Archive | ئایار, 2018

ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی عێراق

14 مارس

ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی عێراق
فوئاد قەرەداغی

ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن
ئەنجامە بەراییەکان: بایکۆتی ھەڵبژاردن کێبەرکێی زێتر لە 200 حیزب و ھاوپەیمانی ولیستی بەشداربوو لەھەڵبژاردندا دەکات (بایکۆت براوەیە) .

رێژەی لیستەکان و رێژەی بایکۆت
ھاوڕێیەک دەڵێت : ” بەڵێ ئەوە راستییەکەیە ، رێژەی دەنگی ھیچ لیستێک ، نە لە عێراق و نە لە کوردستان ، ناگاتە رێژەی ( بایکۆت ) .

بایکۆت براوەیە
دەڵێن ( بایکۆت ) براوەیە . ئایا ئەمە راستە ؟ رێژەکەی چەندە ؟ کەسێک سۆراخی ئەوەی کردووە ؟ ئەگەر وابێت ، چۆنی دەخوێننەوە ؟

دەنگۆی تەزویر
دەنگۆی تەزویری مۆدێرن بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە ژماردنی دەنگەکاندا ھەیە . زۆربەی لایەنەکان ئەنجامی ھەڵبژاردنیان رەتکردەوە و داوادەکەن دەنگەکان بە دەست ئەژمار بکرێن و ھەندێکیش داوا دەکەن سەرلەنوێ ھەڵبژاردن بکرێتەوە .

13 – 5 – 2018

ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق( چەند کۆمێنتێک )

12 مارس

ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق
( چەند کۆمێنتێک )
فوئاد قەرەداغی

پەرۆشیی بۆ دەنگدان
سبەی 12-5 ھەڵبژاردنە . کەس باسی ریفراندۆم وسیستمی پاشەکەوتی مووچە ناکات ، ئەوان پەرۆشی گەیشتنن بە سەندوقەکانی دەنگدان .

ناوەرۆکی بانگەشەی کاندیدەکان
کاندیدێک: بایکۆت مەکەن ، دەنگمان پێبدەن ، ئێمە ژیانی ئێوەمان پێ چاکناکرێت ، بەڵام ئێوە دەتوانن ژیان و گوزەرانمان زۆر باش بکەن!

بەرنامەی جیاکردنەوەی ئایین
بەرنامەی حیزبە غەیرە ئیسلامییەکان بۆ ھەڵبژاردن ، جیاکردنەوەی ئایین لە ( دەوڵەت ) و لە ( پەروەردەو فێرکردن ) ی تێدا نییە !

بانگەشەی ھەڵبژاردن و دەوڵەتی سێکولاریست
لەم بانگەشەیەی ھەڵبژاردندا ، نە لیستەکان و نە کاندیدەکان ، باسی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سێکولاریست ( عەلمانی ) لە عێراقدا ناکەن !

عیراق و ھەرێـم مەڵبەندی تێرۆرن
عێراق وھەرێمی کوردستان بوونەتە مەڵبەندی تێرۆری فیکری، سیاسی ، ئابووری ، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی .. سەرباری ئەوانەش پاکتاوی جەستەیی .

بەرپرسیارێتی شێوازی ئیرھاب
شێوازی ئیڕهاب و توندوتیژیی بەرامبەر کاندیدەکان لە کێبەرکێی هەڵبژاردندا ، دەسەڵاتی حکومی و حیزبی و ئەمنیی ئەو زۆنگە لێی بەرپرسیارن .
11 – 5 – 2018

نارەزایەتییەکانی مامۆستایان و پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستاندا

9 مارس

نارەزایەتییەکانی مامۆستایان و پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستاندا

