Archive | ئازار, 2017

پشتگیریی کەمپینێکی کچان و ژنانی کوردستان

24 ئازار

پشتگیریی کەمپینێکی کچان و ژنانی کوردستان

کۆمەڵێک لە کچان و ژنانی کوردستان بە دەستپێشخەریی خاتو لەنجە خاوێ ، کەمپینێکیان بۆ بەرپەرچی نەرێت و بەهایەکی دواکەوتووانەی کۆمەڵگەی باوکسالاریی و پیاوسالاریی بەڕێخستووە . ئەمە هەنگاوێکی بوێرانەو بەزاندنی سنوورێکی سەپێندراوی رەوتە کۆنەپارێزەکانە . ئەمە بەرەوڕووبونەوەی ئەو گەمارۆ کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەی نوێنەرانی توێژێکی دواکەوتووی کۆمەڵگایە ، کە بەسەر کچان و ژناندا سەپاندوویانەو ، وەک پێشێلکردنی مافی بوونی سەربەخۆو مرۆڤانەیان پەیڕەویدەکەن . ئەمە رەفتارێکە لە دواکەوتووترین ئایدیای چینە چەوسێنەرەکانی کوردەوارییەوە سەرچاوە دەگرێت . من پشتگیریی تەواوی ئەم کەمپینە دەکەم ، بانگهێشتی کچان وژنانی هاوڕێ و دۆست و ناسیاوو کەسوکارم دەکەم ، هاوپشتیان بن و ، هەریەکەیان بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆیان و دەقی راگەیاندنەکە ، بەشداریی سەرکەوتنی کەمپینەکە بکەن . ( فوئاد قەرەداغی ) ١١ ی مارتی ٢٠١٧

راگەیاندنەکەی خاتو لەنجە خاوێ

” ئێمەی كچان و ژنانی كوردستان ئيتر ناترسین. چیتر لە خەمی بردن و بڵاوبوونەوەی وێنەكانمان نین. ئێمە بڕوای تەواوەتیمان بە خۆمان ھەیە. ناترسین لەو ھەڕەشانەی كە لەڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە پێمان دەگات. چیتر ئێمە لەترسی بردن و بڵاوبوونەوەی وێنەكانمان خۆمان ناشارینەوە.
تۆی كچ و ژن گەر لەگەڵ ئەم پەیامەی مندایت. ئەوا وێنەیەكی خۆت بە پەبلیك لە فەیسبووكی خۆت لە واڵەكەتدا دابنێ و ئەم نوسراو ھاشتاگەی لەگەڵ دابنێ “.
سوپاس بۆ پشتگیریكردنی بیرۆكەكەم.
لەنجە خاوێ

دیمانەی هەفتەنامەی ژیانەوە ئۆرگانی یەکێتیی ژنانی کوردستان لەگەڵ فوئاد قەرەداغی

21 ئازار

ژیانەوە : ئایا سیستمی فێرکاری تاچەند هاوکارە بۆ چاندنی هزری ناتوندوتیژی و پێکەوە ژیان لە کۆمەڵگادا؟؟

