Archive | كانونی یه‌كه‌م, 2014

پپێداگۆگی ستەملێکراوان… پێشەکی و شیکردنەوەیەکی سەرەتایی بۆ بەرهەمێکی پەروەردەیی جیهانیی

28 کانونی یەکەم

ئەم نووسینە پێشەکییەکە بۆ کتێبی ( پێداگۆگی ستەملێکراوان ) نووسیومە . ئەم کتێبە لە نووسینی پەروەردەکارو بیرمەندی ناسراوی بەڕازیلی و جیهانی ( پاولۆ فێریری ) یە ، بەڕێز کاک جیهاد محەمەد کەریم وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە نەڕویژ بەچاپی گەیاندووە ، نیازیشوایە دووەم چاپی لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بکرێت .
ئەمە کتبێکە شایانی ئەوەیە هەموو کەسێک بیخوێنێتەوە ، بەتایبەتی مامۆستایان و پەروەردەکاران ، تا ببێتە مایەی چاوگێڕانەوە بە سیستمی پەروەردەییداو بۆ هەر پڕۆژەیەکی پەرەپێدانی پەروەردەو فێرکردن لە کوردستاندا سوودیلێوەربگیرێت . وەرگێری کتێبەکەش شایانی دەستخۆشیی لێکردنەوەو هیوادارم لە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە پەروەردەییە بەپێزانە بەردەوام بێت .

پێشەکی و شیکردنەوەیەکی سەرەتایی
بۆ بەرهەمێکی پەروەردەیی جیهانیی

فوئاد قەرەداغی

” پێداگۆگی ستەملێکراوان ” یان ” پەروەردەو فێرکردنی ستەملێکراوان ” ، یەکێکە لە دیارترین کتێبەکانی بیرمەندو پەروەردەکاری ناسراوی بەڕازیلی و جیهانی ( پاولۆ فرێری ) .ئەم کتێبەو نووسەرەکەی تا ئێستا بە مامۆستایان و پەروەردەکارانی کوردستان ئاشنا نین ، لەکاتێکدا بە هەزاران کتێب و گۆڤارو بڵاوکراوەی قوتابخانە پەروەردەییەکانی ئەمریکاو ئەوروپا لە کتێبخانەکاندا هەن و ، کۆی سیستم و شێوازی وانەگوتنەوەو ئەزموونەکان و چالاکییە پێشنیازکراوو دانراوو پەیڕەوکراوەکانیان ، بۆ زێتر لە نەوەد ساڵ دەچێت ، کاریگەرێتییەکی بەرچاویان لەسەر بنیاتنانی کەسایەتییەکی سەربەخۆو رەخنەگرو هاوچەرخی تاکەکەسی کۆمەڵی کوردەواریی نەبووەو نییەو، رۆژ بەڕۆژ ئاستی پەروەردەو فێرکردن لە داکشاندا دەبینین ، ئەمەش بۆ خۆی سەرنجڕادەکێشێت و ، ئەم سیاسەتی تاریکاندن و بەربەستکردنی هوشیاریی پەروەردەیی و دابڕینی پەروەردە لە تیۆری و پراکتیکە جیهانییەکانی ئەم بوارە ، دەخاتە ژێر پرسیارەوە .
پاولۆ فرێری نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر ئەم کتێبەی پەخشکردووە ، لەساڵی ١٩٧٠ وە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە ساڵی ٢٠٠٢ شەوە بە عەرەبی بڵاوکراوەتەوە ، بەڵام تەنها لە چەند گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا پراکتیککراوە ، ئەمەش دیسان پرسیار سەبارەت بە هۆکاری ئەوە دەورووژێنێت ، مرۆڤ دەخاتە سەر ئەو باوەڕەی ئەم تیۆرییە لەگەڵ واقیعە جیهانییەکەی پڕۆسەی خوێندندا نەگونجێت یان سیستمی باوی جیهانیی ( سیستمی سەرمایەداریی ) و سیستمی پەروەردەیی وابەستە پێیەوە ، ناکۆکبن لەگەڵ ئامانجە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکانیدا .
سەرەتا ، ئاڕاستەی سەرەکیی فرێری رووەو نەهێشتنی نەخوێندەواری و پەروەردەی گەورەساڵان بوو . ئەو ئاستی فێرکردنی ئەلف و بێی بەزاندو گرنگیی بە بەدیهێنانی کۆمەڵێک پرەنسیپی شۆڕشگێڕانەی پەروەردەیی داو،هەر ئەم شێوازەی پەروەردەشی بۆ گشت قۆناخەکانی پەروەردە گرتەبەر . دیارە ئەمە کرۆکی ” نهێنی ” بەرەنگاربوونەوەو سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی تیۆرییەکانێتی لەلایەن سیستمە باوە جیهانیەکەوە ، سەبارەت بە مەترسی بەرئەنجامەکانی ئەم شێوازەی پەروەردەو فێرکردن لەسەر چارەنووسی سیستمەکەو شڵەقاندن و هەڵوەشاندنەوەی دەسەلاتیان بەسەر گەلانی جیهان و چینە شۆڕشگێڕەکاندا .
فرێری لەم کتێبەیدا بە وردی و روونی پرەنسیپەکانی پەروەردەی ستەملێکراوانی جیهان دەخاتەڕوو ، لەلایەک چەندین تیۆری و بیروبۆچوونی باوو سەپێنراو بەسەر پەروەردەدا هەڵدەتەکێنێ و ، لەلایەکیدیکەوە بەرنامەیەکی جێگرەوە ( ئەلتەرناتیڤ ) ێک لەبری سیستمی پەروەردەیی باو بەردەمی کرێکاران و جووتیاران و گەلان دەخات، بۆ هەریەکەشیان پشت بە شرۆڤەکردنێکی زانستی و لۆژیکێکی پتەوو جێگیر دەبەستێت . لێرەدا کورتەیەکی تیۆری و پرەنسیپ و بیروبۆچوون و پراکتیکیان نمایش دەکەین و ، قووڵبوونەوەش تێیاندا بۆخوێندنەوەی کتێبەکە لەلایەن خوێنەرەوە بەجێدەهێڵین .
سەرەتا بە پێویستی دەزانین خوێنەر لە فەلسەفەو ئایدیای فرێری ئاگاداربێت ، تا پێگەی تیۆری و سەرچاوەی بۆچوون و پرنسیپەکان بزانێت .
فرێری ، وەک بیرمەندو فەیلەسوفێکی سەردەمی خۆی خاوەنی رۆشنبیرییەکی ئینسیکلۆپیدیایی بوو ، لە کایەکانی یاساو فەلسەفەو سایکۆلۆژی و زماندا پسپۆر بوو ، چەندین رێبازی فەلسەفەیی لە بیرکردنەوەیدا رەنگیدابووەوە . ئەو بە پلەی یەکەم کاریگەرێتی مارکسیزم و مەسیحییەتی بەسەرەوە بوو ، جگە لەوەش بۆ فراوانکردنەوەی تیۆرییەکانی سوودی لە چەندین نووسەریدیکە وەردەگرت ، بۆ بیروڕا شۆڕشگێڕییەکانی ، پشتی بە نووسینەکانی مارکس و لێنین و ماوتسیتۆنغ و گیڤاراوئەلتۆسیرو فانون و فرۆم دەبەست و ، بۆ بیروا ئایدیالیستەکانیشی پەنای دەبردە بەر مارتن لۆسەر کینگ و پاپا یۆحەننای بیست و سێیەم ، بۆیە لەسەرانسەری نووسینەکانیدا ئاوێتەیەکی فیکریی ئەو ئایدیاو میتۆدە جیاوازانەی بیرکردنەوە هەستپێدەکەین و تایبەتمەندییەکی پێیانبەخشیوە .ژیانی هەژاری و نەداری خۆی و کوێرەوەرییەکانی ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورەبوو بوو ، ئینتیماو سۆزی ئەوی بەلای کرێکاران و جووتیاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا شکاندبۆوە.
