Archive | كانونی دووه‌م, 2018

سامانی وڵات .. پاشەکەوتکردنی مووچە .. بیمەی بێکاریی

29 کانونی دووهەم

فوئاد قەرەداغی :

سامانی وڵات

پێویستە ھەموو ھاوڵاتییان لەسامانی ئەم وڵاتەدا بەشیان ھەبێت و ، یاسا بەدیھێنانی ئەم مافەیان بۆ رێکبخات .

پاشەکەوتکردنی مووچە

سیستمی پاشەکەوتکردنی مووچە ، نایاسایی و پێشێلکردنی مافی رەوای مرۆڤەکانی ھەرێمی کوردستانە . دەبێت ھەڵبوەشێتەوە .

بیمەی بێکاریی

ھەموو ئەو ھاوڵاتیانەی بێکارن ، پیاو بن یان ژن ، مافی بیمەی بێکارییان ھەیەو ، ئەرکی حکومەتە بۆیان دابین بکات .

ئەنجومەنی ئاسایش

27 کانونی دووهەم

ئەنجومەنی ئاسایش

فوئاد قەرەداغی
ئەنجومەنی ئاسایش دەزگایەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیستمی سەرمایەداریی جیھانیی … خۆشخەیاڵ مەبن و ھیواکانتانی پێوە گرێ مەدەن .

راسیزمی کوردی

27 کانونی دووهەم

راسیزمی کوردی
فوئاد قەرەداغی
راسیزمی کوردی بە دژایەتیکردنی نەتەوەکانی دراوسێمان ، ئاو بە ئاشی ناسیۆنالیستە شۆڤێنییەکانی ئەو نەتەوانەدا دەکات .

کوشتنی ژنان

27 کانونی دووهەم

کوشتنی ژنان
فوئاد قەرەداغی

کوشتنی ژنان بە پاساوی نامووسپەرستیی

لەکەی شەرمەزارییە بە نێوچاوانی کۆمەڵگای باوکسالاریی و دەسەڵاتی دادوەریی کوردییەوە .

بەرگری لە عەفرین

23 کانونی دووهەم

بەرگری لە عەفرین
فوئاد قەرەداغی

بەرگری لە عەفرین دەیسەلمێنێت :

خەباتی چەکداری و جەنگی شۆڕشگێڕانە هێشتا رۆڵی مێژوویی خۆی دەبینێت . دەکرێت وەک شێوازێکی سەرەکیی خەبات پەنای بۆ ببرێت ، کاتێک شێوازەکانیدی بە بنبەست دەگەن . پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی جەنگ نامێنێت و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە کۆتایی دێت .

سوپاس و پێزانین

22 کانونی دووهەم

سوپاس و پێزانین
ھاوڕێیان ، دۆستان ،خزم و کەسەکانم
سۆپاس و پێزانینم ، بۆ لایک و کۆمێنتە ناسک و جوانەکانتان ، بۆ ئەوھەستە مرۆڤانەیەی بەرامبەر کۆچی ناوەختی ( رێژنە ) ی خوشکەزام دەرتانبڕی ، بۆ پیت پیت و وشە بە وشەی نامەو پەیامە ئارامبەخشەکانتان ، بۆ ئەو ھەموو ھاوسۆزی و ھاوخەمییەتان و بەشداریکردنتان لە مەڕاسیمی پرسەی جوانەمەرگدا ، بۆ بەتەنگەوەھاتنتان و چۆڵنەکردنی دەوروپشتمان ، بۆ ھەر وشەیەکی د ڵدانەوەمان و ھاندانمان بۆ خۆڕاگریی و تێپەڕاندنی ئەم کۆستە گەورەیەمان . ھیوادارین ھەرگیز ناخۆشیی نەبینن ، ھەمیشە شانازیی بە ھاوڕێیەتی و دۆستایەتی و مرۆڤدۆستیتانەوە بکەین ، تەندروست و دوورە بەڵاو تەمەن درێژ بن .
( فوئاد قەرەداغی 15 – 1 – 2018 )

