زەمینەی پڕۆسەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی / خۆسازدانی چەپەکانی نێو پارتی ( م . س )

5 حوزەیران

زەمینەی پڕۆسەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی
خۆسازدانی چەپەکانی نێو پارتی ( م . س )

فوئاد قەرەداغی

لەسەروبەندی شۆڕشی گەنجان لە فەڕەنساو زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپاداو ، توندبوونەوەی ململانێی نێوان باڵەکانی حزبی کۆمۆنیستی چین لە شۆڕشی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریی مەزندا ، باڵی چەپی رێکخستنی پارتی ( م . س ) لە سلێمانی بەرامبەر باڵی راستی لیژنەی ناوچەو لق راوەستان و ململانێیەکی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ هاتەئاراوە . ئەم ململانێیە ، لە کۆنفرانسی هاوینی ١٩٦٨ دا ، لەبەرژەوەندی باڵی چەپ یەکلاییبووەوەو لیستەکەیان سەرکەوتنی بەدەستهێنا . ئەم چەپە سەرەڕای ئەوەی کارە حزبییەکانیان بەباشی ئەنجامدەدا ، دوو فاکتەریش تینوگوڕی پێدەبەخشین و بۆ گۆڕانکارییەکی فیکری و سیاسی و حزبی سازیدەکردن ؛ فاکتەرەکان بریتیبوون لە : کۆبوونەوە لە دەوری ( گۆڤاری رزگاری ) و بەشداربوونی زۆربەی کەسە دیارەکانیان لەو شەوکۆڕە رۆشنبیرییانەی هەفتانە لەژوورەکەی مامجەلال لە بەکرەجۆ بەڕێوەدەچوو و تا بەرەبەیانی دەخایاند . لەم شەوکۆڕانەدا هاوڕێیانی سازمانی ئینقیلابی حزبی تودە بەشدارییەکی بەرچاویان دەکردو چەندین پرسی فەلسەفی و سیاسییان بۆ شیدەکردنەوە ، بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر هەموو ئەو گەنجانە دانابوو ، بەتایبەتی لەڕووی لایەنگیریی چین لە ململانێی ئەو کاتەی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانی و سەلماندنی بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ وەک قۆناغێکی نوێی دوای لێنینیزم . لێرەدا و پەیوەند بەم شەوکۆڕانەوە ، دوو بۆچوون تاووتوێ دەکەم کە دکتۆر محەمەد صابیر لە وتارێکدا بە ناونیشانی ” چەند یادەوەرییەکم لەگەڵ هەڤاڵ و برای ئازیزی کۆچکردووم مامۆستا مەحمود مەلا عزەت ” لە ١٠ / ٦ / ٢٠٠٨ دا دەریبڕیبوون .
لە بۆچوونی یەکەمدا دەڵێت : ” … لامان وابوو ئەو کاتە کە دەبێت پارتی پێشڕەو لەدایک بێت و دابمەزرێت ، جیاواز بێت لە پارتی لەڕووی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژییەت و رێکخراوەییەوە بە هەردوو باڵەکەیەوە ” ، لە بۆچوونی دووەمیشدا دەڵێت : ” لەوێوە بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان سەری هەڵدا ” .
لەڕاستیدا ، ئەو کاتە ، هیچ یەکێک لە بەشداربووانی کۆڕەکان – بە ئەندامانی لق و ناوچەی سلێمانیشەوە – بیریان لە دامەزراندنی حزبێکی نوێ نەدەکردەوە ، بەڵکو بیریان وەها ئاڕاستەبوو کە بتوانن سوود لە بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ و ئەزموونی حزبی کۆمۆنیستی چین وەربگرن بۆ چاککردنی رێکخستنەکانی پارتی و هێنانەدی ئەو مەرجانەی پێویستە لە حزبێکدا هەبێت کە هێزی چەکداری هەیەو رابەریی شۆڕشێک دەکات . یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم دانیشتنانەش پێگەیاندنی کۆمەڵێک کادیر بوو تا لە کۆنگرەی داهاتووی حزبدا بێنەپێشەوەو ، بتوانن رۆڵێکیان لەو ریفۆرمەدا هەبێت کە حزب پێویستی بوو .
لەبەر تیشکی ئەو واقیعە ، نە بیرۆکەو نە پلان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵە لەئارادا نەبوو ، ئەم بیرۆکەیە بەرئەنجامی شکستی پارتی ( م . س ) بوو بەهۆی رێککەوتننامەی ١١ ی مارتی ١٩٧٠وە لەنێوان حکومەتی بەعس و پارتی ( باڵی بارزانی ) دا . واتە رسکاوی هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراو بوو ، کە پێکهێنانی رێکخراوێکی لەو جۆرە میکانیزمێکی بوو بۆ خۆگرتنەوە .
