هەڵەبجەو یادەوەرییەکانی منداڵیم

18 ئازار

هەڵەبجەو یادەوەرییەکانی منداڵیم

هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە تا ئەمڕۆ ، هەمیشە هەستێکی تایبەتیم بەرامبەر هەڵەبجە هەبووە ، هەستێک کە پڕاوپڕی ناخم خۆشەویستی و سۆز بووە ، تا ئەو رادەیەی کێبەرکێی خۆشەویستی و سۆزم بکات بۆ سلێمانیی زێدی خۆم و باوکم و باپیرم . دوور نییە ئەم هەستە پەیوەندی بە رەگی بوونمەوە هەبێت لە خاکی هەڵەبجەداو ، ئاو و هەواو ژینگەی هەڵەبجە کاریگەرێتی لەسەر چرکەساتەکانی سەرەتای ژیانمدا هەبووبێت ، دوور نییە پەیوەندی بە دێرینترین بیرەوەرییەکانمەوە هەبێت کە مەڵبەندەکەی شاری هەڵەبجەیەو ، دواتر دێمە سەر گێڕانەوەیان لەڕێی پشتبەستن بەوەی لەیادی خۆمدا پارێزراوەو ، ئەوەشی دایکم بۆی گێڕاومەتەوەو پەیوەندی بەو تەمەنەمەوە هەیە کە هێشتا هۆشمنەکراوەتەوە . لەبەرئەوە ، ئەو مێژووە ، کە دەکەوێتە نێوان ساڵی ١٩٤٣ و ساڵی ١٩٤٩ بەگشتی باسدەکەم نەک بە بەرودوا بەپێی کات و ساڵەکانیان .
پێش لەدایکبوونم
باوکم لە ساڵی ١٩٣٨ ەوە کارمەندێکی سەرۆکایەتیی تەندروستیی سلێمانی بووە . وەک ( مضمد ) ێك چەند شوێنی کردووە ، لە تەوێڵەو سورداش و بەرزنجەو ماوەت چەند ساڵێکی لەم پیشەیەدا گوزەراندووە . لەساڵی ١٩٤٣ دا راژەکەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی هەڵەبجە ، بۆیە ماڵی هێناوەتە هەڵەبجەو نزیکەی شەش ساڵ لەم شارەدا ماوەتەوە . کاتێک هاتۆتە هەڵەبجە دوو منداڵی هەبووە بە ناوەکانی ( نەزیرە ) و ( فاروق ) ، یەکەمیان لە ( ماوەت ) لەدایکبووبوو ، ئەویدیش لە ( بەرزنجە ) . هەردووکیانیش دوای ماوەیەک بە نەخۆشیی ، لەماوەی سێ مانگدا مردوون . من منداڵی سێیەم بووم ، کورد گوتەنی : لەسەر سکی سووتاو هاتووم ، بۆیە گرنگییەکی زۆریان پێداوم ، بەتایبەتی لەنێو خێزانەکەماندا تەنها منداڵ بووم . دایکم زۆر بڕوای بەوە هەبوو کە دەمێنم و تەمەنێکی درێژ بەسەردەبەم ” بەڵگە “شی ئەوەبوو کە لە کاتی دووگیانیدا خەوی دیوەو پیاوێکی نورانی پێی گوتووە کوڕت دەبێت و بۆت دەمێنێت و تەمەنی درێژ دەبێت ، بەڵام هەمیشە دڵەڕاوکێیەکی هەبوو کە بە قسەی ئەو پیاوە نورانییەی نەکردووەو ناوی نەناومەتەوە ( فاروق ) .
کاتێک لەدایکبوونم نزیکدەبێتەوە ، دایکم دێتەوە ماڵی باوکی لە سلێمانی ، لەوێ لە گەڕەکی دەرگەزێن رۆژی ٢٢ یان ٢٣ ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ لەدایک دەبم . شێخ مارفی مامی باوکم و خاڵی دایکم ، بانگ بە گوێمدا دەدات و ناوم دەنێت ( محەمەد فوئاد ) .