فرێری ، وەک پێشتر ئاماژەمان بۆکرد چەندین تیۆری و بیروبۆچوونی باوی پەروەردەی سەرمایەداریی پووچەڵکردەوە ، بەتایبەتی دەربارەی :
أ – ئەو بیروڕایەی پرۆسەی پەروەردەو فێربوون بە بێلایەن دەزانێت .
فرێری پڕۆسەکە بەبێلایەن نازانێت و پێیوایە پەروەردەو فێربوون ستەمکردن و رزگاریشی لێبەرهەمدێت ، هەمیشە ئامرازێک دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەکێک لەو دوو بەرەنجامە ، چونکە پەروەردە رەهەندی فیکری و سیاسی هەیەو ناتوانێت دەستبەرداریان بێت . بە واتایەکیدیکە ، پەروەردە یان دەچیتە خزمەتی دەسەڵاتی سیاسییەوە ، یان بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکاران هەڵوێست وەردەگرێت و ، لە خزمەتی خوێندکاران و کۆمەڵی ستەملێکراودا دەبێت .
ب – ئەو بیروڕایەی پەروەردە بە هۆکاری چۆنایەتی پێکهاتنی کۆمەڵ دەزانێت ، لەبری ئەوەی چۆنایەتی پەروەردە ببەستێتەوە بە واقیع و چۆنایەتی کۆمەڵەوە . بەبۆچوونی فرێری کۆمەڵ بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات ، پەروەردە پێکدەهێنێت و ئاڕاستەی دەکات ، بۆیە گۆڕانکاریی تەنها بە پەروەردە روونادات ، بەڵکو ئەوە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەیە گۆڕانکاریی لە پەروەردەدا بڕیاردەدات چ بە شێوەیەکی ئەرێیانە بێت یان نەرێیانە .
دیارە ئەم هاوکێشەیەش رەها نییە ، چونکە ئەو دوولایەنە لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیدان و کاریگەریی لەسەر یەکتری دادەنێن و ، ململانێکانیش لەبەر تیشکی ئەم راستییەدا دەچنەپێشەوە تا سەرەنجام یەکلاییدەبنەوە .
ج – ئەو بیروڕایەی پەروەردەو فێربوون لە سیاسەت جیادەکاتەوە ، پێیوایە پەروەردە و سیاسەت هەریەکەیان بەرنامەی خۆیان بەجیا لەویتر هەیەو دوو بواری تەواو جیاوازن . فرێری ئەم هەڵە باوە راستدەکاتەوەو دەڵێت : ” فێرکردن پڕۆسەیەکی سیاسییە و سیاسەتیش پرۆسەیەکی پەروەردەییە ” . سەرچاوەی ئەم تێڕوانینە بۆ پەیوەندی نێوان پەروەردەو سیاسەت لە واقیعی بێتوانایی پرۆسەی فێرکردنەوە دێت لە گۆڕانکاریی ریشەیی کۆمەڵدا ، بۆیە ئەو ئاستەنگانەی دێنەپێشەوە ئاستەنگی سیستمی فەرمانڕەواییە نەک ئاستەنگی پەروەردەو فێرکردن ، واتە ئاستەنگیی سیستم سەرچاوەو هۆکاریی بنەڕەتی ئاستەنگی پرۆسەی خوێندنە ، گومانیش لەوەدا نییە پەروەردە دەکەوێتە نێو بازنەی سیاسەتەکانی دەوڵەتەوەو ، بۆ چەسپاندنی سیستمی گشتی و فەلسەفەی فەرمانڕەوایەتی بەکاردەهێنرێت ، دیارە پێچەوانەکەشی هەر راستەو دەشێت بۆ خۆشکردنی زەمینەی گۆڕانکاریی سیستم و فەرمانڕەوایەتی بەکاربهێنرێت . فرێری بەڕەچاوکردنی سیستمی باوی جیهانیی ، شۆڕشی پەروەردەیی و رزگارکردنی زۆربەی خەڵکی جیهان ( ستەملێکراوان ) لەچنگی سیستمی باوی ژێر سایەی ( ستەمکاران ) ، بە مەرجی شۆڕشێکی راستەقینە دەزانێت بۆ گۆڕانکاریی لە کەسایەتی مرۆڤەکاندا ، بۆیە هەر لەم بارەیەوە جەخت لەسەر گۆڕانکاریی دەکاتەوەو ، گۆڕانکاریی ، بۆ گێڕانەوەی ناوەرۆکی کەسایەتیی نامۆی مرۆڤەکان و ئازادیی کۆمەڵایەتی و رزگارکردنی پەروەردەو فێرکردنی ئەمڕۆی جیهان لەدەست ستەمکارانی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوریی دەسەڵات ، بەکارێکی پەروەردەیی پێناسەدەکات .
فرێری بۆ هەریەکێک لە تیۆری و پرەنسیپەکانی ، پشت بە چەند بنەمای واقیعی دەبەستێت و پێکیانەوە گرێدەدات کە سەرەنجام تیۆرییەکی گشگیر پێکدەهێنێت چ لە خۆدی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردندا و چ لە کارلێکی نێوان پەروەردەو کۆمەڵ و تەواوکردنی یەکترییەوە ، لەم پێگەیەشەوە سیمای پەیوەندییەکانی قوتابخانە دەچێتەوە نێو کۆمەڵ و گشت دامەزراوەکانییەوە ، بۆیە نەخشەی پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵگە لەنێوان خەڵک و حکومەت ، لەنێوان خەڵک و ئەو دەسەڵاتەی لە دامەزراوەکاندا فەرمانڕەوایەتییان دەکات ، هەروەها لەنێو سەرکردەو جەماوەری حزبەکان و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانیش ، هاوشێوەی ئەوە دەبێت لە دامەزراوەی پەروەردەو فێرکردندا دەگوزەرێت و ، هەر گۆڕانکارییەک بکرێت ، دەبێت لە هەموو بوارەکاندا پێکەوە بێت ، چونکە بەبێ ئەوە ناکۆکییەکان چارەسەرناکرێن و هەنگاوەکانی پێشکەوتن یەکلاییان ناکاتەوە .