یەکگرتنەوەی پارتی و کارکردن لە لق و ناوچەدا

دوای تێکەڵبوونەوەی رێکخستنەکانی هەردوو باڵی پارتی کە بە ( ئیستیعاب ) ناوزەدکرا ، رێژەیەک لە ئەندامانی باڵی ( م . س ) لە لق و ناوچەکاندا وەرگیران . ئەندامەکان لەلایەن کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ( م . س ) یەوە دانران. حزب ویستی لە سلێمانی ستافێکی فیکری و کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی دیار لە لق و ناوچەدا هەبن ، بۆیە دکتۆر کەمال خۆشناو ، مامۆستای زانکۆو پێشتریش عەمیدی کاروباری خوێندکاران و سێ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی خۆی ( سمکۆ فەتحوڵڵا ، رەفعەت عەبدولڕەحمان ناسراو بە رەفعەتی مەلاو فوئاد قەرەداغی ) وەک ئەندامانی لقی چوار دانا و ، بۆ ئەندامەتی لیژنەی ناوچەش چەند ئەندامێکی چستوچالاکی خۆی دەستنیشانکرد . ئەوەندەی بیرممابێت دوو یان سێ لەوان ئەندامی رێکخستنی کۆمەڵە بوون لە سلێمانی ، ئەو ھاوڕێیانە کێ و کێ بوون ؟ بە تەحدید نازانم ، بەڵام دکتۆر محەمەد صابیر لەو وتارەی ئاماژەم بۆ کرد دەڵێت : ” هه‌ڤاڵ‌ جه‌مال تایه‌ر و كاك عه‌بدوڵڵای‌ حاجی‌ سه‌عید و به‌نده‌شتان بووینه‌ ئه‌ندامانی‌ ناوچه‌ی‌ سلێمانی‌. ” ، لەنێو ئەندامەکانی لقیشدا ( فوئاد قەرەداغی ) ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی کۆمەڵەبوو ، ( رەفعەت عەبدولڕەحمان ) یش لە نزیکەوە ئاگاداری دامەزراندنی کۆمەڵەو دۆستێکی ئەو رێبازە بوو . بەڵام دواتر ، دوای چەند مانگێک لە تێکەڵبوونەوەو کارکردن لە ناوچەو لقدا ، فوئاد قەرەداغی دەستی لەکار کێشایەوەو ، بەماوەیەک دوای ئەوە ( مەحمودی مەلا عیززەت ) وەک ئەندامی لق دەستبەکاربوو .
لێرەدا هەڵەیەک لە تێگەیشتنی دەستلەکارکێشانەوەکەم هەیە پێویستی بەڕاستکردنەوەیە ، ئەم هەڵەیە لەهەمان وتاری دکتۆر محەمەد صابیردایە کە دەڵێت : ” پاش ئەوەی کە فوئاد قەرەداغی ئامادەی کارکردن نەبوو لەگەڵ پارتیداو خۆی کێشایەوە لە ئەندامی لقی ( ٤ ) ، بۆیە کاک مەحمود بوو بە ئەندامی لقی چواری ئەوسا ” .
لەڕاستیدا هەر لەسەرەتاوە من دژی کارکردنی ئەندامانی کۆمەڵە بووم لە ریزەکانی پارتیدا کەدواتر هۆکارەکەی رووندەکەمەوە ، بەڵام ئامادەی کارکردن بووم ، لەکاتی خۆیدا دەستبەکاربووم و ، چەند مانگێکیش کارم لە لقدا کردو ، ئەوەندەی بواریان دەدام کارەکانی خۆمم رادەپەڕاند .
د . محەمەد صابیر ( لەهەمان وتاردا ) ئەو کاتە ، واتە کاتی پەیوەستبوون بەکاری لیژنەی ناوچەو لقی چواری پارتی لەسلێمانی ، بە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵە دادەنێت . ئەو دەڵێت : ” ئەو کاتە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵە بوو ” کە راستییەکەی ئەوەیە زێتر لەساڵێک دەبوو کۆمەڵە کاری رێکخراوەیی دەستپێکردبوو بە تایبەتی لە سلێمانی و بەغدادا .
د . محەمەد صابیر لە پەرەگرافێکیتری وتارەکەیدا یەکدوو زانیاری لەسەر کۆمەڵە پاش و پێش دەخات ، بۆیە هەروەکو بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو مێژووە ، هەوڵدەدەم هەریەکەیان لەجێی خۆیان دابنێمەوە .
د . محەمەد دەڵێت : ” ئەوەی شایانی وتنە کاک مەحمود ( مەبەستی مامۆستا مەحمودی مەلا عیززەتە – نووسەر ) تەحەفوزی هەبوو لەوەی ئیش بکات لەگەڵ کۆمەڵەدا ، کە تازە بە نهێنی دامەزراندنی لەناو ئەو کۆمەڵە کادرانەی باڵی چەپی پارتیدا باڵی م . س راگەیەندرابوو .دەستەیەکی سەرکردایەتی بۆ دانرابوو . کاک مەحمود وەکو خۆی ئەیوت : ئیش نەکردنی لە کۆمەڵەدا ئەو کاتە نە لەبەر جیاوازی بیروباوەڕ بوو ، بەڵکو شێوەی کارکردن و تەحەفوز لەسەر هەندێ لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵە بوو کە بە دڵی نەبوون ، بۆیە بەشداری و هاوکاری کۆمەڵەی نەکرد لەو کاتەداو هەر بە ئەندامی لقی چواری پارتی مایەوە ” .
لە راستیدا کاتێک مامۆستا مەحمود بووە ئەندامی لقی چواری پارتی ، نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەدا تێپەڕبوو بوو . ئەو نەک ئەو کاتە بەڵکو لە سەرەتاوە ئامادەی بەشداری و هاوکاریکردنی کۆمەڵە نەبوو ، بە مانا کۆمەڵە ” تازە بە نهێنی ” دانەمەزرابوو . هۆی کارنەکردنیشی هەر بە تەنها تەحەفوز نەبوو لەسەر یەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر ، نەک ” هەندێ لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵە” ، بەڵکو جگە لەم خاڵە بیروبۆچوونیدیکەی هەبوو کە جیاواز بوو لە بیروڕای دەستەی دامەزرێنەر ، لێرەدا سێ خاڵ بەیان دەکەم کە لەدانیشتنێکی نێوان نوێنەری گروپەکان لە ماڵی خۆیاندا ( ماڵی مامۆستا مەحموود ) پێش دامەزراندنی کۆمەڵە رایگەیاندو چەند جارێکیش ، لە یەکتربینینماندا ، بۆ خۆمی دووپاتکردۆتەوە . مامۆستا مەحمود :
– تەنها تەحەفوزی لەسەر فازیلی مەلا مەحمود هەبوو ، هاوڕێکانیشی لە گرووپەکەیاندا هەر هەمان تەحەفوزیان هەبوو .
