پڕۆفایلی فەهمی قەرەداغی

6 شوبات

پڕۆفایل

فەهمی قەرەداغی

فەهمی قەرەداغی کوڕی شێخ ئەنوەر کوڕی زانای ئاینی شێخ عومەری قەرەداغی ناسراو بە ئیبنولقەرەداغی – یە . رۆژی ٨ ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە .قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی و قۆناغی ئامادەیی لە هەولێر خوێندووە . ساڵی ١٩٧٠ بەشی ( سیاسەت ) ی لە کۆلیژی ( یاساو سیاسەت ) ی زانکۆی بەغدا تەواوکردووە .
هاوینی ساڵی ١٩٦٢ چۆتە نێو ریزەکانی ( یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ) ەوە . ئەو کاتە لە دواناوەندیی ( الوطن ) لە سلێمانی ، قوتابی پۆلی دووەمی ناوەندی بووە . ساڵەکانی خوێندنی لە زانکۆ ، وەک هەڵسووڕاوێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان و رێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی ( باڵی مەکتەبی سیاسی ) دەناسراو ، تا دەرچوونی ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی ئەو رێکخراوە بوو ، لە تێکەڵبوونەوەی هەردوو باڵی پارتی و هەردوو رێکخراوی قوتابیانیشدا ساڵی ١٩٧١ ، بۆتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی سلێمانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان .
ساڵی ١٩٧٠ ، هەر لە یەکەم رۆژەکانی دامەزراندنی ( کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان – عێراق ) کە چەند ساڵ دواتر بووە ( کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ) ئەندامێکی کارای شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە بووە .
ساڵی ١٩٧١ وەک پەیامنێری هەفتەنامەی ( هاوکاری ) لە سلێمانی دامەزرا . هەر لەو ساڵەشدا بوو بە کارمەندی فەرمانگەی ( بیمەو خانەنشینیی کرێکاران ) لە سلێمانی . لە ماوەی کاری پەیامنێرێتیدا ، لەسەروبەندی دوای دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار تا چەند مانگێک دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ، بە قەڵەمی ئەو ، دەنگوباس و پانۆرامای چالاکیی سیاسی و رۆشنبیریی و هونەری و رەخنەو گلەیی خەڵکی سلێمانی ، دەگەیشتنە سەر رووی هەفتەنامەکە ، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەوە ، بەرە بەرە خۆی لە پەیامنێرێتی دزییەوەو لەهاوینی ئەو ساڵەدا وازی لە هەفتەنامەکە هێنا .
لە کۆتایی حەفتاکاندا ، بەهۆی باری نالەباری سیاسی و هێرشی یەک لەسەر یەکی دەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس بۆ سەر رێکخستنەکانی کۆمەڵە ، شوێنی کارکردنی بردە هەولێرو ماڵەکەشی بۆ ئەوێ گواستەوە. لەهەولێر سەرەتا لە ( مەکتەبی تەشغیل ) ی کرێکاران و ، دواتر لە فەرمانگەی ( بیمەو خانەنشینیی کرێکاران ) ی سەر بە ( ئەمیندارێتیی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی ) کاریکرد ، تا لە رۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ دا دەستگیرو بێسەروشوێنکرا .
فەهمی قەرەداغی تەنها یەک کتێب بەناونیشانی : ( ناتوانن پەیڤەکانم زیندانیی بکەن ) بەناوییەوە هەیەو ، زۆربەی نوسینەکانی و دیمانە رۆژنامەوانییەکانی لە خۆ دەگرێت ، فوئاد قەرەداغی برای کۆیکردوونەتەوە ، بابەتەکانی لەچەند بەشێکدا رێکخستووە ، ناونیشانی بۆ داناون و پێشەکی بۆ نووسیوە .

لێدوانێک بنووسە