لە هەموارکردنەوەی دەستووری هەرێمدا
کێ بە خەمی دواڕۆژی پەروەردەو خوێندنەوەیە ؟!
مەبەستی گەڕانەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بۆ پەڕلەمانی کوردستان ، نەک لەلای چاودێرانی سیاسی ، بەڵکو لەلای ئەوانەش کە ئەلفبێیەک لە سیاسەت فێربوون شاراوە نەبوو . گەڕانەوەی دەستوور بەناوی هەموارکردنەوە بۆ پەڕلەمان ، پەیوەند بوو بە پرسی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم و شەرعییەتپێدانی بوو بە یاسا .
ئەم دەستوورە ی لە خولی پێشووی پەڕلەماندا تێپەڕێندرا ، پڕ لە کەموکوڕیی بوو ، ماددەو بڕگەکانی دژو پێچەوانەی یەکتربوون و ، نەدەتوانرا کاریپێبکرێت ، بۆیە بەرەی پێشکەوتنخوازی خەڵکی کورد ، گەڕانەوەی دەستووری بۆ پەڕلەمان ، بە دەرفەتێکی باش زانی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی و چارەسەرکردنی کەموکورتییەکانی ، بەتایبەتی ناکۆکی نێوان ماددەی شەشەمی دەستوورو ، هەموو ئەو ماددەو بڕگانەی پەیوەندییان بە مافی مرۆڤ و سەرجەم ئازادییەکانەوە هەیە . ئەم بەرەیەی خەڵکی هوشیاری کورد خوازیاری گۆڕینی بوون بۆ دەستوورێکی سیکولار کە ئایین لە دەوڵەت و پەروەردەوفێربوون جیابکاتەوەو ، هەنگاوێکی سیاسی و یاسایی بێت بەرەو ئایندەیەکی گەشەدارو پەرەسەندوو .
ئەگەرچی ئاماژەکان ، هەر لە سەرەتاوە ئەم هەموارکردنە ریشەییانەی تێدا بەدینەدەکرا ، بەڵام دەبوو رێگەی ململانێ بگیرێتەبەرو ، نەدەکرا کەسانی سیکولاریست بەرامبەری دەستەوسان رابوەستن ، بۆیە بزووتنەوەیەکی سیکولار سەریهەڵداو ، بە پەیڕەوکردنی چەند شێوازی مەدەنی ، هەڵسووڕاوان و هەوادارانی ، بەشدارییان لەو ململانێیەدا کرد . بەستنی کۆڕو کۆبوونەوە لە شارو شارۆچکەکان و نووسینی دەیان وتار لە رۆژنامەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینتەرنێت و ، هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە لەلایەن کەمپینی ( بەڵی بۆ دەستوورێکی سیکولار لە هەرێمی کوردستان ) و کەمپینی ( بەرگریکردن لە ئازادیی جل وبەرگ )، بەشێکی گرنگی ئەو شێوازانەی ململانێکە بوو .
ئەم چالاکیانەی بەرەی پێشکەوتووی کۆمەڵگا ، سازدانێکی سیاسی و ، هوشیارکردنەوەیەکی فیکری و شڵەقاندنی گۆمی مەندی متبوونێکی کۆمەڵایەتی بوو . ئەوە نە خۆشخەیاڵی و نە خۆشباوەڕی بوو بە بەدیهاتنی خواستەکان ، چونکە گۆڕانکاریی ریشەیی ( شۆڕشی کۆمەڵایەتی ) بە کەمپین و واژۆکۆکردنەوەو ، تەنانەت رێپێوان و خۆنیشاندان و کۆڕو کۆبوونەوەی گشتییش روونادات و ، سنووری کارایی ئەم شێوازانە لە ریفۆڕم تێپەڕ ناکات .
