گۆڤاری دواڕۆژ … ژمارە ٦ و چەند پەراوێزێک

17 کانونی دووهەم

دواڕۆژ

دواڕۆژ

ژمارە ( ٦ ) کانوونی یەکەم ١٩٩٨
چاپخانەو ئۆفسێتی سەفوەت

بابەتەکانی ئەم ژمارەیە :

١ – رێکەوتننامەی واشینتۆن .. ئاشتی .. هەڵبژاردن فاروق مەلا مستەفا
٢ – ئازادی بۆ ئۆجەلان .. سەرکەوتن بۆ خەباتی
رزگاریخوازانەی گەلی کورد فوئاد قەرەداغی
٣ – هوشیاری و تراژیدیای نامۆیی فوئاد قەرەداغی
٤ – دوو ئەفسانە .. دەربارەی فەرماندارودەست و
پێوەند دکتۆر فوئاد زەکەریا
وەرگێڕانی : تەها بابان
٥ – ئەزموونی رێکخراوێکی ژنان لە ئەڵمانیا سەلام عەبدوڵڵا ئیبراهیم
وەرگێڕانی : فوئاد قەرەداغی
٦ – دەربارەی چەپی کوردستانی ( چەند
سەرنجێکی رەخنەیی ) فوئاد قەرەداغی
٧ – دەوڵەت .. دیکتاتۆری .. دیموکراسی فوئاد قەرەداغی
٨ – جوڵانەوەی تۆرانیەت لەژێر تیشکی لێکۆڵینەوەدا ئیبراهیم عەلاوی
وەرگێڕانی : محەمەدی مەلا کەریم
٩ – شەهید ئەحمەدی دەلاک فاروق مەلا مستەفا

چەند پەراوێزێک سەبارەت بە گۆڤاری ( دواڕۆژ )

