مرۆڤی نامۆ‌و پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ
منداڵ بۆ چیی و بۆ کێ په‌روه‌رده ده‌که‌ین ؟
په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ له کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کاندا ، ئه‌رکی سه‌ره‌کی و هه‌ره بایه‌خداری خێزانه . ئیمڕۆ هه‌روه‌ک هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ، خێزان ده‌زگایه‌کی به‌رپرسی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵانه . هێشتا گه‌شه‌کردنی ژیان له کۆمه‌ڵگاکانی مرۆڤدا به‌و پله‌یه نه‌گه‌یشتووه که ئه‌م ئه‌رکه له کۆڵی دایکان و باوکان بکاته‌وه . ئه‌مڕۆ سه‌رباری بوونی دایه‌نگاو باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌و چه‌ندین داموده‌زگای په‌روه‌رده‌یی ، هێشتا هه‌ر باوکان و دایکان به‌رامبه‌ر به منداڵه‌کانیان به لێپرسراو ده‌زانرێن ، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت باوکان و دایکان رێژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کات و توانا‌و بیر‌و داراییان بۆ منداڵ ته‌رخانبکه‌ن ؛ ئه‌م ئه‌رکه بۆته نه‌رێتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ، بیری مرۆڤه‌کان له‌م کایه‌یه‌دا ئاڕاسته‌ده‌کات و ، به درێژایی مێژوو باوکان و دایکانی خستۆته ژێر باری ئه‌م ئه‌رکه‌وه‌و ، ئه‌وانیش هه‌موو ژیانیان به پابه‌ندبوون به‌م ئه‌رکه‌وه به‌سه‌رده‌به‌ن و به‌م هۆیه‌وه تامی ته‌واوی خۆشیی ژیان ناکه‌ن و ، ناتوانن ته‌واوی چالاکی و توانا‌و به‌هره تایبه‌تییه‌کانیان له پێناوی ژیانێکی باشتر‌و دواڕۆژێکی چاکتردا بخه‌نه‌کار . له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه ، کۆمه‌ڵگا به هه‌زارویه‌ک رێگا ده‌ستده‌خاته ئه‌م ئه‌رکه‌ی دایکان و باوکانه‌وه‌و منداڵه‌کانیان لیزه‌وتده‌کات . هه‌ندێک له‌و ده‌ستێوه‌ردانه له په‌یوه‌ندی نێوان باوکان و دایکان و منداڵه‌کانیان ئه‌نجامی گه‌شه‌کردنی جیهانی ئه‌مڕۆیه له‌ڕووی زانست و ته‌کنه‌لۆژیاوه ، هه‌ندێکی دیکه‌ی ئاڕاسته‌کراوی ده‌ستی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه به‌نیازی له‌قاڵبدانی بیروهۆش و ره‌فتاری منداڵه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وه‌ی له‌خزمه‌تی ئه‌واندا بێت . ئه‌مڕۆ ، ئاله‌م جیهانه‌ی ژێر سایه‌ی سه‌رمایه‌داری و وڵاتانی پێش سه‌رمایه‌داریدا ، دایکان و باوکان له بواری په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا ، خۆیان له‌به‌رده‌م ناکۆکییه‌کی گه‌وره‌دا ده‌بیننه‌وه به‌وه‌ی له‌لایه‌ک به‌رپرسیارێتی به ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌وه‌یه‌و ، له‌ولاشه‌وه ئه‌وان ته‌نها به‌شێکی په‌روه‌رده‌کردنه‌که‌یان به ده‌سته‌وه‌یه‌و ، چمکه‌کانی دیکه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیان له‌ده‌ست سه‌ندراوه‌ته‌وه ؛ باری گران و پڕ مه‌ینه‌تی ژیان و نان په‌یداکردنیش یارمه‌تی ئه‌وه‌ی داوه ئه‌م ناکۆکییه رۆژ به‌ڕۆژ قووڵتر‌و فراوانتر ببێته‌وه‌و ئه‌و راستییه بداته ده‌ستیان که ئه‌وان ته‌نها ، له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا ، ره‌نج و ئه‌رک و ئازاره‌کانیان پێده‌بڕێ و به‌رهه‌مه‌که‌یان ( منداڵان ) بۆ به‌رده‌وام نوێکردنه‌وه‌ی ماشێنی سه‌رمایه راپێچی کایه فره‌ڕه‌هه‌نده‌کانی سیستمه‌که ده‌کرێت . ئه‌وان ( دایکان و باوکان ) له‌م ناکۆکییه‌وه نامۆبوونیان ده‌ستپێده‌کات . کاتێک ئه‌م مرۆڤانه ( دایکان و باوکان ) ده‌یانه‌وێت ئه‌رکه‌کانیان جێبه‌جێبکه‌ن ، کاتێک ده‌یانه‌وێت به‌رپرسیارێتییه‌که‌یان هه‌تاسه‌ر ببه‌ن و ، ئه‌و رۆڵه‌ی ژیان داویه‌تی به‌سه‌ریاندا به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن ، دوائاکام له‌سایه‌ی سیستمه جیهانگیره باوه‌که‌دا دێته‌وه سه‌ر خاڵی سه‌ره‌تا ، بگره داده‌به‌زێت بۆ سه‌ر خاڵی پێش سفر ، بۆ سه‌ر هیچ و ، پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی دوورودرێژی ته‌مه‌نیان بۆ ئه‌م ئه‌رکه به‌ختده‌که‌ن ، ده‌بینن نامۆن له منداڵه‌کانیان و منداڵه‌کانیشیان له‌وان نامۆن .