فوئاد قەرەداغی : سەرەتا لەبەر رۆشنایی دەقی پرسیارەکەدا ، چەند پرنسیپێک بۆ ئاڕاستەی وەڵامەکانم دەستنیشاندەکەم ، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ناوکۆیی پرسە پەروەردەییەکان کۆمانبکاتەوەو دیمانەکە سوودی خۆی بگەیەنێت .
أ – ئەو سیستمەی ناوی فێرکاریی لێنراوە ، چەمکی فێربوونی بۆ دابنرێت راستترە ،چونکە پڕۆسەکە فێربوونە نەک فێرکردن . لەم پڕۆسەیەدا فێرخواز تەوەرەی سەرەکییە نەک فێرکار ، بەئەنجامگەیشتنی کردارەکەش بەبێ هەوڵی خودی فێرخوازان نابێت ، واتە بازنەی پڕۆسەکە لە بەدیهاتنی فێربووندا دادەخرێت .
ب – ئەوەی هەتا چەند ، یان تاچ رادەیەک سیستمی پەروەردە لەکایەیەکدا توانایی هەیە یان نە ، بەندە بەسەرەنجامی لێکۆڵینەوەو تۆژینەوەی پەروەردەیی پشتبەستوو بە ئامارێکی وردەوە ، بۆیە ناتوانرێت ئەو چەندە یان ئەو رادەیە دیاریبکرێت و ، هەر رایەک لەو بارەیەوە بدرێت ، رایەکی پەیوەست بە ئەزموونی شەخسی و گۆشەنیگای تایبەتییەوە دەبێت .
ج – توندوتیژیی لە مێژووی مرۆڤدا شوناسێکی چینایەتی هەیە ، ئاوێتەی ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکانە ، لەبەر ئەوە تا گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ناچینایەتی ، توندوتیژیی دەمێنێت و ، بەڕادەی چوونە پێشەوەی ململانێکان بەرەو ئەو کۆمەڵگایە گۆڕانکاریی بەسەردادێت ، دەستبەخاوبوونەوە دەکات تا سەرەنجام کۆتاییان پێدێت .
د – لەبەرئەوەی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ گەشەکردنیان ناهاوتایەو ، پلەی گەشەکردنیان جیاوازەو ، هەلومەرجێکی ئابووری – سیاسی – کۆمەڵایەتیی جیاجیایان هەیە ، ئەوا بەوپێیەش ئاستی گەشەکردنی سیستمی پەروەردەییان جیاوازدەبێت ، هەلومەرجی تایبەتی هەر سیستمێک لە هەلومەرج و پرنسیپە گشتییەکانی پەروەردە وفێربوون جیاوازدەبێت و ، دواتر ئەم سیستمە ، تەنها لە گەشەکردنی مێژوویی خۆیدا رایەڵەکانی یەکدەگرنەوە .
ها – بەوەرگرتنی ئەم پرنسیپانە ، سەبارەت بە توندوتیژیی و پەیوەندیی تایبەتی بە سیستمی پەروەردەیی ئەم بەشەی کوردستانەوە دەدوێین.
چ لەنێو خەڵک و چ لەنێو مامۆستایان و رۆشنبیراندا بۆچونێکی باو هەیە ، پەروەردە بەچارەسەری هەموو کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت ، وزەیەکی جادووگەرانەو توانایەکی بێ ئەندازە بە سیستمی خوێندن دەدات ، هەتا رادەی پیرۆزاندنی بەرنامەکان و قوتابخانەومامۆستایانیش . ئەم بۆچوونە لەتێکەڵکردنی شوێنی سیستمی پەروەردە لەنێو گشت سیستمی کۆمەڵایەتییەوە دێت . پەروەردە لەپێشترە یان سیاسەت و ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی ؟ بەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ، پرسیارێکیدی یەکلایی دەکەینەوە سەبارەت بەوەی توندوتیژیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەپێشترن یان توندوتیژیی نێو سیستمی پەروەردە ؟ کامیان سەرەکییەو کامیان پاشکۆیە ؟ کامەیان هۆکارو کامەیان ئەنجامە ؟
دیارە رێگای زانستانە بۆ بڕیاردان و وەڵام بەم پرسیارانە ، پەیڕەوکردنی لێکۆڵینەوەو تۆژینەوەیە ، بوونی ئامارە لەسەر هەموو لایەنەکانی واقیع . ئەمە بوارێکە بەنیوەناچڵی لە کوردستاندا کراوە ، ئەوەندە ورد نییە پشتیپێببەسترێت ، بۆیە ئەمڕۆ تەنها رێگای تێبینی و راگەیاندن لەبەردەستدا هەیە . ئەم رێگایەش بەو سەرەنجامە دەگات کە توندوتیژیی لەنێو سیستمی پەروەردەدا رەنگدانەوەی توندوتیژیی نێو کۆمەڵە ، تیشکدانەوەی توندوتیژیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە . کۆمەڵ لەمڕووەوە سەرچاوەیە . واقیعێک هەیە پڕاوپڕی توندوتیژییە ، واقیعێکە تەواوی سیستمی پەروەردە دەخاتە بازنەی کاریگەرێتی خۆیەوە ، بۆیە سیستمی پەروەردە بەم بارودۆخەی ئێستایەوە نەک هەر هاوکارنییە بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژیی ، بەڵکو بۆخۆی هۆکارێکی چالاک و بەرچاوی خستنەوەی توندوتیژییە بە هەموو جۆرەکانیەوە .
بۆ سەلماندنی ئەم واقیعە گشتییە و کاریگەرێتی لەسەر سیستمی پەروەردە ، دەچینە نێو خودی پڕۆسەی خوێندنەوە ، واتە دەست بۆ توخمەکانی پەروەردە دەبەین ، بوارەکانی توندوتیژیی و رەتکردنەوەی پێکەوەژیانیان تێدا دەخوێنینەوە .
زانستی پەروەردەو فێربوون، بوارە پەروەردەییەکان بەسەر دوو جۆرە توخم( عنصر ) دا دابەشدەکات : توخمی ماددی و توخمی مرۆیی .
هەریەک لەبەرنامەکانی خوێندن و پەڕاوەکان ، رێگاکانی وانەگوتنەوەو هۆیەکانی فێربوون ، هەڵسەنگاندن و ئەزموونەکان ، ژینگەی قوتابخانەو ژینگەی پۆل … هتد ، توخمی ماددین ؛ دەسەڵاتدارانی پەروەردەیی وەزارەت و بەڕیوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە ، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ، بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکانیان ، مامۆستایان ، قوتابیان و خوێندکاران ، کرێکارەکانی قوتابخانەو کەسوکاری فێرخوازان ، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، توخمە مرۆییەکانن . سیستمی خوێندن بە یەکانگیربوونی کارو کاریگەرێتی هەموو ئەو توخمانە بەڕێوەدەڕوات .
