یادەوەریی مامۆستا ئەحمەد رەشوانی

13 کانونی یەکەم

یادەوەریی مامۆستا ئەحمەد رەشوانی
فوئاد قەرەداغی
13 – 12 – 2017
کەم نین ئەو تێکۆشەرە دڵسۆزانەی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتیدا لەدەستمانداون . کەم نین ئەو مرۆڤە خاوەن تواناو بەھرە رۆشنبیریانەی لە ھەلومەرجێکی نالەباردا بوونەتە سووتەمەنی ھەڵەی حزبە نەتەوەییەکان و لەناوچوون . لە نزیکترین مێژووی ئەو بزووتنەوەیەدا ، بە ئاگری شەڕی ناوخۆ ھەزاران گەنجی ئەم گەلە ستەمدیدەیە سووتاون و ئەمڕۆ لە یادو یادەوەریی حزبەکانیان و ھاوڕێکانیشیاندا نەماون و پەردەی بیرچوونەوەیان بەسەردا دراوە ، تەنانەت ئەمڕؤش وەکو دوێنێ ، ھەمان رەوتی یەکتر رەتکردنەوە و ، ھەمان سیاسەت و ، ھەمان کێبەرکێی حزبی و پاوانخوازی و گیانی دەسەڵاتگەرایی ، ھەڕەشەی بەردەوام لە چارەنووسی بزووتنەوەکە دەکەن و ، ھەڵسووڕاوەکانیان لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردا راگرتووە .
ئەمڕۆ پەنجا ساڵ ( نیو سەدە ) بەسەر کوژاندنەوەی مۆمی ژیانی تێکۆشەرێکی ئەم بزووتنەوەیەدا تێدەپەڕێت ، ئەویش مامۆستا ( ئەحمەد رەشوانی ) یە .
رەشوانی ، کوڕی سەید عەزیزی رەشوانی ، ساڵی 1942 لە ھەولێر لەدایکبووە . لە ساڵی 1952 دا چۆتە قوتابخانەو ، بە ھۆی ئەوەی لەدەرەوەی قوتابخانە خوێندوویەتی ، لە پۆلی چوارەم وەرگیراوە . ساڵی 1957 قۆناخی ناوەندیی بڕیوەو چۆتە خانەی مامۆستایان . ساڵی 1960 تەواویکردووەو بۆتە مامۆستا .
رەشوانی ئەو کاتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە . ساڵی 1963 لەسەر چالاکیی حزبی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە ، بەڵام خۆی بەدەستەوەنەداوەو ، بە ریزەکانی پێشمەرگەوە پەیوەستبووە .
ساڵی 1964 ، دوای رێکەوتنەکەی پارتی و حکومەتی بەغدا ، دێتەوە ھەولێرو وەک مامۆستا دادەمەزرێتەوە .
یەکەمجار لە ھاوینی ساڵی 1964 دا رەشوانیم ناسی . رووداوەکانی دوای رێکەوتنەکە ریزەکانی پارتی و رێکخراوەکانی دووکەرتکرد ، شپرزەیی و کاری دووبەرەکی ، باڵی بەسەر کاری سیاسی و رێکخراوەیی ئەو سەردەمەدا کێشا . من و چەند ھەڤاڵێکی ئەو سەردەمە چووینە پاڵ مەکتەبی سیاسی ، شەھید ( عەلی ھەژار ) و مامۆستا محەمەدی مەلا ساڵح و زۆربەی مامۆستایانی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە ھەولێر ، پشتگیریی بارزانیان کردو وەک باڵی بارزانی لە پارتیدا مانەوە .
بەر لە دووبەرەکییەکە شەھید عەلی ھەژار بەرپرسی لقی ھەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بوو ، ئەو کاتە پێماندەگوت : ( لیژنەی ناوچەی ھەولێر ) ، منیش بەرپرسی ( لیژنەی شاری ھەولێر ) بووم . کە ئەم جیابوونەوەیە روویدا ، مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی مامۆستایان ئەرکی بەرپرسیارێتی ھەردوو ( لیژنەی ناوچەو شاری ھەولێر) یان پێسپاردم ، کە لە راستیدا بوون بە یەک لیژنە . حزبیش لە ھەولێر چەند مامۆستایەکی بۆ رێکخستنەوەی مامۆستایان و ھاوکاریکردنم دەستنیشانکرد ، مامۆستا ئەحمەد رەشوانی یەکێک بوو لەو مامۆستایانە .