مامە گەورەم ( شێخ مارف ) ئیمام و مودەڕڕیسی مزگەوتی شێخ مارفی قەرەداخی باپیری بوو ، ماڵەکەشیان بەتەنیشت ماڵی باپیرمەوە بوو لە کۆڵانی پشت دەرگای سەرەکیی مزگەوتەکە . بەقسەی دایکم ، بۆ ناونانم ، قورئانی کردۆتەوەو ناوەکەمی لە یەکەم وشەی ئەو لاپەڕەیەی قورئان وەرگرتووە و قەناعەتی بە دایکم کردووە کە ناوم نەنێتەوە ( فاروق ) و ئەم ناوە پیرۆزەی قورئان قبوڵ بکات . دیارە وشەکەی قورئان ( فٶاد ) یان ( أفئدة ) بووەو دیسان هەر بۆ پیرۆزیی ناوی ( محەمەد) یشی خستۆتەسەر . بەڵام باوکم لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ دا محەمەدەکەی لێکردۆتەوە .
دوای لەدایکبونم بە چل رۆژ دایکم دەگەڕێتەوە هەڵەبجەو ئیتر بە بەخێوکردنی منەوە خەریک دەبێت و بەرە بەرە هاتوچۆی سەرقەبران کەم دەکاتەوە ، کە پێش لەدایکبوونم هەموو عەسرانێک سەردانی گۆڕی کچ و کوڕەکەی کردووەو تا نزیک ئێوارە لەوێ ماوەتەوە .
لەدایکبوونی ( فەهمی ) برام
دەڵێن بیری منداڵیی تیژە ، من کۆنترین یادەوەریم رۆژی لەدایکبوونی ( فەهمی ) برامە . کاتی بوونی ئەو هێشتا تەمەنم سێ ساڵی تەواو نەکردووە ، بەڵام تا ئێستاش چەند دیمەنێکیم وەکو خەو لەبەرچاوە .
فەهمی برام رۆژی ٨ ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە . ئەو کاتە کرێچی بووین لە ماڵی ( وەستا تۆفیق ) دا ، خانووەکەیان لەگەڕەکی ( کانی قوڵکە ) بوو ، کۆڵانەکەیان دواکۆڵان و ریزە ماڵی هەڵەبجە بوو ، کانییەکەش یەکسەر ئەودیوی کۆڵانەکەبوو ، ماڵی خۆشیا ن دوو دەستەبوو ، ئێمە لە دوو ژووری دەستەی خوارەوەیدا بووین.
وەستا تۆفیق لە داڵانەکەی نێوان ( مزگەوتی پاشا ) و بازاڕەکەی بەردەمیدا سەرتاشخانەی هەبوو ، ئەرکی ژیانی خێزانەکەیانی لەسەربوو کە پێکهاتبوو لە باوک و دایکی ( مام صادق و دادە ئەمنە ) ، هەروەها خوشکەکانی ( عاصمە ومەعصومەو حەفصە ) کەمن بە (دادە عاسمان و دادە مەعسوم و دادە حەپسە ) بانگمدەکردن . وەستا تۆفیق هاوسەرگیریی کردبوو ، کچێکی لە تەمەنی مندا هەبوو ناوی ( حەسیبە ) بوو . دوو براشی بە ناوی ( عومەر و فازیل ) هەبوو ، فازیل – یان هاوسەرگیریی کردبوو ، ماڵی جیابوو .
