دوژمنەکانمان کێن ؟ دۆستەکانمان کێن ؟

24 نیسان

دوژمنەکانمان کێن ؟ دۆستەکانمان کێن ؟
فوئاد قەرەداغی
یەکێک لە دەستکەوتەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە ، تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتە ، ئەو دەزگا شەخسییەی راگەیاندنە بۆ ھەر کەسێک لە ماڵ یان شوێنی کارکردنیدا .ھەڵبەت رادەی سوودوەرگرتنی مرۆڤەکان لەم تۆڕانە ، لە یەکێکەوە بۆ یەکێکیدی جیاوازە . ھەروەھا مەبەستەکانیش جیاوازن و ، ھەریەکە بەپێی بیرکردنەوەو پەیامی ژیانی خۆی بەکاریان دەھێنێت . دەشێت کاتی پێ بەسەربەریت و ، دەشێت بەپێی ئامانجێک ئاڕاستەی پۆستەرو وێنەو کۆمێنت و نووسینەکانت بکەیت ، جا ئەم ئامانجانە : سیاسی ، ئابووری ، یان کۆمەڵایەتی – رۆشنبیریی … ھتد بن .
لەم رۆژانەدا پۆستەرێکم بڵاوکردەوە . سەرەتای پەرەگرافەکە دەڵێت : ” دوژمنەکانمان کێن ؟ دۆستەکانمان کێن ؟ لەڕاستیدا ئەم دوو پرسیارە بۆ ھەر شؤڕشێک یان بۆ ھەر بزووتنەوەیەکی چینایەتی و نەتەوایەتی گرنگییەکی بەرچاوی ھەیە ، چارەنووسی شۆڕشەکان و بزووتنەوەکان بە ناسینی دۆستان و دوژمنان و جێوڕێی چینەکان و ھەڵوێستیان لە پرس و پەیوەندییە ھەمەلایەنەکانی شۆڕشەوە بەندە .
ئەم پرسیارەو ، پرسیاری :” دەبێت چیی بکەین ” مۆرکێکی گشتییان ھەیەو ، قۆرخی ھیچ کەسێک ، رێکخراوێک ، حزبێک ، کەرتێک یان چینێکی کۆمەڵایەتی یان گەلێک نییە ، سەبارەت بەوەی ئەم جیھانە لەژێر سایەی سیستمی چینایەتی و ململانێی چینایەتیدایەو ، بەردەوام ئەو دوو پرسیارە سەرەکییە ، لەھەر ھەنگاوێکی ژیاندا ،بەرەوڕووی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ دەبنەوە .
کوردستان و گەلی ستەمدیدەی کورد ، سایەی ئەو راستی و پرنسیپانەی بەسەرەوەیە . وەک دەبینین لەم بەشەیدا ( باشور ) کڵافەیەک گرفتی ھەمەچەشنەی ئاڵۆزکاویی روویتێکردووەو ، ئاسۆی چارەسەریش بزرەو ، تا سەر مۆخ بێھیوایی و نائومێدیی خستۆتەوە .
ھەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی یان تۆژینەوەیەکی بەھاداری باوەڕپێکراو ، ھۆکارەکانی ئەم بارودۆخەی دەستنیشان نەکردووە . ئەوەی دەگوترێت ، ئەوەی راگەیاندنەکان بڵاویدەکەنەوە ، ئەوەی ھەرکەسە لە شوێنی خۆیەوە لێیدەدوێت ، ئەوەی دەسەڵات و ” سیاسەتمەداران ” شرۆڤەی دەکەن و بیروبۆچوونی خۆیانی لەسەر دەردەبڕن بەتایبەتی پەیوەندییەکان لەسەرئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیی ، نە بنەمایەکی زانستی ھەیەو ، نە ئاستێکی بەرزی ھەستی بەرپرسیارێتی تێدا بەدیدەکرێت ، بۆیە وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانە بەشداریی ھوشیاربوونەوەی گشتی دەکەن و ناکرێت ھێڵێکی راست و چەپیان بەسەردا بھێنرێت .
نیسان 2018

لێدوانێک بنووسە