فوئاد قەرەداغی : دەربارەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی / بۆ ( گۆڤاری سڤیل ) دەدوێت …

5 حوزەیران

فوئاد قەرەداغی : دەربارەی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی
بۆ ( گۆڤاری سڤیل ) دەدوێت …

تێبینی
1 ) هەموو ئەو هاوڕێ و کەسایەتییانەی لەم دیمانەیەدا ناویان هاتووە ئەوپەڕی رێزیان لەلامان هەیە ، داوای لێبوردنیان لێدەکەم کە هیچ پێشگرو پاشگرێکی وەک ( کاک و براو مامۆستاو شەهیدو … هتد ) م بە ناوەکانیانەوە نەلکاندووە ، وەک پێڕەوکردنی شێوازی سەردەمیانەی نووسین .

2 ) هاوڕێیان و دۆستان و سۆراخکارانی ئەم دیمانەیە ئاگادار دەکەم کە :
١ ) گۆڤاری سڤیل لەهەر سێ بەشی دیمانەکەدا چەند پرسیاریان ، بەخۆیان و وەڵامەکانەوە هەڵگرتووەو ، بەهەر هۆیەکەوە بێت بڵاویاننەکردۆتەوە .
٢ ) تایتڵ و چەند دێڕی پێناسەی سەرەتاو ئەو نووسینانەی وەک بۆکس دەرخراون لەلایەن ئامادەکار یان رێکخەرانی دەقی دیمانەکە لە ( سڤیل ) دانراون .
٣ ) لەبەر ئەوە بە پێویستمزانی تەواوی دیمانەکە ( هەرسێ بەشەکە ) پێکەوە دابگرم و بەرپرسیارێتیم لە وشە بە وشەی رابگەیەنم . (فوئاد قەرەداغی)
سڤیل: مامۆستا فوئاد قەرەداغی، کەی دەستی بەکاری سیاسی کرد؟ چۆن و لەرێی کام رێکخستنەوە ؟ دەستان بەکاری حزبی کرد ؟
قەرەداغی : دوای شۆڕشی ١٤ ی تەموزی ، ١٩٥٨ لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکاندا ، چوومە ریزی ( یەکێتیی قوتابیانی کوردستان )ەوە . ئەو کاتە قوتابی پۆلی دووەمی ناوەندی بووم لە ناوەندیی سلێمانیی کوڕان . ساڵی خوێندنی ١٩٥٩ / ١٩٦٠ لە ناوەندیی شۆڕشی کوڕان ، کەیەکەم ساڵی کردنەوەی بوو، پارتی یەکەم شانەی لەو ناوەندییەدا رێکخست ، من ئەندامێکی ئەو شانەیە بووم
سڤیل: لەناو پارتیدا تا چ ئاستێک لەپلەی حزبیدا رۆشتن ؟
قەرەداغی : دوا ئاستی پلەی حزبیم لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ، دوای یەکگرتنەوەو تێکەڵبوونەوەی هەردوو باڵەکەش ، ئەندامی لقی چوار بووم .
سڤیل: بەڕێزت لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی جیا نەبونەوە؟
قەرەداغی : من هەر لەسەرەتاوە تا تێکەڵبوونەوەی هەردوو باڵەکە لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسیدا بووم .
سڤیل: تا ساڵی چەند لەگەڵ پارتی مایتەوە؟
قەرەداغی : هەتا سەرەتای مانگی ئابی ١٩٧١ . ئەو کاتە یەک حزب هەبوو بەناوی پارتییەوە بەسەرۆکایەتی بارزانی مستەفا .
سڤیل: دوای ئەوە ئێوە دەستتان کرد بە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵە، یان چی ئەی ساڵی ٧١ کام حزبی تر هەبوو ئاشکراو راگەیەنراو بێ ؟
قەرەداغی : من لە ئابی ١٩٧١ دا وازم لە پارتی هێنا ، پێشتریش لە کۆتایی تەموزی هەمان ساڵدا ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە کۆمەڵە جیابووینەوەو وازمان لێهێنا ، دوای ئەوەی ساڵێک و دوو مانگ کارمان تێداکرد . دوای ساڵی ١٩٧١ تا هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٤ دا، تەنها پارتی و حزبی شیوعی ( هەرێمی کوردستان ) ئاشکراو راگەیەنراو بوون .
سڤیل : ئێوە لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەن، یان لە کادرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەن. بەشێك لە رۆشنبیرانی سیاسی پێیان وایە كە كۆمەڵەی ماركسی لینینی یان كۆمەڵەی رەنجدەران دروستكراوی باڵە رۆشنبیرەكەی نێو باڵی مەكتەبی سیاسی پارتییە، بەشێكی تریش پێیان وایە كۆمەڵە زیاتر بە كاریگەری كۆرشی لاشائی و ئەو رۆشنبیرە چەپانەیتری سازمانی حیزبی كۆمۆنیستی ئیرانی ئەوسا دروست بوون كە هاتوونەتە سلێمانی، ئایا جەنابت چۆن لەو بابەتە دەڕوانیت؟
قەرەداغی : پێمخۆشە لە توێی وەڵامەکاندا چەند شتێکی نێو پرسیارەکەش راستبکەمەوە:
– دامەزرێنەرانی کۆمەڵە تەنها چەند کەسێک نەبوون ، بەڵکو هەموو ئەو هاوڕێیانە بوون کە کاریان بۆ دامەزراندنی کردووە ، ئەوانەی دڵسۆزانە وەک کادیر هەڵدەسووڕان و بەخەمی پێکهێنانی ئەم رێکخستنەوە بوون ، بۆیە پێمباشە بەو تێکۆشەرانە بوترێت ( هەڵسووڕاوان ) ی سەرەتا ، ئیتر ئەوەی یەکێک لە یەکێکیتر زێتر رۆڵی هەبووە ، لە بایەخی کاری هەموو ئەوانیدیکە کەمناکاتەوە . من یەکێکم لە هەڵسووڕاوانی سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەو شەرەفی ئەندامەتی دەستەی دامەزرێنەرو یەکەم کۆمیتەی سەرکردایەتیی و جێگری یەکەم سکرتێری کۆمەڵەم هەیە .
– کۆمەڵە دروستکراوی” باڵە رۆشنبیرەکەی نێو باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی ” بەگشتی نەبوو ، بەڵکو تەنها بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوون و تێکۆشانی رٶشنبیرانی چەپی ماویستی نێو ئەو باڵەی پارتی بوو .
– ئەو رێکخراوە چەپە ئێرانییەی لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا هاتنە سلێمانی ناوی ( سازمانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی ) نەبوو ، بەڵکو بە ( سازمانی ئینقیلابی حزبی تودەی ئێران ) دەناسرا . ئەم رێکخراوە لە حزبی تودە جیابووبۆوە ، لە ئەوروپا دروست بوو بوو و بەناوی ( سازمان انقلاب حزب تودە ایران در خارج از کشور ) کاریان دەکرد ، کە بڕیاریان دا بۆ خۆرێکخستن لەنێو ئێران و زەمینەخۆشکردن بۆ شۆڕش بگەڕێنەوە ، سەرکردایەتییەکیان بۆ ناوەوەی ئێران پێکهێنا ، کۆرشی لاشایی کەسی یەکەمی ئەو سەرکردایەتییە بوو .
سەبارەت بە کاریگەریی سازمانی ئینقیلابی لەسەر ئاڕاستەکردنی ئێمە بەرەو رێبازی ماویستی راستییەکە نکوولی لێناکرێت ، بەڵام ئەوە تەنها هۆکار نەبوو ، چونکە رستێک هۆکاریدیکە هەبوو کە ئێمەی بەرەو ئەو رێبازە دەبرد ( ئەو هۆکارانەم لە دیمانەیەکی رۆژنامەی هاوڵاتیدا لەسەر مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە دەستنیشانکردووە و دەتوانن لە هاوڵاتی ژمارە ٤١١ و ٤١٢ ی رێکەوتی ٦ و ٩ ی نیسانی ٢٠٠٨ دا بیخوێننەوە ) ، لەڕاستیدا ئێمە خۆمان ئامادەییمان تێدابوو ، بۆیە هاتنی ئەوان بووە هۆکاری دەرەکی تا مەیلی چەپی ماویستی نێو ئێمە بخەمڵێ و دواتر ببێتە پڕۆژەی بنیاتنانی رێکخراوێکی مارکسی لێنینی . لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە کۆرشی لاشایی تەنها ئەو ماوەیەی لەسلێمانی بوو کاریگەرییەکی رۆشنبیریی لەسەرمان هەبوو ، چونکە کاتی دامەزراندنی کۆمەڵە ئەو گەڕابووەوە بۆ ئێران و لەوێ گیرا ، بەرگەی ئەشکەنجەی نەگرت ، رووخاو دواتر بووە باوەرپێکراوێکی دیوانی شاهەنشاهی ئێران . لێرە ، لەسەروبەندی دامەزراندنی کۆمەڵەدا ، دوو هاوڕێیدیکەی سازمانی ئینقیلابی کاریگەرییان هەبوو ، ئەوانیش ( خوسرەوی سەفایی و ئیرەجی کەشکولی ) بوون کە بەناوی ( قوباد و ئیسماعیل ) دەناسران ، تەنانەت مامجەلال کوڕی دووەمی بەناوی هاوڕی قوباد ( خوسرەوی سەفایی ) یەوە ناونا ، کە ئەوکاتە لە ئێران گیرابوو و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیبەختکردبوو .
سڤیل : لەدروستبوونی كۆمەڵەدا باسی چەند ئەڵقەیەكی رۆشنبیری یان چەند گروپێك دەكرێت كە كۆمەڵە لە یەكگرتنی ئەو گروپانە درووست بووبێت، ئایا لە راستیدا درووستبوونی كۆمەڵە وەكو جەنابتان یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی ئەو رێكخراوەیت چۆن بووە؟
قەرەداغی : ئەگەرچی ژمارەی گروپەکان و کێو کێن ، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە بۆ نووسینەوەی ئەو مێژووەو ، تا ئێستا چەند جارێک لەو بارەیەوە ، ئەوەندەی ئەو کاتە ئاگاداربووبم ، نووسیومە ، لێرەدا جارێکیدی ، وەک خۆی بەیانی دەکەمەوە :
– سەرەتا جموجۆڵێکی گشتی لەنێو رۆشنبیرە ماویستەکانی نێو باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی هەبوو بۆ پێکهێنانی رێکخستنێکی نوێ ، دوای ئەوەی بەیاننامەی ١١ی ئادار دەرچووبوو ، حزبەکەی ئێمە شکستی هێنابوو .
هەر لەو سەرەتایەدا کۆبوونەوەی هاوڕێیان لە دەوری یەکتری شێوەیەکی رێکخراوەیی وەرنەگرتبوو ، زێتر ئاڵوگۆڕی بیروڕاو گەڕان بوو بە دوای چارەسەرکردندا .
دواتر ، دوو گروپ پێکهات ، یەکێکیان بریتی بوو لە شەهابی شێخ نوری و فەرەیدوون عەبدولقادرو فازیلی مەلامەحمود ، من و دلێر صدیق- یش بەم گروپەوە پەیوەست بووین . ئەم گروپە پەیوەندی بە کۆمەڵێک هاوڕێی سلێمانییەوە هەبوو ، گروپەکەیدی نەوشیروان مستەفاو مەحمودی مەلا عیززەت و چەند کادیرێکی لق و لیژنەی ناوچەی سلێمانی پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) بوون کە دوای بەیاننامەی ئاداری ١٩٧٠ هاتبوونە بەغدا . هاوڕێیان داوایان لێکردم چاوم بە مامجەلال بکەوێت و بوونی گروپەکەمانی لەلا بدرکێنم . کاتێک قسەم لەگەڵ مامجەلال کرد ، ئەو یەکسەر خۆشحالی خۆی نیشانداو پێی وتم کە گروپێکیدیکەش هەن ( ناوی مەحمودی مەلا عیززەت و نەوشیروان مستەفای برد ) ، هەستیشم کرد هەموو شتێک ئاگادارە . مامجەلال پێشنیازی ئەوەیکرد کە ئێمە ( ماویستەکانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ) گروپێک بین و هەوڵبدەین ئەو دووگروپە یەکبخەین. بۆ ئەم مەبەستە قسەی لەگەڵ رەفعەتی مەلاو بەکر حسێن کردو ، لەسەر رای من قسەکردنی لەگەڵ نورەدین عەبدولرەحمان دواخست . ئەم هەوڵەی بۆ یەکخستنی ئەو دووگروپە ، لەلایەن مامجەلالەوە درا ، سەرکەوتوو نەبوو ، بۆیە بڕیاری دامەزراندنی رێکخراوەکەمان دا ، بەکر حسێن کشایەوەو ئامادەی کارکردن نەبوو ، رەفعەتی مەلاش دوای دوو کۆبوونەوە نەهات ، ئەوەی مابووینەوە ئەرکەکەمان لە ئەستۆگرت . ئەمە واقیعەکەبوو کە تەنها دوو گروپ بوو ، گروپی سێیەم پێشنیازی مامجەلال بوو بۆ یەکخستنی هەوڵی هەردوو گروپەکە .
سڤیل : فەریدوون عەبدولقادر باسی ئەوە دەكات كە تۆو ئەو پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵەتان نووسیوەتەوە. ئایا ئێوە بە بۆچوونی خۆتان پەیڕەوی كۆمەڵەتان نووسیوە یان راوبۆچوونی هاوڕێكانیشتان وەرگرتووە؟
قەرەداغی : ئەرکی نووسینی بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵە لە کۆبوونەوەیەکدا بەمن سپێردرا و لەکۆبوونەوەی دواتردا لەلایەن دەستەی دامەزرێنەر ، کە فەرەیدوون عەبدولقادر یەکێکیان بوو ، پەسەندکرا و ، فەرەیدون چاپیکردو بەرگێکی جوانیشی بۆ دروستکرد . چاپی یەکەمی ئەو بەرنامەو پێڕەوە تا ئێستا دیارنییە ، هەرکاتێک دەرکەوت دەتوانن بەراوردی بکەن لەگەڵ نووسینەکانی ئەو کاتەمدا بۆ راستاندنی ئەوەی کێ نووسیویەتی .