١ ) دەرچوونی گۆڤاری دواڕۆژ بە دەستپێشخەری و لەسەر ئەرکی کاک فاروق مەلا مستەفا بوو .
٢ ) بۆ باسکردن و دانانی رێوشوێنی بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆژەکە یەکەم کۆبوونەوەمان لە پایزی ١٩٩٣ دا کرد . بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ( کاک فاروق ، مامۆستا محەمەد ئەمین حەسەن ، کاک حسەین عارف ، فوئاد قەرەداغی ) بوون .
٣ ) بەر لە کۆبوونەوەی دووەم کاک فاروق داوای لێکردم ئەرکی سەرنووسەری گۆڤارەکە وەربگرم ، بەڵام من پێمباشبوو مامۆستا محەمەد ئەمین حەسەن سەرنووسەر بێت وەک رێزێک بۆ ئەو ، چ وەک رابردوویەکی بەرچاوی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیداو ، چ وەک ئەوەی مامۆستامان بووە لە قۆناغێکی خوێندندا. کاک فاروق رایەکەمی وەرگرت و لە دووەم کۆبوونەوەدا ناوی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەمان جێگیرکردو ئەرکەکانمان دابەشکرد ، بەو شێوەیەی لە هەموو ژمارەکاندا نووسراوە .
٤ ) هەر لەسەرەتاوە کاک هاوڕێ محەمەد کەریم هاوکارمان بوو ، بەڵام ئەندامی دەستەی نووسەران نەبوو .
٥ ) لەبەر ئەوەی چەپە کۆمۆنیستەکان بڵاوکراوەی خۆیان هەبوو ، هاوکارییان نەدەکردین ، وتارو لێکۆڵینەوەکانیان بۆ نەدەناردین ، ئێمەش گۆڤارەکەمان بەڕووی نووسینە غەیرە مارکسییەکاندا داخستبوو ، بۆیە ناچاربووین بۆ بەردەوامیی گۆڤارەکە تەنها پشت بەخۆمان ببەستین .
٦ ) لەبەر ئەو هۆکارەی سەرەوە ، ناوی خوازراومان بەکاردەهێنا . کاک فاروق و مامۆستا محەمە ئەمین هەر بەناوی خۆیانەوە یان بە ناوی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەوە نووسینەکانی خۆیان دادەبەزاند ، کاک هاوڕێش یەک وتاری بەناوی خوازراوی ( ئامانج عەلی ) بڵاوکردەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسینەکانی من زۆربوون ، ناچار جگە لە ناوی راستینەی خۆم ، ئەم ناوە خوازراوانەشم لەسەر وتارەکانم دادەنا : ( دەستەی نووسەران ، زریان ئەمین ، دڵشاد عەزیز ، خەسرەو ، کاروان سەعید ، نووسەرێک ، دانەنانی هیچ ناوێک لەسەر یەک دوو وتارو سێ بابەت کە لە زمانی عەرەبییەوە وەرمگێران ) .
٧ ) بۆ دەرکردنی ژمارەی یەکەم و دووەم لەگەڵ کاک فاروق دەچووینە هەولێر و ، پێکەوە هەڵەبڕیی بابەتە چاپکراوەکانمان دەکرد دوای راستکردنەوەشی جارێکیدی پێیاندا دەچوومەوە بۆ ئەوەی هەڵەی چاپی تێدا نەبێت .
٨ ) لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٤ شوێنی کارو ماڵم گواستەوە بۆ هەولێر . ژمارەی سێیەم و چوارەمی گۆڤارەکە لە ساڵی ١٩٩٥ دا دەرچوون ، بۆیە راستەوخۆ سەرپەرشتیی چاپکردنیانم کرد ، هەڵەبڕیی هەردوو ژمارەکەمکردو ، بۆ ئەوەی کەمترین هەڵەی تێدا نەبێت ، هەر ژمارەیەکیان دوو جار ، پێێدا چوومەتەوە و هەڵەکانم راستکردوونەتەوە ، بۆیە ئەم دوو ژمارەیەی ( دواڕۆژ ) لە هەموو ژمارەکانیدیکە کەمتر هەڵەی چاپیان تێدایە .
٩ ) لەبەر ئەوەی لە هەولێر نووسینگەمان نەبوو ، لەگەڵ کتێبخانەی ( هەژار ) لە شەقامی ( المظفرية ) رێککەوتین کە گۆڤارەکەمان لە هەولێر بۆ پەخش بکات وکتێبخانەکەشیان جێی پەیوەندیکردن بێت بە گۆڤارەکەو سکرتێری نووسینەوە .
١٠ ) دوای دەرچوونی ژمارە چوار ، گۆڤارەکە ماوەی سێ ساڵ راوەستا . لە هاوینی ساڵی ١٩٩٨ دا کاک فاروق چاپخانەو ئۆفسێتێکی بەناوی ( صەفوەت ) ەوە لە سلێمانی دانا. لەو چاپخانەیەدا دوو ژمارەیدیکەی گۆڤارەکە دەرچوون . کاک کەمال رەوف بەڕێوەبەری چاپخانەکە بوو ، سەرپەرشتی چاپکردنی ئەو دوو ژمارەیەی کرد .
١١ ) لەکاتی کۆکردنەوەی بابەت و رێکخستنی بابەتەکانی ژمارە پێنجی گۆڤارەکە لە سلێمانی نەبووم ، بۆیە بەشداریی من لەم ژمارەیەدا ، تەنها ناردنی دوو وتار بوو لەهەولێرەوە .
١٢ ) لەسەروبەندی دوای رێکەوتننامەی نێوان ( پارتی و یەکێتی ) لە واشینتۆن ، بەماڵەوە هاتمەوە سلێمانی . هەندێ وتار بۆ ژمارەیەکی نوێی گۆڤارەکە ئامادەکرابوو ، منیش چەند وتارێکم ئامادەکردو ، ژمارە شەشی دواڕۆژ لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٨ دا دەرچوو .
١٣ ) دوای دەرچوونی ژمارە یەکی گۆڤاری دواڕۆژ ، کاک حسەین عارف دەستی لە ئەندامێتی دەستەی نووسەران کێشایەوە . پاساوەکەی بەوە هێنایەوە کە سکرتێری نووسین کەسێکی توندڕەوەو ناتوانێت کاری لەگەڵدا بکات. لەڕاستیدا پێشبینی ئەوەم نەدەکرد ، چونکە سەرەتای کارمان بوو ، من تەنها چەند سەرنجێکم لەسەر بیروبۆچوونی سەرنووسەری ئەو رۆژنامانە دەربڕیبوو کە کاک حسەین سەبارەت بە هەرەسی شۆرەوی دیداری لەگەڵدا سازکردبوون ، لەلایەکیدییەوە ، ئەو کاتە ، ئێمە پەیوەندیی هاوڕێیەتیمان بۆ بیست ساڵ لەوەپێش دەگەڕایەوەو چەندین جار لەبیروبۆچوونەکانماندا جیاواز بووین و مشتومڕمان لەسەر کردوون و برادەرایەتیشمان هەر بەردەوام بووە . بە مەزەندەی من : پاساوەکەی تەنها بۆ چوونە دەرەوەبوو لەم ئیلتیزامە ، چونکە ئەو کاتە ئەو ئەندامی یەکەم پەرلەمانی کوردستان بوو ، رەنگە کۆکردنەوەی ئەندامەتی پەرلەمان و کارکردن لە گۆڤارێکی چەپڕەودا ئەو سەردەمە کارێکی ئاسان نەبووبێت .
کاک حسەین یەکێکە لە ئەدیبە گەورەکانی کورد ، یەکێکە لەو ئەدیبانەی وەک شەخس خۆشمدەوێت ، هەمیشە رێزم لە بیروبۆچوون و رایە سیاسی و فیکری و ئەدەبییەکانی گرتووەو جێوڕێیەکی تایبەتی لەلامان هەبووەو هەیە ، بۆیە تا ئێستاش کاریگەریی ئەو هەڵوێستەی لەسەرمەو ، بەم چەند دێرە ویستم ئەو کاریگەرییە لە دەروونمدا کاڵبکەمەوە .

١٤ ) لە دوا لاپەڕەکانی ژمارە ( ٢ ) ی گۆڤارەکەدا راگەیاندنێکی دژی شەڕی ناوخۆیی نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە واژۆی پێنج گۆڤاری چەپ کە لە سلێمانی دەردەچوون بڵاوکراوەتەوە . گۆڤارەکان بریتیبوون لە :
– دواڕۆژ یەکەم ژمارەی لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٤ دا دەرچووە .
– ئەلتەرناتیف یەکەم ژمارەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ دا دەرچووە . کاک فوئاد مەجید میسری سەرنووسەری بوو .
– شەبەنگ گۆڤاری ( مەڵبەندی ئەدەب و هونەری کرێکاری )
یەکەم ژمارەی ساڵی ١٩٩٣ دەرچوو . کاک شوان محەمەد سەرنووسەری بوو .
– بڵێسە یەکەم ژمارەی لە شوباتی ساڵی ١٩٩٢ دا دەرچوو . چەند
گەنجێکی سەر بە ( کۆمەڵەی خەباتی سوور ) دەریان دەکرد .
– ئەدەبی کرێکاری یەکەم ژمارەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ دا دەرچووە .
کاک عەباس شوان سەرنووسەری بوو .
١٥ ) بۆ دەرکردنی راگەیاندنەکە نوێنەری ئەم گۆڤارو بڵاوکراوانە لە نووسینگەی ( دواڕۆژ ) کۆبوونەوە ، دوای تاووتوێکردنی بارودۆخە سیاسییەکە ، بڕیاریان لەسەر خاڵەکانی راگەیاندنەکە داو ، کاک فوئاد مەجید میسری و فوئاد قەرەداغی یان بۆ نووسینی راسپارد . هەر ئەو رۆژە راگەیاندنەکەم نووسی و کاک فوئاد میسری پێیدا چووەوەو چەند گۆڕانێکی لەداڕشتنەکەیداکرد. دەستوبرد بەچاپمان گەیاندو بڵاومانکردەوەو ، بۆ هەمو هۆیەکانی راگەیاندنمان نارد . گۆڤاری دواڕۆژ لە ژمارە ( ٢ ) یداو ، گۆڤاری ئەلتەرناتیف –یش لە ژمارە ( ٢ ) دا دەقی راگەیاندنەکەیان بڵاوکردەوە .

لێدوانێک بنووسە