ریزکردنی ئەولەوییەتی کار بۆ بەرژەوەندییەکان

11 کانونی دووهەم

ریزکردنی ئەولەوییەتی کار بۆ بەرژەوەندییەکان
فوئاد قەرەداغی
کار بۆ بەرژەوەندیی :
1 ) مرۆڤ – چین – نەتەوە – خێزان – خۆم .
2 ) خۆم – خێزان – بنەماڵە – خێڵ – نەتەوە .
کام زنجیرە ھەڵدەبژێریت ؟
ئەمە ریزکردنی ئەولەوییاتە لە مرۆڤەوە دەستپێدەکەیت و بەخۆت کۆتایی دێت ، یان لەخۆتەوە دەستپێدەکەیت و بە نەتەوە کۆتایی دێت ؟

دەشێت یەکەمیان نەگاتە خێزان و خۆت ، ھەروەک دەشێت دووەمیان نەگاتە نەتەوە .

ئەوساو ئێستای مەرجەکانی ئەندامەتیی حیزب

11 کانونی دووهەم

ئەوساو ئێستای مەرجەکانی ئەندامەتیی حیزب
فوئاد قەرەداغی
10 – 1 – 2018
ئەوسا ، سەردەمی پرنسیپە شۆڕشگێڕییەکان ، جەخت لەسەر ئەم مەرجانەی ئەندامەتی لە حیزبدا دەکرا :
راستگۆیی و راشکاویی ، دڵسۆزی و دەستپاکیی ، پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان ، خۆنەویستیی ، بەتەنگەوەھاتنی ژیانی جەماوەر زێتر لە ژیانی شەخسیی ، تەرخانکردنی تەواوی تواناو چالاکییەکان بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان ، سوربوون لەسەر پرنسیپە فیکرییەکان ، ئازایەتی و بوێری لە شاندانە بەر ئەرکە ھەرە گران و ئاڵۆزەکان ، خۆڕاگری و نەبەزین لەبەرامبەر دەزگا داپڵۆسێنەرو سەرکوتگەرەکان ، دانپێدانانی ھەڵەو کەموکورتییەکان و پڕاکتیکی ھوشیارانەی رەخنەو رەخنەلەخۆگرتن … ھتد .
ئەی ئێستا ، کامە حیزب ئەندامەکانی بەو گیانە پەروەردە دەکات ؟ کامە حیزب لە کاری رۆژانەیدا ، پشت بەو پرنسیپە ئەخلاقییانە دەبەستێت ؟ کامە حیزب تەواوی ژیانی حیزبی و تواناییەکانی رێکخستنی خستۆتە خزمەتی پرسە ھەنووکەیی و ستڕاتیژییەکانی خەڵکەوە ؟ ئەگەر نا ، بۆ یەخەمان بەرنادەن و ، شانۆی نمایشی شکستخواردووی سیاسەتی حیزبیی چۆڵناکەن ؟!