بەیانی ، زوو بوو یان درەنگتر ، کە لەخەو هەڵسام و چاومکردەوە لە ژوورەکەی خۆماندا نەبووم ، باوکم و دایکم نەبینی ، بەڵکو بینیم مام صادق لە ژوورەکەدایە ، گریام ، ( دادە مەعصوم ) دیاربوو لەهەیوانەکەدابوو ، بەدەنگ گریانەکەمەوە هات ، ویستی ژیرم بکاتەوە ،بەڵام من لە گریان بەردەوام بووم ، بۆیە باوەشی پێداکردم و بۆ ماڵی خۆمانی بردم ، چاوم بەدایکم کەوت بەمدیوو ئەودیودا خۆی دەخست ، چەند ژنێک دەورەیان دابوو ، ئەو ساتە جگە لە ( دادە ئەمنە ) نەمزانی ئەوانیدی کێ بوون ، چونکە بەپەلە دادە مەعصومیان کردە دەرەوەو منیش بە باوەشیەوە . من لە گریان بەردەوام بووم و ، برامەوە بۆ دەستەی سەرەوە ، هەنارێکیشیان لە دارهەنارەکەیان کردەوەو ماوەیەک بەوە ژیریان کردم ، ئیتر بیرم نەماوە خەوم لێکەوت یان شتیتریان بۆ ژیرکردنم بەکار هێنا . دواتر بردمیانەوە خوارەوە ، دایکم راکشابوو ، ( فاتمەخان و عەتێ خان ) ی خزممان لەلایەوە دانیشتبوون ، فاتمەخان هاوسەری شێخ مستەفای شێخ محەمەدبوو ، عەتێ خانیش هاوسەری شێخ جەمیلی شێخ حامد بوو ، هەردووکیان فەرمانبەر بوون لە هەڵەبجە و بە حوکمی خزمایەتی و هامشۆکردنی یەکتری لە زووەوە ، نزیکترین کەس بوون لێمانەوە ، جگە لەوەی فاتمە خان دایکی شیریم بوو .عەتێ خان فەهمی لەباوەشدا بوو ، بانگیکردم و منیان بردە نزیکیەوەو پێی وتم ئەمە براتە ، سەیرم کرد ، ئەوەی بیرم مابێت تەنها روخسارێکی سووربوو کە بە پەڕۆیەکی شین ناوچەوانیان بەستبوو . دوای بینینی دیسان بردمیانەوە بۆ سەرەوە ، ئیتر دوای ئەوە جگە لەوە نەبێت جارێک بێشکەکەیم رادەژەنی و خستم ، لە هەڵەبجەدا هیچ یادەوەرییەکی فەهمیم بیرنییە تا ئەو کاتەی ماڵمان هاتەوە سلێمانی و کرێچیبووین لە ماڵی حاجی فەقێی شاڵیدا لەبەرخانەقای مەولانا خالید .
هاوڕێکانی منداڵیم لە هەڵەبجە
یەکەم هاوڕێی منداڵیم ( حەسیبە ) ی کچی وەستا تۆفیق بوو . وەستا تۆفیق لەگەڵ دایکی حەسیبە جیابووبوونەوە . لەگەڵ حەسیبە پێکەوە یاریماندەکرد ، نازانم یارییەکانمان چی بوون و بەچی یاریماندەکرد ، ئەوەندەی بیرمە لە حەوشەکەدا راکەڕاکمان دەکرد ، کە دەرگای حەوشەش بکرایەتەوە فڕکەمان بۆ کۆڵانەکە دەکردوو ، تا دیواری ماڵەکەی بەرامبەرمان راماندەکردو دەگەڕاینەوە لای دەرگاکەی خۆمان ، دادەکانیش هەرپێیان بزانیایە بەپەلە دەهاتن پەلیان دەگرتین بۆ ماڵەوەو دەرگاکەیان دادەخست .
دوای ئەوەی ماڵمان هاتەوە سلێمانی هەموو هاوینێک باوکم دەیهێنام بۆ هەڵەبجە ، ئەو شەوانەی لەماڵی وەستا تۆفیق میوان بووینایە ، شەو هەموو لەسەربان دادەنیشتن ، من و حەسیبەش دەچووینە نزیک گوێسوانەی سەربانەکەیان کە بەسەر دەشتاییەکیدا دەڕوانی کە کشتوکاڵیان لێکردبوو ، بۆ خۆمان قسەمان دەکرد . لەڕاستیدا نازانم ناوەرۆکی قسەکانمان چیی بوون تەنها ئەوە نەبێت جارێکیان پێشبڕکێی زانینی گۆرانیمانکرد ئەو لێی بردمەوە چونکە من لە یەک دوو بەیتی یەک دوو گۆرانی زیاتر هیچم نەدەزانی . دوای ئەو ماوەیە بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی پەنجاکانەوە حەسیبەم نەدییەوە ، بەڵام دەمزانی شوویکردووە ، مەخابن دواهەواڵیش لەبارەیەوە بیستم ئەوەبوو لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا شەهیدبووبوو.
