وتاری خانەوادە
لە کۆڕی چلەی یادو ماتەمینی رەوانشاد شێخ لەتیف قەرەداخی – دا
فوئاد قەرەداغی
ئەمڕۆ ٢٧ / ٨ / ٢٠١٥ ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی شێخ لەتیف ی برامدا تێدەپەڕێت ،ئەمڕٶ ساڵێکە واشەی مەرگێکی لەناکاو ئەوی بەرەو نەبوون بردو ، داخ و پەژارەی بۆ ئێمەی خانەوادەکەی بەجێهێشت . ئەو مەرگەی شٶکیکردین و هەتا ئەم ساتەوەختەش بەرینەداوین . ئەمڕۆ لەو یادەدا ، سڵاو لە گیانی پاکی دەکەین و . هیوای ئارامی و خۆڕاگری و بەردەوامبوون لەسەر رێگەو کارو کردەوەکانی ، بۆ منداڵەکانی ( نەهرۆ ، خەندە ، لەنجەو کانی ) دەخوازین . رەوانشادو هەمیشە یادی زیندوو بێت . ( فوئاد )
خوشک و برایانی هێژا ، ئامادەبووانی کۆڕی ماتەمینی چلەی کۆچکردووی ئازیزمان : شێخ لەتیفی شێخ ئەنوەری قەرەداخی …
سەرەتا بە ناوی خۆم و خانەوادەی کۆچکردووەوە ، سوپاسی سەندیکای بایۆلۆجی کوردستان و هاوڕێیان و دۆستانی کۆچکردوومان دەکەم ، بۆ ئەو گیانی ئەمەکدارییەی نواندیان و دەستپێشخەری سازدانی ئەم کۆڕی یادو ماتەمینەیان کرد ، بەمەش پیشەکەیان و هاوڕێ و هاوکارو هاوپیشەیەکی دڵسۆزی خۆیان بەرزنرخاندو ، بەشداریی خەم و پەژارەی ئێمەیانکردو ، باری گرانی ئەو مەرگە لەناکاوەیان ، لەگەڵماندا هەڵگرت .
بەڕێزان … یەکێک لەو حەقیقەتانەی بەرەوڕووی مرۆڤ دەبێتەوە ، دوانەی مەرگ و ژیانە . مەرگ و ژیان ئاوێتەی یەکترین . هەتا ژیان هەبێت ، چارەنووسی مەرگیش ئاساییە چاوەڕێمان بکات . مەرگ چارەنووسێکی سروشتی و قەدەرێکی ناچارییە بۆ هەموو مرۆڤێک ، بەڵام کاتێک رایەڵێکی ژیان لە خاڵێکدا دەپسێت .خۆشەویستێکمان بەرەو نەمان رادەکێشیت . لەبەرچاومان بزردەبێت . ئەو کاتە هێندەی پەیوەستبوونمان بە ژیانەوە راماندەچڵەکێنێت و بۆ ماوەیەک تووشی شۆکمان دەکات تا سەرەنجام ئەو مەرگە دەبێتە زنجیرەیەک یادەوەری و لەدوو پڕۆسەدا ژیان بەرهەمدێنێتەوە : یەکەم پرۆسەی بەردەوامیی ژیانی کۆچکردوو لەکاروکردەوەی وەچەکانیدا ، دووەمیشیان یادەوەریی مێژووی کارو کردەوەکانی دەبێت لە بیرەوەریی هەموو ئەو کەسانەدا ، کە بە شێوەیەک لەشێوەکان ، پەیوەندی پێیانەوە بووبێت .
بۆ ئێمەی کەسوکارو خزمان و دۆستانی شێخ لەتیف ، هەردوو پڕۆسەکە یەکتری تەواودەکەن و مایەی شانازیمانە .