– مامۆستا مەحمود لەسەر بەکارهێنان و بەردەوام جەختکردنەوەی ( بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ ) رای تایبەتی هەبوو، ئەوەی بە پێویست نەدەزانی .
– هەروەها پێیوابوو کە ئەو کارە پەلەپەلی تێدایەو بارودۆخ بۆ کارێکی لەو جۆرە لەبار نییە ، واتە جۆرێکە لە موغامەرە .
ئەو کاتە ، ئێمە وەک گرووپی بەرامبەر هیچ یەکێک لەو بیروبۆچوونانەمان قبووڵ نەبوو ، بۆیە لەسەر کارکردن پێکەوە رێکنەکەوتین و بەنهێنی کۆمەڵە دامەزراو کاری رێکخراوەیی دەستپێکرد .
دەستلەکارکێشانەوە یان وازهێنان

تا ئێستا زۆر جار پرسیاری هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم لە لقی چوار لێکراوە ؛ ئەگەر ئەو کاتانە بە پێویستم نەزانیبێت لەو بارەیەوە شتێک بڵێم ، ئێستا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پەنجا ساڵ بەسەریدا ، بۆ مێژوو تۆماری دەکەم .
راستیی هەر لەسەرەتاوە کارکردنی دووسەرەم بە کارێکی بەدەر لە پرنسیپی شۆڕشگێڕانە دەزانی ، لەم باری سەرنجەوە ، ئەم شێوازەی کارکردنی کادیرەکانی کۆمەڵەم بە کارێکی نەشیاو نرخاند ، بۆیە سەرەتا دژی ئەوە بیروڕای خۆم دەربڕی ، بەڵام بارودۆخی ئەو کاتەی یەکگرتنەکەو رایەک کە ئەو کارەی بەپێویست دەزانی بۆ ئازادیی کارکردنی هەموو هاوڕێیانمان لەو قۆناغە سەرەتاییەی خۆسازدانی رێکخراوەیی کۆمەڵەدا ، ناچاری پەسەندکردنی رای رەسمیی کۆمەڵەی کردم و لە لقی چوار دەستبەکاربووم . هەفتەی یەکەمم زۆر بەگرانی لێڕۆیشت ، شێوازی کارو چۆنایەتی پەیوەندییەکان زۆر جیاواز بوون لەوەی ئێمە لەنێو پارتی ( م . س ) لەسەری راهاتبووین ، ئەگەرچی رێزیان لێگرتین ، بەڵام هەستم بە ناخۆشی و ناجێگیرییەک دەکرد. ئەم دڵەڕاوکێیە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ناوکۆیی و یەکگرتووی لق و دابەشکردنی کار کەمبۆوە ، بەڵام ئەوەی بۆ من شاراوەبوو ، سپاردنی بەرپرسیارێتی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران و یەکێتیی کۆمەڵەکانی هاریکاریی جووتیاران بوو پێم و ، بۆخۆم بە داونانەوەم دەزانی ، چونکە ناسنامەی چەپێتیم دەزانراو بەرپرسیارانی لق و ناوچەش بێئاگا نەبوون لە نووسینەکانم ، دواییش تێگەیشتم کە ئەو ئەرکە بۆ من بەرپرسیارێتییەکی تەشریفاتییەو ، تەنها وەک ئەندامی لق ئەڵقەی پەیوەندی نێوان یەکێتیی نەقابەکان و یەکێتیی کۆمەڵە هاریکارییەکان و لق دەبم .
هەر ئەو کاتەی لە لقدا دەستبەکاربووم ، لەنێو کۆمەڵەدا ململانێیەکی ناوخۆ سەریهەڵدابوو . ململانێکە هەتا مانگی ئابی ١٩٧١ درێژەی کێشاو ، لە ناوەڕاستی ئەو مانگەدا یەکلاییبووەوە ، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا ریزەکانی کۆمەڵەمان بەجێهێشت ، بەمەش هیچ پاساوێک نەما بۆ مانەوە وەک ئەندامی پارتی و ئیلتیزام بە میکانیزمی تێکەڵبوونەوەی رێکخستنەکانی هەردوو باڵەکەوەو ، هەر لە هەمان مانگدا بە نوسراوێک دەستملەکارکێشایەوەو سەرم بە بارەگای لقی چواردا نەکردەوە .
