یادی گیانبەختکردوو فەھمی قەرەداغی
ئەمڕۆ 29 / 11 / 2017 ، سیی و حەوت ساڵ بەسەر دەستگیرو بێسەروشوێنکردنی نووسەرو رۆژنامەنووس و تێکۆشەری سیاسی ( فەھمی قەرەداغی ) دا تێدەپەڕێت .
ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا ، بۆ یادکردنەوەی ، چەند وشەیەک دەنووسم . بەڵام ھەست بە کەمتەرخەمیم دەکەم و ، پێموایە ھێشتا وشەکانم لە ئاستی خۆبەختکردنی ئەودا نین . ئەمساڵ بەم بۆنەیەوە فایلێکم ئامادەکردووە . نووسینەکانی نێو ئەم فایلە : بەشێکیان بۆ نزیکەی چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە .
نووسینەکان پەیوەندییان بە ئەمڕۆوە نییە ، بەڵام دۆکیۆمێنتی مێژوویەکی دژوارە کە بۆ من بیرچوونەوەی نییە ، بۆیە بۆ پاراستنیان لێرەدا بڵاویاندکەمەوە .
لە ساڵانی رابردوودا ، ھاوڕێیانم بەشداریی ھەستە خەماوییەکانیان کردم ، بەوشەی ناسک و کۆمێنتە جوانەکانیان ، ھاوسۆزییان بۆ دەربڕیم . سوپاس و پێزانینم بۆ ئەو بەسەرکردنەوانەیان . ھیوادارم ئەمساڵ ھاوڕێیانم تەنھا بە لایک ئەو ھەستە مرۆییەیان دەرببڕن ، ئەو بەڕێزانەشی ( فەھمی ) یان ناسیوەو یادەوەرییەکیان ھەیە ، بە کۆمێنتێک بیرەوەرییەکەیان بنووسن . لەگەڵ رێزو سوپاسی بێپایانمدا. ( فوئاد 29 – 11 – 2017 )
ناوەرۆکی ئەم فایلە بریتییە لە :
1 ) پڕۆفایلی فەھمی قەرەداغی
2 ) ئەستێرەیەکی زیندانیی – پەخشان – فوئاد قەرەداغی
3 ) نیشتمانپەروەرێکی گومناو – نووسینی صەلاح شێخ شەرەف
4 ) بێدەنگییەکی ناچاریی – نووسینی فوئاد قەرەداغی
5 ) فەرامۆشکردنی کەسوکاری شەھیدەکان شەرمەزارییە بۆ ھەموومان – نووسینی مام جەلال
6 ) ناوەرۆکی کتێبی ( ناتوانن پەیڤەکانم زیندانیی بکەن ) نووسینی فەھمی قەرەداغی
7 ) پێشەکی کتێبەکە – نوسینی فوئاد قەرەداغی
پڕۆفایلی
فەهمی قەرەداغی
نووسینی : فوئاد قەرەداغی
فەهمی قەرەداغی کوڕی شێخ ئەنوەر کوڕی زانای ئاینی شێخ عومەری قەرەداغی ناسراو بە ئیبنولقەرەداغی – یە . رۆژی ٨ ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە .قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی و قۆناغی ئامادەیی لە هەولێر خوێندووە . ساڵی ١٩٧٠ بەشی ( سیاسەت ) ی لە کۆلیژی ( یاساو سیاسەت ) ی زانکۆی بەغدا تەواوکردووە .
هاوینی ساڵی ١٩٦٢ چۆتە نێو ریزەکانی ( یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ) ەوە . ئەو کاتە لە دواناوەندیی ( الوطن ) لە سلێمانی ، قوتابی پۆلی دووەمی ناوەندی بووە . سەبارەت بە چالاکی ودڵسۆزی و کارامەیی لە کاردا ، لە ریزەکانی یەکێتی قوتابیاندا چووەپێشەوەوگەیشتە مەکتەبی سکرتارییەت و ، تا دەرچوونی ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی ئەو رێکخراوە بوو ، لە تێکەڵبوونەوەی هەردوو باڵی پارتی و هەردوو رێکخراوی قوتابیانیشدا ساڵی ١٩٧١ ، بۆتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی سلێمانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان .
فەھمی ئەندامێکی چالاکی رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بوو لە بەغدا ، پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ قوتابیانی سەر بە رێكخراوو حزبە نەتەوەییەکانی عەرەب ، بەتایبەتی ناسرییەکان ، ھەبوو . پەیوەندی لەگەڵ چەند مامۆستایەکی بەشەکەیان باش بوو ، بڵاکراوەکانی پارتی بۆ دەبردن و ، قوتابییە عەرەبەکانیش گۆڤارو بڵاوکراوەی رێکخراوەکانی خۆیان بۆ دەھێنا .
