خوێندنەوەیەکی بەرایی بۆ ” پەروەردەو گرفتەکانی “

9 کانونی یەکەم

خوێندنەوەیەکی بەرایی بۆ ” پەروەردەو گرفتەکانی ”

ئەم کتێبە : ” پەروەردەو گرفتەکانی ” ، کۆبەندی کۆمەڵێک وتاری مامۆستا ( عومەر محەمەد ئەمین ) ە ، دەربارەی ” گرفتە هەنووکەییەکانی سیستمی پەروەردە لە کوردستاندا دوای بەستنی کۆنگرەی پەروەردەیی ( ٢٢ – ٢٤ ) ئایاری ٢٠٠٧ ” ، ئەو کۆنگرەیەی چەند دەستکارییەکی ریفۆرمیستانەی سیستمی خوێندنی بەعسی کردو ، ئەوە پێنج ساڵە پڕاکتیک دەکرێت .
ئەم کتێبە لە پێشەکییەک و ٢٣ بابەتی پەروەردەیی جیاجیا پێکدێت ، تێیاندا گرفتەکان لەباری سەرنجی کەسێکی پەروەردەیی و شارەزاوە دەخرێنەڕوو ، کە بۆ خۆی داکۆکیکارێکی ئەو ” سیستمە نوێیە “یەو ، رەخنەکانیشی بە نیازی پڕکردنەوەی کەموکووڕیەکان و بەرەوپێشەوەبردنی ئەو “سیستمە ” ئاڕاستەکردووە ، وەک خۆی بەم شێوەیە لەپێشەکییەکەیدا دەریدەبڕێت : ” ئەم پەڕتووکەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە پێویستە لە کوردستاندا بەبەردەوامی لەهەوڵ و کۆششدا بین بۆ گۆڕانکاری و بنیاتنانی پەروەردەیەکی مۆدێرن کە بە خواستی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت و گەڕانەوە نەبێت بۆ دواوە ، سیستمی نوێ هەرچەندە کێشەو گرفتی هەبێت و ، هەرچەندە پێویستی بە کاتی زیاتر هەبێت ، بەڵام هەنگاوێکە بۆ گۆڕانکاری بە دیدی نوێ ” ، ئەم ئامانجەشی لەسەر ئەو رایەی بنیاتناوە کە ئەم سیستمە ، سیستمێکی شمولیی ” کۆنی ( ٨٠ ) ساڵەی رژێمێکی دیکتاتۆری بەعس ” ی هەڵوەشاندۆتەوە ” کە سەرلەبەری لە خزمەتی تاک حزبیدا بووە ” ، بۆیە پێیوایە پشتگیری و پشتنەگرتنی ئەو دەستکاریانە خاڵی ململانێی دوو بەرەن و ، بەرەکانیش بە کۆن و نوێ لە بواری پەروەردەدا ، ناوزەد دەکات .
لەم خوێندنەوە تایبەتەدا ناچینە ناو وردەکارییەکانی بیروڕا جیاوازەکان ، چ لە شیکردنەوەی چەمکە گشتییەکان و چ لە خوێندنەوەی چەمکە پەروەردەییەکاندا بێت ، چونکە دەبێت ئەو دیالۆگە بۆ دوای چاپ و پەخشی کتێبەکە دوابخرێت ، بۆیە زێتر ئەو لایەنە ئەرێیانە دەخەینەڕوو کە نووسەر توانیویەتی سەرکەوتوانە نمایشیان بکات و ، لەدیدێکی کارگێریی و پەروەردەییەوە ، پێزێکی ئەوتۆیان تێدایە ، سەرنجی خوێنەرانی بۆ رابکێشێت .