لەڕاستیدا ئێمە هەموومان کۆک بووین لەسەر بەرنامەی رێکخراوێکی ماویستی و پرنسیپەکانی ، بۆیە گرفتێکمان نەبوو لە داڕشتنی بەرنامەکەدا ، هەرچەندە بەلێکدانەوەی ئەمڕۆم کارێکی بێرۆکراتیانەی تاکڕەومان کردووە ، بەبێ ئەوەی پێشەکی وەک پڕۆژەیەک بیخەینە بەردەم هاوڕێیانمان لە شانە سەرەتاییەکاندا ، خۆمان نووسیمان و خۆمان پەسەندمانکردو وەک دەستووری کاری کۆمەڵە دامانبەزاندە خوارەوە .
سڤیل : ئایا كاری نووسینەوەی پەیڕەوی رێكخراوێك بۆ ئەو كاتەی كوردستان زەحمەت نەبوو؟
قەرەداغی : نووسینەوەی بەرنامەو پێڕەو بۆ رێکخراوێک ، نە ئەوساو نە ئێستاو نە لەدواڕۆژیشدا کارێکی گران نییە . کۆمەڵگای کوردستان ، کۆمەڵگایەکی چینایەتییە ، هەرچینە لە پێگەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆیەوە بەرنامەی خۆی دیاریدەکات و ، بەو ئاڕاستەیە کاردەکات کە جیهان بە مەیلی چینایەتی خۆی بنیاتبنێتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دان بەوەدابنێم کە بەرنامەکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دانەڕێژرابوو ، زیاتر ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی نوێ و ستڕاتیژی کۆمۆنیزمی لەخۆگرتبوو . بۆ نووسینیشی سوودم لەچەند سەرچاوەیەک وەرگرت ، بە پلەی یەکەم بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی نۆیەم کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی چین لەساڵی ١٩٦٩ دا .
سڤیل: وەكو خۆت باست كردووە تۆ پاش ماوەیەكی كورت لە دامەزراندنی كۆمەڵە كە وابزنم سال ونیوێكە وازت لە كۆمەڵە هێناوە. ئایا هۆكاری دیارو بابەتیت هەبوو بۆ وازهێنانت لەو رێكخراوە لەو قۆناغە زووەی رێكخراوەكەدا ؟
قەرەداغی : کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی مارکسی – لێنینی، واتە کۆمۆنیستی خۆی پێناسەکرد . دیارە یەکێک لەو بابەتانەی هەر رێکخراوێکی کۆمۆنیستی بەرەوڕووی دەبێتەوە سنووری کارکردن و ناسنامەی ئەو حزبەیە کە دەیەوێت بونیادی بنێت . ئەم خاڵە سەرەتا لەنێو کۆمیتەی سەرکردایەتیداو دواتر لەنێو ئەندامانی ئەو کاتەی کۆمەڵەدا ناکۆکیی لێکەوتەوە . تەوەرەی ناکۆکییەکە بریتی بوو لەوەی: کۆمەڵە دەستەیەکی بزوتنەوەی نوێی کۆمۆنیستی دەبێت لە عێراقداو بۆ پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستیی لە سەرانسەری عێراقدا خەبات دەکات ، یان رێکخراوێک دەبێت بۆ پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستیی کوردستانی کە سەرکردایەتی شۆڕشی رزگاریی نەتەوایەتی کورد ( شۆڕشی دیموکراتیی نوێ ) بکات . من و چەند هاوڕێیەک ئەوەی یەکەمیانمان پێ راست و گونجاو بوو لەگەڵ پرنسیپەکانی رێکخستنێکی لێنینیدا ، لەبەر ئەوە لە ململانێکەدا بە ( عێراقچی ) ناوزەدیان کردین و ، دوای ساڵێک ململانێ پێکەوە هەڵماننەکردو دوای راپرسییەک لەریزەکانی رێکخستندا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییە ، بڕیاری چوونە دەرەوەمان دا.
سڤیل: بەڵام باسی ئەوە هەیە کە ئێوە ویستوتانە کۆمەڵە بەرەو بەشێک لە حزبی شیوعی عێراقی ببەن، ؟ ئەوە تاچەند راستە، هەر تەنها بروای مارکسی ئێوەی لە شیوعی نزیک دەکردەوە یان ئەو قسانە بنەمادارن کە موعجیبی حزبی شیوعی وایکردووە کۆمەڵە بەو ئاراستەیە ببەن؟
قەرەداغی : ئێمە حزبی شیوعیمان بە حزبێکی ریڤیژنیست دەزانی ، واتە بە حزبێکی هەلپەرستی راستڕەوی خرۆچێڤی ، بۆیە ئەو تۆمەتە هیچ بنەمایەکی راستگۆیی تێدا نییە ، برایانی ” کوردستانی” بۆ کەسبی سیاسی و رێکخراوەیی ئەم تۆمەتەیان دایە پاڵمان ، بەڵام نەک بەوەی بمانەوێ بچینە حزبی شیوعییەوە ، بەڵکو بەوەی دەمانەوێت رێکخستن بەرەو قیادەی مەرکەزی ببەین .
سڤیل : بەڵام دوای جیابونەوەی ئێوە لەکۆمەڵە، وەک باس دەکەن ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ قیادەی مەركەزی حیزبی شیوعیدا دروستکردووە، چۆن دروست بوو لەسەر چ ئەساسێک؟
قەرەداغی : چەند جارێک لە نووسینەکانمدا ئەم ” تۆمەت ” ەم رەتکردۆتەوە ، بەڵام دیارە هێشتا روونکردنەوەی زیاتری دەوێت ، بۆیە لێرەدا تیشک دەخەمە سەر هەندێ لەو ناڕۆشنییەی پەیوەندی بەساڵەکانی ئەو مێژووەوە هەیە :
• دوای جیابوونەوەمان لە کۆمەڵە ، پەیوەندی و کۆبوونەوەو گفتوگۆکانمان لەنێوان خۆماندا چڕترکردەوە ، جارێکیدی پرسیاری ” دەبێ چیی بکەین ؟ ” پێویستی بە وەڵامدانەوە هەبوو . ئەم ماوەیە نزیکەی دە مانگی خایاند ، هەموومان کۆک بووین لەسەر دامەزراندنی رێکخراوێکیدیکە تەنها ( فاضل مەلا مەحمود ) نەبێت کە رای وابوو بچینە ریزەکانی حزبی شیوعی ( قیادەی مەرکەزی ) یەوە ، دوای چەند مانگێک ئاگاداری کردین کە ئیلتیزامی بە ئێمەوە نامێنێ و چووەتە ناو قیادەی مەرکەزی . ئێمەش ئەو هاوڕێیانەی پێکەوە مابووینەوە لە ئایاری ساڵی ١٩٧٢ دا رێکخراوێکی نوێمان دامەزراند بە ناوی ( رێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق ) . ئەم رێکخراوە تا ساڵی ١٩٧٤ کاریکرد و بەهۆی بنبەستبوونیەوە خۆی هەڵوەشاندەوەو ، ئەندامەکانی سەرپشک کرد کە خۆیان بڕیاری چارەنووسی سیاسیی خۆیان بدەن . من و چەند هاوڕێیەک دانیشتین و وازمان لە کاری سیاسی هێنا ، بەڵام هاوڕێکانیتر ، دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و جیابوونەوەی باڵێک لە قیادەی مەرکەزی بەناوی ( وحدة القاعدة ) وە ، کە فاضلی مەلا مەحمودو عادل عبدالمهدي ( أبو أمل ) لە کەسە دیارەکانیان بوون ، بەو رێکخراوەوە پەیوەست بوون . من پەیوەندی دۆستانەم لەگەڵ ( وحدة القاعدة ) هەبوو تا ئەوکاتەی زۆربەی ئەندامەکانی روویان لەهەندران کردو ئیتر هیچ چالاکییەکی نەما . کەواتە راستە بەشێک لەو هاوڕێیانەی ئێمە کە لە کۆمەڵە جیابووینەوە کاریان لە قیادە مەرکەزیدا کرد ، بەڵام دوای چەند ساڵێک نەک وەک ئەوەی دەیدەنە پاڵمان ( گوایا ) بە پلانی قیادەی مەرکەزی ئێمە جیابووبێتینەوەو پەیوەندی ژێر بەژێرمان هەبووبێت ، لەکاتێکدا هەرگیز ئەوەشمان نەشاردۆتەوە کە دۆستی قیادەی مەرکەزی بووین و ، ئەوان ، زیاتر لەهەر رێکخراوێکیدیکە لەعێراقدا ، لەڕووی بیروباوەڕەوە لێمان نزیک بوون .
سڤیل:ئەوانەی کە بانگەشەی کوردستانی بونیان دەکرد کێ بوون ؟ کام سەرکردانە بوون؟
قەرەداغی : هەموو ئەو هاوڕێیانە بوون کە دوای چوونە دەرەوەی ئێمە لە کۆمەڵە کاریان دەکرد هەتا ئەو کاتەی کۆمەڵە هەڵوەشێندرا .
سڤیل: ئەو فشارانەی دەخرانە سەر ئێوە چۆن بوون، ئێوە بێزارکران لە کۆمەڵە، یان بروای ئەو هاوڕێیانەتان لە کۆمەڵە قبوڵ نەبوو؟
قەرەداغی : ئێمە بەشێوەیەکی دیموکراتی کۆمەڵەمان بەجێهێشت و هیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەکردن ، ئەوانیش جگە لەو تۆمەتەو تەرویجدانی ناساندنمان وەک ” عێراقچی ” لەنێو ریزەکانیاندا ، فشارێکی ئەوتۆیان لەسەرمان نەبوو .چوونە دەرەوەمان لەبێزارییەوە نەبوو ، بەڵکو فیکرو هەڵوێستی ئەوانمان بە فیکرو هەڵوێستێکی ناسیۆنالیستی دەزانی و پێمان قبووڵ نەبوو .
سڤیل:شوێنی مام جەلال لە دامەزراندی كۆمەڵەدا لە كوێدا بووە؟
قەرەداغی : مامجەلال ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەو یەکەم سکرتێری بوو .
سڤیل : رۆڵ و كاریگەری مام لە ئاراستەكردنی كۆمەڵەدا چی بووە؟ ئەگەر بەڕیزی سكرتێری كۆمەڵە بووە بۆچی یەكێتی نیشتیمانی درووستكردووە؟
قەرەداغی : رۆڵ و کاریگەریی مامجەلال وەک رۆڵی کەسی یەکەمی هەر رێکخراوێک بوو کە لەسەرەتای کارکردنیدا بێت ، واتە رۆڵی سەرکردایەتی و رێکخەر. تەواوی ئەو ماوەیەی لە کۆمەڵەدا کارمکردو ئاگادارم ، مامجەلال سەرەتا بەهۆی وتووێژی هەردوو باڵەکەی پارتی بۆ یەکگرتنەوەو ، دواییش بەهۆی نیشتەجێبوونی لە ( چۆمان ) کەمتر دەیتوانی راستەوخۆ بەشداری چالاکییەکانمان بکات ، بەڵام پەیوەندیمان لەڕێی نامەوە هەبوو ، ئەو کاتانەشی بەسەردان بۆ بەغدا بهاتایە کۆبوونەوەمان دەکردو ، راستەوخۆ ئاگاداری کارەکانمان دەبوو . سەبارەت بەپێکهێنانی یەکێتیی نیشتمانیش ، ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە دامەزراندنی کۆمەڵەوە نییە ، چونکە لەدوو بارودۆخی جیاوازدا پێکهاتوون و هەریەکەیان زەروورەتی خۆی لەو کاتەی دامەزراندنیدا هەبووە ، من ناتوانم زانیاری تەواوت لەسەر هەلومەرجی پێکهاتنی یەکێتیی نیشتمانی بدەمێ ، چونکە ئەو کاتە لێیانەوە دووربووم و ئەندامی یەکێتیی نیشتمانی نەبووم ، بەڵام پێموابێت ، یەکێتیی نیشتمانی ، جۆرە پڕاکتیکێکی ناکامڵی پرەنسیپی ( بەرەی نیشتمانیی یەکگرتوو ) بوو ، کە ماوتسیتۆنگ بەیەکێک لە مەرجەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی دیموکراتیی نوێی دادەنێت .
سڤیل: کام سەرکردەی کۆمەڵە زیاتر خاوەنی فکرێک بوو خەڵک لەدەوری راکانی کۆببنەوە ؟
قەرەداغی : هیچ ” سەرکردە “یەکی کۆمەڵە فیکرێکی سەربەخۆو جیاوازی نەبوو لە فیکری ماوتسیتۆنگ . ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر هەموویان بڕوایان بە مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ هەبوو ، هەموو ئەندامانیش هەمان فیکریان هەبوو . هەر کەسێک ئەوەی ‌قبووڵ نەبوایە لە ریزەکانی کۆمەڵەدا وەرنەدەگیرا .
پرسیار: سەرەتا کۆمەڵە بەو شێوەیە دامەزرا، دواتریش وازی لەو بڕوایە هێنا ؟
قەرەداغی : کۆمەڵە لە رەوتی خۆیدا گۆڕانکاریی بەسەرداهات و بەرە بەرە لە رێکخراوێکی مارکسی لێنینییەوە بوو بە رێکخراوێکی چەپی ناسیۆنالیستی و هیچ پەیوەندییەکی فیکریی بە کۆمەڵەی سەرەتای دامەزراندنەوە نەما .