ساڵی ١٩٧٠ ، هەر لە یەکەم رۆژەکانی دامەزراندنی ( کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان – عێراق ) کە چەند ساڵ دواتر بووە ( کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ) بە شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە پەیوەستبوو ، بە ورەیەکی بەرزەوە پێشوازی لەو خەباتە نوێیە کردو ، بووە ھەڵسووڕاوێکی کارای ئەو رێکخراوە .
ساڵی ١٩٧١ وەک پەیامنێری هەفتەنامەی ( هاوکاری ) لە شاری سلێمانی دامەزرا . هەر لەو ساڵەشدا بوو بە کارمەندی فەرمانگەی ( بیمەو خانەنشینیی کرێکاران ) لە سلێمانی . لە ماوەی کاری پەیامنێرێتیدا ، لەسەروبەندی دوای دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار تا چەند مانگێک دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ، بە قەڵەمی ئەو ، دەنگوباس و پانۆرامای چالاکیی سیاسی و رۆشنبیریی و هونەری و رەخنەو گلەیی خەڵکی سلێمانی ، دەگەیشتنە سەر رووی هەفتەنامەکە ، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەوەو ، دەستپێکردنەوەی شەڕی حکومەتی بەعس دژی کورد لەبەھاری ساڵی 1974 دا ، پەیوەندی بە ھەفتەنامەکەوە ، لە سنووری ناردنی چەند وتارێکی وەرگێڕدراوو چەند کورتە ھەواڵێکی گشتی مایەوە ، تا بەرە بەرە خۆی لە پەیامنێرێتی دزییەوەو ، لەهاوینی ساڵی 1975 دا وازی لە هەفتەنامەکە هێنا .
لە کۆتایی حەفتاکاندا ، بەهۆی باری نالەباری سیاسی و هێرشی یەک لەسەر یەکی دەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس بۆ سەر رێکخستنەکانی کۆمەڵە ، شوێنی کارکردنی بردە هەولێرو ماڵەکەشی بۆ ئەوێ گواستەوە. لەهەولێر سەرەتا لە ( مەکتەبی تەشغیل ) ی کرێکاران و ، دواتر لە فەرمانگەی ( بیمەو خانەنشینیی کرێکاران ) ی سەر بە ( ئەمیندارێتیی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی ) کاریکرد ، تا لە رۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ دا دەستگیرو بێسەروشوێنکرا .
فەهمی قەرەداغی تەنها یەک کتێب بەناونیشانی : ( ناتوانن پەیڤەکانم زیندانیی بکەن ) بەناوییەوە هەیەو ، زۆربەی نوسینەکانی و دیمانە رۆژنامەوانییەکانی لە خۆ دەگرێت ، فوئاد قەرەداغی برای کۆیکردوونەتەوە ، بابەتەکانی لەچەند بەشێکدا رێکخستووە ، ناونیشانی بۆ داناون و پێشەکی بۆ نووسیوە .
ئهستێرهیهکی زیندانیی
پێشکەش بە گیانی هەمیشە زیندووی فەهمی قەرەداخی
کۆنگرهی نووسهران . . .تشرینی یهکهمی 1991
فوئاد قەرەداغی
برا . . برا . .
چاوم گێڕا . . بە هەر چوار لاى خۆمدا روانیم . . .
یەکە یەکەى روخسارەکانم سەیرکرد . . . سەرنجى قەڵەمەکانم دا . . .
نە روخسارت . . . نە قەڵەمت . . . لەوێ نەبوون
* * *
چاوم نووقاند . . زیندە خەونێک فڕاندمى و ، دیمەنى تارى ئەو رۆژەى پێنیشاندام . . .
ئەو رۆژە بوو . . وەک هەر رۆژێـکى پاییزان ، گەڵاڕێزان ، ئاسمانى مۆن ،روو تۆزاوى . . . .
لە پڕ جیڕەى جەرگبڕى ماشێنێکى جەندرمەکان ، رایانگرتى . . .
چەند چنگێکى چڕنووک درێژ ، قەترانى وەک شەوەى خەیاڵ ، چڵکن ، دزێو ، وەک ناخى فاشستەکان ، لە جەستەى ناسکت گیر بوو . . .
.هەر ئەوەندەى یەکودوویەک ، بە پەڕۆیەک ، دیمەنى رەشى تاوانیان لە چاو بەستى و ، بەرەو چارەنووسێکى نادیار کێشیانکردى.