رەنگە لێرەدا پێچەوانەی ئەم هەڵوێستەش دروستبوایە ، بەو پێیەی بەوازهێنان لە کۆمەڵە کاری دووسەرەیی کۆتایی پێدەهات و لەڕووی لۆژیکییەوە دەبوایە لەکارکردن بەردەوام بم ، بەڵام راستییەکەی ئەوەبوو : باوەڕم بە پارتی نەبوو چ وەک فیکرو چ وەک رێبازی سیاسی ، لەو ماوەیەی کارکردنیشمدا چەند گرفت و کاری نەشیاوم بینی کە هاندەرنەبوون بۆ مانەوەم و ، لە راستیدا ئەو کارانە لەلای خۆم پاساوی موقنیع بوون بۆ وازهێنانەکەم . هەڵبەت نەمدەتوانی راستەوخۆ بڵێم بۆچی لە پارتی دەچمەدەرەوەو وازهێنان لە پارتی رابگەیەنم ، بۆیە سەرەتا بە وازهێنان لە لق و دواتر پاش دوومانگ بۆ ئێجگارەکی لە پارتی دابڕام . لێرەدا ، ئەوەندەی لەبیرم مابێت ، ئاماژە بە هەندێک لەو گرفت و کارە نەشیاوانە دەکەم :
١ ) بەپێی خشتەیەک دەبوایە هەر شەوە ، یەکێک لە ئەندامانی لق لە بارەگاکەیدا ئێشکی بگرتایە ، دوو یان سێ جار ئێشکگرتنم بەرکەوت. ئێشکگرتن هەتا کاتژمێر ١٢ ی شەوبوو ، هەندێ لە ئەندامانی لق ئەم ئەرکەیان بەجێنەدەگەیاند ، ئەوەی تەلەفۆنی هەبوایە بۆ کاری پێویست پێشمەرگەکانی پاسەوانی بارەگای لق تەلەفۆنیان بۆ دەکرد ، ئەوانیدیکەش ئەگەر کاری زۆر پێویست هەبوایە بە ئوتومبیل بەشوێنیاندا دەچوون . ئەم زانیارییە پێشمەرگەیەک بە نهێنی بۆی درکاندم و داوای لێکردم منیش وەکو ئەوانیتر بکەم . لە دووەم جاری ئێشکگرتنمدا نزیک کاتی رۆیشتنەوەم هاتوهاوار لە ژووری تایبەتی پێشمەرگەکانەوە هەڵسا کە بەسۆراخیەوە چووم بینیم بەرپرسی پێشمەرگەکان زۆر خراپ لە پێشمەرگەیەکی دابوو ، هۆکارەکەم پرسی بەرپرسەکەیان وەڵامی نەدامەوەو چووە ژوورەوەو پێشمەرگەکەش نەیوێرا هیچ بڵی . بۆ سبەینێ ئەم رووداوەم بۆ یەکێک لەهاوڕێیانی خۆمان گێڕایەوە ، کە لەبیرمنەماوە کاک رەفعەت بوو یان کاک سمکۆ ، ئەویش وەها وەڵامیدامەوە کە خۆمی پێوە خەریک نەکەم چونکە کەس ناتوانێ ئەو بەرپرسە لەوێ بگوێزێتەوەو ئەم جۆرە کێشانەش بە ئێمە چارەسەر ناکرێت . ئەم رووداوە بۆ من زۆر ناخۆش بوو چونکە هەستی دەستەوسانی دامێ و لە ناخەوە زۆر ئازارم پێی چەشت .
2 ) وەک پێشتر باسمکرد ، لەدابەشکردنی کاردا ، بەرپرسیارێتی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران و کۆمەڵەکانی هاریکاریی جووتیارانیان لە ئەستۆم دانا . ئەو کاتە رەشید عارف سەرۆکی یەکێتیی نەقابەکان و شێخ رەوفی شێخ عارفی قەرەداغیش سەرۆکی کۆمەلەکانی جووتیاران بوو . زۆر رۆژ هەردووکیانم دەبینی بۆ کێشەکانیان سەردانی ئیدارەی لق و مامۆستا عەلی عەبدوڵلا ( بەرپرسی لقی چوارو ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پارێزگاری سلێمانی ) یان دەکرد ، ئیتر تەنها یان سەلامێک یان چاک و چۆنییەکیان لەگەڵ من دەکرد . لەم هەڵوێستەیان زۆر پەست بووم ، نامەیەکم بۆ مامۆستا عەلی نووسی ، چاوەڕێی ئەوەمدەکرد بانگم بکات بەڵام وەڵامی نەبوو . دوای چەند رۆژێک سەرۆکی یەکێتیی نەقابەکان هاتە سەردانم و داوای لێکردم بۆ یەکترناسین سەردانی نەقابەکان بکەین ، بێ ئەوەی لێی بپرسم زانیم بە ئاڕاستەی بەرپرسی لق ئەمداوایەی بەردەمم خستووە ، ئیتر پێکەوە سەردانی نەقابەکانمانکردو چەند رۆژێکی خایاند ، بەڵام دیسان هیچ گرفتێکیان بەرەوڕووی من نەکرایەوە ، تەنها کارێکیان کە هاتە بەردەستم ، دوو چیرۆکی نواندن بوو لە نووسینی هونەرمەند ( مەکی عەبدوڵڵا ) بۆ ئەوەی هەڵیان بسەنگێنم ، منیش دوای چەند رۆژێک گەڕاندمەوەو ئاگادارمکردن کە چیرۆکەکان زۆر لاوازن ، بەڵام ئەوان گوێیان بە هەڵسەنگاندنەکەم نەداو پاش ماوەیەک هەردووکیان وەک بەرهەمی نەقابەکانی کرێکاران نمایشکران ، کە بەداخەوە ناوی چیرۆکەکانم لەبیر نەماوە ، ئەوەندە دەزانم لە کۆتایی ساڵی ١٩٧١ دا بوو یان ساڵی ١٩٧٢ پێشکەشکران .