١ ) توندوتیژیی توخمە مادییەکان : هەموو توخمە ماددییەکان هەمامەنگیی لە مەنگەنەدانی نەوەکان دەکەن ، مێشکیان دەشۆنەوە ، لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران و حزبەکانیان و ئەو چەمکە سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووریانەی دەیخوازن ئاڕاستەیان دەکەن . بەرنامەکانی خوێندن لێوانلێوە لە ئایدیای کۆنەپەرستی و نەتەوەچێتی و راسیزم . ئەم بەرنامەو کتێبانە لەسەرەوە بۆ خوارەوە دادەبەزن . بۆ دانانیان بیروڕای مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریان وەرناگیرێت .
لەرێگاکانی وانەگوتنەوەدا رێگای تەڵقین و ئەزبەرکردن و هەڵگرتنی بانکیانەی زانیارییەکان پەیڕەودەکرێن ، هیچ بوارێک بۆ ئازادی و بیرکردنەوەی سەربەخۆی قوتابیان و خوێندکاران ناهێڵرێتەوە ، توندوتیژیی بە سەرزەنشت و لێدان ، ئامرازێکی باوی سەرخستنی ئەم شێوازەیە لەم سیستەمەا ، تەنانەت ئەرکی ماڵەوە وەک سزایەک بەسەر خوێندکاران و قوتابیاندا دەدرێت ، بەشێوەیەک بێزاریان دەکات و بۆ کاری زۆرەملێی دەسەڵات لە ئایندەدا رامیاندەکەن .
ئەوەی بۆ راهێنانی قوتابیان و خوێندکاران لەسەر پێکەوەژیان پێویست بێت ، برەوپێدانی کەلتووری دیالۆگە . ئەم کەلتوورە ، کەلتووری دیالۆگ لە رێگاکانی وانەگوتنەوەدا جێگایەکی نییە ، نەک هەر باو نییە ، بەڵکو لەسایەی ترساندن و تۆقاندن و کاری توندوتیژیی نێو قوتابخانە لەئارادا نییەو لەسایەی سیستمی پەروەردەییدا رێگەیپێنادرێ ؛ ئەوەشی بەناوی رێگای گرووپەوە ماوەیەک لێرەو لەوێ پەیڕەوکرا ، سەرکەوتنی بەدەستنەهێناو تەنها لەچوارچێوەی هەندێک هەوڵی هوشیارانەی کۆمەڵێک مامۆستادا مایەوە .هەڵبەت راستیی سڕینەوەی کەلتووری جیاوازبوون ( ناکۆکبوون )پەیوەندە بە کەلتووری دیالۆگەوەو بەم کەلتوورە راو رای بەرامبەر جێوڕێیەکی لە سیستمەکەدا دەبێت.
سەرچاوەیەکی دیاری سڕینەوەی کەلتووری دیالۆگ ، وەک فەیلەسوف و پەروەردەکاری بەڕازیلی ( پاولۆ فرێری ) دەڵێت : کەلتووری بێدەنگییە . باوبوونی ئەم کەلتوورە بنەمایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیەو ، لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندایە هەروا بمێنێتەوەو لەسایەیدا کەلتووری دیالۆگ و جیاوازبوون خامۆش بکەن .
یەکێک لە سیماکانیدیکەی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن ، پرۆسەی هەڵسەنگاندن و ئەزموونەکانە . ئەم پڕۆسەیە بۆتە مەبەستی خوێندن و لە ئامانجە پەروەردەییەکەی داشۆراوە ، بەردەوام فشارێکی دەروونی لەسەر قوتابیان و خوێندکاران و کەسوکاریان هەیە . کەشێکی نادروستی لە قوتابخانەو هۆڵەکاندا بۆ سازدەکرێت . بەجۆرێک کاریگەرییەکی نەرێیانەی کردۆتە سەرئاستەکانی خوێندن و ساڵ نییە چەندین کوێرەوەری بۆ خوێندکاران نەهێنێت و کاردانەوەی توندوتیژیی خوێندکارانی بەرامبەر خودی خۆیان لێنەکەوێتەوە .
٢ ) توندوتیژیی توخمە مرۆییەکان : یەکەم بەدیهیات لەم بابەتەدا ئەوەیە : هەموو کاریگەرێتییە مادییەکان لەڕێی توخمە مرۆییەکانەوە دەخرێتە بواری جێبەجکردنەوە . ئەوە توخمە مرۆییەکانن راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ، شێوازی توندوتیژیی پراکتیک دەکەن و بە کردەوە هیچ بوارێک بۆ پێکەوەژیان ناهێڵنەوە ، رێگری لە کەلتووری دیالۆگ وئازادی وناکۆکبوون دەکەن و ، ملکەچی و پاشکۆیی و بێدەنگی و ترس و توندوتیژیی دەخەنەوە .
پەیوەندییەک لەسەرەوە بۆ خوارەوە ، توخمە مرۆییەکانی نێو سیستمی پەروەردەوفێربوون بەیەکەوە دەبەستێتەوە . ئەم پەیوەنییە بەشێوەیەکی ستوونییە . پلەکانی سەرەوە توندوتیژیی بەرامبەر ئەوانی خوار خۆیان بەکاردەهێنن .ئەو توندو تیژییە هەر لە لایەنی دەروونییەوە تا سەر سەرزەنشت و رەخنەی زبرو سزائیدارییەکان لە ئاستەکانی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دەسگاکانیدیکەی پەروەردە دەگرێتەوە . هەر بەو شێوەیەش بەرامبەر قوتابیان و خوێندکاران تا بە سزای جەستەیی دەگات . نەرێتی داروەشاندن هێشتا کاریپێدەکرێت ، ئەگەرچی بە فەرمانە رەسمییەکان قەدغەکراوەوبەپێی چەندین رێنمایی دەسگا باڵاکانی پەروەردە سزای بۆ دانراوە . مامۆستایانیش مافەکانیان پێشێلدەکرێت ، دەنگیان کپدەکرێت ، بەرەوڕووی توندوتیژیی دەبنەوە ، هەرلە هەڕەشەو چاولێسوورکردنەوەو دوورخستنەوەوە تا گرتن و ئازاردانیش . دیارە لەنێو ئەم توخمانەدا قوتابی قوربانیی سەرەکیی توندوتیژییەکانە چونکە سەرباری هەموو ئەولایەنانی توندوتیژیی کە ئاماژەمان پێکرد ، چەوساندنەوەو سووکایەتی و توندوتیژیی مامۆستاکانیشیان دێتەسەر .
بە کورتی و پوختی لەم سیستمەدا ، تا مەودایەکیدیکەی مێژوو و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ، بوارێک بۆ بەلاوەنانی توندوتیژیی و پێکەوەژیان نەماوەتەوە .ئەمەش لەگەڵ پێکهاتەی خێزان و تایەفەگەری و سیستم و ئەقڵییەتی باوی خێڵەکیی کۆمەڵی کوردەواریدا دێتەوە . بە واتایەکیدیکە ناکۆکییەکانی بواری پەروەردەوفێربوون ، ناکۆکی نێوان ملکەچی و یاخیبوون ، ناکۆکی نێوان چەوساندنەوەو بەرەنگاربوونەوە ، شێوازی تەڵقین و شێوازی ئازادی بۆ فێربوون ، توندوتیژیی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان ؛ ئەمانە هەمووی بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی شۆڕشێکی پەروەردەیی و گۆڕانکارییەکی ریشەیی – نەک ریفۆرمیستی – لەسیستمەکەدا روودەدەن .