وەڵام بە پرسیارەکانی ( بەدیل )
بڵاوکراوەی بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان
فوئاد قەرەداغی
بەدیل: بەڕێز مامۆستا فوئاد، سەرەتا سوپاس بۆ قبوڵکردنینی داواکاریەکەی ئێمە. دەمانەوێ پرسیارەکانمان بەوە دەست پێبکەین کە پاشەکەوتی زۆرە ملێی مووچەی مامۆستایان و کەرتی خوێندن بەگشتی چ کاریگەیەکی لەسەر ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و کارمەندان دروست کردوە؟
وەڵام: مامۆستایان و کارمەندان ئەو توێژە کۆمەڵایەتییەن کە خاوەنی داھاتێکی دیاریکراون . داھاتیان بۆ پێداویستییەکانی ژیانیان خەرجدەکەن ورۆژانە ئەوەی بەدەستیانەوەیە کەمدەکات ، ئەوانەشیان کە کرێچین یان خێزانێکی گەورەیان ھەیە ، ناچارن قەرزبکەن تا مانگەکە بەسەردەبەن و لەسەری مانگدا مووچە وەردەگرنەوە . ئەم بارە ئابووورییە لەسایەی سیستمی نایاسایی و زۆرەملێی پاشەکەوتەوە ، ژیانی ئاسایی خێزانەکانی لە گرێژەنەبردووەو ، کاریگەرێتییەکی نەرێیانەی کردۆتە سەر ژیانی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان . ھەڵبەت ئەم بارە داراییە کاریگەرێتی لەسەر پڕۆسەی خوێندن دەبێت و ئاستی کوالیتی دەھێنێتە خوارەوە ؛ ئەمە بۆ فەرمانبەرانیش ھەروایەو ئاستی ئەدایان دادەبەزێنێت ، دیارە شڵەژانی باری دەروونیشیان رۆڵی لە بەئاکام نەگەیشتنی ئامانجە پەروەردەییەکانی خوێندندا دەبێت . مامۆستا سەبارەت بە برسێتی خۆی و منداڵەکانی ، یان کاتێک بەناچاریی بەکارێکی دوور لە پیشەکەی خۆیەوە خەریک دەبێت تا نان بۆ ژیانی خۆی و دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەی منداڵەکانی زامن بکات ، ناتوانێت بە خۆشی و دەروونێکی ئاسوودەوە لە پۆلەکاندا بەرامبەر خوێندکاران راوەستێت و بە فیکرێکی سافەوە زانیارییان پێبگەیەنێت یان بەپێی ئەرکە پەروەردەییەکانی ئاڕاستەیەکی تەندروستیان بکات .
بەدیل: ئایا ئەم بارودۆخەی کە باستان کرد، تا چ رادەیەك کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی خوێندن و زانست داناوە لە خوێندنگاکانی کوردستاندا؟ ئایا ئەوەی کە تووشی خوێندگا حکومیەکان بوەتەوە، خوێندنگا تایبەتەکانیشی گرتۆتەوە؟ بۆچوونی بەڕێزتان چیە سەبارەت بە خوێندنگای تایبەت؟ ئایا تاچ رادەیەك ئەم هەلومەرجەی خوێندن کاریگەری لەسەر مناڵانی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا داناوە؟
وەڵام: پڕۆسەی خوێندن کۆمەڵێک پێداویستی تایبەتی ھەیە . بەبێ دابینکردنی ئەو پێداویستییانە پڕۆسەکە سەرکەوتوو نابێت یان لەئاستێکی نزمدا دەبێت . بۆ نموونە ( وانەگوتنەوە ) وەک ئامرازێکی گەیاندنی زانست و گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەییەکان پێویستیی بە رەخساندنی کەشێکی فیزیکی و مرۆیی ھەیە ، دەتوانرێت لایەنی فیزیکی بۆ وانەکان دابین بکرێت بەڵام پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون کەشێکی مرۆیی دەوێت لەنێوان مامۆستاو خوێندکاردا لەڕووی پەیوەندییەکانی نێوانیان و رادەی بەتەنگەوەھاتنی وانەکان و فێرکردن وفێربوونی ئارەزوومەندانەیان . بۆیە کاتێک ئەو بارە دەروونییە تێکدەچێت ، بەریەککەوتن دروستدەبێت،لایەنە مرۆییەکە لەئارادا نامێنێت و پڕۆسەکە وەک کارێکی زۆرەملێی لێدێت .