گرفتەکانی پەروەردە
نووسەر وەک کەسێکی تەواو شارەزا ، کە ساڵانێکی بەرچاوی تەمەنی لە کاری مامۆستایەتی و بەڕێوەبردنی قوتابخانەی سەرەتایی بەسەربردووەو چەند ساڵێکیشە پەروەردەی قەزایەک بەڕێوەدەبات ، گرفتە هەنووکەییەکانی ئەمڕۆی پەروەردەی دیاریکردووە . گرفتەکان بریتین لە : ” گۆڕینی سیستمی نوێ ، گۆڕانی بەردەوام و ناجێگیر ، تێکەڵکردنی سیاسەت و دین ، مانگرتنی خوێندکاران ، گەندەڵی ، دابەزینی رێژەی دەرچوون ، تێکچوونی کلتوری پەروەردە ، نەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەکاندا ، بایکۆتکردنی خوێندن ، کەمی میلاک و گرفتی راهێنانی مامۆستایان ، گرفتی دامەزراندن ، زیادبوونی دانیشتوان و زۆریی خوێندکاران ، خوێندنی ئێواران ، قوتابخانەو خوێندنگای نموونەیی ، نەبوونی کادیری شارەزا ، گۆڕینی کابینەی حکومەت ، بەدوادانەچوونی گرفتەکان ، بودجە ، تاقیگە ، بینای قوتابخانە ، مووچەو دەرماڵەی مامۆستایان ، گواستنەوەی مامۆستایان ، کێشەی تاقیکردنەوەکان و ترسەکانی قوتابیان ، نمرەکانی قۆناغی ئامادەیی و . . . هتد ” . هەروەها چەند گرفتێکیدیکە دەخاتەڕوو کە کاریگەرێتییان لەسەر گرفتەکانی سەرەوە هەیە وەک : ” گواستنەوەی مامۆستایان ، تێکچوونی خشتەی وانەکان ، کێشەی نەمانی ئەوەلییاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە راپەڕیندا ، نەبوونی زمانێکی سادە لە نێوان دایکان و باوکان و مامۆستایاندا ، گرفتی پیری و پەککەوتەیی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشین نەبونیان ” . ئەو راستییەش ناشارێتەوە کە : ” تا کێشەیەک چارەسەر دەکرێت دەیان کێشەی تر سەرهەڵدەدەن ” .
چارەسەری گرفتەکان
نووسەر هەر تەنها گرفتەکانی دەستنیشان نەکردووە ، بەڵکو چەند رێگا چارەیەکیشی دیاریکردووە . بۆچوونی ئەو بۆ چۆنایەتی چارەسەرکردنەکان پشت بە تێڕوانینی واقیعیانەیان دەبەستێت .
نووسەر یەکێک لەو راستییانە بەیاندەکات و دەڵێت : ” گۆڕانکاریی لە خودی مرۆڤەکاندا کاری پەروەردەیە ” ، کەواتە دەبێت ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتەکان و تەواوی ” سیستم ” ە کە بۆ بنیاتنانی مرۆڤ و گۆڕانکارییەک بێت کە مرۆڤەکان لەم سەردەمەدا پێویستیانە . دیارە ئەم بیرکردنەوەیە ، ئا بەو شێوە روون و پەروەردەییە ، تەواو دروستەو ، ئەگەر میکانیزمێکی گونجاوی بۆ پەیڕەوبکرێت ، بەرەنجامی ئەرێیانەی لێدەکەوێتەوە .
پەیوەند بەو راستییەی سەرەوە ، نووسەر راستییەکی بەرچاوی واقیعەکە دەخاتەڕوو ئەویش ” گەندەڵییە وەک گەورەترین گرفتی پەروەردە ” ، کە لێرەشدا راستیی پێکاوەو کۆسپێکی دیاری سەرەڕێگای هەموو جۆرە پێشکەوتنێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کارگێڕی و پەروەردەیی و . . . هتد دیاریکردووەو ، وەک هۆکارو سەرچاوەی گرفتەکانیش ئاماژەیپێداوە .
