دوژمنەکانمان کێن ؟ دۆستەکانمان کێن ؟
فوئاد قەرەداغی
یەکێک لە دەستکەوتەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە ، تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتە ، ئەو دەزگا شەخسییەی راگەیاندنە بۆ ھەر کەسێک لە ماڵ یان شوێنی کارکردنیدا .ھەڵبەت رادەی سوودوەرگرتنی مرۆڤەکان لەم تۆڕانە ، لە یەکێکەوە بۆ یەکێکیدی جیاوازە . ھەروەھا مەبەستەکانیش جیاوازن و ، ھەریەکە بەپێی بیرکردنەوەو پەیامی ژیانی خۆی بەکاریان دەھێنێت . دەشێت کاتی پێ بەسەربەریت و ، دەشێت بەپێی ئامانجێک ئاڕاستەی پۆستەرو وێنەو کۆمێنت و نووسینەکانت بکەیت ، جا ئەم ئامانجانە : سیاسی ، ئابووری ، یان کۆمەڵایەتی – رۆشنبیریی … ھتد بن .
لەم رۆژانەدا پۆستەرێکم بڵاوکردەوە . سەرەتای پەرەگرافەکە دەڵێت : ” دوژمنەکانمان کێن ؟ دۆستەکانمان کێن ؟ لەڕاستیدا ئەم دوو پرسیارە بۆ ھەر شؤڕشێک یان بۆ ھەر بزووتنەوەیەکی چینایەتی و نەتەوایەتی گرنگییەکی بەرچاوی ھەیە ، چارەنووسی شۆڕشەکان و بزووتنەوەکان بە ناسینی دۆستان و دوژمنان و جێوڕێی چینەکان و ھەڵوێستیان لە پرس و پەیوەندییە ھەمەلایەنەکانی شۆڕشەوە بەندە .
ئەم پرسیارەو ، پرسیاری :” دەبێت چیی بکەین ” مۆرکێکی گشتییان ھەیەو ، قۆرخی ھیچ کەسێک ، رێکخراوێک ، حزبێک ، کەرتێک یان چینێکی کۆمەڵایەتی یان گەلێک نییە ، سەبارەت بەوەی ئەم جیھانە لەژێر سایەی سیستمی چینایەتی و ململانێی چینایەتیدایەو ، بەردەوام ئەو دوو پرسیارە سەرەکییە ، لەھەر ھەنگاوێکی ژیاندا ،بەرەوڕووی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ دەبنەوە .
کوردستان و گەلی ستەمدیدەی کورد ، سایەی ئەو راستی و پرنسیپانەی بەسەرەوەیە . وەک دەبینین لەم بەشەیدا ( باشور ) کڵافەیەک گرفتی ھەمەچەشنەی ئاڵۆزکاویی روویتێکردووەو ، ئاسۆی چارەسەریش بزرەو ، تا سەر مۆخ بێھیوایی و نائومێدیی خستۆتەوە .
ھەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی یان تۆژینەوەیەکی بەھاداری باوەڕپێکراو ، ھۆکارەکانی ئەم بارودۆخەی دەستنیشان نەکردووە . ئەوەی دەگوترێت ، ئەوەی راگەیاندنەکان بڵاویدەکەنەوە ، ئەوەی ھەرکەسە لە شوێنی خۆیەوە لێیدەدوێت ، ئەوەی دەسەڵات و ” سیاسەتمەداران ” شرۆڤەی دەکەن و بیروبۆچوونی خۆیانی لەسەر دەردەبڕن بەتایبەتی پەیوەندییەکان لەسەرئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیی ، نە بنەمایەکی زانستی ھەیەو ، نە ئاستێکی بەرزی ھەستی بەرپرسیارێتی تێدا بەدیدەکرێت ، بۆیە وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانە بەشداریی ھوشیاربوونەوەی گشتی دەکەن و ناکرێت ھێڵێکی راست و چەپیان بەسەردا بھێنرێت .