یەکێک لە هاوەڵە نزیکەکانی باوکم لە هەڵەبجەدا شێخ عەبدولقادر بوو . ( لێرەدا ناوی وەستا تۆفیق و شێخ عەبدولقادر وەک خۆیان دەنووسم ، بەڵام من بە مامە بانگمدەکردن ) ئەویش لە نەخۆشخانەکەی هەڵەبجە ( مضمد ) بوو ، لە بنەماڵەی شێخەکانی بیارە بوو ، ئەوەندە لە یەکتری نزیکبوون ، تا کۆچی دواییشیانکرد ، خەڵک وایدەزانی خزمی نزیکن . ئەوەی سەرنجڕاکێشە ناوی من و براکانم و ناوی کوڕەکانی شێخ عەبدولقادر وەکو یەکن و هاوتەمەنیشین ، جا نازانم ئەوە هەر رێکەوتە یان لەخۆشەویستی یەکترەوە ناوی منداڵەکانیان وەکو یەک ناوە ( فاروق ، فوئاد ، فەهمی ) . دوایی لە کۆتایی پەنجاکاندا ، دوای چەند ساڵێک لەو مێژووەی ئێمە ماڵمان لە هەڵەبجە بوو ، ناوی فەهمی شێخ عەبدولقادریان گۆڕی بە ” فاتیح “.
من و فوئادی شێخ عەبدولقادر هاوتەمەنین ، یەکێکمان چەند مانگێک لەویترمان گەورەترە ، بەڵام کاممانین نازانم ، رەنگە من بم چونکە بەو ریوایەتەی باسمکرد من لە سلێمانی و لەلایەن مامی باوکمەوە ناونراوم . دوای گواستنەوەی باوکم بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی پەیوەندی باوکم و شێخ عەبدولقادر بەردەوام بوو ، هەموو هاوینێک تا ساڵی ١٩٥٨ کە شۆڕشی چواردەی تەموز روویداو بارودۆخ هەندێک گۆڕانکاریی بەسەرداهات ، باوکم دەیبردم بۆ هەڵەبجە خۆی چەند شەوێک دەمایەوەو منیش بۆ هەفتە یان دوو هەفتە دەمامەوە ، شێخ عەبدولقادریش یان شێخ فایەقی برای یان فوئادیش بهاتنایە بۆ سلێمانی لەماڵی ئێمە میوان دەبوون . فاروق و فوئادی شێخ عەبدولقادر هاوڕێی ئەو سەردەمی منداڵییەم بوون چ ئەوکاتەی لە هەڵەبجە بووین و چ ئەو کاتەی هاتینەوە سلێمانی . بەڵام هاوڕێیەتی فاروق زۆری نەخایاند چونکە بوو بەژێر ئوتومبیلێکەوەو گیانی لەدەستدا . لەبیرمە باوکم بۆ پرسەکەی دوو سێ رۆژ چوو بۆ هەڵەبجەو لەلای شێخ عەبدولقادر مایەوە ، ئیتر لەوە بەدوا هەر فوئاد مایەوە هاوتەمەنم بێت ، ( فەهمی ) یان فاتیحی برای لەو پچووکتر بو هاوتەمەنی فەهمی برام بوو بۆیە دوای مردنی فاروق بە دوو یان سێ ساڵ ، هاوینان باوکم هەردووکمانی ( من و فەهمی ) دەبردو ، ئەو ماوەیەی لەوێ دەبووین بە خۆشی و یاریکردن بەسەرمان دەبرد . عەتێ خانی هاوسەری شێخ عەبدولقادرو زەکاوە خانی کچیشی کە چەند ساڵێک لە ئێمە گەورەتربوو ، بەشێوەیەک خزمەتیان دەکردین ، هەستمان نەدەکرد لە ماڵی خۆماندا نین یان دوورکەوتووینەتەوە .
جگە لەو هاوڕێیانەم ، ئەنوەری مامە شێخ عومەر ( هونەرمەندی ناسراو ئەنوەر قەرەداخی ) هاوتەمەنم بوو ، بەقسەی دایکم من نۆ مانگ لەو گەورەترم ، بەڵام کەمتر لەوانیدیکە پێکەوەبووین ، تەنها ئەوەندە بەیەکەوە یاریماندەکرد کە لەگەڵ دایکمدا بچووینایە بۆ سەردانیان . ئەوەی ئێستا بیرم مابێت یاریکردنمان بوو لەسەر رۆڵەیەکی ئاسن ، لەتەنیشت ماڵەکەیانەوە ، لەبەردەم ئاشی ئەلەکتریکەکەی ئەو سەردەمەی هەڵەبجە دانرابوو ، پیاهەڵدەزناین بەودیویدا خۆمان دەخزاندو دەهاتینە خوارەوە .
