ده‌ستوورو سیستمی په‌روه‌رده‌و فێربوون
له هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌داو ، به‌جیاوازی ناسنامه‌ی چینایه‌تیی ده‌وڵه‌ته‌کانه‌وه ، هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیکی له نێوانی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێربوون و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه . سیستمی په‌روه‌رده‌و فێربوون له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی باو‌و ئاڕاسته‌ی ده‌وڵه‌ت یان هێزی ئابووریی دەسەڵاتداری کۆمه‌ڵگا داده‌ڕێژرێت و خزمه‌تی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌که‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌کات ، به‌واتا سیستمی په‌روه‌رده‌و فێربوون ده‌که‌وێته نێو بازنه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که فه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی زاڵ و ده‌وڵه‌ت بڕیاریده‌ده‌ن . له هیچ وڵاتێکی ئه‌م جیهانه‌دا نه‌بووه‌و نابێت سیستمی په‌روه‌رده‌و فێربوون ئه‌و بازنه‌یه ببه‌زێنێت وسه‌ربه‌خۆ له‌و رێڕه‌وه لابدات و ئازادانه به‌ڕێوه‌بچێت .
سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تیی باویش بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئه‌رکه ، ده‌ستوورو یاسا‌و رێسا‌و رێنمایی تایبه‌ت داده‌نێت و ، به ناوی نه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵ و شه‌رعییه‌ت و . . . هتد ، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵیدا ده‌سه‌پێنێت .
ده‌وڵه‌ت که نوێنه‌ری چینی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵه‌و ئامرازی ئه‌و چینه‌یه بۆ سه‌رکوتی چینه‌کانیدیکه‌و ، راگرتنی له‌نگه‌ری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خزمه‌تی چینی باڵاده‌ست ؛ ده‌ستوورێک ، که دیسان رسکاوی فیکر‌و سیاسه‌تی چینی باڵاده‌سته ، ده‌یپارێزێت . بنه‌ماکانی ده‌ستوور هەردوو ئامرازی یاسا و سەرکوت بەدەست ده‌وڵه‌ته‌وه دەدەن و ، مانه‌وه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدارو هه‌یمه‌نه‌یان به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا زامنده‌که‌ن .
یه‌کێک له‌و بوارانه سیستمی په‌روه‌رده‌و فێربوونە ، له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ده‌ستووری وڵات داده‌نرێت و ، هه‌ر له‌ڕێی یاسا‌و سیستم و رێسا‌و رێنمایی پشتبه‌ستوو به ده‌ستوور ده‌خرێته خزمه‌تی ده‌وڵه‌ت و چینی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵه‌وه .
له‌م باری سه‌رنجه‌وه ده‌توانرێت واقیعیانه بڕوانرێته سیستمی په‌روه‌رده‌و ، کاریگه‌رێتیی ده‌ستوورو سنووری گۆڕانکاریی تێدا به‌ڕوونی ببینرێت . بۆیه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه واقیعییه ، هه‌ر پێشبینییەک بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی به ئاوه‌ژووی واقیعه ده‌ستوورییه‌که‌وه دەبێت ، لە باشترین حاڵەتدا زێتر لە ریفۆرمێکی نیوەناچڵ و دەستکەوتێکی کاتیی ، بەپێی تەرازووی هێزە دەرگیرەکانی کۆمەڵ چاوەڕوانیەکیدیکە دەبێتە خۆشخەیالی و خەونێک ، لانیکەم بەدیهاتنی ئاسان نابێت .
ئەگەر لەم روانگەیەوە نمایشی خواستی سیکولاریزم وەک یه‌کێک لە خەونە دێرینەکانمان بکەین ، دەبێت ململانێیەکی کۆمەڵایەتیی گەورە لەپێناوی په‌روه‌رده‌و فێربوونێکی سیکولاردا بەرپابکرێت چونکە ئەوە بڕیاردانێکی بوێرانەی مێژووییە هێڵێکی مۆدێرنانە رادەکێشێت و ، سیستمی خوێندن لە کوردستاندا ، لەسیستمی پەروەردەو خوێندنی عێراقی جیادەکاتەوە.
رەنگە لەسایەی فشاری رەوتێکی سیاسی‌دا ئەمە دژوار بێت و پاساوی ئامادەکراو بۆ رەتکردنەوەی بهێنرێتەوە ، بەڵام دەبێت ئەزموونی ئەو ململانێیە بکرێت ، پێوەری ئەو ئەزموونەش ئیرادەی هێزە کۆمەلایەتییە پێشکەوتنخوازەکانە بۆ بڕیاری سیکولاربوونی دەوڵەت و پرۆسەی پەروەردەو فێربوون ، ئەو ئیرادەیەی بە هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانەی دەستوورەوە بەندە کە رێگری لە سیکولاربوون دەگرن .
فوئاد قەرەداغی
٧ – ٤ – ٢٠١٥
لێدوانێک بنووسە