هەر لەهەمان ماوەدا کاک شێخ رەوفی شێخ عارف سەرۆکی کۆمەڵە هاریکارییەکانی جووتیاران سەردانی کردم و راسپاردیەکی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵای پێگەیاندم کە سەردانی ناوچەی رانیە بکەین ، بەتایبەتی گوندی ( بۆسکێن ) بۆ چارەسەرکردنی هەندێ گیروگرفتی پەیوەند بە کێشەی زەوی لەو ناوەدا. ئەو عەسرەی کە نیازبوو بۆ بەیانی بڕۆین بۆ رانیە ، مامۆستا عەلی بانگیکردین بۆ ژوورەکەی خۆی ، دوای کەمێک دانیشتن و هەندێ پرسیار لە شێخ رەوف ، بەتایبەتی روویتێکردم و سیاسەتی پارتی سەبارەت بەکێشەی زەوی و پەیوەندی نێوان خاوەن موڵک و جووتیاری بۆ باسکردم و ، داوای لێکردم ئاگام لەوە بێت لەچارەسەرکردنی ئەم کێشانەدا ” نە شیش بسووتێ و نە کەباب ” . دواتریش لە رانیە شێخ رەوف پێی وتم کە کێشەکە پەیوەندی بە ناکۆکییەوە هەیە لەسەر زەوی دێم و بەراو لەدەوروبەری ” بەحرەکە ” ( مەبەستی ئاوی دوکان ) بوو . بەیانی زوو چووینە رانیە لە بارەگای لیژنەی ناوچە لاماندا ، چاومان بە ئازاد قەرەداخی بەرپرسی لیژنەی ناوچە کەوت و چێشتەنگاو چووین بۆ( بۆسکێن ) و لەوێ شێخ حسەینی بۆسکێن لە پێشوازیماندا بوو . هیچ جووتیارێکم نەبینی ، گفتوگۆ هەر لەنێوان شێخ رەوف و شێخ حسەیندا بوو ، منیش لەبەر ئەوەی یەکەم کارم بوو تەنها گوێم بۆ گفتوگۆکەی نێوانیان هەڵخستبوو ، ئەوەی سەرەنجام تێیگەیشتم ناکۆکی نێوان جووتیارو خاوەن موڵک نەبوو کە پێشتر لە سلێمانی ئەو وێنایەیان دابوومێ بەڵکو ناکۆکی نێوان شێخ حسەین و ماڵە خەزوورانی مامۆستا عەلی بوو لەسەر ئەو زەوییە بەراوانەی دەکەوتنە رۆخی ئاوەکەی دوکانەوە نزیک بە رانیەو گوندی بۆسکێن . کارەکەمان هیچ ئەنجامێکی نەبوو ، بۆیە کاتێکی زۆری نەویست و دوای نیوەڕۆ چووین بۆ قەڵادزێ و بۆ ئێوارە هاتینەوە رانیە و شەوێش میوانی کاک جەزای عەلی کاتب بووین کە ئەوکاتە سەرۆکی شارەوانی رانیە بوو.
٣ ) هاوینی ساڵی ١٩٧١ دەنگۆی ئەوە هەبوو کە هەوڵی کودەتایەکی سەربازی دراوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووەو کودەتاچییەکان گیراون و لەناوبراون . بەیانییەک زوو کاک کەریم محەمەد ساڵح ناسراو بە ( کەریمی حەمەی حەلێ ) هاتە ماڵەوە ، سڵاوی مامجەلالی پێگەیاندم و هەواڵی ئەوەی پێدام کە یەکێک لەو ئەفسەرانەی تۆمەتبارە ، دۆستمانەو ، هێناویەتی بۆ سلێمانی و دەبێت هەوڵبدەم لەڕێی حزبەوە بە زوویی رەوانەی دەرەوەی سلێمانی بکرێت ، وتیشی کە ئێستا لە ماڵی کاک عومەری برامە ، بەڵام ماڵەکەیان بۆ مانەوەی گونجاو نییەو مەترسی لەسەردەبێت . هەر ئەو رۆژە ، پێش نیوەڕۆ چووم بۆ ماڵی کاک عومەر لەو شوێنەی ئێستا بە دارەسووتاوەکە دەناسرێت ، بەناوی خوازراوی مەحمودەوە ، چاوم بە ئەفسەرەکە کەوت و بەڵێنمدایە کە بەزوویی حزب ئاگاداربکەم و لەڕێی کاک کەریمەوە ئەنجامەکەی پێبگەیەنمەوە .
دوای نیوەڕۆ ، هەروەک رۆژانیتر ، چووم بۆ لق ، چاوەڕێمکرد تا مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا هات ، نامەیەکم بۆ ناردە ژوورەوە کە بۆ کارێکی تایبەتی و گرنگ دەمەوێت بمبینێت . نزیک رۆژئاوابوون بانگی کردم ، کەسی لەلانەبوو ، منیش مەسەلەکەم بۆ گێڕایەوە ، روخساری تێکچوو و زۆر خراپ لێمتووڕەبوو ، ئەم کارەی وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پەیوەندی پارتی و حکومەتی بەعس وەسفکرد ، بە ئیشێکی نامەسئولانەی دانا و بە توندیش لۆمەی ئاڕاستەی مامجەلال کرد کە کێشەیان بۆ دەنێتەوە . پاشان دوای چەند دەقیقەیەک ماتی و بێدەنگی پێی وتم ئێمە ناچینە ژێر باری ئەو مەسئولییەتەوەو چۆنتان هێناوە بۆ سلێمانی ئاواش بیبەنە دەرەوەو نابێت بە هیچ شێوەیەک باسی بکەیت . لەو کاتەدا نەمدەزانی چیبکەم ، تەواو نائومێد بووم ، بردنە دەرەوەشی لە توانادا نەبوو چونکە هیچ فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دەوروبەری سلێمانی کەسێکی وەهای وەرنەدەگرت ئەگەر فەرمانی دەزگایەکی باڵای حزب یان لەشکری لەسەر نەبوایە . ئەو شەوە هیچمان بە ئەفسەرەکە رانەگەیاند ، بۆ بەیانی زوو چووم بۆ ماڵی کاک ئەمین شەوکەت و رووی ئەوەم لێنا کە بۆ چەند رۆژێک لە ماڵی خۆیان جێگەی بکاتەوە تا مشوورێکی دەخۆین ؛ ئەو کاتە ماڵی ئەوان بێگومانترین شوێن بوو ، ( دار الضباط ) کەوتبووە پشتەوەیان . کاک ئەمین بەدەنگمەوەهات دڵنیایکردم کە چەند دەمێنێتەوە میوانداری دەکات ، منیش کاک کەریمم ئاگادارکردەوەو لە گەرمای نیوەڕۆدا بردمان بۆ ماڵی کاک ئەمین ، داواشم لە کاک کەریم کرد بگەڕێتەوە بو بەغدا بەڵکو مامجەلال لەڕێی پەیوەندی خۆی بە بارەگای بارزانییەوە گرفتەکە چارەسەربکات . دوای دوو یان سێ رۆژ کاک کەریم لە بەغدا هاتەوە ، سەردانیکردم و پێی راگەیاندم کە لەسەرەوە فەرمان بە رەئیس عەبدوڵڵا ، فەرماندەی ئەو هێزەی لە دامێنی سورداشە کراوە ، کە ئەفسەرەکە وەربگرێت و بۆ سەرەوەی رەوانە بکات ، بۆ ئێوارە کاک کەریم ئەفسەرەکەی گەیاندە سورداش و تەسلیم بە رەئیس عەبدوڵڵای کرد . ئیتر لەو ماوەیەدا نە مامۆستا عەلی پرسییەوەو نە منیش باسمکردەوەو نە هیچ یەکێک لە ئەندامانی لق بەوەیان زانی .