مامەشێخ عومەر ئیمام و مودەڕڕیسی ( مزگەوتی پاشا ) بوو ، دەمێ ساڵ بوو لە هەڵەبجە نیشتەجێبووبوو ، باوکمی زۆر خۆشدەویست و وەک باوک و دایکم دەیانگێڕایەوە زۆر ئاگاداریانبووە ، لەرۆژە ناخۆشەکاندا مشووری خواردوون و بەتەنگیانەوە بووە ، چەند ساڵێک دوای ئەوەی لە هەڵەبجە نەماین کۆچی دواییکرد و لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا کوڕە گەورەکەی ناسراو بە ( شێخ محەمەدی خەتیب ) بوو بە وتاربێژی مزگەوتی گەورە لە سلێمانی و بەماڵەوە لە هەڵەبجە باریانکردوو لە سلێمانی نیشتەجێبوون .
هاوڕێیەکیدیکەی سەردەمی منداڵیم لە هەڵەبجە ( فوئادی حەمە رەشیدی سۆفی محەمەد ) بوو . مام حەمە رەشید دوکانی خەیاتیی هەبوو لەو قەیسەرییەدا کە سووتا ، کوڕە گەورەکانی کەبابخانەیان لە بازارەکەی بەردەم مزگەوتی پاشادا هەبوو . فوئاد هاوتەمەنم بوو ، برای شیریم بوو ، دایکی شیری دابوومێ ئەوانیش هەر لە گەڕەکی ( کانی قوڵکە ) بوون . زوو زوو سەردانمان دەکردن . لەسەردانەکاندا پێکەوە یاریمان دەکرد ، بیرمە چەند جارێک ، یەکێک لە خوشکەکانی ، کە لە ئێمە گەورەتر بوو ، بردینی بۆ سەر کانییەکە ( کانی قوڵکە ) . دوای هاتنەوەشمان بۆ سلێمانی فوئاد سەردانی دەکردین و هەموو جارێک شەوێک یان دووان لەماڵی ئێمە دەمایەوە . دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ١٩٥٨، ئەو بووە شیوعی و منیش پارتی ، بۆیە کەمتر سەردانی دەکردین ، ئیتر بۆ ماوەی چەند ساڵێک نەمدییەوە ، هەتا رۆژێکی هاوینی ساڵی ١٩٦٢ خۆیکرد بەماڵدا ، ( ماڵمان لەسەر رێگای هەڵەبجە بوو لە گەڕەکی سەرکارێز ) ، ماندوو دیاربوو ، هەواڵی یەکتریمان پرسی ، دەرکەوت چەکی بۆ حکومەت هەڵگرتووە ، لەگەڵ چەکدارەکانی هاوڕێیدا بۆ کارێک هاتون بۆ سلێمانی و هەر لەسەر رێگا لای ماڵی ئێمەوە دابەزیبوو ، بۆیە نە خولقیمکرد بۆ مانەوەو نە ئیتر روومدایە ، ئەویش دوای ماوەیەک دانیشتن رۆیشت ، ئەوە دواجار بوو بیبینم ، دوای چەند ساڵێک هەواڵی کوشتنیم پێگەیشت لەلایەن پێشمەرگەکانی ناوچەی هەڵەبجەوە .
مزگەوتی ئەحمەدی
مزگەوتی ئەحمەدی یەکێک بوو لە مزگەوتەکانی شاری هەڵەبجە ، ماڵی شێخ عەبدولقادر بە تەنیشت مزگەوتەکەوە بوو ، واتە دیواریان بە دیوارەوە بوو ، من و فوئاد هەموو رۆژێک نوێژێک یان دوو نوێژمان لەوێ دەکرد . فەقێکان دەیانناسین ، قسەیان لەگەڵ دەکردین و پرسیاری قوتابخانەو مەتەڵ و ئیعرابی عەرەبی و هەندێ زانیاریی ئاینیشیان لێدەکردین ، جارێکیان بە تەنها بووم فەقێیەکیان وتی دەزانیت شێخ فایەق شیوعییە ( شێخ فایەق برای شێخ عەبدولقادر بوو ) ، منیش وتم : نازانم بەڵام چییە ئەگەر شیوعی بێت منیش مامم شیوعییە ( مەبەستم مامم شێخ کەمال بوو کە ئەو کاتە شیوعی بوو) . وتی چۆن چییە و باسی ئەوەی بۆ کردم شیوعی کافرن و خواناپەرستن . ئافەرینیشی کردم کە من نوێژ دەکەم و وەکو ئەوان بێدین نیم .
