دوای راپەڕین بۆ ماوەیەک سۆراخی چالاکییەکانی یەکێتیی ژنانی کوردستانم دەکرد .هەواڵی ئەو چالاکییانەم لەدوو سەرچاوەوە دەزانی : یەکەمیان لەڕێی هاوکارێکمەوە لەو فەرمانگەیەی کارم تێدا دەکرد ، هاوکارەکەم هەڵسووڕاوێکی یەکێتیی ژنانی کوردستان بوو ، دووەم سەرچاوەش بڵاوکراوەی ( تەوار ) بوو کە یەکێتیی ژنانی کوردستان لەسلێمانی دەریدەکرد .ئەو کاتە (تەوار ) لەبڵاوکراوە باشەکان بوو ، بابەتی زۆر بەپێزی رۆشنبیریی تێدا بڵاودەکرایەوە ، کۆمەڵێک نووسەری بەتوانای ژن ئاستێکی بەرزیان بە بڵاوکراوەکە دابوو. دوالاپەڕەکانیشی بۆ چالاکییەکانی یەکێتیی ژنان تەرخانکرابوو .چالاکییەکان و نووسینەکان دوو ئاست و دوو تێڕوانین و دوو جۆرو شێوازی کارکردن بوون لە بواری بەتەنگەوەهاتنی پرسی ژناندا . چالاکییەکان لە ئاستی نووسینەکاندا نەبوون ، لەکاتێکدا ئەو نووسەرانە لەزۆرکێشەو بابەتی تیۆری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و زانستیی جیددی دەدوان ، کەچی بەرپرسانی یەکێتییەکە شێوازێکیدیکەیان لە کاری نێوان ژناندا پەیڕەودەکرد . ئەوان زێتر لەسەرەتادا وەک رێکخراوێکی خێرخوازی کاریان لەنێو ژناندا دەکرد ، دواتریش ، بەو پارەیەی دەهاتە دەستیان ، وەک ئەلتەرناتیڤی چەندین دەزگای دەوڵەتیی هەڵدەسووڕان . خودی کارەکان ( زۆربەیان ) باش بوون ، بۆ ئەو سەردەمە بەسوودبوون و چەند کەلێنێکی پڕدەکردەوە ، بەڵام وەک رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی کاری ئەوان نەبوو ، ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتی ئەوان بوارێکیدیکەو ئاستێکیدیکەی هەڵسووڕانی رێکخراوەیی بوو.
زۆربەی ئەو چالاکیانەی دەکران و پێوەی خەریک بوون – جگە لەبەشداریی بۆنە ئاینی و نەتەوەیی و حزبیەکان – بریتیبوون لە :
– کۆکردنەوەو گەیاندنی خواردن ( ئاردو رۆن و برنج و شەکروچا ) و جلوبەرگ و بەتانی و پێڵاوو نەوت وچەند پێداویستیدیکەی نێوماڵ بۆ خەڵکی هەژارو ئاوارەو ماڵە شەهیدو ئەنفالکراوەکان .
– پیتاک و کۆکردنەوەی پارەو دابەشکردنی بەسەر ئاوارەو نەخۆش و قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکاندا .
– نانکرنی هەرەوەزی و گەیاندنی بە ئاوارەو لێقەوماوانی رووداوەکانی دوای راپەڕین .
– کڕینی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان و خوێندانی خۆبەخشانە بەو نەخۆشانەی پێویستییان پێدەبوو ، هەروەها کڕینی چەرچەف بۆ تەختەی نەخۆشەکان و خاولی بۆ منداڵە نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی منداڵان … هتد .
لە قۆناغی دووەمدا ، قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، جۆرو شێوەی کارەکانی یەکێتیی ژنان گۆڕانی بەسەرداهات ، وەک لێرەدا ئاماژەیان پێدەکەین :
- · سازکردنی ئاهەنگ و بەشینەوەی دەرامەتی ئاهەنگەکان بەسەر ژنانی ئەو ئۆردوگایانەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی لێدەژیان .
- · کردنەوەی پێشانگا بۆ خوێندکاران و ، بۆ ئەو ژنانەی کارامەییان لە کارە دەستییەکاندا نیشاندەدا .
- · کردنەوەی وەرشەی بەرهەمهێنان بۆ ئەو ژنانەی بەسەرکەوتوویی خولەکانی راهێنانی کارە دەستییەکانیان تەواودەکرد .
- · کردنەوەی خولەکانی فێربوونی دروومان .
- · کردنەوەی پڕۆژەی تەونسازیی لە چەند شوێنێکی وەک ئۆردووگای ( شۆڕش ) لە چەمچەماڵ و ئۆردوگای ( صمود – رزگاری ) نزیک کەلار .
- · کردنەوەی چەند خولێکی نەهێشتنی نەخوێندواری بۆ ژنان .
- · کردنەوەی خولی تایبەتی لەهەندێ وانەی وەک ئینگلیزی و کیمیاو فیزیادا ، بەبێ بەرامبەر ، بۆ کچانی خوێندکاری پۆلی دوازدەیەمی ئامادەیی .
- · کردنەوەی پڕۆژەی کاری دەست بۆ فێرکردنی فەرش چنین و گوڵ دروستکردن و نەخش و نیگار … هتد .