ئەم رووداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم هەبوو کە هەرکاتێک هەلێکی لەبار بڕەخسێ واز لە پارتی بهێنم چونکە لەلایەک ، وەک ئەندامێکی لق رێزم لێنەگیراو لە مەسەلەیەکی وەها مەترسیداردا بەدەنگمەوە نەهاتن ، لەلایەکیتریشەوە ئێمە وەک کادیرانی پارتی باڵی ( م . س ) رانەهاتبووین لەسەر ئەوەی سەرکردەکانمان بەو شێوەیە لێمان تووڕەبن ، وەک ئەوەی من لە لێپرسراوی لقم دیت .
٤ ) دوای ماوەیەک لە دەستبەکاربوونم وەک ئەندامی لق و نوێنەری لق لە یەکێتیی نەقابەکان و کۆمەڵە هاریکارییەکانی جووتیاران ، بەرپرسی لق فەرمانیپێدام هاوکاری مامۆستا رەمزی قەزاز بکەم لە دەرکردنی گۆڤاری ( برایەتی ) دا ، کە ئەو کاتە لە سلێمانی دەردەچوو یان لە سلێمانی بابەتەکانی بۆ کۆدەکرایەوە . ئەم کارەیانم پێخۆش بوو ، بۆیە ئامادەییم دەربڕی و دوو جار لەگەڵ مامۆستا رەمزیدا بۆ تەماشاکردنی بابەتەکان دانیشتین کەلەنێویاندا بابەتێکی مامجەلالی تێدابوو لەسەر چەمکی ” بە ئاشتی پێکەوە ژیان ” بەناوی خوازراوی ( پیرۆت ) ەوە ، وتارێکی مامۆستا رەمزیشی تێدا بوو لەسەر کێشەی نەتەوەیی کورد . ئەو ژمارەیە چاپکراو بڵاوکرایەوە . من بۆ ژمارەی داهاتوو وتارێکم لەسەر چەمکی ” سیاسەت ” نووسی ، کە لە وتارەکەی مامۆستا رەمزیدا شیکرابۆوە ، تیادا ناڕاستەوخۆ بیروبۆچوونی مامۆستام دەربارەی سیاسەت رەتکردەوە و رەخنەم لەوەگرت سیاسەت تەنھا بریتی بێت لە درۆودەلەسە ، وەک ئەو وەهای نووسیبوو ، بەبێ ئەوەی ناوی مامۆستا رەمزی لە وتارەکەمدا بهێنم . وتارەکەم دایە دەست مامۆستا رەمزی ، ئیتر نە دانیشتینەوە بۆ تاووتوێکردنی بابەتەکانی ژمارەی داهاتووی ” برایەتی ” نە بانگی کردم و نە منیش لێمپرسییەوە ، چونکە دەمزانی کارکردنم لە گۆڤارەکەداو بڵاوبوونەوەی وتارێکی مامجەلال و ( هەرچەندە من ئەو وتارەم نەگەیاندبوو ) ، رەخنەگرتن لە وتاری کەسێکی ناسراوی نێو پارتی ، ئەو رۆژانە چ جۆرە حەساسییەتێکی دروستدەکرد . من ئەم پشتگوێخستنەم وەک پەیامی رەفز وەرگرت و بیروبۆچوونەکانی پێشوومی لەسەر پارتی بۆ سەلماندمەوە .
٥ ) هێشتا مانگێک بەسەر کارکردنماندا لە لقی چوار تێنەپەڕیبوو لە کۆبوونەوەیەکی لقدا گفتوگۆ لەسەر هەڵمەتێکی گشتی بۆ پیتاک و کۆکردنەوەی پارە کرا ، پڕۆژەی کارەکە وەهابوو کە هەندێک ئەندامانی لق و ناوچە سەرپەرشتی هەڵمەتەکە بکەن و بە شێوەیەکی مەیدانی بەشداریی تێدا بکەن . بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی بەرپرسیان لە هەڵمەتەکە داناو منیشیان تێدا ناونووسکرد ، ئیتر بە ناچاری هاتمەگۆو بوونە ئەندامی لیژنەکەم رەتکردەوەو ، بیروای خۆم دەربارەی نەبوونی پاساوێک بۆ کۆکردنەوەی پارە لە خەڵکی – با دەوڵەمەندیش بن و کاسپی ناوبازاڕبن – لەو هەلو مەرجەدا کە پارتی خۆی حکومەت بوو ، دەربڕی ، لەبەر ئەوەی بەرپرسی لق ( مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا ) نەهاتبوو دوابڕیاریان بەستەوە بە ئامادەبوونی ئەوەوە . دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ، دکتۆر کەمال خۆشناو رەخنەی لە هەڵوێستەکەم گرت ، وەهای نیشاندا کە هەڤاڵانی لق دەزانن من کەسێکی چالاکم و لێمڕادەبینن بەباشی ئەو کارە ئەنجام بدەم ، هەروەک رایوابوو کە ئەمە هەلێکە بۆ چوونەوە نێو خەڵک و بەشدارینەکردنم ئەوانیش ( مەبەستی ئەندامانی لق لە باڵی م . س بوو … هتد ) ئیحراج دەکات . من هەر لەسەر هەڵوێستەکەی خۆم سووربووم بۆیە دوابڕیارم بە رەتکردنەوەی ئەو کارە پێگەیاند . بۆ سبەینێ دکتۆر کەمال زوو سەردانی لقی کرد و ، پێش ئەوەی مامۆستا عەلی بێت ناوی خۆی لە شوێنی ناوی من داناو لەم کێشەیە رزگاریکردم ، بەڵام بۆ خۆم دڵنیابووم ئەم هەڵوێستەیان وەک خاڵێکی نەرێیانە لەسەرم تۆمارکردووەو بە بەرپرسی لق و سەروتریشیان گەیاندووە ، چونکە کارێکی وەها بۆ ئەو سەردەمە لەنێو پارتیدا نەک هەر نەشیاو بوو بەڵکو سزادانی حزبیش دەیگرتەوە.
