Archive | ئه‌یلول, 2018

دیمانەیەک دەربارەی پەروەردەکردنی منداڵ

11 ئیلول

ئەمە دەقی دیمانەیەکە دەربارەی پەروەردەکردنی منداڵ . خاتو سازیان تالیب بۆ بڵاوکراوەی ( ژیانەوە ) ی ئامادەکردووە . لێرەدا بە سوپاسەوە پەخشیدەکەم . ( فوئاد قەرەداغی )

دیمانەیەک دەربارەی پەروەردەکردنی منداڵ

فوئاد قەرەداغی

ژیانەوە : پەروەردە چییە ؟ چۆن دەتوانین منداڵەکانمان بەشێوەیەکی تەندروست پەروەردە بکەین ؟
فوئاد قەرەداغی : پەروەردە چەندین پێناسەی جیاجیای ھەیە بەڵام لە تێڕوانینێکی گشتیدا پڕۆسەی پێگەیاندنی منداڵە لەو کاتەوەی ساوایە تا ئەو کاتەی دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن . پرۆسەیەکە ھەموو لایەنەکانی کەسایەتی دەگرێتەوە وەک لایەنی : جەستەیی ، ئەقڵی ، کۆمەڵایەتی و ویژدانی. مەبەست لەم پڕۆسەیە ئامادەکردنی منداڵەکانە بۆ ژیان ، بۆ بەرھەمھێنانەوەی مرۆڤەکانە ، بۆ یەکبینەیی ژیان و نوێبوونەوەی رۆڵی وەچە یەک لەدوایەکەکانی مرۆڤە .
لەو ئامانجە گشتییانەی پەروەردەدا ئاماژەی شێوەی تەندروستی پەروەردەکردنی تێدایە ، واتە ھەر ھەنگاوێک ببێتە مایەی گەشەکردنی کۆی لایەنەکانی کەسایەتیی منداڵان و
ھەرزەکاران و ، بیانکاتە تاکێکی گونجاوی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگاکەیان ، دەکەوێتە بازنەی پەروەردەیەکی دروستەوە .
ژیانەوە : یاسایەک ھەیە بۆ پەروەردە کە منداڵەکانی پێ گەورە بکەین ؟ گرنگە منداڵ گەورە بکەین یان پەروەردەی بکەین ؟
فوئاد قەرەداغی : لەڕاستیدا یاسایەکی جیھانیی بۆ پەروەردەکردنی منداڵ نییە . باوکان و دایکان ، کە ئەرکی سەرەکیی پەروەردەیان لەسەرە ، ناچارن بەپێی خواستی سیستمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا ئاڕاستەی پەروەردەی منداڵەکانیان بکەن . ئەم پەروەردەیە لەسەر ئەو بنەما زانستییانە دەبێت کە سیستم بەلایەوە پەسەندە ، واتە بەپێی خواست و ویستی تایبەتی باوکان و دایکان نابێت ، داب و نەرێت و ئاین و ئایدیای باوی نێو کۆمەڵ کاریگەرێتی لەسەر جۆری پەروەردەکە دەبێت. ھەڵبەت تەواوی دامودەزگا ئایدیۆلۆجییەکان وەک قوتابخانەو بەرنامەکانی خوێندن ، راگەیاندنەکان ، مزگەوت و دامەزراوەی ئایینی ، رێکخراوو حیزبەکان بە فیکرو رێبازە جیاجیاکانیانەوە ، بەشداریی پەروەردەکردنی منداڵ دەکەن و ، لەسایەی گەشەکردنی زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەمیشەوە کاریگەرییان زێتر لە کاریگەریی ماڵ دەبێت .
ژیانەوە : دایک و باوکی سەرکەوتو کێیە ؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەبەرئەوە منداڵێکی دەروون تەندروست نییە یان رەوشت جوان نییە دایک وباوکی کەسانی ناسەرکەوتون ؟
فوئاد قەرەداغی : وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ، کۆمەڵێک دەزگا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستیان لە پەروەردەکردنی منداڵدا ھەیە ، بۆیە ناشێت کەموکووڕی پەروەردەی منداڵ و سەرھەڵدانی خەوشی دەروونی و ئاکاریی منداڵ تەنھا لە ئەستۆی دایکان و باوکان دابنرێن ، چونکە گەورەکانیش بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی کۆمەڵ و دەزگا جۆراوجۆرەکانیان لەسەرە . لەبەر ئەوە سیستمی کۆمەڵگا ، بە پلەی یەکەم ، بەرپرسە لەھەر سەرنەکەوتنێک لە بواری پەروەردەکردنی منداڵدا .
ژیانەوە : کاریگەرییەکانی لێدان لەسەر پەروەردەی منداڵ چییە ؟