هەر لەو هاوینەدا بوو یان هاوینی دواتر لە قوتابخانە فێری بانگدان بوو بووم ، بۆیە دوو جار ، جارێکیان نیوەڕۆ و جارێکیان عەسر لەمزگەوت بووم کە وتیان کاتی بانگە ، رامکردو بە پەیژەدا سەرکەوتم بۆ ئەو شوێنەی بانگیان لێدەدا ، چەند هاواریان لێکردم نەگەڕامەوەو بانگمدا ، جاری یەکەم قسەیان نەکرد ، بەڵام جاری دووەم لەلای شێخ عەبدولقادر شکاتیان لێکردم ، ئەویش بە رووە خۆشەکەی خۆی و لەسەرخۆ پێی وتم : ئەوە بۆ منداڵ نەشیاوەو دروست نییەو نابێت جارێکیتر بانگ بدەیت ، منیش بە قسەیمکردو ئیتر نەبانگمداو نەسەردانی فەقێکانم کردەوەو نەجارێکیدی نوێژیشم لەو مزگەوتەدا کرد .
سەردانی بیارە
باوکم موریدی تەریقەت نەبوو ، بەڵام شێخانی بیارەی زۆر خۆشدەویست ، بەشەخسی شێخ عەلادین و کوڕەکانی دەناسی . پێش مردنی باوکی ( باپیرم ) ماوەیەک لە( بیارە) و دواتر لە( مەریوان ) خوێندبووی ، شێخ عەلادین چ لە بیارەو ، چ لە مەریوان بەهۆی موریدەکانی لەوێ ئاگاداری بوو بوو ، هەر ئەویش دوای مردنی باپیرم یارمەتیدابوو ، نامەیەکی بۆ بەرپرسێکی گەورەی حکومەت لە بەغدا نووسیبوو بۆ دامەزراندنی .
هاوینێکیان ، من هەفتەیەک بوو لە هەڵەبجە بووم ، باوکم هات ، بڕیاریدابوو سەردانی شێخ عەلادین بکات و منیش بەرێت . رۆژی دوایی چوین بۆ بیارە . من یەکەم جارم بوو بیارە ببینم ، پۆلی دووەم یان سێیەمی سەرەتایی بووم . باوڵێکی تەنەکەمان پێبوو جلەکانمانی تێدابوو . چێشتەنگاو بو گەیشتینە بیارە . یەکسەر چوین بۆ خانەقا ، سۆفییەک هات بەپیرمانەوە ، وەک ئەوەی بمانناسێت ، لەگەڵ باوکم قسەیانکرد ، ئاگام لە قسەکانیان نەبوو چونکە سەیری خانەقاکەو ئەو هەموو خەڵکەم دەکرد کە دەهاتن و دەچوون ، سۆفییەکە چووە ژوورەوەو دوای ماوەیەک هاتە دەرەوەو باوڵەکەی لێوەرگرتین ، بە باوکمی وتبوو : ” شێخ عەسر لەشوێنی خۆی دادەنیشێت ، شەویش لە ماڵی شێخ ناجی کوڕی شێخ عەلادین میوان دەبن ” .