٦ ) لەسەرەتای پەیوەندی و دەستبەکاربوونم لە لقدا ، رۆژێک یەکێک لەهەڤاڵە دێرینەکانم لە نێو رێکخستنی سلێمانیی پارتی ( م . س ) دا ، سەردانیکردم ، پێی راگەیاندم کە بەرپرسێک بابەتێکی نهێنی پێڕاسپاردووەو ، دەیەوێت پێمبگەیەنێت . بابەتەکەی وەها کردەوە کە بارەگای بارزانی موتمانەی خۆیم دەداتێ و دەتوانم جگە لەکارکردنم وەک ئەندامێکی لق ، پەیوەندییەکی راستەوخۆشم لەگەڵ بارەگای بارزانیدا هەبێت لەڕێی ( حەسۆ میرخان ) ەوە ، بۆ قایلکردنیشم باسی گرنگیی ئەم پەیوەندییەی بۆ شەخسییەت و جێوڕێی سیاسیم ، لە کارکردنی نێو پارتیدا ، کرد . من یەکسەر زانیم بابەتەکە پەیوەندیی بە دەزگای پاراستنەوە هەیە ، بۆیە رەتمکردەوە ، بێ ئەوەی ناوی پاراستن بێنم ، بەڵام ئەو وتی : رەنگە کارەکە لەوە تێپەڕ نەکات کە سەرەوە لەڕێگەی چەند ” ئەندامێکی دڵسۆزی وەک تۆوە ” زێتر ئاگایان لە کاروباری حزب بێت و چاودێریی بکەن . ئەو داوای لێکردم بیرێکی لێبکەمەوەو دواتر وەڵامی بدەمەوە ، بەڵام هەر لەو یەکتربینینەدا بە نەرێ وەڵامم دایەوە . پاشان دوای چەند مانگێک زانیم کە هەوڵێکی لەو بابەتەش لەگەڵ مامۆستا جەمال عەبدول دراوەو رەتیکردۆتەوە .
٧ ) بۆ یادی تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە رێکەوتی ١٦ ی ئابی دەکرد ، بەر لە دوو یان سێ هەفتە کۆبوونەوەیەکی لق کرا . لەم کۆبوونەوەیەدا لیژنەیەکی ئامادەکارییان بۆ ئەم یادە پێکهێنا ، منیشیان وەک ئەندامێکی لیژنەکە ناونووسکرد . من هیچ کاردانەوەیەکی نەرێیانەم بەرامبەر ئەوە نیشاننەدا ، چونکە پاساوێکی لۆژیکی بۆ رەتکردنەوەی لەئارادانەبوو ، لەسەرێکیترەوە ، ناکۆکی نێو ریزەکانی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی لەسەروبەندی یەکلاییبوونەوەدا بوو . مانەوەم و نەمانەوەم لە کۆمەڵەدا ، بە ئەنجامی ئەو راپرسییەوە بەندبوو کە ئەو کاتە لەسەر شوناسی کۆمەڵە بەڕێوە دەچوو . ئەوەبوو لەسەرەتای مانگی ئابدا زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵە دەنگیان بۆ شوناسی نەتەوەیی ( کوردستانی ) کۆمەڵەداو ، ئێمەش لایەنگرانی شوناسی ئینتەرناسیۆنالیستیی کە بە ( عێراقچی ) ناویان دەبردین لە کۆمەڵە هاتینەدەرەوە . بەهاتنە دەرەوەمان لە کۆمەڵە ، ئیتر پەیڕەوکردنی سیاسەتی کۆمەڵە بۆ ئێمە جێوڕێیەکی نەبوو ، لەبەر ئەوە و ، لەو باری سەرنجەوە ، “مەشروعییەتی ” بوونی خۆمان لە نێو پارتیدا بە هەڵوەشاوە دەزانی . لەم گۆشە نیگایەوە چاوەڕوانی یەکەم هەل بووم کە دەست لەکاروباری لق بکێشمەوەو دواتریش بۆ ئێجگارەکی واز لە پارتی بهێنم .
٨ ) لەو ماوەیەی لە لقدا کارمکرد ، چەندجار دەمبیستەوە کە هەڤاڵە کانمان ، واتە هەڤاڵانی پارتی ( م . س ) کە تێکەڵ بە رێکخستنەکان بوونەتەوە ، بەچاوێکی یەکسان لەگەڵ ئەندامانیدیکەی پارتیدا سەیرناکرێن ، جیاوازییان لەگەڵدا دەکەن و جۆرێک پلەدوویی بەسەریاندا سەپێنراوەو کەسیش گوێ بە گلەیی و گازەندەو بیروڕایان نادات . تاک تاکێکیش لەوانە هانایان بۆ ئێمە دەهێنا ، لەڕاستیدا ئێمەش دەستمان نەدەرۆیشت و نەماندەتوانی بەدەنگ هاناکانیانەوە بچین ، نەشدەکرا لەخۆوەڕا ئەم بابەتە بوروژێنرێت ، چونکە وەک یەک رێکخستنی یەکگرتوو دەبوایە کارمان بکردایەوەو مەسەلەیەکی وەها حەساسییەتێکی لەڕادەبەدەری هەبوو .