پرسیار: ئەو گۆڕانیارییە بەکاریگەری مام جەلال بوو؟، یان کاریگەری سەرکردەکانی تری کۆمەڵە ؟هۆکار چییە کۆمەڵێ سەرکردەی بڕوا چەپ لەناکاو سەدو هەشتا پلە با بدەنەوە بەلای بڕوای ناسیۆنالیستی دا؟
قەرەداغی : هەموو سەرکردەکانی دوای یەکەم کۆمیتەی سەرکردایەتی کاریگەرییان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە هەبووە ، دیارە هەریەکەیان بەپێی ئاستی فیکری و جێوڕێی لە رێکخستندا، سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی هەر ئەندامێک یان کۆمەڵێک سەرکردە لە رێکخراوێکی کۆمۆنیستیدا سەنگەر دەگوێزنەوەو لە باوەشی فیکری ناسیۆنالیستیدا خۆیان دەبیننەوە ، ناتوانرێت هەروا سەرپێیی دەستنیشان بکرێت، ئەوە پێویستی بە توێژینەوە هەیە، دەبێت لەم توێژینەوەیەدا : رەچەڵەکی چینایەتی و ، پاشخانی فیکری و سیاسی و رێکخراوەیی و ، جێوڕێی کۆمەڵایەتی و ، رۆڵی سیاسی و ، هەلومەرجە خۆیی و بابەتییەکانی بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی سەردەمی وەرچەرخانەکە ، رەچاوبکرێت . ئەم گواستنەوەیەی سەنگەری فیکریی ، گشتییەو ، لە هەموو حزبەکاندا روودەدەن جا کۆمۆنیست بن ، نەتەوەیی بن ، ئیسلامی بن ، سۆشیاڵ دیموکرات بن ، یان دیموکرات و لیبراڵ بن …هتد .
پرسیار : با بچینەوە سەرەتای کۆمەڵە، چۆن کۆمەڵە دامەزرا ، کێ بوون ئەوانەی سەرەتا کاریان بۆ دەکرد؟ چی وایکردبوو کۆمەڵە بکاتە زەرورەت لەکاتێکدا حزبی بروا چەپ هەبوو وەکو حزبی شیوعی؟ کەوایە زەرورەتی کۆمەڵە چی بوو ؟ چۆن کار بۆ دروسکردنی دەکرا لەناو خەڵک و تەنزیمدا؟باسی چەند ئەڵقەیەكی رۆشنبیری یان چەند گروپێك دەكرێت كە كۆمەڵە لە یەكگرتنی ئەو گروپانە درووست بووبێت، ئایا لە راستیدا درووستبوونی كۆمەڵە وەكو جەنابتان یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی ئەو رێكخراوەیت چۆن بووە؟
قەرەداغی : ئەمە یەک پرسیار نییە بەڵکو چەند پرسیارێکەو هەندێکی دووبارەیە . وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ، لە چەند دیمانەو نووسینێکدا چۆنیەتی و هەلومەرجی دامەزراندنی کۆمەڵەم نووسیوە ، بۆیە لێرەدا ، تەنها ئەو پرسیارانە وەردەگرم کە لەو نووسینانەی رابردوودا نەچوومەتە وردەکارییەکانیەوە .
1) ئەوانەی کاریان بۆ پێکهێنانی رێکخراوێکی مارکسی – لێنینی دەکرد ، کۆمەڵێک گەنج بوون لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) . ئەم گەنجانە وەک فراکسیۆنێکی چەپ پەیوەندییان پێکەوە هەبوو ، زێتر لە رێکخستنەکانی سلێمانی و زانکۆی بەغدادا بوون .
2) وەک لە وەڵامی پرسیارێکیدیکەدا گوتم : حزبی شیوعیمان بە کۆمۆنیست نەدەزانی ، سۆڤیەتیشمان بە دەوڵەتێکی ( سۆسیال ئیمپریالیزم ) دەناسی ، حزبی شیوعی چینمان بە رابەری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهان پێناسەدەکرد، رەخنەو ئیعتیرازمان لەسەر حزبەکەی خۆمان ( پارتی – باڵی مەکتەبی سیاسی ) هەبوو ، نە حزبەکەی خۆمان و نە پارتی دیموکراتی کوردستان ( باڵی بارزانی ) مان بە شایستەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد نەدەزانی و نائومێدبووین لەوەی لەسایەی ئەو دوو حزبەدا کورد بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بگات ، بۆیە هەموومان گەیشتبووینە ئەو قەناعەتەی کە دەبێت حزبێکی نوێ بێتە کایەوەو بەپێی فیکری باوی ئەو سەردەمەش، دەبێت حزبەکە کۆمۆنیست بێت و پابەندی مارکسیزم – لێنینیزم – بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ بێت.
3) سەرەتا و بەر لە رێککەوتننامەی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ لە سلێمانی و نێو خوێندکارەکانی زانکۆی بەغدا ، کۆمەڵیک ئەڵقەی دیراسی لەو گەنجانەی ( پارتی – باڵی مەکتەبی سیاسی ) پێکهاتبوو ، لەدوای بەیاننامەی ئادارو دەنگۆی یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی ، چالاکیی ئەڵقەکان پەرەیسەندو هەریەکە لەلای خۆیەوە هەوڵی پەیوەندی بە کەسانی دۆست و جێی موتمانەو ناڕازی لە بارودۆخە سیاسییەکەی دا، بۆیە کە کۆمەڵە دامەزرا بنکەیەکی فیکری و سیاسیی ئامادەبووی هەبوو .
پرسیار : پێت وایە كۆمەڵە لە راستیدا لە دایكبووی سرووشتی واقیعی كۆمەڵگەی كوردی بووبێت، یان كاریگەری دەرەوە دروستی كرد؟
قەرەداغی : نازانم ئێوە چ لێکدانەوەیەکتان بۆ ” سروشتی واقیعی کۆمەڵگەی کوردی ” هەیە ، بەلێکدانەوەی من ، ” واقیعی کۆمەڵگەی کوردی ” ی ئەو سەردەمە ، سروشتێکی دەرەبەگیی هەبوو کە سیستمی عەشرەت و خێڵ و ئیمتیازاتی دەرەبەگی تیایدا باوبوو، تا رادەیەک گەشەکردنی سەرمایەداری هەبوو ، بەڵام پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هی سەردەمی پێش سەرمایەداریی بوون . ئەم بەشەی کوردستان بە بڕیاری نێودەوڵەتی ، لەبیستەکانی سەدەی رابردووەوە ، بە عێراقەوە لکێنرابوو ، سیستمێکی سیاسی و ئابووریی ناوەندیی ، وەک هەر بەشێکیتری عێراق بەسەر باشووری کوردستانیشدا سەپێنرابوو ، گەورەترین دەستکەوتی کورد تا ئەو کاتە بەیاننامەی ١١ی ئاداربوو ، پراکتیکی سیاسی و کاریگەرێتیی حزب ( پارتی ) لەو پراکتیکە سیاسییەدا دڵخۆشکەر نەبوون ، کوردستان شەش سالێکی شەری ناوخۆیی گوزەراندبوو ، بۆیە ” سروشتی واقیعیی کۆمەڵگەی کوردی ” ئاوەڵابوو بۆ بەرنامەڕێژییەکی نوێ ، کە پێکهێنانی حزب و پێڕەوکردنی شێوازی نوێی تێکۆشانی دەخواست ، هەڵبەتە دامەزراندنی کۆمەڵە لەم لێکدانەوەیە بەدەرنەبوو ، بەواقیعیش دەرکەوت زەمینەی لەباری خۆی هەبوو کە توانی لە چەند ساڵێکدا ببێتە گەورەترین رێکخراوی سیاسیی لە کوردستانداو رابەریی بزووتنەوەی بەرهەڵستی حوکمێکی فاشستی و شۆڤێنیستی وەک بەعس بکات . لەبەرئەوە کاریگەریی دەرەوە ، وەک کاریگەریی سازمانی ئینقیلابی یان کاریگەریی چین و ماوتسیتۆنگ تەنها لەڕێی واقیعە ناوخۆییەکەوە دەرفەتی بەرجەستەبوونی لە دامەزراندنی رێکخراوێکی وەک کۆمەڵەی مارکسی لێنینیدا هەبووە .
پرسیار: ئێوە کۆمەڵێک گەنج بوون، وەکو فراکسیۆنێک پەیوەندیتان بەیەکەوە هەبوو، کەوایە ئەکرێ بڵێین ئێوە ئەو گەنجانە، دامەزرێنەرو دروستکەری کۆمەڵە بوون. چەند کەس لەو گەنجانەی کە بەو شیوەیە بیرتان دەکردەوە، دواتر لەسەر بروای خۆی مایەوە چەندیان چونە ئەو بەرەیەی بەڕێزت بەبەرەی ناسیۆنالست ناوت بردن؟
قەرەداغی : بۆ ئەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی کۆمەڵە وردتر بخەمەڕوو ، پێویستە ئاماژە بە ” قۆناغ ” ەکانی تەواوبوونی بیرۆکەی رێکخراوەکە بکەم ، چونکە جیاوازییەک لەنێوان ئامانجی ئەڵقە دیراسییەکانی پێش بەیاننامەی ئادارو دوای بەیاننامەکە هەبوو . بیرۆکەی حزبێکی شێوە نوێی کۆمۆنیستی ، وەک تیۆری ، لەلایەن ئێمەی چەپەکانی نێو پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی)سەلمێنرابوو ، هەموو باوەڕمان بە پێداویستیی ئەو حزبە هەبوو ، بۆیە خۆشخەیاڵ بووین بەوەی دەتوانین گۆڕانکارییەک بەو ئیتیجاهە لە حزبەکەماندا بکەین . لە ئاستی پڕاکتیکدا سەرکەوتوو نەبووین؛ ئەگەرچی بەرپرسیارێتیمان لە بەشێکی بەرچاوی رێکخستنەکاندا هەبوو، بە تایبەتی لە سلێمانی ، بەڵام پشتگیریینەکردنمان لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە ، گرفتی چوونەپێشەوەی ئەو پڕۆژەیە بوو . کاتێک بەیاننامەی ١١ ی ئادار دەرچوو، کادیرە پێشکەوتووەکانی حزب لە سلێمانییەوە چوونە بەغدا، لەوێ بواری سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ئەڵقەکان رەخساو ، هاوڕێیانیدیکەش لە کوردستان ئەڵقە ئەڵقە پێکهاتنەوەو درێژەیان بە خۆڕۆشنبیرکردنی فیکری و سیاسیی دا . لەهەلومەرجی ئەو کاتەی کاری حزبی و ئەگەری یەکگرتنەوە لەگەڵ پارتی ( باڵی بارزانی ) ، بیرۆکەی حزبی پێشڕەوی مارکسی لێنینی پەرەیسەند و هەمووان بەجیاوازی هەندێک بیروبۆچوونەوە ، لەسەر ئەمە کۆکبوون . سەبارەت بەوەی دامەزرێنەرو پێکهێنەری کۆمەڵە کێ و کێ بوون ، من هەموو ئەو گەنجانەی بەر لەبەیاننامەی ئادار کاریان بۆ کردووەو، هەموو ئەوانەی لە ئەڵقەو گرووپی جیاجیادا خەباتیان بۆ بەدیهێنانی ئەو رێکخراوە کردووە ، بە دامەزرێنەرانی رێکخراوەکە دەزانم ، نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەو هاوڕێیانەی سەرەتا نەهاتنە پێشەوەو دواتر ( دوای دەرچوونی ئێمە ) چوونە ریزەکانی کۆمەڵەوە لە قۆناغی دووەمدا ، بە بەشداربووانی پڕۆسەی پێکهێنان و دامەزراندنی کۆمەڵە دەزانم . لێرەدا پێویستە دەربارەی ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵە لە ساڵی یەکەمی کارکردنیدا ، راستییەک هەیە بیخەمەڕوو : ئەوەی راستی بێت ناتوانرێت بە وردی ژمارەکە دەستنیشان بکرێت ، چونکە لەسایەی ئەو بارودۆخە سیاسییەدا رێکخستنەکانمان بە شێوەی ( ئاسۆیی ) بوو ، هیچ هێڵیک بە وردی و تەواوی ئەندامانی هێڵەکانیدیکەیان نەدەناسی ، بەڵام بە مەزەندە ژمارەی ئەندامان لەنێوان ٣٠ تا ٣٥ دا بوو . کە جیابووینەوە ئێمە تەنها ١٤ کەس بووین و زۆربە ” کوردستانی ” بوون .
پرسیار: گوتت بیرۆکەی حزبێکی شێوە نوێی کۆمۆنیستی ، وەک تیۆری ، لەلایەن ئێمەی چەپەکانی نێو پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی )سەلمێنرابوو، بەڵام مەکتەبی سیاسی پشتگیری ئیوەی نەکرد؟ هۆکاری ئەم پشتگیری نەکردنە چی بوو ؟ دوای ئەو هەموو ساڵەو خوێندنەوەت بۆ رووداوەکان، پێت وایە هۆکارەکان چی بوون ؟
قەرەداغی : پارتی دیموکراتی کوردستان پێشینەیەکی لەگەڵ مارکسیزم لێنینیزم هەبوو، بۆیە بوونی فیکری چەپ بۆ حزب نامۆ نەبوو . ئەو سەردەمە ناکۆکی و ململانێی فیکریی و سیاسی لە نێوان سۆڤیەت و چین کاریگەریی لەسەر هەمو حزب و بزووتنەوە رزگاریخوازییەکانی جیهان هەبوو ، ئەو ناکۆکییە رەنگدانەوەی لە حزبەکەی ئێمەشدا هەبوو ، خوێندنەوەی جیاجیا هەبوو ، بۆیە بوونی دووجۆر بیرکردنەوەی جیاواز لەریزەکانی حزبدا ئاسایی بوو ، لەڕاستیشدا ئەو ناکۆکییە بڕیاردەری سیاسەتەکان نەبوو ، پەیوەندی هەمووان دۆستانە بوو ، هەمووان لەسەر یەکێتیی حزب و سەرکەوتنی کۆکبوون ، دەستەویەخەی یەکتری رانەوەستابووین ، بەڵام ئەم هاوکێشەیە دوای ماوەیەک لە دەرچوونی بەیاننامەی ئادار وەک خۆی نەمایەوەو ، ئەو ئیتیجاهە چەپە کاری جیددی بۆ پێکهێنانی رێکخستنێکی نوێ کردو ، بە مەبەستی رێخۆشکردن لەبەردەم ئەو رێکخستنە نوێیەدا ( کۆمەڵە ) ، لە کۆنگرەی یەکخستنەوەی هەردوو باڵی پارتیدا دەنگمان بە هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەمان و پەیوەستبوونەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دا .
