕۆسه‌ی که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ هه‌ر له‌ بره‌ودا ده‌بێت .
چه‌مکی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا ( استقراء ) ێکی مێژووی خه‌باتی چینایه‌تییه‌ ، به‌ره‌نجامی ناسینی سروشتی چینایه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ . مارکس به‌م چه‌مکه‌ پێناسه‌ی سروشتی ده‌وڵه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ی گواستنه‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان سیستمی سه‌رمایه‌داری و کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیزمه‌وه‌ . بێ ئه‌م شێوه‌ ” ده‌وڵه‌ته‌ ” سۆسیالیزم سه‌قامگیرنابێت و‌ به‌ره‌و قۆناغێکی باڵاتر نه‌ک هه‌ر هه‌نگاو نانێت به‌ڵکو شکستده‌هێنێت و به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .
له‌ دیدگای مارکسیزمه‌وه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێک ( دیکتاتۆری و دیموکراتی ) له‌خۆیدا کۆده‌کاته‌وه‌ . هه‌موو ده‌وڵه‌تێک دیموکراتییه‌ بۆ چینێک و دیکتاتۆرییه‌ بۆ چینێک یان چه‌ند چینێکی دیکه‌ ، ته‌نانه‌ت دیموکراتیترین ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری که‌ پلورالیزم رێڕه‌وی بێت له‌م حه‌قیقه‌ته‌ به‌ده‌ر نییه‌ .
ده‌وڵه‌ت له‌ جیهانی ئیمڕۆدا ، له‌ ناوه‌رۆکی چینایه‌تی خۆیدا ، یان دیکتاتۆریی بۆرژوازی ده‌بێت یان دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا ، ئیتر چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ( پێشکه‌وتوو و دواکه‌وتوویان ) چ ناوێک بۆ ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن ، ئازادن و ئه‌و نازناولێنانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌وهه‌ری ده‌وڵه‌ته‌که‌یانه‌وه‌ نییه‌ .‌
ئاڵای ئازادی : له‌بارودۆخی ئێستای کوردستانی رزگارکراوماندا ، پاش وێرانکردنی ژێرخانێکی وێرانکراودا ، له‌ وه‌زعێکی سیاسی هه‌ڵپه‌سێردراودا ، ئایا چه‌مکی چه‌پ چ چین و توێژێک ده‌گرێته‌وه‌و ، ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی چه‌په‌کان چییه‌؟
قه‌ره‌داغی : سه‌باره‌ت به‌به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که‌ : دیاره‌ هه‌ر چین و توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئاستی بارودۆخه‌ جیاجیاکاندا وه‌ڵامی جیاجیان ده‌بێت . حزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و … هتد تایبه‌تی خۆیان بۆ هه‌ر بارودۆخێک ده‌بێت . له‌به‌ر تیشکی ئه‌م راستییه‌دا ، حزب و رێکخراوه‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی له‌ کوردستاندا – به‌ جیاوازی پێکهاته‌ی چینایه‌تییانه‌وه‌ – به‌رنامه‌ی دوورو نزیکیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان پێویسته‌ . هه‌ڵبه‌ت وه‌زعی سیاسی هه‌ڵپه‌سێردراوی عێراق و کوردستان فاکته‌رێکی گرنگی چۆنیه‌تی داڕشتنی ئه‌و به‌رنامانه‌ ده‌بێت . به‌ڵام چ ئه‌م فاکته‌ره‌و چ ژێرخانی وێرانکراو شوناسنامه‌ی چه‌پ دیاری ناکه‌ن . تێکه‌ڵکرنی ئه‌و دوو فاکته‌ره‌‌ ، له‌دواشیکردنه‌وه‌دا ، ره‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی چه‌پی سۆسیالیستی لێده‌ڕسکێ و پاساوی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی بۆرژوازی پێده‌درێته‌وه‌ .
چه‌پ ، نه‌چینه‌و نه‌ توێژاڵی چینێکه‌ . به‌کارهێنانی زاراوه‌که‌ له‌ سیاسه‌تدا به‌م شێوه‌یه‌ ، مایه‌ی سه‌رلێشێوان و چه‌واشه‌ییه‌ .
چه‌پ ، مه‌یلێکی گشتییه‌ به‌ره‌و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تیی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چینه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌کان . ئه‌م شه‌قڵه‌ گشتییه‌ی زاراوه‌ی چه‌پ ، دوو روانگه‌ی جیاوازی له‌ هه‌ناویدا حه‌شارداوه‌ : یه‌که‌میان خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی گۆڕانکارییه‌ به‌ناوی ئه‌و چینانه‌ی لێی به‌هره‌مه‌ندن ، ئه‌ویدیکه‌شیان به‌رنامه‌ی خودی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانه‌ بۆ گۆڕانکاریی ریشه‌یی کۆمه‌ڵگا ؛ به‌واته‌یه‌کی دیکه‌ ، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ زانستییانه‌ ناسنامه‌ی چه‌پ بناسین ، پێویسته‌ سنووری چینایه‌تی نێوان ئه‌و دوو روانگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ دیاریبکه‌ین . به‌مه‌ش دوو چه‌پ ، دوو مه‌یلی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینین ئه‌وانه‌یش : چه‌پی کرێکاری و چه‌پی ورده‌بۆرژوازییه‌ ، ئه‌ویان دیدێکی سۆسیالیستی و ئه‌میان دیدێکی ناسیۆنالیستیی رادیکالی هه‌یه‌ .
له‌ ئاستی جیهانی ئیمڕۆو بارودۆخی عێراق و کوردستاندا ، ئه‌م دوو مه‌یله‌ی چه‌پ به‌رنامه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه‌ . ئه‌م به‌رنامانه‌ به‌پێی دیدگاو بیروبۆچوونی جیاواز داڕێژراون یان داده‌ڕێژرێن . له‌م به‌رنامانه‌دا ستراتیژو تاکتیکی سیاسی دیاریده‌کرێن . ئه‌م دوو چه‌په‌ له‌ڕووی ستراتیژه‌وه‌ له‌سه‌ر دوو هێڵی پێچه‌وانه‌ن و به‌ یه‌کتری ناگه‌ن ؛ به‌ڵام له‌ بواری ئه‌رکه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کاندا ، له‌ نێوان به‌رنامه‌ی گۆڕانکاریی دیموکراتی و لانیکه‌م ، خاڵی ناوکۆیی له‌ نێوانیاندا دێته‌گۆڕێ و توانای به‌یه‌کتری گه‌یشتنیان ده‌بێت .
له‌بارودۆخی ئیمڕۆی کوردستاندا ، پێکهێنانی به‌ره‌ی یه‌کگرتووی چه‌په‌کان پڕۆژه‌یه‌کی شیاوی کاری سیاسییه‌ بۆ هه‌ردوو باڵی چه‌پ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌سه‌ندکردنی به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌شی لانیکه‌م بۆ ته‌واوی ئه‌و قۆناغه‌ی ده‌ستیپێکردووه‌و هه‌تا رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس پێیدا راده‌بوورین .
ئاڵای ئازادی : بۆ داڕشتنی تیۆرێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی ره‌سه‌ن و زانستی ، ده‌کرێ رێبازی مارکس و ، رۆڵی فاکته‌ری ئابووری وه‌کو کۆڵه‌که‌ ” standard ” به‌کاربهێنرێت و ، سوود وه‌ربگیرێت له‌ رۆڵی فاکته‌ری غه‌ریزه‌ی سێکس ، وه‌کو فاکته‌رێکی ده‌روونی ، که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ی ده‌روون شیته‌ڵ – ی فرۆید ، فاکته‌ری ئازادی تاکه‌که‌س ، که‌ ناوه‌رۆکی فیکری وجودی پێکدێنێ … به‌ پێویستمان زانی بزانین کاک فوئاد چۆن هه‌وڵێکی ئاوها هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ؟
قه‌ره‌داغی : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ گه‌لێک لقی لێده‌بێته‌وه‌و شیته‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌ریه‌کێکیان کاتێکی زۆرو نووسینێکی زۆری ده‌وێت که‌ به‌م ده‌موده‌سته‌ ئاماده‌نابێت ، به‌ چه‌ند خاڵێکی کورت بیروبۆچوونه‌کانم روونده‌که‌مه‌وه‌ .
1 ) سه‌ره‌تا هه‌وڵدانێکی وه‌ها ، به‌ سه‌رلێشێواوییه‌کی فیکری و نیشانه‌ی هه‌بوونی که‌له‌به‌رێکی سیاسیی گه‌وره‌ داده‌نێم . کارێکی وه‌ها له‌ سنووری هه‌وڵدانێکی رۆشنبیرانه‌ی فه‌ردییانه‌ی ورده‌بۆرژوازیی نائومێد تێناپه‌ڕێ و ، وه‌ک پێشینه‌کانی له‌ فیکری دنیای سه‌رمایه‌داریدا ، بێئاکام ده‌مێنێته‌وه‌ .
2 ) ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست تیۆرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانیی ره‌سه‌ن و زانستی بێت ! من ده‌پرسم و ده‌ڵێم : ئایا تیۆرییه‌ک پێوه‌ره‌که‌ی رێبازی مارکسی بێت و سوود له‌ فرۆیدیزم وه‌ربگرێت و فیکری وجودی تێیدا بنه‌مای ئازادی تاکه‌که‌س بێت ، ده‌توانێت نیشتمانی بێت ؟ ئایا ره‌سه‌نێتی تێدا ده‌بێت ؟ ده‌کرێ ئه‌م هه‌ڵبژارده‌کارییه‌ ( الإنتقائية ) زانستی بێت ؟
3 ) مه‌به‌ست له‌ تیۆری نیشتمانی چییه‌ ؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بێت تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ سنووری نیشتمانی نه‌ته‌وه‌دا پێکبهێنێ ، ئه‌وا سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌ جیهاندا بواری قه‌تیسبوونی فیکریی مرۆڤی له‌ چواردیواری نیشتمانه‌که‌یدا نه‌هێشتۆته‌وه‌ ؛ به‌ڵام ده‌شێت تیۆرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و زانستیی جیهانی به‌شێوه‌یه‌کی داهێنه‌رانه‌ په‌یڕه‌وبکرێت و ببێته‌ هێزێکی ماته‌ری زیندوو له‌ سنووری نیشتمانێکی دیاریکراودا .
4 ) تیۆریی کۆمه‌ڵایه‌تی ره‌سه‌ن چیده‌گه‌یه‌نێ ؟ ره‌سه‌نایه‌تی به‌ که‌له‌پووری تیۆری و رۆشنبیرییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ . لێره‌دا راده‌ی توانایی که‌له‌پووری تیۆری پێشینان – گریمان گه‌ر ئه‌و تیۆرییه‌شمان هه‌بێت – چییه‌ له‌چاو سامانێکی تیۆری ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌ند که‌ له‌ ئاستی جیهانیدا هه‌یه‌ ؟ پاشان ئه‌گه‌ر توانای بیناکردنی چه‌مکێکی تیۆری له‌ بواری ژیاندا بڕه‌خسێ ، تا چ راده‌یه‌ک له‌ کاریگه‌رێتی ئه‌ملاو ئه‌و‌لا به‌دوورده‌بێت و ، چه‌ند ده‌توانێ له‌به‌ر شاڵاوی په‌یتا په‌یتای تیۆری جۆراوجۆری جیهانیدا خۆیڕابگرێ ؟ له‌ جیهانی ئیمڕۆدا ئاسۆی پێکهێنانی تیۆرییه‌کی ” نیشتمانی ” و ” ره‌سه‌ن ” و ” زانستی ” ی سه‌ربه‌خۆ له‌ سنووری کوردستاندا نابینم و ، ئه‌م هه‌وڵدانه‌ مۆرکی خۆشخه‌یاڵی به‌ دیداریه‌وه‌ دیاره‌ .
5 ) کاتێک باس له‌ فاکته‌ری ئابووری ( ژێرخانی ئابووری ) وه‌کو کۆڵه‌که‌ یان پێوانه‌ ده‌کرێ ، نابێت ( سه‌رخان ) ی لێجیابکرێته‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رخانی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیری و حقوقی و … هتد له‌سه‌ر ژێرخانه‌ ئابوورییه‌که‌ راده‌وه‌ستێت و ، ئه‌م چۆنایه‌تییان دیاریده‌کات . بۆیه‌ فاکته‌ری سێکسی فرۆیدی و ئازادیی فه‌ردیی وجودییه‌ت راسته‌وڕاست ئاوه‌ژووی ئامانجێکه‌ مارکس تیۆریی ئابووری له‌پێناودا داناوه‌و هه‌رگیز مارکسیزم و فرۆیدیزم ئاوێته‌ی یه‌کتری نابن .
6 ) کرداری سێکس سروشتیترین په‌یوه‌ندی نێوان ئافره‌ت و پیاوه‌ . له‌سایه‌ی کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کان و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیدا ئه‌م سروشتیبوونه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ . خودی فرۆیدیزم هه‌وڵدانێکی ئایدیالیستییه‌ له‌م بواره‌داو مه‌سه‌له‌که‌ی شێواندووه‌و ته‌نها بوعدێکی سێکسی به‌ مرۆڤ داوه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ کاتێک شێوه‌ سروشتییه‌که‌ بۆ سێکس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی نه‌مێنێت و کۆمه‌ڵگای بێ چین و چه‌وساندنه‌وه ، ‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی کردبێته کارێکی ته‌واو تایبه‌تیی ژنان و پیاوانی ئازاد .
7 ) ئازادی تاکه‌که‌س چ له‌ فیکری وجودیداو چ له‌ فیکرو فه‌لسه‌فه‌و تیۆری و پراکتیکی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا درۆیه‌کی زه‌قی بێ په‌شته‌ماڵه‌و له‌ سنووری ئازادیی حقوقی تێپه‌ڕناکات . له‌ هیچ بوارێکی ژیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا تاکه‌که‌س له‌ کارکردی گیرفان و کیسه‌ی سه‌رمایه‌داری ئازاد نییه‌ . ژیانی تاکه‌که‌س به‌ چه‌ندین رایه‌ڵی ئاڵۆز به‌ قاسه‌ی که‌ڵه‌که‌بووی سه‌رمایه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ . ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ هه‌ندێ بواردا رووت و قووت به‌به‌رچاوه‌وه‌یه‌و له‌ هه‌ندێ بواری دیکه‌دا شاراوه‌یه‌ . ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی په‌یوه‌ندی تاکه‌که‌س و پوول له‌سیستمی سه‌رمایه‌داریدا به‌رده‌وام ده‌بێت و شێوه‌ی نوێ و هاوچه‌رخانه‌تر له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌و خۆرێکخستنه‌وه‌ی سیستمه‌که‌دا به‌خۆیه‌وه‌ده‌گرێت .‌ بۆیه‌ ئازادی تاکه‌که‌س نه‌ به‌ فیکری وجودی و نه‌ به‌ هیچ فیکرێکی دیکه‌ی بۆرژوازی دابین ناکرێت . ئه‌و ئازادییه‌ ته‌نها به‌ ئازادی کاری کرێگرته‌و نه‌هێشتنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و بنیادنانی کۆمه‌ڵگای په‌ره‌سه‌ندووی سۆسیالیزم دێته‌دی .
ئاڵای ئازادی : له‌ زه‌مین و زه‌مانی ئێستای کوردستانی رزگارکراوماندا ، که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ ، به‌ڕای جه‌نابتان ئه‌رکی رۆشنبیری راسته‌قینه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ به‌شداری بکا له‌ ده‌سگا جیاجیاکانی ، چونکه‌ حکومه‌ته‌که‌ ئاواتی دێرینی میلله‌ته‌که‌مانه‌و ، هێشتا ساوایه‌و ، دوژمنان و داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌مان به‌گشتی له‌ پیلان سازدانن بۆ سه‌ربڕینی ، یان ئه‌بێ هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌یان هه‌بێ ، چونکه‌ ده‌سه‌ڵات به‌گشتی واتای توندی نواندن وبیروکراسییه‌ت ده‌گه‌یه‌نێ ، به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتێکی دواکه‌وتو وه‌کو وڵاته‌که‌ی خۆمان ؟
قه‌ره‌داغی : هه‌ڵوێستی راست و دروست له‌سه‌ر بنچینه‌ی سۆز وه‌رناگیرێت .ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌کان پشت به‌ کاریگه‌رێتی سۆز ببه‌ستن ، ساردبوونه‌وه‌و که‌مته‌رخه‌مبوون ئاکامیان ده‌‌بێت . بۆیه ده‌بێت‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ئێستای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی شیکردنه‌وه‌ی واقیع بێت نه‌ک به‌و پێیه‌ی که‌ ده‌ڵێن : ” حکومه‌ته‌که‌ ئاواتی دێرینه‌ … هێشتا ساوایه‌ … سه‌ربڕینی سازده‌ده‌ن … هتد ” چونکه‌ ئه‌م به‌هانانه‌ی له‌ سۆزه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن ، یه‌ک هه‌نگاو به‌رپێمان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی راست رۆشنناکه‌نه‌وه‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت شیکردنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تییانه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ کایه‌دا بێت و له‌به‌ر تیشکی ئه‌وه‌دا هه‌ڵوێستی لێوه‌ربگیرێت . ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ راستی له‌به‌رچاو ده‌گرێت ، وه‌کو :-
1 ) ته‌نها به‌شێکی باشووری کوردستان له‌ داموده‌زگاکانی سه‌رکوتی رژێم پاککراوه‌ته‌وه‌و وجودی عه‌سکه‌ری و ئیداریی رژێمی تێدانه‌ماوه‌ .
2 ) کوردستان وڵاتێکی وێرانه‌یه‌و ژێرخانی ئابووری هه‌ڵته‌کاوه‌و سه‌رخانی کۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌ره‌سێکی گه‌وره‌ی تێدایه‌ .
3 ) گرانی و هه‌ژاری و برسێتی و دزی و راووڕووت وبازاڕی ره‌ش و نه‌بوونی ئاسایش باڵی ره‌شیان به‌سه‌ر کوردستاندا کێشاوه‌و حکومه‌تی هه‌رێم تا هه‌نووکه‌ له‌ئاستیاندا ده‌سته‌وسانه‌ .
4 ) باری سیاسی و عه‌سکه‌ری به‌هۆی گرێخواردنیان به‌ چه‌کوشه‌ ئاماده‌که‌ی هاوپه‌یمانه‌کان له‌نگه‌رێکیان بۆ خۆیان گرتووه‌و کێشه‌کانی گه‌لی کورد هه‌روا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه‌ .
5 ) له‌ ئاستی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمدا ، واته‌ له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و یاساییدا ، جه‌ماوه‌ری گه‌لی کورد کاریگه‌رێتییه‌کی نییه‌و بواری ده‌سه‌ڵاتدارێتی راسته‌وخۆی نه‌دراوه‌تێ و به‌و پێیه‌ ئاستی دیموکراسی بۆ راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوو حزب به‌رته‌سککراوه‌ته‌وه‌ ؛ ئه‌مه‌ش کارێکی ئه‌وتۆی کردووه‌ که‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ده‌ستپێشکه‌ری و هه‌ڵسووڕانیان بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌یان تا ئاستێکی نزم دابه‌زێت .
6 ) ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ له‌ هه‌ندێ ده‌زگای باڵا بترازێ به‌ده‌ستی پیاوانی رژێمه‌وه‌یه‌و پاکسازی خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی لاقرتێ و گاڵته‌جاڕی ، له‌ولاشه‌وه‌ چاوی گورگه‌که‌ی له‌مه‌ڕ گیسکه‌که‌ی هه‌یاسی خاس زیته‌یان دێت و هێشتا مه‌ترسی جه‌نگ و کوشتارو کیمیاباران و ئه‌نفال و ره‌وو قڕکردنی جه‌سته‌یی و سڕینه‌وه‌ی بوونی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد به‌رۆکی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستانیان به‌رنه‌داوه‌ .
ئه‌م راستییانه‌ له‌ ئاستی عێراق و کوردستاندا دوژمنی سه‌ره‌کی گه‌لی کورد دیاریده‌که‌ن ، ئه‌ویش رژێمی فه‌رمانڕه‌وای به‌غدایه‌ . بۆیه‌ لووله‌ی تفه‌نگه‌کان و هاندانی سیاسی و زمان و قه‌ڵه‌می تیژی گشت چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و حزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی نوێنه‌ریان ، ده‌بێت ئاڕاسته‌ی ئه‌م دوژمنه‌ سه‌ره‌کییه‌ بکرێت .
به‌یه‌کچاو سه‌یرکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئیمڕۆی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌عس هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ . حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، ئه‌گه‌رچی حکومه‌تی چینی بۆرژوازی کورده‌ ، به‌ڵام له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ رۆڵێکی له‌پێشترو پێشکه‌وتووانه‌تری هه‌یه‌ له‌چاو حکومه‌تی بۆرژوا ناسیۆنالیستی شۆڤێنی عه‌ره‌ب له‌ به‌غدا . ئه‌م حکومه‌ته‌ی دواییان ( حکومه‌تی سه‌رمایه‌داریی به‌عس ) رۆڵێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ له‌ڕه‌وتی مێژووی عێراق و ناوچه‌که‌دا ده‌بینێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت ده‌سه‌ڵاتێکی بۆرژوازیی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لێکی ژێرده‌ست و ، تا راده‌یه‌ک لیبرالی ، له‌تای ته‌رازوویه‌کدا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی فاشستی و شۆڤێنیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست رابگیرێت . بۆیه‌ ئه‌رکی هه‌موو چین و توێژه‌کانه‌ – نه‌ک هه‌ر رۆشنبیران – له‌ به‌ره‌ی دژی رژێمدا بن و توانایان له‌ خزمه‌تی ئه‌م هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌دا بێت . له‌سه‌رێکی دیکه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌یان و چاوی تیژی ره‌خنه‌یان ئاڕاسته‌ی که‌موکووڕیی وه‌زعه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ بکه‌ن و ، له‌ پێناوی ئازادی بێ قه‌یدوشه‌رتی سیاسی و ، پراکتیکی ته‌واوی دیموکراسی و، دیموکراتیزه‌کردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان خه‌بات بکه‌ن و ، داواکاری ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خۆیان و پراکتیکی ئه‌و مافانه‌دا که‌ خۆیان بۆی راپه‌ڕین .

رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) ژماره‌ ( 72 ) به‌رواری 9 ی ئایاری 1993

لوتکه‌ی هوشیاریی له‌ رێکخراوبووندایه‌

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ مێژووی خه‌باتی چینایه‌تی ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ که‌ چینه‌ چه‌وسێنه‌ره‌کان هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی خۆیان به‌بێ ململانێیه‌کی خوێناوی وازلێنه‌هێناوه‌ . هه‌رگیز به‌ ئیراده‌ی خۆیان شوێنی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ چینه‌ چه‌وساوه‌کان به‌جێنه‌هێشتووه‌ . ئه‌وه‌ ته‌نها خه‌باتی توندوتیژو سه‌رسه‌ختی نه‌یاره‌ چینایه‌تییه‌کانیان بووه‌ ، ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی له‌ژێر ده‌رهێناون و ره‌وانه‌ی سه‌ره‌نوێلکی مێژوویان کردوون .
ئه‌م راستییه‌ سیمای مێژووی کۆمه‌ڵگاکانی نه‌خشاندووه‌و یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تیی بزافی په‌ره‌سه‌ندنی مێژوو به‌رجه‌سته‌ ده‌کات . ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ مێژووییه‌ ، له‌ دوای کۆمیۆنی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ، پابه‌ندی یاسای ململانێی چینایه‌تی بووه‌و ، تێپه‌ڕبوونی قۆناغه‌کانی کۆیله‌یه‌تی و ده‌ره‌به‌گی و تا ده‌گاته‌ ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ جیهاندا ، بێ ئه‌م بزافه‌ توندوتیژو خوێناوییه‌ روویان نه‌داوه‌ . له‌سه‌رجه‌می ئه‌و قۆناغانه‌دا چینه‌ ژێرده‌سته‌کان به‌ زه‌بری شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان کۆمه‌ڵگایان هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌و زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی چینایه‌تی نوێیان ئاماده کردووه‌ . ئه‌مه‌ ره‌وتی مێژووی کۆمه‌ڵگاکانه‌ . ئه‌م ره‌وته‌ راوه‌ستانی بۆ نییه‌ تا سه‌ره‌نجام شۆڕشی پڕۆلیتاریای جیهانی ته‌واوی کۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌کان ژێره‌وزه‌به‌ر ده‌کات و کۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی داده‌مه‌زرێنێت .
به‌رپاکردنی شۆڕش کارێکی ئاسان و کوتوپڕ نییه‌ ، ئه‌نجامی هه‌ڵچوون و ئیراده‌ی پیاوچاکان و که‌سانێک نییه‌ خوازیاری گۆڕانکاریی و پیاده‌کردنی بارودۆخێکی نوێ بن تا نیازه‌ فیکری و سیاسییه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵدا بسه‌پێنن ، به‌ڵکو شۆڕش ، پێداویستییه‌کی مێژووکرده‌و ، گه‌شه‌کردنی هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ، بنه‌مای به‌رپاکردنی ده‌ڕه‌خسێنێت . شۆڕش کارێکی توندوتیژی رێکخراوه ،‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کۆن تێکوپێک ده‌شکێنێت و ، په‌یوه‌ندییه‌کی نوێی به‌رهه‌مهێنان ده‌هێنێت و له‌گه‌ڵ هێزه‌ نوێیه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا هاوتای ده‌کاته‌وه‌ . ئه‌م کرداره‌ بێ پێکهاتنی بارودۆخێکی شؤڕشگێڕانه‌ له‌ کۆمه‌ڵدا ئیمکانی جێبه‌جێبوونی نییه‌ . هه‌ردوو تای بارودۆخی شۆڕشگێڕانه‌ پێکه‌وه‌ هه‌لومه‌رجی شۆڕش پێده‌گه‌یه‌نن ؛ نه‌ تای ماددی و نه‌ تای به‌شه‌ری به‌ ته‌نها ناتوانن ئه‌م ئه‌رکه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن . پێنه‌گه‌یشتنی هه‌ر هۆکارێکیان شۆڕش په‌کده‌خات و ته‌مه‌نی چینه‌ چه‌وسێنه‌ره‌کان درێژتر ده‌کاته‌وه‌ . به‌ڵام هۆکاری به‌شه‌ری له‌م مه‌یدانه‌دا بایه‌خێکی گرنگی هه‌یه‌ و لایه‌نی سه‌ره‌کی په‌یوه‌ندی دیالێکتیکی هه‌ردوو هۆکاره‌که‌ پێکده‌هێنێت . هۆکاری به‌شه‌ری سه‌ره‌نجامی مه‌سه‌له‌ی شۆڕش بڕیار ده‌دات و ئاسۆی دواڕۆژی شۆڕش دیاری ده‌کات . گۆڕانکاریی خودی چینی ژێرده‌ست و توانای شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م چینه‌ له‌ کرداری شۆڕشگێڕانه‌و ده‌ستوه‌شاندنی رێکخراوو هوشیارانه‌ی ، خاپوورکردنی چینه‌ سه‌رده‌سته‌کان زامن ده‌کات . هۆکاری هوشیاریی ئه‌و ده‌وره‌ مێژووییه‌ ده‌گێڕێت . بێ هوشیاریی به‌شه‌ر شۆڕش به‌رپاناکرێت . ده‌بێت هوشیاریش بۆ سه‌رخستنی مه‌سه‌له‌ی شۆڕش ، هوشیارییه‌کی رێکخراو بێت ، هوشیارییه‌کی سازدراوی ئاڕاسته‌کراوی رێکوپێک بێت تا ته‌واوی ئامانجه‌کانی شۆڕش له‌به‌رچاو بگرێت ، به‌ره‌و ستراتیژی شۆڕش بڕوات و تاکتیکی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ستراتیژه‌ به‌ ئاگاییه‌کی باڵاوه‌ دابڕێژێت .
خه‌باتی فه‌ردی و نیازی چاک و سۆزو دڵسۆزی گۆشه‌گیرانه‌و ره‌تی بڵاوو په‌رته‌وازه‌یی و ده‌سته‌گه‌رێتی ، نه‌ک هه‌ر شۆڕشی لێناکه‌وێته‌وه‌ ، به‌ڵکو ته‌گه‌ره‌ی سه‌ر رێگه‌ین و سه‌رکه‌وتنی دوورده‌خه‌نه‌وه‌ . بۆیه‌ خۆڕێکخستن و خه‌باتی رێکخراو لوتکه‌ی هوشیاریی به‌شه‌ره‌ ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ، چه‌نده‌ گیانی فه‌ردی رێگه‌ی خۆڕێکخستن بگرێت ، چه‌نده‌ گۆشه‌گیری باڵی به‌سه‌ر ره‌فتاری سیاسیدا بکێشێت ، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ هوشیاریی راسته‌قینه‌و شۆڕشگێڕانه‌ دوور ده‌بێت .
له‌ جیهانی چینایه‌تیدا ، هه‌میشه‌ خۆڕێکخستن نیشانه‌ی هوشیاری بووه‌ ، به‌ڵگه‌ی خۆئاماده‌کردن بۆ کاری شؤڕشگێڕانه‌و ده‌خاله‌ت له‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سیستمی چه‌وساندنه‌وه‌ بووه‌ . ئه‌م راستییه‌ سه‌رجه‌می قۆناغه‌کانی مێژوو به‌ قۆناغی سه‌رمایه‌داریشه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ .
ئه‌مڕۆ له‌ جیهاندا خه‌باتی سه‌رتاپای به‌شه‌رییه‌ت دژی سیستمی سه‌رمایه‌ به‌بێ خه‌باتی رێکخراوه‌یی پڕۆلیتاریا یه‌کلایی ناکرێته‌وه‌ ، له‌م باره‌یه‌وه‌ مارکس ده‌ڵێت : ” بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆلیتاریا بتوانێت خه‌بات بکات ، پێویسته‌ له‌هه‌ر شوێنێک هه‌یه‌ ، وه‌کو چینێک خۆی رێکخراو بکات “.(مارکس- ره‌خنه‌ له‌ به‌رنامه‌ی گۆتا) .
خه‌باتی رێکخراوه‌یی جۆراوجۆری پڕۆلیتاریاو ، له‌ سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ رێکخراوه‌یی حزبی ، ده‌سته‌به‌ری سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی پڕۆلیتاریاو رزگاری به‌شه‌رییه‌ته‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ رێکخستنی کۆمۆنیستیی پڕۆلیتاریا زه‌رووره‌تێکی مێژووییه‌ ؛ رێکخستنی کۆمۆنیستیی ئامرازو پێشڕه‌وی ئه‌م شۆڕشه‌ ده‌بێت . هه‌ر بانگه‌وازێکی پێچه‌وانه‌ به‌ نیازی سه‌یرکردن له‌ دووره‌وه و ساردکردنه‌وه‌ی پڕۆلیتاریاو دوورخستنه‌وه‌ی له‌ رێکخستنی کۆمۆنیستانه‌ی خۆی ، جگه‌ له‌وه‌ی ته‌عبیر له‌ گیانی تاکڕه‌وی و خۆپه‌رستیی ورده‌بۆرژوازی به‌زیوو مه‌ئیوس ده‌کات ، راسته‌وخۆش – پێی بزانن یان نه‌یزانن – سه‌نگه‌رلێدانه‌ له‌به‌ره‌ی بۆرژوازی جیهانی و ئاو به‌ ئاشی سه‌رمایه‌داریدا کردنه‌ .
ده‌خاله‌ت نه‌کردن له‌ خه‌باتی رێکخراوه‌یی حزبی و بێلایه‌نی و پشتگوێخستنی ، مانای بێلایه‌نی و پشتگوێخستنی خه‌باتی چینایه‌تییه‌ . ئه‌م ده‌خاله‌ت نه‌کردنه‌ له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا لادانه‌ به‌لای چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و ده‌ست به‌ کڵاوی خۆوه‌ گرتنه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌ چینایه‌تییه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کاندا .‌
که‌مته‌رخه‌می له‌ کاری سیاسی و رێکخراوه‌یی هوشیارانه‌دا ، له‌لایه‌ک ئێقکردنه‌وه‌ی سیاسی چینه‌ داراکانه‌و ، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ نیشانه‌ی هه‌ناسه‌سواری و کورتبینی و دۆشدامانی ورده‌بۆرژوازییه‌و ، خواستی بێلایه‌نکردنی سیاسی و خه‌فه‌کردنی هوشیاریی رێکخراوه‌یی چینه‌ بنده‌سته‌کان بۆ ئیمپریالیزمی جیهانی دابین ده‌کات .
حزبایه‌تی هه‌میشه‌ دیارده‌یه‌کی چینایه‌تییه‌ . چینه‌ جیاجیاکانی کۆمه‌ڵ له‌ حزبی جیاجیای خۆیاندا ، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چینایه‌تییه‌کانیان ریزده‌به‌ستن . له‌ کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریشدا ، سیستمی حزبایه‌تی رواڵه‌تی هه‌ره‌ دیارو ئاشکرای شێوه‌ی رێکخستنی حوکم و کاروباری چینی سه‌رمایه‌داری باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵ و به‌ڕێوه‌ربردنیه‌تی .
حزبایه‌تی له‌ شێوه‌ دیموکراسییه ‌بۆرژوازییه‌که‌یدا ، واته‌ شێوه‌ی فره‌حزبی ته‌عبیر له‌ حزبیبوونی بۆرژوازی ده‌کات . بۆیه‌ له‌م کۆمه‌ڵه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌دا هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ ناچاریی له‌ ریزی حزبایه‌تیدا راده‌وه‌ستن . له‌ نێوان حزبی ده‌سه‌ڵاتداران و بێده‌ستاندا ، له‌ نێوان داراو نه‌داردا ، له‌ نێوان کۆیله‌و خاوه‌ن کۆیله‌دا ، بێلایه‌نیی ده‌بێته‌ درۆیه‌کی زه‌ق . ئه‌گه‌ر که‌سانێکیش هه‌بن به‌ڕاستی سه‌ر به‌ هیچ حزبێک نه‌بن و له‌ ریزی بنده‌ستان و نه‌داران و کۆیله‌کاندا جێی خۆیان نه‌گرتبێ ، ئه‌وا له‌ راستیدا له‌ ریزی دووه‌م ، له‌وبه‌ره‌وه‌ ، سه‌نگه‌ریان بۆ خۆیان دیاریکردووه‌ .
حزبیبوونی سه‌قامگیرو گه‌شه‌کردوو هاوئاهه‌نگی ململانێی گه‌شه‌کردووی چینایه‌تییه‌ . به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیه‌ له‌و حزبیبوونه‌دایه‌ ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پڕۆلیتاریاو خه‌باتکارانی پێناوی ئازادیی کاری کرێگرته‌ و دواڕۆژی کۆمۆنیزم بۆ به‌شه‌رییه‌ت ، دژی بێلایه‌نیی سیاسی ده‌وه‌ستن و ده‌رکی بایه‌خی حزبیبوونی خۆیان ده‌که‌ن ، چونکه‌ بێ حزبیبوون و خه‌باتی رێکخراوه‌یی هوشیارو نه‌پساوه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ ، بێ ململانێی سیاسی ، ژانی له‌دایکبوونی جیهانێکی نوێ درێژه‌ده‌کێشێ .
رێکخستنی پۆڵایین و ستراتیژو تاکتیکی شۆڕشگێڕانه‌ ، چه‌کی ده‌ستی پڕۆلیتاریای کۆمۆنیست و پێشڕه‌وه‌ . به‌رزترین شێوه‌ی رێکخستنی حزبه‌ . حزب چه‌کی تێکۆشانی تیۆری و سیاسی و رێکخراوه‌ییه‌ . حزبی چینایه‌تی سه‌ربه‌خۆی کرێکارانی کۆمۆنیست یه‌کگرتنی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی خاوه‌ن ئامانجی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی که‌سانی پێشڕه‌وی ئه‌م جیهانه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌یه‌ ، چه‌کی رزگاری پڕۆلیتاریاو گشت به‌شه‌رییه‌ته‌ له‌چنگی سیستمی داپڵۆسێنه‌رو خوێنمژی سه‌رمایه‌داری . بۆیه‌ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی بانگاشه‌ی بێلایه‌نیی سیاسی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌حزبایه‌تی و ، ناسینی رۆڵی فیکری و سیاسی و رێکخراوه‌یی حزبی پێشڕه‌وی پڕۆلیتاریا له‌ شۆڕشداو ، تێکۆشان بۆ پێکهێنانی ئه‌م حزبه‌و کۆبوونه‌وه‌ له‌ ریزه‌کانیدا، لوتکه‌ی هوشیارییه‌و ، سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی پڕۆلیتاریا له‌ گره‌وی گه‌یشتندایه‌ به‌و لوتکه‌یه‌ .

