لاپەڕەیەکیدی لە مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە
فوئاد قەرەداغی
پێشمەرگەو هاوڕێی دێرینم کاک تالیب مۆریاسی بەناونیشانی (پێنج تێبینی لەسەر چەند بیرەوەرییەکی هاوڕێی بەڕێزم کاک فوئاد قەرەداخی ) سەبارەت بەو زنجیرە وتارو دیمانانەی بڵاومکردنەوە چەند زانیاری و سەرنجی خۆی بۆ نووسیوم ، لە هەندێکیدا راستیی بەیانکردووە و ، یەکدوو خاڵیشی تێکەڵبوونی تێدایە و ، پێویستیکرد ئەم روونکردنەوەیەی لەسەر بنووسم :
یەکەم : لەخاڵی یەکەمدا راستیپێکاوە . کۆمەڵە لەچوار ساڵی دوای بەیاننامەی یازدەی ئاداردا گەشەی کردوو ئەندامەکانی سەرگەرمی خۆپێگەیاندن بوون لەڕووی فیکرییەوەو ، بەنهێنی گەشەکردنێکی ، تاڕادەیەک ، فراوانیان کرد لەڕووی رێکخستنەوە ، بەڵام قۆناغی کار بەشێوەی گروپ پێش دامەزراندنی بوو ، دوای دامەزراندنی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٠ دا وەک یەک رێکخستن و بەپێی پێڕەوی ناوخۆ کاردەکرا.
دووەم : ئەو هەلومەرجەی کۆمەڵەی تێدا دامەزرا بواری ئەوە نەبوو کۆنفڕانس یان کۆنگرە ببەسترێت . مەسەلەی کاری نهێنی و خۆشاردنەوە لە دەسەڵاتەکانی ئەو سەردەمە ئەولەوییەتی هەبوو ، بۆیە دانیشتنەکان نهێنی بوون ، بەرپرسیارێتی و دابەشکردنی کار نهێنی بوو ، چالاکییەکان دیاریکراوو نهێنی بوون . ئەو کاتە لە بازنەیەکی زۆر بچووکدا نەبێت ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر نەدەناسران ، بەتایبەتی مامجەلال . ئەو کاتە مامجەلال لە چۆمان بوو ، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و بارزانیدا بوو ، لەبەر ئەوە نەدەکرا بوونی ئەو وەک سکرتێری کۆمەڵە رابگەیەندرێت و رێکخراوەکە بەر مەترسی بخرێت . دەربارەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیشی وەک سکرتێر ، پێڕەوی ناوخۆ ئەو دەسەڵاتانەی دیاریکردبوو کە تا کۆنفڕانسێک یان کۆنگرەیەک هەیبێت .
سێیەم : لەخاڵی سێیەمی تێبینییەکاندا ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بە هەڵە تۆمارکردووە . هاوڕێیانی گیانبەختکردوو ( روشدی عەلی شەریف ، ئەنوەر زۆراب ، جەعفەر عەبدولواحید ) ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر نەبوون . کاک روشدی سێ ساڵ بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵە لە رووداوێکدا گیانی لەدەستدا ، کاک تالیب ئەو کاتە لە شوێنی رووداوەکە بووە ، کاتێک بووە کە هیچ باسێکی کۆمەڵە لە ئارادا نەبووە .
