دەربارەی شێوازی یەکدەوامی و خوێندنی درێژخایەن لە قوتابخانەو خوێندنگەکاندا

3 ئاب

دەربارەی شێوازی یەکدەوامی و خوێندنی درێژخایەن لە قوتابخانەو خوێندنگەکاندا
فوئاد قەرەداغی
1 – 8 – 2017
“شێوازی خوێندنیش له‌م سیستمه‌ هاوبه‌شه‌دا درێژخایه‌ن و یه‌ك ده‌وامی په‌یڕه‌وده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ربدرێت بۆ ساڵی ئاینده‌ زۆرێك له‌خوێندگاكانی سلێمانیدا سیستمه‌كه‌ كاری پێده‌كرێت”. ( پێشنیازەکان – تۆڕی ھەواڵی سلێمانی)
پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژە بۆ پەیڕەویکردنی شێوازی درێژخایەن و یەکدەوامیی بۆ ئەمساڵی خوێندن 2017 – 2018 دەکات و ، بەنیازە ” زۆرێک لە خوێندنگاکانی سلێمانی ” کار بەم سیستمە بکەن .
ئەم بیرکردنەوەیە بۆ خۆی دروستەو شێوازێکە تا رادەیەک کوالێتییەکی باشی خوێندن دەستەبەر دەکات . بەڵام ئەو ماوەیەی بۆ کردنەوەی خوێندنگاکان ماوە ، بواری جێبەجێکردنی نادات ، تەنانەت ئەگەر ھەرچی کۆمپانیا ھەیە لەکوردستاندا بۆ ھاوکاریکردنی پەروەردە ئامادەبن.
شێوازی یەکدەوامیی کاتێک دەتوانرێت پەیڕەو بکرێت ، کە گرفتی بینای قوتابخانە چارەسەر بکرێت ، بە واتا ھەر قوتابخانەیەک لە بینایەکدا دەوام بکات و ، بۆ ئێجگارەکی دوو دەوامی و سێ دەوامی نەمێنێت ، ئەوەش لە توانای پەروەردە بەدەرە ، چونکە بیناکان بواری ئەوەی تێدانییە قوتابیان و خوێندکارانی دەوامی دووەم و سێیەم بگرنە خۆیان .
لەڕاستیدا وەک پڕۆژە دەتوانرێت پلانێکی چەند ساڵە ( 5ساڵ یان زێتر ) بۆ ئەم مەبەستە دابڕێژرێت ، لەم پلانەدا بیناکانی ئێستا فراوانتر بکرێت و بینای نوێی خوێندن بۆ تەواوی خوێندکارانی ھەموو دەوامەکان دروست بکرێت . دەشێت ئەمە بکرێتە پڕۆژەیەکی گەورە بۆ داھاتوو ، بەڵام وەک پڕۆژە بۆ ئەمساڵ و یەک دوو ساڵی داھاتووش واقیعی نییە و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت .
دەستەوسانی لە ئاستی کێشەی بینای قوتابخانەدا ، بێتوانایی لە ئاستی شێوازی خوێندنی درێژخایەن بەرەنجامی دەبێت ، چونکە میکانیزمی خوێندنێکی ” درێژخایەن ” وەک لە پێشنیازەکاندا ھاتووە ، بەندە بە دابینکردنی بیناوە .
مەبەست لە شێوازی خوێندنی درێژخایەن چییە ؟ ئەم زاراوەیە ” درێژخایەن ” : پەیوەندیی بە کاتەوە ھەیە ، واتە خوێندن ماوەکەی زێتر بکرێت ، خوێندکاران و مامۆستایان کاتێکی زۆرتر لە قوتابخانەدا بن ، بەرنامەکانی خوێندن کاتێکی زۆرتر بۆ تەواوکردنی بخایەنێت .
خوێندنی درێژخایەن لە ھەلومەرجی ئێستای پەروەردە لە کوردستاندا ، ئەم شێوانەی لەبەردەمدایە :
1 ) زیادکردنی ساڵەکانی خوێندن لە قۆناغێکدا ، یان بەشێک ، یان لە ھەموو قۆناغەکاندا .
2 ) درێژکردنەوەی رۆژەکانی ساڵی خوێندن ، واتە کەمکردنەوەی پشووی نیوەی ساڵ و پشووی ھاوین و رۆژانی پشووی بۆنەکان.
3 ) درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنی رۆژانەی ئێستا واتە چەند سەعاتێک زێتر بخایەنێت .