فرێری تەوەرەی سەرەکیی تیۆرییەکەی مرۆڤە . کۆی پرەنسیپەکانی ئاڕاستەی ” مرۆڤبوون ” دەکات و ، ئەرکی پڕۆسەی فێربوون بە گێڕانەوەی ناوەرۆکی مرۆڤانە بۆ مرۆڤەکان دەستنیشان دەکات . ئەو ستەمکاران و ستەملێکراوانیش لەڕووی داماڵینیان لە ” مرۆڤبوون ” وەکیەک دەبینێت و پێیوایە ئەوە بەتەنها کاریگەرێتی نابێت بەسەر ئەوانەوە کە ” مرۆڤبوونیان ” لێزەوتکراوە ( ستەملێکراوان ) ، بەڵکو کاریگەرێتی بەسەر ئەوانەشەوە داناوە کە مرۆڤبون زەوتدەکەن ( ستەمکاران ) بۆیە رزگاریی راستەقینە لە ” مرۆڤبوونی ” هەردوو لایەنەکەدا دەبینێت و ، داوا دەکات کاتێک ستەملێکراوان شۆڕش بەرپادەکەن و بەسەر ستەمکاراندا سەردەکەون ، جێی ستەمکاران نەگرنەوەو ” مرۆڤبوون ” بۆ هەموو مرۆڤەکان دابین بکەن . واتە جیهانێکی نوێ بهێننەکایەوە کە چەوساندنەوەی تێدا نەبێت و تیادا دابەشبوونی کۆمەڵ بۆ ستەمکارو ستەملێکراو هەڵبوەشێتەوە .
دیارە ئەم پڕۆسەیەی ” بەمرۆڤبوون ” بە ئاسانی بەدەستەوە نایەت ، چونکە ستەم لە مێژوودا دێرینەو لەسەرەتای مێژووەوە و لەهەموو کۆمەڵگاکاندا مرۆڤ بەسەر ئەم دوو ” چین “ە دا دابەشبووە : ستەمکاران و ستەملێکراوان ، لەبەرئەوە ئازادی ستەملێکراوان و گەیشتن بە کۆمەڵگایەک مرۆڤ مرۆڤ نەچەوسێنێتەوە ( ستەمکارو ستەملێکراو )ی تێدانەبێت و هەرهەموو تایبەتمەندیی مرۆڤانە لە کەسایەتیاندا هەبێت ، پێویستی بەخۆشکردنی زەمینەیەکی لەبار هەیە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵێک بنەما ، وەک پێشمەرجی ئەو ئازادییەو ، دەکرێت ئەو بنەمایانەش وەها ریزبەندیی بکرێن :
١ ) تێکۆشان دژی دەسەڵاتگەریی لەهەموو بوارەکانی ژیاندا هەر لە دەسەڵاتگەریی سیاسییەوە بۆ دەسەڵاتگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و پەروەردەیی و …هتد .
دەسەڵاتگەریی ، بەدرێژایی مێژوو ، فەلسەفەی فەرمانڕەوایی ستەمکاران بووە بەسەر ستەملیکراوانەوە ، لە بواری پەروەردەدا بە پرەنسیپەکانی پەروەردەو کەسایەتی فێرخوازان و پێویستی گەشەکردنیان لەهەموو روویەکەوە ناکۆک بووە ، دژی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و بنیاتنانی تاک و کۆمەڵگەیەکی تەندروست بووە . ئەم دەسەڵاتگەرییە ، هەر شێوەیەکی پۆشیبێت ، لەنێو خێزان یان بنەماڵە یان خێلدا بووبێت ، یان لە دەسەڵاتی سیاسی و کاری حزبیدا ، یان لەهەر بوارێکیدیکەی ژیاندا ، بۆتە مایەی خۆسازدانەوەو نوێبوونەوەی ستەم و بەردەوامیی ستەمکاری و بەرهەمهێنانەوەی ( ستەملێکراوان ) بۆ هەر سەردەمێک ، بەپێی ئەو رێسا و یاسایانەی لەو سەردەمەدا پەیڕەوکراون . بواری پەروەردەو فێرکردنیش وەک هەر بوارێکیدی ، دەسەڵاتگەریی سیمای بووەو هەتا ئێستاش لە تەواوی وردەکارییەکانی سیستمی پەروەردەدا ( بەرنامەکانی خوێندن ، رێگاکانی وانەگوتنەوە ، پەیوەندییەکانی مامۆستاو قوتابی و هەموو پەیوەندییەکانی نێو دامەزاوەی پەروەردە ، هەڵسەنگاندن و ئەزموونەکان ) بوونێکی بەرچاوی هەیەو کۆسپی هەرە گەورەی بەرەوپێشەوەچوون و گەشەکردن و ، رەخساندنیانە بۆ ئازادی و بەمرۆڤبوونی نەوە یەک لەدوا یەکەکانی مرۆڤ لەسەرانسەری جیهاندا . بە کورتی سڕینەوەی کولتوری داماڵینی مرۆڤبوون لە مرۆڤەکان و چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە بونیادییەی ستەم لە کۆمەڵگەدا ، لەڕێی ئازادی ستەملێکراوان و ” بەمرۆڤبوون” ی کۆمەڵگەکانی بەشەرییەت .
٢ ) دڕدان بە شەوەزەنگی ” کولتوری بێدەنگیی ” و ترس ودواکەوتویی . کولتوری بێدەنگیی تایبەتمەندییەکی ئاشکرای سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆی مرۆڤە . ئەم کولتورە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا رەنگدەداتەوە ، لە بواری پەروەردەو فێربووندا سیستمی پەروەردەی ستەمکارانی لێدەڕسکێ و باڵی ئەم کولتوری بێدەنگییە بەسەر پڕۆسەی خوێندندا دەکێشێت و تەواوی پڕۆسەکەو دەرئەنجامەکانی بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات بەگەڕدەخات . بۆیە لە بەرنامەی پەروەردەی ستەملێکراواندا ، پێکهێنانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە جێوڕێیەکی تایبەتی هەیە. فرێری لەبەرامبەر ” کولتوری بێدەنگیی ” دا کولتورێکی نوێ ، لەسەر بنەماکانی رەخنەگرتن و وروژاندنی هوشیارییەکی رەخنەگرانە دەگرێتەبەر ، تا لەشوێنەواری ئەو کولتورە ، کولتوری ئازادی و بوێری دابنێت و دەستەمۆیی و ترس و خۆبەدەستەوەدان لە کولتوری پەیوەندییەکانی نێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا نەهێڵێت .
٣ ) گۆڕینی فێرکردنی ” بانکی ” بە فێرکردنی ” دیالۆگکاری “تەوەرەیەکی بنەڕەتی و گرنگترین بەرنامەی گۆڕانکارییە و سەرجەمی گۆڕانکاریی بوارە جیاجیاکانی پرۆسەکەی پێوەگرێدراوە .
فێرکردنی بانکی تایبەتمەندییەکی کولتوری بێدەنگیی و ئامرازی بەردەوامبوون و پەرەپێدان و جێگیرکردنی ئەو کولتورەیە ، بۆیە ئاڕاستەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەو وروژاندن و هوشیاریی رەخنەگرانەو ململانێکردن لەگەڵ ترس لە ئازادی و دواکەوتوویی و ستەمکاریی ، دەبێت بەرەو خوێندنی بانکی بکرێت ، چونکە بەبێ هەڵوەشاندنەوەو بنبڕکردنی ئەم جۆرە پەروەردەیە ، شۆڕشی پەروەردەیی روونادات و کۆمەڵگەی چەوساندنەوەو ستەمکاریی کۆتایی نایەت .