بڵاوکراوه‌ی ( ئاڵای شۆڕش ) ژماره‌ ( 5 ) خولی دووه‌م / ئایاری 1993

کۆڕەکەی ( دیموکراسی ) … چەند تێبینییەکی رەخنەگرانە

گۆڤاری ( دیموکراسی ) لە رۆژی ٢٠ / ١٢ / ١٩٩١ دا ، لە هۆڵی رۆشنبیریی جەماوەر لە سلێمانی کۆڕێکی بۆ مامۆستا ( بەهادین نوری ) سازکرد . بابەتی کۆڕەکە دەربارەی ( دیموکراسی و باری ئێستای کوردستان ) بوو .
ئەم کۆڕە لە دوو سەرەوە بایەخێکی گرنگی هەبوو ، لەلایەک بابەتی دیموکراسی ، وەک چەمکێکی باو لە جیهانی ئەمڕۆدا ، پێویستیی بە لێدوان و شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەیەکی فراوان هەیە ، لەلایەکیدیکەوە شەخسی مامۆستا ( بەهادین ) خۆی ، وەک یەکێک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی عێراق و ، ئەو خەرمانەیەی دەوری کەسایەتیی ئەوی داوە لەڕووی داستان تێکۆشان و خەباتی نهێنی و ئازایەتی و مێژووی دوورودرێژی چالاکیی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا .
ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە کۆڕەکەدا ، بۆ ئەم بۆچوونەمان بەڵگەیە . ئامادەبووان ، جگە لە ئارەزووی تایبەتییان لە بینینی ئەم شەخسییەتەی بۆ یەکەم جارە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی وەهادا دەردەکەوێت ، خوازیاری بیستنی بیرکردنەوەیەکی نوێ و هەڵوێستێکی پێشکەوتووانەی نوێ بوون ، خوازیاری کەڵکوەرگرتنێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی گەورە بوون ، بەهیوای ئەوە بوون ئەزموونی خەباتی سیاسیی خۆی – دوای دەرچوونی لە ریزەکانی حزبی شیوعی عێراق – بکاتە دەرسێکی مێژوویی بەنرخ و ئاڕاستەی نەوەکانی دوای خۆی بکات .
بەڵام … مەخابن ، ئەم خواست و هیوایە ، بەو شێوەیەی چاوەڕوان دەکرا ، وەها دەرنەچوو . بۆیە بەپێویستمزانی بەم چەند تێبینییە رەخنەیەکی دۆستانە لە ناوەرۆکی کۆڕەکە بگرم و بیخەمە پێش چاوی مامۆستا ( بەهادین ) و خوێنەرانی گۆڤاری ( دیموکراسی ) یەوە .
١ ) سەرەتا مامۆستا ماوەی کاژێرێکی بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەی دانا ، پاشان لەگەڵ تەواوبوونی ماوەکەدا کۆتایی بە ئاخاوتن هێنا ، کە دەبوو ئەم کاتەی دیارینەکردایە ، چونکە ئەو چەند مەسەلەیەی لەئارادابوون لێدوانی تێروتەسەلیان دەویست و پتر لەو کاتەیان گەرەک بوو ، یان دەبوایە بابەتەکەی ئەوەندە بوایە ، کە ئەو کاتەی بۆی دانراوە بەشیبکردایەو ، هەروا سەرپێیی بەسەریاندا رانەبوورێ بە بیانووی کەمیی ماوەی تەرخانکراوەوە .
٢ ) بابەتەکەی لە شێوەی گوتارێک یان تۆژینەوەیەکدا نەنووسیبوو ، بەڵکو تەنها چەند سەرەقەڵەمێک رستەی لەچەند خاڵێکدا تۆمارکردبوو .
ئەم شێوازە بۆ کۆڕێکی وەهاو بابەتێکی بەربڵاوی وەک بابەتەکەی ئەم کۆڕە نەشیاوەو دەبێتە هۆی کاڵوکرچیی ئەو بیرو لێکدانەوانەی کە پێویستیی بە لێدوانێکی ورد هەیە .
٣ ) بەشێوەیەکی لۆجیکی و زنجیرەیی بابەتەکەی پێشکەش نەکرد . شپرزەیی و تێکەڵ و پێکەڵی بە خستنەڕووی بابەتەکەیەوە دیاربوو ، لە باسێکەوە بۆ باسێکیدیکە لایدەداو لە کرۆکی مەسەلەی دیموکراسی دووردەکەوتەوە ، چۆنیەتی بەدواداچوونی زنجیرەیی بابەتەکەی لە گوێگرەکانی تێکدەدا ، ئەڵقە ئەڵقە ناوەرۆکی بابەتەکەی باسنەکردو ، ئاکام یەکێتیی سەرەتاو بنەتای بابەتەکەی بزربوو .
٤ ) لە لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەی زاراوە سیاسییەکان و مەسەلە فیکرییەکاندا ، پشتی بە بەرنامەیەکی بیرکردنەوەو تیۆرییەکی دیاریکراوەوە نەبەستبوو . هەست بەوە نەدەکرا کە مرۆڤێکی کۆمۆنیست یان یەکێک لە شارەزایانی مارکسیزم بێت . نەک هەر ئەمە ، بەڵکو بۆرژوائاسا بەرنامەیەکی تۆژینەوەی بۆرژوازیش بە بیروبۆچوون و سەرنج و وەڵامەکانیەوە دیارنەبوو .
٥ ) لەبەر تیشکی ئەو راستییانەی لە بڕگەی پێشوودا باسمانکرد ، شێوەو زمانی خود ( ذات ) یانە بەسەر ئاخاوتنیدا زاڵبوو . لێدوانی گیروگرفتەکان و رەخنەکانی لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆ – یەک دوو خاڵی لێدەرچێ – بە دیدێکی خودیانە دەیخستنەڕوو . هەر ئەو قسانەی دەوتەوە کە رەشەخەڵکەکە لە مشتومڕی نێوخۆیاندا دەیکەن . هێڵێکی چینایەتی رانەکێشا لە نێوان ئایدیاو بۆچوونی باوی خەڵکی سادەو ئایدیاو بۆچوونی کەسانێکی سیاسی و لایەنگرانی لێکۆڵینەوەی زانستی ، تەنانەت لە لێدوانی دیموکراسیدا ، باسەکەی ، لە چوارچێوەی لێکدانەوەیەکی فرەسادەی دیموکراسیدا خزاندبوو ، وەک رێڕەوێک لە ئازادیی قسەکردن و نووسین و پڕوپاگاندەو هەڵبژاردن پێناسەیکرد . جیاوازیی لە نێوان دوو چەمکی دیموکراسیدا دانەنابوو :
أ – چەمکی دیموکراسی وەک مامەڵەو رەفتارو رەوشت و تەبایی نێوان خەڵک لە پەیوەندی رۆژانەدا .
ب – چەمکی دیموکراسی وەک شێوەی دەسەڵات و سەرخانی سیاسیی بنیاتنراولەسەر بنکەی ئابووریی سەرمایەداری و پێویستییەکی یاساسازیی بازاڕی ئازادو پەلهاویشتنی مۆنۆپۆلە فرەناسنامەکانی جیهان سەرمایەداریی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی جیهان و تاڵانکردنی زێدەبایی کار لە ئاستی جیهاندا .
٦ ) ئەو خەڵکەی ئامادەی کۆڕێک دەبن ، سەدان پرسیار لەلایان پەنگیخواردۆتەوە ، تامەزرۆی هەلێکی رەخساون کە کەسێکی دنیادیدە ، تیۆریستێک ، خاوەن ئەزموونێکی سیاسی ، کاربەدەستێکی ئەمڕۆ وەڵامیان بداتەوە .
دیارە لەنێو پرسیارەکاندا پرسیاری سەیرو ( استفزازی ) بێکەڵک هەردەبن ، بۆیە دەبێت وەڵامدانەوەی پرسیارەکان رێکبخرێن و ئەو جۆرە پرسیارانەی دوایی لێجیابکرێتەوەو ، ئەو پرسیارانەی پەیوەندییان بە خودی بابەتەکەوە هەیە وەڵامبدرێنەوە .
لەم کۆڕەدا ، نە پرسیارەکان لە یەکتری جیاکرانەوەو ، نە وەڵامی تێروپڕیان لەسەردرانەوە . لەناو پرسیارەکاندا پرسیاری ئەوتۆ هەبوون شایانی لێدوانێکی زانستی قووڵ بوون ، بەڵام مامۆستا ( بەهادین ) بە بەڵی و نەخێر یان بە یەک دوو وشە وەڵامێکی کورتی دەدایەوەو ، ئەوانیدیکەش ، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان بە بابەتەکەوە نییە ، فەرامۆشی دەکردن .
چۆنیەتی مامەڵەکردنی مامۆستا لەگەڵ پرسیارەکاندا – بەتایبەتی ئەو پرسیارانەی لە چەپەکانەوە ئاڕاستەی دەکرا – پشتگوێخستنبوو ، بە پێچەوانەی ناوەرۆکی بابەتەکەی خۆی و ئەو چەمکە دیموکراسییەی خۆی لێیدوا . لەبەرئەوە سوودێکی ئەوتۆ لە وەڵامەکانی نەکرا . ئەم هەڵوێستەش بووە هۆی ئەوەی هەندێک هۆڵەکە بەجێبهێڵن و لە ریزەکانی پشتەوەشدا مقۆ مقۆ لەسەر شیوازی وەڵامدانەوەکان پەیدابوو تا بە ناچاری کۆڕەکە کۆتایی پێهێنرا بە بیانووی ئەوەی وەخت درەنگەو پرسیارەکان زۆرن .
٧ ) وەنەبێت کۆڕەکە لایەنی ئیجابی تێدا نەبووبێت ، بەڵام کەموکووڕییەکان باڵیان بەسەرداکێشاو شاردیانەوە . گرنگتری لایەنێکی ئیجابی کۆڕەکە لێدوانی باری ئێستای کوردستان و واقیعی نوێی حزبەکانی بەرەی کوردستانی بوو ، کە زۆر بە راشکاوی بیروڕای خۆی لەسەریان دەربڕی و پەنجەی لەسەر هەڵەکانیان دانا . ئەمە جگە لەوەی ، لەبابەت هەڵبژاردنی نوێنەرانی شوورای نیشتمانیی کوردستانەوە سەرنجێکی دروستی دەربڕی . ئەو راستییەی روونکردەوە کە شێوەی هەڵبژاردنی رێژەیی ( نسبی ) گونجاوترین و لەبارترین شێوەیەکە بۆ ئەم بارودۆخە سیاسییەی ئەمڕۆو ، بۆ نوێنەرایەتیکردنێکی راستەقینەی جەماوەر لە شوورای داهاتوودا . هەر لەم بوارەدا ئاماژەی بۆ ئەو مەرجە کرد کە بەرەی کوردستانی بۆ ئەندامەتی شوورای داناوە .
ئەگەر راست بێت بەرە رێژەی ٧ % ( لەسەدا حەوت ) ی دەنگەکانی کردبێتە مەرج بۆ بەشداریکردنی شووراکە ، ئەوا لە سووچێکەوە سەرەتایەکی دیموکراسیی شکێندراوەو رێ لە جەماوەرێکی زۆر دەگیرێت نوێنەریان لە شووراکەدا هەبێت و مافی بەشداریکردنی حزب و رێکخراوو گرووپە سیاسییە بچووکەکان لە شوورای نیشتمانیی کوردستاندا پێشێل دەکرێت ؛ لەبەرئەوە داوایکرد ئەم رێژەیە کەمبکرێتەوە ، بۆ دابینکردنی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی و لەدایکبوونی شوورایەک کە بەڕاستی نمایندەی تەواوی خەڵکی کوردستان بێت .
ئەم کۆڕە ئەزموونێکی تایبەتی دەست گۆڤاری ( دیموکراسی ) خست کە دەتوانرێت لەنێو لاپەڕەکانیدا بەشێک لە کەموکوڕییەکانی کۆڕەکە پڕبکرێتەوەو لە کۆڕەکانی داهاتووشدا بەشەکەیدییان راستبکرێتەوە .