ژیانەوە : ئایا سیستمی فێرکاری تا چەند کاریگەری لەسەر جیاوازی رەگەزی هەیە لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا؟؟

فوئاد قەرەداغی : پرسی ژنان ، هەمیشە خاڵی کۆبوونەوەی ململانێکانی نێو کۆمەڵگا بووە . هەمیشە لە وەرچەرخانە مێژووییەکان و گواستنەوە لە پێکهاتەیەکی ئابووری – کۆمەڵایەتییەوە بۆ پێکهاتەیەکیدیکە ، چینەکان و نوێنەرە سیاسییەکانیان ململانێکانیان لەسەر ئەم پرسە توندتر بۆتەوە ، تا هەریەکە سەرەنجامی ململانێکان بە بەرژەوەندیی چینایەتی خۆی بشکێنێتەوە . دامەزراوەکانی سەرخانی کۆمەڵایەتی لەم ململانێیانەدا رۆڵێکی کاریگەریان هەبووە . یەکێک لەوانە دامەزراوەی پەروەردەو فێربوون و سیستمەکەی بووە . چینی باڵادەستی کۆمەڵگا ، هەمیشە ئەم دامەزراوەیەی بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی ئاڕاستەکردووەو، سیستمێکی گونجاوی بۆ داناوە .
ئەم سیستمە لەبەرامبەر پرسی ژناندا بەرنامەی خۆی هەبووەو کاریگەریی خۆی لەسەر داناوە . کاریگەرێتیی سیستمی خوێندن لەبەرتیشکی خواستی چینە باڵادەستەکاندا بووەو ، هێزە چینایەتییەکانیدیکەش بەرنامەکانی خۆیان هەبووەو ململانێی دەسەڵاتیان پێکردووە.
ئێمە لە کوردستاندا دەرگیری ئەو ململانێیەین . چ دەسەڵات و چ لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات ، خاوەنی بەرنامەی خۆیانن . ئەوەی ئێستا لە بواری پەروەردەوفێربووندا دەگوزەرێت سیاسەت و بەرنامەی دەسەڵاتەو بەپێی جیهانبینی و بەرژەوەندییەکانی دەرەوەو ناوەوەی ئەو دەسەڵاتە داڕێژراون .
دەسەڵات لە کوردستاندا ، بەدەر لە بانگەشەی دیماگوگیانەی بەسویدیکردنی پەروەردە ، کاریگەرێتی پەروەردەی وڵاتانی دراوسێی لەسەرەو ، لەسەرئاستی ناوخۆشدا پڕکێشیی ئەوە ناکات سنووری رەوتە کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگا تێبپەرێنێت ، بۆیە سیستمی پەروەردە سیمایەکی شڵەژاوی هەیەو ، ئاڕاستەی رەوتەکەی بەرەو چ کەنارێکە ، هێشتا روون نییە .
کاتێک لەسەر کاریگەریی سیستمی پەروەردەو پەیوەندیی بە جیاوازیی رەگەزییەوە دەدوێین ، دەبێت واقیعی ئەودوولایەینییە فەرامۆش نەکەین کە دەشێت سیستمەکە یەکێکیان بگرێتەبەر ، یان ئاوێتەیەکی هەردوو لایەنەکە پڕاکتیک بکات ، واتە لەلایەک دۆستە دوورو نزیکەکانی دەرەوەی و لەلایەکیدیکەوە فشارە ناوخۆییەکان . لەبەرئەم واقیعەی ئاماژەمان بۆ کرد ، پێویستیمان بە چەند لێکۆڵینەوەو تۆژینەوەی زانستیانە دەبێت تا بتوانین بەرنامەی ئایندە دابڕێژین و ، روانگەی تەمومژاوی و سیمای کۆنەپارێزانەی ئەمڕۆی سیستمی پەروەردە لەبواری جێندەریدا دیاریبکەین .
دەبێت کاریگەریی سیستمی پەروەردە لەسەر جیاوازیی رەگەزیی یەکلاییبکرێتەوە . بەبێ یەکلاییکردنەوەی هەڵوێست ، بەوەی رەوتی کۆنەپارێزیی بە رەوتێکی پێشکەوتووانەی هاوچەرخ بگۆڕدرێت ، گەیشتن بەم سەردەمە ئەستەمەو هەردەبێت بەدوای جیهانی روو لە گەشەکردن و پەرەسەندن و پێشکەوتندا هەناسەبڕکێمان بێت .
کاریگەریی ئەرێیانە ی سیستمی پەروەردەوفێربوون لەسەر جیاوازی رەگەزیی ، دەبێت بە پڕۆسەی ئازادی و یەکسانیی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا تێپەڕێت ، پلە دوویی و نزمیی جێوڕێی ژنان کۆتاییپێبێت ، ژنان و پیاوان پراکتیکی مافی بوونی سەربەخۆی مرۆڤانەی خۆیان بکەن .
کاتێک سەرچاوەی کار ئەم پرنسیپانە دەبێت ، یەکەم هەنگاوی بنبڕکردنی جیاوازیی رەگەزیی لە قوتابخانەو خوێندنگاکاندا دەنرێت ، قوتابیان و خوێندکاران بەجیاوازیی رەگەزییانەوە وەکوو یەک مامەڵە دەکرێن ، هەلی چوونیەکیان ، بۆ خوێندن و گەشەکردن و پەرەدان بە تواناکانیان ، بەردەم دەخرێت ، جیاکردنەوەیان لە قوتابخانەو خوێندنگای جیاوازدا لەسەر بنەمای رەگەزیی نامێنێت ، بەمەش بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندروستیی بێگرێی دەروونی دادەنرێت ، ناسنامەی مرۆڤانەی کوڕان و کچان جێی ناسنامەی رەگەزییان دەگرێتەوە .
دیارە بەدیهێنانی ئەم ئەرکە ، پێڕەوکردنی بەرنامەیەکی وەها ،کارێکی ئاسان نییە چونکە لە واقیعی ئەمڕۆدا نییە ، سیستمی پەروەردە لە باوەشی کۆمەڵگای باوکسالاریدا پڕخەی دێت ، واقیعی رۆژانەی دامەزراوە پەروەردەییەکان ، پەیوەندییەکانی نێوان کچان و کوڕانی خوێندکار ، پەیوەندییەکانی ژنان و پیاوانی مامۆستا لە قوتابخانەو خوێندنگاکاندا رەنگدانەوەی واقیعە کۆمەڵایەتییەکەیەو ، لەژێر سایەی سیستمی باوکسالاری و پیاوسالاری و گەورەسالاریدایە . ئەم سێ چەشنە ” سالار “ییەش تەنها کۆیلایەتی بەرەنجامێتی . بۆیە هەتا کۆمەڵگای باو ئەم سێ سیستمە ( یەک سیستم لە واقیعدا ) سەروسیماو ناوەرۆک و پەیوەندییەکانی دیاریبکات ، ئەوا دامەزراوەکانیشی ، بە قوتابخانەو خوێندنکارانیشیەوە کۆیلایەتی بەرهەمدەهێننەوە ، بۆیە بێ دوودڵی دەتوانین سیستمی پەروەردە بە مەڵبەندی بەرهەمهێنانی کۆیلەی کارو کۆیلەی دەسەڵات و کۆیلەی دواکەوتووترین ئایدیاکان لە قەڵەم بدەین .
لێرەدا پێشبینی چەند پرسیار لەسەر ئەم بیروبۆچوونانە دەکەم ، بۆیە ناکرێت هەروا بەجێیانبهێڵین ، گرنگترینیان راستیی بوونی کەرتێکی فراوانی کچانی قوتابی و خوێندکارە ، راستیی بوونی کەرتێکی فراوانی ژنانی مامۆستایە . ئایا ئەم دوو کەرتە فراوانە ئاماژە بەهیچ گۆڕانکارییەک لە سیستمی پەروەردەدا ناکەن ؟ ئەمە بۆ خۆی بە پێشکەوتن ئەژمار ناکرێت ؟ ناتوانرێت ئەمە وەک جۆرێک لە پساندنی کۆت و پێوەندەکانی دەست و پێی ژنان چاویلێبکرێ ؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەرێیەکی نیسبییە . راستە گۆڕانکارییەک روویداوە ، هەنگاوێکی ئەرێیانە نراوە ، هەست بە پێشکەوتنێکی فۆرماڵیی
دەکرێت ، لەڕووی چەندایەتییەوە بەراوردی ئەمڕۆو چەند دەساڵێک لەمەوبەر ناکرێت ، بەڵام جەوهەری گۆڕانکاریی لە ئارادا نییە ، کۆیلەیەتی یەکبینەیی بەخۆیەوەگرتووە ، بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی پێکنەهێناوە ، کچان و ژنانی خوێندکارو مامۆستای لە دەریای خەرافییات دەرنەهێناوە ، ژیانی ئەم رەگەزەی سەختترکردووە ، رادەی چەوساندنەوەی بەرزکردوونەتەوە ، هەر بە کۆیلەی چواردیواری ماڵەوە نەماونەتەوە بەڵکووەک کۆیلەی کاری کرێگرتە فڕێیداونەتە نێو هێزی کارەوە … هتد .
ژێرەوژوورکردنی ئەم واقیعەی ئەمڕۆی جیاوازیی رەگەزی نێو پڕۆسەی خوێندن بە تایبەتی و ، نێو کۆمەڵ بە گشتی ئەرکی بەردەوامی نەوەکانی ئەمڕۆو دواڕٶژە ، ئەرکێکی گرانە ، بەڵام سەرباری هەورازو نشێوەکانی سەرەڕێی ، لەسەرپێی خۆی دەڕوات و، رۆژبەڕۆژ لە بەدیهێنانی ئامانجی ئازادی و یەکسانی و مرۆڤبوون نزیکدەبێتەوە .