مەبەست لە فێرکردنی بانکی دەرسدادانی خوێندکارانە ، هوروژمی زانیاری و ئامۆژگاری و یاساو رێساکانە لە مامۆستاوە بۆ خوێندکار و پاشان وەرگرتنەوەی لەڕێی ئەزموونەکانەوە . فێرکردنێکە لەسەر بنەمای ستەم و چەوساندنەوە رادەوەستێت ، نموونەیەکی دەسەڵاتگەراییە .لەسەر یەک ریتمی بێزاریهێنەر دەڕوات و ملکەچیی فێرخواز بۆ فێرکار یاسای پەیوەندییەکانی پێکدەهێنێت . ئەم فێرکردنە گشتگیرەو رێسای بێدەنگیی و ملکەچیی ، دەباتە نێو پەیوەندییە فراوان و جۆراوجۆرەکانی گشت دامودەزگاو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەوە و بۆخۆشی پەیتا پەیتا لە کۆمەڵگەوە ئەم نەرێتەی بۆ دێتەوەو درێژە بە یەکبینەیی و نۆژەنکردنەوەی ستەمی سەر ستەملێکراوان دەدات .
فرێری بە وردی فێرکردنی بانکی شرۆڤە دەکات . جگە لەو خاڵانەی ئاماژەمان بۆ کرد ، پێیوایە ئەم فێرکردنە باوە جیهانییە وێنەیەکی شێواوی ژیانی مرۆڤ نیشاندەدات و بەرگێکی لە داستان بۆ دادەتاشێت ، رێگری هوشیاریی کرێکاران و جووتیاران و هەموو ستەملێکراوەکانی جیهانە لە پێڕەوکردنی شیوازی گفتوگۆو دیالۆگکاریی ئازادانە ، خوێندکاران بە لاوازو زەبوون تەماشا دەکات وبە شایستەی ” یارمەتیدان ” یان دەزانێت و هیچ سەربەخۆییەکیان بۆ ناهێڵێتەوە ، بیرکردنەوەی هوشیارانەو داهێنانیان تێدا دەمرێنێت .
پەروەردەی بانکی لە ئاستێکی فراوانتریشدا مۆرکی خۆی لە سیماو میکانیزمی رەوتی گۆڕانکاریی کۆمەڵگە دەدات ، بۆ نموونە : وەک بوونەوەرێکی ئەبستراکت لە مرۆڤ دەڕوانێت ، نەک بوونەوەرێکی مێژوویی ، بەراوەستاو و سڕبووی دەزانێت و لەسەر ئەو بنچینەیە مامەڵەی دەکات ، واتە جۆرێک لە قەدەرییەتی بەسەردا دەسەپێنێت ، نە گۆڕانکاریی تێدا دەبینێت و نە پڕۆژەو بەرنامەی گۆڕانکاریی بۆ دەخوازێت ، لەبەرئەوە بە ئاڕاستەی گونجاندنی مرۆڤ لەگەڵ واقیعە کۆمەڵایەتییە راوەستاوو پەنگخواردۆکە کاردەکات نەک گۆڕانکاریی واقیعەکەو پەیوەندییەکانی نێو ئەو واقیعە .
پەروەردەی بانکی ، مامۆستا بە تەوەرەی سەرەکی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن دەزانێت و خوێندکار لە بازنەی پڕۆسەکە دەکاتە دەرەوە ، ئەو دەبێت تەنها رۆڵی گوێگرتن و وەرگرتنی زانیاری و ئامارکردنی بگێڕێت و ، دواتر لەڕێی ئەزموونەکانەوە زانیارییەکان بەدەم یان بە نووسین بۆ مامۆستا بگەڕێنێتەوە . ئەم شێوە پەروەردەیە کەسایەتی مامۆستاو تایبەتمەندییەکانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە بانکییەکە دەگونجێنێت ، بۆیە مامۆستای نموونەیی لەم رێرەوە بانکییەدا ؛
– بەرپرسی فێرکردنی خوێندکارەکانە .
– بەرپرسی بیرکردنەوەیە ، بۆ خۆی و بۆ خوێندکارەکانی .
– دەبێت لە پۆلدا ئەو بەتەنها بدوێت و خوێندکارەکانیش گوێبگرن .
– بەرپرسی دیسپلینی پۆل و هەڵسوکەوتی خوێندکارانە .
– بابەتی وانەکان و چالاکییەکان هەڵدەبژێرێت و بڕیاری جێبەجێکردنیان دەدات بەبێ گەڕانەوە بۆ بیروڕای خوێندکارەکانی .
– خاوەنی هەموو دەسەڵاتێکە و دەتوانێت ئەم دەسەڵاتە چ دەسەڵاتی زانیاریی بێت یان دەسەڵاتی پیشەیی بۆ سەرکوتی خوێندکاران و زەوتکردنی ئازادییان بەکاربهێنێت .
بەم پێیە فێرکردنی بانکی دان بەبەشداریکردنی خوێندکاران لە پڕۆسەی فێربووندا نانێت ، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە سیستمی بانکیدا بکرێت ، دەبێت ئەم هاوکێشە لەنگە هەڵبوەشێنێتەوەو سیستمێکیدیکە پەیڕەوبکات کە مامۆستاو خوێندکار پێکەوە کاربکەن و پڕۆسەکە بە ئەنجام بگەیەنن ، ئەو سیستمەش فرێری ناویلێدەنێت ” فێرکردنی رزگاریی ” کە شێوازی دیالۆگکاریی ئامرازی بەدیهێنانی دەبێت .
” فێرکردنی رزگاریی ” یان ئازادیی ، ئەلتەرناتیڤی ” فێرکردنی بانکی ” یەو بۆ چارەسەرکردن و جێگرتنەوەو گۆڕانکاریی پەروەردەی ستەمکاریی دانراوەو شێوازو ئامرازەکەشی بە دیالۆگکاریی دەستنیشانکراوە ، واتە دیالۆگ جەوهەری ئەم شێوە فێرکردنە پێکدەهێنێت . بە بۆچوونی فرێری دیالۆگ دیاردەیەکی مرۆییانەیە ، وشەش جەوهەری دیالۆگەو ئامرازێکە دیالۆگی پێدەکرێت ، وشەش دوو رەهەندی هەیە کە بیرکردنەوەو کارکردنە لە پەیوەندییەکی کارلێکی و ئۆرگانیکیدا و هەرگیز وشە بەجیا لە پڕاکتیک بوونی نییە .
دیالۆگ جگە لەوەی پێویستییەکی جووڵانە لەهەموو کایەکانی ژیاندا ، هۆکارێکیشە خەڵکی بەهای بوونی خۆیانی تێدا دەبینن و ، بیرکردنەوەو کارکردن بۆ گۆڕانکاریی و مرۆییکردنی جیهان ئاڕاستەدەکات .
بەم شیوەیە ، دیالۆگ شێوازێکی ئەکتیڤە بۆ وروژاندنی رەخنەو پیادەکردنی هوشیارییەکی رەخنەگرانە و دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست لە نێوان مامۆستاو قوتابیدا ، بەو پێودانگەش لەنێوان هەموو پەیوەندییە هاوشێوەکانی لە ئاستی کۆمەڵدا و گۆڕینی پەیوەندییەکان لە شێوەی ستونییەوە بۆ شێوەی ئاسۆیی ، بەمەش شۆڕشێک بەرپادەبێت تێیدا جیاکاریی بە پراکتیکە فراوانەکەی دەپێچرێتەوەو پێکەوە گونجان و یەکگرتوویی بیرکردنەوەو کار ویەکسانی راستەقینە بەدیدەهێنێت .