نیسان 2018
دوژمنەکانمان کێن ؟ دۆستەکانمان کێن ؟
24 نیسانفیکری نوێ
23 نیسانفیکری نوێ
فوئاد قەرەداغی
کەسانێک لە چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان ھەن ، کۆمەڵێک خەون و خەیالی خودیانەیان بۆ دواڕۆژی بەشەرییەت لێدەبێت بە فیکری نوێ . دیارە ئەوان ئازادن چۆن بیردەکەنەوەو ، دەبێت رێزی فیکرو بۆچوونەکانیان بگیرێت ، منیش فیکری نوێ تەنها بەو فیکرە تێکۆشەرە دەزانم کە ھەموو شێوەکانی چەوساندنەوە رەتدەکاتەوە ، دژی چەوساندنەوەی مرۆڤ بێت لەلایەن مرۆڤەوە و ، زەمینەی گۆڕانکاریی بڕەخسێنێ بەرەو ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم . ئاڕاستەی قۆناخی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بێ چین و بێ حزب و بێ دەوڵەت بکات . هەڵبەت لە ئێستادا ئەم ئامانجانە خەونن ، بەڵام خەونێکن رەوتی بەرەوپێشەوە چوونی مێژوو دەیانگاتێ . ئەگەر ئەم رەوتە شکستی ھێناو نەیتوانی ئەم خەونانە بەدیبھێنێت ، ئەوا لەژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا مەترسی بەربەرییەتێک دێتە ئاراوە ، کە سەرەنجام ئەم هەسارەیە لەناوبەرێت .
22 – 4 – 2018
راگەیاندن و بانگەشەی ھەڵبژاردن
20 نیسانراگەیاندن و بانگەشەی ھەڵبژاردن
فوئاد قەرەداغی
بانگەشە بۆ کورسی پەڕلەمانە لە بەغدا
بە گەرمیی بانگەشەی لیستە کوردییەکاندا ، وادەزانیت کێبەرکێی دەسەڵاتە لە کوردستاندا نەک کێبەرکێ لەسەر چەند کورسییەک لە پەڕلەمانی عێراقدا.
دراماو قورئان و ھەڵبژاردن
ئایا نمایشی درامای حەزرەتی عومەری کوڕی خەتتاب و فێستیڤاڵی خاڵ بۆ خوێندنی قورئان لەم کاتەدا ، پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەکانەوە هەیە ؟
رێکلامی ھەڵبژاردن و فشەکردن
بەڕاستی هەندێک رێکلامی لایەنەکان و کاندیدەکان دەچێتە خانەی فشەکردنەوە ، بۆیە دەبێت پێیان بڵێن : مام ساڵح زۆرە !
کاری لیستە کوردییەکان
پێویستە لیسته کوردییەکان بە خاڵی روون و دیاریکراو کاری چوار ساڵی ئایندەیان لە بەغدا بە خەڵک بڵێن .
ئەرکێکی راگەیاندنکاران
ئەرکی راگەیاندنکارانە پرسیاری جیددی لەکاندیدەکان بکەن بزانن کارنامەیان بۆ چوار ساڵی ئایندە لە پەڕلەمانی عێراقدا چییە ؟!
19 – 4 – 2018
دۆست و دوژمن
20 نیساندۆست و دوژمن
فوئاد قەرەداغی
دوژمنان و دۆستان
دوژمنەکانمان کێن و دۆستەکانمان کێن؟ بێ ناسینیان نە پرسی نەتەوەیی و نە پرسی چینایەتی هەنگاوێک ناچنە پێشەوە .
دوژمنەکانمان کێن ؟
دوژمنەکانمان : دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان و سیستمی سەرمایەداریی جیھانی + شوڤێنیزمی نەتەوەی سەردەست لەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە + سیستمی خێڵ و پاشماوەی دەرەبەگایەتی لە کوردستاندا+ سەرمایەداریی وابەستەی کورد بە مۆنۆپۆلە فرەناسنامەکانی جیھانەوە .ئەو چین و هێزانەش کە لە تەوەرەی ئەو دوزمنانەدا دەخولێنەوە دیسان وەک دوژمنانمان ریزبەندی دەکرێن .