گرووپی په‌روه‌رده‌و فێرکردن

10 کانونی دووهەم

پڕۆژه‌ی به‌رنامه‌یه‌ک بۆ کاری گرووپێکی په‌روه‌رده‌یی
فوئاد قەرەداغی
پێناسەیەک بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه و گرووپی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ‌:
چەند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوک ، گرووپێک به‌ ناوی ( په‌روه‌رده‌و فێرکردن ) له‌ لایه‌ن مامۆستا حه‌سه‌ن ساڵح قه‌ره‌داخییه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا . سه‌ره‌تا چه‌ند مامۆستایه‌ک ئه‌ندامی ئه‌م گرووپه‌ بوون ، به‌ڵام دوای ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ، له‌پێگه‌ی بایه‌خی گرووپێکی وه‌هاو کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر بردنه‌پێشه‌وه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ کوردستاندا ، به‌پێویستزانرا ده‌رگای بوونه‌ ئه‌ندام بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌ک ئاوه‌ڵا بێت ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پرسی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ، پرسی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌ ، پرسێکه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ دواڕۆژی منداڵان و هه‌رزه‌کارانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، پرسێکه‌ کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر ئاینده‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی هه‌یه‌ .
دیاره‌ پێکهێنانی گرووپ ، هه‌ر گرووپێک ، مه‌به‌ستی له‌ دواوه‌یه‌ . ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ پێداویستییه‌که‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت ، بۆیه‌ ناکرێت به‌بێ ئاڕاسته‌ بمێنێته‌وه‌ به‌ڵکو سروشتی گرووپ وه‌ها ده‌خوازێت ئامانجی دیاریکراوی هه‌بێت ، ئامانجیش ده‌بێت له‌ به‌رنامه‌یه‌کدا دابڕێژرێت و شێوازی کاریش له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی گرووپه‌که‌دا روون بێت . ئه‌م گرووپه‌ که‌ پێداویستیی گه‌شه‌کردنی خوێندن و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ کوردستاندا سه‌رچاوه‌ی پێکهێنانێتی ، ده‌بێت له‌پێناوی سه‌رکه‌وتنیدا خۆی رێکبخات و بزانێت چی ده‌وێت و چی ده‌کات ؛ ئه‌وه‌یش به‌ دیاریکردنی ئامانجه‌کان و شێوه‌ی کارکردنی بۆ به‌دیهێنانیان ده‌بێت .
ئه‌م دوولایه‌نه‌ : ( ئامانج و شێوازی کار ) پێویستییان به‌ به‌رنامه‌یه‌کی روون هه‌یه‌ که‌ ئه‌ندامانی گرووپه‌که‌ په‌سه‌ندی بکه‌ن و به‌ هه‌ڵوێستێکی هه‌ره‌وه‌زییه‌وه‌ بتوانن کاری بۆ بکه‌ن ، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ئه‌م به‌رنامه‌یه‌مان راگەیاند ، سه‌ره‌تا بۆ موناقه‌شه‌و تاووتوێکردنی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ، دواتریش بۆ بڕیاردانی دوا داڕشتنی گونجاو و پراکتیزه‌کردنی .
سەرەتا پڕۆژەی ئەم بەرنامەیەم لەگەڵ مامۆستا حەسەن تاووتوێکرد ، بە ئیمەیل ناردمان بۆ مامۆستا ھۆمەر قەرەداخی لە سوید ، ئەویش بەرنامەکەی پەسەندکردو لەگەڵ چەند سەرنج و تێبینییەک بۆی ناردینەوە ،ئێمەش ( من و مامۆستا حەسەن ) دوای رەچاوکردنی تێبینییەکانی مامۆستا ھۆمەر وەک بەرنامەی گروپەکە بڕیارمان لەسەردا بەو شێوەیەی لە خوارەوە دەیبینن .
ئەم گروپە سەرەتا چالاک بوو ، نووسەریی سەرەکی مامۆستا حەسەن بوو ، بەڵام لەگەڵ کاتدا چالاکیی نووسین لە پەیجەکەیدا ( پەروەردەو فێرکردن ) خاوبووەوە ، ھیوادارین لەمەودوا گوڕوتینێکی نوێی تێبکەوێتەوەو و شانبەشانی گروپ و پەیجە پەروەردەییەکان بێتەوە خزمەت مامۆستایان و خوێندکاران و پڕۆسەی خوێندن لە کوردستاندا .
ئێستا ئەم گروپە ، پەیجەکەی بەردەوامە ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوکدا 487 ئەندامی ھەیە ، مامۆستا حەسەن صالح ئەدمینی پەیجەکەیە .
هه‌ر لێره‌دا پێویسته‌ جارێکیدی ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نین که‌ ئه‌م گرووپه‌ بێلایه‌نه‌و په‌یوه‌ندی به‌ هیچ حزب و لایه‌نێکی سیاسییه‌وه‌ نییه‌ ، ته‌نها گرووپێکی ئینته‌رنێتییه‌و به‌دیلی هیچ سه‌ندیکاو یه‌کێتی و گرووپ و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی مامۆستایان نییه‌ .