لە فێرکردنی ئازادی یان ” فێرکردنی دیالۆگکاریی ” دا ، دیسان دەبێت مامۆستا کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی هەبێت تا شیاوی کارکردن بێت لەم سیستمەی فێرکاریدا ، لەوانە :
– شارەزای گیروگرفتەکانی خەڵکی بێت لەو بارەیەوە هوشیاربێت .
– بەرچاوی روون و خاوەنی رۆشنبیرییەکی فراوانی پەروەردەیی و سایکۆلۆژیی بێت .
– توانای پەیڕەوکردنی پرەنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی لەنێو خوێندکارەکاندا هەبێت .
– بتوانێت یارمەتی خوێندکاران بدات پەیوەندییەکی دیالۆگکارانە لە نێوان خۆیانداو ، لەنێوان خۆیان و مامۆستاکانیاندا گرێبدەن .
– پڕۆسەی دیالۆگکاریی شارەزابێت و بتوانێت بەوپەڕی هوشیاری و تێگەیشتنەوە پڕۆسەی دیالۆگ لە تاووتوێکردنی بابەت و گرفتەکانی خوێندندا ئاڕاستە بکات .
– هانی خوێندکاران بدات بەشدارییەکی ئەرێیانە لە پرۆسەی فێربووندا بکەن ، هەروەها بەشداریی چارەسەرکردنی گرفتەکانی خوێندکاران بکات لەڕێگای شێوازی ” چارەسەرکردنی گرفتەکان ” وە وەک شێوازێکی دیالۆگکارانە ، بە داڕشتنی زنجیرەیەک پرسیارو هاندانی بیرکردنەوە بۆ وەلامدانەوەی پرسیارەکان و پێشنیازی چارەسەرەکان و رێخۆشکردن بۆ خوێندکارەکان تا بەپشتبەستن بەخۆیان بە ئەنجامە راستەکان بگەن .
فرێری دیدێکی فراوانی بۆ دیالۆگ هەیەو تەنها لە چوار دیواری پۆلەکاندا نایهێڵیتەوە ، بەڵکو گشتگیریی دەکاتەوەو پێیوایە دەبێت لەهەر شوێنێک ، ئەو شوێنە قوتابخانە یان دامودەزگاکانی پەروەردە یان دامودەزگاکانیدیکەی حکومەت یان حزب و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێت ، پێویست بوو حەقیقەتێک شیبکرێتەوە یان روونبکرێتەوە ، دەبێت دیالۆگکاران هاوکاریی لەنێوان خۆیاندا بکەن تا بە مەبەستەکەیان دەگەن .ئەم دیدەو ئەو مەرجانەی دەبێت مامۆستای فێرکردنی دیالۆگکاریی هەیبێت ، فرێری بە مەرجی کەسایەتیی هەموو بەرپرسێکی دەزانێت ، جا ئەو بەرپرسە هەر جێوڕێیەکی هەبێت و لە چ شانەیەکی کاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییدا هەڵسووڕێت ، چەند بنچینەیەکیش دەکاتە مەرجی سەرکەوتنی ئەمجۆرە فێرکردنە کە بریتین لە خۆشەویستی و خاکێتی و موتمانەبوون و هیواو بیرکردنەوەی رەخنەگرانەو وروژاندنی فیکروهۆشی مرۆڤەکان بەرامبەر هەموو بوارەکانی ژیان ، لەگەڵ دابینکردنی ئازادی و ئاسایش بۆ دیالۆگکاران بەتایبەتی ستەملێکراوەکان .

٤ ) بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی کولتوری مەرجێکیدیکەی بەدیهێنانی فێرکردنی دیالۆگکارانەوە و پەروەردەی ئازادیی ستەملێکراوانە .
فرێری بایەخکی زۆری بە داگیرکاریی کولتوری داوەو لە دوابەشی کتێبەکەیدا کاریگەریی ئەوە لەسەر پرۆسەی فێرکردنی ستەملێکراوان رووندەکاتەوە .فرێری دیسان لێرەشدا لە مرۆڤەوە دەستپێدەکات ، باس لە چالاکیی مرۆڤ دەکات ، ئەو چالاکییەی لە بیرکردنەوەو کارکردن ( تیۆری و پراکتیک ) دا بەرجەستە دەبێت ، پێیوایە سەرکەوتنی شۆڕش ، بە ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوەو کارکردن بەرەو ئەو بوارانەی دەبێت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت ، بەدەستدەهێنرێت . بەپێی لێکدانەوەکانی ئەو پڕاکتیکی شۆڕشگێڕانە پێچەوانەی پراکتیکی نوخبەیە . ئەو سەرکردانەی بەڕاستی ئازادییان دەوێت ناتوانن بیرکردنەوەو پراکتیک بخەنە پێناوی رزگاریی بەبێ بیرکردنەوەو کارکردنی خەڵکیی ، واتە پێویستە خەڵکی ستەملێکراو بە هوشیارییەکی رەخنەگرانەوە بەشداریی کرداری گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە بکەن . دیارە دەبێت ئەم پڕۆسەیە بنچینەکەی لە قوتابخانەدا دابڕێژرێت لەڕێی هەڵوێستی ئەرێیانەی ( مامۆستا ) وە لەبەشداریکردنی خوێندکاران ، بە هوشیارییەکی رەخنەگرانەوە ، لە بیرکردنەوەو پڕاکتیکدا وەک مەرجی جێبەجێکردنی فێرکردنی دیالۆگکاری .
فرێری داگیرکاریی وەک تایبەتمەندییەکی دژ بە دیالۆگ دەناسێنێت ، چونکە هەرکەسێک دژی دیالۆگ بێت هەموو شێوازێک بۆ داگیرکاریی دەگرێتەبەر ، گرنگترینیان پەنابردنی ستەمکارانە بۆستەم لە خەڵکیی ، ئەو ستەمەش لەڕێگەی دوو ئامرازی داگیرکاریی سەرەکییەوە جێبەجێدەکرێت وەک :
أ – پاراستن و ستایشی سیستمی فەرمانڕەوا لەڕێی کۆمەڵیک چەمکی چەواشەوە کە فرێری ناوی ئەفسانەیان لێدەنێت ، هەروەها وەرگرتنی هەڵوێستی داگیرکارانە.