پرسیار: بەهۆی ئەوەی دواتر کۆمەڵە لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو باڵەکەشدا هەر بەردەوامی بە رێکخستنەکانی دا ، کەوایە دەکرێ بڵێین قاعیدەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ سەرکردایەتیەکەیان نەبوون؟ چونکە بەردەوام بوون لەکاری خۆیان؟
قەرەداغی : پێشتر ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵەم بەیانکرد . ئەوانەی دوای یەکگرتنەوەش درێژەیان بە کاری کۆمەڵە دا نوخبەیەکی چەپی ماویست بوون، بەڵام قاعیدەی حزب لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزب مانەوەو لە ریزەکانی پارتیدا ” ئیستیعاب ” کران و وەک ئەندامانیدیکەی پارتی رێکخران و کاریاندەکرد .
پرسیار:بەڕێزت دەڵێی قاعیدەی حزب لەگەڵ مەکتەبی سیاسی مانەوە، بەڵام ئەوانەش کۆن کۆمەڵە بوون دەڵێن زۆرینەی هێز و خەڵکی یەکێتی ئەو خەڵکەبوون کە کۆمەڵەبوون،ئەو قسەی بەڕێزت و ئەو قسەی ئەوان جیاواز نییە؟
قەرەداغی : ئێمەی کۆمەڵە تەنها نوخبەیەک رۆشنبیریی چەپ بووین، ناکرێت نوخبەیەک قاعیدەی حزبێک بێت، لەڕاستیشدا قاعیدە و زۆربەی سەرکردایەتی حزب ، بە ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵەو مامجەلال – یشەوە چووینەوە ناو رێکخستنەکانی پارتییەوەو کارمان تێدا کرد، هیچ جیاوازییەکیش لەنێوان قسەکەی من و ئەو هاوڕێیانەی کۆمەڵەدا نییە کە گوتویانە زۆرینەی هێزو خەڵکی یەکێتیی کۆمەڵەبوون، چونکە هەریەکەیان سەر بە کاتێکن، من باسی سەرەتای کارکردن لە ریزەکانی پارتیدا دەکەم لە ساڵی ١٩٧١ دا، کاتێک ( پارتی شۆڕشگێڕ ) بە سەرکردایەتی و قاعیدەوە ” ئیستیعاب ” کران، ئەو هاوڕێیانەش باسی سەردەمی دوای هەرەسی ساڵی ١٩٧٥ و دواتر دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و ئینجا هەڵگیرسانەوەی شۆڕش دەکەن لە ساڵی ١٩٧٦ دا ، کە زۆربەی خەڵک و جەماوەرە کۆنەکەی سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسی لەلایەن کۆمەڵەوە وەک باڵی بەهێزو چالاک و بەرچاوی نێو یەکێتیی نیشتمانی رابەرایەتیی دەکران .
پرسیار:لەکاتێکدا کە وڵاتێک هەبوو بەناوی عێراق، ئەوەی گرنگی پێ نەدەدرا مافی کورد بوو، بۆچی ئێوە ئەوەندە سور بوون لەسەر ئەو بروای کە کۆمەڵە پان عێراقی بێت، ئامادەبوون لەپێناویدا واز لەو رێکخراوە بهێنن کە خۆتان دروستتانکرد ؟
قەرەداغی : راستە عێراق وڵاتێک بوو تا سەر مۆخ فاشستی و شۆڤێنی بوو، بەرنامەی توانەوەو جینۆسایدی بۆ گەلی ستەمدیدەی کورد هەبوو. بەڵام کارکردن بۆ رووخاندنی ئەم سیستمەو بەدیهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس، هەر دەبوایە لەنێو ئەم عێراقەو بە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان گەلی سەردەستەو بندەستە بکرێت، تەنانەت ئەگەر پڕۆژەی سەربەخۆییشت پێبوایە، نەتدەتوانی لە هەلومەرجێکی وەک ساڵەکانی حەفتای سەدەی پێشوودا، عێراق نادیدە بگریت و بیخەیتە ئەودیو بازنەکەوە. ئێستاش دوای زێتر لە چل ساڵ لەو مێژووەی لێی دەدوێین هێشتا بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد بەرەوڕووی هەمان ئەو گرفتانە دەبێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەشدا کە بەسەر جیهان و بەسەر پرسی نەتەوەییماندا هاتووە. دەربارەی سووربوون لەسەر ئەوەی کۆمەڵە ” پان ” عێراقی بێت ، وەک بەڕێزتان ناویلێدەنێن ، دەمەوێت ئەو راستییەی ساڵانێک لە ئەندامانی کۆمەڵەو جەماوەریش دەشاردرانەوە بخەمەڕوو کە کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی کۆمۆنیستی نەک نەتەوەیی پێکهات، ئێمەی هەڵسووڕاوانی ئەو کاتەی کۆمەڵە کە بە ” عێراقچی ” ناسێنراین، خۆمان بە کۆمۆنیست دەزانی، لەبەر ئەوە مولتەزیم بووین بە پرنسیپەکانی رێکخستنی کۆمۆنیستی نەک نەتەوەیی،یەکێک لە پرنسیپەکانی رێکخستنێکی کۆمۆنیستی خۆبەستنەوەیە بە ئینتەرناسیۆنالیزمی پڕۆلیتاریاوە، لایەنی پڕاکتیکی بۆ ئەم پرنسیپە کارکردنە لە حزبێکی کۆمۆنیستیدا کە ئەم پرنسیپە لەبەرچاوبگرێت، جا ئەگەر ئەو حزبە لەوڵاتێکدابوو کە فرەنەتەوە بێت، واتە لەسایەی دەوڵەتێکدا دەژیان، کە یەک سیستمی سیاسی و ئابووریی ناوەندیی ( مەرکەزی ) بیانچەوسێنێتەوە ، ئەوا دەبێت یەک رێکخستنی کۆمۆنیستی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا هەبێت و ئەم پرنسیپە لەبەرچاوبگرێت. مەسەلەی ئینتەرناسیۆنالیزم لە بیرکردنەوەدا، لە هەڵوێستدا، لە هەڵسوکەوتدا، لە شێوازی رێکخستندا ، یەکێکە لە پرنسیپە بنەڕەتییەکانی مارکسیزم ، خەڵکی کۆمۆنیست بە هیچ پاساوێک بۆیان نییە دەستبەرداری ببن، بۆیە ئێمە لەسەر ئەوە سووربووین کە حزبی ئایندە دەبێت حزبێکی ئینتەرناسیۆنالیستیی عێراقی بێت، کە ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی و شۆڕشی سۆسیالیستی جێبەجێبکات، یەکیکیش لەو ئەرکانە دابینکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسە بۆ گەلی کورد بەو شێوەیەی خۆی بڕیاری لەسەردەدات، لەبەر ئەوە هەڵوێستەکەمان لەو کاتەدا، لەگەڵ پرنسیپە مارکسییەکاندا دەهاتەوەو ئامادەنەبووین مساوەمەی لەسەر بکەین ، ئێمە “عێراق” ی بووین بەو مانایە، نەک وەک ئەوەی نەیارەکانمان وەک کەسانێک وێنایانکردین کە دژی خواستی رزگاری کوردستان و بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بین ! ! .
پرسیار: ئەگەر بەس ئێوە بوون برواتان بە عێراقی بوون هەبوو وەک دەڵێی بەشێوەی دیموکراسی جیابونەوە، بۆچی دوای ئێوەش خەڵکانێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراو وەدەرنران لەسەر بروای عێراقیبوون؟
قەرەداغی : لەڕاستیدا من دەتوانم سەبارەت بە ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆمەڵە وەڵام بە هەموو پرسیارەکان بدەمەوە ، بەڵام ململانێ سیاسی و رێکخراوەییەکانی دوای دەرچوونی ئێمە لە کۆمەڵەدا، مەگەر وەک هەر هاوڵاتییەک یان وەک کەسێک کە خولیای بەدواداچوونی کەیسە سیاسییەکانە رایەکی لەسەربدەم ، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا وەڵام بەو پرسیارانە دەدەمەوە کە تەرخانی ماوەیەکە ئێمە لە کۆمەڵەدا نەمابووین . یەکێک لەو ناکۆکی و ململانێیانەی لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتای سەدەی رابردوودا لەنێو کۆمەڵەدا روویدا و بووە هۆی جیابوونەوەی سەدان کادیرو پێشمەرگەو دواتر رێکخراوی ( ئاڵای شٶڕش ) ی لێڕسکا، دیسان مەسەلەی چۆنایەتی حزبی پێشڕەو بوو، ئایا دەبێت حزبی پێشڕەو لە کوردستاندا عێراقی بێت یان کوردستانی . ئەوانەی وەدەرنران ، دیسان وەک ” عێراقچی ” ناوزەدکران . ” عێراقچی ” یەکانی ئەم دەورەیە جیاوازبوون لە ” عێراقچییەکانی ” ساڵی یەکەمی کۆمەڵە، ئەگەرچی بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە هەست و مەیلە نەتەوەییەکەی ئەندامانی کۆمەڵەو جەماوەریش ، راگەیاندنی کۆمەڵە وەک تەواوکەرو درێژبووەوەی ئیتیجاهە ” عێراقی ” یەکەی سەرەتای پێکهاتنی کۆمەڵەی ناساند . ناکۆکی و ململانێی ئەم دەورەیە لەسەر ئەوەبوو کە رێکخستن ( پارتی پێشڕەو ) دەبێت لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق بێت، یان لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، بەوانەی یەکەمیان دەگوت “عێراقچی ” و ئەوانیدیکەش ” کوردستانی ” . من بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم، کە هیچ پەیوەندییەکی فیکری و سیاسی لەنێوان ئەم مەیلەو رێبازی ” عێراق ” یانە بۆ پێکهێنانی حزب لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەدا نەبوو، تەنانەت جیاوازیش لە شێوازی مامەڵەکردنی کۆمەڵەدا لەو دوو دەورەیەداهەبوو، ئێمە خۆمان وازمانهێناو، بە شێوەیەکی دیموکراتی کێشەی نێوانمان لەگەڵ هاوڕێ ” کوردستانی “یەکان یەکلاییبووەوە، بەڵام لەم دەورەیەدا راوەدوونان و گرتن و پەرەوازەکردن، سیاسەتی کۆمەڵەبوو بەرامبەر سەرکردایەتی و ئەندامان و پێشمەرگە ” عێراقچی “یەکانی ( ئاڵای شۆڕش ) !!
پرسیار : ئێوەش چاوەڕێی وەها رۆژێک بوون، کە توش بەو راوەدونان و گرتنە ببنەوە بۆیە بە ئاسانی وازتان هێنا ؟
قەرەاغی : ئەو کاتەی ئێمە جیابووینەوە جۆرێکیتر لە مەترسی هەبوو ، مەترسییەکان لەدەرەوەی کۆمەڵەدا بوون ، بە تەحدید مەترسی حکومەتی بەعس و پارتی بوو لەسەرمان ، ئەو راوەدوونان و گرتنەی باسیدەکەم لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودابوو ، سەردەمی خەباتی چەکداریی شاخ بوو کە دە ساڵ زێتر دوای دامەزراندنی کۆمەڵە بوو .

پرسیار : تاكو ئێستا زۆر بە گرنگی باسی شێخ شەهابی شێخ نوری دەكرێت لە مێژووی كۆمەڵەدا، ئایا شێخ شەهاب چۆن كەسایەتیەك بوو؟ تواناو شارەزایی لە بواری رۆشنبیری و سیاسی و مێژووی كورددا بەو جۆرە بوو كە بتوانێت سكرتێری رێكخراوێكی وەكو كۆمەڵە بكات؟ * هەندێ پێیان وایە فەرەیدوون عەبدولقادر هەر لەسەرەتای درووستبوونی كۆمەڵەوە چالاك بووە، ئایا بۆچی نەیتوانیووە ئەو پێگەیە لەنێو كۆمەڵەدا بگرێت؟
قەرەداغی : شەهابی شێخ نوری تێکۆشەرێکی دێرینی بزووتنەوەی سیاسی بوو لە کوردستاندا ، کەسێکی ناسراو بوو ،لەسەر دەمەکانی خەباتی سیاسیی پێش کۆمەڵەدا هەمیشە چەپێکی مارکسی بووە ، رۆڵیکی سەرەکی و بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندنی کۆمەڵەدا . ئەو لەڕووی فیکری و سیاسییەوە ئاستێکی موتەوازیعی هەبوو ، بەڵام پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی فراوانی هەبوو ، هەڵسووڕاوێکی چستوچالاکی مەیدانیی بوو . ئەو بە تەمەن لە ئێمە گەورەتر بوو ، بەڵام حەماسەتی شۆڕشگێڕانەی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵە لە حەماسەتی ئێمەی هاوڕێیانی باڵاتر بوو .
شەهابی شێخ نوری ، ئەوەندەی بزانم ، بەفەرمی سکرتێری کۆمەڵە نەبووە بەڵام بە عەمەلی چەند ساڵێک ئەرکی سکرتێری بەجێهێناوە . لەکاتی زیندانیبوون و دادگاییکردن و لەسێدارەدانیشدا داستانێکی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوو . لە مێژووی کۆمەڵەدا تەنها دوو سکرتێر بەفەرمی هەبووە ، ئەوانیش مامجەلال و نەوشیروان مستەفا بوون .