یەکێکیتر لەو خاڵانەی سەرنج رادەکێشن ، داواکردنی توێژینەوەی زانستییە لەلایەن نووسەرەوە . ئەم داوایە نیشانەی هەستێکی زانستی و پەروەردەییەو ، بەپێچەوانەی شێوازو رووکاری کارکردنی ئەمڕۆی دەسگاکانی پەروەردەیە لە کوردستاندا ، کە زێتر بڕیاردانە کارگێڕی و پەروەردەییەکان سەرپێیی و فەردین و بەپێی میزاجی لێپرسراوەکان گۆڕانیان بەسەردادێت ، تەنانەت کۆنگرە پەروەردەییەکانیش ئەم شێوازە پەیڕەوناکەن و لە بری گەڕانەوە بۆ ئەنجامی توێژینەوە مەیدانییەکان ، تەنها پشت بە بیروبۆچوونی ئەو لیژنانە دەبەستن کە بەر لە کۆنگرەکان پێکدەهێنرێن ، دواتریش بەر لە ئەزموونکردنی بڕیارەکان گشتیدەکرێنەوەو بەسەر واقیعە پەروەردەییەکەیدا دەسەپێنن ؛ بەپێچەوانەی رێڕەوە جیهانییەکەی گۆڕانکاریی کە بەرنامەو گۆڕانکارییەکانی هەر سیستمێک یان بەشێکی سیستمەکە بێ ئەزموونکردنیان گشتیناکرێنەوە ، بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە پێشنیازی نووسەر بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی بەشەخسی نەکرێت و لەڕێگای کۆنگرەی پەروەردەییەوە بێت تەواو دروستە ، دەبێت ئەوەی بخرێتەسەر کە کۆنگرەش دەبێت لەسەر بنەمای توێژینەوە زانستی و سایکۆلۆژی و پەروەردەییەکان بڕیارەکانی بدات و لە بەرنامەکانی گۆڕانکاریدا فۆرمەڵەیان بکات .
بابەتە پسپۆڕییەکان
نووسەر بەشێکی کتێبەکەی بۆ لێکۆڵینەوەو باسکردنی هەندێ بابەتی پسپۆڕیی لە بواری کارگێڕی و پەروەردەییدا تەرخانکردووە ، بەشێک لەو وتارانە پەیوەندییان بە گرفتەکانەوە هەیە وەک :
– گرفتی پەروەردە لە مێژوودا .
– گرفتەکانی ترس .
بەشەکەیتر پەیوەندییان بە تیۆری و بۆچوونە کارگێڕی و پەروەردەییەکانەوە هەیە وەک :
– راهێنانی مامۆستایان .
– پلانی ساڵانەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان .
– وانەی نموونەیی .
– پێشوازی لە منداڵانی پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە رۆژی یەکەمی خوێندندا .
– بیروبۆچوونی فەیلەسووف و زاناکان لەسەر کرداری پەروەردە.
– پڕۆژەی تایبەت بە بوژاندنەوەی ژێرخانی پەروەردە .
– مەرجەکانی بەڕێوەبەری قوتابخانە .
– یەکەی سەرپەرشتیاریی گونجاو بۆ سیستمی خوێندن لە کوردستاندا .
دەکرا ئەم بابەتانە وەک بابەتی سەربەخۆ لە کتێبێکیتردا چاپ و پەخش بکرێن و تێکەڵ بە گرفتە تایبەتی و هەنووکەییەکانی “سیستمی ” پەروەردەی ئەمڕۆی کوردستان نەکرانایە .