لەخانەقا هاتینە دەرەوە ، کەبابخانەیەک لەنزیک دەرگای خانەقاوە بوو ، لەوێ نانی نیوەڕۆمان خواردوو ، گەڕاینەوە بۆ خانەقا تا کاتی دانیشتنی شێخ هات . شێخ دوای نوێژی عەسر دانیشت سەرەیەکی دوورودرێژ خەڵک راوەستابوون بۆ دیدەنی ئەو ، ئێمەش چووینە سەرەکەوە نازانم چەند راوەستاین ، نزیکبووینەوە ، شێخم بینی پیاوێکی بچکۆلە هاتەپێشچاوم یان بەهۆی پیرییەوە چنگێکی مابووەوە ریشێکی سپی درێژی هەبوو لەسەر سەکۆیەک دانیشتبوو ، هەر کەسێک دەگەیشتە بەردەمی دادەنەوییەوەو دەستی ماچ دەکردو دەڕۆیشت و لە دەرگایەکیدییەوە دەچووە دەرەوە ، باوکم دەستی ماچکرد بەمنیشی وت دەستی ماچ بکە ، منیش دەستم ماچکرد . باوکم وەکو خەڵکەکە نەڕۆیشت و خۆی بە شێخ ناساندەوە، ئینجا وتی ئەمە فوئادی کوڕمە ، ئەویش تۆزێک سەری هەڵبڕی و بە ئیشارەتی دەست بانگیکردمە بەردەمی ، دەستی هێنا بە سەرمداو دووجار وتی عەمردرێژ بیت ، ئیتر چووینە دەرەوە ، باوکم ئەم سەردانەی زۆر لەلا گەورەو پیرۆز بوو ، ماوەیەکی زۆر بە وردی بۆ خزم و هاوەڵ و دراوسێکانی دەگێڕایەوە .
دوای نوێژی ئێوارە چووینە ماڵی شێخ ناجی ، لە دیوەخان دانیشتین ، نانی ئێوارەمان لەوێ خوارد ، باوکم و شێخ ناجی کەوتنە قسەکردن ، من ئاگام لێیاننەما و خەوملێکەوتبوو ، بەیانیش هەر لەوێ نانی بەیانیمان خواردو دوایی چووینە دەرەوە . باوکم دەوروبەری خانەقای گێڕام ، پاشان بردمی بۆ ناو کۆمەڵێک دارگوێز هەتا نزیک بانگی نیوەڕۆ ، چووینەوە خانەقا ، لە عەسردا چووینەوە بۆ ماڵی خانەخوێکەمان هەر لەدەرگاوە باوڵەکەمان وەرگرتەوە ، دیاربوو باوکم بڕیاری گەڕانەوەی دابوو ، بەیانی خواحافیزیی لە شێخ ناجی کردبوو ، سواری پاسێک بووین ، دوو جێگامان بۆ گیرابوو ، سەعات نۆی عەرەبی بوو بەڕێکەوتین ، هێشتا لە پێچەکانی خواروی بیارەدابووین پاسەکە پەکی کەوت زۆربە بەپێ گەڕانەوە بۆ بیارە ، باوکم بڕیاریدا بەپێ بچینەوە هەڵەبجە ، دڵنیایکردم کە رێگا شارەزایەو هەر دوو سێ کاتژمێرمان پێدەچێت . باوڵەکەی هەڵگرت و بەڕێکەوتین ، ناو بەناویش من باوڵەکەم هەڵدەگرت ، زۆر گەرم بوو ، سەرەڕای ئەوەش بە هەزاران کولە فڕکەیان دەهات ، کولەکان زۆر گەورەبوون کە بەرمان دەکەوتن بەتایبەتی بەر دەموچاومان ئازاریان دەداین ، بەڵام نزیک تاریکبوون کەمبوونەوەو پاشان نەمان .شەوەکەی مانگەشەو بوو بۆیە رێگامان لێتێکنەچوو ، کە گەیشتینە کانیەکە( کانی قوڵکە ) بانگی خەوتنانی دەدا ، زۆرماندوو بووین ، بۆیە نەچووینەوە ماڵی شێخ عەبدولقادر ، بەڵکو چووینە ماڵی وەستا تۆفیق و شەو لەوێ میوان بووین ، لەبەر ئەوەی ماندووبووین زوو جێگایان لەسەربان بۆ راخستین و لێیخەوتین . بۆ سبەینێ دوای ماڵئاوایی لە ماڵی وەستا تۆفیق چووین بۆ ماڵی شێخ عەبدولقادر باوکم ماڵئاوایی لەوانیشکردوو گەڕاینەوە بۆ سلێمانی . ( ماویەتی )

لێدوانێک بنووسە