هاوسەرگیریی

9 کانونی دووهەم

هاوسەرگیریی

 

یەکێک لە هاوڕێکانی فەیسبوک پرسیارێکی سەبارەت بە هاوسەرگیریی ئاڕاستەکردم ، داوای لێکردم پێناسەیەکی بۆ بکەم لە بەرامبەر چەند پێناسەیەک کە تێدا وەک ناچاریی لەلای هەندێک و ، تەواوکردنی نیوەی دین و ، تەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و … هتد لەلای کەسانێکیدیکە خراوەتەڕوو . ئەمەی لە خوارەوە دەینووسم وەڵامێکی کورتە بە ئەندازەی ئەوەی لە  کۆمێنتێکی سەر فەیسبوکدا بوار هەبێت :

پرۆسەی هاوسەرگیریی بریتییە لەرێکخستنی پەیوەندییەکی ئاسایی و سروشتی نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێ . پڕۆسەکە تەڵە نییە ، بەبێ هاوسەرگیریی ژیانی بەشەر هەر بەردەوام دەبێت ، ژیانی باشتریش پەیوەندی بە هاوەسەرگیرییەوە نییە ، هاوسەرگیرییەک باشە کە ئارەزوومەندانە بێت ، ژن و پیاو تیادا یەکسان بن لە ئەرک و مافدا ، هەریەکەیان شەخسییەتی کۆمەڵایەتی و یاسایی خۆی هەبێت ، ئازادی جیابوونەوە بۆ یەکتری بسەلمێنن .

 

ئایا چۆن باسی هاوسەرگیریی دەکەین ؟ بەشێوەیەکی گشتی باسی دەکەین یان هاوسەرگیریی لەکۆمەڵگایەکی دیاریکراودا ؟ بۆیە ئەگەر پرسیارەکە سنوورداربکرێت بە کۆمەڵگای کوردەوە هەڵبەت وەڵامێکی جیاوازم دەبێت . پێش ئەوەی لە مێژوودا هیچ یاسایەک هەبێت ، پێش ئەوەی هیچ ئاینێک هەبووبێت ، بەدرێژایی هەزاران ساڵ ژن و پیاوی کۆمەڵگا سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێکەوە ژیاون ، پێکەوە مومارەسەی جنسیان کردووە ، منداڵیان بووە و لەسایەی ئەو جۆرە پەیوەندییەدا ژیان هەبووەو بەردەوام بووە ، لە قۆناغێکی دواتردا زەواجی رێکخراو لەسەر بنەمای عورف و عادات و پاشان ئاین و … هتد لە مێژووی بەشەرییەتدا سەریهەڵداوە .

 

هاوسەرگیریی لەوڵاتی خۆماندا ناچارییەو بەشێکە لە دانەبڕان و گونجان لەگەڵ دەوروبەرەکەتدا ، بەجێگەیاندنی ئەو رەهەندە کۆمەڵایەتییەیە کە بۆ هەمووان بەشێکە لە ژیانیان . تاکە رێگایە لەچوارچێوەی نەرێتی کۆمەڵایەتی باودا بۆ تێرکردنی غەریزەی جنسی بۆ هەردوو رەگەز ، بەوپێیەش تاکە رێگای یاساییە بۆ بەردەوامیی ژیان بەمانای خستنەوەی وەچە ، هاوسەرگیریش بەم شێوەشیەوە مانای هەڵبژاردنی ژیانێکی باشتر نییە چونکە ژیان تەنها ئەوەنییە ، هاوسەرگیرییەک باشە کە بە ئارەزووی هەردوو لایەن ( کوڕو کچ یان ژن و پیاو ) ەکە بێت ژیانیش ئارەزوومەندانە بەرنەسەر بێ زوڵم و سەپاندن و هەردووکیشیان مافی جیابوونەوەیان هەبێت کاتێک جیابوونەوە دەبێتە چارەسەر بۆ ژیانێکی پڕاوپڕ لەکێشەو لەیەکتری نەگەیشتن .

 

ئەو کتێبانەی دەربارەی هاوسەرگیریی هەن کتێبی تیجارین تەنها هەرزەکاران و گەنجانی پێ هەڵئەخەڵەتێنن ، پرۆسەی هاوسەرگیریی پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە و تەنیا زانستی کۆمەڵایەتی ( سۆسیۆلۆژی ) وەڵامی دەداتەوە ، ئەمیش وەڵامەکەی دیسان هەر گشتییە و دەبێت توێژینەوە لەسەر واقیعی کۆمەڵگای خۆمان بکرێت بۆ ئەوەی ئاڕاستەیەکی باشی گەنجان بکرێت تا لانی کەم سەرەتایەکی باش دەست پێبکەن .

فوئاد قەرەداغی

سلێمانی …….. ٢٠١٢

 

لێدوانێک بنووسە