خوێندنگا تایبەتەکان ھەلومەرجێکیدیکەیان ھەیە ، ئەوان جگە لەوەی مەرجە فیزیکییەکانیان باشترە لە خوێندنگا حکومییەکان ، مەرجە مرۆییەکانیان کۆسپی لەبەردەمدا نییە . مامۆستای ئەم ناوەندە ئەھلییانەی خوێندن ، لە کەشوھەوایەکی ئاسوودەو ئارامدا دەوامدەکەن ، ئەو کێشانەیان نییە کە مامۆستایانی ناوەندە حکومییەکان بەدەستیانەوە دەناڵێنن . خوێندنگە حکومییەکان و تایبەتەکان دوو جیھانی جیاوازن ، لانیکەم لەم بارودۆخەی ئەمڕۆدا. بۆیە پەتای خوێندنی ئەھلی نەک ھەر چینە داراکانی گرتۆتەوە بەڵکو بەشێک لە چینەکانیدیشی بۆ خۆی راکێشاوە کە ئاستی دەرامەتیان لەخوار ئەوانەوەیە .
سەبارەت بە خوێندنی تایبەت : ئەوە بۆ خۆی بەرنامەو خواستێکی سەرمایەدارییە ، پڕۆژەیەکی بازرگانییە لە بواری پەروەردەو فێربووندا ، لەسەر جیاوازی و فراوانکردنی ھەڵاواردنی چینایەتی کاردەکات ، وەک بەشێک یان رەنگدانەوەیەک بۆ سیاسەتی تایبەتیکردن ( خەصخەصە ) ، خوێندنی گشتی بە خوێندنی تایبەتی دەگۆڕێت. بەھایەکی بۆرژوازییانە لە کۆمەڵگادا دەخاتەوە ، بەھای پارەویستی و دەوڵەمەندیی ، پرەنسیپی ( ھەلی چوونیەک ) بۆ خوێندن پێشێل دەکات ، منداڵانی چینی سەرەوەی کۆمەڵگا ، منداڵی پارەدارەکان ، لە خوێندن بە کوالیتییەکی باش بەھرەمەند دەکات و ، منداڵانی چینە نەداراکانی کۆمەڵگاش بۆ خوێندنێکی لاوازی پڕ لە کێشەی قوتابخانە حکومییەکان بەجێدەھێڵێت . خوێندن دەکاتە کاڵاو کۆیلەکانی کاری کرێگرتە بۆ ئایندەی سیستمی سەرمایە پێدەگەیەنێت . ئەم پڕۆژەیەی خوێندنی تایبەتیی ئەھلی لەلایەن دەزگا سەرمایەدارییە جیھانییەکانی وەک سەندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری دەکرێت و وەک مەرجێکی قەرزپێدان بەسەر وڵاتاندا دەسەپێنرێت .
بەدیل: لە ساڵانی رابردوودا مامۆستایانی کەرتی پەروەردە چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە دژی پاشەکەوتی بەزۆری مووچەو ئەو ناهەقیانەی دیکە کە بەرامبەر بە ماموستایان و کارمەندان دەکرێ؟ بۆچی تائێستا ئەم ناڕەزایەتیانە نەیتوانیوە فشارێکی راستەقینە لەسەر وەزارەتی پەروەردەو حکومەت دروست بکات؟ ئایا بایکۆت کردن بۆماوەیەکی زۆرو دواتر چونەوە بۆ دەوام، زیاتر زیان لە کەرتی خوێندن و پەروەردە نادات بەتایبەتی مناڵانی کرێکاران و توێژە هەژارەکان؟ ئایا رێگای دیکە هەیە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە؟
وەڵام: ئەم پرسیارە زێتر لە وەڵامێکی دەوێت ، بۆیە لەچەند خاڵێکدا وەڵامەکان چڕدەکەمەوە :
1 ) ئاشکرایە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە ، سەرباری ئەوەی رەوایەو کارێکی دژە ستەمکاریی دەسەڵاتە ، بەڵام بە پاساوی بەرژەوەندیی گشتی و بەتەنگەوەھاتنی دواڕۆژی قوتابیان و خوێندکاران ئەمساڵیش شکستی پێھێنراوە ، واتە سەرجەمی فشارەکان کاریگەرێتی لەسەر ھەڵوێستی حکومەت نەبووە . دیارە ھۆکارەکان زۆرن دەکرێت گرنگترینیان دەستنیشان بکەین :
أ – خۆپیشاندان و شێوەکانیدیکەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان رێکخراو نەبوون ، چەند لایەنی سیاسی جیاجیا دەستیان لە ئاڕاستەکردنیاندا ھەبوو ، ھەندێ لایەنی سیاسی بۆ مەرامی حیزبی تێکەڵی بوون ، دەیانەویست لە خزمەتی ئەجندای فیکری و سیاسییاندا بێت ، ھەر بۆیە چالاکییەکان دەستەیەکی رابەریی ھوشیار لەڕووی سیاسییەوەو و ئامانجێکی یەکگرتووی نەبوو ، ھەڵسووڕاوەکانی نەیانتوانی ئیدارەیەکی سەرکەوتووانەی بارودۆخەکە بکەن و لەکاتی فشارەکانی حکومەتدا ، لێکدانەوەی سیاسی و ئابووریی بۆ دۆخەکە بکەن و لەبەر تیشکی ئەوەدا ھەڵنەخەڵەتێن و بڕیاری دروست بدەن .
ب – فشارەکان ، جگە لەدوا خۆپیشاندان ، بە زۆریی سنوورداربوو لە ناوچەیەکدا ، ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی نەگرتەوە ، ھەر بەو شێوەیە بایکۆتی خوێندن و دەوامیش سنوورداربوو .