٨ ) چەند رۆژێک بەر لە یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆبوونەوەیەکی لق بە سەرپەرشتی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا کرا . یەکێک لەو خاڵانەی لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا بوو ، هەندێ ئاڵوگۆڕبوو لە پێکهاتەی ( لیژنەی ناوچەی قەرەداخ ) دا ، دەستکاری مانەوەی یەک دوو ئەندامیانکرد کە لە هەڤاڵانی پێشووم بوون و بەپێی رێژەی پڕۆسەی ئیستیعابەکەی تێکەڵکردنی هەردوو باڵی پارتییەوە لەو لیژنەیەدا کاریاندەکرد. من پەنجەی ئیعتیرازم بەرزکردەوە ، ویستیان وەک کارێکی ئاسایی رێکخستن بیسەلمێنم ، بەڵام هەر سوور بووم لەسەر بەرگری لەو هەڤاڵانەو لە بڕیاری بەشداریی لەو لیژنەیەدا بەپێ ئەو رێژەیەی رێککەوتنی لەسەرکراوە ، ئیتر لەگەڵ مامۆستا عەلی مشتومڕیکمان لەنێوان دروست بوو ، تۆمەتباری کردم کە من بە گیان ( رۆحییەت ) ی رابردووەوە کار دەکەم و مەسەلەی ئیستیعابم هەزمنەکردووە ، بۆیە بڕیاری ئاڵوگۆڕەکەیان دا . کۆبوونەوەکە تەواو بوو . هاتینە دەرەوە . نامەی وازهێنانم لە ئەندامەتی لق نووسی و لە ئیدارە بەجێمهێشت و چاوەڕێی کاتی هەڵسانم نەکردوو هاتمەدەرەوە .
٩ ) یەک دوو مانگ کەس لێینەپرسیمەوە ، کە دەوامی قوتابخانەکان دەستیپێکردەوە مامۆستای قوتابخانەی ( بادینانی سەرەتایی کوڕان ) بووم ، رۆژێک لە پۆلدابووم ، مامۆستایەک هات بۆلام و نامەیەکی مۆرکراوی پێدام ، ناوەرۆکی نامەکە ئەوەبوو کە ئەم مامۆستایە بەرپرسم دەبێت ، دوایی زانیم ناوی مامۆستا ( عومەر عەبدولکەریم ) ە . من هەر لەوێدا ، بەڕێزەوە ، پێموت جارێکیتر نەیەتەوە ، بە بیانووی ئەوەی دەمەوێت ماوەیەک دانیشم و تاقەتی هاتوچۆو کۆبوونەوەم نییە . مامۆستا عومەر هیچی نەوت و خواحافیزیکردو ئیتر نەهاتەوە .
دیسان بۆ ماوەیەکی زیاتر لێیان نەپرسیمەوە ، سەرەتای هاوینی ١٩٧٢ بوو ، رۆژێک مامۆستا ئیسماعیلی حاجی غەریب هاتە ماڵەوەو پی راگەیاندم کە لە حزبەوە ئەویان وەک رێکخەرم داناوە . مامۆستا ئیسماعیل لە ئەندامە دێرینەکانی پارتی ( م . س ) بوو ، لەگەڕەکێکدا بووین ، رێزو خۆشەویستی لەلای من هەبوو ، بۆمن زۆر گرانبوو یەکسەر داوای ئەوەی لێبکەم نەیەتەوە ، هیچم نەوت و ئەو کاتی کۆبوونەوەی بۆ دانام ، بەڵام بۆ کۆبوونەوەکە نەچووم ، سەریلێدامەوە ، نازانم چ پاساوێکم بۆ نەچونەکەم هێنایەوە ، کاتی کۆبوونەوەی داهاتووی بۆ دانام ، ئەمجارەش نەچووم ، کە لێیپرسیمەوە بەڕاشکاوی رەتکردنەوەی خۆمم بۆ رێکخستن پێگەیاند .
دوای ماوەیەکیتر ، هەر لە هاویندا ، نزیک کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان ، مامۆستا مەحمودی مەلا عیززەت پەیوەندی پێوەکردم ، بۆ بینینی چووم بۆ ماڵی خۆیان ، یەک دوو کاتژمێر ماینەوە ، هەر لە کارکردنی پێشوومان و هەڵەکانمانەوە لێیدواین هەتا باسی دامەزراندنی کۆمەڵەو مەسەلەی کارکردن یان کارنەکردن لە پارتیدا . ئەو کارکردنی بۆ ئێمەومانان بە زەرورەت دەزانی لەو قۆناغەدا ، پێیڕاگەیاندم کە لەوەبەدوا پەیوەندیم بەوەوە دەبێت ، من ئەوەم رەتکردەوە بچمەوە نێو رێکخستنی پارتی ، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر رایەکانی و دواجار وتی پەیوەندییەکەت بە منەوە فەردی دەبێت و حزب رەچاوی بارودۆخی وازهێنانت لە لق و ئاستی رۆشنبیری و حزبیشت دەکات .
لەبەر دڵی مامۆستا مەحمود چەند جارێک چووم بۆ لای و ماوەی چەند سەعاتێک باسی دنیای سیاسەتمان دەکرد ، ئیتر هەر ئەوەندە پەیوەندیم هەبوو بە پارتییەوە ، تا لەسەرەتای ساڵی خوێندنی ١٩٧٢ – ١٩٧٣ دا بە گۆڕینەوە لەگەڵ مامۆستایەکدا شوێنی کارکردنی مامۆستایەتیم بۆ بەغدا گواستەوەو ، بۆ ئێجگارەکی پەیوەندیم بە پارتییەوە نەما .

لێدوانێک بنووسە