تێبینی
ئەم وتارەم بۆ بڵاوکردنەوە لە گۆڤاری ( دیموکراسی ) دا نووسی ، بەڵام مامۆستا ( بەهادین ) بڵاوینەکردەوە ، هەرچەندە ، وەک پێیان گەیاندم ، زۆربەی ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە رایان بۆ بڵاوکردنەوەی دابوو .

٢١ / ١٢ / ١٩٩١

ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی باشوری کوردستان

18 ئازار

ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی باشوری کوردستان

دوازدە ساڵ لەمەوبەر ، بە نیازی سەربەخۆیی باشووری کوردستان ، دەستپێشخەرییەک بۆ ریفراندۆم کرا . ( بزوتنەوەی بەرەو ریفراندۆم ) پێکهات . لە سەرانسەری باشووری کوردستاندا چالاکیی نواند ، بەڵام دوای ماوەیەک کارکردن و کۆکردنەوەی پتر لە یەک ملیۆن و حەوت سەد هەزار ئیمزا ، لە زستانی ساڵی ٢٠٠٤ داو ناردنی بۆ مەجلیسی حوکم لە بەغدا ، لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ئیحتیواکراو چالاکییەکانی خامۆش بوون . ئەو کاتە ئەوان خەریکی بنیاتنانەوەی ” عێراقی نوێ ” بوون .
به‌شێکی ئەو وتارەی لێرەدا پەخشی دەکەم ، ‌ به‌یاننامه‌یه‌ک بوو له‌سه‌ر داوای ( ده‌سته‌ی کارگێڕیی لیژنه‌کانی ” به‌ره‌و ریفراندۆم ” له‌ سلێمانی ، وەک یەکەم بەیاننامەی بزوتنەوەکە ، بۆ چاپکردن و پەخشکردنی به‌ زمانه‌کانی کوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی نووسیم . بەڵام بەیاننامەکە چاپ نه‌کرا ، کۆنفڕانسی بزووتنه‌وه‌که‌و دواتر ئیمزا کۆکردنه‌وه‌ی به‌سه‌ردا هات . دواتر چەند دەستەواژەو پەڕەگرافم خستەسەر ، تا وەک پێشەکی کتێبێک ، لەگەڵ چەند وتارێکیدیکەدا چاپیان بکەم . ( فوئاد قەرەداغی – ئەندامی دەستەی باڵای بزوتنەوەی بەرەو ریفراندۆم ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ )

به‌ره‌و ریفراندۆم

له‌ مێژووی سه‌د ساڵی رابردوودا ، پرنسیپی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس هه‌نگاوی گه‌وره‌ی بۆ پێشه‌وه‌ ناوه‌و هه‌تا دێت گشتیتر ده‌بێته‌وه‌ . پێشتریش له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا مارکس و ئه‌نگڵز ئه‌و راستییه‌یان خسته‌ به‌رده‌م سۆسیالیسته‌کان که‌ ئه‌و گه‌له‌ی گه‌لێکی تر بچه‌وسێنێته‌وه‌ خۆی ئازاد نییه‌و ، به‌وپه‌ڕی توانایانه‌وه‌ پشتگیریی گه‌لی ئیڕله‌نده‌یان کرد دژی داگیرکه‌رانی ئینگلیز . به‌لشه‌فییه‌کانیش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای خۆڕێکخستنیان له‌ حزبی چینایه‌تی پڕۆلیتاریای روسیادا ، مافی بڕیاردانی چاره‌نووسیان کرده‌ خاڵێکی گرنگی به‌رنامه‌که‌یان و پڕۆلیتاریای نه‌ته‌وه‌ جیاجیاکانی روسیایان به‌ پرنسیپه‌کانی ئه‌و مافه‌ دیموکراتییه‌ په‌روه‌رده‌کرد . کاتێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشیان له‌ ئۆکتۆبه‌ری 1917 دا گرته‌ ده‌ست ، پڕاکتیکی ئه‌و پرنسیپه‌یان کردو پڕۆژه‌ی ئازادییان به‌رده‌می گه‌لانی سۆڤیه‌ت خست و شووره‌ی روسیای زیندانی گه‌لانیان رووخاندو ، کۆماره‌کانی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت بوونه‌ نیشانه‌و به‌ڵگه‌و هێمای چاره‌سه‌رکردنی به‌ڵشه‌فیکه‌کان بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی . پرنسیپه‌کانی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ، گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی وروژاندو راچه‌نینێکی هوشیارانه‌ی گشتیی خسته‌وه‌ . بۆیه‌ به‌ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر ، هه‌ر له‌ کۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مه‌وه‌ که‌ بۆ ئێجگاره‌کی ده‌وڵه‌تی عوسمانی گیانی سپارد هه‌تا ئیمڕۆ ، به‌ ده‌یان په‌یماننامه‌و رێککه‌وتننامه‌و جاڕیی جیهانیی پشتگیریی ئه‌و مافه‌ بۆ گه‌لانی ژێرده‌سته‌ ده‌که‌ن ، ته‌نانه‌ت ( ودرۆ وێلسن ) ی سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاش له‌و سه‌رده‌مه‌دا مافی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌کانی ، له‌ به‌ڕێوه‌بردن و حوکمی خۆیاندا ، سه‌لماند . دوا به‌دوای ئه‌ویش کۆنفرانسی ئاشتی له‌ پاریس ( 1919 ) ، په‌یمانی ( سێڤر ) ، کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان ، په‌یمانی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ، جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌کانی مرۆڤ ( 1948 ) و په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کان ( 1966 ) ؛ هه‌ر هه‌موویان له‌سه‌ر مافی گه‌لان له‌ بڕیاردانی چاره‌نووسی سیاسیی خۆیان و پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ جه‌ختیان کردو‌وه‌ ..
گه‌لی کوردو کوردستانی نیشتمانی ، که‌ سه‌دان ساڵ له‌ژێر باری چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیستیبدادی عوسمانیدا بوون ، به‌شێکی ئه‌و مافانه‌یان له‌و په‌یماننامانه‌دا بۆ سه‌لمێندرا ، هه‌ر له‌وه‌ی له‌ کۆنفڕانسی ئاشتیی پاریسدا داواکرا کوردستان بخرێته‌ ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ، تا بڕیاردانی بڕگه‌کانی ( 62 ، 63 ، 64 )له‌ به‌شی سێیه‌می په‌یماننامه‌ی ( سێڤر ) ، ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی دانی به‌ مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی له‌ باکووری کوردستاندا نا که‌ پاشان باشووری کوردستانیشی پێوه‌ په‌یوه‌ست بکرێت . جاڕنامه‌ی هاوبه‌شی به‌ریتانیاو ده‌وڵه‌تی عێراقیش له‌ ساڵی 1922 دا ، به‌ڕه‌سمی ، به‌کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانیان راگه‌یاند که‌ هه‌ردوولایان دان به‌ مافه‌کانی گه‌لی کورددا ده‌نێن به‌ شێوه‌ی ئۆتۆنۆمی و دروستکردنی حکومه‌تێکی کوردی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا . ساڵی 1932 یش که‌ عێراق له‌ کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان وه‌رگیرا ، مه‌رجی ئه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق دانرا که‌ رێز له‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی کورد بگرێت و ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان و دادگای هه‌میشه‌یی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌رپرسیار بێت .
له‌ راستیدا گه‌لی کورد له‌و هه‌موو په‌یماننامه‌و رێککه‌وتننامه‌و جاڕنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ سوودمه‌ند نه‌بووه‌ چونکه‌ فه‌رمانڕه‌وایانی عێراق ، هه‌ر له‌ ساڵی ( 1925 ) ه‌وه‌ که‌ باشووری کوردستان به‌ عێراقه‌وه‌ لکێندرا تا رووخانی سه‌ددام له‌ نیسانی 2003 دا ، به‌ ئاگرو ئاسن مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا کردووه‌ ، سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پاشان جینۆسایدیان به‌رامبه‌ر په‌یڕه‌و کردووه‌ ، چه‌که‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانیان هه‌ر له‌ ( ناپاڵم )ه‌وه‌هه‌تا چه‌کی کۆمه‌ڵکوژی کیمیاوییان به‌سه‌ردا باراندووه‌ ، چه‌کی کۆکوژی بایۆلۆژییان به‌سه‌ر هاووڵاتیانی کوردی ئه‌نفالکراودا تاقیکردۆته‌وه‌ . هه‌میشه‌ هاووڵاتی کورد له‌ عێراقدا ، به‌واقیعی ، هاووڵاتی پله‌ دوو و که‌متریش بووه‌و ساده‌ترین مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌کانیان پێ ره‌وا نه‌بینیوه‌و به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی گه‌لی سه‌رده‌سته‌وه‌ پێشێل کراون .
ئه‌مڕۆ دوای رووخانی به‌عس و حاڵه‌تی داگیرکراوی عێراق ، هه‌لومه‌رجێکی نوێ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، ده‌رفه‌تێکی نوێ بۆ چۆنیه‌تی رێکخستنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی عێراق وپێکهاته‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه‌و بنیاتنانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرنسیپه‌کانی ئازادی و دیموکراتی و ئاشتی و مافه‌کانی مرۆڤ ره‌خساوه‌ ، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌تنییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی نوێی گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌و پرنسیپانه‌دا دابڕێژرێنه‌وه‌ که‌ بۆ گه‌لانی عێراق به‌ گشتی و بۆ گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد به‌ تایبه‌تی ، تا هه‌تایه‌ زامن بێت و چیدی کاره‌ساته‌کانی هه‌شتا ساڵی رابردوو به‌سه‌ریاندا نه‌یه‌ته‌وه‌ .
کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چ عێراق و چ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئارامی به‌ خۆیانه‌وه‌ ببینن و مشووری په‌یوه‌ستبوون بخۆن به‌ جیهانی زانست و ته‌کنۆلۆژیاو ژیاری ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه‌و ، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌که‌ پشکی چوونیه‌کیان له‌به‌رده‌مدا ئاوه‌ڵا بێت .
کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ ئه‌م دواڕۆژه‌ له‌ عێراقدا ، له‌ژێر سایه‌ی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و به‌ هاوکاری یه‌کێتیی ئه‌وروپاو رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی مافی مرۆڤ ، پرس به‌ خه‌ڵکی کورد بکرێت ، ریفراندۆمێک له‌ باشووری کوردستاندا به‌رپا بکرێت و تیادا هه‌موو ‌ تاکه‌که‌سێکی کورد له‌ ته‌مه‌نی ( 18 ) هه‌ژده‌ ساڵ و به‌ره‌و ژوور ، ئازادانه‌ ، له‌ ده‌نگدانێکی گشتیی دیموکراتییانه‌دا ، ئیراده‌ی خۆیان به‌یان بکه‌ن و ، مانه‌وه‌و نه‌مانه‌وه‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی به‌ عێراق ده‌ناسرێ بڕیار بده‌ن .
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی به‌ ناوی ( به‌ره‌و ریفراندۆم ) به‌ڕێخراوە‌ ، بۆ سه‌رخستن و به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌یه‌و ، پشت به‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان زوو بێت یان دره‌نگ به‌ ئاکامی خۆی ده‌گات و ، گه‌لی کورد خۆی بڕیاری چاره‌نووسی سیاسیی خۆی ده‌دات .
فوئاد قەرەداغی
نووسینی : ئەیلولی ٢٠٠٣
دەستکاریکردنی : شوباتی ٢٠١٥

