پەروەردەو شەڕە بۆکسەکەی نێو پەڕلەمانی کوردستان

26 ئازار

پەروەردەو شەڕە بۆکسەکەی نێو پەڕلەمانی کوردستان

لەم کورتە وتارەدا باس لە فلیمی شەڕەبۆکسەکەی نێو پەڕلەمان ناکەین ، بەڵکو کەمێک لە دیمەنە ڤیدیۆییەکە دووردەکەوینەوەو ، ئەم پرسیارە دەکەین : ” ئەم شەڕە چ پەیوەندییەکی بە کرداری پەروەردەوە هەیە ؟ دیسان دەپرسین : ئەم شەڕە چ پەیوەندییەکی بە واقیعی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستانەوە هەیە ؟ ئەم کلتووری شەق و شەپازلەو مشتەکۆڵە وەشاندنە پەیوەندیی بەو دوو فاکتەرەی نێو دوو پرسیاری پێشووەوە هەیە ؟ ئایا ئاستی نزمی سیاسەتکردن لەم وڵاتەدا ئەم کلتوورە دەژێنێتەوە ، یاخود سیاسەتی باڵادەستی ئەمڕۆش رسکاوی هەمان ئەو فاکتەرو کلتوورەیە ؟
سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ واقیعە کۆمەڵایەتییەکە ، ئەو واقیعەی سەروسیمایەکی سەرمایەداریی و ناوەرۆکێکی تا سەر مۆخ دەرەبەگیی هەیە . ناوەرۆکی دەرەبەگیی داب و نەریت و رێسا کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سیستمە ، لە کلتووری خێڵ و عەشرەتدا بەرجەستەدەبێت. یەکێک لە رێساکانی خێڵ پلەبەندیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای باوکسالاریی ، بەوپێیەش ملکەچبوون بۆ( باوک ، براگەورە ، سەرکردەی کاریزما ) ئینجا بۆ نێو کۆمەڵ لەسەر بنەمای ( گەورەو بچووک ، پیاوو ژن ، منداڵان بەپێی تەمەن ) تا دەگات بە حزبی گەورەو حزبی گچکە ) . رایەڵی ئەم پەیوەندییە گوێڕایەلیی و ملکەچبوونی ( خوارەوەیە بۆ سەرەوە ، گچکە بۆ گەورە ، خێل بۆ سەرۆکی خێڵ ، عەشرەت بۆ باوکی گەورە و دوای ئەو بۆ وەچەکانی بەپێی تەمەن ، هەموو خێڵەکان و چینەکانی کۆمەڵیش بۆ سەرکردەی کاریزما ) سەبارەت بە قاڵبە سیاسییەکانی پەیوەندییەکانی ئەم سەردەمە .
ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییە لەڕێی کرداری پەروەردەوە بەردەوام خۆی نوێدەکاتەوە . کرداری پەروەردە لە سێ ژینگەدا ئەم نوێ بوونەوەیە زامن دەکات : ( ماڵ ، قوتابخانە ، کۆمەڵگە ) .
ماڵ و کۆمەڵگە دوو ژینگەن پێبەپێی سیستمەکە هاتوون و لەڕووی کاتەوە پێش قوتابخانە دەکەون . پەروەردەی مرۆڤ لە منداڵییەوە تا گەورەبوون لەسایەی کۆمەڵگەی خێل بەڕێوە دەچێت ، بەواتا سایکۆلۆژییەکەی کرداری پێگەیاندن و رامبوونی کۆمەڵایەتی لەسایەی رێسا نەنووسراوەکان و داب و نەرێتەوە ، دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی مرۆڤەکان و هەر نەوەیە بۆ نەوەی دوای خۆی دەگوێزێتەوە و ، ئاکام دەبێتە کلتوور . ئەم کلتوورە گوێڕایەلی و ملکەچی و بێدەنگی و تەنها ( بەڵێ قوربان و بەسەرچاو ) دەخوازێت و گفتوگۆو رەخنەو رەتکردنەوەو ناڕەزایی و یاخیبوون و بڕیاردانی سەربەخۆ لە فەرهەنگیدا نییە . لەبەرامبەر لادانیش لەم کلتوورەدا سیستمی سزادان هەیە ، هەر لە هەڕەشەو چاوسورکردنەوەو گوێڕاکێشان و سەرزەنشتکردن و سووکایەتییەوە تا لێدان و پڕشەقکردن و کوشتنیش .
پەروەردەی فەرمی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان ( خێڵەکییەکان ) پشتگیریی ئەم کلتوورە دەکات . ئەم پەروەردەیە کاریگەریی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی لەسەردەبێت و بۆ نوێبوونەوەو خۆرسکاندنەوەی کلتوورەکە ئاڕاستەدەکرێت . پڕۆگرامەکانی خوێندن ، رێگاکانی وانەگوتنەوە ، ئەزموونەکان ، شێوازی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان و پۆلەکانی خوێندن، پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستاو قوتابی ، بەڕێوەبەرو مامۆستا ، سەرپەرشتیارو هەریەک لە بەڕێوەبەرو مامۆستا … هتد ، ئامرازەکانی جێگیرکردنی کلتوورەکەیە بە کلتووری سزادانیشەوە .
کاتێک رووداوێکی لەم چەشنەی نێو پەڕلەمان دەبینین ، یان هەر رووداوێکی لەو شێوەیە لەنێو خێزان و نێو کۆمەڵدا دەبینین ، لەڕووی پەروەردەییەوە ئاماژەیە بۆ ئاستەنگی و هەرەسێکی ئەخلاقیی گەورە ، ئاماژەیە بۆ کەلێنێکی گەورە لە سیستمی پەروەردەییدا ، تەنانەت ئاماژەیە بۆ نزمیی ئاستی سیاسەت و مایەپووچی حزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ، لە خستنەوەی پەروەردەیەکی مۆدێرن و تێپەڕاندنی کلتووری خێڵەکی لە ژیانی حزبایەتی و بەرنامەکانیاندا بۆ گۆڕانکاریی لە کۆمەڵداو گەیاندنی بە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ .
ئەم رووداوە بە پلان بووبێت ، یان کارێکی شەخسی ئەو دوو پەڕلەمانتارە ، لەواقیعی ئاستەنگیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و پەروەردەیی و ئەخلاقیی کوردەواریی ئەم هەرێمە ناگۆڕێت و ، دەشێت لە کات و شوێنیدیکەدا چەند بارە ببێتەوە ، بۆیە بەرنامە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بەبێ گۆڕانکارییەکی ریشەیی پرنسیپە مرۆییەکان و گێڕانەوەی تایبەتمەندێتی مرۆییانە بۆ مرۆڤەکان سەرکەوتن بەدەستناهێنن . پەروەردە یەکێکە لە فاکتەڕە گرنگ و سەرەکییەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییە ریشەییە .

فوئاد قەرەداغی
٢٥ – ٣ – ٢٠١٥

لێدوانێک بنووسە