زیادکردنی ساڵەکانی خوێندن ، بەھەرشێوەیەک بێت ، کارێکی نەگونجاوەو دژی رەوتی نوێی جیھانیی پەروەردەو فێرکردنە . رووکاری ئەمڕۆی فێرکردن لە جیھانی ئەمڕۆدا روو لەکەمکردنەوەی ساڵەکان و چڕوپڕکردنی بەرنامەکانی خوێندنە . پێشکەوتنی بواری زانستی ئەلکترۆنی ، کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت و تۆڕە جیھانییەکان ، ئەو ئامرازانەی تەکنۆلۆژیای نوێ ھێناویەتە کایەوە ، توانای کەمکردنەوەی ساڵەکانی خوێندن و کوالێتییەکی باشی بەردەم سیستمی پەروەردە خستووە ، بۆیە ھەر کارێکی پێچەوانەی ئەم رەوتە جیھانییە ، گەڕانەوەیە بۆ دواوەو ، لە بەرژەوەندی خوێندکاران و پەرەپێدانی پەروەردەو فێربوون و ، بەرەوپێشەوەچوونی کوردستان و کۆمەڵگای کوردەوە نییە .
درێژکردنەوەی رۆژەکانی ساڵی خوێندن ، دەبێت ھەر ئێشتا بخرێتە نێو بەرنامەی چاکسازیی لە سیستمی پەروەردەدا . ماوەی دەوامکردن ، بەپێی سیستمی رەسمیی قوتابخانەو خوێندنگاکان ، نزیکەی نۆ مانگە . لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلولەوە دەستپێدکات ھەتا کۆتایی مانگی ئایارو تەوابوونی تاقیکردنەوەی پۆلە کۆتاییەکان لە نیوەی مانگی حوزەیراندا .
لە واقیعدا ئەم ماوەیە ھەمووی بۆ خوێندن تەرخان ناکرێت ، ئەگەر رۆژانی ھەینی و پشووی نیوەی ساڵ و بۆنە ھەمە جۆرەکانی لێدەربکەین ، ئەوا ساڵانە لە (200 ) رۆژ کەمتری دەمێنێتەوە ، ئەم ماوەیەش بەشی تەواوکردنی زۆربەی بەرنامەکانی خوێندن ناکات ؛ ساڵانەش ئەمە دوپاتدەبێتەوە و ، یەکبینە کاریگەرێتیی سەلبی لەسەر ئاستی زانستی خوێندکاران و کوالیتی خوێندن دەبێت .
دەکرێت رۆژەکانی پشوو بە ھەموو جۆرەکانییەوە کەمبکرێنەوە ، مانگێکی پشووی ھاوینە بخرێتە سەر رۆژەکانی خوێندن ، ئەمەش کاتێک دەکرێت : ئاستی بژێوی مامۆستایان چاک بکرێت ، ناچار بە کارکردن نەبن لە دەرەوەی قوتابخانەوکاری مامۆستایەتیدا ، مووچەکانیان زیادبکرێت و لەکاتی خۆیدا بیاندرێتێ . بۆ خوێندکارانیش ھۆیەکانی گەرمکردنەوەو ساردکردنەوە و ھاتوچۆو .. ھتد دابین بکرێت تا لەکەشێکی ئاسایی و ئارامدا دەوام بکەن و سوود لە خوێندنەکەیان وەربگرن .
خاڵی سێیەم کە بریتییە لە درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنی رۆژانەی ئێستا و دەوام چەند سەعاتێک زێتر بخایەنێت ، بەتەواوەتی بەندە بە دابینکردنی بیناوەو ، لەسایەی ئەم بارودۆخەی قوتابخانەکاندا ، لەسایەی چڕی ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکاندا ، لەسایەی دوودەوامی و سێ دەوامیدا توانای پەیڕەوکردنی نییە ؛ ھەرکاتێکیش چارەسەری مەسەلەی بینا کرا ، دیسان بۆ زامنکردنی خوێندنی درێژخایەنی رۆژانە ، دەبێت کۆمەڵێک ھەنگاوی پەروەردەیی بنرێت ، تا خوێندکاران لە خوێندن و قوتابخانە بێزار نەبن و ،درێژیی ماوەی خوێندنی رۆژانە کاریگەرێتیی سەلبی لەسەریان نەبێت و ئاستی زانستی و کوالیتی خوێندن بەبەرزی بھێڵێتەوە .
لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی و دەپرسم ئایا یەکدەوامی و خوێندنی درێژخایەن چ پەیوەندییەکی بە رادەستکردنی پەروەردە بە کەرتی تایبەت ( کۆمپانیاکان و سەرمایەدارا ) ەوە ھەیە ؟ ئایا سامانی وڵات ، بەتایبەتی ( نەوت و کانزاکان ) ، داھاتی ساڵانەی حکومەت ، بەشی ئەوە ناکات بودجەی پێویست بۆ ئاوەدانیی کوردستان و خۆشگوزەرانیی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستاندا دابین بکات؟ بەشی ئەوە ناکات گرفی بینای قوتابخانە چارەسەربکات ؟ بەشی ئەوە ناکات مامۆستایان و خوێندکاران ژیانێکی ئاسوودە لەسایەی پەروەردەو فێرکردنێکی ھاوچەرخانەدا بەسەربەرن …… ؟

لێدوانێک بنووسە