ژیانەوە : ئایا تۆ هیچ تایبەتمەندیەکی فەلسەفەی پەروەردە دەبینیت لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندگەکاندا؟ئەگەر هەیە چۆنە و ئەگەر بوونیشی نییە رێگاکان چین بۆ هێنانە کایەوەی؟

فوئاد قەرەداغی : فەلسەفە چییە ؟ ئایا دیدگای فەلسەفەییمان چۆنە ؟ چۆن لە فەلسەفە دەگەین ؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ، رۆڵی فەلسەفە لەژیاندا دیاریدەکەن ، هەڵبەت پەروەردەش یەکێک لەو بوارانەی ژیان دەبێت . ئەگەر فەلسەفە بریتی بێت لە جیهانبینیی مرۆڤ بۆ سروشت و کۆمەڵ و ئایدیای خۆی وەک مرۆڤ ، ئەوا هیچ مرۆڤێک نییە خاوەنی فەلسەفەیەک نەبێت ، یان لەرەفتاری گشتی خۆیدا فەلسەفەیەک پەیڕەو نەکات .
مرۆڤەکان بەپێی بوون و رۆڵیان لە بەرهەمهێنان و جێوڕێیان لە نێو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا ، هەڵگری تایبەتمەندێتی چینێک لە چینەکانی کۆمەڵگا دەبن . مرۆڤی سەرو چینەکان ، مرۆڤی دەرەوەی چینەکان لە کۆمەڵگای چینایەتیدا نییە ، بۆیە روانگەو تێگەیشتنی مرۆڤ لەم جیهانە روانگەو تێگەیشتنێکی تایبەتیی چینایەتی دەبێت .
مەرج نیە مرۆڤ بەم واقیعە چینایەتییەی خۆی بزانێت ، واتە هوشیاریی چینایەتی هەبێت ، بەڵام رەوتی گشتیی ژیانی و کاردانەوەی بەرامبەر هەموو ئەو کەیسانەی دەوروبەری ، ئەو ناسنامە چینایەتییەی دەسەلمێنن .
ئەم شوناسە چینایەتیە ، هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە ، هەموو ئەو دەسگاو دامەزراوانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ لە ململانێی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەرەوڕوویاندەبێتەوە . بواری پەروەردەو فێربوونیش ، وەک بەشێکی گرنگی سەرخانی کۆمەڵایەتی ، لەم ململانێ چینایەتییەی مرۆڤ بەدەر نییە ؛ بۆیە هیچ سیستمێکی پەروەردە نییە فەلسەفەیەکی تایبەتیی نەبێت .
هەموو سیستمێکی پەروەردە یەک جیهانبینی ئاڕاستەی دەکات و ، بەپێی ئەو ئاڕاستەیە نەوەکان پەروەردە دەکات . جیهانبینیی یەکەیەکی تۆکمەی جێگیری فەلسەفەی قۆناغێکی مێژووی هەر کۆمەڵگایەکە و ، مۆرکی گشتێتی خۆی لەسەرتاپای ئەو کۆمەڵگایە دەدات .
لە بواری پەروەردەدا ئەم یەکگرتووییەی فەلسەفە بۆ هەموو بوارەکانی پەروەردەیەو ، لەبەرتیشکی پرنسیپ و روانگە سەرەکییەکانی ، بەرنامەی ئەو بوارانە جێبەجێ دەکرێن . لەبەر ئەوە تایبەتمەندێتییەکی فەلسەفەیی بۆ قۆناغە جیاجیاکانی خوێندن لە ئارادا نابێت ، ( بۆ نموونە ) تایبەتمەندێتییەکی فەلسەفی بۆ قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانکۆ ، هەریەکە بەجیا ، بڕیار نادرێت ؛ هەروەها تایبەتمەندییەکی فەلسەفەیی جیاواز بۆ هەریەکێک لە سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی ، ئامادەکردن و راهێنانی مامۆستایان ، بەرنامەکانی خوێندن ، ئەزموونەکان … هتد ، دەستنیشان ناکرێت . لەسایەی یەک سیستمی ئابووری – سیاسی – کۆمەڵایەتیدا ، یەک سیستمی یەکگرتوو بڕیار دەدرێت و دەبێتە سیستمی باوی پەروەردە . هەر بەم هۆیەوەیە ، داواکردن بۆ جیاکردنەوەی فەلسەفەی قۆناغەکانی خوێندن نەک هەر دروست نییە ، بەڵکو بە کردەوە توانای بەدیهێنانی نییە .
لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت بۆ ماوەیەکی مێژوویی تایبەت ، لاوازیی سیستمی سیاسی ، شێواوییەک لە چۆنایەتی و یەکلاییکردنەوەی فەلسەفەی پەروەردەیی دروستبکات ، سیستمەکە بکەوێتە نێو ململانێی یەک دوو فەلسەفەی جیاوازەوەو ، کێشمەکێشمە سیاسیەکان کاریگەریی لەسەردابنێن . ئەم حاڵەتە کاتی و تێپەڕ دەبێت و ، دواتر بەپێی پێداویستی قۆناغەکە ، یان بەپێی سیستمی باوی باڵادەست ، ململانێکە لە بەرژەوەندیی فەلسەفەی باوو باڵادەست دەکەوێتەوە .
لە کوردستانی دوای بەعس ، فەلسەفەو کەلتووری بەعس بەردەوام بوو . سیستمی پەروەردە پابەندی فەلسەفەیەکی فاشستی – شۆڤێنیستی بوو .ئێستا ئەگەرچی رادەی پەیڕەویکردنی ئەو فەلسەفەیە کاڵبۆتەوە ، بەڵام بنبڕ نەبووەو ، هێشتا کێشەی یەکلاییکردنەوەی فەلسەفەی پەروەردەیی لە ئارادایە .سیستمی پەروەردە لەنێوان واقیعێکی خێڵەکیی باوکسالاری و ئەلتەرناتیڤێکی بۆرژوایی سەرمایەداریدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە ، لەنێوان پێداویستیی گۆڕانکاریی ریشەیی و هەوڵی ریفۆرمیستانە ( پینەوپەڕۆکردن ) ململانێ هەیە ، کاریگەرێتیی ئایدیای نەتەوەپەرستی و ئایینی بەسەرەوەیە ، چینە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێی نوێنەرە سیاسییەکانیانەوە ، لەڕێی بەرنامەو ئەلتەرناتیڤە جیاجیاکانیانەوە ، شێواوییان ناوەتەوەو ئاسۆیەکی تەمومژاوی پێشی رەوتی خوێندنی لە کوردستاندا گرتووە . سەرچاوەی ئەم واقیعە “پەروەردەییە ” ، ناجێگیری بارودۆخی کوردستانە کە هۆکارە دەرەکییەکان و ململانێ ناوخۆییەکان خولقاندوویانە .
لەچەند ساڵی داهاتوودا ، تەنها پێشبینی ئەوە دەکرێت ، سیستمی پەروەردەو فێربوون لە کوردستاندا ، بە سیستمە جیهانییەکەی سەرمایەدارییەوە پەیوەست بێت ، جا ئەو پەیوەستبوونە بەشێوە کلاسیکییەکەی پەروەردەی ژێر سایەی سەرمایە ، یان بەشێوەی ئەڵتەرناتیڤی پەروەردەیی سۆسیال دیموکرات بێت .