ج – فشارەکان تەنھا بۆ یەک مەبەست بوو . دژ بە سیستمی پاشەکەوتی مووچە بوو ، واتە بزووتنەوەیەکی ” داواکاریی ” زۆر بەرتەسک بوو ، سەبارەت بە ئاستەنگەکانی پەروەردەو فێربوون لە ھەرێمدا ئامانجی گەورەی نەبوو ، لەبەرئەوە لەگەڵ ھەر بەڵێنێکی حکومەتدا بە بڕێک پارە یان باشکردن و نەھێشتنی سیستمی پاشەکەوت ، کۆمەڵێک تەفرە دەدراو ، بە ساردبوونەوەیان ، لە ھێزو کێشی بزووتنەوەکەیان دادەبەزاندو ، نائومێدییەکی گشتییان دەخستەوە .
د – ” بزووتنەوەکە ” پشتگیریی جەماوەری نەبوو . کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران نەھاتنە پاڵ مامۆستایان ، خوێندکاران و رێکخراوەکانیشیان بۆ پاڵپشتیی مامۆستاکانیان نەجووڵان و ھەڵوێستێکی ئەرێیانەیان نەبوو .
ھ – رای گشتی لە بەرژەوەندی مامۆستایاندا نەبوو . بایکۆتی خوێندن و دەوام و نەچوونی قوتابیان بۆ قوتابخانەکانیان ، پرسێک بوو ، دەسەڵات کاری لەسەردەکرد ، چ لەڕێی راگەیاندن و چ لەڕێی دامودەزگا حیزبییەکانی دەسەڵاتەوە ، سەرکەوتنیشیان بەدەستھێناو توانییان رایەکی گشتی دژ بە بایکۆتی دەوامی قوتابخانەو خوێندنگاکان پێکبھێنن کە سەرەنجام مامۆستایانی ناچارکرد بایکۆت بشکێنن و دەوام بکەنەوە .
و – یەکێک لە ھۆکارە گرنگەکانی سەرنەکەوتنی بایکۆت ، دەوام و خوێندنی ئاسایی خوێندنگا ئەھلییەکان بوو ، مامۆستایان ھیچ رێگەو شێوازێکیان نەگرتەبەر بۆ رێگرتن لە دەوامی ئەو قوتابخانەو خوێندنگایانە. کاربەدەستانی دەسەڵات و چینێکی پارەدار خەمساردو بێدەربەستبوون لە ئاستی داواکارییەکاندا ، چونکە زۆربەیان منداڵەکانیان لەو قوتابخانانە بوون و خوێندنیان ئاسایی و ھیچ مەترسییەکی لەسەر نەبوو .
ز – ” بزوتنەوەی مامۆستایان ” گۆشەگیرکرابوو ، ھیچ بزووتنەوەیەکی جەماوەریی لەگەڵدا نەبوو ، فەرمانبەران و خانەنشینانیش ھێزێکی گەورەی ناڕەزایەتیی بەرچاویان بۆ پشتگیریی مامۆستایان نمایش نەکرد . بەرەوڕووبوونەوەی دەسەڵات پێویستیی بە ھێزێکی جەماوەری و فراوان ھەبوو تا مل بە داخوازییەکانیان بدات . دەسەڵات سوودی لەم ھۆکارەش وەرگرت بۆ پشتگوێخستنی داوا رەواکانی مامۆستایان .
2 ) ئەگەر سیستمی خوێندن ئاسایی بێت ، پێداویستییەکانی ئاستێکی بەرزی خوێندن دابینکرابێت ، ئەوا بایکۆت بۆ چەند رۆژێکیش بێت کاریگەریی نەرێیانە لەسەر پڕۆسەکە بەگشتی و ئاستی خوێندکاران بەتایبەتی دادەنێت ، بەڵام لەو ھەلومەرجەی سیستمی پەروەردەی ھەرێمی تێدایە ، بایکۆتکردن و دەوامکردن نزیکن لە یەکەوە ، تەنھا سوودێکی بایکۆت شکاندن ئەوەیە ” ساڵی خوێندن ” ئەژمار دەکرێت ، ئەمیش لە چەند ساڵی ئایندەدا ، سەبارەت بە تەواونەکردنی ئاسایی بەرنامەکانی خوێندن ، نەزانینێکی کەڵەکەبوو دەخاتەوە و ، بڕواناکەم لە بواری شارستانێتی سەردەمدا بتوانین جێوڕێیەکمان ھەبێت .
3 ) ئایا رێگای دیکە ھەیە بۆ دەربڕینی نارەزایەتی مامۆستایان ؟ بێگومان ململانێ کۆمەڵایەتییەکان ، ململانێ چینایەتییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەتوانن ھەمیشە رێگای نوێ بۆ بردنەپێشەوەی کەیسەکانیان و سەرکەوتنیان دابھێنن ، بەتایبەتی لەدوای شکستەکان و پێداچوونەوەی ھەڵەو کەموکووڕییەکانی رابردوو . بۆیە دیاریکردنی رێگای نوێ کارێک نییە لەدەرەوەی بزووتنەوەکەوە بڕیاری لەسەر بدرێت بەڵکو دەبێت لە ناوەوەی بزووتنەوەکەوە سەرھەڵبدات و بەرەنجامی ئەزموونی خودی مامۆستایان بێت .