پرسیار: رای جیاواز هەیە لەبارەی بەشداری کاک نەوشیروان لەدروستکردنی کۆمەڵەدا، رایەک وایە کە بەشداری دروستبونی کۆمەڵەیە، رایەک وایە نەخێر ئەو لەو کەسانە نەبووە کۆمەڵەیان دروستکرد، نەخشی کاک نەوشیروان لەو تەنزیمەدا چی بووە؟ ئەگەر نەبووە بۆ دواتر بووە بریاردەری کۆمەڵە بەشێوەیەک توانای حەلکردنی هەبێ؟
قەرەداغی : نەوشیروان مستەفا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی کوردستان نەبوو . ساڵەکانی سەرەتای کارکردنی کۆمەڵە، ئەندامی کۆمەڵە نەبوو، هەتا شەهیدبوونی ئارامیش هیچ بەرپرسیارێتییەکیشی لەنێو کۆمەڵەدا نەبووە ، بەڵام نابێت رۆڵی ئەو لەزەمینەخۆشکردن بۆ پێکهێنانی رێکخستنێکی وەک کۆمەڵە فەرامۆش بکەین، نەوشیروان مستەفا وەک فیکری ئەوکاتەی و وەک هەڵوێستی لە سیاسەتەکانی پارتی(باڵی مەکتەبی سیاسی ) ، وەک خاوەنی گۆڤاری ( رزگاری ) و دۆست و رابەرێکی چەپەکانی نێو ئەو باڵەی پارتی ، بەتایبەتی لە سلێمانی ، رۆڵێکی کاریگەرو بەرچاوی هەبووە ، ئەمە جگە لەوەی دوای دامەزراندنی کۆمەڵە و ، چوونی بۆ دەرەوەی عێراق هاوڕێیانی گرووپەکەی راسپارد کە کار لە کۆمەڵەدا بکەن ، بۆیە ئەگەر باس لە دەستپێشخەرانی بیرۆکەی دامەزراندنی رێکخستنێکی شێوە نوێی لێنینی بکرێت، دەبێت خەتی راست و چەپ بەسەر ئەم رۆڵەی ئەودا نەهێنرێت ، سەبارەت بەوەش چۆن بووە سکرتێری کۆمەڵەو هیچ بەربەستێکی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی نەکرد، لە نزیکەوە ئاگادارنیم ، بەڵام ئەندامانی دێرینی کۆمەڵەو ئاڵای شۆڕشیش دەڵێن : مامجەلال ئەوی بەسەر کۆمەڵەدا سەپاندووەو دواتر لە کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەدا شەرعییەتی رێکخراوەیی وەرگرتووە . هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەش سەبارەت بە بارودۆخی نوێی جیهان و کوردستان بووە، سەبارەت بەوەی ئەو هەلومەرجە ( گوایا ) خۆرزگارکردن لە رێکخراوێک کە مۆرکی چەپ و مارکسیبوونی پێوەبووەو ، فراوانکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بوونی بە حزبێکی جەماوەریی فراوانی بێ رکابەرییەکی ناوخۆیی، بۆ ئەو قۆناخە زەروورەت بووە .
پرسیار: رۆڵی شەهید ئارام چی بوو، ئایا ئەو دروستکەرو دامەزرێنەر بوو؟
قەرەداغی : ئارام بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵە هەڵسووڕاوێکی چالاکی ریزەکانی پارتی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) بوو. ئەو ئەندامی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بوو، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەوە کاری لە ریزەکانیدا کرد و کەسێکی دیاری رێکخستنی کۆمەڵە بوو لە بەغدا، ئەو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر نەبوو، بەڵام هەروەکو هاوڕێکانی لەنێو یەکێتیی قوتابیان و خوێندکارانی کورد لە زانکۆی بەغدا، بەشداریی هەڵمەتی خۆڕۆشنبیرکردن و پەیوەندی و بانگاشەکردنی بۆ رێکخستنێکی مارکسی لێنینی کرد. ئارام ماوەیەک لەگەڵ مامۆستا حیلمی عەلی شەریف نامیلکەو کتێبەکانی سەرۆکی ئەو کاتەی باکووری کۆریا ( کیم ئیل سۆنگ ) یان وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی و سەفارەتی کۆماری باکووری کۆریا خەرجی لەچاپدانیانی گرتبووە ئەستۆی خۆی. لە ( هەفتەنامەی هاوکاری ) یشدا بەرپرسی لاپەڕەی دوو بوو . ئەم لاپەڕەیە تایبەت بوو بەکاروباری سیاسەت لەو رۆژەی عێراق و ناوچەکەو جیهاندا. ئارام بێ ئەوەی فەرمانێکی لە کۆمەڵەوە پێبکرێت، بە دەستپێشخەریی خۆی لاپەڕەکەی بە ئیتیجاهی فیکرو سیاسەتی کۆمەڵەدا ئاڕاستەدەکرد. ئەو نووسینانەی لەو لاپەڕەیەدا بڵاو دەبوونەوە، جگە لە گۆشەکانی خۆی، زۆربەی نووسینی ئەندامانی کۆمەڵە بوون. لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٩٧١ دا (بەروارەکەیم لەبیرنەماوە ) لەکاتی سەردانێکی مامجەلال بۆ بەغدا ( ئەو کاتە مامجەلال لە چۆمان دادەنیشت ) بیرۆکەی سەرخستنی ئەندامێکی خاوەن ئاستێکی باشی فیکری و سیاسی و چالاک بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی لەلایەن مامجەلالەوە پێشنیازکرا، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر دوو ناو گفتوگۆمانکرد، ئەوانیش ئارام و فەهمی قەرەداخی بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵە پەرەیسەندبوو، بڕیاری راپرسی دراو، یەکلاییکردنەوەی سەرخستنی یەکێک لەو دوانە خرایە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی سەرکردایەتییەوە. من نازانم دوای دەرچوونی ئێمە لە کۆمەڵە، ئارام چی بەسەرهات و لە چ پۆستێکی حزبیدا کاریکردووە، تا ئەو کاتەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی پێشمەرگە لە شارباژێڕو قەرەداغ دروستبوون. ئەو کاتە من بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە کەوتبووم، بوارێکم نەبوو بۆ بینینی ئارام، بەڵام دواتر بەهۆی ئەورەحمانی حاجی مەلا صدیقی قەرەداخی، ناسراو بە (گۆران قەرەداخی ) هەواڵیم دەزانی . ئەو هاوڕێیە فەرمانی گرتنی دەرچوو، بۆیە دوای ماوەیەک خۆشاردنەوە لە شاردا، بەمەفرەزەکەی شەهید ئارامەوە پەیوەست بوو بەبێ ئەوەی کۆمەڵە بێت. ئارام چەند جار داوای لە گۆران کردبوو، بگەڕێینەوە نێو ریزەکانی کۆمەڵە بە بیروباوەڕی خۆمانەوە، واتە بە فیکری ” عێراقچێتی “یەوە . ئارام مرۆڤێکی سیاسی هوشیاربوو ، بۆیە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە جیاوازیی فیکریی لەگەڵیاندا هەبوو زۆر کراوە بوو ، لەسەردەمێکدا بە دەگمەن ئەندامێکی کۆمەڵەت دەدیت رای جیاوازو بەرامبەر قبووڵ بکات . هەر لەو کاتە یان پێشتر دوای هەڵمەتی راوەدوونان و گرتنی ئەندامانی کۆمەڵەو چوونی ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە بۆ ئێران، دەمانبیست کە ئارام جڵەوی سەرکردایەتی کۆمەڵەی گرتۆتەدەست و خەریکی رێکخستنەوەی ریزەکانی کۆمەڵەیە و ئەو مەسئولییەتە گرنگ و مەترسیدارەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە، بەڵام چۆن و وردەکاریی چالاکییەکانی بۆ ئەو مەبەستە چیی بووە، ئاگادار نەبووم . ئارام تا ئەوکاتەی گیانیبەختکرد وەک تێکۆشەرێکی مارکسی لێنینی مایەوەو مولتەزیم بوو بەو رێبازەوە، بەڵام دەربارەی بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ هەندێک گۆڕان بەسەر فیکریدا هاتبوو، ئیتر نازانم گۆڕانی جیددی بوو یان پاشەکشەیەک بوو بۆ پێداویستی بەرەوپێشەوەبردنی بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکەی ئەو سەردەمە ئاڵۆزو جەنجاڵەی جیهان و ناوچەکە .
پرسیار: مەلا بەختیار لەکوێی چالاکییەکانی کۆمەڵەدا بوو، ئەو تاچەند بروای بە عێراقی بوون هەبوو، کە دواتر لەسەر هەمان بروا خۆی و هاوڕێکانی توشی گرفت بوون؟
قەرەداغی : دەربارەی ساڵی یەکەمی کۆمەڵەو ، ئایا لە خانەقین رێکخستنمان هەبووە یان نە، هیچ زانیارییەکم نییە ،هاوڕی ( نەریمان ) ، کە تا ئێستاش بە شەخسی نایناسم ، تەنها ناوێک بوو کە چەند جارێک، لە زاری هاوڕێیانەوە، وەک هاوڕێیەکی خانەقینی ئەندامی کۆمەڵە ناویدەهێنرا، بۆیە چ ئەو کاتەو چ چەند ساڵێکیش دوای وازهێنانم لەکۆمەڵە، نە مەلا بەختیارو نە هاوڕێیانی کۆمەڵەم، بە ناویش، لەو شارەدا نەدەناسی . بۆ یەکەم جار لەسەروبەندی ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵەو دەنگوباسی سەرهەڵدانی هێڵێکی “عێراقچی ” ناوی مەلا بەختیارم بیست، دواتریش کە ململانێکان توندبوونەوەو بە گرتنی ( مەلا بەختیار و پشکۆ نەجمەدین و شێخ عەلی ) و راوەدوونانی هاوڕێکانیان گەیشت، جۆرێک هاوسۆزی فیکریم بەرامبەر ئەو هاوڕێیانە لەلا دروست بوو . من تەنها ( مەحمود کەشکۆڵ ) ناسراو بە شێخ عەلی – م دەناسی، ناسینەکەشم دەگەڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٦٩ و سەرەتای ١٩٧٠ کە لێپرسراوی لیژنەی ناوچەی قەرەداغی سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسی بووم و شێخ عەلی – ش ئەندامی ئەو لیژنەیەو لێپرسراوی رێکخراوی تانجەرۆ بوو لە عەربەت . لەڕاستیدا بەوردی ناکۆکییەکانی نێوان کۆمەڵەو ( ئاڵای شۆڕش )م نەدەزانی ، بەڵام بەهۆی هێرشی ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەوە بۆ سەر شەخسی مەلا بەختیارو تۆمەتبارکردنی بەوەی ” عێراقچی ” یەو دەستی لەگەڵ رژێم تێکەڵکردووە ، دەمزانی بەو شێوەیە نییە، چونکە ئێمەی ” عێراقچی” یەکانی ساڵی یەکەمی کۆمەڵە ئەزموونێکمان لە شێوازی ئاڕاستەکردنی ململانێی دژ بەو ئیتیجاهە لە کۆمەڵەدا هەبوو، ئەم هاوسۆزی و لایەندارییەم بۆ ئاڵای شۆڕش بەردەوام بوو بەبێ ئەوەی پەیوەندیم بە ئاڵای شۆڕشەوە هەبێت، بۆیە لەگەڵ راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا ، یەکەم رێکخراوی چەپ کە ویستم بیانناسم و پەیوەندییان پێوەبکەم ( ئاڵای شۆڕش ) بوو، بەتایبەتیش شەخسی مەلا بەختیارم مەبەست بوو. لەکاتی بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە شەقڵاوە ( ساڵی ١٩٩١ ) کە ناوی ( کۆنگرەی راپەڕین ) یان لێنا ، لەگەڵ مامۆستا بەهادین نوری سەردانی بارەگای ئاڵای شۆڕشمان لە شەقڵاوە کرد بۆ بینینی، بەڵام لەوێ نەبوو، دواتر لە سلێمانی کۆڕێکی گرت، لە کۆڕەکەیدا ئامادەبووم بەڵام نەمتوانی بیگەمێ . هەر لەو سەردانەیدا بۆ سلێمانی، بەهۆی چیرۆکنووس ( حەمە فەریق حەسەن ) مەوعیدی بینینیم لێوەرگرت، ئێوارەی رۆژی دوای کۆڕەکە لەماڵی ئاوەڵزاوایەکی لە سەرچنار بۆ یەکەم جار چاومان بەیەکتری کەوت، گفتوگۆمان لەسەر زۆر مەسەلەی ئەو رۆژانەکرد، نزیکییەک لە بیروبۆچوونەکانماندا هەبوو، بۆیە دوای ئەو دانیشتنە پەیوەندیمان بەردەوام بوو، ئێستاش ئەگەرچی جیاوازی فیکریمان هەیەو خاڵی یەکگرتوومان ئێجگار کەمە، بەڵام هەردووکمان یەکتری بە دۆست و هاوڕێی شەخسی دەزانین. کەواتە ناسینی مەلا بەختیار بەشەخسی بۆ دوای راپەڕین دەگەڕێتەوەو لە نزیکەوە ئاگاداری ململانێکانی نیم، ئەوەی دەیزانم هەروەکو خەڵکیتر، سەرچاوەکەی خوێندنەوەی نووسینەکانی و بیرەوەری هاوڕێیانی کۆمەڵەو ئاڵای شۆڕشن، کەلەم ساڵانەی دواییدا چاپ و پەخشکراون .
