خۆشەویستیی و بەرژەوەندیی
فوئاد قەرەداغی
10 – 2 – 2019
یەکەم …
خۆشەویستیی چەمکێکە هەموو ئاینەکان و فەلسەفەکان وئایدیاکان ، لەسەرەتای بوونی مرۆڤەوە تا ئەمڕۆ لێی دواون ، بەرەهایی پێناسە ناکرێت ؟
دووەم …
خۆشەویستیی بەهەموو جۆرەکانیەوە هۆکارو بنەمای تایبەتی و ئامانجی دیاریکراوی هەیە ، تەنها بە نیازچاکیی نابەخشرێت .
سێیەم …
خۆشەویستی و رکوکینە دوولایەنی ناکۆکییەکن لە پەیوەندیی عاطیفی نێوان مرۆڤەکاندا ، دەشێت بەپێی بەرژەوەندییە جیاوازەکان جێگۆڕکێ بکەن .
چوارەم…
بنەماکانی سۆزی خۆشەویستییە جیاجیاکان ، بەرژەوندییە شەخسی و کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانن ، بەم واتایە خۆشەویستیی چەمکێکی چینایەتییە .
پێنجەم …
بەپێی چەمکی بەرژەوەندیی ، پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان ئەندامانی خێزانیش بەدەرنییە لە بەرژەوەندییە ماددی و مەعنەوییەکانی نێو کۆمەڵگا .
شەشەم …
خۆشەویستییە جیاجیاکانی نێو کۆمەڵ کاریگەرێتیی ئاین و یاساو دابونەریت و بەرژەوەندیی ئابووری و فەلسەفەی کۆمەڵایەتییان بەسەرەوەیە .
حەوتەم …
بەخشینی خۆشەویستیی رەها لەم کۆمەڵگا چینایەتییەدا بیرکردنەوەیەکی ساکارو خۆشخەیاڵی و خەونێکی ئایدیالیستانەیەو ناتوانرێت بەدیبهێنرێت .
هەشتەم …
ئاساییترین و راستگۆترین و سروشتیترین پەیوەندیی خوشەویستیی ، پەیوەندی نێوان ژن و پیاوێکە بەدەرو جیا لە هەر بەرژەوەندییەک .
نۆیەم …
بەخشینی خۆشەویستیی بەهەموو بوونەوەرێک و بەهەرچی لەم گەردوونەدا هەیە ، بیرۆکەیەکی سۆفیگەرایانەیە و لە ئاستی خەیاڵدا دەمێنێتەوە .
دەیەم …
بەهای خۆشەویستیی بۆ ئیمانداران ، بەرژەوەندیی بەدەستهێنانی رەزامەندیی خوداو شادبوونە بەو بەهەشتەی بەڵێنی پێداون .
یازدەیەم …
خۆشەویستیی سۆفیانە بۆ خودا ، بەرژەوەندیی توانەوەی تێدایە لەنێو زاتی خودادا ” فەنا فیللا ” و بۆ بەهرەمەندبوونە لەنووری ئەبەدیی خودا .
دوازدەیەم …
بەرژەوەندیی تایبەتی و چینایەتی سەرچاوەی خۆشەویستی و پشتگیرییە بۆ هەر باوەڕێک-حزبێک-سەرکردەیەک و ، بەرنامەیەکی پراکتیکیی کارکردن .