ھەڵسەنگاندنی سیستمی پەروەردە بە کۆمێنت
فوئاد قەرەداغی
14 – 16 / 8 / 2018
سەردانی وەزارەتی پەروەردەو ھەستکردن بە ئاستەنگیی
ئەمڕۆ 14 – 8 – 2018 بۆ کارێکی تایبەتی سەردانی بەشێکی گرنگی وەزارەتی پەروەردەم کرد … تێگەیشتم پەروەردە لە چ ئاستەنگییەکدایە !
وەزارەتی پەروەردە ئینتەرنێت و سایتی ھەیە
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم ئینتەرنێتی ھەیە ، سایتی خۆی ھەیە ، پۆستی ئەلکترۆنی هەیە ، بۆچی دەبێت هاوڵاتییان لە ھەموو لایەکی ھەرێمی کوردستانەوە ، بۆ پرسیارێک یان ئیمزایەک یان ھەر کارێک کە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکاندا بتوانن جێبەجێی بکەن ، بگەنە دیوانی وەزارەت لە ھەولێر .
یەکبوونی تێگەیشتن مەرجی ئیرادەی راپەڕاندنی کارە
یەکبوونی تێگەیشتن لە یاساو سیستم و رێسا پەروەردەییەکاندا ، مەرجی ئیرادەی یەکگرتووی راپەڕاندنی کاروباری خەڵکییە لەدەزگای پەروەردەدا .
مەرکەزییەت و لامەرکەزییەت بۆ پەروەردەی سەرکەوتوو
مەرکەزییەتی بەرنامەڕێژیی و لامەرکەزییەتی جێبەجێکردن ، شێوازی گونجاوە بۆ ئیدارەیەکی پەروەردەیی سەرکەوتوو لە ھەرێمی کوردستاندا .
نموونەیی ئاکارو رەفتار بۆ لێپرسراوان و کارمەندانی پەروەردە
دە بێت لێپرسراوان و کارمەندانی پەروەردە نموونەیەکی بەرچاوی ئاکارو رەفتاری پەروەردەیی بن لە کاری رۆژانەیاندا .
کەسی شایستەو کاروباری خەڵک
کەسێک بە شایستەیی خۆی پۆستێکی وەرگرتبێت ، لەخۆی ناگۆڕێت و بەخۆشییەوە کاروباری خەڵکیی رادەپەڕێنێت .
پەروەردەو جیاوازیکردن
جیاوازیکردن لەنێوان مرۆڤەکان بەپێی نەتەوەو ئاین و رەگەزو رەنگی پێست وخێڵ و ناوچەو شار ، بەرھەمی دواکەوتووترین شێوازی پەروەردەیە .
پەروەردەو بەھای مرۆڤدۆستی
پەروەردەی نەوەکان لەسەر بەھای مرۆڤدۆستی ، جێگەیەکی لە سیستمی پەروەردەی ئەمڕۆدا نییەو ، بۆ سیستمی پەروەردەیی دواڕۆژی دەخوازین .