Archive | نیسان, 2018

ھونەری درۆکردن

6 نیسان

ھونەری درۆکردن
فوئاد قەرەداغی

درۆزن و درۆزان
ئەوەی درۆی سپی و درۆی بەرژەوەندی و درۆی سایکۆباثی دەکات ، درۆزنە . ئەوەی بە بەڵێنەکانی ، میللەتێک دەخەڵەتێنێت ، درۆزانە .

درۆزان و بەرنامەی ھەڵبژاردن
ھەمیشە ( درۆزانەکان ) رۆڵی سەرەکیی بانگاشە ، بۆ بەرنامەی ھەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکان ، دەبینن .

درۆ بە شێوازی گۆبڵزیانە
گۆبڵز وەجاخی روونە . ئەم رۆژانە لێرەش : درۆدەکەن … درۆدەکەن … درۆدەکەن ، ھەتا بە گفتەکانیان باوەڕبکەین .

بەرنامەڕێژیی بۆ پازدە ساڵ
ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت ، لەبری بەرنامەڕێژیی بۆ پێنج ساڵ ، بەرنامەڕێژیی پازدە ساڵی بۆ دادەنرێت !

تورکیاو باشووری کوردستان

5 نیسان

تورکیاو باشووری کوردستان
فوئاد قەرەداغی

بوونی تورکیا لە باشووری کوردستاندا
بۆچی بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا ، کۆمپانیاکانی بازرگانیی ، دەزگای ھەواڵگریی ، خوێندنگای تورکی ، درامای تەلەڤیزیۆنی ، لە باشووری کوردستاندا بوونیان ھەیە . ئەمە بەڵگەو نیشانەی چییەو ، چ ئاماژەیەکمان سەبارەت بە جێوڕێی ھەرێمی کوردستان دەداتێ ؟

باشووری کوردستان کۆلۆنیی و وابەستەیە
باشووری کوردستان کراوەتە هەرێمێکی کۆلۆنیی وابەستەی تورکیا ، لەڕووی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری وهونەری و پەروەردەییەوە .

بایکۆتی گۆرانییەکانی ئیبراھیم تاتلیساس
بایکۆتی گۆرانییەکانی ئیبراھیم تاتلیساس مەکەن . ئەگەر راست دەکەن بایکۆتی ئابووریی دەوڵەتی تورکیاو کۆمپانیا سەرمایەدارییەکانی بکەن .

ئامانجی خۆپیشاندانی مامۆستایان
ئایا خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان ، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەکەوتکردنی مووچە ، ئامانجی گۆڕانکاریی پەروەردەییشی هەیە ؟

ناکۆکی ئێمەو نەوەکانمان

2 نیسان

ئەمە بەشێکی نامەیەکمە بەر لە نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکێک لە ھاوڕێکانم نووسیوە . ئەو چەند ساڵێک بوو بە ماڵەوە لە ھەندەران دەژیا . ھاوڕێکەم ھەر زوو لە ژیانی ئەوێ بێزاربوو ، ھۆکاری سەرەکیش ئەوەبوو ناکۆکی لەگەڵ منداڵەکانیدا ھەبوو . ئەم دەیویست بە پێی کەلتووری خۆمان پەروەردەیان بکات و ئەوانیش بۆینەدەھاتنە ژێر بار ، ئاکام ئەو بەو ھیوایەوە سەرینایەوەو منداڵەکانیش بۆ ھەمیشە کەسایەتییان لەسەر کەلتوورە نوێیەکە داڕێژرا . ئەم راوبۆچوونەم دەشێت بۆ ئەمڕؤش دەستبدات ، بۆیە لێرەدا پەخشمکرد . ( فوئاد قەرەداغی )

فوئاد قەرەداغی

ناکۆکی ئێمەو نەوەکانمان

ھاوڕێ …

هەموو ئەو بیرە راگوزەریانەو بەراوردکارییەکانت و ، گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی خۆمان ، بەشێکن لەو هەستە مرۆییانەی لەبەرامبەر وجودی خۆماندا راماندەگرێت ، ئەوە حاڵەتێکە لەزۆر وێستگەی دیکەی ژیاندا دێتەپێشمان ، دیارە زۆر ئاساییە منداڵەکانت ئینتیمایان بۆ ئەو زێدە بێت کە تیادا دەژین ، یان تیادا بوون و گەورە دەبن ، ئەوەش بەهیچ جۆرێک مایەی نیگەرانی نییە ، گرنگ ئەوەیە کەسایەتی منداڵەکان لە رەهەندەکانیتری ژیانیاندا مرۆڤانە دەرچێت ، لەبەر ئەوە بە مانەوەت لەو وڵاتەو گەورەبوونی منداڵەکان لەوێ ، بە ئاسایی ئەو ناکۆکییەی ژیانی تۆو ژیانی ئەوان دێتە پێشەوە ، ئەو کاتە هەڵبژاردن بدە دەست خۆیان ، بەو شێوەیە رابیتەی ئینسانی و رابیتەی ( باوک – دایک ) و فەرزەندی لەنێوانتاندا دەمێنێتەوە .