* * *
هەردوو چاوانم کردەوە . . . چاوم گێڕا . . .
بە دووى خەم و پەژارەى یازدە ساڵمدا ملمدەنا ، دەمویست تەنها چرپەیەکت بە گوێى خەمەکانمدا گوزەربکات . . .
دەمویست ژان و ئازارو سوێى یازدە ساڵم لە تەزووى هەواڵێ ، تەلێ ، دەنگێکى تۆ ئارام بگرێت . . .
دەمویست بارانى ئەشک ، ئەشکى دیدار ،ئەشکى وشکى چاوى بێدارو گلکردووى چاوەڕوانیم ، رێژنە بارانى بەهاربێت ،تێر ببارێت ، تێر ببارێ و تەنیا بە بینینت شاد بێت.
* * *
چاوم گێڕا . . . ئەستێرەى سوورم بەدیکرد . . . .
ئەستێرەکانم خوێندەوە ، دروشمەکانم خوێندەوە ، ناوت نەبوو ، دەنگت نەبوو ، رەنگت نەبوو ، بۆ پرسیارى هەزار جارەم ، کەسێ نەبوو ، وەڵام نەبوو . . .
گوێم بۆ دوانەکان شلکرد . . . رستە رستە ،وشە وشەى بروسکەکان ، گوتارەکانم خوێندەوە . . .
پیتێک نەما ، خالێک نەما ، چاوى هیوام لەئاستیاندا هەڵنەڕوانێ ، خەونەکانم لە گەڵیاندا رانەمێنێ ، بۆ وەڵامێ ، بۆ هەواڵێ ، بۆ نرکەو ناڵەى گومناوێ . . .
* * *
لە ناو ئەو کۆڕو بەزمەدا . . . لە ئاهەنگ و زەماوەندى پێنووسەکان . . لە جەژنى نوێى هاوڕێیانى پێنووسە زیندووەکەى تۆدا . . . لەم شاییەى لە مەزنە شاییەکەى بەهار ڕسکا ، من کەلا بووم
تاسە دڵى دەپەستمەوەو توند دەیگوشى . . . خەیاڵى سەوز لە بۆشایى ئاسمانى شین ، لە گەردوونى بێکۆتایى زەردو سوورو ئەرخەوانى ، کەوتە مەلە . . .
خەیاڵ و تاسەو نامۆییت بە ژێى دڵى بەزام و سوێى مندا رادەبوورن . . . ئاوازى مەنگ سۆزو هەستم دەخرۆشێنێ . . . شەپۆلى گریانێکىئەفسوناوى تەنگ بە سینەم هەڵدەچنێ . . . شەپۆل سەرکەوت ، لە گەروومدا هەڵوێستەى کرد . . شەپۆل سەرکەوت ، خۆى گەیاندە کاسەى سەرم ، رێى کرد ، رێى کرد ، تا دوو گلێنەى سەرڕێژکرد . . . هۆن هۆن فرمێسک هاتە خوارێ ، رستێک مروارى هەڵوەرى و ، بوونە وشەى دڵ و دەروون هەڵقرچاوێ . . .
* * * * *
کاکە . . . کاکە . . .
ئاگام لێیە . . . گیانم بۆتە چەپکێ تیشک و دیوارە کەڕەکان دەبڕێ .
ئاگام لێیە . . . ئەسرین رووناکى بیناییت دەگرێ .
ئاگام لێیە . . . بزڕکاوى ، پەشۆکاوى ، دەستەو یەخەى بتەکانى ئەم زەمانە راوەستاوى.
ئاگام لێیە . . . زامى دڵت ، تک تک ،زووخاو بەڕێ دەکات . زووخاو ورد ورد ، بە هەناوتا ، بەناخى ژانلێهاتووى چەند ساڵەتدا ، دادەچۆڕى ،رێچکە دەگرێ .
ئاگام لێیە . . . دڵم لە دڵت دەڕوانێ . . گیانم خەرمانەى گیانتەو ، بۆ دیدەنى گیانى تۆیە وا ناسرەوێ .
ئاگام لێیە . . . بەرى چاوت ، پشتى چاوت ، پرسیارەکانى نێوچاوت ، مێژووى یازدە ساڵى پێیە .
ئاگام لێیە . . . سیخى دوژمن هەموو رۆژێک ، نەجارێک ، نەدوان ،نە هەزار ، چاوو دڵ و جەرگى شەقار شەقارتى پیادەکرێ .
* * *
کاکە . . . کاکە . . .