ستەمکاران لەڕێی دابەزاندنی چەندین ” ئەفسانە ” وە هەوڵی پاراستنی واقیعی داگیرکاریی دەدەن ، بۆ نموونە : ئەفسانەی ” کۆمەڵگەی ئازاد ” بۆ ناولێنانی سیستمی سەرکوتگەر ، ئەفسانەی ئازادیی هەموو خەڵکیی لە کارکردندا بەو مانایەی ئارەزوومەندانە کار دەکەن و هەر کاتێکیش خۆشییان بە خاوەنکارەکان نەهات دەتوانن کارەکەیان بەجێبهێڵن و لەشوێنێکیدی کار بکەن ، ئەفسانەی رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئەم سیستمەوە و بەو پێیەش پێویستیی رێزلێگرتنی ، ئەفسانەی ئەوەی هەرکەسێک هەوڵبدات دەتوانێت ببێتە خاوەنکار ( بزنسمان ) ، ئەفسانەی ماف و هەلی چوونیەک بۆ خوێندن ، ئەفسانەی پاراستنی ژیاری سەردەم لە هەڕەشەی بەربەرییەت ، ئەفسانەی هەڵوێستی باش و کاری خێرخوازی و یارمەتی پاک و بێمەبەستی نوخبەی ستەمکار بەرامبەر خەڵکیی ، ئەفسانەی خواستی نوخبەی ستەمکار بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی گەل ، ئەفسانەی نیشاندانی ” یاخیبوون ” وەک هەڵوێستێکی قێزەون ، ئەفسانەی ناساندن و پیرۆزکردنی ” خاوەندارێتیی تایبەتی وەک هۆکارێکی جەوهەری بۆ گەشەکردنی کۆمەڵ و تاکەکەس ، ئەفسانەی تەمەڵی و دەبەنگی و دەستپیسیی و پلەنزمیی خەڵکی چەوساوە ( ستەملێکراوان ) و بلیمەتی و لێزانی و بەرزیی ئاستی چەوسێنەران ( ستەمکاران ) .
ب – هەڵوێستی داگیرکاریی ئامرازێکیدیکەی پاراستن و مانەوەی سیستمی باڵادەستە . ئەم هەڵوێستە لە زەوتکردنی ” مافی ئاخاوتن ” و دەربڕیندا خۆیدەنوێنێت ، هەروەها لە ” داگیرکاریی کولتوری ” دا دەردەکەوێت بەوەی سیستمی کولتوریی باڵادەست ، بە نەرێتەکانی خۆی ، سیستمی کولتوریی نەیاری داگیردەکات و هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ستەمکاران وەک لایەنی دەسەڵاتدار لەڕیی پەروەردەو هۆیەکانی راگەیاندنەوە کولتوری خۆیان پەخشدەکەن و لەبەرگێکی ” سروشتی ” و ” هاوچەرخ ” دا بەسەر کۆمەڵ و خەڵکیدا دەسەپێنن ، بەشێوەیەک خەڵکە چەوساوەکە وەک کولتوری خۆیان بیناسن و چاویلێبکەن ، یان لە کولتوری خۆیان بەباشتری بزانن و بەچاوێکی سووک و نزم لە کولتوری خۆیان بڕوانن ، واتە لەچاوی چەوسێنەرەکانیانەوە تەماشای کولتورەکەیان بکەن ، بۆیە فرێری هەموو دامودەزگاکانی فێرکردن و رۆشنبیریی فەڕمیی ژێر سایەی ستەمکاران و دەزگاو دامەزراوە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە نافەڕمییەکانیش وەک ( خێزان ، لانەکانی منداڵان و قوتابخانەکان و زانکۆکان ) بەر رەخنە دەدات و ، لەڕووی بابەتییەوە بە بریکارو نوێنەری داگیرکارانیان دیاریدەکات .
فرێری جگە لەو دوو ئامرازە سەرەکییەی داگیرکاریی ، چەند ئامرازیدیکەی دژ بە دیالۆگ دەستنیشان دەکات وەک داگیرکاریی کولتوری لەڕێی نانەوەی دووبەرەکی لەریزەکانی ستەملێکراوان و کپکردنی ململانێی چینایەتی و بانگەشەی پێکەوە گونجانی چینە کۆمەڵایەتییەکان . هەروەها لەڕێی فرتوفێڵ و هەڵخەڵەتاندن و چاندنی گیانی بۆرژوازییانەی خۆپەرستی و سەرکەوتنی شەخسی . ئەم میکانیزمەی کاری ستەمکاران بەرەنجامی واقیعی ستەم و راوەستانەوەیە بەڕووی پەروەردەی ئازادیی و فێرکردنی دیالۆگکاریی وەک ناوەرۆکێکی پێشکەوتوانەی زامنکردنی ئەو شێوە پەروەردەیە ، لەبەرئەوە پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی پێچەوانە دەبێتە پێویستی و ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران و سەرخستن و چوونەپێشەوەی فێرکردنی دیالۆگکاریی . ناوەرۆکی ئەم میکانیزمی کارە پێچەوانەیە ، دەبێت هاوکاری و یەکگرتوویی و هوشیاریی چینایەتی و تێگەیشتنی ستەملێکراوان بێت لەو ستەمە کۆمەڵایەتییەی گیرۆدەیبوون ، هەروەها رێکخستنی خۆیان و کۆنترۆڵکردنی ناکۆکییەکانیان و سەلماندنی راستیی بوونی جیاوازییەکان بێت .
ئایا تیۆری و پڕاکتیکی فێرکردنی ستەملێکراوان ئاسۆیەکی روونی لەبەردەمدایە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە چاوەڕوانکراوەدا دەڵێین :
نزیک بەنیوسەدە دەبێت پاولۆ فرێری ( پێداگۆگی ستەملێکراوان ) ی نووسیوە بە کردەوەش تەواوی ژیانی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخانکردووە و ، وەک بەرپرس و کەسێکی پەروەردەیی پسپۆڕ ، لەهەندێ ماوەدا دەستی ئاوەڵابووە بۆ پڕاکتیکی تیۆرییەکانی ، بەڵام تا ئێستاش دەبینین ئەم پڕۆژەیە چاوەڕێی بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەکات و گۆڕانکاریی بەرچاوی لە جیهاندا بەدەستنەهێناوە . ئەمە بۆ خۆی چەند پرسیاری لێدەڕسکێ بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاوبگرین کە نووسەر بەشێوەیەکی سیستەماتیک و لەسەر بنەمایەکی واقیعی تیۆرییەکانی داڕشتووەو ، بۆخۆشی بە کردەوە سەرکەوتنی لەکایەی نەهێشتنی نەخوێندەواری و فێرکردنی گەورەساڵاندا بەدەستهێناوە . تائێستاش فێرکردنی بانکی باوێتی ، کولتوری بێدەنگیی بەشێوەی جۆراوجۆر لەکایەدایە ، هوشیاریی رەخنەگرانەو شۆڕشگێڕ لەئارادا نییە ، دیالۆگکاریی پەیڕەوناکرێ نە لە قوتابخانەکاندا ، نە لە حزب و رێکخراوەکاندا ، نە لە دامودەزگا و دامەزراوە حکومەتییەکاندا و … هتد .
پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوەکرد کە فرێری کاریگەرێتی کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی گەورەی جیهانیی بەسەرەوە بووە ، بیرکردنەوەی ئاوێتەیەک بووە لە مارکسیزم و مەسیحییەت .گرنگترین شیکردنەوەو بەرەنجامێکی ئەو شیکردنەوانەی لەبەر تیشکی مارکسیزمدا کردووە ، بەڵام بێ مۆرکی مەسیحییەت نەبووە ، ئەم هۆکارە بۆ ئەو ، رێگری بەرچاوروونییەکی تەواوبووەو لە سنوورێکدا رایگرتووە .
ئەگەرچی تیۆرییەکانی فرێری لە واقیعی چەوساندنەوە دەدوێت بەڵام چەوساندنەوەکەی بە ( چەوساندنەوەی چینایەتی ) ناوزەدنەکردووە ، لەبری ئەوە کۆمەڵگای چینایەتی بەگشتی کردووە بە دوو بەشەوە : ( ستەمکاران و ستەملێکراوان ) ، بابەتی ململانێی ئەم دوو لایەنەشی بە ( ستەم ) ناوبردووە لەبری ئەوەی بەرژەوەندییە ماددییەکان و پەیوەندی ئەوان بە سیستمێکی بەرهەمهێنانەوە ببەستێتەوەو بە ململانێی چینایەتی بناسێنێت .