بڵاوکراوەی ( بەدیل ) ژمارە ( 6 ) ساڵی یەکەم ( 30 ) ی نیسان 2018

کۆمێنت لەسەر بانگەشەی ھەڵبژاردن

3 مارس

کۆمێنت لەسەر بانگەشەی ھەڵبژاردن
فوئاد قەرەداغی

لیستەکان بەرنامەی پەروەردییان نییە
بەرنامەی لیستەکانی ھەڵبژاردن بۆ گۆڕانکاریی لە سیستمی پەروەردەدا چییە ؟ ھاوڕێیانم کۆکن لەسەر ئەوەی کارنامەیەکی دیاریکراویان نییە .

سوێندی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق
ئەو کاندیدانەی بۆپەڕلەمانی عێراق دەردەچن ، دەبێت سوێندی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق بخۆن ، بۆیە ناتوانن باسی سەربەخویی بکەن .

کێبەرکێی لیستەکان پەراوەیە
شێوازی کێبەرکێی لیستەکان بۆ کورسییەکانی پەڕلەمانی عێراق ، پەراوەیە بۆ ئەو شەڕەکورسییەی دواتر بۆ پەڕلەمانی کوردستانی دەکەن .

ئەخلاقی خێڵ
سووکایەتی بە ژنان لەڕێی بڵاوکردنەوەی وێنەی ” رووتی ” ژنانی کاندید بۆ پەڕلەمان بێ ئەخلاقی نییە ، ئەوە ئەخلاقی راستینەی خێڵە .

داھێنان لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا
بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ژنانی کاندید بۆ پەڕلەمان بە ” رووتی ” ، داھێنانێکی عێراقی و کوردییە لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا !

ژن شەرەفی خێڵە
لە سیستمی پیاوسالاریی خێڵدا تەنها ژن شەرەفە ، بۆیە بۆشکاندنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و شەخسیی یەکتر ، پەنا بۆ سووککردنیان دەبرێت .

3 – 5 – 2018