پرسیار: لەگەڵ مەلا بەختیار باسی ئەو رۆژانەت کردووە، بەدڵنیایی دەبێت باسی بیروڕاجیاوازەکانی ئەوان هاوڕێیانی تری کۆمەڵەتان کردووە، کە ئەنجام دەستگیرکردنی مەلابەختیارو هاوڕێیانی بەدواداهات. چۆن باسی سەرهەڵدانی ئەو کێشەی بۆکردی، چی زۆر بەلای ئەوەوە سەخت بوبو لەوەی رویدا، روانینی خۆی بۆ ئەو کێشەیەی کە رویدا چی بوو؟
قەرەداغی : لەڕاستیدا بە وردی تەواوی قسەوباسەکانی ئەو دانیشتنەو یەکتربینینمان بۆ چەند جارێکیدیکە لەیاد نییە ، بۆیە پێمباشە دیمانەیەک لەگەڵ مەلا بەختیار خۆیدا بکەیت بۆ ئەوەی زانیارییەکان لە زاری خۆیەوە وەربگریت .
پرسیار: لە بابەتێكدا عەتا قەرەداخی پێی وایە دروستبوونی كۆمەڵە وەكو رێكخراوێك جیاوازییەكی ئاشكرای هەیە لەگەڵ حیزب و رێكخراوەكانی پێش خۆیدا كە ئەوان كەسێتی دیارو كاریزمی دایانمەزراندون و رابەرایەتیان كردوون بەڵام كۆمەڵە وەكو رێكخراوی نوخبەی رۆشنبیری سیاسی دامەزرێنراوەو ئەو بەسەرەتای قۆناغێكی نوێی لە ژیانی حیزبایەتی كوردیدا دادەنێت، ئایا بەڕێزتان لەوبارەوە چی دەڵێن؟
قەرەداغی : ئەو بابەتەی عەتا قەرەداخیم نەدیوە ، پێمخۆش بوو بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بیبینم بۆ ئەوەی رایەکەم دروست بێت . من پێموایە ئەو بۆچوونە پەیوەندی بە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەوە هەیە ، کە هەلومەرج و شێوازی پێکهاتن و چۆنایەتی هەڵسوڕاوەکان( نوخبەی رۆشنبیر ) و فیکری کۆمەڵە جیاوازبوو لەو حزب و رێکخراوانەی پێش کۆمەڵە هەبوون ، بەڵام ئەم جیاوازییە تەنها ماوەیەکی کورتی خایاند ، کۆمەڵە نەیتوانی ئەم تایبەتمەندییە بهێڵێتەوە ، چونکە بوونی دەسەڵاتی کاریزمی مامجەلال لە کۆمەڵەدا پێش دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەساڵی ١٩٧٥ داو ، وەرچەرخانی کۆمەڵە لە رێکخستنێکی مارکسی لێنینییەوە بۆ رێکخستنێکی نەتەوەیی ، ئەو جیاوازییانەی نەهێشت ، بەتایبەتی دوای خۆهەڵوەشاندنەوەو توانەوەی لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا .
پرسیار: باس لەوە دەكرێت كە بەڕێزتان لە سەرەتای هەشتاكاندا یەكێك بوون لە دامەزرێنەری رێكخراوی (كار) كە رێكخراوێكی ترۆتسكیزم بووە. ئایا لەو رێكخراوەدا چ رۆڵ و كاریگەرییەكتان هەبووە؟ ئایا ئەو رێكخراوە بۆچی نەیتوانی برەو بەخۆی بدات؟
قەرەداغی : من نە یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی ( کار ) و ، نە ئەندامی ئەو رێکخراوە بووم ، بەڵام پەیوەندی دۆستانەم پێیانەوە هەبوو ، دەمبینین و بڵاوکراوەکەیان ، کە ناوی ( کار ) بوو ، بەڕێکوپێکی بەدەستم دەگەیشت. ساڵی ١٩٨٤ کادیرە سەرەکییەکانی روویان لە هەندەران کرد ، ئیتر ئاگام لێیان نەماو وەک شەخس نەک رێکخستن دوور بەدوور هەواڵیانم دەزانی . بۆ ئاگاداریشتان ، ئەو رێکخراوە ترۆتسکیست نەبوو بەڵکو رێکخراوێکی مارکسی بوو دەیەویست لەسەر بنەما ئەسڵییەکانی مارکسیزم خۆی بینا بکات .
پرسیار: باس لەوە دەكرێت كە لە دوای راپەڕین مام جەلال هەوڵیداوە جارێكی تر بەڕێزتان كاری سیاسی لە ئاستی بەرزی یەكێتیدا بكەن، ئایا ئەوە راستە؟ ئەگەر راستە بۆچی ئەو داوایەتان قبوڵ نەكرد؟
قەرەداغی : دوای راپەڕین دوو جار ، جارێکیان ساڵی ١٩٩٢ و ئەویدییان ساڵی ١٩٩٣ بوومە میوانی مامجەلال لە قەڵاچوالان . ئەو کاتە زێتر لەبیست ساڵ بوو یەکتریمان نەدیبوو، ئەو منی بە ” تۆراو ” دەزانی بۆیە کەشوهەوایەکی دۆستانەی خۆشکرد و زۆر رێزی لێگرتم ، باسی ناکۆکییە کۆنەکانمان نەکرد ، لە چاوپێکەوتنی یەکەمدا لێکدانەوەو باری سەرنجی خۆی لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئەوکاتەی کوردستان و رژێمی عێراق و گۆڕانکارییەکانی جیهان بەیانکرد . جاری دووەم مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەوێ بوو ، دوای ماوەیەکیش یەکێکی موعارەزەی عێراقی کەناوی ( هاني الفکیکی ) بوو هات . دانیشتنەکە مان دوو کاتژمێرێکی خایاند ، بەڵام بە موجامەلەو باسی چەند بەسەرهاتێکی سیاسی کۆن بەسەرمانبرد . مەبەستی مامجەلال لە بینینم تەنها ئاشتکردنەوە و نزیکبوونەوەم بوو لە یەکێتیی نیشتمانییەوە نەک بانگهێشتکردنم بۆ چوونە ریزی یەکێتی یان کاری سیاسی لە ئۆرگانەکانی سەرەوەیدا .
پرسیار: لە بواری نووسیندا بەڕێزت لە دوو ئاستی دیاردا شوێن دەستتان دیارە یەكەمیان رەخنەی ئەدەبی و دووەمیان بواری پەروەردە. ئایا ئێستا لەو دوو بوارەدا تا چەندی بەردەوامن و چی نوێتان بە دەستەوەیە؟
قەرەداغی : دەمێ ساڵە وازم لە سۆراخکردنی ئەدەب و نووسینی رەخنەی ئەدەبی هێناوە ، ئەو سەردەمە ئەدەب بوارێکی گونجاوو رەخساوبوو بۆ بەیانکردنی ئەو بیروباوەڕەی کە کۆمەڵە وەک چرای رێگای خەباتی خۆی هەڵیگرتبوو ، بوارێک بوو بۆ ململانێی فیکری و سیاسی ، چونکە لەو هەلومەرجەدا نەدەکرا راستەوخۆ بە مارکسیزم لێنینیزم بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگەوە بچیتە نێو ئەو ململانێیەوە . دەربارەی پەروەردەش ، ئەگەرچی بەهۆی خانەنشین بوونمەوە ، ئێستا لێی دوورم ، بەڵام لەڕووی خوێندنەوەو سۆراخکردنییەوە بەردەوامم .
پرسیار: بەڕێزتان لە بنەماڵەیەكی بەرزی ئایینین و كوڕەزای شیخ عومەری ئیبن و قەرەداخین، هەر لە لاوێتیشەوە ئێوە بە ماركسیزمەوە خەریك بوون, چۆن ئەو بیروباوەرەت لەم ژینگە ئاینییە هەڵگرت؟
قەرەداغی : راستە من لەنێو بنەماڵەیەکی ئاینیدا گەورەبووم ، هێشتا منداڵ بووم باوکم فێری خوێندنەوەی قورئان و ( دلائل الخیرات ) و نوێژکردنی کردم . ئەو زۆر توندبوو لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکە ئاینییەکانم ، هەر کەمتەرخەمییەکم بە سزای دەگەیاندم . کاتێک چوومە ناوەندی و قۆناخی هەرزەکارییەوە ، ئیتر باس و خواسەکانی ئایین بۆ من جێگای پرسیاربوون ، پرسیارەکانیشم بێ وەڵام بوون ، ئا لێرەدا نائومێدبووم لە دەستکەوتنی زانیاری دروست ، بۆیە بەرە بەرە خۆم لە ئەرکە ئاینییەکان دزییەوە .
دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ و تێکەڵ بوونم بە کاری رێکخراوەیی و حزبی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، ئیتر خولیابوونی سیاسەت تەواوی هۆش و هەستمی داگیرکردبوو .
لەڕاستیدا من لەسەرەتای گەنجێتیدا مارکسی نەبووم بەڵکو کەسێکی ناسیۆنالیست بووم ، دەوروبەرەکەم ناسیۆنالیست بوون ، بۆیە منیش بەدەم ئەو شەپۆلەوە رۆیشتم ، بەڵام هەر زوو بەهۆی خوێندنەوەوە ، دواتر لەڕێی بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی کۆنگرەی چوارەمی پارتی کە یەکێک لەبڕگەکانی ئەوەبوو : پارتی بۆ لێکدانەوەو سیاسەتەکانی سوود لە فیکری مارکسیزم لێنینیزم وەردەگرێت ، فیکری مارکسی سەرنجی راکێشام بەتایبەتی مەسەلەی یەکسانی و نەمانی هەژاری . ئێمە بۆ خۆمان خێزانێکی هەژاربووین ، باوکم دەستی کورت بوو ، بۆیە بەبێ ئەوەی سەرەتا باوکم پێیخۆش بێت ، هاوینان کرێکاریم دەکرد ، دوای دوو هاوین کرێکاری ، ئیتر هاوینەکانیدی باوکم لەڕێی خزم و دۆستانیەوە لە ئیدارەی محەلی و ئیسڵاحی زراعی بە چاودێر یان کرێکاری ( کرێی رۆژانە ) دایدەمەزراندم . رەنگە ئەم بارودۆخە خێزانییە هۆکارێک بووبێت ، رەنگە کاریگەریی خوێندنەوەشی تێدا بێت ، بێ هیچ گومانێک کارکردنی سیاسیشم لەگەڵ کەسانێکی حزبی کە چەپ بوون ، رۆڵی هەبووە لە قبووڵکردنی مارکسیزم وەک بیروباوەڕ ، بۆیە مارکسیزمم لە ژینگە ئاینییەکە وەرنەگرتووەو ، مەرج نییە کەسایەتی مرۆڤیش کۆپیی کەسایەتیی باوکی یان باپیری یان هەر ئەندامێکیدیکەی بنەماڵەکەی بێت .
لەگەڵ ئەوەشدا کە رێبازی فیکری و ئاڕاستەی ژیانی من و باپیرم زۆر جیاوازە ، بەڵام خۆشەویستی و پەیوەندییەکی رۆحی بەوەوەم گرێدەدات ، هەر لە منداڵییەوە موعجیبی کەسایەتی ئەوم ، هەمیشە ویستومە رەفتارو رەوشتی کۆمەڵایەتیم بچێتەوە سەر ئەو ، هەر بۆیە نامیلکەیەکم لەسەر ژیاننامەی باپیرم نووسیوە ، هەوڵدەدەم دوای چاوپێداخشاندنەوەو پڕکردنەوەی بە هەندێ زانیاری پێویست چاپی بکەم .
پرسیار: چۆنە هیچ نووسینێكی ئێوە بەرامبەر بەئایین یان دژی ئایین نەبینراوە. ئەمە لەژێر كاریگەری بنەماڵەكەتە, یان چی؟
قەرەداغی : من تەمەنێکە هیچ کاریگەرێتییەکی بنەماڵەکەمان لەسەر بیروباوەڕو لێکدانەوەی فیکریم نییەو ، سەربەخۆم لە بیرکردنەوەدا . فیکری من بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەمناسن رۆشنە و دەزانن سەر بە قوتابخانەی مارکسیزمم .من رێز لە فیکرو جیهانبینی و ئیختیاری سیاسی و ئاینی کەسوکارو ئەندامانی بنەماڵەکەمان دەگرم ، ئەوانیش بەهەمان شێوە ، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان بیروباوەڕو جیهانبینی منیشی پێخۆش نەبێت و بەو هۆیەوە چارەی نەوێم ، بەڵام بەرەوڕوو هەر رێزم لێدەنێن .
ئەوەی کە وتارو لێکۆڵینەوەی تایبەتیم نییە ، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لەم بوارەدا پسپۆڕ نیم و رەنگە نەتوانم وەک کەسێکی پسپۆڕ قەڵەمەکەمی پێوە خەریک بکەم . لەسەرێکیدیکەوە سەنگەرگرتنی ئاتەیستانە ( ئیلحادیانە ) لە ئاین و خەڵکی ئاینپەروەر بە ئەرکی سەرەکی خۆم نازانم ، مارکس ئەگەرچی رەخنەگرتن لە ئاین بە بنەمای هەمو جۆرە رەخنەیەکیتر دەزانێت ، بەڵام روانگەی ئاتەیستی و بەربەرەکانی راستەوخۆی ئاینی نەکردۆتە بەرنامەی حزب و رێکخراوە کرێکاری و کۆمۆنیستییەکان . مارکس بەپشبەستن بە ماتەریالیزمی دیالێکتیکی و مێژوویی ، بوونی کۆمەڵایەتی بە بنەمای هوشیاری کۆمەڵایەتی دەزانێت ، بۆیە بەرنامەی ئەو بەرنامەیەکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە . ئامانجی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتی و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتەیە ، نەهێشتنی چەوساندنەوەی مرۆڤە لەلایەن مرۆڤەوە. خەباتکردن بۆ ئەو ئامانجانە ، کە بە پلەی یەکەم ئامانجی چینی کرێکارە بۆ ئازادکردنی بەشەرییەت لە چەوساندنەوەو نامۆبوون لە خودی مرۆڤانەی ، پێویستی بەخەباتی تێکڕای ئەم چینەو چینە نەدارو چەوساوەکانی کۆمەڵگا هەیە ، جا ئایندار بن یان بێ ئاین و ئاتەیست بن . دیارە ئەمە بەو واتایە نییە کە کەسێکی مارکسی موساوەمە لەسەر بیروباوەڕی خۆی بکات و ململانێی فیکریی فەرامۆش بکات ، یان حزبی کۆمۆنیست رۆشنبیرکردنی ئەندامەکانی بە تێگەیشتن لە بنەماکانی ئاین نەخاتە نێو بەرنامە رۆشنبیرییەکانییەوە. من لەو روانگەیەوە دوو هەڵوێست بەڕاست نازانم :
١ ) ئەوەی بۆ رازیکردنی دیندارەکان رووپامایی رەوتە ئایینییەکان بکەیت ، بۆ نموونە : لەشوێنێکدا کۆمەڵیکی بەرچاو خەڵکی ئاینداری لێبوو وەک ئەوان نوێژ بکەیت ، یان ژنێکی کۆمۆنیست بیت و پێڕەوی حیجاب بکەیت یان بەشداری هەندێ طقوس بکەیت وەک ئەوەی حزبی شیوعی عێراقی لە رۆژانی عاشوورادا مەوکیبی حسێنییان رێکدەخست …هتد .