هەڵەبجەو یادەوەرییەکانی منداڵیم

18 ئازار

هەڵەبجەو یادەوەرییەکانی منداڵیم

هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە تا ئەمڕۆ ، هەمیشە هەستێکی تایبەتیم بەرامبەر هەڵەبجە هەبووە ، هەستێک کە پڕاوپڕی ناخم خۆشەویستی و سۆز بووە ، تا ئەو رادەیەی کێبەرکێی خۆشەویستی و سۆزم بکات بۆ سلێمانیی زێدی خۆم و باوکم و باپیرم . دوور نییە ئەم هەستە پەیوەندی بە رەگی بوونمەوە هەبێت لە خاکی هەڵەبجەداو ، ئاو و هەواو ژینگەی هەڵەبجە کاریگەرێتی لەسەر چرکەساتەکانی سەرەتای ژیانمدا هەبووبێت ، دوور نییە پەیوەندی بە دێرینترین بیرەوەرییەکانمەوە هەبێت کە مەڵبەندەکەی شاری هەڵەبجەیەو ، دواتر دێمە سەر گێڕانەوەیان لەڕێی پشتبەستن بەوەی لەیادی خۆمدا پارێزراوەو ، ئەوەشی دایکم بۆی گێڕاومەتەوەو پەیوەندی بەو تەمەنەمەوە هەیە کە هێشتا هۆشمنەکراوەتەوە . لەبەرئەوە ، ئەو مێژووە ، کە دەکەوێتە نێوان ساڵی ١٩٤٣ و ساڵی ١٩٤٩ بەگشتی باسدەکەم نەک بە بەرودوا بەپێی کات و ساڵەکانیان .
پێش لەدایکبوونم
باوکم لە ساڵی ١٩٣٨ ەوە کارمەندێکی سەرۆکایەتیی تەندروستیی سلێمانی بووە . وەک ( مضمد ) ێك چەند شوێنی کردووە ، لە تەوێڵەو سورداش و بەرزنجەو ماوەت چەند ساڵێکی لەم پیشەیەدا گوزەراندووە . لەساڵی ١٩٤٣ دا راژەکەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی هەڵەبجە ، بۆیە ماڵی هێناوەتە هەڵەبجەو نزیکەی شەش ساڵ لەم شارەدا ماوەتەوە . کاتێک هاتۆتە هەڵەبجە دوو منداڵی هەبووە بە ناوەکانی ( نەزیرە ) و ( فاروق ) ، یەکەمیان لە ( ماوەت ) لەدایکبووبوو ، ئەویدیش لە ( بەرزنجە ) . هەردووکیانیش دوای ماوەیەک بە نەخۆشیی ، لەماوەی سێ مانگدا مردوون . من منداڵی سێیەم بووم ، کورد گوتەنی : لەسەر سکی سووتاو هاتووم ، بۆیە گرنگییەکی زۆریان پێداوم ، بەتایبەتی لەنێو خێزانەکەماندا تەنها منداڵ بووم . دایکم زۆر بڕوای بەوە هەبوو کە دەمێنم و تەمەنێکی درێژ بەسەردەبەم ” بەڵگە “شی ئەوەبوو کە لە کاتی دووگیانیدا خەوی دیوەو پیاوێکی نورانی پێی گوتووە کوڕت دەبێت و بۆت دەمێنێت و تەمەنی درێژ دەبێت ، بەڵام هەمیشە دڵەڕاوکێیەکی هەبوو کە بە قسەی ئەو پیاوە نورانییەی نەکردووەو ناوی نەناومەتەوە ( فاروق ) .
کاتێک لەدایکبوونم نزیکدەبێتەوە ، دایکم دێتەوە ماڵی باوکی لە سلێمانی ، لەوێ لە گەڕەکی دەرگەزێن رۆژی ٢٢ یان ٢٣ ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ لەدایک دەبم . شێخ مارفی مامی باوکم و خاڵی دایکم ، بانگ بە گوێمدا دەدات و ناوم دەنێت ( محەمەد فوئاد ) .
مامە گەورەم ( شێخ مارف ) ئیمام و مودەڕڕیسی مزگەوتی شێخ مارفی قەرەداخی باپیری بوو ، ماڵەکەشیان بەتەنیشت ماڵی باپیرمەوە بوو لە کۆڵانی پشت دەرگای سەرەکیی مزگەوتەکە . بەقسەی دایکم ، بۆ ناونانم ، قورئانی کردۆتەوەو ناوەکەمی لە یەکەم وشەی ئەو لاپەڕەیەی قورئان وەرگرتووە و قەناعەتی بە دایکم کردووە کە ناوم نەنێتەوە ( فاروق ) و ئەم ناوە پیرۆزەی قورئان قبوڵ بکات . دیارە وشەکەی قورئان ( فٶاد ) یان ( أفئدة ) بووەو دیسان هەر بۆ پیرۆزیی ناوی ( محەمەد) یشی خستۆتەسەر . بەڵام باوکم لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ دا محەمەدەکەی لێکردۆتەوە .
دوای لەدایکبونم بە چل رۆژ دایکم دەگەڕێتەوە هەڵەبجەو ئیتر بە بەخێوکردنی منەوە خەریک دەبێت و بەرە بەرە هاتوچۆی سەرقەبران کەم دەکاتەوە ، کە پێش لەدایکبوونم هەموو عەسرانێک سەردانی گۆڕی کچ و کوڕەکەی کردووەو تا نزیک ئێوارە لەوێ ماوەتەوە .
لەدایکبوونی ( فەهمی ) برام
دەڵێن بیری منداڵیی تیژە ، من کۆنترین یادەوەریم رۆژی لەدایکبوونی ( فەهمی ) برامە . کاتی بوونی ئەو هێشتا تەمەنم سێ ساڵی تەواو نەکردووە ، بەڵام تا ئێستاش چەند دیمەنێکیم وەکو خەو لەبەرچاوە .
فەهمی برام رۆژی ٨ ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە . ئەو کاتە کرێچی بووین لە ماڵی ( وەستا تۆفیق ) دا ، خانووەکەیان لەگەڕەکی ( کانی قوڵکە ) بوو ، کۆڵانەکەیان دواکۆڵان و ریزە ماڵی هەڵەبجە بوو ، کانییەکەش یەکسەر ئەودیوی کۆڵانەکەبوو ، ماڵی خۆشیا ن دوو دەستەبوو ، ئێمە لە دوو ژووری دەستەی خوارەوەیدا بووین.
وەستا تۆفیق لە داڵانەکەی نێوان ( مزگەوتی پاشا ) و بازاڕەکەی بەردەمیدا سەرتاشخانەی هەبوو ، ئەرکی ژیانی خێزانەکەیانی لەسەربوو کە پێکهاتبوو لە باوک و دایکی ( مام صادق و دادە ئەمنە ) ، هەروەها خوشکەکانی ( عاصمە ومەعصومەو حەفصە ) کەمن بە (دادە عاسمان و دادە مەعسوم و دادە حەپسە ) بانگمدەکردن . وەستا تۆفیق هاوسەرگیریی کردبوو ، کچێکی لە تەمەنی مندا هەبوو ناوی ( حەسیبە ) بوو . دوو براشی بە ناوی ( عومەر و فازیل ) هەبوو ، فازیل – یان هاوسەرگیریی کردبوو ، ماڵی جیابوو .
بەیانی ، زوو بوو یان درەنگتر ، کە لەخەو هەڵسام و چاومکردەوە لە ژوورەکەی خۆماندا نەبووم ، باوکم و دایکم نەبینی ، بەڵکو بینیم مام صادق لە ژوورەکەدایە ، گریام ، ( دادە مەعصوم ) دیاربوو لەهەیوانەکەدابوو ، بەدەنگ گریانەکەمەوە هات ، ویستی ژیرم بکاتەوە ،بەڵام من لە گریان بەردەوام بووم ، بۆیە باوەشی پێداکردم و بۆ ماڵی خۆمانی بردم ، چاوم بەدایکم کەوت بەمدیوو ئەودیودا خۆی دەخست ، چەند ژنێک دەورەیان دابوو ، ئەو ساتە جگە لە ( دادە ئەمنە ) نەمزانی ئەوانیدی کێ بوون ، چونکە بەپەلە دادە مەعصومیان کردە دەرەوەو منیش بە باوەشیەوە . من لە گریان بەردەوام بووم و ، برامەوە بۆ دەستەی سەرەوە ، هەنارێکیشیان لە دارهەنارەکەیان کردەوەو ماوەیەک بەوە ژیریان کردم ، ئیتر بیرم نەماوە خەوم لێکەوت یان شتیتریان بۆ ژیرکردنم بەکار هێنا . دواتر بردمیانەوە خوارەوە ، دایکم راکشابوو ، ( فاتمەخان و عەتێ خان ) ی خزممان لەلایەوە دانیشتبوون ، فاتمەخان هاوسەری شێخ مستەفای شێخ محەمەدبوو ، عەتێ خانیش هاوسەری شێخ جەمیلی شێخ حامد بوو ، هەردووکیان فەرمانبەر بوون لە هەڵەبجە و بە حوکمی خزمایەتی و هامشۆکردنی یەکتری لە زووەوە ، نزیکترین کەس بوون لێمانەوە ، جگە لەوەی فاتمە خان دایکی شیریم بوو .عەتێ خان فەهمی لەباوەشدا بوو ، بانگیکردم و منیان بردە نزیکیەوەو پێی وتم ئەمە براتە ، سەیرم کرد ، ئەوەی بیرم مابێت تەنها روخسارێکی سووربوو کە بە پەڕۆیەکی شین ناوچەوانیان بەستبوو . دوای بینینی دیسان بردمیانەوە بۆ سەرەوە ، ئیتر دوای ئەوە جگە لەوە نەبێت جارێک بێشکەکەیم رادەژەنی و خستم ، لە هەڵەبجەدا هیچ یادەوەرییەکی فەهمیم بیرنییە تا ئەو کاتەی ماڵمان هاتەوە سلێمانی و کرێچیبووین لە ماڵی حاجی فەقێی شاڵیدا لەبەرخانەقای مەولانا خالید .
هاوڕێکانی منداڵیم لە هەڵەبجە
یەکەم هاوڕێی منداڵیم ( حەسیبە ) ی کچی وەستا تۆفیق بوو . وەستا تۆفیق لەگەڵ دایکی حەسیبە جیابووبوونەوە . لەگەڵ حەسیبە پێکەوە یاریماندەکرد ، نازانم یارییەکانمان چی بوون و بەچی یاریماندەکرد ، ئەوەندەی بیرمە لە حەوشەکەدا راکەڕاکمان دەکرد ، کە دەرگای حەوشەش بکرایەتەوە فڕکەمان بۆ کۆڵانەکە دەکردوو ، تا دیواری ماڵەکەی بەرامبەرمان راماندەکردو دەگەڕاینەوە لای دەرگاکەی خۆمان ، دادەکانیش هەرپێیان بزانیایە بەپەلە دەهاتن پەلیان دەگرتین بۆ ماڵەوەو دەرگاکەیان دادەخست .
دوای ئەوەی ماڵمان هاتەوە سلێمانی هەموو هاوینێک باوکم دەیهێنام بۆ هەڵەبجە ، ئەو شەوانەی لەماڵی وەستا تۆفیق میوان بووینایە ، شەو هەموو لەسەربان دادەنیشتن ، من و حەسیبەش دەچووینە نزیک گوێسوانەی سەربانەکەیان کە بەسەر دەشتاییەکیدا دەڕوانی کە کشتوکاڵیان لێکردبوو ، بۆ خۆمان قسەمان دەکرد . لەڕاستیدا نازانم ناوەرۆکی قسەکانمان چیی بوون تەنها ئەوە نەبێت جارێکیان پێشبڕکێی زانینی گۆرانیمانکرد ئەو لێی بردمەوە چونکە من لە یەک دوو بەیتی یەک دوو گۆرانی زیاتر هیچم نەدەزانی . دوای ئەو ماوەیە بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی پەنجاکانەوە حەسیبەم نەدییەوە ، بەڵام دەمزانی شوویکردووە ، مەخابن دواهەواڵیش لەبارەیەوە بیستم ئەوەبوو لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا شەهیدبووبوو.
یەکێک لە هاوەڵە نزیکەکانی باوکم لە هەڵەبجەدا شێخ عەبدولقادر بوو . ( لێرەدا ناوی وەستا تۆفیق و شێخ عەبدولقادر وەک خۆیان دەنووسم ، بەڵام من بە مامە بانگمدەکردن ) ئەویش لە نەخۆشخانەکەی هەڵەبجە ( مضمد ) بوو ، لە بنەماڵەی شێخەکانی بیارە بوو ، ئەوەندە لە یەکتری نزیکبوون ، تا کۆچی دواییشیانکرد ، خەڵک وایدەزانی خزمی نزیکن . ئەوەی سەرنجڕاکێشە ناوی من و براکانم و ناوی کوڕەکانی شێخ عەبدولقادر وەکو یەکن و هاوتەمەنیشین ، جا نازانم ئەوە هەر رێکەوتە یان لەخۆشەویستی یەکترەوە ناوی منداڵەکانیان وەکو یەک ناوە ( فاروق ، فوئاد ، فەهمی ) . دوایی لە کۆتایی پەنجاکاندا ، دوای چەند ساڵێک لەو مێژووەی ئێمە ماڵمان لە هەڵەبجە بوو ، ناوی فەهمی شێخ عەبدولقادریان گۆڕی بە ” فاتیح “.
من و فوئادی شێخ عەبدولقادر هاوتەمەنین ، یەکێکمان چەند مانگێک لەویترمان گەورەترە ، بەڵام کاممانین نازانم ، رەنگە من بم چونکە بەو ریوایەتەی باسمکرد من لە سلێمانی و لەلایەن مامی باوکمەوە ناونراوم . دوای گواستنەوەی باوکم بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی پەیوەندی باوکم و شێخ عەبدولقادر بەردەوام بوو ، هەموو هاوینێک تا ساڵی ١٩٥٨ کە شۆڕشی چواردەی تەموز روویداو بارودۆخ هەندێک گۆڕانکاریی بەسەرداهات ، باوکم دەیبردم بۆ هەڵەبجە خۆی چەند شەوێک دەمایەوەو منیش بۆ هەفتە یان دوو هەفتە دەمامەوە ، شێخ عەبدولقادریش یان شێخ فایەقی برای یان فوئادیش بهاتنایە بۆ سلێمانی لەماڵی ئێمە میوان دەبوون . فاروق و فوئادی شێخ عەبدولقادر هاوڕێی ئەو سەردەمی منداڵییەم بوون چ ئەوکاتەی لە هەڵەبجە بووین و چ ئەو کاتەی هاتینەوە سلێمانی . بەڵام هاوڕێیەتی فاروق زۆری نەخایاند چونکە بوو بەژێر ئوتومبیلێکەوەو گیانی لەدەستدا . لەبیرمە باوکم بۆ پرسەکەی دوو سێ رۆژ چوو بۆ هەڵەبجەو لەلای شێخ عەبدولقادر مایەوە ، ئیتر لەوە بەدوا هەر فوئاد مایەوە هاوتەمەنم بێت ، ( فەهمی ) یان فاتیحی برای لەو پچووکتر بو هاوتەمەنی فەهمی برام بوو بۆیە دوای مردنی فاروق بە دوو یان سێ ساڵ ، هاوینان باوکم هەردووکمانی ( من و فەهمی ) دەبردو ، ئەو ماوەیەی لەوێ دەبووین بە خۆشی و یاریکردن بەسەرمان دەبرد . عەتێ خانی هاوسەری شێخ عەبدولقادرو زەکاوە خانی کچیشی کە چەند ساڵێک لە ئێمە گەورەتربوو ، بەشێوەیەک خزمەتیان دەکردین ، هەستمان نەدەکرد لە ماڵی خۆماندا نین یان دوورکەوتووینەتەوە .
جگە لەو هاوڕێیانەم ، ئەنوەری مامە شێخ عومەر ( هونەرمەندی ناسراو ئەنوەر قەرەداخی ) هاوتەمەنم بوو ، بەقسەی دایکم من نۆ مانگ لەو گەورەترم ، بەڵام کەمتر لەوانیدیکە پێکەوەبووین ، تەنها ئەوەندە بەیەکەوە یاریماندەکرد کە لەگەڵ دایکمدا بچووینایە بۆ سەردانیان . ئەوەی ئێستا بیرم مابێت یاریکردنمان بوو لەسەر رۆڵەیەکی ئاسن ، لەتەنیشت ماڵەکەیانەوە ، لەبەردەم ئاشی ئەلەکتریکەکەی ئەو سەردەمەی هەڵەبجە دانرابوو ، پیاهەڵدەزناین بەودیویدا خۆمان دەخزاندو دەهاتینە خوارەوە .
مامەشێخ عومەر ئیمام و مودەڕڕیسی ( مزگەوتی پاشا ) بوو ، دەمێ ساڵ بوو لە هەڵەبجە نیشتەجێبووبوو ، باوکمی زۆر خۆشدەویست و وەک باوک و دایکم دەیانگێڕایەوە زۆر ئاگاداریانبووە ، لەرۆژە ناخۆشەکاندا مشووری خواردوون و بەتەنگیانەوە بووە ، چەند ساڵێک دوای ئەوەی لە هەڵەبجە نەماین کۆچی دواییکرد و لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا کوڕە گەورەکەی ناسراو بە ( شێخ محەمەدی خەتیب ) بوو بە وتاربێژی مزگەوتی گەورە لە سلێمانی و بەماڵەوە لە هەڵەبجە باریانکردوو لە سلێمانی نیشتەجێبوون .
هاوڕێیەکیدیکەی سەردەمی منداڵیم لە هەڵەبجە ( فوئادی حەمە رەشیدی سۆفی محەمەد ) بوو . مام حەمە رەشید دوکانی خەیاتیی هەبوو لەو قەیسەرییەدا کە سووتا ، کوڕە گەورەکانی کەبابخانەیان لە بازارەکەی بەردەم مزگەوتی پاشادا هەبوو . فوئاد هاوتەمەنم بوو ، برای شیریم بوو ، دایکی شیری دابوومێ ئەوانیش هەر لە گەڕەکی ( کانی قوڵکە ) بوون . زوو زوو سەردانمان دەکردن . لەسەردانەکاندا پێکەوە یاریمان دەکرد ، بیرمە چەند جارێک ، یەکێک لە خوشکەکانی ، کە لە ئێمە گەورەتر بوو ، بردینی بۆ سەر کانییەکە ( کانی قوڵکە ) . دوای هاتنەوەشمان بۆ سلێمانی فوئاد سەردانی دەکردین و هەموو جارێک شەوێک یان دووان لەماڵی ئێمە دەمایەوە . دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ١٩٥٨، ئەو بووە شیوعی و منیش پارتی ، بۆیە کەمتر سەردانی دەکردین ، ئیتر بۆ ماوەی چەند ساڵێک نەمدییەوە ، هەتا رۆژێکی هاوینی ساڵی ١٩٦٢ خۆیکرد بەماڵدا ، ( ماڵمان لەسەر رێگای هەڵەبجە بوو لە گەڕەکی سەرکارێز ) ، ماندوو دیاربوو ، هەواڵی یەکتریمان پرسی ، دەرکەوت چەکی بۆ حکومەت هەڵگرتووە ، لەگەڵ چەکدارەکانی هاوڕێیدا بۆ کارێک هاتون بۆ سلێمانی و هەر لەسەر رێگا لای ماڵی ئێمەوە دابەزیبوو ، بۆیە نە خولقیمکرد بۆ مانەوەو نە ئیتر روومدایە ، ئەویش دوای ماوەیەک دانیشتن رۆیشت ، ئەوە دواجار بوو بیبینم ، دوای چەند ساڵێک هەواڵی کوشتنیم پێگەیشت لەلایەن پێشمەرگەکانی ناوچەی هەڵەبجەوە .
مزگەوتی ئەحمەدی
مزگەوتی ئەحمەدی یەکێک بوو لە مزگەوتەکانی شاری هەڵەبجە ، ماڵی شێخ عەبدولقادر بە تەنیشت مزگەوتەکەوە بوو ، واتە دیواریان بە دیوارەوە بوو ، من و فوئاد هەموو رۆژێک نوێژێک یان دوو نوێژمان لەوێ دەکرد . فەقێکان دەیانناسین ، قسەیان لەگەڵ دەکردین و پرسیاری قوتابخانەو مەتەڵ و ئیعرابی عەرەبی و هەندێ زانیاریی ئاینیشیان لێدەکردین ، جارێکیان بە تەنها بووم فەقێیەکیان وتی دەزانیت شێخ فایەق شیوعییە ( شێخ فایەق برای شێخ عەبدولقادر بوو ) ، منیش وتم : نازانم بەڵام چییە ئەگەر شیوعی بێت منیش مامم شیوعییە ( مەبەستم مامم شێخ کەمال بوو کە ئەو کاتە شیوعی بوو) . وتی چۆن چییە و باسی ئەوەی بۆ کردم شیوعی کافرن و خواناپەرستن . ئافەرینیشی کردم کە من نوێژ دەکەم و وەکو ئەوان بێدین نیم .
هەر لەو هاوینەدا بوو یان هاوینی دواتر لە قوتابخانە فێری بانگدان بوو بووم ، بۆیە دوو جار ، جارێکیان نیوەڕۆ و جارێکیان عەسر لەمزگەوت بووم کە وتیان کاتی بانگە ، رامکردو بە پەیژەدا سەرکەوتم بۆ ئەو شوێنەی بانگیان لێدەدا ، چەند هاواریان لێکردم نەگەڕامەوەو بانگمدا ، جاری یەکەم قسەیان نەکرد ، بەڵام جاری دووەم لەلای شێخ عەبدولقادر شکاتیان لێکردم ، ئەویش بە رووە خۆشەکەی خۆی و لەسەرخۆ پێی وتم : ئەوە بۆ منداڵ نەشیاوەو دروست نییەو نابێت جارێکیتر بانگ بدەیت ، منیش بە قسەیمکردو ئیتر نەبانگمداو نەسەردانی فەقێکانم کردەوەو نەجارێکیدی نوێژیشم لەو مزگەوتەدا کرد .
سەردانی بیارە
باوکم موریدی تەریقەت نەبوو ، بەڵام شێخانی بیارەی زۆر خۆشدەویست ، بەشەخسی شێخ عەلادین و کوڕەکانی دەناسی . پێش مردنی باوکی ( باپیرم ) ماوەیەک لە( بیارە) و دواتر لە( مەریوان ) خوێندبووی ، شێخ عەلادین چ لە بیارەو ، چ لە مەریوان بەهۆی موریدەکانی لەوێ ئاگاداری بوو بوو ، هەر ئەویش دوای مردنی باپیرم یارمەتیدابوو ، نامەیەکی بۆ بەرپرسێکی گەورەی حکومەت لە بەغدا نووسیبوو بۆ دامەزراندنی .
هاوینێکیان ، من هەفتەیەک بوو لە هەڵەبجە بووم ، باوکم هات ، بڕیاریدابوو سەردانی شێخ عەلادین بکات و منیش بەرێت . رۆژی دوایی چوین بۆ بیارە . من یەکەم جارم بوو بیارە ببینم ، پۆلی دووەم یان سێیەمی سەرەتایی بووم . باوڵێکی تەنەکەمان پێبوو جلەکانمانی تێدابوو . چێشتەنگاو بو گەیشتینە بیارە . یەکسەر چوین بۆ خانەقا ، سۆفییەک هات بەپیرمانەوە ، وەک ئەوەی بمانناسێت ، لەگەڵ باوکم قسەیانکرد ، ئاگام لە قسەکانیان نەبوو چونکە سەیری خانەقاکەو ئەو هەموو خەڵکەم دەکرد کە دەهاتن و دەچوون ، سۆفییەکە چووە ژوورەوەو دوای ماوەیەک هاتە دەرەوەو باوڵەکەی لێوەرگرتین ، بە باوکمی وتبوو : ” شێخ عەسر لەشوێنی خۆی دادەنیشێت ، شەویش لە ماڵی شێخ ناجی کوڕی شێخ عەلادین میوان دەبن ” .
لەخانەقا هاتینە دەرەوە ، کەبابخانەیەک لەنزیک دەرگای خانەقاوە بوو ، لەوێ نانی نیوەڕۆمان خواردوو ، گەڕاینەوە بۆ خانەقا تا کاتی دانیشتنی شێخ هات . شێخ دوای نوێژی عەسر دانیشت سەرەیەکی دوورودرێژ خەڵک راوەستابوون بۆ دیدەنی ئەو ، ئێمەش چووینە سەرەکەوە نازانم چەند راوەستاین ، نزیکبووینەوە ، شێخم بینی پیاوێکی بچکۆلە هاتەپێشچاوم یان بەهۆی پیرییەوە چنگێکی مابووەوە ریشێکی سپی درێژی هەبوو لەسەر سەکۆیەک دانیشتبوو ، هەر کەسێک دەگەیشتە بەردەمی دادەنەوییەوەو دەستی ماچ دەکردو دەڕۆیشت و لە دەرگایەکیدییەوە دەچووە دەرەوە ، باوکم دەستی ماچکرد بەمنیشی وت دەستی ماچ بکە ، منیش دەستم ماچکرد . باوکم وەکو خەڵکەکە نەڕۆیشت و خۆی بە شێخ ناساندەوە، ئینجا وتی ئەمە فوئادی کوڕمە ، ئەویش تۆزێک سەری هەڵبڕی و بە ئیشارەتی دەست بانگیکردمە بەردەمی ، دەستی هێنا بە سەرمداو دووجار وتی عەمردرێژ بیت ، ئیتر چووینە دەرەوە ، باوکم ئەم سەردانەی زۆر لەلا گەورەو پیرۆز بوو ، ماوەیەکی زۆر بە وردی بۆ خزم و هاوەڵ و دراوسێکانی دەگێڕایەوە .
دوای نوێژی ئێوارە چووینە ماڵی شێخ ناجی ، لە دیوەخان دانیشتین ، نانی ئێوارەمان لەوێ خوارد ، باوکم و شێخ ناجی کەوتنە قسەکردن ، من ئاگام لێیاننەما و خەوملێکەوتبوو ، بەیانیش هەر لەوێ نانی بەیانیمان خواردو دوایی چووینە دەرەوە . باوکم دەوروبەری خانەقای گێڕام ، پاشان بردمی بۆ ناو کۆمەڵێک دارگوێز هەتا نزیک بانگی نیوەڕۆ ، چووینەوە خانەقا ، لە عەسردا چووینەوە بۆ ماڵی خانەخوێکەمان هەر لەدەرگاوە باوڵەکەمان وەرگرتەوە ، دیاربوو باوکم بڕیاری گەڕانەوەی دابوو ، بەیانی خواحافیزیی لە شێخ ناجی کردبوو ، سواری پاسێک بووین ، دوو جێگامان بۆ گیرابوو ، سەعات نۆی عەرەبی بوو بەڕێکەوتین ، هێشتا لە پێچەکانی خواروی بیارەدابووین پاسەکە پەکی کەوت زۆربە بەپێ گەڕانەوە بۆ بیارە ، باوکم بڕیاریدا بەپێ بچینەوە هەڵەبجە ، دڵنیایکردم کە رێگا شارەزایەو هەر دوو سێ کاتژمێرمان پێدەچێت . باوڵەکەی هەڵگرت و بەڕێکەوتین ، ناو بەناویش من باوڵەکەم هەڵدەگرت ، زۆر گەرم بوو ، سەرەڕای ئەوەش بە هەزاران کولە فڕکەیان دەهات ، کولەکان زۆر گەورەبوون کە بەرمان دەکەوتن بەتایبەتی بەر دەموچاومان ئازاریان دەداین ، بەڵام نزیک تاریکبوون کەمبوونەوەو پاشان نەمان .شەوەکەی مانگەشەو بوو بۆیە رێگامان لێتێکنەچوو ، کە گەیشتینە کانیەکە( کانی قوڵکە ) بانگی خەوتنانی دەدا ، زۆرماندوو بووین ، بۆیە نەچووینەوە ماڵی شێخ عەبدولقادر ، بەڵکو چووینە ماڵی وەستا تۆفیق و شەو لەوێ میوان بووین ، لەبەر ئەوەی ماندووبووین زوو جێگایان لەسەربان بۆ راخستین و لێیخەوتین . بۆ سبەینێ دوای ماڵئاوایی لە ماڵی وەستا تۆفیق چووین بۆ ماڵی شێخ عەبدولقادر باوکم ماڵئاوایی لەوانیشکردوو گەڕاینەوە بۆ سلێمانی . ( ماویەتی )

خاڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی

16 ئازار

خاڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی

بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی فیکریی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی وه‌ک خاڵی سه‌ره‌تایی بۆ گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی ، که‌ له‌ وتاری پێشوودا پێشنیازم کردبوو روونتر بێت ، وا جارێکی تر دێمه‌وه‌ سه‌ری و وه‌ڵامی ناڕۆشنییه‌ک – ئه‌گه‌ر هه‌بێت – ده‌ده‌مه‌وه‌ .
بۆ ئه‌م واقیعه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ی ئێستای کوردستان چی ده‌که‌ین ؟ ئه‌مه‌ پرسیارێکی دیاریکراوو گشتییه‌و گونجاوترین وه‌ڵامی له‌ ژێر ناوی ” چاککردنی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ” دا وه‌رده‌گرینه‌وه‌ ، چونکه‌ له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی کوردستانی تێدایه‌ ته‌نها ده‌ره‌تانی چاککردن ( ریفۆرم ) له‌ وزه‌ی راسته‌قینه‌ی سیستمی په‌روه‌رده‌ییدا هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌رچی شۆڕش و گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی ده‌رمانی باره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌که‌یه‌ .
ریفۆرم له‌ واقیعی ئه‌مڕۆدا ئیمکانییه‌تێکه‌ توانای به‌دیهاتنی هه‌یه‌ ، بۆیه‌ هه‌ر هه‌وڵێک ده‌درێت و هه‌ر تواناییه‌ک بۆ گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی پیاده‌ بکرێت ، ده‌بێت بۆ مه‌سه‌له‌ی ( چاککردنی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ) به‌گه‌ڕ بخرێت .
یه‌که‌م پرنسیپی ریفۆرم یان گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌ر دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ،ده‌بێت بڕیاری سیاسی بێت . بۆچی بڕیاری سیاسی پێویسته‌ ؟ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌بێت گۆڕانکارییه‌کان سیاسه‌ت ئاڕاسته‌یان بکات ، ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کان ره‌نگدانه‌وه‌ی ئامانجه‌ سیاسییه‌کانی قۆناغێکی ژیانی کۆمه‌ڵ و به‌شێک له‌ به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بن ، ناوه‌ندی بڕیاری گۆڕانکاریی له‌ هه‌ر وڵاتێکدا ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت . ئه‌م بڕیاره‌ سیاسییه‌ له‌ کایه‌ی گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌ییدا بۆ وڵاتێکی وه‌کو کوردستان و گه‌لێکی وه‌کو کورد بایه‌خێکی گرنگی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌و چه‌وساندنه‌وه‌و بێمافییه‌ی که‌ گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد به‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه‌ چه‌شتویه‌تی ، بواری رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌و فێرکردن دوو نیشانه‌ی زه‌قی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بوون و به‌رده‌وام به‌ سیاسه‌تێکی نه‌خشه‌بۆکێشراو وێران کراون ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ یه‌کێک له‌ سیما هه‌ره‌ دیاره‌کانی ئازادیی نه‌ته‌وایه‌تی دابینکردنی مافه‌ رۆشنبیرییه‌کانه‌و ده‌بێت په‌روه‌رده‌و فێرکردن ئه‌و سه‌روسیمایه‌ی ئازادیی نه‌ته‌وایه‌تی تێدا ره‌نگبداته‌وه‌ ؛ چونکه‌ مه‌یدانێکی راسته‌قینه‌ی جیاوازی سه‌رده‌می چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌رده‌می ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی مه‌یدانی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌و فێرکردنه‌ . بۆیه‌ دابڕان له‌ سیاسه‌ته‌ شۆڤێنییه‌کانی رژێم له‌م دوو کایه‌یه‌داو دانانی بناغه‌ی که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست هه‌ر ده‌بێت سه‌ره‌تاکه‌ی به‌ بڕیارو ئیراده‌یه‌کی سیاسی بێت .
یه‌که‌م هه‌نگاوی جێبه‌جێکردنی بڕیاری سیاسیش بۆ گۆڕانکاریی ، پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌کی باڵای پسپۆڕه‌ که‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی راپه‌ڕاندنی ئه‌م کاره‌ بێت ، واته‌ ناکرێت ئه‌م کاره‌ به‌ ملی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا بدرێت و سه‌رباری کاره‌کانی خۆی به‌م ئه‌رکه‌شه‌وه‌ خه‌ریک بکرێت ، ده‌شێت نوێنه‌رێکی باڵاده‌ستی وه‌زاره‌ت که‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنی هه‌بێت له‌م کۆمیته‌یه‌دا رۆڵی خۆی بگێڕێت تا جێبه‌جێکردنی ئیشوکاره‌کانیان بۆ ئاسان بکات .
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌یی سه‌ر به‌ په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی په‌روه‌رده‌ له‌ پارێزگاکاندا هه‌تا ته‌وقی سه‌ریان نوقمی گیروگرفته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانی رۆژانه‌ بوون و له‌ سنووری ته‌سکی ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌دا کار ده‌که‌ن و نایانپه‌رژێته‌ سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ له‌ ریفۆرمێکی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی په‌روه‌رده‌یی ، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و کۆمیته‌یه‌ی ئه‌م ئه‌رکه‌ی پێده‌سپێردرێت له‌ شاره‌زاترین که‌سانی په‌روه‌رده‌یی پێکبێت که بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه‌ ده‌ستیان ئاوه‌ڵا بێت و به‌ هیچ کارێکی دیکه‌وه‌ سه‌ریان قاڵ نه‌بێت .‌
یه‌که‌م کاری ئه‌م کۆمیته‌یه‌ تۆژینه‌وه‌یه‌ له‌ واقیعی ئیمڕۆی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ کوردستاندا ، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای کاره‌وه‌ ده‌بێ ئه‌م پرنسیپه‌ بسه‌لمێندرێت که‌ گۆڕانکاریی بێ ناسینی بابه‌ته‌که‌ی ، واته‌ ئه‌و واقیعه‌ی ده‌بێت گۆڕانکاریی به‌سه‌ر بێت ، سه‌رکه‌وتوو نابێت .
له‌سه‌رده‌می رژێمدا تۆژینه‌وه‌ بۆ ناسینی واقیع نه‌ده‌کرا ، به‌ڵکو ده‌زگاکانی خواره‌وه‌ وه‌ک له‌کۆڵکردنه‌وه‌ی مه‌سئولییه‌ت و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ ، له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ، ده‌زگاکانی سه‌روویان رازیده‌کرد ، ده‌زگاکانی سه‌ره‌وه‌ش تا ده‌گه‌یشته‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌یانزانی ئه‌و تۆژینه‌وانه‌ ته‌نها ئامارو ژماره‌ ریزکردنه‌و واقیعی نین ، به‌ڵام وه‌ک لاساییکردنه‌وه‌ی شێوازی زانستیانه‌ له‌ وڵاتانی پێشکه‌وتوودا ، بۆ خۆهه‌ڵکێشان و دامرکاندنه‌وه‌ی گرێی خۆ به‌ زلزانین و چه‌واشه‌کردنی جیهانی ده‌ره‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ گوایا عێراق وڵاتێکی پێشکه‌وتووه‌ و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات ، چاویان ده‌نووقاندو خۆیان پێ فریو ده‌دا .
له‌به‌ر تیشکی ئه‌و راستییانه‌‌دا ده‌بێت ئه‌م ئه‌زموونه‌ ره‌چاو بکرێت و ئه‌وانه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان ده‌کرێن که‌سانی شاره‌زای تۆژینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یی و خاوه‌ن ئه‌زموون بن و راستگۆییان تێدا بێت و به‌هه‌ڵه‌ماندا نه‌به‌ن و له‌ بایه‌خی ئه‌م کاره‌یان بگه‌ن .
تۆژینه‌وه‌ی واقیعی په‌روه‌رده‌و فێرکردن بۆ ئێمه‌ ده‌بێت : ده‌ستنیشانکردنی که‌موکووڕییه‌کان و ، سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کان و ، پێداویستییه‌کانی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی گه‌لی کورد بێت ؛ راستگۆیانه‌ په‌نجه‌ بخاته‌ سه‌ر ناته‌واوییه‌کانی واقیعه‌که‌و له‌م واقیعه‌وه‌ چاره‌سه‌رکردنه‌کان هه‌ڵبهێنجێت .
دیاره‌ ئه‌م چاره‌سه‌رکردنانه‌ش ده‌خرێنه‌ نێو پڕۆژه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ ، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ موڵکی جه‌ماوه‌رو له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وان جێبه‌جێده‌کرێ ، بۆیه‌ پێویسته‌ کۆمه‌ڵ به‌گشتی رای خۆی له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی ده‌ویسترێت بکرێن ده‌رببڕێت .
په‌روه‌رده‌و فێرکردن کردارێک نییه‌ له‌ سنووری ده‌زگای په‌روه‌رده‌دا خۆبه‌خۆ چاره‌نووسی دیاری بکرێت ، به‌ڵکو کردارێکی فراوانی خزمه‌تگوزارییه‌و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو خه‌ڵکییه‌وه‌ هه‌یه‌و کاریگه‌رێتی به‌رنامه‌کانی له‌ نێو هه‌موو ماڵێکدا کاری خۆی ده‌کات ؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ کار له‌یه‌کدیکردنی به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیانی خه‌ڵکیدا ، ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی کاری تێده‌که‌ن ، بۆیه‌ داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵ به‌گشتی به‌رامبه‌ر دواڕۆژی په‌روه‌رده‌ به‌رپرسیارن و ده‌بێت قسه‌ی خۆیان له‌سه‌ری هه‌بێت .
پڕۆژه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ، وه‌ک هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی دیکه‌ ، له‌ پێناوی سه‌رخستن و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنیدا ، ئاماده‌کردن و سازدان و هاریکاری و هاوبه‌شیکردنی رای گشتی جه‌ماوه‌ری ده‌وێت و نابێت یه‌کلایه‌نی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ چۆنایه‌تییه‌که‌ی بسه‌پێندرێت ، سه‌رئانجامیش هه‌ر ده‌بێت له‌ کۆنگره‌یه‌کی په‌روه‌رده‌ییدا به‌ده‌ستبهێنرێت که‌ بنچینه‌ی گۆڕانکارییه‌کی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی دابڕێژێت .
فوئاد قەرەداغی

4 / 3 / 2015 لە پەیجی ( دیالۆگی پەروەردەیی ) دا بڵاوکراوەتەوە .