پرۆژه‌ی به‌رنامه‌یه‌ک بۆ کاری گرووپی په‌روه‌رده‌و فێرکردن

( په‌روه‌رده‌و فێرکردن ) ، گرووپێکی ره‌خنه‌گرانه‌ی په‌روه‌رده‌یی کراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌ک که‌ گۆڕانکاریی ریشه‌یی په‌روه‌رده‌و پێشکه‌وتنی پرۆسه‌ی خوێندنی له‌ کوردستاندا مه‌به‌ست بێت . گرووپێکه‌ هه‌موو هاووڵاتییه‌کی کورد به‌ جیاوازیی ره‌گه‌زو ئایین و بیروباوه‌ڕو لایه‌نداریی سیاسییه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت و ، ته‌نها مه‌رجێکی په‌سه‌ندکردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌و پشتگیریکردنێتی. شێوازی کاری ئه‌م گرووپه‌ چاودێری و ره‌خنه‌گرتنی به‌رده‌وامه‌ له‌و هه‌ڵه‌و لادان و که‌موکووڕییانه‌ی له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌دا به‌دیده‌کات . به‌پێی ئه‌و پرنسیپانه‌ی خه‌باتی بۆ ده‌کات ، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رکردنیان ده‌دات و ، له‌ڕێی هۆیه‌کانی راگه‌یاندن و سایته‌کانی ئینته‌رنێت و فه‌یسبوک و تویته‌ره‌وه‌ ، به‌ نووسین و پڕۆژه‌و راپۆرت و کۆمێنتی ره‌خنه‌گرانه‌ به‌شداریی پێکهێنانی رایه‌کی گشتیی و هوشیارییه‌کی جه‌ماوه‌ریی فراوان بۆ په‌روه‌رده‌یه‌کی نوێ ده‌کات و ،‌ هه‌ڵوێستێکی فیکری و په‌روه‌رده‌یی‌ ئه‌رێیانه‌ی هاوچه‌رخ‌ به‌رامبه‌ر پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له‌ کوردستاندا وه‌رده‌گرێت .
ئێمه‌ ( ئه‌ندامانی گرووپی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ) ، له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئه‌م پرنسیپانه‌دا کۆبووینه‌ته‌وه‌و ، ، به‌ گیانی هه‌ستکردن به‌ لێپرسراوێتییه‌وه‌ ، تواناکانمان ده‌خه‌ینه‌ خزمه‌تی گه‌شه‌کردنی په‌روه‌رده‌و فێرکردنه‌وه‌ .
بۆ ئه‌وه‌ی رێوشوێن و جێی هه‌نگاوه‌کانیشمان دیار بێت ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌م خاڵه‌ سه‌ره‌کییانه‌دا راده‌گه‌یه‌نین :
1 ) ( منداڵان له‌پێشترن ) به‌ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی و ئامانجی ستراتیژی و کاری پڕاکتیکیی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ده‌زانین .
2 ) هێنانه‌دی په‌روه‌رده‌یه‌کی سێکولار له‌ کوردستاندا .
3 ) مافه‌کانی مرۆڤ و مافه‌کانی منداڵ دوو پایه‌ی سه‌ره‌کیی دیموکراتیزه‌کردنی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردنن ، چ وه‌ک شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و ، چ وه‌ک ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌کانی خوێندنداو ، چ وه‌ک په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ هه‌موو ئاستێکدا .
4 ) په‌روه‌رده‌کردنی زانستییانه‌ی منداڵان به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانست و بیرکردنه‌وه‌و میتۆدی زانستی و ، بیناکردنی که‌سایه‌تییان له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌و ، دروستکردنی گیانێکی ره‌خنه‌گرانه ‌تیایاندا ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن کۆمه‌ڵگه‌ی ( گه‌وره‌سالاریی ، باوکسالاریی ، پیاوسالاریی ) ره‌تبکه‌نه‌وه‌و ، مل بۆ هیچ جۆره‌ کارێزماو پیرۆزاندنێک دانه‌نه‌وێنن .
5 ) په‌یڕه‌وکردنی پرنسیپی یه‌کسانی و ره‌خساندنی هه‌لی چوونیه‌ک بۆ فێربوونی هاووڵاتییان به‌ جیاوازی ره‌گه‌زو ئایین و بیروباوه‌ڕی سیاسی و جێوڕێی کۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ .
6 ) په‌یڕه‌وکردنی شێوازه‌کانی فێرکردن له‌سه‌ر بنه‌ماکانی : کارو چالاکیی خودیانه‌ی فێرخوازان ، په‌روه‌رده‌کردن بۆ ژیان ، ئاوێته‌کردنی خوێندنی تیۆری و کاری پڕاکتیکی ، په‌روه‌رده‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی منداڵ له‌ڕووی جه‌سته‌یی و ئه‌قڵی و زمانه‌وانی و ویژدانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاکاریی … هتد ، به‌سوودوه‌رگرتن له‌ دوا داهێنانه‌کانی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا و ، ئاڕاسته‌کردنی فێربوون له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتن و پرنسیپی په‌یوه‌ندیی هۆکارو ئه‌نجام .
7 ) به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی گیروگرفته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کان له‌ڕێی په‌نابردنه‌ به‌ر شێوازی لێکۆڵینه‌وه‌و شرۆڤه‌کرنی زانستی و په‌یڕه‌وکردنی شێوه‌ جۆراوجۆره‌کانی تۆژینه‌وه‌ی مه‌یدانییه‌وه‌ .
8 ) هه‌وڵدان بۆ به‌رنامه‌ڕێژکردنی پڕۆسه‌ی خوێندن و دانانی پلانی درێژماوه له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی په‌روه‌رده‌وه‌ ، به‌مه‌به‌ستی گۆڕانکاریی هاوچه‌رخانه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌کان و کایه‌کانی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا .

سیستمی چینایەتی و جەنگ

9 کانونی دووهەم

سیستمی چینایەتی و جەنگ
فوئاد قەرەداغی
مرۆڤ لە سایەی سیستمی چینایەتیدا ، لە سایەی دەوڵەت و حیزب و لەشکرو زینداندا ، ھەمیشە لە جەنگدا دەبێت. ھەتا ئەم سەرچاوانەی جەنگ بمێنن ، ئاشتی بەدینایەت … ئاشتی بە بنبڕبوونی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ، لە ژیانی کۆمۆنەییدا بەدیدێت .
ئایا ئاشتی بە لوولەی تفەنگ بەدیدێت ؟
ئەوە رێگاو شێوازێکی ناچارییە . جەنگی کۆنەپەرستانە بە جەنگی شۆڕشگێڕانە و، لوولەی تفەنگی کۆنەپەرستان بەلوولەی تفەنگی شۆڕشگێڕان خامۆش دەبن . بۆ بەدیھێنانی ئاشتی ، دەبێت شەڕو جەنگ و ستەمکاریی نەھێڵرێت ، ئەوانەش بە ئیمزاکۆکردنەوەو رێپێوان و مانگرتن لە خواردن و …ھتد نایەتەدی . پەنا بردن بۆ ئەو شێوازانە ، وەک شێوازی سەرەکیی تێکۆشان ، حوکمی سیستمی سەرمایەو چین و توێژە وابەستەکانی لەسەراسەری جیھاندا ، درێژ دەکاتەوە .
توندوتیژیی و جەنگ ، بەشێکی سیماو جەوھەری کۆمەڵگای چینایەتین ، ھەتا چەوساندنەوەو دەوڵەت و حیزب و سوپاو زیندان ھەبێت ، جەنگ و توندوتیژیش دەمێنێت . ئەوە یاسایەکی بابەتییەو بەدەستی من تۆ نییە ، بۆیە توندوتیژیی شۆڕشگێڕآنە لە دژی توندوتیژیی کۆنەپەرستانە ” شیاوو دروستە ” . مارکس دەڵێت : توندوتیژیی مامانی مێژووە … ئێوە سەیری سەرانسەری مێژووی بەشەرییەت بکەن . بزانن مارکس چەند لەسەر حەق بووە !!