دیارە پڕۆسەی یەکەم لە مەرگی ئەوەوە بەرەو ئایندە دەستپێدەکات و ، دڵنیابن مناڵەکانی بەردەوامیی پێدەبەخشن و ، ژیان و رەفتارو رەوشتی باوکیان دەکەنە رێنمای ئایندەیان لە خزمەتی مرۆییانەی خەڵکدا ، دەیکەنە نموونەی دڵسۆزییان بۆ ئەو پرنسیپە ئاکاریانەی کۆچکردوو رۆژانە پەیڕەویدەکردن ؛ هەر بەو شێوەیەش ، ئەو پڕۆسەیەی پەیوەندی بە رابردووەوە هەیە ، پەیوەندی بە رەوتی چەند دە ساڵێکی مێژووی ژیانی ئەوەوە هەیە ، خاڵبەندیی تەمەنی دەکات و شانازییەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە ، هەر لە تێکەڵبوونیەوە بە خەباتی رێکخراوەیی و سیاسیی کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو لەریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، تا پەیوەستبوونی بە شۆڕشی ئەیلوولەوەو کارکردنی وەک مامۆستایەکی بایۆلۆجی لە خوێندنگایەکی شۆڕشدا ، هەر لە دوورخستنەوەیەوە لە کوردستان و خۆراگریی بەرامبەر ژیانێکی سەختی ئاوارە ئاسای دوور لە زێدی ، تا بێبەشبوونی لە مافی رەوای تەواکردنی خوێندن بۆ بڕوانامەی ماجستێرو دکتۆرا ، وەک یەکەمەکانی بەشەکانی کۆلیژی زانستەکان لە زانکۆی سلێمانیدا ، بە بیانووی ئەوەی ” عائدون ” و ئینتیمای بۆ حزبی بەعسی دەسەڵاتدار نییە ؛ دوای راپەڕینیش شانازییەکان لە نێوچالاکییە رێکخراوەیی و پیشەییەکانیدا سەریانهەڵدا ، بەتایبەتی لە بەشداریکردنی دامەزراندنی کۆمەڵەی کارمەندانی تەندروستی و هەڵسووڕانی چالاکانەی لە سەندیکای بایۆلۆژیداو ، بەشداریی نووسین و مشوورخواردنی دەرکردنی بڵاوکراوەی ” ژێوار ” بەڕێکوپێکی و ، نووسین و چاپکردنی چەند نامیلکەیەکی زانستی ، لەسەر ئەرکی خۆی ، ئەگەرچی بە تیراژێکی زۆر کەمیش بووبێت ، وەک نامیلکەکانی : ١ ) مصادر المیاە والطرق الصحیحة لجمعها وفحصها الجرثومي ٢ ) الرقابة وواقع میاە الشرب في مرکز محافظة السلیمانية ٣ ) مشەخۆرەکانی کۆئەندامی هەرس . دواچالاکیی کۆمەڵایەتیشی کارکردنی بوو بۆ چەند مانگێک ، وەک سەرۆکی دەستەی باڵای سەنتەری رۆشنبیریی مەردۆخ .
بەڕێزان : سەبارەت شانازیمان بەم مێژووەوە ، پەندێکی کۆن سەبارەت بە مردن دەڵێت : دوو جۆر مردن هەیە ، مردنێک لە پەڕی باڵندە سووکترەو ، هەوا دەیبات و هەرزوو لەبەرچاوان و یادماندا نامێنێت . مردنێکیش ئەوەندەی هەرەسهێنانی کێوێک گرانەو ، ئاسەوارو یادو کاریگەریی بۆ مەودایەکی مێژوو لەسەر دەوروبەرەکەی دەمێنێت ، بۆ ئێمە مردنی شێخ لەتیف هەرەسی ئەو چیایە بوو بۆیە زامێکی گەورەی لە ناخماندا بەجێهێشتووە و ، لێرەدا پێکەوە بەو پەڕی پەرۆشییەوە یادی دەکەینەوەو لە دڵ و دەروونماندا جێی نەمریی بۆ دەنەخشێنین .
ئامادەبووان … بەشداربووانی هێژای ئەم کۆڕە : لە کۆتاییدا ، لەم سەکۆی یادو ماتەمینییەی سەندیکای بایۆلۆژی و دۆست و هاوڕێ و هاوپیشەکانییەوە ، جارێکیدی بەناوی خۆم و کەسوکارمانەوە ، بەناوی گێلاس خانی هاوسەری کۆچکردووەوە ، بەناوی کوڕو کچەکانیەوە ( دکتۆرە خەندە ، نەهرۆ ، لەنجە ، کانی ) ، سوپاس و رێزو پێزانینی خۆمان بۆ هەموو ئەو هاوڕێ و دۆست و دراوسێ و ناسیاوو خزمانە رادەگەیەنین ، کە لە کۆستی کۆچکردنیدا بەشداریی پرسەکەیانکردین ، چەند رۆژ ماندوو بوون و ئەرکمانیان هەڵگرت ، هەر لە مەراسیمی ئێشکگرتن لە مزگەوتدا تا دەگاتە بەڕێکردن و بەخاک سپاردن و راوەستان و دانیشتنی نێو هەردوو هۆڵی پرسەی ژنان و پیاوان و سەردانمان لە ماڵەوە درێغییاننەکرد ، یان لەڕێی تەلەفۆن و ئیمەیل و مەسیجەکانیانەوە هاوبەشیی خەم و پەژارەیان کردین ، بەوەش ئارامی و وزەی خۆڕاگرتنیان پێبەخشین و باری خەمیان سووککردین .
لە ناخەوە هیوای سەلامەتی و تەندروستی و خۆشیی بۆ هەموویان دەخوازین و ، داواکارین هەرگیز ناخۆشیی نەبینن و ، هەمیشە بەختەوەریی یەخەگیریان بێت و ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران بەسەربەرن . سوپاسی بێپایانیشمان بۆ ئێوەی ئامادەبووانی ئەم کۆڕە ، ئەرکتان کێشاو ، بە هاتنتان گەورەتان کردین .