لانک مێژووى تۆ ناسینمە . . . لەبیرمدێ ، سەرنجى دیدەى بێ واتام بۆلاى تۆ بوو ، وێردى پژانى زمانم ناوى تۆ بوو ،یاریم ، پێکەنین ، گۆرانیم ، لەگەڵ بانگى کاکە کاکە ، هاوڕێى یەکبوون .
لەبیرمە تۆ ، دڵسۆزو هاوگەمەى منداڵیم بووى ، هاوڕێى رازو نهێنى هەرزەکاریم بووى .
تۆ . . تۆ . . تۆ . . . تۆ کاکم بووى . . . تۆ باوکم بووى . . . مۆمى شەوى تارى ژیانم بووى . . . .
* * *
رۆژهات . . . رۆیى
شەوهات . . . رۆیى
هەفتە ، هەفتەى سڕییەوە . . .
مانگ بوو بەساڵ ، ساڵ هەنگاوى یازدەیەمینى تەواوکرد ، بەڵام باستیل توندتر دەرگاى خۆى کڵۆم کرد.
بە فەرمانێ ، کات لێرەدا راگیراوە . . . شەوو رۆژو هەفتەو ساڵ ، بە زنجیرو کۆتى دەست و پێمدا هەڵواسراوە . . .گیانم مێخڕێژ بە دیواردا داکوتراوە . . .
چاوم بە زووخاڵى شەوانێکى بێکۆتایى داخراوە.
بە فەرمانێ : هەنگاو نانێم ، لە بەر دۆزەخ رادەگیرێم .
بە فەرمانێ : هەنگاو دەنێم ، بەرەو لاى قەنارە دەبرێم .
* * *
ئەرێ کاکە . . .
تۆ کەى دێیت و ، مژدەى راپەڕینم بۆ بهێنیت .
تۆ کەى دێیت و ، دڵم بگریتە ئامێزى هیواکانت .
تۆ کەى دێیت و ، چەپکێ هەتاو ، چەپکێ نێرگز ، بکەیتە سەرتۆپى گوڵى دیارییەکانت .
تۆ کەى دێیت و ، بەسەرهاتى یازدە ساڵى تەمەن و گیان و جەستەى من :
کەرەسەى نووسینەکانت بێت . . .
مێژووى ڕەشى وڵاتێک بێت . . .
مژدەى ریسوایى تا هەتای هیتلەرێک بێت . . .
گڕى سوورى خەباتێک بێت . . .
درهنگ تۆیان بیرکهوتهوه . . . تشرینی دوومی 1995
ئەمجارەیان ، یادى تۆیان ، لەگەڵ خەزاندا بەیانکرد . . .
ئەمجارەیان ، لە پشت کێوێکى بێدەنگى ، ناوى تۆ بووە چەخماخەى هەورى بێبارانى پەڵە . . .
ئەمجارەیان ناوە گومناوەکەى تۆ بوو ، پاش پازدە ساڵ ، بەرەو ئاسمان ، بەرەو کاروانى ئەستێرە ، داى لە شەقەى باڵ . . .
* * *
برا . . . برا . . .
پازدە ساڵە ، موورەگەى پشتى من ، قرچە دەکات . . . .
پازدە ساڵە ، رۆحى نائارامى منە گینگڵ دەدات . . .
پازدە ساڵە ، لە تشرینى خەمدا ، رۆحم گەڵاڕێزان دەکات . . .
پازدە ساڵە ، هەموو رۆژێک ، هەموو ساتێک ، گیانم توێ توێ لوول دەخوات و ، ورد ورد دەبێ و ، هەڵدەوەرێ و ، رەشەباى خەم ، لوورە لوورى فاشستەکان ، چوار وەرزى ساڵ گێژى دەداو دەیتاسێنێ . . .
* * *
تۆ ئەى هاوڕێ دزراوەکەم . . .
تۆ ، ئەى برا بە ناهەق براوەکەم . . .
پازدە ساڵە تۆ خەیاڵى ماندوو نەناسى بیرمى . . . تۆ بوونێکى هەمیشە زیندووى یادمى . . تۆ زامێکى پڕ سوێى دەروون ، خەمێکى قووڵى ناخمى . . .
تۆ ئەى هاوڕێ گەشبینەکەم
پازدە ساڵە ، دوورى و سەختى رێگا دەبڕى . . دەشت و هەرد ، هەوراز ، نشێو ، تەیدەکەیت و ، رێگا هەر کۆتایى نایە . . . .
پازدە ساڵە ، چاوم بە دووى هەنگاوى بێکۆتاییتدا وێڵەو ، خەریکە سۆمایى دایێ . . .