به‌کورتی ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه‌ی باوکان و دایکان له په‌روه‌رده‌کردنی رۆڵه‌کانیاندا هه‌یانه نایه‌ته‌دی ؛ په‌یوه‌ندییه باوه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی ، په‌یوه‌ندییه‌کانی باوکان و دایکان به منداڵه‌کانیانه‌وه به رووکه‌شی ده‌هێڵنه‌وه ، به‌ڕاده‌یه‌ک که هیچ لایه‌کیان واقیعی نامۆبوونه‌که هه‌ستپێناکه‌ن مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌یان نه‌بێت که هوشیارییه‌کی چینایه‌تیی قووڵیان هه‌بێت . ئه‌وان ( باوکان و دایکان ) ی هوشیار پتر هه‌ست به نامۆبوونه‌که‌ی خۆیان ده‌که‌ن ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ، به‌ڵکو به هوشیاریی خۆیان قه‌واره‌ی ئه‌م کاره‌ساته کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌زانن ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی دیکه‌وه که له‌گه‌ڵ ره‌وته ئاساییه‌که‌دا ده‌ڕۆن و واده‌زانن سروشتی ژیان له باووباپیرانیانه‌وه چؤن هاتووه ، ده‌بێت هه‌روا بڕوات و دوای ئه‌وانیش منداڵه‌کانیان به‌هه‌مان رێگادا ، هه‌مان ژیانی ئه‌وان دووپاتبکه‌نه‌وه .
مرۆڤه نامۆکان ، یان باوکان و دایکانی نامۆ ، به‌به‌رچاوی خۆیانه‌وه ده‌بینن که چه‌ندین لایه‌ن به‌شداریی له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیاندا ده‌که‌ن و هه‌ر یه‌که‌یان بۆ لایه‌ک منداڵه‌کانیان راده‌کێشن له‌وانه :
1 ) باوک و دایکی منداڵ خۆیان ده‌بنه به‌شێک له هۆکاری نامۆبوونی خۆیان له‌ئه‌نجامی بوونی دوو ئاستی جیاوازی هوشیاریی له نێوانیانداو ، تا ئه‌و ئاسته‌ش فراوانتر بێت نامۆبوونه‌که‌یان له‌سه‌ر خودی خۆیان کاریگه‌رتر ده‌بێت .
2 ) که‌سوکاری باوک و دایک .
3 ) هاوه‌ڵه‌کانی منداڵ له کۆڵان چ له‌سه‌رده‌می منداڵیداو چ له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاریدا . ئه‌م منداڵانه هه‌ڵگری نه‌رێت و رۆشنبیریی جیاوازی خێزانه‌کانی ده‌وروپشتی منداڵن و به‌شێکی به‌رچاوی بۆ یه‌کتری ده‌گوێزنه‌وه .
4 ) به‌رنامه‌کانی خوێندن له قوتابخانه‌دا هه‌ر له باخچه‌ی ساوایانه‌وه تا ده‌گاته زانکۆ ؛ هه‌روه‌ها جۆری مامه‌ڵه‌ی مامۆستایانیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌کاندا که له ژێر سایه‌ی سیستمی باوکایه‌تیدایه .
5 ) هۆیه‌کانی راگه‌یاندن وه‌ک ( رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان ، رادیۆ ، ته‌له‌فزیۆن ، ڤیدیۆ ، سه‌ته‌لایت و سایته هه‌مه‌چه‌شنه‌کانی ئینته‌رنێت) .
مرۆڤه نامۆکان له نێوان دایکان و باوکاندا، هه‌ستده‌که‌ن هه‌موو ئه‌و ره‌نجه‌ی ده‌یده‌ن ، به‌تایبه‌تی له بواری پێکهێنانی رۆشنبیریی و هوشیاریی منداڵه‌کانیاندا ، به‌با ده‌ڕوات . ئه‌م هه‌سته‌ش به‌ره‌نجامێکه بۆ سروشتی په‌روه‌رده ده‌گه‌ڕێته‌وه که کاریگه‌ریی ناکۆکی نێوان دوو لایه‌نی له‌سه‌ره : لایه‌نێکیان په‌روه‌رده‌ی نێو خێزانه‌و ئه‌ویدیکه‌یان په‌روه‌رده‌ی ده‌ره‌وه‌ی خێزانه که تیادا سیستمی په‌روه‌رده‌وفێرکردنی چینی ده‌سه‌ڵاتدار رؤڵێکی گه‌وره ده‌بینێ . له ئاکامی ئه‌م ململانێیه‌دا ، ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه هێزو توانایه‌کی زاڵی ده‌بێت . کوێره‌وه‌ری مرۆڤه نامۆکان ( که مه‌به‌ست لێره‌دا دایکان و باوکانه ) ، له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌یه : نه کۆمه‌ڵگاو داموده‌زگاکانی منداڵه‌کانیان لێوه‌رده‌گرن و ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یان له‌سه‌ر لاده‌به‌ن و خۆیان ئه‌رکی راسته‌وخۆی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کان هه‌ڵده‌گرن ، نه سروشتی دنیای ئیمڕۆو ئیمکاناتێکی زۆر دیاریکراوی خێزانیش ده‌ستیان ئاوه‌ڵاده‌کات که خۆیان چۆنیان بوێت ، به‌و شێوه‌یه منداڵه‌کانیان په‌روه‌رده بکه‌ن .
فوئاد قەرەداغی
مارتی ٢٠١٥
لێدوانێک بنووسە