ژیانەوە : دەتوانیت بە چ رێگەیەک زەمینە بۆ هوشیاری پەروەردەیی خۆش بکەیت؟

فوئاد قەرەداغی : فێربوون ، رۆشنبیریی ، هوشیاریی ، سێ رەهەندی تێهەڵکێشی پرۆسەی پەروەردەن . فێربوون هەموو جۆرە زانیارییەک و زانستەکان دەگرێتەوە ، کایەی رۆشنبیریش پانتاییەکی فراوانی ئایدیاو ئەدەب و هونەرو ، هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ رۆژانە بۆ یەکبینەیی ژیانی پێویستییپێیانە . هوشیاریی ، بواری پراکتیکیی رۆشنبیری و فێربوون و ، چونیەتی تێگەیشتن و بەکارهێنانی دروستی بابەتەکانی ئەو دوو بوارەیە . ئاستی بەکارهێنانی زانیارییەکان ، بەکارهێنانی داهێنەرانەی بابەتەکانی فێربوون و رۆشنبیریی ، بۆ رادەو ئاستی هوشیاریی بەڵگەن .هەردوو بوارەکە بە ئاڕاستەی هوشیاریی کاردەکەن و ، کوالێتییان لە کاردانەوەو رەفتارەکانی پەیوەند بە هوشیارییەوە دەردەکەوێت .
مەرج نییە هەموو شێوە فێربوونێک ، یان هەموو جۆرە رۆشنبیرییەک ، هوشیاریی لێبکەوێتەوە ، دەشێت فێربوون و رۆشنبیریی مرۆڤ ، لێکدانەوەکانی ، شرۆڤەی بۆ دەوروبەرو بابەتەکانی ، هوشیارییەکی چەواشە بن ، تەنها رواڵەتی دەرەوە دەرببڕن و پەیوەندییان بە جەوهەری کەیسی دیاریکراوەوە نەبێت ، بۆیە توانای جێبەجێکردن و پراکتیک و گۆڕانکاریی ، دەبنە پێوەر بۆ راست و دروستی و سەرکەوتنی پرۆسەی فێربوون . ئەمە راستییەکی گشتییە و هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە ، واتە سەرکەوتنی مرۆڤ لەژیانیداو ، گونجانی ئایدیاو بیرکردنەوەی و هەڵوێستەکانی پێکەوە ، هوشیاریی ، بە هەموو جۆرەکانییەوە دەخوازن ، بەپێی چۆنیەتی کارو ئەو بابەتەی بەرەوڕووی دەبێتەوە ، لەبەرئەوە مرۆڤ پێویستیی بە هوشیاریی سیاسی ، هوشیاریی ئابووریی ، هوشیاریی کۆمەڵایەتی ، هوشیاریی رۆشنبیریی ، هوشیاریی یاسایی و …هتد ، هەیە .
هوشیاری پەروەردەیی ، یەکێکە لەو بوارانەی هوشیاریی کە تایبەتمەندێتی ، چ بۆ پڕۆسەی پەروەردەو فێربوون و ، چ بۆ بەدەستهێنانی جۆرەکانیدیکەی هوشیاریی ، هەیە . باشترین بەرنامەی خوێندنیش ئەوەیە بۆ هوشیارییەکان بنەما بێت ، تاکەکەسی هوشیارو کۆمەڵگایەکی هوشیار بنیادبنێت .
بۆ ئەوەی بەتایبەتی لە هوشیاریی پەروەردەیی بدوێین و ، بزانین چۆن زەمینەی بۆ خۆشدەکرێت ، دەبێت ئەو توخمە مرۆییانە دیاریبکەین کە پێویستییان پێیەتی ، دەبێت بپرسین کێ پێویستی بە هوشیاریی پەروەردەیی هەیە ؟ ئایا پرۆسەیەکی پەروەردەیی سەرکەوتوو بەبێ هوشیارییەکی پەروەردەیی دەبێت ؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین : پەروەردەیەکی سەرکەوتوو ، پەروەردەیەک پرۆسەی فێربوون پەرەپێبدات وبە هوشیاریی پەروەردەیی بگەیەنێت ، دەبێت دەسەڵاتداران و بەرپرسان و پسپۆرانی پەروەردە بگرێتەوە . زەمینەی هوشیاریی بۆ کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران ، مامۆستایان و فێرخوازان خۆشبکات .
دەبێت دەسەڵاتی پەروەردەیی ، یان سەرجەم کاربەدەستان و توخمە پسپۆرەکانی پەروەردە ، ئاستێکی بەرزی شارەزاییان هەبێت و ، شایستەی سەرکردایەتی پڕۆسەکە بن . پێویستە ئەم شارەزاییە چەند لایەنی بنەڕەتیی لە پڕۆسەی پەروەردەوفێربووندا بگرێتەوە ، بۆ نموونە وەک : بەرنامەڕێژیی پەروەردەیی ، لێکۆڵینەوەوتۆژینەوەی پەروەردەیی ، بەرنامەکانی خوێندن ، هەڵسەنگاندن وئەزموونەکان ، سەرپەرشتی و راهێنانی پەروەردەیی و هەر بوارێکیدی کە زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەم بەرهەمی بهێنێت … هتد . پسپۆڕێتی و ئاستی بەرزی شارەزایی ، سیستمی پەروەردە لە هەڵەو لادان و بڕیاری نابەجێ دەپارێزێت و ، زانستەکان و زانستی پەروەردەو فێربوون سەرچاوەی دەبن .