له‌ کوێوه‌ ده‌ست به‌ گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی ده‌کرێت ؟

16 ئازار

له‌ کوێوه‌ ده‌ست به‌ گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی ده‌کرێت ؟

گۆڕانکاریی و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ره‌وتی مێژوویی کۆمه‌ڵگاکانه‌ ، یاسایه‌کی سه‌ره‌کی په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵه‌و به‌شێوه‌یه‌کی بابه‌تی کارده‌کات و هه‌رگیز به‌ ره‌هایی راوه‌ستان به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت ، به‌ڵام له‌ هه‌ندێ ماوه‌ی ئه‌م مێژووه‌دا ، به‌ هۆی کاریگه‌رێتی هێزه‌ چه‌وسێنه‌ره‌کانه‌وه‌ ، به‌ربه‌ستی کارکرده‌کانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی و یاسایه‌ ده‌کرێت و ره‌وته‌ مێژووییه‌که ‌شپرزه‌ ده‌بێت و له‌ رێڕه‌وی ئاسایی خۆی لاده‌دات . ئه‌و راستییه‌ی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی ، هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ، که‌ یه‌کێکیان بواری په‌روه‌رده‌و فێرکردنه‌ ، ده‌گرێته‌وه‌ .
ره‌وتی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ سایه‌ی سیستمی نه‌ته‌وایه‌تی شۆڤێنی عێراقدا ، به‌ تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی سیی ساڵی رابردوودا ، ئه‌م به‌ربه‌ستکردنه‌ گرتییه‌وه‌و له‌ ئاکامدا سیستمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن بۆ ئاستێکی ئێجگار نزم و په‌ڕپووت دابه‌زی .
کۆمه‌ڵگای کوردستان ، سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسه‌تی ته‌عریب و ته‌بعیس و تواندنه‌وه‌و جینۆساید ، به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و وێرانکارییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ی به‌رکه‌وت که‌ هوشیارانه‌ له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ به‌رنامه‌ڕێژکرابوو ، بۆیه‌ دوای راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر له‌ به‌هاری ساڵی 1991 داو دواتر دوای ناچارکردنی رژێم به‌ کشانه‌وه‌ له‌ کوردستان میراتێکی په‌روه‌رده‌یی کاول و داڕزیو بۆ خه‌ڵکی کوردستان مایه‌وه‌ . ئیمڕۆ دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ چوار ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕین و کۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی شۆڤێنیستی رژێمدا ، هێشتا سیستمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن- به‌گشتی – له‌ زۆرێکی بواره‌ جیاجیاکانی په‌روه‌رده‌دا ،نه‌ک هه‌ر له‌ بازنه‌ی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی رژێم ده‌رنه‌چووه‌ ، به‌ڵکو له‌ زۆر بواردا که‌ره‌سه‌ کۆنه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌کارده‌هێنرێت و ، به‌ کرده‌وه‌ ، هه‌مان یاساو نه‌رێت و ره‌فتارو ئه‌قڵییه‌ت باڵاده‌سته‌ .
ئه‌م واقیعه‌ گۆڕانکاریی ده‌خوازێت و ، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێوازی شێواو و رسکاوی په‌روه‌رده‌و فێرکردنی رژێم ، ده‌کاته‌ ئه‌رکێکی به‌ په‌له‌و ناکرێت چاو له‌ ئاستیدا دابخرێت .
دیاره‌ گۆڕانکاریی ریشه‌یی که‌ سه‌رتاپای سیستمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن بگرێته‌وه‌ پێویستیی به‌ شۆڕشێکی په‌روه‌رده‌یی هه‌یه‌ ؛ شۆڕشێک که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ته‌واوی سیستمه‌که‌ بگۆڕێت و سیستمێکی دیکه‌ی له‌ شوێنه‌واردا دابنێ ، ته‌نها ئه‌مه‌ رێگای چاره‌سه‌رێکی بنچینه‌ییه‌ که‌ ئاستی په‌روه‌رده ‌له‌ کوردستاندا ته‌کان پێبدات و ، بۆ ئاستی په‌روه‌رده‌ی نوێی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و ئه‌و گه‌شه‌کردنه ‌زانستی و ته‌کنه‌لۆژییه‌ی ئیمڕۆی جیهان به‌رزبکاته‌وه‌ .
به‌ڵام ئایا ئه‌م شۆڕشه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ له‌ تواناو وزه‌ی ده‌سه‌ڵاتی په‌روه‌رده‌یی ئیمڕۆی کوردستاندایه‌ ؟ ئایا ئه‌م شۆڕشه‌ به‌م که‌ره‌سه‌یه‌ی ئێستا ده‌کرێت ؟ واقیع نه‌رێیانه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌داته‌وه‌ ، بۆیه‌ ده‌بێت به‌دیلێکی دیکه‌ پیاده‌ بکرێت که‌ توانای به‌دیهێنانی هه‌بێت ، ئه‌و به‌دیله‌ ریفۆرم ( چاککردن ) ی په‌روه‌رده‌ییه‌ .
مه‌به‌ست له‌ ریفۆرمی په‌روه‌رده‌یی ده‌ستکاریکردنی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌لبییانه‌ی سیستمه‌که‌یه‌ که‌ جێده‌ستی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی رژێمیان به‌سه‌ره‌وه‌ بێت و کۆسپێک له‌ رێگای په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا دروست بکه‌ن و له‌گه‌ڵ خواستی به‌هره‌داربوونی گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد له‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانیدا نه‌گونجێن . به‌م مانایه‌ له‌سنووری شێوه‌ی گشتی سیستمه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌که‌دا هه‌ندێ گۆڕانکاریی به‌په‌له‌ بکرێت که‌ له‌سه‌رێکه‌وه ‌باره‌ شێواوه‌ ده‌ستکرده‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی له‌ ساڵانی رابردوودا چاره‌سه‌ر بکات و له‌سه‌رێکی دیکه‌وه‌ به‌ردی بناغه‌ی شۆڕشێکی په‌روه‌رده‌یی ، واته‌ گۆڕانکارییه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ی بنه‌ڕه‌تیی بۆ ئاینده‌ دابنێت . ئه‌م ئه‌رکه‌ش پێویستیی به‌ هاویشتنی چه‌ند هه‌نگاوێک هه‌یه‌و ده‌کرێت هه‌ر ئێستا به‌م شێوه‌یه‌ی ده‌یخه‌ینه‌ڕوو ده‌ستی پێبکرێت :
1 ) بڕیاردانی سیاسی بۆ ریفۆرمی په‌روه‌رده‌یی

بۆ ئه‌نجامدانی کارێکی وه‌ها ، ده‌بێت سه‌ره‌تا بڕیارێکی سیاسی له‌ لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ وه‌ربگیرێت . ئه‌م بڕیاره‌ پابه‌ندبوونی ده‌زگای په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ هه‌رێمدا زامن ده‌کات و به‌رنامه‌ڕێژی و رێکخستن و چاودێریکردن و سۆراخکردنی پله‌ به‌ پله‌ی جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌که‌ له‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسانی بڕیاره‌ سیاسییه‌که‌ داده‌نێت .
کارێکی وه‌ها پێویستیی به‌ دابینکردنی توانای ماددی و به‌شه‌ری هه‌یه‌ . ئه‌و تواناو ئیمکاناته‌ش ، وه‌ک خۆبه‌ستنه‌وه‌ی حکومه‌ت به‌ بڕیاره‌که‌ی خۆیه‌وه‌ ، ده‌بێت بخرێته‌ خزمه‌تی سه‌رکه‌وتنی بڕیاره‌ سیاسییه‌که‌وه‌ ؛ له‌لایه‌ک هه‌لی هه‌ڵسووڕانی کادیره‌کانی په‌روه‌رده‌ بۆ ئه‌نجامدانی ریفۆرمه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌که‌ هه‌ڵده‌خات و ، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ پاره‌ی پێویست بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌که‌ ده‌خاته‌ نێو بودجه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانی حکومه‌ته‌وه‌ .
بڕیاری سیاسی بۆ به‌دیهێنانی ریفۆرم له‌ په‌روه‌رده‌و فێرکردندا ده‌بێته‌ ئیلتیزامێک و به‌ سووربوون له‌سه‌ر به‌دیهێنانی ئامانجه‌کان وه‌رده‌چه‌رخێت وپڕۆسه‌که‌ به‌باشی رێده‌کات و به‌رئه‌نجامه‌کان به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات.
2 ) پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌کی باڵا

دوابه‌دوای بڕیاری سیاسی ده‌بێت کۆمیته‌یه‌کی باڵا ، بۆ دانان و لێکۆڵینه‌وه‌و جێبه‌جێکردنی به‌رنامه‌ی ده‌ستپێکردنی ریفۆرمه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌که‌ ، پێکبهێنرێت . ئه‌م کۆمیته‌یه‌ ده‌بێت له‌ که‌سانی سیاسی و په‌روه‌رده‌یی پسپۆڕ پێکبێت و له‌ ئاستی ئه‌و ئه‌رکه‌دا بن که‌ پێیان ده‌سپێردرێت .
3 ) تۆژینه‌وه‌ی واقیعی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ کوردستاندا

کاری هه‌ره‌ گرنگ و بنچینه‌یی بۆ ده‌ستکردن به‌ گۆڕانکاریی و رێ هه‌ڵه‌نه‌کردن ، تۆژینه‌وه‌ی واقیعه‌ . بۆیه‌ یه‌که‌م کاری کۆمیته‌ی باڵا پێکهێنانی تیپی پسپۆڕییه‌ بۆ تۆژینه‌وه‌ی واقیعی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ کوردستاندا ، ئه‌م تیپانه‌ کاری تۆژینه‌وه‌ی واقیعه‌که‌یان له‌ هه‌موو بواره‌کانی په‌روه‌رده‌و فێرکردندا پێده‌سپێردرێت ، بواره‌کانیش هه‌ر له‌ ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانه‌وه‌ تا دوا بواری هونه‌ریی له‌ کایه‌ی په‌روه‌رده‌دا ده‌گرێته‌وه‌ ، کاتێکی گونجاویش بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کانیان دیاری ده‌کرێت ، ئه‌و کاته‌ ده‌کرێت ماوه‌که‌ به‌ سێ مانگ ده‌ستنیشان بکرێت تا هه‌ر تیپه‌ ده‌ستوبرد بکات وله‌و ماوه‌یه‌دا ، هه‌ر یه‌که‌یان له‌ کایه‌ی پسپۆڕی خۆیاندا ، تۆژینه‌وه‌یه‌کی زانستی چڕوپڕو ته‌واو پێشکه‌ش بکات .
4 ) دانانی پڕۆژه‌ی ریفۆرمی په‌روه‌رده‌یی

له‌به‌ر تیشکی ئه‌و تۆژینه‌وانه‌ی له‌ هه‌موو بواره‌کانی په‌روه‌رده‌و فێرکردندا ده‌کرێن ، کۆمیته‌ی باڵا پڕۆژه‌یه‌کی گشتی و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ دابنێت . ده‌بێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ خواسته‌ ریفۆرمییه‌کان له‌ خۆیدا کۆبکاته‌وه‌؛ له‌ هه‌مان کاتدا کۆمیته‌ی باڵا دوو کاری دیکه‌ی له‌ ئه‌ستۆ ده‌که‌وێ و ده‌بێت پێکه‌وه‌ ده‌ستیان بداتێ :
ا – خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌که‌ بۆ رای گشتی ، تا له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ( حیزبه‌کان ، رێکخراوه‌کان ، ده‌زگا رۆشنبیرییه‌کان ، راگه‌یاندن ، ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌کان ، مامۆستایان و پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌ ، ناوه‌نده‌کانی تۆژینه‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی و … هتد ) به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی بده‌ن و له‌م رێیه‌وه ‌رای گشتی قسه‌ی خۆی له‌سه‌ر به‌نده‌کانی پڕۆژه‌که‌ هه‌بێت .
ب – کۆنگره‌یه‌کی په‌روه‌رده‌یی ئاماده‌ بکات بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌که‌ بخاته‌ به‌رده‌می و ، گۆڕانکاریی و ئیزافه‌و لێکه‌مکردنه‌وه‌وراستکردنه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌و ، دواجاریش بڕیاردان و دانانی رێوشوێنی جیبه‌جێکردنی بۆ کۆنگره‌ به‌جێبهێڵێت .
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌رودوای یه‌کتری دێن و هه‌ر یه‌کێکیان ئه‌وی دوای خۆی ده‌خوازێت و پێکه‌وه‌ تا به‌ستنی کۆنگره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌که‌ خاڵی ده‌ستپێکردنی گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی پێکده‌هێنن .
فوئاد قەرەداغی