بایەخ و گرنگیی کتێبی پەروەردەیی
یەکێک لەو دیاردانەی بە بەرچاوەوەیە کەمی کتێبی پەروەردەییە لە کتێبخانەی کوردیدا ، لایەنێکی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بایەخنەدان بەم بوارە گرنگە یان نەبوونی هوشیاریی سەبارەت بە گرنگیی پەروەردەو فێرکردن لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوودا ، بەتایبەتی لەسەردەمێکدا کە ئەرکی یەکەم و لەپێشتر ، گۆڕانکاریی بێت لە کەسایەتیی شێوێندراوی مرۆڤەکاندا ؛ لایەنێکیدیکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی و ئاستەنگە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەرێتی لەسەر تەواوی ژیانی کۆمەڵگا بەگشتی و تاکەکانی بەتایبەتی دادەنێن ، بۆیە خۆماندووکردنی نووسەران بەم لایەنە گرنگە شایانی دەستخۆشییە ، جا لەسەر بیروبۆچوونەکان کۆک بین لەگەڵ نووسەرەکاندا یان بیروڕای جیاوازمان هەبێت ، چونکە لەهەر وتارێکدا ، لەهەر لێکۆڵینەوەیەکدا ، لە خستنەڕووی هەر بابەتێکدا لەهەردوو جەمسەریەوە سوودمەند دەبین ، هەڵسەنگاندنی ئەرێیانە بەڵگەی سوودوەرگرتنی راستەوخۆمان دەداتێ و ، هەڵسەنگاندنی نەرێیانەش دەرگای دیالۆگێک ئاوەڵادەکات کە ئەویش سەرەنجام بە چەند راستییەک دەگات و لە پرۆسەیەکی بەردەوامدا سوودەکان نوێدەکەنەوە .
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییانە دەستخۆشی ئەم بەرهەمە پەروەردەییە لە مامۆستا عومەر دەکەم ، هیوادارم لەم چاپەی ئێستادا ، یان لەچاپەکانی داهاتوودا ، هەندێک بۆشایی نێو ئەم وتارانە پڕبکاتەوە بەتایبەتی لەڕووی :
– پشتبەستن بەسەرچاوەو ئاماژەپێکردنیان لە لێکۆڵینەوەو باسکردنی بابەتە پەروەردەیی و سایکۆلۆژی و کارگێڕێکاندا .
– یەکلاییکردنەوەی راشکاوانەی هەڵوێست لەسەر جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و پەروەردەوفێرکردن .
– روونکردنەوەیەکی ئەکادیمیانەی “سیستمە نوێیەکە ” ، واتە : ئەوەی لە پەروەردەی کوردستاندا دەگوزەرێت گۆڕانکاریی ریشەیی سیستمی پەروەردەیە یان ریفۆرم و دەستکارییەکی سنوورداری سیستمەکەیە بەبێ هەڵتەکاندنی کلتورو بنەما سەرەکییەکانی پەروەردەی بەعس .
– ئایا پەروەردە لە کوردستاندا فەلسەفەی دیاریکراوی هەیە ؟ ئەو فەلسەفەیە کامەیە ، ناوی چییەو چۆن پڕاکتیک دەکرێت؟
– ئایا پرەنسیپی دیموکراسی ( بەبێ خۆنیشاندان ، مانگرتن ، بایکۆتکردن ، گوێگرتن لە خوێندکاران و کەسوکاریان ، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرو لێپرسراوە پەروەردەییەکان نەک دانانیان لەلایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە ) هیچ مانایەک دەبەخشێت ؟
لە کۆتاییدا دڵنیام ئەم کتێبەی نووسەر سەرەتای تەمەنێکی بەبڕشتی نووسینی دەبێت لە کایەی پەروەردەدا ، خۆشەویستی نووسەر بۆ کارەکەی و سروشتی چالاکانەی ئەو کە زێتر لە دەساڵە ئاگاداریم ، چ لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا و چ لە کارە پیشەییەکەیدا ، ئەو دڵنیاییەم پێدەبەخشی ، بۆیە چاوەڕوانی دواڕۆژێکی باشی لێدەکەم لە خزمەتی پەروەردەو فێرکردنداو هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم .

فوئاد قەرەداغی
سلێمانی / نیسانی ٢٠١٢

لێدوانێک بنووسە