لەبەر تیشکی ئەو جۆرە لێکدانەوە ناتەواوەدا – بەپێی زانستی مارکسیزم – کۆتاییهێنان بە ستەم و رزگاریی ستەملێکراوان بە هێنانەدی کۆمەڵگایەک دەزانێت کە ” مرۆڤبوون ” ی بۆ ستەمکارو ستەملێکراو دابینکردبێت ، داواش لە ستەملێکراوان دەکات کاتی وەرگرتنی دەسەڵات ( جێگۆڕکێی دەسەڵات ) ستەمکاران نەچەوسێننەوە .
هەڵبەت “مرۆڤبوون ” بۆ هەموو مرۆڤەکان پرۆژەیەکی مارکسیانەیە . گێڕانەوەی ماهییەتی مرۆڤانە بۆ مرۆڤ ئامانجی سەرەکی و تەوەرەی ناوەندیی خەباتی مارکسییەکانە ، بەڵام ئەو پرۆسەیە دەبێت بە قۆناغێکی گواستنەوەدا بڕوات تیادا چینی بۆرژوازیی لەدەسەڵاتخراو پەروەردەبکرێتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤانە بیربکاتەوەو کردارەکانیشی بخاتە خزمەتی کۆمەڵگا نوێیەکەوە ، تا بەم شێوەیە ” مرۆڤبوون ” بیگرێتەوە . ئەم جۆرە لێکدانەوەیەی فرێری پێی دەڵێن تیۆری ” هاوکاریی چینایەتی ” و لەگەڵ تیۆریی ” ململانێی چینایەتی ” دا نایەتەوە و لەهەر شوێنێک پەیڕەوکرا بەرچاوڕوونیی بەر مەترسی دەخات .
ئایا ئەمڕۆ هەلی رزگاریی ستەملێکراوان لەڕێی فێرکردنی دیالۆگکارییەوە هەیە ؟ ئایا دەتوانرێت فێرکردنی بانکی بنەبڕ بکرێت و نەوەکان لەسەر فەلسەفەی ئازادی و بەمرۆڤبوونی مرۆڤەکان پەروەردەبکرێن ؟ ئایا چینەباڵادەستەکان و حکومەتەکانیان رێگریی بۆ ئەم ئامانجە مرۆڤانەیە دروستناکەن ؟ ئایا چ ئاسۆیەک لەبەردەمی چینە چەوساوەکان ( ستەملێکراوان ) دا هەیە بۆ پراکتیکی ئەم پڕۆژەیەی پاولۆ فرێری .
لەڕاستیدا ناکرێت یەک بەرنامەو یەک شێواز پلان و یەک شێوە پراکتیک بگشتێنرێت و هەوڵ و تێکۆشانی بۆ بەگەڕبخرێت ، بەڵکو لێکۆڵینەوەی واقیعی هەر کۆمەڵگەیەک لەبەرچاوبگیرێ و رێوشوێنی تایبەت بەخۆی بۆ دابنرێت ؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت دوو جۆر کۆمەڵگا لەڕووی ئاستی پێشکەوتنەوە دیاریبکرێت و بەپێی واقیعەکانیان بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی خوێندن و دواڕۆژی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بدرێت .
بەگشتی دوو جۆر کۆمەڵگا لە جیهانی ئەمڕۆدا هەیە : جیهانی سەرمایەداریی جیهانگیری سەروەر بەسەر جیهانەوەو ، جیهانی بەر لە سەرمایەداری و وابەستە بە سەرمایەداریی جیهانگیرەوە . دەسەڵاتدارانی هیچ جیهانێکیان بەرژەوەندی لە فێرکردنی دیالۆگکاریی نییە ، پەروەردەی رزگاریی ناخوازێت ، بۆیە وەک بەرنامەیەکی گشتگیر لەهیچ جیهانێکیاندا پێشوازی لێناکرێت ، لە جیهانی سەرمایەداریدا سنوورێکی چەواشەکارانەی تایبەتیی هەیە و فرێری بە ( ئەفسانە ) ناوی دەبات . بانگەشە بۆ ئەو ئەفسانانە رێی پێدەدرێت ، بواری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەدرێت مشووری بخۆن و لەدەرەوەی دامەزراوەی فەرمیی پەروەردە ، لەڕێی بەرنامەی حزب و سەندیکاو رێکخراوە جەماوەرییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن پراکتیکی بکەن . لە کۆمەڵگاکانی پێش سەرمایەداریشدا ، ئەو کۆمەڵگەیانەی ئەرکی شۆڕشی نیشتمانیی دیموکراتیییان لەبەردەمدایە ، مەگەر بەرپاکردنی جەنگی گەل ( ئەگەر لێرەو لەوێ ناچارییەک ئەم جەنگە بخوازێت ) و ، بتوانێت هەلی ئەوە بڕەخسێنێت لە بنکە شۆڕشگێڕییەکان و ناوچە رزگارکراوەکاندا ئەم تیۆرییەی فرێری بهێنرێتەدی ، دەنا جێبەجێکردنی تەواوی ئەم بەرنامە شۆڕشگێڕانەیە لەسایەی کۆمەڵگای ئایندەدا دێتەدی ، ئەو کۆمەڵگایەی کە هەلومەرجی ماددیی بنبڕکردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوەی تیادا لەبارو ئامادەکراوە .
پەیوەندی ئەم کتێبە بە واقیعی پەروەردەو فێرکردن لە کوردستاندا چییە ؟
کاتێک کتێبێک بۆ سەر زمانی نەتەوەیەک وەردەگێڕدرێت ، ئەوەی چاوەڕوانیی لێدەکرێت سوودی زانستی و زانیارییەتی لەسەربونیادی ئەو بوارە مەعریفییەی لەبارەیەوە نوسراوە. هەڵبەت بەهای کتێبەکەش بەو پێوەرە دیاریدەکرێت . ئەم کتێبە پەروەردەیی و سیاسییە رێک لەگەڵ ئەو پێوەرەدا دێتەوەو خوێنەر دوای خوێندنەوەیەکی وردی هەر چوار بەشەکەی ، ئەو هەستەی لەلا دروستدەبێت کە واقیعی پەروەردەوفێرکردن لە کوردستاندا ، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی جیهانی سێیەم ، بە ئاستەنگێکی سیستەماتیکدا تێدەپەڕێت ، تا ئەو رادەیەی رێژەیەکی بەرچاوی گرفتی ناوکۆیی بە کۆمەڵگەکانیدیکەوەی گرێبدات و بەو پێیەش بەدوای چارەسەرێکی ناوکۆییشدا بگەڕێت ، بەڕەچاوکردن ئەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییانەی سیمای هەر کۆمەڵگەیەک دەنەخشێنن . بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش چاوێک بە واقیعە پەروەردەییەکەی کوردستاندا دەخشێنین و دەبینین:
– پەروەردەو فێرکردنی باو ، پەروەردەو فێرکردنی بانکییە ، تەڵقین و ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ، نەک هەر بە فراوانی پەیڕەو دەکرێن ، بەڵکو وەک باشترین رێگای پەروەردەیی چاویلێدەکرێت و لەسایەیدا پەروەردە خۆی دەجوێتەوەو پەیتا پەیتا چۆنایەتیی مامۆستایان و چۆنایەتی خوێندکاران ، لەسەر بنەمای تەڵقین سازدەدرێنەوەو سیستمی خوێندن بە جێگیریی رادەگرن .