تۆ ئەى هاوڕێ دڵسۆزەکەم
پازدە ساڵێک بەر لە ئێستا ، تۆ فەرهادى جوانەمەرگت لەکۆڵتناو ، هێناتەوە گردە مێژووییەکەى سەیوان . . . ئەى کێ تۆ لە ئامێز بکات ، ئەى کێ بێتە بندەستى تۆو ، شەکەتیى دووریى رێگاکەت لە گیان دەرکات . . . .
* * *
پازدە ساڵە من راماوو سەرگەردان و دەستەو سانم . . .گێژو وڕى تراژیدیاى ونبوونتم . . .
پازدە ساڵە ئیفلیج بووم و ، نازانم روو لە کوێ بکەم . . .لە چ هەردێ . . لە چ دەشتێ ، لە چ سارایەکى وشک و بێدەنگ بارم بخەم . . . .
من راماوم ونازانم چۆن ،تاڵێ لەتیشکى زێڕینى خۆرت پێبگەیەنم . . . چ کاروانێکت بۆ رێخەم . . . چ زەماوەندێک بگێڕم تا بێیتەوە . . . تا دوورى ئەم پازدە ساڵە ببڕێتەوەو ،یۆتۆپیاى هاتنەوەى تۆ ، بەرگى راستیى بپۆشێت و ، ئاهەنگێک بۆ بوونت لە نوێ ساز دەینەوە . . . .
من راماوم و نازانم چۆن ئەم خەونەم بەدیدێت و ، بکشێم و بێم بە پیرتەوە . . . چۆن باوەشم ئاوەڵاکەم . . . چۆن سنگم توند توند بنووسێت بە سنگتەوە . . . چۆن بازنەى دەستم گیربکەم لە گەردنت . . . چۆن تێر تێر ئەسرین بڕێژم و ، بە لاملتا چۆڕاوگەیەک هەڵسێ و ، شادیى سەرڕێژى دیدارو پێشوازیت بێ . . . .
سهرهمهرگی دایکم . . . حوزهیرانی 2000
دایە . . . دایە . . .
دایە مەڕۆ . . . بۆ کوێ دەڕۆى ؟
دایە مەڕۆ . . . جێم مەهێڵە . . . رەگى بوونمان لە ناخى خاک هەڵمەکێشە . . .
دایە مەڕۆ . . . چاوەڕێ بە ، هاکا (فەهمى) گەیشتەجێ . . .
توخوا مەڕۆ . . . جێیمەهێڵە ، ئەو بۆ لاى تۆ بەڕێوەیە . . .
دایە مەڕۆ . . . جێیمەهێڵە و ،ئەم کۆچە ناوەختە مەکە . . .
دایە گیان بۆ بەجێیدێڵى . . . ئەوە تۆ نیت دوو دە ساڵە ،شەو تا بەیان ، چاوەکانت رێژنەى فرمێسک ، گەرم گەرم ، دەوەرێنن . . . ئەوە تۆ نیت دوو گرێیە چاوى چاوەڕوانیت سپى بووەو ، ئەو هەر نایە . . .
بۆ جێیدێڵى . . . ئەوە تۆ نیت ، دوو دە ساڵە ، خۆت بە دەورى سەرى ئەودا دەگێڕیت و ، قەزا و بەڵاى ئەم دنیایە دەخوازیت و ،بە پارسەنگى گەڕانەوەى (فەهمى) دەکەى ؟
* * *
برا . . . برا . . .
ئەوا دایکت لەسەر ڕێیەو سەفەر دەکات . . .
ئەوا دایکت بە پەلەیەو ، تەواو پشووى لێبڕاوە . . .
زووکە وەرەو ، مەهێڵە ئەو ،بێ بینینت سەفەربکات . . .
زووکە وەرەو ، با تاسەى بیست ساڵ دووریتى بە ماچى تۆ بشکێ . . .
زووکە وەرەو ، بالێوو گەڕووى پڕ قوڵپ و وشکى بەر لە کۆچى تەڕ بێ . . .
زووکە وەرەو ، با گیانی باڵگرتووى ئەو بەرەو دنیای ئەبەدییەت بە نامۆیى تۆوە نەفڕێت . . .
زووکە وەرەو، با باوەشى نیانى ئەو، دوا هەوارى گیانت بێت و،تێیدا ، هەروەکو سەرەتا بتوێیتەوە . . .
فریایکەوە، بالەم رێیە، بەرەو ئەودیو ،بەرەو نەبوون ،گیانى ماندووى هەڵکشێت و، دوور لە مێژووى لێوان لێوى فرمێسک و خوێن ، دوور لە فریشتە کوژەکان ، ئیتر بێ خەم سەرى ئارام بنێتەوە . . . .