بەکارهێنانی نازناوی خێڵ و بنەماڵە وەک بەڵگەی رەها بۆ دواکەوتوویی

25 نیسان

تێبینی : ئەم کورتە وتارە کۆمێنتێکە لەسەر نوسینێکی خاتو ( بەهار مونزیر عوسمان ) سەبارەت بە بەکارهێنانی نازناو .ئەم نوسینە مشتومڕێکی بەدوای خۆیدا هێنا ، بەپێویستم زانی زێتر لە کۆمێنت رای خۆمی لەسەر بڵێم :

بەکارهێنانی نازناوی خێڵ و بنەماڵە وەک بەڵگەی رەها بۆ دواکەوتوویی

بەکارهێنانی نازناو ، یان لکاندنی ناوی خێڵ و بنەماڵەو ناوچە … هتد ، بە رەهایی بەڵگەی دواکەوتوویی نییە . ئەو کەسانەی بەکاریدەهێنن ، دەشێت خێڵەکی بن و ، دەشێتیش خەڵکی پێشکەوتنخواز بن .
هەڵگرتنی نازناو تا نازناو جیاوازیی هەیە ، بۆ ئەمڕۆ دروستترینیان ناوی دووانی یان سێیانیە بەبێ لکاندنی نازناو ، دیارە ناوی شوێن ( زێد ) یان ناوچە لە نازناوی خێڵ باشترە و خراپترینیشیان بەرتەسککردنەوەی ئینتیمایە بۆ بنەماڵە . دیسان دەبێت کاتی هەڵگرتنی نازناوەکە بۆ یەکەم جار رەچاوبکرێت . ئەوەی بیست ساڵ بۆ نیوسەدە لەمەوپێش بەکاریهێناوە و لکاندوویەتی بە ناوەکەیەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوانەی لەم دە بۆ بیست ساڵەی رابردوودا بەکاریان هێناوە ، چونکە دوو سەردەمی جیاوازن.
بەکارهێنانی نازناو بۆ نووسەران و ئەدیبان و شاعیرانیش جیاوازە لە خەڵکێکی ئاسایی کە بەکارهێنانەکەیان بریتییە لە گەیاندنی ئینتیمای خێڵەکیانەی خۆیان بەخەڵکی . نووسەران کە بۆ مێژوویەکی چەند دەساڵی بەرهەمیان هەیە و لەناو خەڵکیدا ناوەکەیان بە نازناوەکەیانەوە دەڕوات ، بۆیان ئاسان نییە ئێستا ناوەکانیان بگۆڕن ، نووسەر هەیە لە دەیان رۆژنامەو گۆڤاردا نووسینی هەیە ، چەند نامیلکەو کتێبی هەیە ، نووسەرانیدیکە لەسەر بەرهەمەکانیان نووسیوە بەو ناوەی بەکاریهێناوە ، ئێستا چۆن ناوەکەی بگۆڕێت و چۆن خەڵکی لێئاگادار بکات کە ئەم ناوە نوێیەی لە بری ناوەکەی دەیان ساڵی پێشوو هەڵگرتووە .
کۆمەڵی کوردەواری لە گۆڕاندایە ، گەشەکردنی ئابووری و ئایندەی حەرەکەتی مێژووەکەی لە پێشکەوتن و گۆڕاندا دەبێت ، ئینتیماکان بەرە بەرە لاواز دەبن ، رەنگە رەوتێکی چوونەپێشەوە بگرن لە : خێزان بۆ بنەماڵە ، بۆ خێل ، بۆ ناوچە ، بۆ نیشتمان و نەتەوەو ، سەرەنجام بە مرۆڤبوون جیهانیبوون بگات ، هەلبەت لەو رەوتەدا ئەم دیاردە دواکەوتووە نامێنێت و کارێکی وەها دەبێتە مایەی شەرمەزاریی . بۆیە تائەو سەردەمە دێت ، دەبێت لە نێوان نووسینەکان و هەڵسوکەوتی رۆژانەوە خەڵک هەلبسەنگێندرێت . ئەو بیروبۆچوون و بڕواو ئایدیاو لێکدانەوانەی بۆ پرسەکانی جیهان و ژیان دەخرێنەڕوو ، پێوەری دواکەوتوویی و پێشکەوتنخوازی بێت و بەردەوامیش ، بەپێی هەڵوێستەکان ، هەڵوێستەکان نۆژەنبکرێنەوە .

فوئاد قەرەداغی ٢٤ – ٤ – ٢٠١٥

لێدوانێک بنووسە