– هوشیاریی رەخنەگرانە لە قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا نییە ، ئاڕاستەیەکی زانستی و رەخنەگرانە بۆ تاوتوێکردنی گرفتەکان و گەیشتن بە چارەسەرکردنی دروست لە ئارادا نییە .
– کولتوری بێدەنگیی رێسای پەیوەندیی ئاستەکانە ، بەتایبەتی لە پەیوەندییە ستوونییەکاندا ، هەر لەنێو ماڵەکانەوە تا دەگاتە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و سەرتاپای پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکانی نێو کۆمەڵگە .
– پەروەردەو پرۆسەی خوێندن دەستەوسانە لە بەدیهێنانی مرۆڤبوون ، نەوەکان دێن و دەڕۆن و مرۆڤە ستەملێکراوەکان وەکو خۆیانن و ئاسۆیەک بۆ گێڕانەوەی شوناسی مرۆڤانەیان نییە ؛ قوتابخانەو فێرکردنی باویش هەتادێت ئەو واقیعە تاڵە جێگیرو بەرجەستەتر دەکات ، واتە کولتوری داماڵینی مرۆڤبوون لە مرۆڤی کورد بەگشتی بەردەوامە .
– پەروەردە لە خزمەتی دەسەڵاتداراندایە ، سیستمی قوتابخانە ، پەیوەندییەکان ، بەرنامەکان ، رێگاکانی وانەگوتنەوە ، چالاکییەکان ، ئەزموونەکان ، لەخزمەتی واقیعە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکەدایە ، کۆیلەیەتی دەسەپێنن و کۆیلە پێدەگەیەنن .
– سیستمی گشتیی پەروەردەو فێرکردن شایستە نییە بۆ بە کولتورکردنی رەخنەو رەخنەلەخۆگرتن و گیانی بەرزی دیالۆگ و پەسەندکردنی بەرامبەرو گەیشتن بە هوشیاریی و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە .
– پێشێلکردنی پرەنسیپی ئازادی ، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵ و ، چ لەسەر ئاستی دامەزراوەو سیستمی پەروەردەیی و نەبوونی هەلی چوونیەک بۆ خوێندن و ، هاندانی بازرگانیکردن بە خوێندنەوە ، هەر لەچاوپۆشین لەو مامۆستایانەی وانەی تایبەت دەڵێنەوە ، تا دەگات بە مۆڵەتدان بە کردنەوەی قوتابخانەو پەیمانگەو زانکۆی بازرگانە بیانی و خۆماڵییەکان .
– پەیڕەوکردنی دەسەڵاتگەریی لە نێو سیستمی پەروەردەدا وەک رەنگدانەوەی دەسەڵاتگەریی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەدا . پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستاو قوتابی ، بەڕیوەبەرو مامۆستا ، سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی و پسپۆڕی و مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکان ، دەزگا باڵاکانی پەروەردەو ئاستەکانی خوارەوە لە دامەزراوەکەدا ، تەنانەت نەخشەی بینای قوتابخانەکان و شێوازی رێکخستنی دانیشتنی قوتابیان لە پۆلداو جێی راوەستان و وانەگوتنەوەی مامۆستا ، بۆ دەسەڵاتگەرێتی سیستمەکە لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەڵگەن .
– شێوازی دەستڕاگەیشتن بە زانست و زانیاریش ، پراکتیکی خوێندنە بانکییەکەیە . مامۆستا سەرچاوەیەو خوێندکار تەنها ئەمباری کۆکردنەوەی زانارییە ، تا دوایی لە تاقیکردنەوەکاندا وەکو خۆی بیانداتەوە بە مامۆستاو لەڕێی چۆنایەتی وەڵامە ئەزبەرکراوەکانەوە چارەنووسی مانەوە یان بەرزبوونەوەی بۆ پۆلێکی سەرووتر بڕیاری لەسەر بدرێت ؛ لە بری ئەوەی خوێندکار بە یارمەتی مامۆستا خۆی بۆ زانیاری بگەڕێت و میتۆدی فێربوونێکی بدەنێ کە بتوانێت پشتبەخۆی ببەستێت و لە ئاستی شیکردنەوەو توێژینەوەی راستییەکان و پێکەوەگرێدانی زانیارییەکان و هەڵسەنگاندن و پراکتیکیان دانەمێنێت .
لەڕاستیدا پەروەردەو فێرکردن لە عێراق و کوردستاندا لە ماوەی نەوەد ساڵی رابردوودا ، هەر لە سەردەمی ئینگلیزو پەروەردەیەک کە ئەوان سەپاندیان و دواتر فەرمانڕەوایی پاشایەتی عێراق پەیڕەویانکرد ، تا دەگاتە پەروەردەی سەردەمی دامەزراندنی کۆماری عێراق و حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی ، کە بە روخاندنی بەعس کۆتایی هات و لە شوێنەواریدا پەروەردەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و پەروەردەی ژێر سایەی ململانێی تایەفەگەریی لەعێراقدا خستۆتەوە ، بەپێ تیۆرییەکانی فرێری لەم کتێبەیدا ، پەروەردەی دەستی ستەمکارانەو ، ستەملێکراوان جگە لە کۆیلەیەتی ( فیکروکار ) و گەوجاندن و ملکەچی و نەزانی و رۆشنبیرییەکی رووکەش و نزم و خۆبەکەمزانین و خۆڕادەستکردنی ” قەدەرو چارەنووس ” ێكی بۆدیاریکراو ، هیچ دسکەوتێکی دیکەیان نەبووە .
من خوێندنەوەیەکی وردی ئەم کتێبە بۆ مامۆستایان و گشت پەروەردەکاران و دایکان و باوکانی خوێندکاران بە زەرورەت دەزانم ، پێموایە گۆڕانکارییەکی دیار لە هزری سیاسی و پەروەردەییدا بەرپادەکات. بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانم دەستخۆشی لە وەرگێرەکەی بکەم . ئەم کارە نایابەی شایانی پێزانین و ستایشە . بەڕاستی رەنج و ماندووبوونێکی زۆر بەم بەرهەمەیەوە دیارە ، هەوڵیداوە بەزمانێکی پاراوی کوردی پێشکەش بە خوێنەرانی کوردی بکات ، ئەگەرچی وەرگێڕانی بەرهەمە زانستییەکان بۆ سەر زمانی کوردی کۆسپی هەژاریی زاراوە زانستییەکانی لەبەردەمدایەو ، هێشتا زمانی کوردی لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیدایە بۆ ئەوەی ببێتە زمانی زانست . هیوادارم توانیبێتم بەم پێشەکییە بەشداریی هەر خوێنەرێکم کردبێت کە بە پەرۆشەوە ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە ، هەروەک هیوادارم گەنجەکانی کورد لە تاراوگە شاکارە جیهانییەکان لە زمانە بیانییەکانەوە وەربگێرنە سەر زمانی کوردی و بۆ ئەم خزمەتە مەزنە درێغی نەکەن .