٢ ) دووەمیشیان وەرگرتنی هەڵوێستێکی ئێجگار توندو رەقە بەرامبەر جەماوەرێکی ئایندار کە رزگاری خۆیان لە نەهامەتییەکانی ژیانیان ، لەبەهەشتێکدا دەبینن کە دوای مردن پێی شاد بن ، بەکارهێنانی جنێودان بە هێما ئاینییەکان ، گاڵتەکردن بەخەڵکی ئایندار ، سووکایەتیکردن بە خەونەکانیان ، جگە لە کاریگەرێتییەکی سەلبی و ئاوکردن بە ئاشی رەوتە ئاینییەکاندا هیچیدیکەی لێ بەرهەمنایەت . ئاین عەقیدەیە ، عەقیدەش بەو شێوازانە و شێوازی فشارو سەرکوتکردن بەهێزتر دەبێت ، بۆیە هەڵوێستی خەڵکی مارکسی و حزب و رێکخراوە کۆمۆنیستییەکان دەبێت ملکەچی بارودۆخ و هاوکێشە چینایەتییەکان و پێداویستییەکانی بردنەپێشەوەی ململانێ چینایەتییەکان بێت و ، لەسەر بنەمای شرۆڤەکردنێکی وردی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ، بەرنامەی هوشیاریی دابڕێژن شانبەشانی بەرنامە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانیان .
پرسیار: ئەو سەردەمە زۆربەی حزبەکان لەسەر بنەمای مارکسیزم دا دەمەزران، بروای چەپ، ئەمە مۆدیل و چاولێکەری بوو ؟ یان هەر بەراستی تێگەشتن بۆ بڕوای چەپ هەبوو ؟. ئەگەر ئەو تێگەشتنە هەبوو، بۆچی هەتا ئەمرۆش بروای چەپ جەماوەردار نییە ؟
قەرەداغی : رەنگە باسکردنی مێژووی بزاڤی چەپ لەسەر ئاستی جیهان و عێراق و کوردستان پانتاییەکی زێتری لەم دیمانەیە بوێت و ، نەکرێت بە تێروتەسەلی دەربارەی بدوێین، بۆیە نمایشێکی چری پێویست لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەخەینەڕوو . بزاڤێک کە بە چەپ لەجیهاندا ناودەبرێت، بۆ دوو سەدە لەمەوپێش دەگەڕێتەوە ، بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە گەشەکردنی کۆمەڵگای سەرمایەداریی دوای شۆڕشی بۆرژوازی فەرەنسا لەساڵی ١٧٨٩ دا ، جەمسەربەندییەکی چینایەتی هێنایە کایەوە ، کە دوو لایەنی سەرەکی ( سەرمایەداران و کرێکاران ) یان ( سەرمایەو کار ) ی لەبەرامبەر یەکتریدا راگرت . ململانێی ئەم دوو جەمسەرە بووە تەوەرەی ململانێی چینایەتی وڵاتانی پیشەسازیبووی پێشکەوتووی ئەو مێژووە . مارکس و ئەنگڵز لە ( مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست ) دا ئاماژەیان بەو تایبەتمەندییە جیهانییەی ململانێی کارو سەرمایە کردووە . واتە لەبنەڕەتدا بزاڤی چەپ بەگشتی و بزاڤێک کە مارکسیزم تیۆری و ئاڵای بوو ، بابەتیانە ( موضوعی ) بووەو دوورونزیک پەیوەندی بە کارێکی باوو چاولێکەرییەوە نەبووە . لەو وڵاتانەدا پرسی شۆڕشی سۆسیالیستی ، پرسی هەنووکەیی و زەروورەتی گۆڕانکاریی بووە لەو مێژووەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایانەدا . لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری و ، بەرە بەرە وەرچەرخانی بۆ سیستمێکی ئیمپریالیستیی جیهانیی و ، فراوانبوونەوەی داگیرکاری و هەیمەنەی سیاسی و ئابووری و سەربازیی دەوڵەتانی سەرمایە بەسەر ئەو جیهانەی لەقۆناخی بەر لە سەرمایەداری و تەنانەت پێش دەرەبەگیدا دەژیان ، بزاڤێکیتر دژ بەو داگیرکارییەو لەپێناوی رزگاریی سیاسی و ئابووریدا سەریهەڵدا، کە لەڕووی بابەتییەوە بووە بەشێک لە بزووتنەوەی پرۆلیتاریای جیهانیی لە دژی سیستمی سەرمایەداریی، واتە لە بەرەی چەپی جیهانیدا جێوڕێی خۆی گرت. کەواتە ئەم بزاڤەش بە شێوەیەکی بابەتی ( موضوعی ) سەریهەڵدا ، نە سیمای مۆدێل و نە مۆرکی چاولێکەریی پێوە دیاربوو . ئەم دوو بزووتنەوەیە لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەمدا پتر گەشەیانکردوو بە بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر زەمینەیەکی لەبارتریان بۆ جۆشسەندن و دەستەویەخەبوونی سیستمی ئیمپریالیستیی جیهانیی رەخساند . دەسەڵاتی رسکاو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرو ، تەنانەت دەسەڵاتی سەردەمی ستالینیش ، رۆڵی گرنگیان لە توندوتیژکردنەوەی ئەو دوو ململانێیەو پشتگیریی بزاڤە چەپەکەدا هەبوو، لەبەر ئەوە دەتوانین تەواوی جیهان، تا سەرهەڵدانی ریڤیژنیزمی خرۆچۆڤی، بە واتایەک ، بە جیهانی ململانێی بەرەی چەپی پرۆلیتاریاو گەلانی ستەمدیدە و ژێردەست و بەرەی راستڕەوی سەرمایەداریی و ئیمپریالیستی ناوببەین . بزاڤی چەپ واقعێک بوو، ململانێ جیهانییەکەی نێوان کارو سەرمایە لەلایەک و ، ململانێی وڵاتانی کۆلۆنی و نیمچەکۆلۆنی لەگەڵ وڵاتە ئیمپریالیستییەکان لەلایەکیدیکەوە، لەخۆیدەگرت . ئەم واقیعەی ململانێ تاسەردەمی هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت و دەوڵەتەکانی بلۆکی رۆژهەڵات درێژەی کێشا ، ئەگەرچی بەهۆی کەرتبوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانیی و ئەو ململانێیانەی بەو هۆیەوە دروستبوون چەمکی چەپ گۆڕانی بەسەرداهات و لێکدانەوەی جیاجیا بۆ ئەو چەمکە هاتەئاراوە . لەبەر تیشکی ئەو واقیعەدا، حزبەکانی ئەو سەردەمە ، ئەو حزبانەی بەڕاستی بۆ بەدیهێنانی ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتی و شۆڕشی سۆسیالیستی خەباتیان دەکرد، پەیڕەوی مارکسیزم و بنەماکانی رێکخستنێکی لێنینیان دەکرد، هەڵبەت دەبێت ئەو راستییەش بڵێین کە بەشێکی ئێجگار بەرچاوی حزبە شیوعییە تەقلیدییەکان و ، ئەو حزب و رێکخراوە نەتەوەییانەی لەگەڵ شەپۆلی فیکری مارکسیدا مەلەیاندەکردو بەم رادە یان ئەو رادە ئیلتیزامی خۆیان بە مارکسیزم یان مارکسیزم لێنییزم یان ماویزم و ترۆتسکیزمەوە رادەگەیاند، لەگەڵ هەرەسدا گەڕانەوە بۆ شوێنە چینایەتییەکەی خۆیان و لە فیکرو هەڵوێستی پێشوویان پاشگەزبوونەوە، پشتیانکردە کۆمۆنیزم و بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە رەوتی ئیمپریالیزمی سەردەمی سەرمایەداریی جیهانگیرەوە پەیوەست بوون . پشتیانکردنە مارکسیزم لێنینیزم و خۆیان ، لەگەڵ ستراتیژی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان بەسەرکردایەتی ئەمریکا ڕێکخستەوە . رێکخراوو حزبە چەپەکانی کوردستان و عێراقیش لە کاریگەریی ئەو بارودۆخە جیهانییە بەدەرنەبوون و دەبێت وازهێنان و پاشگەزبوونەوەیان لە فیکرو هەڵوێستەکانی رابردوویان، لە چوارچێوەی ئەو واقیعەدا هەڵبسەنگێنین .
” بۆچی هەتا ئەمڕۆش بڕوای چەپ جەماوەردار نییە ؟ ” من نازانم ئەم ئەنجامگیرییە پشت بە چ ئامارێک یان لێکۆڵینەوەیەکی باوەڕپێکراو دەبەستێت !! ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تەنها دیوی دەرەوەی واقیعەکەیە . واقیعی ئەمڕۆی جیهان جەوهەرێکیدیکەی هەیە کە رێک بە پێچەوانەی ئەم ئەنجامگیرییەوەیە. واقیعێک کەپێمان دەڵێت : ئەو بزووتنەوە فراوانەی لەسایەی چەمکی چەپدا ریزبەندیی دەکرێت ، دوای نووچدانێکی کاتی، لە هەڵسانەوەو خۆرێکخستن و گوڕبەستنەوەیەکی نوێدایە و، بەرە بەرە لە رەوتی خۆیدا جەماوەری دەبێتەوە . ئەمڕۆ ئەم بزووتنەوە چەپە جیهانییە لەژێر فشارێکی لەڕادەبەدەری سیستمی ئیمپریالیستیی سەرمایەی جیهانگیردایە . ماشێنی جۆرنالیزمی جیهانی سەرمایە، واقیعی بزووتنەوەی چەپ و گەشەکردنی خەباتی ئەم چەپەی تاریکاندووەو رێگری لە ئاشکرابوون و پەخشبوونی چالاکییەکانی دەکات، دەزگا وابەستەکانیشی لەمپەڕەوە بۆ ئەوپەڕی جیهان ، بەپێی ئەم سیاسەتە ، راستییەکان لەگەلانی جیهان دەشارنەوە . هەر لە کوردستانی خۆماندا ( بۆ نموونە ) راگەیاندنی کوردی ( بەگشتی ) لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا ، وەک پاشکۆی جۆرنالیزمی جیهانی سەرمایەداریی ، واقیعی بزووتنەوەی چەپی جیهانیی لە جەماوەری خەڵکی کوردستان شاردۆتەوەو، ئەنجامگیریی لەو چەشنەی پرسیارەکەی ، بۆ ئاڕاستەکردنی رای گشتی بەگەڕخستووە . سەرەتای سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی چەپ ، دوای هەرەسی سۆڤیەت و دەوڵەتەکانی بلۆکی رۆژهەڵات دەستیپێکردو خۆی لە بزووتنەوەیەکی جیهانیی دژ بە جیهانگیریی ( گلۆبالیزەیشن ) رێکخست ، دوابەدوای ئەویش حزب و رێکخراوە چەپەکان ، بە جیاوازی قوتابخانەکانیانەوە ، خۆیان رێکخستەوەو ، قۆناخی هێرشی سەرمایەو بەیت و بالۆرەی مەرگی کۆمۆنیزمیان تێپەڕاند، هەر چاوگێڕانێک بەنێو لیستی ئەو حزب و رێکخراوانە لە عێراق و ناوچەکەو جیهاندا، بەڵگەی گەشەکردنی ئەو بزووتنەوەیە بەدەستەوەدەدات . لە ئاستی عێراقدا جگە لە حزبە شیوعییە کلاسیکییەکە ، چەندین حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی و خۆبەچەپزان خۆیان ئاشکرا کردووەو کاری سیاسی و رێکخراوەیی خۆیان دەکەن وەک ( حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، حزبی کۆمۆنیستی چەپی کرێکاریی عێراق، یەکێتیی کۆمۆنیستەکان ، رێکخراوی مارکسییە لێنینییە شۆڕشگێڕە عێراقییەکان، بزووتنەوەی ماویستەکانی عێراق ) ، پێشتریش لەچەند ساڵی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا بەدەیان رێکخراوی کۆمۆنیستی لە کوردستاندا کاریان دەکرد . لە وڵاتانی ناوچەکەشدا ، دیسان چەندین حزب و رێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست سەریانهەڵداو بەشێکیان هەتا ئێستاش کاردەکەن :لە سوریا چەند حزبی شیوعی هەیە ، بزووتنەوەی چەپی مارکسی هەیە، حزبی کاری کۆمۆنیستیی هەیە ، لوبنان و ئوردن و فەلەستینش دەیان رێکخراوو حزبی کۆمۆنیست و سۆسیالیست و چەپیان تێدایە، میسرو تونس و مەغریبیش بەهەمان شێوەو بەشێکیشیان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە راپەڕینەکانی ئەو وڵاتانەدا وەک سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان و حزبی شیوعی و حزبی شیوعی شۆڕشگێڕ و حزبی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستە ئازادیخوازەکان و …هتد لە میسرو ، حزبی کرێکارانی کۆمۆنیست و حزبی نیشتمانی دیموکراتی و حزبی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی ماویستەکان و رێکخراوی کۆمۆنیستی مارکسییە لێنینییەکان و رێکخراوە ترۆتسکییەکان لە تونس و شێوەکانی ئەم حزبانەش لە مەغریب،هەر لە ئێرانی دراوسێشماندا بە دەیان حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی چەپ هەیەو لە چەپەکانی باشووری کوردستان شاراوە نین. لە تورکیاش جگە لەوەی پەکەکە بە رێبازێکی چەپی سۆسیالیستی دەستیپێکرد، چەندین حزب و رێکخراوی چەپی شۆڕشگێرو کۆمۆنیستی هەیە وەک حزبی کۆمۆنیستی تورکیا، بەرەی رزگاریی میللی شۆڕشگێڕ، حزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی تورکیا ، حزبی کۆمۆنیستی تورکیا ( مارکسیست لێنینیست ) ، حزبی کۆمۆنیستی ماویست ( تورکیاو باکووری کوردستان ) کە ئەمەیان رۆڵێکی بەرچاوی لە خۆنیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەستامبولدا بینی و وێنەی رابەری گیانبەختکردووی حزبەکەیان ( ئیبراهیم کایباکایا ) بە گەورەکراوی لە مەیدانە گەورەکاندا هەڵواسی . دیارە هەر یەک لەم حزبانە کادیرو ئەندامان و جەماوەری خۆیان هەیە، بۆیە ناکرێت پەردەیەکی رەشی راگەیاندن بەسەریاندا بدەین و لەخۆڕا بڵێین چەپ وجودی نییە یان جەماوەردار نییە !! لە ئاستی جیهانیشدا واقیعی بزووتنەوەی چەپ بەو جۆرە نییە کە جیهانیی سەرمایەاری خواستێتی و خەونی پێوە دەبینێت . هەر ئێستا ئەم بزووتنەوەیە ، سەرباری شکستەکانی ساڵەکانی نەوەدی سەدەی رابردوو ، لە پەرەسەندن و گەشەکردندایەو بەسەر چەندین قوتابخانەی فیکری وسیاسیدا دابەشبوون ، لەوانە :
– بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی کە دەیان حزب و رێکخراوی سەر بە حزبە ریڤیژنیستەکەی پێشووی سۆڤیەتن .ئەم حزبانە لەچالاکیدان و هەر چەند ساڵ جارێک کۆنگرە دەگرن و سیاسەتەکانیان دادەڕێژنەوە و ریزەکانیان رێکدەخەنەوە . – کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی سەر بە رێبازی ستالینی . ئەم حزب و رێکخراوانەش کۆنفرانسی نێونەتەوەیی خۆیان هەیەو پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرچاویان هەیە لە ( روسیا ، بەڕازیل ، ئەکوادۆڕ ، فەڕەنسا ، ئیسپانیا ، کۆلۆمبیا ، تونس ، یۆنان ، دانیمارک ، ئیتالیا ، نەڕویژ ، مەکسیک ، دۆمینیکان ، ئێران ) .