دیارە خەمخۆرانی دواڕۆژی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنیش لە کوردستاندا ، لە هوشیاریی و بەدواداچوونی وردی خۆیانەوە ، تووشی خۆشخەیاڵیی نەبوون ، هەر زوو دەیانزانی هەلومەرجی هەموارکردنەکە بە بەرژەوەندیی پەروەردەو فێربوونێکی سیکولار ناسوڕێت . لە واقیعیشدا چەند ئاماژەیەک ئەو پێشبینییەی جەختدەکردەوە ، لەوانە :
أ – مەبەستی سەرەکیی هەموارکردنەوەی دەستوور ، پرسی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم بوو ، نەک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی سەرتاپای دەستوورەکە .
ب – ئەو لیژنەیەی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور دانرا ، لیژنەیەکی حزبی بوو کە حزبەکانی بەشداربووی دەسەڵات و باڵی ئیسلامی تێیدا زاڵبوو ، هەڵوەشاندنەوەی ماددەی شەشەم و دەرچوونی دەستورێکی سیکولار لە سایەی لیژنەیەکی وەهادا ئیمکان نەبوو ، چونکە ئەو حزبانە خۆیان بەرنامەیان بۆ سیکولاربوونی دەوڵەت و پەروەردەو فێربوون نییە .
ج – وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ، بەر لە ئەنجامی هەموارکردنەوەی دەستوور ، لە ٩ – ١١ ی ئایاری ٢٠١٥ کۆنگرەیەکی پەروەردەیی بەست ، لە پێشنیازو راسپاردەکانی کۆنگرەدا ، دوورو نزیک ، بە وشەیەکیش ، باسێک لە جیاکردنەوەی ئاین لە پەروەردەو خوێندن نییە .
د – لە بواری پراکتیکیشدا ، بەر لە کۆنگرەو پێش دەستپێکردنی کاری لیژنەی هەموارکردنەوە ، لە نیسانی ٢٠١٥ دا ، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاری : گواستنەوەی ٣٩ قوتابخانەو ٦ پەیمانگەی ئایینی و ٥٠٠٠ خوێندکاری دا ، لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا ، ئەمەش ئاوەژووی پرنسیپی سیکۆلاربوونی پەروەردەو خوێندنە .
ئێستا رۆژ لەدوای رۆژ لە کاتی بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم نزیکدەبینەوە . گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان و مشتومڕ سەبارەت بەو کەیسە ، لەوپەڕی هەڵکشان و هەڵچووندایە ، تەنها باسێک لەم وڵاتەدا هەبێت باسی نوێکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییە ، سیناریۆکانی ناوەوەو ئەودیو سنووریش ، بە ئاڕاستەی یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە بۆ بەرژەوەندیی سەرۆکی هەرێم دەچێتە پێشەوە . ئەوەی باسی نەبێت و دەزگا فەڕمییەکانی حکومەت و دامەزراوە حزبییەکان و جۆڕنالیزم و راگەیاندنی کوردی بەتەنگییەوە نەبێت و کەس خەمیلێنەخوات ، سیکولاربوونی دەوڵەت و پەروەردەوفێربوونە ، واتە بە کردەوە : پەراوێزخستنی کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆو لەبیربردنەوەی پرسی پەروەردەو فێربوونە ، هێشتنەوەی ماددەی شەشەمی دەستوورە ، بڕیاردانی دەستوورێکی ئیسلامییە لەژێر نازناوێکی داتاشراو کە ئەویش ( دەستووری مەدەنی ) یە .
لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستاندا ، رەوتێکی پەروەردەیی کارا نییە خەمی دواڕۆژی پەروەردەو خوێندنی لە کوردستاندا هەبێت ، هچ دامەزراوەیەکی چابووکی پەروەردەیی نییە دەستەویەخە بەرەوڕووی بەدواداهاتنەوەی پڕۆسەی پەروەردە ببێتەوە ، ئەوەی هەیە هەوڵ و دەنگێکی کزی تاکەکەسییە لەلایەن کۆمەڵیک لە خەمخۆرانی ئایندەی پەروەردەوە ، ئەوانیش پەراوێزخراون و کەس گوێیان لێناگرێت .
فوئاد قەرەداغی
٢٨ /٧ / ٢٠١٥