ئاستی نزمی دیالۆگ
کە بابەتێک یان کۆمێنتێکت نووسی و نەیارانی فیکرت بەدڵیان نەبوو ٫ بێ ئەوەی بە شەخسی بتناسن تۆمەتێکت بەپاڵدەدەن ۰ بەداخەوە بۆ ئەم ئاستە نزمەی دیالۆگ .
سیستمی پەڕلەمانی
17 نیسانسیستمی پەڕلەمانی
فوئاد قەرەداغی
سیستمی پەڕلەمانی و ھەڵبژاردن
بڕوام بە ھەردوو جۆری بۆرژوایی رۆژئاوایی و خێلەکیی رۆژھەڵاتیی سیستمی پەڕلەمانی نییە . کات بەنرخترە لەوەی بۆ ئەو پرسەی تەرخان بکەین .
پرنسیپێکی ھەڵبژاردن
پرنسیپێکی هەڵبژاردنی راستینە مافی دەنگدەرانە بۆ لێسەندنەوەی موتمانە لە نوێنەرەکانیان لەهەر کاتێکی دەورەی پەڕلەماندا .
بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن
ئەگەر دەزانن ئەم لیستانە هیچ گۆڕانکارییەکیان پێناکرێت ٫ بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و چیتر سەری خۆتانیان پێوە جەنجاڵ مەکەن .
16 – 4 – 2018
بەرکوڵی جەنگی زلھێزەکانی سەرمایەداریی
16 نیسانبەرکوڵی جەنگی زلھێزەکانی سەرمایەداریی
فوئاد قەرەداغی
ھێرشی سێقۆڵیی و بەرژەوەندیی تورکیا
ھێرشی سێقۆڵی ئەمریکا – ئینگلتەرە – فەڕەنسا بۆ سەر سوریا لە بەرژەوەندیی تورکیای فاشست و دەوڵەت و رەوتە کۆنەپارێزەکانی ناوچەکەیە .
مووشەکبارانی سوریا … نەفرەت لە جەنگ
لوتکەی بێئاگایی سیاسی لەوەدایە دڵت بە مووشەکبارانی سوریا خۆشبێت و ھێشتا ئەمریکا بە فریادڕەس بزانیت … نەفرەت لەجەنگ و جەنگخوازان .
دیموکراسیی وەک دیاریی جەنگ
ئەمڕۆ سێکوچکەیەکی دەوڵەتە زلھێزەکانی سەرمایەداریی ، نموونەیەکی دیموکراسیی لیبراڵییان بۆ گەلانی ناوچەکە بە دیاری نارد .
جاڕی جەنگ
14 نیسانجاڕی جەنگ
فوئاد قەرەداغی
ترەمپ جاڕی جەنگی دا
ترەمپ جاڕی جەنگی دا ۰ دەیەوێت سنوورێک بۆ دەسەڵاتی روسیاو ئێران لە سوریاو ناوچەکەدا دابنێت۰ بەو بیانووەش مووشەکە زیرەکە نوێیەکانی ئەمریکا تاقیبکاتەوەو ، لەو پێناوەشدا ناوچەکە لە خوێن هەڵبکێشێت .
بە جەنگ گەشبین مەبن
بەجەنگی ئەمریکا دژی سوریا گەشبین مەبن ئەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەسەڵات و نفوزە لەگەڵ روسیادا . دڵنیابن دیسان کورد قوربانیی دەبێت .
جەنگ دژی بەرژەوەندیی کوردە
ھەڵگیرساندنی جەنگ دژی سوریا پەیوەندیی بە ململانێی ئەمریکاو روسیاوە ھەیە ، ھیچ بەرژەوەندییەکی گەلانی ناوچەکەو کوردی تێدا نییە .
چاوەڕێکردنی جەنگ
بۆرژوای باڵادەستی کورد خێری لە جەنگەکانی1991 و 2003 دیوە ، بۆیە بە خۆشییەوە چاوەڕێی جەنگی ئەمریکا دژی سوریا دەکات .
دەسەڵاتداری بازرگان
ئەو دەسەڵاتدارانەی کاری بازرگانی دەکەن جیاوازییان هەیە : لە رۆژئاوا کڕیارن . بەڵام لێرە فرۆشیارن و ٫ هەموو شتێک دەفرۆشن !!