چوارەم : ئەو کاتەی ئارامی گیانبەختکردوو بەرپرسیارێتی کۆمەڵەی گرتەئەستۆو دواتر بەدەستی جاشەکان تیاچوو ، من لە کۆمەڵەدا نەمابووم ، راستەوخۆ ئاگاداری بارودۆخی کۆمەڵە نەبووم ، رووداوەکانی دوای ئارام و پەرتەوازبوونی کۆمەڵێک خەڵکی دڵسۆز و تێکۆشەر ، تەنها وەکوو خەڵکیدی دەمبیست ، بۆیە ناتوانم لەو بارەیەوە رایەک بڵێم کە دروست بێت . نەوشیروان مستەفاش بە تەزکییەی مامجەلال کردیانە سکرتێری کۆمەڵە و دەنگدانی کۆنفرانسەکە تەنها بۆ شەرعییەتدان بوو بەو پۆستە . سەبارەت بەوەی نەوشیروان دوژمنی سەرسەختی کۆمەڵە بووبێت ، هەروەها خاڵی پێنجەمی تێبینییەکانت کە دەڵێیت : ” لە گۆنگرەی یەکێتی ناو یەکێتی لە ساڵی ۱۹۹۲ دا کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان وەک پۆڕێکی پەرووباڵ کراو خرایە چوارچێوەی هەڵوێستی بیرو بۆچوونە دیکتاتۆرەییەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ” بڕیارێکە پێویستی بە تۆژینەوەیەکی مێژوویی هەیە ، ئەگەرچی زۆربەیەک لە ئەندامان و هەڵسووڕاوانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵە دەڵێن : هیچ پاساوێک بۆ تواندنەوەی کۆمەڵە لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نەبووە .
ئەمەش دەقی تێبینییەکانی کاک تالیب مۆریاسییە :
پێنج تێبینی لەسەر چەند بیرەوەرییەکی هاوڕێ بەڕێزم کاک فوئاد قەرەداخی
یەکەم _ هاوڕێیانی کۆمەڵە لەکات و ساتیێکی زۆر هەستیار و دژواردا توانیان خۆیان پێبگەێنن و گەشە بکەن و بە شێوەی گروپ گروپ و زۆر بە نهێنی پارێزگاری لە ئۆرگانەکان بکەن بۆ ئەوەی ڕژێم نەتوانێت زەفەریان پێببات بەتایبەتی لە چوارساڵی دوای بەیانی یانزەی ئازاردا لە سەردەمی حوکمڕانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆمەڵە زیاتر پێشکەوت و گەشەی کرد
دووەم_ کۆمەڵە ٦/۱٠/۱۹۷٠ دامەزراو بێ گۆنگرەو بێ کۆنفراس دەست نیشانی هەڵسوڕاوێکیان کرد بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان و سەرپەرشتی گرووپەکان بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵە ناوی مام جەلال نەهێنراوە کە سکرتێری کۆمەڵە بێت بۆیە کۆنگرە یان کۆنفرانس ماف بە سکرتێر دەدات بۆ کۆمەڵە
سێهەم _ ئەو هاوڕێیانەی کە کۆڵەکەی دامەزراندی کۆمەڵە بوون شەهید شەهاب و شەهید ڕوشدی عەلی شریف و شەهید ئەنوەر و شەهید جەعفەر و کاک فوئاد قەرەداخی بوون بەڵام هەر زوو ڕوشدی عەلی شەریف شەهیدکرا لە سڵی ۱۹٦۷ لە گوندی . بان سندوق . لەلای کەلار
چوارەم _ بە شەهیدکردنی (ئارام) کۆمەڵە بەرەوو ئەقارێکی ترسناک بردرا کۆمەڵێکیان شەهیدکردوو کۆمەڵێکیان دەربەڕاندوو ئاوارەی ئەوروپا بوون کۆمەڵێکیش بەڕۆن و چەوری گوندی ( شێنێ ) دەستەمۆ کران و بە چەپڵە لێدان نەوشیروان مستەفا کرا بە سکرتێری کۆمەڵە کە لەهەمانکاتدا دوژمنی سەرسەختی کۆمەڵەبوو
پێنجەم _ لە گۆنگرەی یەکێتی ناو یەکێتی لە ساڵی ۱۹۹۲ دا کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان وەک پۆڕێکی پەرووباڵ کراو خرایە چوارچێوەی هەڵوێستی بیرو بۆچوونە دیکتاتۆرەییەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو