شێوازی ناشارستانیی پۆلیمیکەکان

7 ئاب

 

 

( لەپەراوێزی شێوازی گفتوگۆی نێو بەرنامەکانی “تەباو ناتەبای ئێن ئاڕ تی ” و ” کەوانەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان ” دا )

 

یەکێک لە سیما دیارەکانی ناکامیی لە بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەکاندا ، رەنگنەدانەوەیەتی لە رەوشت و رەفتاری شەخسی و کۆمەڵایەتیی تاکەکانی کۆمەڵدا . ئەم سیما گشتییە لەنێو دیاردە جۆراوجۆرەکاندا دەبینرێت و ، دەتوانین بۆ هەر بوارێكی ژیان چەند نموونەی لێبهێنینەوە.

یەکێک لەو بوارانەی جێی ئاماژەی ئەم نووسینەیە ، ئامانجەکانی خوێندنی زمانە لە قوتابخانەکاندا کە چوار تەوەرەی : ئاخاوتن ، بیستن ( گوێگرتن ) ، خوێندنەوەو نووسین دەگرێتەوە ، لەنێویشیاندا ئاخاوتن و بیستن پێکەوە ، دوو ئامانجی پەروەردەیین کە پەیوەندییان بە شێوازی پۆلیمیک و رەفتارو رەوشتی گفتوگۆو مشتومڕەوە هەیە لەسەر بیروباوەڕو بیروبۆچوونە جیاوازەکان .

پەیڕەونەکردن ، یان رەنگنەدانەوەی ئەم ئامانجە پەروەردەییانە لەو پۆلیمیک و گفوگۆیانەی لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە دەکرێن بۆتە دیاردەیەکی ناشارستانی بەرچاو کەدەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین و ، رەخنەی جیددی ئاڕاستەبکەین .

ئەم واقیعە کە لە بێتوانایی سیستمی پەروەردە بەگشتی و ، خوێندنی زمان بەتایبەتی ، سەرچاوەدەگرێ ، بۆتە مایەی وەرگرتن و لاساییکردنەوەی شێوازی ناشارستانییانەی  بەڕێوەچوونی بەرنامەی ( الإتجاە المعاکس ) کە هەفتانە لە کەناڵی ( الجزیرة )ی عەرەبییەوە پەخشدەکرێت .

زۆربەی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن لە کوردستاندا ، لانیکەم بەرنامەیەکیان لەم بابەتە هەیە ، کەئەوەی تێیدا پەیڕەونەکرێت ، پرنسیپەکانی گوێگرتن و ئاخاوتنە ، کەبەو هۆیەوە بەرنامەکان لە نێو هات و هاوارو دەنگەدەنگ و قسەی بەرزونزم و ژاوەژاوو نزیکە شەڕێکی دەستەویەخەدا ،  ئامانجەکانی خۆیان بزردەکەن و ، زۆربەی کات پێشکەشکارەکان ناچاردەبن بە پەلەپڕوزکێ کۆتاییان پێبهێنن .

یەکێک لە ئامانجەکانی هەر پۆلیمیکێک ، روونکردنەوەو ساخکردنەوەی ئەو مەسەلانەیە کە دانیشتنەکەی بۆ سازدراوە ، تێگەیشتنێکی زیاترە بۆ بیروبۆچوونەکان ، پەیڕەوکردنی رێگایەکی شارستانیانەیە بۆ پڕاکتیکی ( رێزگرتن لە ڕاو ڕای بەرامبەر ) و شێوازی لۆژیکییە بۆ پێکهێنان یان گۆڕینی  قەناعەتەکان لە کەش و هەوایەکی هێمن و دۆستانەدا ، لەپێناوی یەکگرتن لەسەرلانیکەمی خاڵە هاوبەشەکان و ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤانەی رای گشتی لەسەر تەوەرەی گفتوگۆ یان پۆلیمیکەکە .

ئەم شێوازەی ململانێی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی ، بەدەرنییە لە رێسا ئاکار ( ئەخلاق ) ییەکان ، سەبارەت بەوەی دەبێت هەردوولایەنی پۆلیمیک مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەت کۆیانبکاتەوە و لە سنوورو بازنەی جیدالی زانستیی پشتبەستوو بە بەڵگەکان دەرنەچن. بەزمانێکی پاراوو پاکی بێ پێچوپەنا بدوێن ، کەسیان ئاخاوتنی ئەویتریان نەبڕن ،  گوێگرێکی باش بن و گوێ بۆ رایەکانی یەکتری شلبکەن و ، شێوازی هێرشبردن بەنیازی دوورخستنەوەی هەڵوێستی بەرگری لەخۆیان پەیڕەو نەکەن ، بابەتی پۆلیمیکەکە بەرەو ئامانج و مەبەستێکیدیکە رانەکێشن تا خۆیان لە وەڵامی پرسیارەکانی کەسی بەرامبەر بدزنەوە ؛ لەم میانەیەدا پێویستە جەخت لەو پرنسیپە ئەخلاقییە بکرێتەوە کە پەیوەندی بە راستی و دروستیی زانیارییەکانەوە هەیە ، نەک ئەوەی بۆ هەر بەرژەوەندییەک بێ چەواشەکاریی بەرنامەڕێژکراو پیادەبکرێت .

دیارە بەرنامەکان بەم گیانەوە دەتوانن سوودبگەیەنن ، راستی و ناڕاستییەکان وەک خۆیان بەردەمی خەڵکی بخەن ، خشتێک بخەنە سەر تەلاری مەعریفەو خزمەت بە نەوەکانی ئەمڕۆو ئایندە بکەن ، لانیکەم ئەو پرنسیپە پەروەردەییەی ئاماژەمان بۆ کرد لەنێو توێژە رۆشنبیرەکەی کۆمەڵدا جێبخەن .

فوئاد قەرەداغی

٢٤ ی ئایاری ٢٠١٣

لێدوانێک بنووسە