فوئاد قەرەداغی : توندوتیژیی جەستەیی ، لێدان ، سووکایەتی …ھتد ، کارو ھەڵوێستێکی کۆمەڵایەتین و پەیوەندییان بە شێوەی پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵەوە ھەیە . بنەمای ئەم پەیوەندییانە بۆ سروشتی چینایەتی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە . ھەر کۆمەڵگایەک رەفتارو رەوشت و شێوازی تایبەتی خۆی بۆ پاداشت و سزا ھەیە. کۆمەڵگای ئێمە ھەرچەندە پەیوەندییە بۆرژواییەکانی سەرمایەداری بەڕێوەی دەبات ، بەڵام رەگێکی کۆمەڵایەتیمان بە پەیوەندییە دەرەبەگییەکاندا رۆچووە ، لەبەر ئەوە توندوتیژیی جەستەیی لە ئاستێکی گشتیدا ھەیە ھەر لە دەوڵەتەوە تا دوا دامەزراوەکان ، ھەتا قوتابخانەو نێو ماڵەکانیش لەژێر سایەی ئەم پەیوەندییە دەرەبەگییەدان ، واتە کۆمەڵگای خێڵ ، ژیانی خێڵ و عەشیرەتگەریی ، دەوڵەتی خێڵ ، حیزبی خێڵ ، سەرچاوەی توندوتیژی و لێدانن ، تا کۆمەڵگاش گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردانەیەت ، بۆ ئێجگارەکی ژیانی خێڵەکی بەجێنەھێڵێت ، لێدان وەک ئامرازێکی گشتی مامەڵەکردنی کۆمەڵایەتی ، بەتایبەتی بۆ پەروەردەی منداڵ ، کۆتایی نایەت .
لێدانەکان بەیەکەوە گرێدراون ، ھەر ھەموویان لەسایەی سیستمی سزادان ، گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەتوانێت ئەم سیستمی سزایە کۆتایی پێبێنێت ، کۆتایی بێت بە لێدانی منداڵ لەلایەن دایکان و باوکان و گەورەکانەوە ، کۆتایی بەلێدانی قوتابی بێت لەلایەن مامۆستاکانیانەوە ، کۆتایی بە لێدانی ژنان بێت لەلایەن باوک و براو ھاوسەرەکانیانەوە ، کۆتایی بە لێدانی سەربازەکان بێت لەلایەن ئەفسەرەکانیانەوە ، کۆتایی بە زەبروزەنگی حیزبەکان ودەوڵەت بێت بەرامبەر نەیارەکانیان و خەڵک …ھتد .
ژیانەوە : چۆن بتوانین ئەو منداڵانەی بەر ئەم توندوتیژییە دەکەون بیانھێنینەوە ناو کۆمەڵگە ؟ لەسەر کێ پێویستە منداڵ بپارێزێت ؟ چی بکرێت بۆ ئەوە؟ رێگەکانی پاراستن چییە ؟ چۆنە ؟
فوئاد قەرەاغی : ھەرچەندە بڕوام بەوە نییە بتوانرێت ، پێش گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی توندو تیژیی و لێدان و سووکایەتیی بکرێت ، بەڵام لۆجیکی ھەڵوێست ئەوەیە پەروەردەکاران دەستەوسان نەبن ، لەھەر شوێنێک و لەھەر بوارێکدا بۆیان دەڕەخسێ گرنگی بەم کەیسە بدەن .
ئەم کارە دەستپێشخەری دەستەیەک رۆشنبیری پێشڕەوو ھەوڵ و کۆشش و ھوشیاریی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەوێت کە ھەڵوێستەکانیان لە ھەڵوێستی باوی کۆمەڵگا جیابکەنەوەو بەرنامەیەکی کار بەم شێوەیە بگرنەبەر :
1 ) فشارێکی زۆر بۆ حکومەت و پەڕلەمان بھێنن بە دەرکردنی یاسایەکی گشتی دژی توندوتیژی . ئەم یاسایە بە چەند یاسای دژە توندوتیژیی بەرامبەر ژنان و منداڵان و گەنجان پاڵپشتی بکرێت و دەزگای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بۆ دانرێت .
2 ) پرەنسیپی ئازادی بۆ ژنان و منداڵان و گەنجان بە یاسا بسەلمێنرێت . مافی تۆمارکردنی سکاڵایان لەسەر ھەموو ئەوانە ھەبێت کە توندوتیژییان بەرامبەر بەکاردەھێنن .
3 ) رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە فەرمی رێگەیان پێبدرێت ناوەندی بەھاناچوون و داڵدەدانی ھەموو ئەو ھاوڵاتییانەیان ھەبێت کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت .
4اا ) دەزگایەکی تایبەت بە چاودێریی ناوەندەکانی خوێندن پێکبھێنرێت بۆ رێگرتن لە توندوتیژیی بەرامبەر قوتابیان و خوێندکاران و لێپرسینەوە لەھەر بەڕێوەرو مامۆستایەک کە ئەو کارە دزێوە بکات .
5 ) دەستەی رۆشنبیرانی پێشڕەو لەنێو ژنان و مامۆستایان و ، لەنێو سەرجەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، خۆیان پێش کەسانیدی ئیلتیزام بەو یاسایانەوە بکەن کە دژی توندوتیژیی دەردەچن ، خۆیان نموونەی ھەڵوێستی شارستانی بن لەو شوێنانەدا کە کاری تێدا دەکەن ، تا کەسانیدی چاویان لێبکەن و بتوانن لە دواڕۆژدا ئازادی و ھەڵوێستی دژە توندوتیژیی بکەنە کەلتوور . ھەڵبەت ناوەندەکانی خوێندن و مامۆستایانی پێشڕەو ( ژن و پیاو ) ئەرکی گرانی ئەوەیان دەکەوێتە ئەستۆو چاوەڕوانی ئەو رۆڵە مێژووییەیان لێدەکرێت .
بڵاوکراوەی ( ژیانەوە ) ژمارە ( 782 ) یەکشەممە 2 – 9 – 2018
تێبینی : ( ژیانەوە ) بڵاوکراوەیەکی کۆمەڵایەتی و رووناکبیریی تایبەتە ( یەکێتیی ژنانی کوردستان ) دوو ھەفتە جارێک دەریدەکات .