ئەگەر سەرنجی ئەم چالاکیانە بدەین ، دەبینین هەر چالاکییەک لەوانە دەزگای تایبەتیی خۆی لەنێو دەزگاکانی حکومەتدا هەیە و ناچنە نێو بازنەی ئەرکی رێکخراوێکی دیموکراتیی جەماوەریی کە دەیەوێت وەک هێزێکی کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵی خۆی لە ئاستی کۆمەڵگەدا ببینێت .
ئەگەرچی ئەم رێکخراوە هەوڵ و تواناو پارەو کاتێکی بەرچاوی بۆ ئەو کارانە تەرخانکردووە ، کە ئیشی ئەو نییە ، هاوتەریبیش لایەنێکی ئەرکە رێکخراوەییەکەی جێبەجێکردووە ، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک ئەرکی سەرەکی بەرنامەڕێژیی بۆ نەکردووە ، نەیانتوانیوە کاریگەرییان لەسەر چوونە پێشەوەی کەیسی ژنان هەبێت . نموونەش بۆ ئەو کارانە :
– هاوکاری و دۆزینەوەی کار بۆ ژنە شەهیدو ئەنفالکراوەکان تا پشت بەخۆیان ببەستن و لەماڵ بێنە دەرەوە ببنە خاوەنی گیرفانی خۆیان .
– بەسەرکردنەوەی ژنانی زیندانی بۆ هەڵسەنگاندنی باری ژیانیان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان .
– بەسەرکردنەوەی ژنان لە شارو شارۆچکەکان و ، رێکخستنی کۆبوونەوەو گرێدانی کۆڕی رۆشنبیری و سیمینار بۆیان .
– بەشداریکردنی هەڵسووڕاوەکانی لە کۆڕ و کۆنگرەو میتینگە جیهانییەکان کە دەربارەی بزووتنەوەی ئازادی و یەکسانی ژنان بەڕێوەدەچێت .
بۆ ئاگاداریی لەم چالاکیانە تکایە بڕواننە ئەم سەرچاوانە : [ تەوار ژمارە ٣ ئەیلولی ١٩٩٢ ل ٤٥ بۆ ٤٧ ، تەوار ژمارە ٤ کانوونی دووەمی ١٩٩٣ ل٩١ و ٩٢ ، تەوار ژمارە ٥ مایسی ١٩٩٣ ، تەوار ژمارە ٦ ئابی ١٩٩٣ ل٩٥ بۆ ل ١٠٧ ، تەوار ژمارە ٧ کانوونی دووەمی ١٩٩٤ ، تەوار ژمارە ٨ ئەیلولی ١٩٩٤ ل ٩٠ بۆ ٩٣ ، وتارێکی خاتو کوێستان محەمەد عەبدوڵڵا لە ژمارە ٥ ی تەواردا بە ناونیشانی ” ژنان و کارە دەستییەکان ” ]
- · لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتای وتارەکە .نزیک بەو رایەی لێرەدا دەرمبڕی دەربارەی کارەکانی یەکێتیی ژنان ، گفتوگۆم لەگەڵ هاوکارەکەمدا دەکرد ، بەڵام ئەو پاساوەکەی بەوە دەهێنایەوە کە بارودۆخەکە لەبارنییەو تەنگژەی ئابووری هەیە ، بۆیە دەسکەوتە مادییەکان بۆ ژنان بەتایبەتی ژنە شەهیدو ئەنفالکراوەکان ئەولەوییەتی هەیە . ساڵ هات و ساڵ رۆیی تا گەیشتین بە ئەمڕۆ ، ئەوەتا دەبینین بزووتنەوەی ژنان بەگشتی گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەدیوە ، ئەگەرچی لەڕووی شکڵییەوە جێوڕێیەکیان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا ( پەڕلەمان ) وەک نموونە ، بۆ کراوەتەوە ، بەڵام پیاوسالاریی جێگیرتربووە ، کوشتن و خۆسووتاندن و لێدان و سووکایەتی و دەستدرێژیی سێکسی رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبووندایەو ، بەرەنگاریی ژنان بۆ ئەم ژیانەیان – جگە لەجموجۆڵێکی بێ پشت و پەنای ژنانی چەپ و رادیکاڵ – هەستیپێناکرێ . لەئاستی کۆمەڵایەتیدا روانگەی پیاوسالاریی باڵی بەسەر فیکرو هەڵوێستی گشتی کۆمەڵدا کێشاوە و وەک هاوڵاتی پلەنزم و کارەکەرو کەنیزەک سەیریان دەکەن ، بەڕادەیەک کە پیاوان و ژنانی کۆیلەی پیاوسالاریی کاتێک دەیانەوێت پڕۆژەیەکی رووناکبیریی بۆ ژنان بگرنەبەر ، ناتوانن لەو سنوورو بازنە پیاوسالارییە دەربچن ، بۆیە پرٶژەکانی ( گوایا ) رۆشنبیرکردنی ژنان ، کۆیلەیەتی و پلەدوویی یان پلەنزمییان بەرجەستە دەکەن ، ئیتر بەبەمەبەست بێت یان بێ مەبەست ، لەسەرچاوەی ئەقڵی کۆمەڵایەتیی بەکۆمەڵدا ، تەنها کاری منداڵ بەخێوکردن و کاری ناوماڵیان پێ رەوا دەبینن ، نوێترین نموونەش کۆرسی ” رۆشنبیریی ” فێربوونی چێشتلێنانە !!!
لێدوانێک بنووسە