منداڵ و ئاڕاستەی میلیتاریستی

30 نیسان

منداڵ و ئاڕاستەی میلیتاریستی

ئەم چەند دێڕەی لە نێو دوکەوانەدا دامناوە ، نامەی مامۆستایەکی بەڕێزە ، داوادەکات راو سەرنجی خۆم لەسەر ناوەرۆکەکەی دەرببڕم . کاتی خۆی بەچەند دێڕێک وەڵاممدایەوە . بەڵام نامەکە بیرۆکەی نووسینێکی تایبەتیی پێدام و ، ئەم وتارە کورتەی لێڕسکا .

( ئێستا لە خوێندنگاکانی کوردستاندا ، لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا ئامادەیی زانکۆکان ، جلوبەرگی سەربازیی دەپۆشرێت و ، هەمووشی نەقیب و عەقیدو لیوای دەوێت ، کەس بە پێشمەرگەی سادەو داماو رازی نابێت !!! دیاردەی عەسکەرتارییەت و عەقڵییەتی سەربازیی جێگەی دەرس و مۆسیقاو وەرزش و . . . گرتۆتەوە !! مەترسی ئەمە بۆ بواری پەروەردەو کۆمەڵگا چییە ؟ )
مامۆستا ( م . ح . ع )

دیاردەی خۆنمایشکردن بەچەکەوە ، لەبەرکردنی جلی سەربازی ، دانانی ئەستێرەی سەرشانی ئەفسەرەکانی هێزی پێشمەرگە ، سەرەتا لە گەورەکانەوە دەستیپێکرد ، بەتایبەتی رۆژنامەنووسەکان ، لەنێو ئەوانیشدا زێتر ژنەکان . ئەم دیاردەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێدەنگیی لێکرا . بەرپرسانی راگەیاندنی هەرێم ، ئەم دیاردەیەو ، لێدانی سروودو گۆرانیی حەماسی و نمایشکردنی چەکەکانی هێزی پێشمەرگەیان بە هۆکاری بەرزکردنەوەی گیانی بەرگری دەزانی . ئەوان بۆ راگەیاندنی بەرەوڕووبوونەوەی داعش بەرنامەڕییژیان نەبوو ، تاکە ئەزموونێکی هەیانبوو ، ئەزموونی جەنگی قادسییەی سەددام بوو ، بۆیە شاشەی تیڤییەکان بووە “یادەوەرییەک ” ی شاشەی تیڤییەکانی سەردەمی قادسییە بەدناوەکەی سەددام .
ئەگەر ئەم راگەیاندنە هەر ئەوەندە بوایە ، رەنگە زۆرمان لە خۆمانبکردایە و پاساوێکمان بۆ بهێنایەتەوە ، بەڵام کارگەیشتە ئەوەی خێزانەکان منداڵەکانیان لە فەزای جەنگەوە تێوەبگلێنن و هانیان بۆ لاساییکردنەوەی گەورەکان بدەن ، قوتابخانەکانیش هەر بەو جۆرە بەشێکی چالاکییان بووە پرسی ” جەنگ و منداڵ ” ، راگەیاندنی بێ بەرنامەو بابەتی نێوخۆش ، بە فراوانترین شێوە ئەو دیمەنە ” میلیتاریست ” ەی منداڵانیان بڵاودەکردەوەو هەتا ئێستاش بەردەوامەو بە دواماڵی خاوەن تیڤییان لە کوردستاندا گەیاندووە .
ئەم پراکتیکە شێواوەی راگەیاندن سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ داعشدا ئەم شێوازەی تێنەپەڕاند بۆ هەڵمەتێکی گشتگیری هوشیارکردنەوەی جەماوەرو ، هوشیارکردنەوەی منداڵان لەلایەن باوکان و دایکان و مامۆستایانەوە ( ماڵ و قوتابخانە ) ، دەربارەی بەرنامەی تاریکیپەرستانەی داعش و مەترسییەکانی لەسەر پرسی نەتەوەیی کوردو مافەکان مرۆڤ ، بە مافەکان منداڵانیشەوە .
زاڵبوونی عەسکەرتارییەت لە ئاستی کۆمەڵدا بەگشتی و شۆڕکردنەوەی بۆ نێو منداڵان بە تایبەتی ، رەنگدانەوەی عەقڵییەتی عەشایەری و نەریتەکانێتی وەک ستانداردی ” ئازایەتی و نەترسی و پیاوبوون و شانازی بەچەکەوە ” .
ئەوەی لەم ئاڕاستەیەدا دەرکەوت بریتی بوو لە :
– نەبوونی کەسانی پسپۆڕی دەروونناسی لە کەناڵەکانی راگەیاندندا ، تا فیلتەرێکی زانستی بۆ بەرنامەکان دابنێن و ، منداڵ لە مەترسی ئەم ئاڕاستە ناپەروەردەییانە بپارێزن.
– نەبوونی بەرنامەو پلانی راگەیاندنی جەنگیی لە هەرێمدا بۆ سازدانی رای گشتیی جەماوەر دژی کۆنەپەرستانی داعش و داعشیزم .
– دووفاقیی ئاڕاستەی پەروەردەیی منداڵان و هەرزەکاران ، لەلایەک نەریتەکانی ئاشتی و تەبایی وپرنسیپەکانی مافی مرۆڤیان لە قوتابخانەکاندا پێدەگوترێ ، لەولاشەوە بە هاندانی رواڵەتە جەنگییەکان و بینینی لاشەی کوژراوو دیمەنی خوێن و چەکە جۆراوجۆرەکان ، ریسە پەروەردەییەکان دەکرێنەوە بە خوری .

فوئاد قەرەداغی
٣٠ – ٤ – ٢٠١٥

لێدوانێک بنووسە