ئایندەو ھەڕاجکردنی وڵات
ئایندەی ئەم وڵاتە دیارنییە ، خاک وخەڵک و سامانی ” نیشتمان “و “سەروەری” و زۆر شتیدیکەمان مەترسیی هەڕاجکردنیان لەسەرە .
12 – 4 -2018
دەربارەی پاشەکەوتکردنی مووچە
14 نیساندەربارەی پاشەکەوتکردنی مووچە
فوئاد قەرەداغی
کاری کرێگرتەو مووچە
لە وڵاتان کرێکاران کرێی بڕیاردراو بۆ کاری کرێگرتەیان وەردەگرن ۰ لەکوردستاندا سەرجەم مووچەخۆران کار بو چارەکە کرێ دەکەن .
زێدەبایی و پاشەکەوتی مووچە
سەرمایەدارانی وڵاتان بە دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەچوێنم ئەویان زێدەبایی و ئەمیان پاشەکەوتی مووچە دەخەنە سەر سامانەکانیان .
دەربارەی خوێندن
12 نیساندەربارەی خوێندن
فوئاد قەرەداغی
خوێندنی گشتی
خوێندنی گشتی مافێکی دەستووریی ھاووڵاتییانەو ھەلی چوونیەک بۆ خوێندن دەستەبەر دەکات .
نەھێشتنی نەخوێندەواری و خوێندنی ئیلزامی
نەھێشتنی نەخوێندەواری و خوێندنی ئیلزامیی منداڵان ئەرکی حکومەتەو ، ھەنگاوە سەرەتاییەکانی پێشکەوتنی وڵات زامندەکات .
خوێندنی ئەھلی یان خوێندنی گشتیی
لە بری ھاندانی خوێندنی تیجاریی ئەھلی ، پەرە بە ئاستی زانستی و پەروەردەیی خوێندن لە قوتابخانە گشتییەکاندا بدەن .
خەونی پەروەردەی سێکولار
سیستمی دەسەڵات سێکولار نییە ، بۆیە خەونی پهروهردهو فێربوونێکی سێکولار، له واقیعی ئەمڕۆی عێراق و کوردستاندا نایەتەدی .
چەند کۆمێنتێکی ھەنووکەیی
10 نیسانچەند کۆمێنتێکی ھەنووکەیی
فوئاد قەرەداغی
پێوەرو شیکردنەوەی چینایەتی
شیکردنەوەی چینایەتی ئامرازێکی زانستیی لێکدانەوەی فیکرو دیاردە کۆمەڵایەتیەکانە . ئەم پێوەرە چینایەتییە بۆھەڵوێست و رەفتاری مرۆڤیش دروستە .
پۆستی نوێنەرایەتیی
پۆستی نوێنەرایەتیی خەڵک ھەمیشەیی نییە ، دەبێت دوای ھەر دەورەیەکی پەڕلەمان ، نوێنەرەکان بگەڕێنەوە سەرکارەکانی خۆیان .
گۆڕینی سیستم
گۆڕینی ریشەیی سیستمی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتیی باشووری کوردستان بۆ سیستمێکی نوێ ، بە بەرنامەکانی ئێستای ھەڵبژاردن نایەتەدی .
ئاینداریی پرسێکی شەخسییە
ئاینداریی پرسێکی تەواو شەخسی و تایبەتییە ، ئامۆژگاری و ئاڕاستەم مەکە ، رێز لە بڕیارو بڕواو بۆچوونەکانم بگرە ، لێمگەڕێ با خۆم بم .
پرسیارو وەڵام ھونەرە
پرسیارو وەڵام ھونەرە ، کەسانی ھەژار لە لۆژیک و زانیاریدا ، بۆ شاردنەوەی ھەژارییەکەیان ، وەڵامی پرسیار بە پرسیاری پێچەوانە دەدەنەوە .
فەیسبوک و ئازاردانی یەکتری
فەیسبوک دەزگایەکی راگەیاندنی شەخسییە بەدەستمانەوە ٫ هەقە وەک دەزگاکانی راگەیاندی کوردی بۆ ئازاردانی یەکتری بەکارینەهێنین .
نیسان – 2018