– کۆمەڵێک حزب و رێکخراویدیکەی کۆمۆنیستی ( ماویست ) کە رێکخراوێکی ئیتەرناسیۆنالیستییان پێکهێناوە بەناوی ( بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئینتەرناسیۆنالیستی RIM ( .لەوڵاتانی : ( بەنگلادیش ، ئەفغانستان ، ئێران ، سیلان ، هیند ، تونس ، ئەمریکا ، کەنەدا ، تورکیا ، نیپال ، کۆلۆمبیا ، فلیپین ، مەغریب ، چین ، چیلی ) کاردەکەن و ململانێی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتانە دەکەن و ، لە قۆناخی خۆرێکخستنەوەدان ، دوای گەڕانەوەی چین بەرەو سەرمایەداریی .
– کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستیی ( ترۆتسکیست ) کە خۆیان لە بزووتنەوەیەکی ئینتەرناسیۆنالیستیدا رێکخستووە بە ناوی ( رەوتی مارکسیزمی ئینتەرناسیۆنالیست ) . ئەم رەوتە لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپاو ، وڵاتانی کیشوەری باشووری ئەمریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردەکەن و ، لەچەند ساڵی رابردوودا ، کاریگەرێتییان لەسەر راپەڕینەکانی ئەمریکای لاتین ووڵاتە عەرەبییەکان هەبووەو ، تا ئێستاش هەیە .
– کۆمەڵیک رێکخراوو گرووپ و بزووتنەوەی ئانارکیستی لە ئەوروپاو چەندین وڵاتیدیکەی جیهاندا چالاکانە کاردەکەن و رۆڵیان لە بزووتنەوە ئیعتیرازییەکاندا بەرامبەر سیستمی سەرمایەداریی هەیە ، بەتایبەتی ئەو ئانارکیستانەی بەرنامەی کۆمۆنستییان هەیە . لە ئاستی پڕاکتیک و چالاکی و هەڵسووڕانی رۆژانەشدا ، ئەوا سۆراخکردنی بزووتنەوەکە لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەدا ، بەڵگەی بەردەوامی و زیندوویەتی بزاڤی چەپمان بەدەستەوەدەدات ، لەوانە :
– بوونی چەندین جەنگی شۆڕشگێڕانەو پارتیزانی ، لە بیست تا سیی ساڵی رابردوودا ، لە ( پیرو ، هیند ، فلیپین ، مەکسیک ، کۆلۆمبیا ، نیپال ) کە کۆمۆنیستەکان رابەرایەتییان کردووە .
– بەرپاکردنی هەزاران خۆنیشاندان و مانگرتن و پەناگیریی لەلایەن حزب و سەندیکا کرێکارییەکانەوە ، بە پلەی یەکەم ، لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکاندا ، لەپێناوی چاککردنی هەلومەرجەکانی کارو ، دژ بە خودی سیاسەتەکانی سەرمایەداریی جیهانگیرلەمسەر بۆ ئەوسەری جیهان ، کە کۆمۆنیستەکان رۆڵی دیارو بەرچاویان لە رێکخستن و سازدان و ئاڕاستەکردنیدا هەبووە .
– سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوەی وەک : داگیرکردنی گۆڕەپان و شەقامەکان ، دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانەوە ،دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆمەڵە گەلییەکانەوە ، وەک ئەوەی لە پۆلیڤیا روویدا ، بەئاڕاستەی رێکخراوو هەڵسووڕاوە کرێکاری و ئانارکیستی و کۆمۆنیستییەکان .
– بەرپابوونی شۆڕشی ڤەنزوێلا و ئەو ئاگرەی لەژێر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کردوویەتییەوە ، رەنگە دیارترین شێوەی تەحەدداو ململانێ بێت لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریی بەگشتی و ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەتایبەتی لە بیست و چەند ساڵی دوای هەرەسی شۆرەوییەوە ، ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییانەی ، چەپەکان بە جیاوازی قوتابخانەکانیانەوە رۆڵی رابەری و بەرچاویان تێیاندا گێڕاوەو دەیگێڕن . لە کۆتایی وەڵام بەم پرسیارە سەبارەت بە چارەنووسی چەپ ، ئاماژە بە دوو راستیی دەکەم
: یەکەم – ئاساییە بزووتنەوەی چەپ و ، کۆمۆنیزم وەک لوتکەی ئەم چەپە ، لە ئەنجامی بێئەزموونی ، یان بەهۆی هەڵەی ستراتیژیی یان تاکتیکی ، یان ئاڵوگۆڕێک لە هاوکێشە سیاسییەکانی جیهاندا ، تووشی نووچدان و ئاستەنگ و سڕبوون ببێت ، وەک چۆن بۆ بزووتنەوەکانیدیکە ئاساییەو چەند جار لەمێژووی خۆیاندا تێشکان و پاشەکشەو هەرەسیان بەسەرداهاتووە ، مێژووی هەزاران ساڵی مرۆڤ لە کۆمەڵگاکانی سەرانسەری جیهاندا ئەو راستییە دەسەلمێنێت، هیچ بزووتنەوەیەکی ئاینی یان نەتەوەیی یان لیبراڵیی دیموکراتی نییە بۆ چەند دەورەو چەندین جار ئەو کەوتن و دابڕانەیان لە رەوتی مێژوو بەسەردانەهاتبێت
. دووەم – ئاسۆی بزووتنەوە سیاسییەکانیش ، دیسان لەڕێی چەندین هۆکاری جیاجیاوە ، مانەوەو سەرهەڵدانەوەو ژیانی بەبەرداهاتۆتەوە ، یان هەڵوەشاونەتەوەو مەرجەکانی مانەوەیان نەماوەو لە مۆزەخانەی مێژوودا جێیانگرتووە . دیسان بۆ سەلماندنی ئەم راستییە دەتوانین ناوی سەدان بزووتنەوەی خاوەن ناسنامەی جیاجیا ببەین کە یەکێک لەو دوو چارەنووسەیان هەبووە . ئەوەی لەم جووڵانەوەیەی مێژوودا ئاسۆی بەردەوامبوونی رووناکەو ئاوابوون بەخۆیەوە نابینێت بزاڤی چەپە ، چونکە زێتر لە بزاڤەکانیدیکە ئەگەری مانەوەو ململانێ و سەرکەوتنی هەیە . ئەمە حوکمێکی بابەتی( موضوعی ) یەو پەیوەندی بە ئارەزوو و خواستی ئەم و ئەوەوە نییە ، رەوتی بەرەوپێشەوەچوونی مێژوو بڕیار لەم چارەنووسە دەدات ، سەبارەت بە دوو بنەمای تایبەت بە رەوتی مێژووی چەپ :
– بنەمای یەکەم پەیوەندی بە جەماوەری بزووتنەوەی چەپەوە هەیە ، هەمیشەو لەهەموو قۆناخەکانی مێژووی کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا ، خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت و نەدارای کۆمەڵ بنکەی فراوانی بزووتنەوە چەپییەکانیان پێکهێناوە ، بەو هۆیەوە ، بوونی چەوساندنەوەی چینە باڵادەست و داراکانی کۆمەڵگا بەسەر ئەو چینانەوە سەرچاوەی مانەوەیان بووەو ، پەیتا پەیتا وزەیان بە بزووتنەوە چەپییەکان داوەو لە بنبڕبوون پاراستوویانن . بۆیە هەتا کرێکارێک مابێت ، هەتا خەڵکێکی ستەمکێش مابێت ، هەتا نەتەوەیەک نەتەوەیەکیتر بچەوسێنێتەوە ، هەتا ژنان بوونی مرۆڤانەیان بۆ نەگەڕێتەوە ، هەتا سەرجەمی مرۆڤ بەجیاوازی رەگەزو رەنگی پێست ونەتەوەو ئاین و زمان و … هتد مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان نەبێت ، ئەوا بزاڤی چەپ ، بەتایبەتی چەپی کۆمۆنیستی دەمێنێت و لەکاردا دەبێت . – بنەمای دووەم پەیوەندی بە ئامانجی بزووتنەوەکانی چەپەوە هەبووەو ، هەتا ئێستاش ، هەر ئەو ئامانجانەیە جەماوەری بەرفراوانی خەڵکی هەژارو ستەمدیدە بە بزووتنەوەکانی چەپەوە پەیوەست دەکات . ئەمڕۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و گشت ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانەی هێزی کاریان دەفرۆشن بەچینە پارەدارەکان ، یەکەم ئامانجیان خۆشگوزەرانییە ، واتە مەسەلە سەرەکییەکانی ژیان تەوەرەی بیرو هەڵسوکەوت و ئامانجی کاریانە ، بۆیە بنکەی بزووتنەوە چەپەکانن ، بەتایبەتی بزووتنەوەی چەپی کۆمۆنیستی کە نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتی و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و بنبڕکردنی هەموو چەشنە ستەمکاری و چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ، بەرنامەیەتی بۆ دنیایەک کە هەموو کەس بەپێی توانای ببەخشێت و بە پێی پێداویستییەکانی لە کۆمەڵگا بەهرەمەند بێت . ئەو جیهانەی خۆشگوزەرانیش بە نەمانی چینەکان و حزبەکان و دەوڵەتەکان دێتەدی ، جیهانێک کە بەڕاستی ئازادی و یەکسانی بۆ مرۆڤەکان دابین دەکات . لەبەرئەوە هەتا ئەم ئامانجانە لەکایەدابێت ، هەتا ئەم خەونەی بەشەرییەت بەدینەیەت چەپ و بزاڤی چەپ هەردەمێنێت و لەشکرێکی بەرفراوانی بەشەریش لەرێزەکانیدا دەمێنێتەوەو پشتیگیریی لێدەکات . بە شێکردنەوەو خوێندنەوەیەکی دروستی ئەو ( دوو راستی ) و ئەو ( دوو بنەما ) یەی سەرەوە دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی : ئاسۆی گوڕو جۆشسەندنەوەی چەپ تاریک نییەو ، شکست و نسکۆکان لە جەماوەری دانابڕن ، ئەگەر واقیعێکی کاتیش هەبێت بۆ دابڕانێکی کاتی ، ئەوا بە حوکمی پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان واقیع و ئیمکان ، واقیعی ئێستا بە واقیعێکی نوێ وەردەچەرخێت ، دابڕان کۆتایی پێدێت و سەرەنجام فیکرو سیاسەتی چەپ هەر بە جەماوەرداری درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.

گۆڤاری ( سڤیل ) ژمارەکانی ( 208 ) و ( 209 ) و ( 210 ) لە رۆژەکانی 30 – 11 و 7 – 12 و 14 – 12 – 2013

لێدوانێک بنووسە