ساڵی 1965 لەگەڵ مامۆستا رەشوانیدا بەشداریمان لە ( دووەم کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ) داکرد ، کە لە شاری سلێمانی بەسترا .
ساڵی 1966 لەگەڵ رەشوانی و چەند ئەندامێکی حزب لەوانە بەڕێزان : ( کەمال محێدین ، سەید مەجید ، خالید دلێر ، فەرەیدوون دارتاش و یەک دوو ھاوڕێیدی ناوەکانیانم بیرناکەوێتەوە ) وەک نوێنەری رێکخستنەکانی حزب لە ھەولێر ، بەشداریمان لە کۆنفڕانسی ( تیمار ) دا کرد .ھەر ئەو ساڵە کاری مامۆستاییم گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و لەوێشەوە بۆ ( قەڵادزێ ) . بۆیە بەر لەوەی ھەولێر بەجێبھێڵم بەرپرسیارێتی رێکخستنی مامۆستایانم رادەستی مامۆستا ئەحمەد رەشوانی کرد .
ساڵی 1967 جارێکیدی لەگەڵ رەشوانی یەکترمان لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) لە کەلار بینییەوە ، ئەو وەک نوێنەری رێکخستنەکانی حیزب لە ھەولێرو منیش وەک نوێنەری رێکخستن لە قەڵادزێ .
ھەر لە ھاوینی ئەو ساڵەدا سەردانێکی ھەولێرم کرد ، شەو لەماڵەکەی کە ( مشتمل) ێک بوو نزیک ( یانەی ئازادی ) بینیم ، ھەرچەندە ھەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو بەڵام ورەیەکی بەرزی ھەبوو.
رەشوانی رۆژی 13 – 12 – 1967 ئێوارەیەکی درەنگ لەبەر دەرگای مەحکەمەی ھەولێر تەقەیلێکرا ، گەیەنرابووە نەخۆشخانەی جمھوری ھەولێر ، لەوێ شەوورۆژێک ژیاو ، شەوی 14 / 15 – 12 – 1967 بەھۆی کاریگەریی زامەکانیەوە گیانی لەدەستدا .
رەشوانی مرۆڤێکی رووخۆش و گفت شیرین بوو ، زۆر حەزی بە نوکتەو گاڵتەوگەپ دەکرد ، وەکوتر لەکاردا جیددی بوو ، بە مشوور بوو ، پاکبوو ، خۆنەویست بوو .
رەشوانی مرۆڤێکی ئازادیخوازو پێشکەوتنخواز بوو ، نەمانی چەوساندنەوە بە ھەموو جۆرەکانیەوە پرسێکی سەرەکیی ژیانی بوو ، لە سیاسەتی جیھانیی ئەو سەردەمەدا لایەنگیری گیڤارا بوو ، بۆ مەرگی گیڤارا شیعرێکی بە زمانی عەرەبی داناوە ، وەھا دەستپێدەکات : ” جیڤارا کنت للحرية دوما منارا ” . ئەم شێعرە لە ژمارەی یەکەمی بڵاوکراوەی لقی ھەولێری مامۆستایاندا ( ھەڵمەت ) ، بڵاوکراوەتەوە .
مامۆستا ئەحمەد رەشوانی مەیلێکی فراوانی ئەدەبیاتی ھەبوو ، خولیای جوانیی شیعر بوو ، بۆیە شیعری زۆربەی شاعیرانی لەبەربوو ،دوای خۆی بەرھەمێکی ئەدەبی بەجێھێشت بەناوی ( فەرھەنگی ھەڵبەست ) کە بریتیبوو لە ھەڵبژاردەیەکی شیعرە جوانەکانی شاعیرانی کورد ، دوای کۆچی خۆی چاپ و پەخشکرا .
رەشوانی نازناوی ( ھەڵمەت ) ی بۆ شیعرەکانی دادەنا ، لەبەر ئەوە لقی ھەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کورد ستان لە کۆتایی ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردوودا ئەم ناوەی بۆ بڵاوکراوەکەی ھەڵبژارد .
رەشوانی ھەفتەیەک پێش تێرۆرکردنی پێشبینی مەرگی خۆیکردووە ، بۆئەوەش ئەم شیعرەی ھۆنیوەتەوە :
مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم
کە سووربووە بە خوێن جەستەم
شەھیدی دەستی زۆردارم
بەڵام ئۆخەی کە پێشمەرگەم
خەباتم کرد لە ژیانم
ھەر بۆ گەل و نیشتمانم
دەبا لاوان لە یادتان بم
کە قوربانی کوردستانم
ئەو رێگایەی من بۆی کوژرام
لەناو گۆڕیشا دڵنیام
کە ئێوەی شۆڕشگێڕی کورد
ونی ناکەن خوێن وھیوام
*******************

لێدوانێک بنووسە