خوێندن پێویستیی بە هوشیاریی پەروەردەیی کەسوکاری قوتابی هەیە . دەبێت ئەوان هاوکاری قوتابخانە بن وکارئاسانی بۆ ئەرکەکانی مامۆستایان بکەن . مەبەست لەهاوکاری بەجێگەیاندنی رۆڵیانە لە پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا . ئەکتیڤکردنی ئەنجومەنەکانی باوکان – دایکان – مامۆستان ، یەکێک لە شێوازەکانی هەماهەنگیی قوتابخانەوخێزانەکانە ، ئەو بوارەیە کە تێیدا سنووری ئەرکی قوتابخانەو ماڵەوە دیاریدەکرێت ، بەشێوەیەک هەریەکەیان ئەرکی خۆی جێبەجێبکات ، لانیکەم خێزانەکان دەست لەکاری پسپۆڕێتی مامۆستایان وەرنەدەن و بەهۆی ئاڕاستەی هەڵەوە ریسەکەیان نەکەنەوە بە خوری و ، پێڕەویی بنەما سایکۆلۆژییەکانی گەشەکردنی منداڵەکانیان ، بەپێی ئەو قۆناغەی تەمەنیان ، بکەن . هەروەها هۆیەکانی راگەیاندنیش رۆڵیان دەبێت لە هوشیارکردنەوەی کەسوکاری قوتابیان ، چ سەبارەت بە ئەرکیان و ، چ بۆ خۆبەستنەوەیان بە پرنسیپەکانی سایکۆلۆژی وپەروەردەکردنێکی گونجاو لەگەڵ ئەو پرنسیپانەدا.
لەم پڕۆسەیەدا ، پڕۆسەئ فێربوون ، مامۆستایان ئەرکی گرانی پڕۆسەکە لەسەر شانیانەو ، لە توخمە مرۆییەکانیدیکەی پەروەردەو فێربوون زێتر ، پێویستییان بە هوشیاریی پەروەردەیی هەیە . مامۆستایان بەرپرسی کاری پسپۆڕیی پڕۆسەکەن و سەرکەوتنیان بەندە بە شارەزایی و هوشیارییەکی پیشەییەوە ، لەبەرئەوە ، دەبێت مامۆستایان بەسەر تەوەرەکانی پڕۆسەی فێربووندا باڵادەست بن .
مامۆستایان ئەرکی پیشەییانە بەپێی پرنسیپە سایکۆلۆژییەکان هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابیان و خوێندکاراندا بکەن ، ئەرکیانە باشترین و گونجاوترین رێگای وانەگوتنەوە بۆ گەیاندن و بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەکان پێڕەوبکەن ، ئەرکیانە شارەزای لایەنی زانستیانەو پەروەردەییانەی بەرنامەکانی خوێندن و تیۆرییەکانی فێربوون بن ، ئەرکیانە شارەزای چۆنیەتی هەڵسەنگاندن و دانانی پرسیارو بەئەنجامگەیاندنی ئەزموونەکان بن. ئەرکیانە بەردەوام ئاستی پسپۆڕێتی خویان گەشەپێبدەن ، سۆراخی زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەم بکەن ، بەتایبەتی ئەو زانست و تەکنۆلۆژیایەی راستەوخۆ پەیوەندیی بە فێربوونەوە هەیە و … هتد .
قوتابیان و خوێندکاران تەوەرەی سەرەکی و بنەڕەتیی پڕۆسەی خوێندنن ، سەرجەمی پڕۆسەکە ، گشت دامودەزگاکانی پەروەردە ، هەوڵ و رەنجی هەموو ئەو کەسانەی بەشداریی تێدا دەکەن ، لەخزمەتی ئەواندایە ، بۆ نەوە دوای نەوە ئەم ئەرکە پەروەردەییە نۆژەندەبێتەوە و بەردەوام دەبێت ، بەواتای ئەوە تیشکی هوشیاری پەروەردەیی ئاڕاستەی ئەوان دەکرێت و دەبێت لێی سوودمەند بن .
هوشیاریی پەروەردەیی بەرپرسان و دەسەڵاتی پەروەردە ، هوشیاریی کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران ، هوشیارییەکی پەروەردەیی فراوانی مامۆستایان ، دەبێت رەنگدانەوەی لەسەر نەوەی ئەمڕۆو ئایندە هەبێت ، بۆ ژیانی ئەمڕۆو دواڕۆژ ئامادەیان بکات ، پرنسیپە زانستییەکانیان پێبگەیەنێت ، لەسەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە رایانبهێنێت ، ئازادی دەربڕین و بوێری لە پرسیارکردن و پەنابردنە بەر دیالۆگ لە فێربوون و کرداری تێگەیشتندا ، بکاتە هەوێنی کەسایەتییەکی سەربەخۆی خاوەن ئیرادە کە هەمیشە چارەنووسی بەدەستی خۆیەوەبێت و ، خۆی بڕیارەکانی ژیانی بدات .