4 / 3 / 2015 لە پەیجی ( دیالۆگی پەروەردەیی ) دا بڵاوکراوەتەوە

ئامارو واقیعی پەروەردە

16 ئازار

ئامارو واقیعی پەروەردە

پشتبەستن بە ئاماری پەروەردەیی ، شێوازێکی بنەڕەتی و گرنگی بواری توێژینەوەی پەروەردەیی و هەنگاوە ریفۆرمییەکانی هەر سیستمێکی پەروەردەو فێربوونە لە تێپەڕاندنی بارودۆخێکی دواکەوتووی ژەنگگرتووەوە بۆ واقیعێکی پێشکەوتووترو پرشنگدار لە کایەی کاری ستراتیژیی گەشەکردن و پەرەسەندن و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا . بەرنامەڕێژیی گەشەکردن لە هەموو بوارەکاندا ، هەمیشە پێویستیی بە ئاماری ورد هەیە ، نەک هەر لەڕووی چەندایەتییەوە بەڵکو لەڕووی بەکارهێنانی لەئاستێکی چۆنایەتیی زانستیانەدا ، تا هەڵەو کەموکورتی لە پێشبینیەکانی ئامانجی پلانەکاندا ئێجگار کەم بێت و کاریگەریی لەسەر چوونە پێشەوەیان نەبێت .
راستگۆیی لە کۆکردنەوەی ئامارەکان و ، راستگۆیی مەبەست و دروست بەکارهێنانیان ، رۆڵێکی بەرچاوی لە سەرکەوتنی بابەتە پلانبۆداڕێژراوەکاندا دەبێت . لەبەر ئەوە دەبێت سەرچاوەی ئامارەکان دیاربن و کەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا مامەڵە لەگەڵ ژمارەکاندا بکەن چ لە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاری و چ لە قۆناغی شیکردنەوەی زانیارییەکان لەبەر تیشکی ئەنجامی ئامارەکاندا .
سەردەمی بەعس ، وەک چاولێکەریی جیهانی پێشکەوتووی ئەو کاتە ، وەک مۆدێل ئاماریی پەروەردەییان دەکرد . هەموو ساڵێک رۆژێکیان بۆ کۆکردنەوەی ئامار دانابوو ، فۆڕمی تایبەتییان بۆ ئامارەکان هەبوو . بەڵام دوو مەبەستی تایبەتی رێگرییلێدەکردن ئامارەکان بەباشی و لەشوێنی خۆیاندا بەکاربهێنن : یەکەمیان مەبەستێکی حزبیانەی دەسەڵات بوو ، دووەمیشیان نمایشکردنی ئامار بوو وەک پڕوپاگاندەو راگەیاندن ، بۆیە بەرنامەڕێژیی بەو دوو ئاڕاستەیەدا دادەڕێژراو ، ئامانجی سەرەکیی کە گۆڕانکاریی ریشەیی و پێسکەوتن بوو نەدەهاتەدی .
لە کوردستانی دوای راپەرینیشدا ، کوردستانێک لەهەموو روویەکەوە وێران ، بەتایبەتی پەروەردەو فێربوون ، ئاوڕێکی راستگۆیانە لە پرسی ئامار نەدرایەوە . ئاستێکی باڵای تێگەیشتن بۆ ئەم پرسە لەلایەن بەرپرسەکانی پەروەردەوە نەبوو ، ئەو بەرپرسە پەروەردەییانەشی شارەزابوون و بارودۆخەکە ئەو ئەرکەی پێسپاردبوون ، بەهەمان رێچکەی بەعسدا رۆیشتنەوەو بەبێ پشتبەستن بە ئامارێکی باوەڕپێکراوی دانیشتوان یان ئامارێکی گشتگیریی ورد لە سەرانسەری قوتابخانەکاندا ، چەندین بەرگی چەند سەد لاپەڕەیی ئاماریان ریزدەکرد . ئەو ئامارانە هەتا ئێستا لە کتێبخانەی دەزگا پەروەردەییەکاندا هەڵگیراون و سوودیان لێوەرنەگیراوە ، چونکە کاتی خۆی وەک چالاکیی بەرپرسەکان دەردەکراو هەنگاوی جێبەجێکردن بەدوایاندا نەدەهات .
ئامارەکانی چەند ساڵی دوای راپەڕین بۆ بەرنامەڕێژیی نەدەکران ، ئەو زانیاریانەی تێیاندا نمایشکراوە زێتر پەیوەندی بە کێشە ئیداری و داراییەکانەوە هەیە ، بەڵام کێشەی پەروەردەی ئێمە ، کێشەیەکی بونیادی بوو ، هەتا ئەمڕۆو دوای بەستنی چوار کۆنگرەش ، هێشتا هەر کێشەکان بونیادییەو ، بە فەلسەفەی پەروەردەیی دەستپێدەکات و هەموو بوارەکانی ئیداری و دارایی و پسپۆڕییەکانی پەروەردەو فێربوون دەگرێتەوە ، واتە بە گشت لایەنەکانی سیستمی پەروەردەو لایەنە هونەرییەکانیشدا تێپەڕدەبێت و ، لەوسەرەوە بەرەنجامەکانی لە بەرهەمە مرۆییەکەیدا دەبینین . واتە بەبەراوردی ( مدخلات و مخرجات ) ی سیستمەکە دەتوانین باری ئێجگار وێرانی پەروەردەو فێرکردن ، وەک واقیعێک دەستنیشان بکەین ، واقیعێک : دەسەڵاتێک دەروات و دەسەڵاتێک دێت ، وەزیرێک دەڕوات و وەزیرێک دێت ، سەدان راپۆرت و بڕیارنامەو راسپاردە لەو کۆنگرەوە بۆ ئەم کۆنگرەی پەروەردەیی دێت و تەنها دەستکارییەکی رووکەشیان تێدا دەکرێت ، کەچی ئەو واقیعە خۆی چەند بارە دەکاتەوەو نائومێدی دەخاتەوە . من پێموایە تا لە رەگەوە ، لەڕووی بونیادییەوە گۆڕانکاریی نەکرێت و یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکان کە ئاماری پەروەردەییە بایەخی خۆی پێنەدرێت ، هیچ بەرنامەڕێژییەکی سەرکەوتوومان نابێت و ، باری لەنگی پەروەردەو فێرکردن هەروا دەمێنێتەوەو کیسەڵئاسا رێدەکات
.

فوئاد قەرەداغی
١٥ – ٣ – ٢٠١٥

مرۆڤی نامۆو پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ …منداڵ بۆ چیی و بۆ کێ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین ؟

16 ئازار

مرۆڤی نامۆو پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ

منداڵ بۆ چیی و بۆ کێ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین ؟

په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ له‌ کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کاندا ، ئه‌رکی سه‌ره‌کی و هه‌ره‌ بایه‌خداری خێزانه‌ . ئیمڕۆ هه‌روه‌ک هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ، خێزان ده‌زگایه‌کی به‌رپرسی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵانه‌ . هێشتا گه‌شه‌کردنی ژیان له‌ کۆمه‌ڵگاکانی مرۆڤدا به‌و پله‌یه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ که‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ له‌ کۆڵی دایکان و باوکان بکاته‌وه‌ . ئه‌مڕۆ سه‌رباری بوونی دایه‌نگاو باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌و چه‌ندین داموده‌زگای په‌روه‌رده‌یی ، هێشتا هه‌ر باوکان و دایکان به‌رامبه‌ر به‌ منداڵه‌کانیان به‌ لێپرسراو ده‌زانرێن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت باوکان و دایکان رێژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کات و تواناو بیرو داراییان بۆ منداڵ ته‌رخانبکه‌ن ؛ ئه‌م ئه‌رکه‌ بۆته‌ نه‌رێتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ، بیری مرۆڤه‌کان له‌م کایه‌یه‌دا ئاڕاسته‌ده‌کات و ، به‌ درێژایی مێژوو باوکان و دایکانی خستۆته‌ ژێر باری ئه‌م ئه‌رکه‌وه‌و ، ئه‌وانیش هه‌موو ژیانیان به‌ پابه‌ندبوون به‌م ئه‌رکه‌وه‌ به‌سه‌رده‌به‌ن و به‌م هۆیه‌وه‌ تامی ته‌واوی خۆشیی ژیان ناکه‌ن و ، ناتوانن ته‌واوی چالاکی و تواناو به‌هره‌ تایبه‌تییه‌کانیان له‌ پێناوی ژیانێکی باشترو دواڕۆژێکی چاکتردا بخه‌نه‌کار . له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌ ، کۆمه‌ڵگا به‌ هه‌زارویه‌ک رێگا ده‌ستده‌خاته ئه‌م ئه‌رکه‌ی دایکان و باوکانه‌وه‌و منداڵه‌کانیان لیزه‌وتده‌کات . هه‌ندێک له‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان باوکان و دایکان و منداڵه‌کانیان ئه‌نجامی گه‌شه‌کردنی جیهانی ئه‌مڕۆیه‌ له‌ڕووی زانست و ته‌کنه‌لۆژیاوه‌ ، هه‌ندێکی دیکه‌ی ئاڕاسته‌کراوی ده‌ستی چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌ به‌نیازی له‌قاڵبدانی بیروهۆش و ره‌فتاری منداڵه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وه‌ی له‌خزمه‌تی ئه‌واندا بێت . ئه‌مڕۆ ، ئاله‌م جیهانه‌ی ژێر سایه‌ی سه‌رمایه‌داری و وڵاتانی پێش سه‌رمایه‌داریدا ، دایکان و باوکان له‌ بواری په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا ، خۆیان له‌به‌رده‌م ناکۆکییه‌کی گه‌وره‌دا ده‌بیننه‌وه‌ به‌وه‌ی له‌لایه‌ک به‌رپرسیارێتی به‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌وه‌یه‌و ، له‌ولاشه‌وه‌ ئه‌وان ته‌نها به‌شێکی په‌روه‌رده‌کردنه‌که‌یان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌و ، چمکه‌کانی دیکه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیان له‌ده‌ست سه‌ندراوه‌ته‌وه ؛ باری گران و پڕ مه‌ینه‌تی ژیان و نان په‌یداکردنیش یارمه‌تی ئه‌وه‌ی داوه‌ ئه‌م ناکۆکییه‌ رۆژ به‌ڕۆژ قووڵترو فراوانتر ببێته‌وه‌و ئه‌و راستییه‌ بداته‌ ده‌ستیان که‌ ئه‌وان ته‌نها ، له‌ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا ، ره‌نج و ئه‌رک و ئازاره‌کانیان پێده‌بڕێ و به‌رهه‌مه‌که‌یان ( منداڵان ) بۆ به‌رده‌وام نوێکردنه‌وه‌ی ماشێنی سه‌رمایه‌ راپێچی کایه‌ فره‌ڕه‌هه‌نده‌کانی سیستمه‌که‌ ده‌کرێت . ئه‌وان ( دایکان و باوکان ) له‌م ناکۆکییه‌وه‌ نامۆبوونیان ده‌ستپێده‌کات . کاتێک ئه‌م مرۆڤانه‌ ( دایکان و باوکان ) ده‌یانه‌وێت ئه‌رکه‌کانیان جێبه‌جێبکه‌ن ، کاتێک ده‌یانه‌وێت به‌رپرسیارێتییه‌که‌یان هه‌تاسه‌ر ببه‌ن و ، ئه‌و رۆڵه‌ی ژیان داویه‌تی به‌سه‌ریاندا به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن ، دوائاکام له‌سایه‌ی سیستمه‌ جیهانگیره‌ باوه‌که‌دا دێته‌وه‌ سه‌ر خاڵی سه‌ره‌تا ، بگره‌ داده‌به‌زێت بۆ سه‌ر خاڵی پێش سفر ، بۆ سه‌ر هیچ و ، پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی دوورودرێژی ته‌مه‌نیان بۆ ئه‌م ئه‌رکه‌ به‌ختده‌که‌ن ، ده‌بینن نامۆن له‌ منداڵه‌کانیان و منداڵه‌کانیشیان له‌وان نامۆن .
به‌کورتی ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه‌ی باوکان و دایکان له‌ په‌روه‌رده‌کردنی رۆڵه‌کانیاندا هه‌یانه نایه‌ته‌دی ؛ په‌یوه‌ندییه‌ باوه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی ، په‌یوه‌ندییه‌کانی باوکان و دایکان به‌ منداڵه‌کانیانه‌وه‌ به‌ رووکه‌شی ده‌هێڵنه‌وه‌ ، به‌ڕاده‌یه‌ک که‌ هیچ لایه‌کیان واقیعی نامۆبوونه‌که‌ هه‌ستپێناکه‌ن مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌یان نه‌بێت که‌ هوشیارییه‌کی چینایه‌تیی قووڵیان هه‌بێت . ئه‌وان ( باوکان و دایکان ) ی هوشیار پتر هه‌ست به‌ نامۆبوونه‌که‌ی خۆیان ده‌که‌ن ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ ، به‌ڵکو به‌ هوشیاریی خۆیان قه‌واره‌ی ئه‌م کاره‌ساته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌زانن ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی دیکه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ره‌وته‌ ئاساییه‌که‌دا ده‌ڕۆن و واده‌زانن سروشتی ژیان له‌ باووباپیرانیانه‌وه‌ چؤن هاتووه‌ ، ده‌بێت هه‌روا بڕوات و دوای ئه‌وانیش منداڵه‌کانیان به‌هه‌مان رێگادا ، هه‌مان ژیانی‌ ئه‌وان دووپاتبکه‌نه‌وه‌ .‌‌ ‌
مرۆڤه‌ نامۆکان ، یان باوکان و دایکانی نامۆ ، به‌به‌رچاوی خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن که‌ چه‌ندین لایه‌ن به‌شداریی له‌ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا ده‌که‌ن و هه‌ر یه‌که‌یان بۆ لایه‌ک منداڵه‌کانیان راده‌کێشن له‌وانه‌ :
1 ) باوک و دایکی منداڵ خۆیان ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ هۆکاری نامۆبوونی خۆیان له‌ئه‌نجامی بوونی دوو ئاستی جیاوازی هوشیاریی له‌ نێوانیانداو ، تا ئه‌و ئاسته‌ش‌ فراوانتر بێت نامۆبوونه‌که‌یان له‌سه‌ر خودی خۆیان کاریگه‌رتر ده‌بێت .
2 ) که‌سوکاری باوک و دایک .
3 ) هاوه‌ڵه‌کانی منداڵ له‌ کۆڵان چ له‌سه‌رده‌می منداڵیداو چ له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاریدا . ئه‌م منداڵانه‌ هه‌ڵگری نه‌رێت و رۆشنبیریی جیاوازی خێزانه‌کانی ده‌وروپشتی منداڵن و به‌شێکی به‌رچاوی بۆ یه‌کتری ده‌گوێزنه‌وه‌ .
4 ) به‌رنامه‌کانی خوێندن له‌ قوتابخانه‌دا هه‌ر له‌ باخچه‌ی ساوایانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ زانکۆ ؛ هه‌روه‌ها جۆری مامه‌ڵه‌ی مامۆستایانیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌کاندا که‌ له‌ ژێر سایه‌ی سیستمی باوکایه‌تیدایه‌ .
5 ) هۆیه‌کانی راگه‌یاندن وه‌ک ( رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان ، رادیۆ ، ته‌له‌فزیۆن ، ڤیدیۆ ، سه‌ته‌لایت و سایته‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌کانی ئینته‌رنێت) .
مرۆڤه‌ نامۆکان له‌ نێوان دایکان و باوکاندا، هه‌ستده‌که‌ن هه‌موو ئه‌و ره‌نجه‌ی ده‌یده‌ن ، به‌تایبه‌تی له‌ بواری پێکهێنانی رۆشنبیریی و هوشیاریی منداڵه‌کانیاندا ، به‌با ده‌ڕوات . ئه‌م هه‌سته‌ش به‌ره‌نجامێکه‌ بۆ سروشتی په‌روه‌رده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ کاریگه‌ریی ناکۆکی نێوان دوو لایه‌نی له‌سه‌ره‌ : لایه‌نێکیان په‌روه‌رده‌ی نێو خێزانه‌و ئه‌ویدیکه‌یان په‌روه‌رده‌ی ده‌ره‌وه‌ی خێزانه‌ که‌ تیادا سیستمی په‌روه‌رده‌وفێرکردنی چینی ده‌سه‌ڵاتدار رؤڵێکی گه‌وره‌ ده‌بینێ . له‌ ئاکامی ئه‌م ململانێیه‌دا ، ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه هێزو توانایه‌کی زاڵی ده‌بێت . کوێره‌وه‌ری مرۆڤه‌ نامۆکان ( که‌ مه‌به‌ست لێره‌دا دایکان و باوکانه‌ ) ، له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌یه‌ : نه‌ کۆمه‌ڵگاو داموده‌زگاکانی منداڵه‌کانیان لێوه‌رده‌گرن و ئه‌رکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یان له‌سه‌ر لاده‌به‌ن و خۆیان ئه‌رکی راسته‌وخۆی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کان هه‌ڵده‌گرن ، نه‌ سروشتی دنیای ئیمڕۆو ئیمکاناتێکی زۆر دیاریکراوی خێزانیش ده‌ستیان ئاوه‌ڵاده‌کات که‌ خۆیان چۆنیان بوێت ، به‌و شێوه‌یه‌ منداڵه‌کانیان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن .
فوئاد قەرەداغی
مارتی ٢٠١٥