ژیانەوە : خوێندنگەکان بە گشتی دەزگایەکی پەروەردەیین، ئایا تا چەند ئەم دەزگایانە ئەرکی راستەقینەی پەروەردەکردنی خوێندکاریان گرتۆتە ئەستۆی خۆی؟؟؟؟

فوئاد قەرەداغی : خوێندنگەکان مەڵبەندی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و مەعریفیی کۆمەڵگان . گریمانی دروست ئەوەیە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان دوێنێ و ئەمڕۆو ، نێوان ئەمڕۆو دواڕۆژ بن . ئەم مەڵبەندە فرە ئەرکە ، سەرچاوەی بەردەوامیی ژیانی کۆمەڵگاو نۆژەنکردنەوەیەتی . لەم مەڵبەندەوە کادیرە جیاجیاکانی بواری کارو بەرهەمهێنانی ماددی و کەلتووریی سازو ئامادەدەکرێن . لێرەوە سیمای ئەمڕۆو ئایندەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دیاریدەکرێت ، بڕیاری بەهاکان دەدرێت ، جێوڕێی شیاو لە نێو جیهانی پڕ ململانێدا دیاریدەکرێت .پرنسیپەکانی دیموکراسیی ، ئازادی ، یەکسانی ، مافی مرۆڤ جێگیردەکرێن . ئەرک و مافەکانی ژنان و گەنجان و منداڵان دەسەلمێنرێن .
ئەو توێژە کۆمەڵایەتییەی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکانە رادەسپێردرێت و ، بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ دەخرێت ، خوێندکارانی ئەمڕۆن . دەستەبەری پێگەیاندنی خوێندکارانی ئەمڕۆو ، بەدوایاندا نەوە لەدوای نەوە ، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکانە ، سیستمی پەروەردەو فێربوونە . بۆیە کوالێتییەکی هاوچەرخانەی پەروەردەکردنی خوێندکاران بۆ دواڕۆژێکی پێشکەوتووی شایستەو گونجاو لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنی ژیاری ئەم سەردەمەدا ، پێداویستییەکی هەمیشەییەو دەبێت سیستمی پەروەردەو فێربوون لەبەرچاوی بگرێت .
ئەرکی ” راستەقینە “پەروەردەی خوێندکاران لەم تەوەرانەدا دەسووڕێتەوە . پشتگوێخستنی ئەم ئەرکە و دەربەستنەبوونی بەدیهێنانی ، سیستمی پەروەردە بەرەڕووی داڕمان دەکاتەوە . ئەمەش ئەو بارودۆخەی پەروەردەوفێربوونە لە باشووری کوردستاندا .
زێتر لە چارەکە سەدەیەکە ، حکومەتی خۆجێیی کوردی ، کەرتی پەروەردە بەڕێوەدەبات ، چەندین کۆنگرەو کۆنفرانسی تایبەتی بۆ گرتووە ، پەنای بۆ ئەزموونی دەرەوە ، بەتایبەتی ئەزموونی بەناو سویدی ، بردووە . بەڵام تا ئێستا گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەرچاو روینەداوەو ، دوای دەیان ساڵ پەروەردە لە ئاستەنگێکی بونیادیدا دەبینین .
کەرتی دەوڵەتیی پەروەردە فەرامۆشکراوە ، لەبری ئەوە بایەخ بە پەروەردەی کەرتی ئەهلی و تیجاری دراوە ، جەمسەربەندیی چینایەتی روو لە هەڵکشانە ، کەرتی گشتیی پەروەردە بۆ چینە نەدارەکانی کۆمەڵگاو ، کەرتی ئەهلی بۆ چینی باڵادەستی کۆمەڵگاو داراکانە .لەبەر ئەوە بە کردەوە خوێندنگاکان نەبوونەتە مەڵبەندی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و مەعریفی ، بەرنامەکانی گشتگیر نین و نابنە هۆی گرێدانی دوێنێ و ئەمڕۆو ئایندە بەیەکەوە . کاری بەرنامەڕێژی پەروەردەیی نزیکە لەخاڵی سفرەوە ، بەرنامەڕێژیی ئابووریش لە ئارادانییە ، بۆیە ساڵی بەهەزاران خوێندکار دەکرێنە سەرشەقامەکان و هەلی کارکردنیان بۆ نارەخسێند رێت ، مەڵبەندەکانی خوێندن هەموو ساڵێک ژمارەیەکی نوێی بێکاران بەرهەمدەهێنن و دەسەڵاتیش لە ئاستیدا خەمساردەو ، دەسەڵاتی پەروەردەش مێش میوانی نییە .

کوردستان ، جێوڕێیەکی رەسمی دانپێدانراوی شیاوی لەنێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا نییە ، لەنێوخۆشدا نە دیموکراسی ، نە ئازادی ، نە یەکسانی ، نە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەیە ، واتە لەشوێنی بەها فاشستی و شۆڤێنییەکانی بەعس بەهای نوێ بنیاتنەنراوە ، مافەکانی ژنان پێشێلدەکرێن ، ژمارەی ئەو ژنانەی دەکوژرێن یان خۆیان دەسووتێنن یان بەهەر هۆکارێکیدی کۆتایی بەژیانی پڕ چەرمەسەریی خۆیان دەهێنن لە زیادبووندایە و هەرگیز مێژووی کورد ئەمەی بە خۆیەوە نەدیوە . گەنجان پشتگوێخراون ، بەدەست بێکاری و بێبەشبوون لە خۆشییەکانی ژیان دەناڵێنن ، منداڵان هەر بەو شێوەیە ، لەبەر ئەم هەموو هۆکارانە خوێندنگاکان ناتوانن ئەرکە پەروەردەییەکانیان جێبەجێ بکەن و شوناسی پەروەردەییبوونیان لە کزی و کاڵبوونەوەدایە .

” ژیانەوە ” ژمارەکانی ٧٣٠ – ٧٣١ – ٧٣٢ بەرواری ٢٦ / ٢ ، ٨ / ٣ ، ١٩ / ٣ / ٢٠١٧

ژیانەوە : هەفتەنامەیەکی کۆمەڵایەتی و روناکبیریی تایبەتە ، یەکێتیی ژنان کوردستان دەریدەکات